• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 14, 2025

ڕۆڵی تەکنەلۆژیاکانی زیرەکیی دەستکرد لە پەرەپێدانی میدیای دیجیتاڵیدا

(دیدێکى ئایندەیى)

محەمەد غەبارى

بەڕێوەبەرى پێشووى کۆلێژى بەرگریى نیشتمانى، ئەکادیمیای سەربازى بۆ توێژینەوەى باڵا و ستراتیژى – میسڕ.

باسل یوسرى عەبدولفەتاح عوسمان

خوێندکارى دکتۆرا لە کۆلێژى بەرگریى نیشتمانى، ئەکادیمیای سەربازى بۆ توێژینەوەى باڵا و ستراتیژى – میسڕ.

وەرگێڕان لە عەرەبییەوە: بارام سوبحى شکور

سەرچاوە: المجلة العربیة لبحوث الاعلام و الاتصال، العدد 43، أکتوبر/دیسمبر 2023.

 

پێشەکی

زیرەکیی دەستکرد وەک شۆڕشێک لە بواری تەکنەلۆژیادا سەیر دەکرێت، کە بە شێوەیەکى گشتی گۆڕانکاریی بەسەر زۆرێک لە چەمک و گریمانەکانی پەیوەست بە پیشەسازیی میدیا بەدوای خۆیدا هێناوە. تەکنەلۆژیای زیرەک واقیعێکی نوێی بەسەر میدیای دیجیتاڵیدا سەپاندووە، گۆڕانکاریی لە چەندین بواردا هێناوەتە ئاراوە، بوارەکانى چوارچێوە پیشەییەکان و سروشتی ڕۆڵی ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە پەیوەندیکردن و خودی جەماوەر؛ گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بە جۆرێک جەماوەر تەنها وەرگری ناوەرۆک نییە، بەڵکوو لە میدیای دیجیتاڵیدا بووەتە بەکاربەرێکی ئەرێنی و دروستکەر و کارلێککەر لەگەڵ تۆڕەکانی سۆشیالمیدیادا.

ئێستا سیستمی میدیایی تاکلایەنە نەماوە، چونکە لە بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕکردن و بڵاوکردنەوەی پەیامی میدیاییدا جەماوەر چالاکتر بووە و بووەتە بڕیاردەر لە قەبارە یان چەندایەتى، یاخود لە جۆری ئەو پەیامانەی کە لە هەر شوێنێک بێت؛ لە ڕێگەی مۆبایلە زیرەکەکان و لاپتۆپەکانەوە دەگاتە دەستی.

زیرەکیی دەستکرد لە میدیادا ڕەهەندی کردەیی بەرهەم هێناوە کە توێژینەوەکانی بوارى میدیا وەک شۆڕشێکی میدیایی و تەکنیکی سەیری دەکەن کە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونى زیاتر هەیە، تاوەکوو بناغەی زانستی تایبەتمەند و تیۆری نوێ دابمەزرێنن کە لەگەڵ سروشت و تایبەتمەندی و خەسڵەتەکانى میدیای زیرەکدا بگونجێت.

هەر چەندە کۆدەنگییەک هەیە لە سەر ئەوەى کە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد یارمەتیدەر بووە لەوەى میدیا ڕۆڵێکى باشتر بگێڕێت، بە هۆى زیادبوونی بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان بە چڕی و خێراتر، بەڵام سەلماندنى ناوەرۆکى پەیامەکان یان سەرچاوەکانیان ئەستەم بووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونى جیاوازی لە نێوان زانایانی پەیوەندی و پراکتیزەکاران و ڕای گشتیدا سەبارەت بە ڕادەی سەرکەوتنی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەک لە کاری میدیاییدا، هەروەها لە سروشتی ڕۆڵەکەى و تێگەیشتنى جەماوەر لێیان، هەروەها تاکوو چ ئاستێک متمانە بە ڕاستیى پەیامەکان دەکەن.

لە بارەى بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیا مۆدێرنەوە، ڕەوتێکى نەیار سەری هەڵداوە، لەبەر چەندین هۆکار، لەوانە: ئامادەنەکردنى کارمەندان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا، هەندێکی دیکەش وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دامەزراندنی مرۆڤ دەیبینن.

تەوەری یەکەم: چوارچێوەی تیۆری بۆ پەرەپێدانی زیرەکیی دەستکرد لە میدیاکاندا

زیرەکیی دەستکرد بە لقێکی زانستی کۆمپیوتەر پێناسە دەکرێت کە ئامانجی دروستکردنی ئامێری زیرەکە، هەروەها بووەتە بەشێکی سەرەکی لە پیشەسازیی تەکنەلۆژیادا. ئامانجی ھاوشێوەکردنی ھەڵسوکەوتی مرۆڤە، بە تێگەیشتن لێی و دیاریکردنى شێوازەکانی بیرکردنەوە و گۆڕینی بۆ بەرنامەی کۆمپیوتەرى، ئەمەش وا دەکات ئەو ئەپڵیکەیشنانەی کە لە میدیای دیجیتاڵیدا کار دەکەن، پڕۆسەی دیاریکردنى کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان و بڕیاردان لە سەریان پەرە پێ بدەن. هەروەها لە ڕێگەى چەند پڕۆسەیەکى کۆمپیوتەرییەوە دەتوانێت پڕۆسەکانی فیدباک بپێویت و شیکاری بکات. لە دیارترین پێناسەکانیشی ئەمانەی خوارەوەن:

  1. مینسکى بەم شێوەیە پێناسەى دەکات: ئەو زانستەیە وا لە ئامێرەکان دەکات ئەو کارانە ئەنجام بدەن کە پێویستی بە زیرەکی هەیە کاتێک لە لایەن مرۆڤەوە ئەنجام دەدرێن (Minsky,2010).
  2. مارتن ویک بەم شێوەیە پێناسەى کردووە: تواناى ئامێرەکانە بۆ ئەنجامدانى ئەو کارانەى کە پێویستى بە زیرەکیى مرۆڤە، لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانی وەک: ئەنجامگیریی لۆژیکی، فێربوون و داهێنان (عبداللە الفاخری، ٢٠١٨).

لە بواری میدیادا؛ بەو میدیایانە دەوترێت کە میدیاى زیرەک  Media) (Smart بەکار دەهێنن. زاراوەکە ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاى پێشکەوتوو بۆ بەرهەمهێنان و گەیاندنی پەیامە میدیاییەکان، ئەم پڕۆسەیەش لە ڕێگەى سیستمی زیرەکیى بەرنامەبۆداڕێژراوەوە ئەنجام دەدرێت کە بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی دەیتا و زانیاری بەکار دەهێنرێت، پاش فێربوونی ئامێر و تەکنەلۆژیاکانی زیرەکیی دەستکرد.

زیرەکیی دەستکرد بووەتە هۆى دەرکەوتنى چەمکی نوێ لە بواری میدیادا، وەک میدیای ئەلگۆریتم (Algorithmic Media)، بەئەلیکترۆنیکردنى میدیا (Media Automated) واتە کارپێکردنى ئۆتۆماتیکى، یان میدیاى ڕۆبۆت (media Robot).

ئەو پەرەسەندنانەی کە بەکارھێنانە جۆراوجۆرەکانی زیرەکیی دەستکرد لە کۆکردنەوە و داڕشتنەوەى ھەواڵەکاندا ھێناویەتیە ئاراوە، جگە لە شیکردنەوە و پڕۆسێسکردنی دەیتا گەورەکان بە زاراوەی ڕۆژنامەوانی، گۆڕانکاریی گەورەى لە پێکهاتەی دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن و شێوازی کارکردنیان بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەمەش بووەتە هۆی وەرچەرخانى گرنگ لە چەمکی میدیای دیجیتاڵی و تایبەتمەندییەکانی و میکانیزمەکانی و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانیدا.

ئەگەر سەیری دۆخی ئێستای زیرەکیی دەستکرد بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە کۆمپانیا گەورەکانی بوارى پیشەسازیی تەکنەلۆژیا وەک گوگڵ، مایکرۆسۆفت، ئای بی ئێم و فەیسبوک؛ قووڵبوونەوەیان لە توێژینەوەکانی زیرەکیی دەستکرددا کردووە و چاوەڕوانیی زیاتریان لەم بوارەدا هەیە. ئەوان پارەکانیان لە بواری توێژینەوە و پەرەپێدان لە بواری فێربوونی قووڵ (mind deep) وەبەر دەهێنن. هەر یەکێک لەو کۆمپانیا زەبەلاحانە تاقیگەی تایبەت بە خۆیان هەیە کە تێیدا نوێترین توێژینەوە لە بواری زیرەکیی دەستکرد ئەنجام دەدەن، ساڵانەش ئەم توێژینەوانە بڵاو دەکەنەوە (امیت، 2014).

زیرەکیی دەستکرد لە میدیادا

ئامانجی میدیای زیرەک ئاسانکاری و باشترکردنی ئەزموونی بەکارهێنەر و هەمەچەشنکردنی پلاتفۆڕم و ناوەرۆکی میدیایە بە پێی ئارەزوو و پێویستیی تاکەکان، جگە لە پێدانی زانیاریی دروست بە تاک و ئەو گرووپانەی کە ئارەزووی بابەتگەلی تایبەتیان هەیە. دیارترین تایبەتمەندییەکانی میدیای زیرەک بریتین لە (2015 &Westlund, Lewis):

  1. خێرایى لە کۆکردنەوەى دەیتاکان و نووسینەوەى وتارەکان.
  2. هەڵەى کەمتر لە بەرهەمەکاندا.
  3. کەمکردنەوەی تێچوونەکان.

هەندێک لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان قۆناغى داهاتووی میدیا بە سەردەمێک دەزانن کە تێیدا هیچ بوارێک بۆ شاردنەوەى زانیارییەکان نییە، چونکە میدیاکان کار لەسەر ئەو ئامرازانە دەکەن کە دەیان جار لە سۆشیالمیدیا خێراترن، لە گواستنەوەى ڕووداوەکانیشدا لە میدیاى نەریتى و نوێ وردتر و چڕوپڕترن.

لە بارەى بەئەلیکترۆنیکردنى هەواڵەکان، لە ڕووی واقیعی و سوود و مەترسییەکانیەوە کۆمەڵێک بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە بواری میدیادا باس دەکرێن کە دیارترینیان بریتین لە (&Tuulonen,2019 Lindén):

  1. گرنگیدان بە هەواڵ و خێرایى بڵاوکردنەوەى و داڕشتنەوەى قەبارەیەکى زۆر لە ناوەرۆک.
  2. بایەخدان بە بەهاى هەواڵەکان لە بریى گرنگیدان بە گۆشەى چارەسەرکردن کە بۆ هەمووان گرنگە.
  3. کواڵتیی نووسین کە وا دەکات هەواڵەکە بۆ بە خێرایى بڵاوکردنەوەی گونجاو بێت (بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەلگۆریتمەکان لەسەر بنەمای باشترین پراکتیزە مرۆییەکان لە بواری نووسین و داڕشتنەوەدا پڕۆگرام دەکرێن).
  4. توانای ئامێرەکان بۆ بەرهەمهێنانی ناوەرۆکی نوێ کە توانای ڕاکێشانی کۆمەڵێک ڕیکلامکەری هەبێت، ئەمەش وا لە وەرگرى پەیامەکان دەکات بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ پارە بدەن.
  5. ئۆتۆماتیکیکردن هاندەرە بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لە ڕۆژنامەنووسان.
  6. سیستمی ئۆتۆماتیکی دەتوانێت سەبارەت بە ڕووداوە نوێیەکان ئاگادارکردنەوە بۆ ڕۆژنامەنووسان بنێرێت، لەبەر ئەوەى ئەلگۆریتمەکان بە شێوەیەک داڕێژراون کە باشتر دەتوانن پێشبینیی پەیوەندییە شاراوەکانی نێوان زانیارییەکان بکەن.

تا ئێستا بابەتەکە پەیوەستە بە متمانەکردن بە بەرنامەکانی زیرەکیی دەستکرد لە میدیاکاندا کە لە کۆدە ئەلگۆریتمییە سادەکانەوە دەست پێ دەکات، پاش ئەوەى ژمارەکان لە دەیتابەیسەکانەوە دەردەهێنێت و لە ناو سندووقەکاندا دەیخاتە ناو قاڵبێکی هەواڵی پێشوەختە ئامادەکراوەوە، بە ڕێبازێکى پێشکەوتوو لە بوارى بەکارهێنانى دەیتاکاندا، بە ئامانجى بەدەستهێنانی تێڕوانینێکی زیاتر و نووسینی چیرۆکی هەواڵی قەناعەتپێکەرتر (2016 Graefe,).

کێشەکە لەوەدایە کە ئەلگۆریتمەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە ڕاستەقینەیەدا ناکەن کە ڕووداوەکان تیایدا ڕوو دەدەن، بەڵکوو مامەڵە لەگەڵ دەیتا کۆدکراوە دیجیتاڵییەکاندا دەکەن. هەروەها لەو شوێنانەی کە زیرەکیی دەستکرد کار دەکات، جێگەی توانا مەعریفى و پیشەییەکانى میدیا دەگرێتەوە، چونکە زانیارییەکان بە شێوەی ئەلگۆریتم کۆد دەکات، پاشان دەیتابەیسەکان دادەمەزرێنێت و بنەما بۆ دروستکردنی ئەلگۆریتمەکان دروست دەکات. ئەم بابەتە جگە لە ئاشکراکردنی تێوەگلانی ڕۆبۆتەکان لە ئەگەری دروستکردنی هەواڵی ساختەدا، ئاماژە بە ئەگەرێکی زۆر گرنگ دەکات کە تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد کاریگەریی گریمانەکراوى لەسەر بیروڕای گشتی دەبێت، چ جیهانی بێت یان ناوخۆیی وڵاتان، کە ڕەنگە مەترسی لەسەر یەکگرتوویی کۆمەڵگەکان دروست بکات. ئەگەر هاتوو لە لایەن ئەکتەرە نەناسراوەکانەوە بەکار بهێنرێت و ئاڕاستە بکرێت، بە نموونە بەکارهێنانى لە شیکردنەوەى سۆزدارییانەى بڵاوکراوەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ تێگەیشتن لە بۆچوونی دەنگدەران و ئاڕاستەکردنى بانگەشەکانی هەڵبژاردن، چونکە ئەپڵیکەیشنەکانی زیرەکیی دەستکرد لە بواری چوارچێوەدانانی ئایدیۆلۆژی و پڕوپاگەندەی کۆکردنەوە و جەمسەرگیریدا کار دەکەن کە لە ڕێگەیەوە پڕوپاگەندەکار دەتوانێت بە ئاسانی میدیای زیرەک بەکار بهێنێت بۆ دروستکردنى کاریگەری لەسەر بازنە و گرووپە سیاسییەکان، بە مەبەستى بەرەوپێشبردنی بیرۆکە و بۆچوون و هەڵوێستەکانی، پاشان فراوانکردنی بنکە جەماوەرییەکەی لە ڕێگەى ڕاکێشانی لایەنگر یان هاوسۆزیی زیاترەوە.

پڕوپاگەندەی چوارچێوەدانانی ئایدیۆلۆژی و کۆکردنەوە و جەمسەرگیری، لەسەر بنەماى ئامادەکردنی پلانێکی پڕوپاگەندەییە کە بە پێی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان یان بازنەکان ئەنجام دەدرێت، لە ڕێگەى زانینی شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتاری هەریەکەیان، پاشان دیاریکردنی باشترین ئامرازی پەیوەندیکردن، کە توانای زۆرترین کاریگەریی لەسەر هەر چین یان توێژێکی کۆمەڵایەتی هەیە، ئەمەش پێی دەوترێت ئامادەکاریی کۆمەڵناسیی پڕوپاگەندە (Cunningham,2002). بەڵام ئەو بابەتەى لەگەڵیدا سەری هەڵدا، دوو ئاڕاستەى هەیە:(Túñez-López,2019)

یەکەم: ڕەوتی یەکەم پێی وایە کە ڕەنگە لایەنگری لە ڕێکخستنی ئەو زانیارییانەدا هەبێت کە پێشکەش بە جەماوەر دەکرێن، چونکە دواى لەبێژنگدانیان ئینجا پێشکەش دەکرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی پێشکەشکردنى ناوەرۆکێکی چەواشەکارانە لە بریی هەواڵێکی واقیعی و هاوسەنگ، چونکە ئامێرەکانى ئەلگۆریتم وا ڕاهێنراون تەنها ئەو گۆڕاوانە لەبەرچاو بگرن کە وردیی پێشبینیکردنیان باشتر دەکات لەسەر ئەو زانیارییانەی کە بەکار هێنراون، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەگەری بێلایەنبوونی ڕۆژنامەگەریی ئۆتۆماتیکی لە ڕووی ناوەرۆکی زانیاری و ماناى فەرهەنگیى وشەکانى دەقەکە؛ پێویستى بە بنیاتنان هەیە. ئەمەش لە ڕێگەى زانینی ئەو میکانیزمانەوە دەبێت کە ڕێگە بە لایەنگریی مرۆڤ دەدات، تاوەکوو کاریگەریی لەسەر ڕۆژنامەگەریی ئەلکترۆنى هەبێت، تەنانەت ئەگەر ئەو دەیتایانەی کە سیستمەکە کاریان لە سەر دەکات بێلایەن بێت al,2020) et .(Leppänen

دووەم: ڕەوتی دووەم وا گریمانە دەکات کە تیۆری دانانی کارنامە کە پەیوەندیی بە ئەولەویەتدان بە بەرژەوەندییە گشتییەکانەوە هەیە، لە گریمانەکانیدا سەبارەت بە پرسەکانی میدیا، بە هۆى کاریگەریى ئاشکراى پلاتفۆڕمەکانی سۆشیالمیدیا و بزوێنەری گەڕانی گوگڵ و یاهوو لە سەر پڕۆسەى بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان لە ناو جەماوەردا، ڕەنگە پێداچوونەوە بە ڕەوایەتیی گریمانەکانی لە میدیادا بکرێتەوە. جەخت لەوەش دەکاتەوە ئەگەر ئێستا جەماوەر بتوانن ئەو سەرچاوانە هەڵبژێرن کە ناوەرۆکەکەیان پێ باشترە، ئەوا ئاسانە خۆی لە سەرچاوە نەخوازراوەکانیش بەدوور بگرێت، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر بەو مانایەیە کە کارنامە هیچ کاریگەرییەکی لە سەر بەرژەوەندییەکانی ڕای گشتی نییە. بەڵام تەنها خاڵ کە لەم ئەنجامگیرییە بەدەر دەکرێت، ئەوەیە کە ئەلگۆریتمەکانی پلاتفۆڕمی سۆشیالمیدیا بە شێوەیەکى فراوان بەشدارن لە گەیاندنی ناوەرۆکی میدیای جەماوەرى بە بەکاربەران، تاوەکوو بتوانن بە بێ مەبەست سەیری ناوەرۆکەکەی بکەن ,2018) .(Feezell

دیارترین تایبەتمەندییەکانی پەرەسەندنی زیرەکیی دەستکرد لە میدیاکاندا

یەکەم: شیکاری دەیتا گەورەکان

پڕۆسەی کۆکردنەوەی زانیاری و پڕۆسێسکردن و دەرهێنانی زانیاری لە ناو دامەزراوە گەورەکانی میدیا و کەرتە حکومییەکاندا کە پشت بە سیاسەتی شیکردنەوەی دەیتا گەورە و ئاڵۆزەکان دەبەستن، لە بواری بەڕێوەبردن و شیکردنەوەی دەیتاکاندا پێویستی بە بەرنامەى تایبەتمەند هەیە، چونکە لە سایەى تەکنەلۆژیاى زیرەکدا پڕۆسەی بڕیاردان سەبارەت بە شیکردنەوەی هەست و بیری گشتی، ئامادەکردنی ناوەرۆک، زانینی کاتی گونجاو بۆ بڵاوکردنەوە و ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی؛ بە کارێکى بنەڕەتى دادەنرێت.

لە نێو ئەو پێناسانەى بۆ دەیتا گەورەکان کراوە، پێناسەکەى پەیمانگاى نێودەوڵەتیى ماکینزییە کە بەم جۆرە پێناسەى دەکات: کۆمەڵێک دەیتان کە زۆر گەورەن و هەر لە وەرگرتنى دەیتاکانەوە هەتا هاوبەشیکردن، گواستنەوە، هەڵگرتن، بەڕێوەبردن و شیکردنەوەیان لە ماوەیەکی قبووڵکراودا، ناتوانرێت بە بەکارهێنانی ئامرازە نەریتییەکانى دەیتابەیس پڕۆسێس بکرێن (ناوەندی ئامار، “چەمکە گشتییەکان لە سەر دەیتا گەورەکان”).

هەر چى کۆمپانیاى گارتنەرە کە کۆمپانیایەکی تایبەتە بە توێژینەوە و ڕاوێژکاریی تەکنەلۆژیای زانیاری، دەیتای گەورەی وەک ژێرخانى زانیاریی قەبارە گەورە و خێرا و زۆر هەمەچەشن پێناسە کردووە کە پێویستی بە شێوازی پڕۆسێسکردنى ئابووری و داهێنەرانە هەیە، بە مەبەستى پەرەپێدانی تێڕوانینەکان و یارمەتیدان لە بڕیارداندا al.,2013) et .(Laney

لە سایەى وەرچەرخانە دیجیتاڵییەکان و پشتبەستن بە خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییەکان و سیستمی زیرەک و بەکارهێنانی بنەڕەتی و ڕۆژانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئێستا دەیتا گەورەکان وەک نەوتی داهاتوو سەیر دەکرێن. بە هۆى ڕەوتى کڕینى ئەلکترۆنییەوە کە قەبارەى دەیتاکان بە شێوەیەکى بێوێنە زیادی کردووە، بە جۆرێک ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە (٩٠%)ی ئەو زانیارییانەی ئێستا لە بەر دەستدان؛ لە چەند ساڵی کەمى ڕابردوودا بەرهەم هێنراون و بەردەوام لە زیادبووندان 2019) (Desjardins,.

ئێستا لە جیهاندا لە ماوەى خولەکێکدا زیاتر لە (1.7) ترلیۆن بایت دەیتا بەرهەم دەهێنرێت کە هەندێکیان لە لایەن هەندێک لە ناوەندەکانی دەیتاوە هەڵدەگیرێن و شیکارییان بۆ دەکرێت، هەندێکیشیان بە هۆی بێبایەخییانەوە دەسڕدرێنەوە، پێشبینییش دەکرێت تا کۆتایی ساڵی (٢٠٢٥) ئەم ژمارەیە بۆ سێ هێندە زیاد بکات (رائدە الشیخ، ٢٠١٨).

 

سەرچاوەکانی دەیتا گەورەکان:

  1. ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن کۆمپانیا و دامەزراوەکانەوە لە کاتی کارکردنی ڕۆژانەیاندا بەرهەم دەهێنرێن، لە دەیتابەیس یان فایلەکاندا کە تایبەتن بە کۆمپانیا یان دامەزراوەکە هەڵدەگیرێن.
  2. ئەو دەیتایانەى مرۆڤ بەرهەمیان دەهێنێت: واتە ئەو زانیارییانەی مرۆڤ دروستیان دەکات، جا ئەو بەڵگەنامەیە بێت لە سەر کۆمپیوتەر یان ئەوانەی لە ناو مۆبایلە جیاوازەکاندا هەڵدەگیرێن، وەک نامەی کورت و بەرنامەی ئامێرە زیرەکەکان، ئەمە جگە لەو زانیارییانەی کە مرۆڤ دەیخاتە ناو تۆڕی زانیاریی جیهانی وەک ئیمەیل و سایتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، وەک هاوبەشکردنی وێنە و گفتوگۆ و کۆمێنتەکان کە زۆربەیان دەیتای ناڕێکخراون.
  3. ئەو دەیتایانەى ئامێرەکان بەرهەمیان دەهێنن: هەموو ئەو دەیتایانەن کە بە بێ دەستتێوەردانی مرۆڤ بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەرهەم دەهێنرێن، وەک دەیتاکانی کامێرای چاودێری و ئاگادارکردنەوە و مانگە دەستکردەکان 2016) Rokde, & .(Ghotkar

سوود و تواناکانی دەیتا گەورەکان:

  1. لە پڕۆسێسکردن و شیکردنەوەی دەیتا گەورەکاندا، کات و هەوڵ و تێچوویەکی زۆر دەگێڕێتەوە.
  2. توانای شیکردنەوەی دەیتاکانی سۆشیالمیدیاى هەیە بۆ دەرهێنانی بۆچوونی جیاواز، ئەمەش ڕێگە بە ئەگەری شیکردنەوەی کاریگەرییەکانی خەڵک دەدات لەسەر هەندێک پرس بۆ پێوانەکردنی ڕادەی ڕازیبوون یان ناڕازیبوونیان.
  3. شیکاری پێشبینیکراو و هەڵسەنگاندنی مەترسیی دارایی.
  4. پۆلێنکردنی بەکارهێنەران و دیاریکردنی گرووپی ئامانج بۆ بابەتێکی دیاریکراو، کە یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی کارایی و کاریگەریی هەڵمەتەکانی بەبازاڕکردن و ڕیکلام.
  5. باشترکردنی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی کڕیاران و دیاریکردنی ساختەکاری (محمود عبدالسلام، ٢٠٢١).

کۆمپانیا جیهانییەکانى وەک فەیسبوک و گوگڵ و وڵاتانی پێشکەوتوو سوود لە دەیتا گەورەکان وەردەگرن بۆ داڕشتنى پلانی داهاتوویان و ناوەندی دەیتاى تایبەتمەندى بۆ دروست دەکەن. هەروەها بۆ پێشبینیکردنی هەواڵەکان، لە ناو دامەزراوە میدیاییەکاندا شیکاری دەیتا گەورەکان بووەتە توخمێکی گرنگ. بۆ نموونە ئاژانسى هەواڵەکانى بلومبێرگ نیوز بۆ شیکردنەوەی ڕەوتی کۆمەڵە دەیتاکان ڕۆبۆت بەکار دەهێنێت، بەو هۆیەوە کاتێک ڕەوتێک یان گۆڕانکارییەک لەم دەیتایانەدا دەردەکەوێت؛ ئاگادارکردنەوە بۆ ڕۆژنامەنووسان دەنێرێت، تاوەکوو لە شیکردنەوەی بازاڕەکاندا بە شێوەیەکی پیشەیی پێویست یارمەتییان بدات.

هەر چى ئاژانسى ڕۆیتەرزە بۆ یارمەتیدانی ڕۆژنامەنووسان لە شیکردنەوەی دەیتاکان، پێشنیاری بیرۆکەی ڕاپۆرتەکان، تەنانەت لە نووسینی هەندێک ڕستەدا، ئامرازێکى زیرەکیى دەستکردى دروست کردووە و ناوى لێ ناوە ”Insight Lynx”، بە ئامانجی ئەوەی کە نەبێتە جێگرەوەی پەیامنێرەکان، بەڵکوو لە نووسینەوەى دەقەکاندا بە بەکارهێنانى دەیتاى دیجیتاڵى یارمەتییان بدات. هەروەها ئەم ئامرازە ئەدای پشکەکانی کۆمپانیاکان ڕوون دەکاتەوە کە چۆن و بۆچى بە خێرایی دادەبەزن؟ پاشان ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە مامەڵەى کۆمپانیاکە لەم دواییانەدا بەرانبەر ڕکابەرەکانى چۆن بووە؟

دووەم: هەورەکۆمپیوتەر

هەورەکۆمپیوتەر بە تەکنەلۆژیایەک پێناسە دەکرێت کە پشت بە گواستنەوەی شوێنی پڕۆسێسکردن و هەڵگرتنی کۆمپیوتەر بۆ ئامێرێکی سێرڤەر دەبەستێت، کە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە پێی دەگات. پاشان بەرنامەکانی ئایتی لە بەرهەمەوە دەگۆڕدرێن بۆ خزمەتگوزاری. هەورەکۆمپیوتەر لە سەر ژێرخانى ناوەندە پێشکەوتووەکانی دەیتا دامەزراوە کە شوێنی هەڵگرتنی گەورە بۆ بەکارهێنەران دابین دەکات (أمال شوتري، رشيد خوضري، .(2018

بۆ پڕۆسێسکردن و دابەشکردن، پلاتفۆڕمی هەورەکە بە بەدەستهێنانی زانیاریی وردی بەرز لە چەندین شوێن لە دامەزراوەی پەخشەکەدا کار دەکات. هەموو ئەرکە پێویستەکانى بەرهەمهێنان لە ڕێگەى تۆڕەکانى هەورەکەوە بەڕێوە دەبات، نووسەران و پەخشکەرانی ناوەرۆکیش بە شێوەیەکی پارێزراو بە ناوەندى هەڵگرتنی هەورەکەوە دەبەسترێنەوە، ئەمەش وا لە پەخشکەر دەکات لە هەمووانەوە ناوەرۆک دروست بکات، هەروەها بە خێرایى دەستى بە بڵاوکراوە نوێیەکان بگات تاوەکوو بە خێرایى فیدباکیش وەربگرێتەوە. هەرکە ناوەرۆکەکە تەواو بوو، بەرز دەکرێتەوە بۆ هەورێکی پارێزراو کە لەوێشەوە لە لایەن هەر دەستەیەکى دامەزراوەکەوە لە سەرانسەرى جیهاندا دەتوانن دەستیان پێى بگات. ئەم جۆرە کارکردنە لە سەرانسەری ناوچە جوگرافییەکاندا ڕێگە بە ڕۆیشتنی ئاسانی ناوەرۆک دەدات. هەروەها لە کاتى دروستکردنى ناوەرۆکەکەدا ڕێگە بە پێداچوونەوە و سەرنجدان و دەستکاریکردنی گفتوگۆکان لە کاتی ڕاستەقینەدا دەدات (علی صباح سلمان، ٢٠٢٠).

لەم دواییانەدا تێبینیى ئەوە کراوە کە زۆرێک لە دامەزراوە میدیاییەکان و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیالمیدیا، هەنگاویان ناوە بەرەو بەردەستکردنی بەرنامەکانیان بۆ بەکارهێنان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە لە ژێر ناوی هەورەکۆمپیوتەردا.

ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ بەکارهێنەرانی تایبەتمەندیی باشتری وەک پاشەکەوتکردنی خەرجییەکان، یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ بەشێکی گەورەتر لە سوودمەندان دابین کردووە. لە ئێستادا خزمەتگوزارییەکانی هەڵگرتنی هەور بە یەکێک لە گرنگترین خزمەتگوزارییەکان دادەنرێت کە لە میدیای دیجیتاڵیدا بەکار دەهێنرێت، بە مەبەستی دابینکردنی توانای هەڵگرتن بۆ فایلەکان لەسەر ئینتەرنێت، بە بێ ئەوەی پێویست بەوە بکات دیسکی هەڵگرتنی ڕاستەقینە لەسەر کۆمپیوتەرەکان هەبێت. دەتوانرێت لە هەر شوێنێک یان هەر ئامێرێکەوە دەستت پێی بگات کە ئینتەرنێتی هەبێت، هەروەها یارمەتیدەر بووە لە پەرەپێدانی کاری میدیای دیجیتاڵی لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی هەورەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکە میدیاییە پێویستەکان، وەک دەستکاریکردنی دەیتا و وێنە و دروستکردنی فایل و خشتە، لە ڕێگەى ئۆفیس و فۆتۆشۆپ و بەرنامەکانی دیکەوە، بە بێ ئەوەی پێویست بکات ئەم بەرنامانە لەسەر ئامێرەکان داببەزێنرێن و بە بێ ئەوەی توانای هەڵگرتنی گەورە بەکار بهێنرێت.

بۆ نموونە؛ خزمەتگوزارییەکانى کۆمپانیای ئەمازۆن وێب سێرڤێس (AWS) پشتگیری پێشکەش بە کۆمپانیا جیهانییەکانى پێشەنگ لە میدیادا دەکات، وەک نێتفلێکس و واڵت دیزنی و دیسکۆڤەری کە پلانی داهاتوویان داڕشتووە و ناوەندی دەیتاى تایبەتمەندیان دروست کردووە.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمپانیاکانی ئەنگامی و گرووپی ”MBC” و ”OSN” و کۆمپانیا نوێیەکان کە خزمەتگوزاریی داهێنەرانەیان هەیە، وەک ”Play Starz” لەخۆ دەگرێت، هەموو ئەمانە بۆ داهێنان و فراوانکردن و پەرەپێدان و بەدەستهێنانی کارایی پێویست بۆ دابینکردنی باشترین ئەزموون بۆ بەکارهێنەرانی کۆتایی، پشت بە ئەمازۆن وێب سێرڤێس دەبەستن.

سوودەکانی هەورەکۆمپیوتەر لە میدیادا

  1. کۆمپیوتەری کەمتێچوو بۆ سوودمەندان: بۆ بەکارهێنانی هەورەکۆمپیوتەر و بۆ کارەکانی پڕۆسێسکردن و بەرنامەکان، پێویست بە کڕینی ئامێری بەهێز و گرانبەها ناکات. هەروەها وەک بەرنامە تەقلیدییەکانی پێشوو، پێویستی بە هێزی پڕۆسێسکردن و شوێنی هارددیسک نییە (Miller,2008).
  2. کارایی باشتر: ئەمەش بە هۆی دانەبەزاندنی هیچ بەرنامە و فایلێک بۆ ناو کۆمپیوتەرە کەسییە ناوخۆییەکان، سوودمەندان بە هۆی داگیرساندن و کوژانەوەی کۆمپیوتەری کەسی دوا ناکەون، هەروەها تۆڕی ناوخۆیی زۆر خێراتر دەبێت بە هۆی ئەوەی هیچ هاتوچۆیەکی ناوخۆیی نابێت (Intel Xeon,2011).
  3. کەمکردنەوەی تێچووی ژێرخانی ئایتی: ستافی ئایتی دەتوانن هێزی هەورەکۆمپیوتەرەکە بۆ تەواوکردن یان گۆڕینی سەرچاوەکانی کۆمپیوتەری ناوخۆیی بەکار بهێنن، لە بریی ئەوەی وەبەرهێنان لە ژمارەیەکی زۆر لە سێرڤەرە گەورەکان و بەهێزترەکاندا بکەن .(Hosting,2011)
  4. کەمکردنەوەی تێچووی چاککردنەوە: تێچووی چاککردنەوەی ڕەقەکاڵا و نەرمەکاڵا بۆ ڕێکخراوەکان زۆر کەمتر دەبێتەوە، گرنگ نییە چەند ئامێر و نەرمەکاڵا لە کۆمپانیاکەدا بەردەست بێت، چونکە لە ڕێکخراوەکەدا پێویستی بە سێرڤەری کەمتر دەبێت، ئەمەش واتە تێچووی چاککردنەوە کەمتر دەبێتەوە، هەروەها لەسەر ئامێرەکانی ستافی ئایتیی ڕێکخراوەکە پێویست بە پاراستنی نەرمەکاڵا ناکات al,2009) et .(Kondo
  5. کەمکردنەوەی تێچووی بەرنامەکان: پێویست بە کڕینی پاکێجی بەرنامەکان بۆ هەموو کۆمپیوتەرەکانی ناو ڕێکخراوەکە ناکات، بەڵام ئەو کارمەندانەی کە بە کردارى بەرنامەکان بەکار دەهێنن، پێویستە دەستیان بەو بەرنامەیە بگات .(Pietroforte,2008)

زیانەکانی هەورەکۆمپیوتەر لە میدیادا:

  1. پێویستی بە پەیوەندییەکی بەردەوام بە ئینتەرنێتەوە هەیە: بۆ پەیوەندیکردن لە نێوان بەرنامەکان و بەڵگەنامەکاندا ئینتەرنێت بەکار دێت. بەڵام ئەگەر هێڵی ئینتەرنێت نەبوو، ئەوا ناتوانرێت دەستت بە هیچ شتێک بگات، تەنانەت بە بەڵگەنامە تایبەتەکانیش .(Miller,2009)
  2. لەگەڵ پەیوەندییە کەم خێراییەکان بە باشی کار ناکات: خێرایی هێڵی ئینتەرنێتەکەت دەتوانێت هەورەکۆمپیوتەر زۆر خاو بکاتەوە یان بە ئاستەم کار بکات، بە تایبەتی خزمەتگوزاریی تەلەفۆن کە بۆ دابەزاندن و کردنەوەی فایلە گەورەکان بە ئاسانی، بەرنامەکانی وێب پێویستیان بە فرێکوێنسییەکی بەرفراوان هەیە .(Prasad,2011)
  3. خاوبوونەوە: هەندێک جار بەرنامەکانی وێب دەتوانن خاوتر بن لە دەستگەیشتن بە بەرنامەیەک لەسەر کۆمپیوتەرێکی سەر مێز، تەنانەت ئەگەر بە هێڵێکی خێراى ئینتەرنێتیشەوە بەسترابێتەوە. پێویستە هەموو شتێک لە بارەى بەرنامەکەوە بنێردرێت، هەر لە ڕووکارەکەیەوە هەتا بەڵگەنامەکانى، دەبێت لە کۆمپیوتەرەکەتەوە بۆ کۆمپیوتەرەکانی دیکەى ناو هەورەکە بنێردرێت و بگەڕێنرێتەوە. ئەگەر لەو ساتەدا کۆپییەکی پاشەکەوتی سێرڤەرە هەورەکان هەڵنەگیرا، یان ئەگەر ئەو ڕۆژە ئینتەرنێت خاو بوو، ئەوا ناتوانیت دەستبەجێ دەستت بگات بە بەرنامە چاوەڕوانکراوەکانی سەر مێزەکەت.

لێرەوە ڕوون دەبێتەوە کە هەورەکۆمپیوتەر کاریگەریی لەسەر کاری میدیا هەیە، بە هۆی ئەو توانا پێشکەوتووانەی کە لە پڕۆسەکانی دەستڕاگەیشتن بە ناوەرۆکی میدیا، لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا بێت؛ پێشکەشی کردووە.

خزمەتگوزارییەکانی هەورەکۆمپیوتەر وای کردووە هەواڵ و زانیارییەکان خێراتر لە جاران بڵاو ببنەوە، ناوەرۆک دەتوانێت بە خێراییەکی زۆر بەرز لە سەرانسەری وێبدا بڵاو بێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی خێرا گواستنەوەی هەواڵەکان و بڵاوبوونەوەی ڕووداوەکانی ئێستا، هەروەها دەستبەجێ کاریگەریى لەسەر ڕاى گشتى دەبێت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش کاریگەرییەکەى زیاتر دەبێت، چونکە تا دێت خەڵکى بۆ وەرگرتنی زانیاری و کاردانەوە لە هەمبەر ڕووداوەکانی ئێستا؛ زیاتر ڕوو لە سۆشیالمیدیا دەکەن، بۆیە دەکرێت کاریگەریی هەواڵی ساختە بەهێزتر بێت.

سێیەم: ڕۆبۆت

ڕۆبۆت بە یەکێک لە دەرهاویشتەکانی شۆڕشی چوارەمى پیشەسازی دادەنرێت، کە لە باشترکردنی پەیامی میدیایی و مۆدێرنکردنی شێوازەکانی کۆکردنەوەی زانیاریدا بەشدارییەکی بەرچاوی کردووە.

ڕۆبۆت وەک ئامێرێک سەیر دەکرێت کە توانای تێکەڵکردنی ئەلگۆریتم و دەیتا و زانیاریی هەیە، کە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئێستا بۆ تەواوکردنی ئەرکی لێپرسینەوە لە کاری میدیایی، بە ڕۆژنامەگەریی ڕۆبۆت (journalism Robot) ناسراوە، ئەمەش وا سەیر دەکرێت کە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە پێکهاتەی دامەزراوە میدیاییەکان و شێوازی کارکردنیاندا، بەو پێیەی ڕۆبۆتەکان لە بەرهەمهێنانی هەزاران ڕاپۆرتەهەواڵدا بەکار هێنراون.

هەندێک لێکۆڵینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەکارهێنانی ڕۆبۆتەکان لە کاری میدیاییدا بە پلەی یەک لەسەر دوو ڕێبازی ناسراوە، یەکەمیان پەیوەندیی بە نووسینی ڕاپۆرتەهەواڵەوە هەیە بە یارمەتیی کۆمپیوتەر، دووەمیان پەیوەستە بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە میدیادا بە شێوەیەک کە فاکتەری وردبینی بەدەست بهێنێت  al.,2009) et (Cohen.

لە دیارترین بەکارهێنانەکانی ڕۆبۆت لە میدیای دیجیتاڵیدا بریتین لە (محمد جمال بدوی، ٢٠٢٠):

  1. گەڕان بەدواى دەیتاکان و پڕۆسێسکردنى: دیارترین بەکارهێنانی ئەلگۆریتمەکان لە ڕۆژنامەگەریدا؛ گەڕان و پڕۆسێسکردنی دەیتا گەورەکانە، چونکە یارمەتیی ڕۆژنامەنووسان دەدات دەیتای پەیوەندیدار لەسەر بابەتێک بە ئاسانی و بە سانایی بدۆزنەوە.
  2. دیاریکردنی ئەو بابەتانەی کە شایستەی بڵاوکردنەوە و بەدواداچوونن: لە ڕێگەی توانای شیکردنەوە و بەستنەوەی بڕێکی زۆر لە دەیتاکانەوە، هەروەها لە ڕێگەى بایەخدان و کاردانەوەکانی بینەرەوە بەرامبەر بە ناوەرۆکی ڕۆژنامەوانی، ئەلگۆریتمەکان سەبارەت بەوەی کە کامە هەواڵ لە ئێستادا شایانی بڵاوکردنەوەیە؛ دەتوانن بڕیاری خێرا و ورد بدەن.
  3. بەڕێوەبردن و فلتەرکردنی سەرنجەکان، چونکە ئەلگۆریتمەکان دەتوانن وتوێژەکان لە ڕێگەى ئینتەرنێتەوە بەهێزتر بکەن و سەرپەرشتییشى بکەن، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە بە باشی و بە بێ پێشێلکردنی یاساکان کار دەکەن.
  4. لە نووسینی هەواڵدا ڕۆبۆتی زیرەک دەیتاکان کۆ دەکاتەوە و بەراوردیان دەکات، دەتوانێت بە بێ دەستتێوەردانی مرۆڤ دەقی ڕۆژنامەوانیی ئامادەکراو بنووسێت. بە شێوەیەکی سنووردار بەکار دەهێنرێت، چونکە لە لایەن توخمە مرۆییەکانەوە بۆی دیاری دەکرێت.

لە ئێستادا تێبینیی ئەوە دەکەین کە زۆرێک لە دامەزراوە گەورەکانی میدیا و ڕۆژنامەگەری بۆ تەواوکردنی کارەکانیان پشت بە ڕۆبۆت دەبەستن، وەک ڕۆژنامەی ”نیویۆرک تایمز” و ”یو ئێس ئەی تودەی” و ئاژانسەکانی هەواڵ. بە نموونە؛ ئاژانسى ڕۆیتەرز بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای پڕۆگرامسازى ”Wibbitz” بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی هەواڵ، تەکنەلۆژیای تێکست بۆ ڤیدیۆ بەکار دەهێنێت. هەروەها ”BBC” بەرنامەیەکی وەرگێڕانی ئۆتۆماتیکی بۆ فیلمە هەواڵییەکانى پەرە پێ دەدات .(Fanta,2017)

لە کاتێکدا یەکێک لە ڕەوتەکانی توێژینەوە، بیرۆکەی بنەڕەتیی پشتبەستن بە ڕۆژنامەگەریی ڕۆبۆت بە ڕێگایەک بۆ ڕزگارکردنی ڕۆژنامەنووسان لە ئەرکە ڕۆتینییەکانیان دەبینێت، لە نموونەى کارە دووبارە و ماندووکەرەکانی دروستکردنی ڕاپۆرت لە بارەى قازانجی کۆمپانیاکان. بۆیە پێویستە ڕۆژنامەنووسانی مرۆڤ ڕۆڵى تەواوی خۆیان بگێڕن لە وەسفکردنی ئەو سەرچاوە تایبەتانەی کە ڕۆبۆتەکان پێویستە دەیتاکانی لێ کۆ بکەنەوە، تاوەکوو لە وەرگرتنی سەرچاوەی ناپەیوەندیدار لە کاتی کۆکردنەوەى دەیتاکان و نووسینی هەواڵەکاندا ڕێگرییان لێ بکەن  .(Aljazairi,2018)

بەکارهێنانی ڕۆبۆتی زیرەک تەنها لە نووسینی هەواڵ بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی سنووردار نەکراوە، بەڵکوو درێژ بووەتەوە بۆ دۆزینەوەی هەواڵی ساختە و بەرهەمهێنانی دیمەنی هەواڵ (ڤیدیۆ). گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لە بواری ئەلگۆریتمەکاندا چەندین پێشکەوتنی لەخۆ گرتووە. بە نموونە؛ ئامرازێکی نوێی زیرەکیى دەستکرد بۆ بڵاوکردنەوەی میدیا بە ناوی “Panels” خراوەتە بازاڕەوە، کە بۆ ناوەرۆکی هەواڵەکان؛ باشترین ناوەرۆکی بینراو پێشنیار دەکات (Brezina,2019).

ڕۆبۆت لە بەرنامەکانی چاتی ئۆتۆماتیکییشدا کار دەکات، وەک:

  1. چات بۆت (Chat bot): بژاردەیەکی بەناوبانگە بۆ کارلێککردن لەگەڵ بەکارهێنەرانی فەیسبوک و مەسنجەردا. بە هۆی بەکارهێنانی وەڵامە خێراکانەوە زیاتر پشتی پێ دەبەسترێت، چونکە بۆ کارلێککردن لەگەڵ بەکارهێنەراندا ئامرازێکی نەرمەکاڵا دابین دەکات کە لەسەر بابەتێکی دیاریکراو یان لە بوارێکی دیاریکراودا، بە بەکارهێنانی دەنگ و دەق، شێوازێکى سروشتى بۆ گفتوگۆکردن بەکار دەهێنێت .(Smutny & Schreiberova, 2020)
  2. یاریدەدەری دیجیتاڵیی کەسی، وەک ئەپڵ سیری و ئەمازۆن ئەلێکسا و یاریدەدەری گوگڵ؛ لە پێشەنگی تەکنەلۆژیای ناسینەوەی دەنگن. هەروەها لە ڕێگەی ڕۆبۆتە زیرەکەکانەوە خەڵکى دەتوانن بە خێرایی هەندێک ئەرکی ڕۆژانە ڕاپەڕێنن ( .(Budiu,2018
  3. هەندێک لە ڕۆژنامە و ڕێکخراوە میدیاییەکان سوود لە ڕۆبۆتەکان وەردەگرن، وەک ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی کە ڕۆبۆتێکی ناسراو بە ناوی ”Reporter Mate” بەکار دەهێنێت بۆ گۆڕینی دەیتاکان بۆ دەقى ڕاپۆرتێک کە ئامادە بێت بۆ بڵاوکردنەوە. هەروەها ڕۆژنامەى واشنتن پۆستى ئەمەریکى کەڵک لە پەیامنێرێکى ڕۆبۆت وەردەگرێت کە پێی دەوترێت ”Helograph Bot”.
  4. ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕۆبۆتی زیرەک لە ئێستادا بە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی میدیای دیجیتاڵی دادەنرێت بە هۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە کە دیارترینیان بریتین لە:

ئـ. بەکارهێنانی ئامێر لە ئەرکە میدیاییەکاندا، لە ڕێگەى بەدواداچوونی هەواڵە بەپەلەکانەوە.

ب. بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ساختە.

ج. گەڕانى زیاتر بەدواى دەیتاکاندا.

د. زیادکردنی داهاتی دارایی دامەزراوەکان.

هەندێک لێکۆڵینەوە ئاماژە بە ئەگەری بەکارهێنانی ئەم ڕۆبۆتانە دەکەن بۆ کارکردنە سەر ڕەوتی ڕای گشتی، ڕەنگە هەر ئەمەش واى لە توێژەران کردبێت کە لە ”Open AI”؛ ڕۆبۆت یان یاریدەدەری مەجازی ”Chat GPT”ی بۆ بەکارهێنەران پەرە پێ بدەن، لە ڕێگەى ئەپڵیکەیشنێکى مۆبایلەوە کە بە ئینتەرنێتەوە بەستراوەتەوە و هەفتانە تێچووەکەى نزیکەی (٢٠٠) جونەیهە (هەشت دۆلار).

لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١٩دا بڵاو کراوەتەوە، توێژەرانی کۆمپانیاکە نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە تواناکانی ئەم یاریدەدەرە دیجیتاڵییە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی هەڵمەتی زانیاریی ناڕاست و بڵاوکردنەوەی زانیاری کە مەرج نییە ڕاست بێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە زیادبوونی بەکارهێنانی لە لایەن خەڵکەوە و هاوبەشیکردنی بەرهەمەکانی لە ڕێگەی پلاتفۆڕمەکانی سۆشیالمیدیاوە بۆ ئەوەی دواتر وەک ڕاستی بڵاو بکرێتەوە؛ بە ناچاری لە داهاتوودا دەبێتە هۆی زیادبوونی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە، ئەمەش بەو مانایەیە کە هەر چەندە ڕۆبۆتە زیرەکەکان لە پڕۆسەی دروستکردنی ناوەرۆکی میدیاییدا بەشدارن، بەڵام سەبارەت بە بەکارهێنانیان بە شێوەیەکى هەڵە نیگەرانی هەیە، کە دەبێتە هۆی ئەمانەی خوارەوە:

  1. سنووردارکردنی ئازادیی داهێنان: چونکە ڕۆبۆتەکە دەتوانێت لە چەند خولەکێکدا هەزاران چیرۆک بە چەندین ستایل و زمان بنووسێت، کە بەکارهێنەر دەتوانێت وەک بیرۆکەی خۆی بیخاتە ڕوو.
  2. لایەنگری و زانیاریی هەڵە: ئەگەری زۆرە ڕۆبۆت هەڵە بکات، بەڵام بە خێرایی زانیاریی نوێ کۆ دەکاتەوە و لە چوارچێوەی ئەو پرسیارەی کە دەکرێت؛ دەیخاتە ڕوو .(Elgersma,2023)
  3. زانیاریی هەڵەی میدیا: ئەو بەرنامانەی کە بە ڕۆبۆت کار دەکەن لەوانەیە چەندین مەترسیی پەیوەست بە زانیاریی چەواشەکارانەیان هەبێت، هەروەها دەتوانرێت ئەم “عەقڵە ئۆتۆماتیکییە” بە زانیاری و بیرۆکەی توندڕەوانە پڕۆگرام بکرێت و پەرەی پێ بدرێت ئەگەر هاتوو ئەپڵیکەیشنەکە لە لایەن عەقڵیەتێکی توندڕەو یان ڕەگەزپەرستەوە کۆنترۆڵ بکرێت )على فرجاني، .(2023

 

چوارەم: مێتاڤێرس

لە پەیوەندیى نێوان مرۆڤەکاندا ڕەهەندی دیجیتاڵی لە هەڵکشاندایە. بە هۆى لێکەوتەکانى پەتای ”کۆڤید-١٩” و بەکارهێنانى ئینتەرنێت لە لایەن دوو لەسەر سێی مرۆڤایەتییەوە، لە کاتێکدا سێیەکەکەی دیکە یان بەکاربەرى میدیای تەقلیدین یان بایەخى پێ نادەن.

سەرەڕای بوونی ئەو کەلێنە، ئێستا دۆخێکی بڵاوبوونەوەی ئەپڵیکەیشنە زیرەکەکان هەیە، بەم شێوەیە کەلێنەکە لە پەیوەندیکردنەوە بۆ ڕەهەندى مەعریفی و داهێنەرانە و تەکنیکی گۆڕاوە. ڕەوتی تێکەڵکردنی ئەوەی کە پێی دەوترێت “واقیعی مەجازی” (VR)، “واقیعی زیادکراو” (AR) و واقیعی درێژکراوە (XR) سەری هەڵداوە، ئەمەش ڕێگەی خۆش کرد بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی میتاڤێرس کە لەسەر بنەمای حەوت توخم دامەزراوە، ئەوانیش: ژێرخانی وەک خزمەتگوزاریی تۆڕەکانی نەوەی پێنجەم، بەکارهێنانى ئامێرە یارمەتیدەرەکانی وەک چاویلکەی واقیعی مەجازی، بەکارهێنانی بلۆکچەین و زیرەکیی دەستکرد، بەکۆمپیوتەریکردنی شوێنەکان وەک تەماشاکردنى سێ ڕەهەندی، ئابووریی داهێنەرانە لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی توانای دیزاینکردن و دروستکردنی سەروەت و سامانی دیجیتاڵی کە دەگۆڕدرێن بۆ ئاڵوگۆڕکردن لە بازرگانیی ئەلکترۆنیدا، ناوەرۆکی سەرنجڕاکێش وەک ڕیکلامە دیجیتاڵییەکان، ئەزموونی بەرنامەکانی واقیعی مەجازی وەک یاری، کار، چالاکییەکان، بازاڕکردن یان پەروەردە و فێربوون )النخيلي، 2018).

زاراوەی مێتاڤێرس لە دوو بەش پێک دێت: ”Meta” کە بە واتای ئەودیو، دووەمیش ”Verse” کە لە ”Universe” وەرگیراوە کە بە واتای جیهان دێت، بەم شێوەیە مێتاڤێرس بە واتای “ئەودیوى جیهان” دێت. یەکەم بەکارهێنانی ئەم زاراوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢ کاتێک نیل ستیڤنسۆن لە ڕۆمانی زانستیی خەیاڵیی ”هەرەسهێنانى بەفر” (Crash Snow)دا بەکاری هێنا، کە تیایدا مرۆڤەکان وەک کارەکتەرێکی خەیاڵی (Avatar) لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ پڕۆگرامەکان لە كەشی مەجازیی سێ ڕەهەندیی هاوشێوەی جیهانی ڕاستەقینەدا کارلێک دەکەن(Benford,2021) .

لەگەڵ گەشەکردنی کارەکانی تەکنەلۆژیاکانی مێتاڤێرس، ئاماژەى ئەو کاریگەرییانە دەرکەوتن کە دەتوانێت لەسەر میدیای دیجیتاڵی هەیبێت، لە ڕووى سروشتى ئامرازەکە، شێوەى پەیامەکە، تایبەتمەندییەکانی پەیوەندیکەر، جەماوەرى بەئامانجگیراو، ئەو گۆڕانکارییانەی کە ڕەنگە ژینگەی میدیا لە ئەنجامی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایانەدا بەخۆیەوە بیبینێت. بە تایبەتی کاتێک ژینگەی مەجازی وەک میدیای پەیوەندیکردن بەکار دەهێنرێت، بە ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکانەوە تا دەگاتە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و جیهانە مەجازییە سێ ڕەهەندییەکان، کە بەشدارییەکی گەورەى کردووە لە پەرەپێدانی میدیا لەسەر ئاستی پراکتیک و میدیاکان و ئامرازەکاندا، تەنانەت ڕاگەیاندنی خستنەبازاڕی بەرنامەکانی میتاڤێرس کە نوێنەرایەتیی زنجیرەیەک جیهانی مەجازی و گرنگترین پلاتفۆڕمی تەکنیکی دەکات، چونکە سروشتی دیجیتاڵیی جیهان لە دوای سەرهەڵدانی ئینتەرنێت و وێبەوە بەرزتر دەکاتەوە. ئامانجیشی ئاسانکارییە بۆ وەرچەرخانى دیجیتاڵی لە هەموو لایەنەکانی ژیانی ماددیماندا al.,2021) et .(Ning

تایبەتمەندییەکانی مێتاڤێرس

تایبەتمەندییەکانی ”مێتاڤێرس” دەرخەری سەرهەڵدانی یەک ژینگەی مەجازییە، کە ناتوانرێت لە لایەن یەک کۆمپانیا یان کەسێکەوە خاوەندارێتی یان کۆنترۆڵ بکرێت، بۆ هەموو کەسێک کراوەیە. بۆ بەکارهێنانى میتاڤێرس تەنها ئامێرێکى سەربەخۆ پێویستە، هەموو بەکارهێنەران دەتوانن توانای کاریگەریکردنیان لە سەری هەبێت، بە بێ ڕەچاوکردنی بەربەستی کات و شوێن، بەردەوام بۆ بەکارهێنان بەردەستە.

بەشداربووان لە کاتی ڕاستەقینەدا کارلێک لەگەڵ یەکتر یان لەگەڵ ژینگەی مەجازیدا دەکەن، وەک ئەوەی لە جیهانی فیزیکیدا ڕوو دەدات. هەموو کەسێک دەتوانێت لە یەک کاتدا و بە بێ ئەوپەڕى سنوور بچێتە ناو بەرنامەکەوە. ناتوانرێت جیاوازی لە نێوان دۆخی پەیوەندی و پچڕاندا بکرێت، ئەمەش وا دەکات جیابوونەوە لە نێوان مێتاڤێرس و لایەنی فیزیکیدا نەبێت. دیارترین تایبەتمەندییەکانى بریتین لە al.,2021) et :(Murphy

  • هەمیشەیی: مێتاڤێرس بە بێ گوێدانە کات و شوێن؛ بوونی دەبێت.
  • هاوکاتکردن: بەشداربووان لە جیهانی دیجیتاڵیدا دەتوانن لە کاتی ڕاستەقینەدا کارلێک لەگەڵ یەکتردا بکەن، کارلێک لەگەڵ ژینگەی مەجازیی خۆیان و لەگەڵ یەکتردا بکەن، هەروەک چۆن لە جیهانی فیزیکیدا کارلێک دەکەن.
  • بەردەستبوون: هەمووان دەتوانن لە یەک کاتدا بچنە ژوورەوە و هیچ سنوورێک بۆ ژمارەی بەشداربووان دانەنرێت.
  • ئابووری: بەشداربووان -لەوانەش کۆمپانیاکان- دەتوانن کاڵا و خزمەتگوزاری دابین بکەن لە بەرانبەر نرخێکدا کە لە لایەن کەسانی دیکەوە دانی پێدا نراوە، ئەمەش کۆدی ناوازە و نەگۆڕاو، دراوى کۆدکراو و پارەى ئەلکترۆنى، هاوشانی دراوە کاغەزییە تەقلیدییەکان لەخۆ دەگرێت، ئەم پڕۆسەى ئاڵوگۆڕى نرخانەش ڕەنگە پشت بە تەکنەلۆژیاکانی وەک گرێبەستی زیرەک و تەکنەلۆژیا ببەستێت کە هێشتا بیریان لێ نەکراوەتەوە.
  • تواناى فرەبەکارهێنان: مێتاڤێرس ڕێگە بە بەشداربوو دەدات کە توخمە مەجازییەکانی خۆی لە سەرانسەری ئەزموونە جیاوازەکاندا بەکار بهێنێت. بۆ نموونە؛ ئەزموونی بەکارهێنەر لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلێکی قفڵنەکراو لە یارییەکی پێشبڕکێدا، ڕێگەى پێ دەدات هەمان ئۆتۆمبێل لە یارییەکی سەرکێشیى دیکەدا بەکار بهێنێت. پارچە جلێک کە لە مێتاڤێرس کڕدراوە، دەتوانرێت لە یاری و کۆنسێرت و هەر ژینگەیەکی مەجازیی دیکەدا لەبەر بکرێت و بەکار بهێنرێت.

یەکێک لە هێڵەکانی بیرکردنەوە ئەوەیە بە لەبەرچاوگرتنى ئەوەى مێتاڤێرس یارییەکان تێدەپەڕێنێت، ئەوا کۆمپانیا بەشداربووەکان بۆ پشتگیریکردن لە پێگەی خۆیان لە بازاڕەکاندا پێویستیان بە تێپەڕاندنی شێوازەکانی ئێستاى خاوەندارێتی هەیە. هەروەها ڕێوشوێنەکانى ڕێکخستنى گۆڕینەوەى دەیتاکان و بەدواداچوونى ناسنامەى بەکاربەران پێویستیان بە گۆڕانکارى دەبێت.

ئەو ڕەخنانەی ئاڕاستەى مێتاڤێرس دەکرێت

سەرەڕای گرنگیدانێکی زۆر بە مێتاڤێرس و تایبەتمەندییەکانی و ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە دەتوانێت لە جیهانی مەجازیدا بەدیی بهینێت، بەڵام هەندێک نیگەرانی و ڕەخنە هەیە کە دیارترینیان بریتین لە al.,2021)  et :(Hovan

  • تایبەتمەندیى زانیارییەکان: ئەمە نیگەرانییە، چونکە کۆمپانیا بەشداربووەکان بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ڕێگەی ئامێرە لەبەرکراوەکان و کارلێکەکانی کەسى بەکارهێنەرەوە، زانیاری لە سەر کەسی بەکارهێنەر کۆ دەکەنەوە.
  • ڕیکلامەکان: ئەمەش جێگەی نیگەرانییە، بە تایبەتى کە کۆمپانیاکانی سۆشیالمیدیا پلانیان هەیە بەردەوام ڕیکلامەکان لە ناو میتاڤێرسدا بە ئامانج بگرن. هەروەها کێبڕکێ لەسەر ڕیکلام لە جیهانی مێتاڤێرسدا دەبێت، بێگومان باڵادەستییش بۆ کۆمپانیا گەورەکان دەبێت.
  • بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست: وەک هەر ژینگەیەکی مەجازیی دیکە، نیگەرانییەکان لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاست زیاتر دەبن.
  • ئالوودەبوونی بەکاربەر: یەکێکی دیکە لە نیگەرانییەکانی گەشەی مێتاڤێرس بەکارهێنانیەتی، کە دەتوانێت کاریگەریی دەروونی و جەستەیی هەبێت بۆ ماوەیەکی زۆر، وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و قەڵەوی، هەروەک لە داهێنانە تەکنەلۆژییەکاندا هەیە.
  • نامۆبوونی کۆمەڵایەتی: لە ئەنجامی بەسەربردنی کاتێکی زۆر لە جیهانی مەجازیدا، ڕەنگە دۆخێکی دابڕان لەگەڵ واقیعی ڕاستەقینەدا دروست بکات.
  • ناوەرۆکی لایەنگرانە: کە ڕەنگە ڕووبەڕووی هەندێک کەس ببێتەوە، بە هۆی بەرکەوتنی چەندین جارەى بە ناوەرۆکی ئەو بەرنامانە.

پێنجەم:  واقیعی زیادکراو (Augmented Reality)

واقیعی زیادکراو ئاماژەیە بۆ توانای تێکەڵکردنی زانیاریی مەجازی لەگەڵ جیهانی ڕاستەقینەدا. ئەم تەکنەلۆژیایە کار دەکات بۆ زیادکردنی کۆمەڵێک زانیاریی بەسوود بۆ تێگەیشتنی بینراوی مرۆڤ. کاتێک مرۆڤ ئەم تەکنەلۆژیایە بەکار دەهێنێت بۆ سەیرکردنی ژینگەی دەوروبەری، ئەوا شتەکانی ناو ئەم ژینگەیە زانیارییان پێ دەدرێت کە بە دەوریدا دەسووڕێنەوە و لەگەڵ ئەو وێنەیەدا تێکەڵ دەبن کە کەسەکە سەیری دەکات، لەگەڵ ئەو وێنەیەشدا یەک دەگرێتەوە کە کەسەکە سەیری دەکات.

لە سەرهەڵدانی ئەم تەکنەلۆژیایەدا گەشەسەندنی تەکنیکی زۆر یارمەتیدەر بووە، چونکە لە سەرەتادا لە تاقیگەی توێژینەوەى کۆمپانیا گەورەکاندا قەتیس کرابوو، بەڵام ئێستا لە کۆمپیوتەرە کەسییەکان و مۆبایلە زیرەکەکانیشدا بەردەستە.

داهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان و ئەو ئەپڵیکەیشنانەی کە پەرەی پێ دراوە، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیای واقیعی زیادکراو (AR)، ڕێگەش بە بەکارهێنەران دەدات لە ڕێگەی کامێرای مۆبایل و پاشکۆکانیەوە جیهان ببینن. ئێستا لەسەر شاشەکە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانى نزیکى دەبینن.

بە هۆی تازەیی چەمکی واقیعی زیادکراوەوە، ئەو زاراوانەی کە ئاماژەی پێ دەکەن چەند هێندە بوون. بە گەڕانەوە بۆ ئەو سەرچاوانەى لە بارەى واقیعی زیادکراوەوە نووسراون، سەرنجی زۆر زاراوەی هاوواتای ئەم چەمکە دەدەین، وەک: (واقیعى سەربارکراو، واقیعى باشکراو، ڕاستیى زیادکراو، واقیعى تێکەڵکراو) (هەموو ئەمانە زاراوەگەلێکن کە ئاماژەن بۆ واقیعی زیادکراو، هۆکاری جیاوازیی وشەکانیش بە هۆى سروشتی وەرگێڕانی زاراوەی واقیعی زیادکراوە لە زمانی ئینگلیزییەوە) )هناء رزق، (2017. لە پێناسەکانەوە ئەمانەی خوارەوەمان بۆ دەردەکەوێت:

  • زیادکردنى وێنە دیجیتاڵییەکان بۆ سەر جیهانی ڕاستەقینە: بەشێکە لە پڕۆسەیەکى “داهێنانى بەردەوام کە کارلێکەکانی مرۆڤ و کۆمپیوتەر کۆ دەکاتەوە” .(Kapp&Balkun, 2011)
  • تەکنەلۆژیایەکە شتە ڕاستەقینە و مەجازییەکان لە ژینگەی ڕاستەقینەدا تێکەڵ دەکات، شتە ڕاستەقینە و مەجازییەکان تۆمار دەکات، لە کاتی ڕاستەقینەدا بە شێوەیەکی کارلێککارانە کار دەکات (2012Russel, ).
  • خۆکارکردنى واقیعی زیادکراو لە نێوان ژینگەیەکی ڕاستەقینە و ژینگەیەکی مەجازیدا، کە بە پێچەوانەی واقیعی مەجازییە. واقیعی زیادکراو هەوڵ دەدات ژینگەی کەسی بەرز بکاتەوە نەک جێگەی بگرێتەوە، هەروەها بەردەوامییەک لە نێوان جیهانی ڕاستەقینە و مەجازیدا دروست بکات Kishino, 1994) .(Milgram &
  • جێگای سەرنجە لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازیی چوارەمدا کۆمەڵێک سیستم و ئەپڵیکەیشنی واقیعی زیادکراو سەریان هەڵداوە، بە تایبەتى مۆدێلی ”MIT” لە ژێر ناوی هەستی شەشەمدا کە پێشبینی دەکرێت لەگەڵ پەرەسەندنی بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکاندا زیاد بکات، کە توانایەکی زۆری هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێداویستییە هەژمارییە پێویستەکان بۆ بەرنامەکانی واقیعی زیادکراو. Furht, 2011) & (Carmigniani.

لێرەوە سێ تایبەتمەندیی واقیعی زیادکراو دەستنیشان کران  (Kipper & Rampolla, 2013)کە بریتین لە:

  • ڕاستەقینە و ڕووکەش تێکەڵ دەکات.
  • لە کاتى ڕاستەقینەدا کارلێککەر دەبێت.
  • لەسەر بنەماى سێ ڕەهەندى دەبێت.

واقیعی زیادکراو و میدیا

بۆ دروستکردنی میدیای کارلێککار و سەرنجڕاکێش، واقیعی زیادکراو لە ڕێگەى تێکەڵکردنى بەکارهێنانى کامێرا و ئینتەرنێت و ناوەندە دەوڵەمەندەکان و سیستمى دیاریکردنى شوێنى جوگرافى (GPS)، بەشداری لە میدیای دیجیتاڵى و پڕۆسەى بازاڕسازى و فێربوونی بینراو و کارلێککارانەدا دەکات (حنان الربیعی، ٢٠٢٠).

بۆ پێشکەشکردنی گەشتى هەواڵەکان، چیرۆکە مرۆییەکان، هەواڵەکانى کەشوهەوا و ڕیکلامی بازرگانی، زۆربەی دامەزراوە میدیاییەکان بەرەو بەکارهێنانی تەکنیکەکانی واقیعی زیادکراو دەچن. بە نموونە؛ دامەزراوەى ”Weather Chaneel” هەواڵەکانى کەشوهەوا بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی واقیعی زیادکراو پێشکەش دەکات.

بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارلێککارانە لە بوارەکانی داڕشتنەوە و ڕیکلامدا، یەکخستنی واقیعی زیادکراو لەگەڵ ڕۆژنامە چاپکراوەکاندا؛ بەهایەکى زیاتری پێ دەبەخشێت. هەروەها پەیوەندیی نێوان هەردوو لایەنی پڕۆسەی پەیوەندیکردن لە کاتی ڕاستەقینەدا بەهێزتر دەکات، ئەمەش لە ڕێگەی مالتیمیدیاوە ئەنجام دەدرێت، بە بەکارهێنانى وێنەی زیادە و ڤیدیۆی یوتیوب و گرتەى فیلم کە لە لایەن ڕۆژنامەکەوە بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها لە ڕێگەى سلایدەوە دەبێت کە توانای جووڵاندنی هەبێت و ناوەرۆکەکەشی بە شێوەیەکی کارلێککارانە کۆنترۆڵ بکرێت و بتوانرێت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە ببەسترێتەوە. هەروەها دەتوانرێت بابەتە نووسراوەکە بە کەرەستە کارلێککارە سێ ڕەهەندییەکانەوە ببەسترێتەوە، یان بە مانایەکى دیکە بکرێتە ماددەیەکى زیندووى بینراو و بیستراو.

تێکەڵکردنی واقیعی زیادکراو لەگەڵ ڕۆژنامەی چاپکراودا، پەیوەندیی نێوان خوێنەر و ڕۆژنامەکە بەهێزتر دەکات. ئەم چەسپاندنە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕەفتاری خوێنەر لە خوێندنەوەی ڕۆژنامەی تەقلیدیدا، لە خوێنەرێکى چەسپاوەوە دەیگۆڕێت بۆ کارلێککار، ئەم وەرچەرخانە دەروازەیەک دەکاتەوە بۆ زیادبوونی دەرفەتەکان بۆ وەڵامدانەوە و کارلێککردن لەگەڵ ڕاگەیەنراوە ڕۆژنامەوانییەکاندا )النخيلي، (2018.

نموونەیەک بۆ بەکارهێنانى واقیعی زیادکراو لە لایەن رۆژنامەکانەوە لە ساڵى 2017دا ڕووی دا، کاتێک ڕۆژنامەى ”واشنتن پۆست”ى ئەمەریکى لە ڕێگەى ئەپەکەیەوە بە بەکارهێنانى شوێنى جوگرافى ڕاپۆرتێکى بە تەکنیکى واقیعی زیادکراو بڵاو کردەوە، کە بە هۆیەوە بەکارهێنەران دەیانتوانی دەستیان بە شوێن و چیرۆکى تەلارە بەناوبانگەکان بگات.

یەکەم ڕاپۆرتى ڕۆژنامەکە لە بارەى ”مۆزەخانەى نیشتمانى” بوو، کە کولتوور و مێژووى ئەمەریکییە ئەفەریقییەکانى لە واشنتنى پایتەخت ئاشکرا کرد. ئەم بەکارهێنانەی واقیعی زیادکراو تا ڕادەیەک هاوشێوەی ڕێبەرێکی دەنگی یاخود گەشتکردنە بە مۆزەخانەکان یان شوێنەکانى دیکەدا، لە ڕووخساریشدا وەک چیرۆکێکى ڕەوتى مالتیمیدیایە  .(John,2018)

واقیعی زیادکراو (AR) وەک تەکنەلۆژیای داهاتوو و سەرچاوەی سەرەکیی داهات لە هەردوو میدیای دیجیتاڵی و چاپکراودا سەیر دەکرێت )حنان الربيعي، (2020، بەڵام لە لایەکی دیکەوە کاریگەریی لەسەر ڕەفتاری جەماوەر هەیە کە تا دێت تەکنەلۆژیای واقیعی بە شێوەیەکى زیاتر بەکار دەهێنن. بۆ نموونە؛ لە ڕێگەی تەکنیکە جیاوازەکانی فلتەرەوە لە کاتی وێنەگرتن یان لە کاتی زیادکردنی وێنەی مەجازی بۆ ڤیدیۆکلیپە تایبەتەکان، هەر چەندە خەڵکى ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ چێژوەرگرتن لە ئەزموونی پەیوەندیکردن بەکار دەهێنن، بەڵام پلاتفۆڕمەکانی سۆشیالمیدیا بۆ شیکردنەوەی زۆرێک لەو پێشهاتانەی کە ڕەنگە لە داهاتوودا بەسەر ڕەگەزی مرۆڤدا بێت، زۆر بە خێرایی بەرەو ئەم ئاڕاستەیە دەگۆڕێن.

تەوەرى دووەم: داهاتووی میدیای دیجیتاڵی لە سایەی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرددا

بەرنامەکانی زیرەکیی دەستکرد چەندین خزمەتگوزاریی بۆ میدیاکان دابین کردووە، کە کاریگەریى لەسەر شێوەى ناوەرۆک و سروشتى پەیامەکان و پەیوەندیى میدیاکاران بە سەرچاوەکانیان و جەماوەرەکەیانەوە هەبووە. ئەپڵیکەیشنە زیرەکەکان بوونەتە بەشێکی گەورە لە هۆشیاریی کۆمەڵگا و کاریگەرییان لە سەرى دەبێت، بە شێوەیەک کە لەگەڵ شێوازی ژیانی خێرادا بگونجێت.

توێژینەوەیەک کە ئاژانسى ئەسۆشێتد پرێس ئەنجامی داوە، پێشبینی دەکات تا ساڵی (٢٠٢٧) ژووری هەواڵەکان تەژى بێت لە ئامێرەکانى زیرەکیى دەستکرد و ڕۆبۆتى زیرەک، ڕۆژنامەنووسانیش کار بکەن بۆ ئەوەی بە ئاسانی ئامێرە زیرەکەکان بخەنە ناو سیستمی کاری ڕۆژانەیانەوە. زیرەکیی ئامێرەکانیش دەتوانێت زیاتر لەوە بکات کە تەنها ڕاپۆرتی هەواڵی ڕاستەوخۆ لەسەر سیستمێکی ئۆتۆماتیکی دروست بکات. میدیای جیهانیش بەرەو هاوسەنگی لەگەڵ گۆڕانکارییە دیجیتاڵییە زیرەکەکان لە ژینگەی پەیوەندییەکاندا هەنگاو دەنێت، کە چاوەڕوان دەکرێت کار لەسەر بەرزکردنەوەی کواڵتی و توانای ڕووماڵکردنی هەواڵەکان بکات، لەگەڵ گرنگیدان بە بەرزکردنەوەی لۆکاڵیزم و تایبەتمەندبوون، هەروەها زیادبوونی خوێندنەوەی هەواڵ و دەق و سەیرکردنی بەشێک لە بەرنامەکان لەسەر شاشەیەکی بچووکی پۆرتەبڵ زیاد دەکات، لەگەڵ کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی خوێندنەوەی ڕۆژنامە چاپکراوەکان لە لایەن خەڵکییەوە، یان تەماشاکردنى کەناڵە دڵخوازەکانى پێشوویان  .(Jones& Salter,2012)

میدیایەک کە بە زیرەکیی دەستکرد کار بکات، لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی شێوازە نوێیەکانى لە ناوەرۆک و خەسڵەت و تایبەتمەندى و ئامرازەکان، لە شێوازەکانی پێشووی میدیا گرنگتر و جیاوازتر دەبێت. هەروەها لە کاریگەریی ئامرازە مۆدێرنەکانیشدا جیاواز دەبێت، کە لە ڕووی قووڵیی کاریگەری و بەهێزیی ڕێنمایی و توندیی مەترسییەکانەوە ئامانجی دوورمەودا بەدەست دەهێنێت، کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ڕۆڵی میدیادا و لە سیستمی کۆمەڵگادا دەیکاتە تەوەرێکی بنەڕەتی )أميمة الزين، .(2016

بەرنامەکانی زیرەکیی دەستکرد پلاتفۆڕمێکیان دروست کردووە کە توانای هێنانەدیی گۆڕانکاریی بەرجەستەیان لە مێشک و ڕەفتاری کڕیارەکانیاندا هەیە، لە ڕێگەی ئەو بەها جیاوازانەوە کە دەیگرێتە بەر، وەک دەزگا میدیاییەکانی دیکەش ناچێتە ژێر سانسۆری تەقلیدەوە. لەو ڕێگەیەوە ڕای گشتیی بەکۆمەڵ پێک دەهێنێت و شێوازەکانی بیرکردنەوەیان دیاری دەکات و دابونەریت و ڕەفتاری کۆمەڵگاش دەگۆڕێت. بۆیە پێویستی بە ڕێکخستن و بە یاساییکردن هەیە، چونکە میدیای دیجیتاڵی بە پێی یاساکانی خۆی کار دەکات. بۆیە بەستنەوەی ئەو تەوەرانەی کە پێشتر باسمان کرد و ڕەنگدانەوەیان لەسەر کاری میدیایی گرنگە، بۆ دەستنیشانکردنی کاریگەرییە ئەگەرییەکان لەسەر میدیای دیجیتاڵی، بە تایبەتى دوای ئەوەی ژمارەیەک پێگەى میدیایی دەستیان کردووە بە پشتبەستن بە مۆدێلی زیرەک و بایەخدان بە جێبەجێکردنی تەکنیکەکانی، بەو پێیەى بابەتێکى بنەڕەتییە بۆ تەواوى ستراتیژە میدیاییەکان لە داهاتوودا، لە سایەى ئەو وەرچەرخانەى لە ژیانى هاوڵاتییاندا لە ناوەندى ژیانەوە بۆ فەزایەکى مەجازیى دیجیتاڵیى ئازاد ڕووی داوە.

دیارترین بەکارهێنانەکانی زیرەکیی دەستکرد لە میدیای دیجیتاڵیدا

یەکەم: مۆبایلە زیرەکەکان

لە سەردەمی ئێستادا مۆبایلە زیرەکەکان زیاتر لەوەى ئامێرێک بێت کە تەنها بۆ پەیوەندیی دەنگی بەکار بهێنرێت، کۆمەڵێک ئەرکی میدیایی دیکەش ڕادەپەڕێنێت، وەک نووسینی هەواڵ و وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەیان، جگە لە کاتبەسەربردن و سوودەکانی تر، ئەمەش ئەوەیە کە پێی دەوترێت ڕۆژنامەگەریی مۆبایل کە بە یەکێک لە گرنگترین ڕەوتە مۆدێرنەکانی میدیا دادەنرێت کە بوونی خۆی لە کاری ڕۆژنامەگەری و میدیایی لە جیهانی پەیوەندییەکانی ئەمڕۆدا سەپاندووە.

ڕۆژنامەگەریى مۆبایل بە شێوەیەکی کاریگەر لە زیاتر لە پەنجا دامەزراوەى میدیایی لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا بەکار دەهێنرێت. لە ئێستادا نزیکەی دوو لە سەر سێی کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان کەسانی پسپۆڕی میدیایی تایبەت بە ڕۆژنامەگەریی مۆبایلیان دامەزراندووە )بشرى سنجري، (2019.

توێژینەوە ئایندەناسییەکان مەزەندەى زیادبوونی بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان لە خزمەتگوزارییەکانی هەواڵدا دەکەن، لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ماڵپەڕە هەواڵییەکاندا لەسەر ئینتەرنێت کە بە درێژایی (24) کاتژمێر ماددەکانیان پەخش دەکەن، وەک ماڵپەڕی تۆڕە تەلەڤزیۆنییە نێودەوڵەتییەکانی ”ABC”، ”CNN”، ”FOX NEWS”، ”BBC”، هەروەها لە ماڵپەڕی تۆڕە عەرەبی و میسڕییەکانیش هەیە، وەک: (النبض، العربیە، الجزیرە، ابوظبی، پۆرتاڵی ئەلئەهرام و الاخبار الیوم، الیوم السابع، مصراوی، البوابە نیوز، المصری الیوم) و چەندانی تر )سماح الشهاوي، (2018.

چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژنامەگەریی مۆبایل شۆڕشێک لە بەشداریی خەڵک لە کاروباری گشتیدا بەرپا بکات، هەروەها توانایان پێ ببەخشێت بۆ دروستکردنى بابەتی هەواڵى و زانیاری، پاشان دنەى جەماوەریش بدات تاوەکوو زیاتر و پێشکەوتووانەتر بەشدارى لە بنبڕکردنی نەخوێندەواریی دیجیتاڵیدا بکەن.

هەنووکە ژمارەیەکی زۆر بەرنامە لە سەر مۆبایلەکان دەرکەوتوون کە بۆ خزمەتگوزاریی میدیایى بەکار دەهێنرێن، بریتین لەو بەرنامانەى کە لەگەڵ دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی میدیادا، بە مەبەستى بەشداریکردن لە پڕۆسەی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی هەواڵ و زانیاری بە شێوەیەکی ئاسانتر و خێراتر داڕێژراون. لەوانەیە بەرنامەکە هەواڵى بێت کە پەیوەندیی بە دامەزراوە ڕۆژنامەوانی یان میدیاییەکانەوە هەبێت، کە لە بەرامبەر بەشداریکردندا هەواڵ دەدات بە بەکارهێنەران )سائد رضوان، (2016. یان ئەپڵیکەیشنەکانى بەرهەمهێنان و پڕۆسێسکردنی ناوەرۆکی میدیایى بن )بشرى سنجري، (2019، ئیدى ناوەرۆکەکە دەق، داڕشتنەوە، وێنەگرتنی ڤیدیۆیى، تۆمارکردن و دەستکاریکردنی دەنگ، پڕۆسێسکردنى وێنە، یان مۆنتاژ بێت، ئەمانە ئەو بەرنامانەن کە وەک بەدیلێک بۆ کۆمپیوتەر لە دەستکاریکردن و بەرهەمهێنانی ماددە میدیاییەکاندا بەکار دەهێنرێن.

دووەم: تەلەڤزیۆنی زیرەک

پەرەسەندنی ئەو تەلەڤزیۆنەى کە بە تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد کار دەکات و بە شێوەیەکی سروشتی بەستراوەتەوە بە ئینتەرنێتەوە، ئاسانکاریی كردووە بۆ زیادبوونی پشتبەستن بە پلاتفۆڕمی پەخشی دیجیتاڵی، هەروەها لە ئێستادا بووەتە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی پەخشی زانیاری کە بە پێی سروشتی بەشداریکردنەکە و جۆری ئەو هەواڵەی کە بەکارهێنەر دەیەوێت وەریبگرێت دەگۆڕێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئێستا لە پێشکەشکردنی بابەتە میدیاییەکاندا بە هەڵبژاردن و لایەنگری ناسراوە، جا بابەتەکە هەواڵ بێت، یان کاتبەسەربردن، یاخود بابەتی دیکە بێت.

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێستا بەکارهێنەران پێشوازی لە بیرۆکەی گۆڕینی تەلەڤزیۆنەکان دەکەن بۆ دەزگای میدیایی، بە تایبەتی ”ناوەرۆکی ڤیدیۆیى”. هەندێک جۆری تەلەڤزیۆنیش کە دەتوانرێت بە ئینتەرنێتەوە ببەسترێتەوە، لە ئێستاوە لە بازاڕەکاندا بەردەستە.

لە ئێستادا تەلەڤزیۆنی زیرەک وەکوو کۆکەرەوەى ئامرازەکانى میدیا لە یەک ئامێردا سەیر دەکرێت، بە بێ گوێدانە ئەوەى قەبارەکەی لە داهاتوودا چۆن دەبێت، بەو پێیەی تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد توانیویەتی پیشەسازیی میدیای بینراو بگوازێتەوە بۆ قۆناغێک کە توێژەران بە سەردەمی ”تەلەڤزیۆنی دوای تەلەڤزیۆن” دەیناسێنن.

سەردەمی داهاتوو بە گواستنەوەی پیشەسازیی تەلەڤزیۆن لە دۆخی کەرتی گشتی، یان کەرتی تایبەتی بازرگانییەوە بۆ سەرهەڵدانی داهێنانە نوێیەکانی وەک پەخشی مانگی دەستکرد، پەخشی کەیبڵ دەناسرێتەوە، هەروەها بە دەرکەوتنى پلاتفۆڕمەکانی بەرهەمهێنان و پەخشی فرەنەتەوەیی وەک نێتفلێکس و پلاتفۆڕمی ”شاهد العربیە” و ئەوانی تر دەناسرێتەوە.

پلاتفۆڕمی میدیای دیجیتاڵی لەسەر تەلەڤزیۆنی زیرەک، پێشنیارەکانی ناوەرۆک بەکار دەهێنێت کە یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی بەشداریکردن و هێشتنەوەى بینەران بۆ ماوەیەکى درێژتر لە بەردەم شاشەکاندا.

توێژینەوەکان و ڕاپۆرتە ئایندەییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تێکەڵەیەک لە پێشکەشکردنی بینراو لەگەڵ ناوەرۆکی ڕۆژنامەوانی لە ماڵپەڕە هەواڵییە جیهانییەکاندا سەر هەڵدەدات، کە بۆ پێشنیارکردنی بابەتگەلێکی سەرنجڕاکێش بۆ خوێنەران دەستیان بە بەکارهێنانی هەمان تەکنەلۆژیا کردووە. بۆ نموونە؛ وەشانی دیجیتاڵیی واشنتن پۆست زیرەکیی دەستکرد بەکار دەهێنێت بە مەبەستى زیادکردنى مۆرکى کەسیى ئەو هەواڵانەی کە پێشکەشی دەکات، بە پشتبەستن بە بایەخ و ئارەزووی خوێنەران.

لە میدیاکانی داهاتوودا ئەو بابەتە وەک تێکەڵکردنێکی گەورەتر لە نێوان ناوەرۆکی ئینتەرنێت و تەلەڤزیۆن، لە سایەی پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای زیرەک و پێشکەوتنی شاشەکاندا سەیر دەکرێت، کە دەبێتە هۆی ئەوەی لە داهاتوودا دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و ڕۆژنامە ئەلکترۆنییەکان ناوەرۆک و هەواڵەکانیان لە سەر شاشەی تەلەڤزیۆنی زیرەک پەخش بکەن، بە مەبەستى دابینکردنی ئەزموونی خوێندنەوەیەکی بینراو و کارلێککارانە، ئەمەش ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕە دڵخوازەکانیاندا چێژ لە هەواڵ و بابەتەکان لە سەر شاشەیەکی گەورە و بە کواڵتییەکى بەرزتر وەربگرن، هاوکات لەگەڵ توانای کارلێککردن لەگەڵ ناوەرۆکەکەیدا لە ڕێگەی ئەو ئامێرانەی کە لە دوورەوە کۆنترۆڵ دەکرێن یان لە ڕێگەى ئامێری کۆنترۆڵی دەنگییەوە کە لە تەلەڤزیۆنی زیرەکدا بەردەستە.

سەبارەت بە میکانیزمی کار لە ناو دامەزراوەکانی ڕاگەیاندندا، پێشبینی دەکرێت لە دوای بەکارهێنانی کەرەستەی زیرەکیی دەستکرد، گۆڕانکاریی گەورە لە پێکهاتەی ڕێکخراوەیی فەرمانبەران و دابەشکردنی نوێی ڕۆڵەکاندا ڕوو بدات. بۆ نموونە:

بێژەری ڕۆبۆت

پیشەسازیی میدیای بینراو سەرهەڵدانی سەردەمێکی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت، کە تەنها لە چەند ساڵێک لەمەوبەرەوە دەستی پێ کردووە، بەڵام لە پڕۆسەی نوێکردنەوە و بڵاوبوونەوەدایە، کە تیایدا بێژەری ڕۆبۆت لە بریی بێژەری مرۆیی گەشتى هەواڵەکان پێشکەش دەکات، ئەمەش بە هۆی ئەلگۆریتمە پێشەنگەکانە لە بوارەکانى کۆکردنەوەی وشە و ناسینەوەی وێنە و فێربوونی قووڵدا.

بێژەری ڕۆبۆت لە مرۆڤ دەچێت، لاسایی جووڵەى ڕووخسار و ڕەفتارە سروشتییەکان دەکاتەوە، تاوەکوو ببێتە وێنەیەکی هاوشێوەی بێژەری مرۆڤی پیشەگەر.

ڕەنگە شۆڕشی ڕۆبۆتی لە بواری هەواڵدا ببێتە داهێنانێکی تەکنەلۆژیای مۆدێرن و پێشکەوتنێک لە بواری بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە میدیای بینراودا، چونکە یەکەم تاقیکردنەوە بۆ تێکەڵکردنی تۆمارکردنی دەنگی و ڤیدیۆ لە کاتی ڕاستەقینەدا لەگەڵ کارەکتەرێکی مەجازیدا ئەنجام دراوە.

یەکێک لە یەکەم نموونەکان لە لایەن ئاژانسی هەواڵی فەرمیی شینخهواى چین بوو لە ساڵى 2018، کە بریتى بوو لە نمایشکردنى جۆرێکی نوێی ژووری هەواڵ کە لەسەر بنەمای زیرەکیی دەستکرد و تەکنەلۆژیای زانیاری بوو بە ناوی پلاتفۆڕمی مێشکی میدیا. ئەم پلاتفۆڕمە بەرهەمهێنان و داڕشتنەوە و دابەشکردنى هەواڵەکان و شیکردنەوەی فیدباکی جەماوەر، هەورەکۆمپیوتەر و بەئینتەرنێتکردنى شتەکان و زیرەکیى دەستکرد تێکەڵ دەکات.

لە لایەن خۆیەوە کەناڵی هەواڵی ” Russia24”، ڕۆبۆتێکی نمایش کرد بە ناوی بێژەری ڕۆبۆتى ”Alexei”، بۆ لاساییکردنی ڕووخساری یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیاکە کە ناوی ڕاستەقینەی ئەلێکسی یوزاکۆڤە  .(Kim,2020)

پەیامنێرى ڕۆبۆت

جۆرێک لە ڕۆبۆت پەرەى پێ دراوە تاوەکوو لە گۆڕەپانەکاندا وەکوو پەیامنێر کار بکات، بە مەبەستى ڕووماڵکردنی ڕووداو و پێشهاتەکان لە ناوچە جیاجیاکاندا، لەوانەش: ناوچە گەرمەکان، ئەو ناوچانەی گرژی و جەنگى تێدایە، یاخود ناوچە جێناکۆکەکان و شوێنەکانى دیکە کە بە هۆى ژینگە مەترسیدارەکانی کەشوهەوا وەک ناوچەکانى لافاو و گڕکان و بوومەلەرزە؛ ڕۆژنامەنووسان ناتوانن بگەنە ئەو ناوچانە.

پەیامنێرە ڕۆبۆتەکە لە کاتی ڕاستەقینەی ڕووداوەکاندا کار دەکات، هەروەکوو ڕۆبۆتەکەى کەناڵى ”CNN” کە ڕووماڵى هەواڵی ئەو ناوچانەی دەکرد کە پەتای جیهانیی ”Covid 19” تێیدا بڵاو بووەوە، لەسەر بنەمای ئەلگۆریتمی گەڕان و پێشنیارکردن و… هتد؛ ناوەرۆکی هەواڵی بینراوی بۆ ئامادەبووان دابین دەکرد.

ئەم ڕۆبۆتە وەک پەیامنێرێک کار دەکات، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەگەری برینداربوون لە ناو پەیامنێرەکاندا. ئەم ئامێرە ڕۆبۆتییانە شێوەی پڕۆگرامەکە و کامێرای ئۆتۆماتیکی بە زمانێکی سروشتی وەردەگرن، کە توانای ڕووماڵکردنی ڕێگاوبان و ناوچە گشتییەکانیان هەیە. هەروەها ئەم ئامێرانە ئامرازی ناسینەوەی دەموچاویان هەیە، لەگەڵ ئامرازی کۆکردنەوەی هەواڵدا. ئەم ئامێرانە پشت بە فێربوونی ئەلکترۆنى و سیستمی زیرەکیی دەستکرد دەبەستن )عبدالكريم الدييسي، .(2022

پلاتفۆڕمی پەخشی دیجیتاڵی

پلاتفۆڕمی پەخشی دیجیتاڵی بە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی میدیای زیرەک دادەنرێت، کە هەوڵ دەدات خۆی وەک بەدیلێک بۆ تەلەڤزیۆنی تەقلیدی بخاتە ڕوو، هەروەها توانیویەتى ستانداردی نوێ بۆ پەخشی تەلەڤزیۆنی دیارى بکات کە خۆى دەبینێتەوە لە شێوە و ناوەرۆکى نوێ بۆ ئەو بابەتانەى کە لە ڕێگەی ئەم پلاتفۆڕمانەوە دابین دەکرێن، تاوەکوو بەکارهێنەر هان بدەن بۆ بەشداریکردن و پارەدان لە بەرانبەر دەستکەوتنى خزمەتگوزاریى ڤیدیۆیى لەسەر خواستى خۆى )أماني مصطفى، (2020.

لە ئێستادا بەو خزمەتگوزارییە ناسراوە کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات لە هەر کاتێکدا بیانەوێت؛ لە ڕێگەی سێرڤەرێکی دیاریکراوەوە داوای ڤیدیۆ بکەن، هەروەها چێژ لە کۆنترۆڵێکی نەرم لەسەر پەخشکردنی ڤیدیۆکە یان ناوەرۆکەکە وەربگرن (Feng,2006).

ئەم خزمەتگوزارییانە لە ڕێگەی بەشداریکردنی مانگانەوە کار دەکەن، کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەردەوام نوێ دەکرێنەوە تا ئەو کاتەى بەشداربوو واز لە بەشداریکردنەکەى دەهێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى کۆمپانیا یان پێشکەشکاری خزمەتگوزارییەکان پێداگرى لەسەر پاراستنی بەکارهێنەران بکات )أماني مصطفى، .(2020

ئەم پلاتفۆڕمانە بۆ تۆمارکردنی چالاکیی بینەر لەسەریان، تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد بەکار دەهێنن. هەروەها بابەتگەلێک دابین دەکەن کە لەگەڵ حەز و خواستە جیاوازەکانی بینەراندا بگونجێن، تەنانەت لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکانەوە ناوەرۆکێک پێشنیار دەکەن کە لەگەڵ خواستەکانیاندا بگونجێت، چونکە لە کاتی پڕۆسەی بینین و هەڵسەنگاندنە جۆراوجۆرەکانی بەکارهێنەردا بە وردی لە چالاکییەکانى بەکارهێنەر دەکۆڵێتەوە.

پلاتفۆڕمى نێتفلێکس ئاماژە بەوە دەکات کە بە هۆى تواناى زیرەکیی دەستکرد لەسەر میکانیزمی ڕۆیشتنی ناوەرۆک و کارلێککردن لەگەڵ کڕیاراندا، ساڵانە نزیکەى یەک ملیار دۆلار پاشەکەوت دەکات. هەروەها بە مەبەستى پارێزگاریکردن لە کڕیاران و تایبەتکردنى ناوەرۆک و دروستکردنی پەیوەندییەکی کەسیی زیاتر لەگەڵ بینەراندا، دەتوانێت دەیتاکانی بینەر بۆ هەڵمەتێکی کاریگەر بگۆڕدرێت  .(Chan-Olmsted, 2019)

سێیەم: ڕۆژنامەگەریی دیجیتاڵی

ماڵپەڕە ڕۆژنامەوانییەکان بۆ بڵاوکردنەوە، دابینکردن و بەڕێوەبردنی ناوەرۆک کە لە لایەن تەکنەلۆژیاکانی زیرەکیی دەستکردەوە دابین دەکرێت، سوود لە خزمەتگوزارییەکانى کارلێککردن و هاوکاتکردن وەردەگرن. ئەو خزمەتگوزارییانەش دەخرێنە بەردەستى هەموو بەکارهێنەران. هەروەها بە ئامانجى بەرهەمهێنانی ناوەرۆکێک کە لە بەرهەمى ئەوانی دیکە جیاواز بێت، گرنگی و پێویستیی بەکارهێنانی ئەزموونەکان و بەدەستهێنانی ئەزموونی نوێى زیاتر سەلماند.

بەکارهێنانی گۆڕانکارییە زیرەکەکان و تەکنەلۆژیا فرەڕەهەندەکان کۆمەڵێک سوودی بۆ دامەزراوە ڕۆژنامەوانییەکان دابین کردووە کە دیارترینیان لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەکەین )عبدالرحمن محمد، :(2020

  • بە شێوەیەکی بەرچاو تێچوون و هەوڵەکان پاشەکەوت دەکات.
  • باشترکردنی کارایی کارکردن و ڕێکخستنى کارەکان.
  • باشترکردنی کواڵتیی خزمەتگوزارییەکان و ئاسانکردنی ڕێکارەکانی بەدەستهێنانی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەش بە سوودمەندان دەکرێن.
  • دابینکردنی دەرفەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی داهێنەرانە و نوێگەرانەى دوور لە شێوازە تەقلیدییەکان بە وەرگران و بەکاربەران.
  • تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد و ئامرازەکانی وەرچەرخانى دیجیتاڵی لە سیستمێکی فراوانتردا یارمەتیی دامەزراوە میدیاییەکان و کۆمپانیاکان دەدەن تاوەکوو بە شێوەیەکى فراوان و بەربڵاو بە بەشێکی گەورەتری بینەران بگەن.

تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد دەرفەتی بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕەخساندووە تا بۆ: شیکردنەوەیەکی قووڵتر و خێراترى دەیتاکان، نووسینی ڕاپۆرت و هەواڵ بە وردبینییەکی زیاتر، دروستکردنی ناوەرۆکی پێشکەوتووانە و زیرەکانە، تێگەیشتنێکی باشتر لە هەڵسوکەوتی خوێنەران، ئاڕاستەکردنی ماڵپەڕە هەواڵییەکان بەرەو ناوەرۆکێک کە لەگەڵ خواستى بینەراندا بگونجێت، ئەمەش لە ڕێگەی مۆدێلی پێشبینیکراو و فێربوونی ئەو ئامێرانەى کە ڕێگە بە شیکاری ڕەفتاری خوێنەران و کارلێککردن لەگەڵ ناوەرۆکى بابەتەکان دەدات، هەروەها یارمەتیی بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕ و دامەزراوە ڕۆژنامەوانییەکان دەدات تاوەکوو ستراتیژەکانی دابەشکردن و بازاڕکردن باشتر بکەن.

لەگەڵ پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای زیرەک لە ناو ژوورەکانی نووسیندا، سیماکانی ئەم قۆناغە بەدەر کەوتوون. لە گرنگترین گۆڕانکارییەکانی ڕۆژنامەگەرییش لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا بریتین لە:

  • سەرهەڵدانی مۆدێلی ئابووریی نوێ لە کارپێکردن و بەڕێوەبردنی دامەزراوەکاندا: مۆدێلی یەکەم کۆتاییهاتنی خزمەتگوزارییە بێبەرامبەرەکانە. وێبگەڕ یان خوێنەر بۆ ئەوەى هەواڵ و بۆچوونەکانى دەست بکەوێت، هەر دەبێت پارە بدات. مۆدێلی دووەمیش پشت بە تێکەڵکردن و پێکداچوونى نێوان داڕشتنەوە، ڕیکلام، بەڕێوەبردن، داهات و خەرجییەکان دەبەستێت.
  • تێکەڵکردنێکى تەواوەتى لە نێوان میدیای ڕۆژنامەگەری و میدیاکانی دیکەی وەک تەلەڤزیۆن و ڕادیۆدا، چونکە هیچ جیاوازییەکی تیۆری یان کردەیی ئەوتۆ لە نێوان ڕۆژنامەگەری و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆندا نامێنێت، بەو پێیەی تێکەڵبوون و یەکتر تەواوکردن لە نێوانیاندا دروست دەبێت، ئەمەش پێویستی بە ئامادەکردنی ڕۆژنامەنووس هەیە بە تایبەتمەندیی نوێ و کارامەیی جیاواز کە لە توانا و تایبەتمەندییەکانى ئێستا جیاوازترە )محمد شومان، .(2017
  • زیادکردنی پشتبەستن بە ڕۆژنامەگەریی هاوڵاتی وەک مۆدێلێک بۆ درێژکردنەوەی دامەزراوە ڕۆژنامەوانییەکان بە ماددەی نووسین، پاشان پێشکەشکردنى بە بەرنامەکانی زیرەکیی دەستکرد، بۆ دڵنیابوونەوە لە وردبینی و پڕۆسێسکردنی بە شێوەیەک کە ڕێگە بە بڵاوبوونەوەى بدات.
  • واقیعی زیادکراو وەک تایبەتمەندییەکی نوێی کارلێککاریی ڕۆژنامەگەرى لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامە چاپکراوەکاندا یەک دەخرێت، چونکە ڕێگە بە ناوەرۆکى نووسین و پڕوپاگەندەى ڕۆژنامەکە دەدات چیتر تەنها بە ڕەهەندە دوو لایەنەکانى کاغەزەوە پابەند نەبێت، بەڵکوو ببێت بە سێ ڕەهەندی و بە جووڵە و دەنگ بەهێزتر دەبێت )النخيلي، .(2018

زیانەکانی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە میدیای دیجیتاڵیدا

یەکەم: ساختەکاریی قووڵ

تەکنەلۆژیای ساختەکاریى قووڵ لە ڕێگەی پڕۆگرامێکەوە کار دەکات کە بە زیرەکیی دەستکرد ئامادە کراوە. زاراوەى ساختەکاریى قووڵ بۆ یەکەم جار لە لایەن بەکارهێنەرێکی ”Reddit” داڕێژرا کە لە (٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧)دا مەکۆیەکی بە ناوی ”deep fakes” دروست کرد. ئەو ڤیدیۆیەکی پۆڕنۆگرافیی ساختەی دروست کرد بە بەکارهێنانی دەموچاوی ئەستێرەیەکی هۆڵیوود. ئەو بەکارهێنەرە بێناوە مەکۆکەی تەرخان کرد بۆ گۆڕین و دەستکاریکردنی دەموچاوی کەسایەتییە ناودارەکان لە ڤیدیۆی پۆڕنۆگرافیدا، بە بەکارهێنانی پڕۆگرامى فێربوونی قووڵ. بۆیە لە (٧ی شوباتی ٢٠١٨)دا ئەکاونتەکەی لە ڕێدیت لا برا. لەو کاتەوە تەکنەلۆژیای ساختەی قووڵ بەربڵاو بووە (Seta,2021).

ساختەکاری بە ماددەیەکى ڤیدیۆیى و دەنگی پێناسە دەکرێت کە بە بەکارهێنانی پڕۆگرامێکى ئاڵۆز دەستکاری دەکرێت. هەروەها کۆمەڵێک تەکنیکە کە بۆ دروستکردنی بەرهەمی بینایی نوێ بەکار دەهێنرێت (Floridi,2018).

فەرمانگەی لێپچینەوەی حکومەتی ئەمەریکا (GAO) ساختەکاری بە هەر ڤیدیۆ، وێنە، یان تۆمارێکی دەنگی پێناسە دەکات کە وەکوو ڕاستەقینە دەربکەوێت، بەڵام بە هۆی زیرەکیی دەستکردەوە دەستکاری کراوە 2020) (Persons,.

لە ڕوانگەی یاساییەوە بە گرتەڤیدیۆییەک پێناسە دەکرێت کە بە مەبەستی فریودان دروست کراوە، کەسێک وەک ڕاستەقینە دەردەکەوێت کە کردارێک ئەنجام دەدات، بەڵام لە ڕاستیدا ڕووی نەداوە. هەروەها دەتوانرێت بە ماددەیەکى بینراو یان دەنگی یان هەردووکیان پێناسە بکرێت، کە بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی پڕۆگرامسازى دەستکاری کراوە، بە مەبەستى ساختەکردنی واقیعی تاکەکان، شتەکان، شوێنەکان و ڕووداوەکان، تاوەکوو ئەم ناوەرۆکە ساختەیە وەکوو نزیک لە واقیع دەربکەوێت. ڕەنگە زۆرینەى خەڵکی بە ئاستەم وێنە و گرتە ڤیدیۆیی و دەنگییە دەستکاریکراوەکان بناسنەوە.

لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم و دەرکەوتنى تەکنەلۆژیا هاوچەرخەکان لە بواری زیرەکیی دەستکرد و فێربوونی ئامێرەکان و بەردەستبوونى بەرنامەکان بە فراوانى، دروستکردنی ناوەرۆکی ساختە بە بەکارهێنانی بەرنامە و ئەپڵیکەیشنی بەکارهێنراوی بەرفراوان لەسەر کۆمپیوتەر و ئامێرە مۆبایلەکان ئاسانتر بووە.

ناوەرۆکی ساختە دەتوانرێت بۆ دوو پۆلی سەرەکی پۆلبەندی بکرێت، بەم شێوەیە:

یەکەم: ساختەکردنی ڕووکەش: ئەمانە ڤیدیۆی جووڵەیی خاون کە تێیدا بەرنامەی دەستکاریکردنی ڤیدیۆیى بەکار دەهێنرێت بۆ خاوکردنەوەی خێرایی قسەکردن، بە بێ گۆڕینی دەنگی کەسەکە. ڕەنگە مەبەست لێی ئاماژەدان بێت بە کەموکوڕییەک لەو کەسەدا کە ڤیدیۆکە دەیکاتە ئامانج، لە ڕێگەى دووبارەکردنەوەى هەندێک وشە یان گۆڕینى تۆنی دەنگى کەسەکەوە، بە مەبەستى ساختەکردنی دیدگاى ئەو کەسە و جێهێشتنی تێڕوانینێکى هەڵە لە لاى جەماوەر. جگە لە دەستکاریکردنی ڕێکەوت و شوێنەکان، تاوەکوو ڤیدیۆکان وا دەربکەون کە تازەن و لە شوێنێکی جیاوازدا تۆمار کراون، ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست کە زیان بە سەلامەتیی کۆمەڵگا و تاکەکان دەگەیەنێت.

دووەم: ساختەکاریی قووڵ: پڕۆسەیەکە کە تێیدا دەموچاو دەگۆڕدرێت (Swapping Face) بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد و تەکنیکەکانی فێربوونی ئامێرەکان، لە ڕێگەی ڕاهێنانی ئەلگۆریتمەکانی زیرەکیی دەستکرد لەسەر ئەو وێنانەی کە لە تۆڕە جیاوازەکان دەردەهێنرێن، پاشان دروستکردنەوەى دەموچاوێکى نوێ و دروستکردنى ڤیدیۆى مەبەستدار. هەمان پڕۆسە دەتوانرێت بۆ دروستکردنی تۆمارى دەنگییش ئەنجام بدرێت.

مەترسییەکانى ساختەکاریى قووڵ:

  • دەتوانرێت ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ دروستکردنی کاریگەریی سیاسی، ئابووری، ئایینی، کۆمەڵایەتی بەکار بهێنرێت.
  • بڵاوبوونەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی تاوانە هەڵبەستراوەکان، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە شەڕی مەیدانی و ناپاکیی سێکسییەوە هەیە.
  • گۆڕینی ڕای گشتی بەرەو هەندێک پرسى دیاریکراو.
  • ڕەنگە ببێتە هۆکارێک تاوەکوو هەندێک لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بیکەن بە پاساوێک بۆ کارە تیرۆریستییەکانى خۆیان لە دژی کۆمەڵگاکان.
  • خۆدزینەوە لە کەسانی دیکە بە مەبەستی ناوزڕاندن، ساختەکردن، گەندەڵی، یان دەستبەسەرداگرتن )سالي يوسف، .(2022

دووەم: هەواڵی ساختە

هەواڵی ساختە لە سەردەمی دوای حەقیقەتدا (era Post-Truth) بە توخمێکی جەوهەری دادەنرێت، کە چەمکێکە ئاماژە دەکات بۆ گۆڕینی پشتبەستن بە زانیاری و ڕاستییەکان بۆ پشتبەستن بە زانیاریی ناڕاست و چەواشەکارانە. ڕەنگە ئەم گۆڕانکارییە لە ئەنجامی گۆڕانی سروشتی خەڵکەوە بووبێت، کە ئارەزووى بەدەستهێنان و گواستنەوەی زانیارییەکان بە خێرایی دەکەن، بە بێ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکان یان سەرچاوەکانی.

فەرهەنگی کۆلینز (Dictionary Collins) پێناسەی زاراوەی هەواڵی ساختە (News Fake) دەکات بە زانیاریی درۆ و سۆزداری، کە لە ژێر پەردەی بڵاوکردنەوەی هەواڵدا بڵاو دەکرێتەوە. پێش ئەوەش، فەرهەنگی ئۆکسفۆرد (Dictionary Oxford) وشەی دواى ڕاستى (Truth Post)ی وەک وشەی ساڵی (2016) هەڵبژارد. هەواڵی ساختەش بەم شێوەیە پێناسە دەکات: ”هەواڵێکە کە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە، بەڵام وەکوو ماددەیەکی هەواڵى پێشکەش دەکرێت” (Alcott&Gentzkow,2017).

پێناسەیەکى دیکەى ئەوەیە: ”زانیارییەکی تەواو درۆیە کە بە مەبەستى دەستکەوتنى دارایی دروست دەکرێت” (Silverman,2017). هەروەها بەم جۆرەش پێناسە کراوە: “ئەو زانیارییە جۆراوجۆرانەیە کە تەنها لە شێوەدا لە بابەتى کەناڵەکانى ڕاگەیاندن دەچن، نەوەکوو لە ئامانج یان لە پڕۆسەى ڕێکخراوەییدا” al.,2018) et .(lazer

هەندێک لە توێژینەوەکان هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە زۆربەی بەکارهێنەران تەنها مانشێتى هەواڵەکان دەخوێننەوە. بە جۆرێک (59%)ی ئەو هەواڵانەی لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیالمیدیا بڵاو دەکرێنەوە، لە ئێستادا هەموویان بە زیرەکیی دەستکرد ئامادە دەکرێن، بۆیە جەماوەر پێش بڵاوکردنەوەیان بە تەواوی نایخوێنێتەوە 2016) al, et (Gabielkov. هەروەها پێیان وایە تەنها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرپرسیار نین لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە، بەڵکوو کێشەکە لەوەدایە کە ئامرازەکانی پەیوەندیکردن کە زۆر باوەڕپێکراون، بابەتەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگوازنەوە بە بێ ئەوەی لە ڕاستی و دروستیى دڵنیا ببنەوە.

هەواڵی ساختە پەیوەستە بە کۆمەڵێک گۆڕانکارییەوە کە لە دوای هاتنەناوەوەى ئەپڵیکەیشنەکانی زیرەکیی دەستکرد بۆ ناو میدیاکان ڕوویان داوە، ئەو گۆڕانکارییانەش کە لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکاندا بە شێوەیەکی سیستماتیکتر و زانستیتر؛ زۆرتر یارمەتیدەر بوون.

ئەم ژینگە دیجیتاڵییە زیرەکە لە ئێستادا بەوە جیا دەکرێتەوە کە لەگەڵ گەورەتربوونى دەرفەتی خەڵکى بۆ بەشداریکردن، بەڵام کەمتر مەرکەزییە. زۆرێک لە توێژینەوەکان باسیان لە تایبەتمەندی و سیما بنەڕەتییەکانى هەواڵی ساختە کردووە کە گرنگترینیان خۆى لەمانەدا دەبینێتەوە &Mcstay,2017) :(Bakir

  • هەواڵی ساختە پشت بە باوەڕی خوێنەران دەبەستێت بە ڕاستگۆیى ماڵپەڕەکە و ئاستى پابەندبوونی بە ستانداردە ڕۆژنامەوانییە پیشەییەکان، ئەم باوەڕەش بناغەیەکی یارمەتیدەر بۆ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە پێک دەهێنێت.
  • هەواڵی ساختە دوورە لە کۆتوبەندى تایبەتى دامەزراوە ڕۆژنامەوانییەکانى وەک دەرگاوان و پابەندبوون بە بابەتیبوون. هەوڵ دەدات بەهاکانی ڕەسەنایەتی و تازەگەری بەکار بهێنێت. هەندێک لە بلۆگەرەکان لە چوارچێوەى هەوڵەکانى ڕاکێشانى سەرنج بە بەراورد بە کاری میدیایی؛ ئەنجامى دەدەن.
  • هەواڵی ساختە بریتییە لەو هەواڵانەی کە بە تەواوی درۆیە یان بەشەکانی بە ئەنقەست زانیاریى چەواشەکارانەی تێدایە، ئەو زانیارییانەش لە چوارچێوە یان لە ناوەرۆکى هەواڵەکەدا دادەنرێت.

سیناریۆکانی داهاتوو

بە پێی ئەنجامە تیۆرییەکانى لێکۆڵینەوەکە، سیناریۆکانی داهاتوو بۆ ڕۆڵی تەکنەلۆژیاکانی زیرەکیی دەستکرد لە میدیای دیجیتاڵیدا لە ماوەی دەیەی داهاتوودا بەم شێوەیە داڕێژراون:

سیناریۆی گەشبینانە

مەزەندە دەکرێت کە دامەزراوە میدیاییە جیهانییەکان و عەرەبییەکان لە بەرهەمهێنان و داڕشتنەوەى ماددە میدیاییەکانیاندا زیاتر پشت بە تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد ببەستن، ئەمەش لە سایەی فرەیی و فرەچەشنیی پلاتفۆڕمەکانی بڵاوکردنەوەی ئەلکترۆنیدا کە ڕێگەیان پێ دەدات بەردەوام بن و فراوانتر ببن.

ئەم سیناریۆیە لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە کە جیهان لە شۆڕشی پیشەسازیی چوارەمدا دەژی، کە بۆ شیکردنەوەی ئەو بڕە زۆرەی زانیاری و دەیتا کە لە ئەنجامی کارلێکەکانی ڕۆژانە لە ئینتەرنێتدا دروست دەبێت، پشت بە تەکنەلۆژیای سەرووزیرەک دەبەستێت. ئەمەش بە کردەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت ئەو ڕۆبۆتەى بە تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد کار دەکات، شۆڕشێکی نوێ لە میدیای دیجیتاڵیدا دروست دەکات، بە هۆى دابینکردنى ئەو دەرفەت و توانایانەی کە لە داهاتوودا بەردەست دەبن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بڵاوکردنەوەیەکی گەورەتر و فراوانترى زانیارییەکان. بە هۆى بەکارهێنانی بەرنامە و تەکنەلۆژیای زۆر مۆدێرنتر لەوانەى کە لە پێشوودا هەبوون، تێکەڵکردنى جەماوەر لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەواڵەکاندا فراوانتر دەبێت.

لە ڕووی ئابوورییەوە ئەم سیناریۆیە گریمانەى ئەوە دەکات بە هۆى ئەو شێوازە نوێیانەی کە تەکنەلۆژیا زیرەکەکان بەرهەمى دەهێنن، بازرگانان وەبەرهێنانەکانیان لە کەرتی میدیادا زیاتر دەکەن.

هەروەها بە هۆى مامەڵەکردنی باشی ڕۆبۆتەکان لەگەڵ دەیتا گەورەکاندا، زیاتر سەرنجى جەماوەر ڕادەکێشێت و بەرژەوەندییە کەسییەکان زامن دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆى زیادبوونی خزمەتگوزاریی زانیارییەکان و بەبازاڕکردنیان، بەم شێوەیە ڕێژەی بەشداریکردن یان ڕیکلامەکاندا لە سەرانسەری پلاتفۆڕم یان ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکاندا بۆ دوو هێندە زیاد دەبێت. هەروەها ئەم سیناریۆیە وا دەبێت کە پەیوەندیکاران لە ڕەگەزى مرۆیى و ڕۆبۆتەکان یەکتر تەواو دەکەن، ئەمەش ڕەنگدانەوەى ئەرێنیى لەسەر ناوەرۆکى بڵاوکراوەکان دەبێت.

سیناریۆکە پێشبینی دەکات لە دوای دەرکەوتنى نەوەی پێنجەم و شەشەمی پەیوەندییەکان پێکەوە، هەروەها لەگەڵ سەرهەڵدانی تۆڕە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان کە چەندین ئەرکیان هەیە لە نێوان کاتبەسەربردن و زانیندا، ماڵپەڕە هەواڵییەکان گەشەکردنێکى بەرچاو لە پڕۆسەی گواستنەوەی هەواڵەکاندا بە خێرایی بەخۆیانەوە دەبینن.

بە پێی ئەم سیناریۆیە، بە مەبەستى پاراستنى تەونى کۆمەڵایەتى، ڕۆڵی حکومەتەکان بۆ دروستکردنى کاریگەری لەسەر میدیاکان زیاتر دەبێت. لە بەرانبەردا بۆ ڕاکێشانى توێژى نوێى وەرگران بە لاى خۆیاندا، میدیاکان قۆناغێکى نوێ لە کێبڕکێى ئەرێنى بەخۆیانەوە دەبینن، لە داهاتووشدا چانسی مانەوە و گەشەکردن بۆ میدیای زیرەکیی دەستکرد دەبێت لە بری میدیای تەقلیدی.

پایەکانی سیناریۆی گەشبینانە

  • لە سایەى شۆڕشی زانیاریدا وەبەرهێنانى وڵاتان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان لە بواری میدیای زیرەکدا زیاتر دەبێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر ژینگەی کار و میدیاکاران دەبێت و دەبێتە هۆى کرانەوەی زیاتر بە ڕووی ئازادیی ڕادەربڕیندا.
  • دامەزراوە میدیاییەکانی ئێستا بۆ زامنکردنى بەردەوامبوون و مانەوەیان پێویستیان بە بنیادنانى ژێرخانێکی پتەوە، ئەمەش لە ڕێگەى گەشەپێدان و ڕاهێنانی کادیرەکانیانەوە دەبێت، بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە تازەپێگەیشتووەکانی دیکە لە بواری تەکنەلۆژیای زیرەکدا.
  • بوونی نەوەیەک کە زانیاری و هۆشیارییەکی زۆری لەسەر تەکنەلۆژیای مۆدێرن هەیە، بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و کاتبەسەربردن و… هتد، بەردەوام لەگەڵ جیهانی مەجازی لە پەیوەندیدایە.
  • ڕێککەوتنی نێوان وڵاتانی پێشکەوتوو لەسەر پەیمانى شەرەفی میدیایی نوێ، کە یەکێک لە توخمەکانى زیرەکیی دەستکردە.

ڕێگاکانی داهاتوو بۆ سیناریۆی گەشبینانە

  • لەسەر ئاستی پەیوەندیکەر، دامەزراوە میدیاییەکان کار دەکەن بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی تەکنەلۆژیی خۆیان بە جۆرێک لەگەڵ پێداویستییەکانی شۆڕشی پیشەسازیی چوارەمدا بگونجێت، جگە لە ڕاهێنانی کادیرانی ئێستایان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بەرنامانەی کە بە تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد کار دەکەن. بە ئەگەرێکى زۆرەوە لە سەرەتاوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سیستمە مۆدێرنە، دەبێت پشت بە پسپۆڕانى تایبەتمەند لە دەرەوەى وڵات ببەستن، تاوەکوو بەرهەمهێنانى پەیامەکەیان بە شێوەیەکی کاریگەر بێت و کاریگەرییشی لەسەر جەماوەر هەبێت.
  • لەسەر ئاستى ناوەرۆکى میدیایى: بە هۆى تێکەڵبوون و کارلێکەکانى جەماوەرەوە، شێوازەکانى میدیا بە کردارى دەگۆڕدرێن. هەروەها پڕۆسەی پەیوەندیکردن لە نێوان هەرسێ توخمەکەى (پەیام، پەیوەندیکەر و جەماوەر)دا دەبێتە بازنەیی، هەموویان کارلێک لەگەڵ یەکتردا دەکەن، هەروەها ناوەرۆکی یەکلایەنە گەشە دەکات تاوەکوو زیاتر سەرنجڕاکێش بێت بۆ وەرگر، جا لە ڕێگەی وشەسازییەوە بێت یان بە هۆى زیادکردنی گرافیک و وێنە و ڤیدیۆوە بێت.
  • لەسەر ئاستی جەماوەر: جەماوەر ئەو دەزگا میدیاییە قبووڵ دەکات کە زیاتر بە تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد کار دەکات نەوەکوو بە شێوەیەکى نەریتى، بەو پێیەى لە گواستنەوەى هەواڵەکاندا ڕاستگۆیە و لە بڵاوکردنەوە یان شاردنەوەى زانیارییەکاندا لایەنگر نییە. هەروەها بۆ جیاکردنەوەى هەواڵی ساختە و دەنگۆ و بابەتەکانى دیکە لە یەکتر، هۆشیاریی خەڵکى زیاتر دەکات، جگە لەوەى ئاسانکاری دەکات بۆ وەرگر تاوەکوو بە شێوەیەکی بابەتیانە و لە زیاتر لە سەرچاوەیەکەوە زانیارییەکان بە وردی پشتڕاست بکاتەوە.

سیناریۆی چەسپاو

  • گریمانە دەکرێت دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، دامەزراوە و قەوارە میدیاییەکان بۆ زامنکردنى بەردەوامبوونیان؛ بەردەوام دەبن لە پشتبەستن بە بودجە و پاڵپشتیی ئابووری لە لایەن حکومەتەکانەوە. تەنانەت ئەگەر هەندێک قەیران لە دۆخی ئابووریی نێودەوڵەتی یان گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دراو و داراییدا ڕوو بدات، ئەوا وڵاتانی جیهان هەر دەبێت ڕۆژنامەی چاپکراوی فەرمی و تەلەڤزیۆنی خۆیان هەبێت تاوەکوو بە ناوی ئەوانەوە قسە بکات.
  • ئەم سیناریۆیە بەرمەبنای کۆمەڵێک ئاڵنگارییە کە لە ئێستادا بە شێوەیەکى گشتی ڕووبەڕووى پەرەپێدان و بڵاوبوونەوەى زیرەکیى دەستکرد بووەتەوە، کە دیارترینیان بەرزبوونەوەى تێچووى بەکارهێنانیەتى. ئەوەی لە ئێستاشدا لە ڕووی پەرەپێدانی دامەزراوە میدیاییەکانەوە دەگوزەرێت، جگە لە هەوڵێکی تاکەکەسی بۆ گۆڕانکاری؛ هیچى تر نییە، چونکە گۆڕانکاریى ڕیشەیى پێویستی بە ماوەیەکی زۆر دەبێت، لەبەر ئەوەى زۆرینەی دامەزراوەکان لە بارەى چۆنێتیى مامەڵەکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیاکانی داهاتوودا، لە ئێستادا ڕاهێنانیان بە کادرە مرۆییەکانیان نەکردووە.
  • ئەم سیناریۆیە ئاماژە بەوە دەکات ئەو فاکتەرە پیشەییانەی کە کاریگەرییان لەسەر ئەدای میدیا هەیە؛ وەک خۆیان بەردەوام دەبن، چونکە بە بێ ڕاهێنان و گەشەسەندن، بارودۆخی ئەو دوو جیهانە وەک خۆی دەمێنێتەوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت یاساکانی بڵاوکردنەوە و پەخشکردن وەک خۆیان بەردەوام بن، چونکە هەموارکردنەوەیان دەبێتە هۆی زیادکردنی بازنەی ئەو ئازادییانەی کە بە کۆمەڵگا دەدرێن -ئەم بابەتەش بە شێوەیەکی سروشتی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە-. هاوکات تەرخانکردنی بودجەیەکی زیاتر بۆ گەشەپێدانى دامەزراوە میدیاییەکان بە شێوەیەکی سروشتی دەبێتە هۆى بارگرانییەکی دارایی لەسەر بودجەی گشتیی وڵاتان. لێرەدا هاوکێشەیەکی وردی نێوان گەشەسەندن و باشتربوونی ئابووری لە داهاتوودا، هەروەها لە نێوان مانەوە و سەقامگیریدا دەخەینە ڕوو.

پایەکانی سیناریۆی چەسپاو

  • بەشێکی زۆر لە کارمەندانی میدیا لە ترسی لەدەستدانی کارەکانی ئێستایان، بیرۆکەی گۆڕانکاری ڕەت دەکەنەوە.
  • کادرە گەنجەکان تواناى بەڕێوەبردنى دامەزراوە میدیاییە گەورەکانیان نییە، هەروەها تواناى دانانى ستراتیژییان بۆ گەشەپێدان بەرەو داهاتوویەکی زیرەک نییە.
  • گۆڕانکارییەکانی ئێستا لە پێکهاتەى دراوە جیهانییەکان و قەیرانە ئابوورییەکاندا، وا دەخوازێت لە ئێستادا هیچ گۆڕانکارییەک نەکرێت.

ڕێگاکانی داهاتوو بۆ سیناریۆی چەسپاو

  • لەسەر ئاستی پەیوەندیکەر: دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە هۆی فشاری هەلومەرجی ئابووری و ئەو ڕەوتە ناوخۆییەی کە گۆڕانکاری ڕەت دەکاتەوە، کادری مرۆیی ڕاهێنراو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەرنامە و ئامرازە زیرەکەکان دانامەزرێنن، ئەمەش بەو مانایەیە ئەو کەسەی کە دەیەوێت گەشە بکات، دەبێت بارگرانیی فێربوون و ڕاهێنان لە ئەستۆى خۆى بگرێت، هەر چەندە لە ئێستاشدا بازاڕێکی کاری پێویست نادۆزێتەوە.
  • لەسەر ئاستی جەماوەر: خەڵکى بە ڕێژەیەکی کەم پەنا بۆ میدیای زیرەک دەبەن تاوەکوو بزانن چیی نوێی تێدایە، لە کاتێکدا ڕێژەى گەورەی جەماوەر هەر بە وابەستەی میدیای ئەلکترۆنیی نەریتى دەمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی بە پێی ئەو یاسا و پرەنسیپانە کار دەکەن کە دەکەونە ژێر چاودێریی دەوڵەتەوە، بۆیە پێش بڵاوکردنەوەیان سەرچاوەی زانیاری و هەواڵەکان پشتڕاست دەکرێنەوە، ئەو دەزگا میدیاییەش کە بە زیرەکیی دەستکرد کار دەکات لەوانەیە لە داهێنانى چیرۆکەهەواڵ یان لە زیادکردنى مۆرکێکى گاڵتەجاڕانە بۆى، سروشتی مرۆییانە لەدەست بدات.
  • لەسەر ئاستی ناوەرۆکی میدیایی: هەوڵی تاکەکەسی بۆ بڵاوکردنەوەی هەندێک بابەت دەبێت کە لە لایەن ڕۆبۆتە زیرەکەکانەوە نووسراون، یاخود بۆ دۆزینەوەی هەواڵی ساختە؛ بەشێکى تایبەت لە ناو ماڵپەڕەکەدا دروست دەکرێت. بۆ نموونە؛ بەکارهێنانی ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکرد بە شێوەیەک دەبێت کە خزمەت بە ناوەرۆکی پێشکەشکراو بکات، بە بێ ئەوەی ئاماژەیەکی ڕوون هەبێت بۆ گۆڕینی تەواوەتى یان تەنانەت بەشێکی ماڵپەڕەکە بۆ کارکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیا مۆدێرنەکاندا.

سیناریۆی ڕەشبینانە

  • ئەم سیناریۆیە پێشبینیی داڕمانی میدیای تەقلیدی دەکات، بە تایبەتی ڕۆژنامە کاغەزییەکان، بە هۆی بارگرانییە داراییەکان و زیادبوونی تێچووی چاپکردنەوە (کاغەز، مەرەکەب و… هتد)، بۆیە بەردەوامبوونیان لە ڕێگەى پەرەپێدانی هەندێک بەش و خزمەتگوزارییەوە دەبێت کە بە زیرەکیی دەستکرد کار دەکات، بەڵام بابەتەکە بەندە بە مانەوەى ئەو جەماوەرەى کە لە لایەن ئەم میدیایەوە بە ئامانج دەگیرێت و ئەوانیش دەبنە بەکاربەرى ئەم میدیایە. ئەم سیناریۆیە واى دەبینێت کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دامەزراوە نەریتییەکان ناچار دەبن دەستبەرداری ژمارەیەکی زۆر لە کادیرە مرۆییەکانیان بن، بە هۆى ئەوەى دەبێت سەرچاوەی پێویست بۆ گواستنەوە بەرەو میدیای زیرەک دابین بکەن.
  • ئەم سیناریۆیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە بە پێی بارودۆخی ئابووری و سیستمە سیاسییە باڵادەستەکەى دەگۆڕێت. هەروەها وای دەبینێت کە کاریگەرییەکی بەرچاوى لەسەر میدیای دیجیتاڵی دەبێت، لەبەر ئەوەى ناتوانێت هاوشانى گۆڕانکارییەکان پێش بکەوێت، بە هۆى لاوازیى ناوەرۆکى میدیایی و دەرکەوتنى ماڵپەڕى دیکە کە بە ڕۆبۆتی زیرەک کار دەکات و توانای ڕاکێشانی خەڵک و ڕیکلامکەرانی پێکەوە هەیە. هەروەها پێشبینی دەکرێت کە ئەمە کاریگەریی دیجیتاڵمیدیا لەسەر خەڵکى لاواز بکات، چونکە بە هۆى کرانەوەی بێسنوور بە ڕووى جیهانی دەرەوەدا، ناتوانێت یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی ناوخۆیى وڵاتان بپارێزێت.
  • ئەم سیناریۆیە هاوکات لەگەڵ هەوڵی میدیاکاران بۆ پاراستنی کارەکانیان؛ گریمانەى دابەزینی ئەدای پیشەییان دەکات، ئەمەش ڕەنگە هانیان بدات بەرەو پێشێلکردنی پەیمانى میدیایی، لە بەرامبەر بەدەستهێنانی بەرژەوەندیى کەسی، لەسەر حیسابی یاسا و ڕێساکانی ڕێکخستنی کارى میدیایى.

پایەکانی سیناریۆی ڕەشبینانە

  • دابەزینی ئاستی خوێندنەوە لای جەماوەر و قایلبوون تەنها بە خوێندنەوەى بڵاوکراوەکانى پلاتفۆڕمەکانی سۆشیالمیدیا، لە ئەنجامدا میدیای تەقلیدی کاریگەری لەسەر ڕای گشتی لەدەست دەدات و بە شێوەیەکى ڕۆژانە وەرگرانى کەم دەبێتەوە، بە بەراورد بەو بابەتانەی کە لە لایەن ئەو ماڵپەڕانەوە پێشکەش دەکرێن کە بە زیرەکیی دەستکرد کار دەکەن کە دەتوانێت بە شێوەیەکی باشتر وەرگران بە لاى خۆیدا ڕابکێشێت، چونکە بە گوێرەى خواست و ئارەزووەکانیان و لەسەر بنەماى زانیاریى پێشوەختە لە بارەى کاتى گونجاوى ئەوانەوە کار دەکەن.
  • زیادبوونی ئاستەنگە ئابوورییەکان لە جیهاندا، کە بە شێوەیەکی سروشتی کاریگەریی لەسەر پڕۆسەکانی گەشەپێدان دەبێت و دەبێتە هۆى لاوازبوونى ڕاهێنانی کادیرانی مرۆیى بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیا مۆدێرنەکاندا.
  • نەبوونی ئارەزوو لای بەرپرسانی کارەکە (میدیاکاران) بۆ گەشەکردن، بە هۆی ئەوەى تا ئێستا دەرئەنجامی کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیای زیرەک لەسەر ڕای گشتی ڕوون نەبووەتەوە.

ڕێگاکانی داهاتووی سیناریۆی ڕەشبینانە

  • لە ئاستی پەیوەندیکەردا: ماوەی داهاتوو شاهێدى دەرکردنی کارمەندانى بواری ڕاگەیاندن دەبێت، بە هۆی نەبوونی شارەزایی تەواو بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، بە بەراورد بە کاری ڕۆبۆتە زیرەکەکان. هەروەها ژمارەیەک دامەزراوە کە پشت بە تەکنەلۆژیای زیرەک نابەستن، دووچارى داکشانى ئابووری دەبنەوە کە ڕەنگە ببێتە هۆی داخستنیان، لە بەرامبەردا دامەزراوە یان کۆمپانیای نوێی میدیایی دروست دەکرێن کە تەکنەلۆژیای زیرەک تێیدا ڕەگەزێکی سەرەکی دەبێت، بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکەش کەمترین کادری مرۆیی دادەمەزرێنن.
  • لەسەر ئاستى جەماوەر: توێژگەلێکى گەورەى جەماوەر دەستبەدارى بەکارهێنانى میدیاى نەریتى دەبن، بە پێچەوانەی میدیای زیرەکەوە کە ناوەرۆکی سەرنجڕاکێشی تێدایە کە خواستەکانیان بۆ زانین و بەدواداچوون دابین دەکات، ئەمە جگە لەوەی ناوەرۆکێکی سەرنجڕاکێشتر لە قاڵبە نەریتییە کۆنەکان پێشکەش دەکات.
  • لەسەر ئاستی ناوەرۆک: بە بەراورد بە ماڵپەڕە دیجیتاڵییە زیرەکەکان، میدیای تەقلیدی لە پێشکەشکردنی ناوەرۆکی لاواز بەردەوام دەبێت.

ئەنجام و ڕاسپاردەکان

بەرنامەکانی زیرەکیی دەستکرد پێشکەوتنێکی بەرچاویان لە میدیای دیجیتاڵیدا بەدی هێناوە، بەو پێیەی پڕۆسەی نووسینی هەواڵ و شیکردنەوەی دەیتاکان و زانینی مەیلی جەماوەرى بەئامانجگیراو و پێوانەکردنی پلەی کارلێککردنیانى زۆر ئاسان کردووە. ئەم بابەتەش لە داهاتوودا وا دەبینرێت کە دەبێتە هۆی هێنانەکایەى گۆڕانکاریی گەورە لە زانستی پەیوەندیکردندا، هەروەها دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی گرنگ لە پێکهاتەی دامەزراوە میدیاییەکاندا.

لە ڕێگەی ئەوەی لە توێژینەوەکەدا خرایە ڕوو، هەندێک لە گرنگترین ئەنجام و ڕاسپاردەکان بەم شێوەیە دەخەینە ڕوو:

یەکەم: گرنگترین ئەنجامی توێژینەوەکان

  1. بەرنامەکانی زیرەکیی دەستکرد بوونەتە هۆی ئەوەی کە ناوەرۆکی میدیای دیجیتاڵی وردتر و پیشەییتر بەرهەم بهێنرێت. هەروەها بەشدارییان کردووە لە ڕاکێشانی ڕیکلامکەران لەسەر بنەمای ئەو بەرنامانەی کە ڕێگەیان پێ دەدات زانیاریی پێشوەختەیان هەبێت لەسەر ئارەزوو و مەیلی جەماوەرى بەئامانجگیراو، لەگەڵ دیاریکردنی پانتایی جوگرافی و گرووپە تەمەنییە بەئامانجگیراوەکان و کاریگەرترین پلاتفۆڕمەکان، ئەمەش بەو مانایەیە کە میدیا بە گشتی لە داهاتوویەکی نزیکدا (لە ساڵێکەوە بۆ سێ ساڵ) فۆڕمەکانی خۆی دەگۆڕێت، هەروەها بازاڕی ڕیکلام و برەودان بە بەرهەمەکان لە پشکی دیجیتاڵمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت.
  2. بەرنامەکانی زیرەکیی دەستکرد بەشدارییان کردووە لە بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن و زیادکردنی زانیاری لەسەر ئارەزووی بینەر و باشترکردنی پەیامەکەیان، بەڵام لە لایەکی ترەوە بۆ جیاکردنەوەی ناوەرۆکی نووسراوەکان کە ئایا بە ئامێر نووسراوە یاخود مرۆڤ نووسیویەتى؛ گرفتی دروست کردووە، تەنانەت لە سەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکانیش ڕەنگە بۆ بینەر قورس بێت کە بێژەر یان پەیامنێری ڕاستەقینە و ڕۆبۆتەکان لە یەکتر جیا بکاتەوە. ئەمەش ئەو ترسەی لای کارمەندانی ڕاگەیاندن دروست کردووە کە لە داهاتوودا تەکنەلۆژیا جێگەی کارەکانیان دەگرێتەوە.
  3. پەرەسەندنەکانی تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد لە کاری میدیادا بەردەوامە، کە ڕێگە دەدات بە شیکردنەوەی قووڵتر و خێراتر بۆ دەیتاکان، نووسینی ڕاپۆرت و هەواڵ بە وردبینییەکی بەرزترەوە، بەرهەمهێنانی ناوەرۆکی پێشکەوتووانە و زیرەکتر، تێگەیشتنێکی باشتر لە هەڵسوکەوتی خوێنەران، هەروەها ئاڕاستەکردنی جەماوەر بەرەو ناوەرۆکێک کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیاندا بگونجێت، لە ڕێگەی مۆدێلی پێشبینیکردن و فێربوونی ئامێرەکانەوە کە ڕێگە بە شیکاری ڕەفتاری جەماوەر و کارلێککردنیان لەگەڵ ناوەرۆکەکەدا دەدات، ئەمەش یارمەتیی بەڕێوەبەرانی دامەزراوە میدیاییەکان دەدات ستراتیژەکانی دابەشکردن و بەبازاڕکردن بەهێزتر بکەن.
  4. دامەزراوە میدیاییەکان بۆ بەجێگەیاندنی کارە ڕۆتینییەکانیان زیاتر پشت بە تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد دەبەستن، بە نموونە بۆ: نووسینی هەواڵ، پێداچوونەوەی زمانەوانی، شیکردنەوەی دەیتاکان، ئاشکراکردنی هەواڵی ساختە و… هتد. ئەمەش بەو مانایەیە کە لە قۆناغی داهاتوودا ڕۆژنامە تەقلیدییەکان ڕەنگە زیاتر بەرەو میدیای دیجیتاڵی بچن، بەو هۆیەشەوە لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە کارمەندان کارەکانیان لەدەست دەدەن.
  5. پێشبینی دەکرێت میدیای نەریتی بە هۆی شکستهێنانی لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ناوەرۆک و ڕاکێشانی ڕیکلامکەراندا بەرەو پاشەکشە بچێت، هەروەها دامەزراوەکانی ئێستاش ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری ببنەوە، چونکە ڕۆژنامە چاپکراوەکان بە هۆی لاوازیی توانای کێبڕکێیانەوە لە لایەن میدیای دیجیتاڵییەوە ڕووبەڕووی ڕکابەرییەکی بەهێز دەبنەوە، لەبەر ئەوەى بەشێکى زۆرى بەکاربەران لە ڕێگەی مۆبایلە زیرەکەکانەوە ڕوویان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مەکۆکان کردووە، بەو پێیەی هەم ئامرازێکی میدیاییە و هەم ئامرازێکی ڕیکلامییە. لە کاتێکدا زۆربەی ڕۆژنامەکان بە تایبەتى لە ناوچە عەرەبیەکاندا، هێشتا لە سایەی گۆڕانکاریی ئاساییدا گەشە دەکەن و ملکەچی هەمان بنەما و هەمان ڕۆتینی بەرهەمهێنانن.
  6. میدیای زیرەک ئاڵنگارییەکى گەورەیە بۆ ئایندەى میدیای مرۆیی لە داهاتوودا، بە تایبەتی لەو وڵاتانەدا کە زۆر پشت بە تەکنەلۆژیا دەبەستن و بەردەوام پەرە بە ئەدا و تەکنیکەکانی دەدەن. هەروەها پێشبینی دەکرێت کە دامەزراوە میدیاییەکان لە داهاتوودا بیر لە ئاڵوگۆڕ یان گۆڕینی ڕیشەیی بەشی ڕیکلامە تەقلیدییەکانیان بکەنەوە، بۆ دیاریکردنی جۆری ڕیکلامەکان بە پێی ڕەوتی بەکارهێنەران، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئەپڵیکەیشنە زیرەکەکان ببەستن، چونکە لەم ڕێگەیەوە سەرنجى ڕیکلامکەران ڕادەکێشن، تاوەکوو توانای ڕووبەڕووبوونەوەی بارگرانییە ئابوورییەکانیان هەبێت، چونکە ئەمە تەنها مۆدێلی ئابوورییە کە گەرەنتیی گەشەپێدان و مانەوەی دامەزراوەکان دەکات.
  7. تێبینى دەکرێت کە هیچ یاسا و پەیمانێکی شەرەفی میدیایی پەیوەست بە کاری تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد لە ناو دامەزراوەکانی میدیادا نییە، هەروەها هیچ میکانیزمێکی وردی چاودێریکردن نییە بۆ ئەو زانیاری یان شیکارییانەی کە لە لایەن بەرنامە زیرەکەکانەوە بەرهەم دەهێنرێن. ئەو ڕۆبۆتەی کە لە ئێستادا بە زیرەکیی دەستکرد کار دەکات، توانای لێکدانەوە یان شیکردنەوەی بەرهەمەکانی نییە، هەروەها ناتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان ئەوەی کە ئایا ئەو زانیارییانەی کە وەریدەگرێت دروستە یان نا، بۆیە ئەگەر ڕۆبۆتەکە زانیاریى هەڵەى پێ بدرێت، ئەوا کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بەرهەمەکانى دەبێت.
  8. بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد و ئەو بەرهەمانەی کە لە بواری میدیای دیجیتاڵیدا پێشکەشی دەکات، ئاستەنگ بۆ لایەنی پیشەیی و ئەخلاقیی کارەکە دروست دەکات. هەروەها ئەپڵیکەیشنەکانی دەتوانێت بە ڕووى یاساکانی بڵاوکردنەوە و پەخشکردن و مافی چاپکردندا بوەستێتەوە، چونکە دەتوانێت ئەو بەرهەمانەى کە مافى چاپ و بڵاوکردنەوەیان پارێزراوە، بۆ بەرهەمهێنانی ناوەرۆکی نوێ بەکار بهێنێت، بە بێ ئەوەى مۆڵەتی پێشوەختە وەربگرێت یان لە بەرانبەر بەکارهێنانیدا پارە بدات.

ڕاسپاردەکانى توێژینەوەکە

  1. گۆڕینی شێوازی ئێستای مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکان لە میدیای دیجیتاڵیدا، بە خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەی کە تەکنەلۆژیاکانی زیرەکیی دەستکرد هێناویانەتە ئاراوە، هەروەها بە دۆزینەوەی ڕێگاکانی پێکەوەژیان لەگەڵیاندا، ئەمە لە ڕێگەى ئامادەکردنى ژێرخانى دامەزراوەکان و مەشقکردن بە کارمەندان دەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەپڵیکەیشنە نوێیەکاندا.
  2. ئامادەکردنى دامەزراوە میدیاییە تەقلیدییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جیهانی مەجازی (میتاڤێرس) و تەکنەلۆژیا زیرەکەکاندا، بەو پێیەى چارەنووس و داهاتووى میدیا بۆ ئەوە.
  3. پەرەپێدانی پلان و ستراتیژی جێبەجێکراوی بەپەلە بۆ داڕشتنەوەی دامەزراوە میدیاییەکانی ئێستا بە گوێرەی پێشهاتە مۆدێرنەکان.
  4. پێویستیی ڕێککەوتن لەسەر پەیمانى شەرەف بۆ بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنە زیرەکەکان لە نووسینی ناوەرۆکی میدیای دیجیتاڵیدا، بە جۆرێک کە جەماوەری وەرگر لە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ئەم ناوەرۆکە ئاگادار بکرێتەوە، بە نووسینی دەستەواژەیەک کە ڕوونی بکاتەوە کە ئایا نووسەری ناوەرۆکەکە مرۆڤە یان ئامێرە.
  5. دامەزراوە میدیاییەکانی ئێستا دەبێت لەگەڵ کۆمپانیاکانی مارکێتینگ یەک بگرن، ئەگەرنا زۆرێک لە سەرچاوەی دارایی خۆیان لەدەست دەدەن و لەوانەیە لە داهاتوودا ناچار بە داخستن بکرێن.
  6. لە کۆلێژەکانی میدیا خوێندکاران فێرى کاری ئەپڵیکەیشنە زیرەکەکان بکرێن، بە هۆى ئەوەى کاریگەرییەکانى لەسەر ئارەزوو و کولتوور و شێوازەکانى بەکاربەر لە گەشەسەندندایە.

سەرچاوەكان

تێبینی: بە هۆی درێژیی توێژینەوەكە و پێویستیی پاراستنی هاوسەنگی لە بابەتەكاندا، لیستی سەرچاوەكان دانەنراوە، دەتوانن لە ماڵپەڕی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی سەرچاوەكان ببیین.

 

Send this to a friend