• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 24, 2024

هەڵکشانی تەوژمی نەتەوەپەرستی لە تورکیا

حەمزە محەمەد ساڵح

پوختە
نەتەوەپەرستى یەکێک لە کاریگەرترین بزوتنەوە ئایدیۆلۆژییەکانی مێژووی مۆدێرنی تورکیا بووە. لە دوای کۆتاییهاتنی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، نەتەوەپەرستى ڕۆڵێکی بنەڕەتیی لە بونیادنانەوەی دەوڵەت‌و کۆمەڵگەی تورکیادا هەبووە. داڕمانی ئیمپڕاتۆریەت‌و دامەزراندنی کۆمارى نوێى تورکیا، ئایدۆلۆژیای نەتەوەپەرستی وەک ئامرازێکی گرنگ لە داڕشتنی شوناسی تورکیدا بەکارهێنراوە. لەم پڕۆسەیەدا نەتەوەپەرستى نەک هەر بووە بە پرۆژەیەک بۆ بونیادنانی شوناسێکی نەتەوەیی، بەڵکو بووە بە بەشێک لە خەبات بۆ پاراستنی بوون‌و یەکپارچەیی دەوڵەت. لەگەڵ ئەوەشدا نەتەوەپەرستى بە سیاسەتی زمان، مێژوو و کولتوور بوو بە ئایدۆلۆژیای بنەڕەتیی دەوڵەت.
نەتەوەپەرستى لە چلەکانى سەدەى ڕابردوودا، بە تایبەتی لە سەردەمی پارتی دیموکراتدا (Demokrat Partisi) بوو بە جێی بایەخ‌و لە ساڵانى شەست‌و حەفتاکاندا لە ژێر کاریگەریی بزوتنەوە سیاسییە ڕادیکاڵەکاندا نەتەوەپەرستى سیمایەکی توندتری وەرگرت. کودەتا سەربازییەکەی ساڵی (١٩٨٠) لە چوارچێوەی “هێڵی تورکی-ئیسلامی” نەتەوەپەرستیی کرد بە گوتاری فەرمیی دەوڵەت. پرسی کوردو شەڕی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ساڵانی نەوەدەکاندا بوو بە هۆی بوژانەوەی نەتەوەپەرستى‌و حیزبە ناسیۆنالیستەکان. دووبارە لە ساڵانی دووهەزارەکاندا لەگەڵ هاتنەسەر دەسەڵاتی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی)(Adalet ve Kalkınma Partisi) (AK Parti) ، هەوڵدرا نەتەوەپەرستى بخرێتە چوارچێوەیەکی لیبڕاڵەوە، هەر بۆیە سەرەتا بە پڕۆسەی ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا دەستیپێکرد، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات گوتاری نەتەوەپەرستی بوو بە ناوەندی سیاسەتەکانی ئاکپارتی. هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی (١٥)ی تەمموزى (٢٠١٦)، بوو بە هۆی ئەوەی کە ئاکپارتی گوتاری نەتەوەپەرستی بەهێزتربکات. دواى ئەوەى لەگەڵ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستدا (مەهەپە) (Milliyetçi Hareketi Partisi) (MHP) هاوپەیمانیەتیی کۆمار (Cumhur İttifakı)یان دامەزراند، نەتەوەپەرستى لە ناوەندی گۆڕەپانی سیاسیدا زیاتر هەڵکشا.
ئەمڕۆ نەتەوەپەرستى لە تورکیادا لە بوارێکی فراواندا، بە تایبەتی لە بوارى پەروەردەوە هەتا بوارى کولتووری، جەماوەری‌و لە میدیاوە هەتا سیاسەتی دەرەوە کاریگەریی خۆی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا سەقامگیریی سیاسیی تورکیا، پێشهاتە ناوچەییەکان، ئاسایشی ناوخۆ، پرسی کورد، بارودۆخی ئابووری‌و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى تورکیا هۆکاری سەرەکین بۆ دیاریکردنى پەرەسەندنی گوتارى نەتەوەپەرستى لە تورکیا، هەر بۆیە نەتەوەپەرستى وەک گوتارێک بەردەوامەو ئامانجی پاراستنی یەکێتیی نەتەوەیی‌و بەهێزکردنی پێگەی تورکیایە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

ناساندنی زاراوەکان
پێش ئەوەى باس لە ڕەگوڕیشەى نەتەوەپەرستى‌و هۆکارەکانى هەڵکشانى بکرێت، پێویستە ناساندنێکى خێرا بۆ هەندێک زاراوەى پەیوەست بەم بابەتە بکرێت، چونکە ئەم زاراوانە پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆیان بە بابەتەکەوە هەیە. گرنگترین ئەو زاراوانەش بریتین لە “نەتەوە، نەتەوەپەرستى، ڕەگەزپەرستى‌و فاشیزم”.

نەتەوە
چەمکی “نەتەوە” زاراوەیەکە کە بە درێژایی مێژوو واتای جیاوازی بەدەستهێناوەو لە چوارچێوەی جۆراوجۆردا بەکارهاتووە. ئەو واتایەی کە ئێستا چەمکى نەتەوە هەیەتى، لە سەدەکانى پێشوودا نەیبووەو بە واتاى جیاواز بەکارهاتووە. وشەى نەتەوە لە دامەزراوەى زمانى تورکی (Türk Dil Kurumu)دا، بە “کۆمەڵە کەسێک کە لە سەر هەمان شوێنى جوگرافى نیشتەجێن‌و لە نێوانیاندا زمان، مێژوو، هەست، کولتوور، دۆزو نەریتى هاوبەش هەیە”، پێناسەکراوە(1).
لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا، “نەتەوە” زیاتر بۆ وەسفکردنی پێکهاتە ئایینییەکان بەکاردەهێنرا. بۆ نموونە: لە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا گرووپە ئایینییە جیاوازەکانی وەک مسوڵمان‌و مەسیحی‌و جولەکەکان پێیاندەگوترا “نەتەوە”. ئەم گەلانە، پێکهاتە بوون، کە لەلایەن سەرکردە ئایینییەکانی خۆیانەوە بەڕێوەدەبران‌و پلەیەکی دیاریکراو لە ئۆتۆنۆمییان پێدرابوو(2).
لە سەردەمی هاوچەرخدا چەمکی “نەتەوە” گەیشتووەتە دەربڕینی زیاتر هەستکردن بە ناسنامەو سەربەخۆیی نەتەوەیی. لەم چوارچێوەیەدا نەتەوە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەیەک دەکات کە مێژوو، زمان، کولتوورو بەهایەکی هاوبەش کۆیکردوونەتەوە. ئەم شوناسە نەتەوەییە زۆر جار پەیوەستە بە دەوڵەتێک یان دەوڵەتێکی نەتەوەییەوە. کاتێک باس لە نەتەوەی تورک دەکرێت، مەبەست لێی پێکهاتەی ئەو کەسانەیە کە کۆماری تورکیا پێکدەهێنن‌و ناسنامەیەکی هاوبەشی تورکییان هەیە(3).

نەتەوەپەرستی
نەتەوەپەرستى؛ چەمکێکە کە پێناسەکردنى ئاسان نییە، چونکە هەر نەتەوەیەک بە پێى دۆخى سیاسى‌و کۆمەڵایەتى‌و کولتووریی خۆى پێناسەیدەکات. نەتەوەپەرستى؛ چەمکەکانى میللەت، میللى، ڕەگەزو کولتوورى لەخۆگرتووە(4). نەتەوەپەرستی؛ ئایدۆلۆژیاو بزوتنەوەیەکی سیاسییە، کە داکۆکی لە مافی نەتەوەیەک بۆ سەربەخۆیی‌و سەروەری‌و چارەی خۆنوسین دەکات. ئامانج لە نەتەوەپەرستی پاراستن‌و پەرەپێدانی بەها کولتووری‌و زمانی‌و مێژووییە ناوازەکانی کۆمەڵگەیە. نەتەوەپەرستى جەخت لە سەر بوون‌و یەکگرتوویی نەتەوەیەک دەکاتەوەو زۆر جار جەخت لە سەر تەوەری سەربەخۆیی نەتەوەیی‌و سەروەری‌و شوناسی نەتەوەیی دەکاتەوە. نەتەوەپەرستەکان بانگەشە بۆ پاراستنی سنوورە نەتەوەییەکان‌و یەکگرتوویی دەوڵەت‌و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی‌و میراتی کولتووری دەکەن(5).
ڕەگەزپەرستی
ڕەگەزپەرستی ئایدۆلۆژیایەکە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڕەگەزێک یان نەتەوەیەکی دیاریکراو لەوانی دیکە باڵاترەو لە سەر بنەمای ئەم باوەڕە جیاکاریدەکات. ڕەگەزپەرستان لە سەر بنەمای تایبەتمەندییە بایلۆژی یان کولتوورییەکان ڕەگەزەکان پۆلێندەکەن‌و دەڵێن: گرووپێکی دیاریکراو لە ئەوانی دیکە باڵاترن. ڕەگەزپەرستی وەک هەڵاواردن‌و دوورخستنەوەو پەراوێزخستن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان‌و سیستەمی یاسایی‌و ژیانی ڕۆژانەدا خۆی دەردەخات. ئایدۆلۆژیا ڕەگەزپەرستەکان لە مێژوودا ڕێگەیان بۆ سیستەمی ستەمکاری، وەک کۆڵۆنیالیزم‌و کۆیلایەتی‌و ئاپارتاید خۆشکردووە(6).

فاشیزم
فاشیزم سیستەمێکی سیاسییە، کە تێگەیشتنێکی پاوانخوازانەو تۆتالیتاریانەی حکومەت دەگرێتەبەرو لە سەر ئایدۆلۆژیاکانی وەک ڕەگەزپەرستی‌و دژەلیبراڵیزم دامەزراوە. فاشیزم بە زۆری لە دەوری سەرکردەیەکی بەهێز ڕێکدەخرێت‌و ماف‌و ئازادییەکانی تاک پێشێلدەکات. ڕژێمە فاشیستەکان لە ڕێگەى بەکارهێنانى گوتار، سیمبول‌و دروشمە نەتەوەپەرستییەکانەوە بانگەشە بۆ کۆنترۆڵی ڕەهای دەوڵەت دەکەن لە هەموو بوارەکاندا، ناکۆکی‌و بۆچوونە جیاوازەکان سەرکوتدەکەن‌و پێداگری لە سەر یەکگرتوویی نەتەوەیی‌و یەکسانی دەکەن. فاشیزم لە مێژوودا کاریگەریی هەبووە لە ئیتاڵیاو ئەڵمانیاو ئیسپانیاو بووە بە هۆی سەرهەڵدانی وێرانکەرترین شەڕەکانی سەدەی بیستەم(7).

ڕەگوڕیشەی نەتەوەپەرستی لە تورکیا
لەگەڵ ئەوەى هەتا ئێستا هیچ بەڵگەیەک سەبارەت بە سەرهەڵدان‌و دەرکەوتنى نەتەوەپەرستیی لە بەردەستدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا لە سەرچاوەکاندا شۆڕشى فەڕەنسى بە سەرەتاى دەرکەوتنى نەتەوەپەرستى دادەنرێت(8)، بەڵام ڕەگوڕیشەی نەتەوەپەرستى لە تورکیا بۆ دوا قۆناغەکانى ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە(9)، چونکە لە سەردەمی هەڵوەشاندنەوەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا، بزوتنەوە نەتەوەپەرستییەکان لە ڕۆژئاواوە بۆ خاکەکانی عوسمانی تەشەنەیانکردو داوای سەربەخۆیی‌و مافیان لە ناو ئەو نەتەوانەى کە لە چوارچێوەی ئیمپڕاتۆریەتەکەدا دەژیان، بڵاوکردەوە(10). سەرەتا نەتەوەپەرستى لە ناو کەمایەتییە ئایینییەکاندا دەستیپێکرد(11). لەو ماوەیەدا ڕۆشنبیرانی عوسمانی، لە هەوڵیاندا بۆ ڕزگارکردنی ئیمپڕاتۆریەت لەو دۆخە ناهەموارەى تێیکەوتبوو، بەرگرییان لە ئایدۆلۆژیا جۆراوجۆرەکانی وەک پان_عوسمانیزم، پان_ئیسلامیزم دەکرد(12). نەتەوەپەرستییش، لە پاڵ پان_عوسمانیزم‌و پان_ئیسلامیزمدا، وەک یەکێک لەو ڕێگایانە بۆ ڕزگارکردنى دەوڵەتى عوسمانى گیرایەبەر(13)، هەر بۆیە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئیمپڕاتۆریەتى عوسمانیدا، نەتەوەپەرستیی تورکیا لە گۆڕەپانى سیاسى‌و کۆمەڵایەتیدا دەرکەوت، بە تایبەتی لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵەى ئیتیحادو تەرەقی‌و تورکە گەنجەکانەوە (Jön Türkler)(13).

لەگەڵ دامەزراندنی کۆمارى نوێى تورکیادا بە سەرکردایەتیی مستەفا کەمال ئەتاتورک، نەتەوەپەرستى وەک ئایدۆلۆژیای بنەڕەتیی دەوڵەت دیاریکراو نەتەوەپەرستیی ئینقلابچی هاتەئاراوە(15)، ئەمەش بە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی یەکسان بە ڕەتکردنەوەی پێکهاتەی فرەنەتەوەیی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی. لەم ئاڕاستەیەشدا نەتەوەپەرستیی تورک لە ڕێگەی زمان‌و مێژوو و سیاسەتی کولتوورییەوە بەدامەزراوەییکرا(16). لەگەڵ ئەمانەشدا لەم قۆناغەدا لە ڕێگەى کۆمەڵێک دامەزراوەو کۆمەڵەوە ئیش لە سەر مێژوو و زمانى تورکی کرا، کە ئەمانە لە سەرەتاوە بۆنى ڕەگەزپەرستیی لێدەهات. بۆ نموونە: کارکردن لە سەر ئەوەى کە زمانى تورکى سەرچاوەو دایکى زمانەکانى جیهان‌و مێژووى تورک سەرچاوەى مێژووى جیهانە، ئەمیش لە ڕێگەى تیۆرى زمانى خۆر (Güneş-Dil Teorisi)(1) و تیۆرى مێژووى تورکەوە (17) (Türk Tarih Tezi)(2) لە گرنگترین ئەو بوارانەى کە دەوڵەت بۆ چەسپاندنى نەتەوەپەرستى هەوڵى بۆ داوە، بریتین لە:
١. چاکسازیی زمان‌و پەروەردە: یەکێک لە دیارترین ڕەنگدانەوەکانی نەتەوەپەرستیی تورک، ئەو چاکسازییانە بووە کە لە بواری پەرەوەردەو زمان‌و مێژوودا کران. کە لە سەرەتاى دامەزراندنى کۆمارى تورکیاوە بۆ ماوى چەندین ساڵ چەندین بابەتى نەتەوەپەرستى لە کتێبی خوێندندا جێگیرکرا. لە بوارى زمان‌و مێژووشدا دامەزراندنی کۆمەڵەی زمانی تورکی (Türk Dil Kurumu)(3) و کۆمەڵەی مێژوویی تورکیا (Türkiye Tarih Kurumu)(4) بوو بە هۆی ئەوەی کە زمان‌و مێژووی تورکی لە چوارچێوەیەکی نەتەوەپەرستیدا پێناسەبکرێتەوە. لەم پڕۆسەیەدا لە شوێنى وشەی عەرەبی‌و فارسی، گرنگی بە بەکارهێنانی وشەی تورکی درا، ئەمەش بە ئامانجی پاککردنەوەى زمانى تورکى‌و بوون بە خاوەنى زمانێکى پاکى تورکى‌و بەهێزکردنی هۆشیاریی نەتەوەیی. ئەم سەردەمە لە مێژووى تورکیادا بە سەردەمى (Harf inkılabı)(5) هەڵگەڕانەوەی وشە ناسراوە(18).
٢. سیاسەتی کولتووری: نێوان ساڵى (١٨٩٠-١٩١٨) بە قۆناغى سەرەتایى سەرهەڵدانى نەتەوەپەرستى لە تورکیا دادەنرێت. لەم ڕوانگەیەوە لە سەرەتاکانى سەردەمی کۆماری نوێى تورکیادا، نەتەوەپەرستى زیاتر لە ڕێگەی سیاسەتی کولتوورییەکانەوە لەقاڵبدراوە(19). دامەزراوەکانی وەک ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان (Halkevleri)و ژووری گشتی (Halkodaları) بە ئامانجی پەروەردەکردنی گەلی تورکیا بە هۆشیارییەکی نەتەوەپەرستی دامەزران. ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان وەکو ناوەندێکى کولتوورى لە چوارچێوەی بنەماکانی کۆماریخوازی، نەتەوەپەرستى، پۆپۆلیزم، عەلمانیەت، دەوڵەتخوازى‌و شۆڕشگێڕیدا کاریاندەکرد. ئەم دامەزراوانە بە سازدانی جەژنی نەتەوەیی‌و یادکردنەوەو بۆنە کولتوورییەکان بەشدارییان لە بونیادنانی ناسنامەی نەتەوەییدا کردووە(20). لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە سەروبەندى دامەزراندنى کۆمارى نوێى تورکیاو دروستکردنى دەوڵەتێکى نەتەوەییدا بۆ تورکەکان‌و کارکردن لە سەر بنەماکانى نەتەوەپەرستى، چەندین نوسەرى وەک زیا گوێکاڵپZiya Göklp(6)و یوسف ئاکچوراYusuf Akçura(7)بە نوسینەکانیان ڕۆڵى گەورەیان هەبوو. تەنانەت زیا گوێکاڵپ بە باوکى نەتەوەپەرستیی تورکى دادەنرێت. زیا گوێکاڵپ نەتەوەپەرستیی تورکیی بە ئیسلام‌و کولتوورى نەتەوەییەوەو یوسف ئاکچوراش بە بنەچەو خوێنەوە گرێداوە(21).
لە چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە، بە شێوەیەکى گشتى لە جیهاندا نەتەوەپەرستى لە گۆڕەپانی سیاسیدا زیاتر پەرش‌و بڵاوبووەوە، ئەمەش بە هۆى کاریگەریی جەنگی جیهانیی دووەمەوە، گوتارو سیاسەتی نەتەوەپەرستی لە کۆمەڵگەکاندا بەربڵاوتر بووە. بە تایبەتی ئەو دەوڵەتانەى بەشداریی شەڕیان کردبوو(22). نەک هەر ئەمە، بەڵکو یەکێک لە هۆکارەکانى جەنگى جیهانیی یەکەم‌و دووەم نەتەوەپەرستى بووە. لەم قۆناغەدا لە تورکیاش ئایدۆلۆژیای نەتەوەپەرستیی دەوڵەت لە ناو خەڵکدا وەڵامێکی دۆزییەوەو نەتەوەپەرستی دەستی بە چوونەناو سەرجەم چین‌و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کرد(23).
گواستنەوەی تورکیا بۆ ژیانی فرەحزبی لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، کاریگەریی نەتەوەپەرستیی، بە تایبەتی نەتەوەپەرستیی سیکۆلارانە، لە گۆڕەپانی سیاسیدا زیاترکرد. ئەم جۆرە لە ئایدۆلۆژیا، لە سەر بنەماکانى دامەزراندنی تورکیای نوێ یاخود تورکیاى سیکۆلار، بە سەرکردایەتیی مستەفا کەمال ئەتاتورک دروستبووبوو. لەم قۆناغەدا هەرچەندە سەرکەوتنیان بەدەستنەهێنا، بەڵام ئایدۆلۆژیاى نەتەوەپەرستیی پارێزگارانە بوو بە ڕۆژەڤ. کە ئەم ئایدۆلۆژیا نوێیەى نەتەوەپەرستى لە سەر ئایینى ئیسلام بە تیگەیشتنى مەزهەبى سوننی‌و مێژووى ئیسلامى تورکی‌و بە تایبەتی سەردەمى عوسمانى دامەزراوە(24). لەگەڵ هاتنەسەر دەسەڵاتی پارتی دیموکرات، گوتاری نەتەوەپەرستی زیاتر جەماوەری بووەو ئیدی بوو بە ئامرازێکی گرنگی کێبڕکێی سیاسی. پارتی دیموکرات بە کەڵکوەرگرتن لە گوتاری نەتەوەپەرستى، جەماوەرێکى زۆرى لە چوارچێوەى پارتەکەى خۆی کۆکردەوەو توانیی لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەى دەنگەکان بەدەستبهێنێت(25).

لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوویشدا، تورکیا لە ژێر کاریگەریی جەنگی سارددا وەک دەوڵەتێکی پارێزەر لە دژی یەکێتیی سۆڤیەت جێگیربوو. لەم پڕۆسەیەشدا گوتاری نەتەوەپەرستی وەک ئامرازێکی گرنگ لە شەڕی دژ بە یەکێتیی سۆڤیەت بەکارهێنرا، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییە نزیکەکان لەگەڵ ئەمریکاو ئەندامیەتیی ناتۆ وایانکردووە کە توێژە نەتەوەپەرستەکان لە تورکیا پشتگیری لە سیاسەتەکانی لایەنگریی ڕۆژئاوا بکەن(26).

پرسی کوردو سەرهەڵدانی سیاسەتی نەتەوەپەرستی
ساڵانی نەوەدەکان قۆناغێک بوو کە تێیدا نەتەوەپەرستى لە تورکیا لە دەوری پرسی کورد زیاتر برەوى بەخۆیەوەبینى. کردەوەکانى پەکەکە وایکرد دەوڵەت زیاتر جەخت لە گوتاری نەتەوەپەرستی بکاتەوەو هەستی نەتەوەپەرستی لە کۆمەڵگەدا چڕتربکاتەوە، چونکە پەکەکە بە مەترسییەک بۆ دابەشکردنى خاکی تورکیا دادەنرا. لەم سەروبەندەدا چالاکییەکانی پەکەکە، هێنانەوەى سەربازى کوژراوى تورکیاو هاوکاریکردنى پەکەکە لەلایەن ڕۆژئاواوە، وایکرد هەستى نەتەوەپەرستى دووبارە بوژانەوەیەکى دیکە بەخۆیەوەببینێت(27).
لە ساڵانی نەوەدەکاندا دۆخێک هاتەئاراوە کە ئیتر مەرج نییە لە دەرەوەى تورکیا دوژمن هەبێت‌و کاریگەریی لە سەر ڕەوتى نەتەوەپەرستى هەبێت، بەڵکو لێرە بە دواوە کێشەى کورد هاتەئاراوەو هۆکارە ناوخۆییەکان بوون بە هۆى بەهێزکردنى گوتارو کردارى نەتەوەپەرستى(28). لەم نێوەندەدا چەندین شێوازی سیاسی‌و سەربازی بۆ چارەسەری کێشەی کورد دەستیپێکرد، بەڵام سیاسەتی دەوڵەت زیاتر بوو بە هۆی بەهێزبوونی گوتاری نەتەوەپەرستی. لەو ماوەیەدا پارتە نەتەوەپەرستەکان‌و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بانگەشەیان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەکردو گوتارە نەتەوەپەرستییەکان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا زیاتر ڕەنگدانەوەى هەبوو(29). هەر لەم ساڵانەدا مەهەپەو پارتە نەتەوەپەرستەکانی دیکە بوون بە هێزێکی گرنگ لە سیاسەتی تورکیادا. مەهەپە بە پشتیوانیی دەوڵەت لە شەڕی دژی پەکەکە، دەنگدەرانی نەتەوەپەرستی کۆکردەوەو سەرکەوتنی بەرچاوی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێنا. لەم پڕۆسەیەدا نەتەوەپەرستى نەک هەر وەک ئاڕاستەیەکی ئایدیۆلۆژی، بەڵکو وەک بزوتنەوەیەکی سیاسییش هێزی پەیداکردووە(30).

سەردەمی ئاکپارتی‌و ڕەوتى نەتەوەپەرستى
لە سەرەتای سەدەی بیستویەکەمدا سەرلەنوێ نەتەوەپەرستى لە تورکیا شێوەیەکى نوێى لە گۆڕەپانی سیاسیدا وەرگرت. هاتنەسەرکاری پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە ساڵی (٢٠٠٢)دا گۆڕانکاریی بەرچاوی لە هەیکەلی سیاسی‌و کۆمەڵایەتیی تورکیادا بە دوای خۆیدا هێنا. ئەویش بریتى بوو لە هاتنەسەر دەسەڵاتى پارتێک کە ئایدۆلۆژیاو شوناسى خۆى بە پارێزگارێکى دیمۆکراسیخواز پێناسەدەکرد(31). لە سەر ئەم بنەمایە ئاکپارتی لە ڕێگەى سیاسەتەکانیەوە هەوڵیدا شێوەیەکى نوێ لە شوێنى نەتەوەپەرستی؛ سیکۆلار دابنێت، ئەویش بریتییە لە نەتەوەپەرستیی پارێزگارانە (Milliyeçi Muhafazakarlık). ئەمەش بە تایبەتی لە دواى هەوڵى کودەتاکەى (١٥)ى تەمموزى (٢٠١٦) زیاتر ڕەنگیداوەتەوە، تێیدا ئەو گوتارە خرایەڕوو کە ئەم هەوڵى کودەتایە بە هۆى هێزو ئیرادەى ئایینییەوە ڕێگرییلێکراو دەوڵەتانى ڕۆژئاوا دەیانەوێت تورکیا لە ئیسلامەتى دووربخەنەوە. لە ناو قوتابخانەکانیشدا لە یادى کودەتاکەدا باس لە قارەمانیەتیی ئەو کەسانە دەکرێت کە بە هۆى هەستى ئایینییەوە ڕێگرییان لە کودەتاچییەکان کردو شەهیدبوون. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پارێزگارەکان خۆیان وەک خاوەنى ئەم سەرکەوتنە لەقەڵەمدەدەن(32).

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڕێگەى بەکارهێنانى دروشمى یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک نیشتیمان‌و یەک دەوڵەتەوە لە زۆرینەى کۆبوونەوە سیاسی‌و گوتارەکانیدا، ڕۆڵێکى گرنگى لە بەرزکردنەوەى ئاستى نەتەوەپەرستیی تورکیدا هەبووە، چونکە ئەم دروشمە ئەوەى لێدەخوێنرێتەوە کە هەموو ئەوانەى لە تورکیادا دەژین، یەک نەتەوەن، خاوەنى یەک ئاڵان، یەک نیشتیمان‌و یەک دەوڵەتیان هەیە، هەر بۆیە ڕێگە بە کەسانێک نادەن کە بیانەوێت ئاژاوە لە تورکیادا دروستبکەن‌و خاکیان دابەشبکەن(33).
ئاکپارتی لە ساڵانی یەکەمی دەسەڵاتی خۆیدا گرنگییەکی زۆری بە پڕۆسەی ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا داوەو بەو پێیەش چاکسازیی گرنگی لە بوارى دیموکراسی‌و مافەکانی مرۆڤ ئەنجامدا. لەم پڕۆسەیەدا گرووپە نەتەوەپەرستەکان ڕەخنەیان لەو دانوستان‌و چاکسازییانە گرت کە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا کراون‌و باسیان لەوە کرد کە سەروەریی نەتەوەیی تورکیا زیانی پێگەیشتووە، بەڵام سەرکەوتنی ئابووریی ئاکپارتی‌و سیاسەتە ڕیفۆرمخوازەکان لە چین‌و توێژە بەرفراوانەکانی کۆمەڵگەدا پشتیوانییان بەدەستهێنا(34). لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە ساڵی (٢٠٠٩) حکومەتی ئاکپارتی بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی کورد بە دەستپێشخەریی پڕۆسەیەک بە ناوی “کرانەوەى کورد”ەوە هەنگاوێکی گرنگی بە ڕووی دیموکراسیدا ناوە(35). ئەم پڕۆسەیە کاردانەوەی توندی گرووپە نەتەوەپەرستەکانی وەرگرت‌و لەلایەن پارتێکی وەک مەهەپەوە بە “جوداخوازی” پێناسەکرا. کرانەوەى کورد بووە بە هۆی بەهێزبوونەوەی گوتاری نەتەوەپەرستی‌و زیادبوونی جەمسەرگیری لە کۆمەڵگەدا.
هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) زەبرێکی کوشندەی لە تورکیا داوەو وایکرد دەوڵەت بە سیاسەتە ئەمنییەکانی خۆیدا بچێتەوە. دوای هەوڵی کودەتاکە، نزیکبوونەوە لە نێوان پارتی دەسەڵاتدارو پارتە نەتەوەپەرستەکاندا هاتەکایەوەو دەوڵەت باخچەلی؛ سەرۆکی مەهەپە، پاڵپشتییەکی توندی بۆ حکومەت ڕاگەیاند. ئەم پڕۆسەیە بەشداریی لە بەهێزکردنی گوتاری نەتەوەپەرستیدا کردو جەختى لە “یەکێتیی نەتەوەیی” کردەوە(36).
بەر لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی (٢٠١٨)، هاوپەیمانییەکی سیاسی بە ناوی هاوپەیمانیی کۆمارەوە (Cumhur İttifakı) لە نێوان ئاکپارتی‌و مەهەپەدا پێکهێنرا. ئەم هاوپەیمانییە لە سەر هێڵی نەتەوەپەرستی-پارێزگارانە یەکیگرت‌و لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا. هاوپەیمانیی کۆمار بووە بە هۆی ئەوەی کە گوتاری نەتەوەپەرستی زیاتر لە سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەی تورکیادا دەربکەوێت(37). جگە لەمەش، ڕێژەى دەنگەکانى پارتە نەتەوەپەرستەکان لەم هەڵبژاردنانەى دواییدا زۆر زیادیکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا لە (٢٨)ى ئابى (٢٠٢١) لەگەڵ دروستکردنى پارتى زەفەردا (Zafer Partisisi) لەلایەن ئومید ئۆزاغەوە (Ümit Özdağ) ڕێژەى دەنگى پارتە نەتەوەپەرستەکان بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانى پێشوو زۆر زیادیکردووە. بۆ نموونە: ڕێژەى دەنگى پارتى باش (İyi Parti)و مەهەپە لە هەڵبژاردنى (٢٠١٨)دا لە (٢١٪) بوو(38)، بەڵام دواى دروستبوون‌و بەشداریکردنى پارتى زەفەر لە هەڵبژاردنى (١٤)ى ئایارى (٢٠٢٣) ڕێژەى دەنگەکانى هەرسێ پارتەکە بۆ (٢٣٪) بەرزبووەوەو چاوەڕواندەکرێت زیاتر بەرزببێتەوە، هۆکارى ئەمەش بۆ سیاسەتى دژایەتیی ئاوارەکان، مەترسیی ئاسایش‌و ئابووریی تورکیا دەگەڕێتەوە(39). لەگەڵ ئەوەشدا لە هەڵبژاردنى (٣١)ى مارتی (٢٠١٩) هاوپەیمانیی کۆمار توانیی ڕێژەیەکى بەرچاو لە دەنگەکان بەدەستبهینێت، کە تێیدا مەهەپە توانیی ڕێژەى (٧.٣٪) بەدەستبهێنێت، بەمەش توانیی (١١) سەرۆکی شارەوانى بۆ خۆى مسۆگەربکات(40).

پڕۆسەی ئاشتی‌و کاریگەریی لە سەر پرسی نەتەوەپەرستی
پڕۆسەی ئاشتی کە لە ساڵانی دووهەزارەکاندا لە تورکیا بۆ چارەسەری پرسی کورد دەستیپێکرد، کاریگەرییەکی زۆری لە سەر کاردانەوەی ڕەوتی نەتەوەپەرستی هەبوو. حکومەتی ئاکپارتی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی کوردی بە دیالۆگ داوە، بە تایبەتی لە نێوان ساڵانی (2009) هەتا (2015). لەم پڕۆسەیەدا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ ڕێبەری پەکەکەدا کراو هەنگاوی جۆراوجۆر بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان نرا(41)، بەڵام بە هۆى جەنگی ناوخۆیی سوریاو دروستبوونى پارتە کوردییەکان‌و دواجار هاتنەکایەی کانتۆنەکان لە ڕۆژئاواى کوردستان، پەکەکە پشتگیریی خۆى بۆ ئەم پارتانە دەربڕىو بەشداریی لە چەندین چالاکی لە ڕۆژئاواى کوردستان کرد، ئەمەش وەکو مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشى سنوورەکانى تورکیا سەیردەکرا. لە لایەکی دیکەوە خۆپیشاندانەکانی (٦-٨)ی تشرینی یەکەمی (٢٠١٤)ی شارەکانی باکووری کوردستان‌و هەڵکەندنی خەندەق‌و دروستبوونی شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە ئامەد، جەزیرە، گەڤەرو چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی دیکەی باکووری کوردستان لە نێوان پەکەکەو هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، دەسەڵات‌و بە تایبەتی ئاکپارتی کەوتنەبەر ڕەخنەی توندی گرووپە نەتەوەپەرستەکان لە تورکیا(42). لە ساڵی (٢٠١٥) لەگەڵ کۆتاییهاتنی پڕۆسەی ئاشتی‌و دەستپێکردنەوەی ململانێکان، تەوژمی نەتەوەپەرستی دەستی بە هەڵکشان کردەوە. لەم قۆناغەدا گوتاری نەتەوەپەرستی دەنگدانەوەیەکی فراوانی لە کۆمەڵگەدا هەبوو و نەتەوەپەرستی لە ناوەندی سیاسەتەکانی ئاکپارتیدا زۆر زیاتر بەرچاودەرکەوت، بە تایبەتی جەنگی ناوخۆیی سوریاو نیگەرانییەکانی ئاسایشی سنوورەکان بووە بە هۆی بەهێزتربوونەوەی کاردانەوەی تەوژمی نەتەوەپەرستی لە تورکیادا(43)، هەر بۆیە دواى هەوڵى کودەتا شکستخواردووەکەى (١٥)ى تەمموزى (٢٠١٦) ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە سوریا، بە تایبەتی ئۆپەراسیۆنەکانی قەڵغانی فورات‌و چڵەزەیتوون‌و کانی ئاشتی، کاریگەرییان هەبووە لە سەر توندبوونەوەی هەستی نەتەوەپەرستی. لە ڕوانگەی تورکیاوە “ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان‌و بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان” کراون(44)، هەر بۆیە لەلایەن گرووپە نەتەوەپەرستەکانەوە بە توندی پشتیوانیکراوە.

لەم سەروبەندەشدا بانگەشەی تورکیا بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست‌و گرژییەکان لە سەر دەسەڵاتە دەریاییەکان، وایکردووە گوتاری نەتەوەپەرستی زیاتر لە سیاسەتی دەرەوەدا دەربکەوێت. ناکۆکی لەگەڵ یۆنان‌و ئیدارەی قوبرسی باشووردا کاریگەریی لە سەر کۆکردنەوەی هەستی نەتەوەپەرستی لە سیاسەتی ناوخۆدا لەگەڵ گوتاری بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی تورکیادا هەبووە(45).

بوژانەوەی تەوژمى نەتەوەپەرستى لە تورکیا
وەک لە بەشەکانى پێشوودا ئاماژەیپێکراوە، بنەماکانى نەتەوەپەرستى لە تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى دروستبوونى تورکیاى نوێ، تێیدا دەوڵەت لە ڕێگەى گرتنەبەرى کۆمەڵێک ڕێوشوێنى سیاسى، کولتوورى، پەرورەدەیی‌و ئابوورییەوە هزرى نەتەوەپەرستیی زیاتر پەرەپێدا. ئەو نەتەوەپەرستییە کە برەویپێدرا، نەتەوەپەرستییەکى سیکۆلار بوو، بەڵام ئێستا لە ژێر ناوى نەتەوەپەرستیی پارێزگاردا گرنگیی بە تەوژمى نەتەوەپەرستى دەدرێـت، لەم بابەتەشدا پارتى دادو گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆڵێکى گرنگ‌و سەرەکیی بینیوە(46).
بە شێویەکى گشتى تەوژمی نەتەوەپەرستی لە ناوەڕاستی ساڵی (٢٠١٠) بە دواوە جارێکی دیکە ڕووی لە هەڵکشان کرد. بە تایبەتی لە دوای ساڵی (٢٠١٥) پرسگەلێکی وەک پرسی کورد، شەڕی ناوخۆی سوریا، ئاسایشی سنوورەکان‌و کۆچبەری بوون بە هۆی بەهێزبوونی گوتاری نەتەوەپەرستی(47). حکومەتی ئاکپارتی بە گرتنەبەری گوتارو سیاسەتی نەتەوەپەرستی، پشتیوانیی تەوژمی نەتەوەپەرستەکاتی بەدەستهێنا. لەم قۆناغەدا نەتەوەپەرستی نەک تەنها لە سیاسەتەکانی دەوڵەتدا، بەڵکو لە چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگەشدا برەوی پەیداکرد. سەبارەت بەم بابەتە نوسەرى دیارى سایتى تامگا تورک؛ بەهادرخان دینچ ئاسڵان، دەڵێت: هەڵکشانى نەتەوەپەرستى تازە نییە، بەڵکو دەمێکە دەستیپێکردووە، تەنانەت ئەم هەڵکشانە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو(48).
پارتی سیاسی، ڕێکخراوو بزوتنەوە نەتەوەپەرستەکان ڕۆڵێکی گەورەیان لە بوژانەوەی نەتەوەپەرستیدا هەبووە. مەهەپەو بە تایبەتی دەوڵەت باخچەلی؛ سەرۆکی پارتەکە، لە بڵاوکردنەوەی گوتاری نەتەوەپەرستیدا کاریگەریی بەرچاویان هەبووە. هاوپەیمانیی مەهەپە لەگەڵ ئاکپارتیدا، کە بە “هاوپەیمانیی کۆمار” ناسراوە، کاریگەریی گەورەی لە سەر نەتەوەپەرستی لە سیاسەتی تورکیادا هەبووە. پێکەوە ستراتیژى ناخۆیی‌و دەرەکییان پەیڕەوکردووە(49). سەرەڕای ئەوەش، لەم پڕۆسەیەدا کاریگەریی کاردانەوەی نەتەوەپەرستەکان لە سەر میدیاو سۆشیالمیدیاو کولتووری تورکی زیادیکردووە. هەر لەم بارەیەوە یەکێک لەو هۆکارانەى وایکرد ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتیی کۆمار بە سەر ڕکابەرەکەى کەمال کڵچدارئۆغڵۆدا سەربکەوێت، تۆمەتبارکردنى کڵچدارئۆغڵۆ بوو بە بوونى پەیوەندىو هاوکارى لەگەڵ پارتى دیموکراتی گەلاندا (هەدەپە)(50). لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە دواى هاوپەیمانیەتیی نێوان ئاکپارتی‌و مەهەپە چەندین ئۆپەراسیۆنى سەربازى بۆ سوریاو عێراق، بە تایبەتی باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان کراوە. بێگومان لە بەڕێوەچوونى ئەم ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییانەدا، مەهەپەو بە تایبەتی دەوڵەت پاخچەلى ڕۆڵێکى گرنگیان بینییوەو بەردەوام لە ڕێگەى گوتارە نەتەوەپەرستییەکانەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان دەربڕیوە(51).

بوژانەوەی نەتەوەپەرستی لە تورکیادا نەک تەنها لە گۆڕەپانی سیاسیدا، بەڵکو لە داینامیکی کۆمەڵایەتییشدا ئاماژەکانى دەرکەوتووە، هەر بۆیە زیادبوونی هەستی نەتەوەپەرستی لە کۆمەڵگەدا بووە بە هۆی چەندین ئەنجامى نەرێنیی وەک جیاکاریی نەتەوەیی‌و جەمسەرگیرى. هەر لەم ڕوانگەیەوە سەرەڕای گۆڕینی ناوی یانەی دیاربەکرسپۆر (DiyarbakırSpor) بۆ ئامەدسپۆر (AmedSpor) لە کاتی پڕۆسەی ئاشتی‌و ڕەزامەندی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا (TFF)، بەڵام دوای تێکچوونی پڕۆسەکەو هەڵکشانى تەوژمى نەتەوەپەرستى لە تورکیا، یانەکە ڕووبەڕووى چەندین گرفتى وەک هێرشکردنەسەر یاریزانانى، بەکارهێنانى دەستەواژەی ڕەگەزپەرستى بەرانبەریان، تومەتبارکردنیان بە جیاکاریی نەتەوەیی‌و بێبەشکردنى هاندەرەکانیان لە چوونیان بۆ ناو یاریگاکان لە کاتى یارییەکاندا(52). هەر لەم بارەیەوە لە (٥)ى ئادارى (٢٠٢٣) لە یاریی نێوان ئامەدسپۆرو بورساسپۆر چەندین گوتارو دروشمى ڕەگەزپەرستى بەرانبەر بە یاریزانانى ئامەدسپۆر بەرزکرابووەوە. پێش یارییەکەو کاتێک یاریزانانى ئامادسپۆر گەیشتنە بەردەم ئەو ئوتێلەى بڕیار بوو تێیدا بمێننەوە، لەلایەن لایەنگرانى یانەى بورساسپۆرەوە چەندین دروشمى نەتەوەپەرستى دژیان دەگوترایەوە. لە کاتى یارییەکەشدا چەندین دەبەی ئاو، چەقۆو فیشەکی ئاگرین ئاڕاستەى یاریزانانى ئامەدسپۆر کراوە(53). تەنانەت دوای یارییەکەش دەوڵەت باخچەلی سەرۆکى مەهەپە، لە گوتارێکیدا گوتی: “بە بڕواى ئێمە شوێنێک نییە ناوى ئامەد بێت‌و باسى یانەیەک ناکرێت ناوى ئامەدسپۆر بێت. دەستخۆشی لە هاندەرانی بورساسپۆر دەکەم بۆ ئەو هەڵوێستە نەتەوەییەیان.”(54). لەگەڵ ئەمەشدا لە شارى نەڤشەهیر بە بەهانەى ئەوەى بەرگى یانەى ئامەدسپۆریان پۆشیبوو، چەند کرێکارێکى دیاربەکر بە چەقۆ هێرشیانکرایەسەرو بە سەختى بریندارکران. هەموو ئەمانە هەڵکشانى تەوژمى نەتەوە هەتا ئاستی باڵا لە تورکیا دەخەنەڕوو(55). جگە لەوانەش، لەم ساڵانەی دواییدا نەتەوەپەرستیی ئابوورییش لە تورکیادا هاتووەتەئاراوە. ئەمەش لە ڕێگەی بایەخدان بە بەرهەمی ناوخۆی بە دروشمی “ناوخۆیی‌و نیشتیمانی” (Yerli ve Milli) پاڵپشتیدەکرێت‌و ئامانج لێی زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆییە، بە تایبەتی لە بواری تەکنەلۆژیاو پیشەسازیی بەرگریدا. ئەم ڕێبازە جەخت لە سەر سەربەخۆیی ئابووری دەکاتەوە، ئەمەش دەبێت بە هۆی ئەوەی هەستی نەتەوەپەرستی لە بواری ئابوورییشدا دەربکەوێت. ئەردۆغان ئەم دروشمەى لە پڕوپاگەندەى هەڵبژاردنەکانى ئەم دواییە تێکەڵ بە سیاسەت کردو توانیی سەرکەوتنێکى بەرچاوی پێبەدەستبهێنێت(56).

هۆکارەکانى پشت هەڵکشانی تەوژمی نەتەوەپەرستى لە تورکیا
سەرلەنوێ هەڵکشانەوەی نەتەوەپەرستی لە تورکیا پەیوەندییەکی نزیکی بە گۆڕانکارییە ڕیشەییەکانەوە لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی-سیاسی‌و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستویەکەمدا هەیە. ئەم پڕۆسەیە کە بە تایبەتی بە هاتنەسەر دەسەڵاتی ئاکپارتی لە ساڵی (٢٠٠٢) دەستیپێکرد. ئەم قۆناغەی تورکیا بریتی بوو لە گەڕانەوە بۆ شوناسی نەتەوەیی‌و گوتاری نەتەوەپەرستی لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی‌و سیاسیدا، زاڵتربوو. ئەم گۆڕانکارییە لە تێکەڵکردنی چەند هۆکارێکی سەرەکییەوە هاتووەتەئاراوە. لە ناو ئەو هۆکارانەدا، زیادبوونی نیگەرانییە ئەمنییەکانی ناوخۆو دەرەوەی تورکیا، بە تایبەتی کاریگەرییەکانی شەڕی پەکەکەو جەنگی ناوخۆی سوریا بە تایبەتی لە دوای (٢٠١٥) . هەر لەم ڕوانگەیەوە بە پێى ڕاپرسییەکى ئەکادیمیای جیهانی‌و توێژینەوەی ئەکادیمێترى (Global Akademi ve Akademetre Araştırma) ئێستا گرنگترین بابەتى تورکیا دواى گرفتە ئابوورییەکان، بریتییە لە “هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر”. ئەمەش ڕۆڵى گەورەى لە بەرزکردنەوەو هەڵکشانى نەتەوەپەرستى لەو وڵاتە هەیە(58). لەگەڵ هەوڵی کودەتاکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)و پێکهێنانی هاوپەیمانیەتیی نێوان ئاکپارتی‌و مەهەپە، کە ئەم لێکنزیکبوونەوەیە لە بەهێزکردنی سیاسەتە نەتەوەپەرستییەکاندا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە. جگە لەمانەش، گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی لە ساڵی (٢٠١٧)، ڕێبازێکی ناوەندی‌و بەهێزی سەرکردایەتی لە تورکیادا هێناوەتەکایەوە، ئەمەش ڕێگەیخۆشکردووە بۆ گوتارو سیاسەتی نەتەوەپەرستی بۆ دۆزینەوەی بنکەیەکی کۆمەڵایەتیی فراوانتر(59).

بە شێوەیەکى گشتى ڕاگەیاندن‌و سۆشیالمیدیا، ڕۆڵێکى سەرەکییان لە هەڵکشانى تەوژمى نەتەوەپەرستیدا بینیوە. دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن، بە تایبەتی ئەوانەی لە حکومەتەوە نزیکن، زۆر جار گوتاری نەتەوەپەرستی بۆ ئاڕاستەکردنی ڕایگشتی‌و تیشکخستنەسەر یەکێتیی نەتەوەیی بەکاردەهێنن. دراما تەلەفزیۆنی‌و فیلم‌و دۆکیومێنتارییەکانیش بە ڕوماڵکردنی چیرۆکی قارەمانە نەتەوەییەکان‌و سەرکەوتنە مێژووییەکان هەستی نەتەوەپەرستی بەهێزتردەکەن. لەم ڕوانگەیەوە ئێستا بە هۆى کاریگەریی ڕاگەیاندنەوە ڕەوتى نەتەوەپەرستى لە ناو گەنجانى پارێزگاردا بڵاوبووەتەوەو بەرزبووەتەوە. بە پێى ڕاپرسییەکى ئەکادیمیای جیهانی‌و توێژینەوەی ئەکادیمێتری لە ناو گەنجاندا ئەوانەی خۆیان بە نەتەوەپەرست دادەنێن، لە نێوان (١٨-٢٤) ساڵدان، لە کاتێکدا شێوەى ژیانى ئەمانە پارێزگارانەیە(60). لەگەڵ ئەوەشدا پلاتفۆڕمەکانی سۆشیالمیدیا پانتاییەکی فراوانن بۆ بڵاوبوونەوەی گوتاری نەتەوەپەرستی بە خێرایی، بە تایبەتی لە ناو گەنجادا. ئەو پۆستانەی سۆشیالمیدیا، کە جەخت لە سەر بەها نەتەوەییەکان دەکەنەوەو هەڵمەتی هاشتاگ‌و ناڕەزایەتیی ئۆنلاین ئاماژە بە سەرهەڵدانی نەتەوەپەرستیی دیجیتاڵی دەکەن. هەروەها ئەم پلاتفۆڕمانە بۆ ڕێکخستن‌و گەیشتن بە ئامادەبوانی زۆر، ڕێگە بە ڕێکخراوو بزوتنەوە ناحکومییە نەتەوەپەرستەکان دەدەن(61).

ئەنجام
لە تورکیا نەتەوەپەرستی بزوتنەوەیەکی ئایدیۆلۆژییە، ڕەگوڕیشەکەی مێژووییەکی قووڵی هەیەو لەگەڵ بونیادی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و ئابووریدا لە کارلێکی بەردەوامدایە. لەگەڵ دانانی بەردی بناغەی کۆماری تورکیاوە هەتا ئێستا، نەتەوەپەرستی لە قۆناغە جیا جیاکاندا بە شێوەی جیاواز خۆی دەرخستووەو هەندێک جار ڕۆڵێکی ناکۆک‌و دژبەیەک‌و هەندێک جاریش یەکگرتووی وەرگرتووە.

ئاکپارتی لە ڕێگەى سیاسەتەکانیەوە هەوڵیداوە لە شوێنى نەتەوەپەرستیی سیکۆلار، نەتەوەپەرستیی پارێزگارانە (Milliyeçi Muhafazakarlık) بچەسپێنێت، بە تایبەتی دواى هەوڵى کودەتاکەى (١٥)ى تەمموزى (٢٠١٦) نیشاندراوە، کە بە هۆی هێزو ئیرادەی ئایینییەوە ڕێگری لە کودەتاکە کراوەو دەوڵەتانى ڕۆژئاوا دەیانەوێت تورکیا لە ئیسلامەتى دووربخەنەوە.

ئەمڕۆ نەتەوەپەرستی کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر داڕشتنی هاوپەیمانییە سیاسییەکان، بڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوە، ڕایگشتی‌و بەرهەمهێنانی کولتووریدا هەیە. هەڵکشانی نەتەوەپەرستی لە تورکیا، پەیوەندیی بە کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی، کۆمەڵایەتی‌و ئابووریی ناوخۆیی‌و دەرەکییەوە هەیە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین: ئایندەی نەتەوەپەرستی لە تورکیادا، بە پێی هۆکارە ناوخۆیی‌و دەرەکییەکان پێشبینیدەکرێت. هاوپەیمانی‌و کێبڕکێی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەو وڵاتە پێوانە‌و ئاڕاستەی گوتاری نەتەوەپەرستی دیاریدەکات. درێژەدان بە هاوپەیمانیی کۆمار لەلایەن ئاکپارتی‌و مەهەپەوە یان ئەگەری پێکهاتە سیاسییە نوێیەکان ڕەنگە کاریگەریی نەتەوەپەرستی لە بواری سیاسیدا زیاد یان کەمبکاتەوە.
ئەو هەنگاوانەی کە دەبێت بەرەو چارەسەری کێشەی کورد بنرێن، ڕەنگە کاردانەوەی گرووپە نەتەوەپەرستییەکان ڕابکێشن یان پاڵپشتییبکەن، لە کاتێکدا کە دیالۆگ‌و چارەسەری ئاشتیانە دەتوانن لە نەرمکردنی گوتاری نەتەوەپەرستیدا بەشداربن. لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتە ئەمنییەکانی دەوڵەت هەستی نەتەوەپەرستی لە تورکیا بەهێزتردەکەن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڕێگەى بەکارهێنانى دروشمى “یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک نیشتیمان، یەک دەوڵەت” لە زۆرینەى کۆبوونەوە سیاسی‌و گوتارەکانیدا، ڕۆڵێکى گرنگى لە بەرزکردنەوەى ئاستى نەتەوەپەرستیی تورکیدا هەبووە.

ئەو ئاڵنگاری‌و دەرفەتانەی کە تورکیا لە مەیدانی هەرێمی‌و نێودەوڵەتیدا ڕووبەڕوویدەبێتەوە، کاریگەریی لە سەر چڕیی گوتاری نەتەوەپەرستی دەبێت. بە تایبەتی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوریاو عێراق ڕەنگە هەستی نەتەوەپەرستی لەگەڵ گوتاری بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی تورکیادا کۆبکاتەوە. سەقامگیریی ئابووری یان قەیرانەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە کاردانەوەی نەتەوەپەرستەکان. سەختیی ئابووری دەتوانێت ببێت بە هۆی زیادبوونی هەستی نەتەوەپەرستی لەگەڵ تۆمەتبارکردنی وڵاتانی زلهێزدا بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و ئابووری لە تورکیا.
________________
1-تیۆرى زمانى خۆر: ئەم تیۆرە بانگەشەی ئەوە دەکات کە زمانى تورکى یەکەمین زمانى دونیا بووە. ئەم تیۆرە لە ساڵى (١٩٣٠) بە سەرپەرشتیی مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا. به پێی ئەم بیرۆکەیه یەکەم فاکتەری لەدایکبوونی زمان خۆره. خۆر نەک هەر بوو بە هۆی لەدایکبوونی بیری ئایینی‌و فەلسەفی، بەڵکو بوو بە هۆکاری سەرەکیی لەدایکبوونی زمان. کاتێک مرۆڤ لە بوونەوەرێکەوە، کە بە غەریزە کاردەکات، دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێک کە دەتوانێت بیربکاتەوە، یەکەم شت کە لە سەرووی هەموو شتێکەوە لە گەردووندا دەیبینێت، خۆرە. یەکەم دەنگ کە وەسفی ئەم چەمکە دەکات، دەنگی “ئاغ”ە، کە ڕەگی زمانی تورکییە. ئەم تیۆرە کە دێرینیی زمانی تورکی ئاشکرادەکات، مامەڵەی لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا دەکرد کە زمانەکانی جیهان لە زمانی تورکییەوە سەرچاوەیانگرتووە. بەڵام دواتر ئەم تیۆرە ڕوبەڕووى ڕەخنەیەکى زۆر بووەوە، ڕەخنەگران جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەو لێکۆڵینەوانەى لەم بارەیەوە کراون، هیچ بنەمایەکى زانستیان نییە. سەرچاوە: (https://ataturkansiklopedisi.gov.tr/bilgi/gunes-dil-teorisi/). بۆ زانیاریی زیاتر؛ بڕوانە: ئیسماعیل بێشکچى، تێزى تورک بۆ مێژوو، تیۆرى زمانى خۆرو کێشەى کورد، و: ئاسۆس هەردى، چاپخانەى سەردەم، چاپى یەکەم، (٢٠٠٠).
2-تێزى مێژووى تورک: ئەم تێزە ساڵى (١٩٢٨) لەلایەن ئەتاتورکەوە لە ئەنجامى بڵاوکردنەوەى سێ بڵاوکراوەو دوو کۆنگرە لە سەر مێژووى تورک کرا، خرایەڕوو. بە پێى ئەم تێزە تەواوى شارستانیەتەکانى دونیا لە ئاسیاى ناوەڕاستەوە سەرچاوەیانگرتووە. لە ئاسیاى ناوەڕاست کۆمەڵە کەسانێکى لێژیاوە، بە زمانى تورکى قسەیانکردووەو دواتر بە هۆى وشکەساڵییەوە بۆ تەواوى دونیا کۆچیانکردووە. ئەم تێزە دواتر ڕووبەڕووى ڕەخنەیەکى زۆر بووەوە. یەکێک لەو ڕەخنانەى ڕووبەڕووى ئەم تێزە کرایەوە، بریتییە لەوەى کە لێکۆڵینەوەکان بنەماى زانستییان نەبووەو زیاتر گرنگیدان بووە بە ڕەگەزى تورک، واتە لە سەر بنەماى ڕەگەزپەرستى دامەزراوە. سەرچاوە: (Yunus Emre ÖZKUL, Akademik Literatürde Türk Tarih Tezi Sorunsalı, İzmir Sosyal Bilimler Dergisi, cilt 1, sayı 1, Haziran 2019).
3-دامەزراوەى زمانی تورکی (TDK) دامەزراوەیەکە لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە لە (١٢)ی تەمموزی (١٩٣٢) بە مەبەستی خوێندنی زمانی تورکی، کارکردن بۆ پەرەپێدانی زمانی تورکی‌و بڵاوکردنەوەى بە هەموو جیهاندا دامەزراوەو هەر خۆشى بوو بە بە سەرۆکى دامەزراوەکە. دواتر لە (٢٥)ى ئەیلوولى (١٩٣٢) سامیح ڕفات وەک سەرۆکى کۆمەڵەکە هەڵدەبژێردرێت. دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی (١٩٨٢) بە گوێرەی مادەى (١٣٢) لە دەستوورى تورکیا، کە دوای هەڵگەڕانەوەکە نوسرایەوە، دامەزراوەى زمانى تورکى خراوەتەژێر کۆنترۆڵ‌و چاودێریی دامەزراوەی باڵای ڕۆشنبیری‌و زمان‌و مێژوویی ئەتاتورکەوە، ئەمیش ناوەندێکە کە توێژینەوە لە زمانی تورکی دەکۆڵێتەوەو بڵاودەکرێتەوە. سەرچاوە: (Şükrü Haluk Akalın, Türk Dil Kurumu, TDV İslam Ansiklopedisi, 41.cilt, 2012, İstanbul, s536-538).
4-دامەزراوەى مێژوویی تورکیا (TTK): دامەزراوەیەکی توێژینەوەیە تایبەت بە مێژووى تورک، لە (١٥)ی نیسانی (١٩٣١) لە ڕاستەوخۆ لە ژێر چاودێریی مستەفا کەمال ئەتاتورکدا دامەزراوە. ئەمەش لە ئەنجامى ئەو زانیارییانەى سەبارەت بە مێژووى تورک بە هەڵە لە ئەوروپا دەخرایەڕوو. دواى مردنى ئەتاتورک وەک کولتوورێک سەرۆککۆماری تورکیا بووە بە سەرۆکى ئەم کۆمەڵەیەو هەتا ئێستاش ئەم کولتوورە بەردەوامە. دوای کودەتا سەربازییەکەی (١٩٨٢)، ئەم دامەزراوەیەش وەک دامەزراوەی زمانی تورکی خراوەتەژێر کۆنترۆڵ‌و چاودێریی دامەزراوەی باڵای ڕۆشنبیری‌و زمان‌و مێژوویی ئەتاتورکەوە. سەرچاوە: (https://ttk.gov.tr/ttk-tarihce/).
5-ئەم دوو ناوەندە وەک دامەزراوەی پەروەردەیی نافەرمی بە گوێرەی بنەمای پۆپۆلیزمی ئەتاتورک، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی مۆدێرن، عەلمانی‌و شۆڕشگێڕ لەگەڵ دامەزراندنی کۆماردا دامەزران. ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان کە لە (١٩)ی شوباتی (١٩٣٢) بە فەرمی دەستیان بە چالاکییەکانیان کردووە، لە هەمان ڕۆژدا لە (١٤) ناوچەی جیاوازدا کرانەوە. لە هەر یەکێک لەم ناوەندانەدا (٩) بەشى وەکو “زمان‌و ئەدەبیات، مێژوو و مۆزەخانە، کتێبخانەو چاپ‌و بڵاوکردنەوە، سەنتەرو خولی فێرکاریی گشتی، هونەرە جوانەکان، نوێنەرایەتی، وەرزش، یارمەتیی کۆمەڵایەتی‌و گوندنشینى” لە کارکردندا بوون. ژوورە کۆمەڵایەتییەکانیش لە ساڵى (١٩٣٩)دا دەمەزرا. ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان هەتا داخرانى لە ساڵى (١٩٥١) نزیکەى (٤٧٨) لقى هەبوو، ژوورە کۆمەڵایەتییەکانیش نزیکەى (٤٣٢٢) لقى هەبوو. سەرچاوە: (https://ataturkansiklopedisi.gov.tr/bilgi/halkevleri/).
6-زیا گوێکاڵپ: ناوى تەواوى محەمەد زیاى کوڕى محەمەد تۆفیقەو لە ساڵى (١٨٧٦) لە خێزانێکى کورد لە ئامەد لەدایکبووە. لەگەڵ ئەوەى لە خێزانێکى کورد لەدایکبووە، بەڵام لە ناوەندى ڕۆشنبیریی تورکیدا بە باوکى ڕۆحیی بیرى نەتەوەپەرستى‌و تورکچیەتى دادەنرێت، چونکە هەموو تەمەنى خۆى لە پێناوی گەشەسەندنى فیکرى تورکچیەتیدا خەرجکردووە. زیا گوێکاڵپ بە یەکێک لە کەسە نزیکەکانى مستەفا کەمال ئەتاتورک دادەنرێت. ژیانى دەکرێت بە دوو بەشەوە؛ سەردەمى ئامەدو سەردەمى ئەستەنبوڵ. لە سەردەمى ئامەدیدا زۆرینەى نوسینەکانى لە بوارى ئەدەبیات‌و بە ناوى خۆیەوە بڵاوکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند هەوڵێکى بۆ خزمەتکردن بە زمانى کوردى لەگەڵ خەلیل خەیاڵیدا بەرچاودەکەوێت، بەڵام سەردەمى ئەستەنبوڵى بە سەردەمى گۆڕانى ژیانى فیکریی ناوبراو لە ئەدەبەوە بۆ سیاسەت‌و لە کوردبوونەوە بۆ تورکبوون‌و خزمەتکردن بە فیکرى تورکچیەتى دادەنرێت، چونکە لەم سەردەمەدا دەبێت بە ئەندام‌و نوێنەرى کۆمەڵى ئیتیحادو تەرەقى. زیا گوێکاڵپ چەندین نوسینى لە گۆڤارو ڕۆژنامەکانى وەک پەیمان، بچووک، نوێ، جمهوریەت‌و هیی تردا بڵاوکردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین دانراوى هەیە، لە گرنگترینیان: بنەماکانى تورکچیەتى، مێژووى مەدەنیەتى تورک، تورکچیەتى، ئیسلامچیەتی‌و نوێگەرچیەتى، وانەکانى عیلمى ئیجتیماع، لێکۆڵینەوەیەکى کۆمەڵناسیانە سەبارەت بە عەشیرەتە کوردییەکان. زیا گوێکاڵپ لە ساڵی (١٩٢٥) کۆچیدوایی دەکات. سەرچاوە: (https://ataturkansiklopedisi.gov.tr/bilgi/ziya-gokalp-1876-1924/). بۆ زانیاریی زیاتر؛ بڕوانە: حەمزە محمد صاڵح، عەشیرەتە کوردییەکانى کوردستانى باکوور لە ڕوانگەى زیاگوێکاڵپەوە، کۆنفڕانسى ژ ئێکگرتنێ بۆ ژێکڤبوونێ، ڕۆڵێ عەشیرەتان ل کوردستانێ (١٥١٤-١٩١٤)، ٢٠٢٤، ل‌ل٤٤٥-٤٧٦.
7-یوسف ئاکچورا: بە یەکێک لە دامەزرێنەرانى فیکرى تورکچیەتى دادەنرێت. لە ساڵى (١٨٧٦) لە سەربەکازان (Serbekazan) لەدایکبووە. دواى مردنى باوکى، بە هۆى خراپیی دۆخى ئابورییانەوە بۆ ئەستەنبوڵ کۆچدەکەن. ئاکچورا هەر لە تەمەنى منداڵییەوە ژمارەیەکى زۆر کتێبى لە بارەى بیرى تورکچیەتییەوە خوێندووەتەوەو کاریگەریی لە سەر داناوە، هەر لەبەر ئەم هۆیە چەندین جار دەستگیردەکرێت‌و لە کۆتاییدا بەرەو فەڕەنسا کۆچدەکات‌و لەوێ دەبێت بە ئەندامى کۆمەڵەى تورکە لاوەکان. چەندین بەرهەمى هەیە، بەناوبانگترینیان بریتین لە: سێ شێوەى سیاسەت، کە لە ساڵى (١٩٠٣) نوسیویەتى. لێرەدا بڕواى وا بووە ئیتر ڕەوت یان هزرى پان_عوسمانى‌و پان_ئیسلامیزم نەیانتوانى دەوڵەت‌و کۆمەڵگە لەو دۆخە ڕزگاربکەن کە تێیکەوتبوو، بۆیە تەنها ڕێگەى سێیەم ماوەتەوە، ئەویش تورکیزمە. لە ساڵى (١٩٠٨) بۆ ئەستەنبوڵ‌ دێتەوەو چەندین چالاکی‌و هەوڵ بۆ بڵاوکردنەوەى هزرى تورکچیەتى دەدات. لە سەر داواى ئەتاتورک لە ساڵى (١٩٢٣) دەبێت بە ئەندامی پەرلەمان. یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانى کۆمەڵەى مێژووى تورک‌و ماوەیەکیش سەرۆکى ئەم کۆمەڵەیە بووە. لە ساڵى (١٩٣٥) بە جەڵدەى دڵ کۆچیدوایی دەکات. سەرچاوە: (https://ataturkansiklopedisi.gov.tr/bilgi/yusuf-akcura-1876-1935/).

_________________
سەرچاوەکان:

(1)Türk Dil Kurumu Sözlükleri, https://sozluk.gov.tr/ 21.08.2024.
(2)Recep Şentürk, Millet, TDV İslâm Ansiklopedisi, 30. Cilt, 2020, Ankara, s66, https://islamansiklopedisi.org.tr/millet.
(3)Zeynel Abidin KILINÇ, Çokkültürlülük ve Millet Sistemi, Pesa Uluslararası Sosyal Araştırmalar Dergisi, 28 Mayıs 2017, s52.
(4) Serden Onur Karaca, Türk Milliyetçiliğinin İki Farklı Yüzü: Ziya Gökalp Ve Yusuf Akçura, International Social Sciences Studies Journal, 2021, (e-ISSN:2587-1587) Vol:7, Issue:86; s 3590
(5) Hasan Bozkurt ÇELİK, Millet ve Milliyetçilikten milletler ve Milliyetçiliklere: Postmodern Dönemde Milliyetçilik, (Yayınlanmamış Doktora Tezi), Hacı Bayram Veli, Üniversitesi, Ankara, 2022, s90.
(6)Tarık Özkaraman, Yeni Irkçılık 2002 sonrası DönemTürkiye Analizi, (Yayınlanmamış Yüksek Lisans Tezi), İstanbu Üniversitesi, İstanbul, 2017, s10-11.
(7) Gordon marshall, Sosyoloji Sözlüğü, çevirenler Osman akınhay ve Derya kömürcü, Bilim ve Sanat Yayınları, Ankara, 1999, s234-235. Uğur ÂŞIK, Faşizim İdeolojisi Bağlamında Türk Milliyetçiliği: Milliyetçi Hareket Partisi Üzerine Bir İnceleme (Yayınlanmamış Doktora Tezi), İstanbul Gelişim Üniversitesi, İstanbul, 2020, .S45
(8)Serden Onur Karaca, Türk Milliyetçiliğinin İki Farklı Yüzü: Ziya Gökalp Ve Yusuf Akçura, International Social Sciences Studies Journal, 2021, (e-ISSN:2587-1587) Vol:7, Issue:86; s 3589.
(9)Yrd. Doç. Dr. Emre Yıldırım, Türkiye’de Milliyetçiliğin Arka Planı: Osmanlı’da Modernlik ve Milliyetçilik, Journal of History Studies, Volume 6 Issue 6, p. 231-252, December 2014, s231.
(10)Dr. Erol TURAN, Milliyetçilik Teorisinin Gelişimi ve Türk Milliyetçiliği, Sosyal ve Teknik Araştırmalar Dergisi, Yıl 1 – Sayı 1 – Mayıs 2011, s1.
(11)Yrd. Doç. Dr. Emre Yıldırım, Türkiye’de Milliyetçiliğin Arka Planı: Osmanlı’da Modernlik ve Milliyetçilik, Journal of History Studies, Volume 6 Issue 6, p. 231-252, December 2014, s240.
(12) Yrd. Doç. Dr. Emre Yıldırım, Türkiye’de Milliyetçiliğin Arka Planı: Osmanlı’da Modernlik ve Milliyetçilik, Journal of History Studies, Volume 6 Issue 6, p. 231-252, December 2014, s238.
(13) Serden Onur Karaca, Türk Milliyetçiliğinin İki Farklı Yüzü: Ziya Gökalp Ve Yusuf Akçura, International Social Sciences Studies Journal, 2021, (e-ISSN:2587-1587) Vol:7, Issue:86; s 3589
(14)Serden Onur Karaca, Türk Milliyetçiliğinin İki Farklı Yüzü: Ziya Gökalp Ve Yusuf Akçura, International Social Sciences Studies Journal, 2021, (e-ISSN:2587-1587) Vol:7, Issue:86; s 3593.
(15)Seta Panel, Türkiye’de Yükselen Milliyetçilikler, 19 Nisan 2006, https://www.setav.org/yorum/turkiyede-yukselen-milliyetcilikler, 16.08.2024.
Canan MAZLUM AKSOY, Milliyetçi İdeolojinin Tarihsel Gelişimi, 21. Yüzyılda Eğitim ve Toplum Cilt / Volume 10, Sayı / Issue 30, Kış 2021 Araştırma Makalesi, s670.
(16) Dr. Erol TURAN, Milliyetçilik Teorisinin Gelişimi ve Türk Milliyetçiliği, Sosyal ve Teknik Araştırmalar Dergisi, Yıl 1 – Sayı 1 – Mayıs 2011, s8.
(17)Oğuzhan Koca, Türkiye’de Muhafazakar, Milliyeçi ve Sol Düşüncelerde Siyasal bir Sembol olarak Atatürk, SBF Dergisi, Cilt 75, No.4, 2020, s1480. İbrahim AYAZ, Cumhur İttifakının İdeolojik Terkibinde Türk Sağının Üç Halı: Muhafazakârlık, Milliyetçilik, İslamcılık, (Yayınlanmamış Yüksek Lisans Tezi), Eskişehir Osmangazi Üniversitesi, S16.
(18)Oğuzhan Koca, Türkiye’de Muhafazakar, Milliyeçi ve Sol Düşüncelerde Siyasal bir Sembol olarak Atatürk, SBF Dergisi, Cilt 75, No.4, 2020, s1480.
(19)Dr. Erol TURAN, Milliyetçilik Teorisinin Gelişimi ve Türk Milliyetçiliği, Sosyal ve Teknik Araştırmalar Dergisi, Yıl 1 – Sayı 1 – Mayıs 2011, s8.
(20)Seta Panel, Türkiye’de Yükselen Milliyetçilikler, 19 Nisan 2006, https://www.setav.org/yorum/turkiyede-yukselen-milliyetcilikler, 16.08.2024.
(21)Oğuzhan Koca, Türkiye’de Muhafazakar, Milliyeçi ve Sol Düşüncelerde Siyasal bir Sembol olarak Atatürk, SBF Dergisi, Cilt 75, No.4, 2020, s1481. Serden Onur Karaca, Türk Milliyetçiliğinin İki Farklı Yüzü: Ziya Gökalp Ve Yusuf Akçura, International Social Sciences Studies Journal, 2021, (e-ISSN:2587-1587) Vol:7, Issue:86; s 3600.
(22)Canan MAZLUM AKSOY, Milliyetçi İdeolojinin Tarihsel Gelişimi, 21. Yüzyılda Eğitim ve Toplum Cilt / Volume 10, Sayı / Issue 30, Kış 2021 Araştırma Makalesi, s670.
(23)Dr. Erol TURAN, Milliyetçilik Teorisinin Gelişimi ve Türk Milliyetçiliği, Sosyal ve Teknik Araştırmalar Dergisi, Yıl 1 – Sayı 1 – Mayıs 2011, s1.
(24)Abdulkerim Şen, Müfredata Hakimiyet Mücadelesi: Seküker- Milliyetçiliğe Karşı Muhafazakar Milliyetçilik, Mülkiye Dergisi, 42(3), 321-345, 2018, s323-324.
(25)Osman Tiftikçi, Türkiye’de muhafazakâr milliyetçi blokun tarihsel oluşumu, 11 Ağustos -2023, https://www.gazeteduvar.com.tr/turkiyede-muhafazakar-milliyetci-blokun-tarihsel-olusumu-haber-1631778, 23.08.2024.
(26)Canan MAZLUM AKSOY, Milliyetçi İdeolojinin Tarihsel Gelişimi, 21. Yüzyılda Eğitim ve Toplum Cilt / Volume 10, Sayı / Issue 30, Kış 2021 Araştırma Makalesi, s674.
(27)Dr. Erol TURAN, Milliyetçilik Teorisinin Gelişimi ve Türk Milliyetçiliği, Sosyal ve Teknik Araştırmalar Dergisi, Yıl 1 – Sayı 1 – Mayıs 2011, s11.
(28)Oğuzhan Koca, Türkiye’de Muhafazakar, Milliyeçi ve Sol Düşüncelerde Siyasal bir Sembol olarak Atatürk, SBF Dergisi, Cilt 75, No.4, 2020, s1481.
(29) Dr. Erol TURAN, Milliyetçilik Teorisinin Gelişimi ve Türk Milliyetçiliği, Sosyal ve Teknik Araştırmalar Dergisi, Yıl 1 – Sayı 1 – Mayıs 2011, s11.
(30)Uğur ÂŞIK, Faşizim İdeolojisi Bağlamında Türk Milliyetçiliği: Milliyetçi Hareket Partisi Üzerine Bir İnceleme (Yayınlanmamış Doktora Tezi), İstanbul Gelişim Üniversitesi, İstanbul, 2020, s88.
(31) Yaşar Suveren, Türkiye’de Muhafazakarlık Olgusunun Siyasal Algılanışı Üzere: Bir Alan Çalışmasının Bulguları, Yakın Doğu Üniversitesi İslam Tetkikleri Merkezi Dergisi, Yıl: 2, Sayı 1, Bahar 2016, s3.
(32)Abdulkerim Şen, Müfredata Hakimiyet Mücadelesi: Seküker- Milliyetçiliğe Karşı Muhafazakar Milliyetçilik, Mülkiye Dergisi, 42(3), 321-345, 2018, s332.
(33) Ali Rıza SAVAŞ , Türkiye’de Muhafazakârlık Milliyetçilik İlişkisi: MilliyetçiliğinYeniden Üretilmesinde AK Parti’nin Rolü, (Yayınlanmamış Doktora Tezi), İnönü Üniversitesi, Malatya, 2020, s332.
(34)Ersin Öztürk, 15 Temmuz 2016 Sonrası MHP’nin Siyasal Söylemi ve Milliyetçi Muhafazakâr Söylem , (Yayınlanmamış Doktora Tezi), İstanbul Medeniyet Üniversitesi, İstanbul, 2024, s59.
(35)Ali Rıza SAVAŞ , Türkiye’de Muhafazakârlık Milliyetçilik İlişkisi: MilliyetçiliğinYeniden Üretilmesinde AK Parti’nin Rolü, (Yayınlanmamış Doktora Tezi), İnönü Üniversitesi, Malatya, 2020, s339.
(36)Ali Rıza SAVAŞ , Türkiye’de Muhafazakârlık Milliyetçilik İlişkisi: MilliyetçiliğinYeniden Üretilmesinde AK Parti’nin Rolü, (Yayınlanmamış Doktora Tezi), İnönü Üniversitesi, Malatya, 2020, s364.
(37)Uğur ÂŞIK, Faşizim İdeolojisi Bağlamında Türk Milliyetçiliği: Milliyetçi Hareket Partisi Üzerine Bir İnceleme (Yayınlanmamış Doktora Tezi), İstanbul Gelişim Üniversitesi, İstanbul, 2020, s92.
(38)Mahmut Hamsici, Türkiy’de Milliyetçilik Yükseliyor mu?, BBC Türkçe, 24 Mayıs 2023, 16.8.2024.
(39)Lela Elmacıoğlu, Türkiye’de milliyetçilik çeşitleniyor, partiler bölündükçe aldıkları toplam oy artıyor, INDEPENDENT Türkçe, 20 Mays 2023 – https://www.indyturk.com/node/633151/siyaset/t%C3%BCrkiyede-milliyet%C3%A7ilik-%C3%A7e%C5%9Fitleniyor-partiler-b%C3%B6l%C3%BCnd%C3%BCk%C3%A7e-ald%C4%B1klar%C4%B1-toplam-oy- 16.0.8.2024.
(40)Uğur ÂŞIK, Faşizim İdeolojisi Bağlamında Türk Milliyetçiliği: Milliyetçi Hareket Partisi Üzerine Bir İnceleme (Yayınlanmamış Doktora Tezi), İstanbul Gelişim Üniversitesi, İstanbul, 2020, s94.
(41)Ali Rıza SAVAŞ , Türkiye’de Muhafazakârlık Milliyetçilik İlişkisi: MilliyetçiliğinYeniden Üretilmesinde AK Parti’nin Rolü, (Yayınlanmamış Doktora Tezi), İnönü Üniversitesi, Malatya, 2020, s341.
(42)Ali Rıza SAVAŞ , Türkiye’de Muhafazakârlık Milliyetçilik İlişkisi: MilliyetçiliğinYeniden Üretilmesinde AK Parti’nin Rolü, (Yayınlanmamış Doktora Tezi), İnönü Üniversitesi, Malatya, 2020, s344-354.
(43)Ali Rıza SAVAŞ , Türkiye’de Muhafazakârlık Milliyetçilik İlişkisi: MilliyetçiliğinYeniden Üretilmesinde AK Parti’nin Rolü, (Yayınlanmamış Doktora Tezi), İnönü Üniversitesi, Malatya, 2020, s347.
(44)Ali Rıza SAVAŞ , Türkiye’de Muhafazakârlık Milliyetçilik İlişkisi: MilliyetçiliğinYeniden Üretilmesinde AK Parti’nin Rolü, (Yayınlanmamış Doktora Tezi), İnönü Üniversitesi, Malatya, 2020, s367.
(45)Doğu Akdeniz’de Gerilim: Türkiye ile Yunanistan Arasında Yeni Bir Kriz, Velhasıl, 4.7.2024. https://www.velhasilgazetesi.com/dogu-akdenizde-gerilim-turkiye-ile-yunanistan-arasinda-yeni-bir-kriz-86238. 25.08.2024.
(46)Abdulkerim Şen, Müfredata Hakimiyet Mücadelesi: Seküker- Milliyetçiliğe Karşı Muhafazakar Milliyetçilik, Mülkiye Dergisi, 42(3), 321-345, 2018, s321.
(47)Baki Laleoğlu, Milliyetçiliği Yönetmek: Erdoğan, Cumhur İttifakı ve Yerli-Milli Siyaset, Kriter Sitesi, yıl 8, sayı 80, 01 Haziran 2023, 16.08.2024.
(48)Mahmut Hamsici, Türkiy’de Milliyetçilik Yükseliyor mu?, BBC Türkçe, 24 Mayıs 2023, 16.8.2024.
(49)Baki Laleoğlu, Milliyetçiliği Yönetmek: Erdoğan, Cumhur İttifakı ve Yerli-Milli Siyaset, Kriter Sitesi, yıl 8, sayı 80, 01 Haziran 2023, 16.08.2024.
(50)Mahmut Hamsici, Türkiy’de Milliyetçilik Yükseliyor mu?, BBC Türkçe, 24 Mayıs 2023, 16.8.2024. Baki Laleoğlu, Milliyetçiliği Yönetmek: Erdoğan, Cumhur İttifakı ve Yerli-Milli Siyaset, Kriter Sitesi, yıl 8, sayı 80, 01 Haziran 2023, 16.08.2024.
(51)Uğur ÂŞIK, Faşizim İdeolojisi Bağlamında Türk Milliyetçiliği: Milliyetçi Hareket Partisi Üzerine Bir İnceleme (Yayınlanmamış Doktora Tezi), İstanbul Gelişim Üniversitesi, İstanbul, 2020, s93.
(52)KESK û SOR û ZER: İnat, Umut, Futbol – Amedspor Raporu, S78. https://kurdish-studies.org/yayinlar/amedspor/. 27.8.2024.
(53)Pelin Akdemir-Vecdi Erbay, Bursaspor-Amedspor maçı: Dünün olayı değil…, 11.03.2023, Gezeteduvar, https://www.gazeteduvar.com.tr/bursaspor-amedspor-maci-dunun-olayi-degil-haber-1607316. 24.08.2024.
(54)Cumhuriyet gezetesi, Amedspor’dan Bahçeli’nin sözlerine yanıt: ‘Amedspor hep vardı, hep var olacaktır’, 7.3.2023, https://www.cumhuriyet.com.tr/spor/amedspordan-bahcelinin-sozlerine-yanit-amedspor-hep-vardi-hep-var-olacaktir-2058534. 27.8.2024.
(55)Amedspor taraftarına ‘ırkçı’ saldırı: Sorumlular yakalansın!i 24.08.2024, Amidahaber, https://amidahaber.com/gundem/amedspor-taraftarina-irkci-saldiri-sorumlular-yakalansin-199654h. 25.08.2024.
(56)Baki Laleoğlu, Milliyetçiliği Yönetmek: Erdoğan, Cumhur İttifakı ve Yerli-Milli Siyaset, Kriter Sitesi, yıl 8, sayı 80, 01 Haziran 2023, 16.08.2024.
(57)Baki Laleoğlu, Milliyetçiliği Yönetmek: Erdoğan, Cumhur İttifakı ve Yerli-Milli Siyaset, Kriter Sitesi, yıl 8, sayı 80, 01 Haziran 2023, 16.08.2024.
(58)Independent Türkçe, Türkiye’nin Eğilimleri Araştırması: Toplumun yarısından fazlası muhafazakâr, milliyetçi ya da İslamcı, 17 Ocak 2023, https://www.indyturk.com/node/600206/haber/t%C3%BCrkiyenin-e%C4%9Filimleri-ara%C5%9Ft%C4%B1rmas%C4%B1-toplumun-yar%C4%B1s%C4%B1ndan-fazlas%C4%B1-muhafazak%C3%A2r, 23.8.2024.
(59)İbrahim AYAZ, Cumhur İttifakının İdeolojik Terkibinde Türk Sağının Üç Halı: Muhafazakârlık, Milliyetçilik, İslamcılık, (Yayınlanmamış Yüksek Lisans Tezi), Eskişehir Osmangazi Üniversitesi, s6. Uğur ÂŞIK, Faşizim İdeolojisi Bağlamında Türk Milliyetçiliği: Milliyetçi Hareket Partisi Üzerine Bir İnceleme (Yayınlanmamış Doktora Tezi), İstanbul Gelişim Üniversitesi, İstanbul, 2020, s93.
(60)Independent Türkçe, Türkiye’nin Eğilimleri Araştırması: Toplumun yarısından fazlası muhafazakâr, milliyetçi ya da İslamcı, 17 Ocak 2023, https://www.indyturk.com/node/600206/haber/t%C3%BCrkiyenin-e%C4%9Filimleri-ara%C5%9Ft%C4%B1rmas%C4%B1-toplumun-yar%C4%B1s%C4%B1ndan-fazlas%C4%B1-muhafazak%C3%A2r, 23.8.2024.
(61)Gökhan GÜRBÜZ , Zafer AKAR ve Nedim Serhat BİLECEN, Medyada Milliyetçilik Bağlamında Militarist Söylem ve Erkeklik Temsili: Söz Dizisinin İncelenmesi, Anadolu Üniversitesi Sosyal Bilimler Dergisi, 21(4), 2021, s1120.

Send this to a friend