• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 5, 2024

پاشه‌كشێی حوجره‌ و خوێندنگە ئایینییه‌كان؛ هۆكار و لێكه‌وته‌كان

ئاماده‌كردنی: ئایینناسی

حوجره‌و خوێندنگە ئایینییه‌كان له‌ كوردستان مێژوویه‌كی دێرینیان هه‌یه‌، ئه‌م دامه‌زراوه‌ ئایینییانه‌ بناغه‌ی ئاشناكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بووه‌ به‌ ئایینی ئیسلام، له‌ڕێگه‌ی ئه‌م خوێندنگانه‌وه‌ سه‌دان كه‌سایه‌تی خاوه‌ن ئه‌زموون له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا به‌رهه‌م هاتوون، ئه‌م ئاڕاسته‌ ئایینییه‌ خاوه‌ن فۆڕمێكی تایبه‌ت بووه‌ له‌ گوتار و به‌رنامه‌ و پێگه‌یاندندا، كه‌ زۆر جه‌ختی له‌ پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی و سانایی كردووەته‌وه‌، هه‌ر ئه‌م ئاڕاستە‌ش ده‌بێته‌ بناغەی‌ دینداری میلليی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی، كه‌ فۆڕمه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی میانڕه‌ویی و یه‌كتر قبووڵكردن بوو، ته‌وه‌ره‌ی ئه‌مجاره‌ی ئايینناسی تایبه‌ت به‌ ڕۆڵی حوجره‌ و خوێندنگە ئایینه‌كان له‌ ئێستا و ڕابردوودا، هۆكاری پاشه‌كشێی ئه‌م ڕه‌وته‌ ئایینییه‌ بۆچی ده‌گه‌ڕیته‌وه‌؟ ڕۆڵی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف له‌م چوارچێوه‌یه‌دا چییه‌؟

بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، وه‌رزنامه‌ی ئایینناسی میوانداری هه‌ردوو به‌ڕێزان، د. محه‌مه‌د پێنجوێنی مامۆستای كۆلێجی شەریعە و د. عه‌دنان خالد مامۆستای ئایینی کردووە.

سه‌ره‌تا د. محه‌مه‌د پێنجوێنی مامۆستا له‌ کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان له‌باره‌ی جیاوازی پرۆگرامی خوێندن له‌ كۆلێژ و حوجره‌كاندا وتی: بابەتە عه‌قڵییەکان پەیوەستە بە دیاریکردنی پرۆگرامی خوێندنه‌وه‌، دیاریکردنی پرۆگرامی خوێندن و بابەتی عەقڵی واتا مەنتیق و وانەكان لە کۆلێژی زانسته‌ ئیسلامییەکان خوێندراوە، بەڵام لیژنەیەک هەبوو لە وەزارەت پێداچوونه‌وه‌ی به‌سه‌ر بابه‌ته‌كاندا كردوە بە پێی سیستمی خوێندنی نوێ و بۆڵۆنیا، ئه‌مه‌ش وای كردبوو كه‌ جێی ئەو هەموو ماددەیه‌ نه‌بێته‌وه‌، ئێستا وانه‌ی تر زیاتر كراوه‌، وه‌كو ژینگه‌ی زانكۆیی، وانه‌كان گۆڕاون بۆ گفتوگۆی زانستی لەبری بابەتە عەقڵییەكان. واتە پێشووتر بابه‌ته‌ عه‌قڵییه‌كان و مەنتیق و فەلسەفە هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی کە پرۆگرامی خوێندن گۆڕا وانه‌كان كه‌م كرانه‌وه‌، بۆ نموونە جاران لە وەرزێکدا حەوت وانه‌مان هه‌بوو، وتیان دەبێت پێنج وانه‌ بێت، لەوە زیاتر لەگەڵ سیستمی بۆڵۆنیا ناگونجێت، دەبێت لەگەڵ سیستمەکەدا بن، ئەو لیژنە وانه‌كانی داڕشتووەته‌وه‌ هیچ پەیوەندیەکی نییە بە هیچ یەکێك لە کۆلێجەکانەوە، ئه‌وه‌ سیستمی وەزارەتی خوێندنی باڵایە.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و پرۆگرامی خوێندنه‌ی دانراوە ڕەنگدانەوەی واقیعی کوردستانه‌، د.محه‌مه‌د پێنجوێنی دەڵێت: دەتوانین بڵێین جێگیرە، خەڵکانێک پێ دەگەیەنێت کە میانڕەون و دەتوانن زمانی مۆدێرن گفتوگۆ بکەن، لەگەڵ ئەوەدا، ئێمە کێشەیەکی ترمان هەیە کە نزمی نمرەی وەرگرتنە، نزمترین نمرەی کۆلێژەکانی زانکۆی سلێمانی، کۆلێژی زانستەی ئیسلامییەکانە، لەبەر ئەوەی (60) وەردەگرێت، هەروەها بە پاڕالێڵ و پارە، (57، 58، 59) وەردەگرێت، ئەمە ئاستی زۆر نزمە، لەبەرئەوە ناتوانیت بیگەیەنیتە لووتکە، یەکێکە لە گرفتەکان کە نەتوانرێت خوێندکارێکی چالاکی پڕ ئەزموون پەروەردە بکەیت، لەبەر ئەوەی نمرەکەی زۆر نزمە، هەرچەندە تا ڕادەیەک ئاستی کۆلێژەکان جێگیر و باشە، بەڵام لە ڕووی کوالێتییەوە خوێندکارەکان نزمترین نمرەیان هەیە و ئەوەش کێشەکەیە.

لەبارەی کوالێتی پرۆگرامی خوێندنیشەوە، د.محەممەد پێنجوێنی تەئکید دەکاتەوە کە پرۆگرامەکە دروستە، بەڵام دەبێت خوێندکارەکەش لە ئامادەباشیدا بێت، ئەوانەی کە لە حوجرەکانەوە بۆ کۆلێژەکان دێن ژمارەیان کەمە و لە سەدا دەیە، لەسەدا نەوەدەکەی یان لە کەم نمرەییەوە هاتووە، یان لە هیچ شوێنێک وەرنەگیراوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر گوتاری ئایینی دەبێت، چونکە تۆ ناتوانیت وەکو ئەوەی دەتەوێت کە خوێندەوار و ئاست بەرز بن بتوانن ڕووبەڕووی تەکفیری و ئەو خەڵکە ئاڵۆزانەی کە پشێوی کۆمەڵگا تێکدەدەن بوەستنەوە، لەبەر ئەوەی ئاستەکەیان نزمە، زۆر ماندووبوونی ئەوێت تا بیگەیەنیتە ئاستێکی بەرزتر، ئەوە یەکێکە لە گرفتەکان.

سەبارەت بە پاشەکشەی خوێندنی حوجرە و کاریگەری کۆلێژە ئیسلامییەکان، د.محەممەد پێنجوێنی دەڵێت: ئەو بابەتە پەیوەندی بە کۆلێژەکانەوە نییە و زیاتر پەیوەندی بەوەوە هەیە کە دەوڵەت نەهاتووە خەمێک لە حوجرەکان بخوات، بە تایبەتی بڕوانامەی حوجرە، بۆ نموونە ئەگەر بەدواداچوون بکەیت، (قەشە)مان هەیە، دکتۆرای هەیە لە فیزیادا، واتە خوێندنی کەنیسەی دانپێدانراوە، بۆ هەر شوێنێک بڕوات دەتوانێت بۆی بچێت، بەڵام لای ئێمە خوێندنی ئایینی دانپێدانراو نییە. ئه‌مه‌ش گەورەترین کێشەیه‌، ئه‌گه‌ر قۆناغی شەشه‌می ئاماده‌ییان نه‌بێت، ناچنه‌ ناو سیستمی زانکۆلاینەوە، هەتا ئێستا بە (کتابنا کتابكم) قبووڵیان بۆ وەردەگرین، لەبەر ئەوە حکومەت نەهاتووە گرنگیان پێ بدات، پەراوێزی خستوون، بۆیە قوتابییەكان دەچن بۆ تورکیا، بە ئایدیایەكی تر دێتەوە، هەمانە دەچێت بۆ ئێران، بە ئایدیایەکی تر دێتەوە، هەمانە دەچێت بۆ دەوڵەتانی عەرەبی، بە ئایدیایەکی تر دێتەوە، گرفتەکە کێ دروستی کردووە، دەوڵەت، بۆ نموونە لەم ڕۆژانەدا جەنابی وەزیر دەڵێت جوگرافیا و مێژوو و شەریعەمان پێویست نییە، یا هەلی کار نییە، ئەوە گەورەترین هەڵەیە، ئێستا لە سلێمانیدا، چەند سەد مزگەوت هەیە بێ ئیمامە، تۆ نەتوانی کادرێکی وا پەروەردە بکەی، ئێ ئەمە شوێنەکانی کە دەیگرێتەوە، دوایی كاره‌سات دروست ده‌بێت، ناتوانێ چاره‌سه‌ری بكه‌یت، واته‌ تۆ ئێستا بڵێی من پێویستم بە شەریعه‌ نییە، ئه‌وە لە ڕووی ئەمنی نەتەوەییەوه‌ گەورەترین هێڵی سوورە.

فارسەکان، تورکەکان، هەموویان ئایینیان بەکارهێنا بۆ دەوڵەتداری و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی تر، بەس لای ئێمه‌ دەڵێت پێویستم پێی نییە، ئاخر چۆن پێویستت پێ نییە، سەدا نەوەدی میللەتەکەت موسڵمانە، تۆ پێویستت بە کادیری میانڕەو هەیە، تەنانەت کەسانێک هەبوون دەیانگوت کردنەوەی کۆلێژەکان هەیە ئێمە موناقەشە و گفتوگۆمان لەگەڵ دەکردن و پێمان دەگوتن چۆن هەڵەیە، تۆ دەتەوێت بچێت بۆ ئوردن و تورکیا و ئێران، ئەو کات وەکو ئەوەی دەتەوێت بۆت پەروەردە نابێت، سنووری هەموو خەتە سوورەکانی نەتەوەیی و پێکەوەژیان و قەومیەت دەبەزێنێت، من خوێندکارەکەی خۆم پێنەگەیەنم، بە فیکرێکی میانڕەو، بە فیکرێکی نەتەوایەتی، بە زمانێکی شیرینی کوردایەتی پەروەردەی نەکەم، ئەی کێ بۆم پەروەردە دەکات؟ دەشڵێت: ئەگەر بێتو کۆلێژەکان نەمێنن، ئەو خوێندکارانە دەڕۆن لە شوێنی تر دەخوێنن، ئێستا خوێندکارمان دەچێت بۆ مالیزیا، خوێندکارمان دەچێت بۆ وڵاتانی دونیای تر دەخوێنێت، بۆ نموونە دەوڵەتانی دراوسێ، ئەسڵەن دەچێت مینحە ئەدا بە زیرەکەکانی تۆ، (یەکەم و دووەم و سێیەم) دەڵێت وەرە بەخۆڕایی بخوێنە، بۆچی لەوێ بخوێنێت، تەبعەن دوای کە دێتەوە بە فیکرێکی ترەوە دێتەوە.

د. محەممەد پێنجوێنی ئاماژە بە چەند خالێک دەکات لەبارەی حوجرەکانەوە و دەڵێت: یەکەم،  خوێندنگە ئایینییه‌كان پەراوێز خراون، هەتا ئێستا لەناو سیستمی زانکۆلایندا نین، دووه‌م، لە هیچ شوێنێکی دیکە وەرناگیرێن جگە لە کۆلێژی شەریعە، کە دەبوو لە عەرەبی یان کۆلێژی یاسا وەربگیرانایە ، دەکرێت ئەزموون لەسەر حەوت خوێندکاری خوێندنگە ئایینییەکان بکرێت، بخرێنە کۆلێژی یاسا، ئەوان فیقهیان خوێندووە، ئوسووڵیان خوێندووە، زمانیان خوێندووە، بێگومان سێ هێندە لە خوێندکارەکانی یاسا بەهێزتر دەبن، ئەوان بێبەشن لەو شوێنانە، بۆیە خەڵک ناوێرێت، پاشەکشە دەکات، خەڵک ناوێرێت منداڵەکەی ببات بۆ خوێندنە ئایینییەکان، لەبەر ئەوەی لە هیچ شوێنێک دانانرێت بە بڕوانامەکەیدا، ئەمەش بە بەرنامە کراوە و کاری دەوڵەتە، ئەوە هەڵەیە و دەبێت ڕاست بکرێتەوە، لە سەرەوە ڕاست بکرێتەوە، دەوڵەت ڕۆڵی بینیوە لەو پەراوێزخستنەدا.

د.محەممەد پێنجوێنی لەبارەی کێشەکانی حوجرە و خوێندنگە ئیسلامییەکانەوە زیاتر دەدوێت ئاماژە بەوە دەکات کە کێشەی حوجرەکان دانپێدانانە، یەکسانکردنی بڕوانامەکەی تەنها لە وەزارەتی ئەوقاف دەخوات، ساڵی ڕابردوو کۆمەڵێک قوتابیمان وەرگرت، لەبەر ئەوەی ئاستان زۆر باش بوو، بڕوانامەی حوجرەیان هەبوو، تۆماری گشتی هاتووە دەڵێت کۆلێژێکە دەخەمە لیستی ڕەشەوە، پێم وتن خۆ من وەرمنەگرتوون، ئەوە ناوەندی وەرگرتن هێناویەتی، ئەوان ئاستیان زۆر لەوانی تر بەهێزترە، لەبەر ئەوە ئەمان وا دەڵێن لەبەر ئەوەی ئەو خوێندکاری حوجرەیە پۆلی چوارو پێنج و، شەشی نییە، دەبێت ئەمە سیستمێکی بۆ دابنرێت، یان دەکرێت بگوترێت کە بڕوانامەی پۆلی شەش بە شێوەی دەرەکی بدە، تەنانەت ڕێگاش نادەن تاقیکردنەوەی دەرەکی بکات ، بۆیە خەڵک ناچێت، کە لە حوجرەوە دێت شەشی نییە، دەڵێت نابێت لە کۆلێژ وەربگرێت، ئەی بچێت بۆ کوێ، دەڵێت تەنیا بۆ ئیمامەتی، واتە زوڵمی لێ دەکەن، کە لەمەشدا کێشە لە وەزارەتەکانە، ئەو سەر بە حیزبێکە و ئەو سەر بە حیزبێکە، ئێستا یەکێک لە(حەوزەی عیلمی) تەواو بکات لە (قوم)، بچێت بۆ کۆلێژی پزیشکی دەینێرن، مادەم ئاستی زمانی ئینگلیزی بەهێزە، دوو سەد پرسیاری لێ دەکەن، بۆی دادەنێن، شەش سەعات تاقیکردنەوەی دەکەن، بە دوو ڕۆژ، ئاستی هەیە، ڕاستەوخۆ دەیبەن بۆ (پزیشکی)، پێشتر وتم (قەشەمان)مان هەیە لە مووسڵ، ماجستێری هەیە لە فیقهی ئیسلامیدا، خوێندنی ئیسلامی و حوجرە لێرە هەموو ڕێیەکیان لێ گیراوە. ئەمەش مەترسی لەسەر پەروەردەیان دروست دەکات کە بە ئاڕاستەیەکی تردا دەیانبات، بە شێوازێکی تردا دەڕۆن، لە ئوردن و تورکیا و ئێران بێتەوە، بە گوێی ئێمە ناکات. دەشڵێت: دەرچووی کۆلێژی شەریعەی سلێمانی چووە ماجستێر بخوێنێت لە تورکیا، هێندە ئاستی بەهێز بووە، وتویانە لێرە وانە بڵێرەوە، لەبەر ئەوەی حوجرەی خوێندووە، (سیویتی و ئیبنو عەقیلی لەبەر بووە)، بەڵام ئەوانەی خۆمان ڕێزیان ناگرن، لەبەرئەوە پەرت و پەرتەوازە دەبن، نەتوانراوە وەکو تورک و فارس ئایین بەکار بهێنرێت لە خزمەتی نەتەوەدا.

د.محەممەد بە نیگەرانییەوە دەڵێت: ئێستا مزگەوت و بابەتی خوێندنی ئایینی پەراوێز خراوە، تەنیا لە سنووری سلێمانییدا، لەسەدا شەستی مزگەوتەکانمان خۆبەخشە، شتی وا چۆن دەبێت. لە کۆندا بۆی نەبوو گوتاربێژی مزگەوت بێت هەتا فەرمانی پادشایەتی بۆ دەرنەچێت، واتە نە وەزارەت و دەستەیەک نەبوو، دەبوو بچێت تاقیکردنەوە بکات لە لیژنەیەکی زانستی لە بەغدا، ئەوجا نووسراوەکە دەنێررا بۆ دامەزراوەی پادشایەتی، لەوێ دەبووە ئیمام و خەتیب، ئەو سیستمانە هیچی نەماوە، لەبەر ئەوەی حکومەت پەراوێزی خستووە و لێی ناپرسێت، دەبێت حکومەت پێداچوونەوەی هەبێت دینەکە ئەکتیڤ بکات، کادیرەکان ئەکتیڤ بکات، بۆ بابەتی ئەمنی قەومی خۆمان، ئەوان بە ناوی ویلایەتەوە، دەڵێن فەجری یەک و فەجری دوو،فەتحی یەک و فەتحی دوو، تورک و فارس لەو بابەتە لە کورد زیرەکترن لە بەکارهێنانی دین بۆ خزمەت نەتەوەکەیان.

هەروەها د.عەدنان خالید مامۆستای ئایینی لەبارەی تایبەتمەندی خوێندنی ئایینی لە خوێندنی ئایینی لە حوجرەکاندا بەراورد بە کۆلێژی زانستی ئیسلامییەکان وتی: سەرەتا نامەوێت بڵێم حوجرە و ناوەندە ئەکادیمییەکان دژی یەکن، بەڵکو دوو ناوەندی جیاوازن، ناوەندی حوجرە و هەر خوێندنگەیه‌كی ئایینی کە دامەزراوە یا دروست بووە لە هەر کۆمەڵگایەکا، ناوەندێکی زانستی خۆڕسکی کۆمەڵگەی موسڵمان بووە، چونکە موسڵمان سەرچاوەکەی عەقیدەی بیروڕایەکی هەیە، کە ئەم عەقیدە و بیروڕایە پێویستیەتی بگەڕێتەوە بۆ قورئان و سوننە، تێگەیشتن لە قورئان و سوننە، بۆ ئەمەش پێویست بووە کە هەمیشە هەر لە سەرەتای ئیسلامەوە تاکو ئێستا کۆمەڵێک ژیانی خۆیان تەرخان بکەن بۆ تێگەیشتنی قورئان و سوننەت، چونکە کارەکان و ژیانیان و دینیان و ژینیان و عەقیدەیان هەمووی تەنها لە ڕێی قورئان و سوننەتەوە سەرچاوە دەگرێ، بەمەش پێویستی کردووە کۆمەڵێ زانستی ئایینی بخوێندرێن، کۆمەڵە کەسێک هەستن ژیانی خۆیان تەرخان بکەن بۆ ئەم تێگەیشتنە، بۆ هۆشیارکردنی خەڵک لە کاروباری دین و ژینیان، بەڵام ناوەندە ئەکادیمییەکان بە گشتی نەک هەر زانکۆ ئیسلامییەکان، ناوەندە ئەکادیمییەکان دەزانین بەرهەمی پێشکەوتنی مرۆڤە، زانستخوازی مرۆڤە، مرۆڤ کە لەوەتەی دروست بووە و هاتووەتە سەر ئەم زەوییە، وردە وردە گەیشتووەتە ئەم ئاستەی کەوا ئێستا خوێندن لە هەموو جیهاندا بووە بە ئەکادیمی و بەو شێوازەی کە ئێستا هەیە، ئەمە زانستخوازی خودی مرۆڤە، کەوابێ حوجرە لەگەڵ ناوەندە ئەکادیمییەکان لە بناغەوە جیاواز بوون، واتە ئەوەی کە ئەمی دروست کردووە ئەوەی ئەوی دروست کردووە جیاواز بووە، دەکرێ لە ناو زانستخوازی مرۆڤدا وەکو لە زانکۆکانی فەڕەنسا، ئەمریکا، بەشی ئایینخوازی هەبێت، بەڵام حوجرە هەر لەناو ناخ و دڵ و دەروون و هەناوی کۆمەڵگەی موسوڵماندا دروست بووە، ئەمە تایبەتمەندییەکەیەتی.

بێگومان تایبەتمەندی تریشی هەیە، چونکە ئەو کەسانەی لە کۆندا لە حوجرەکاندا خوێندویانە بە خواستی خۆیان بووە، بەزۆر نەبووە، فشار نەبووە، خواستی خەڵک خۆی بووە، خەڵک خۆی هەستاوە بە دابینکردنی ژیانی فەقێ، ژیانی مامۆستا، ژیانی مامۆستاکان ، خوێندکار ئازاد بووە چی دەخوێنێت، خەریکی چ دەبێت، پەیوەستیش بووە بە کۆمەڵێک ئاداب و ڕەفتارەوە، بەردەوامیش خوێندوویەتی.

شتێکی تریش کە لە زانستە ئیسلامییەکان و لە حوجرەکاندا لە کۆنەوە هەبووە و ئێستاش بەشێکی ماوە (ئاسارەکەی)، ئەوە بووە کە ئەم زانستە ئیسلامییانەی ئێمە زۆر گەورەن، -جەنابی دکتۆر باسی مەنهەجی کرد- ئەوەندە گەورەیە تۆ ناتوانی بیخەیتە مەنهەجێکەوە بە چوار ساڵ بیڵێیتەوە بە قوتابی، کێشەکە لێرە ڕوو دەدات، ئەو کەسەی کە دەچێتە زانستە ئیسلامییەکان، ناتوانێت شارەزای زانستە ئیسلامییەکان بێت، چونکە وا تەماشای دەکرد کە زانستە ئیسلامییەکان بە ئاسایی زانستێکی زۆر زۆر کەمە، بەڵام لە ڕاستیدا کۆمەڵە زانستێکە کە هەمووی پەیوەستن بەیەکەوە، نەحوە، سەرفە، مەنتیقە، بەلاغەیە بەدیعە، بەیانە، هەر هەمووی کە پێ دەڵێن (زانستی ئەسنا عەشەری)، هەمووی پێکەوە بەسراون، بەڵام لە حوجرەکاندا بە پلەبەندییە، لە پێشدا ئەم منداڵە فێری خوێندنەوە کراوە، دوای چووەتە تەجویدی قورئان، دوای چووەتە نەحو و سەرف، تا گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی کەوا موفتی بێ، زانا بێ، دانا بێ، داهێنەر بێ، نووسەر بێ، یانی یەکێکی وەکو مامۆستا کەریمی بیارە، خۆی قوتابی بوو لای شێخ ئیبنو قەرەداغی، وانە بە خوێندکار وتووە، ڕاڤەی پەرتووکی سیوتیشی بۆ من کردووە، ئێستا خۆشی خوێندکار بووە، واتە ئاستی مەعریفیشیان ئەوەنە بەرز بووە، هۆکارەکەی چی بووە، چونکە هەر لە منداڵییەوە گۆش کراوە لەسەر ئەم زانستە، بەردەوامی هەبووە، تا ئەم زانستەی پیادە نەکردبێت، نەیهێشتووە بڕواتە ئاستێکی تر، ئەمە زۆر گرنگە بۆ پێشکەوتنی کەسێک کەوا شارەزا بێ لەو دینەی کە هەموو ژیان و حەیاتی مرۆڤەکان پەیوەستە پێیەوە، تاوەکو سەدەی ناوەڕاستی سەدەی بیست شانازی میللەتی کورد، هەرچی خوێندەوار و نووسەر و سەرکردە و شاعیر و گەورە پیاو هەبوو، کەڵەپیاو هەبوو، بەرهەمی حوجرە بوو، هەموو کەسێک دان بەمەدا دەنێت ، لە غەیری ئەمە ئێمە کورد ئەگەر بگەڕێیتەوە تا لە ناوەڕاستی سەدەی بیست هیچ گەورە پیاوێک، کەڵە پیاوێکی مێژوومان نییە ته‌نیا لەم حوجرانەوه‌ پێ گەیشتووە.

د. عەدنان ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو کەسەی کە لە حوجرە دەخوێنێت بە عیبادەتی دەزانێت، بۆ عیبادەت و بەجێگەیاندنی عیبادەت هاتووە، ڕۆژانە لەناو مزگەوتەکەیدا دەبێت، نوێژەکانی دەکات بە کۆمەڵ، زیکرەکانی بەیانی و ئێوارانی دەکات، مامۆستایەکی هەیە مامۆستاکەشی خۆی بە هەمان ئاقاردا ڕۆیشتووە، بەئەخلاق و بەئەدەب فێری دەکات، فێری ئەوەی دەکات کەوا چەندێک ڕێزی خەڵک بگرێت، لەناو خەڵکدا تێکەڵە، لەگەڵ ئا زاری و برسێتی و ئیشەکانی خەڵکدا تێکەڵە، گفتوگۆی زانستی هەیە، فەقێ لەناو حوجرەکاندا شەو تا درەنگ لە جیاتی گەنجەکانی تر خەریکی کات ڕابواردن بن ئەمان خەریکی توێژینەوەی زانستین و باسی چارەسەری کێشەکان دەکەن، بەم شێوازە ئەمە هەمووی تایبەتمەندییەک بوو کە لە حوجرەکاندا هەبووە، کە لە زانکۆکاندا دەست ناکەوێت، ئەمە بە مانای ئەوە نییە هەر دوو ناوەندەکە دژ بەیەکن، نەخێر، بەڵام لە ئامانجدا لە سەرەتاوە کە دەستی پێکردووە جیاواز بوون، بەڵام ڕاستە لە سێکتەرەکانی ژیاندا بەریەککەوتنیان هەیە، دەبینین بەو شێوازەی ئێستا کە هیچیان بەبێ ئەوەی تریان تەواو نابێت، یانی ئەگەر مامۆستایەک بیەوێت، مامۆستایەکی ئایینی دەعوە بکات، یانی زەمانەکە وای لێهاتووە ژیانی خۆش بێ، گوزەرانی خۆش بێ، شەهادەیەکی نەبێ، شەهادەیەکی ئەکادیمی نەبێت، ناتوانێت بژی، واتە زانایەک تێگەیشتوو بێت و داهێنەر بێت و بنووسێت و توێژینەوە بکات و وانە بڵێتەوە، هەر پێویستی بە ناوەندە ئەکادیمییەکە هەیە.

لەبارەی جیاوازی گوتاری ئەو کەسەی کە دەرچووی حوجرەیە بە بەراورد بەو کەسەی کە دەرچووی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانە، د.عەدنان دەڵێت: لە سەرەتاوە ئێمە نایسەلمێنین ناوەندەکانی ئەکادیمی سەرچاوەی توندوتیژی و ئەو جۆرانە بێت، ئەوە هەر کەسێک وا بزانێت خەتای ناوەندە ئەکادیمییەکانە ئەم کەلێنەی دروست کردووە، هەڵەیە،بەڵکو توندوتیژی لە هەر کۆمەڵێکدا سه‌رچاوه‌كه‌ی ئاره‌زوی مرۆڤه‌كان خۆیەتی، بەتایبەتی گەنجێکی ئیماندار کە دەچێتە قۆناغێکەوە حەز لە دینداری دەکات، ناگات بە ئامانجەکانی خۆی، حەزەکات بە زۆر بە دەستی بهێنێت، ئەمە هەر خواستی خودی مرۆڤ خۆیەتی، پەیوەندی بەوەوە نییە ئەم کەسە لە حوجرە خوێندوویەتی، لە شوێنی تر خوێندوویەتی، ئەوە پەیوەندی بەوەوە نییە، بەڵام دەتوانین بڵێین لە حوجرەکاندا بە بۆنەی ئەوەی کەوا ئەو کەسەی کە دەچووە حوجرەکان پابەند دەبوو بە کۆمەڵێک ڕێسا و یاسا لەناو حوجرەکاندا هەبوو، سوختە و موستەعید هەبوو، دەبێت ئەم مامۆستایە چۆن ڕێزی لێ بگرێ، قوتابی چۆن ڕێز بگرێ لە زانستەکەی چۆن بگرێ، هەر لە منداڵییەوە کۆمەڵێک ئەخلاقیاتی جوانی ئەم گەنجە فێر دەکرێت، لە بە ئەدەب بوونی، لە بەخاکی بوونی، مرۆڤ چ کاتێک دەبێتە توندڕەو و دڕندە، ئەوەیە کە زاڵ نابێت بە سەر ئەو نەخۆشییە دەروونیانەی کە هەیەتی، وای لێ دەکات لە کاردانەوەیەکدا وا دەردەکەوێت، بەڵام کە لە حوجرەی فەقێیەک دەهێنیت لە منداڵییەوە، فێری ئەدەب و لەخۆبوردەیی ، فێری گەورەی دینی دەکەیت، فێری خۆ بەکەم زانینی دەکەیت، فێری ئەوەی دەکەیت کە چۆن ڕووبەڕووی ناڕەحەتییەکانی ژیانی خۆی ببێتەوە، بێگومان کەمتر دیومانە لە ناوەندەکانی حوجرە و فەقێدا کەسی توندڕەو هەبێت، هۆکارەکان خودی ناوەندە ئەکادیمییەکان نین، هۆکارەکە ئەوەیە کە ئەم بە قۆناغێکی سەختدا ڕۆیشتووە، ژیانی بردووەتە سەر و لە خزمەت ئەو کەسانەی کە مامۆستای دڵسۆز بوون بۆ دین و ژینی خەڵک، پەروەردە بووە، هۆکارەکەی ئەوەیە.

هەروەک د.عەدنان تیشک دەخاتە سەر ئەوەی چی بکرێت بۆ ئەوەی کەلێنی نێوان حوجرەکان لەگەڵ زانستە ئیسلامییەکان کەم بکرێتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە بە داخەوە تا ئێستا نەتوانراوە لە وڵاتی ئێمە گرنگی بە ناوەندەکانی حوجرە و فەقێ و خوێندنگەکان بدرێت، لە ئەزهەر، ئەمساڵ شێخی ئەزهەر تەلەفۆن دەکات بۆ یەکەمی میسر، دەڵێت خوێندکاری ئەوێ بووە، لەسەر ئاستی زانستی، ئەوە ئەزهەر خوێندنگەیەکی ئایینی بووە، گەیشتووەتە ئەو ئەندازەیەی کە ئێستا هەموو زانستە کردارییەکانیشی تێدایە، ئەندازیاری، پزیشکی، هەتا زانستە مرۆیەکانی یاسا و سیاسەت تێدایە، هەر ئەزهەریش بووە پێشکەوتنی پێکردووە، وڵاتەکەی گرنگی پێ داوە. ئەزهەر بۆ خۆی حکومەتێکە لەناو حکومەتێکدا، دامەزراوەیەکی ئەوەندە گەورەیە، خەڵکەکەشی هیچی نەبووە بە تیرۆریست، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەو خەڵکەی کە لە میسردایە و لە چاو ئەو وڵاتانەی کە لە چواردەوردا هەیە، کەمترین گرفتی لە ڕووی توندوتیژیەوە هەیە، چونکە دامەزراوەی دینی باشە، کە ئەزهەر نوێنەرایەتی دەکات، لە هەمان کاتدا زانستەکانی تریشی پشتگوێ نەخستووە، وای کردووە زانکۆی ئەزهەر لە هەموو زانکۆکانی تری میسر لەپێشتر بێت، نەک هەر لە زانستی ئیسلامی، لە تەواوی ئەو زانستانەی کە ئێستا لە جیهاندا دەخوێندرێت، ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە، بەڵام ئێمە دەبینین زۆر بە کەمی سەیری خوێندنی ئیسلامی دەکرێت، لە کاتێکدا  زۆربەی مزگەوتەکانمان خۆبەخش بەڕێوەی ده‌بات، خۆبەخشەکەش كامڵ نەبووە لە زانستدا، قوڵ نەبووە لە زانسته‌كه‌يدا، تەنها ئەوەندەی کەوا چەند خولێکی دیوە، یان لای چەند مامۆستایەک بووە، یان گوێی لە چەند مامۆستایەک گرتووە لە یوتیوب، زمانی بۆ ئەدا کردن تیژ بووە، یان دەنگی خۆش بووە، خۆی کردووە بە بانگخواز و خەڵکیش لە هەزار زانای پێ زاناترە، بۆیە ئەو کەسانەی کەوا دەیانەوێت خەمخۆری زانستە ئیسلامییەکان بن، خەمخۆری کۆلێژەکانی زانستە ئیسلامییەکان بن، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کەوا لەو دوو ناوەندە دەخوێنن، بەبێ ئەوەی تریان ناتوانن بگەن، بۆیە ئامۆژگاریم ئەوەیە هەم ئەوەی کەوا فەقێیە، کە ژیانی خۆش نابێت مەگەر داخڵی زانکۆکان ببێت، لە هەمان کاتدا بێ خوێندنی زانکۆکانی بەردەوام بێت و ببێت، ئەوەش کە دەچێتە زانستەی ئیسلامییەکان بەبێ باکگراوندێکی حوجرە سەرکەوتوو نابێت، چونکە ئەو زانستانە – وەکو پێشتریش ئاماژەم پێ کرد- ئەوەندە گەورەیە گەورەیی زانستەکان وا دەکات، ناتوانی زانستی عەقڵی کە خۆی کۆمەڵێک زانستە، یەک دانە نییە، مەنتیقە، مەسەلەن حیکمەتە، لەولاوە کەلامە، هەرسێکی کۆکەیتەوە لە مەنهەجێکی سانادا، لە نامیلکەیەکدا، لە بیست دەقەدا بۆ خوێندکار باس بکەی، ئەمە لە حوجرەکاندا لە پێشدا مەنتیق سێ چوار ناوەڕۆک خوێندراوە، دوایی چۆتە سەر حیکمەت، سێ چوار ناوەڕۆک خوێندراوە، دوایی چووەتە سەر عەقائید سێ چوار مەنهەج خوێندراوە، ئینجا هەمووی بە پێنج شەش ساڵ ئەم قوتابییە شەو و ڕۆژ کە خەریک بووە، دیراسەی کردووە، حاشیەکانی خوێندووە، فارسی و تورکیشیان زانیوە، یەکێک وەکو ئەحمەد فایز فەڕەنسیشی زانیوە. بۆیە هەردووکیان بە بێ باکگراوندی ئەوی تریان تەواو نابێ، کەسێک بیەوێ بانگخوازێکی سەرکەوتوو بێ و ڕەقەمی هەبێت و با بڵێن خەڵک گوێی لێ بگرێت و بە حەقەتیش زەمەنەکە پێویستیەتی، یانی ئەو کەسەی کە بانگخوازە دەبێت باکگراوندێکی زانکۆیی و ئەکادیمی هەبێت، کەسێکیش کە دەچێتە زانکۆ دەبێت باکگراوندی حوجرەی هەبێت، ئەگەر نەیبێت هەر لە زانستی ئیسلامی تێناگات، ئێمە هەمان بووە لە قۆناغی چوار بووە و هاوڕێم هەبووە ئیملای عەرەبی نەزانیوە، ئەمە تۆ چۆنی دەیهێنیت دەڵێیت وەرە فەتوا بدە، لە قورئان و سونەت فەتوام بۆ دەربێنە، گرفتەکەی ئێمە لەوەدایە.

دواین گرفتیش کە دەمەوێت ئاماژەی پێکەم، بەڕاستی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیایە، ڕاستە بەرهەمی گەورەی زانستخوازی مرۆڤە و ئێمە گەیشتوونەتە ئەم قۆناغەی کە ئێستا بچووکترین داهێنان لە ئەمریکا بکرێت بە سێ چوار دەقە دەگاتە لای من و تۆ، لە هەمان کاتدا مرۆڤەکانی تەمەڵ کردووە، لە هەر دوو ناوەندەکە، نە لە ناوەندە ئەکادیمییەکان دەتوانن وەکو عەبدولکەریم زیدان و محەممەد ڕەمەزانمان پێشکەش بکەن، نە حوجرەکانیش دەتوانن وەکو مەلا کەریم و مەلا باقر و مەولەویمان پێشکەشکەن، چونکە زەمانەکە وای لێهاتووە بە داخەوە، خەڵک ئێستا زانیاری خێرای ئەوێت، زوو گەیشتن بە ئامانجی دەوێت، واتە تۆ پۆستێک دەکەیت لەسەر فەیسبووکێک شەش دێڕ بێت، کابرا تاقەتی نییە لایکیشت بۆ بکات، یان هەر بیخوێنێتەوە، بۆیە لە حوجرەکانیشدا بە داخەوە ناڵێم هەموو، لە سەدا دەی زانستەکانی کاڵ بووەتەوە تێیدا، وەکو جاران نەماوە، ڕەسمێکی ماوە سوپاس بۆ خوا، لە حورمەت و ڕێزی تێدا ماوە، وێنە و شێوە و هەیکەلەکەی ماوە، بەڵام لە ڕاستیدا لە ڕۆچوونی ئەو خەڵکەش لە زانستەکان و قاڵبوونی وەکوو ئەو مەلا کۆن و گەورانەی کە هەبوون لە میللەتی کوردایەتی لە سەدا دەی کاڵ بووەتەوە، هۆکارەکەشی چی بووە ئەو گۆڕانکارییە گەورە و خێرایە بووە کە ڕووی کردووەتە وڵاتانی ئێمە و بە تایبەتی وڵاتانی موسڵمان، بەتایبەتی تریش ئەم پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا کە وەکوو بورکان تەقیوە بە سەر هەموو جیهاندا، هەموو جیهان مەستە تیایدا، نازانێ چی بکات، هەروەها ناوەندە ئەکادیمییەکانیش ئەو کۆمەڵە گرفتەی کە باس کرا هەم لە خودی زانکۆکان خۆی، هەم لە خودی پڕۆگرامەکە، هەم لە خودی کەم گرنگیدانی حکومەت بە حوجرە، نەک هەر بە زانستی ئیسلامی، بڕواکە ئەگەر (پزیشکی) شەش ساڵی بوێت، زانستی ئیسلامی بە لای کەمەوە دە ساڵی ئەوێ، ئەوە حەقیقەتە، واتە ئەگەر تۆ بتەوێت زانایەک دروست بکەیت، زانایەک کە فیکرەیەکی هەبێت، زانایەک بتوانێت مەلا عەبدولکەریم بێت و محەممەد ڕەمەزانی شوانی بێت، کە دکتۆرێک بوو، چەندەها بەرهەمی هەبوو، زانایەکی گەورەی کورد بوو، مستەفا زەڵمی، هەموو کورد شانازی پێوە دەکرد، هەموویان باکگراوەندی حوجرەیان هەبوو، واتە ئێمە دەبێت ئەوە چاک بزانین زانستی ئیسلامی لە ئێستادا بە ڕاستی لە ئاستێکی زۆر زۆر گەورەدایە، مەسەلەی بانگخوازی و حوجرە و مزگەوتەکان، بە ڕاستی لە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە، گەورەترین هه‌ره‌شه‌ی ئەمنی قەومی فیکری خەڵکە، بەتایبەتی فیکری گەنجان، ئەگەر مەلایەکی ناکامڵ، قیژە قیژکەر، هاوارکەر لەسەر میحرابەکان، هیچ نەزانی بە مەیلی خۆی بە ڕاست و چەپ خەڵک بنێرێت بۆ بەهەشت و جەهەننەم، ئەمە گوێ نەدەیتێ، گەنج دانەمەزرێت و پارە و ژیانی نادەیتێ، هەلی کاری بۆ ناڕەخسێنی، دێتە مزگەوت و ئەو کەسەش کە هاتووە خۆبەخشێکە، یا – وەکو جەنابی دکتۆر وتی- تۆ لە وڵاتێکی ترەوە ئایدیای بەرهەم هێناوە، دەبێت چ کارەساتێک بقەومێت، بە ڕاستی دەبێت هەموو خەمخۆرێک لەم بوارەدا هەوڵی خۆی بدات، هەم حکومەت گوێ بگرێت بۆ مامۆستایانی ئایینی، گوێ بگرێت بۆ مامۆستایانی ئەکادیمی و بەتایبەتی زانستە ئیسلامییەکان، دەبێت زۆر زۆر گرنگی پێ بدرێت، وەکو چۆن ئێستا هەوڵ درا ساڵی زیاد بکرێت بۆ کۆلێژی یاسا، من پێم وایە زانستە ئیسلامییەکانیش پێویستیەتی بۆ کاملکردنی ئەو پرۆگرامەیە، یان دەتوانین هەر لە ناو کۆلێژەکاندا ڕاستەوخۆ زانستەکان جیاکەینەوە، بۆ ئەوەی کەوا کە کەسێک لە ئەکادیمی وەرگرێ، با هەر لە نەحووا وەریگرێ، با هەر لە صەرفا وەریگرێ، با هەر لە مەنتقدا وەریگرێت، ئەمانە کۆمەڵێک زانستن، هەمووی هەزم ناکرێ بە خوێندکار.

د.عەدنان ئاماژەش بەوە دەکات کە ئێمە زەمینەی باشمان هەیە، چەند خوێندنگەیەکی گەورەمان هەن، بەڵام حکومەت پشتگوێی خستوون، بڕوانامەکانیان دانپێدانراو نین، دەڵێت: خۆم دەرچووی بیارەم، کە بەناوبانگترین خوێندنگەیە، بەڵام هاتووم تاقیکردنەوەی پۆلی سێیەمی ناوەندیم بە دەرەکی کردووەتەوە، ناچار بووم چوومە شەش و دیسان بە دەرەکی تاقیکردنەوەم کردووەتەوە، ئەگەر پۆلی شەشەمم نەبووایە نەمدەتوانی بێمە کۆلێژەوە، چوار ساڵی کۆلێژم خوێند و دوو ساڵ وەستاوم، تا ماجستێرم خوێند، چەند ساڵی تر وەستاوم، تاوەکو دکتۆراکەم تەواو کرد، هەر مامۆستایەک باکگراوندی حوجرەی هەبووبێ بە خوێندنگەیەکی ناوداردا هاتبێت، کە دەچێتە ناوەندە ئەکادیمییەکە زۆر سەرکەوتووە، کەوا بێ زەمینە هەیە بەڵام خەمخۆر نییە، ئێمە خوێندنگەی گەورەمان هەیە، خوێندنگەی بەحرکەمان هەیە، چەندان خوێندنگەی باشمان هەبووە، خوێندنگەی حەیدەریەکانمان هەبووە، چەندان خوێندنگەی تر، جێشانە، لە 1117ی کۆچی بەردەوام چەند فەقێی ئاستبەرزی هەبووە، شێخ مەعرووفی نۆدێ (ڕەحمەتی خوای لێ بێ)، لە خوێندنگەی غەزالییەوە لە قەڵاچوالان دەچێت لە بەهێزترین شوێن هەزارمێردە، دەچێتە لای ئیبنو حاجیبی کوردی، لەوێ کێ عەروزی پێ دەڵێت؟ موفتی هەموو ویلایەتی بەسڕە کە (بەیتووشی)ە ڕەحمەتی خوای لێ بێت، بەڵام بەداخەوە ئەم خوێندنگەیانە کوێر کرانەوە. مامۆستا باسی مامۆستا شێخ عومەری قەرەداغی کرد خوا لێی خۆش بێ، شێخی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس، ئاوا مۆری لێداوە، نامەیەکی نووسیوە بە مۆری ئەو، لە ئەزهەری ئەو سەردەمە خستویانەتە کۆتایی واتە شەش و چواری کولیە، هەموویان بۆ حیساب کردووە، دواتر بۆ ماجستێر خۆێندویەتی، هەر بە ئیمزا و مۆری خوێندنگەی قەرەداغی (ابن القرەداغی)، ئەوانە ئەو تەقدیراتانە نەما، واتە حکومەت گەورەترین هەڵەی کردووە کە نەماون. دەبێت ناوەند وەکو حەوزەی نەجەفمان هەبێت، ئێستا جامیعەی هاشمی هەیە لە ئوردن، ئەو حەوزەی نییە جامیعەی هاشمی دروست کردووە، لە سعودیە، جامیعەی مەلیک عەبدولعەزیزی دروست کردووە.

لەبەرئەوە دەبێت ئەو خوێندنگانە ڕێکبخرێنەوە، سیستمی بۆ دابنرێت، ئەوقاف پارە و موڵکی ئەوەندە زۆرە، دوو حەوزەی نەجەفی پێ بەخێوەکەیت، واتا هەر لەسەر داهاتی ئەوقاف، لەبەر ئەوە ئەوانە زۆر پێویستە ئیشی لەسەر بکرێت، پێویستە کاری بۆ بکرێ، بەشێوازێکی توندوتۆڵ جارێکی دیکە بخرێنەوە ناو گۆڕەپانەکەوە.

 

Send this to a friend