واقیع و پلانی “سایبه‌ر” و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان له ئیسرائیل
نووسین: مه‌حموود موحاریب
توێژە‌ری به‌شدار له سه‌نته‌ری عه‌ره‌بی بۆ توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه سیاسییه‌كان و مامۆستای زانكۆیه له فه‌ڵه‌ستین. ژماره‌یه‌ك كتێب و لێكۆڵینه‌وه‌ی په‌یوه‌ست به زایۆنیزم و ئیسرائیل، دۆزی فه‌ڵه‌ستین، ململانێی عه‌ره‌بی-ئیسرائیلیی هه‌یه. به‌كالۆریۆسی له زانسته سیاسییه‌كان له “زانكۆی عیبری” له قودس به‌ده‌ست هێناوه. ساڵی 1986 دكتۆرای له زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی ڕیدینگ له ئینگلته‌را به‌ده‌ست هێناوه. له ساڵانی (1987–1990)، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌كانی سه‌ر به لێكۆڵینەوە عه‌ره‌بییەكان له قودس بووه.
وەرگێڕان: بارام سوبحی
سەرچاوە: گۆڤاری “استشراف للدراسات المستقبلیه”، ژ4، 2019.
پوخته
ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه له دۆخی “سایبه‌ر” له ئیسرائیل له هه‌ردوو بواری مه‌ده‌نی و سه‌ربازیدا، هه‌روه‌ها له دیدگا و پێشنیاره‌كانی ئیسرائیل بۆ خۆپاراستن له ئێستا و داهاتوودا ده‌كۆڵێته‌وه. بۆ خوێندنه‌وه‌ی دۆخی سایبه‌ر له ئیسرائیل، پشتی به ژماره‌یه‌ك نووسراوی ئیسرائیلی به‌ستووه، هه‌روه‌ها پشتی به سێ توێژینه‌وه به‌ستووه كه له په‌یمانگای توێژینه‌وه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ر به زانكۆی ته‌لئه‌بیب ده‌رچوون.
ئه‌و په‌یمانگایه له: جه‌نگی بواری سایبه‌ر و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ئیسرائیل، پێویستیی گه‌شه‌پێدانی ستراتیژیه‌تی ئیسرائیل له بواری سایبه‌ردا، پێویستیی دانانی ڕێنمایی یاسایی له بواری سایبه‌ردا بۆ پاراستن و ڕێكخستنی، له دۆخی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه سه‌ربازییه‌كان له ئیسرائیل ده‌كۆڵێته‌وه، كه به گرنگترین ئه‌و پێشكه‌وتنانه داده‌نرێت كه پیشه‌سازیی وردی ئیسرائیلی پێی گه‌یشتووه. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌وه‌ستێت كه ده‌كرێت له ساڵان و ده‌یه‌كانی داهاتوودا، فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه سه‌ربازییه‌كان له‌لایه‌ن هێزی ئاسمانیی ئیسرائیله‌وه ته‌نها له بواری سه‌ربازیدا به‌كار نه‌هێنرێت، به‌ڵكوو ببێته هێزێكی بنه‌ڕە‌تی له چه‌كی ئاسمانی‌دا.
پێشه‌كی
فه‌زای ئه‌لیكترۆنی یان بواری سایبه‌ر (Cybersace) چه‌مكێكی نوێیه، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له ده‌ره‌نجامی شۆڕشی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری سه‌ری هه‌ڵداوه. فه‌زای ئه‌لیكترۆنی ته‌واوی كۆمپیوته‌ر و زانیارییه‌كانی ناوی ده‌گرێته‌وه، هه‌روه‌ها سیستم و پڕۆگرام و تۆڕە كراوه به‌كارهێنراوه‌كان له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه ده‌گرێته‌وه، یان ئه‌و تۆڕانه‌ی بۆ به‌كارهێنانی له‌لایه‌ن چینێكی دیاریكراوه‌وه له به‌كاربه‌ران دیزاین كراون و له تۆڕی ئینته‌رنێتی گشتی جیا كراوه‌ته‌وه.
له بواری ته‌كنه‌لۆجیای ورد و ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری‌دا، ئیسرائیل به یه‌كێك له ده‌وڵه‌ته زۆر پێشكه‌وتووه‌كان ده‌ژمێردرێت، به جۆرێك له دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا بووه‌ته ده‌وڵه‌تێكی “كۆمپیوته‌ری”، دامه‌زراوه حكومییه‌كان و ته‌واوی فه‌رمانگه‌كانی سه‌ر به هه‌ردوو كه‌رتی تایبه‌ت و گشتی پشت به تۆڕی ئینته‌رنێت ده‌به‌ستن. زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری مامه‌ڵه‌ی هاوڵاتیانی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و فه‌رمانگه جۆراوجۆره‌كاندا، له ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه به‌ڕێ ده‌كرێت.
ئیسرائیل له یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌ته‌كان بوو كه بایه‌خی به دروستكردنی كۆمپانیای سایبه‌ر دا، به‌و هۆیه‌وه به‌خێرایی پێگه‌یه‌كی گرنگی له كۆمپانیاكانی سایبه‌ر له جیهاندا داگیر كرد. به‌گوێره‌ی ئامارێكی گۆڤاری “Cyber Security Venture” له باره‌ی ئه‌و (500) كۆمپانیا یه‌كه‌مه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له بواری سایبه‌ردا كار ده‌كه‌ن، ده‌ركه‌وتووه ژماره‌ی كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌گاته (354) كۆمپانیا، به‌دوایدا كۆمپانیا ئیسرائیلییه‌كان دێت كه ژماره‌یان ده‌گاته (42) كۆمپانیا، پاشان كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كان دێت كه ژماره‌یان (21) كۆمپانیایه، دواتر كۆمپانیای وڵاتانی دیكه دێت.
ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه ده‌ریخستووه له‌به‌ر به‌ندوباوی باجدان، چل كۆمپانیای ئیسرائیلی له ئه‌مه‌ریكا تۆمار كراون، واته ژماره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی كۆمپانیاكانی سایبه‌ری ئیسرائیلی كه له ڕیزبه‌ندیی (500) كۆمپانیا یه‌كه‌مه‌كه‌ی جیهاندا دێن؛ ده‌گاته (82) كۆمپانیا، واته به ڕێژە‌ی (16.4%)، به هه‌موو پێودانگێك ئه‌مه‌ش ڕێژە‌یه‌كی ئێجگار به‌رزه.
ئیسرائیل، بواری سایبه‌ر به پێكهاته‌یه‌كی گرنگی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانێت. هه‌ر چه‌نده بواری سایبه‌ری ئیسرائیل ڕۆژانه دووچاری هێرشی ئه‌لیكترۆنیی سایبه‌ری زۆر و جۆراوجۆر ده‌بێته‌وه. له‌لایه‌ن خۆیه‌وه په‌یمانگای توێژینه‌وه‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، له یه‌كێك له توێژینه‌وه‌كانیدا، زیانه‌كان كه له تاوانه‌كانی سایبه‌ر له ئیسرائیل ده‌كه‌ونه‌و‌ە؛ ساڵانه به نزیكه‌ی ده ملیار دۆلار مه‌زه‌نده ده‌كات. ئه‌و بڕە‌ش چه‌ندین ملیار دۆلار ده‌گرێته‌وه، كه له دزینی زانیاری له كۆمپانیا پیشه‌سازی و بازرگانییه‌كان ده‌كه‌ونه‌وه.
له‌م ده‌یه‌ی دواییدا بایه‌خدانی حكومه‌تی ئیسرائیل، داموده‌زگا ته‌ناهییه‌كان و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه و ئه‌كادیمیا ئیسرائیلییه‌كان به سایبه‌ر و په‌یوه‌ندیی به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه زۆر زیادی كردووه. په‌یمانگای توێژینه‌وه‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ر به زانكۆی ته‌لئه‌بیب، به بایه‌خدانی به‌م بابه‌ته ده‌ناسرێته‌وه. ئه‌م په‌یمانگایه له‌م ده ساڵه‌ی دواییدا ژماره‌یه‌ك له ڕۆژەكانی خوێندنی بۆ سایبه‌ر و گرنگیی بۆ ئیسرائیل و په‌یوه‌ندیی به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ته‌رخان كردووه. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك توێژینه‌وه‌ی ئه‌و توێژەرانه‌ی بڵاو كردووەته‌وه كه له‌و په‌یمانگایه كار ده‌كه‌ن و له ڕەهه‌نده جیاوازه‌كانی بواری سایبه‌ر ده‌كۆڵنه‌وه. یه‌كه‌م توێژینه‌وه به ناونیشانی شه‌ڕی فه‌زای ئه‌لیكترۆنی: ئاراسته و كاریگه‌رییه‌كانی له ئیسرائیل بوو له‌لایه‌ن هه‌ردوو توێژە‌ر شمۆئیل ئیڤن و داڤید بن سیمان و له ساڵی 2011 بڵاو كرایه‌وه. توێژینه‌وه‌ی دووه‌م له‌لایه‌ن گابی سیبۆنی و عۆفه‌ر ئاسافه‌وه بوو به ناونیشانی: هێڵه ئاراسته‌كراوه‌كان بۆ ستراتیژیه‌تی نیشتمانی له بواری سایبه‌ردا، له ساڵی 2015 بڵاو كرایه‌وه. سێیه‌مین توێژینه‌وه له‌لایه‌ن گابی سیبۆنی و عیدۆ سیڤان بوو، به ناونیشانی ڕێنماییه‌كان له بواری سایبه‌ردا له ساڵی 2018 بڵاو كرایه‌وه.
ئه‌و په‌یمانگایه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌رنامه‌ی توێژینه‌وه‌ی ئاسایشی سایبه‌ری دامه‌زراندووه، له‌به‌ر گرنگی و بایه‌خی ئه‌و بابه‌ته به‌لای ئیسرائیل و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه. له ساڵی (2017)ە‌وه ئه‌م په‌یمانگایه ده‌ستی كردووه به بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆڤارێكی وه‌رزیی تایبه‌ت به سایبه‌ر و ساڵانه سێ ژماره‌ی لێ بڵاو ده‌كاته‌وه، به ناونیشانی “سایبه‌ر و هه‌واڵگری و ئاسایش”، سه‌رنووسه‌ری گۆڤاره‌كه گابی سیبۆنییه كه سه‌رۆكی به‌رنامه‌ی “توێژینه‌وه‌ی ئاسایشی سایبه‌ره” له په‌یمانگاكه. له سه‌روتاری ژماره یه‌كدا، ئاماژە‌یان به‌وه داوه ئه‌م گۆڤاره له ژماره‌یه‌كی زۆر بابه‌ت ده‌كۆڵێته‌وه كه په‌یوه‌ندیی به سایبه‌ر و هه‌واڵگری و ئاسایشه‌وه هه‌یه، له نێویاندا: سایبه‌ر له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، ستراتیژی ده‌وڵه‌تان له هه‌مبه‌ر سایبه‌ردا، ڕێنمایی و یاساكان له بواری سایبه‌ردا، پاراستنی به‌رگریی نیشتمانی له بواری سایبه‌ردا، به‌رگری له ژێرخانی چالاك، بیناكردنی هێز له بواری سایبه‌ردا به پێكهاته جیاوازه‌كانیه‌وه: هێزی مرۆیی، ئامرازه‌كانی شه‌ڕكردن، بیروباوه‌ڕی شه‌ڕكردن، ڕێكخستن و ڕاهێنان، سه‌ركردایه‌تی، شه‌ڕی به‌رگری و هێرشبه‌ریی سایبه‌ر.
سه‌رباری ئه‌وانه، “كۆمه‌ڵه‌ی سایبه‌ری نیشتمانی” له ئیسرائیل، به هاوكاری له‌گه‌ڵ زانكۆ ئیسرائیلییه‌كاندا، شه‌ش ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمیی له بواری سایبه‌ردا له ئیسرائیل دامه‌زراندووه، ئه‌مه‌ش له چوارچێوه‌ی به‌هێزكردنی هاوكاری له‌نێوان ده‌وڵه‌ت و ئه‌كادیمیاكان و كه‌رتی پیشه‌سازیدایه له ئیسرائیل، چونكه ئه‌گه‌ر بێتوو ئیسرائیل وه‌به‌رهێنان له توانای مرۆیی و پیشه‌سازیدا نه‌كات، ئه‌وا ناتوانێت پارێزگاری له تایبه‌تمه‌ندی و سه‌ركه‌وتنی له بواری سایبه‌ردا بكات.
یه‌كه‌م: واقیعی سایبه‌ر له ئیسرائیل
جه‌نگ له بواری سایبه‌ردا
توێژینه‌وه‌ی “شه‌ڕی فه‌زای ئه‌لكترۆنی: ئاراسته و كاریگه‌رییه‌كانی له ئیسرائیل” له چوار به‌ش پێك دێت، نووسه‌رانی توێژینه‌وه‌كه ئاماژە‌یان به‌وه كردووه بواری سایبه‌ر بووه‌ته مه‌یدانێكی نوێی شه‌ڕكردن و چووه‌ته ڕیزی مه‌یدانه‌كانی دیكه‌ی شه‌ڕكردنه‌وه له زه‌وی و ده‌ریا و ئاسمان و گه‌ردووندا. ده‌وڵه‌ته پێشكه‌وتووه‌كان و سوپاكانیان چالاكی و توێژینه‌وه‌كانیان له بواری سایبه‌ردا زیاد كردووه، چونكه به‌لای ئه‌وانه‌وه بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی هێزێكی گه‌وره، له هه‌مان كاتدا خاڵی لاوازیانی ئاشكرا كردووه، چونكه ئه‌و ژێرخانه‌ی كه ده‌وڵه‌ته هاوچه‌رخه‌كانی له‌سه‌ر بینا كراوه له نموونه‌ی كاره‌با و ئاو و گه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان و بۆرسه و بانكه‌كان، له كاره‌كانیاندا پشت به بواری سایبه‌ر ده‌به‌ستن. هه‌روه‌ها تۆڕە‌كانی سه‌ركردایه‌تی و كۆنترۆڵكردن و به‌ڕێوه‌بردنی سه‌ربازی و ته‌واوی جۆره‌كانی ته‌كنه‌لۆجیا پێشكه‌وتووه‌كان له گۆڕە‌پانه‌كانی جه‌نگدا، له نموونه‌ی: سیستمی زانیاری و به‌كارهێنانی مانگه ده‌ستكرده‌كان و فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان، پشت به سایبه‌ر ده‌به‌ستن.
ئیڤن و بن سیمان ئاماژە‌یان به تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سایبه‌ر له مه‌یدانی جه‌نگدا كردووه، دیارترینیان توانای كاركردنیەتی به خێرایی یه‌ك له هه‌زار چركه، له دژی ئه‌و دوژمنانه‌ی هه‌زاران میل دوورن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هێرشبه‌ران و شه‌ڕكه‌ران بكه‌ونه مه‌ترسییه‌وه. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی له بواری سایبه‌ردا هه‌ن، به‌تایبه‌تی له كاتی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی كه به چه‌كی ته‌قلیدی ده‌كرێن، وای كردووه به‌كارهێنانی سه‌رنجڕاكێش بێت. توێژە‌ران له‌و باره‌یه‌وه شه‌ڕی ڕووسیا له دژی جۆرجیا له ساڵی 2008 به نموونه ده‌هێننه‌وە.
توێژە‌ران ئه‌وه‌ش سه‌ربار ده‌كه‌ن كه ده‌كرێت سایبه‌ر له دژی ئامانجه ستراتیژییه‌كان به‌كار بهێنرێت، به‌گوێره‌ی ژماره‌یه‌ك له سه‌رچاوه‌كان، له نموونه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی ئیسرائیل له ساڵی 2009 بۆ سه‌ر كووره ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران ئه‌نجامی دا. هه‌ردوو توێژە‌ر ئه‌و هێرشه به ڕووداوێكی بنچینه‌یی له بواری شه‌ڕی سایبه‌ر و به قۆناغێكی نوێ له گه‌شه‌سه‌ندنی به‌كارهێنانی سایبه‌ر له مه‌یدانی شه‌ڕدا داده‌نێن.
هه‌روه‌كوو توێژە‌ران باسی ده‌كه‌ن، به‌كارهێنانی سایبه‌ر له شه‌ڕدا، به‌ته‌نیشت پڕۆسه‌كانی گه‌شه‌پێدان و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ شه‌ڕ له بواری سایبه‌ردا كه ژماره‌یه‌ك له ده‌وڵه‌تان ئه‌نجامیان داوه و ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه پێشبڕكێی خۆپڕچه‌ككردن له بواری سایبه‌ردا به‌كرداری ده‌ستی پێ كردووه. ئاماژە‌شیان به‌وه داوه ژماره‌یه‌ك له ده‌وڵه‌تان دامه‌زراوه و ده‌سته‌ی جۆراوجۆریان دروست كردووه كه تایبه‌تن به به‌كارهێنانی سایبه‌ر له بواری شه‌ڕدا، هه‌روه‌ها گه‌شه‌یان به ستراتیژییه ته‌ناهییه‌كان له بواری سایبه‌ردا داوه.
سایبه‌ر له ستراتیژیه‌تی ئاسایشی ئیسرائیلی‌دا
ئیڤن و بن سیمان جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه زیادبوونی بواری سایبه‌ر وه‌كوو گۆڕە‌پانێكی نوێی شه‌ڕكردن بۆ سه‌ر گۆڕە‌پانه‌كانی دیكه‌ی شه‌ڕ له زه‌وی و ده‌ریا و ئاسمان و گه‌ردووندا، پێویستی كردووه كه جه‌نگ له بواری سایبه‌ردا به ستراتیژیه‌ت و چه‌مكی ئاسایشی ئیسرائیله‌وه بلكێنرێت، ئه‌وه‌ش پێویستیی نوێكردنه‌وه‌ی چه‌مك و ده‌سته‌واژە بنه‌ڕە‌تییه‌كانی په‌یوه‌ست به تیۆری ئاسایشی ئیسرائیله‌وه ده‌خوازێت. به نموونه؛ “ژینگه‌ی ستراتیژی” له بواری سایبه‌ردا جیاوازه له تێگه‌یشتنه نه‌ریتییه‌كه‌ی تیۆری ئاسایشی ئیسرائیل كه له‌سه‌ر ههڕەشه جیۆستراتیژییه نه‌ریتییه‌كان داڕێژراوه. سه‌رباری ئه‌وانه، كات و شوێن و ڕووبه‌ر له بواری سایبه‌ردا له تێگه‌یشتنه نه‌ریتییه‌كانی جیاوازه، چونكه خێرایی پڕۆسه‌ی هێرشبردن له سایبه‌ردا دژی ئامانجێك كه سه‌دان یان هه‌زاران میل دووره، یه‌ك له هه‌زاری چركه‌یه‌ك ده‌خایه‌نێت. بۆیه توێژە‌ران وای ده‌بینن جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی خۆپاراستن كه به به‌ردی بناغه‌ی ستراتیژیه‌تی ئیسرائیل داده‌نرێ، له شه‌ڕی بواری سایبه‌ردا ئه‌سته‌مه، ئه‌وه‌ش به هۆی زه‌حمه‌تیی دیاریكردنی ناسنامه‌ی لایه‌نی هێرشبه‌ری شه‌ڕە‌كه له‌م بواره‌دا.
به بڕوای توێژە‌ران، به‌رگریكردن له بواری شه‌ڕی سایبه‌ردا جۆره ئاڵنگارییه‌كی نوێیه كه یه‌خه‌ی ئیسرائیل ده‌گرێت، چونكه دوژمن ده‌توانێت هێرشه‌كانی به‌خێرایی برووسكه ئه‌نجام بدات، ئه‌وپه‌ڕی ئه‌سته‌میشه ناسنامه‌ی لایه‌نی هێرشبه‌ر دیاری بكرێت. بۆیه توێژە‌ران پێشنیاری ئه‌وه ده‌كه‌ن ئیسرائیل فێر ببێت و سوود له چه‌مكی “به‌رگریی كارا” له بواری سایبه‌ردا وه‌ربگرێت كه ئه‌مه‌ریكا په‌یڕە‌وی ده‌كات. ئه‌م چه‌مكه‌ش پشت ده‌به‌ستێت به توانای هه‌واڵگریی پێشكه‌وتوو بۆ دیاریكردنی چالاكییه‌كان له ئینته‌رنێتدا، هه‌روه‌ها به سیستمی به‌رگریی دینامیی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خۆكرد به‌بێ ده‌ستوه‌ردانی مرۆڤ.
توێژە‌ران ئه‌وه‌ش ده‌ڵێن كه “به‌رگریی كارا” ته‌نها پشت به ته‌كنه‌لۆجیای پێشكه‌وتوو نابه‌ستێت، به‌ڵكوو پشت به تۆڕێكی تۆكمه ده‌به‌ستێت كه ڕێكار و ڕێسای پته‌وی هه‌یه، هه‌روه‌ها ڕۆشنبیریی تێگه‌یشتن له مه‌ترسییه‌كان، به‌رزه‌فتكردنێكی توند، پاراستنی پێگه‌كان؛ چاودێرییه‌كی مرۆیی به‌هێزی پێویسته.
توێژە‌ران پێشنیاری ئه‌وه ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سوپای ئیسرائیل دانی ناوه به بواری سایبه‌ردا وه‌كوو مه‌یدانێكی شه‌ڕكردن هاوشێوه‌ی مه‌یدانه‌كانی دیكه، پێویسته گۆڕانكاری له هێزه‌كانی سوپای ئیسرائیل‌دا بكرێت، هه‌روه‌ها كار بكرێت بۆ دروستكردنی چه‌كی تایبه‌ت به بواری سایبه‌ر، هاوشێوه‌ی چه‌كی زه‌مینی و ده‌ریایی و ئاسمانی.
سه‌ره‌تاكانی ڕێكاره‌كانی ئیسرائیل بۆ به‌رگریكردن له بواری سایبه‌ردا
ئیڤن و بن سیمان له توێژینه‌وه‌كه‌یاندا ئاماژە به‌وه ده‌كه‌ن ئیسرائیل له پێناوی خۆپاراستن و به‌رگریكرن له خۆی، له ماوه‌ی ئه‌م دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك ڕێكاری به‌رگریكارانه‌ی له بواری سایبه‌ردا گرتووەته به‌ر. له ساڵی 1997، حكومه‌تی ئیسرائیل به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی پاراستنی زانیاری و ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه له‌م بواره‌دا، پڕۆژەی “ژێرخانی حكومیی له سه‌رده‌می ئینته‌رنێتدا” له وه‌زاره‌تی دارایی دروست كرد، ئه‌ركی چاودێریكردنی پێشكه‌وتنی ئامرازه‌كانی پاراستنی زانیاری له جیهان و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان وه‌زاره‌ت و داموده‌زگا حكومییه‌كانی پێ سپێردرا. هه‌روه‌ها له ساڵی 2002، فه‌رمانگه‌ی پاراستنی زانیاری له ده‌زگای هه‌واڵگریی گشتیی ئیسرائیل (شاباك) دامه‌زرێنرا. ئه‌ركی پاراستنی ژێرخانی كۆمپیوته‌ره گرنگ و چالاكه‌كانی له ئیسرائیل پێ سپێردرا، له‌و مه‌ترسییانه‌ی كه پێی ده‌وترێت “ههڕەشه تیرۆریستییه‌كان، پڕۆسه‌كانی تێكدان و چالاكییه‌كانی سیخوڕی”.
له ڕێگه‌ی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی نێوان ده‌زگای شاباك و ده‌سته‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئیسرائیل، ڕێكکه‌وتنێك كراوه بۆ دیاریكردنی ئه‌و ده‌زگا گرنگ و زیندووانه‌ی كه ملكه‌چی پاراستن ده‌بن. له ئازاری 2011دا حكومه‌تی ئیسرائیل دامه‌زراندنی “یه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی زانیارییه‌كان”ی په‌سه‌ند كرد كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی دارایی ده‌بێت و به‌رپرسی ڕاسته‌وخۆی هه‌موو سیستمه‌كانی په‌یوه‌ندیی حكومی ده‌بێت، له نێویاندا “ژێرخانی حكومی له سه‌رده‌می ئینته‌رنێتدا”.
له ئایاری 2011-دا، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی كۆمه‌ڵێك شاره‌زا له كه‌رته‌كان و وه‌زاره‌ته‌كان، سه‌رۆكی حكومه‌تی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ دامه‌زراندنی “ده‌سته‌ی سایبه‌ری نیشتمانی” له دیوانی سه‌رۆكی حكومه‌ت ڕاگه‌یاند. ناتانیاهۆ ئاماژە‌ی به‌وه دا ئامانجی بنه‌ڕەتیی ئه‌م ده‌سته‌یه، به‌هێزكردنی توانای به‌رگریی سیستمی ژێرخانی چالاكی ئیسرائیله له دژی “هێرشه تیرۆریستییه‌كان” له بواری سایبه‌ردا كه ده‌وڵه‌تانی بیانی یان “ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان” ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. وتیشی ئیسرائیل ئاشكرایه بۆ هێرشكردن له بواری سایبه‌ردا، چونكه هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی به‌كۆمپیوته‌ری كراون وه‌كوو تۆڕە‌كانی: كاره‌با و ئاو و په‌یوه‌ندییه‌كان و گه‌یاندن دووچاری هێرش بوونه‌ته‌وه، به‌و هۆیه‌وه دامه‌زراوه و فه‌رمانگه گرنگ و زیندووه‌كان په‌كیان كه‌وتووه و ده‌وڵه‌تی سه‌رقاڵ كردووه.
سیبۆنی و سیڤان ڕوونیان كردووەته‌وه له پێناوی به‌رگریكردن له ژێرخانی سایبه‌ری دامه‌زراوه گرنگه‌كان له ئیسرائیل، هه‌روه‌ها بۆ پارێزگاریكردن له به‌رده‌وامبوونی كاركردنیان له بارێكدا ئه‌گه‌ر دووچاری هێرشی دوژمنكارانه‌ی سایبه‌ر بوونه‌وه، حكومه‌تی ئیسرائیل له ساڵی 2015دا “ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی بۆ به‌رگری له سایبه‌ر” له دیوانی سه‌رۆكی حكومه‌ت دامه‌زراندووه. له سه‌ره‌تای ساڵی (2018)شدا، هه‌ردوو “ده‌سته‌ی سایبه‌ری نیشتمانی” و “ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی بۆ به‌رگری له سایبه‌ر”؛ له ده‌زگایه‌كی یه‌كگرتوودا یه‌ك خران و ناویان لێ نرا “كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی سایبه‌ر” و بڕیار درا سه‌ر به دیوانی سه‌رۆكی حكومه‌ت بن.
ئیڤن و بن سیمان پێشنیار ده‌كه‌ن حكومه‌تی ئیسرائیل ستراتیژیه‌تی به‌رگریكردن له بواری سایبه‌ردا له ئیسرائیل به‌گوێره‌ی ئه‌م خاڵانه پهیڕەو بكات:
- دانپێدانان به بواری سایبه‌ر وه‌كوو بوارێكی نوێی نیشتمانی (سه‌رباری بواره‌كانی وشكانی و ئاسمانی و ئاوی)، پێویسته پاراستن و به‌ره‌ڤانیكردن لێی له ڕێگه‌ی دیدگایه‌كی گشتگیر و هاوكاریی هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه بێت.
- دامه‌زراندنی ده‌سته و سه‌ركردایه‌تیی ناوه‌ندی بۆ به‌رگریكردن له بواری سایبه‌ر له ئیسرائیل له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی.
- دانانی ژێرخانێكی چالاك و سیستمێكی ته‌ناهی له لوتكه‌ی ئه‌وله‌ویه‌ته‌كان كه پێویسته بپارێزرێت، له هه‌مان كاتدا ئه‌نجامدانی ئه‌ركی پارێزگاری له دامه‌زراوه‌كانی دیكه، له نموونه‌ی پاراستنی زانیارییه‌كانی زانكۆكان و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه و كۆمپانیا گرنگه‌كان كه كار ده‌كه‌نه سه‌ر ئابووریی ئیسرائیل، به‌ڵام وه‌كوو به‌شێك له ژێرخانی چالاك پۆلێن نه‌كراون.
- دروستكردنی سیستمێكی به‌رگریی تۆكمه له بواری سایبه‌ردا، هاوشێوه‌ی ئه‌و سیستمه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مەریكا دروستی كردووه.
- هاوكاریی به‌رده‌وام له بواری سایبه‌ردا له‌نێوان كه‌رتی حكومی و كه‌رتی ئه‌منی و كه‌رتی تایبه‌تدا.
- هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته بیانییه‌كان له بواری سایبه‌ردا، به‌تایبه‌تی ده‌وڵه‌ته هاوپه‌یمانه‌كان.
- ده‌رچوواندنی یاسا له بواری سایبه‌ردا و جێبه‌جێكردنی.
- یارمه‌تیدانی جه‌ماوه‌ر بۆ زیادكردنی هۆشیارییان له بواری سایبه‌ردا، گه‌شه‌پێدانی توانای به‌رگرییان له‌م بواره‌دا، پێدانی هاندان به هاوڵاتیان و كۆمپانیاكان بۆ كڕینی به‌رنامه‌كانی به‌رگری، زیادكردنی چاودێری له‌سه‌ر كۆمپانیاكانی پارێزگاری.
- به‌كارهێنانی ئامراز و ئامێره ته‌كنه‌لۆجییه زۆر پێشكه‌وتووه‌كانی تایبه‌ت به فه‌زای ئه‌لكترۆنی.
- ڕوونكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدانی سیاسه‌تی خۆپاراستنی ئیسرائیل، له نێویاندا توانای به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ دژی هه‌ر كه‌سێك هێرش بكاته سه‌ر بواری سایبه‌ری ئیسرائیلی و زیانی پێ بگه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش ئه‌ركی دامه‌زراوه ته‌ناهییه‌كانی ئیسرائیله.
سیماكانی ستراتیژیه‌تی نیشتمانی له بواری سایبه‌ردا
سیبۆنی و ئاساف له توێژینه‌وه‌كه‌یاندا “هێڵه ئاراسته‌كراوه‌كان بۆ ستراتیژیه‌تی نیشتمانی”، ئاماژە به دوو پێكهاته‌ی بنه‌ڕە‌تی له بواری سایبه‌ردا ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش به‌رگری و هێرشكردنه. داوا ده‌كه‌ن ئیسرائیل له بواری سایبه‌ردا ستراتیژیه‌تی به‌رگری و هێرش پهیڕەو بكات، زه‌مینه و پێداویستییه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌م ستراتیژە‌ش ئاماده بكات. توێژە‌ران ئه‌و دامه‌زراوه و فه‌رمانگانه‌ی كه له ئیسرائیل‌دا پێویسته له بواری سایبه‌ردا به‌رگرییان لێ بكرێت، به‌سه‌ر چوار به‌شدا دابه‌ش ده‌كه‌ن:
یه‌ك: دامه‌زراوه سه‌ربازی و ته‌ناهییه‌كان كه به‌ره‌ڤانی له ئیسرائیل ده‌كه‌ن.
دوو: دامه‌زراوه و فه‌رمانگه‌كان كه خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕە‌تییه‌كان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
سێ: ئه‌و دامه‌زراوه و فه‌رمانگانه‌ی ڕۆڵێكی بنه‌ڕە‌تییان له ڕێكخستنی ژیان له ده‌وڵه‌تدا به شێوه‌یه‌كی دروست هه‌یه.
چوار: ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی ئه‌گه‌ر په‌لامار بدرێن و زیانیان پێ بگات، كار ده‌كه‌نه سه‌ر وره‌ی جه‌ماوه‌ر و سه‌روه‌ری و ڕێكخستنی ده‌سه‌ڵاته‌كان.
توێژە‌ران ڕایده‌گه‌یه‌نن هه‌موو ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی باس كران له‌به‌رده‌م هه‌ڕەشه‌دان، له‌لایه‌ن: ده‌وڵه‌تانی دوژمن، ده‌وڵه‌ته ڕكابه‌ره‌كان، ڕێكخراوه “تیرۆریستییه‌كان” و هاككه‌ره‌كان. جگه له‌وانه، ئاماژە به‌وه ده‌كه‌ن كه بواری سایبه‌ر له ئیسرائیل‌دا دووچاری تاوانی جۆراوجۆر ده‌بێته‌وه، له نموونه‌ی سیخوڕیكردن به‌سه‌ر كۆمپانیاكانه‌وه، دزینی خاوه‌ندارێتیی ڕۆحی، به‌كارهێنانی بواری سایبه‌ر بۆ بازرگانیكردن به مادده‌ی هۆشبه‌ر و فرۆشتنی چه‌ك و… تاد.
توێژە‌ران جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه ئامانجی بنه‌ڕە‌تی له ستراتیژیه‌تی به‌رگریی نیشتمانی له بواری سایبه‌ردا، پارێزگاریكردنه له به‌رده‌وامبوونی كاری سه‌رجه‌م فه‌رمانگه و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت كاتێك له بواری سایبه‌ردا دووچاری هێرشێكی دوژمنكارانه ده‌بنه‌وه، ئیدی له هه‌ر لایه‌نێكه‌وه بێت. ئامانجێكی دیكه‌ی گرنگ له ستراتیژیه‌تی به‌رگریی نیشتمانی، خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه كه بڕیاربه‌ده‌ستانی ئیسرائیل بتوانن بڕیار بده‌ن و كارگه‌لێك له بواری سایبه‌ر و جه‌نگی نه‌ریتیدا له دژی دوژمنان ئه‌نجام بده‌ن، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ئیسرائیل بتوانێت به‌رگری له دامه‌زراوه جۆراوجۆره‌كانی بكات، ئه‌گه‌ر له كاردانه‌وه‌ی هێرشێكی ئیسرائیل‌دا له بواری سایبه‌ردا دووچاری هێرش بوونه‌وه.
توێژە‌ران له چاره‌سه‌ركردنی ستراتیژیه‌تی به‌رگریدا جیاكاری له‌نێوان سێ جۆره هێرشدا ده‌كه‌ن:
- هێرشی قووڵ: ئامانجی گه‌یشتنه به قووڵایی كۆمپیوته‌ری دامه‌زراوه و فه‌رمانگه‌كان.
- هێرشی خێرا و ڕووكه‌ش: ده‌ستبه‌جێ ئه‌نجامه‌كانی ده‌رده‌كه‌ون، ئامانج لێی ڕێگرتن یان له‌مپه‌ردانانه له گه‌یشتن به‌و پێگه‌یه‌ی هێرشی ده‌كرێته سه‌ر.
- هێرشكردنه سه‌ر پێكهاته فیزیاییه‌كان له كۆمپیوته‌ردا.
- توێژە‌ران پێشنیار ده‌كه‌ن ئه‌م ڕێكارانه له دژی هێرشه جۆراوجۆره‌كان بگیرێته به‌ر:
- هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان توانا ئیسرائیلییه جۆراوجۆره‌كاندا له بواری سایبه‌ردا، ئاماده‌كردنی تاقمی پیشه‌یی كه شاره‌زاییان له باره‌ی ئامرازه‌كانی هێرشكردن هه‌بێت، بۆ بنیادنانی ژێرخانی به‌رگری له دژی هێرشه‌كان.
- په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رده‌وام و ئاشكرا له‌نێوان دامه‌زراوه و فه‌رمانگه ئیسرائیلییه‌كاندا هه‌بێت، له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و هێرشه سایبه‌ریانه‌ی ده‌كرێته سه‌ریان.
- دروستكردنی دامه‌زراوه‌یه‌ك بۆ خه‌مڵاندنی دۆخی سایبه‌ر له ئیسرائیل و ئه‌و هێرشانه‌ی به‌به‌رده‌وامی له دژی ده‌كرێن.
- دروستكردنی ده‌سته‌ی تایبه‌ت بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێك، له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌به‌ر ده‌ستدان له باره‌ی ئه‌و لایه‌ن و گرووپانه‌ی كه هێرش ده‌كه‌ن.
- هاوكاری له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانی به‌رگری له كه‌رتی بازرگانیدا، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌و دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی تایبه‌تن به سایبه‌ر.
- گه‌شه‌پێدانی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری به‌به‌رده‌وامی له باره‌ی ڕكابه‌ر و نه‌یاره‌كانه‌وه، له پێناوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یان.
- چێكردن و پلاندانان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرا دژی دوژمنه گریمانه‌كراوه‌كان له چوارچێوه‌ی ستراتیژیه‌تی خۆپاراستندا.
- گه‌شه‌پێدانی توانای بووژانه‌وه دوای هێرشه‌كان، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ئاماده‌كارییه‌كانی به‌رگری له بواری سایبه‌ردا هه‌ر چه‌ندێك بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ری دزه‌كردنه ناوی هه‌یه. بۆیه پێویسته به‌رده‌وام ئاماده‌كارییه‌كان له ئاستێكی باڵادا بن، له پێناوی چاككردنه‌وه‌ی زیانه‌كان له‌دوای هێرشه‌كانی دوژمن و پاراستنی كاركردنی ئه‌و دامه‌زراوه و فه‌رمانگانه‌ی هێرشیان كراوه‌ته سه‌ر.
- باشتره ئه‌و هێڵانه‌ی ئینته‌رنێت به‌كار بهێنرێت كه ده‌توانرێت به‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی داخستن و گرفت خستنه به‌رده‌م كاركردنیدا زاڵ ببیت، كاتێك دووچاری هێرشێكی ڕووكه‌ش و خێرا ده‌بیته‌وه.
- گرنگه توانای ئه‌وه هه‌بێت ئه‌و پێگانه‌ی هێرشیان ده‌كرێته سه‌ر، بگوازرێنه‌وه بۆ پێگه‌ی دیكه‌ی جێگره‌وه له ئینته‌رنێتدا.
- پێویسته په‌ره به توانای ئیسرائیلییه‌كان بدرێت بۆ ناسینه‌وه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێنه سه‌ر پێكهاته فیزیاییه‌كانی كۆمپیوته‌ر، گرنگه ئه‌و پێكهاتانه‌ی كۆمپیوته‌ر به‌كار بهێنرێن كه به‌رهه‌می پیشه‌سازییه‌كانی ئیسرائیلن و زه‌حمه‌ته زیانیان پێ بگه‌یه‌نرێت.
- توێژە‌ران جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه‌رتی مه‌ده‌نی زیاتر ئه‌گه‌ری په‌لاماردانی هه‌یه له بواری سایبه‌ردا، بۆیه بۆ گرتنه‌به‌ری ڕێكاری پێویست له پێناوی به‌رگریكردن له سایبه‌ره‌كانیان، داوای پابه‌ندبوونی كۆمپانیاكان بكرێت له كاتی دامه‌زراندن یان نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ته‌كانیاندا. پابه‌ندبوون به‌و ڕێكارانه‌ش، بكرێته مه‌رجێك بۆ مۆڵه‌تپێدانیان یان نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ته‌كانیان.
له باره‌ی هێرشه‌كانی بواری سایبه‌ره‌وه، توێژە‌ران هێرشه‌كان ده‌كه‌نه سێ جۆره‌وه:
- هێرشی ئاشكرا
- هێرش بۆ گه‌یاندنی په‌یامێك
- هێرش له چوارچێوه‌ی جه‌نگێكی نهێنیدا
بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ش، پێشنیار ده‌كه‌ن ئه‌م هه‌نگاوانه بنرێن:
- پێویسته له بواری سایبه‌ردا سه‌رجه‌م دامه‌زراوه سه‌ربازی و ته‌ناهییه‌كانی ئیسرائیل هه‌ماهه‌نگییه‌كی ته‌واو له نێوانیاندا هه‌بێت، ئه‌وه‌ی پێویسته ئاماده‌ی بكه‌ن بۆ هێرشكردنه سه‌ر دوژمنه گریمانه‌كراوه‌كان له بواری سایبه‌ردا، به‌رده‌وام له ئاماده‌باشیدا بن.
- پێویسته توانای هێرشكردن له بواری سایبه‌ردا به‌شێك بێت له پلانێكی گشتگیر، تاوه‌كوو له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی گشتگیردا كاریگه‌ریی هه‌بێت.
- پێویست ناكات هێرشێكی كاریگه‌ر و سه‌ركه‌وتوو به‌شێك بێت له هێرشێكی قووڵی پێشكه‌وتوو، باشتره تواناكان په‌ره پێ بدرێن بۆ ئه‌نجامدانی هێرشێكی كاریگه‌ر و ورد له ڕێگه‌ی هێرشێكی ڕووكه‌ش و خێرا و فراوان بۆ سه‌ر چه‌ندین ئامانجی جۆراوجۆر.
- بۆ ئه‌نجامدانی هێرش له بواری سایبه‌ردا دژی دوژمنه گریمانه‌كراوه‌كان، گرنگه له ڕێگه‌ی “نێوه‌ندگیرێكی نادیاره‌وه” ئاماده‌سازی هه‌بێت، به‌بێ ڕاگه‌یاندنی به‌رپرسیارێتی.
- له پێناوی ئه‌نجامدانی هێرشێكی فراوان و گشتگیر و كاریگه‌ر له بواری سایبه‌ردا؛ پێویسته هێزی پێویست بۆ ئه‌و هێرشانه دروست بكرێن، ئامانجه‌كه به‌وردی بزانرێت، پلاندانانی پێشوه‌خته هه‌بێت.
- ده‌كرێت هێرش له بواری سایبه‌ردا به‌شێك بێت له گفتوگۆی نێوان ده‌وڵه‌تان، به جۆرێك ده‌كرێت ئامانجی هێرشه‌كه گه‌یاندنی په‌یامێك بێت.
- له بواری سایبه‌ردا وا باشتره “هێرشبه‌رانی” پیشه‌گه‌ر و شاره‌زا بخرێنه به‌رگریی ئیسرائیله‌وه.
ڕێنماییه‌كان له بواری سایبه‌ردا
سیبۆنی و سیڤان له ڕێنماییه‌كانی بواری سایبه‌ردا كه له 2018 ده‌رچووه، داوا ده‌كه‌ن بواری سایبه‌ر له ئیسرائیل‌دا ڕێک بخرێت، ڕێنمایی ڕوون و ته‌واو له باره‌یه‌وه دابنرێت. جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كه‌نه‌وه بواری سایبه‌ر بێئه‌ندازه گرنگه و به‌به‌رده‌وامی له گۆڕاندایه، چونكه به‌شێكی گه‌وره‌ی پشت به كاره‌كانی كه‌رتی مه‌ده‌نی ده‌به‌ستێت كه له ڕێگه‌یه‌وه ده‌كرێت زیانێكی توند به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئیسرائیل بگه‌یه‌نرێت، ئه‌م كه‌رته‌ش خاڵی لاوازه كه له ڕێگه‌یه‌وه ده‌كرێت هێرش بكرێته سه‌ر سایبه‌ری ئیسرائیل.
توێژە‌ران ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی كه ههڕەشه له سایبه‌ری ئیسرائیل ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها پاراستنی سایبه‌ر و ئه‌و لایه‌نانه‌ی لێی به‌رپرسن؛ ده‌كه‌نه شه‌ش كۆمه‌ڵه‌وه، به‌م شێوه‌یه:
- ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی خۆیان ده‌پارێزن و چاودێریی خۆیان ده‌كه‌ن: ئه‌مه‌ش دامه‌زراوه ته‌ناهییه‌كان ده‌گرێته‌وه وه‌كوو ده‌زگای هه‌واڵگریی گشتی (شاباك)، مۆساد و سوپای ئیسرائیلی به دامه‌زراوه جۆراوجۆره‌كانی و پۆلیسه‌وه. ئه‌م دامه‌زراوانه بۆ خۆپاراستنیان به‌بێ ده‌ستێوه‌ردانی لایه‌نێكی ده‌ره‌كی، ئاماده‌كاریی پێویستیان كردووه.
- دامه‌زراوه هه‌ستیاره‌كان و پیشه‌سازییه‌كانی سه‌ربازی: ئه‌مانیش ملكه‌چی سه‌رپه‌رشتی و چاودێریی به‌رپرسی ئاسایشن له وه‌زاره‌تی ئاسایشی ئیسرائیل، كه ئه‌ركی ده‌رچوواندنی ڕێنماییه بۆ پاراستنیان له هێرشی سایبه‌ری دوژمنان و پاراستنی نهێنی و زانیارییه‌كانی ئه‌و شوێنانه‌یه.
- ژێرخانی زینده‌گی له ئیسرائیل: له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی هاوبه‌شی “كۆمه‌ڵه‌ی سایبه‌ری نیشتمانی” و ده‌زگای هه‌واڵگریی گشتیدان. ژێرخانی زینده‌گی له ئیسرائیل دامه‌زراوه و كه‌رتی زۆر ده‌گرێته‌وه، له نموونه‌ی كه‌رتی غاز و كاره‌با و ئاو و گه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان و ته‌ندروستی و فڕۆكه‌خانه و به‌نده‌ره‌كان و دامه‌زراوه‌ی دڵنیایی نیشتمانی و… تاد. لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له كۆمه‌ڵه‌ی سایبه‌ری نیشتمانی و ده‌زگای هه‌واڵگریی گشتی، ئه‌و دامه‌زراوانه دیاری ده‌كه‌ن كه پێویسته بخرێنه ژێر چاودێرییانه‌وه، ئه‌وه‌ش به‌پێی خه‌مڵاندنیان بۆ ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی دووچاریان ده‌بێته‌وه و زیان به ڕە‌وتی سروشتیی ژیان له ئیسرائیل ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر هاتوو دووچاری هێرشی سایبه‌ری دوژمنان بوونه‌وه.
- وه‌زاره‌ته‌كانی ئیسرائیل و داموده‌زگا جۆراوجۆره‌كانیان: كۆمه‌ڵه‌ی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری و په‌یوه‌ندیی حكومی سه‌رپه‌رشتیی پڕۆسه‌ی به‌رگریكردنیان ده‌كات له هێرشی سایبه‌ر.
- كه‌رتی تایبه‌ت: زۆرینه‌یان ملكه‌چی ڕێنماییه‌كان نابن له باره‌ی به‌رگریكردن له بواری سایبه‌ردا، به هه‌ڵاواردنی چاودێری له‌سه‌ر بانك و بۆرسه و دامه‌زراوه ته‌ندروستییه‌كان و كارگه‌كانی كه‌رتی وزه.
- هاوڵاتیان ملكه‌چی ڕێنماییه‌كان نابن له باره‌ی به‌رگریكردن له بواری سایبه‌ردا.
- سه‌رباری ئه‌وانه، توێژە‌ران ئاماژە به‌وه ده‌كه‌ن له ئیسرائیل شه‌ش ڕێنمایی و ده‌ستپێشخه‌ری له باره‌ی بواری سایبه‌ره‌وه ده‌رچوون كه بریتین له:
- زیادكردنی چاودێری له‌سه‌ر هه‌نارده ئه‌منییه‌كانی ئیسرائیل، زیادكردنی به‌رهه‌مه سه‌ربازییه‌كان كه ده‌خرێنه ژێر چاودێریی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، به ئامانجی پاراستنی باڵاده‌ستیی ڕێژە‌یی ئیسرائیل، به‌تایبه‌تی له بواری پیشه‌سازیی هێرشبه‌رانه‌ی سایبه‌ر و به‌رهه‌مه‌كانیدا. توێژە‌ران ئاماژە‌یان به‌وه كردووه ئیسرائیل هه‌ندێك له به‌ندوباوه‌كانی چاودێریی له‌سه‌ر هه‌ندێك له به‌رهه‌مه‌كانی سایبه‌ر كه‌م كردووەته‌وه، چونكه هه‌وڵ ده‌دات بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ند له‌نێوان پاراستنی باڵاده‌ستیی ڕێژە‌یی ئیسرائیل له بواری پیشه‌سازیی سایبه‌ر له لایه‌ك، پارێزگاری له هێزی ڕكابه‌ر و هه‌نارده‌ی كۆمپانیاكانی سایبه‌ری ئیسرائیل له لایه‌كی دیكه‌وه.
- ده‌سته‌ی سایبه‌ری نیشتمانی له كانوونی یه‌كه‌می 2015دا به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه و ڕایگه‌یاند هه‌وڵ ده‌دات گه‌شه به توانا مرۆییه‌كانی ئیسرائیل له بواری سایبه‌ردا بدات، ئه‌وه‌ش له پێناوی به‌رزكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی پاراستنی سایبه‌ر له ئیسرائیل و به‌رگریكردن لێی. ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه ئاستی پیشه‌یی داواكراوی له توانا مرۆییه‌كان دیاری كردووه كه له بواره جۆراوجۆره‌كانی سایبه‌ر له ئیسرائیل‌دا كار ده‌كه‌ن. به‌ڵگه‌نامه‌كه به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی پیشه‌یی كارمه‌ندانی بواری سایبه‌ر به پێویست ده‌زانێت، له ڕێگه‌ی خوێندنی وانه‌كانی بواری سایبه‌ر و پێدانی بڕوانامه‌ی زانستی به كارمه‌ندانی بواری سایبه‌ر، دوای ئه‌وه‌ی له بواره جۆراوجۆره‌كانی سایبه‌ردا ده‌خوێنن و ڕاهێنانیان پێ ده‌كرێت.
- وه‌زیری داد له 2017دا ڕێنماییه‌كی نوێی ئیلزامیی په‌سه‌ند كرد له باره‌ی پاراستنی زانیارییه‌كان به‌گوێره‌ی ئاستی هه‌ستیارییان. تاوه‌كوو ئاستی هه‌ستیاریی زانیارییه‌كان به‌رزتر بن، ئه‌وا پێویسته پابه‌ندبوون به ڕێنماییه‌كان له باره‌ی سیستمی پاراستنیانه‌وه توندتر بێت.
- كۆمه‌ڵه‌ی سایبه‌ری نیشتمانی له نیسانی 2017دا به‌ڵگه‌نامه‌ی “تیۆری به‌رگریی له بواری سایبه‌ر له دامه‌زراوه‌كاندا” بڵاو كرده‌وه، ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه تایبه‌ته به كاروباره‌كانی كه‌رتی مه‌ده‌نی، تیایدا باس له ئامرازه‌كانی خۆپاراستن و شێوازه‌كانی، چۆنێتیی كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان له بواری سایبه‌ر له كه‌رتی مه‌ده‌نیدا كراوه، ئه‌مه‌ش له پێناوی به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای به‌رگریی دامه‌زراوه‌كانی ئه‌م كه‌رته‌دا.
- كۆمه‌ڵه‌ی سایبه‌ری نیشتمانی له 2017دا به‌ڵگه‌نامه‌ی “ستراتیژیه‌تی ئیسرائیل بۆ به‌رگریكردن له بواری سایبه‌ر”دا بڵاو كرده‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ جاری یه‌كه‌م بوو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی چڕ‌وپڕ بڵاو بكرێته‌وه كه تیایدا به‌ورده‌كارییه‌وه باس له به‌رگریكردن له بواری سایبه‌ر له ئیسرائیل‌دا بكات.
- كۆمه‌ڵه‌ی سایبه‌ری نیشتمانی ده‌ستپێشخه‌ریی كرد بۆ ئاماده‌كردنی ڕە‌شنووسی “یاسای سایبه‌ر”، به مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی له كنێست. ئه‌م ڕە‌شنووسە ده‌سه‌ڵاته‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی سایبه‌ری نیشتمانیی دیاری كردووه، به‌رپرسیارێتیی به‌رگریكردن له سایبه‌ر له ئیسرائیلی خستووەته ئه‌ستۆی. ئه‌م ڕە‌شنووسه ئه‌و ده‌زگایانه‌ی دیاری كردووه كه پێویسته ملكه‌چی ڕێنماییه ئیلزامییه‌كان بن له باره‌ی پاراستنی بواری سایبه‌ریان. ڕە‌شنووسه‌كه دامه‌زراوه‌كانی ئیسرائیلی كردووەته سێ كۆمه‌ڵه‌وه:
كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م له كۆی (600) هه‌زار دامه‌زراوه، نزیكه‌ی هه‌زار دامه‌زراوه‌ی هه‌ستیار و زینده‌گی ده‌گرێته‌وه كه پێویسته ئه‌ركی به‌رگریكردن لێیان له ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تدا بێت. هه‌ر چی دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌یه، به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌كانی دووه‌م و سێیه‌مدا دابه‌ش كراون. پارێزگاریكردن له‌م دوو كۆمه‌ڵه‌یه؛ په‌یوه‌سته به‌و ڕێنماییانه‌ی بۆیان ده‌ركراوه، به‌ڵام هاندانیان ده‌درێتێ تاوه‌كوو خۆیان ئاماده‌كاریی پێویست بۆ خۆپاراستنیان بكه‌ن.
ره‌شنووسه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی سایبه‌ری نیشتمانی مافی داوه به چوونه‌ناوه‌وه‌ی هه‌موو كۆمپیوته‌ره‌كان له ئیسرائیل‌دا، به تایبه‌ت و گشتییه‌وه، تاوه‌كوو ئه‌و به‌ڵگه‌نامه و زانیارییانه‌ی ده‌ویسترێن لێیان وه‌ربگیرێ، به‌بێ بوونی چاودێرییه‌كی یاسایی یان به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی خاوه‌نی كۆمپیوته‌ره‌كان كه زانیارییه‌كانیان لێ وه‌رده‌گیرێت.
له حوزه‌یرانی 2017دا كنێست خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ ئه‌م ڕە‌شنووسه كرد و په‌سه‌ندی كرد. به‌ڵام ئه‌م یاسایه له‌لایه‌ن چه‌ندین لایه‌نی ئیسرائیلییه‌وه دووچاری نه‌یارێتییه‌كی توند هات، به هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی بێئه‌ندازه فراوانی به‌خشیوه‌ته كۆمه‌ڵه‌ی سایبه‌ری نیشتمانی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تاك پێشێل ده‌كات. هه‌روه‌ها مه‌ترسیی ئه‌وه‌ش هه‌یه ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی سایبه‌ری نیشتمانی كه به‌فه‌رمی سه‌ر به دیوانی حكومه‌ته كۆ ده‌كرێته‌وه، له‌ژێر ڕووپۆشی پاساوی ئه‌منیدا، بۆ مه‌به‌ستی سیاسیی ناوخۆیی حیزبی خراپ به‌كار بهێنرێت.
هه‌ردوو توێژە‌ر و سیبۆنی و سیڤان، پێشنیاری ڕێكخستنی پارێزگاری له بواری سایبه‌ر له ته‌واوی دامه‌زراوه‌كانی ئیسرائیل‌دا ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دامه‌زراوه‌كان ده‌كه‌نه سێ كۆمه‌ڵه‌وه و ده‌خرێنه ژێر سێ جۆری جیاوازی ڕێنماییه‌وه، به‌م شێوه‌یه:
- ڕێنمایی خۆكردی ناوخۆیی: ئه‌م جۆره دامه‌زراوه سه‌ربازی و ته‌ناهییه‌كان ده‌گرێته‌وه، له نموونه‌ی سوپا و مۆساد و پۆلیس و هه‌واڵگریی گشتی. ئه‌م دامه‌زراوانه له پێناوی پاراستنی بواری سایبه‌ریان، ملكه‌چی ڕێنماییه‌كانی تایبه‌ت به خۆیان ده‌بن.
- ڕێنماییه ئیلزامییه‌كان: ده‌وڵه‌ت ڕێنمایی ئیلزامیی لایه‌نه تایبه‌تمه‌نده‌كان ده‌سه‌پێنێت بۆ پاراستنی بواری سایبه‌ر له ده‌زگا و دامه‌زراوه زینده‌گی و هه‌ستیاره‌كاندا، وه‌كوو پیشه‌سازیی سه‌ربازیی سه‌ر به هه‌ردوو كه‌رتی تایبه‌ت و گشتی، ته‌واوی كه‌رته‌كانی گه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان و وزه و ئاو و ته‌ندروستی و به‌نده‌ره‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و بانكه‌كان و بۆرسه، ته‌واوی ئه‌و ده‌زگایانه‌ی دیكه ئه‌گه‌ر دووچاری هێرشی سایبه‌ر ببنه‌وه، ده‌بنه هۆی شێواندنی ڕە‌وتی ئاسایی ژیان له ئیسرائیل‌دا.
- ئه‌و ڕێنماییانه‌ی په‌یوه‌ستن به هاندانه‌وه: ده‌وڵه‌ت ڕێنمایی ده‌رده‌كات تاوه‌كوو ده‌سه‌ڵات ببه‌خشێت به كۆمپانیا و ده‌زگا نازینده‌گییه‌كان، تاوه‌كوو بۆ پاراستنی بواری سایبه‌ریان خۆیان ڕێوشوێنی پێویستی به‌رگریلە‌خۆكردن بگرنه به‌ر.
سایبه‌ر له سوپای ئیسرائیل‌دا
زیاتر له ده ساڵه كۆده‌نگییه‌ك له‌نێو ده‌زگا سه‌ربازی و ته‌ناهییه‌كانی ئیسرائیل‌دا هه‌یه كه سایبه‌ر بووه‌ته مه‌یدانێكی نوێی شه‌ڕكردن، چووه‌ته ڕیزی مه‌یدانه‌كانی دیكه‌ی شه‌ڕكردنه‌وه له وشكانی و ده‌ریایی و ئاسمانی و گه‌ردوونیدا. له‌م ده ساڵه‌ی دواییدا له ئیسرائیل بانگه‌وازه‌كان بۆ دروستكردنی چه‌كی سایبه‌ر له سوپای ئیسرائیل‌دا ده‌ركه‌وتوون، داواش ده‌كه‌ن هاوشێوه‌ی چه‌كی زه‌مینی و ئاوی و ئاسمانی، سه‌ركردایه‌تییه‌كی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت.
له ساڵی 2009، سوپاسالاری ئه‌و ده‌مه‌ی ئیسرائیل؛ گابێ ئه‌شكنازی، بواری سایبه‌ری وه‌كوو مه‌یدانێكی شه‌ڕكردن له هه‌ردوو باری ستراتیژی و كرده‌یی دانا. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش، سوپای ئیسرائیل له ساڵی 2009 ده‌سته‌ی سایبه‌ری له یه‌كه‌ی (8200) سه‌ر به ده‌زگای هه‌واڵگریی سه‌ربازی (ئامان) دروست كرد. له كانوونی یه‌كه‌می 2009دا، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی سه‌ربازیی ئه‌و كاته؛ عامۆس یادلین، له وتارێكیدا له په‌یمانگای توێژینه‌وه‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وتی: هێرشكردنه سه‌ر ئامانجه ده‌ره‌كییه‌كان له بواری سایبه‌ردا، یه‌كێكه له ئه‌ركه‌كانی ده‌سته‌ی سایبه‌ری سه‌ر به ده‌زگای هه‌واڵگریی سه‌ربازی.
له حوزه‌یرانی 2015دا، وته‌بێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگه‌یاند له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی كه له بواری سایبه‌ردا ڕووبه‌ڕووی سوپا ده‌بێته‌وه، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتیی ئه‌ركان، گادی ئایزنكۆت، بڕیاری داوه چه‌كی سایبه‌ر له سوپای ئیسرائیل‌دا دروست بكرێت، ئه‌م بڕیاره‌ش له ماوه‌ی دوو ساڵدا جێبه‌جێ ده‌كرێت. سه‌رۆكی ئه‌ركان ئاماژە‌ی به‌وه دا دروستكردنی چه‌كی سایبه‌ر وا ده‌كات سوپای ئیسرائیل له به‌ره جیاوازه‌كان و له ده‌رخستنی باڵاده‌ستیی خۆی له ڕووی ته‌كنه‌لۆجی و مرۆییه‌وه باشتر كار بكات.
وه‌لێ ئه‌و بڕیاره جێبه‌جێ نه‌كرا و دوای تاوتوێكردنێكی زۆر له ده‌سته‌ی ئه‌ركانی سوپای ئیسرائیلی هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه. ئایزنكۆت له وتارێكدا كه له كۆتایی 2018دا بڵاوی كرده‌وه، ئه‌و هۆكارانه‌ی هانده‌ر بوون بۆ دروستكردنی چه‌كی سایبه‌ر له سوپای ئیسرائیل‌دا و پاشان ڕە‌تكردنه‌وه‌ی؛ ڕوون كرده‌وه. ئایزنكۆت ئاماژە به‌وه ده‌كات له باره‌ی چۆنێتیی ڕێكخستنی سایبه‌ر له سوپای ئیسرائیل‌دا، له ساڵی (2014)ە‌وه مشتومرێكی درێژخایه‌ن له ده‌سته‌ی ئه‌ركانی گشتی كراوه. له‌و باره‌یه‌وه ده‌سته‌ی ئه‌ركان چه‌ندین به‌دیلی تاوتوێ كردووه، هه‌ندێكیان به بازدانێكی مه‌زن دانراون، به جۆرێك داوای یه‌كخستنی هه‌موو تواناكانی له بواری سایبه‌ر له سوپای ئیسرائیل و دانانی له‌ژێر یه‌ك سه‌ركردایه‌تیدا كردووه، به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه‌یان زۆر پارێزگارانه بوون. له كۆتاییدا و دوای لێكدانه‌وه‌ی هه‌موو به‌دیله‌كان، گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی بازدانێكی گه‌وره له ڕێكخستنی بواری سایبه‌ر له سوپای ئیسرائیل‌دا له‌ژێر یه‌ك سه‌ركردایه‌تیدا هه‌ڵه‌یه. بۆیه ئه‌و پێشنیاره په‌سه‌ند كراوه پێشكه‌وتن له بواری یه‌كخستنی سایبه‌ردا له سوپای ئیسرائیل به شێوه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆ و دیراسه‌كراو بێت. پاشان بڕیار دراوه ده‌سه‌ڵاته‌كانی “به‌شی زانیاری و په‌یوه‌ندییه‌كان” له سوپای ئیسرائیل‌دا فراوان بكرێت و ناوه‌كه‌ی بگۆڕدرێت به “به‌شی زانیارییه‌كان و په‌یوه‌ندی و به‌رگری له سایبه‌ر” و به‌رپرسیارێتیی به‌رگری له بواری سایبه‌ردا بخرێته ئه‌ستۆ. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، چه‌ندین یه‌كه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگریی سه‌ربازی دووباره ڕێك خرانه‌وه، له پێشی هه‌موویانه‌وه یه‌كه‌ی (8200)، كه ئه‌ركی هێرشكردن و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی خرایه ئه‌ستۆ. ئایزنكۆت جه‌ختی له‌وه كرده‌وه جووڵه‌ی سوپای ئیسرائیل به شێوه‌یه‌كی هێواش و دیراسه‌كراو له بواری سایبه‌ردا، هه‌رگیز مانای داخستنی ده‌رگا نییه له‌به‌رده‌م دروستكردنی چه‌كی سایبه‌ر له داهاتوودا.
ئایزنكۆت له وتاره‌كه‌یدا ئاماژە‌ی به‌وه كردووه سوپای ئیسرائیل له كاتی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیله‌وه به‌ره‌نگاریی چه‌ندین مه‌ترسی بووه‌ته‌وه كه هه‌ڕە‌شه‌یان له ئاسایشی ئیسرائیل كردووە، وه‌كوو هه‌ڕە‌شه‌كردن به چه‌كی نه‌ریتی، هه‌ڕە‌شه‌كردن به چه‌كی ئه‌تۆمی كه تا ئێستاش ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی دوژمن هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌ده‌ن، هه‌ڕە‌شه‌كردنی شه‌ڕی ناهاوتا له‌نێوان ئیسرائیل و ڕێكخراوه‌كانی مقاوه‌مه‌دا. ئه‌و هه‌ڕە‌شه‌ی نوێیه‌شی له‌م ده‌یه‌ی دواییدا دووچاری ئیسرائیل بووەته‌وه، هه‌ڕە‌شه‌ی سایبه‌ره. جه‌ختی له‌وه‌ش كردووەته‌وه له‌م ده‌یه‌ی دواییدا سایبه‌ر یه‌كێكه له بواره زۆر پێشكه‌وتووه‌كان له سوپای ئیسرائیل‌دا، سه‌رچاوه‌یه‌كی بێشوماریش بۆ سایبه‌ر ته‌رخان كراوه له پێناوی سێ ئامانجی بنه‌ڕە‌تیدا:
یه‌كه‌م: به‌رگریكردن له بواری سایبه‌ری سه‌ربازی و هاوكاریكردن له پاراستنی بواری سایبه‌ری مه‌ده‌نی له ئیسرائیل‌دا.
دووه‌م: به‌گه‌ڕخستنی هه‌موو هه‌وڵ و كۆششه‌كان بۆ گه‌شه‌پێدانی تواناكان له باره‌ی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له بواری سایبه‌ردا. پێشكه‌وتنه ته‌كنه‌لۆجییه‌كان بووه‌ته هۆی زیادبوون و فه‌راهه‌مكردنی زانیارییه زینده‌گییه جۆراوجۆره‌كان له بواری سایبه‌ردا، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه.
سێیه‌م: به‌هێزكردنی تواناكانی هێرشبردن له سایبه‌ردا له دژی دوژمنه گریمانه‌كراوه‌كان.
دووه‌م: واقیعی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان له ئیسرائیل‌دا
ماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌یه ئیسرائیل له بواری به‌رهه‌مهێنانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی سه‌ربازی و به‌كارهێنانی و هه‌نارده‌كردنی، پێگه‌یه‌كی گرنگی داگیر كردووه. له سه‌ره‌تادا فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی بۆ مه‌به‌ستی سیخوڕی و وێنه‌گرتنی ناوچه عه‌ره‌بییه‌كانی هاوسنووری له كۆتایی شه‌سته‌كان و حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا به‌كار ده‌هێنا. له ده‌یه‌ی هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووش‌دا، به‌رده‌وام بوو له به‌كارهێنانی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان له جه‌نگه ناهاوتاكه‌یدا له دژی هێزه فه‌ڵه‌ستینییه‌كان له لوبنان له شه‌ڕی یه‌كه‌می لوبناندا، هه‌روه‌ها دژی حیزبوڵا له لوبنان.
له ده‌یه‌ی هه‌شتاكانه‌وه ئیسرائیل فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی ته‌نها بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری به‌كار ناهێنێت، به‌ڵكوو وه‌كوو به‌شدارێكی كارا له شه‌ڕدا به‌كاری ده‌هێنێت، چونكه زانیاری به سوپای ئیسرائیل و هێزی ئاسمانی ده‌دات له باره‌ی ئامانجه جێگیر و جووڵاوه‌كان كه پێویسته به‌ئامانج بگیرێن. ئیسرائیل له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه له پڕۆسه‌ی تیرۆركردنی سه‌ركرده و چالاكوانه فه‌ڵه‌ستینی و لوبنانییه‌كاندا، فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی به شێوه‌یه‌كی چڕ به‌كار ده‌هێنێت.
تیرۆركردنی ئه‌مینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنانی؛ عه‌باس موسه‌وی له (16/شوبات/1992) له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه، یه‌كێكه له دیارترین ئه‌و چالاكییانه‌ی كه فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه ئیسرائیلییه‌كان له‌و ماوه‌یه‌دا به‌شدارییان تێدا كرد. فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئیسرائیلی ئه‌و ڕۆژە له ئاسمانی باشووری لوبنان بوو، ڕاسته‌وخۆ وێنه‌ی جموجۆڵه‌كانی كاروانه‌كه‌ی موسه‌وی ئه‌مینداری گشتیی حیزبوڵای ده‌گه‌یانده ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سه‌ركردایه‌تیی سوپای ئیسرائیل له ته‌لئه‌بیب، كه له‌و ڕۆژەدا سه‌ردانی باشووری لوبنانی كردبوو. له هه‌مان كاتدا فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كه ئامانجه‌كه‌ی بۆ هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دیاری ده‌كرد، ئه‌وانیش دوو فڕۆكه‌ی ئه‌باتچییان نارد و بۆردوومانی چوار ئۆتۆمبێلی كرد كه سه‌ر به كاروانه‌كه‌ی ئه‌مینداری گشتیی حیزبوڵا بوو، له ئاكامدا خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی و منداڵێكی شه‌ش ساڵانی و ژماره‌یه‌ك چه‌كداری حیزبوڵا كوژران.
ئیسرائیل له پڕۆسه‌كانی تیرۆركردنی ده‌یان سه‌ركرده و چالاكوانی فه‌ڵه‌ستینی له كۆتاییه‌كانی ڕاپه‌ڕینی یه‌كه‌م، ڕاپه‌ڕینی دووه‌م، جه‌نگه‌كانی له دژی كه‌رتی غه‌ززه، له به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان؛ به‌رده‌وام بوو. به‌كارهێنانی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان ته‌نها دژی وڵاتانی هاوسێی نه‌بوو، به‌ڵكوو له ده‌یه‌ی ڕابردوودا زۆر جار ئامانجگه‌لێكی پێكاوه كه سه‌دان كیلۆمه‌تر دوور بوون.
له شه‌ڕی دووه‌می لوبناندا له 2006، به‌كارهێنانی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان گه‌یشته یه‌كێك له لوتكه‌كانی، چونكه چه‌ندین كاتژمێر زیاتر له‌و فڕۆكانه‌ی كه فڕۆكه‌وانیان هه‌بوو؛ فڕین. له مێژووی سه‌ربازیدا و بۆ یه‌كه‌م جار له‌م جه‌نگه‌دا، فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان له سه‌ره‌تاوه تا كۆتاییهاتنی شه‌ڕە‌كه له‌سه‌ر ئاسمانی گۆڕە‌پانی شه‌ڕە‌كه به‌رده‌وام بوون له كاركردن. له‌م ده‌یه‌یه‌ی كۆتاییدا ئیسرائیل به شێوه‌یه‌كی چڕ و به‌رده‌وام فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی له پڕۆسه سه‌ربازییه‌كان و له هه‌ر سێ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یدا بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه له (2009، 2012 و 2014) به‌كار هێنا. هه‌روه‌ها به‌رده‌وامه له به‌كارهێنانیان له په‌لاماره دووباره‌كانی بۆ سه‌ر سووریا و لوبنان و عێراق، كه تیایاندا سه‌ربازانی ئێران و میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا به ئامانج ده‌گرێت.
به‌رهه‌مهێنانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه
ئیسرائیل له ده‌یه‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، له ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه، ده‌ستی كردووه به به‌رهه‌مهێنانی جۆری جیاوازی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان، كورتمه‌ودا و مامناوه‌ند و دوورمه‌ودا، بۆ مه‌به‌ستی جۆراوجۆری سه‌ربازی، كه كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و سیخوڕی و بۆردوومانكردنی ئامانجه نزیك و دووره‌كان له ئیسرائیله‌وه ده‌گرێته‌وه، له‌و ده‌مه‌وه ئیسرائیل چه‌ندین جۆری جیاوازی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی به بڕی زۆر دروست كردووه. به نموونه؛ فڕۆكه‌ی “سكایلارك” كه كۆمپانیای “ئه‌لبیت”ی ئیسرائیلی به‌رهه‌می ده‌هێنێت. فڕۆكه‌ی “هێرمس 450” كه بۆ چه‌ندین مه‌به‌ست و بۆ مه‌ودای مامناوه‌ند به‌كار ده‌هێنرێت و هه‌مان كۆمپانیا دروستی ده‌كات، له ساڵی (1999)ە‌وه سوپای ئیسرائیل به‌كاری ده‌هێنێت و مه‌وداكه‌ی ده‌گاته (200) كیلۆمه‌تر، ده‌توانێت بۆ ماوه‌ی بیست كاتژمێر له ئاسماندا بمێنێته‌وه، ئه‌وپه‌ڕی توانای ده‌توانێت (200) كیلۆگرام چه‌ك و سیستمی سیخوڕی و په‌یوه‌ندی هه‌ڵبگرێت، ئه‌وپه‌ڕی خێراییه‌كه‌ی ده‌گاته (175) كیلۆمه‌تر له كاتژمێرێكدا.
پیشه‌سازیی ئاسمانیی ئیسرائیل له (1994)ە‌وه ده‌ستی كردووه به به‌رهه‌مهێنانی فڕۆكه‌ی “هێرۆن 1″، ساڵی 2000 ده‌ستی كرد به هه‌نارده‌كردنی بۆ ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌ت، له ساڵی 2003 به‌ئاشكرا ئه‌م فڕۆكه‌یه ڕاگه‌یه‌نرا، له (2005)ە‌وه له‌لایه‌ن هێزی ئاسمانیی ئیسرائیله‌وه به‌كار ده‌هێنرێت. ئه‌م فڕۆكه‌یه هه‌شت مه‌تر و نیو درێژە، شه‌ش مه‌تر و نیو به‌رزه، درێژیی باڵه‌كانی (16.6) مه‌تره، كێشه‌كه‌ی (1150) كیلۆیه، توانای هه‌ڵگرتنی (250) كیلۆگرامی هه‌یه، سی هه‌زار پێ به‌رز ده‌بێته‌وه و مه‌وداكه‌ی ده‌گاته (350) كیلۆمه‌تر.
پیشه‌سازیی ئاسمانیی ئیسرائیل فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی “هێرۆن 2: “ئیتان”یشی پێ ده‌وترێت”؛ به‌رهه‌م هێناوه، له (2010)ە‌وه له‌لایه‌ن هێزی ئاسمانیی ئیسرائیله‌وه به‌كار ده‌هێنرێت، له شێوه‌دا له فڕۆكه‌ی هێرۆن یه‌ك ده‌چێت، به‌ڵام چوار هێنده گه‌وره‌تره، یه‌كێكه له پێشكه‌وتووترین فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی ئیسرائیل. پازده مه‌تر درێژە و (5.6) مه‌تر به‌رزه، درێژیی باڵه‌كانی بیست و شه‌ش مه‌تره، كێشه‌كه‌ی پێنج تۆنه، ئه‌وپه‌ڕی توانای هه‌ڵگرتنی یه‌ك تۆنه، ده‌توانێت بۆ ماوه‌ی (36) كاتژمێر به‌به‌رده‌وامی له ئاسماندا بمێنێته‌وه و (45) هه‌زار پێ به‌رز ببێته‌وه. ئه‌م فڕۆكه‌یه بۆ ئامانجی جۆراوجۆر به‌كار ده‌هێنرێت، وه‌كوو: كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری، سیخوڕی، وێنه‌گرتنی ناوچه‌یه‌كی فراوان، له ڕێگه‌ی مانگی ده‌ستكرده‌وه توانای په‌خشی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه. ده‌توانێت له دووریی هه‌زاران كیلۆمه‌تره‌وه له ئیسرائیل به مووشه‌ك یان به بۆمب ئامانجه‌كانی بپێكێت. نرخی ئه‌م فڕۆكه‌یه له‌نێوان بیست بۆ هه‌شتا ملیۆن دۆلاره، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی ئه‌و سیستم و ئامێره جیاوازانه‌ی بۆی داده‌نرێت.
ئیسرائیل فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی به‌تایبه‌تی هێرۆن یه‌ك و دووی بۆ ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌ت هه‌نارده كردووه، له نێویاندا ڕووسیا، ئازه‌ربایجان، ئیكوادۆر، به‌ڕازیل، ئه‌ڵمانیا، هیندستان، توركیا، یۆنان، كه‌نه‌دا، مه‌غریب، كۆریای باشوور، سه‌نگاپوور، ئه‌مه‌ریكا، فه‌ڕە‌نسا، ئوسترالیا. له ماوه‌ی ساڵانی (2005-2013)دا ئیسرائیل پله‌ی یه‌كه‌می له هه‌نارده‌كردنی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان له جیهاندا داگیر كردبوو، له‌و ماوه‌یه‌دا به به‌های (4.62) ملیار دۆلار فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی هه‌نارده كردبوو.
به‌ده‌ر له‌و سووده ماددییه‌ی ئیسرائیل له فرۆشتنی ئه‌و فڕۆكانه به زۆرێك له ده‌وڵه‌تانی جیهان چنگی ده‌كه‌وێت، ئیسرائیل سوودی دیكه‌شی به‌ده‌ست هێناوه، چونكه هه‌نارده‌كردنی ئه‌و فڕۆكانه كاری كردووه و “كار ده‌كاته” سه‌ر به هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی به زۆرێك له ده‌وڵه‌تانه‌وه، ئیدی له‌سه‌ر ئاستی سیاسی بێت یان له‌سه‌ر ئاستی هاوكاریی ئه‌منی بێت له نێوانیاندا، له نموونه‌ی گرێبه‌ستی هه‌نارده‌كردنی ئه‌و فڕۆكانه‌ی كه ئیسرائیل له‌گه‌ڵ هیندستان و ڕووسیا و زۆرێك له ده‌وڵه‌تانی دیكه‌دا واژۆی كردووه.
قه‌باره‌ی بازاڕی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان له جیهاندا له ساڵێكه‌وه بۆ ساڵێكی دیكه به شێوه‌یه‌كی خێرا زیادی كردووه، به نموونه؛ له ساڵی 2015دا به‌های ئه‌م بازاڕە به نزیكه‌ی شه‌ش ملیار دۆلار خه‌مڵێنراوه، پێشبینی ده‌كرێت به‌های ئه‌م بازاڕە له ساڵی 2022دا بگاته نزیكه‌ی (22) ملیار دۆلار. ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت له‌م ساڵانه‌ی دواییدا گۆڕانكاریی گرنگ ڕووی داوه له باره‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان به‌رهه‌م ده‌هێنن. له‌م پێنج ساڵه‌ی دواییدا، ئیسرائیل پله‌ی یه‌كه‌می له هه‌نارده‌كردنی ئه‌م فڕۆكانه‌دا له‌ده‌ست داوه، هه‌ر چه‌نده هێشتا له پله‌كانی پێشه‌وه‌دا ماوه‌ته‌وه.
له‌م ده‌یه‌ی كۆتاییدا چین ده‌ستی كردووه به به‌رهه‌مهێنانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی سه‌ربازی و هه‌نارده‌كردنی بۆ زۆرێك له ده‌وڵه‌تان، به مه‌رجی ئاسان و به نرخی هه‌رزانتر له فڕۆكه ئیسرائیلی و ئه‌مه‌ریكییه‌كان كه ده‌گاته نزیكه‌ی نیوه‌ی نرخی ئه‌وان، له‌گه‌ڵ پاراستنی كوالێتییه‌كه‌ی له ڕكابه‌رییه‌كه‌دا. به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا له ساڵی 2015دا، چین ئامانجی ئه‌وه‌یه تا ساڵی 2023، نزیكه‌ی (42) هه‌زار فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی سه‌ربازی له جۆری جیاواز به‌رهه‌م بهێنێت. هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ریكاش به‌رهه‌مهێنانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی سه‌ربازیی زیاد كردووه و له‌م ساڵانه‌ی دواییدا كردوویه‌تی به كاری له‌پێشینه‌ی. هه‌روه‌ها له‌م ده‌یه‌ی كۆتاییشدا ڕووسیا بایه‌خێكی گه‌وره به به‌رهه‌مهێنانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی سه‌ربازی ده‌دات و كردوویه‌تی به ئه‌وله‌ویه‌ت. به هه‌مان شێوه ئێرانیش بایه‌خێكی گه‌وره‌ی پێ ده‌دات و چه‌ندین جۆری به‌رهه‌م هێناوه. هه‌ندێك له‌و فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه سه‌ربازییانه‌ی ئێران به‌رهه‌می هێناوه، ده‌توانێت بۆ ماوه‌ی یازده كاتژمێری به‌رده‌وام له ئاسماندا بمێنێته‌وه و مه‌وداكه‌ی ده‌گاته (200) كیلۆمه‌تر. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێران مانگی ده‌ستكردی پێویستی نییه، ناتوانێت فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی كارا بكات و كۆنترۆڵ بكات له مه‌ودایه‌كدا كه (200) كیلۆمه‌تر زێتر بێت.
گرنگیی زیادبوونی قه‌باره‌ی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان له هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل‌دا
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به خێراییه‌كی گه‌وره ژماره‌ی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان له هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل‌دا زۆر بوون، به‌تایبه‌تی فڕۆكه‌كانی جۆری “هێرۆن 2″، به‌وه‌ش ئه‌ركه‌كانی له مه‌یدانه جۆراوجۆره‌كاندا زیاد بوون. جێگه‌ی ئاماژەپێدانه، فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل له ساڵی 2016دا بڕیاری دا به گۆڕینی ناوی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بۆ ئه‌و فڕۆكانه‌ی له دووره‌وه كۆنترۆڵ ده‌كرێن، ئه‌وه‌ش به ئامانجی توندكردنه‌وه‌ی گرنگیی فاكته‌ری مرۆیی كه كار به‌و فڕۆكانه ده‌كه‌ن، واته دانانی مرۆڤ له ناوه‌نددا، بۆ جه‌ختكردنه‌وه له‌وه‌ی كارپێكردنی ئه‌م فڕۆكانه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و كارمه‌ندانه‌یه كه خاوه‌نی شاره‌زاییه‌كی باڵان.
هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بایه‌خێكی گه‌وره و له‌پێشینه به‌و كه‌سانه ده‌دات كه كار به فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له ساڵی 2001دا قوتابخانه‌یه‌كی له بنكه‌ی “عه‌ین شیمه‌ر” له باكووری ته‌لئه‌بیب كرده‌وه بۆ فێربوونی چۆنێتیی كاركردن به فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و ڕاهێنان له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی له دووره‌وه و خوێندنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانی و شیكردنه‌وه‌یان كه ڕاسته‌وخۆ فڕۆكه‌كان ده‌ینێرن. له ساڵی 2004دا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی گواسته‌وه بۆ “به‌لمحێم” له باشووری ته‌لئه‌بیب. كارپێكه‌ران به‌سه‌ر دوو به‌شی سه‌ره‌كیدا دابه‌ش كراون: به‌شی ده‌ره‌كی كه به‌رپرسن له فڕین و نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌كان، به‌شی ناوخۆیی كه به‌رپرسن له فڕۆكه‌كه و ئاراسته‌كردنی له كاتی فڕین‌دا، هه‌روه‌ها له شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیاری و وێنانه‌ی په‌خشی ده‌كات.
فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل له 2016دا، پلانێكی گه‌وره‌ی بۆ فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان له هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل‌دا بۆ ده‌یه‌ی داهاتوو په‌سه‌ند كرد. به‌پێی ئه‌و پلانه، گۆڕانكاریی گرنگ له ته‌واوی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل‌دا ده‌كرێت، ڕۆڵ و قه‌باره‌ی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان به‌هێزتر ده‌كرێن. ئه‌م پلانه هه‌وڵی گه‌شه‌پێدانی هه‌موو ئه‌و بوارانه ده‌دات كه په‌یوه‌ستن به فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه له هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل‌دا، وه‌كوو: توانای مرۆیی، پڕۆسه سه‌ربازییه‌كان، چاككردنه‌وه، ژماره‌ی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان، ژماره‌ی كاتژمێره‌كانی فڕینیان.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پلانه، كاتژمێره‌كانی فڕینی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان له ساڵی 2018دا گه‌یشته سێ له‌سه‌ر چواری كاتژمێری فڕینی فڕۆكه‌كان له هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل‌دا. هه‌روه‌ها له‌و پڕۆسه سه‌ربازییانه‌ی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ئه‌نجامی داوه، سێ به‌شی فڕینه‌كان له‌لایه‌ن فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانه‌وه بووه.
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ژماره‌یه‌ك له‌و ئه‌ركانه‌ی فڕۆكه ئاساییه‌كان ئه‌نجامیان ده‌دا، گوازرایه‌وه بۆ فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان، له نموونه‌ی: پڕۆسه‌ی سیخوڕی و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری كه فڕۆكه‌كانی جۆری “بیچكرافت كینگ ئێر بی 200” ئه‌نجامیان ده‌دا، له ئێستادا فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی جۆری “هێرۆن 2” ئه‌و ئه‌ركانه ڕاده‌په‌ڕێنن. هه‌روه‌ها پڕۆسه‌ی په‌یجوری به‌سه‌ر كه‌ناراوه‌كانی ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاستدا له‌لایه‌ن فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت.
ئاینده‌ی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه سه‌ربازییه‌كان
پێشبینی ده‌كرێت له ساڵان و ده‌یه‌كانی داهاتوودا ئاستی پشتپێبه‌ستنی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل به فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه سه‌ربازییه‌كان بێئه‌ندازه زۆر ببێت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار: دیارترینیان توانای ئه‌م فڕۆكانه‌یه كه ده‌توانن بۆ ماوه‌ی زیاتر له ڕۆژێكی ته‌واو له كاردا بن، ئه‌م ماوه‌یه‌ش له داهاتوودا زۆر زیاتر ده‌بێت. توانای كاركردنیان له ناوچه دوور و مه‌ترسیداره‌كان هه‌یه كه دژەفڕۆكه‌ی تێدایه، به‌بێ ئه‌وه‌ی تاقمی مرۆیی دووچاری مه‌ترسی ببنه‌وه. هه‌روه‌ها زیانی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان یان له‌ده‌ستدانی، زۆر كه‌متره له‌و فڕۆكانه‌ی كه فڕۆكه‌وانیان هه‌یه، ئیدی زیانه‌كه ئه‌وه بێت كه فڕۆكه‌وانه‌كه به دیلی ده‌كه‌وێته ده‌ستی لایه‌نی دوژمن و ژیانی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، یان نرخی فڕۆكه‌كه بێت، چونكه نرخی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان كه‌متره له‌و فڕۆكانه‌ی فڕۆكه‌وانیان هه‌یه. هه‌روه‌ها تێچووی كارپێكردنی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان كه‌متره له‌و فڕۆكانه‌ی فڕۆكه‌وانیان هه‌یه. جگه له‌وه‌ی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه پێشكه‌وتووه‌كان توانای خۆدوورخستنه‌وه‌یان له مه‌ترسییه‌كان زیاتره له‌و فڕۆكانه‌ی فڕۆكه‌وانیان هه‌یه. هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌یان له‌لایه‌ن دوژمنه‌وه ئه‌سته‌متره له دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكانه‌ی فڕۆكه‌وانیان هه‌یه. هه‌روه‌ها فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه پێشكه‌وتووه‌كان سیستمێكی په‌یوه‌ندی و كۆمه‌ڵێك ئامێری دیكه‌یان هه‌یه كه ده‌كرێت له ڕێگه‌ی تیمی كارپێكردنیه‌وه له بنكه‌ی فڕینه‌كه‌یه‌وه كارا بكرێت، به شێوازێكی زۆر خێراتر له‌و فڕۆكانه‌ی كه فڕۆكه‌وانیان هه‌یه و ئه‌و سیستم و ئامێرانه‌یان له‌سه‌ره. سه‌رباری ئه‌وانه، فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان توانای فڕین و نیشتنه‌وه‌یان له‌و شوێنانه‌دا هه‌یه كه ئه‌و فڕۆكانه‌ی فڕۆكه‌وانیان هه‌یه؛ ناتوانن بنیشنه‌وه و هه‌ڵبفڕن.
فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه پێشكه‌وتووه‌كان دووچاری هه‌ندێك گرفت ده‌بنه‌وه، چونكه له پڕۆسه‌ی كارپێكردن و فڕینیاندا به شێوه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی پشت به تۆڕە دووره‌كانی په‌یوه‌ندی ده‌به‌ستن، ئه‌و تۆڕانه‌ش ده‌كرێت له‌لایه‌ن نه‌یارانه‌وه تێك بدرێن، به‌ڵام ئه‌و گرفتانه‌ش ده‌كرێت چاره‌سه‌ر بكرێن. به‌راورد به‌و سه‌ركه‌وتنه گه‌ورانه‌ی كه فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان به‌ده‌ستیان هێناوه، ئه‌و مه‌ترسییانه زۆر كه‌من.
پێشبینیی ئه‌وه ناكرێت له ماوه‌یه‌كی كورتی ده‌یه‌كانی داهاتوودا ده‌ستبه‌رداری ئه‌و فڕۆكانه بن كه فڕۆكه‌وانیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه ڕوونه فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه پێشكه‌وتووه‌كان و ئه‌وانه‌ش كه له داهاتوودا دروست ده‌كرێن، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت خێراییه‌كانیان و ماوه‌ی مانه‌وه‌یان له ئاسمان و قه‌باره‌ی ئه‌و بارانه‌ی هه‌ڵیده‌گرن زیاتر بێت، به‌وه‌ش ساڵ له‌دوای ساڵ ڕۆڵ و گرنگییان له هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل و شوێنانی دیكه‌دا زیاتر ده‌بێت. هه‌روه‌ها پشتپێبه‌ستنیان له زۆربه‌ی ئه‌ركه‌كاندا زیاتر و زیاتر ده‌بێت. هه‌روه‌ها پێشبینیی ئه‌وه ده‌كرێت ته‌رخانكردنی بودجه و ئاراسته‌كردنی هه‌وڵ و داهێنانه زانستییه‌كان بۆ گه‌شه‌پێدانی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان له هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل‌دا زیاتر بكرێت، هه‌روه‌ها له به‌شێكی گه‌وره‌ی چه‌كی ئاسمانیی ده‌وڵه‌ته پێشكه‌وتووه‌كانیشدا.
كۆتایی
له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا ئیسرائیل یه‌كێك بووە له ده‌وڵه‌ته زۆر پێشكه‌وتووه‌كان له بواری سایبه‌ردا، كه به پێكهاته‌یه‌كی بێئه‌ندازه گرنگی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی داده‌نرێت. هه‌ر له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا، له پێناوی پاراستنی سایبه‌ره‌كه‌ی له هێرش و دزه‌كردنی ده‌ره‌كی و ناوخۆیی، ئیسرائیل كۆمه‌ڵێك ڕێكاری ته‌ناهی و دامه‌زراوه‌یی و كارگێڕی و یاسایی گرتووەته به‌ر. له هه‌مان كاتدا ئیسرائیل به‌رده‌وام بووه له په‌ره‌پێدانی توانای هه‌واڵگری و هێرشكردنی له بواری سایبه‌ردا بۆ ئه‌وپه‌ڕی سنوور، بایه‌خێكی بێئه‌ندازه گرنگی به‌م بابه‌ته داوه و كردوویه‌تی به به‌شێك له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی.
له ساڵی (2009)ە‌وه سوپای ئیسرائیل بواری سایبه‌ری وه‌كوو بوارێكی شه‌ڕكردن له هه‌ردوو لایه‌نی ستراتیژی و كرده‌یی داناوه. به مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی توانا هه‌واڵگری و هێرشبه‌رییه‌كانی سوپای ئیسرائیل له بواری سایبه‌ردا له دژی دوژمنه گریمانه‌كراوه‌كان، ده‌سته‌ی سایبه‌ری له یه‌كه‌ی (8200) له ده‌زگای هه‌واڵگریی سه‌ربازیی “ئامان” دروست كردووه.
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له ده‌سته‌ی ئه‌ركانی گشتیی سوپای ئیسرائیل، گفتوگۆی درێژ كراوه له باره‌ی دامه‌زراندنی چه‌كی سایبه‌ره‌وه، هه‌روه‌ها دانانی هه‌موو تواناكانی سایبه‌ر له‌ژێر یه‌ك سه‌ركردایه‌تیدا، هاوشێوه‌ی چه‌كی وشكانی و ئاوی و ئاسمانی. هه‌ر چه‌نده له ئێستادا بڕیار دراوه چه‌كێكی تایبه‌ت به سایبه‌ر له سوپای ئیسرائیل‌دا دروست نه‌كرێت، به‌ڵام چه‌ندین یه‌كه له هه‌واڵگریی سه‌ربازیی ڕێك خراونه‌ته‌وه و فراوان كراون و بودجه‌یه‌كی زۆریان بۆ ته‌رخان كراوه، له‌پێش هه‌موویانه‌وه یه‌كه‌ی (8200)، كه ئه‌ركی شه‌ڕكردن له بواری سایبه‌ر و ئه‌نجامدانی هێرشكردن و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی پێ سپێردراوه.
هه‌ر چی له باره‌ی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه سه‌ربازییه‌كانه، پێشبینی ده‌كرێت پشتپێبه‌ستنی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل له ساڵان و ده‌یه‌كانی داهاتوودا زۆر زیاتر ببێت، هه‌روه‌ها له زۆرینه‌یه‌كی هه‌ره زۆری ئه‌رك و پڕۆسه‌كانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل‌دا زیاتر و زیاتر پشتی پێ ببه‌سترێت.