ژینگەی بەرھەمھێنان و بەردەوامی بیری توندڕەوی لە ناوچە جێناکۆکەکان
سەنگەر یوسف ساڵح: توێژەر لە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی
عەبدول سەمیع محەمەد ڕەحمان: توێژەر لە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی
بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به PDF كلیك له‌م به‌سته‌ره بكه:- ژمارە 3ی ئه‌یلولی 2020ی گۆڤاری ئایندەناسی
بەرایی
گرنگیدان به بونیادنان و پاراستنی ئاشتی و دابینكردنی ئه‌من و ئاسایش له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا، زۆرینه‌ی حكومه‌ت و ڕێكخراوه ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه. ناسه‌قامگیریی ناوخۆیی، هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی؛ وای له هه‌ندێك وڵات و كۆمه‌ڵگا كردووه كه زیاد له‌وانی تر باجی گه‌وره بده‌ن، به جۆرێك كه پڕۆسه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری و سیاسی و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تییش تیایاندا بۆ چه‌ندین ساڵ دوا بكه‌وێت. عێراق ده‌كه‌وێته خانه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه به وڵاته ناسه‌قامگیره‌كان هه‌ژمار ده‌كرێن، به‌پێی پێڕستی ئاشتیی جیهانی (Global Peace Index) بۆ ساڵی ٢٠٢٠، له‌دوای هه‌ریه‌ك له ئه‌فغانستان و سووریا، عێراق له ڕیزبه‌ندیی سێیه‌م دێت له به‌رزیی ڕێژەی توندوتیژی و نه‌بوونی ئاشتی.[1] سه‌رباری كه‌مبوونه‌وه‌ی كرده تیرۆرستییه‌كان به به‌روارد به ساڵه‌كانی نێوان (٢٠١٤-٢٠١٧)، به‌پێی داتاكانی په‌یمانگای ئابووری و ئاشتی كه له چوارچێوه‌ی پێڕستی تیرۆرزمی جیهانی بۆ ساڵی ٢٠١٩ خسووتیانهته ڕوو، له‌دوای ئه‌فغانستان، هێشتا عێراق له ڕیزبه‌ندیی دووه‌می ئه‌و وڵاتانه دێت كه به‌رزترین ئاستی كاریگه‌ریی كرده‌وه تیرۆرستییه‌كانی له‌سه‌ره[2]. به نموونه؛ له ڕووی ئابوورییه‌وه عێراق له‌نێو ئه‌و ده وڵاته‌یه كه تێچووی توندوتیژییه‌كان ده‌كاته زیاتر له ٢٥%-ی داهاتی به‌رهه‌می ناوخۆیی وڵاته‌كه ((Gross Domestic Products[3].
ده‌ركه‌وتنی گرووپه توندڕەو و تیرۆرستییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌دوای ساڵی ٢٠٠٣-ەوه، وای كردووه كه بیری توندڕەوی و تیرۆر؛ هه‌ڕەشه‌یه‌كی جددی بێت له‌سه‌ر سه‌قامگیریی ئێستا و ئایندهی عێراق، ئه‌م مه‌ترسییه زیاتر له‌و ناوچانه ده‌بینرێت كه به ناوچه جێناكۆكەكان ناو ده‌برێن[4]. له‌دوای تێكشانی خه‌لافه‌تی داعش، ناوچه جێناكۆكه‌كان له خانه‌قینه‌وه تاوەكوو شەنگال بوونه‌ته مۆڵگه‌ی پاشماوه‌ی چه‌كداره‌كانی، ئه‌مه‌ش له لایه‌كه‌وه به هۆی جوگرافیای ئاڵۆز و له‌باری ئه‌و ناوچانه بۆ خۆحهشاردانیانە[5] و له لایه‌كی تریشه‌وه به هۆی سروشتی ڕووداوه مێژووییه‌كان، پێكهاته‌ی دانیشتووان، جۆری ململانێ، بۆشایی ئیداری و ئه‌منیی ئه‌و ناوچانه‌وه‌یه. هه‌ر بۆیه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیریی ئه‌منی، ئیداری، پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێكهاته‌كان، ده‌كرێت ڕۆڵی ئه‌رێنی بگێڕێت له كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسیی بڵاوبوونه‌وه‌ی بیری توندڕەوی له‌و ناوچانه به‌تایبه‌تی و گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ عێراق به‌گشتی. پڕۆسه‌ی به‌عه‌ره‌بكردن و گۆڕانی دیمۆگرافی به درێژایی چه‌ندین ده‌یه له سه‌رده‌می ڕژێمی پێشوو، وای كرد كه له‌دوای ڕووخانی سه‌رده‌می به‌عس له ساڵی ٢٠٠٣، گرنگیی تایبه‌ت به‌و ناوچانه بدرێت. هه‌ر بۆیه له ده‌ستووری عێراقدا ماده‌ی ١٤٠ جێگیر كرا كه تایبه‌ته به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئه‌و ناوچانه، به‌ڵام سه‌رباری چه‌ندین هه‌وڵی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده ده‌ستوورییه، كێشه‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان وا ده‌رده‌كه‌وێت كه كێشه‌ی دوورمه‌ودا بن و له ئایندهی نزیكدا چاوه‌ڕوانی چاره‌سه‌ركردنیان نه‌كرێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و گریمانه‌یه زیاتر به‌هێز ده‌كات كه گرووپه توندڕەوهكان سوود له ناسه‌قامگیریی ئه‌و ناوچانه وه‌ربگرن و پێی خۆیانی زیاتر تێدا قایم بكه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌م بابه‌ته هه‌وڵێكه بۆ تیشك خستنه‌سه‌ر بارودۆخی ناوچه جێناكۆكەكان و نیشاندانی مه‌ترسیی هه‌بوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی بیری توندڕەوی تێیاندا. پێویسته ئاماژە به‌وه بده‌ین كه ته‌ركیزی ئه‌م نووسینه زیاتر له‌سه‌ر چه‌مكی بیری توندڕەوییه، وه‌ك پێش مه‌رج و قۆناغی پێش تیرۆر، چونكه پێمان وایه كه تیرۆر ده‌ره‌نجامی ئه‌و جۆره له بیركردنه‌وه توندڕەوییهیه كه له زه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و ئایینییه‌وه دروست ده‌بێت، هه‌ر بۆیه‌ش پێویسته جیاوازی له‌نێوان چه‌مكی بیری توندڕەوی و تیرۆر بكرێت، له كاتێكدا له هه‌رێمی كوردستان ئه‌م جیاكردنه‌وه‌یه زۆر به‌دی ناكرێت، هه‌روه‌كوو ئێمه له توێژینه‌وه‌ی تر ئه‌مه‌مان ڕوون كردووەته‌وه[6].
بۆ شیكردنه‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌و ناوچانه له ئێستادا و زانینی ئاستی مه‌ترسییه‌كانی بیری توندڕەوی و گرووپه توندڕەوهكان، ئه‌م بابه‌ته پشتی به‌ستووه به كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له ڕێگای ئه‌نجامدانی (٨) چاوپێكه‌وتنی نیمچهكراوهوه له‌گه‌ڵ كه‌سانی شاره‌زا و به‌ئاگا له بارودۆخی ناوچه جێناكۆكەكان. ئه‌وانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كراوه له پێكهاته‌ی كورد، ئێزدی و كاكه‌یین له هه‌ردوو پارێزگای كه‌ركووك و موسڵ، هه‌روه‌ها له بواری جیاوازدا كار ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تییش بواری ڕۆژنامه‌وانی، ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، سێكته‌ری پۆلیس و هێزه ئه‌منییه‌كان. له هه‌مان كاتدا پشت به چه‌ندین دۆكیۆمێنت و ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌وانی به‌ستراوه كه تایبه‌ت بوون به ناوچه جێناكۆكەكان.
زەمینە
پاڵنەرە ڕیشەییەکان بەرەو بیری توندڕەوی یان توندتیژیی پەڕگیر، جۆراوجۆرن. پاڵنەرە بونیادییەکان بە پلەی سەرەکی دێن کە بریتین لە ستەمکاری، گەندەڵی و بێ‌کاری، نایەکسانی و جیاکاری، نەبوونی دەرفەتی بەشداری له پڕۆسەی سیاسی، هه‌روه‌ها ناکۆکی و دوژمنایەتیی مێژوویی نێوان گرووپەکان کە ناسنامەی جیاوازیان هەیە، ئه‌مه سه‌رباری دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی نەتەوەکانی تر. هاندەرە کەسییەکان بەشێکی تری پڕۆسەی ئاڕاستەکردنی تاکە بەرەو ڕادیکاڵبوون و دروستبوونی کەسێکی توندوتیژ و پەڕگیر، کە خۆی دەبینێتەوە لە مەبەستی کەسی، سەرکەشی، هاوسۆزی و ئینتیما و دەستکەوتی ماددی. لەپاڵ ئەم دوو کۆمەڵە هۆکارە، هەندێک هۆکاری تر هەن کە زەمینە خۆش دەکەن بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی ئەو هۆکارانەی پێشوویان تێدا کۆ بووەتەوە و ئامادەگییان بۆ بوون بە کەسێکی توندڕەو تێدایە، خێراتر بەو ئاڕاستەیە بڕۆن. ئەم هۆکارانەش بریتین لە بوونی کەسێکی ڕێنیشاندەر و ئامۆژگاریکار کە سەرنجی ئەو كه‌سانە ڕابکێشێت، چوونە ناو گرووپ و تاقمە ڕادیکاڵەکان لە ڕێگای ئونلاین و تۆڕەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییەوە، دەست گەیشتن بە چەک و هەستکردن بە قوربانی، نەبوونی پشتیوانیی خێزانی و کۆمەڵایه‌تی. کاتێک هۆکارێک یان زیاتر لە هەر یەک لەم سێ گرووپە هۆکارانە لە کەسێکدا کۆ ببێتەوە، بێگومان ئەو زەمینەیە دەڕەخسێت کە کەسی توندڕەو و پەڕگیر بەرهەم بهێنێت، بەڵام لێرەشدا دیسانەوە دەکەوێتە سەر ئەو ژینگە و کۆمەڵگایەی کە ئەو کەسەی تێیدا دەژیەت. هەر چەندە پڕۆسەی ڕادیکاڵبوون تا ئاستێکی فراوان بەرهەمی سیاقێکی دیاریکراوە لە کۆمەڵگادا، بەڵام زۆرێک لە فاکتەرەکانی کە پەیوەندیی بە تایبەتمەندیی ناوەکیی کەسی و پاڵنەری سایکۆلۆژییەوە هەیە؛ هاوشێوەی یەکدین. هەندێک لە توێژەران پاڵنەرە گشتییە سایکۆلۆژییەکانیان دیاری کردووە بۆ بەشداریکردن لە گرووپ و بزووتنەوە تیرۆریستییەکان کە بریتین لە پێویستیی تاک بە ئینتما و خۆسەلماندن، ئارەزووی تۆڵەکردنەوە، سەرکەشی و پاڵنەری لەڕادەبەدەر بۆ ئەنجامدانی کارێک کە هەستێکی جیاواز به كه‌سه‌كه ببەخشێت، ئه‌مانه ئه‌و هۆکارانەن كه لە لێکدانەوەی دیاردەی توندڕەویی پەڕگیر دەبێت لەبەرچاو بگیرێت[7].
شاڵاوی بەعەرەبکردن لە ناوچە جێناكۆكەكان لەپێش ساڵی ٢٠٠٣، بوو بە بناغەیەک بۆ زۆر ناکۆکی و مشت‌ومڕ لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە. یەكێک لەو کێشانەی کە لەم ناوچانە بەچارەسەرنهکراوی ماوەتەوە، بریتییە لە خاوەندارێتیی زەویوزار. لە ماوەی بەڕێوەچوونی کەمپینی بەعەرەبکردن، بەشێکی زۆر زەویوزاری کورد و تورکمان و پێکهاتەکانی تر لەلایەن پێكهاته‌ی عەرەبەوە دەستی بەسەردا گیراوە و خاوەندارێتییان گواستراوەتەوە سەر ناوی عەرەبە هاوردەکان یان بەزۆر پێیان فرۆشراوە، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و کونترۆڵكردنی ئەو ناوچانە لەلایەن پارت و هێزه کوردییەکانەوە؛ خاوەنەکانیان گەڕانەوە سەر زەوی و موڵکی داگیرکراوی خۆیان. پاشان له‌دوای ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، ئەو ناوچانە کەوتنەوە ژیر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی، بەشێک لە عەرەبە هاوردەکان دیسان گەڕانەوە سەر زەوییەکان. بەم شێوەیە ئەم کێشەیه بەردەوامە و یەکێکە لە سەرچاوەکانی ململانێ و توندوتیژیی نێوان دانیشتووانی ئەم ناوچانە[8]. سەرباری ئەو هەستیارییە مێژووییەی کە لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانەدا هەبوو کە بە ناوچەی جێناكۆك دادەنرێت، هاتنی داعش کێشەکەی ئاڵۆزتر کرد، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە کەوتنە ژێر فەرمانڕەوایی خەلافەتی داعشەوە. مانەوەی بەشێک لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە، بەتایبەتی عەرەبی سوننە و پەیوەندی و هاوکارییان لەگەڵ داعش و هەڵهاتنی بەشێکی تریان، بووەتە هۆی ئەوەی پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکان هەستیارتر بێت. دوای ئازادبوونی ئەو ناوچانەش، پرسی گەڕانەوەی ئەو خەڵکانەی کە ناوچەکانیان بەجێ هێشتبوو لە کاتی هێرشی داعش و ڕێگری‌کردن لە گەڕانەوەی ئەوانەی کە بە جۆرێک پەیوەندییان لەگەڵ داعش هەبوو یان لە حاڵەتی گەڕانەوەشیان؛ قبووڵنەکردنیان بووەتە جۆرێک لە گرژیی کۆمەڵایەتی و ئاستەنگ و بەربەستی دروست کردووە لەبەردەم پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتەکان. دوور و نزیکی و پەیوەندیی نێوان ئەم پێکهاتانە لەگەڵ هاتنی داعش و هەروەها ڕووداوەکانی پێش هاتنی داعش و ڕادەی قوربانیی هەریەکیان، دیسانەوە بووەتە هۆی ئەوەی سەرکۆنەکردنی یەکتری لێ بکەوێتەوە، ئەمە جگە لەوەی لە کاتی هاتنی داعش و جەنگ و توندوتیژیی جیاواز بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی بەرچاوی دانیشتووان بەتایبەتی لە چینی منداڵ و گەنج؛ ئەزموونی بکەن و ببنە شایەتحاڵی ئەو ڕووداوانە. بە هەموو ئەم هۆکارانە، دیسانەوە زەمینەی زیاتریان دروست کردووە کە هەستی ڕقوکینە و دوژمنکاری لە نێوانیاندا دروست ببێت و لە داهاتوودا ئاسان بکەونە ژێر کاریگەریی ئایدۆلۆژیای توندوتیژی و پەڕگیرییەوە، بێگومان ئەگەر بەوردی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت[9]. حكومڕانی داعش ئه‌گه‌ر بۆ چه‌ند ساڵێكی كه‌میش بێت، له ناوچه جێناكۆكەكان لێكه‌وته‌ی كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی خۆی هه‌یه، به‌تایبه‌تی كه هه‌ر زوو دوای داگیركردنی ئه‌و ناوچانه؛ ده‌ستكاریی سیستمی په‌روه‌رده‌ی كرد و پڕۆگرامه‌كانی خوێندنی به جۆرێك گۆڕی كه له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆژیای توندڕەوی خۆی بگونجێت[10].
به هۆی فه‌رامۆشكردنیان له‌لایه‌ن هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ژیان له ناوچه جێناكۆكەكان ناڕەحهتیی خۆی هه‌یه، كه دیارترینیان بریتییه له خراپیی ڕەوشی خزمه‌تگوزارییه‌كان، نه‌بوونی ژێرخانێكی باش و نهڕەخساندنی ده‌رفه‌تی كار بۆ هاوڵاتیان، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی دروستبوونی هه‌ژاری، بێكاری و به‌رزیی ئاستی توندوتیژی[11]. به‌پێی ڕووپێوییه‌ك كه وەزاره‌تی پلاندانانی عێراق له مانگی شوباتی ٢٠٢٠ بڵاوی كردووەته‌وه، ده‌رده‌كه‌وێت پارێزگایه‌كی وه‌كوو نه‌ینه‌وا كه به‌شێكی ناوچه‌ی جێناكۆكە، به‌رزترین ڕێژەی هه‌ژاریی تێدایه كه ده‌گاته ٣٧%[12]. بوونی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی؛ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی خراپیی دۆخی ئابووری و هه‌ژارییه، نه‌ك ته‌نها له‌و ناوچانه، به‌ڵكوو له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش. كه به‌پێی توێژینه‌وه‌كان، گه‌نده‌ڵی یه‌كێكه له سه‌رچاوه‌كانی ده‌ركه‌وتنی گرووپه توندڕەوهكان[13].
به شێوه‌یه‌كی سروشتی ئه‌و ناوچانه‌ی كه ده‌كه‌ونه نێوان دوو ده‌سه‌ڵاتی جیاواز، دوو حكومه‌ت یان دوو ده‌وڵه‌ته‌وه، له ڕووی ئه‌منییه‌وه كۆنترۆڵ ناكرێن، چونكه هیچ كام له‌و دوو لایه‌نه ناتوانن كۆنترۆڵی ته‌واوی ئه‌و ناوچه‌یه بخه‌نه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه. به مانایه‌كی تر: بۆشایی ئه‌منی هه‌میشه له‌و جۆره ناوچانه بوونی هه‌یه. ئه‌م حاڵه‌ته بۆ ناوچه جێناكۆكەكانی عێراقیش ڕاسته، به‌تایبه‌تی له‌پاش ده‌ركه‌وتنی داعش و كشانه‌وه‌ی سوپای عێراق له‌و ناوچانه له ساڵی ٢٠١٤، بۆشاییه‌كی ئه‌منیی وا دروست بوو كه وای كرد له لایه‌ك پێكهاته‌كانی ئه‌و ناوچانه بۆ پاراستنی خۆیان؛ گرووپی چه‌كداریی نافه‌رمی دروست بكه‌ن كه به ئێستاشه‌وه مه‌ترسین له‌سه‌ر سه‌قامگیری و ئاشتی بۆ داهاتوو[14]، هه‌روه‌ك ئه‌و گرووپه چه‌كداره نافه‌رمییانه‌ی كه له ڕابردوودا له پارێزگایه‌كی وه‌ك ئه‌نبار دروست كران بۆ شه‌ڕكردن دژ به گرووپه توندڕەوهكان، به‌ڵام دواتر بوون به به‌شێك له‌وان[15]، له لایه‌كی تریشه‌وه گرووپه توندڕەوهكان ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه ده‌قۆزنه‌وه بۆ كار و چالاكییه‌كانیان و كاركردن بۆ مانه‌وه و به‌هێزبوونه‌وه‌یان[16].
شیكردنه‌وه:
پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکان و زەمینەی پەرەسەندنی توندڕەوی
پەیوەندیی نێوان پێکهاتەی ناوچە جێناكۆكەكان؛ بابەتێکی گرنگە کە لەپێشچاو بگیرێت کاتێک باس لە زەمینەی سەرهەڵدانی بیری توندڕەوی دەکەین لەم ناوچانە، ئه‌مه لەو ڕووەوە دەبێتە جێگای مەترسی كه لە لایەک گرژی له پەیوەندییەکانی نێوانیان ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی توندڕەویی ئایینی و دینی بەرامبەر بە یەکتر، لە لایەکی تریشەوە ئەم پەیوەندییانە لەلایەن هێزە سیاسی و گرووپە توندڕەوەکانەوە بە ئامانجی بەژەوەندیی خۆیان بەکار بهێنرێن. ئەو ڕووداوه توندوتیژانەی لەو ناوچانە ڕوویان داوە، ئەوەمان نیشان دەدەن كه سروشتێكی دینی و نەتەوەییان هەبووە و بەپێی قوناغەکە؛ یەکێکیان ئەولەویەتی زیاتری وەرگرتووە. لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بەکارهێنانی توندوتیژی و كرده‌ی تیرۆریستی له عێراق به‌گشتی و له ناوچه جێناكۆكەكان به‌تایبه‌تی؛ زیادی كرد. ململانێی تایفی و مه‌زهه‌بی له‌دوای ٢٠٠٦ به جۆرێك دەستی پێ کرد، كه توندڕەوی و تیرۆر وه‌ك تاكه ئامرازی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ململانێكان به‌كار هێنران له‌لایه‌ن هه‌ندێك پێكهاته‌وه به‌رانبه‌ر به یه‌كتر و ئه‌وانی تر.
دەستپێکردنی ئەم کردەوە تیرۆریستییانە بێ پێشەکی نییە، بەڵکوو زەمینە و مێژوویەکی لە پشتەوە هەبووە، چونکە وەک لێکۆڵەرەوەکان لەم بوارەدا باسی دەکەن، بیری توندڕەوی قۆناغێکە دەکەوێتە پێش قۆناغی تیرۆریستییەوە، لەم قۆناغەدا کەسەكه لە ڕووی فکرییەوە ئامادەیی تیدا دروست دەبێت کە ببێتە کەسێکی تیرۆریست و پەنا بۆ خراپترین جۆری توندوتیژی بەرێت کە کوشتنە. بۆیە بێگومان دروستبوونی ڕێکخراوی تیرۆریستی و ئەنجامدانی کرده‌ی تیرۆریستی؛ بێ پێشەکی نییە و ڕیشەکانی لەناو ئەو جۆرە بیرکردنەوە توندئاژۆیانەیه کە لە بیری ئەو کەسانەدا هەن. لە قسەی بەشداربووانەوە ئەوە بەدی دەکرێت کە سروشتی پەیوەندیی نێوان پێکهاتەی ئەم ناوچانە لە ڕابردوو وە لە ئێستاشدا بارگاوییە بە زۆر جۆر لە ململانێی توند و یەکتر قبووڵنەکردن و هەوڵدان بۆ خۆسەپاندن و کۆنترۆڵکردن و چەوساندنەوەی ئەوانی تر، ئەم هۆکارانە هەمیشە پاڵ به تاکه‌وه دەنێن کە ئاڕاستەی توندڕەوی لە بیرکردنەوە و ڕەفتاریدا بەهێز بکات. ئەم جۆرە پەیوندییە؛ ژینگەیەکی لەبار دروست دەکات که گرووپ و ڕێكخراوی توندڕەوی بەئاسانی تێیدا گەشە بکات و جێی خۆی بکاتەوە. پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە؛ پەیوەندییەکە کە ڕەگەزی هێزی تێدا زاڵە، هەر پێکهاتەیەک لە ڕووی دەسەڵاتەوە زاڵ بێت، لە پەیوەندییەکانیشیدا لە مەنتقی هێزەوە خۆی دەنوێنێت، ئەمەش هەستی پەراوێزخستن لەلای پێکهاتەکانی تر دروست دەکات. لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، پێکهاتەی عەرەبی سوننە ئەو پێگەیان لەدەست دا کە پێشتر هەیانبوو لە ڕووی دەسەڵاتەوە، به‌تایبه‌تی لەو ناوچانە، بۆیە خۆیان بە پەراوێزخراو و چه‌وساوه داده‌نا، هه‌ر بۆیه پەنایان بۆ زۆر ڕێگا و شێواز برد بۆ گەڕانەوەی پێگەی له‌ده‌ستچوویان، له‌دوای ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری (٢٠١٧)ەشەوە کورد لە هەمان بارودۆخدا خۆی دەبینێتەوە، تورکمانیش بە هه‌مان شێوە بەردەوام خۆی بە ستەملێکراو و پەراوێزخراو دەبینێت. لە ئێستادا ئەوەی کە وەکوو مەترسی دەبینرێت لەم ناوچانە و لە پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکان ڕەنگی داوەتەوە، بریتییە لە ململانێی توندی نەتەوەیی، بە جۆرێک وەکوو بەشداربووان ئاماژەیان پێ داوە هەر مەترسییەک لەم ناوچانە سەر هەڵبدات و لە ڕووی توندتیژیی پەڕگیرییەوە هەر بەرگێکی بەبەردا بکرێت، ئەوە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ توندڕەویی نەتەوەیی پێکهاتەکان بەرامبەر بە یەکتر.
پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکان لە زۆر ڕووەوه کێشەی تێدایە و ئاستەنگی جیاوازی لە پێشە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە یەکانگیری و هاوبه‌ندیی کۆمەڵایەتی لە نزمتیرن ئاستیدایە. هەر چەند خەڵکی ئەم ناوچانە لە شوێنە گشتییەکان تێکەڵی و مامەڵەیان لەگەڵ یەکتر هەیە، بەڵام ئەم مامەڵە شۆڕ نەبووەتەوە بۆ تێکەڵیی خێزانی و پڕۆسەی هاوسەرگیریی نێوان پێکهاتەکان. بە قسەی یەکێک لە بەشداربووانەی کە زانیاریی لێ وەرگیراوە، لەپێش ٢٠٠٣دا ئەم پەیوەندییانە هەبوو، بەڵام لەدوای ٢٠٠٣؛ تا ئاستێکی بەرچاو کەمی کردووە، نموونەی بە خێزانی خۆیان هێنایەوە کە چەندین هاوسەرگیرییان لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب و تورکمان هەبووە، بەڵام لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە ئەم پەیوەندییانە ڕووی نەداوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکان لاوازتر بووە و دووریی نێوانیان قووڵتر بووەتەوە.
بە بۆچوونی به‌شێكی زۆر لە بەشداربووان، پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکان گرێدراوی کێشەی زەویوزارە لەم ناوچانە، هەتا ئەم کێشەیە بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە، ئەم په‌یوه‌ندییه بە هیچ جۆرێک بەرەو ئاساییبوونەوە ناچێت، چونكه زه‌ویوزار بۆخۆی فاکتەری ململانێ و بەیەکدادانی نێوان پێکهاتەکانە و بەلای خەڵکی ئەم ناوچانەوە؛ زەوی گرێدراوی ناسنامە و شکۆ و سەرچاوەی ژیان و گوزەرانیانە. دەسەڵاتی سیاسییش ئه‌جێندای سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ دروستکردنی نفوز و دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچانە، بۆیە بە درێژایی مێژوو؛ دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکان ئەم کێشەیەیان بە بنڕکراوی چارەسەر نەکردووە. بە هەردوو ئاڕاستەکەدا، ئەم کێشەیه دابڕانی زیاتری نێوان پێکهاتەکانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و ململانێی نەتەوەیی، بەتایبەتی نێوان کورد و عەرەب؛ زیاتر دەکەن. هەر چەندە بە ڕای هەندێک لە بەشداربوون ململانێی شیعی و سوننی به‌شێک نین لە ململانێی ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام یەکێک لە بەشداربووان ئاماژەی بەوە کرد کە چۆن لە ڕابردوودا پڕۆسەی بەعەرەبکردن بەڕێوە چووە، ئێستاش لەم ناوچانە بە حوکمی زاڵبوونی دەسەڵاتی شیعە؛ هەوڵێک هەیە بۆ بەشیعەکردنی پێكهاتەکانی کەرکووک، بەڵام ئەم پڕۆسه‌یه وەکوو پێشتر نییە کە بە هێز بسەپێنرێت، بەڵکوو لە ڕێگای دامودەزگای دینی و سیاسیی تایبەتەوە کاری بۆ دەکرێت و هەوڵی ڕاکێشانی سۆزی پێکهاتەکانی تر دەدەن.
دەستپێشخەرییەکان بۆ کەمکردنەوەی توندڕەوی
کەمکردنەوەی مەترسیی دروستبوونی بیری توندڕەوی، پێویستی بە کارکردنە لە ئاستی جیاجیادا. ئەو هەوڵانەی لەم بوارەدا دەدرێن، پێویستە فاکتەرەکانی دروستبوونی بیری توندڕەوی لەبەرچاو بگرێت و وەڵامدەرەوە بن بۆ هۆکارە بونیادی و پاڵنەرەکانی ئەم دیاردەیە لەو ناوچانە. هۆکارە بونیادییەکان کە پەیوەندیی بە سیستمی سیاسی و ژێرخانی ئابوورییەوە هەیە، تا ڕادەیەک لە هەموو کونتێکستێکدا هاوشێوەن کە بریتین لە هەژاری و بێ‌کاری و ستەم و پەراوێزخستن و نەبوونی ئازادی. ئەم ئاستە زیاتر پەیوەستە بە گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی سیاسی و ئابووری لە ئاستی کۆمەڵگا و وڵات‌دا، بەڵام لە هۆکارە پاڵنەرەکان دەکرێت تەرکیزی زیاتر لەسەر ئاستی گرووپ و کۆمیونیتی ناوخۆیی ئەو ناوچەیە بێت.
ئه‌گه‌ر له ڕووی ئابوورییه‌وه ته‌ماشا بكه‌ین، ناوچه جێناكۆكه‌كان كێشه‌ی خزمه‌تگوزارییان هه‌یه، به جۆرێك كه كێشه و ململانێكان كاریگه‌ریی خراپیان له‌سه‌ر ڕێژەی هه‌ژاری به‌جێ هێشتووە. به‌پێی ڕووپێوییه‌ك كه وەزاره‌تی پلاندانانی عێراقی له مانگی شوباتی ٢٠٢٠ بڵاوی كردووەته‌وه، ده‌رده‌كه‌وێت پارێزگایه‌كی وه‌كوو نه‌ینه‌وا به‌رزترین ڕێژەی هه‌ژاریی تێدایه كه (٣٧%)ە[17]، هه‌ر ئه‌م بارودۆخه وای كردووه كه ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له گه‌نجان ڕوو بكه‌نه هێزه چه‌كداره‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌رچاوه‌ی ژیان[18]. گرووپه تیرۆرست و توندڕەوهكانیش، به‌تایبه‌تی داعش، ئه‌و بارودۆخه‌ی بۆ بهرژەوهندیی خۆی قۆسته‌وه و له ڕێگای پێدانی مووچه‌یه‌كی مانگانه بۆ ئه‌ندامه‌كانی، توانیی ژماره‌یه‌كی زۆر گه‌نج و هاوڵاتیی ئه‌و ناوچانه له‌ده‌وری خۆی كۆ بكاته‌وه كه حوكمی ده‌كردن[19]. له ئێستاشدا پاشماوه‌كانی داعش له ناوچه جێناكۆكەكان بوونیان هه‌یه و چه‌ندین كرده‌ی ڕفاندنی هاوڵاتیانیان له‌و ناوچانه ئه‌نجام داوه و پاشان له‌به‌رانبه‌ر بڕە پاره‌یه‌كی زۆر؛ به‌شێكیانی ئازاد كردووه[20]، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه كه هه‌ندێك له به‌شداربووان ئه‌م حاڵه‌ته وه‌ك مه‌ترسی ببینن، چونكه ئه‌گه‌ری هه‌یه خه‌ڵكانێك ته‌نها بۆ به ده‌ستهێنانی سه‌رچاوه‌ی ماددی؛ له‌و جۆره كرده‌وانه‌وه تێوە بگلێن. هه‌روه‌ها بوونی گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات، هۆكارێكی تری بێزاریی خه‌ڵك و نه‌مانی ئینتیمایه كه وا ده‌كات كه خه‌ڵك به‌ئاسانی پێشوازی له گرووپه توندڕەوهكان بكات.
سەبارەت بە هەوڵ و دەستپێخەرییەکان لە ناوچە جێناكۆكەكان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه و ململانێكان، دەکرێت ئاماژە بە هەوڵی ڕێکخراوەکان و میدیا و خەڵکی نوخبە و ڕۆشنبیری ئەو ناوچانە بکەین، بەتایبەتی بۆ دروستکردنی بەهای پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی ئەو کێشانەی کە دەرهاویشتەی کێشەی نەتەوەیی و دینی و ئەتنیکیی ئەو ناوچانەیە. یەكێك له هۆكاره‌كانی باڵاده‌ستی و مانه‌وه‌ی گرووپه توندڕەوهكان، بریتییه له لاوازیی گوتاری به‌دیل به‌رانبه‌ر به گوتاری توندڕەوی. هه‌موو ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی كه پڕۆسه‌ی پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له ناویشیاندا دامه‌زراوه ئایینییه‌كان، پارته سیاسییه‌كان، داموده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كان، به جۆرێك له جۆره‌كان ده‌توانن ڕۆڵ بگێڕن له دروستكردنی گوتارێكی به‌دیلی به‌هێز، به‌ڵام داموده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و ڕێكخراوه ناحكومییه‌كان ده‌كرێت سه‌رمه‌شق بن له‌م چوارچێوه‌یه‌دا.
پەیوەست بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە لە قسەی بەشداربووان ئەوەیە کە دابەشبوونێک هەیە لەنێوان خودی ڕێکخراوەکان بەسەر پێکهاتەکان، بە جۆرێک هەر ڕێکخراوێک کار بۆ پێکهاتەکەی خۆی دەکات، هەر لایەنێک پشتگیریی بکات؛ لە بەرژەوەندیی ئەو کار دەکات. هه‌ر چه‌نده لە قسه‌ی به‌شداربووانه‌وه ئەوە دەردەکەوێت کە هیچ نموونەیەکی بەرجەستە نییە کە ڕێکخراوێک هەبێت تەجاوزی دابەشبوونە دینی و نەتەوەییەکانی کردبێت و کار لەسەر چوارچێوەیەک بکات کە پەرە بە پرەنسیپە مەدەنییەکانی وەکوو هاوڵاتیبوون و یەکسانی و یەکتر قبووڵکردن و پێکەوەژیانی کردبێت، به‌ڵام ئه‌مه له‌و ڕاستییه ناگۆڕێت كه لێره و له‌وێ چه‌ند ڕێكخراوێكی مه‌ده‌نیی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیی كه‌م هه‌ن كه هانی كاری ڕێكخراوه‌یی و پره‌نسیپه مه‌ده‌نییه‌كان ده‌ده‌ن.
به هۆی ده‌ركه‌وتنی داعش و كێشه‌ی ئاواره‌ی ناوخۆیی، ته‌ركیزی زۆری ڕێكخراوه ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌وتووەته سه‌ر ئه‌و ناوچانه، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكی بۆ كاری مه‌ده‌نی و به‌شداریپێكردنی هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچانه ڕەخساندووه. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای كار و پڕۆژەی ڕێكخراوه ناحكومییه‌كان بكه‌ین، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه له بواری گه‌شه‌پێداندا كار ده‌كه‌ن، ده‌بینین كه زۆرێك له پڕۆژەكان ڕەههندی بونیادنانی ئاشتی و هاوبه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیی تێدایه، نموونه‌ی ئه‌و جۆره پڕۆژانه‌ش؛ سه‌نته‌ر یاخود لیژنه‌كانی ئاشتیی خۆجێییه كه له ڕێگای سازدانی وۆركشۆپ، كۆڕ و كۆبوونه‌وه و دیالۆگی نێوان ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگای خۆجێییه‌وه هه‌وڵی به‌شداریكردنی زیاتری هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچانه ده‌درێت له پڕۆسه‌ی ئاشته‌وایی نێوان پێكهاته‌كان. ڕێكخراوه‌كانی وه‌ك ئاشتی و ئازادی، مه‌سه‌له، “UPP”ی ئیتاڵی و چه‌ندین ڕێكخراوی تر، نموونه‌ی ئه‌و ڕێكخراوانهن كه به‌م ئاڕاسته‌یه كار ده‌كه‌ن. هه‌ر چه‌نده توانا و كاریگه‌ریی ڕێكخراوه‌كان له ئاست كێشه و گرفته‌كانی ئه‌و ناوچانه زۆر سنوورداره و هێشتا نه‌بوونه‌ته ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی كه گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی دروست بكه‌ن، به‌ڵام هه‌نگاوێكی باشه به ئاڕاسته‌ی به‌هێزكردنی گوتاری جێگرەوە له‌به‌رانبه‌ر گوتاری توندڕەویی گرووپه توندڕەوهكان. به مانایه‌كی تر: ستراتیژیی كاری ئه‌م ڕێكخراوانه له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه‌یه (Bottom-Up Approach) ، كه تێیدا ئیش له‌سه‌ر تواناسازیی هاوڵاتیان و گه‌نجانی ئه‌و ناوچانه ده‌كرێت كه ببنه هاوڵاتی باش و كاره‌كته‌ری ناتوندوتیژ، نه‌ك ئه‌وه‌ی بكه‌ونه به‌ر كاریگه‌ریی گوتاری گرووپه توندڕەوهكان و ببنه فاكته‌ری مانه‌وه‌ی ئه‌و گرووپانه له‌و ناوچانه.
بەشێكی تر لە وەڵامەکان ئەوەمان پیشان دەدەن ئاڕاستەیەک لەناو کەسانی ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس لە هەموو پێکهاتەکان بەدی دەکرێت بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری پێکەوەژیان و ناتوندوتیژ دژ بە گوتاری ڕقاوی، کە گرووپە توندڕەوەکان بەکاری دەهێنن. بۆ نموونە؛ هەوڵێک هەبووە لە ڕێگای یەکێتیی نووسەرانی عێراق، کە چەندین کۆڕ و سیمیناریان ئەنجام داوە بۆ دروستکردنی ئەم جۆرە گوتارە، بەڵام ئەم هەوڵانە لە بازنەیەکی بچووکدا ماونەتەوە و نەبوونەتە ئاڕاستەیەکی باو لەناو ئەو پێکهاتانە، تا ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر واقیعی ئەو ناوچانە، ئەمەش بە هۆی ئەوەی ناکۆکییە سەرەکییەکان لە توندترین ئاستی خۆیاندان لەم کاتەدا، دەستتێوەردانی ناوخۆی و هەرێمی دەکرێت بۆ خۆشکردنی ململانێکان و یەکلاییکردنەوەی لە بەرژەوەندیی خۆیان. ئەم بارودۆخە پڕ کێشاوییە، هەوڵی لەم شێوەیەی لە پەراوێزدا هێشتووەتەوە.
شكستی په‌روه‌رده و مه‌ترسیی ئاینده
ئه‌گه‌ر بڕیار بێت داموده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كان ڕۆڵی گرنگ بگێڕن له ڕەنگڕێژكردن و نه‌خشاندنی بیر و هه‌ڵسوكه‌وتی تاك و چاندنی به‌های مه‌ده‌نیی هاوبه‌ش له كه‌سایه‌تیی فێرخوازدا، ئه‌وا له ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان سێكته‌ری په‌روه‌رده وه‌ك باقیی سێكته‌ره‌كانی تر بووه به قوربانیی ململانێ سیاسییه‌كان. وه‌ك هه‌ستكردن به گرنگیی ڕۆڵی په‌روه‌رده‌ش، هێزه بڕیاربه‌ده‌سته‌كان هه‌وڵیان داوه سیستمی په‌روه‌رده و پڕۆگرامه‌كانی خوێندن وه‌ك چه‌كێك به‌كار بێنن بۆ بهرژەوهندیی خۆیان و سه‌پاندنی ئه‌جێندای سیاسی‌یان. ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می به‌عسدا هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی پێكهاته‌كانی تر و زاڵكردنی ناسنامه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ی مسوڵمان ده‌درا (Assimilation) له ڕێگای سیستمی په‌روه‌رده‌وه، ئه‌وا له‌دوای ساڵی (٢٠٠٣)وه ئه‌و هاوكێشه‌یه به جۆرێك گۆڕا كه پێكهاته‌كان له‌ناو سیستمی په‌روه‌رده‌دا و له‌ژێر كاریگه‌ریی بارودۆخی سیاسی‌دا له یه‌ك دابڕان و هه‌ریه‌كه و به ئاڕاسته‌ی تۆخكردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ئایین و نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی كاری ده‌كرد (Segregation)[21]، ئه‌مه ده‌رفه‌تێكی زیاتری ڕەخساند بۆ ده‌ستوه‌ردانی هه‌رێمی كه به‌شێكن له ململانێكانی ناوچه جێناكۆكەكان و ڕۆڵی نه‌رێنی ده‌گێڕن له به‌رده‌وامیی ململانێكان. ئه‌وه‌ی كه توركیا ده‌یكات له هاوكاریكردنی ماددی و مه‌عنه‌ویی خوێندنی توركمانی و تۆخكردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی توركمانی به‌تایبه‌تی له پارێزگای كه‌ركووك و موسڵ، نموونه‌یه‌كی دیاری ئه‌و دهستوهردانهیه. هه‌روه‌ك به‌شداربووان ئاماژەیان پێ دا، ئه‌مه كاریگه‌ریی نه‌رێنیی هه‌یه له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی پێكه‌وه‌ژیان و بره‌ودان به كولتووری لێبورده‌یی و دروستبوونی به‌ها هاوبه‌شه‌كان. پێشتر فێرخوازێكی كورد، عه‌ره‌ب، توركمان و سریانی پێكه‌وه له قوتابخانه‌یه‌ك ده‌یانخوێند و فێری زمانی یه‌كتر ده‌بوون[22]، په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و پڕۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له نێوانیان ڕووی ده‌دا، به‌ڵام وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژەمان پێ دا، له‌دوای (٢٠٠٣)وه ئه‌م بابه‌ته كاڵ بوویه‌وه. له وه‌ها بارودۆخێكدا كه ده‌رفه‌تی به‌ریه‌ككه‌وتنی پێكهاته جیاوازه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر كه‌م ده‌بێته‌وه، به‌تایبه‌تی له ناوه‌نده په‌روه‌رده‌ییه‌كان، ئاشنابوون به كولتوور و مێژوو و باكگراوندی ئه‌وانی تر؛ سنووردار ده‌بێت و وه‌ك ده‌ره‌نجامێكی چاوه‌ڕوانكراویش گوتاری ڕقلێبوونه‌وه له هه‌ر ساتێك‌دا ده‌كرێت كاریگه‌ریی نه‌رێنیی خۆی به‌جێ بهێڵێ له‌سه‌ر بیر و دونیابینیی گه‌نجان و فێرخوازان به‌رانبه‌ر به ئه‌وانی تر.
سه‌رباری كێشه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی پێشووتر له سێكته‌ری په‌روه‌رده، له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی داعشیشدا پڕۆسه‌ی خوێندن له ناوچه جێناكۆكەكان تووشی داڕمانێكی تر بوو، به چاوپۆشی له‌و زیانانه‌ی كه به‌ر ژێرخانی كه‌رتی په‌روه‌رده كه‌وت، داعش هه‌ر زوو هه‌وڵی دا له ڕێگای سیستمی په‌روه‌رده‌وه كار له‌سه‌ر نه‌وه‌ی داهاتوو بكات و له ڕێگای گۆڕینی پڕۆگرامه‌كانی خوێندنه‌وه هه‌وڵی دا فێرخوازان به بیری توندڕەوی ته‌ڵقین بكات (Indoctrination). ئه‌و په‌رتووكانه‌ی كه داعش له سه‌رده‌می خه‌لافه‌ته‌كه‌ی بۆ قوتابخانه‌كانی دانا و قوتابییه‌كانی به بیری توندڕەوی گۆش ده‌كرد، چاوه‌ڕوانی و مه‌ترسیی دروستبوونی نه‌وه‌یه‌كی توندڕەوی لێ ده‌كرێت. هه‌ر چه‌نده به‌پێی زانیاریی ئێمه؛ هیچ توێژینه‌وه و داتایه‌كی به‌رده‌ست نییه ئه‌وه بخاته ڕوو كه تا چه‌ند قوتابخانه‌كانی سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی داعش كاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌ر ڕەفتار و هه‌ڵسوكه‌وتی فێرخوازان، به‌ڵام ده‌توانین وه‌ك سه‌رچاوه و مه‌ترسیی توندڕەوبوون پێشبینییان بكه‌ین، چونكه وانه پراكتیكییه‌كانی تایبه‌ت به جیهاد و دروستكردنی هاوسۆزی بۆ كه‌سانی توندڕەو له ڕێگای وانه‌كانه‌وه؛ پاڵپشتیی ئه‌و ئارگیومێنته ده‌كات. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه زۆرێك له هاوڵاتیانی ناوچه جێناكۆكەكان ئاواره بوون، منداڵه‌كانیان بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر یان له خوێندن بێبه‌ش بوون، یاخود خرانه به‌ر خوێندن له ئاواره‌یی. به هۆی ڕووداوه‌كانی دوای ڕیفراندۆمیشه‌وه، خوێندنی كوردی له ناوچه جێناكۆكەكان گرفتی زۆری بۆ دروست بوو. له هه‌ندێك ناوچه، به‌تایبه‌تی له ده‌شتی نه‌ینه‌وا و قه‌زای سنجار، قوتابخانه كوردییه‌كان بۆ ماوه‌یه‌ك داخران، ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه شكستێكی تره كه چۆن په‌روه‌رده بووه قوربانیی ململانێ سیاسییه‌كان، له كاتێكدا ده‌كرێت داموده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كان ڕۆڵی گرنگ بگێڕن له دروستكرنی تاكێكی هۆشیار و ڕەخنهگر و به‌هێز بۆ ئه‌وه‌ی به‌ئاسانی نه‌كه‌ونه به‌ر كاریگه‌ریی گوتاری توندڕەوییهوه كه به ئێستاشه‌وه ئه‌و گوتاره له ناوچه جێناكۆكەكان بوونی هه‌یه.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌و كێشانه، ناوه‌رۆكی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن كه‌موكوڕیی زۆریان تێدایه، هه‌روه‌ك هه‌ندێك له به‌شداربووان ئاماژەیان پێ كرد و توێژەرانی تریش به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتوون[23] كه بابه‌ته‌كانی خوێندن، به‌تایبه‌تییش كتێبی مێژوو، خوێندنی ئیسلامی؛ یارمه‌تیی فێرخواز ناده‌ن تا ئاشنا بێت به كولتوور و مێژووی پێكهاته جیاوازه‌كانی عێراق و ڕێگا خۆش ناكه‌ن بۆ دروستبوونی به‌ها مه‌ده‌نییه هاوبه‌شه‌كان، ئه‌مه سه‌رباری هه‌موو ئه‌و تێبینییانهی كه له‌سه‌ر توانای مامۆستا و په‌روه‌رده‌كاران و ڕێبازه‌كانی وانه‌وتنه‌وه هه‌یه له قوتابخانه‌كاندا.
مامه‌ڵه‌ی پۆلیس و هێزه ئه‌منییه‌كان
له سایه‌ی شكستی حوكمی یاسا له ناوچه جێناكۆكەكان، ده‌سه‌ڵاتی هێزه ئه‌منییه‌كان و داموده‌زگاكانی پۆلیس به شێوه‌یه‌كی خراپ به‌كار ده‌هێنرێت. ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی (٢٠٢٠) ئاماژە به‌وه ده‌كات كه هاوڵاتیانی عێراق، به‌تایبه‌تی له پارێزگاكانی ئه‌نبار، به‌سڕە، موسڵ (له ناویشیاندا حه‌مدانیه كه به ناوچه‌ی جێناكۆك هه‌ژمار ده‌كرێت)؛ زیاتر متمانه‌یان به هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی داموده‌زگا حكومییه‌كانه[24]، ئه‌م بێمتمانه‌ییه هۆكاره‌كه‌ی هه‌ر چی بێت، به‌شێكی په‌یوه‌ندیی به‌و تاوان و پێشێلكارییانهوه هه‌یه كه به‌شێك له هێزه ئه‌منییه‌كان دژ به هاوڵاتیان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، له ناویشیاندا گرتنی هاوڵاتیانی بێ‌تاوان به بیانووی تیرۆر و هاوكاریكردنی گرووپه توندڕەوهكان. ئه‌مه ئه‌و خاڵه بوو كه سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا، له‌سه‌ری كۆك بوون. ڕەنگه ئه‌وه‌ی زیاتر ده‌ستی هێزه ئه‌منییه‌كانی واڵا كردبێت، یاسای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، ژماره (١٣)ی ساڵی (٢٠٠٥) بێت، كه چه‌مكی تیرۆری به شێوه‌یه‌كی فراوان پێناسه كردووه و زۆر جار كه‌سانی بێ‌تاوان له‌ژێر ناوی جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایەدا ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن و ئه‌شكه‌نجه ده‌درێن، ئه‌مه‌ش هه‌ستكردن به چه‌وساندنه‌وه زیاد ده‌كات و ئه‌گه‌ری هه‌یه سه‌ر بكێشێ بۆ توندڕەوی و په‌نابردن بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه.
هۆكارێكی تر په‌یوه‌ندیی به پێكهاته‌ی هێزه‌كانی پۆلیس و هێزه ئه‌منییه‌كانی تره‌وه هه‌یه، كه هێزی گشتگیر نیین تا ئه‌ندامه‌كانی له هه‌موو پێكهاته‌كانی ئه‌و ناوچانه پێك بێن و بێلایه‌نانه مامه‌ڵه بكه‌ن. هه‌ندێك كات ئه‌و هێزانه‌ی له‌و ناوچانه‌ن، خه‌ڵكی ناوچه‌كانی تری عێراقن و شاره‌زای ژیان و پێكهاته‌ی دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه نین، هه‌ر بۆیه‌ش به‌ئاسانی له ململانێی نێوان هێزه سیاسییه‌كان به‌كار ده‌هێنرێن و ده‌بن به ته‌ره‌ف بۆ پشتگیریكردنی پێكهاته‌یه‌ك دژ به پێكهاته‌یه‌كی تر، ئه‌مه هه‌ستی چه‌وساندنه‌وه لای ئه‌و پێكهاتانه زیاد ده‌كات كه پێشێلكارییان به‌رانبه‌ر ده‌كرێت و مه‌ترسیی ئه‌وه دروست ده‌كات كه بۆ پاراستنی خۆیان؛ په‌نا بۆ گرووپه توندڕەوهكان به‌رن.
بابه‌تێكی تر، خراپ مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئه‌ندامی گرووپه توندڕەو و تیرۆرستییه‌كانن. له چاوی كاربه‌ده‌ستانی هێزه عێراقییه‌كانه‌وه ئه‌گه‌ر كه‌سێك تاوانبار بێت، سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی وه‌ك گوناهبار مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت[25]. به‌پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤیش، چه‌ندین كه‌یسی پێشێلكاری دژ به كه‌سانی گومان‌لێكراو و ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان له ناوچه جێناكۆكەكان تۆمار كراوه[26]. ئه‌م جۆره مامهڵهكردنانهی هێزه چه‌كدار و ئه‌منییه‌كان، مه‌ترسیی به‌رده‌وامی بیری توندڕەوی زیاد ده‌كات و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت كه ئه‌ندامانی تری ئه‌و خێزانانه‌ش به‌ره‌و بیری توندڕەوی بڕۆن و له كرده‌ی تیرۆر و یارمه‌تیدانی گرووپه تیرۆرستییه‌كانه‌وه تێوه بگلێن.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و كێشانه، بابه‌تی گه‌نده‌ڵی له كه‌یسی ده‌ستگیركردن و به‌ره‌ڵاكردنی ئه‌و تیرۆرستانه‌ی كه تاوانی تیرۆریان به‌سه‌ردا ساغ بووه‌ته‌وه؛ وه‌ك سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسیی به‌رده‌وامی توندڕەوبوون و كرده‌ی تیرۆرستی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن، چونكه وه‌ك به‌شێكی زۆری به‌شداربووان ئاماژەیان پێ كرد كه هه‌ندێك له كاربه‌ده‌ستانی هێزه ئه‌منییه‌كان و پۆلیس له ڕێگای ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێره‌وه و له‌به‌رانبه‌ر بڕە پاره‌یه‌كی زۆر؛ چه‌ندین سه‌ركرده و گهورهتیرۆرستیان به‌ره‌ڵا كردووه كه دواجار سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسین بۆ توندڕەوكردنی ئه‌وانی تر. هه‌ر چه‌نده هیچ كام له به‌شداربووان كه‌یسێكی دیاریكراویان وه‌بیر نه‌هێنایه‌وه كه پاڵپشتیی ئه‌م قسانه بكات، به‌ڵام ئه‌وان ئاماژەیان به‌وه كرد كه له شه‌قامی عێراقی و له‌ناو هاوڵاتیان؛ ده‌نگۆی تێوه‌گلانی ئه‌و كاربه‌ده‌ستانه زۆر بڵاوه، به ڕاده‌یه‌ك كه ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی هه‌ندێك به‌رپرسی ئه‌و هێزانه؛ ئاماژەی ڕوونه بۆ ئه‌و بابه‌ته.
ئه‌نجام
بارودۆخی ناوچه جێناكۆكەكان به جۆرێكه كه هێشتا زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌سه‌ندنی بیری توندڕەویی تێدا به‌دی ده‌كرێت. ئه‌و ناوچانه تا ئێستا ژینگه‌یه‌كی له‌بارن بۆ گرووپه توندڕەوهكان، كه به‌رده‌وامی به كار و چالاكییه‌كانیان بده‌ن و ڕەگی مانه‌وه‌ی خۆیان له‌ناو بۆشاییه سیاسی و ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كانی ئه‌و ناوچانه به‌هێز بكه‌ن، چونكه هۆكار و پاڵنه‌ره‌كانی بیری توندڕەوی له‌م ناوچانه؛ تا ئاستێكی مه‌ترسیدار بوونیان هه‌یه، ده‌ره‌نجامه‌كه‌شی له‌و ململانێ و بهریهككهوتنانهوه ده‌رده‌كه‌وێت كه ڕۆژانه له‌نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌م ناوچانه ڕوو ده‌ده‌ن تا ده‌گات به‌و چالاكییانه‌ی كه گرووپه توندڕە و تیرۆریستییه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. به به‌راورد به ڕاده‌ی مه‌ترسییه‌كان، هه‌وڵ و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كان زۆر لاواز و ناكاریگه‌رن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی كه بیری توندڕەوی و تیرۆر به‌رهه‌م ده‌هێنن. بۆیه ئاسانه پێشبینیی ئه‌وه بكرێت كه بیری توندڕەوی زیاتر له‌م ناوچانه ته‌شه‌نه بكات و له هه‌ر ساتێك‌دا به هۆی بوونی ئه‌م زه‌مینانه‌وه؛ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی گرووپه تیرۆرستییه‌كان ئه‌گه‌رێكی به‌هێز بێت، چونكه په‌یوه‌ندیی نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌م ناوچانه به خراپترین دۆخی خۆیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، هه‌موو جیاوازییه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌كان به پاڵنه‌ری سیاسی تا ئاستێكی مه‌ترسیدار قووڵ كراونه‌ته‌وه و له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه یه‌كانگیرییه‌ك به‌دی ناكرێت، به‌مه‌ش پایه‌كانی بیری توندڕەوی زیاتر قایمتر ده‌بێت، له به‌رامبه‌ردا هه‌وڵێكی جددیی ئه‌وتۆ له ڕێگای دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یی و ده‌زگای ڕاگه‌یاندن و ڕێكخراوی مه‌ده‌نییه‌وه نه‌دراوه كه زه‌مینه‌ی هاوبه‌شی پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی له‌م ناوچانه دروست بكرێت. به هۆی به‌سه‌ربازیكردنی ئه‌و ناوچانه‌وه، مه‌ترسیی سه‌ر چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كان، به‌تایبه‌تییش كاری ڕێكخراوه ناحكومییه‌كان، تا دێت زیاتر ده‌بێت. له ڕووی په‌روه‌رده‌ییشه‌وه دابڕانی زیاتر به‌دی ده‌كرێت، خه‌ریكه ده‌گاته ئاستی ئه‌وه‌ی زمانێكی هاوبه‌ش له نێوانیاندا نه‌بێت كه له یه‌كتری تێبگه‌ن، بۆیه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كرێت له داهاتوودا زیاتر به یه‌كتر نامۆ بن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی پڕۆسه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده نه‌بووەته به‌رهه‌مهێنه‌ری به‌ها و بنه‌مای مه‌ده‌نیی هاوبه‌ش له نێوانیاندا. ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ی زیاتر ئاڵۆزتر كردووه، بارودۆخی ئه‌منی و ڕۆڵی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه له‌و ناوچانه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌قامگیرییان دروست نه‌كردووه، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه مامه‌ڵه‌ی خراپیان له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه؛ بۆخۆی سه‌رچاوه‌ی ناسه‌قامگیری و قووڵكردنی ململانێی نێوان پیكهاتهكانه كه پێشبینیی ئه‌وه ناكرێت له ئایندهی نزیكدا باشتر بێت.
بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە
____________________________________________________
سه‌رچاوه‌كان
[1] Institute for Economics and Peace. 2020. Global Peace Index. Retrieved from
http://visionofhumanity.org/app/uploads/2020/06/GPI_2020_web.pdf [accessed on July 5, 2020]
[2] Institute for Economics and Peace. 2019. Global Terrorism Index. Retrieved from
http://visionofhumanity.org/app/uploads/2019/11/GTI-2019web.pdf [accessed on July 6, 2020]
[3] Institute for Economics and Peace. 2020. Global Peace Index.
[4]The U.S. Department of State.2020. Country Reports on Terrorism 2019. Retrieved from
https://www.state.gov/inc/uploads/2020/06/Country-Reports-on-Terrorism-2019-2.pdf
[5] فه‌تاح، ئومێد ڕەفیق، ڕەسووڵ، عابد خالد، مسته‌فا، جه‌لال حەسەن، میكه، هه‌ردی مه‌هدی، ٢٠١٩، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی گرووپه تیرۆرستییه‌كان له ناوچه جێناكۆكه‌كان، سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی، سلێمانی.
[6] ساڵح، سه‌نگه‌ر و ڕەحمان، عەبدولسەمیع، ٢٠٢٠، بیری توندڕەوی: فاكته‌ر و میكانیزمه‌كانی ڕێگریردنی له هه‌رێمی كوردستان. وه‌رگیراوه له http://pfo-ku.org/index.php/raport/2017-05-19-16-00-33/645-2020-08-13-09-53-38?fbclid=IwAR2k0ibpYCprDxa15AKPM7qYSVpaZ4SSQKeNlNgSmiUwEk1ElaPOEL8xcYY
ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی. هه‌ولێر.
[7] Holmer, G., 2013. Countering violent extremism: A peacebuilding perspective. US Institute of Peace.
[8] Guiu, R. Ameen, A., And Siddiqui, N., 2017. Scenarios of Fragility in Northern Nineveh; Baseline assessment for
the sub-districts of Wana, Zummar, Rabbia, and Sinuni. Social Inquiry. Retrived from https://issuu.com/social-inquiry/docs/report__4 [accessed on July 29,2020]
[9] Sanad for Peacebuilding and Social Inquiry. 2018. “Ideas are more dangerous than deeds”: Street-level
perspectives of violent extremism in Nineveh Governorate, Iraq” retrieved from https://static1.squarespace.com/static/5bbb4e4c29f2cc31b47ff50f/t/5d5eb954141bba000113d623/1566488929024/Ideas+are+more+Dangerous+than+Deeds.pdf [accessed on July 28, 2020]
[10] Kelsey Shanks (2016) The changing role of education in the Iraqi disputed territories: assimilation, segregation and indoctrination, Globalization, Societies and Education, 14:3, 422-433, DOI: 10.1080/14767724.2015.1128807
[11] Abdel-Razek, O. and Puttick, M., 2016. Majorities and minorities in post-ISIS Iraq. Contemporary Arab
Affairs, 9(4), pp.565-576.
[12] وەزاره‌تی پلاندانانی عێراق، ٢٠٢٠، https://mop.gov.iq/news/view/details?id=360،(بەردەستە: ١/٨/٢٠٢٠)
[13] Mansour, R., 2017. Iraq after the Fall of ISIS: The Struggle for the State. Chatham House. Retrieved from https://www.chathamhouse.org/sites/default/files/publications/research/2017-07-04-iraq-after-isis-mansour-final2.pdf [Accessed on July 13, 2020].
[14] Daniel Meier . 2020. ‘Disputed territories’ in northern Iraq: The frontiering of in-between spaces, Mediterranean
Politics, 25:3, 351-371, DOI: 10.1080/13629395.2019.1681733
[15] O’Driscoll, D. 2019. The Islamic State in Iraq. K4D Helpdesk, Brighton, UK: Institute of Development Studies.
[16] The U.S. Department of State.2020. Country Reports on Terrorism 2019.
[18] Van Veen، Erwin & al-Shadeedi, al-Hamzeh. 2018. In the eye of the storm? (In)stability in Western Iraqi
Kurdistan. Retrieved from https://www.clingendael.org/sites/default/files/2018-07/in-the-eye-of-the-storm.pdf [Accessed on June 25,2020].
[19] پیره، جه‌مال، ٢٠١٩، سه‌رده‌می داعش، به‌دواداچوونی ڕۆژنامه‌وانی.
[20] ئه‌ڤڕۆ نیوز، ٢٠٢٠، له ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا؛ داعش ٩ هاوڵاتیی فڕاندووه. http://evronews.net/ku/له%E2%80%8Cماوه%E2%80%8Cی-یه%E2%80%8Cك-هه%E2%80%8Cفته%E2%80%8Cدا-داعش-9-هاو/168420/.
[21] Kelsey Shanks (2016) The changing role of education in the Iraqi disputed territories: assimilation, segregation and indoctrination, Globalization, Societies and Education, 14:3, 422-433, DOI: 10.1080/14767724.2015.1128807
[22] ئه‌وه‌ی زۆر جار له‌ناو خه‌ڵكدا ده‌وترا كه‌ركووكییه‌كان سێ مهوجن، مه‌به‌ست ئه‌وه بوو كه به هۆی تێكه‌ڵاوبوون و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، به‌شێك له خه‌ڵكی ناوچه جێناكۆكەكان ده‌یانتوانی به هه‌رسێ زمانی كوردی، عه‌ره‌بی و توركمانی قسه بكه‌ن.
[23] Barany, L., 2013. Teaching of religious education in Iraqi state schools and the status of minorities in Iraq: a critical review. International Journal of Arts & Sciences, 6(4), p.451.
[24] International Organization for Migration. 2020. Perceptions of security and police in Iraq – Baseline Survey Findings. Retrieved from https://uniraq.org/index.php?option=com_k2&view=item&id=12120:perceptions-of-security-and-police-in-iraq-baseline-survey-findings&Itemid=626&lang=en [Accessed on July 20,2020].
[25] Potter, Alex. 2018. The Government is Constructing a New Generation of Isis.
[26] Human Rights Watch. 2018. Retrieved from https://www.hrw.org/world-report/2018/country-chapters/iraq
[Accessed on August 5, 2020].