• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 13, 2025

ئەگەری ڕیفۆرم لە ئایینی ئیسلامدا

نووسینی: حەسەن یوسف ئشکوری

ئامادەکردن و وەرگێڕان: ئارام مەحموود ئەحمەد

پێشەکی
ئەگەر ڕیفۆرم بە واتا ئەرێنییەکەی، واتا گۆڕانکاری بەرەو باشتر بەکار بهێنین، لە ساتی کۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلامەوە (د. خ.) بۆ ڕۆژێک پرۆسەی گۆڕانکاری لە بوارە جیاجیاکانی ژیانی موسڵماناندا نەوەستاوە.
ڕیفۆرم وەک بابەتێک لە 200 ساڵی ڕابردوودا و لە ڕووبەڕووبوونەوەی موسڵمانان لەگەڵ شارستانیەت و کولتووری ڕۆژئاوا باس کراوە و لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا لەلایەن ژمارەیەک بیرمەندی موسڵمان بە جددی کاری لەسەر کراوە و حاشا هەڵنەگرە.

ئەگەری ڕیفۆرم لە ئیسلامدا
بەر لە هەر شتێک پێویستە ئاماژە بە دوو خاڵ بکرێت. سەرەتا بابەتی ڕیفۆرمخوازی لە ئاییندا واتا ڕیفۆرم لە تێگەیشتن، تەفسیری دەق، سەرچاوەکان، تێگەیشتنە نەریتی و جێکەوتووە ئیسلامییەکانە. واتا توانای پرسیارکردن، یان پرسیار نەکردن لە بارەی بنەماکانی بابەت، یان بنەماکان و لقەکانی ئایینە، نەک زیاتر. دەمانەوێت بزانین ئایا دەتوانرێت لەو ئیسلامەی هەیە، تێگەیشتن و تەفسیری جیاواز و ئەرێنی لە قازانجی ژیانی باوەڕدارانە و بۆ باشکردنی ژیانی ناخۆشتی موسڵمانان پێشکەش بکرێت، یان نا. دووەم، گریمانەکەمان بریتییە لە ڕیفۆرم لە پێوەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئایین بە هەڵسوکەوتێکی دیالەکتیکی.
1. ڕەتکردنەوەی جەوهەرگەرایی
ئەم بابەتە ئەوەندە گرنگە ئەگەر ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت، بەڵگە یان هۆکارەکانی دواتر بۆ سەلماندنی ئەوەی لە ئیسلامدا دەتوانرێت ڕیفۆرم بکرێت و بۆ بەهێزکردن و سەلماندنی هەمان ئارگیومێنتی بنەڕەتی سوودی لێ وەربگیرێت.
ئایین وەک دیاردەیەکی مرۆیی تەواو مێژوویی بەرهەمی کارلێکەکانی عەقڵ و ویژدانی مرۆڤە لە کارلێکە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەم ڕووەوە تێگەیشتن و لێکدانەوەی بنەما و لق و باوەڕەکانی لە چوارچێوەی پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی و شارستانییەکاندا مومکینە. بێگومان (وەحی)بوونی بانگەوازی ئایینی (وەک لە ئایینە ئیبراهیمییەکاندا هاتووە، ئیسلام بە نموونە) دژیەکی لەگەڵ مێژووییبوونی ئایین، یان ئەگەری تێگەیشتنی مێژوویی لە فێرکارییەکانی نییە. چونکە بانگەوازی وەحی تا ئەو شوێنەی کە ئاماژە بە ئیرادە و پەیامی خودایی و جیهانی باڵا و پێگەی ئیلاهی دەکات پیرۆزە، لە دەرەوەی جیهان و ئادەم و بێگومان مێژوو، بەڵام لەو کاتەوەی ئەم ئیرادەیە دەگۆڕێت بۆ پەیام و پەیامەکە دەبێت بە کەلام، عەبای مێژوو دەپۆشێت. بۆیە پەیامی ئیلاهی لەدەرەوەی مرۆڤ و مێژوو ڕوونادات و لە ئەنجامدا پرەنسیپ و لقەکانی ئایین و بیروباوەڕەکان، بەتایبەتی تێگەیشتن و لێکدانەوەکان، بەتەواوی لە دەقی کۆمەڵگە و مێژوودا فۆڕمەڵە دەبن و بە درێژایی مێژوو بە دەستی باوەڕداران ئەم ئەرکانە پێناسە کراون و لە کۆتاییدا وەک ئایینێک جێگیر بوون. جوولەکە و مەسیحی و ئیسلام نموونەی ئەو جۆرە پرۆسەیەن.
ئێستا دەتوانین ئەو پرسیارە بوروژێنین کە ئیسلام و مێژوو و فێرکارییە ئایینییەکانی چۆن دروستبوون و بوون بە فۆڕمی ئەمڕۆ؟ لە ڕابردوودا سەلمێنراوە کە هەر پێناسە و لێکدانەوەیەکمان بۆ بنەما، لق، حوکم، بیروباوەڕ، دابونەریت و ڕێوڕەسمی ئیسلامی هەبێت، لە یەک شت دڵنیاین، ئەویش ئەوەیە کە هەموویان لە ڕێگەی باوەڕدارانەوە (لە پێغەمبەری ئیسلامەوە تا هاوەڵان و خەلیفە و زانا ئایینییەکان بە درێژایی ئەم ١٤٠٠ ساڵە) دروستکراون و پێناسە و لێکدراونەوە.
ئەگەر وردتر باسی بکەین، لە پرۆسەی فۆڕمەڵەبوونی ئایینی ئیسلامدا پێویستیی مرۆیی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری، سیاسی و جوگرافیی حیجاز لە سەرەتادا و دواتر لە سەردەمی ئومەوی، عەبباسی، عوسمانی، سەفەوی و ڕۆژهەڵاتی نزیک و لە کۆتاییدا ئەوروپا و ڕۆژئاوا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕۆڵیان هەبووە. هەر چۆنێک بێت ئیسلامی مێژوویی بەرهەمی ئەندێشە و پێویستی کۆمەڵگە موسڵمانە جیاجیاکان بووە و دەبێت، لەبەر ئەوە لە ناونیشانەکانی وەک (ئیسلامی عەرەبی) کە (عابد جابری) بە هاوواتای (عەقڵی عەرەبی) ناوی دەبات، ئیسلامی ئێران و لە کۆتاییدا ئیسلامی ئەوروپایی سوود وەردەگیرێت.
ئێستا دەبێت بپرسین بە ڕاستی جەوهەری ئیسلام کامەیە؟ ئیسلامی خیلافەتی سوننە، یان ئیمامەتی شیعە؟ ئیسلامی فیقهییەکان و فەرموودەناسەکان، یان ئیسلامی موتەکەلیم، فەیلەسوف و سۆفییەکان؟ کێ دیاری کردووە و دەتوانێت دیاری بکات کە جەوهەری ئیسلام کامەیە و لەوەش گرنگتر کام لێکدانەوە (تەفسیر) بە تەواوی لەسەر حەقە و لەگەڵ پەیامی سەرەتادا یەکدەگرێتەوە؟
ئەگەر لە گریمانە و پاڵنەری تیۆرسێنەکان بڕوانین بە ڕوونی دەبینین كە دوو هۆکار بوونە هۆی ئەوەی ئەم پرۆسەیە فۆڕمەڵە و بەردەوام بێت. هۆکاری یەکەم، پێویستی هەبوون و مامەڵەی دیالەکتیکی جێگیر و گۆڕاو لە ئاییندایە. هەموو باوەڕدارێک دەبێت ئایینی خۆی لەسەر بنەمای جێگیر و لۆژیکی دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی پێکهاتەیەکی جێی تێگەیشتن و جێبەجێکردنی هەبێت. دیاریکردنی جێگیر و گۆڕاو لە ئاییندا وردە وردە لەلایەن باوەڕدارانەوە گەشەی پێدراوە و بەردەوام ئەگەری گۆڕان و پێداچوونەوە پێیدا هەیە.
هۆکاری دووەم، پێویستی پۆلێنکردنی تێگەیشتنەکان بۆ درککردن و لێکدانەوەی باشترە. پۆلێنکردنی بابەتەکان لە کۆنەوە هەبووە و موسڵمانەکانیش بەپێی پێویستییەکانی خۆیان، لە بوارە جیاجیاکاندا گرنگیان بەو تێگەیشتنانە داوە. لە جیهانی مۆدێرندا پۆلێن و جیاکردنەوەی بوارەکان بۆ یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی زانست و فەلسەفە گۆڕاوە.
بە سەرنجدانە ئەگەری گۆڕان و لێکدانەوە نوێیەکان لە ئایینی ئیسلامدا، بابەتی ئەوەی ئیسلام ڕیفۆرم قبووڵ ناکات، لۆژیکی نییە. ئیسلام هاوشێوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی تر، جەوهەرێکی جێگیر و نەگۆڕی نییە و بەردەوام ئەگەری پێداچوونەوە بە بنەما و لقەکانیدا هەیە. ئەگەر تا ئێستا گۆڕانکاری لە لێکدانەوەکاندا ڕووی نەدابێت، ناتوانرێت بەو ئەنجامە گەیشت کە لە داهاتووشدا ڕوونادات.
وەک باوەڕدارێک بە ئیسلام، پێم وایە بنەمایەکی سەرەکی لە باوەڕی موسڵماناندا باوەڕ بە پێغەمبەرایەتی محەممەد و هاتنە خوارەوەی وەحییە بۆ ئەو. ئەگەر موسڵمانێک ئەمە ڕەت بکاتەوە لە بازنەی موسڵمانبوون دەردەچێت، هاوشێوەی چوونە دەرەوەی دیموکراتێک لە تێگەیشتنی دیموکراسی بە ڕەتکردنەوەی بنەماکانی.
بە گشتی ڕەتکردنەوەی جەوهەرگەرایی ڕەهای نەریتی پیشانی دەدات، کە بانگەشەی ئەوەی ڕیفۆرم لە ئاییندا ناکرێت، لۆژیکی نییە و پرۆژەی ڕیفۆرمی ئایینی لە ئیسلامدا گونجاو و مومکینە.

2. توانا ناوخۆییەکانی ئیسلام وەک پێکهاتەیەک و ئیرادە بۆ ڕیفۆرم
لە هەناو و دەقی ئایینی ئیسلامدا ئەو توانا بەهێزە هەیە و دووبارە خوێندنەوە و هەموارکردنەوەی بۆ موسڵمانان و ناموسڵمانان ڕەخساندووە. لەم بەشەدا ئاماژە بە ئەو توانایانە دەکەین:

أ. واتای ڕیفۆرم وەک یەکێک لە ئامانجەکانی نێردراوان
لە قورئاندا چەندین جار واژەی ڕیفۆرم (اصلاح) لە بەرامبەر (فساد) بەکارهاتووە و واتایەکی بەرفراوانتر لە ڕیفۆرمی ئەمڕۆی هەبووە. ڕیفۆرمی پێغەمبەرانە وەک یەکێک لە ئەرکەکانی نێردراوان بۆ نەهێشتنی لادان و (فساد)ی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەکانی ئەو سەردەمەدا ئەنجام دراوە. پێغەمبەری ئیسلامیش بۆ ڕیفۆرم لە کۆمەڵگەدا هەوڵی داوە، هەر چەندە ئەو ڕیفۆرمانە بە هۆکاری کۆمەڵایەتی بوونە هۆی ڕووبەڕووبوونەوە و دەسەڵاتداری و دواتر بوونە هۆی هەندێک هەڵە تێگەیشتن لە ناو موسڵماناندا. مێژووی ئیسلام دەرخەری بەردەوامی نەریتی ڕیفۆرمخوازی پێغەمبەرانە. لە سەردەمی نوێدا بزووتنەوە ڕیفۆرمخوازییەکانی موسڵمانان لە ژێر کاریگەری تێگەیشتنی قورئانی و مێژوویی سەرنجیان لەسەر سێ پێکهاتەی سەرەکی ئازادی، ئازادیخوازی و دادخوازی بووە. هەڵبەتە ڕیفۆرمخوازی هاوچەرخ لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا لە ڕووی جەوهەر، ئامانج و مەبەستەوە لەگەڵ ڕیفۆرمی ڕابردوو جیاوازی زۆری هەیە.

ب. فەرمان بە چاکە و ڕێگری لە خراپە
بنەمای فەرمان بە چاکە و ڕێگری لە خراپە لە قورئان و سوننەتی ئیسلامیدا قورسایی جێی سەرنجی لەسەر ڕیفۆرمی پێکهاتەیی و کرداری هەیە. ئەم بنەمایە ئاماژەیە بۆ ئەنجامدانی کاری چاکە، نەک بنەما شەرعییەکان، ئامانجی ڕیفۆرم لە چالاکاییەکاندا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و خراپەیە، بە تایبەتی لەناو چینی دەسەڵاتداری سیاسیدا.
زانایان ئازادییەکانی بیروباوەڕ و دەربڕین و بڵاوکراوەکانیان بەپێی ئەم بنەمایە لێکداوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بنەمایە توانای ڕیفۆرمی لە بوارەکانی کۆمەڵگە و سیاسەتدا هەیە، بەڵام بە تێپەڕینی کات بە هۆی لێکدانەوەی خراپ و سوودوەرگرتنی خراپ هەندێک جار بۆ ئامڕازی سەرکوت و دژە ڕیفۆرم بەکارهاتووە.

ج. بنەمای ئیجتیهاد
یەکێک لە توانا گرنگەکان بۆ ڕیفۆرمی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە ئیسلامدا بنەمای ئیجتیهادە. ئیجتیهاد لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلامەوە پەسەندکراو بووە و دوای ئەویش لە سەردەمی خەلیفەکانی بۆ گونجاندنی شەریعەت لەگەڵ بابەتە نوێیەکاندا بەکارهێنراوە. سەرەتا ئیجتیهاد لەسەر بنەمای دیاریکردنی کەسیی خەلیفەکان و ڕاوێژ لەگەڵ سەحابەکان ئەنجام دراوە، بەڵام دوای سەدەی دووی کۆچی بۆ زانستێک کە میتۆدۆلۆژی تایبەتی خۆی هەبووە، گۆڕاوە.
لە مێژووی ئیسلامدا ئیجتیهاد بە تایبەتی لە سەردەمی شارستانێتی ئیسلامیدا هاوکاری پەرەسەندنی فیقهـ و بە سیستمکردنی کردووە. بە هەموارکردنەوەی زانستی و گونجاوی ئیجتیهاد، ئەم ئامڕازە دەتوانێت بۆ وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی ڕۆژ و ئەرکە نوێیەکان زۆر کاریگەر بێت، بە تایبەتی لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە عەقڵ و سەرنجدان لە بابەتە هاوچەرخەکان.
ئیجتیهاد بە واتا فیقهییەکەی بە هەڵێنجانی حوکمە شەرعییەکان لە بەڵگەکان دادەنرێت، بەڵام بەپێی تێڕوانینی نوێ، ئیجتیهاد دەبێت زیاتر لە لقەکان تیشک بخاتە سەر بنەماکان و بە سەرجەم پێکهاتەی ئاییندا بچێتەوە، وەک ئیقبال لاهوری باسی لە “نوێگەری لە سەرجەم دەزگای موسڵمانان”دا کردووە.

د. عەقڵ
عەقڵ لە ئایینی ئیسلامدا ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە. بە تایبەتی لە پەیوەندیدا لەگەڵ وەحی، زانست و ئایین، عەقڵ و شەرع گرنگە. لە ئایینی ئیسلامدا عەقڵانییەت بە واتای بوونی عەقڵ وەک پێویستییەک بۆ پەسەندکردنی بانگخوازی ئایینی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە.

عەقڵ لە ئیسلامدا بە تایبەتی لە بواری فیقهـ و کەلامدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە، وتراوە (من لا عقل لە لا دین لە)، واتا بێ عەقڵ ئایینیش بوونی نابێت.

ه. دادپەروەری
دادپەروەری لە ئیسلامدا چەمکێکی زۆر گرنگە، کە لە قورئاندا زۆر باس کراوە. خودای گەورە بە سیفەتی دادپەروەری دەناسرێت و کار و فەرمانەکانی خودا لەسەر بنەمای دادپەروەری دەپێورێت. لە قورئان و فەرموودەکاندا دادپەروەری وەک بەهایەکی سەرەکی باس کراوە و داوا لە موسڵمانان کراوە دادپەروەر بن. لە ئەمڕۆدا چەمکی دادپەروەری لە دادپەروەری بەدەستهێنانی ئەرستۆییەوە گۆڕاوە بۆ دادپەروەری و یەکسانی. ئەم گۆڕانە لە لێکدانەوەی دادپەروەری لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا گرنگە، بە تایبەتی لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی ژن و پیاودا.

و. دژیەکی لە سەرچاوە ئایینییەکاندا
یەکێک لە گرنگترین ئەگەرەکان بۆ جۆرەکانی دووبارە تێڕوانینەوە و بیرکردنەوەی لە ئەندێشە و کاری ڕیفۆرمخوازانە لە نێوان موسڵماناندا بوونی دژیەکی بەرفراوانە لە دەق و سەرچاوە گواستراوەکانی ئیسلام.
وەک دەزانین سەرچاوەکان بۆ ناسینی ئایین لە سەرەتادا سەرچاوە کۆنەکانن، کە لە ڕۆژگاری کۆنەوە ماونەوە. گرنگترین ئەو سەرچاوانەش قورئان و دوای ئەویش فەرموودەکانن لە چوارچێوەی سوننەت و سیرەدا. لەگەڵ گرنگی تاکی قورئان، بەڵام لە کرداردا موسڵمانان لە سەدەکانی سەرەتاوە ڕوویان لە فەرموودەکان کردووە.
ئەم سەرچاوە وەرگیراوانە لە ڕابردوو لە ڕووی ناسین و ناوەرۆکەوە پەیامی جیا جیا و زۆر و هەندێک جار دژیەک بە وەرگران دەدەن و ئەم جۆراوجۆری تێگەیشتن و لێکدانەوەیە، لەگەڵ دروستکردنی گرفت بۆ موسڵمانان لە ڕابردووەوە تا ئێستا، ئەو ئەگەرە دەخاتەڕوو کە شیکەرەوانی ئەو دەقانە تێگەیشتنی جۆراوجۆریان خستووەتەڕوو، ئەمەش لە کۆتاییدا واتا ئایدیای ڕیفۆرمی بەردەوام لە ڕووی تیۆری و کرداری موسڵمانان.
دوو دەنگی، یان هەندێک جار فرە دەنگبوونی ئایەتە جیاجیاکانی قورئان، یان گێڕانەوە و فەرموودە مەزهەبییەکان هۆکارن بۆ دووبارە لێکدانەوە جیاجیاکان و هەندێک جار دژیەکی ئایەت و گێرانەوە، مێژوو و سوننەتی ئیسلامی.
بە ڕوانینێک لە مێژووی فۆڕمەڵەبوون و لێکدانەوەی گۆڕانکارییەکان لە ڕووی هاتنەخوارەوەی وەحی و بە تایبەتی شیکاری چۆنێتی و بۆچێتی فەرموودە و گێڕانەوە و زەمینەکانی لێکدانەوەیان، هۆکاری ئەو دژیەکی و فرەدەنگییەی پەیامەکانی ئەو سەرچاوانە تا ڕێژەیەک ئاشکرا دەکات. یەکەم، وەحی لەڕووی زمانەوە دەمی و گوتار بووە، نەک کتێب و نووسین. دووەم، هاتنەخوارەوەی قورئان وردە وردە بووە و لە ماوەی 23 ساڵدا لە هەلومەرجی تایبەتی و بۆ چارەسەری کێشەی تایبەتی هاتوونە خوارەوە (اسباب النزول). سێیەم، لەڕووی دەقەوە لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی جۆرێک ڕێکخستن (وەک کورتی و درێژی سورەتەکان، ڕێکخستنی سورەتەکان بە ناونیشانی تایبەتی و گونجاو و بەسوود و ….). هەروەها بێئاگایی، یان کەمی زانیاری لە بارەی هۆکارەکانی هاتنە خوارەوەی ژمارەیەک لە ئایەتەکانیش خۆی بووەتە هۆی ڕوودانی ئەو گرفتانە لە تێگەیشتن و لێکدانەوەی وردی ژمارەیەک لە ئایەتەکان. لێکدانەوەی مێژووی فەرموودەکانیش پیشانی دەدات کە ئەم سەرچاوە گرنگەش گرفتی ڕاستی و متمانەی هەیە و زیاتر دژیەکی تێدایە.
بەمشێوەیە ڕوون دەبێتەوە کە چۆن و بۆچی دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر، موسڵمانان لە ڕووی چاکە، یان سوودوەرگرتنی خراپ دەستیان کردووە بە لێکدانەوەی جیاجیا و هەندێک جار دژیەک و لە هەندێک باردا لەسەر لێکدانەوەکان زانایان ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
ئەوەی ئاماژەی پێکرا ئەوەیە کە یەکەم، شەڕی گێڕانەوەکان و ناکۆکی لەسەر تێگەیشتن و لێکدانەوەکان لە سەرەتاوە هەبووە. دووەم، ئەم مشتومڕانە سەرەتا لە فرەدەنگی دەقە قورئانییەکان و زۆربەی فەرموودە و گێڕانەوەکانە.
دەرەنجامی لۆژیکی ئەم واقیعییەتە ئەوەیە کە ئەگەری ڕیفۆرم لە تێگەیشتنی ئایینی لە هەر زەمینەیەکدا، بە تایبەتی لەو بابەتانەی دژیەکن هەیە و ڕیفۆرمخوازانی ئەم سەردەمە و هەر سەردەمێک ئەو توانایەیان هەیە، کە لە هەناوی دەقە پڕ کێشە و دژیەکەکان، لێکدانەوەی نوێ بخەنەڕوو بە پێی پێوەری (مقاصد الشریعة، علل الشرائع).
یەکێک لە گرفتەکانی جیهانی ئەمڕۆ ئایدیای حکومەتی شەرعی و ئیمارەتی خوداییە. موسڵمانان ئیمارەتی 10 ساڵەی پێغەمبەر لە مەدینە بە مەشروعیەتی خودایی دەزانن و خیلافەتی ئیسلامیش لەسەر هەمان بنەما دروست بوو. ئایدیای (الاسلام دین و دولة) لە تێڕوانینی گرووپەکانی وەک ئیخوان موسلمین و داعشدا خرایەڕوو.

یەکێک لە گرفتە گەورەکان بابەتی ئیسلام و توندتیژییە، بە پەرەسەندنی توندوتیژی لە نێوان موسڵمانان لە قاڵبی گرووپەکانی وەک تاڵیبان، قاعیدە، داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی تر، بابەتی توندوتیژی ئایینی لە ئیسلامدا بەرجەستەتر بووە.
بە سەرنجدان لە گرنگی بابەتەکە ئەو پرسیارە کراوە و دەکرێت، کە ئەم جۆرە توندوتیژیانە چی جۆرە پەیوەندییەکیان بە ئایینی ئیسلام و سەرچاوە سەرەکییەکانەوە هەیە؟ ئایا لە بنەڕەتدا ئەم جۆرە پەیوەندییە ئۆرگانییە بوونی هەبووە و دەتوانرێت بسەلمێنرێت؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا دوو تێڕوانینی دژیەک دەبینرێت. گرووپێک لە نەیارانی ئیسلام توندوتیژییەکان بە دەرەنجامی ئیسلام و سوننەتی پێغەمبەر دەزانن و سوود لە دەربڕینەکانی وەک (تیرۆریزمی ئیسلامی) وەردەگرن. لە بەرامبەردا گرووپێک ئەو توندوتیژیانە بە بەدەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئیسلام دەزانن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئیسلام لە بنەڕەتدا دژی توندوتیژییە و توندوتیژەکان لە بازنەی ئایین دەکەنە دەرەوە. هەر دوو گرووپەکەش پشت بە بەڵگە و گێڕانەوە مێژووییەکان دەبەستن.
لەم چوارچێوەیەدا شێوازی ڕەخنەی مێژوویی لەو بابەتە دەکۆڵێتەوە. واقیعییەتەکە ئەوەیە ئەگەر تەنیا بۆ گێڕانەوەکانی ئیسلام بگەڕێینەوە، بە ڕوونی دیارە کە بەرهەمهێنی توندوتیژییە بەرامبەر نەیاران و بێ باوەڕان. پێغەمبەری ئیسلام ١٠ ساڵ حوکمی کردووە، دەیان جەنگی بەرپا کردووە و کۆمەڵێک سزای دیاری کرد. لەم ئایینەدا جیهاد بە ئەرک دادەنرا و بە درێژایی مێژووی ئیسلامیش بەکارهێنراوە. لەبەر ئەوە جیهاد و ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنان بە ڕەوا دادەنرێت و ژمارەیەک لە زانا موسڵمانەکان لە دوو سەدەی ڕابردوودا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاری ڕۆژئاوایی، یان بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆری ناوخۆیی سوودیان لە وشەی جیهاد وەرگرتووە. کەسایەتییەکانی وەک سەید جەمالەدین ئەسەدئابادی، ئیقبال لاهوری، شەرعیەتی ئەم تێڕوانینەیان لە خەباتی خۆیاندا پیشان داوە. هەروەها لە بەرامبەر زایۆنییەکان و شەڕەکانی ئێران دژی ڕووسەکان، زانا موسڵمانەکان فەتوای جیهادیان داوە.
بەڵام چۆن دەتوانرێت ئەم تێڕوانینە ڕەخنەی لێبگیرێت؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە خوێندنەوەی جیاواز لەو بارەیەوە پێشکەش بکرێت؟
ڕەخنەی مێژوویی بۆ دەقە ئیسلامییەکان پیشانی دەدات کە شەڕەکانی سەردەمی پێغەمبەر، زیاتر بەرگری بوون، نەک بە واتای جیهاد بۆ موسڵمانکردنی ئەوانی دیکە. لە قورئانیشدا هیچ ئاماژەیەک بۆ نەمری جیهاد نەکراوە. جیهاد لە سەردەمی پێغەمبەردا تایبەت بووە بە هەمان سەردەم، نەک وەک ئەرکێکی بەردەوام هاوشێوەی پەرستشەکانی تری ئیسلام. لێکدانەوەی مێژوویی ئیسلام پیشانی دەدات کە جەختکردنەوە لەسەر جیهاد زیاتر لە ڕێگەی پەیوەندی ئیجتیهاد و فیقهـ لەگەڵ خیلافەت و پاشایەتی بووە و فەقیهەکان وەک پاساو بۆ فتوحات و تاڵانکارییەکانی خەلیفەکانی موسڵمانان بۆچوونی فیقهیان لە بارەی جیهادەوە خستووەتەڕوو.
هەڵبەت بە لابردنی جیهاد وەک ئەرکێکی ئایینی هەمیشەیی، ئایەت و گێڕانەوەکان لە قورئان و سوننەتدا دەتوانن بۆ پاساوهێنانەوە بۆ توندوتیژی سوودی لێوەربگیرێت، بە تایبەتی دابەشکردنی مرۆڤایەتی بۆ بێ باوەڕ و باوڕدار. بەڵام بە سوودوەرگرتن لە شێوازی خوێندنەوەی هاوسەنگ و هارمۆنی دەتوانرێت ئەم توندوتیژیانە کەم بکرێنەوە و نەهێڵرێن. گرفتی سەرەکی ئەوەیە کە ژمارەیەک لە ڕەخنەگرە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان بە جەختکردنەوەی تاکلایەنە لەسەر ئایەت و گێڕانەوەی تایبەتی، ئیسلام بە توندوتیژ دەزانن، لە کاتێکدا لە بەرامبەردا ژمارەیەکی دیکە ئیسلام بە گشتی لە توندوتیژی بەدەر دەکەن. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە هیچ زاتێکی جێگیر و یەکپارچە لە ئیسلامدا بوونی نییە و دەقە ئایینییەکان دەتوانرێت لێکدانەوەی جیاجیان بۆ بکرێت.
لە کۆتاییدا دەڵێین بیری نوێی ئایینی پێویستی بە سوودوەرگرتنە لە سەرچاوەی جیاجیای ناسین و شیکاری و نابێت تەنیا پشت بە دەقە ئایینییەکان لە یەک ڕوانگەوە ببەستێت.

3. ڕوودانی ڕیفۆرم لە مێژووی ئیسلامدا
بە درێژایی مێژووی ئیسلام ڕیفۆرم و هەوڵی گۆڕانکاری بەردەوام لە هەناوی پێویستییە کۆمەڵایەتی، کولتووری و فیکرییەکانی کۆمەڵگەی موسڵماناندا دروست بووە. لە سەدەی یەکەمەوە تا سەردەمی هاوچەرخ گرووپ و بزووتنەوە جیاجیاکان بە خوێندنەوەی جیاواز بۆ دەقە ئایینییەکان و بە ئامانجی ڕیفۆرم دەرکەوتوون، کە نموونە دیارەکانی وەک ئەشعەری و موعتەزیلە، هەروەها بزاڤی فەلسەفی و عیرفانی (اخوان الصفا) لە مێژووی ئیسلامدا دیارن. ئەم بزاڤانە بە ئیلهام لە تێکەڵەیەک لە ئەندێشە ئایینی و نائایینییەکان بە دوای دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان ژیانی باوەڕدارانە و ژیانی شارستانیانە بوون.

لە دوو سەدەی ڕابردوودا ڕیفۆرمی ئایینی بە ڕوانین لە ڕۆژئاوا و پشت بەستن بە نەریتە ئیسلامییەکان، ئامانجەکانی وەک بێداری ئایینی، پاڵاوتنی ئەخلاقی و ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتییان گرتووەتەبەر. کەسانی وەک سەید جەمالەدینی ئەسەدئابادی جەختیان کردووەتەوە لەسەر ڕەواندنەوەی خورافە، دووبارە لێکدانەوەی چەمکە نەریتییەکان، یەکسانی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ. ئەم بزاڤە ڕیفۆرمخوازانە هەر چەندە لە هەندێک بواردا سەرکەوتوو بوون، بەڵام هێشتا بزووتنەوە بونیادگەرا و نەریتییەکان گرفتیان بۆ دروست دەکەن.

دەرەنجام
1. بابەتی ڕیفۆرمخوازی لە ئاییندا واتا ڕیفۆرم لە تێگەیشتن، تەفسیری دەق، سەرچاوەکان، تێگەیشتنە نەریتی و جێکەوتووە ئیسلامییەکان.
2. ئایین وەک دیاردەیەکی مرۆیی تەواو مێژوویی بەرهەمی کارلێکەکانی عەقڵ و ویژدانی مرۆڤە لە کارلێکە کۆمەڵایەتییەکاندا و لەم ڕووەوە تێگەیشتن و لێکدانەوەی بنەما و لق و باوەڕەکانی لە چوارچێوەی پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی و شارستانییەکاندا مومکینە.
3. هەموو باوەڕدارێک دەبێت ئایینی خۆی لەسەر بنەمای جێگیر و لۆژیکی دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی پێکهاتەیەکی جێی تێگەیشتن و جێبەجێکردنی هەبێت.
4. دیاریکردنی جێگیر و گۆڕاو لە ئاییندا وردە وردە لەلایەن باوەڕدارانەوە گەشەی پێدراوە و بەردەوام ئەگەری گۆڕان و پێداچوونەوە پێیدا هەیە.
5. بە سەرنجدانە ئەگەری گۆڕان و لێکدانەوە نوێیەکان لە ئایینی ئیسلامدا، بابەتی ئەوەی ئیسلام ڕیفۆرم قبووڵ ناکات، لۆژیکی نییە. ئیسلام هاوشێوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی تر، جەوهەرێکی جێگیر و نەگۆڕی نییە و بەردەوام ئەگەری پێداچوونەوە بە بنەما و لقەکانیدا هەیە.
6. ڕیفۆرمی پێغەمبەرانە وەک یەکێک لە ئەرکەکانی نێردراوان بۆ نەهێشتنی لادان و (فساد)ی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەکانی ئەو سەردەمەدا ئەنجام دراوە.
7. ئیجتیهاد لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلامەوە پەسەندکراو بووە و دوای ئەویش لە سەردەمی خەلیفەکانی بۆ گونجاندنی شەریعەت لەگەڵ بابەتە نوێیەکاندا بەکارهێنراوە.
8. عەقڵ لە ئیسلامدا بە تایبەتی لە بواری فیقهـ و کەلامدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە، وتراوە (من لا عقل لە لا دین لە)، واتا بێ عەقڵ ئایینیش بوونی نابێت.
9. ڕیفۆرمخوازانی ئەم سەردەمە و هەر سەردەمێک ئەو توانایەیان هەیە، کە لە هەناوی دەقە پڕ کێشە و دژیەکەکان، لێکدانەوەی نوێ بخەنەڕوو بە پێی پێوەری (مقاصد الشریعة، علل الشرایع).
10. بە درێژایی مێژووی ئیسلام ڕیفۆرم و هەوڵی گۆڕانکاری بەردەوام لە هەناوی پێویستییە کۆمەڵایەتی، کولتووری و فیکرییەکانی کۆمەڵگەی موسڵماناندا دروست بووە.

سەرچاوە:
https://azadiandisheh.com

Send this to a friend