• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 21, 2024

پڕۆسەی ئاشتی؛ ڕاستی یان خەیاڵ!

ئەحمەد سیروانی/ فەرزان چاڵشکان

پوختە

گۆڕانکارییە خێراو فراوانەکانی جیهان‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی لە سەر ڕەوتی سیاسەت‌و پێشهاتە ناوخۆییەکانی وڵاتانی جیهان بە گشتی‌و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و کوردستان دروستدەکات. تورکیا وەک وڵاتێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە گەورەترین پارچەی کوردستان لە چوارچێوەیدایەو زۆرترین هاوڵاتیی کوردی تێدا نیشتەجێیە.

ئەم پێشهاتە جیهانی‌و هەرێمییانە، بەرپرسانی باڵای تورکیای خستووەتەگومانەوەو ترسیان لەوەیە پریشکی ئاگرەکە بگات بە ماڵیان، بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی ئاژەوەی ناوخۆیی‌و پارچەبوونی خاکی تورکیا دەرگای پڕۆسەیەکی نوێیان بۆ چارەسەری پرسی کورد کردووەتەوە، لە لایەکەوە ئاڵۆزیی لێدوانەکانی بەرپرسانی باڵای حیزبە دەسەڵاتدارەکان‌و بەرپرسانی باڵای وڵات، لە لایەکی دیکەیشەوە هەنگاوە دژبەرییەکانی بەشێک لە دامەزراوەکانی وڵات بە ئاڕاستەی دژەکوردو بەرەی ئۆپۆزسیۆن ئەگەری دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی‌و چارەسەری پرسی کوردو ئایندەی تورکیایان لە دووڕیانی جەنگ‌و ئاشتیدا هێشتووەتەوە.

ئەم توێژینەوەیە ئاماژەکانی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، زەمینەی جێبەجێکردنی‌و لەمپەرەکانی بەردەمی‌و دواجار مانەوەی تورکیا لە لێواری جەنگ‌و ئاشتیدا شیدەکاتەوە.

هەوڵەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا

لە ساڵی (١٩٩٤)ەوە هەتا ئێستا بۆ چارەسەکردنی پرسی کورد لە تورکیا چەندین هەوڵی جۆراوجۆر دراون، بەڵام هەر جارێک لەبەر کۆمەڵێک هۆکار ئەم هەوڵانە بێئەنجام بوون.

ئەو جەنگەی لە (١٥)ی ئابی (١٩٨٤) بە هێرشی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ سەر خاڵە سەربازییەکان لە ناوچەی ئێروح لە سێرت‌و شەمزینان لە هەکاری (جولەمێرگ) دەستیپێکردو بۆ ماوەی چل ساڵ بەبێ پچڕان بەردەوامە، ئەگەرچی لە ماوەی چڵ ساڵی ڕابردوودا بڕیاری ئاگربەست لە کاتە جیاجیاکاندا دراوە، دانوستانەکان بە شێوازی جیاواز کراوە لە نێوان لایەنەکاندا، ئەم هەوڵانە لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە لە ژێر ناوی پڕۆسەی چارەسەری (Barış Süreci) زۆر چڕتربوون، بەڵام لە ساڵی (٢٠١٥)ەوە بە کرداری خرانەناو چەکمەجەوەو پرسەکە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.

ڕاگەیاندنی یەکەمین ئاگربەستی تاکلایەنانە لە (٢٠)ی ئاداری (١٩٩٣) لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکەو بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە لە (١٥)ی نیسانی ساڵی (١٩٩٣)، وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی دەخوێنرایەوە، بەڵام مردنی ته‌مومژاوی تورگوت ئۆزال؛ سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا لە (١٧)ی نیسانی هەمان ساڵ دەستپێشخەرییەکەی لەباربرد. لە کاتێکدا شەڕو  پێکدادانەکان بەردەوامبوون، دیسان ئۆجەلان لە (١٥)ی کانوونی دووەمی (١٩٩٥)و (١)ی ئەیلوولی (١٩٩٨) دوو ئاگربەستی جیاوازی ڕاگەیاند. دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی پۆڵا (Çelik Harekatı) لە (٢٠)ی ئاداری (١٩٩٥) بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لەو ناوچانەی بنکەو بارەگای پەکەکەی تێدا بوو ئاگربەستی هەڵوەشاندەوە. دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە (١٥)ی شوباتی (١٩٩٩) هێندەی تر بەنزینی بە ئاگری جەنگدا کرد(١).

لەگەڵ دامەزراندنی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) (Adalet ve Kalkınma Partisi (AK Parti))و هاتنەسەر دەسەڵاتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەنگاوەکانی دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتیی گەرمتربوونەوە، پەخشی کوردی لە مەودایەکی سنوورداردا لە کەناڵی دەوڵەتدا ڕێگەیپێدرا، دانوستان لە نێوان بەرپرسانی دەوڵەت‌و ئۆجەلان‌و سەرکردەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دەستیپێکرد، بەرپرسانی ئاکپارتی‌و پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) (DBP) (Demokrat Bölgeler Partisi)و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) Halkların Demokrat Partisi))  (HDP) دەستیپێکردو پەکەکە لە ڕێکەوتی جیاجیا بڕیاری ئاگربەستی دەرکرد. حکومەتی ئاکپارتی لە ژێر ناوی “پاکێجی مافی مرۆڤ”دا هەندێک هەنگاوی سەبارەت بە کرانەوە بە ڕووی زمانی کوردیدا نا. لە سەر بانگەوازی ئۆجەلان، دوو گرووپی جیاواز لە ئەوروپاو قەندیلەوە بە ناوی “گرووپی ئاشتی”یەوە چوونە تورکیا. “شاندی ئیمراڵی”، کە لە سیاسەتمەدارانی دەبەپەو هەدەپە پێکهاتبوون، لەگەڵ ئۆجەلاندا لە ئیمراڵی کۆبوونەوە. ئۆجەلان لە (٢١)ی ئاداری (٢٠١٣)دا نامەیەکی بۆ ڕایگشتیی کورد لە تورکیا ناردو لە ئاهەنگی نەورۆزدا لە دیاربەکر خوێنرایەوە. لە نامەکەدا ئۆجەلان ڕایگەیاند کە ململانێی نێوان تورکیاو پەکەکە کۆتاییهاتووە. گەریلاکانی پەکەکە لە سەر بانگەوازی ئۆجەلان دەستیانکرد بە دەرچوون لە سنوورەکانی تورکیا. “کۆمیسیۆنی چارەسەر” لە پەرلەمانی تورکیا دروستکرا(٢).

لەگەڵ هەموو ئەم پێشهاتانەدا پڕۆسەکە بە هێڵێکی ڕاست بەرەوپێشنەدەچوو. جگە لە هەنگاوەکانی لایەنەکان بەرەو چارەسەر، پێشهاتگەلێکیش هەبوون کە ڕێگر بوون لە پێشکەوتن‌و بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکە. داخستنی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) بە کۆی دەنگ لەلایەن دادگای دەستوورییەوەو لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە هەریەک لە ئەحمەد تورک‌و ئایسەل توغلوک، دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ بۆ سیاسەتمەدارانی کورد، بەرپرسانی هەڵبژێردراو، ڕۆژنامەنوسان‌و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە ناوی “ئۆپەراسیۆنەکانی کەجەکە”وە ڕێگر بوون لە بەردەم ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی بەئەنجامبگات. لە لایەکی دیکەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ (١٣) کەس لە (٣٤) ئەندامی “گرووپی ئاشتی” لە کەمپەکانی قەندیل‌و مەخمور دەرچوو. هەروەها دژایەتیی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا کە خۆی لە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) (MHP) (Milliyetçi Hareket Partisi)و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) (Cumhuriyet Halk Partisi) (CHP)دا دەبینییەوە. لە لایەکی دیکەوە، ڕاگەیاندنی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان‌و خۆپیشاندانەکانی (٦-٨)ی تشرینی یەکەمی (٢٠١٤) بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ‌و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ڕۆژئاوای کوردستان‌و لێدوانە توندئامێزەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش دژی دەوڵەتی تورکیاو ئاکپارتی‌و خودی ئەردۆغان، ڕوداوەکانی خەندەق (لێدانی خەندەق لە ناو شارو دەوروبەری شارەکان لەلایەن گەریلاکانی پەکەکە)و دەستبەسەرداگرتنی شرناخ، جزیرە، قەڵای دیاربەکرو ژمارەیەک قەزاو ناحیە لە باکووری کوردستان‌و سەر سنووری ڕۆژئاوای کوردستان؛ دۆخەکەیان ئاڵۆزترکرد(٣).

هەڵوەشاندنەوەو پابەندنەبوونی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنی دۆڵمەباخچە (Dolmabahçe Mutabakatı)وە، کە لە (٢٨)ی شوباتی (٢٠١٥) لە نێوان بەرپرسانی حکومەت‌و ئاکپارتی‌و ئەندامانی شاندی ئیمراڵی واژۆکرابوو کۆتا هەنگاوی ئەو پڕۆسەی ئاشتییەی ڕاگرت، کە خودی ئەردۆغان دەستپێشخەرو ئاڵاهەڵگری بوو. ئەمە جگە لەو لێدوانە توندەی دەمیرتاش لە (١٧)ی ئایاری (٢٠١٥)، کە بە ئاڕاستەی ئەردۆغان ڕایگەیاند: “ڕێگەنادەین ببیت بە سەرۆک”(٤)، هێندەی تر پەیوەندییەکانی هەدەپەو حکومەتی تورکیای گرژکرد.

هێرشی بۆمبڕێژکراو، کە دوو ڕۆژ پێش هەڵبژاردنەکانی (٧)ی حوزەیرانی (٢٠١٥) لە میتینگێکی هەدەپە لە دیاربەکر ڕویدا، هێرشی داعش لە سوروچ لە (٢٠)ی تەمموزی (٢٠١٥)، کوشتنی دوو ئەفسەری پۆلیس لە ماڵەکانیان لە ناوچەی جەیلانپنار لە ئورفا لە (٢٥)ی تەمموزی هەمان ساڵ، کۆمەڵکوژیی وێستگەی شەمەندەفەری ئەنقەرە لە (١٠)ی تشرینی یەکەمی (٢٠١٥)، ڕاگەیاندنی “بەیاننامەی خۆبەڕێوەبەری”، کە لە پاییزی (٢٠١٥) لە شارە جیاجیاکانی باکووری کوردستان بە تایبەتی سوور، جزیرە، نوسایبین، یوکسەک ئۆڤا، سیلڤان‌و سلۆپی‌و دواتر پێکدادانەکانی ئەو شارانە هەتا سەرەتای (٢٠١٦) بەردەوامبوو. بە تایبەت هێرشی گەریلاکانی پەکەکە بۆ سەر قەزای جزیرەو ناوچەی “سوور/ قەڵا” لە ناوەندی دیاربەکرو پێکدادانی قورسی چەکداری لە نێوان گەریلاو هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا ڕویدا، ڕاگەیاندنی شێوەیەک لە “خۆبەڕێوەبەری”و دانانی دادگای گەل (Halk Mahkemesi) لە بریی دادگاکانی حکومەت(٥)و هەوڵی کودەتاکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)و پێشهاتەکانی دواتر، ئەگەری گەڕانەوەی لایەنەکانی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بە تەواوی لەباربرد.

پاش تێپەڕبوونی نزیکەی (١٠) ساڵ، لە (١)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٤) دەوڵەت باخچەلی یەکەم هەنگاوی بە ئاڕاستەی دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی پڕۆسەی ئاشتی دەستپێکردووەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا لە قۆناغی گفتوگۆو لێدوانی بەرپرسانی پارتە دەسەڵاتدارەکاندایە.

ئاماژەکانی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی

ڕۆژی (١)ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، لە مەراسیمی کردنەوەی وەرزی نوێی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی تورکیادا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە گوتارێکیدا باسی لە دۆخی ئاڵۆزو جەنگاویی جیهان‌و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کردو ئاماژەی بە مەترسییە ئەمنی‌و سەربازییەکانی سەر تورکیا کرد. ئەردۆغان لەو گوتارەکەیدا جەختی لە سەر “یەکگرتووی گەلی تورکیاو هێزە سیاسییەکانی وڵات” کردەوە(٦). دوای کۆبوونەوەکەی پەرلەمان، دەوڵەت باخچەلی (Devlet Bahçeli)؛ سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) (Milliyetçi Hareket Partisi) (MHP) خۆی گەیاندە هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی‌و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) (DEM Parti) (Halkların Eşitlik ve Demokrasi Partisi)و تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆک‌و چەند پەرلەمانتارێکی ئەو پارتەو ئۆزگیور ئۆزێل (Özgür Özel)؛ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) (Cumhuriyet Halk Partisi) (CHP) کرد(٧).

ئەم پێشهاتانە دەنگدانەوەی خێراو فراوانی لە میدیاو شەقامی تورکیاو باکووری کوردستاندا لێکەوتەوەو وەک سەرەتای گۆڕانکارى نوێ لە سیاسەتی دەوڵەتدا ڕاڤەدەکرێت.

ڕۆژی سێشەممە؛ (٢٢)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٤)، باخچەلی لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی تایبەتی فراکسیۆنی مەهەپە(٨) لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: “سەرکردەی تیرۆریستان با بێتە پەرلەمان، لە کۆبوونەوەی تایبەتیی فراکسیۆنی دەمپارتی هەڵوەشانەوەی گرووپی تیرۆریستی ڕابگەیەنێت، هاواربکات کە تیرۆر کۆتاییهاتووە. پاشان چەند دەکرێت سوود لە مافی ئومێد وەربگرێت”. لەم پەیامەیدا باخچەلی دەیەوێت بڵێت: عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، با بێتە پەرلەمانی تورکیاو لە کۆبوونەوەی تایبەتیی دەمپارتیدا دان بە شکستی تەواوی پەکەکەدا بنێت‌و هاواربکات کە ئەم “گرووپە تیرۆریستییە” کۆتاییهاتووە. لە بەرانبەردا بە گوێرەی بڕگەی (٢) لە ماددەی (١٠٧)ی یاسای جێبەجێکردنی سزاکان (İnfaz Kanunu)، ژمارە (٥٢٧٥)ی ساڵی (٢٠٠٤)ی تورکیا؛ ئۆجەلان دەتوانێت سوود لەو مافە وەربگرێت کە باس لەوە دەکات “هەر کەسێک کە سزای زیندانیی هەتاهەتایی قورسی بە سەردا دەسەپێنرێت، دوای تەواوبوونی (٢٤) ساڵ یاخود (٣٠) ساڵ لە زیندانیکردنی، دەتوانێت داواکاری پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار بکات بۆ پێداچوونەوەی دادگا بە دۆسیەکەیداو دەرکردنی بڕیاری ئازادکردنی مەرجدار بۆی”(٩). بەم جۆرە ئۆجەلان دەرگای ئازادبوونی مەرجدار (دەستبەسەرکردنی لە ماڵێکدا)و تەنانەت ئازادبوونی یەکجارەکیی بە ڕوودا بکرێتەوە.

کاردانەوەی دامەزراوە دەوڵەتی‌و حیزبە سیاسییەکان

گوتەکانی (٢٢)ی تشرینی یەکەمی باخچەلی کاردانەوەی زۆرو جیاوازی لێکەوتەوە، هەر لایەن‌و گرووپێک بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی پێشوازیی لەو پێشهاتە نوێیە کرد. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڕۆژەکانی سەرەتاوە بێدەنگیی هەڵبژارد. موساڤات دارڤیش ئۆغڵو (Müsavat Darvişoğlu)؛ سەرۆکی ئی پارتی (İyi Parti)(١٠) لە گوتاریدا لە کۆبوونەوەی تایبەتیی پارتەکەی لە پەرلەمان گوریسێکی فڕێداو داوایکرد دەوڵەت باخچەلی ئەو گوریسە ببات، لە ژوورەکەی خۆیدا هەڵیبواسێت(١١). ئومیت ئۆزداغ (Umit Ozdağ)؛ سەرۆکی پارتی زافەر (Zafer Partisi)، کە بە توندڕەوترین پارتی نەژادپەرستی تورکیا دادەنرێت، بە توندی ڕەخنەی لە لێدوانەکانی باخچەلی گرت‌و پێیوابوو ئەوەی باخچەلی دەیکات، ئەنجامی پاشەکشەی جەماوەریی پارتەکەیەتی.

پڕۆسەکە ئاڵۆزو گوماناوی دەبێت

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ بە سەر دەستپێشخەری‌و بانگەشەکەی دەوڵەت باخچەلی‌و ئامادەیی ئۆجەلان، دەمیرتاش، دەمپارتی‌و قەندیلدا بۆ دانوستان، بەڵام هەتا ئێستا حکومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بە ئاڕاستەی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی نەناوە، بە پێچەوانەوە بەشێک لە لێدوان‌و بڕیاری ئەردۆغانیش بە ئاڕاستەی ڕێگرین لە پڕۆسەکە.

ڕۆژی سێشەممە (٢٦)ی تشرینی دووەم دەوڵەت باخچەلی لە گوتەیەکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا لەو بانگەشەیەی پێشووی بۆ هاتنی ئۆجەلان بۆ پەرلەمان پاشگەزبووەوەو ڕایگەیاند: “با هاوسەرۆکانی دەمپارتی سەردانی ئۆجەلان بکەن لە زیندان”(١٢)، بەڵام ئەم دەستپێشخەرییەش هەر بە ئەرێنی ڕاڤەدەکرێت، لەبەرئەوەی لە لایەکەوە، پشتیوانی لە هەڵگرتنی گۆشەگیری لە سەر ئۆجەلان دەکات‌و لە لایەکی دیکەوە، ئەو دەمپارتییەی کە چەندین ساڵە باخچەلی بە “تیرۆریست‌و پشتیوانی تیرۆر” ناوزەدیدەکات، ئێستا وەک پارتێکی سیاسی بانگەشەیان بۆ دەکات، داوا لە هاوسەرۆکانی دەکات سەردانی ئیمراڵی بکەن.

تونجار باکرهان‌و تولای هاتیم ئۆغڵو؛ هاوسەرۆکانی دەمپارتی، چەند کاژێرێک دوای بانگەشەکەی باخچەلی خۆیان گەیاندە وەزارەتی دادی تورکیاو داوای چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئۆجەلاندا پێشکەشکرد(١٣)، وەزیری دادیش؛ یەڵماز تونج، ڕایگەیاندووە کە داواکارییەکە هەڵدەسەنگێنن، ئەمەیش ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ پڕۆسەکە، بەڵام هەتا چەند هاوسەرۆکانی دەمپارتی دەتوانن پەیامی ڕاشکاوانەی ئۆجەلان بگەیەننە ڕایگشتی، ئەمەیان هێشتا نادیارە.

ناکۆکییەکانی باخچەلی‌و ئەردۆغان

هەرچەندە باخچەلی‌و ئەردۆغان چەند جارێک جەختییان لە سەر نەبوونی هیچ کێشەیەک لە نێوانیاندا کردووەتەوە، بەڵام هەر لە سەرەتای بانگەشەکەی باخچەلییەوە چەندین قسەو کردەوەی ئەردۆغان ئاماژەن بۆ بوونی ناکۆکی لە نێوان ئەو دوو سەرکردەیەدا. لە سەرووی هەموویشیانەوە، ساردوسڕیی ئەردۆغان‌و پێداگریی باخچەلی لە سەر هەڵوێستەکانی ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ناکۆکیی نێوانیان.

لە سەرەتاوە بۆ ماوەی هەفتەیەک زیاتر ئەردۆغان هیچ لێدوانێکی بە ئاڕاستەی پشتیوانی لە بانگەشەکەی باخچەلی ڕانەگەیاند، کاتێکیش قسەی لە سەر ئەو بابەتە کرد، زۆر بە کاڵوکرچی‌و ناڕاستەوخۆو دوودڵییەوە پشتیوانیی لە باخچەلی کردووە. لە لایەکی دیکەوە، لابردنی ژمارەیەک سەرۆکی شارەوانیی دەمپارتی‌و جەهەپەو دانانی قەییوم لە جێیان‌و بەردەوامیی پڕۆسەکە، کردنەوەی دۆسیەی دادگایی سیاسی بۆ تونجار باکرهان؛ هاوسەرۆکی دەمپارتی، کردنەوەی دۆسیەی دادگایی گەندەڵی بۆ ژمارەیەک سەرۆکی شارەوانیی جەهەپە لە سەر تۆمەتی گەندەڵی‌و بەهەدەردانی سامانی وڵات بە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی سەرۆکی شارەوانیی ئەستەنبوڵ‌و مەنسور یاڤاشی سەرۆکی شارەوانیی ئەنقەرە، بەردەوامیی لێدوانە توندەکانی ئەردۆغان بەرانبەر بە سەرکردە کوردەکان لە تورکیا، شکاندنی بێدەنگی لەلایەن ئەردۆغانەوە لە سەر دۆسیەی گەندەڵیی بەرپرسانی مەهەپە لە ناو حکومەت‌و ناچارکردنی دەوڵەت باخچەلی بۆ دەرکردنی سێ پەرلەمانتاری حیزبەکەی لە فراکسیۆنی مەهەپە بە تۆمەتی قاچاخیی ئاڵتون، جیاکردنەوەی دۆسیەی کورد لە باکووری کوردستان لەگەڵ ڕۆژئاواو باشووری کوردستان لەلایەن دەستەی ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتیی کۆماردا.

لە لایەکی دیکەوە، هەرچەندە لە گوتەکانیدا باخچەلی جەختی لەوە کردووەتەوە کە “لابردنی سەرۆکی شارەوانییەکان‌و دانانی قەییوم پڕۆسەیەکی کاتییە”، بەڵام ئەردۆغان سوورە لە سەر پڕۆسەکەو زیاتریشیدەکات، تەنانەت گۆشەگیرکردنی دەمپارتی‌و جەهەپە گەیشتووەتە ئاستی لێکۆڵینەوە لە بەرپرسانی باڵای دەمپارتی‌و لێکۆڵینەوە لە گەندەڵیی سەرۆکی شارەوانییە گەورەکانی جەهەپە بە ئەستەنبوڵ‌و ئەنقەرەیشەوە(١٤).

سووربوونی باخچەلییش لە سەر هەڵوێستەکانی خۆی‌و بانگەشەی بۆ چاوپێکەوتنی هاوسەرۆکانی دەمپارتی‌و ئۆجەلان، هێمایە بۆ ناچارکردنی ئەردۆغان بۆ بەدەمەوەچوونی بانگەشەکەی باخچەلی‌و جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی وەک سەرۆککۆمارو تاکەکەسێک، کە دەتوانێت گڵۆپی سەوز بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی هەڵبکات.

هەموو ئەم تاکتیک‌و هەنگاوانە ئاماژەن بۆ بوونی ناکۆکیی قووڵ لە نێوان باخچەلی‌و ئەردۆغان، بە تایبەت پەیوەست بە کێشەی کوردو هەنگاوەکانی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتییەوە.

ناکۆکیی ئەردۆغان لەگەڵ باخچەلیداو ناڕوونیی سیاسەتی ئەمریکا

ئەو پڕۆسەیەی کە ئەردۆغان لە گوتارەکەی پەرلەمانی تورکیادا ئاماژە سەرەتاییەکانی نیشانداو دەوڵەت باخچەلی لە ڕێگەی هەنگاوو لێدوانەکانیەوە خستیەبواری جێبەجێکردنەوە، جگە لە ئاشکراکردنی ناکۆکییەکانی ئەردۆغان‌و باخچەلی، پەردەی لە سەر دوودڵیی سەرۆککۆماری تورکیاو ناڕوونیی بەرچاوی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەی بەرانبەر بە هەنگاوەکەی دەوڵەت باخچەلی هەڵماڵیوە. ڕەنگە هۆکاری سەرەکیی ئەم دوودڵییەی ئەردۆغان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بگەڕێتەوە، لەبەرئەوەی هەرچەندە تورکیا ئەزموونی (٤) ساڵی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا هەیە، بەڵام هێشتا نازانێت هەڵوێستی ئیدارەی نوێی واشنتۆن بەرانبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل، تورکیاو دۆخی سوریا بە تایبەت ڕۆژئاوای کوردستان چی دەبێت. ئەمەیش بە هۆی ناجێگیری لە هەڵوێستی ترەمپ‌و هەڵبژاردنی کۆمەڵێک کەسی “نزیک‌و دۆستی ئیسرائیل‌و بەرپرسانی یەپەگەو پەیەدە”وە.

باخچەلی سوورە لە سەر دەستپێشخەرییەکەی‌و لە نوێترین پێشهاتدا چاوی بە ئوفوک ئوراس (Ufuk Uras) کەوتووە(١٥)، ئوراس سیاسییەکی کوردەو پێشوو وەک کەسێکی سەربەخۆ ئەندامی پەرلەمانی تورکیا بووە، بە گوێرەی زانیارییەکان باخچەلی بە ئوراسی گوتووە بابەتی لابردنی سەرۆکی شارەوانییەکان‌و دانانی قەییوم لە جێیان کاتییەو داوایکردووە کە ئوراس ئەم پەیامە بە تایبەت بگەیەنێت بە ئەحمەد تورک؛ سەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر، دوای تەواوبوونی دانیشتنەکەیان، ئوراس بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەتیی باخچەلی گەیەنراوەتە ئەو ئوتێلەی ئەحمەد تورکی لێبووە لە ئەنقەرە.

ئەگەری بوونی ناکۆکیی نێوان ئەردۆغان‌و دەوڵەت باخچەلی بە یەکێک لە هۆکارەکانی بێدەنگیی ئەردۆغان لەمەڕ هەنگاوو لێدوانەکانی باخچەلی دادەنرێت، تەنانەت هەندێک لە شارەزایان هەوڵەکانی باخچەلی وەک کارتێکی فشاری ناوبراو بەرانبەر بە ئەردۆغان ڕاڤەدەکەن. هەر کەمتر لە مانگێک تێنەپەڕیبوو بە سەر بانگەوازەکەی باخچەلیدا، بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی ئەردۆغان (٤) سەرۆکی شارەوانیی جەهەپەو دەمپارتی لابران‌و لە جێگەیان قەییوم دانراوە(١٦)، تەنانەت د. ئەحمەد ئۆزەر؛ سەرۆکی شارەوانیی قەزای ئێسەنیورت لە ئەستەنبوڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا(١٧).

ڕەنگە هۆکاری سەرەکیی دوودڵیی ئەردۆغان پەیوەندیی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاو ترسی لە هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی کۆمار بێت. ئەگەر ئەردۆغان دەستپێشخەرییەکەی باخچەلی بە تەواوی ڕەتبکاتەوە، واتای تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئاکپارتی‌و مەهەپەو دواجار هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی کۆمار دەبێت. ئەگەر ئەمە ڕوبدات، ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا باجەکەی دەدات‌و بەبێ هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپەدا سەرکەوتن بەدەستناهێنێت. لە هەمان کاتدا بە هۆی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکاو دەستبەکارنەبوونی ناوبراو، بەرچاوی ئەردۆغان ڕوون نییە کە ئایا ترەمپ‌و ئەمریکا چۆن سیاسەتێک بەرانبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و تورکیا پەیڕەودەکەن، بە تایبەت لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئەردۆغان بە بایەخەوە لە هەڵوێستی ئەمریکاو وڵاتانی زلهێز دەڕوانێت. ئەم بۆچوونەیش لە گوتەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڕۆژی چوارشەممە؛ (٢٧)ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا بە ڕوونی هەستیپێکرا. ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە “ئێمە بیر لە ڕەهەندی نێودەوڵەتیی بانگەشەکەی دەوڵەت باخچەلی دەکەینەوە”(١٨). ئەم گوتەیەی ئەردۆغان بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ ترس‌و دوودڵیی سەرۆککۆماری تورکیا لە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا.

هەڵوێستی کورد

هەرچەندە نوێنەرانی کورد هەموو کاتێک ئامادەیی گفتوگۆو دانوستانیان بۆ چارەسەری کێشەکە دەربڕیوە، بەڵام ئەم جارە بە هۆی ناڕوونی لە لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی‌و ئەردۆغان‌و تەنانەت لە نێوان قسەکانی خودی خۆیاندا لە ڕۆژێکەوە بۆ ڕۆژێکی دیکە، جۆرێک لە ناڕوونی لە لای کوردەکانیش دروستبووەو بە ڕاشکاوی نازانن باخچەلی‌و ئەردۆغان چییان لە کورد دەوێت.

بۆ هەر دەستپێشخەری‌و هەنگاوێکی باخچەلی‌و حکومەتی تورکیا بە ئاڕاستەی چارەسەری کێشەی کورد لەو وڵاتە، کوردەکان بە گەرموگوڕی بەدەمیەوەدەچن، بەڵام ئێستا بە هۆی ئەوەی کوردیش نازانێت کێ وەڵامی خواست‌و داواکارییەکانی دەداتەوە، جۆرێک لە بێدەنگی باڵی بە سەردا کێشاون.

هەرچەندە هێرشەکەی (٢٢)ی تشرینی یەکەمی ئەنقەرە بە جۆرێک لە وەڵامی نەرێنیی قەندیل بۆ دەستپێشخەرییەکەی باخچەلی ڕاڤەکراوە، بەڵام ڕاگەیەنراوەکەی کەجەکە، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە “بڕیارو پلانی هێرشەکە ماوەیەکی زۆر پێش لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی بووە”(١٩)، ئاماژەیە بۆ ڕاڤەی هەڵەی تەقینەوەکە. لەگەڵ ئەوەیشدا بە هۆی ئەوەی قەندیل ئێستا بە سەر چەند باڵێکدا دابەشبووە، ناتوانرێت ئەو ڕاگەیەنراوەی کەجەکە وەک هەڵوێستی تەواوی قەندیل‌و پەکەکە بخوێنرێتەوە.

هەرچەندە لە (٢٣)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٤) عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕێگەی عومەر ئۆجەلانی برازایەوە لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند: “توانام هەیە هەم بە تیۆری‌و هەم لە مەیداندا هەوڵەکانی پڕۆسەی ئاشتی‌و بەدەستهێنانی مافەکانمان لە زەمینەی شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەوە بهێنمە زەمینەی سیاسی‌و یاسایی”(٢٠). ئەم گوتانە لە لایەکەوە، هێمان بۆ ڕوانینی ئەرێنیی ئۆجەلان بۆ دەستپێشخەرییەکەی باخچەلی‌و توانای لە ڕازیکردنی بەرپرسانی دەمپارتی‌و قەندیل‌و ڕایگشتیی کورد لە تورکیا بۆ چارەسەری کێشەکە، بەڵام هەتا چەند تەواوی بەرپرسانی قەندیل گوێڕایەڵی ئۆجەلان دەبن، جێی گومانە.

بەرپرسانی دەمپارتییش ئامادەییان بۆ گفتوگۆو دانوستان دەربڕیوە، تەنانەت چەند کاژێرێک دوای قسەکانی دەوڵەت باخچەلی لە (٢٦)ی تشرینی دووەم، سەبارەت بە جاوپێکەوتنی هاوسەرۆکانی دەمپارتی‌و ئۆجەلان، خێرا هەریەک لە تونجار باکرهان‌و تولای هاتیم ئۆغڵو خۆیان گەیاندە وەزارەتی دادو داواکارییان بۆ بینینی ئۆجەلان پێشکەشکرد.

لە ڕاستیدا کێشەی کورد بە درێژایی مێژوو دووبەرەکی‌و ناکۆکی بووە، بە داخەوە لەم پێشهاتە نوێیەی تورکیایشدا ئەم دۆخە هەستیپێدەکرێت. لە کاتێکدا دوای دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی هەموان چاوەڕێی بەدەمەوەچوونی قەندیل بوون، بەڵام هێرشێکی چەکداری لە ئەنقەرە خەریکبوو دیسان ڕیسەکە بکاتەوە بە خوری. چەند کاژێرێک دوای هێرشەکە؛ دەمپارتی ئیدانەی ڕوداوەکەی کردو دوای گفتوگۆو دانوستانی کرد(٢١). لە هەمان کاتدا سەرەڕای ئەوەی باخچەلی لە گوتارەکەیدا سەڵاحەدین دەمیرتاشی لە دەرەوەی چارەسەری کێشەی کورد ڕاگرت، بەڵام دەمیرتاش لە ڕاگەیەنراوێکدا بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی ئەنقەرەی کردو داوای بێدەنگکردنی چەکەکانی کرد(٢٢). ئەمە جۆرێک لە ناکۆکیی لە نێوان بەرپرسانی کورد لێدەخوێنرێتەوە.

زەمینەسازی‌و لەمپەرەکانی بەردەم پڕۆسەی ئاشتی

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، جگە لە کۆمەڵێک لێدوانی کاڵوکرچ، زەمینەیەکی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە ئارادا نییە.

دوورخستنەوەی دەمیرتاش‌و قەندیل لە پڕۆسەکە هەر لە دەستپێشخەرییەکەی باخچەلییەوە، ناکۆکیی شاراوەو هەستپێکراوی نێوان دەوڵەت باخچەلی‌و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ڕکابەرییەکانی دادگای دەستووری‌و ئەنجومەنی دادوەریی ئەو وڵاتەو لایەنداریی سەرۆککۆمار بۆ ئەنجومەنی دادوەری، لاوازبوونی ڕۆڵی پەرلەمان، بەردەوامیی قەیرانی دارایی‌و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاواسان، بەردەوامیدان بە سیاسەتی پشتگوێخستنی پارێزگا کوردییەکان لە ڕووی گەشەپێدانی ئابوورییەوە، دابینکردنی نزیکەی (١٠٪)ی بودجەی ساڵانە بۆ جەنگ‌و پیشەسازیی بەرگری، قووڵبوونەوەی کێشەکانی نێوان دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن/ حکومەت‌و شارەوانییەکان، لابردنی سەرۆکی شارەوانییەکانی دەمپارتی‌و جەهەپەو دانانی قەییوم لە جێگەیان، دەستگیرکردنی بەردەوامی چالاکوان‌و ڕۆژنامەوانانی کورد، کردنەوەی دۆسیەی دادگایی لە سەر بەرپرس‌و سیاسەتمەدارانی کوردو دەمپارتی، هەڵکشانی تەوژمی نەتەوەپەرستی‌و ڕەگەزپەرستیی تورک، هێرشە سەربازی‌و ئەمنییەکانی تورکیا بۆ سەر باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان، بەردەوامیی کێشەکانی نێوان ئەنقەرەو سلێمانی، دابەشبوونی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد بە سەر چەند باڵێکی جیاوازدا، درێژەدان بە خەباتی چەکداری لەلایەن پەکەکەوە هەم هۆکارو لەمپەرن لە بەردەم پڕۆسەکەو پێویستە تێبپەڕێنرێن، هەمیش ڕێگرن لە دروستبوونی زەمینەی پێویست بۆ دانوستان، بۆیە پێویستە هەم تورکیاو هەم کوردەکانیش هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی ئەو لەمپەرانە بدەن، بۆئەوەی زەمینەسازیی پێویست بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ئاشتی بێتەکایەوە.

ڕۆژئاوای کوردستان وەک گرێکوێرەی چارەسەر

وەک چۆن دامەزراندنی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ شکستهێنانی پڕۆسەی ئاشتی‌و تەنانەت بە هۆی پێشهاتەکانی ئەو ناوچەیەوە ئاڵۆزییەکی زۆر لە باکووری کوردستانیش دروستبوو، بە هەمان شێوە ئێستایش ڕۆژئاوای کوردستان بەستراوەتەوە بە باکوورو بەبێ چارەسەری کێشەی تورکیاو کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا، چارەسەری پرسی کورد لە تورکیادا بە مەحاڵ دەبینرێت.

لە کاتێکدا بەرپرسانی تورکیا بانگەشەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ناوخۆی تورکیادا دەکەن، بەڵام هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ڕۆژئاوا بەردەوامەو لە هەر ئانوساتێکیشدا کردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەگەرێکی کراوەیە. لە بەرانبەردا بەرپرسانی دەمپارتی‌و قەندیلیش دەستبەرداری پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان نابن، هەروەک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی دەمپارتیدا ئاماژە بەوە دراوە کە “دەستبەرداری دەستکەوتەکان لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا نابن”(٢٣).

لێرەدا تاکە چارەسەر بریتییە لە مامەڵەکردنی ئەنقەرە لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا بە هەمان شێوەی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەبەرئەوەی بوونی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەیەیەکی تێپەڕاندووەو وەک دیفاکتۆیەک هەر لایەنێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. بەم جۆرە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، لە بریی ئەوەی هۆکاری مانەوەی کێشەکان بێت بە هەڵواسراوی، دەکرێت ببێت بە مایەی چارەسەر. لە هەمان کاتدا پێویستناکات کوردانی باکووریش کێشەی کورد لە تورکیا ببەستنەوە بە دۆخی ڕۆژئاواو هەڵوێستی تورکیا بەرانبەری.

دژیەکی‌و جیاکردنەوەی کێشەی کورد

لە کاتێکدا باخچەلی بانگەشەی چارەسەری کێشەی کوردو قسەکردنی ئۆجەلان لە پەرلەمان‌و ئەگەری ئازادکردنی دەکات، لەولاوە هەڕەشە لەو ڕۆژنامەوان‌و دەزگا ڕاگەیاندنانە دەکات کە قسە لە سەر حیزبەکەی دەکەن‌و ڕەخنەیلێدەگرن(٢٤)، لەملاوە ڕەخنەی توند لە ئەحمەد داودئۆغڵو؛ سەرۆکی پارتی ئایندە، دەگرێت، کە بۆچی لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا سەردانی هەولێری کردووە، جگە لەمانەیش، باخچەلی هێشتا پێیوایە شوێنێک بە ناوی کوردستانەوە نییە.

هەڵبەت تەنها باخچەلی بەم جۆرە بیرناکاتەوە، کەسێکی وەک مەهمەت ئوچوم؛ سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکارانی سەرۆککۆمار، ڕایگەیاندووە کە “ئێمە لە ناوخۆدا کێشەی کوردمان نییە، بەڵکو لە دەرەوە کێشەی کوردمان هەیە”(٢٥). هەروەها ئەردۆغانیش لە گوتەکانی ڕۆژی چوارشەممەی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی حیزبەکەی باسی لەوە کرد کە “لە ساڵی ئایندەدا لە سنوورەکانی ئێرانەوە هەتا دەریای ناوەڕاست، ناوچەی ئارام‌و پاککراوە لە تیرۆر” دروستدەکەین(٢٦). ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت کە ئەنقەرە لە خاکی باشووری کوردستان، کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیاو ئێران‌و لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستاندا، کە هاوسنوورە لەگەڵ دەریای سپی‌و تورکیادا، ئەو ناوچە ئارامە دروستدەکات.

پێگەی هەولێرو پەیوەندییەکانی ئەنقەرەو سلێمانی

بە درێژایی چەندین ساڵی ڕابردوو، هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی هەبووە لە کێشەی کورد لە تورکیاو هەمیشە لایەنێکی بەشداربووە چ لە چارەسەر یاخود لە جەنگدا. هەرچەندە دوای ڕاپەڕینی ساڵی (١٩٩١)و دروستبوونی جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەری لە باشووری کوردستان، بەرپرسانی باڵای ئەو کاتەی تورکیا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە “ڕێگەنادەن هەرێمێک بۆ کوردەکان لە باکووری عێراق دابمەزرێت”، بەڵام لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا تورگوت ئۆزال؛ سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا پێشوازیی لە هەریەک لە مەسعوود بارزانی‌و جەلال تاڵەبانی کردووەو ئەو دوو سەرکردە کوردەیش بە پاسپۆرتی تورکیاوە چەندین وڵاتی ئەوروپادا دەگەڕێن‌و لۆبی بۆ کوردستان دەکەن، تەنانەت وەک ڕۆژنامەوانی تورکیا؛ لەڤەنت گیولتەکین (Levent Gültekin) باسیکردووە کە تورکیا لە ڕێگەی جەنەراڵ نەجاتی ئۆزگەن پاشا (Orgeneral Necati Özgen Paşa)وە “ڕێککەوتنێک لەگەڵ بارزانی‌و تاڵەبانیدا واژۆدەکات بۆ پاراستنی سنوورەکانی تورکیا لە دیوی عێراقەوە لە تیرۆریستان”(٢٧).

لە سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیشدا جگە لەوەی لە سایەی باشیی پەیوەندییەکانی ناوبراو لەگەڵ جەلال تاڵەبانیدا وەک سەرۆککۆماری عێراق پەیوەندییەکانی ئەنقەرەو بەغداد باشتر بوون، لە هەمان کاتدا لە لایەکەوە مەسعوود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی کارای هەبوو لە گفتوگۆکانی پڕۆسەی ئاشتی‌و لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان‌و لە لایەکی دیکەیشەوە پەیوەندییەکانی هەولێرو ئەنقەرە گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوەبینی، بەڵام لە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان‌و ئەو پێشهاتانەی کە وەک ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە ڕویاندا، پەیوەندییەکانی تورکیاو هەرێمی کوردستانی تێکداو ئەنقەرە ئاڕاستەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی بەرەو بەغداد وەرچەرخاند. هەرچەندە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هەتا ڕادەیەک بەشێک لە گرژییەکانی نێوان هەولێرو ئەنقەرە تێپەڕێنراون، بەڵام هێشتا پەیوەندییەکان نەگەیشتوونەتەوە ئاستی پێش (٢٥)ی ئەیلوولی (٢٠١٧).

هەڵکەوتەی جوگرافیای هەرێمی کوردستانیش بە جۆرێکە سنوورێکی فراوانی لەگەڵ تورکیاو ئێراندا هەیە، گەریلاکانی پەکەکەیش ئێستا لەم سنوورەدان، کەواتە چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا پێویستی بە پشتیوانیی حکومەتی هەرێم‌و بە تایبەتییش پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەیە.

ئەوەیشمان لەیادنەچێت، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەولێر (پارتی)و سلێمانی (یەکێتی) بە یەک جۆرو لە یەک ئاستدا نییە، بۆیە هەم تورکیا ناچارە مامەڵەیەکی جیاوازە لەگەڵ بەرپرسانی ئەم دوو شارەدا بکات، هەم بەرپرسانی ئەم دوو شارەیش پێویستە جارێکی دیکە بەخۆداچوونەوەیەکی ورد سەبارەت بە سیاسەتیان لەمەڕ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیاو هەڵوێستیان بەرانبەر بە ئەنقەرەو قەندیل باشتربکەن، بە جۆرێک بتوانن هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییە نیشتیمانی‌و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان‌و تەواوی کورد لە تورکیاو پارچەکانی دیکە لەگەڵ دۆخی سیاسی، ئەمنی‌و دیپلۆماسیی تورکیا وەک هێزێکی هەرێمی بپارێزن.

ئەنجام؛ کورد وەک مەلیکی شەتڕەنجەکە

لە ململانێی سیاسیدا ئەگەر نەتوانیت پشتیوانیی زۆرینە بەدەستبهێنیت، ئازایەتی لەوەدایە بە هێزێکی کەم یاخود ناوەندی بتوانیت ببیت بە مەلیک‌و هەموان هەوڵی ماتکردنت بدەن، ئەو کاتە لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکەوە مەرج‌و داواکارییەکانی خۆت بەرانبەر بە “ماتکردنت” بە سەر لایەنی بەرانبەردا دەسەپێنیت.

هەرچەندە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی (٢٠٢٣)ی تورکیادا کوردەکان نەیانتوانی پارێزگاری لە ڕۆڵی “مەلیک”ی بکەن، بۆیە دوای خولی یەکەمی هەڵبژاردن ئەم ڕۆڵە کەوتە دەستی تورکە نەتەوەپەرست‌و فاشیستەکان‌و بە بەدەستهێنانی ڕێژەی (٥٪)ی دەنگەکان، هەردوو هاوپەیمانیی کۆمارو میللەتیان ناچارکرد بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار ڕێککەوتنیان لەگەڵدا واژۆبکەن. لەگەڵ ئەوەیشدا دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەمساڵی تورکیا، پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و جیهان، قەیرانی دارایی تورکیاو هەوڵەکان بۆ هەمواری دەستوورو هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەو وڵاتە، جارێکی دیکە ڕۆڵی “مەلیک” دەداتەوە بە کوردەکان، ئەوەی گرنگە، پارێزگارییە لەو کارتەو بەکارهێنانیەتی لە شوێنی گونجاودا.

ئێستا بەدەر لە ڕوانگە نێودەوڵەتی‌و هەرێمییەکان، ئەردۆغان‌و هاوپەیمانیی کۆمار بە باشی لەم ڕۆڵەی کورد تێگەیشتوون. دەستپێشخەری‌و بانگەشەکانی دەوڵەت باخچەلییش بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا لە هەمان دیدەوە سەرچاوەدەگرێت. ئەوەی گرنگە، تێگەیشتنی بەرپرسانی کوردو دەمپارتییە لەو هێماو ئاماژانەی لە پشت لێدوان‌و هەنگاوەکانی بەرپرسانی دەوڵەت، ئاکپارتی‌و هاوپەیمانیی کۆمارەوە شاردراونەتەوە بۆ بانگهێشتی “مەلیک” بۆ ڕێککەوتن‌و بەستنی هاوپەیمانی‌و چارەسەری کێشەی کورد. بە جۆرێک “کش ماتی” ئەم جارەی مەلیک لە شەتڕەنجی ڕکابەرییە سیاسییەکاندا لە چوارچێوەی تاکتیک‌و بەدەستهێنانی چەند دەستکەوتێکی کاتیی هەڵبژاردن‌و پەرلەمان‌و هەمواری چەند یاسایەک قەتیسنەکرێت، بەڵکو کاربکرێت لە پێناوی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی کورددا لە تورکیا، ئەمەیش خۆی دەبینێتەوە لە هەمواری دەستوورو گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەو ماددانەی هێمان بۆ نەژادپەرستیی تورک‌و بەخشینی ناسنامەیەکی نەتەوەیی‌و سیاسی‌و کارگێڕی بە کوردەکان لە چوارچێوەی دەستووری هەموارکراودا.

سەرچاوەکان

  • Ferid Memirel ve Nedim Turfent, 1993’ten günümüze “Barış girişimleri”, 04.09.2023, https://bianet.org/haber/1993-ten-gunumuze-baris-girisimleri-283396#google_vignette, 12.11.2024.
  • Perspektif, Çözüm Süreci Neden Bitti?, 26.07.2021, https://www.perspektif.online/cozum-sureci-neden-bitti-2/, 21.11.2024.
  • BBC News Türkçe, 2013-2015 arasında çözüm sürecinde neler yaşandı?, 21.10.2024, https://www.bbc.com/turkce/articles/c2ln40n2ynxo, 21.11.2024.
  • Aljazeera Turk, Selahattin Demirtaş: Seni başkan yaptırmayacağız, 17.05.2015, https://www.youtube.com/watch?v=FwKUBhyny8Y, 02.12.2024.
  • Perspektif, Çözüm Süreci Neden Bitti?, 26.07.2021, https://www.perspektif.online/cozum-sureci-neden-bitti-2/, 21.11.2024.
  • KRTTV, Cumhurbaşkanı Erdoğan Türkiye Büyük Millet Meclisi Açılış Töreninde Konuşuyor, 01.10.2024, https://www.youtube.com/watch?v=cD7DWUzEewA, 15.11.2024.
  • HALKTV, MECLİS’TE ŞAŞIRTAN ANLAR! Devlet Bahçeli, daha önce topa tuttuğu DEM Partililerle tokalaştı!, 01.10.2024, https://www.youtube.com/watch?v=9BNqX0wWWXw&t=1s, 15.11.2024.
  • بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی تورکیاو کولتووری چالاکیی حیزبی سیاسی لە پەرلەمان، هەر فراکسیۆنێک هۆڵێکی بۆ دابینکراوە، لەو هۆڵەدا هەفتانە کۆبوونەوەدەکرێت‌و سەرۆکی حیزبەکە گوتارێک بۆ پەرلەمانتارو ئەندام‌و لایەنگرانی حیزبەکەی دەدات‌و هەڵوێستی خۆی دەربارەی ڕۆژەڤی ئەو هەفتەیەی جیهان‌و تورکیا ڕادەگەیەنێت.
  • Mevzuaat Bilgi Sistemi, CEZA VE GÜVENLİK TEDBİRLERİNİN İNFAZI HAKKINDA KANUN, 29.12.2004, https://www.mevzuat.gov.tr/mevzuat?MevzuatNo=5275&MevzuatTur=1&MevzuatTertip=5, 22.10.2024.
  • پارتی باش یەکێکە لە پارتە نەتەوەپەرستەکانی تورکیا، تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانی باڵای خاوەنی تێڕوانینی نەژادپەرستیی تورکن، بەرپرسانی ئەم پارتە لە ساڵی (٢٠١٧) لە مەهەپە جیابوونەوەو لە هەڵبژاردنەکانی (٢٠١٨، ٢٠١٩و ٢٠٢٣)ی تورکیا بوون بە حیزبێکی کاریگەری تورکیا، بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئاداری ئەمساڵدا پاشەکشەیەکی بەرچاوی کردووەو هاتووەتە ڕیزبەندیی شەشەم پارتی سیاسیی تورکیا.
  • فڕێدانی گوریسێک لەلایەن دارڤیش ئۆغڵووەوە ئەو پەیامەی بە دەوڵەت باخچەلی داوە، کە لە ساڵی (٢٠٠٧) دەوڵەت باخچەلی وەک کاردانەوە بەرانبەر بە هەوڵەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە گوتارێکیدا گوریسێکی فڕێداو ڕایگەیاند: “با ئەردۆغان بەم گوریسە ئۆجەلان هەڵبواسێت”.

HALKTV, Bahçeli 2007’de Erdoğan’a uzattığı ipi unuttu, Öcalan’a Meclis çağrısı yaptı! Erdoğan’a neler demiş?, 22.10.2024, https://www.youtube.com/watch?v=jgQocy4ahrg, 21.11.2024.

 

Send this to a friend