• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 5, 2025

پڕۆسەی ئاشتی‌و واتاکانی پەیامەکەی ئۆجەلان

دڵدار باجاری | ئەحمەد سیروانی

پوختە
گۆڕانکارییە خێراو فراوانەکانی جیهان‌‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری لە سەر ڕەوتی سیاسەت‌‌و پێشهاتە ناوخۆییەکانی وڵاتانی جیهان بە گشتی‌‌و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌‌و کوردستان دروستدەکات. تورکیا وەک وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە گەورەترین پارچەی کوردستان لە چوارچێوەیدایەو زۆرترین هاوڵاتیی کوردی تێدا نیشتەجێیە، لە ئامادەکاریدایە بۆ دەستوپەنجە_نەرمکردن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا.
ئەم پێشهاتە جیهانی‌‌و هەرێمییانە، بەرپرسانی باڵای تورکیای خستووەتە گومانەوەو ترسیان لەوەیە پریشکی ئاگرەکە بگات بە ماڵیان، بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی ئاژەوەی ناوخۆیی‌‌و پارچەبوونی خاکەکەیان، دەرگای پڕۆسەیەکی نوێیان بۆ چارەسەری پرسی کورد کردووەتەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە ڕێگەی بانگەوازێکەوە بۆ “چەکدانانی پەکەکەو خۆهەڵوەشاندنەوەی”، وەڵامی ئەرێنیی بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلیی داوەتەوە، پەکەکەیش لە ڕێگەی بڕیاری ئاگربەستەوە ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەکات.
دەوڵەت‌و حکومەتی تورکیایش پابەندیی دەستەبەرکردنی “کۆمەڵگایەکی دیموکرات”یان لە ئەستۆدایە، کە مافی سەرجەم نەتەوەکان لە سەرووی هەموویانەوە کوردەکان بە یەکسانی دەستەبەربکات، بە جۆرێک هۆکار نەهێڵێتەوە بۆئەوەی کوردەکان جارێکی دیکە دەستبدەنەوە چەک‌و لە پێناوی بەدیهێنانی داواکارییەکانیاندا ڕوو لە چیاکان بکەن.
ئەم توێژینەوەیە لە ئاماژەکانی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیاو پەیامە شاراوەکانی ناو بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەکۆڵێتەوەو تیشكدەخاتەسەر ئایندەی کورد لە باکوورو ڕۆژئاوای کوردستان‌و پەیوەندیی هێزە کوردییەکان لە تەواوی کوردستاندا.

هەوڵەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا
لە ساڵی (١٩٩٤)ەوە هەتا ئێستا بۆ چارەسەکردنی پرسی کورد لە تورکیا چەندین هەوڵی جۆراوجۆر دراون، بەڵام هەر جارێک لەبەر کۆمەڵێک هۆکار ئەم هەوڵانە بێئەنجام بوون.
ئەو جەنگەی لە (١٥)ی ئابی (١٩٨٤) بە هێرشی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ سەر خاڵە سەربازییەکان لە ناوچەی ئێروح لە سێرت‌و شەمزینان لە هەکاری (جولەمێرگ) دەستیپێکردو بۆ ماوەی چل ساڵە بەبێ پچڕان بەردەوامە، ئەگەرچی لە ماوەی چڵ ساڵی ڕابردوودا بڕیاری ئاگربەست لە کاتە جیاجیاکاندا دراوە، دانوستانەکان بە شێوازی جیاواز کراوە لە نێوان لایەنەکاندا، ئەم هەوڵانە لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە لە ژێر ناوی پڕۆسەی چارەسەری (Barış Süreci) زۆر چڕتربوون، بەڵام لە ساڵی (٢٠١٥)ەوە بە کرداری خرانەناو چەکمەجەوەو پرسەکە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
ڕاگەیاندنی یەکەمین ئاگربەستی تاکلایەنانە لە (٢٠)ی ئاداری (١٩٩٣) لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ ڕێبەری پەکەکەو بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە لە (١٥)ی نیسانی ساڵی (١٩٩٣)، وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی دەخوێنرایەوە، بەڵام مردنی ته‌مومژاویی تورگوت ئۆزال؛ سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا لە (١٧)ی نیسانی هەمان ساڵ، دەستپێشخەرییەکەی لەباربرد. لە کاتێکدا شەڕو پێکدادانەکان بەردەوامبوون، دیسان ئۆجەلان لە (١٥)ی کانوونی دوهەمی (١٩٩٥)و (١)ی ئەیلوولی (١٩٩٨)، دوو ئاگربەستی جیاوازی ڕاگەیاند. دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی پۆڵا (Çelik Harekatı) لە (٢٠)ی ئاداری (١٩٩٥) بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لەو ناوچانەی بنکەو بارەگای پەکەکەی تێدا بوو، ئاگربەستی هەڵوەشاندەوە. دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە (١٥)ی شوباتی (١٩٩٩) هێندەی تر بەنزینی بە ئاگری جەنگدا کرد(١).
لەگەڵ دامەزراندنی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) (Adalet ve Kalkınma Partisi) (AK Parti)و هاتنەسەر دەسەڵاتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هەنگاوەکانی دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی گەرمتربوونەوە. پەخشی کوردی لە مەودایەکی سنوورداردا لە کەناڵی دەوڵەتدا ڕێگەیپێدرا، دانوستان لە نێوان بەرپرسانی دەوڵەت‌و ئۆجەلان‌و سەرکردەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دەستیپێکرد، سەردانی بەرپرسانی ئاکپارتی‌ بۆ لای پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) (Demokrat Bölgeler Partisi)(DBP)و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) Halkların Demokrat Partisi)) (HDP) دەستیپێکردو پەکەکە لە ڕێکەوتی جیاجیا بڕیاری ئاگربەستی دەرکرد. حکومەتی ئاکپارتی لە ژێر ناوی “پاکێجی مافی مرۆڤ”دا هەندێک هەنگاوی سەبارەت بە کرانەوە بە ڕووی زمانی کوردیدا نا. لە سەر بانگەوازی ئۆجەلان، دوو گرووپی جیاواز لە ئەوروپاو قەندیلەوە بە ناوی “گرووپی ئاشتی”یەوە چوونە تورکیا. “شاندی ئیمراڵی”، کە لە سیاسەتمەدارانی دەبەپەو هەدەپە پێکهاتبوون، لەگەڵ ئۆجەلاندا لە ئیمراڵی کۆبوونەوە. ئۆجەلان لە (٢١)ی ئاداری (٢٠١٣)دا نامەیەکی بۆ ڕایگشتیی کورد لە تورکیا ناردو لە ئاهەنگی نەورۆزدا لە دیاربەکر خوێنرایەوە. لە نامەکەدا ئۆجەلان ڕایگەیاند، کە ململانێی نێوان تورکیاو پەکەکە کۆتاییهاتووە. گەریلاکانی پەکەکە لە سەر بانگەوازی ئۆجەلان دەستیانکرد بە دەرچوون لە سنوورەکانی تورکیا. “کۆمسیۆنی چارەسەر” لە پەرلەمانی تورکیا دروستکرا(٢).
لەگەڵ هەموو ئەم پێشهاتانەدا پڕۆسەکە بە هێڵێکی ڕاست بەرەوپێشنەدەچوو. جگە لە هەنگاوەکانی لایەنەکان بەرەو چارەسەر، ڕوداوگەلێکیش هەبوون، کە ڕێگر بوون لە پێشکەوتن‌و بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکە. داخستنی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) بە کۆی دەنگ لەلایەن دادگای دەستوورییەوەو لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە هەریەک لە ئەحمەد تورک‌و ئایسەل توغلوک، دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ بۆ سیاسەتمەدارانی کورد، بەرپرسانی هەڵبژێردراو، ڕۆژنامەنوسان‌و نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی، بە ناوی “ئۆپەراسیۆنەکانی کەجەکە”وە ڕێگر بوون لە بەردەم ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی بەئەنجامبگات. لە لایەکی دیکەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ (١٣) کەس لە (٣٤) ئەندامی “گرووپی ئاشتی” لە کەمپەکانی قەندیل‌و مەخموور دەرچوو. هەروەها دژایەتیی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا، کە خۆی لە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) (MHP) (Milliyetçi Hareket Partisi)و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) (Cumhuriyet Halk Partisi) (CHP)دا دەبینییەوە. لە لایەکی دیکەوە ڕاگەیاندنی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان‌و خۆپیشاندانەکانی (٦-٨)ی تشرینی یەکهەمی (٢٠١٤) بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ‌و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ڕۆژئاوای کوردستان‌و لێدوانە توندئامێزەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش دژی دەوڵەتی تورکیاو ئاکپارتی‌و خودی ئەردۆغان، ڕوداوەکانی خەندەق (لێدانی خەندەق لە ناو شارو دەوروبەری شارەکان لەلایەن گەریلاکانی پەکەکە)و دەستبەسەرداگرتنی شرناخ، جزیرە، قەڵای دیاربەکرو ژمارەیەک قەزاو ناحیە لە باکووری کوردستان‌و سەر سنووری ڕۆژئاوای کوردستان؛ دۆخەکەیان ئاڵۆزترکرد(٣).

هەڵوەشاندنەوەو پابەندنەبوونی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنی دۆڵمەباخچە (Dolmabahçe Mutabakatı)وە، کە لە (٢٨)ی شوباتی (٢٠١٥) لە نێوان بەرپرسانی حکومەت‌و ئاکپارتی‌و ئەندامانی شاندی ئیمراڵیدا واژۆکرابوو، کۆتا هەنگاوی ئەو پڕۆسەی ئاشتییەی ڕاگرت، کە خودی ئەردۆغان دەستپێشخەرو ئاڵاهەڵگری بوو(٤). ئەمە جگە لەو لێدوانە توندەی دەمیرتاش لە (١٧)ی ئایاری (٢٠١٥)، کە بە ئاڕاستەی ئەردۆغان ڕایگەیاند: “ڕێگەنادەین ببیت بە سەرۆک”(٥)، هێندەی تر پەیوەندییەکانی هەدەپەو حکومەتی تورکیای گرژترکرد.
هێرشی بۆمبڕێژکراو، کە دوو ڕۆژ پێش هەڵبژاردنەکانی (٧)ی حوزەیرانی (٢٠١٥) لە میتینگێکی هەدەپە لە دیاربەکر ڕویدا، هێرشی داعش لە سوروچ لە (٢٠)ی تەمموزی (٢٠١٥)، کوشتنی دوو ئەفسەری پۆلیس لە ماڵەکانیان لە ناوچەی جەیلانپنار لە ئورفا لە (٢٥)ی تەمموزی هەمان ساڵ، کۆمەڵکوژیی وێستگەی شەمەندەفەری ئەنقەرە لە (١٠)ی تشرینی یەکهەمی (٢٠١٥)، ڕاگەیاندنی “بەیاننامەی خۆبەڕێوەبەری”، کە لە پاییزی (٢٠١٥) لە شارە جیاجیاکانی باکووری کوردستان، بە تایبەتی سوور، جزیرە، نوسایبین، یوکسەک ئۆڤا، سیلڤان‌، سلۆپی‌و دواتر پێکدادانەکانی ئەو شارانە هەتا سەرەتای (٢٠١٦) بەردەوامبوو. بە تایبەت هێرشی گەریلاکانی پەکەکە بۆ سەر قەزای جزیرەو ناوچەی “سوور/قەڵا” لە ناوەندی دیاربەکرو پێکدادانی قورسی چەکداری لە نێوان گەریلاو هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا ڕویدا، ڕاگەیاندنی شێوەیەک لە “خۆبەڕێوەبەری”و دانانی دادگای گەل (Halk Mahkemesi) لە بریی دادگاکانی حکومەت(٦)و هەوڵی کودەتاکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)و پێشهاتەکانی دواتر؛ ئەگەری گەڕانەوەی لایەنەکانی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بە تەواوی لەباربرد.
پاش تێپەڕبوونی نزیکەی (١٠) ساڵ، لە (١)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٤) دەوڵەت باخچەلی یەکەم هەنگاوی بە ئاڕاستەی دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی پڕۆسەی ئاشتی دەستپێکردووەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا لە قۆناغی دانوستانی دەوڵەت باخچەلی‌و ئۆجەلاندایە لە ڕێگەی وەفدی دەمپارتییەوە، کە پەیامی لایەنە جیاوازەکان دەبات بۆ ئۆجەلان‌و بە پێچەوانەیشەوە.

ئاماژەکانی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی
ڕۆژی (١)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٤)، لە مەراسیمی کردنەوەی وەرزی نوێی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی تورکیادا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە گوتارێکیدا باسی لە دۆخی ئاڵۆزو جەنگاویی جیهان‌و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کردو ئاماژەی بە مەترسییە ئەمنی‌و سەربازییەکانی سەر تورکیا کرد(٧). دوای کۆبوونەوەکە، دەوڵەت باخچەلی (Devlet Bahçeli)؛ سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، خۆی گەیاندە هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی‌و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) (DEM Parti) (Halkların Eşitlik ve Demokrasi Partisi)و تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆک‌و چەند پەرلەمانتارێکی ئەو پارتەدا کرد(٨).
ڕۆژی سێشەممە؛ (٢٢)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٤)، باخچەلی لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی تایبەتی فراکسیۆنی مەهەپە(٩) لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: “سەرکردەی تیرۆریستان با بێتە پەرلەمان، لە کۆبوونەوەی تایبەتیی فراکسیۆنی دەمپارتی هەڵوەشانەوەی گرووپی تیرۆریستی ڕابگەیەنێت، هاواربکات کە تیرۆر کۆتاییهاتووە، پاشان چەند دەکرێت سوود لە مافی ئومێد وەربگرێت”. لەم پەیامەیدا باخچەلی دەیەوێت بڵێت: عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، با بێتە پەرلەمانی تورکیاو لە کۆبوونەوەی تایبەتیی دەمپارتیدا دان بە شکستی تەواوی پەکەکەدا بنێت‌و هاواربکات کە ئەم “گرووپە تیرۆریستییە” کۆتاییهاتووە. لە بەرانبەردا بە گوێرەی بڕگەی (٢) لە ماددەی (١٠٧)ی یاسای جێبەجێکردنی سزاکان (İnfaz Kanunu)، ژمارە (٥٢٧٥)ی ساڵی (٢٠٠٤)ی تورکیا؛ ئۆجەلان دەتوانێت سوود لەو مافە وەربگرێت کە باس لەوە دەکات “هەر کەسێک کە سزای زیندانیی هەتاهەتایی قورسی بە سەردا دەسەپێنرێت، دوای تەواوبوونی (٢٤) ساڵ یان (٣٠) ساڵ لە زیندانیکردنی، دەتوانێت داواکاریی پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار بکات بۆ پێداچوونەوەی دادگا بە دۆسیەکەیداو دەرکردنی بڕیاری ئازادکردنی مەرجدار بۆی”(١٠). بەم جۆرە ئۆجەلان دەرگای ئازادبوونی مەرجدار (دەستبەسەرکردنی لە ماڵێکدا)و تەنانەت ئازادبوونی یەکجارەکی بە ڕوودا بکرێتەوە.
سەرەڕای ئامادەیی ئۆجەلان‌و دەمپارتی، بەڵام لەلایەن دەوڵەتەوە پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی باخچەلی نەکرا، هەر بۆیە ڕۆژی سێشەممە؛ (٢٦)ی تشرینی دوهەمی (٢٠٢٤)، دەوڵەت باخچەلی لە گوتەیەکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا لەو بانگەشەیەی پێشووی بۆ هاتنی ئۆجەلان بۆ پەرلەمان پاشگەزبووەوەو ڕایگەیاند: “با هاوسەرۆکانی دەمپارتی سەردانی ئۆجەلان بکەن لە زیندان”(١١).
تونجار باکرهان‌و تولای هاتیم ئۆغڵو؛ هاوسەرۆکانی دەمپارتی، چەند کاژێرێک دوای بانگەشەکەی باخچەلی خۆیان گەیاندە وەزارەتی دادی تورکیاو داوای چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئۆجەلاندا پێشکەشکرد(١٢). جگە لە هاوسەرۆکان، زۆرینەی سەرکردایەتییەکانی دەمپارتی‌و پەرلەمانتارو کەسایەتییەکانی ئەو حیزبە داواکارییان بۆ چاوپێکەوتنی ئەردۆغان پێشکەشکرد، دواجار لە (٢٨)ی کانوونی یەکهەمی (٢٠٢٤) هەریەک لە سڕی سورەییان ئۆندەر (Sırrı Süreyya Önder)و پەروین بوڵدان (Pervin Buldan) سەردانی ئیمراڵییان کردو گفتوگۆیەکی سێ کاژێرییان لەگەڵ ئۆجەلاندا ئەنجامدا(١٣). ئۆندەرو بوڵدان دوو پەرلەمانتاری کاریگەری دەمپارتین‌و لە گفتوگۆکانی ئاشتیی ساڵی (٢٠١٢-٢٠١٥)دا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.
ڕۆژی (٢٩)ی کانوونی یەکهەمی (٢٠٢٤)، وەفدەکە پەیامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بڵاوکردەوە. لەو پەیامەیدا ئۆجەلان جەختیکردەوە لە سەر “بەهێزکردنی برایەتیی تورک‌و کورد، دەستبەرداربوونی هێزە سیاسییەکان لە بەرژەوەندیی حیزبی‌و کەسی، ڕۆڵی کاریگەری پەرلەمان، دوورکەوتنەوە لە چارەسەری دەرەکی‌و پشتبەستن بە چارەسەری ناوخۆیی بۆ کێشەی کورد، پشتیوانی لە هەوڵەکانی پڕۆسەی ئاشتی، دیموکراسی‌و برایەتی”(١٤).
لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢٥)، وەفدی دەمپارتی-ئیمراڵی زنجیرەیەک سەردانی بۆ لای سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، سەرکردەی سەرجەم حیزبە سیاسییەکان، کە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا خاوەنی پەرلەمانتارن، سەڵاحەدین دەمیرتاش؛ هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەو ژمارەیەک سەرکردەی زیندانیکراوی کورددا ئەنجامدا. هەرچەندە وەفدەکەی ئیمراڵی لە ئاستی سەرۆکی حیزبدا لەلایەن ئەو پارتانەی کە سەردانەکەیان پەسەندکرد، پێشوازییانلێکرا، بەڵام ئەردۆغان وەک سەرۆکی ئاکپارتی پێشوازییلێنەکردن‌و کۆبوونەوەی حیزبەکەی‌و وەفدی ئیمراڵیی بە فوئاد ئۆکتای جێگری سپارد. لە لایەکی دیکەیشەوە، وەفدی ئیمراڵی ئامادەنەبوو سەردانی پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار) بکات، کە وەک حیزبێکی ئیسلامی/ کوردی لە تورکیا چالاکیی هەیەو خاوەنی (٤) کورسییە لە پەرلەمانی تورکیا.
لە (٢٢)ی کانوونی دوهەمی (٢٠٢٥) وەفدی دەمپارتی سەردانی ئیمراڵی کردەوەو پەیامی لایەنە سیاسییەکانی تورکیای بە ئۆجەلان گەیاند(١٥)، لە هەمان کاتدا دیدو تێڕوانینی ئۆجەلانی لە بارەی هەڵوێستی پارتە سیاسییەکانی تورکیاوە وەرگرت، هەر لەو دانیشتنەدا ئۆجەلان پێشنیاری سەردانی وەفدی دەمپارتی-ئیمراڵیی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق خستەڕوو.

لە کۆتا سەردانیدا وەفدی ئیمراڵی لە (١٦-١٩)ی شوباتی ئەمساڵ سەردانی هەرێمی کوردستانی کردو لەگەڵ هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی؛ سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی؛ سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانی؛ جێگری سەرۆکی حکومەت، مەسعوود بارزانی؛ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان‌و بافڵ تاڵەبانی؛ سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا؛ دیداری ئەنجامدا. لەو دیدارانەدا وەفدی ئیمراڵی پەیامی ئۆجەلانی بە هەریەک لەو بەرپرسانە گەیاندو لە هەمان کاتدا سەرنج‌و پەیامی بەرپرسە دەوڵەتی‌و حیزبییەکانی هەرێمیشی لە بارەی پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیاو هەنگاوەکانی جێبەجێکردنیەوە وەرگرت(١٦).
بە گوێرەی زانیارییەکان، پەیامەکانی ئۆجەلان لە ڕێگەی نامەوە گەیەنراوەتە قەندیل‌و ڕۆژئاوای کوردستانیش. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکانی ئەو دوو لایەنەیش، پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی‌و هەر بانگەشەیەک دەکەن، کە لە لایەن عەبدوڵا ئۆجەلانەوە ڕابگەیەنرێت. تەنانەت پێشبینیدەکرێت لە ئایندەدا کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بهێنرێنەناو پڕۆسەکەوە(١٧).

خواستی دەوڵەت‌و مەرجەکانی کورد
هەریەک لە باخچەلی‌و ئەردۆغان چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە دانوستان لە نێوان دەوڵەت‌و ئیمراڵی یان قەندیل نییەو پڕۆسەکە تەنها بریتییە لە داواکاریی ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پەکەکەو خۆهەڵوەشاندنەوەی لە چوارچێوەی بانگەشەکانی تورکیای بێتیرۆر (Terörsüz Türkiye)(١٨).
هەروەک لە دەستپێشخەرییەکەیشیدا دەوڵەت باخچەلی داوایکردبوو “ئۆجەلان بێتە پەرلەمان‌و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەمپارتیدا، بانگەشەی کۆتاییهاتنی تیرۆرو هەڵوەشانەوەی پەکەکە بکات”. لەم پەیامەوە دەردەکەوێت دەوڵەت خۆی زۆر لەوە بەهێزتر نیشاندەدات، کە بکەوێتە دانوستان‌و پەکەکە وەک هێزێک لە بەرانبەری خۆیدا دابنێت. هەروەک بەرپرسانی هەواڵگری، ئەمنی‌و سەربازیی تورکیایش جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە، کە لە سایەی هێرشی فڕۆکەیبێفڕۆکەوان‌و هەماهەنگیی هەواڵگری لە نێوان ئەنقەرە، هەولێرو بەغداددا، توانای بەرگریی پەکەکە لاوازبووەو نەک لە شارەکانی باکوورو باشووری کوردستان، بەڵکو لە قەندیلیش ناتوانن لە ئەشکەوت‌و پەناگەکانیان بێنەدەرەوە.
لێرەوە تێدەگەین، دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی وەک دیارییەک لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆ کوردو پەکەکەو خودی ئۆجەلان نیشاندەدرێت، بە تایبەت بۆ ڕایگشتیی تورکیا لە میدیاوە ئەو وێنایە دروستدەکرێت، کە پەکەکە کۆتاییهاتووەو تەنها ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ماوە لەلایەن ئۆجەلان‌و بەرپرسانی ئەو گرووپەوە.
لەگەڵ ئەوەیشدا هەم ئۆجەلان‌و هەم قەندیل‌و دەمپارتییش پێیانوایە، کە ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە دانوستان‌و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد هەیە لەلایەن دەوڵەتەوە، لە گرنگترین داواکارییەکانیش سەربەستیی ئۆجەلانە ئەگەر مەرجداریش بێت، پێدانی ناسنامەیەکی دیاریکراو بە کوردو خوێندن بە زمانی کوردی، هەروەها دەرکردنی لێبووردنێکی گشتی، کە گەریلاکانی پەکەکە بگرێتەوەو بتوانن بگەڕێنەوە ناو ماڵ‌و حاڵی خۆیان. بە گوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان، ژمارەی ئەو کەسانە نزیکەی (٧) هەزارو (٥٠٠) کەس دەبن(١٩)، ئەمە جگە لەوەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان‌و مانەوەی کانتۆنەکان بە هێڵی سوور ناوزەددەکەن.
هەروەک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی دەمپارتی، کە لە (١٣)ی شوباتی ئەمساڵدا بڵاوکراوەتەوە، جەخت لە سەر چوار خاڵ کراوەتەوە بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا. لەو چوار خاڵەدا دەمپارتی داوایکردووە “گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان لاببرێت، بەستنی پەیمانێکی نوێی کۆمەڵایەتیی دیموکراتی، دەستەبەرکردنی یەکسانی بۆ سەرجەم هاوڵاتیان لە نیشتیمانێکی هاوبەشدا، پەیڕەویکردن لە سیاسەتی ئاشتی‌و دیالۆگ لە جێگەی سیاسەتی جەنگ لەلایەن تورکیاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”(٢٠).

پڕۆسەی ئاشتی‌و هەڵوێستی کورد
هەرچەندە نوێنەرانی کورد هەموو کاتێک ئامادەیی گفتوگۆو دانوستانیان بۆ چارەسەری کێشەکە دەربڕیوە، بەڵام ئەم جارە بە هۆی ناڕوونی لە لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی‌و ئەردۆغان‌و تەنانەت لە نێوان قسەکانی خودی خۆیاندا لە ڕۆژێکەوە بۆ ڕۆژێکی ترو لە هەمان کاتدا یەکنەگرتنەوەی بڕیارەکانی ئەردۆغان، دەسەڵاتی دادوەری‌و وەزارەتی ناوخۆ لەمەڕ زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر کوردو بە دیاریکراوی لابردنی سەرۆک_شارەوانییە کوردەکانی دەمپارتی‌و جەهەپەو دانانی قەیوم لە جێگەیان، جۆرێک لە دوودڵی لە لای کوردەکانیش دروستبووەو بە ڕاشکاوی نازانن باخچەلی‌و ئەردۆغان چییان لە کورد دەوێت. لەگەڵ ئەوەیشدا ئۆجەلان وەڵامی ئەرێنیی دەستپێشخەرییەکەی باخچەلیی داوەتەوەو داوای “چەکدانان‌و خۆهەڵوەشاندنەوە”ی لێدەکات. پەکەکەیش ئاگربەستی ڕاگەیاندووەو جەختی لە سەر پابەندی بە بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە دەکات. دەمیرتاش‌و کوردەکانی ڕۆژئاواو باشووریش پشتیوانیی هەوڵەکانیان کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، بەدەر لە هێزی چەپڕەوی کوردی لە ئێستادا هێزی ئیسلامیی سیاسی‌و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییش لە مەیداندان‌و بۆچوونی خۆیان هەیە. پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار) جەخت لە سەر جیاکردنەوەی “پرسی کورد” لەگەڵ پەکەکە دەکاتەوەو پێیوایە، کە “ناکرێت ئەم دوو بابەتە تێکەڵی یەکتری بکرێن، لەبەرئەوەی پرسی کورد کێشەی نەتەوەیەکەو پێویستی بە چارەسەر هەیە لەلایەن دەوڵەتەوە، بەڵام پەکەکە وەک گرووپێکی چەکدار کێشەیەکی دیکەیەو بە جۆری دیکە دەوڵەت دەتوانێت چارەسەریبکات”(٢١).

ناکۆکیی ناو ماڵی کورد
دەوڵەت باخچەلی لە بانگەشەکەی (٢٢)ی تشرینی یەکهەمی (٢٠٢٤)دا، جەختی لە سەر ئیمراڵی‌و دەمپارتی کردەوە وەک لایەنی چارەسەری پڕۆسەی ئاشتی، بەم جۆرە هەر لە یەکەم هەنگاوەوە دەوڵەتی تورکیا هەوڵیدا لە ڕێگەی دوورخستنەوەی سەلاحەدین دەمیرتاش‌و قەندیلەوە لە گفتوگۆکانی پڕۆسەی ئاشتیدا، ناکۆکی بخاتەناو ماڵی کوردەوە. هەرچەندە بە سووربوونی ئۆجەلان لە سەر گرنگیدان بە پێگەی قەندیل، بە جۆرێک کە دواجار پەیام ئاڕاستەی پەکەکە دەکرێت بۆ چەکدانان، دەوڵەتی ناچارکردووە قەندیلیش لە پڕۆسەی چارەسەریدا قبوڵبکات، بەڵام ڕۆڵێکی جددی بە دەمیرتاش نەدراوە وەک سیاسییەکی کاریگەری کورد لە باکووری کوردستان‌و تورکیادا.
ڕەچاونەکردنی پێگەی ئیسلامییەکان بە تایبەت لە باکوورو باشووری کوردستان لەلایەن پەکەکەو دەمپارتییەوە، بە جۆرێک وەفدەکەی دەمپارتی بە ئاشکرا سەردانی سەڵاحەدین بەهادین؛ ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی نەکرد، لە کاتێکدا ناوبراو کەسایەتییەکی دیارو کاریگەرە لە پەیوەندییەکانی تورکیاو هەرێمی کوردستان‌و لە قۆناغی پێشووی پڕۆسەی ئاشتی (٢٠٠٩-٢٠١٥)و باشکردنی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ هەولێر، سلێمانی‌و قەندیلدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، هەر بۆیە شارەزایان‌و چاودێران ڕەخنەی توندیان لەم هەڵوێستەی دەمپارتی گرت(٢٢)، بەڵام دوا بە دوای ڕەخنەی چاودێران‌و بڵاوکردنەوەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، بە گوێرەی لێدوانێکی مستەفا عەبدوڵڵا؛ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، وەفدەکەی دەمپارتی-ئیمراڵی سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی کردووە، بەڵام لە سەر داواکاریی وەفدەکە سەردانەکە دوور لە چاوی کامێراکان کراوە، ئەمەیش لە پێناوی ئەوەی لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان گلەیی لە وەفدەکە نەکەن(٢٣). هەروەها سەرەڕای کۆبوونەوەی وەفدی ئیمراڵی لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی تورکیادا، کە خاوەن ژمارەیەک پەرلەمانتارن لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە. بەڵام ئامادەنەبووە سەردانی هوداپار بکات، کە حیزبێکی کوردییەو لە پەرلەمانی تورکیا خاوەنی (٤) پەرلەمانتارە. لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتای دەرکەوتنی ئاماژەکانی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی پڕۆسەی ئاشتیدا لە تورکیا، هوداپار پشتیوانیی خۆی بۆ هەر هەنگاوێک بە ئاڕاستەی چارەسەری پرسی کورد ڕاگەیاندووە. بە دڵنیاییەوە ئەگەر وەفدی ئیمراڵی بیەوێت سەردانی هوداپار بکات، بەرپرسانی ئەو حیزبە دیدارو گفتوگۆ ڕەتناکەنەوە. هوداپاریش بۆئەوەی پێگەی خۆی بسەلمێنێت‌و بە ڕایگشتیی تورکیاو باکووری کوردستانیش بڵێت، کە “ئێمەیش هەین‌و خۆمان بە خاوەنی پرسی کورد دەزانین”، لە (١٥-١٦)ی شوباتدا کۆنفرانسێکی لە دیاربەکر سازکرد(٢٤)، لەو کۆنفرانسەدا هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجە حیزبییەکانی خۆی لە چوارچێوەی چارەسەری پرسی کورددا داوە.
هەر لە ناونیشانی کۆنفرانسەکەوە، کە بریتی بوو “چارەسەری مرۆڤایەتییانە بۆ پرسی کورد”، هوداپار دەیهەوێت پێمانبڵێت، کە چارەسەری پرسی کورد لە نێوان دەوڵەت‌و پەکەکە یان دەمپارتی، چارەسەرێکی مرۆڤانە نابێت. لە هەمان کاتدا ڕاگەیەنراوی کۆتایی کۆنفرانسەکە بە ئایەتێکی قورئانی پیرۆز دەستپێدەکات، کە باس لە “جیاوازیی ڕەنگ‌و زمان” دەکات وەک “نیشانەیەکی دەسەڵاتدارێتیی خودا”(٢٥). بەم جۆرە هوداپار لە یەک کاتدا دەیەوێت بە ڕایگشتیی کورد لە باکووری کوردستان بڵێت، کە ناکرێت تەنها دەمپارتی-پەکەکە نوێنەرایەتیی کورد بکەن، هەروەها بە دەوڵەت‌و شەقامی تورکیایش دەڵێت، کە جیاوازیمان لەگەڵ ئێوەدا هەیەو سەرچاوەی ئەو جیاوازییەش خودا خۆیەتی‌و ئیسلامیش پشتیوانییدەکات.

بەم جۆرە هوداپار دەیهەوێت لەم ڕێگەیەوە داوای “چارەسەرێکی مرۆڤایەتییانە” بکات، کە سەرچاوەکەی لە ئیسلامەوە بێت. لە هەمان کاتدا هەوڵیداوە لەم ڕێگەیەوە بوونی خۆی بەهێزتربکات‌و ئەگەرچی بۆ چەند ڕۆژێکیش بێت، “تێڕوانینی هوداپار” بۆ چارەسەری کێشەی کورد بکات بە ڕۆژەڤی میدیای تورکیا. هەتا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو بووە لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجەیدا.
لە هەمان کاتدا ڕێکخراوی (Hak İnisiyatifi)، کە ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنییە، تەوەرەکانی “سێهەمین دیداری کوردی”، کە لە دیاربەکر ڕێکیخستبوو، تایبەتیکرد بە هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی. ڕاگەیەنراوی کۆتایی دیدارەکەیش جەختی لە سەر “هێنانەدەرەوەی ناوەڕۆکی دانوستانەکانی پڕۆسەى ئاشتی لە ژوورە تاریکەکان” کردووەتەوە(٢٦)، واتە لە ڕوانگەی خستنەدەرەوەی هێزو ڕێکخراوەکانی دەرەوەی دەمپارتی‌و پەکەکە لە پڕۆسەی ئاشتی، جیاوازی لە نێوان دەمپارتی-پەکەکەو دەوڵەتدا نابینرێت. ئەمەیش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەگەری دەستبردن بۆ هەر هەوڵێک بۆ تێکدان یان بەلاڕێدابردنی پڕۆسەی ئاشتی‌و دوورخستنەوەی لە ئامانجەکانی لەلایەن هێزو ڕێکخراوە کوردییەکانی دەرەوەی دەمپارتی‌و پەکەکەوە. لە بەرانبەردا بەرپرسانی دەمپارتی‌و بزوتنەوەی چەپی کورد لە تورکیا، هوداپارو هێزە ئیسلامییە کوردییەکان تۆمەتباردەکەن بە “پشتگوێخستنی کێشەی کوردو باسکردنی لە دوای کێشەی مسوڵمانانی فەلەستین، سوریاو لوبنان”(٢٧)، لە لایەکی دیکەوە، لە ژێر پەردەی برایەتیی ئیسلامی، ملکەچی بۆ ئیسلامییە توندڕەوو فاشیستەکانی تورکیا دەنوێنن، بە جۆرێک بە بەهانەی برایەتیی ئیسلامی، داواکاریی مافی کوردو ناسنامەو بوون بە خاوەن کیانێکی سیاسی‌و کارگێڕی پشتگوێدەخەن.
هەڵبەت هەوڵەکەی دەوڵەت‌و دەمپارتی‌و پەکەکە بۆ پشتگوێخستنی دەنگ‌و ڕەنگە جیاوازەکانی کورد تەنها لە فەرامۆشکردنی حیزبە ئیسلامییەکاندا کورتنەبووەتەوە، بەڵکو وەفدی ئیمراڵی هیچ گفتوگۆیەکی بە ئاڕاستەی ڕاگۆڕینەوەو وەرگرتنی بۆچوونە جیاوازەکانی شەقامی کوردی لە تورکیا نەکردووە. لە کاتێکدا چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، ناوەندی ڕۆژنامەوانی‌و توێژینەوەی شیکاری، سەنتەری ئەکادیمی‌و لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتی‌و سیاسییەکان لە تورکیاو باکووری کوردستان هەن، کە چەقی کارەکانیان کوردو چارەسەری کێشەو بەدیهێنانی خواستەکانیەتی لە تورکیا. هەر ئەم پشتگوێخستنەی هێزو ڕێکخراوەکانی دیکەی دەرەوەی دەمپارتی‌و پەکەکە ڕەنگە بەڵگە بێت لە سەر دروستیی لێدوانەکانی باخچەلی‌و ئەردۆغان، کە دەڵێن هیچ پڕۆسەو دانوستانێک لە ئارادا نییەو ئەوەی هەیە، هەوڵەکانی ئامادەکارییە بۆ بانگەوازی هەڵوەشاندنەوە یان چەکدانانی پەکەکە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە.
ناکۆکیی ناو ماڵی کورد بە درێژایی مێژوو یەکێک بووە لە گرفتە سەرەکییەکان‌و دوژمنانیش توانیویانە سوودیلێوەربگرن. لەم پڕۆسە نوێیەی ئاشتیی تورکیایشدا ئاڵاهەڵگرانی پڕۆسەکە لە لایەنی دەوڵەتەوە لە یەکهەم هەنگاوەکانیاندا هەوڵیانداوە دووبەرەکی بخەنەناو ماڵی کوردەوە، بەڵام لەمانە مەترسیدارتر ئەو هەنگاوانەی لایەنە کوردییەکان خۆیانە، بە تایبەت لە ڕێگەی فەرامۆشکردنی یەکتری‌و پیلانی نەیارانی کورد بە دەستی خۆیان جێبەجێبکەن.

ڕۆژئاوای کوردستان وەک گرێکوێرەی چارەسەر
وەک چۆن دامەزراندنی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ شکستهێنانی پڕۆسەی ئاشتی‌و تەنانەت بە هۆی پێشهاتەکانی ئەو ناوچەیەوە ئاڵۆزییەکی زۆر لە باکووری کوردستانیش دروستبوو، بە هەمان شێوە ئێستایش ڕۆژئاوای کوردستان بەستراوەتەوە بە باکوورو بەبێ چارەسەری کێشەی تورکیاو کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا، چارەسەری پرسی کورد لە تورکیادا بە مەحاڵ دەبینرێت.
لە کاتێکدا بەرپرسانی تورکیا بانگەشەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ناوخۆی وڵاتەکەیاندا دەکەن، بەڵام هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ڕۆژئاوا بەردەوامەو لە هەر ئانوساتێکیشدا کردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی‌و زەمینی، ئەگەرێکی کراوەیە. لە بەرانبەردا بەرپرسانی دەمپارتی‌و قەندیلیش دەستبەرداری پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان نابن، هەروەک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی دەمپارتیدا ئاماژە بەوە دراوە، کە “دەستبەرداری دەستکەوتەکان لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا نابن”(٢٨).
لە لایەکی دیکەوە، گۆڕانی دەسەڵات لە سوریا هەرچەندە لە بەرژەوەندیی تورکیا بێت‌و لە ڕوکەشدا وادەربکەوێت، کە هێزی دەسەڵاتداری ئێستای سوریا گوێڕایەڵی تورکیاو قەرزارباریەتی، بەڵام ئێستا دەسەڵاتی نوێی دیمەشق لە لایەک لە هەوڵی کرانەوەدایە بە ڕووی ئەمریکاو ڕۆژئاوادا، لە لایەکی دیکەوە ئامادە نییە دڵی وڵاتانی عەرەبی‌و کەنداوی دەوڵەمەند بە نەوت‌و پارە بشکێنێت‌و دۆستایەتی لەگەڵ تورکیایەک برەوپێبدات، کە گیرۆدەی قەیرانی ئابووری‌و کێشەی ئەمنییە.
لێرەدا تاکە چارەسەر بریتییە لە مامەڵەکردنی ئەنقەرە لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا بە هەمان شێوەی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەبەرئەوەی بوونی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەیەیەکی تێپەڕاندووەو وەک دیفاکتۆیەک هەر لایەنێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. بەم جۆرە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لە بریی ئەوەی هۆکاری مانەوەی کێشەکان بێت بە هەڵواسراوی، دەکرێت ببێت بە مایەی چارەسەر. لە هەمان کاتدا پێویستناکات کوردانی باکووریش کێشەی کورد لە تورکیا ببەستنەوە بە دۆخی ڕۆژئاواو هەڵوێستی تورکیاوە بەرانبەری.

پێگەی هەولێرو پەیوەندییەکانی ئەنقەرەو سلێمانی
وەفدی دەمپارتی-ئیمراڵی لە دەرەوەی تورکیا تەنها سەردانی هەرێمی کوردستانی کردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم‌و پارتی‌و یەکێتی کۆبوونەوەی جیاوازی کرد. لەگەڵ ئەوەیشدا کە پارتی وەک هاوپەیمانی تورکیا دەناسرێت‌و چاوەڕێی پشتیوانیی بێقەیدو مەرجی لێدەکرێت بۆ تورکیاو پڕۆسەی ئاشتی، بە هەمان جۆر گفتوگۆکانی وەفدی ئیمراڵی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتییش بە ئەرێنی پەسنکراوە، هەروەک ڕۆژنامەوان‌و شیکەرەوەی کەناڵی (Haber Türk) چەتینەر چەتین چاوەڕێی ئەو هەڵوێستانەی لە بەرپرسانی یەکێتی نەکردووە. چەتین کە ئەزموونێکی باشی لە کاری ڕۆژنامەوانی‌و شیکاری بۆ دۆخی عێراق‌و هەرێمی کوردستان‌و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا هەیە، لە پڕۆگرامێکی کەناڵەکەیدا لە (٢٠)ی شوباتی ئەمساڵدا ئاماژەی بەوە داوە، کە “بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵیاندا بە وەفدی ئیمراڵیی ڕاگەیاندووە، کە قۆناغی خەباتی چەکداری لە تورکیا کۆتاییهاتووە”(٢٩)، ئەمەیش وەک ویستی تاڵەبانی‌و بەرپرسانی یەکێتی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی حیزبەکەیان‌و سلێمانی لەگەڵ تورکیادا، بە تایبەت لە ڕووی ئابووری‌و بازرگانییەوە دێت(٣٠)، لەبەرئەوەی نزیکەی (٢) ساڵە تورکیا ئاسمانی خۆی بە تەواوی بە ڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخستووە، کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە گەشتەکانیان دەکەن، ئەمەیش زیانی لە ئابووریی سلێمانی‌و یەکێتی داوە. بانگەوازەکەی ئۆجەلان‌و پابەندبوونی پەکەکە بەو پەیامەوە، دەرگای کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانییشدا دەکاتەوە.

پەیامەکەی ئۆجەلان
عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە پەیامێکدا(٣١)، کە ڕۆژی (٢٧)ی شوباتی (٢٠٢٥) لە ئەستەنبوڵ لە لایەن سری سورەییا ئۆندەر، ئەحمەد تورک‌و پەروین بوڵدانەوە ڕاگەیەنرا، داوای “چەکدانان‌و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە”ی کرد.
ئۆجەلان لە دووتوێی لاپەڕەو نیوێکدا بە پوختی سەربردەی دامەزراندنی پەکەکەو قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی‌و پێویستیی کۆتاییهێنانی بە حیزبەکەی خستووەتەڕوو.
بڵاوکردنەوەی خودی پەیامەکە سەرەتایەکە بۆ ئاشتبوونەوەی نیشتیمانی لە تورکیا، ئەگەر جێبەجێبکرێت، هەر بۆیە لەگەڵ ڕاگەیاندنی پەیامەکەدا زۆرێک لە میدیاکانی تورکیا لە بریی سەرکردەی تیرۆریستان (Terör Elebaşı)، کە پێشتر بەکاریاندەهێنا، سەرکردەی پەکەکە (PKK Elebaşı)یان بەکارهێناوە. ئەمە جگە لەوەی لەلایەن دەزگا ڕۆژنامەوانییەکان‌و شیکەرەوەکانەوە پەیامەکە بە ئەرێنی دەخرێتەڕوو، وەک سەرەتای قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی، ئەمنی، ئابووری‌و کۆمەڵایەتی لە تورکیا وێنایدەکەن.
بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ چەکدانان‌و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە وەک کۆتاییهاتنی ئەم ڕێکخراوە نییە، کە شکستیهێنابێت، بەڵکو هەر لە دەستپێکی بانگەوازەکەدا ئۆجەلان دەڵێت، کە “پەکەکە لەدایکبووی سەدەی بیستهەمە، کە بە توندوتیژترین سەدە لە مێژوودا دادەنرێت؛ دوو جەنگی جیهانی، دەرکەوتنی سۆشیالیزم، جەنگی سارد، نکوڵی لە بوونی کوردو پێشێلکردنی مافەکانی بە تایبەت ئازادیی ڕادەربڕین‌و ناسنامە؛ پەکەکەی هێنایەکایەوە”. بە گوێرەی تێگەیشتنی پێچەوانەی دەق، کەواتە ئەو ڕێگری‌و پێشێلکارییانەی بۆ سەر کورد هەبوون لە کاتی دامەزارندنی پەکەکەدا، ئێستا نەماون، کەواتە پێویستیی بوونی ئەم ڕێکخراوەیش نەماوە. هەروەها ئۆجەلان لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، کە “وەک هەر کۆمەڵەو حیزبێکی سەردەمیانە، کە بە زۆر نەتوانراوە کۆتاییپێبهێنرێت، بەڵکو بە ویستی خۆی دەیهەوێت ئاوێتەی دەوڵەت‌و کۆمەڵگا ببێتەوە، کۆنگرە ببەستن‌و بڕیاربدەن، سەرجەم گرووپەکان پێویستە چەکدابنێن‌و پەکەکە خۆیهەڵبوەشێنێتەوە”. هەروەک ئۆجەلان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت، کە “چارەسەری نکوڵیکردن لە ناسنامە لە ساڵانی نەوەدەکان لە وڵاتدا، ئەو پێشهاتانەی زەمینەی هاتنەکایەی ئازادیی ڕادەربڕینی هێنایەکایەوە، هۆکار بوون بۆ نەهێشتنی واتایەک بۆ مانەوەی پەکەکەو دووبارەبوونەوەی”. هەر ئەم دەربڕینەیش دەرگا واڵادەکات بە ڕووی سەرکردەو گەریلاکانی پەکەکەدا بۆئەوەی لە ژێر ناوی دیکەدا ڕێکخراوی دیکەی گونجاو لەگەڵ سەردەمی نوێدا دابمەزرێنن.

لە لایەکی دیکەوە، هێزێک یان گرووپێک زۆر قورسە جەنگ لەگەڵ دەوڵەتێکدا بکات‌و بانگەشەی پێکهێنانی حکومەتی هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتێکی دیکەدا بکات، کە خۆی بە هاوپەیمانی دەوڵەتی دژی گرووپەکە بزانێت. واتە ناکرێت پەکەکە لە دژی سوپای تورکیا لە جەنگدا بێت‌و پەیەدەیش ڕیککەوتن لەگەڵ دیمەشقدا بکات‌و هەسەدەیش لە چوارچێوەی سوپای سوریادا ببێت بە بەشێک لە هێزی ئەمنی‌و سەربازیی دەوڵەتێکی وەک سوریا، کە ئەنقەرە یەکێک دەبێت لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی‌و تەنانەت لە هەندێک بابەتدا دیمەشق‌و سەرۆکی کاتیی سوریا خۆی بە قەرزاری تورکیا دەزانێت. بانگەوازەکەی ئۆجەلان پاڵپشتێکی بەهێز دەبێت بۆ پشتیوانی لە گفتوگۆکانی مەزڵوم عەبدی‌و ئەحمەد شەرع لە ئایندەدا. لە لایەکی دیکەوە، ئۆجەلان لەو پەیامەیدا جگە لە پەکەکە، بانگەوازی بۆ هیچ هێزو لایەنێک نەکردووە، ئەمەیش بۆ ڕۆژئاوای کوردستان‌و یەپەگە خاڵی بەهێزە، لەبەرئەوەی ئۆجەلان هەر لە ئێستاوە دەیهەوێت بە هەموان بڵێت، کە یەپەگە بەشێک نییە لە پەکەکەو پێویستناکات چەکدابنێت‌و خۆیهەڵبوەشێنێتەوە، لەگەڵ خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیشدا بیانوو بە دەست تورکیاوە نامێنێت بۆ لێدان لە ڕۆژئاوای کوردستان‌و یەپەگە.
نابێت ئەو ڕاستییەیشمان لەیادبچێت، کە یەکێک لە هۆکارەکانی بانگەوازەکەی قۆجەلان، لاوازبوونی پەکەکەو قەتیسبوونیەتی لە ناوچەیەکی جوگرافیی سەختدا، هەروەها وەک جاران گەنجی کورد بە تایبەت لە باکووری کوردستانەوە ڕوو لە چیاکان ناکەن، ئەمەیش بە هۆی کاریگەریی میدیای دەوڵەتی تورکیاو لە هەمان کاتدا نەمانی باڵی چەکداریی پەکەکە لە چیاکانی باکووری کوردستان‌و جەختکردنەوەی زیاتر لە سەر خەباتی مەدەنی‌و سیاسی لە باکووری کوردستان. جگە لەم هۆکارەیش، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای بەرگری‌و هێرشی سەربازیی تورکیا، بە تایبەت لە بواری فڕۆکەیبێفڕۆکەوانی جەنگی (SİHA)دا، پەکەکەی ناچار بە لێدانی تونێل لە چیا سەختەکانی قەندیل، گارەو مەتینا کردووە. کردنەوەی دەروازەی زێت (Derecik) لە مایسی (٢٠٢٣) لە نێوان تورکیاو هەرێمی کوردستاندا، کە سنووری ئیدارەی سۆران‌و پارێزگای هەکاری/ جولەمێرگ بە یەکەوە دەبەستێتەوە(٣٢)، ئاماژەیەکی دیکەی لاوازبوونی هێزی چەکداریی پەکەکەیە، لەبەرئەوەی ئەو ناوچەیە یەکێک بووە لەو شوێنانەی کە پەکەکە هەم لە ڕووی ڕێکخستن‌و هەم لە ڕووی چەکدارییەوە باڵادەست بووە تێیدا.
خاڵێکی دیکە بریتییە لە داواکاری نەک فەرمانکردن لە لایەن ئۆجەلانەوە بۆ قەندیل، ئەمەیش شکاندنی بەشێک لە بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلییە، کە دەیویست سەڵاحەدین دەمیرتاش‌ بکاتەدەرەوەی هاوکێشەی پڕۆسەی ئاشتی، لە ڕێگەی سەردانی وەفدی ئیمراڵی بۆ لای دەمیرتاش، بەشیکی قسەکەی باخچەلی شکێنرا. ئۆجەلانیش لە پەیامەکەیدا لە بریی فەرمانکردن، داوایکردووە لە قەندیل‌و پەکەکە، کە چەکدابنێن‌و کۆنگرە ئەنجامبدات‌و خۆیهەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەیش وەک ئاماژەیەکی ڕوکەشییش بێت، لە ڕوانگەی شکاندنی بڕیارەکەی باخچەلییەوە بۆ سەپاندنی ویستی خۆی بە سەر ئۆجەلان‌و پەکەکەدا گرنگە، واتە ئێستا ویست‌و ئیرادەی بەرپرس‌و ئەندامانی کۆنگرەی پەکەکە لە قەندیل بڕیاری کۆتایی دەدەن، نەک بە گوێرەی خواستی باخچەلی بڕیاری کۆتایی لە لای ئیمراڵی‌و دەمپارتی بێت.
ستایشی باخچەلی بۆ بانگەوازەکەی‌و ئەردۆغان بۆ نیشاندانی ئیرادەی بەهێز بۆ پڕۆسەی ئاشتی لەلایەن ئۆجەلانەوە، جگە لە چەند وشەیەکی سواوی ناچاری، هیچی دیکە نییە، لەبەرئەوەی دەوڵەت باخچەلی زیاد لە چل ساڵە سیاسەتی خۆی‌و حیزبەکەی لە سەر بنەمای دژایەتیی کوردو پەکەکە بەردەوامیپێداوە، تەنانەت باخچەلی‌و حیزبەکەی هۆکار بوون بۆ دروستبوون‌و گەورەبوونی پەکەکەو ئەو وێرانکارییەی چەند ساڵە لە باکووری کوردستان کراوە. لەبەرئەوە ئەگەر ڕوانگەی ڕاستیی ڕوداوەکان وەربگرین‌و دادگایەکی دادپەروەر بوونی هەبوایە، پێش ئۆجەلان پێویست بوو دەوڵەت باخچەلی بە تۆمەتی “دروستکردنی ڕق‌و کینە لە نێوان پێکهاتەکانی وڵات، هاندانی گەنجان بۆ تاوان‌و کوشتن، بەسووک_تەماشاکردنی نەتەوەیەک لە بەرانبەر نەتەوەیەکی دیکەو هەژمارکردنی کورد وەک تورکی بە ڕەگەز کورد” دادگاییبکرێت. ئەردۆغانیش بە هۆی ترسی لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆکانی (٢٠١٤)و (٢٠١٥) هەتا ئێستا ئیرادەو ویستێکی جددیی بۆ پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی نیشاننەداوە.
لە پەیامەکەیدا ئۆجەلان هیچ داواکارییەکی لە دەوڵەتی تورکیا نەکردووە، بەڵکو داوای هەنگاونانی بەرەو دیموکراتیەت‌و ژیانی ئازادانە بۆ کوردو سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیی تورکیادا کردووە. ڕەنگە هۆکاری سەرەکیی ئەمەیش پەیوەندیی بە مانەوەی گۆڕانکارییە دەستووری، یاسایی‌و پێکهاتەییەکانی سەردەمی پڕۆسەی ئاشتیی (٢٠١٢)وە هەبێت، واتە خواستەکانی کورد لەو کاتەدا هەتا ڕادەیەک جێبەجێکران، بەڵام بە هۆی هاتنەکایەی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان‌و پێکدادانە سەختەکانی پەکەکەو سوپای تورکیا لە بەشێک لە شارەکانی باکووری کوردستانەوە، جێبەجێکردنی زۆرێک لە گۆڕانکارییە دەستووری‌و یاساییەکان پشتگوێخران. ئەمە جگە لەوەی سەرەڕای بەردەوامی‌و چڕیی گوشارە دادوەری‌و یاساییەکان، کە ئەنجامی پێکدادانەکانی سوپای تورکیایە لەگەڵ پەکەکەو یەپەگەدا لە باکوور، ڕۆژئاواو باشووری کوردستان، بەڵام هێشتا مەیدانی سیاسەت‌و پەرلەمان بە ڕووی کورددا ئاوەڵایە بۆ چالاکیی سیاسی‌و نەتەوەیی لە تورکیادا، بە کرداری چەسپاوە، کە کورد لە ڕێگەی کاری سیاسی‌و پەرلەمانییەوە دەتوانێت خەباتی کوردایەتی لە تورکیادا بکات.
لە پڕۆسەی ئاشتیی پێشوودا؛ ڕاگەیەنراوی (٢٠١٣)ی قەندیل، پەکەکە بڕیاری کشانەوەی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا داوە. هەروەها داوای خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی (Demokrtaik Özerklik)ی کردووە.
پاشگەزبوونەوەی ئۆجەلان لەو ئامانج‌و داواکارییانەی لە سەرەتای دامەزراندنی پەکەکەوە بانگەشەی بۆ دەکرد لە “دامەزراندنی دەوڵەتی گەورەی کوردستان، فیدراڵیزم لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی” بۆ تاکە داواکاریی “ژیانێکی ئازادانە لە چوارچێوەی وڵاتێکی دیموکراتیدا”، پرسیاری جددی لە سەر ئاستی سەرکەوتوویی پەکەکە وەک حیزب‌و ئۆجەلان وەک سەرکردەیەکی دیاری کورد دروستدەکات. ئەمە جگە لەوەی گومان لە پشتیوانیی ئۆجەلان‌و قەندیل بۆ پێدانی فیدراڵی یان خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی بە ڕۆژئاوای کوردستان دەهێنێتەکایەوە.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا لە بریی کێشەی کورد (Kürt Sorunu) یان پرسی کورد (Kürt Meselesi)، ڕاستیی کورد/ بوونی کورد (Kürt realitesi)ی بەکارهێناوە. ئەمەیش ئاماژەیەکی دیکەیە بە ئاڕاستەی بەکارهێنانی زمانی نەرم‌و گفتوگۆی دوور لە توندوتیژی لە پێناوی گەیشتن بە چارەسەردا. ئەوەیشمان لەبیرنەچێت، دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی پڕوپاگەندەوە هەوڵیداوە “کێشەی کورد” بە واتای “بوونی نەتەوەیەک کە مایەی کێشەو ئاژاوەن، لە شەقامی تورکیادا واتاپێبدات.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا جارێکی دیکە ڕەخنەی لە سیستەمی سەرمایەداری گرتووەو بە هۆکاری تێکدانی برایەتیی گەلان‌و بە تایبەت برایەتیی کوردو تورکی داناوە لە ماوەی (٢٠٠) ساڵی ڕابردوودا، ئەو برایەتییەی وەک ئۆجەلان وەسفیکردووە، “زیاتر لە هەزار ساڵە بەردەوامە”.

دواجار هەڵوەشانەوەی پەکەکە هەرچەندە بە واتای شکست‌و کۆتاییهاتن نەیات، بەڵام یەکێک لە واتاکانی بریتییە لە شکستهێنانی بیری ئۆجەلان‌و پەکەکە لە خەباتی چەکداریدا، ڕەنگە ئەمەیش دەرفەتبدات بە هێزو ئایدۆلۆژیا ڕکابەرەکانی پەکەکەو ئۆجەلان، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان‌و بارزانییەکان، بەوەی بانگەشەی “شکستی بیری پەکەکەو خەباتی چەکداریی ئەو حیزبە بکەن، ئەمەیش دەرفەتیانپێدەدات بۆ بانگەشەی ڕەوابوونی خەباتی پارتی‌و ڕاکێشانی سەرنجی زیاتری هاوڵاتیانی باکووری کوردستان بۆ لای خۆیان”.
ئۆجەلان پێش ئەوەی داوای چەکدانان‌و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکات، جەخت لە سەر کۆمەڵگای دیموکراسی‌و بەڕێوەبردنی وڵات لە سایەی دیموکراسیدا دەکاتەوە، قەندیلیش لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە وەڵامی ئەرێنیی داواکارییەکەی ئۆجەلانی داوەتەوەو ئامادەکارییش بۆ کۆنگرە دەکات(٣٣). دەمپارتییش لە ڕێگەی گواستنەوەی پەیامەکەی ئۆجەلانەوە بە تەواوی پشتیوانی لە پڕۆسەکە دەکات، سە:احەدین دەمیرتاشیش بە نزای “خودا تەمەنی ئەردۆغان‌و باخچەلی‌و ئۆجەلان درێژبکات”، پشتیوانیی بۆ پڕۆسەکە ڕاگەیاندووە(٣٤). لێرەوە ئەرکی ئەردۆغان‌و دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستپێدەکات، کە کۆمەڵگای تورکیاو مەیدانی سیاسەت بەرەو دیموکراتی ببەن، دەستبەرداری لابردنی سەرۆک_شارەوانییەکانی دەمپارتی‌و جەهەپەو دانانی قەیوم لە جێگەیان ببن. ڕێگرییەکانی بەردەم سیاسییەکانی دەمپارتی‌و جەهەپە بۆ هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٨)ی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا مەرجی سەرەکی‌و پێشوەختەی زامنکردنی ئەو کۆمەڵگە دیموکراتییەن، کە ئۆجەلان پێش خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بانگەوازی بۆ دەکات.

ئەنجام
پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بۆ جاری چوارەمە ئەزمووندەکرێت، ئەمەیش دوای دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی بۆ بانگەوازی ئۆجەلان بە مەبەستی چەکدانانی پەکەکەو هەڵوەشانەوەی.
ئۆجەلان لە ڕێگەی بانگەوازێکەوە هەم داوای چەکدانان‌و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کردووە، هەمیش جەختی لە سەر کۆمەڵگەی دیموکراسی‌و بەڕێوەبردنی وڵات لە سایەی دیموکراسیدا کردووە، قەندیلیش پابەندیی خۆی بۆ بانگەوازەکە ڕاگەیاندووە. لێرەوە ئەرکی ئەردۆغان‌و دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستپێدەکات، کە کۆمەڵگای تورکیاو مەیدانی سیاسەت بەرەو دیموکراتی ببەن، دەستبەرداری لابردنی سەرۆک_شارەوانییەکانی دەمپارتی‌و جەهەپەو دانانی قەیوم لە جێگەیان ببن، ڕێگرییەکانی بەردەم سیاسییەکانی دەمپارتی‌و جەهەپە بۆ هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٨)ی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا مەرجی سەرەکی‌و پێشوەختەی زامنکردنی ئەو کۆمەڵگە دیموکراتییەن، کە ئۆجەلان پێش خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بانگەوازی بۆ دەکات.
لە هەمان کاتدا پێگەی هەولێر لە گفتوگۆکان‌و کاریگەریی ئەنجامەکانی پڕۆسەکە بە سەر پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ هەولێرو سلێمانی‌و ڕۆژئاوای کوردستاندا هۆکارێکی گرنگە بۆ سەردانی وەفدی ئیمراڵی-دەمپارتی، یان ناردنی پەیامی ئۆجەلان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، لە هەمان کاتدا وەرگرتنی سەرنجی بەرپرسانی پارتی‌و یەکێتی‌و ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ڕەچاوکردنی باڵانسی هێزو پەیوەندییەکانی ئەنقەرەو قەندیل لەگەڵ هەریەکێک لەو هێزانەدا.
یەکێک لە سوودمەندە گەورەکانی ئەم پڕۆسەیەو خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیش، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان‌و خەڵکی شاری سلێمانییە، ئەمەیش لەبەرئەوەی ئیدی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا دەکاتەوە.
ئەوەی ڕوونە، ڕاگەیاندنی بانگەشەی عەبدو:ڵا ئۆجەلانە بۆ قەندیل بە مەبەستی دەستبەرداربوون لە خەباتی چەکداری‌و ڕادەستبوون یان جێهێشتنی قەندیل، بەڵام ئەوەی ڕوون نییە، ئاستی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کوردو پەکەکە بۆ کوردانی باکوور لەلایەن تورکیاوەو داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستان‌و پەیوەندییەکانی هەولێرو سلێمانییە لەگەڵ ئەنقەرەو قەندیلدا.
________________
پەراوێزو سەرچاوەکان

1.Ferid Memirel ve Nedim Turfent, 1993’ten günümüze “Barış girişimleri”, 04.09.2023, https://bianet.org/haber/1993-ten-gunumuze-baris-girisimleri-283396#google_vignette, 12.11.2024.
2.Perspektif, Çözüm Süreci Neden Bitti?, 26.07.2021, https://www.perspektif.online/cozum-sureci-neden-bitti-2/, 21.11.2024.
3. BBC News Türkçe, 2013-2015 arasında çözüm sürecinde neler yaşandı?, 21.10.2024, https://www.bbc.com/turkce/articles/c2ln40n2ynxo, 21.11.2024.
4.BBC News Türkçe, 2013-2015 arasında çözüm sürecinde neler yaşandı?, 21.10.2024, https://www.bbc.com/turkce/articles/c2ln40n2ynxo, 21.11.2024.
5.Aljazeera Turk, Selahattin Demirtaş: Seni başkan yaptırmayacağız, 17.05.2015, https://www.youtube.com/watch?v=FwKUBhyny8Y, 02.12.2024.
6.Perspektif, Çözüm Süreci Neden Bitti?, 26.07.2021, https://www.perspektif.online/cozum-sureci-neden-bitti-2/, 21.11.2024.
7.KRTTV, Cumhurbaşkanı Erdoğan Türkiye Büyük Millet Meclisi Açılış Töreninde Konuşuyor, 01.10.2024, https://www.youtube.com/watch?v=cD7DWUzEewA, 15.11.2024.
8.HALKTV, MECLİS’TE ŞAŞIRTAN ANLAR! Devlet Bahçeli, daha önce topa tuttuğu DEM Partililerle tokalaştı!, 01.10.2024, https://www.youtube.com/watch?v=9BNqX0wWWXw&t=1s, 15.11.2024.
9. بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی تورکیاو کولتووری چالاکیی حیزبی سیاسی لە پەرلەمان، هەر فراکسیۆنێک هۆڵێکی بۆ دابینکراوە، لەو هۆڵەدا هەفتانە کۆبوونەوە دەکرێت‌و سەرۆکی حیزبەکە گوتارێک بۆ پەرلەمانتارو ئەندام‌و لایەنگرانی حیزبەکەی دەدات‌و هەڵوێستی خۆی لە بارەی ڕۆژەڤی ئەو هەفتەیەی جیهان‌و تورکیاوە ڕادەگەیەنێت.
10. Mevzuaat Bilgi Sistemi, CEZA VE GÜVENLİK TEDBİRLERİNİN İNFAZI HAKKINDA KANUN, 29.12.2004, https://www.mevzuat.gov.tr/mevzuat?MevzuatNo=5275&MevzuatTur=1&MevzuatTertip=5, 22.10.2024.
11. Adem Kara, Bahçeli’den yeni 0calan çıkışı, Dem parti İmralı’ya gidiyor!, 26.11.2024, https://www.youtube.com/watch?v=ydomHkHKvvc, 01.12.2024.
12.Son Gelişme, ANKARA – DEM Parti, PKK elebaşı ile görüşmek için Adalet Bakanlığı’na başvurdu, 26.11.2024, https://www.youtube.com/watch?v=RzxY-grMODQ, 01.12.2024.
13.Liderhaber, DEM Parti heyeti İmralı’yı ziyaret etti, 28.12.2024, https://www.liderhaber.com.tr/dem-parti-heyeti-imraliyi-ziyaret-etti, 12.02.2025.
14.Tercumangazetesi, Abdullah Öcalan’dan 7 Maddelik Mesaj, 29.12.2024, https://tercumangazetesi.com.tr/abdullah-ocalandan-7-maddelik-mesaj/, 12.02.2025.
15. BBC News Türkçe, İkinci İmralı ziyareti: Öcalan çalışmaları sürdürüyor, gözler Şubat ayında, 23.01.2025, https://www.bbc.com/turkce/articles/cly4g49pwp9o, 25.02.2025.
16.DHD Online, کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی شاندی ئیمراڵی لە سلێمانی, 18.02.2025, https://www.youtube.com/watch?v=YxLhjC7qHQg, 19.02.2025.
17.Habertürk TV, İmralı Ne Zaman Çağrı Yapacak?, 10.02.2025, https://www.youtube.com/watch?v=HE_Nypd5F4Q ,19.02.2025.
18.Yetkin Report, Erdoğan “süreç yok” dedikçe DEM “var” diyor; söylem makası açılıyor, 13.01.2025, https://yetkinreport.com/2025/01/13/erdogan-surec-yok-dedikce-dem-var-diyor-soylem-makasi-aciliyor/, 08.02.2025.
19.Halktv, AKP’li Yayman’dan ‘PKK ne zaman silah bırakacak’ sorusuna çok konuşulacak yanıt!, 02.01.2025, https://www.youtube.com/watch?v=ea1s_qA7uak, 20.02.2025.
20.VOA Türkçe, DEM Parti’den barış için dört maddelik öneri, 14.02.2025, https://www.voaturkce.com/a/dem-partiden-baris-icin-dort-maddelik-oneri/7974842.html, 19.02.2025.
21.İLKE News Agency, Yapıcıoğlu Batman’da yeni sürece dair konuştu , 21.01.2025, https://www.youtube.com/watch?v=ak5yOBiK3zA, 21.02.2025.
22. گفتوگۆی گەرم، دوا پێشهاتەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، 01.03.2025، https://www.speda.net/program/806/?fbclid=IwY2xjawIwTbFleHRuA2FlbQIxMQABHeY2eRebYqeh4Sq1g2uM3tIKtO4bsEdIN6udcaibqIp9S5nd4VZmHLYt3A_aem_-e93jX65-F1JGg1H9Fumbg، 01.03.2025
23.یەکگرتوو: شاندی ئیمراڵی بە نهێنی لەگەڵمان کۆبوونەتەوە، Ganjani Kiu، 01.03.2025، https://www.speda.net/program/806/?fbclid=IwY2xjawIwTbFleHRuA2FlbQIxMQABHeY2eRebYqeh4Sq1g2uM3tIKtO4bsEdIN6udcaibqIp9S5nd4VZmHLYt3A_aem_-e93jX65-F1JGg1H9Fumbg، 01.03.2025.
24.VOA Türkçe, HÜDA-PAR’ın “Kürt meselesine insani çözüm” çalıştayı siyaseti karıştırdı, 17.02.2025, https://www.voaturkce.com/a/hudapar-kurt-meselesine-insani-cozum-calistayi-siyaseti-karistirdi/7978081.html, 21.02.2025
25.Hudapar, “Kürt Meselesine İnsani Çözüm Çalıştayı” sonuç bildirgemiz, 16.02.2025, https://hudapar.org/haberler/kurt-meselesine-insani-cozum-cal%C4%B1stay%C4%B1-sonuc-bildirgemiz, 21.02.2025.
26.Medyascope, Hak İnisiyatifi’nden Kürt sorununun çözümü için forum: “Süreç kapalı kapılar ardında yürütülen bir pazarlık olmaktan çıkartılmalı”, 17.02.2025, https://medyascope.tv/2025/02/17/hak-inisiyatifi-kurt-sorununun-cozumu-icin-forum-duzenledi/, 21.02.2025.
27.İLKE News Agency, Yapıcıoğlu Batman’da yeni sürece dair konuştu, 21.01.2025, https://www.youtube.com/watch?v=ak5yOBiK3zA, 21.02.2025.
28.Bianet, DEM Parti PM toplantısı bildirgesi: İlk adım Öcalan’a yönelik tecridin kaldırılmasıdır, 27.10.2024, https://bianet.org/haber/dem-parti-pm-toplantisi-bildirgesi-ilk-adim-ocalana-yonelik-tecridin-kaldirilmasidir-301157, 01.12.2024.
29.Habertürk, İmralı’dan Beklenen Çağrı Ne Zaman Yapılacak?, 20.02.2025, https://www.youtube.com/watch?v=ec6pzCbQFwA, 23.02.2025
30.Habertürk, İmralı Ne Zaman Çağrı Yapacak?, 10.02.2025, https://www.youtube.com/watch?v=HE_Nypd5F4Q, 22.02.2025.
31.Dilara Bağcı, Abdullah Öcalan Açıklamasının Tam Metni: Öcalan Ne Açıkladı, Ne Dedi?, 27.02.2025, https://onedio.com/haber/abdullah-ocalan-aciklamasi-tam-metni-ocalan-ne-acikladi-ne-dedi-1277709, 27.02.2027
32.دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لە نێوان هەرێمی کوردستان‌و تورکیادا کرایەوە، 10.05.2023، https://www.rudaw.net/sorani/business/100520231، 28.02.2025
33.Yetkinreport, PKK ateşkes ilan etti, “Öcalan bırakılsın süreci yönetsin” dedi, 01.03.2025, https://yetkinreport.com/2025/03/01/pkk-ateskes-ilan-etti-ocalanin-yonetmesi-gerekir/, 01.03.2025.
34.Pusholder, Selahattin Demirtaş: “Erdoğan, Bahçeli ve Öcalan’a Allah uzun ömür versin, 28.02.2025, https://x.com/pusholder/status/1895555230265459006?t=OBSekjXF8eWSWR4dR1XxxA&s=09, 01.03.2025

Send this to a friend