شەوەزەنگی ئایدیۆلۆژیا و تروسکەی بەرخۆدان؛ خوێندنەوەی ڕۆمانی “پێشبڕکێی چیرۆکە تەواونەبووەکان”
مەزهەر ئیبراهیمی
پێشبازییا چیرۆکێن نەقەدیایی – Pêşbaziya Çîrokên Neqediyayî
مەزهەر ئیبراهیمی لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٠ی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ساڵی ٢٠١٤ بڕوانامەی ماستەری لە زمان و ئەدەبی فارسی لە زانکۆی کوردستان وەرگرتووە. ساڵی ٢٠١٩ ماستەری زمان و کولتووری کوردی لە زانکۆی ماردینی باکووری کوردستان تەواوکرد؛ نامەی ماستەرەکەی دەربارەی “پاکتاوکاری و پەراوێزخستنی زمانی کوردی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان” بووە، ئێستا لە بەشی کوردیی زانکۆی دیجلەی شاری ئامەدی باکووری کوردستان خەریکی خوێندنی دکتۆرایە. سێ پەرتووکی چاپکراوی هەیە، چەندین توێژینەوەی لە جۆرناڵ و گۆڤارە زانکۆییەکاندا بڵاوکراوەتەوە.
پێشەکی
پێشبڕکێی چیرۆکە تەواونەبووەکان (٢٠١٠)، ناونیشانی دووەمین ڕۆمانی شەنەر ئۆزمەن (Şener Özmen)؛ نوسەری چالاکی باکووری کوردستانە. ناوبراو لەدایکبووی ساڵی ١٩٧١ی شاری هەزەخی سەر بە شرناخە. لە ساڵی (١٩٩٩)ەوە دەستیداوەتە پێنوس و تا ئێستا چەندین بەرهەمی بە کوردی و تورکی بڵاوکردووەتەوە. ڕۆمانەکانی: ڕۆژنڤیسکا سپینۆزا (٢٠٠٨)، گرامەرا بێحزوور (٢٠١٤)، غەیب (٢٠١٧)، قسەیێن غەریبیێ (٢٠٠١٩) و کۆمەڵەچیرۆکی کەلەهـ (٢٠١٢)؛ بەشێک لە بەرهەمەکانی دیکەی ناوبراون.
ڕۆمانی پێشبڕکێی چیرۆکە تەواونەبووەکان لە چوار سەربەشی “دەستپێک، ئیمان، زمان، ڕامان” و بەشێک بە ناوی “سەرنجە تەواونەبووەکان” پێکهاتووە، کە ڕوونکردنەوەی هەندێک ڕووداوی بەشە سەرەکییەکانە. ڤەگێڕی(١) بنبەشی یەکەم مەراسیمە، کە سەرەتای ئاشنابوونی لەگەڵ پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمانەکە، واتە سەرتاجکاران، هەروەها تێکچوونی نێوانی لەگەڵ مامۆستا تورکەکەی دەگێڕێتەوە. لە درێژەدا ڤەگێڕێکی گشتزان، کە خودی سەرتاجە، لە زاری کەسی سێیەمەوە دەپەرژێتەسەر چیرۆکی بێبڕانەوەی ژیانی خۆی. ئەم بەسەرهاتانە لە هەژدە بنبەش پێکهاتوون و هەر جارێک باسی قۆناغێکی ژیانی پاڵەوانی سەرەکی دەکەن؛ لە بیرەوەریی سەردەمی منداڵی و ماڵبات و قوتابخانە و کارتێکەریی خاڵۆ شۆڕشگێڕەکەی و ڕەوشی نالەباری کوردان و پاشان مامۆستایەتی و پەیوەندیی لەگەڵ عەلی عوسمانی خوێندکاری سەرتاجەوە بگرە هەتا دەمی تێکچوونی ژیانی هاوبەشی لەگەڵ مەراسیم و دۆخی ناخۆشی تەنیایی و ئینجا بیرەوەرییەکانی کاتی شۆڕش و ناسینی دکتۆر سارینی دەروونناس و پاشان وەرگرتنی خەڵاتی چیرۆکنوسی و بانگهێشتکردنی بۆ ئەڵمانیا و …هتد. بنبەشی کۆتایی ڕۆمانەکەش، گێڕانەوەی چۆنیەتیی کوشتنی سەرتاجی “چەپگەر” و “لەدین لادەر”ە بە دەستی عەلی عوسمانی خاپێنراوی(٢) مەلا ئیدریس و هاوبیرانی، کە پەشیمانی و ڕق و قینی بکوژ لە هاندەران و فەرمانپێکەرانی لێ دەکەوێتەوە.
پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمانەکە ئەندامی خێزانێکی هەژاری شاری هەزەخە کە هەر جارێک بە پێی ڕەوشی دەروونی یان بارودۆخی دەوروبەر و تێڕوانینی کەسانی تر بە پاشناوێک وەسفدەکرێت، بۆ نموونە: “سەرتاجێ ئەڤیندار، سەرتاجێ سەرهشک، سەرتاجێ دۆگماتیک، سەرتاجێ ڕۆمانتیک، سەرتاجێ چارەڕەش، سەرتاجێ خوەڤەشارتی، سەرتاجێ خوەشبێژ و …هتد”. هەروەها پاش تەڤلیبوونی بە شۆڕشەوە، ناوی دەبێتە “شۆڕەش” و دیسان بە پێی ئەو ڕەوشەی تێیدایە، پاشناوێکی دەخرێتەسەر، بۆ وێنە: “شۆڕەشێ باوەڕی پۆڵا، شۆڕەشێ شۆپگەر، شۆڕەشێ شۆڕەش¬ تێکچوویی، شۆڕەشێ ڕەخنەگر و …هتد”.
ئەم ڕۆمانە تێکەڵە و لێکدراوێکە لە گێڕانەوەی سێ لایەنی ژیانی سەرتاج؛ یەکەم: وەک کەسایەتییەکی جیاواز و هەستیار لە هەمبەر ڕەوشی داسەپێنراوی دەوروبەریدا، دووەم: گێڕانەوەی بیرەوەرییە تاڵەکانیەتی لە بیچمی چیرۆکێکدا کە بۆ خۆی نوسەریەتی و سێیەم: ڕەنگدانەوەی خەون و خولیا و خەیاڵە تێکەڵپێکەڵەکانیەتی وەک مرۆڤێکی توشبووی نەخۆشیی شیزۆفرێنیا. نەخۆشیی دەروونیی سەرتاج بۆ خەمی تێکچوونی ژیانی هاوبەش، بێمافی و بندەستیی نەتەوەکەی، زمانبڕاوی، هەژاریی کتێبخانەی کوردی، تێکچوون و بەلاڕێداچوونی شۆڕش، نەزانیی گەل و هەروەها قۆڵبەستکردن و ئەشکەنجەدانی دەگەڕێتەوە. ئەمانە لە هزری ئاڵۆزی سەرتاج و شڵەژاویی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان و هەروەها دواندنی کاراکتەرێکی نائاسایی و خەیاڵکرد بە ناوی “پیرا نا”دا بە باشی نوێنراوەتەوە.
وتەکانی “پیرا نا”، کە بە درێژایی دەقەکە ناوەناوە بە دەنگ و پاشان بە جەستە دەردەکەوێت، ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ڕەوشی نالەباری نیشتیمان و هاونیشتیمانیانی سەرتاج، بە تایبەت لەو کاتەیدا کە لە ڕواڵەتی پیرەژنێکی قڕێژدا دەردەکەوێت و لەگەڵ سەرتاجدا دەبێتە دەمەقڕەیان و دوای ماوەیەک جنێوبەیەکدان ئاوەهای پێ دەڵێت: “ئەز داپیرا تەمە… ئەز دیا تەمە… ئەز وەلاتێ تەیێ کاڤلبووییمە… ئەز شۆڕەشا وەیا تێکچووییمە… ئەز وێژەیا وەیا خوەدبینم…” (من داپیری تۆم… دایکی تۆم… وڵاتی کاولبووی تۆم… من شۆڕشی تێکچووتانم… من وێژەی خۆبینتانم). ڕووداوەکانی ڕۆمانی ئاماژەپێدراو گەرچی هەندێک جار وەک خەون و خەیاڵی سەرتاج و هەندێک جار وەک چیرۆکێکی ناتەواوی ژیانی خۆی دەردەکەون، بەڵام بە تەواوەتی ڕاستیی کۆمەڵگەی باکووری کوردستان دەخەنەڕوو و واقیعێکمان پیشاندەدەن کە لەم سەد ساڵەی ڕابردوودا بۆ کوردی هەموو پارچەکان و هەروەها گەل و نەتەوە بندەستەکانی تری ئەم دەڤەرە نائاشنا نییە و هەموویان ئەزموونکراون.
دەوڵەت، ئایدیۆلۆژیا و سڕینەوەی ناسنامەی کوردی
جەختی ئەم خوێندنەوەیە لە سەر چالاکیی هەندێک دەزگای ئایدیۆلۆژیی پارێزەری بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە، کە بە پێچەوانەی دەزگای سەرکوتکەر، زیاتر بە شێوەی نەرمونیان و هەستپێنەکراو ئەرکەکانیان تێدەپەڕێنن. لەم ڕۆمانەدا زۆر نموونەی توندوتیژیی فیزیکی و دەستوەردانی ڕاستەوخۆی دەزگای سەرکوتی دەوڵەت تۆمارکراوە، کە لێرەدا تەنیا نموونەیەکی دەخەینەبەرچاو؛ یەکێک لە بیرەوەرییە تاڵەکانی سەردەمی خوێندنی سەرتاج ئەو کاتەیە کە لە بڵیندگۆی مزگەوتەوە خەڵکیان بانگهێشتی حەوشەی شارەداری کردبوو و بەڕێوەبەر و مامۆستاکانیش قوتابیانیان دابووەبەر بۆ ئەوێ، ئینجا چەکدارانی دەوڵەت و شارەداری هەزەخ، هاوکات لەگەڵ پیشاندانی تەرمی چەند کچ و کوڕی شەڕوان، هۆشدارییان بە باوک و دایکەکان دابوو کە ئاگاداری منداڵەکانیان بن نەکوا بکەونە دەست “ڤان تەرۆریستان، ڤان ئەرمەنییان، بەلشەفیکەکان…”. دوایەش “خۆرتێن تاخا ژێرێ” (گەنجانی گەڕەکی خوارووی شار) بە پێشکەشکردنی سروودی نەتەوەیی کۆماری تورکیا کۆتاییان بە گردبوونەوەکە هێنابوو. بەم چەشنە، وەک سەرتاج دەڵێت: “دەرسا وانا وێ ڕۆژێ ژی بووبوو تەماشاکرنا جەندەکێن بێخوەدی.”
لەو دیمەنەدا سێبەری قورسی تۆقاندن، هەڕەشە، بێڕێزی¬ و توندوتیژیی دەزگای سەرکوتکەری دەوڵەت بەرچاوە، بەڵام بە پێی ڕوانگەی بیرمەندی فەڕەنسی؛ لویی ئاڵتوسێر (Louis Althusser)، ئەوەی کە زیاترین ڕاژە بە دەوڵەت و چین و لایەنی سەردەست دەگەیەنێت و لەم پێناوەدا کاراتر و بەبڕشتترە و کاریگەریی قووڵتر بەجێدەهێڵێت، نەک دەزگای سەرکوتکەر و هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی ڕاستەوخۆ، بەڵکو ئایدیۆلۆژیا و دامودەزگا گرێدراوەکانیەتی. ئایدیۆلۆژیا ئەو هێزە شاراوەیەیە کە سەرتاسەری ژیانی مرۆڤ و جوڵە و بیرکردنەوەیانی تەنیوەتەوە و تاکەکان نەخوازراوانە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی چینی چەوسێنەردا کاری بۆ دەکەن. ئاڵتوسێر بە هێنانەگۆڕی ئەم بیردۆز و تێڕوانینە نوێیە هەوڵیداوە لایەنە شاراوەکانی ئایدیۆلۆژیا و شێوە ڕەنگامەکانی داگیرکردنی زەینی تاکەکان ئاشکرابکات. لە ڕۆمانی بەردەستدا ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخە بە تۆخی دەبینین، کاتێک پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمان بە ئاوڕدانەوە لە بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵیی خۆی دەڵێت:
“وی ژی بەیرەق هلگرتبوو، چووبوو جەژنان، وی ژی ل چەپکان خستبوو، وی ژی د مەش و خوەپێشاندانێن سافی نەتەوی¬دە جیگرتبوو و مینا لەشکەرەکی ڕەپ و تەپ مەشیابوو، وی ژی ب قێرین گۆتبوو: “نە موتلو تورکووم دیەنە!” (خوەزی ب بتەختەوەرییا وی/وێ یێ/یا کو دبێژە ئەز ترکم!) و چما ئەو نە “موتلو” (بەختەوار) بوو بۆ خوەدێ!؟ ئەو دەم و دەورانێن خوەزی¬پێئانینان دابهوریبوون چووبوون. تەڤی کو دیا وی ب کوردی ژ وی¬رە دگۆت کو “ئەم ترکن”، ب تەڤی کو مامۆستەیێن وی ب ترکی ویر¬ە دگۆتن کو “تورکون تورکتەن باشکا دۆستو یۆکتور” (ژ بلی ترکان تو دۆستێ ترکان نینە)، دیسان ژی چێ ¬نەدبوو. خەلەتییەکە مەزن د وان گۆتنان دە هەبوو لێ ئەو ب سەر ڤە نەدبوو.”
(ئەویش ئاڵای هەڵگرتبوو، بەشداریی جەژنەکانی کردبوو، چەپڵەیلێدابوو، لە خۆپیشاندانەکانی نەتەوەی پاکدا بەشداربووبوو و وەک سەربازێک تەپەتەپ ڕێیکردبوو، ئەویش قیڕاندبووی: “چەند خۆشحاڵە ئەو کەسەی دەڵێت تورکم!” و بۆچی ئەو بەختەوەر نەبوو توخوا! سەردەمی خۆزگەخواستن ئیدی بەسەرچووبوو. لەگەڵ ئەوەی کە دایکی بە کوردی پێی دەگوت: “ئێمە تورکین”، لەگەڵ ئەوەی مامۆستاکان پێیان دەگوت: “تورک بێجگە لە تورک چ دۆستێکی دیکەی نییە”، دیسان سەرینەدەگرت. هەڵەیەکی گەورە لەو وتانەدا بوو، بەڵام ئەم تێنەدەگەیشت.)
ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە، بە تەواوەتی ڕاستیی کۆمەڵگەی باکووری کوردستان دەخەنەڕوو و واقیعێکمان پیشاندەدەن کە لەم سەد ساڵەی ڕابردوودا بۆ کوردی هەموو پارچەکان و هەروەها گەل و نەتەوە بندەستەکانی تری ئەم دەڤەرە نائاشنا نییە و هەموویان ئەزموونکراون.
لەم دێڕانەی سەرەوەدا کاریگەریی ئایدیۆلۆژیا زۆر قووڵ و بەرچاوە، بە چەشنێک کە دایکی سەرتاج، سەرەڕای ئەوەی نەخوێندەوارە و کاریگەریی قوتابخانەی لە سەر نییە و تەنانەت وشەیەک تورکییش نازانێت، بە زمانی کوردی باس لە تورکبوونی خۆیان دەکات. هەڵبەت لێرەدا نابێت ڕۆڵی دەزگای سەرکوت لەبیربکرێت؛ دەسەڵات بە سوودوەرگرتن لە ڕێوشوێنی جۆراوجۆر، لەوانە: توندوتیژیی فیزیکی و ڕاستەوخۆ یان هێمایی و ناڕاستەوخۆ، ئایدیۆلۆژیا بە هەموو قوژبنێکدا بڵاودەکاتەوە و لە هەموو مێشکێکدا جێگیریدەکات. ئەم بارودۆخە بۆ سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لە سەدەی بیستەمدا دەگەڕێتەوە، کە بە شێوەیەکی توند هەوڵی تواندنەوەی ناسنامەی کوردیی دەدا. بە وتەی جوما چیچەک لە کتێبی زمانەک چما تێ قەدەغەکرن (٢٠١٣)، جێبەجێکارانی سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن لە ڕاپۆرتەکانیاندا پێیان لە سەر ئەوە دادەگرت کە دەوڵەت دەبێت کوردان ڕابهێنێت و فێریانبکات کە کورد نین، بەڵکو تورکن.
جیا لە هەڵوێستی دایکی سەرتاج، کە پیشاندەری ڕۆچوونی ئایدیۆلۆژیای چینی باڵادەست بە ناخی هزری تاکە بندەستەکاندایە، مامۆستاکانیش کارگێڕ و پەرەپێدەری ئایدیۆلۆژیان و منداڵان بە جۆرێک پەروەردەدەکەن کە ڕەوشی داسەپاو وەک واقیعی نەگۆڕی ژیانیان ببینن. دەزگای فێرکاری منداڵە تورکەکان وەها ڕادەهێنن کە تورکبوونیان بە واتای سەرتربوون، هۆی شانازی و هۆکاری پێشکەوتن بزانن. لە بەرانبەریشدا بە شێوەی چەواشەکارانە لە مێشکی منداڵانی کورددا ئەم ئایدیایە دەچێنن کە کوردبوون بە واتای دوژمنایەتیی شارستانیەت و دژی ئەولەهی و سەقامگیری و پێشکەوتنی وڵاتە و کوردان دەبێت نکۆڵی لە زمان و ناسنامەی خۆیان بکەن و ملکەچی نەتەوەی سەردەست بن، تاوەکو دەوڵەت مافی ژیانێکی تورکانەیان پێ بدات.
سەرتاج بەم جۆرە باسی بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی و ڕوانگەی دایکی و مامۆستاکانی دەکات و ئەوەی هەمیشە و لە هەموو شوێنێکدا بەگوێیدادراوە و لە گوێیدا زرینگاوەتەوە، جەختکردنەوە بووە لە سەر تورکبوون، بەڵام کە گەورەدەبێت، لەو شتانەی بنەماڵە و خوێندنگە فێریانکردووە، دەکەوێتە گومانەوە. هۆکاری ئەم گومانەش زیاتر محەمەدی خاڵۆیەتی کە لە شۆڕشگێڕانی تەڤگەرێکی مارکسیی کوردییە و باندۆری زۆری لە سەر بیروبڕواکانی داناوە. یەکێک لە بیرەوەرییە تاڵەکانی سەردەمی منداڵیی سەرتاج کە بۆ یەکەم جار دەروونی برینداردەکات، کوژرانی خاڵۆی بە دەستی هێزەکانی دەوڵەت و شین و گریانی دایکی و پاشان هەڵکوتانەسەر ماڵ و شێواندنی کەلوپەلەکانیانە.
دەسەڵات لە ڕێگەی میدیاکانیەوە ماڵبەماڵ دەگەڕێت و مێشکی زۆرینەی تاکەکان داگیردەکات، وایان لێ دەکات پێداگرتر لە ئەندامانی چینی باڵادەست، لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەواندا و بۆ ملکەچی و چەوساندنەوەی زیاتری خۆیان تێبکۆشن. بە وتەی کۆمەڵناسی فەڕەنسی؛ پییەر بۆردیۆ (Pierre Bourdieu)، تەلەفزیۆن زۆرترین دەرفەتی فۆڕمدان بە بیری بەشێکی گەورەی خەڵکی لە بەردەستدایە و بە زەقکردنەوەی ڕووداوی بێبایەخ، سەرنجی جەماوەر لە سەر ڕووداوە گرنگەکان هەڵدەگرێت، خەڵکیش لە باتیی ئەوەی کاتیان بۆ دەستخستنی زانیاری سەبارەت بە مافە دیموکراتەکانیان تەرخانبکەن، بۆ شتی پووچ و کەمبایەخ بەفیڕۆیدەدەن. بە پێی ڕوانگەی لویی ئاڵتوسێر هەموو ئەو دەزگایانەی کۆمەڵگەیان پێکهێناوە، بە حکومی و ناحکومییەوە، لە بنەماڵە و قوتابخانە و مزگەوتەوە بگرە هەتا ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و هونەر و وەرزش و ئەدەبیات، لە پێناو پاراستن و پەرەپێدان و جێگیرکردنی ئایدیۆلۆژیای زاڵدا کاردەکەن. لەم نموونەیەشدا دیسان ڕۆچوونی ئایدیۆلۆژیا بە ناخی خێزاندا دەبینین:
“مەسەلەیا ئەسل و فەسلێ مالباتێ، کۆک و ڕەهێن باڤێ من و یێن دیا من، یەکی موهاجر و یەکا کورد، ناخوە چما باڤێ من دگۆت: “بیز تورکوز کزیم” (ئەم ترکن قیزا من) و هەر جارا کو وی دگۆت: “بیز تورکوز کزیم”، ئەتا من دبوو پزۆت… وێ ژی ئا خوە دگۆت ب قیرەقیر و ل دیا من ڤەدگەریا، دگۆتێ ب گری، “تو چما خەبەر نادی دایێ؟ چما نابێژیێ کو هوون ژ دێیەکە کوردن؟ ما نە ئەسل دێیە…؟” لێ دیا منا ڕەبەن دەنگێ خوە نەدکر، نە ژ باڤێ من¬رە، نە ژی ژ قیزا خوە یا مەزنر¬ە، نەدگۆت: “ئەرێ” یان “نا”، سەرێ خوە بەرا بەر خوە ددا و ب حالێ خوەدە دپۆنژی.”
(پرسی ڕەچەڵەکی بنەماڵەکەمان، ڕەگوڕیشەی باوک و دایکم، یەکیان موهاجر و ئەوی دیکەیان کورد، هەر جارێک کە باوکم دەیگوت: “ئێمە تورکین کچەکەم”، خوشکم ئاگری تێبەردەبوو… ئەویش بە قیژەقیژ هەڵیدەدایە و بە گریانەوە بە دایکمی دەگوت: “تۆ بۆ هیچ ناڵێی دایە؟ بۆ ناڵێی ئێوە لە دایکێکی کوردن؟ مەگەر ئەسڵ دایک نییە…؟” بەڵام دایکە هەژارەکەم هیچی نەدەگوت، نە بە باوکم و نە بە کچە گەورەکەی، نە بە “ئەرێ” و نە بە “نا” وەڵامینەدەدانەوە، سەری دەبەر خۆی دەنا و بۆ ئەو ڕەوش و حاڵەی خۆی دەگریا.)
لە ڕۆمانەکەدا دۆخی باکووری نیشتیمان لە ڕێگەی کاراکتەرێکی خەیاڵکردی پاڵەوانی چیرۆکەکەوە بە ناوی “پیرا نا” بەم جۆرە وێناکراوە: “ئەز داپیرا تەمە… ئەز دیا تەمە… ئەز وەلاتێ تەیێ کاڤلبووییمە… ئەز شۆڕەشا وەیا تێکچووییمە… ئەز وێژەیا وەیا خوەدبینم…”
ئەم دێڕانە بیرەوەرییەکانی مەراسیمیان لەخۆگرتووە. مەراسیم و یاسەمین دوو کچی خێزانێکی چوارکەسیی نیشتەجێی ئەنقەرەن. باوکیان تورکێکی “موهاجیر” و دایکیان کوردە. مەراسیم دوایی دەبێتە هاوژینی سەرتاجی کوڕەدۆستی خوشکەکەی. یاسەمین، بە پێچەوانەی مەراسیمەوە، زمان و ناسنامەی خۆی بە لاوە گرنگە و هەمیشە بەرپەرچی هەڵوێست و هەڵسوکەوتی باوک و خوشکەکەی دەداتەوە. بنەماڵە وەک یەکێک لە دەزگا ئایدیۆلۆژییەکان، ئەندامانی خۆی دەکاتە ئامانجی ئایدیۆلۆژیای زاڵ و لە پێناو دەستەبەربوونی بەرژەوەندییەکانی چینی سەردەستدا بەکاریاندەهێنێت. باوکی مەراسیم وەک هێزی باڵادەستی خێزان بە دووپاتکردنەوەی ئایدیای “ئێمە تورکین”، دەیەوێت هاوژین و کچەکانیشی وا لێ بکات باوەڕی تەواو بەو ئایدیایەی دەسەڵات بهێنن کە لە تورکیا تەنیا یەک نەتەوە و یەک زمان هەیە، ئەوەش نەتەوەی تورک و زمانی تورکییە. هەوڵەکانی ئەو سەبارەت بە مەراسیم سەرکەوتوو بووە، بەڵام یاسەمین لە دژی هەڵوێستدەگرێت و دەیەوێت ورەی بەرەنگاربوونەوە لە دایکیشیدا بوروژێنێت، کەچی کاردانەوەی دایکی، تەنیا بێدەنگی و گریانە.
دەزگا ئایدیۆلۆژییەکان هەمیشە و لە هەموو شوێنێکدا بە شێوەی نەرم و هەستپێنەکراو کارناکەن و هەندێک جار وەکو دەزگای سەرکوت، لە توندوتیژییش کەڵکوەردەگرن. هەڵسوکەوتی دایکی یاسەمین ئەم گوتەیە پشتڕاستدەکاتەوە؛ گریان و بێدەنگیی ئەو لە هەمبەر پرسیارەکانی یاسەمین، کە بە گریانەوە داوای کاردانەوە و بەدرۆخستنەوەی وتەکانی باوکی لێ دەکات، نیشانەی دەستەوەستانی و ناچارییەتی، دەرخەری توندوتیژییەکە بە سەریدا داسەپاوە و ملکەچیکردووە. بندەستیی ئەم ژنە کوردە دوولایەنەیە، لە لایەکەوە وەک ژن و لە لایەکی ترەوە وەک کوردێک ڕەتدانەوەی گوتەی مێردەکەی بۆ نالوێت، بۆیە بێدەنگی و گریان هەڵدەبژێرێت. ئەم دۆخە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی دایکی سەرتاج کە بە زمانی کوردی جەختی لە سەر تورکبوونی خۆی دەکردەوە؛ لەودا دووانەی سەرکوت-ئایدیۆلۆژیا سووژە(٣) ی دڵخوازی دەوڵەتی دروستکردبوو، کەچی لەمەدا سەرکوتی ڕووت و ڕاستەوخۆ دەنگی سووژەی بندەستی کپکردووە.
سووژە ئەگەرچی وەک کەسێکی سەربەستی جێبەجێکەر و بەرپرسیاری کارەکانی خۆی دێتەبەرچاو، بەڵام لە ڕاستیدا تاکێکی بندەستە کە خۆی بە تەواوەتی ڕادەستی دەسەڵاتی باڵادەست دەکا، بە چەشنێک کە لە هەموو ئازادییەک بێبەشدەبێت، بێجگە لەوەی کە تەنیا بۆی هەیە بە شێوەی ئازادانە ملکەچبوونی خۆی هەڵبژێرێت. سووژەی دڵخوازی دەسەڵات، پێناسەی تاکی ڕۆچووی ناو گێژاوی ئایدیۆلۆژیایە. ئایدیۆلۆژیا لە ڕێگەی دەزگاکانیەوە و بە بانگکردن و لێپێچینەوەی تاکەکان، ڕەوتی بەسووژەکردن بەڕێوەدەبات و سووژەش بۆ خۆی ئەرکی خۆچەوساندنەوە و گەشەدان بەم پێواژۆیە لەئەستۆدەگرێت و بەردەوام بەرهەمیدەهێنێتەوە. لە بەرانبەردا هەندێک تاکیش هەن کە ملکەچی ئایدیۆلۆژیای زاڵ نابن و لە دژی هەڵوێستدەگرن، ئەمانە سەربزێو و بەرەنگارن، بەو واتایە کە لە باتیی ملکەچی، سەر بەرزدەکەنەوە و هەوڵی بەرگری و بەرەنگاری دەدەن.
لەم ڕۆمانەدا گەلێک سووژەی ملکەچ و چەند نموونەیەکیش تاکی سەربزێو وەبەرچاودەکەون. لە بەشێکی ڕۆمانەکەدا یاسەمین لە مەراسیمی خوشکی توڕەدەبێت و پێی دەڵێت: “هەر گاڤا تو ب وی زمانی خەبەر ددی و ژ کوردستانێ رە دبێژی رۆژهلاتا باشوور، یەکسەر پێشکێشکەرێ رەوشا هەوایێ یێ کو هەر ئێڤار پشتی نووچەیێن مشت پرۆپاگاندا دەردکەڤە پێش بینەران، تێ بەر چاڤێن من…” (هەر کاتێک بەو زمانە قسەدەکەیت و بە کوردستان دەڵێیت باشووری ڕۆژهەڵات، یەکسەر پێشکەشکاری ڕەوشی هەوام دێتەبەرچاو کە هەموو ئێوارەیەک دوای هەواڵە پڕ لە پڕوپاگەندەکان لە بینەران دەردەکەوێت.)
مەراسیم و یاسەمین لە زانستگەی شاری مێرسین دەخوێنن. یاسەمین کچێکی بەهەڵوێستە و لە هەمبەر زوڵموزۆری دەسەڵاتدا هەستیارە و هەردەم لە پەیوەندیی لەگەڵ پرسی نەتەوەیی و زمانیدا بە توندی ڕووبەڕووی باوک و خوشکەکەی دەبێتەوە و هێرشدەکاتەسەر بیروڕایان. ئەو دواتر دەبێتە هاوسەری سەرتاج و پاش ماوەیەک پیکەوەژیانی پڕمشتومڕ لێکدادەبڕێن. یەکێک لە هۆیەکانی ناکۆکییان نیشتەجێبوونیان لە هەزەخ و بە گشتی کوردستانە، کە ئەو بە “وەلاتێ تەرۆریستان” ناویدەهێنێت و هەردەم داوای لە هاوژینەکەی دەکات بڕۆن بۆ شوێنێکی تر، چونکە “هەرێمەکە نەحلەتکرییە، ب تالووکەیە، هەر ڕۆژ ب دەهان مرۆڤ ل وێ تێن کوشتن، تێن ڕەڤاندن، تێن شێلاندن، توشی تەجاوزێ دبن، دبن قوربانا تەرۆرێ.” (هەرێمێکی نەحلەتلێکراوە، پڕمەترسییە، هەموو ڕۆژێک دەیان مرۆڤ لێرەدا دەکوژرێن، دەڕفێنرێن، تاڵاندەکرێن، دەستدرێژییاندەکرێتەسەر، دەبنە قوربانیی تیرۆر.)
بەشێک لە دیمەنەکانی ڕۆمانەکە سێبەری قورسی تۆقاندن، هەڕەشە، بێڕێزی¬ و توندوتیژیی دەزگای سەرکوتکەری دەوڵەتی تورکیا نیشاندەدات، ئەمە جگە لە هەوڵی دەزگا پەروەردەییەکانی وەک “مزگەوت، قوتابخانە و میدیا” کە هەوڵی سپیکردنەوە و جوانکردنی وێنای دەوڵەتیان داوە.
بە گوێرەی چەمکە ڕەخنەییەکانی ئاڵتوسێر، مەراسیم نموونەی سووژەی ملکەچی ئایدیۆلۆژیای زاڵە. ئەو لە بن کاریگەریی دەزگا ئایدیۆلۆژییەکانی خێزان، خوێندنگە، زانکۆ و میدیادا، بە زمانی خۆی قسەناکات و خۆ لە بەکارهێنانی وشەی “گەلی کورد” دەبوێرێت و بە “نەبخێر” وەسفیدەکات، هەروەها بەو جۆرەی یاسەمینیش دەڵێت، وەک پێشکەشکاری ڕەوشی هەوا بە “باکووری کوردستان” دەڵێت: “باشووی ڕۆژهەڵات”. مەراسیم کە بە پێی پەروەردەی ئایدیۆلۆژیای زاڵ دەئاخفێت و دەفکرێت، نەک هەر هەست بە هەڵەبوونی وتە و ڕوانگەکانی خۆی ناکات، بەڵکو باوەڕی قورس و قایمیشی پێیانە و پێداگرییان لە سەر دەکات، بە هیی خۆی دەزانێت و پێی وایە لە ئاوەزی ئازاد و بڕیاردەری خۆیەوە سەریانهەڵداوە، کەچی لە ڕاستیدا ئەو تەنیا سووژەیەکی کارامەیە کە وەڵامی ئەرێنیی بە بانگەوازی ئایدیۆلۆژیای زاڵ داوەتەوە و ڕەوتی بەسووژەبوونی سەرکەوتوانە تێپەڕاندووە. ئەو گرنگی بە زمانی دایکی خۆی نادات و قسەی پێ ناکات و بەردەوام ئایدیا پێڕاهاتووەکان دووبارەدەکاتەوە و سەرلەنوێ بەرهەمیاندەهێنێتەوە. هەروەها باوکیشی نموونەی سووژەی دڵخواز و بانگەشەکاری بیرۆکەکانی دەسەڵاتە و بەرکەوتەی چەواشەکاری و چێکەری زەینیەتی بەلاڕێدابراوی کچەکەیەتی. لە بەرانبەردا یاسەمین نموونەی تاکی بەرخۆدێرە، بەو واتایە کە ئایدیۆلۆژیای زاڵ نەبووەتە بەشێکی ناسنامەی و بە پێچەوانەوە بەرەنگاری دۆخی داسەپێنراو و تاکە دەستەمۆ و دەستاژۆکان دەبێتەوە. جارێکیان ناخۆشیی ڕەوشی ژیانی کوردان دەبێتە مژاری باسوخواس و گەنگەشەی لەگەڵ خوشک و باوکیدا و تێدەکۆشێت چەوتیی تێگەیشتنیان دەربخات و سووچ و تاوانی دەسەڵاتدارانیان بۆ ئاشکرابکات، بەڵام چ ئاکامی نابێت؛ ئینجا بە توڕەیی بەرپەرچی باوکی دەداتەوە و هەڕەشەی تەڤلیبوو¬نی بزوتنەوەی دژەدەوڵەتی لێ دەکات.
دەسەڵات بە سوودوەرگرتن لە ڕێوشوێنی جۆراوجۆر، لەوانە: توندوتیژیی فیزیکی و ڕاستەوخۆ یان هێمایی و ناڕاستەوخۆ، ئایدیۆلۆژیا بە هەموو قوژبنێکدا بڵاودەکاتەوە و لە هەموو مێشکێکدا جێگیریدەکات. ئەم بارودۆخە بۆ سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لە سەدەی بیستەمدا دەگەڕێتەوە، کە بە شێوەیەکی توند هەوڵی تواندنەوەی ناسنامەی کوردی دەدا و بە وتەی جوما چیچەک لە کتێبی زمانەک چما تێ قەدەغەکرن (٢٠١٣)، جێبەجێکارانی سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن لە ڕاپۆرتەکانیاندا پێیان لە سەر ئەوە دادەگرت کە دەوڵەت دەبێت کوردان ڕابهێنێت و فێریانبکات کە کورد نین، بەڵکو تورکن.
مەراسیم نموونەی سووژەیەکی بچووکە کە هەردەم دەیەوێت خۆی بگەیەنێتە پێگەی سووژەی گەورە. ئەو هەموو هەوڵێکی بۆ خۆتورکاندنە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی لە هەموو ڕوویەکەوە حاشا لە ناسنامە و کوردبوونی خۆی دەکات، بەردەوام هەر وەک بندەستێک سەیردەکرێت. وەک سەرتاج دەڵێت: “ئەز چ ب خوە، چ ب روویێ خوە، چ ب دەنگێ خوە، چ ب دەڤۆکا خوە، چ ب هەڤۆکا خوە بکم ژی، نابم یەک ژ وان.” (چی لە خۆم، لە ڕەنگم، لە دەنگم، لە زار و زمانم بکەم، نابمە یەکێک لە ئەوان.) بە واتایەکی تر: “چەندی ئەز شێوەیێ ئاخافتنا خوە بگوهەرینم… ئەز هەر ئەزم، دیسان جاهیل و نەزانم، دیسان دژمن و نەیارم، دیسان تەرۆریستەکی بێئەیارم د چاڤێ واندە.” (هەرچەندە شێوەی ئاخافتنم بگۆڕم… من هەر منم، دیسان هەر نەزانم، دیسان دوژمن و نەیارم، دیسان لە چاوی ئەواندا هەر تیرۆریستم.)
یاسەمین دژی پەیوەندیی نێوان مەراسیم و مامۆستای وێژەی تورکییەکەیەتی لە زانکۆدا، هەمیشە لە مەترسیی ئەو پەیوەندییە ئاگاداریدەکاتەوە و پێی دەڵێت: تۆ وەک کەلوپەلی نوسینگەکەی وایت کە دوای ماوەیەک ڕادەستی ئەرکدارێکی ترت دەکات، هەر ئاواش دەبێت و پاش ماوەیەک چێژلێوەرگرتن وازی لێ دەهێنێت. ئۆندەر و مەراسیم هێمای دوو ڕەهەندی سەردەست-بندەستن، واتە پیشاندەری پەیوەندیی نێوان تاکی دەسەڵاتداری خاوەنهێز و لە بەرانبەردا سووژەی ملکەچی بێدەسەڵاتن، ئینجا بەکارهێنانی پاشناوی “پاشا”ش بۆ ئۆندەر، ئاماژەیە بۆ باڵادەستیی ناوبراو. هەروەها کاتێک مەراسیم باس لە خۆبەدەستەوەدان و پێبەخشینی کچێنیی خۆی دەکات، پەیوەندیی چەوسێنەرانەی نێوانیان بە باشترین شێوە دەنوێنرێتەوە: “کێف کێفا وی بوو گاڤا ب هەستێن مێرەکی بسەرکەتی کنجێن خوە ل خوە کربوو. ئەز بێلەپت و لڤ مابووم د قادا شەڕی دە، بێدەنگ و بێحس، نەچار و شکەستی.” (کەیفی سازبوو کاتێک وەک پیاو/ پاڵەوانێکی سەرکەوتوو جلەکانی لەبەرکردبوو. من کپ و مات لە گۆڕەپانی شەڕدا مابوومەوە، بێدەنگ و بێهەست، بێچارە و دۆڕاو) لە لایەکی ترەوە، سەرتاج وەک تاکێکی سەربزێو و بەرەنگار ئاواتە وەدینەهاتووەکانی بەم چەشنە وێنادەکات:
“بەلێ، وەلاتەک هەبوو ب ناڤێ کوردستانێ و ئەو ل مەزنترین باژارێ وی وەلاتی ژدایک بووبوو، ل باژارێ ئامەدا قەدیم. ئامەد کو سۆرگولا کوردستانێ بوو، ئەو هەلبەستەکە قەوی، مێژوویەکە خوەڕاگرتی و ڕابردوویەکە سەرگەڤەز بوو، بەری کو ببە کریستال و ئەلیف – لام – میم. وی دایکەک و باڤەک وەلاتپارێز هەبوو، خوەندا و تێگهشتی. ناڤێ دایکا وی زارشیرینێ، ناڤێ باڤێ وی ژی میرۆ بوو… دو خوشک (هەڤۆک و ڕەڤۆک) و دو برایێن وی یێن ژێ بچووکتر (سەردەست و کاوا) هەبوون و ئەو ژی د ڕێیا دێ و باڤێ خوەدە بوون. ژخوە ناڤێ وی ژی نە سەرتاج بوو… ناڤێ وی، ناڤێ کو باڤێ وی لێ کربوو فەرهەنگ بوو. فەرهەنگ ناڤەکی ب کوردی بوو و گەلەکی لێ دچوو. ڕۆژا کو ژدایک بووبوو، فەرهەنگنوسەکی ناڤداری کورد ل سەر داخوازا باڤێ وی هین ئەو ل زانینگەهێ، د گوهێ وی یێ راستێ¬دە دوسەد پەیڤێن “مێ”، د گوهێ وی یێ چەپێ¬دە ژی دوسەد پەیڤێن «نێر» ژمارتبوون ژ فەرهەنگا خوەیا دەوڵەمەند. ئەو هین د بیست و چار سالیا خوەدە بوو و ب تەشویقا باڤێ خوە، وی دەست ب نڤیساندنا کورتەچیرۆکان کربوو، بێگومان ب زمانێ خوە یی ڕەسەن.”
(بەڵێ، وڵاتێک بوو بە ناوی کوردستان و ئەو لە گەورەترین شاری ئەو وڵاتەدا لەدایکبووبوو، لە ئامەدی کۆن، ئامەد کە سوورەگوڵی کوردستان بوو، کە هەڵبەستێکی بەهێز و خاوەن مێژوویەکی خۆڕاگرتوو و ڕابردوویەکی پڕشانازی بوو، پێش ئەوەی ببێتە کریستاڵ و ئەلیف – لام – میم. ئەو دایک و باوکێکی وڵاتپارێز و خوێندەوار و تێگەیشتووی هەبوو. ناوی دایکی زارشیرین و ناوی باوکی میرۆ بوو… دوو خوشک (هەڤۆک و ڕەڤۆک) و دوو برای (سەردەست و کاوا) لە خۆی بچووکتری هەبوو و ئەوانیش ڕێچکەی دایکوباوکیان گرتبوو. ناوی خۆیشی سەرتاج نەبوو… باوک و دایکی ناویاننابوو فەرهەنگ. فەرهەنگ ناوێکی کوردی بوو و زۆر لێیدەهات. ئەو ڕۆژەی لەدایکبووبوو، فەرهەنگنوسێکی ناوداری کورد لە سەر داوای باوکی و لە زانکۆدا دووسەد پەیڤی مێ و دووسەد پەیڤی نێری لە فەرهەنگە دەوڵەمەندەکەی بە گوێی ڕاست و چەپیدا دابوو. ئەو لە تەمەنی بیستوچوار ساڵیدا بوو و بە هاندانی باوکی، دەستی بە نوسینی کورتەچیرۆک کردبوو، بێگومان بە زمانی ڕەسەنی خۆی.)
ئامانجی سەرتاج و هاوڕێیانی، ڕزگارکردنی باژاری ئامەد و هەموو “باژارێن تارستان” و بڕیاری وی “ڤەنەگەران هەتا ئازادییا وەلات” بوو، کەچی نەک هەر سەرکەوتنی بە دواوە نەبوو، دواجار هیوابڕاوی و دژایەتیی شۆڕشی لێ کەوتەوە، تا ئەو جێگەیەی نەک هەر خەڵک، تەنانەت پشیلەکانیش ڕقیان لە وشەی شۆڕشە.
ئەم کۆدێڕە بەشێکە لە دنیای خەونەکانی سەرتاج، کە لەبەر شڵەژاویی دەروونی، لە ژێر چاودێریی پزیشکدایە. ئەو لە وەڵامی پرسیارەکانی دکتۆر¬ ساریندا ڕاستی و خەیاڵی لێ تێکدەچێت و ژیانی ڕاستەقینەی خۆی و چیرۆکە ناتەواوەکەی و خەونەکانی تێکەڵدەکات. سەرتاج کە کوڕی زەکیە و فەتحی پۆستەچییە و لەگەڵ برایەکی ناتەواوی گەورەتر و خوشکێکی چکۆلەتریدا لە گەڕەکی ژێرین و هەژارنشینی شاری هەزەخدا دەژیان، ئەمجار لە کوردستانێکی ئازاد و خاوەنماف و زمان و لە ناو ماڵباتێکی تێگەیشتووی نیشتیمانپەروەردا گەورەبووە و بە هاندانی باوکی خەریکی نوسینی چیرۆکی کوردییە. ناوبراو لە دنیای واقیعیشدا، بە پێچەوانەی زۆرینەی هاوزمانەکانی، ئەوینداری زمانی کوردییە و ئاواتەخوازی گەشەکردنیەتی؛ لە هۆکارەکانی تێکچوونی باری دەروونی و توشبوونی بە شیزۆفرێنیاش بەدینەهاتنی ئەم ئاواتە و سەرکوتکردنیەتی لەلایەن هەردوو دەزگای سەرکوت و ئایدیۆلۆژییەوە.
لە جیهانی خەون و خولیاکانی سەرتاجدا سووژەی گوێڕایەڵیی ئایدیۆلۆژیا نییە؛ ئەو ئەندامی خێزانێکی خوێندەوار و تێگەیشتووە و باوکی دکتۆرای لە فەلسەفەدا هەیە، ناوی هەموویان کوردییە و زمانی کوردی بۆ دایکوباوکی گرنگە، بە چەشنێک کە تەنانەت لە بریی بانگ، دووسەد پەیڤی نێر و مێی کوردییان بەگوێچکەیداداوە. پەروەراندنی ئەم خەیاڵانە لە مێشکی سەرلەهەنگی ڕۆمانەکەدا، کە کەڵکەڵەی زمانی دایک و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردیی هەیە، نیشانەی هیوابڕاوییەتی لە ڕووە ڕاستەقینەکەی ژیان؛ ڕاستی و واقیعێک کە تێیدا ئاخافتن بە کوردی لە لای نەیاران وەک تاوان و لە چاوی یارانەوە وەک دواکەوتوویی سەیردەکرێت، واقیعێک کە تێیدا کوردان شێلگیرانەتر و چالاکتر لە کارگێڕان و بەڕێوەبەرانی دەزگای سەرکوت و ئایدیۆلۆژیی دەوڵەت، پێشبڕکێی بڕینی زمانی خۆیان بەڕێوەدەبەن، واقیعێک کە تێیدا ئامانجی سەرتاج و هاوڕێیانی، ڕزگارکردنی باژاری ئامەد و هەموو “باژارێن تارستان” و بڕیاری وی “ڤەنەگەران هەتا ئازادییا وەلات” بوو، کەچی نەک هەر سەرکەوتنی بە دواوە نەبوو، هیوابڕاوی و دژایەتیی شۆڕشی لێ کەوتەوە، تا ئەو جێگەیەی نەک هەر خەڵک، تەنانەت پشیلەکانیش ڕقیان لە وشەی شۆڕشە.
پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمان بە منداڵی، لە ژێر کارتێکەریی دەزگای ئایدیۆلۆژیی فێرکاریدا، خەریکی تێپەڕاندنی پێواژۆی بەسووژەبوون بوو؛ لە ڕێوڕەسم و ڕێپێوانە دوڵەتییەکاندا بەشدارییکردبوو و بە شانازییەوە دەنگی تورکبوونی خۆی بەرزکردبووەوە. ئەوکات ئاگاداری ڕەوشی خۆی و دەوروبەر و حەقیقەتی شار و وڵاتەکەی نەبوو، “وەلاتێ کو ب تەنێ د چەند کتێبێن کەڤنارا و یاساغ دە و ب شێوەیا هەلبەستێ هاتبوو گۆتن کو، کوردستانە.” (وڵاتێک کە تەنیا لە چەند کتێبێکی کۆن و قاچاخدا و بە هۆنراوە گوترابوو کە کوردستانە)، بەڵام خاڵۆی دەبێتە بەربەستێک لە بەرانبەر ئایدیۆلۆژیای زاڵدا و شوێن لە سەر زەینی دادەنێت، دوایەش بە خوێندنەوەی کتێب و هەروەها دیتنی بارودۆخی خەڵک و هەڵسوکەوتی دەسەڵات لە واقیعی نوێنراو دەکەوێتەگومانەوە و تێدەکۆشێت خۆی لەو کۆتوبەندە ڕزگاربکات. ئاوایە کە لە قسە و ڕاوێژی باوک و دایک و مامۆستاکانی لەمەڕ تورکێتی و بەختەوەری، دڕدۆنگدەبێت و لە دژیان سەرهەڵدەدات، بۆیە بە تاوانی سەربزێوی و نافەرمانی و ملکەچنەکردن، هێرشیدەکرێتەسەر و بە شێوەی جۆراوجۆر سەرکوتدەکرێت.
سەرپاڵەوانی ڕۆمان کە خولیای شێوەکاری و نیگارکێشانە، بە زۆری باوکی دەستبەرداریدەبێت و لە خوێندنگەی زانستە ئایینییەکانی “ئیمام خەتیب”دا دەبێتە مامۆستا. ناوبراو بە باوکی دەڵێت: “تو ب دەستێ خوە کورێ خوە رێ دکی ناڤ میلیتانێن چاڤسۆر! ئەز و دین، ئەز و ئیمام خەتیب!” (تۆ بە دەستی خۆت کوڕەکەت دەنێریتە لای هەندێک شەڕفرۆشی چاوسوور! من و دین، من و ئیمام خەتیب!) ئەو سەرەڕای ئەم هەلومەرجەی تێیکەوتووە، بە فامکردنی هەماهەنگی و هاوئاڕاستەیی ئەم دەزگایە لەگەڵ دەوڵەت و دەسەڵاتدا، خۆی لە کار و کردە ئایینییەکان بەدووردەگرێت و هەوڵدەدات لە کۆمەڵگەیەکی تەژی لە سووژەی ملکەچی ئیمانتەوەردا خۆی دەربازبکات. ئەم ململانێیە بە درێژایی ڕۆمانەکە بەردەوامە و ملکەچنەکردنی سەرتاج و هەروەها گرنگیدانی بە پرسی نەتەوە و زمان و بەرخۆدان لە هەمبەر سووژە دەستەمۆکاندا بەرەوڕووی شمشێری دوو فاقی سەرکوت و ئایدیۆلۆژیای دەکاتەوە و لە کۆتاییدا بە هاندانی بناژۆخوازانی ئایینی، بە دەستی عەلی عوسمانی خوێندکاری پێشوو و هاوڕێی دواتری دەکوژرێت.
ئەنجام
ڕۆمانی پێشبڕکێی چیرۆکە تەواونەبووەکان نموونەی باشی پیشاندەری ڕەوشی کورد و زمانی کوردییە لە باکووری کوردستاندا. وەک دەزانین زیاتر لە سەدەیەکە زمانی کوردی لەم پارچەیەدا پەراوێزخراوە و زۆر جاریش بەرەوڕووی سیاسەتی زمانکوژی بووەتەوە.
لە زۆر شوێنی ڕۆمانەکەدا هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی دەزگای سەرکوتی دەوڵەت لەم پەیوەندییەدا دەبینرێت، بەڵام هەروەک ئاڵتوسێر جەختی لە سەر دەکاتەوە کە توندوتیژیی ئاشکرا تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت ئامانجەکان دەپێکێت و لە ڕاستیدا بەردەوامیی ڕەوشی ئامادە و بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندیی چەوسێنەرانەی دوو لایەنی سەردەست-بندەستی کۆمەڵگە بە هێزی شاراوە و هەستپێنەکراوی ئایدیۆلۆژیا ڕێیتێدەچێت. هەروەها کە لەم ڕۆمانەدا بە تۆخی ڕەنگیداوەتەوە، دەوڵەت بە یاریدەی خێزان، خوێندنگە، ئایین و میدیا پێواژۆی بانگکردن و ڕاکێشانی تاکەکانی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبردووە و سووژەی ملکەچ و دەستەمۆی وای چێکردووە کە دەمارگرژتر لە کارگێڕانی ئایدیۆلۆژیای زاڵ و لایەنە خاوەنبەرژەوەندییەکان، شێلگیرانە لە پێناو پاکتاوکردنی زمان و ناسنامەی خۆیاندا تێدەکۆشن و بەردەوام هەلومەرجی داسەپاو بەرهەمدەهێننەوە.
لەم ڕۆمانەدا لە بەرانبەر زۆرێک سووژەی دەستاژۆدا چەند نموونەی دەگمەنی تاکی بەرەنگار و سەربزێویش دەبینین کە ملکەچی ئایدیۆلۆژیای زاڵی دەسەڵاتداران نابن و گوێ بە لێپێچینەوەکان نادەن، بۆیە دەوڵەت مۆرکی ئاژاوەگێڕیان لە نێوچاوان دەدات و لە ڕێگەی دەزگای سەرکوتەوە و هەروەها بە یارمەتیی دەزگا ئایدیۆلۆژییەکان دەنگیان کپدەکات. پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمان، وەک تاکێکی بەرخۆدێر و زمانپارێز، هەوڵی پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی دەدات، بەڵام بە هۆی ئەشکەنجەی دەزگای سەرکوت و گوشاری دەزگا ئایدیۆلۆژییەکانی بنەماڵە و ئایین و فێرکارییەوە توشی شڵەژاویی دەروونی دەبێت و لە کۆتاییدا بە دەستی دەمارگرژێکی سەر بە دەزگای ئایینی دەکوژرێت.
بەسەرهاتی سەرتاج ئەو ڕوانگەیەی ئاڵتوسێرمان بیردەخاتەوە کە لە ململانێی نێوان سووژە و ئایدیۆلۆژیای زاڵدا ئەوەی هەردەم سەردەکەوێت، ئایدیۆلۆژیا و چینی خاوەندەسەڵاتە. هەڵبەت ئەگەرچی سەرتاج سەری لە ڕێی ئامانجەکانیدا دەچێت، بەڵام لە کۆتاییدا لە بن کارتێکەریی بیروبڕواکانی ئەودا تەمی ئایدیۆلۆژیای پێش چاوی عەلی عوسمانی بکوژ دەڕەوێتەوە و ڕووی ڕەشی هاندەرانی بۆ ئاشکرادەبێت، کەواتە دەکرێت پەشیمانی و تێگەیشتنی ئەم سووژە فریودراوە بە هێمای بەردەوامیی بیری بەرهەڵستکارانەی پاڵەوانی سەرەکی و نەکوژانەوەی هەست و هەڵوێستی بەرەنگاری و بەرخۆدان لێکبدرێتەوە.
________________
١-کەسێک کە چیرۆکی ژیانی کەسانی دیکە دەگێڕێتەوە.
٢-فریودراوی.
٣-Subject: ئەم زاراوەیە لە کوردیدا، هاودەردی گەلێک وشە و زاراوەی بیانیی دیکە، بە چەند شێوەی تریش دەنوسرێت: سوژە، سوبێکت، سووبێکت، سوبیێکت و سوبژە. مەخابن تا ئێستا هەوڵێکی شێلگیرانە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە و نایەکدەنگییە نەدراوە.