كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له سه‌ر كۆمه‌ڵگەی كوردی
(گرفته‌كان و چاره‌سه‌ر)
د. كارزان محه‌مه‌د
بەرایی
شۆڕشی تەكنەلۆژیا لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا فاكتەرێكی گرنگی گەشەپێدانی پڕۆسەی پەیوەندی بوو، ئه‌م گۆڕانكارییه مۆدیلێكی نوێی له بواری میدیادا هێنایه ئارا كه به تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناو ده‌برێت، توانیویەتی سەرجەم شێوازه‌كانی (بینراو، بیستراو، خوێنراو) لە خۆیدا كۆ بكاتەوە، ده‌رفه‌تیش بۆ جه‌ماوه‌ر بڕه‌خسێنێت كه به‌شداری له ئاڵوگۆڕی په‌یام و زانیاری‌دا بكات. هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوو له به‌رده‌م شه‌پۆلی ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیا مۆدێرنه‌دا بوو، وێڕای سوودوه‌رگرتن له لایه‌نه ئه‌رێنییه‌كانی له ڕووی ئاسانكاریی په‌یوه‌ندی؛ كۆمه‌ڵێك لێكه‌وته‌ی جۆراوجۆری جێ هێشت كه تا ئێستاش به‌رده‌وامه. فره‌ڕه‌هه‌ندیی كاریگه‌رییه‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له سه‌ر كۆمه‌ڵگەی كوردی، پێویستی به توێژینه‌وه‌ی زانستییانه هه‌یه تا ئاست و جۆری كاریگه‌رییه‌كانی شرۆڤه بكات. له ڕوانگه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كانی توێژینه‌وه‌كانه‌وه، كۆمه‌ڵێك ئه‌رك بۆ دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان تا ده‌گاته تاكه‌كه‌س ده‌ستنیشان بكرێت، له پێناو هێنانه‌دیی ئامانجێكی گرنگ كه به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه له چوارچێوه‌ی به‌رپرسیارێتیی یاسایی و ڕێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ، له هه‌مان كاتدا دیاریكردنی كاریگه‌رییه نهرێنییهكانیش بۆ بنه‌بڕكردنیان، چونكه تا ئێستا به پێی ئاماری دادگاكانی كوردستان، هه‌زاران دۆسیه به هۆی خراپ به‌كارهێنانی ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندییه‌وه؛ ئاسایشی كۆمه‌ڵگای كورده‌واریی خستووەته به‌رده‌م مه‌ترسیی لێكترازان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه. هه‌ر بۆیه لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به كورتی و پوختی شرۆڤه‌ی ئه‌و مه‌ترسی و كاریگه‌رییه نه‌رێنییانه بكه‌ین.
یه‌كه‌م: چه‌مكی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و گه‌شه‌سه‌ندنی
خزمه‌تگوزاریی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان (Social Media) به‌رهه‌مێكی نوێی بواری ئه‌لكترۆنییه، له ڕوانگه‌ی پسپۆڕانی میدیاوه به شێوازێكی نوێی میدیای ئه‌لكترۆنی داده‌نرێت.
به بڕوای “كایه و میدۆف”، میدیای ئەلكترۆنی: سەرجەم ئامرازەكانی تری پەیوەندی (ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن، تەلەفۆن و تۆڕە پەیوەندییەكان)ی لەخۆ گرتووە، دەتوانێت زۆرترین دەیتا بۆ جەماوەر بە نرخێكی كەم و خێراترین ماوە بگوازێتەوە[1].
دەنیس مەككوێل (Denis McQuail) سەبارەت بە هێز و بڕستی میدیای ئەلكترۆنی لەو باوەڕەدایە: میدیای نوێی ئەلكترۆنی بە یەكێك لە سەرچاوەكانی دەسەڵات دادەنرێن، واتە ئامرازێكە بۆ كۆنترۆڵ و بەڕێوەبردن و نوێكاری لە كۆمەڵگەدا كە ده‌توانن جێگەی دەسەڵات یاخود سەرچاوەكانی تریشی بگرنەوە[2].
به پێی پێناسەیەكیش بۆ چه‌مكی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ده‌توانین بڵێین: نوێترین ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری و په‌یوه‌ندییه، خزمه‌تگوزاریی جۆراوجۆری ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری و سیاسیی خستووەته ڕوو كه به‌كارهێنه‌ران بۆ كۆمه‌ڵێك مه‌به‌ست به‌كاری ده‌هێنن، وه‌ك: پاراستنی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان، دۆزینه‌وه‌ی هاوڕێی نوێ، پشكداربوون له‌و پڕۆسانه‌دا. ده‌رفه‌تی ئه‌ندامبوون، چالاكی و به‌شدارییه‌كی ئامانجداریشی بۆ به‌كارهێنه‌ران فه‌راهه‌م كردووه.[3]
“ئه‌لیسۆن و بۆید” له‌و باوه‌ڕه‌دان تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزاریی وێبن كه ده‌رفه‌ت بۆ به‌كارهێنه‌ران ده‌ڕه‌خسێنن:
- له چوارچێوه‌ی سیستمێكی دیاریكراودا، پڕۆفایلی گشتی و نیمچهتایبهتی دروست بكه‌ن.
- ئاڵوگۆڕی زانیاری له‌گه‌ڵ ئه‌و بهكارهێنهرانهدا بكه‌ن كه له سیستمه‌كه‌دا هه‌ن.
- لیستی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیان و ئه‌وانی تریش ببینن كه له نێو سیستمهكهدان.
به پێی ئه‌م پێناسه، ئاڵوگۆڕی زانیاری و پڕۆسه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان به‌كارهێنه‌ران له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له‌ئارادایه[4].
بۆچوونی جۆراوجۆر سه‌باره‌ت به فاكته‌ری خێرای گه‌شه‌كردن و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ئارادایه. به بڕوای پسپۆڕێك، ئەم فاكتەرانەی خوارەوە بوونەتە مایەی ئەوەی كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئینتەرنێت ببێتە بەربڵاوترین تۆڕی پەیوەندی لە نێو كۆمەڵگەدا:
- ئاسانیی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ بەرامبەردا بە هۆی “چات”ەوە.
- خێرایی لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری، بودجەیەكی كەمیشی پێویستە. هەندێك جاریش بەكاربەران نەناسراون.
- توانستی بەرفراوانی ئینتەرنێت بۆ خستنەڕووی زانیاری بۆ كۆمەڵگە، وەك: دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، وەرگرتن و ناردنی نامەی ئەلكترۆنی، كڕینی پێداویستی بە شێوەی ئەلكترۆنی كە ڕێگە لە بەهەدەردانی كات دەگرێت[5].
له هه‌مان كاتدا له ڕوانگه‌ی چه‌ند شاره‌زایه‌كی تر، فاكتهرهكهی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گۆڕانكاری له زۆر بواردا دروست كردووه، هه‌م به‌كارهێنه‌رانیشی زۆرتر گه‌نجانن كه چالاكترین چین‌وتوێژی كۆمه‌ڵگەن، ده‌شێ له‌م دوو خاڵه‌دا چڕی بكه‌ینه‌وه:
– پڕۆسەیەك بۆ ئاڵوگۆڕی كۆمەڵایەتی لەئارادایە كە ناتوانرێ تەكنەلۆژیا لەو ڕەوتە سیاسی و كولتووری و كۆمەڵایەتییە جیا بكرێتەوە[6].
– زۆرترین ڕێژه‌ی به‌شداربوونیش له ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چین‌وتوێژی گه‌نجانن كه ڕۆژبه‌ڕۆژ ڕێژه‌كه‌ش له هه‌ڵكشاندایه، به جۆرێك بووەته باشترین میدیای په‌یوه‌ندی به تایبه‌تی بۆ گه‌نجان[7].
پسپۆڕێكی تر سەبارەت بە بایەخی بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لای جەماوەر؛ پێی وایە: تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بریتین لەو سایتە جەماوەرییە ئەلكترۆنییانەی كە هاوڵاتییان هەر چەندە لە ڕوانگەی كات و شوێنەوە جیاواز بن، بە ئاسانی دەتوانن زانیارییەكانیان بۆ بخەنە ڕوو و ئاڵوگۆڕی زانیاری و بۆچوونیش لەگەڵ یەكتردا بكەن[8].
گەشەسەندنی خێرای میدیای ئەلكترۆنی به تایبه‌تی “تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان”، وێڕای خەسڵەت و تایبەتمەندییەكانی بۆ برەودان بە مامەڵەی نێوان ئەندامانی كۆمەڵگە و كارئاسانی بۆ ژیانی ڕۆژانەیان تا دەگاتە دەستڕاگەیشتن بە هەواڵ و زانیاریی گرنگ، هەندێك جار بە هۆی خراپ بەكارهێنانی ئامرازەكانی میدیای ئەلكترۆنی لە لایەن ڕۆژنامەنووسان و بەكارهێنهرانهوه، تا دەگاتە كەمتەرخەمیی دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی حكومه‌ت لە ئاست ئەرك و مافەكانی خۆیدا كه به‌دواداچوونه بۆ لێكه‌وته‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگە، كۆمەڵێك دیاردەی مەترسیدار و كاریگه‌ریی نه‌رێنی جۆراوجۆری له هه‌رێمی كوردستاندا هێناوه‌ته ئارا، به جۆرێك كه بووەته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئارامی و ئاشته‌وایی جه‌ماوه‌ر و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تیش.
له‌م كورتهتوێژینهوهیهدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بخه‌ینه ڕوو، به‌و هیوایه‌ی توێژه‌ران به شێوه‌یه‌كی قووڵتر ڕه‌هه‌نده‌كانی شرۆڤه بكه‌ن، حكومه‌تی هه‌رێمیش هه‌وڵه‌كانی خۆی له ڕێگه‌ی داواكاری گشتییه‌وه بخاته گه‌ڕ تا تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ خزمه‌تی مافه مرۆیی و یاساییه‌كان ئاڕاسته بكرێن.
دووه‌م: كاریگه‌رییه‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له سه‌ر كۆمه‌ڵگا
هه‌ڵكشانی ڕێژه‌ی به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ناو جه‌ماوه‌ر له هه‌رێمی كوردستان، ده‌رفه‌تی جۆره‌ها چالاكیی هه‌مه‌جۆری سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، ته‌ندروستی تا ده‌گاته بانگه‌شه بۆ ئایین ڕه‌خساندووه، ئه‌م ئاسانكارییانهش به هۆی نه‌بوونی هیچ جۆره چاودێری و كۆنترۆڵێكهوه، زۆر جار ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی بریتی بووه له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی دیارده‌ی خراپ به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و زیادبوونی ڕێژه‌ی تاوان و كاری نایاسایی، له چه‌ندین ڕه‌هه‌نده‌وه ئاسایشی كۆمه‌ڵگای كورده‌واریی خستووەته به‌رده‌م جۆره‌ها مه‌ترسییه‌وه.
به گشتی كاریگه‌رییه نهرێنییەكان له هه‌رێمی كوردستان لە ڕووی فاكتەری “كات”ەوە بۆ دوو شێواز دابەش دەبێت:
– زیانە هەنووكەییەكان كە پەیوەندیدارە بە ژیانی ئێستای كۆمەڵگا، بە تایبەتی مامەڵەی هاوڵاتییان لەگەڵ یەكتردا.
– زیانە ئایندەییەكان كە لێكەوتەكانی كاریگەری لە سەر نەوەكانی داهاتوو دادەنێت.
توێژه‌ر به ئامانجی تاوتوێیه‌كی زانستییانه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له سه‌ر كۆمه‌ڵگە، ڕاپرسییه‌كی فراوانی ئه‌نجام داوه تا له دیدی خودی جه‌ماوه‌ره‌وه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و بابه‌ته بكات و لایه‌نه نه‌رێنییه‌كانیشی به دیاریكراوی له توێژینه‌وه‌یه‌كی فراوانتردا بخاته ڕوو. لێره‌دا به پشتبه‌ستن به ئه‌نجامی ئه‌و ڕاپرسییه، پۆلێن و ڕیزبه‌ندیی لایه‌نه نهرێنییهكانمان كردووه. به مانایه‌كی تر: ڕیزبه‌ندیی لایه‌نه نه‌رێنییه‌كان، به پێی بۆچوونی به‌شدارانی ڕاپرسییهكهیه.
- تۆمه‌تخستنه‌پاڵ و ناوزڕاندن و جنێودان
دیارده‌یه‌كی دزێو كه به پێی یاسا به‌ركاره‌كانی سه‌رجه‌م وڵاتان ده‌چێته خانه‌ی تاوان، به هۆی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشه‌وه ئه‌م تاوانانه له زیادبووندایه، هه‌ڵبه‌ستنی تۆمەت و ناوزڕاندنی كەس و گرووپ و لایه‌نه‌كانه كە كاریگەریی ڕاستەوخۆی له سه‌ر ڕێز و شكۆی مرۆڤ هه‌یه، چونكه جەماوەر بە تایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات، بە خێرایی باوەڕ بە تۆمەت دەكەن كە زۆر جار لە ژێر ناوی ڕەخنەدا بڵاو دەكرێنەوە.
لە پێناسەیەكدا بۆ چەمكی تۆمەتخستنەپاڵ (قذف)، دەتوانین بڵێین: پێگوتنێكە تایبەتمەندییەكانی سەلماندن و بینراوی تێدایە، زۆر جار لە ڕێگەی ڕۆژنامەگەرییەوە ئەنجام دەدرێت[9].
یاخود ڕوونتر بڵێین: لە تاوانی خستنەپاڵ و بوختان (قذف)دا خراپەكە (واقیعەكە) بە ڕوون و ئاشكرایی دەخرێتە پاڵ كەسەكە یاخود لایەنەكە. یاسای سزادانی عیراقییش[10] بە وردی پێناسەی تاوانی خستنەپاڵی كردووە، تا ڕۆژنامەنووس لە ژێر ناوی ڕەخنە و هەڵسەنگاندندا خۆی لەو تاوانە بپارێزێت.
لەو ڕوانگەیەوە تۆمەتخستنەپاڵ بە پێشێلی مافی مرۆڤ دادەنرێت، چونكە ئەم لایەنە زیانبەخشانەی هەیە:
– ڕەفتار یاخود تۆمەتێكی خراپ و ناوزڕێنەری تێدایە.
– بە شێوەیەكی دیاریكراو دەخرێتە پاڵ كەسێک، یاخود لایەنێك.
– خەڵك بە ئاسانی بڕوای پێ دەكات، چونكە وریایی لە هۆنینەوەیدا بەكار دێت، بۆ نموونە بە هونەرمەندێكی “جوان” دەڵێن “بەدڕەوشتە”، بە بەرپرس دەڵێن “گەندەڵە”، یاخود بە دەوڵەمەند دەڵێن “دز”ە، واتە نزیكایەتی و پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لە نێوان “جۆری تۆمەتەكە” و “كەس و لایەنە تۆمەتباركراو”دا هەیە[11].
لە هەمان كاتدا دیارده‌یه‌كی تر كه له گرته‌ی ڤیدۆیی، پۆست و كۆمێنته‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا زۆر ده‌بینرێت، جنێودانه وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕاوبۆچوون و كاره‌كانی به‌رامبه‌ر، له كاتێكدا ئه‌م ڕه‌فتاره به تاوان داده‌نرێت.
به پێی پێناسەیەكی یاسایی، جنێودان (سب) واتە قسەیەك كه تایبەتمەندی سادە و زووتێپەڕی هەیە[12]، بۆ شكاندنی شەرەف یان ڕووشاندنی ناوبانگ و برینداركردنی هەستی كەسێك یاخود لایەنێك ئەنجام دەدرێت. هەر چەندە بابەتی جنێوەكە شیاوی سەلماندن نییە، بەڵام یاسای سزادانی عێراقی[13] سزای بۆ داناوە، بە تایبەت كە لە ڕێگەی میدیاوه ئەنجام بدرێت، چونكە زۆرترین كه‌س دەیبینن، ئەمەش جیاوازە لەوەی كە تاوانەكە لە بەر چاوی كەسێك یاخود چەند كەسێكی كەمدا بكرێت.
هه‌ردوو تاوانه‌كه به پێشێلی یاساكانی هەرێمی كوردستان داده‌نرێن و دوو بنەمای تاوانی تێدایە، یەكەمینیان بنەمای ماددییە كە ئەویش ئەنجامدانی ڕەفتارەكەیە، واتە بڵاوكردنەوەی بابەت یاخود وێنەیەك كە ببێتە مایەی “لەكەداركردنی شەرەف”، دووەمین بنەماش بنەمای مەعنەوییە، واتە كەسەكە یاخود لایەنەكە بە شێوەیەكی “مەبەستدار” پێشێلكارییەكەی ئەنجام دابێت[14].
- پێشێلی مافی ژیانی تایبەت
ئەركێكی سەرەكیی بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ڕێزگرتنە لە ماف و ئازادییەكانی مرۆڤ و نەزڕاندنی شكۆ و ناو و ناوبانگی كەسایەتی و ژیانی تایبەتیی كەسەكان.
سەرەتای بایەخدان بەم مافە مرۆییە دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی نۆزدە، كاتێك هەردوو یاساناسی ئەمەریكی سامۆئیل وارین (Samuel warren) و لویس براندیس (D. Louis brandies) لە ئەنجامی دەركەوتنی ڕۆژنامەی زەرد كە بێــپەروا پێشێلی ژیانی تایبەتیی هاوڵاتییانیان دەكرد، لێكۆڵینەوەیەكیان لە ساڵی (1890) بە ناوی مافی ژیانی تایبەت خستە ڕوو، تیایدا داوای چاوخشاندنەوەیان كرد بە یاساكانی ئەو سەردەمە بە مەبەستی پاراستنی مافی ژیانی تایبەت[15].
پاراستنی ژیانی تایبەت چەند بوارێك بگرێتەوە، وەك (مافی تەنیایی، سنوورداركردنی دەستوەردان لە ژیانی مروڤ، ڕێگەگرتن لە دەستە ناحەزەكان بە مرۆڤپارێزی و بە نهێنی هێشتنەوەی هەندێك كاروباری تاكەكانی كۆمەڵگا بە پاراستنی زانیارییە كەسییەكان پشتیوانی لە كەسایەتی و كەرامەتی مرۆڤ)[16].
كۆمەڵێك شێواز و رێگای جیاوازی تر هەن كە هەندێ لە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەیگرنە بەر و بەو هۆیەوە ژیانی تایبەتی كەسانی تر پێشێل دەكەن، گرنگترینیان بریتین لە:
– شێواندنی زانیارییەكان
– دزینی زانیاری
– ساختەكردنیزانیاری
– بڵاوكردنەوەی نهێنیی كەسانی تر
– سیخوڕی و چاودێریی نامەشرووع
– هاككردن یاخود دروستكردنی ئەكاونتی ساختە بە ناوی كەسانی تر[17] .
هه‌ر چه‌نده له هه‌رێمی كوردستانیشدا چه‌ندین یاسا بۆ پاراستنی ژیانی تایبه‌ت و سزادانی پێشێلكاران هه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێ گرفت له خودی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌ن کە بوونه‌ته له‌مپه‌ر له به‌رده‌م لێپرسینه‌وه له پێشێلكاران، بۆ نموونه زۆر جار ئه‌كاونت و په‌یجه‌كان خاوه‌نیان دیار نییه، یاخود له ده‌ره‌وه‌ی سنووری هه‌رێمی كوردستانن و ده‌ستی یاسایان ناگاتێ، هه‌ر بۆیه زه‌مینه‌یه‌كی خراپی بۆ سووكایه‌تی به ژیانی تایبه‌ت ڕه‌خساندووه.
- تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی
ژیانی مرۆڤ و ئاستی ئارامی و بژێو و گوزه‌رانی؛ په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به هه‌لومه‌رجی ئاسایشی كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه، هه‌ر بۆیه به بنه‌مایه‌كی گرنگی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی داده‌نرێت كه له ده‌ستوور و یاسای سه‌رجه‌م وڵاتاندا پاراستنی به ئه‌رك داده‌نرێت.
سەبارەت بە ئاسایش و مەترسییەكانی بەردەمی، پسپۆڕی بوارەكە (باری بوزان) لەو باوەڕەدایە: ئاسایش بە دۆخێك دەوترێ كە بەها بنەڕەتییەكانی كۆمەڵگە وەك دەسەڵاتدارێتی و یەكپارچەیی خاك پارێزراو بن، بەڵام ڕێوشوێنەكانی پاراستنیشیان لە بەر دەستدا بێت. ئەگەر ڕێوشوێنەكانی پاراستنی ئاسایش لە ئاستی مەترسییەكان پتەوتر بێت، ئەوا ئاسایش سەقامگیر دەبێت، بەڵام ئەگەر قەوارە و مەترسییەكان و ئاستی هەڕەشە لە ڕێوشوێنەكانی ئاسایش بەهێزتر بێت، ئەوا دەبێتە مایەی تێكچوونی دۆخی ئاسایش و ئارامی[18].
به گشتی چه‌ند بوارێكی گرنگی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه كه به هۆی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه له به‌رده‌م مه‌ترسیدایه، ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵێك دیارده و لادانیشی دروست كردووه، لێره‌دا به كورتی ئاماژه‌یان بۆ ده‌كه‌ین:
- ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ناكۆكیی نێوان ئایینه‌كان
لە هەرێمی كوردستاندا كە ئایین و ئایینزای جۆراوجۆر (ئیسلام، مەسیح…) و ڕێچكەی ئایینی (ئێزیدی، كاكەیی، هەقە، نەقشبەندی، قادری) و ئایدۆلۆژیای جیاوازی (ئیسلامی، عەلمانی…) تێدایە، زۆر جار له لایه‌ن كه‌سانێك له ژێر ناوی بانگخوازی دینی یان ڕه‌خنه‌گری ئایینی؛ په‌یامی ئه‌وتۆیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو كردووەته‌وه كه زیانی به پیرۆزییەکانی ئایینه‌كان گه‌یاندووه، ئه‌م شكاندن و پەلاماردانهی یه‌كتریش، مه‌ترسیی شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی له نێوان شوێنهكهوتووانی ئایینه جۆراوجۆره‌كاندا دروست كردووه.
- هاندان بۆ لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی
به ناوی پێشكه‌وتن یاخود ئازادیی تاكه‌كه‌س، هه‌ندێك جار تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كراون به ئامرازێك بۆ بانگه‌شه بۆ لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی كه به پێی یاسا به تاوان و له دیدی ئایینه‌وه به حه‌رام و له ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵگاشه‌وه به دژایه‌تیی كولتوور داده‌نرێت.
به بڕوای پسپۆڕێكی میدیاش: له لادانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، دامودەزگاكانی ڕاگەیاندن سەبارەت بە لادان و سەرپێچی، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه وەك هاندان و ئاسانكاری و ئامرازێكیش بۆ تاوان؛ ڕۆڵێكی زۆر كاریگەر بگێڕن[19].
- فهيكنيوز
بڵاوكردنه‌وه‌ی جۆره‌ها زانیاریی ناڕاست له ژێر ناوی هه‌واڵ و زانیاریی گرنگ، دیارده‌یه‌كی دزێوی سه‌دان په‌یج و ئه‌كاونته كه به‌و هۆیه‌وه هاوڵاتییانیان دووچاری گومان له هه‌موو جۆره هه‌واڵێك كردووەته‌وه.
به گشتی فه‌یكنیوز به كۆمه‌ڵێك نیشانه‌دا ده‌ناسرێته‌وه، وه‌ك:
– په‌یجه‌كه خاوه‌نه‌كه‌ی دیار نییه.
– زانیاریی نێو هه‌واڵه‌كه له سه‌رچاوه‌ی فه‌رمی وه‌رنه‌گیراوه.
– هه‌میشه ده‌رباره‌ی بابه‌ته گرنگه‌كانه، وه‌ك: مووچه، تیرۆر و ته‌قینه‌وه، دانان و لابردنی پۆست و پله، به‌دڕه‌وشتی، دزی و گه‌نده‌ڵی… هتد.
– له ماوه‌یه‌كی كورتدا دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی فهیكنیوزهكه، زۆر جار لا ده‌برێت و ده‌سڕدرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه و به‌دواداچوونی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت.
– په‌یامه‌كه زیاتر ڕووی له چین‌وتوێژی گه‌نجانه.
دیارترین مه‌ترسیی فهیكنیوزیش به بڕوای پسپۆڕێك: بە هۆی كاریگەرییەكانی لە سەر گۆڕانی هۆشیاریی جەماوەر، ئاستەنگ بۆ تێگەیشتنی كۆمەڵگا بۆ بابەتەكان دروست دەكات[20].
بێگومان جگه له‌و كه‌سانه‌ی یه‌كه‌م جار فهیكنیوزهكه بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، هه‌ر كه‌سێكی تر شه‌یر یان كۆپیی بكات و بڵاوی بكاته‌وه، هه‌مان به‌رپرسیارێتیی یاسایی و ئیتیكی ده‌كه‌وێته سه‌رشان.
- واتەوات
ورووژاندنی بابەتێكی دیاریكراوە، لە نێوان چەند كەسێكدا بە شێوەی زارەكی دەگوێزرێتەوە بەبێ ئەوەی بەڵگە و سەلماندنی بۆ ڕاستی و دروستی لەگەڵدا بێت[21].
هەردوو نووسەری بەناوبانگ “گۆردن ئەلپۆرت و لیو پۆستمان” لە پەرتووكە ناسراوەكەی خۆیاندا (سایكۆلۆژیای واتەوات)، لەو باوەڕەدان واتەوات بریتییە لە: “بوونی بابەتێكی گوماناوی كە ڕێوشوێنێكی نییە لە پێناو دڵنیابەخشی بۆ بەدواداچوون و پشتراستكردنەوە، بە گشتی بە شێوەی زارەكی لە كەسێكەوە بۆ كەسانی تر دەگوێزرێتەوە[22]“.
ئه‌م دیارده‌یه‌ش زۆر باوه له ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا كه به ئانقه‌ست یاخود له ڕووی نه‌شاره‌زاییه‌وه ڕۆژانه چه‌ندین واته‌واتی نوێ ده‌رباره‌ی ڕووداو و پێشهاته سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بڵاو ده‌كرێته‌وه، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی یاسایه و سزای له سه‌ره.
چواره‌م: مامه‌ڵه‌ی نادروستی ئه‌لكترۆنی
به‌رفراوانبوونی ڕێژەی بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دەرفەتی بۆ بواری بازاڕگەری ڕەخساندووە تا بە هۆیەوە ڕیكلام و دروستكردنی پەیوەندیی نێوان فرۆشیار و كڕیار زۆرترین كاڵای ماددی یاخود سێرڤسی جۆراوجۆر بخەنە ڕوو، سەرچاوەیەكی داهاته بۆ خاوەن بەرهەم و كارئاسانییش بۆ هاوڵاتییانه تا بە سانایی دەستیان بە كڕین و ئاڵوگۆڕی كاڵا ڕابگات.
وێرای ئەم لایەنە ئەرێنییە، جێگەی نیگەرانییە زۆر جار بە ناوی فرۆشتنی بەرهەمی ئەلكترۆنی و ئەپڵیكەیشنەوە یاخود جۆرەها خزمەتگوزاریی وەك بەكرێدانی موڵك و ئۆتۆمبێلەوە لە لایەن كەسانی تەڵەكەباز، هەوڵی فریودانی خەڵك ده‌درێت. یاخود ڕیكلام بۆ كاڵای نایاسایی ده‌كرێت، وه‌ك: فرۆشتنی ئامێری سیخوڕی و نهێنی بۆ كاتی تاقیكردنه‌وه بۆ خوێندكاران، ده‌رمانی قه‌ده‌غه و هۆشبه‌ر… هتد.
هه‌ر چه‌نده خۆشبه‌ختانه به هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیای چاودێرییه‌وه زۆر جار ئه‌م تاوانبارانه ده‌دۆزرێنه‌وه و ڕاپێچی دادگا ده‌كرێن، به‌ڵام كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی مامه‌ڵه‌ی نادروست؛ كاردانه‌وه و زیانی گه‌وره‌ی به كۆمه‌ڵگەی كوردی گه‌یاندووه.
پێنجه‌م: سایبه‌ر تیرۆریزم
دامەزراوەی “CRS” بەم چەشنە پێناسەی “سایبەر تیرۆریزم” دەكات: هەڕەشە یاخود پەلاماردانێكی نایاساییە بۆ سەر كۆمپیوتەر، تۆڕ و دەیتا ئەنباركراوەكانی ناو كۆمپیوتەر، بە مەبەستی ترساندن یان ناچاركردنی حكومەت یاخود جەماوەرەكەی، بۆ دووركەوتنەوە لە ئامانجە سیاسی یاخود كۆمەڵایەتییەكانیان[23].
مه‌به‌ست له‌م تاوانه، به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه بۆ بانگه‌واز و پڕوپاگه‌نده بۆ تیرۆریزم و توندوتیژی، یاخود دروستكردنی تیمی تیرۆریزمی ئه‌لكترۆنی به مه‌به‌ستی هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵگە، ئه‌م دیارده‌یه‌ش له ماوه‌ی یه‌ك ده‌یه‌ی ڕابردوودا به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشدا په‌ره‌ی سه‌ندووه. به پێی یاساكانی به‌گژداچوونه‌وه‌ی تیرۆر و خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندییش، به تاوان داده‌نرێت.
شه‌شه‌م: كۆپیڕایت
تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌رفه‌تێكی فراوانی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ت و وێنه و ڤیدیۆ و ڕیكلام و جۆره‌ها خزمه‌تگوزاریی تر فه‌راهه‌م كردووه، هه‌ندێك جاریش دیارده‌یه‌كی نه‌رێنی بووەته مایه‌ی زیانگه‌یاندن به‌م پڕۆسه‌یه، ئه‌ویش كۆپی یاخود دزین و ده‌ستكاریكردنی به‌رهه‌می كه‌سێك یاخود لایه‌نێكه و بڵاوكردنه‌وه‌یه‌تی به ناوی كه‌سانی ترەوە، یاخود شێواندنی وێنه و ده‌نگ و ڤیدیۆ بۆ ئامانجێكی خراپ، گرفته‌كه‌ش له‌وه‌دایه تاوانبارانی كۆپیڕایت به دژواری ده‌دۆزرێنه‌وه.
لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەم مافە بۆ دوو شێواز پۆلێن دەكرێت:
ئـ. مافی مەعنەویی دانەر
مافی مەعنەویی دانەر بریتییە لە: مافی بڵاوكردنەوە و پەخشكردنی نووسین و بەرهەم، مافی مۆنۆپۆلكردنی بەرهەم لە لایەن خاوەنەكەیەوە، بانگەشەكردن بۆ خاوەندارێتیی بەرهەم لە لایەن خاوەنە ڕەسەنەكەیەوە، مافی گۆڕانكاری لە هەر جۆرە دەستەواژە و پێكهاتەیەكی بەرهەمەكەدا، مافی كۆكردنەوە و لەناوبردنی بەرهەم لە لایەن خاوەنەكەیەوە.
ب. مافی ماددیی دانەر
وەك مافی كۆپیڕایت (Copy Right) بە هەر شێوەیەك بێت، واتە بە شێوەی هەمیشەیی یاخود كاتی، مافی ڕێگەدان بە دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمەكە، مافی دابەشكردن، مافی گواستنەوە و فرۆشتنی بەرهەمەكە[24].
پێشێلی ئه‌م مافه، مه‌ترسی بۆ سه‌ر هه‌وڵدان بۆ داهێنان و به‌رهه‌می نوێ و جوانیش دروست ده‌كات، چونكه كۆپیكردن ده‌بێته مایه‌ی دزین و ده‌ستكاریی به‌رهه‌مه ماددی و مه‌عنه‌وییه‌كان، له هه‌رێمی كوردستانیش كۆپیڕایت به تاوان داده‌نرێت، كه‌سه‌كه و سایت و په‌یجه‌كه‌ی به‌رپرسیارێتیی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ.
سێیه‌م: هۆكاره‌كانی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كان
ئاسانی لە پڕۆسەی بەشداری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە ناو سنووری هەرێمی كوردستان، بە بەراورد لەگەڵ قۆناغەكانی پێشوو، دەرفەتێكی لەباری ڕەخساندووە بۆ ئەوەی زۆرترین هاوڵاتی بەبێ لەبەرچاوگرتنی كۆمەڵێك پرەنسیپی گرنگ؛ بەشداری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بكەن، زۆر جارانیش لە پێناو بەدەستهێنانی هەواڵ و بابەتی سەرنجڕاكێشدا پرەنسیپەكانی یاسا و ئاكاری مرۆیی و میدیایی پێشێل دەكەن.
به بۆچوونی توێژه‌ر، دیارترین فاكته‌ره‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دیارده نه‌رێنییانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ:
– ڕێژه‌یه‌كی زۆری هاوڵاتییان كه به‌كارهێنه‌ری تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن، هۆشیاریی یاساییان لاوازه و ئاگاداری مادده یاساییەكان نین، بە تایبەت ئه‌و یاسایانه‌ی كه دیارده‌كانی (ناوزڕاندن و تۆمەتدانەپاڵ، شكاندنی سنووری ژیانی تایبەت) به تاوان داده‌نێن.
– كه‌مته‌رخه‌میی لایه‌نه فه‌رمییه‌كان (وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان) بۆ تۆمار و كۆنترۆڵنه‌كردنی سه‌رجه‌م ئه‌و په‌یجانه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌ن.
– به‌جیهانیبوونی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و لۆكاڵیبوونی یاساكان، بۆ نموونه زۆر جار ئه‌كاونت و په‌یجه نه‌رێنییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستانن، یاساكانی هه‌رێم ناتوانێت به‌دواداچوونیان بۆ بكات.
– كه‌س و لایه‌نه زیانمه‌نده‌كان به‌دواداچوونی یاسایی بۆ مافه‌كانی خۆیان ناكه‌ن، بۆ نموونه له كاتی ناوزڕاندندا ده‌بێ سكاڵای یاسایی تۆمار بكه‌ن تا ببێته هۆشدارییه‌ك بۆ ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ مه‌به‌ستی خراپ به‌كار بهێنن.
– چالاكوانان و ڕۆژنامه‌نووسانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان خولی هۆشیاریی یاسایی و ئه‌كادیمییان نه‌بینیوه یاخود به پێی پێویست نه‌بووه، هه‌ر بۆیه له ڕووی نه‌شاره‌زاییه‌وه سنووره‌كانی ئازادیی ڕاده‌ربڕین پێشێل ده‌كه‌ن.
– كه‌مته‌رخه‌میی كۆمپانیا ئینتەرنێتییهكان له هەوڵی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی كڕیارانی هێڵەكانیان، یاخود به پێی پێویست هاریكاریی دامه‌زراوه یاساییه‌كان ناكه‌ن بۆ كۆنترۆڵ و فلته‌ركردنی ئه‌كاونت و په‌یجه نه‌رێنییه‌كان.
– داواكاری گشتی تا ده‌گاته حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان، نه‌یانتوانیوه چاودێرییه‌كی یاسایی و پێویستی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكه‌ن.
ڕێكاره‌كانی كه‌مكردنه‌وه و بنه‌بڕكردنی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
هەنگاونان بەرەو پڕۆگرامێكی فرەڕەهەند لە پێناو بەگژداچوونەوەی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، پێویستی به كۆمه‌ڵێك ڕێكاری گرنگ هه‌یه تا مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م میدیا مۆدێرنه له ناو كۆمه‌ڵگای كوردی و به تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا كه‌م بكه‌ینه‌وه.
1- ڕۆڵی دامەزراوە فەرمییەكان
- هاندانی داواكاری گشتی
به پێی یاسا به‌ركاره‌كان، ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی داواكاری گشتی بریتییه له به‌دواداچوون بۆ دۆسییه هه‌ستیاره‌كان كه زیان به كۆمه‌ڵگە ده‌گه‌یه‌نن، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه پێویسته داواكاری گشتی سكاڵای یاسایی له سه‌ر ئه‌و په‌یج و ئه‌كاونتانه تۆمار بكات كه تۆمار نین و پڕوپاگه‌نده‌ی خراپ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.
- كۆمپانیاكانی ئینته‌رنێت و دانانی دەرگاوان
له هه‌رێمی كوردستاندا كۆمه‌ڵێك كۆمپانیا هه‌ن به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ یاخود ناڕاسته‌وخۆ خزمه‌تگوزاریی ئینته‌رنێت بۆ هاوڵاتییان دابین ده‌كه‌ن، پێویسته به پشتبه‌ستن به یاسا به‌ركاره‌كان؛ هه‌فتانه ڕاپۆرتی چاودێری له لایه‌ن داواكاری گشتی و سه‌ندیكاكانی ڕۆژنامه‌نووسان و پارێزه‌ران و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی تر وه‌ربگرن بۆ فلته‌ركردنی ئه‌كاونت و په‌یجه نه‌رێنییه‌كان، واتە ببن به ده‌رگاوان. مه‌به‌ستیش له‌م سیستمه، ناسراوترین فلتەره كه ڕۆڵی پاڵفته‌كردنی بابه‌ته‌كانی میدیا دەبینێت. چه‌مكی “دەرگاوانەكان” (Gatekeepers) بۆ یەكەمین جار لە لایەن كورت لوین (Kurt Lewin)ەوە بەكار هێنرا، بە تێڕوانینی ئەو كۆمەڵێك فلتەر هەن كە هەواڵەكانی پیادا تێدەپەڕن، ئەم فلتەرانەش دەروازەیەكی چوونەژوورەوەن و تەنها بۆ هەندێك لە هەواڵەكان دەكرێنەوە و هەندێكیشیان دوور دەخاتەوە و بە نەشیاو ناوزەدیان دەكات[25].
– بەهێزكردنی میدیا فەرمییەكانی حكومەت بۆ پشتبەستن بە ڕاستگۆیی و دابینكردنی مافی زانین بۆ هاوڵاتییان، تا په‌نا بۆ میدیای ورووژێنه‌ر نهبەن بۆ ده‌ستخستنی هه‌واڵ و زانیاری.
– دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەت ئەركی سەرشانیانە باشترین گوزەرانی ژیان بۆ هاوڵاتییان دابین بكەن. ڕەخساندنی ژیانێكی ئارام بۆ كۆمەڵگە گەرەنتییە بۆ خۆپارێزی و دووركەوتنەوە لە خراپ به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
– گرتنەبەری ڕێوشوێنی پاداشت و دنەدان و سزا و لێپرسینەوە. ئەركی دامودەزگا حكومی و ڕێكخراوە ناحكومی و گرووپە كۆمەڵایەتییەكانە لە ڕێی پەیجی سپۆنسەركراو، هەواڵ و زانیاریی دروست دەربارەی ڕووداوەكان بخەنە ڕوو، تا ئاستی هۆشیاریی جەماوەر بە جۆرێك بێت كە باوەڕ بە جۆره‌ها دیارده‌ی نه‌شیاوی وه‌ك پڕوپاگه‌نده و واتەواتی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نەكەن. لە هەمان كاتدا دامودەزگا یاساییەكان، بە تایبەت دادگا و داواكاری گشتی، لە ڕێی سكاڵای یاساییەوە ئەو خاوەن پەیج و ئەكاونتانە ڕووبەڕووی سزا بكەنەوە كە واتەوات بڵاو دەكەنەوە.
- ڕۆڵی میدیاكان
– ته‌رخانكردنی كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌ی میدیایی بۆ بره‌ودان به هۆشیاری یاسایی و ئه‌خلاقی له ناو كۆمه‌ڵگەدا له ڕووی ئاشكراكردنی نوێترین جۆره‌كانی هاك و تاوانی تری ئه‌لكترۆنی، تا هاوڵاتییان خۆیان بپارێزن.
– بواری پیشەیی: چالاككردنی دامەزراوە فێركاری و سەندیكاكانی تایبەت بە میدیا، به ئامانجی كردنەوەی خولی مه‌شق و ڕاهێنان بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاران، تا خۆیان له خراپ به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بپارێزن، له هه‌مان كاتدا جه‌ماوه‌ریش هان بده‌ن بۆ خۆپارێزی له تاوانی ئه‌لكترۆنی.
– میدیا وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م ئه‌ركی سه‌رشانیه‌تی چاودێریی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندی بكات، ڕاپۆرت و به‌دواداچوونی بنكۆڵكاری له كاتی هه‌ر جۆره پێشێلكارییه‌كدا بخاته ڕوو.
- ڕۆڵی ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان
پێویسته دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌یی و ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان (به پاڵپشتیی حكومه‌تی هه‌رێم)، به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام هه‌ڵمه‌تی هۆشیاریی جه‌ماوه‌ری هه‌بێت، به تایبه‌تی چینی گه‌نجان، بۆ:
– چۆنێتیی به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به شێوه‌یه‌كی دروست.
– هۆشیاركردنه‌وه‌یان له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان (وه‌ك: چۆنێتیی خۆپارێزی له هاك، تیرۆری ئه‌لكترۆنی، ڤایرۆس…).
سەرچاوە و پەراوێزەكان
[1] Norman J. Med off, Barbara Kaye: Electronic Media: Then, Now, and Later, 2016, p. 2.
[2] مک کوایل، دنیس: درآمدى بر نظریه ارتباطات جمعـی، ترجمـه: پرویـز اجلالی، تهران، انتشارات مرکز مطالعات و تحقیقات رسانه، 1382، ص116.
[3] Massari, Luisa, (2010), “Analysis of Myspace user profiles”. Information
Systems Frontiers, p.1.
[4] Ellison, N. B. and D. M. Boyd (2007). “Social Network Sites: Definition, History and Scholarship”, Journal of Computer-Mediated Communication, p.211.
[5] دكتر كامیان خزایی، سمیرا ابراهیم پور كوملە: أسیب های ن‌و پدید شبكەهای اجتماعی مجازی در كمین خانوادە ایرانی1391، ، ص6-7.
[6] Bell, D: (2007), Cyber Culture Theorists, Manuel Castells and Donna Haraway, New York: Routledge, p.170.
[7] Pelling, Emma L, White, Katherine M, (2009), “The Theory of Planned Behavior Applied to Young People’s Use of Social Networking Web Sites”. Cyber Psychology & Behavior, 12(6), pp.755-759.
[8] Koh, J.; Kim, Y.; Butler, B. & Bock, G: (2007), Encouraging Participation in Virtual Communities. Communications of the ACM, Vol. 50, No. 2, p.70.
[9] د. مبدر الویس: أثر التشهیر فی الصحافة، دراسة مقارنة، طبعة الاولی، مطبعە دار الجاحظ 1986، ص47.
[10] مادەی (433) لە ژمارە (111)ی ساڵی (1969)ی یاسای سزادانی عێراق تایبەتە بە “قذف”، ئەمە دەقەكەیەتی: “هو اسناد واقعة معینة الی الغیر باحدی طرق العلانیة، من شانها لو صحت ان توجب عقاب من أسندت الیة او اختفارة عند أهل وطنة”.
[11] د.كارزان محەمەد: ڕۆژنامەنووس و تاوانەكانی ڕاگەیاندن، دەزگای جەمال عیرفان، چاپی دووەم، 2017، ل104.
[12] د. مبدر الویس: أثر التشهیر فی الصحافة…، ص47.
[13] مادەی (434) لە ژمارە (111)ی ساڵی (1969)ی یاسای سزادانی عێراق تایبەتە بە “سب”، كە ئەمە دەقەكەیەتی: “هو رمی الغیر مما یخدش شرفة أو اعتبارە او بجرح شعورة وان لم یتضمن ذلك اسناد واقعة معینة”.
[14] د.عادل عزام سقف الحیط: جرائم الذم و القدح و التحقیر المرتكبة عبر الوسائط الاكترونیة-شبكە الانترنت و شبكە الهواتف و النقالە و عبر الوسائط التقلیدیە و الآلیة و المطبوعات، ص83.
* ئەم وتارە لە ژێر ناوی “مافی تایبەت”دا بوو كە لە گۆڤاری “هارڤارد”ی یاسایی لە ژمارە (4)ی ساڵی (1890) لە شاری بۆستن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڵاو كرایەوە (توێژەر).
[15] د. سامان فەوزی: ڕاگەیاندن لە سایەی یاسادا، زنجیرەكتێبی دەزگای چاپ و پەخشی چوارچرا، 2009، ل20.
[16] كارزان محەمەد: سانسۆری ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، چاپخانەی كەمال، سلێمانی 2011، ل127.
[17] اسراء جبریل رشاد مرعی: الجرائم الإلكترونیة (الآهداف – الآسباب – طرق الجریمة ومعالجتها).
http://democraticac.de/?p=35426
[18] بوزان، باری: مردم، دولتها، هراس. ترجمە: پژوهشكدە مطالعات راهبردی، 1378، ص12.
[19] رهپیك، سیامك: فرایند تصمیم‌گیری در بحران و نقش رسانهها، مجلە پژوهشهای ارتباطی، شماره (15)، 1387، ص129.
[20] Balmas, M. (2014). When fake news becomes real: Combined exposure to multiple news sources and political attitudes of inefficacy, alienation, and cynicism. Communication Research, 41(3), 430-454.
[21] هانى الكايد: الاشاعة، مفاهيم و الآهداف و الآثار، الطبعة الآولى، الاردن، 2009م، ص21.
[22] گردن ال پورت و لئو پستمن: ر وان شناسی شایعه، ترجمه: ساعد دبستانی با همکاری مرکز تحقیقات مطالعه و سنجش برنامه ای صدا و سیما، تهران: سروش، 1374، ص9.
[23] Congressional Research Service (CRS), Botnets Cybercrime and Cyberterrorism, 2008, P 4.
[24] د.كارزان محەمەد: لێكۆڵینەوەیەک دەربارەی مافی دانەر لە ئینتەرنێتدا، ل2، سایتی ئەمڕۆ.
https://www.emrro.com/pdf/lekolineweyekd.pdf
[25] ژان كازنو: جامعەشناسی وسایل ارتباط جمعی، ترجمە: باقر ساروخانی و منوچهر محسنی، تهران 1365، ص61.