• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 24, 2023

سروشتی سته‌مكاری ‌و چه‌مكه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى خوێندنه‌وه‌ و خستنه‌ ڕووی كتێبی (طبائع الاستبداد ومصارع الاستعباد)ی كه‌واكیبی دكتۆر. ئومێد مه‌لا عوسمان كوردی

عەبدولڕەحمان کەواکیبی بە لای هەندێک لە بیریار و نووسەرانەوە کەسایەتییەکی گەورەی نوێخواز و ڕیفۆرمخوازی ئیسلامییە؛ لەسەر هەمان هێڵی جەمالەدینی ئەفغانی و محەممەد عەبدە، هاوکات بەلای هەندێکی ترەوە کەواکیبی یەکێکە لە پێشڕەوانی بیری نەتەوەخوازیی عەرەبی‌و، هەندێکی تریش بە ماسۆنی و بەکرێگیراوی ڕۆژئاوای لە قەڵەم دەدەن.
کەواکیبی لە ساڵی (1854ز)(1)، لە شاری حەلەبی سوریا لەدایکبووە و هەر لەوێش پێگەیشتووە و خوێندوویەتی، لەسەروو شارەزایی و قووڵبوونەوەی لە زانستە شەرعییەکاندا ئاشنا بووە بە زانستی سیاسی و ماف و کۆمەڵناسی و فەلسەفە و مێژوو، زمانی عەرەبی و تورکی و فارسیشی بەباشی زانیوە.

لە ساڵی (1877)دا لەگەڵ هاوڕێیەکی ڕۆژنامەی (الشهباء) دەردەکات، لەپاش دەرچوونی نزیکەی پازدە ژمارە، بەهۆی ڕەخنەی توند و بانگەشەی ڕیفۆرمی سیاسی و ئایینییەوە ڕۆژنامەکەی دادەخرێت، دواتر لە ساڵی (1879)دا ڕۆژنامەی (الاعتدال) دەردەکات بە هەمان نەفەسی پێشوو، زۆر ناخایەنێت ئەمیش دادەخرێت (2).
کەواکیبی بەهۆی ڕەخنەگرتنی توندی لە دەسەڵاتی عوسمانی لە ڕێگەی وتارە ئاگرینەکانی و دەرخستنی ستەم و گەندەڵیی لێپرسراوانی ناوچەکانی شام، چەندین جار دووچاری گرتن و لێپرسینەوە و سووکایەتی پێکردن بووە ، هەر بۆیە بڕیار دەدات بچێتە میسر، کە ئەو کات لەژێر سایەی عوسمانییەکاندا نەمابوو(3).
لەپاش مانەوەی نزیکەی دوو ساڵ لە میسر، بەمەبەستی ئاشنا بوون بە دابونەریت و کولتوورە جیاوازەکان گەشتە بەناوبانگەکەی دەست پێ دەکات کە شەش مانگ دەخایەنێت و لە میانەیدا سەردانی یەمەن و حەبەشە و سوودان و سۆماڵ و هیند و چین و ئیندۆنیزیا و چەند شوێنێکی تر دەکات، لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە میسر و هەر لەوێش لە ساڵی (1902) کۆچی دوایی کردووە(4) .
لەگەڵ ئەوەی کەواکیبی چەندین نووسراوی لەپاش بەجێماوە، بەڵام کتێبی (طبائع الاستبداد ومصارع الاستعباد) بە شاکاری نووسینەکانی دادەنرێت، کە لە بنچینەدا چەند وتارێک بووە لە ڕۆژنامەی (المؤید) و(العمران)ی میسریدا بڵاوی کردوونەتەوە و دواتر کۆی کردوونەتەوە و بە هەندێک دەستکارییەوە لە دوو توێی کتێبێکدا چاپکراوە5.
کەواکیبی لە سەردەمێکدا کتێبی ناوبراوی داناوە؛ کە دواکەوتوویی و نەخوێندەواری و هەژاری و گەندەڵیی ئیداریی و سیاسی باڵی بەسەر جیهانی ئیسلامیدا کێشابوو، وەک خۆی دەڵێت لەپاش سی ساڵ ورد بوونەوە و لێکدانەوە و گەڕان بۆی دەرکەوت سەرچاوەی هەموو ئەو نەخۆشیانە ستەمکاریی سیاسییە(6).
كتێبـی (طبائع الاستبداد) یه‌كه‌مین نووسراوێكی عه‌ره‌بی چاپكراوه‌ به ‌شێوازێكی وردو بابه‌تی ‌و واقیعیانه‌ باس له‌ سروشت‌ و ماهیه‌تی سته‌مكاری ‌و هۆكار ‌و ئامڕاز و ده‌رهاویشته‌كانی ده‌كات.
بەداخەوە لەپاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەک بەسەر دەرچوونی کتێبی ناوبراودا، گەورەترین هیوا و ئاواتی خاوەنەکەی نەهاتە دی، کە بریتی بوو لە وەی زۆر بەزوویی لە بیر خەڵک بچێتەوە و کتێبەکەی بچێتە زبڵدانی مێژووەوە بەهۆی باوەڕبوونی تەواوی بە کاریگەریی خێرای پێشکەوتن و گەشەسەندنە مرۆییەکان؛ لەسەر تێپەڕاندنی دۆخی نالەباری سیاسی و گەیشتن بە شێواز و سیستمێکی پێشکەوتووی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن لە ناوچەکەدا.
ئەوەی قەت بە بیری کەواکیبیدا نەهاتبوو ئەوە بوو؛ لەپاش دەیان ساڵ شانبەشانی پێشکەوتن و هەڵکشانەکان ستەمکاریش بتوانێت خۆی ئەبدەیت بکاتەوە و بە کەرەستە و ئامڕازی نوێوە بێتەوە مەیدان، زۆر لە جاران بەهێزتر؛ ڕەگ دابکوتێت!!
کتێبی ناوبراو بەپێی چاپی (مؤسسة هنداوی للتعلیم والثقافة)ی ساڵی (2002) (116) لاپەڕەیە، کە لە دەروازەیەک و پێشەکییەک و نۆ وتار پێکهاتووە:
کەواکیبی لە سەرەتای دەروازەکەدا وەکو ئاماژەدانێک بە سروشتی سەرکوتکارانە و دوژمنکارانەی دەسەڵات؛ لە ناوچەکانی شام و دەوروبەریدا، داوا لە خوێنەرانی دەکات گوێ نەدن بەوەی خاوەنی نووسینەکە کێیە؟! بەڵکو تەنیا گرنگی بدەن بە نووسینەکە، هەروەها باس لەوە دەکات لە کاتی مانەوەی لە میسر و بەهۆی هەبوونی جۆرێک لە ئازادی ڕادەربڕین، توانیویەتی ئەو هەلە بقۆزێتەوە و ئەوەی لە دڵ و ناخیدا ساڵانێکە پەنگی خواردووە دەریببڕێت(7).
هەر لە دەروازەدا نووسەر لەپاش خستنە ڕووی چەند بۆچوونێک لەسەر هۆکاری پووکانەوە و دواکەوتوویی جیهانی ئیسلامی، ڕاشکاوانە دەڵێت: “ستەمکاریی سیاسی تاکە هۆکاری سەرەکی دەرد و نەخۆشییەکەیە و چارەسەریشی تەنیا شورای دەستوورییە”(8).
له‌كۆتایی ده‌روازه‌كه‌دا نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌مه‌به‌ستی له‌وباسانه‌ی ده‌ینووسێت سته‌مكارێك، یان حكومه‌تێك، یان میلله‌تێكی دیاریكراو نییە‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستیه‌تی ڕاڤه‌ی سروشت‌ و ماهیه‌تی سته‌مكاری و مه‌رگی به‌كۆیله‌كردن بكات ‌و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی ده‌رده‌كه‌ دیاری بكات(9).
كه‌دێته‌ سه‌ر پێشه‌كی كتێبه‌كه‌ به‌كورتی ئاماژه‌ ده‌دات به‌ هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌كانی زانستی سیاسی‌ و میتۆدی نووسین تێیاندا؛ له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی‌ و لای شارستانییە‌ته‌ جیاوازه‌كان تا سه‌رده‌می نوێ، كاتێكیش پێناسه‌ی زانستی سیاسی ده‌كات، بابه‌تی سته‌مكاریی به‌ له‌پێشترین بابه‌تێك له ‌قه‌ڵه‌م ده‌دات كه‌ ده‌بێت زانستی ناوبراو گرنگی پێبدات(10).
له‌ كۆتایی پێشه‌كییه‌كه‌دا كه‌واكیبـی پرسیارگه‌لێك ده‌وروژێنێت، كه ‌دواتر وه‌ڵامه‌كانیان جه‌وهه‌ری نووسینه‌كه‌ی پێكدێنن، له‌وانه‌: سته‌مكاریی چیه‌؟ سروشتی سته‌مكاریی چۆنه‌؟ هۆكاره‌كانی سته‌مكاریی چین؟ نیشانه ‌و خه‌سڵه‌ته‌كانی چین؟ بۆچی سته‌مكار زۆر ده‌ترسێت؟ كاریگه‌ریی سته‌مكاریی چییه‌ له‌ سه‌ر ئایین، زانست، ئاكار، په‌روه‌رده‌، سامان، هه‌ڵكشان، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و شكۆمه‌ندی؟ ده‌سته‌ و دایره‌ی سته‌مكار كێن؟ ئایا ده‌توانرێت هه‌ڵبكرێت له‌گه‌ڵ سته‌مكاریدا؟ یاخود به‌رگه‌ی ده‌گیرێت؟ ئه‌ی چۆن قوتارمان ده‌بێت له‌ سته‌مكاریی؟…(11).
پاشان دێته‌ سه‌ر وتاری یه‌كه‌م به‌ ناونیشانی: (سته‌مكاریی چیه‌؟) سه‌ره‌تا له‌ چه‌ندین گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه‌ پێناسه‌ی سته‌مكاریی ده‌كات، به‌ دوایدا قسه‌ له ‌سه‌ر حكومه‌تی سته‌مكار ده‌كات‌ و له‌ میانه‌یدا ده‌ڵێت: “حكومه‌تی سته‌مكار شێوه‌ی زۆره‌ … سیفه‌تی سته‌مكاریی چۆن له‌ ده‌سه‌ڵاتێكی تاكڕه‌ودا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی هێز و زاڵبوون، یان بۆماوه‌ییه‌وه‌ دێته‌ سه‌ر حوكم، به ‌هه‌مان شێوه‌ش له‌ ده‌سه‌ڵاتێكی تاكڕه‌وی هه‌ڵبژێردراو، یان ده‌سه‌ڵاتێكی ده‌سته‌جه‌معی هه‌ڵبژێردراویشدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌… كه ‌له‌وانه‌یه‌ زیانی سته‌مكاریی له‌ حاڵه‌تی هاوبه‌شی ‌و ڕێكکه‌وتندا زۆر زیاتر بێت له‌ حاڵه‌تی تاكڕه‌وی، هه‌تا له‌ حكومه‌تی دەستووریشدا سته‌مكاریی به‌دی ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر لێپرسینه‌وه ‌و په‌یوه‌ندی له ‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان‌ و جێبه‌جێكردن ‌و چاودێریدا نه‌بێت… حكومه‌ت هه‌ر جۆرێك بێت ناتوانێت له‌ وه‌سفكردنی به‌ سته‌مكار بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ژێر چاودێریی توند و لێپرسینه‌وه‌ی دوور له‌ لێبووردندا نه‌بێت”(12).
له‌ كۆتاییدا په‌نا ده‌باته‌ به‌ر وته‌ی هه‌ندێك له‌ فه‌یله‌سوف‌ و دانایان له‌سه‌ر مه‌ترسیداری سته‌مكاریی بێ ئه‌وه‌ی ناوی خاوه‌نه‌كانیان بڵێت، له‌وانه‌: “سته‌مكار دوژمن ‌و بكوژی حه‌ق ‌و ئازادییه‌، حه‌ق باوكی مرۆڤه‌كانه ‌و ئازادی دایكیانه‌، زۆرینه‌ی خه‌ڵكیش هه‌تیوی بێ دایك‌ و باوكن ‌و له ‌خه‌ودان، زانایان برای عاقڵ ‌و پێگه‌یشتوویانن، ئه‌گه‌ر به‌ئاگایان بهێننه‌وه‌ وه‌ك ڕه‌شه‌با هه‌ڵده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر وازیشیان لێبێنن، له‌ شوێنی خۆیان ده‌مێننه‌وه‌ و له‌ خه‌ودا ده‌بن تا مردن”(13).

نووسه‌ر له‌ وتاری دووه‌مه‌وه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی سته‌مكاریی، كه‌ له‌ (په‌یوه‌ندی سته‌مكاریی به‌ ئایینه‌وه‌) ده‌ست پێ ده‌كات.
سه‌ره‌تا به‌وه‌ دەست پێ دەکات كه‌ ڕاو بۆچوونی زۆرێك له‌ نووسه‌ر و توێژه‌رانی مێژووی ئایینه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ساغ بووەته‌وه‌ كه‌ سته‌مكاریی سیاسیی هه‌ڵقوڵاوی سته‌مكاریی ئایینییه‌، هه‌روه‌ك چۆن پیاوانی ئایینی خۆیان به‌ پیرۆز و ڕزگاركه‌ر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به ‌ناوی خواوه‌ خه‌ڵك ده‌چه‌وسێننه‌وه‌، ده‌یانترسێنن به‌ جه‌هه‌ننه‌م، به‌هه‌شتیان پێده‌فرۆشن… به ‌هه‌مان شێوه‌ش سیاسییه‌كان دێن چاو له‌وان ده‌كه‌ن، خه‌ڵكی ده‌چه‌وسێننه‌وه‌، به ‌كۆیله‌یان ده‌كه‌ن، ماڵ‌ و سامانیان داگیر ده‌كه‌ن، سووكایه‌تییان پێ ده‌كه‌ن، وه‌كو مێگه‌ل شیره‌كه‌یان ده‌خۆنه‌وه‌، گۆشتیان ده‌خۆن، سوار پشتیان ده‌بن(14).
کەواکیبی بە وردی شیکاری ئەم بۆچوونە دەکات و کوێرانە مامەڵەی لەتەکدا ناکات، دان دەنێت بەو ڕاستییەدا، کە ئەگەر لە ڕوانگەی ئەفسانەکان و بەشی مێژوویی تەورات و هەندێک لە پەیامەکانی ئینجیل و گوتار و ڕەفتاری زۆرێک لە سۆفی و فەقیهەکانی ئیسلام لە ئایین بڕوانرێت؛ بۆچوونی ئاماژە پێدراو بۆچوونێکی ڕاستە، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر لەبەر ڕۆشنایی بەشە فێرکارییە ئاکارییەکانی تەورات و ئینجیل و دەقەکانی قورئان و سوننەتی پێغەمبەر(دروودی خوای لێ بێت)دا هەڵبسەنگێنرێت بۆچوونێکی هەڵەیە(15).
هەر لە هەمان وتاردا ئاماژە بەوە دەدات کە ئایین لە بنەچەدا بۆ ئەوە هاتووە مرۆڤەکان لە ستەمکاری و چەوسانەوە و بە کۆیلەکردن ڕزگار بکات، بۆ نموونە تەورات کاتێک دابەزیوە کولتووری فرەخوایی لە ئارادا بووە، پادشایان وەک خوای سەر زەوی تەماشایان کراوە، هەر بۆیە مەبەستی سەرەکی تەورات بریتی بووە لە بڵاوکردنەوەی باوەڕی یەکتاپەرستی و ڕاستکردنەوەی بۆچوونە هەڵەکان سەبارەت بە خوا و مرۆڤ و نەهێشتنی کولتووری چەوساندنەوە، بە هەمان شێوە کاتێکیش ئینجیل دادەبەزێت، زۆرێک لە دەقەکانی تەورات شێوێنراوە، کۆمەڵگەی یەهودی دەناڵێنێت بەدەست ستەمی کاهینەکانەوە… لەپاش بڕینی چەندین قۆناغ و وەرگرتنی ئایینی مەسیحی لەلایەن میللەتە خاوەن کولتوورە جیاوازەکانەوە، ئەمیش تووشی شێواندن دەبێت، چەندین داب و نەریت و ئەفسانە و ڕاڤەی پیاوانی ئایینی تێکەڵ بە دەقەکانی ئینجیل دەبێت(16).
کاتێکیش دێتە سەر باسی ئیسلام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئایینی ئیسلام لەسەر بنەمای یەکتاپەرستی، مرۆڤدۆستی، دادپەروەری و داماڵینی نێوەندگیریی و بە پیرۆزدانانی کەسەکان بنیاتنراوە، ئایینێکە بۆ هەموو کات و شوێن و سەردەمەکان دەگونجێت، یاسا گشتییە تەشریعیەکانی دەشێت ببنە چوارچێوەیەکی گشتی بۆ سەرجەم سیستمە حوکمڕانییە دادپەروەرەکان، هەرچی حوکمێکی پەیوەست بە کاروباری سیاسی و بەرژەوەندی دنیاییە، دەبێت لە سەر بنەمای ڕاگۆڕینەوە و ڕاوێژکردن یەکلا بێتەوە، ئیسلام زۆر بە توندی دژی تاکڕەوی و سەپاندنی حوکمی تاکە لە هەر پلەیەکدا بێت، قورئان پڕیەتی لە ڕێنمایی و نموونەی بەرزی لەباربردنی ستەمکاری و تاکڕەوی و زیندوو ڕاگرتنی دادپەروەری و یەکسانی هەتا چیرۆکە قورئانییەکانیش پڕن لەم واتایانە(17).
لێرەدا نووسەر نموونەی چیرۆکی بەلقیس شاژنی سەبەء دەهێنێتەوە، هەر وەک لە قورئاندا هاتووە:
(قالَتْ يَا أَيُّهَا الْمَلَأُ أَفْتُونِي فِي أَمْرِي مَا كُنْتُ قاطِعَةً أَمْراً حَتَّى تَشْهَدُونِ • قالُوا نَحْنُ أُولُوا قُوَّةٍ وَأُولُوا بَأْسٍ شَدِيدٍ وَالْأَمْرُ إِلَيْكِ فَانْظُرِي مَاذَا تَأْمُرِينَ • قالَتْ إِنَّ الْمُلُوكَ إِذا دَخَلُوا قَرْيَةً أَفْسَدُوها وَجَعَلُوا أَعِزَّةَ أَهْلِها أَذِلَّةً وَكَذلِكَ يَفْعَلُونَ) [ النمل: ٣٢ – ٣٤] .
ئه‌م چیرۆكه‌ ئه‌وه ‌ده‌دات به‌ ده‌سته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت شا‌ و ده‌سه‌ڵاتداران له‌ كاروباره‌كانیاندا ڕاوێژ به‌ شاره‌زایان‌ و پسپۆڕانی چوارده‌وریان بكه‌ن، نابێت تاكلایه‌نانه‌ به‌بێ پرس ‌و ڕاوێژ حوكم ده‌ربكه‌ن، واته‌ هێز و دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان لای جه‌ماوه‌ره‌، پشا، یان ده‌سه‌ڵاتدار ته‌نیا ده‌ركردنی فه‌رمانی جێبه‌جێكردنی له‌سه‌ره(18).
له ‌پاش هێنانه‌وه‌ی چه‌ندین نموونه‌ی تری قورئان له‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی دادپه‌روه‌ری ‌و یه‌كسانی ‌و دژایه‌تی سته‌مكاری‌ و تاكڕه‌وی، كه‌واكیبـی زۆر به‌ توندی هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و فه‌قیهـ و سۆفیانه‌ی له‌ مێژووی ئیسلامیدا هۆكاری هێنانه‌ كایه‌ و بره‌وپێده‌ری سته‌مكاریی سیاسی بوون، له‌ ئه‌نجامی تێگه‌یشتن ‌و ڕاڤه‌ی نادروستیان بۆ زۆرێك له‌ ده‌قه‌كان(19).
هەر لە میانەی وتاری دووەمدا هۆشداری دەدات، کە لەگەڵ ئەوەی ئایینی ئیسلام لە بنەچەدا لەسەر بنەماکانی: ئازادی، دانایی، ئاسانکاری، لێبوردەیی، لابردنی کۆت و زنجیر، لەناوبردنی جیاکاری و ستەمکاریی، بنیاتنراوە، بەڵام فەقیهەکانی ستەمکاریی کردوویانە بە هۆکاری پەرتەوازەکردنی میللەت و ئامڕازی تێرکردنی مەرامە سیاسی و ئابوورییەکانیان، جوانی و تایبەتمەندییەکانیان لەبار بردووە، ئەوەندە شتی زۆر و زیادە و نامۆ و خورافییان هێناوە، ئاییندارییان قورس کردووە، سەریان لە ئایینداران شێواندووە، بە جۆرێک ئەگەر بتەوێت ئایینداری کامڵ بیت، دەبێت واز لە هەموو کار و کەسابەت و بژێوییەکی ژیان بهێنیت و پشت لە دنیا بکەیت، تەنیا خەریکی بەجێهێنانی فەرمانی کتێب بیت، سەیر لەوەدایە ئەگەر تەمەنێکی زۆر درێژیش بەسەر ببەیت هەر ناگەیتە ئەنجامی ئەوەی کامە ڕاستە؟ کامە چەوتە؟، بەهۆی هەبوونی جیاوازی زۆر توندوتیژ لەنێوان مەزهەب و ڕێچکە و نوێنەرانی ئاییندا، هەر ئەم وێناکردن و ڕاڤە قێزەونە بۆ ئایین وای کردووە ئایینداران هەمیشە سەرقاڵی پڕکردنەوەی ناتەواوی کەسیی و خۆ کامڵکردن بن و نەیانپڕژێتە سەر باسی سیستم و حوکمڕانی و لێپرسینەوەی حاکم و دەسەڵاتداران(20).
کەواکیبی لە وتاری سێیەمی کتێبەکەیدا باس لە پەیوەندی نێوان (ستەمکاریی و زانست )دەکات، پێی وایە بەهێزی و لاوازیی هەر حکومەت و دەسەڵاتێک بەندە بە ئەندازەی زیاد و کەمیی زانست و هۆشیاریی و بەئاگایی خەڵکەکەی بەردەستی، هەتا خەڵکەکە هۆشیار و زانا و بە ئاگا بێت، دەسەڵات بەهێز دەبێت و لە ستەمکاریی دوور دەکەوێتەوە، بە پێچەوانەشەوە هەتا زۆرینەی خەڵک گێل و نەزان و بێ ئاگا بن، دەسەڵات ستەمکار و لاواز دەبێت(21).

هەر لەم وتارەدا ئاماژە بەوە دەدات، کە ستەمکار زۆر دەترسێت لەو زانست و کایە مەعریفییانەی بزوێنەری عەقڵ و هۆشیاری و هزری جەماوەرن، وەک: حیکمەتی تیۆریی، فەلسەفەی عەقڵی، مافی میللەتان، کۆمەڵناسی، سیاسەتی مەدەنی و هاوشێوەی ئەمانە کە ئاسۆی عەقڵ فراوان دەکەن و مرۆڤ ئاشنا دەکەن بە ماف و ئەرک و داواکارییەکانی و چۆنیەتی دەستخستن و پاراستنیان(22).
ئەو دواتر دێتە سەر باسی ئەوەی کە لە نێوان زانست و ستەمکاریدا ململانێی توند هەیە لەسەر زۆرینەی خەڵک، زانست هەمیشە لە هەوڵی ڕۆشنکردنەوە و بە ئاگا هێنانەوەی عەقڵیاندایە، ستەمکاریش لە هەوڵی کوژاندنەوەی ڕووناکی عەقڵیان و گەوجاندنیاندایە، مەبەستیش لە زۆرینەی خەڵک ئەوانەن کە ئەگەر نەزان بوون، دەترسن، کە تووشی ترسیش بوون، ملکەچ دەبن، هاوکات ئەگەر زانا و بە ئاگاش بوون، قسە دەکەن، کە قسەشیان کرد، بە کردار بەرجەستەی دەکەن(23).
لە لایەکی ترەوە هەر لە وتاری سێیەمدا نووسەر باس لەوە دەکات کە ستەمکارانی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی هەمیشە لە ترسی ئەوەدان جەماوەر بەتەواوی لە چەمکی (لا إلە إلا اللّە) تێبگات، ئەو دەپرسێت: بۆچی (لا إلە إلا اللە) چاکترین زیکرە، بۆچی ئیسلام و سەرجەم ئایینە ئاسمانییەکانی لەسەر بوونیاد نراوە، هەر خۆی لە وەڵامدا دەڵێت: (لا إلە إلا اللّە) واتە هیچ ناپەرسترێت بە حەق بێجگە لە دروستکەری گەورەی بوونەوەر، پەرستنیش بە واتای ملکەچبوون، کەواتە : هیچ کەس شایانی ئەوە نییە ملی بۆ کەچ بکرێت بێجگە لە خوا، چەندە گەورە و جوانە شەو و ڕۆژ ئەم زیکرە دووبارە و چەند بارە بکرێتەوە و واتاکەی لە مێشکدا بچەسپێت و بزانرێت تەنیا ملکەچکردن بۆ خوایە و بەس، هەر بۆیە ستەمکاران باش دەزانن ئەمە لەگەڵ ئامانج و مەبەستی ئەواندا یەک ناگرێتەوە، بەڵکو لا إلە إلا اللە سووکایەتییە بە ئەوان(24).
لە وتاری چوارەمدا کەواکیبی باس لە پەیوەندی نێوان (ستەمکاری و شکۆمەندی) دەکات، دەڵێت: “شکۆمەندی بریتییە لە: دەستخستنی ڕێز و گەورەیی و خۆشەویستی، ئەمەش خواستێکی سروشتی هەموو کەسە و چێژێکی ڕۆحیی و دەروونی تایبەتی هەیە، بەڵام تەنیا ئەوانە بەدەستی دەهێنن کە لە پێناوی خوا، ئایین، کۆمەڵ، مرۆڤایەتیدا بە دڵسۆزی کۆشش دەکەن، ماندوو دەبن و قوربانی دەدەن”(25).
هاوكات پێیوایه‌ له‌ سه‌رده‌می ئارامی ‌و دادگه‌ریدا زه‌مینه‌ له‌باره‌، شكۆمه‌ندی له‌ چه‌ندین ڕووه‌وه‌ به‌ده‌ست بهێنرێت، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می سته‌مكاریدا ته‌نها له‌یه‌ك ڕووه‌وه‌ به‌ده‌ست دێت، ئه‌ویش: به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سته‌م‌ و سته‌مكارییه‌(26).
لەبەرامبەر شکۆمەندیدا کە سیفەت و حاڵەتێکی سروشتییە، شکۆ پێدان هەیە کە ئەمەیان حاڵەتێکی دەستکرد و ناسروشتییە، لە تایبەتمەندییەکانی حکومەتە ستەمکارەکانە.
بە بڕوای کەواکیبی لە هەموو کات و سەردەمێکدا کەسانی بەرژەوەندیخواز بوونیان هەیە، نموونەی ئەمانە زۆر بەخێرایی خۆیان لە ستەمکاری گەورە نزیک دەکەنەوە لە ڕێگەی پێدا هەڵدان، چەورەیی، دووڕوویی، سیخوڕیکردن، گوێڕایەڵیکردنی کوێرانە و قبووڵکردنی هەر سووکایەتییەک لەلایەن گەورەکەیانەوە پێیان بکرێت، بە مەرجێک پلەوپایە و نازناوێک بەدەست بهێنن، ئەمانە لە زۆربەی چینە جیاوازەکاندا هەن، پارێزەری دەسەڵاتی ستەمکارن، شارەزان لە شکۆ پێدان و ڕازاندنەوە و جوانکردنی وێنەی ناشیرین و قێزەونی دەسەڵات لەبەرچاوی جەماوەردا، عەقڵەکان مەست دەکەن، ڕاستییەکان دەشێوێنن، کەسایەتی قێزەونی ستەمکار دەگۆڕن بە خاوەنشکۆ، پارێزەری خاک و وڵات، ڕاگری ئایین، باوکی میللەت(27).
ستەمکاریش باش دەزانێت هەبوونی ئەو جۆرە کەسانە هۆکاری مانەوەی ئەون، هەر بۆیە زۆر لێزانانە هەڵیاندەبژێرێت و دەیانکاتە: وەزیر، بەڕێوەبەر، موفتی، دەمڕاست، لێپرسراو، چەندین نازناوی گەورەیان دەداتێ، هەندێک جار دەگەڕێت بەشوێن کەسی عاقڵ، دانا، خاوەن نەسەب، خاوەن کەسایەتی لای جەماوەر، کاریگەر و چاونەترس، ڕایاندەکێشێت بۆ لای خۆی و تەماعی پارە و سامان و پلەوپایەی دەوڵەتییان دەخاتە بەر، ئەگەر سەرکەوتوو نەبوو لە ڕازیکردنیان، یان گوێڕایەڵیکردنی کوێرانەیان، یان دووریان دەخاتەوە، یاخود لەناویان دەبات، یان سووک و ڕیسوایان دەکات(28).
لە وتاری پێنجەمدا کەواکیبی باس لە پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان (ستەمکاری و سامان) دەکات، لێرەدا بە ئاشکرا کاریگەری بیری سۆسیالیستی پێوە دیارە، هەرچەندە ئەو پێی وایە ڕەگ و ڕیشەی بیری ناوبراو و جوانییەکانی زۆرتر لە ئیسلامدا بەدی دەکرێت(29).
له‌ دیدی ئه‌ودا پاره ‌و سامان چه‌كێكی مه‌ترسیداری ده‌ستی سته‌مكاره‌، له‌ ڕێگه‌ی داگیركاری ‌و قۆرخكارییه‌وه‌ سیاسه‌تی برسیكردن په‌یڕه‌و ده‌كات، ئه‌و باوه‌ڕی وایه‌ میلله‌ت هه‌مووی هاوبه‌شه‌ له‌ خێروبێری وڵاتدا، نابێت تاقه‌ كه‌سێك، یان چه‌ند كه‌سانێك، یان بنه‌ماڵه‌یه‌ك، قۆرخی خێروبێر و پاره‌ و سامانی میلله‌ت بكه‌ن ‌و ئه‌وانی تریش برسی بن‌ و چاوه‌ڕێی ڕه‌حمی ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ بن.

ئەو دەڵێت: “دەوڵەمەندی یان پارەداریی بە سێ مەرج دروستە و ڕەوایە: یەکەم: لە ڕێگەی دروست و حەڵاڵەوە پەیدا کرابێت، نابێت لە ڕێگەی داگیرکاری و گەندەڵی و ساختەکارییەوە بێت. دووەم: نابێت دەوڵەمەندی و پارەدارییەکەی لەسەر حیسابی میللەت بێت. بە جۆرێک لە ڕێگەی داگیرکردنی موڵکی گشتی یان قۆرخکردنی بازاڕەوە ، کۆتا مەرجیش: دەبێت دەوڵەمەندیی سنووری هەبێت و نابێت لە پێویستی کەسەکە زۆر زیاتر بێت، لەبەر ئەوەی قۆرخکاری و مۆڵ کردنی پارەی زۆر و داگیرکردنی زەوی و موڵکی گشتی هۆکاری تێکچوونی ئاکاری میللەت و دروستبوونی ستەمکاریی ئابوورییە، کە ڕێخۆشکەرە بۆ ستەمکاریی سیاسی”(30).
هەر لە هەمان وتاردا کەواکیبی ئاماژە بە وە دەدات کە زۆرێک لە بنەما ئابوورییەکانی سیستمی سۆسیالیستی، لە ئیسلامدا جوانتر و تەواوتر دەبینرێت، بە بڕوای ئەو دەبێت حکومەتی دادپەروەر یاسای ورد و بەهێزی هەبێت بۆ ڕێکخستنی کاروباری ئابووری وڵات، نابێت خاوەندارێتی بنچینەیی پرۆژە زەبەلاحە ئابوورییەکان، کارگە و ئامێرە گرانبەهاکان، زەوییە بەپیت و جێگیرە کشتوکاڵییەکان، تاکە کەسیی بن، بەڵکو دەبێت خێروبێری ئەوانە بۆ هەموان بێت و حکومەت بە یاسا بەڕێوەی ببات، دەبێت حکومەت هەوڵ بدات هەلی کار بۆ هەموان بڕەخسێنێت، دیاردەی چینایەتی نەهێڵێت، جۆرێک لە نزیکی و یەکسانی لە بژێوی و داهاتی تاکەکاندا فەراهەم بێنێت، کار بکات بۆ بەرەو پێشبردن و کاراکردنی کشتوکاڵ، بازرگانی، پیشەسازی، هاوکات سنوور دابنێت بۆ قازانجی بازرگانان، تا ڕێگر بێت لەبەر دەم کەڵەکەبوونی پارە و سامان لەدەستی چەند کەسێکدا(31).
به‌ بڕوای ئه‌و له‌ژێر سایه‌ی حكومه‌تی سته‌مكاریدا دیارده‌ی چینایه‌تی زه‌ق ده‌بێته‌وه‌، كه‌مینه‌یه‌ك له‌ ئه‌وپه‌ڕی خێر و خۆشی‌ و ڕابواردندا ده‌بن، زۆرینه‌ش نانی ڕۆژانه‌یان به‌ ئه‌سته‌م چنگ ده‌كه‌وێت، قۆرخكاری‌، به‌رتیل، فێڵ، ساخته‌كاریی‌، دزی‌ و بازرگانی به‌ ئایین‌ و مرۆڤه‌وه‌ باڵ به ‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كێشێت.
وتاری شه‌شه‌م تایبه‌ته‌ به‌ په‌یوه‌ندی نێوان (سته‌مكاری‌ و ئاكار)، نووسه‌ر له‌ میانه‌یدا ده‌یه‌وێت بیسه‌لمێنێت كه‌ سته‌مكاریی تێكده‌ر و شێوێنه‌ری ئاكار و به‌ها به‌رزه‌كانه‌، له‌ ژێر سایه‌یدا خۆشه‌ویستی ‌و ئینتیما بۆ خاك‌ و نیشتمان ده‌سڕدرێته‌وه‌، متمانه‌ له‌ نێو هاوڕێ ‌و خێزاندا ناهێڵێت، یان لاوازی ده‌كات، هیچ جۆره‌ مانا‌ و تامێك بۆ چه‌شتنه‌ هزری ‌و عه‌قڵییه‌كان نامێنێت، زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ساده‌ وه‌ك مێگه‌لیان لێدێت، ته‌نها له‌هه‌وڵدا ده‌بن بۆ تێركردنی زه‌روره‌تی ژیانی ئاژه‌ڵیانه‌، هه‌میشه‌ مێشك ‌و هزر و كۆڕیان گه‌رمه‌ به‌ باس ‌و خواس ‌و ده‌ربڕینی سه‌رسامییان سه‌باره‌ت به‌ گه‌وره‌یی، به‌هێزیی، جوانپۆشی ‌و خۆش ڕابواردنی سته‌مكار و داروده‌سته‌كه‌ی(32).
ئه‌و ده‌ڵێت: سه‌یر له‌وه‌دا نییه‌ خه‌ڵكی ساده‌ ببنه‌ مێگه‌ل‌ و كۆیله‌، به‌ڵكو سه‌یر له‌وه‌دایه‌ عاقڵه‌كان كۆیله ‌و مێگه‌ل بن، هه‌ر له‌م سۆنگه‌وه‌ ده‌بینین زۆربه‌ی مێژوونووسان هاتوون حه‌قیقه‌ته‌كانیان شێواندووه‌، زۆر به‌ گه‌وره‌یی ‌و ڕێزه‌وه‌ له‌ سته‌مكارانیان ڕوانیوه‌، چه‌نده‌ها نازناوی وه‌ك: ئازادكه‌ر، ڕزگاركه‌ر، گه‌وره‌ پیاو، تاقانه‌ی زه‌مان…یان داوه‌ته‌ پاڵیان ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ زۆرترین خوێنیان به‌ ناحه‌ق ڕشتووه‌، خه‌ڵكیان كوشتووه‌، شار و دێهاتیان وێران‌ و خاپووركردووه(33).
هه‌ر له‌ هه‌مان وتاردا كه‌واكیبـی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ یاریده‌ده‌رانی سته‌مكاريی له‌ نه‌زان‌و ڕیاباز و به‌رژه‌وه‌ندخوازان ئایینییان بچوك كردووەته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك پاڕانه‌وه‌ و ئاواتخواستن ‌و هه‌ندێك كاری په‌رستشی، كه ‌ئه‌مه‌ش سه‌ری كێشاوه‌ بۆ باڵاده‌ستی ته‌ممه‌ڵی ‌و خه‌مساردی‌ و بێ هیممه‌تی له‌ زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ئایینییه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كاندا، له‌به‌ر ئه‌مه‌ پێویسته‌ دانا‌ و زانا دڵسۆز و حه‌قبێژه‌كان به‌ جددی كار بكه‌ن بۆ ڕیفۆرمی ئایینی ‌و ڕاستكردنه‌وه‌ی تێڕوانینه‌ هه‌ڵه‌كان بۆ ئایین، كه‌موكورتییه‌كان پڕ بكه‌نه‌وه ‌و زیاده ‌و هێنراوه‌كان فڕێ بده‌ن(34).
نووسه‌ر له‌ وتاری حه‌وته‌مدا دێته‌ سه‌ر باسی (سته‌مكاری‌و په‌روه‌رده‌)، سه‌ره‌تا به‌وه‌ دەست پێ دەکات كه‌ خوای په‌روه‌ردگار له‌ مرۆڤدا دوو ئاماده‌گی خوڵقاندووه‌، ئاماده‌گی چاكه‌ و چاكەخوازی، ئاماده‌گی خراپه‌ و خراپه‌ویستی، ئیتر په‌روه‌رده‌یه‌ دێت له‌لایه‌نی جه‌سته‌یی ‌و ده‌روونی‌ و عه‌قڵییه‌وه‌ ئاڕاسته‌كه‌ دیاری ده‌كات ‌و پاڵ به‌ مرۆڤه‌كه‌وه‌ ده‌نێت(35).
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا سته‌مكاری ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م په‌روه‌رده‌دا و ئاڕاسته‌ ڕاست‌ و دروسته‌كه‌ی ده‌شێوێنێت، چونكه‌ ژینگه‌ و واقیعێك ده‌ڕه‌خسێنێت، خه‌سڵه‌ته‌كانی درۆ، دووڕوویی، فێڵ، چاوبه‌ستی ‌و ڕق لێبوونه‌وه‌… تێیدا باڵاده‌ست ده‌بێت(36).
به‌ تێڕوانینی كه‌واكیبـی له‌ژێر سایه‌ی حكومه‌تی ئازاد و دادپه‌روه‌ردا په‌روه‌رده‌ گه‌شه‌ ده‌كات، چونكه‌ ئامڕازه‌كانی تۆكمه‌ن ‌و به‌ یاسا ڕێكده‌خرێن، مرۆڤه‌كان ئازادن، گه‌شبینن، خاوه‌ن ئامانجن، چالاكن له‌ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیاندا، به‌ڵام له‌ژێر سایه‌ی سته‌مكاریدا په‌روه‌رده‌ كپ ده‌كرێته‌وه‌، ئامڕازه‌كانی لاواز ده‌بن، مرۆڤه‌كان ئامانجی ڕوونیان نییە‌، كۆیله‌ن، به‌دبه‌ختن، ته‌ممه‌ڵن، ڕه‌شبینن(37).
دواتر دێته‌ سه‌ر باسی ڕۆڵی ئایین له ‌په‌روه‌رده‌دا، ئه‌و ده‌نووسێت: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئایین ڕۆڵێكی كارا ده‌بینێت له‌ په‌روه‌رده‌دا، به‌ڵام له‌ سایه‌ی سته‌مكاریدا ئه‌و ڕۆڵه‌ زۆر لاواز ده‌بێت، چونكه‌ لایه‌نه‌ ئاكارییه‌كه‌ی تێكده‌داو ده‌یشێوێنێت، ده‌مێنێته‌وه‌ لایه‌نه‌ په‌رستشیه‌كه‌ی، كه‌ گومانی تێدا نییە‌ ئه‌م لایه‌نه‌ی ئایین به‌ بێ له‌به‌رچاوگرتنی لایه‌نه‌كه‌ی تر كاریگه‌ری ئه‌وتۆی نابێت، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بینین له‌ زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ئایینییە‌ به‌ كۆیله‌كراوه‌كاندا، كاره‌ په‌رستشییه‌كان ده‌بنه‌ ئادابی نه‌ریتی‌ و كۆمه‌ڵێك كردار و هه‌ڵسوكه‌وتی چاولێكراوی مردوو(38).
په‌روه‌رده‌ لای كه‌واكیبـی پرۆسه‌یه‌كه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای گفتوگۆ و قه‌ناعه‌ت پێكردن بوونیاد ده‌نرێت، هاوكات كاریگه‌ره‌ به‌ ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ر و خه‌سڵه‌ته‌ بۆماوه‌ییه‌كانه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ له‌ سایه‌ی حكومه‌تی سته‌مكاردا هه‌رگیز ناتوانێت ئامانجی خۆی بپێكێت ‌و به‌ ئاقاری دروستی خۆیدا بڕوات.

وتاری هه‌شته‌م كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ (سته‌مكاری ‌و هه‌ڵكشان)، نووسه‌ر له‌ میانه‌یدا باس له‌ زه‌روره‌تی گه‌شه‌كردن‌ و جوڵه‌ و پێشكه‌وتن ده‌كات له‌ نێو میلله‌تاندا و كاریگه‌ری نه‌رێنی سته‌مكاری له‌ سه‌ری، ئه‌و له‌ پێشه‌كی وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ هه‌ڵكشان بریتییه‌ له‌: جووڵه‌ی زیندوو و به‌رزه‌فڕی جه‌سته‌ و ده‌روون‌ و عه‌قڵ، كه‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بریتییه‌ له‌ جووڵه‌ی داكشان‌ و كپبوونه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئامێری گه‌رمی پێو وایه‌ له‌ یه‌ك پله‌ و ئاستدا ناوه‌ستێت، ده‌توانرێت بكرێته‌ پێوه‌ری زیندوویی‌ و مردوویی هه‌ر میلله‌ت‌ و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، واته‌: هه‌ر میلله‌تێك شوێنه‌وار و نیشانه‌ی هه‌ڵكشانه‌كه‌ی زۆرتر بوو له‌ داكشانه‌كه‌ی ئه‌وه‌ میلله‌تێكی زیندووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ میلله‌تێكی مردووه(39).
هه‌ر له‌ وتاری ناوبراودا هاتووه‌: كه‌ مرۆڤ به‌ سروشتی خۆی مه‌یلی به‌ره‌و هه‌ڵكشان ‌و به‌ره‌وپێشچوون‌ و گه‌شه‌سه‌ندنه‌، به ‌مه‌رجێك دووچاری هیچ جۆره‌ ڕێگر و به‌ربه‌ستێك نه‌بێته‌وه‌، كه‌ مه‌ترسیدارترین به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م هه‌ڵكشاندا بریتییه‌ له‌ سته‌مكاریی، چونكه‌ ئاڕاسته‌ی جووڵه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌كاته‌وه‌، له‌ هه‌ڵكشانه‌وه‌ بۆ داكشان، له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ بۆ نزمبوونه‌وه‌، له‌ گه‌شه‌كردن بۆ كپبوونه‌وه‌، له ‌به‌ره‌وپێشچوون بۆ گه‌ڕانه‌وه(40).
ئه‌م كاریگه‌رییه‌ی سته‌مكاریی ئه‌وه‌نده‌ ترسناكه‌، مه‌یله‌ سروشتییه‌كه‌ی مرۆڤیش به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌گۆڕێت، به‌ جۆرێك كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ زۆریش پاڵی پێوه‌ بنێیت به‌ره‌و به‌رزی ‌و هه‌ڵكشان، ئه‌و هه‌ر حه‌زی له‌ داكشان‌ و ژێرده‌سته‌یی‌ و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ پاشه‌وه‌، به‌ واتایه‌كی تر وه‌ك ئاژه‌ڵی ماڵیی لێدێت، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ره‌ڵای بكه‌یت سه‌ری لێ ده‌شێوێت ‌و ده‌فه‌وتێت(41).
هه‌ر له‌ میانه‌ی وتاری هه‌شته‌مدا كه‌واكیبـی مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ ده‌وروژێنێت ‌و قسه‌ی له‌ سه‌ر ده‌كات، ئه‌ویش كاریگه‌ری ئایینه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵكشان، له‌پێشدا تێروانینی هه‌ندێك له ‌كۆمه‌ڵناسانی ڕۆژئاوا ده‌خاته‌ به‌رده‌ست، كه‌ لایان وایه‌ ئایین كاریگه‌ریی زۆر نه‌رێنی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر هه‌ڵكشانی تاك‌ و دواتر هه‌ڵكشانی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ جۆرێك یه‌كه‌مین خاڵی هه‌ڵكشان له‌ كۆتا خاڵی ئایینه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، مێژووی میلله‌تانی پێشینیش ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌سه‌لمێنن كه‌ هه‌تا دوورتر بوو بن له‌ په‌یوه‌ستبوون به ‌ئایینه‌وه،‌ زیاتر به‌ره‌و هه‌ڵكشان چوون، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌تا زۆرتر په‌یوه‌ست بوو بن به ‌ئایینه‌وه‌، به‌ره‌و داكشان چوون‌ و له‌ هه‌ڵكشان دووركه‌وتوونه‌ته‌وه(42).
ئه‌و پێیوایه‌ ئه‌م تێڕوانینه‌ ته‌واو ڕاست ‌و دروسته‌ و نكۆڵی لێناكرێت، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ئایینانه‌ی بنه‌مایه‌كی خورافی‌ و ناعه‌قڵانی‌ و ناواقیعییان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و تێڕوانینه‌ هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرێت به‌ سه‌ر ئایینێكی خاوه‌ن بنه‌مای عه‌قڵی‌ و واقیعی ‌و فیتری وه‌ك ئایینی ئیسلام، كه‌ هۆكار و هانده‌ری به‌هێزی هه‌ڵكشان ‌و به‌ره‌وپێشچوون بووه‌، به‌ڵام لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ ئایینی ئیسلام ئه‌و ئایینه‌ نییە‌ كه‌ زۆرینه‌ی موسوڵمانان به‌ چاولێكه‌ریی ئاییندارن پێی، به‌ڵكو ئه‌و ئایینه‌ مه‌به‌سته‌ كه‌ هه‌موو مرۆڤێك ده‌توانێت ڕاسته‌وخۆ له‌ قورئانه‌وه‌ وه‌ریبگرێت، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕای عه‌مر و زه‌ید(43).
كۆتا وتاری كتێبه‌كه‌ كه‌ وتاری نۆیه‌مه‌ تایبه‌ته‌ به‌ (چۆنێتی قوتاربوون له‌ سته‌مكاریی)، نووسه‌ر سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌ی به‌ باسكردنی قۆناغه‌كانی هه‌ڵكشانی مرۆڤایه‌تی سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌بردن‌ و پێكه‌وه‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی دەست پێ دەکات، پاشان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ هه‌تا سه‌رده‌می نووسینی كتێبه‌كه‌ی كه‌ كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌، زۆربه‌ی میلله‌تان‌ و كۆمه‌ڵگه‌ جیاوازه‌كان نه‌گه‌یشتوون به‌ شێواز و ڕێگه‌یه‌كی نموونه‌یی له‌ سیاسه‌تكردن‌ و به‌رێوه‌بردنی وڵاتدا، چه‌ندین جۆری حكومه‌ت‌و شێوازی به‌ڕێوه‌بردن هه‌یه‌، به‌ڵام هیچیان مایه‌ی ڕه‌زامه‌ندی زۆرینه‌، یاخود گشت نین، هه‌ر بۆیه‌ میلله‌تانی دنیا له‌ ئاڵوگۆڕی سیاسی به‌رده‌وامدان(44).

دواتر كه‌واكیبـی به‌ مه‌به‌ستی قوتاربوون له‌ سته‌مكاری ‌و گه‌یشتن به‌ حكومه‌تێكی دادپه‌روه‌ر، كه‌ له ‌سایه‌یدا سه‌رجه‌می مافە‌ تاك ‌و گشتییه‌كان پارێزراو بێت، هۆشداری توند ده‌دات، كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك متمانه‌ نه‌كرێت به‌ په‌یمان‌ و سوێند ‌و به‌ڵێن ‌و ئایینداری ‌و ڕاستگۆیی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵات‌ و حوكمداری بگرنه‌ ده‌ست، هاوكات بیست و پێنج سه‌رباس له‌ شێوه‌ی پرسیاری دژیه‌كدا ده‌خاته‌ به‌رده‌م، كه‌له‌ میانه‌یاندا بنه‌ما و چوارچێوه‌ی سیستمێكی حوكمڕانی به‌هێزو دادپه‌روه‌ر دیاری ده‌كات، كه‌ ده‌توانین به‌ كورتی ئاماژه‌ به‌ ناوه‌رۆكه‌كانیان بده‌ین(45):
1. ئوممەت، یان میللەت بریتییە لە کۆمەڵە کەسانێک ، پەیوەندی ئایین، یان ڕەگەز، یان زمان، لە نیشتمانێکدا کۆیان دەکاتەوە و مافی هاوبەشیان هەیە، هەر تاکێک بۆی هەیە گوزارشت لە ڕای خۆی بکات.
2. حکومەت وەک پرۆسەیەکی بریکاریی وایە، لەسەر ویست و ئیرادەی میللەت بوونیاد دەنرێت بەمەبەستی بەڕێوەبردنی کاروبارە گشتی و هاوبەشەکان.
3. سەرجەم میللەت هاوبەشن لە زەوی، ئاو، ڕووبار، کەناراو، کانزاکان، پەرستگاکان، بازرگانیکردن، لە پاراستنی ئاسایشی گشتی، دادپەروەری، ئایین، ئادابی گشتی، یاسا و پەیماننامەکان، هیچ کەسێک یان بنەماڵەیەک مافی ئەوەی نییە ئەوانە و هاوشێوەیان قۆرخ بکات بۆ خۆی. هاوکات سەرپەرشتیاریی دەسەڵاتداران و لێپرسراوان بۆ ئەو شتانە، سەرپەرشتیاریی ڕێکخستنیانە نەک خاوەندارێتییان.
4. حکومەت بۆی نییە بە بێ هیچ بنەمایەکی یاسایی هەڵسوکەوت بکات لە پێدان و بێبەشکردنی مافە گشتییە مادی و ئەدەبییەکان لە کەس و ناوچە و تاقم و ئایین و چینە جیاوازەکان، هەموویان یەکسانن لە پێدان و بێبەشکردندا بە شێوازی دادپەروەرانە.
5. مافە کەسییەکانی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە دەبێت پارێزراو بێت، مرۆڤەکان ئازادن چۆن بیر دەکەنەوە و چی دەکەن، حکومەت بۆی نییە خۆهەڵقورتێنێت لە کاروبارە کەسییەکاندا، بە مەرجێک پێچەوانەی یاسای کۆمەڵایەتی نەبێت.
6. شیاوترین جۆری حکومەت دەبێت حکومەتی هەڵبژێردراوی کاتیی بێت.
7. ئیشی حکومەت بەڕێوەبردنی کاروباری میللەتە، بە پێی یاسایەک کە بە بڕیار و ڕەزامەندی میللەت داڕێژرابێت، هەر کاتێکیش حکومەت نەیتوانی بەو یاسایە کار بکات دەبێت هەڵبوەشێتەوە.
8. دەبێت حکومەت هەرچی پلە پێدان یان مووچە و خەرجی و پارە پێدانە بە یاسایەک ڕێکبخات کە هەڵقوڵاوی ڕەزامەندی میللەت بێت.
9. دەسەڵاتی یاسادانان دەبێت هەڵقوڵاوی ڕای میللەت بێت، حکومەت تەنیا جێبەجێکردنی لەسەرە، ئەو کات میللەتیش بە دڵسۆزییەوە گوێڕایەڵی حکومەت دەبن.
10. دەبێت بە ڕەزامەندی و ئاگاداری میللەت سەرچاوەکانی داهاتی حکومەت و کۆکردنەوەیان و ڕێکخستنی تێچوونەکان دیاری بکرێت.
11. دەبێت هێزی چەکدار هێزی نیشتمانیی میللەت بێت، بە جۆرێک کە حکومەت نەتوانێت بەکاریان بهێنێت بۆ سەرکوتکردنی میللەت.
12. دەبێت میللەت مافی چاودێری و لێپرسینەوەی حکومەتی هەبێت، هاوکات کاری سەرەکی نوێنەر و نائیبەکان پاراستنی ئەو مافە بێت.
13. لەسەر حکومەتە ژیان و ماڵ و سامانی تاکەکان و ئاسایشی گشتی بپارێزێت.
14. دەبێت دەسەڵاتی حکومەت بە یاسا دیاری بکرێت.

15. دەبێت دەسەڵاتی دادوەری لە دەستی کەسانیی پاک و ئەمیندا بێت، تەنیا ملکەچی شەرع و ڕاستی بن، نەکەونە ژێر کاریگەری هیچ زۆرلێکردنێک لە هەر کەسێکەوە بێت.
16. لەسەر حکومەتە بە دانایی پارێزگاری لە ئایین و ئادابی گشتی و زمان و کولتوور بکات، مافی ئەوەی نییە لەسەر ئایینداری و بیروباوەڕ لێپێچینەوە لە کەس بکات، لە کاتێکدا نەبێت کە بەئاشکرا پیرۆزییە ئایینییەکان بشێوێنرێن و پێشێل بکرێن.
17. هەرچی تایبەتە بە دامەزراندن و لێپرسراوێتییەکانەوە لە سەرۆکەوە تا پۆلیس و کارگوزارێک دەبێت زۆر بە ڕوونی و ڕاشکاوانە بە دەقی یاسایی ڕێکبخرێت، بە جۆرێک کەس نەتوانێت پێچەوانە مامەڵە بکات.
18. پرۆسەی یاسا دانان دەبێت لە ڕێگەی کۆمەڵە کەسانێکی شارەزا و پسپۆڕەوە بێت کەلەلایەن میللەتەوە دەستنیشان کرابن، نەک بە ویستی سەرۆک وڵات بێت بە تەنیا.
19. دەبێت دەقە یاساییەکان زۆر ڕۆشن بن و ڕاشکاوانە واتاکانیان بدەن بە دەستەوە، سەرجەم چین و توێژەکان بگرێتەوە، هێزی جێبەجێکردنیان هەبێت، پارێزراو بن لە هەر مەبەست و ئامانج و بەرژەوەندی و کاریگەرییەکی تاکیی، لەلایەن سەرجەمی میللەتەوە ڕێزیان لێ بگیرێت.
20. دەبێت دابەشکردنی کار و وەزیفەکان بۆ گشت بێت، بە لەبەرچاوگرتنی شیاوی و ژمارەی پێویست، نابێت لە ڕێگەی نێوەندگیری و خزمایەتی و ناسراوی و عەشیرەتگەرییەوە بێت.
21. نابێت دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی و فێرکاری و ئەوانی دی لە دەستی تاکە کەس و کۆمەڵێکدا بن، بەڵکو دەبێت بەپێی پسپۆڕی ورد و شارەزایی دابەش بکرێن.
22. دەبێت حکومەت ئەوپەڕی کارئاسانی بکات بۆ سەرکەوتن و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە و فێرکردن، هەموو کەس مافی خوێندنی هەبێت.
23. دەبێت حکومەت بە کردار هاندەری کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی بێت، ئەوپەڕی کارئاسانی بکات بۆ گەشەپێدانیان.
24. دەبێت حکومەت بە جددی کار بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و نیشتەجێکردنی بێ لانەکان.

25. دەبێت هەمیشە کار بکرێت بۆ مراندن و نەگەڕانەوەی ستەمکاریی.
کەواکیبی زیاتر لەسەر ئەم خاڵەی کۆتایی دەڕوات و دەنووسێت: “هەر میللەتێک هەست بە ئازار و مەینەتییەکانی ستەمکاریی نەکات شایانی ئازادی نییە.,. دواتر ئاگادارییەک دەخاتە ڕوو، کە دەبێت بەرهەڵستی ستەمکاریی بە نەرمی و پلەبەندی بێت، هاوکات دەبێت لە پێشدا ئامادەکاری کرابێت بۆ قۆناغی دوای ستەمکاریی”(46).
هەر بۆیە بەلای کەواکیبیەوە بەهێزترین چەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرهەڵستی ستەمکاریی بریتی نییە لە کاری توندوتیژی، بەڵکو بریتییە لە هەستکردنی میللەت بە ئازار و مەینەتییەکانی ستەمکاریی، کە ئەمەش لە ڕێگەی فێرکردن و وشیارکردنەوەوە دەبێت، کە دواتر وروژاندنی ڕای جەماوەری لێ دەبێتەوە(47).

———————-
سه‌رچاوه‌ و په‌راوێز
1- له‌تۆماره‌ حكومییه‌كاندا ساڵی (1848یان 1849ز) به‌ساڵی له‌دایكبوونی كه‌واكیبی دانراوه‌، به‌ڵام له ‌تۆماری بنه‌ماڵه‌كه‌یدا ساڵی (1854ز) به ‌ساڵی له‌دایكبوونی دانراوه‌. بڕوانه‌: العقاد، عباس محمود: عبد الرحمن الكواكبي، مؤسسة‌ هنداوي، القاهره‌، 2012. ل39. الزركلي: الأعلام، دار العلم للملایین، بیروت، ط15،2002، 3/298.
2- بڕوانه‌: العقاد: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 41. الزركلي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو3/298.
3- بڕوانه‌: الطحان، محمد جمال: أعمال الكواكبي غیر الكاملة‌، نسخة‌ ألكترونیة‌، ل22.
4- بڕوانه‌: الزركلي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو3/298. الطحان: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 22.
5- بڕوانه‌: الطحان: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 26، 28.
6- بڕوانه‌: الكواكبي: طبائع الاستبداد ومصارع الاستعباد، مؤسسة‌ هنداوي، القاهرة‌، 2012، ل7.
7- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 7.
8 – هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 7.
9- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 8.
10- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 11.
11- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 12.
12- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 15.
13- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 18.
14- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 21 .
15- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 21.
16- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 24.
17- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 25.
18- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 25.
19- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 27.
20- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 28-29.
21- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 33.
22- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 34.
23- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 34.
24- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 37.
25- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 39.
26- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 40.
27- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 42.
28- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 42.
29- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 51.
30- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 56.
31- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 55، 57.
32- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 63.
33- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 64.
34- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 72، 73.
35- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 75.
36- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 79.
37- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 77.
38- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 76.
39- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 85.
40- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 86.
41- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 86.
42- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 87.
43- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 88.
44- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 105.
45.- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 106-110.
46- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 110.
47- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 111.

Send this to a friend