میدیای نیشتمانی
ئامادەکردن: ئایندەناسی
پەیوەندییەکی توندوتۆڵ هەیە لە نێوان میدیا و نیشتمان و ڕۆڵی میدیای نیشتیمانی لە کایە جۆراوجۆرەکاندا، بەڵام بەر لەوە با بە جیا پێناسە گشتییەکانی میدیا و نیشتمان بخەینە ڕوو و پاشتر میدیای نیشتمانی بناسێنین:
هەر چی خودی میدیایە، بریتییە لەو پڕۆسەیەی کە هەڵدەستێت بە ڕێکخستنی کارلێکی نێوان خەڵک و ئەزموونەکان و بۆچوونەکانیان و وەشاندنیان، ئەمەش لە سایەی شارستانێتیی نوێی مرۆڤایەتیدا بووەتە مەزنەهێزێک و هیچ نەتەوە و کۆمەڵگە و نیشتمانێک لێی بێباک نییە.
میدیا، بە جۆرێکی دیکە بەوەش پێناسە دەکرێت کە هۆی پەیوەندیی نێوان نێرەر و وەگرە لە ڕێگەی هۆکارێکی میدیایی کە بە هۆیەوە پەیامێک دەگوازرێتەوە بۆ لایەنێکی دیکە کە هەڵدەستێت بە دەوڵەمەندکردنی جەماوەر بە زانیاری و ڕاستینە نەگۆڕەکان بە مەبەستی باوەڕپێهێنانی جەماوەر لە ڕێگەی هەقیقەت و ژمارەکان و بۆچوونەکانەوە.
ئامانجی میدیاش بە گشتی بریتییە لە بڵاوکردنەوە و کارکردن لە سەر چاودێریی ژینگە، گواستنەوەی میراتی کولتووری و کۆمەڵایەتی لە نەوەیەکەوە بۆ ئەوی دیکە، پەرەپێدانی کۆمەڵگە و هۆشیاریی تاک، دیپلۆماسیەتی ئاشکرا و نافەرمیی نێوان وڵاتان، پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی، چەسپاندنی هاونیشتیمانێتی، تاکگەرایی، یەکسانی، مەیل و ئینتیمای نیشتمانی، بەشداری و بەرپرسیارێتیی تاک و کۆمەڵگە و زۆر بواری دیکە.
بەڵام نیشتمان چییە؟
نیشتمان شوێنێکە کە تێیدا مرۆڤ نیشتەجێیە و دەیکاتە بارەگای جێگیربوونی. بە شێوەیەکی گشتییش نیشتمان پارچە زەوییەکە کە نەتەوە ئاوەدانی دەکاتەوە بە شێوەیەکی تایبەت و دەیکاتە مەسکەنی خۆی. مەسکەن بە مانای وابەستەیی زەین و ئاگایی و کولتوور و کەلەپووری هاونیشتمانی بەو نیشتمانەوە. پێگە و شوێن و شار و دەوڵەتیش هەر لە سەر ئەو نیشتمانە بنیاد دەنرێت.
ئەی میدیای نیشتمانی چییە؟
میدیای نیشتمانی میدیایەکی ئاراستەکراوی پەیامدارە، کە ئامانجی پێشکەشکردنی وێنایەکی بابەتییانە و ڕاستینەیی نیشتمان و سیمبولەکان و سیاسەتەکان و دەستکەوت و مرۆڤەکانیەتی… تاد. بۆ بەجێهێنانی ئەم ئەرکەش، لە ڕێگەی دوو ئامرازەوە ئەنجامی دەدات:
یەکەمیان: بە شێوەی گێڕانەوەیی (سردی) وەسفی، کە بریتییە لە پێشکەشکردنی وێنەی نیشتمان بۆ ئەوانەی کە نایناسن یاخود بیریان دەخاتەوە، بەدوویدا لە نێو دەروون و ویژدانی بەردەنگەکانیدا وێنایەکی ڕاستینە دەچێنێت لە بارەی نیشتمان و دیوە ئەرێنییەکانیەوە. هەر چی ئامرازی دووەمیشە، بریتییە لە شێوازی ڕەخنەکاری و ڕەخنەگرتن، کە هەڵدەستێت بە هەڵوەشاندنەوەی گوتارە میدیاییەکانی دیکە و ئەو وێنا شێواو و هەڵانەی لە بارەی نیشتمان و هاونیشتمانییەکانیەوە (ئیتر بە ئەنقەست بێت یان ڕێکنەخراو بێت) سازێنراوە و لە بریی ئەو وێنە و وێنا شێوێنراوە؛ وێنایەکی ڕاستینەیی و بابەتییانە پێشکەش دەکات.
بۆیە ڕۆڵی میدیای نیشتمانی ڕۆڵێکی تەوەری دەبینێت کە پشتئەستوورە بە زانیاریی ڕاست و ڕامان و هۆشیاری و ئاگاییبەخشین و ڕۆشنکردنەوەی پرسە گرنگەکان لە بارەی نیشتمان و وەرچەرخانە هەنووکەییەکان تێیدا، لەگەڵ ئەوەشدا بەهێزکردن و نمایشکردنەوەی وێنەی نیشتمان و سیاسەتەکانی چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە. بۆیە میدیای نیشتمانی لە ڕووی ئەرکەوە هەر زوو ئەو پێناسە تەقلیدییەی تێپەڕاند کە گوایە بریتییە لە گرووپێک لە کەناڵی پەیوەندیکردن بۆ وەشاندنی هەواڵ و پڕوپاگەندە و ئامار و… تاد. ڕستییەکەی میدیای نیشتمانی کورت نابێتەوە لە کۆمەڵێک دەزگای حکومەتی، بەڵکوو ئەو کەناڵە تایبەتانە دەگرێتەوە کە کار لەسەر ئەو ڕەهەند و ئامانجانە دەکەن کە بۆیان دروست بووە، ئەمەش گرنگیی میدیای نیشتمانی زیاتر دەردەخات کە هەڵقوڵاوی هەستی نیشتمانپەروەرییە و دەیەوێت ژینگەیەکی میدیایی وا ساز بکات کە تێیدا هەم میدیا کاری خۆی بکات و هەم هاونیشتمانییەکانیشی بە سەرچاوەیەکی سەرەکیی زانیاری و ئاگاییەکانی دابنێت.
ڕاستییەکەی جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان میدیای فەرمی کە بە سەرچاوە و ئامرازەکانی بنیاتناني پەیام و ئاڕاستەکردن و بڵاوکردنەوەی پەیام بەڕێوە دەبرێت و میدیای نیشتمانیدا کە بانگهێشتی بەشداریی کۆمەڵگا دەکات بۆ گێڕانەوە و واتادارکردنەوەی چەمکەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی دەرکەوتە نامۆکان و بەرزکردنەوەی متمانە بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سیمبولەکانی.
ڕۆڵی میدیا لەم مۆدێلەی میدیاییدا لەسەر بنەمای زانیاری و بۆچوونی بابەتیانە لە سەرچاوەی خۆیەوە دەست پێ دەکات و پاشان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە چوارچێوەی میدیای نیشتمانیدا بەکار دەهێنرێت تا خزمەت بە کۆمەڵگە و تاک بکات و ڕەنگدانەوەی پێگەی کۆمەڵگا و دامەزراوەکانیەتی.
میدیای نەتەوەیی کە وەک چەمکێک بەو مانایە دێت وەک هەندێک لە توێژەران پێیان وایە ڕێگایەکی تا ڕادەیەک درێژمەودایە و جۆرێک لە سەربەخۆیی تێدایە و بابەتیبوون و گەیاندنی زانیاریی دروست و دوور لە چەواشەکارانە دەبێت ئەرکی بێت.
لە ڕاستیدا میدیای نیشتمانی گرنگیی خۆی لە زاراوەی خۆیەوە وەردەگرێت و نوێنەرایەتیی هەم نیشتمانی و هەم پیشەییبوونیش دەکات لە ڕۆڵ و گەیاندنەکانیدا، ئەمەش واتای بەدیهێنانی بەرژەوەندیی باڵای وڵات و پاراستنی ئاسایشەکەیدا خۆی دەبینێتەوە.
سەرچاوەکان:
- ربیحە نبار و کریمە مقاوسی (٢٠٢٢): دور الاعلام فی ترسیخ قیم المواطنة، مجلە المجتمع و الریاضة، بەرگی ٥، ژ١، ل١٦٣-١٦٤.
- أحمد الجميعـة (2018): الإعلام الوطني، موقع جریدة الریاض، ٣/٩/٢٠١٨، ڕۆژی بەردەستبوون: ١٣/٢/٢٠٢٥: https://www.alriyadh.com/1702235
- فهد العتيبي (٢٠٢٠): وطنية الإعلام والإعلام الوطني، موقع جریدة الریاض، ١٩/١٠/٢٠٢٠، ڕۆژی بەردەستبوون: ١٣/٢/٢٠٢٥: https://www.alriyadh.com/1848482