• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 19, 2020

گرنگترین ھەڕەشەکانی سەر ئێران لە ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە

قەدیر نەسری/ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی خارەزمی

داود ڕەزایی/ خوێندكاری دكتۆرا لە زانكۆی باڵای بەرگریی نیشتمانی و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی

وەرزنامەی “مطالعات بین رشتەای دانش راهبردی”، ساڵی نۆیەم، ژمارە 37، 2019

وەرگێڕان: ئەژی ئازاد ئەبوبەكر

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە 4ی تشرینی دووه‌می 2020ی گۆڤاری ئایندەناسی

پوختە

پرسیاری سەرەكیی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە كە گرنگترین هەڕەشەكانی بەردەم كۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن هەرێمی كوردستانی عێراقەوە كامانەن و چ ناوەرۆكێكیان هەیە؟ پێدەچێت گرنگترین هەڕەشەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق كە ئاسایشی ئێران دەخاتە مەترسییەوە، ناوەرۆكێكی شوناسی-سیاسییان هەبێت، بەو مانایەی كە هەوڵەكانی هەرێم بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، دەتوانێت سەروەریی خاك و یەكپارچەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە دواڕۆژێكی ماوە مامناوەند خەوشدار بكات. ئامانجی سەرەكیی ئەم توێژینەوەیە، یارمەتیدانە بۆ بڕیارسازیی كاریگەر لە ئاستی بەرێوەبردنی ئەمنیی پرسەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستانی عێراق لە دیدی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. ئەم توێژینەوە بە شێوازی كردارەكی و بە شێوەی چۆنایەتی (كیفی)  و به ڕوانگەی وەسفی و شیكاری ئەنجام دراوە. بۆ بەدەستهێنانی زانیاری پێویست و هاوسەنگ، ڕای 10 كەس لە پسپۆڕانی زانكۆیی، دیپلۆماتكار و كەسایەتییە ئەمنییەكان وەرگیراوە و توێژینەوەكە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی كە هەرێمی كوردستان لە ئایندەیەكی كورتمەوەدا، نابێتە سەرچاوەیەكی هەڕەشە، بەڵام لە ئایندەیەكی  ماوە مامناوەند یان درێژمەودا؛ جووڵانەوە شوناسخوازەكانی ئەم ناوچەیە بەهێز دەبێت و دەبنە هۆكاری دروستبوونی پشێوی لە ئاسایشی نیشتمانیی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

وشە كلیلییەكان: هەڕەشەی ماوە مامناوەند، هەرێمی كوردستانی عێراق، ئاسایشی نیشتمانیی سەقامگیر، یەكگرتوویی و سەروەریی خاك، هاوئاڕاستەیی ستراتیژیانە

تێبینی: لەبەر درێژی توێژینەوە و قەبارەی گۆڤارەکەمان، هەندێک بڕگەی ناپێویستی توێژینەوەکە وەرنەگێڕدراوە.

 

بەرایی

ئەم توێژینەوەیە بابەتی هەڕەشەكانی سەر ئێران لەلایەن هەرێمی كوردستانی عێراقەوە لە ساڵانی ئایندەدا (2019-2029) دەخاتە بەر لێكۆڵینەوە. پێدەچێت كە بابەتی هەرێمی كوردستانی عێراق؛ یەكێك بێت لە گۆڕدراوە كاریگەرەكان لەسەر ئایندەی ئاسایشی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام سەبارەت بە توندی، فراوانی، خێرایی و دەرهاویشتەكانی ئەم هەڕەشانە ڕای جیاواز هەیە. بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم بابەتە، ئەم پرسیارەمان لە توێژینەوەكەدا خستووەتە ڕوو كە گرنگترین هەڕەشە دژی بەرژەوەندی و بەها بووژێنەرەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە كامانەن؟ هەروەها كۆمەڵێك پرسیاری لاوەكی بۆ  ڕوونكردنەوەی ئەم بابەتەمان ورووژاندووە: گرنگترین خاڵەكانی هێز و لاوازی و گرنگترین ئامانجەكانی هەرێمی كوردستان لە ئاستی ستراتیژیدا، چین؟ گرنگترین هێزەكانی كاریگەر لە هەرێمی كوردستان كامانەن و چ ڕوانگەیەكیان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە؟

هەرێمی كوردستان بە هۆی هەستكردن بە تەنگەژەی جیوپۆلەتیك و حەزێكی قووڵ بۆ یەكگرتن لەگەڵ هێزی دەرەوە هەرێمی، بەردەوام لە هەوڵی پێداچوونەوە لە ڕژێمی هەرێمی بووە. لە لایەكی ترەوە ئەم ناوچەیە خاوەن سەرچاوەی فراوانی بووژێنەرە كە لەپاڵ هەڵكەوتەی ستراتیژی، زەمینەی ئامادەبوونی دوژمنان و ڕكابەرانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەم ناوچەیەدا بە شێوەیەكی ئاشكرا و نهێنی خۆش دەكات. ئەم تایبەتمەندییە، هەرێمی كردووەتە خاوەنماڵێكی وەسوەسەكەر بۆ ئامادەبوونی ڕكابەرانی كۆماری ئیسلامیی ئێران. گۆڕانكارییەكانی ئەم ناوچەیە بە هۆی دراوسێیەتی و پەیوەندییە نەتەوەیی و نەژادییەكانی لەگەڵ ناوچە كوردنشینەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، دەتوانێت كاریگەریی خۆی لەسەر ئاسایشی ئێران هەبێت. هەر بۆیە كۆماری ئیسلامیی ئێران پێویستە كە هەڕەشەكانی بەردەم خۆی بدۆزێتەوە و بە بەرنامەرێژییەكی گونجاو ئەم هەڕەشانە بەڕێوە ببات و بیانكاتە هەلێك بۆ خۆی. ئەم توێژینەوە لەم ڕووەوە گرنگیی هەیە كە دەتوانێت هەڕەشەكانی ئایندە چاودێری و دەستنیشان بكات و یارمەتیدەر بێت بۆ دۆزینەوەی ڕێكاری ڕووبەڕووبوونەوە. پێویستیی ئەم توێژینەوەش لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە لە ئەگەری بە هەل وەرنەگرتنی پێشنیارەكان، دەبێتە هۆی هەڕەشەزانینی بەبێ هۆ، خەمساردی و غافڵگیربوونی ستراتیژی.

 

خاڵی بەهێزی و لاوازی هەرێمی كوردستان

خاڵی بەهێزی: هەرێمی كوردستان بە هۆی هەڵكەوتەی لە ناوچەیەكی هەستیار و خاوەنداریی یەدەكی نەوت و غازی فراوان، خاڵی بەهێزی زۆری هەیە:

  • هەڵكەوتە و پێگەی ستراتیژی

هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی كوێستانییە لە باكوور و باكووری ڕۆژهەڵاتی عێراق، لە پانتاییەكی جوگرافیی 34 پلەی باكوور و درێژایی جوگرافیی 41-46 پلەی ڕۆژهەڵات و پارێزگاكانی دهۆك، هەولێر، سلێمانی، كەركووك، نەینەوا و دیالە دەگرێتەوە كە نزیكەی 45 ملیارد بەرمیل نەوت لەم ناوچانە بوونیان هەیە (زیباكلام و عبداللەپور، 1390: 61). هەروەها لە لایەنی سیاسی، بە هۆی هەڵكەوتەی لەنێوان چوار وڵاتی ئێران، توركیا و سووریا و عێراق و دروستكردنی كاریگەریی بەرانبەر ئەم ناوچەیە لەسەر سیاسەتە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەكانی ئەم وڵاتانە، خاوەن گرنگییەكی تایبەتە. بەپێی خەباتی چەكداریی كوردەكان لە چوار وڵاتی دراوسێ و ڕۆڵگێرانی هێزەكانی وەك ڕووسیا، توركیا و ئەمەریكا و هاتنەناوەوەی ئیسرائیل بۆ ئەم هاوكێشەیە، پێدەچێت ناوچەی هەرێمی كوردستان شوێنێكی سەرنجڕاكێشی گەمەكردن بێت بۆ هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان.

  • سەرچاوەی ئابووری

سەرەكیترین ڕاكەشی (جاذبه) هەرێمی كوردستان، سەرچاوە سەروشتییەكانیەتی (45 ملیارد بەرمیل نەوت و سەرچاوەی غازی فراوان). سەرچاوەكانی ئابووریی كوردستان؛ لە ڕێگەی داهاتە نەوتییەكان، كشتوكاڵ، ئاژەڵداری و گەشتیارییە. خاوەندارێتیی ڕێژەیەكی فراوان لە سەرچاوە نەوتی و غازییەكان، بابەتێكە كە وا لە هەرێمی كوردستان دەكات كە ژێرخان و خەرجییەكانی وڵاتێكی سەربەخۆ دابین بكات. بەپێی ڕاگەیاندنی ئۆپێك لە مانگی جونی 2019، لە عێراق 136 ملیارد بەرمیل نەوتی یەدەك نەوت بوونی هەیە (opec eite, 2019) كە دەكاتە (10.4%)ی هەموو یەدەكی جیهان و (13%)ی یەدەكی ئۆپێك، لەم ڕێژەیە 45 ملیارد بەرمیل كەوتووەتە هەرێمی كوردستانەوە. لە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 650 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت كە بە بەراورد بە ڕێژەی دانیشتووان، ڕێژەیەكی بەرچاوە (زارعی و رنجبری، 1395: 924).

  • پێكهاتەی حكومەت

مۆدێلی فیدراڵی لە هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2005 بەملاوە بوونی هەیە. پێكهاتەی سیاسی لە هەرێم لە دەوڵەت، پەرلەمان، دادگا خۆجێییەكان پێك هاتووە. دەوڵەتی خۆجێیی كوردستان لە ساڵی 1991، لەدوای شكستی عێراق لە شەڕی نەوت دامەزراوە و هەولێر پایتەختەكەیەتی. بەپێی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان، سیستمی حكومەتی دەوڵەتی خۆجێیی كوردستان؛ خەڵك سەروەر (مردم سالار) و كۆمارییە و گەل سەرچاوەی هێز و شەرعیەت پێدانن (رضایی، 1393: 52-54). پێكهاتەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان لە ئاست حكومەتی ناوەندیی عێراق، سەربەخۆیە و خاوەنی پەرلەمان، دەستوور و ئەنجوومەنی وەزیرانە و ئەم تایبەتمەندییە ئەوانی لە گرتنەبەری بڕیارە ناوچەییەكان سەربەخۆ كردووە  و بە یەكێك لە بڕستەكانی ئەم حكومەتە دادەنرێت. لەدوای نائارامییەكانی پاییزی 2019 لە شارەكانی عێراق، سەبارەت بە پێكهاتەی حكومەتی ئەم وڵاتە گومانەی نوێ (بە شێوەی سەرۆكایەتیی بەڕێوەبردن و…)هاتە بەر باس، كە بەرپرسانی هەرێم بەتوندی ڕەتیان كردەوە.

  • دۆخی سەربازی

هێزی چەكداریی هەرێمی كوردستان لە پێشمەرگەكان پێك دێن، كە بە شێوەیەكی نەریتی بەم ناوە ناوبانگیان دەركردووە. پێكهاتەی هێزە چەكدارەكان و هەواڵگری-ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان لە دوو هێزی سەرەكی، واتە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان پێك دێن. هێزە چەكدارییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هێزەكانی پێشمەرگە (سەربازی)، ئەمنی-پۆلیسی (ئاسایش) و هەواڵگری (زانیاری) پێك دێن. ژمارەی ئەم هێزانە 60 هەزار كەسە، كە خۆی لە 40 هەزار پێشمەرگە و 20 هەزار كەس وەك پشتیوان دەبینێتەوە. هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەمان شێوە لە هێزەكانی پێشمەرگە، ئەمنی و پۆلیس و هەواڵگری (پاراستن) پێك دێن. ژمارەی ئەم هێزانە دەگاتە 90 هەزار، كە 70 هەزاریان سەربازین و 20 هەزاریان هێزی پشتیوانن. چەك و تەقەمەنییەكانی هەردوو هێز بەزۆری چەكی سووك و نیوە قورسن، وەك: دۆشكە، تۆپی دژەئاسمان، هاوەن و هەروەها دەبابەی نەفەرهەڵگری سەربازی (نامی و محمدپور، 1387: 103-108). لە گرنگترین خاڵەكانی بەهێزی هێزەكانی سەربازی لە هەرێم، دەكرێت ئاماژە بە هەستی جەنگاوەری و بوێریی پێشمەرگەكان، ئاستەنگی ڕێگاكانی تیپەڕبوون لە ناوچەكانی هەرێم، ئاشنایی بە شەڕی پارتیزانی، پێشینەیەكی درێژ لە شەڕكردن بەرامبەر بە دەوڵەتەكانی پێشوو و ڕێژەی بەرچاوی ژمارەی هێزەكان بكرێت (رضایی، 1393: 58).

خاڵە لاوازە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان

هەرێمی كوردستان بە هۆی بارودۆخی ئاڵۆزی ناوخۆیی، هەڵكەوتن لە شوێنێكی تایبەتی جیۆپۆلەتیكی، دەورگیراو لەنێوان سێ وڵاتی ئێران، توركیا و سووریا كە هەرسێ وڵات خاوەنی نەتەوەی كوردن و هەروەها جۆراوجۆری دانیشتووان، كۆمەڵێك خاڵی لاوازی هەیە:

  • چوارلاگرتنی (حصر) جیۆپۆلەتیكی

سەرەكیترین خاڵی لاوازی هەرێمی كوردستان بەردەوام ئەوە بووە كە وڵاتە بەهێز و خاوەن سەروەرییەكانی وەك سووریا، توركیا، عێراقی عەرەب و ئێران دەوریان داوە. زانایانی بواری جوگرافیا، لە پێناسەی جیۆپۆلەتیكدا دەڵێن بریتییە لە هونەری دروستكردنی هاوسەنگیی هێز لەگەڵ ڕكابەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش، پاراستن و فراوانكردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان (مجتهدزادە، 1379: 23). مەودای چەمكی جیۆپۆلەتیك لەسەر بنەمای پەیوندییەكانی هێز ڕاوەستاوە، كە خۆی لە تایبەتمەندییەكانی شوێنی جوگرافیایی یەكەكانی سیاسی لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەبینێتەوە. هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەكی كوێستانی لەنێوان ئەم سێ وڵاتە گیرۆدە بووە و لە ڕووی دەریاوە لەگەڵ هیچ شوێنێك پەیوەندیی نییە و هەر ئەم هەڵكەوتە داخراوە جوگرافییە؛ گەورەترین ئالنگاریی هەمیشەیی هەرێمی كوردستانە. لە هەرێمی كوردستان مەرجی پێشوەختی هەر جۆرە پەیوەندییەك لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا، ڕاكێشانی هاوكاریی وڵاتانی دەوروبەریەتی، بەتایبەتی ئێران و توركیا. زۆرینەی هاوردە و هەناردەی كاڵاكان لەم ناوچەیەدا، لە ڕێگای گومرگەكانی ئیبراهیم خەلیل لە باكووری كوردستانی عێراق لەگەڵ سنووری توركیا و هەروەها لە ڕێگەی سنووری مێهران لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدرێت و بۆ فرۆشتنی نەوت و هەر جۆرە پەیوەندییەكی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی دیكە پێویستی بە هاوكاریی وڵاتانی دراوسێ هەیە و لە ئەگەری ڕوودانی هەر ئالنگارییەك لە پەیوەندیی كوردەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەرێمی كوردستان لەم ڕووەوە لاواز دەردەكەوێت (عبداللەپور، 1391: 151).

  • نەبوون و لاوازیی دامەزراوەكانی خەڵك سەروەر(مردم سالار)

جێگیربوونی دامەزراوەیەكی خەڵك سەروەر، تەنیا لە ئەگەری ڕێككەوتنی گشتی بە ئاڕاستەیەكی گونجاو لەگەڵ كولتووری خەڵك سەروەری دێتە كایەوە. لە ڕاستیدا خواستەكانی هاونیشتمانییان پێویستە، هەم لە دامەزراوەی خەڵك سەروەری و هەم لە سازشە كۆمەڵایەتییەكان (قبووڵكردنی بیروباوەڕەكان، فرەڕەنگیی خواست و حەزەكان و ڕەفتارەكان)، قبووڵكردنی ڕكابەری و فرەڕەنگیی سیاسی؛ پشتگیریی بكات. بە بڕوای “تەسلەر”، بوونی تێڕوانین و بەهای خەڵك سەروەر لە خەڵكدا گرنگییەكی كەمتری نییە لە دامەزراوەكانی خەڵك سەروەر بۆ پێشكەوتن (امام جمعەزادە و قاسمی، 1390). لە هەرێمی كوردستانی عێراق دامەزراوە یاسایی و خەڵك سەروەرەكان بەباشی پێك نەهاتووە و هەر لەبەر ئەم هۆكارە؛ زۆربەی ناڕەزایەتییەكان و خواستەكانی خەڵك لە دەوڵەتی ناوەندی یان بەرپرسانی هەرێم، توندوتیژیی سیاسیی بەدوای خوێدا هێناوە و ئەم بابەتە بە یەكێك لە ئاریشەكانی ستراتیژی نەرم لە هەرێمی كوردستان دادەنرێت. مێژووی ڕابردوو لەم ناوچەیە ئەوەمان پیشان دەدات كە ناكۆكی و كێشەكانی نێوان گرووپە جیاوازەكان، بەزۆری لە ڕێگەی شەڕ و پێكهەڵپژان چووەتە پێشەوە. لە هۆكارەكانی ئەم بابەتەش دەتوانین ئاماژە بە نەبوونی سیستمێكی پەرلەمانی و دادوەریی بەهێز و خاوەن ئیرادە، نەبوونی یاسا بەهێزەكان لە كۆمەڵگا، نەبوونی ڕێكارە ئاشتیخوازەكان بۆ چارەسەری كێشەكان بكەین، كە نەبوونیان زەمینەی بەریەككەوتن و قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی زیاتر دەكات. درێژكردنەوەی دوو ساڵەی ماوەی سەرۆكهەرێمیی “مەسعوود بارزانی” لەدوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی لە ساڵی 2014، پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەكان بووە. ئەمە لە كاتێكدا ڕووی دا كە بەپێی دەستوور، هەر كەسێك دەتوانێت تەنیا بۆ دوو خول وەك سەرۆكی هەرێم بەردەوام بێت. پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كە زۆرینەیان لە حیزبەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێك دەهاتن، لە ساڵی 2014 بەبێ ئامادەبوونی سەرجەم پەرلەمانتاران، دەنگیان بە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتیی مەسعوود بارزانی بۆ دوو ساڵی دیكە دا. ئەم بابەتە دەرخەری نەبوونی ناشیاویی دامەزراوە یاسایاییەكانە.

  • پێكهاتەی عەشایری و سیستمی پلەبەندیی (سلسلە مراتب) دەسەڵات

لە هەرێمی كوردستان بە هۆی بوونی پێكهاتەی عەشایری و كاریگەریی لەسەر پرس و بڕیارەكان، كێشەی پلەبەندی دەسەڵات هێشتا بوونی هەیە و ئەگەرچی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و پارێزگاكان ئەنجام دراوە و خەڵك بەشدارییان تێدا كردووە، بەڵام دواجار دابەشكردنی دەسەڵات لەنێوان حیزبەكان بە شێوەی ڕێككەوتن ئەنجام دەدەرێت و بەشێك لە پۆست و بەرپرسیارێتییەكان بە شێوەی پلەبەندی و خزمایەتی دابەش دەكرێت. بۆ نموونە بارزانییەكان لە هەرێم خاوەنی میراتێكی سیاسیی خێزانیی دێرینن لە سەرەتای سەدەی بیستەوە تاوەكوو ئێستا و بەردەوام بەرپرسی سەرەكیی پارتی دیموكرات بوون و سەرۆكایەتیی هەرێمیش لە خێزانی ئەوان هەڵبژێردراوە. دابەشكردنی وەزارەت و پۆستەكان بە شێوەی خزمایەتی و ڕێككەوتنی سیاسی، بووەتە هۆی نەشیاویی دەوڵەت و دروستكردنی بێمتمانەیی و ڕەشبینی بەرامبەر بەرپرسان و بە شێوەیەكی گشتی بە هۆی پێكهاتەی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان، هێشتا سوودوەرگرتن لە سیستمی پلەبەندی لەم ناوچەیە بەردەوامیی هەیە. بەكارهێنانی لەڕادەبەردەری یەك خێزان یان یەك حیزب لە پۆستەكانی دەوڵەت، ئەگەری بەشداربوونی حیزبەكانی دیكە و نەتەوەكانی تر لەناو دەبات و سیستمی پلەبەندی دەهێنێتە كایەوە كە ئەم بابەتە لە هەرێم وەكوو كێشەیەك لێی دەڕوانرێت. ناتەبایی سەرەكی ئەوەیە كە پێكهاتەی عەشایری لەگەڵ پێكهاتەی دیموكراسیی عێراق، وەكو پێویست گونجاندنی نییە.

  • زێدە كارتێكراوی (تاثیرپذیری فزایندە) و لاوازیی كولتووری سیاسی

كولتووری سیاسیی كوردستان بە هۆی نەبوونی دامەزراوە و پێكهاتە سیاسییە پێویستەكان، بەباشی دروست نەبووە و بە سەرنجدان بە ئاریشە و كێشەكانی هەرێم؛ كولتووری سیاسی كەوتووەتە ژێر كاریگەریی كولتووری نەریتی و هەندێ جار سەرەتایی. كولتووری سیاسیی كوردستان خاوەنی سێ تایبەتمەندیی دیاریكراوە كە دیموكراسیسازی و ئاشتیخوازیی لە هەرێمدا دوا خستووە و بووەتە هۆی مەیلی دەسەڵاتخوازی (اقتدارگرایی) لە ناوخۆ و نەوبوونی هاوكاری لە سیاسەتی دەرەوە. ئەم سێ تایبەتمەندییە دەتوانین بەم شێوەیە ناو بنێین: ناتۆكمەییبوون، توندوتیژیخوازی و پلەبەندیی دەسەڵات. ناتۆكمەیی كولتووری سیاسی لە هەرێمی كوردستان بۆ پێكهاتەی عەشایری و تایفەییەكەی دەگەڕێتەوە. ئەم تایبەتمەندییە لە ڕاستیدا دەرخەری جۆرێك لە كولتوورە كە كە “ئالمۆند” و “وربا” لە بەرهەمە كلاسیكییەكەی خۆیان بە ناونیشانی “كولتووری مەدەنی” بە كولتووری ناوچەیی و داخراو ناوی دەبەن (همان، 1390). لە ڕاستیدا بوونی گرووپە جیاوازەكان لە هەرێم (توركمان، كوردی سوننە، شیعە و مەسیحی) و جیاوازیی توانا ئابوورییەكان لە هەرێم بووەتە هۆی سەقامگیریی شێوازێك لە كولتووری سیاسیی پێشمۆدێرن كە درووشمە وەفادارانەكانی بۆ ئاستی نەتەوەیی، ناوچەیی، خێزانی و هۆزایەتی سنووردارە و متمانەی نێوان نەتەوە و گرووپەكان لە نزمترین ئاستی خوێدایە. لەم چوارچێوەیەدا وڵات یان ناوچەی جێگای ئاماژەمان، وەكوو كۆمەڵەیەكی عەشایر و نەتەوەكان دێتە بەرچاو كە لەگەڵ یەكتردا لەسەر دەسەڵات، ئاسایش و سەروەت و سامان ڕكابەری دەكەن. ئەم تایبەتمەندییە دەبێتە هۆی ئەوەی كە هەر جۆرە هاوسەنگییەكی نەتەوەیی لە ئاستی سیاسەتی هەرێمی، كاتی و لەرزۆك بێت و بەتایبەتی ئەگەر دابەشكردنی دەسەڵات بە شێوازی نەتەوەیی بێت، هاتنەكایەی كۆمەڵگایەكی یەكدەست بەئاسانی نایەتە دەست. كولتووری توندوتیژی لە هەرێمی كوردستان پێویستە سەرنجی بخرێتە سەر، بەو پێیەی كە مێژوویەكی درێژی هەیە و بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خۆی بەردەوام لە خەباتدا بووە و هەرێمی كوردستان خاوەنی پێشینەیەكی دوورودرێژە لە بەكارهێنانی توندوتیژیی جەستەیی لە پەیوەندییە سیاسییەكان.

ئامانجە ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق

لەدوای پەسەندكردنی بەفیدراڵبوونی هەرێمی كوردستانی عێراق، ڕۆڵی كوردەكان لە پێكهاتەی سیاسیی عێراق پەرەی سەند. بەپێی دەستووری عێراق، سەرۆككۆمار و یەكێك لە وەزارەتە سیادییەكانی عێراق لەلایەن كوردەكانەوە دیاری دەكرێت و ئەم بابەتە بووە هۆی ئەوەی كە كوردەكان سوود لەمە وەربگرن و هەوڵی بەهێزكردنی ژێرخانەكانی خۆیان دا لە هەرێم بۆ ئەوەی بتوانن زەمینەی سەربەخۆیی كە ئاواتی دێرینەیان بووە؛ ئامادە بكەن. لە ئامانجی كوردەكان، دەشێت ئاماژە بە پتەوكردنی ژێرخانەكانی ئابووری، سازكردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەرەكی بۆ ئاڵوگۆڕی ئابووری، ئامادەبوون و ڕۆڵگێڕانی زیاتر لە پێكهاتەی سیاسیی عێراق و هەروەها لكاندنی كەركووك بە هەرێمەوە بكرێت، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەم ژێرخانانەوە خۆیان ئامادە بكەن و دواجار سەربەخۆیی بەدەست بهێنن. لەدوای هێرشی داعش بۆ عێراق، هەرێمی كوردستان سوودی لە لاوازبوونی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق وەرگرت و سەرەڕای دژایەتیی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دا كە تیایدا 75%ی دانیشتووانی هەرێم بەشدارییان كرد و 92.5%یان دەنگیان بە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دا، بەڵام لە كۆتاییدا بە هۆی هەنگاوەكانی دەوڵەتی ناوەندی و بەشێك لە وڵاتانی دراوسێ؛ تووشی شكست بوو. گرنگترین بزوێنەری هاتنەناوەوەی وڵاتەكانی دیكە بۆ ئەم هاوكێشەیە، هەستكردنی بە نیگەرانییەكی زۆر و بەشداریی ناتەواو و لەرزۆكی خەڵكی سلێمانی لە پڕۆژەی ڕیفراندۆم بوو. هەر بۆیە گەیشتن بە سەربەرخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی، بەردەوام ئامانجی سەرەكیی كوردەكانی عێراق بووە (زندی، 1396: 11). بەگشتی كوردەكان لە سێ ئاستدا ئامانجەكانیان دیاری كردووە، لە ئاستی ناوخۆی هەرێمدا سەرقاڵی بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری و ڕەخساندنی دۆخێكی ئابوورین بۆ بەڕێوەبردنی وڵات. لە ئاستی ناوخۆی عێراقدا، هەوڵی زیادكردنی ڕۆڵی خۆیان دەدەن لە پێكهاتەی ناوخۆیی عێراق و بەدەستهێنانی بەشی زیاتر لە پێكهاتەی سیاسی و ئابووری. لە ئاستی هەرێمیدا، لەدوای سەركەوتن لە دوو ئاستەكەی تردا، ئامانجیان چوونە بەرەو سەربەخۆیی تەواوەتی و دروستكردنی وڵاتێكی سەربەخۆیە كە بە باشی دەزانن لەم ڕێگایەدا پێویستیان بە پشتگیریی وڵاتە نێودەوڵەتییە كاریگەرەكان هەیە و بەم ئاڕاستەیە لە هەوڵی زیادكردنی پەیوەندییەكانن لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریكا. بەم وەسفە، هەوڵی شیكردنەوەی ئەو هێزە كاریگەر و كارتێكەرانە دەدەین كە لە پێناو وەڵامدانەوەی پرسیاری توێژینەوەكە (گرنگترین هەڕەشە)؛ جێگای سەرنجدان و گرنگیپێدانن.

هێزە كاریگەرەكان لە هاوكێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان

  • ئیسرائیل

بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوام لە هەوڵی دروستكردنی هاوپەیمانین لەگەڵ كارەكتەرە غەیرە عەرەبەكان (تورك و كورد). ئۆتۆنۆمیی هەرێمی كوردستانی عێراق، ئیسرائیلییەكانی بۆ هاوئاڕاستەیی ستراتیژیانە هان داوە. پەیوەندیی ئیسرائیل لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ دەیەی 1930 دەگەڕێتەوە، پێش دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل، ئاژانسی یەهود(جوو) لە بواری كۆچكردنی یەهودییەكانی كوردستانی عێراق چالاكیی هەبووە. دوای سەردانی مەلا مستەفا لە ساڵی 1968، ئەفسەرە ئیسرائیلییەكان بۆ ڕاهێنانی هێزە كوردەكان سەردانی كوردستانیان كرد و ڕێژەیەكی زۆر لە چەك و تەقەمەنییان پێشكەشی بارزانی كرد (عبداللەپور، 1390: 3). پەیوەندیی كوردەكان لەگەڵ ئیسرائیل و بەردەوامیی نفوزیان لە هەرێمی كوردستان، لەدوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە زیاتر بوو و بە ناونیشانی ئەندازیار، جووتیار، بازرگان و كۆمپانیا جیاوازەكان لە هەرێم جێی خۆیان كردەوە. كوردستانی عێراق كە بە سێ وڵاتی دژایەتیكەری سەربەخۆیی دەورە دراوە، بە ئاڕاستەی هێزێكی سەرووهەرێمی چووە و بۆ ئەوەی بتوانێت هاوپەیمانێكی ستراتیژی بۆ خۆی مسۆگەر بكات. لە لایەكی ترەوە ئیسرائیل بە هۆی ئالنگارییە زۆرەكانی لەگەڵ ئێران و عێراق و سووریا، پێویستی بە هەرەمێكی فشار بەرامبەر بەم وڵاتانە هەیە كە هەرێمی كوردستان بژاردەیەكی گونجاوە بۆی. ئیسرائیل و هەرێم پەیوەندیی ئابووری و هەواڵگریی زۆریان لەگەڵ یەكتر هەیە و چەندین كۆمپانیای ئابووری لە هەرێم بوونیان هەیە كە دەكرێت وەك نموونە بهێنرێتەوە: كۆمپانیای خزمەتگوزاریی زانیاریی (هەواڵگری) بەیرووت لە كەركووك، كۆمپانیای “علاج و دواء” كە تایبەتە بە ناردنەدەرەوەی نەخۆش بۆ دەرەوەی وڵات، كۆمپانیای “كۆدۆ” لە بوارەكانی هونەری و ئەلیكترۆنی چالاكە و دەیان كۆمپانیای تر. لە لایەكی دیكەوە ئەم پەیوەندییە دوو لایەنییە بە ڕادەیەكە كە لە ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە چەند سندووقێكی دەنگدان، ئاڵای ئیسرائیل دانرابوو و تەنیا وڵاتێك كە پشتگیریی لە ڕیفراندۆم كرد؛ دەوڵەتی ئیسرائیل بوو. یەكێك لە مەبەستەكانی ئیسرائیل بۆ ئامادەبوونی لە هەرێم، ئاگاداربوونی هەواڵگری و كۆنترۆڵی زیاتری ئێرانە و لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت كە هێزێكی وەك حیزبوڵای لوبنانی لەم ناوچەیە هەبێت.

  • ئەمەریكا

لەنێوان هێزە نێودەوڵەتییەكان، گرنگترین وڵات كە دەتوانێت لەسەر سەربەرخۆیی هەرێم كاریگەریی هەبێت، ئەمەریكایە كە هۆكاری بەفیدراڵیبوونی هەرێمی كوردستان بوو لە عێراق. ئەمەریكا لە سەردەمی ئۆباما پێداچوونەوەی بە سیاسەتی دەرەكی لە عێراق كرد، پاراستنی پێگەی ئەمەریكا لە ڕۆژئاوای ئاسیا و عێراق، پشتگیری لە ئاسایشی ئیسرائیل، بەردەوامیی هەناردەكردنی نەوت و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەم چوارچێوەیەدا بوو. سیاسەتی دەوڵەتی ئەمەریكا لە عێراق كەمتر سەربازییە و زیاتر چەند لایەنەیە و جەخت لەسەر مافی مرۆڤ و دیموكراسی دەكاتەوە. لە سەردەمی ترەمپ بە هەمان شێوە، دەوڵەتی عێراق بە بەرپرسیار لە پاراستنی ئاسایش دەزانێت كە پێویستە بە بەشداریپێكردنی هەموو نەتەوە و گرووپەكان و بە پشتیوانیی ئەمەریكا ئاسایشی پێویست دابین بكرێت. لایەنێكی تری سیاسەتی ئەمەریكا لە عێراق، باشتركردنی پەیوەندیی عێراقە لەگەڵ جیهانی عەرەبی لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی ئێران فۆبیا و بەرجەستەكردنی هێز و نفوزی ئێران لە عێراق و هەڕەشەكانی پەیوەست بە چالاكییە ناوەكییەكانی ئێران. تا ئەو كاتەی كە پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمەریكا لەم دۆخەی ئێستادا بێت، ئەمەریكا سوود لە عێراق و سەرجەم نەتەوەكان وەك كوردەكان بۆ بەرگیرانی (مهار كردن) ئێران دەبینێت و هەوڵی هێنانەسەر دەسەڵاتی هێزە ناسیۆنالیست و سكۆلارەكان لە عێراق دەدات بۆ ئەوەی لە ئێران دوور بكەونەوە و ڕۆڵی وڵاتێكی دروستكەری هاوسەنگی بەرامبەر بە ئێران ببینن. پەیوەندیی ئەمەریكا و ستراتیژی لە هەرێمی كوردستان، بەردەوام یەكێك لە نیگەرانییەكانی وڵاتانی دراوسێی ئێران، لە ناویاندا ئێران و سووریا و توركیا بووە (اسدی، 1392: 18). هەڵبەت هەر جۆرە بڕیاردانێكی ستراتیژیی ئەمەریكا لە هەرێم، گرێدراوی حەز و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكایە لە چوار ناوەندی بەغدا، ئەنقەرە، تاران و دیمەشق. بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی دەسەڵاتدارانی هەرێم، ترەمپ لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، لە كرداردا كوردەكانی بەتەنیا بەجێ هێشت. ئەم سیاسەتەی ئەمەریكا جارێكی تر بەرامبەر بە كوردەكانی سووریا لە 2019 دووبارە بوویەوە (نصری، 1396: 16).

  • توركیا

توركیا لەو وڵاتانەیە بە هۆی ئەوەی كە خاوەنی سنووری هاوبەشی فراوانە، ڕۆڵێكی بەرچاوی لە گۆڕانكارییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە و بە هۆی كارتێكەریی هەرێمی كوردستان لەسەر كوردەكانی وڵاتی خۆی، بەردەوام ئاگاداری چالاكییەكانیانە. سەبارەت بە سیاسەتی توركیا بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، پێویستە بوترێت كە هۆكارەكانی وەك گرنگیی جیۆپۆلەتیكی و یەدەكی نەوتی هەرێم، سنووری هاوبەش لەگەڵ كوردەكانی توركیا، بوونی كەمینەی توركمان لە باكووری عێراق و سەرچاوەگرتنی ئاویی عێراق لەم وڵاتەوە، وای كردووە كە ڕوڵی توركیا بەرجەستە بێت (عبداللەپور، 1390: 89). ئەم وڵاتە بەردەوام لە ترسی دامەزراندنی ئۆتۆنۆمییە لە باكووری عێراق و دروستبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی لە عێراق كە خاوەنی خاڵە هاوبەشە نەتەوەیی، مێژوویی و نەژادییەكانە لەگەڵ كوردەكانی توركیا، بە هەڕەشەیەك بۆ لێكجیاكردنەوەی وڵاتەكەی دەزانێت. لە لایەكی ترەوە توركیا بەتەمایە لەگەڵ وەبەرهێنان لە سەرچاوە نەوتی و غازییەكانی هەرێمی كوردستان و بەشداریی زیاتر لە پڕۆژە ئابوورییەكانی ئەم ناوچەیە، هەرێم وابەستەی خۆی بكات بۆ ئەوی بتوانێت ڕێگری لە پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ كوردەكانی توركیا بكات (زیباكلام و عبداللەپور، 1390: 66). لەنێوان دراوسێكانی هەرێمی كوردستان، توركیا بە پێداگرترین هێزی دژ بە كورد دادەنرێت.

  • كۆماری ئیسلامیی ئێران

كۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی پەیوەندیی دێرینی نەتەوەیی و نەژادی و هەروەها كارتێكەری ئەرێنی لە قۆناغە قەیراناوییەكانی هەرێم (وەكوو یارمەتیدانی هەرێم بەرامبەر بە هێرشی داعش و چارەسەری كێشەكانیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی شیعە لە عێراق و…)، قورساییەكی گەورەی لە گۆڕانگارییەكانی هەرێم هەیە. پێشكەشكردنی لیستێكی هاوبەشی كورد و شیعەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان، وەك هەنگاوێكی ئێران دەبینێرت كە بووە هۆی سەركەوتنی شیعەكان لە هەڵبژاردندا. ئێران و كوردەكان نایانەوێت جارێكی تر بەعسییەكان دەسەڵات بگرنە دەست و لەم ڕووەوە هاوڕان، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئێران؛ هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا دەبینێتەوە و لەگەڵ سەربەخۆیی كوردەكان نییە و ئەمەی بە كوردەكان لە پێش و پاشی ڕیفراندۆم ڕاگەیاندبوو و بە هەنگاوێكی هاوبەش لەگەڵ توركیا و عێراق و داخستنی سنوورەكان تاوەكوو پچڕاندنی پەیوەندییەكان و…؛ ڕێگری لە سەربەخۆیی كرد. بە هۆی بوونی كەمینەی كوردنشین لە وڵاتەكانی ئێران، توركیا و سووریا، ئەم وڵاتانە لە گرتنەبەری سیاسەتی ڕێگری لە سەربەخۆیی هەرێم، ڕای هاوبەشیان هەبووە و بووەتە هۆی لێكنزیكبوونەوەی نێوانیان (حاتمی و سانیار، 1396: 106-107).

 

هەڕەشەكانی سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی كوردستانی عێراق

  • پەشێویی لە سەروەریی خاكی ئێران

پێدەچێت سەربەخۆخوازی گرنگترین داواكاریی نوخبەكانی هەرێمی كوردستان بێت كە بەردەوام بە شێوەیەكی ئاشكرا و نهێنی بەدواداچوونی بۆ كراوە و تەنانەت ڕاگەیەنراوە. كوردەكان گەورەترین نەتەوەن كە به هۆكاری جیاواز نەبوونەتە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ و لە دێرزەمانەوە بەدوای سەربەخۆیی و دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆوە بوون. لەم نێوەندەدا كوردەكانی عێراق هەر لە سەرەتای ساڵەكانی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، چەندین شەڕیان لە پێناو بەدەستهێنانی مافەكانیان و سەربەخۆیی ئەنجام داوە كە هەڵبەت هیچ كامیان ئەنجامیان نەبووە. لەدوای هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 و یارمەتیی كوردەكان بۆ ئەمەریكا لەم شەڕەدا، لە دەستووری عێراق لە ساڵی 2005دا، هەرێمی كوردستان وەك حكومەتێكی فیدراڵ جێگیر كرا و كۆمەڵێك ئیمتازی وەرگرت: خوێندن بە زمانی كوردی، بەشداری لە حكومەتی عێراق، هێزی سەربازیی تایبەت بە هەرێم، پەرلەمانی یاسادانان و… . لەدوای ئەوەی كە حكومەتی هەرێم بە شێوەیەكی یاسایی ناسێنرا و ڕۆڵ و بەشداریی هەرێم لە پێكهاتەی ناوەندیی حكومەتی عێراق پەرەی سەند، زەمینەی سەربەخۆخوازییان بەو پێیەی كە دەوڵەتی ناوەندی بەرەو لاوازی چووبوو، هاتە كایەوە كە لە دوایین قۆناغدا لە 25/9/2017؛ سوودیان لە لاوازیی دەوڵەتی ناوەندی بە هۆی شەڕی داعش و كێشە ناوخۆییەكان وەرگرت و ڕیفراندۆمیان ئەنجام دا. ناوچە كوردنشینەكانی ئێران خاوەنی سنووری هاوبەشن لەگەڵ ناوچە كوردنشینەكانی عێراق، بوونی فەزای مەجازی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سەتەلایت؛ خێرایی ئەم پەیوەندییە و كارتێكەریی زیاتر كردووە. هەنگاوی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، دەتوانێت كاریگەری لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بەجێ بهێڵێت و زەمینەی جووڵانەوەی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران و وڵاتەكانی تر كە كوردی تێدایە؛ بەرەو سەربەخۆیی ئامادە بكات. هەر بۆیە كۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێت لە ڕێگەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ دراوسێكانی خۆی، ڕێگری لە جووڵەی هەرێمی كوردستان بە ئاڕاستەی سەربەخۆیی بكات و بە گرتنەبەری سیاسەتی لۆجیكی و هاوبەش ڕێگە لە زەمینەسازی بۆ سەربەخۆیی بگرێت (نصری، 1393: 51).

پەیوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان

ئەمەریكییەكان بوونێكی پێنەزانراو و كاریگەریان لە هەرێم هەیە. كوردەكان بە هۆی هێرشی ساڵی 1991 كە بووە هۆی دروستبوونی ناوچەی ئۆتۆنۆمیی كوردستان و بە هۆی هێرشی ئەمەریكا بۆ عێراق لە ساڵی 2003، دیدێكی ئەرێنییان بۆ ئەمەریكا هەیە. هاوتەریبی و هەماهەنگبوونی ڕابەرانی كورد لەگەڵ سیاسەتەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا، بیروباوەڕی سكۆلاری ڕابەرانی كورد و بەهێزكردنی بۆچوونە سكۆلارییەكان لە دەوڵەتی عێراق و هەبوونی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل، لە خاڵە ئەرێنییەكانی هەرێم لەلایەن ئەمەریكاوە دادەنرێت. بەڵام لە لایەكی ترەوە نیگەرانیی ئەمەریكا لە گەشەكردنی بەردەوامی هێز و نفوزی شیعە و لایەنگرانی ئێران لە عێراق و چالاكبوونی دیپلۆماسیی سیاسیی ئێران لە عێراق، واشنتۆنی ناچار بە گەڕان بەدوای هێزێكی هاوسەنگكەر و پێكهاتەی فیدراڵیی ئایندەی عێراق كردووە و لەم بابەتەدا گرنگیی تایبەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا دەردەخات (اسلامی و همكاران، 1393: 22). بە هاتنەسەر دەسەڵاتی ترەمپ، بەرپرسانی هەرێم هەوڵیان دا كە پشتیوانیی ئەمەریكا بۆ سەربەخۆیی بەدەست بهێنن، بەڵام بە هۆی گوتاری زاڵی بازرگانی-ئابووریی ترەمپ و دیدی كاسبكارانەی بۆ گۆڕانكارییەكان كە هەموو شتێك لە چوارچێوەی جێگیری و بوونی دەوڵەتێكی كارامە دەبینێتەوە، دەركەوت كە هەلی تێكدانی ڕژێمی پێشووتر و جووڵانەوە بە ئاڕاستەی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی بوونی نییە، بەڵام بە ئاڕاستەی ڕۆڵی هاوسەنگی لە عێراق و كاریگەریی لەسەر گۆڕانكارییەكانی عێراق لە پێناو بەرژوەندییەكانی خۆی، سوود لە هەرێم وەردەگرێت (نصری، 1397: 182-184). لە لایەكی ترەوە ئەمەریكا بە بەشداری لە پڕۆژە ئابوورییەكانی هەرێم (بەتایبەتی نەوت و غاز)، وێرای سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ئابوورییەكان، بوونی خۆی لەتەنیشت ئێران بەهێز كردووە و لەم پێناوەدا دەستی كردووە بە دروستكردنی یەكێك لە گەورەترین كونسوڵگەرییەكان لە شاری هەولێر. بە یەك مانا: ئەمەریكا لە هەوڵی ئەوەدایە كە هەرێم نەبێتە پێگەی هێزە دژەئەمەریكاییەكان (ئێران و ڕووسیا).

 

هەرێمی كوردستان، هاوبەشیی غەیرە عەرەبی ئیسرائیل

ئاوڕدانەوەیەك بۆ گۆڕانكارییە مێژووییەكانی یەهودییەكان و كوردەكان، ئەمەمان پیشان دەدات كە مەترسی و ڕەنجی هاوبەشیان تێپەڕاندووە. ئەم بابەتە سەرنجی لێكۆڵەرانی ئێرانی و غەیرە ئێرانیی بۆ لای خۆی ڕاكێشا و لە ئێستادا سەرەكیترین و كاریگەرترین پشتیوانیی سەربەخۆیی كوردەكان؛ ئیسرائیلە. ئیسرائیل وەكوو هاوپەیمانی ستراتیژیی ئەمەریكا لە ناوچەكە، دەتوانێت هاوپەیمانێكی ستراتیژیی باش بۆ كوردەكان بێت و لە لایەكی ترەوە كوردستان لە بەرنامەیدایە كە لە ئیسرائیل وەكوو كارتێك بۆ فشار خستنەسەر توركیا، سووریا و ئێران سوود وەربگرێت. گرنگترین و میحوەرترین ئامانجی ئیسرائیل كە ڕێگەی نزیكبوونەوە لە هەرێمی كوردستان ئیشی لەسەر دەكەن، چاودێریكردنی ئێران و سووریا و گورزلێدانی ئەم دوو بەرەی خۆڕاگرییەیە (محور مقاومت) لە ناوچەكەدا و لەم پێناوەدا بە ئامادەبوونی ئەندامانی هەواڵگری خۆی لە بەرگ و ناونیشانی جیاواز و بە هاتنەناوەوەی ئامێری گوێگرتنی پەیوەندییە ئەلیكترۆنییەكان (سامانه شنود)، هەوڵی كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئێران دەدەن. ئیسرائیل بەباشی ئاگاداری سەرچاوەكانی نەوت و غازی هەرێمە و ئەم ناوچەیە بۆ ئابووریی خۆی و هەناردەی نەوت و غاز بە وڵاتەكەی بە گونجاو دەزانێت. لە لایەكی ترەوە كۆمپانیاكانی نەوتی ئیسرائیل لە پڕۆژە نەوتییەكانی هەرێم بەشدار بوون و دەكرێت ئاماژە بە كۆمپانیای “بزان” لە پاڵاوگەی عێراق (یەشاربن موردخای كەسایەتیی بەناوبانگ سەرۆكی كۆمپانیاكەیە) بكرێت كە گرێبەستی نەوتی لەگەڵدا واژوو كراوە و نەوتی كێڵگەكانی كەركووك و كوردستان دەكڕێت و لە ڕێگەی توركیا و ئەردەنەوە هەناردەی ئیسرائیلی دەكات. ئیسرائیل لە هەرێم كۆمپانیا و دامەزراوەی جۆربەجۆری دامەزراندووە و بە ناونیشانی جیاوازەوە، جیا لە چالاكییە ئابوورییەكان، كاری هەواڵگری و كۆكردنەوەی زانیاری ئەنجام دەدات كە بۆ نموونە دەكرێت ئاماژە بە ڕێكخراوی كاروباری خێرخوازیی هەولێر، كۆمپانیای بازرگانیی مەریوان-دهۆك، كۆمپانیای خزمەتگوزاریی ئەمنیی بەیرووت لە كەركووك، كۆمپانیای علاج و دواء بكرێت. هەروەها موساد لە شاری سلێمانی بانكێكی دامەزراندووە كە ئەركی نهێنیی ئەوەیە كە زەوییە فراوانە كشتوكاڵی و نەوتی و نیشتەجێبووەكان لە موسڵ و كەركووك دەكڕێت، بۆ ئەوەی دانیشتووانی سەرەكیی عەرەب لەم شارە كۆچ بكەن و پێكهاتەی دانیشتووانی بە قازانجی كوردەكان بێت (كاظمی و عزیزی، 1390: 145-148). بە وتەی فواد حوسێن، كوردەكان مەبەستێكی باشیان بۆ نزیكبوونەوە لە ئیسرائیل هەیە، بەڵام گرنگترین ترسیان هاتنەناوەوەی ئێران و داعشە بۆ كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل.

  • داپووكاندن و لاوازكردنی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق

بەو پێیەی كە لە ساڵی 2005دا پێكهاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك دەسەڵاتێكی فیدراڵی پەسەند كرا لە حكومەتە فیدراڵییەكان، حكومەتی ناوەندی لە بابەتە گشتییەكانی پەیوەست بە بەرژەوەندیی گشتی یان هاوبەش وەكوو سوپا و ئاسایش، ئابووری، دارایی، ئاماژە نەتەوەییەكان، خاڵە گومرگییەكان و سیاسەتی دەرەوە؛ بڕیار دەدات و حكومەتە ئیالەتییەكانی پێكهێنەری فدراسیۆن گرنگی بەو بابەتانە دەدەن كە لە ڕووی ناوچەییەوە گرنگە، بەڵام هەنگاوەكانی بەرپرسانی هەرێم سەرووتر لە هەنگاوەكانی حكومەتی ناوەندی بووە كە بووەتە هۆی لاوازبوونی حكومەتی ناوەندیی عێراق. حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هۆی پێشینەی مێژوویی لە پەیوەندیی خراپ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و كێشمەكێشە بەردەوامەكانی نێوانیان، بەردەوام هەوڵی داوە كە خۆی لە وڵاتانی بەهێز نزیك بكاتەوە بۆ ئەوەی پاڵپشتییان بەدەست بهێنێت. لەم بارەیە دەتوانین ئاماژە بە سەردانەكانی مەسعوود بارزانی بۆ وڵاتە جیاوازەكان و داواكردن لێیان بۆ هاوبەشی لە پڕۆژە ئابوورییەكان و بەستنی گرێبەستە نەوتی و غازییەكان بكەین، ئەمە لە كاتێكدایە كە لە حكومەتە فیدراڵییەكان، بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەتی ناوەندی، دەسەڵاتی بەستنی گرێبەستی نەوتی و پەیوەندییە دەرەكییەكانیان نییە. سیاسەتی گشتیی هەرێم، ڕێگریكردنە لە دروستبوونی دەوڵەتی باڵادەست لە عێراق و ئەزموونەكان ئەوەیان دەرخستووە لەو كاتانەی كە دەوڵەتی ناوەندی باڵادەستی پێویستی هەبووبێت، حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە بە پێچەوانەی حكومەتی ناوەندی هەنگاو بنێت، بەڵام داپووكاندن و ناكارامەكردنی دەوڵەتی ناوەندی بووە هۆی دەركەوتنی گرووپەكانی داعش و… و بەرپرسانی هەرێم لەم لاوازبوونە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی خۆیان كە گرنگترینیان سەربەخۆیی بووە، سوودیان وەرگرتووە و ئەمە كاریگەریی خستووەتە سەر ئاسایشی ناوچەكە و كۆماری ئیسلامیی ئێران. ئێران؛ هەرێمی لە چوارچێوەی عێراق وێنا كردووە و بەردەوام داوا لە هەرێم دەكات كە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و حكومەتی فیدراڵی هەنگاو بنێت. ئێران دەتوانێت بە سازكردنی پەیوەندییەكی لۆجیكی لەگەڵ هەرێم و عێراق، ڕۆڵی هاوسەنگی و نێوانگری لە نێوانیان ببینێت و كاریگەری لەسەر گۆڕانكارییەكانی هەر دوولا لە پێناو بەرژەوندییەكانی خۆی بەجێ بهێڵێت. بەپێی گفتوگۆكانی نووسەرانی ئەم توێژینەوەیە لەگەڵ هێزە كاریگەرەكانی سیاسەتی عێراق ئەنجام دراوە، هەرێمی كوردستان بەردەوام لە چاوەڕوانیی لاوازیی دەوڵەتی ناوەندییە.

  • بوونی ئۆپۆزسیۆنی كوردیی ئێران لە هەرێمی كوردستان

ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێرانی دانیشتووی هەرێمی كوردستان، بە هۆی دەستگەیشتنیان بە هەزاران كوردی فارسیزان و غەیرە شیعە، نوێترین و جددیترین زانیارییەكانی ئێرانیان لەبەر دەستدایە. لە ساڵی (2018)ەوە كە چەند باڵێكی ئەم ئۆپۆزسیۆنە كردەوەی سەربازی و توندوتیژییان گرتە بەر، ئەم پرسە گرنگییەكی ئەمنیی لەڕادەبەدەرەی هەبووە. بە درێژایی نیوسەدەی دوایی، هەرێمی كوردستان وەكوو هێزێكی نێوانگر و سەربار (مزاحم) بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی وڵاتانی دژ بە ئێران هەنگاوی ناوە، بەم ئاڕاستەیە دەكرێت ئاماژە بە جێكردنەوە و پشتگیری لە هێزە كوردییەكانی دژ بە ئێران و ئەنجامدەرانی كردەوەی تێكدەرانە لەناو خاكی ئێران بكرێت. عەرەبستانی سعودی وەكوو ڕكابەر و دوژمنی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ویستی پشتیوانیی هەرێمی هەیە بۆ ئەوەی سنوورەكانی هەرێم لەگەڵ ئێران تووشی ئالنگاری بكات و ئەمە بابەتێكە كە لە گفتوگۆكانی ئێران و هەرێم جەختی لەسەر كراوەتەوە و بەردەوام ئێران داوای لە هەرێم كردووە كە ڕێگری بكات لە ئامادەبوون و چالاكیی تێكدەرانەی گرووپە كوردەكانی دژ بە ئێران لەناو خاكی هەرێم و لە چەند نموونەدا بووەتە هۆی كاردانەوەی ئێران و ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی دژ بە چالاكیی تێكدەرانە كە لە خاكی هەرێمەوە دەهاتنە ناو ئێرانەوە. ئەم پرسە لە ئەگەری پشتیوانیی ماددی و تەقەمەنی لەلایەن عەرەبستانی سعودی و ئیسرائیلەوە، دەتوانێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران. ئامانجی سەرەكیی عەرەبستانی سعودی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، كارتێكەری زیاترە لەسەر گۆڕانكارییەكانی عێراق و هەرێم لە پێناو بەرژەوەندییەكانی خۆی و ڕێگری لە كارتێكەری زیاتری كۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ ئەوەی ڕۆڵی ئێران كەم بكاتەوە و لە ڕێگەی گرووپە كوردییەكانی دژ بە ئێران، ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بخاتە ئالنگارییەوە.

 

ئەنجام

گریمانەی سەرەتایی توێژینەوە بەم شێوەیە بوو كە گرنگترین و چالاكترین هەڕەشە دژی ئاسایشی ئێران لەلایەن هەرێمی كوردستانی عێراقەوە، ئەم ئاماژانەی خوارەوەی لەخۆ دەگرت:

  • هەرێمی كوردستان بەتەنیا و لە ماوە كورتدا نابێتە سەرچاوەی هەڕەشەیەكی چالاك، توند و خێرا دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
  • سەرەكیترین بزوێنەری هەرێمی كوردستان دژ بە ئێران، بەرگی شوناسی لە هاوكاری و هاوبەشی لەگەڵ هێزە دژەئێرانییەكان دەبێت.

بونیادترین هەڕەشەیەك لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە كە كۆماری ئیسلامی ئێران دەكاتە ئامانج، بریتییە لە بەرهەمهێنان، پەسەندكردن و پەرەپێدانی پەشێوییە دژ بە سەروەریی خاكی ئێران و میوانداریی نهێنی و ئاشكرای ئاژانسە هەواڵگرییەكانی بەرهەڵستكاری ئێران. كوردەكان لە عێراق بەردەوام سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ وەك گرنگترین ئامانجی خۆیان دەزانن، بەڵام بە باشی دەزانن كە توركیا، سووریا، ئێران و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دژی دەوستنەوە، بۆیە بەدوای دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ هێزە كاریگەرە هەرێمی و نێودەڵەتییەكان بۆ پشتیوانی دەگەڕێن. لەنێوان ئەم هێزانە، ئیسرائیل بە هۆی كۆمەڵێك هۆكار وەك نزیكبوونەوە لە ئێران و دروستكردنی دەوڵەتێكی غەیرە عەرەب لە پێناو دەستەبەركردنی هاوپەیمانێكی ستراتیژی، پشتگیری لە هەرێم دەكات كە ئەم بابەتە هەڕەشەیە بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران. لەنێوان وڵاتە نێودەوڵەتییەكان، ئەمەریكا زۆرترین كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە و بە هۆی بوونی شاراوە و ئاشكرای لە هەرێم و چاودێریی هەواڵگری لەسەر كۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڕەشەیەكی ترە بۆ سەر ئێران. سێیەمین هەڕەشە بۆ بوونی گرووپە كوردییە بەرهەڵستكارەكانی ئێران، كە لە چەند قۆناغێكدا چالاكیی سەربازییان لەناو خاكی كوردستان ئەنجام داوە و لە ئێستادا عەرەبستانی سعودی بۆ ئالنگاریی ئێران یارمەتی داراییان دەداتێ. ئەوەی كە ئاشكرایە هەرێمی كوردستان لە پێناو بەدەستهێنانی پاڵپشتیی ئەمەریكا و ئیسرائیل، زەمینەی بۆ چالاكیی ئاژانسە هەواڵگرییەكان خۆش كردووە. سەرباری ئەم هەڕەشانە، هەرێمی كوردستان بەتەنیا بە هەڕەشەیەك بۆ سەر ئێران دانانرێت و لە ڕابردووەوە تاوەكوو ئێستا پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران هەبووە، بەڵام زەمینەی بوونی دوژمنان و ڕكابەرانی ئێران و بوونی هەستی سەربەخۆخوازی لەناو بەرپرسانیدا، بوونەتە مایەی هەڕەشە بۆ ئێران لە ناوچەكەدا. كۆتا وتە ئەوەیە كە كە هەرێمی كوردستانی عێراق وەك بەشێك لە هاوكێشەی ئاڵۆزی عێراق، لە ماوە كورتدا هاوپەیمان و هاوئاڕاستەی ئێرانە و لە ماوە مامناوەدا توانای میوانداریی هێزە بەرهەڵستكارەكانی ئێرانی دەبێت، بۆیە ستراتیژی هاوئاڕاستەیی گونجاو لەنێوان بەغدا-هەولێر، عاقڵانەترین بڕیاری بەردەم تاران دەبێت.

 

پێشنیارەكان

بە سەرنجدان بەو بابەتانەی كە باس كران و لەدوای گفتوگۆیەكی چڕ لەگەڵ پسپۆڕانی شارەزا، پێشنیارەكانی خوارەوە بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر كۆماری ئیسلامیی ئێران دەخەینە ڕوو:

  • گرنگیپێدانی تایبەت، خێرا و هەستپێكراو، بە مەبەستی گەشەپێدانی ناوچە كوردییەكانی ئێران. سیاسەتڕێژی لە گەشەپێدانی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران، پێویستە بە ڕادەیەك بێت كە لە ڕووی خۆشگوزەرانی و ئاسایشەوە بە بەراورد بە ناوچە كوردنشینەكانی عێراق باشتر بێت و لە پۆست و بەرپرسیارێتییەكانی وڵات سوودیان لێ وەربگیرێت.
  • هاوبەشیی كاریگەر لە پڕۆژە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان. بە بەشداری لە پڕۆژە ئابوورییەكانی كوردستان، وێرای سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ئابوورییەكان، وابەستەبوونی هەرێم لە لایەنی ئابوورییەوە بۆ ئێران زۆرتر دەبێت و ڕێگری لە بوونی دوژمنان و ڕكابەرانی ئێران دەكرێت.
  • پەرەپێدانی هاموشۆ و تێكەڵبوونی كولتووری-نوخبەیی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان. بە سەرنجدان بە كولتووری هاوبەشی نێوان ناوچە كوردنشینەكانی ئێران و هەرێم، دەتوانرێت پەیوەندییە كولتوورییەكان پەرەی پێ بدرێت و كارتێكەری زیاترمان لە ناوچەكە هەبێت و لەم توانایە بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانی سوودی لێ ببینرێت.
  • ڕۆڵگێڕانی كاریگەر لە بەڕێوەبردن و چارەسەری كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر. كۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق هەیە و دەتوانێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق ڕۆڵێكی كاریگەری هەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ زیادكردنی ڕۆڵی هەرێمی، ڕێگری لە ئامادەبوونی دوژمنان و ڕكابەرانی بكات و بە پێكهێنانی سێگوشەی تاران، بەغدا-هەولێر و ڕۆڵگێرانی ئێران، ئەم هاوكێشەیە پێك بێنێت.
  • بەردەوامیی هاوئاڕاستەیی لە بڕیاردان و هاوكارییە هەرێمایەتییەكان. ئێران لەگەڵ بەغدا، دیمەشق و ئەنقەرە؛ هاوكاریی هەرێمیی باشی هەیە. ئەگەر ئەم هاوئاڕاستەییە لە بڕیاردانەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان و كۆدەنگیی هەرێمی بێتە كایەوە، ئەمەریكا و ئیسرائیل ناتوانن گوێ بە بەرژەوەندییە هەرێمییەكان نەدەن و دەبێت باجی زۆر بۆ تێپەڕاندنی ئەم كۆدەنگییه بدەن.
  • دیاریكردن و توندتركردنی باجی میوانداریی ئۆپۆزسیۆنی دژەئێرانیی چالاك لە خاكی هەرێمی كوردستان. بە ڕاوێژكردن لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێم، پێویستە ڕێگری بكرێت لە بەهێزبوونی گرووپە كوردییەكانی دژ بە ئێران لە خاكی هەرێم و چالاكیی ئەم هێزانە لە خاكی هەرێم باجی زۆری هەبێت بۆیان.

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.

___________________________________________________________

سەرچاوەكان

– اخوان کاظمی، مسعود، عزیزی، پروانه، (1390)، کردستان عراق هارتلند ژئوپلیتیکی رژیم اشغا­ل­گر قدس، تهران: فصلنامه راهبرد، شماره 60، صص123-109.

– اسلامی، مسعود، کوهی، ابراهیم، راستگو، محمد رضا، (1393)، چالش­های تجزیه عراق: منافع آمریکا و کشورهای همسایه، تهران: فصلنامه مطالعات راهبردی، شماره 10، صص30-11.

– اسدی، علی اکبر، (1392)، آمریکا و مدیریت اختلافات بغداد– اربیل، پژوهشکده مطالعات کاربردی.

– بوژمهرانی، حسن، پوراسلامی، مهدی، (1393)، تهدیدهای نرم خودمختاری اقلیم کردستان عراق و تأثیر آن بر کردهای ایران، فصلنامه جامعه­شناسی سیاسی جهان اسلام، دانشگاه شاهد.

– جلایی پور، حمیدرضا، (1385)، فراز و فرود جنبش کردی، تهران: لوح فکر.

– حاتمی، محمدرضا، سانیار، میکائیل، (1396)، همه­پرسی اقلیم کردستان عراق، منابع و تنگناهای تشکیل دولت مستقل، تهران: فصلنامه مطالعات راهبردی، شماره دوم تابستان، 1396، صص111-86.

– حافظ نیا، محمدرضا، (1391)، تأثیر خودگردانی کردهای شمال عراق بر کشورهای همسایه،تهران: فصلنامه تحقیقات جغرافیایی، شماره 83. صص32-19.

– حق پناه، جعفر، (1387)، کردها و سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایران، تهران: ابراز معاصر.

– حق پناه، جعفر، (1389)، موازنه فراگیر، الگوی تحلیل نقش سیاست خارجی با تاکید بر غرب‌آسیا، فصلنامه سیاست، دوره 40، صص77-93.

– حافظ نیا، محمد رضا، قربانی نژاد، ریباز، ( 1389)، تحلیل تطبیقی الگوی خودمختاری کردستان عراق با الگوهای خودمختاری و فدرالیسم، تهران: پژوهشگاه مطالعات فرهنگی.

– خسروی، غلامرضا، (1390)، چشم انداز عراق آینده، تهران: پژوهشکده مطالعات راهبردی.

– روحی، نبی الله، (1393)، استراتژی رژیم صهیونیستی در اقلیم کردستان عراق و پیامدهای امنیتی آن بر جمهوری اسلامی ایران، فصلنامه آفاق امنیت، سال هفتم، شماره 24، صص145-107.

– رضایی، داود، (1394)، اهداف و منافع رژیم صهیونیستی در اقلیم کردستان عراق و تاثیر آن بر امنیت ملی ایران، تهران: فصلنامه مطالعات منطقه‌ای، شماره 30، صص59-31.

– زارعی، بهادر، رنجبری، کمال، (1395)، تحلیل چالش­های اقلیم کردستان و حکومت مرکزی و تاثیر آن بر آینده کشور، تهران: فصلنامه سیاست، شماره 4، صص928-909.

– زیبا کلام، صادق؛ عبـدالله پور، محمدرضا، (1390)، ژئوپلیتیک شکننده کردستان عراق، عاملی همگرا در نزدیکی کردهای عراق به رژیم اشغال­گر قدس، تهران: دانشکده حقوق، فصلنامه سیاست.

– سازمند، بهاره، نوری، کریمی، (1390)، روابط جمهوری اسلامی ایران و حکومت اقلیم کردستان، تهران: فصلنامه مطالعات غرب‌آسیا.

– عبداله خانی، علی، (1386)، نظریه‌های امنیت، تهران، ابرار معاصر.

– عبـدالله پور، محمدرضا، (1391)، تـعارض ژئوپلیتیکی کردسـتان عراق با میـدآن‌های منطقه­­ای، تهران: فصلنامه تحقیقات جغرافیایی.

– عەبدوللا، خەبات،(2005)،  بنه ماتیورییه کانی جوگرافیای عه سکه ری کوردستانی باشور، سلیمانیه، چاپی دوره دوم.

– قربانی، ارسلان، قدیمی، اکرم، (1390)، بررسی راهبردی سیاست خارجی آمریکا در کردستان عراق و امنیت ملی جمهوری اسلامی ایران، تهران: فصلنامه راهبرد، صص93-78.

– محمود نژاد، محمد، (1379)، بحران شمال عراق و اثرات آن بر امنیت ملی جمهوری اسلامی ایران، تهران، دانشگاه عالی دفاع ملی، دانشکده دفاع.

– محمدیان، علی؛ ترابی، قاسم، (1395)، تبیین تاثیرات تحولات عراق بر اقلیم کردستان، فصلنامه علوم سیاسی، شماره 4، صص138-121.

– محمدی، حمیدرضا، (1391)، ژئوپلیتیک کردستان عراق، تهران: نشر انتخاب.

– مسعودنیا، حسین، رضازاده، مجتبی، (1396)، اقلیم کردستان عراق و جمهوری اسلامی ایران در عصر وابستگی متقابل، فرصت‌ها و چالش­ها، فصلنامه تحقیقات سیاسی بین­الملل، دانشگاه آزاد واحد شهرضا: زمستان 1396، صص56-32.

– مورگنتا،هانس، جی، (1374)، سیاست میان ملت ها، ترجمه حمیراشیرزاده، تهران: دفتر مطالعات سیاسی.

– میرحیدر، دره، (1392)، اصول و مبانی جغرافیای سیاست، تهران، انتشارات سمت.

– نصری، قدیر، (1393)، امکان سنجی استقلال کردستان عراق و تأثیر آن بر امنیت ملی جمهوری اسلامی ایران، فصلنامه امنیت پژوهشی، شماره 42، صص56-30.

– نصری، قدیر، (1391)، درآمدی نظری بر امنیت، تهران: پژوهشگاه علوم انسانی و مطالعات فرهنگی.

– نصری،قدیر، (1397)، ترامپ با کردهای عراق چه خواهد کرد، مجله جهان اسلام، شماره 67، صص15-25.

– نامی محمدحسن، محمدپور علی، (1387)، جغرافیای کشور عراق با تأکید بر مسائل ژئوپلیتیک، تهران: انتشارات سازمان جغرافیایی نیروهای مسلح.

 – Meintjes,Albertusjacobus,The complication of Kurdish independence,journal of political science,scientifice research publishing, 2018, available at: www.scrip.org/journal/ojps2018.

– Mostafa jalal hasan, the kurds in Iraq:problem an solution available at: http:/doi.org/10.3127/jopss.10005/april 2018.

– Martin, Kamran,Lineages of the Islamic state: An international historical sociology of state deformation in Iraq, journal of historical sociology,march 2017.

– Opec,eite,Iraq resource, available:www.Opec.com/also:BP.com.

– Oleary, Brendan et al, the future of Kurdistan in Iraq, (2005), New York, Philadelphia,press.

– Vanbanon, Tatu,Domestic Ethnic conflict Nepotisim: AcomparativeAnalysis.Published in:Ethnic conflict, Volume2, London,2009, p.381.

 

 

 

Send this to a friend