ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم سیاسەتی نوێی دۆناڵد ترەمپدا
ئامادەكردن: ژیلوان لەتیف یارئەحمەد
سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، سەرەتای دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ و هێنانەكایەی زنجیرەپرسیارێكە لەسەر چۆنیەتیی هەنگاوە سیاسییەكانی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا لە قۆناغەكانی داهاتوودا، كە تیایدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ناوەندێكی كاریگەری نێو ئەو ستراتیژە نوێیە دەبێتە شاهیدی گۆڕانێكی چاوەڕوانكراو لەسەر ئاستەكانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی. هەر بۆیە سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ خاڵێکی سەرەکی پێک دەهێنێت لە دیاریکردنی کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکان لەسەر داهاتووی پرسی فەڵەستین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت كە دوابەدوای سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، لە یەكەمین وتاریدا لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە لە 6ی نۆڤەمبەری 2024، جەختی لەوە کردەوە کە ڕێبەرایەتیی گەورەترین سەركەوتن و گەڕانەوەی لە مێژووی سەرۆكایەتیی ئەمەریكادا كردووە و لە یەكەمین بەڵێنیدا كۆتاییهێنان بە شەڕ و ناكۆكییە گەرم و هەنووكەییەكانی ڕاگەیاند.
لەم هەلومەرجەدا دۆناڵد ترەمپ كاریگەرترین سەرۆكەكانی ئەمەریكا بووە كە دۆسیەی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێو پێڕەو و ستراتیژی سیاسیدا زۆرترین مشتومڕی لەسەر بووە. ئاشكراش بوو لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی لە کۆشکی سپیدا، مێژووییەكی كاریگەری لە پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار كرد، ئەویش بە یەكەمین گەشتی دەرەوەی بۆ وڵاتێكی دەوڵەمەندی وەک سعودیە، هاوکات پەیوەندیی كەسی و زاوا و ڕاوێژکارەکەی (جارێد کوشنەر) لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکەدا؛ بەشدار بوو لە داڕشتنی بڕیارە گەورەکان، ئەمەش بووە هۆی بەرهەمهێنانی مامەڵەی سەدە. ئەم ڕێککەوتنە سیاسییە دەرگای بە ڕووی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی لەگەڵ ئیسڕائیل کردەوە، تەنانەت ئاواتەخوازی ئەوە بوو کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پرسی فەڵەستیندا بهێنێتە ئاراوە، هەر بۆیە ئەم هەنگاوە بە گرێبەستی سەدە ناسرا. ئەمانە جگە لەوەی یەکگرتنی ناوچەیی و هەوڵە دیپلۆماتییەكانی؛ كاریگەریی جوولەكەی لە ناوچەكەدا بەهێز کرد و زەمینەیەكی ئاشكرای ڕەخساند تاكوو ڕۆژئاوا فشارەکان لەسەر ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو چڕ بكاتەوە، هەر بۆیە پێچدەچێت ئیدارەی نوێی ئەمەریكا تێڕوانینی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستێکی بەرزدا لە نێو کارنامەكەیدا بهێڵێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای شكستی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2021، گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هاتووە. جموجووڵە سیاسی و سەربازییەكان خێرا و كاریگەرتر بوون، ململانێ و ڕكابەرییەكان چوونەتە قۆناغی ڕووبەڕووبونەوە و پێكدادانی ئاشكرا. هەر بۆیە گرنگترین ئەکتەرە ناوچەییەکان بە وردی تەماشای مانۆڕەكانی سەرۆکی نوێی ئەمەریكا دەكەن، كە پێشینەیەكی مێژوویی و ئاگاییەكی بەرچاوی هەیە كە چۆن ئەم گۆڕانکارییانە بەڕێوە دەبات. سەرەتای ئەم هەنگاوە نوێیانە لە وتەیەكی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی سەركەوتنەكانی دۆناڵد ترەمپدا پشتڕاست بوویەوە، كاتێک لە پۆستێكی پلاتفۆرمی ئێكسدا ئاماژەی بەوە کرد كە گەڕانەوەی مێژوویی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، سەرەتایەکی نوێ و پابەندبوونێکی بەهێز بە هاوپەیمانیی مەزنی نێوان ئیسڕائیل و ئەمەریکا پێشکەش دەکات. هەروەها وڵاتانی كەنداو پێشوازییان لە سەرکەوتنی سەرۆکی هەڵبژێردراو کرد. شا سەلمان بن عەبدولعەزیز شای سعودیە و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە پیرۆزباییان لە ترەمپ کرد و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییش لە پەیامێكی فەرمیدا هیوایان خواست ئیدارەی نوێی ئەمەریكا لە هاوبەشیی بەردەوامیان لەسەر بنەمای خواستە هاوبەشەکان پتەوتر بێت. لە لایەكی ترەوە میدیاکانی دەوڵەتی ئێران بۆ كەمكردنەوەی بایەخی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا و پێگەی سیاسیی دۆناڵد ترەمپ، دووپاتیان كردەوە كە جیاوازییەکی ئەوتۆ بەدی ناكەن لەوەی کێ دەبێتە سەرۆکی ئەمەریکا، تەنانەت فاتمە موهاجرانی وتەبێژی حکومەتی ئێران ئاماژەی بەوە کرد هێڵە گشتییەكانی سیاسەت و بەرنامە كارڕاییەكانی ئەمەریکا و ئێران لە دوای 6ی تشرینی یەكەمەوە نەگۆڕاوە و ناگۆڕێت. دووپاتی كردەوە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا پەیوەندییان بە ئێرانەوە نییە، ئەوەی هەیە كۆماری ئیسلامی سیاسەتی جێگیری هەیە و ناگۆڕێن لەسەر بنەمای دەموچاوەكان. لێرەوە دەكرێت بڵێین هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت کاریگەری لەسەر یاریزانە سەرەکییەکانی نێو گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بسازێنێت.
وڵاتانی كەنداو لە پێشوازیی گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپدا
بەو پێودانگەی دۆناڵد ترەمپ زیاتر لە هەر سەرۆكێكی ئەمەریكا ئاشنایەتیی لەگەڵ سەرۆک و سەركردەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداودا هەیە، پێدەچێت وردتر و ئاشكراتر كاریگەرییەكانی پەیوەندیی ئەمەریكا و وڵاتانی ناوچەكە نیشان بدات. لەم بارەیەوە محەمەد ئەلسەتوحی لێكۆڵیاری ناوەندی شەفەق لە کاروباری سیاسیی ئەمەریکادا، پێی وایە گەڕانەوەی ترەمپ لە دەوڵەتانی کەنداو بە سانایی پەسەند دەكرێت و هەستێکی ئاسوودە لە نێویاندا دروست دەكات، چونکە سەرکردەکانی ئەو وڵاتانە دەیناسن و بە شێوازەکەی ئاشنان. هاوكات کەناڵی DW Arabia دووپاتی كردووەتەوە، لە قۆناغی یەکەمدا دۆناڵد ترەمپ گرنگیی بە پرسەکانی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ نەدا، ئەم پرسانە توخمێکی جەوهەریی لە سیاسەتی دەرەوەی واشنتندا نەبوو، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن کە ئەم پرسە لە ماوەی خولی دووەمیدا دەگەڕێتەوە و جێی خۆی دەگرێت. ئەم پرسە كاریگەرییەكی ناڕاستەوخۆی لەسەر مانۆڕە تاكتیكییەكانی سعودیە وەک وڵاتێكی كاریگەری ناوچەیی لە ڕۆژهەڵات و هەستیاربوونی جێنشینی شای سعودیە جێ هێشتووە، لە كاتێكدا پەیوەندییەکانی سعودیە و ئەمەریکا لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن سارد و پڕ گرێ بوو، بە تایبەت دوای ئەوەی حکومەتی ئەمەریکا بەشێک لەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کردەوە كە تێیدا محەمەد بن سەلمان تۆمەتبار دەکات بە تێوەگلانی ڕاستەوخۆ لە تیرۆرکردنی جەمال خاشقچی، ئەگەرچی سعودیە ڕەتی کردەوە شازادەی جێنشین دەستی هەبێت لە کوشتنی. بەڵام بە گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، پێدەچێت گەرمی بە دووبارە پەیوەندییەكانی نێوان ڕیاز و واشنتن بداتەوە. لای خۆیەوە محەمەد کاوەس لێکۆڵەری سیاسی، پێی وایە دەوڵەتانی کەنداو هەژماری پەیوەندییە کۆنەکانیان لەگەڵ ترەمپ دەکەن، زیاتر لەوە پێی وایە ترەمپ پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کەنداو هەیە و ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستکردنی پەیوەندیی پێشکەوتوو.
چارەنووسی شەڕی غەززە، گۆڕانی هاوكێشەكان نەک سیاسەتەكان
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا ئاڕاستەی مامەڵە و ڕەوتی ڕووداوەكان لەگەڵ پرسی فەڵەستین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی دیاری دەکات، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی شەڕی بەردەوامی ئیسڕائیل لەسەر غەززە و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی لە بەرەی لوبنان و ئێران، هەر بۆیە سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ خاڵێکی سەرەکی پێک دەهێنێت لە دیاریکردنی کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکان لەسەر داهاتووی پرسی فەڵەستین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەم پێودانگە، گرنگیدان بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی ئەمەریکا لە ئیسڕائیل بەراورد بە ڕابردوو تا ئەندازەیەكی بەرچاو جیاواز و كاریگەرتر دەركەوت. ئەمیت سیگال؛ شرۆڤەکاری سەرەکیی سیاسیی کەناڵی ١٢ی ئیسڕائیل، ئەوەی ڕوون كردەوە بایەخی هەڵبژاردنی ترەمپ بۆ ئیسڕائیلییەكان ئەوە نییە كە وردەکارییەکانی ئەم سیستمە تایبەتەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بۆ ئەوان سەرنجڕاكێش بێت، بەڵکوو بە تەواوی ئاگاداری گرنگی ئەنجامەکە و کاردانەوەکانی سەرۆكی نوێن بۆ ئیسڕائیلییەكان. ئەم دیدگایەی سیگال تاكوو ئەو ئەندازەیە ڕۆیشت كە بڵێت: ناڕوونییەکی ئەوتۆ نییە کە ئیسڕائیلییەکان دەیانەوێت ببنە سەرۆکی ئەمەریکا. ئەگەر ئیسڕائیل (٥١)هەمین دەوڵەتی ئەمەریکا بووایە، بە دڵنیاییەوە ئەوە لەسەر دەستی پیاوێكی كۆمارییەكان دەهاتە دی.
سەرەڕای پێشوازییە فەرمییەكان بۆ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، بەڵام هێشتا پرسگەلێکی گوماناوی چاوەڕێی دەکەن، بە تایبەتی بەردەوامیی شەڕەكانی غەززە و باشووری لوبنان، هەروەها پەڕەگرتنی گرژییەكانی ناوچەکە لەگەڵ ئێران. ئەگەرچی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا ترەمپ لێدوانی ڕوونی سەبارەت بە پلانەکانی بۆ ڕەخساندنی كەشی سەقامگیر و هێوركردنەوەی دۆخی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستە ڕوو، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو بەرنامە نوێیەی كە بە ڕۆژی دوای شەڕ ناوی برد، بەڵام بەردەوام جەختی لەسەر پێویستیی سەرکەوتنی ئیسڕائیل و توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكان کردەوە لە کاتێکدا داوای کۆتاییهێنان بە شەڕەکەی کرد. لەم چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەنووس و نووسەری میسڕی ئەشرەف ئەشری لەو باوەڕەدایە ڕەنگە ترەمپ پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ نەتانیاهۆ بقۆزێتەوە، بۆ ئەوەی فشاری بخاتە سەر بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە و باشووری لوبنان. هەمان كات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی DW Arabia، ئەلئەشری سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئەلئەهرام پێی وایە ترەمپ هەوڵ دەدات سیاسەتی گرێبەست پەیڕةو بكات، كە ڕەنگە هاوکێشە لە ناوچەکەدا بگۆڕێت، بەڵام سیاسەتەکان بە مانایەی گۆڕینی میکانیزمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ وردەکارییەکانی دیمەن و وێنە گشتییەكەی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناگۆڕێت.
لە یەکەمین سەرۆکایەتیی ترەمپدا، هەریەک لە ئیمارات، بەحرەین، مەغریب و سوودان لە ساڵی ٢٠٢٠دا ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوە یان بە ناو ڕێککەوتنەکانی ئەبراهامیان لەگەڵ ئیسڕائیل ئەنجام دا، بەڵام لە ئێستادا بزووتنەوەی حەماس گرووپێکی چەکداریی ئیسلامیی فەڵەستینییە، لە ئەڵمانیا، یەکێتیی ئەورووپا، ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە، هەر بۆیە ڕۆژنامەنووسی میسڕی ئەشرەف ئەلئەشری ئاماژەی بەوە دا کە ترەمپ ڕەنگە جۆرێک لە سیاسەتی نێوەندگیری و ئاساییکردنەوە پێشنیار بکات لە بەرامبەر هاوکاریی ئابووریدا، ئەویش وەک ئامرازێكی دەستی ترەمپ بۆ ئەگەری گەیشتن بە بەشێک لەو ئاشتییەی کە لە ڕوانگەی ئەمەریکییەوە بە خواست و بەرژەوەندیی ئیدارەی نوێ دێتە كایەوە، دوور لە هەر جۆرە پابەندبوونێک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین، ئەوکاتیش ئێران و حەماس و حزبوڵڵا بە شكستێكی چاوەڕوانكراو دێنە دەر.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێدەچێت کۆتاییهێنان بە شەڕەکانی غەززە و لوبنان و زیادبوونی كاریگەرییەكانی ئیسڕائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لوتکەی کارنامەی ستراتیژی دۆناڵد ترەمپدا بێت، وەک ئەوەی مستەفا بەرغوتی؛ سەرۆکی دەستپێشخەریی نیشتمانیی فەڵەستین ئاماژەی بۆ كردووە، بەوەی ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی سەرۆکێکی توند و بڕیاردەر دەبێتەوە. لە لایەكی ترەوە ئالۆن پینکاس؛ دیپلۆماتکاری پێشووی ئیسڕائیل بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە كە ترەمپ نایەوێت تاكوو 20ی كانوونی دووەم و لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا ئەو شەڕانە لە سەر مێزەکەی وەک پرسێکی سووتێنەر هەبێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێدەچێت ترەمپ داوا لە سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل بکات سەرکەوتن ڕابگەیەنێت و دواتر لە ڕێگەی نێوەندگیرییەوە ڕێککەوتنێک ئەنجام بدات.
وێڕای ئەوانە و بە درێژایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی، دۆناڵد ترەمپ بە ڕوونی ئاماژەی بەوە نەداوە کە چۆن ڕووبەڕووی شەڕی ئیسڕائیل و حەماس دەبێتەوە، یاخود چۆن هەنگاوی سیاسیی جیاواز لە ئیدارەكەی جۆ بایدن دەنێت، هەر چەندە لە مانگی نیسانی ڕابردوودا ترەمپ ڕایگەیاندبوو کە ئیسڕائیل پێویستە ئەوەی دەستی پێ کردووە تەواو بکات و بە خێرایی کۆتایی پێ بهێنێت، ئەمەش هەنگاوەكانی لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا پشتڕاست دەكاتەوە كاتێک قورسایی خۆی لە پشت پشتیوانییە درێژخایەنەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسڕائیل دووپات كردەوە و نەشیشاردبوویەوە كە خوازیاری چارەسەرێكە كە هەردوو لا پێیان خۆشە، بەڵام بەرغوتی نەیشاردەوە كە ڕەنگە ترەمپ ڕێگە بە ئیسڕائیل بدات بەشێک لە کەناری ڕۆژئاوا لە لایەن ئیسڕائیلەوە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆتایی چارەسەری دوو دەوڵەتی. ئەمەش بەرئەنجامی ئەو سیاسەتە بوو كە لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا ترەمپ چەند هەنگاوێکی لە بەرژەوەندیی ئیسڕائیل نا، كاتێک لە ساڵی ٢٠١٧دا قودسی وەک پایتەختی ئیسڕائیل ناساند، ئەمەش سیاسەتی دەیان ساڵەی ئەمەریکا و کۆدەنگی نێودەوڵەتیی هەڵوەشاندەوە. هەروەها دانی بە سەروەریی ئیسڕائیلدا نا بەسەر بەرزاییەکانی جۆلان کە لە شەڕی ساڵی ١٩٦٧دا لە سووریا دەستی بەسەردا گرت.
بەڵام لە کاتێکدا ترەمپ زۆر جار بانگەشەی ئەوەی کردووە کە تاكە سەرۆكێک بووە ڕاشكاوانە زۆرترین لایەنگری ئیسڕائیلە، ئەگەرچی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناتانیاهۆ هەمیشە دۆستانە نەبووە، بە تایبەت لە ساڵی ٢٠٢١ کە ترەمپ؛ ناتانیاهۆی بە خیانەت تۆمەتبار کرد کاتێک پیرۆزبایی لە بایدن کردبوو بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٢٠. پاشان دوای هێرشەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو بۆ سەر ئیسڕائیل، ترەمپ ڕەخنەی لە ناتانیاهۆ و دەزگای هەواڵگریی ئیسڕائیل گرت کە ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەیەكی ئەوتۆ نەبوون و ڕاشیگەیاند کە ئەگەر سەرۆک بووایە؛ هێرشەکە ڕووی نەدەدا.
لەسەر ئەم بنەمایە، سیگال ڕوونی دەکاتەوە کە بنیامین ناتانیاهۆ ترسی بایدنی قۆستەوە لەوەی کە ناکۆکی لەگەڵ ئیسڕائیل ڕەنگە دەنگدەران و لایەنگری ئیسڕائیل دوور بخاتەوە، بۆیە دوو ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی لوبنان و هێرشەكانی لە جەبەلیای باکووری غەززەدا ئەنجام دا. چەند ڕۆژێک دواتر پێی وا بوو کە ئەگەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لە ئاسۆدا نەبووایە، ڕەنگە ئەم ڕووداوانە بەو ئاسانییە تێنەپەڕینایە، هەر بۆیە زۆرێک لە ئیسڕائیلییەکان پێیان وایە سەرکەوتنی كەمالا هاریس هۆکارێک دەدات بە ئێران و حەماس و حزبوڵڵا بۆ ئەوەی هیوایان بە دابەشبوون و ناكۆكیی ئەمەریکا و ئیسڕائیل هەبێت، ئەمەش هاندانێک دەبێت بۆ بەردەوامبوون لە شەڕ، بە پێچەوانەوە سەرکەوتنێکی ترەمپ ئەم هیوایە دەکوژێنێتەوە و ناچاریان دەکات کۆتایی بە شەڕی بەرەیی بهێنن.
سەرباری ئەوانە، ئەمەریکا پێش هەڵبژاردن پاڵپشتیی کۆتایی ئاگربەست دەکات، ئەمەش وای كردووە كە بۆئاز بیسموت ئەندامی پەرلەمانی ئیسڕائیل (کنێست)، لە پارتی لیکودی نەتانیاهۆ، بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند هەڵبژاردنی ترەمپ لە کاتی گونجاودا هات، چونکە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم لە کاتێکدا شەڕەکانی غەززە و لوبنان بەرەوپێش دەچن. ئاماژەی بەوەش کردووە ئەو ڕێککەوتنانە کۆمەڵێک ڕێککەوتنن کە لە لایەن ئیدارەی یەکەمی ترەمپەوە ئاسانکارییان بۆ کراوە و ئیسڕائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ چوار وڵاتی عەرەبیدا ئاسایی کردووەتەوە، ئەمەش ئاسۆی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینی خستووەتە مەترسییەوە. زیاتر لەوەش، پێی وایە کاتێک شەڕەکە کۆتایی دێت، هەموو لایەک پێویستی بە دەستپێکردنەوەی قۆناغێكی ڕاستەقینە دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەم دۆخەدا ترەمپ باشترین کەس دەبێت بۆ هێنانەدیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ. ئەمەش لە لایەن ناداڤ شتراوچلێر؛ ستراتژیستێکی سیاسیی نزیک لە ناتانیاهۆ گوتوویەتی هەڵبژاردنی ترەمپ پەیامێک بۆ دوژمنانی ئیسڕائیل و لایەنە ئێرانییەكەی دەنێرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشبینینەکردنی ترەمپ دەتوانێت بەو مانایە بێت کە فشارێکی زیاتر لەسەر ئیسڕائیل دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکانی غەززە و لوبنان، ئەوەش ئەگەری هەیە هەوڵەکانی سەرلەنوێ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران چڕ بكاتەوە.
چارەنووسی گرژییەكان لەگەڵ ئێران
لە پاش هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ، پێدەچێت چوار ساڵی داهاتوو ببێتە گەورەترین تاقیکردنەوەی کۆماری ئیسلامی بێت، ئەویش لە ژێر چاودێریی ترەمپدا کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەڵمەتی زۆرترین فشار بسەپێنێت كە ئەمەش گۆشەگیری و داڕمانی زیاتری توانا ئابوورییەكانی ئێرانی لێ دەكەوێتەوە، بە تایبەت كە دۆناڵد ترەمپ بەردەوام شانازی بەوەوە دەكات وەک سەرۆكێكی بوێر توانیویەتی لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ بۆ کەمکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران كشاوەتەوە و دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ سەپاندنی سزا ئابوورییەكان، تەنانەت فەرمانی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خۆی بووە. زیاتر لەوە، پێی وایە لەوەتەی لە ساڵی (٢٠٢٠)ەوە پۆستی سەرۆكایەتیی جێ هێشتووە، ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم و هەناردەکردنی نەوتی زیاد کردووە، پشتیوانییەکانی بۆ گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە پەرەی سەندووە و بە ئاشكرا كەوتووەتە لێدانی ڕاستەوخۆی ئیسڕائیل. لەم بارەیەوە عەلی واعز؛ بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئێران و ڕاوێژکاری باڵای گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، پێی وایە کۆماری ئیسلامی هێندە ناسک دەردەکەوێت کە هەڕەشەکان لە دژی ترسناکن، بە جۆرێک ئایەتوڵڵا خامنەیی هەوڵەكانی سنووردارە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانانەی کە لە یەک کاتدا ڕوو دەدەن، ئەمەش لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری شەڕێکی فراوانتردایە و ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشی ئیسرائیل دەکات بۆ سەر خاکەکەی لەم مانگەدا. نیگەرانیی ئەوە هەیە کە هەڵبژاردنی ترەمپ هانی دەسەڵاتی نەتانیاهۆ بدات بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەمەش ئەگەرێكە كە پێشتر ئیدارەی بایدن هۆشداریی لە بارەوە داوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە یەک سیناریۆ هەیە کە ترەمپ بە ناتانیاهۆ دەڵێت پێش ئەوەی بە فەرمی دەستبەکار بێت کارەکە تەواو بکات، واتە ڕەنگە لە مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی دووەمدا گرژییەکان بەرزبوونەوەی بەرچاو ببینین. ئیسڕائیل هەوڵ دەدات سوودەکەی پاڵ بنێت بۆ لاوازکردنی ئێران و میحوەری بەرخۆدان (گرووپە چەکدارەکان) پێش ئەوەی ترەمپ دەستبەكار بێت، هەر بۆیە هۆکارێکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا، چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی ترەمپ دەبێت بۆ ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا کە پێشنیاری ئەوە دەکەن تاران هەوڵی تیرۆرکردنی داوە، ئەو تۆمەتانەی کە ئێران بە بێ بەڵگە و بەدخوازی ڕەتی کردەوە. بەم پێیە ڕەنگە ترەمپ سەرنجەكان ڕابكێشێت، چونکە بۆ ئەو دەبێتە تاقیکردنەوەی کۆتایی شارەزایی لە هونەری ڕێککەوتنەکەدا، بە جۆرێک لە ماوەی خولی یەکەمیدا سەرنجەكانی بۆ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا ڕەنگدانەوەی هەبووە، ئەگەرچی ئێران هەرگیز لە شەڕی ترەمپدا سەر نەكەوت، بەڵام لە دانوستانەكاندا نەیدۆڕاند! وەک ئەوەی خودی ترەمپ خۆی لە تویتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئاماژەی بۆ كردووە، لە كاتێكدا هیچ گومانێک لەوەدا نییە كە تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ترەمپ هاوبەشی ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی قازانجی هەردوو لا لەگەڵ ڕژێمی ئێراندا بن.
دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆكایەتیدا ڕاشكاوانە سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاند، دوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥، کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانی لە بەرامبەر چاوگە ئابوورییەكاندا سنووردار کرد، هەر بۆیە پێدەچێت هێشتا ئەم كاریگەرییانە لە سەرەتاوە بەدیار بكەوێت، چونكە بە پێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز، دوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی ترەمپ بەهای ڕیالی ئێرانی نزمترین ئاستی لە بەرامبەر نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا تۆمار كرد. هاوكات بورجو ئۆزچەلیک توێژەری باڵای دامەزراوەی خزمەتگوزارییە شاهانەییە یەکگرتووەکان لە لەندەن، بە كەناڵی DWی ڕایگەیاند ئیدارەی نوێی ئەمەریكا نایەوێت ئەمەریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران ڕابکێشێت، تەنانەت ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان ئیسڕائیل و ئێرانیش ڕوو بدات، هەمان كات پێی وایە ترەمپ هەوڵ دەدات باڵادەستی و جیاوازیی خۆی نیشان بدات، بەڵام پێدەچێت لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە هۆی كاریگەربوونی ئاڵۆزییەكانی شەڕی غەززە بە زەحمەت ئەم هەنگاوە بەدەست بهێنێت. زیاتر لەوە، محەممەد ئەلساتوحی توێژەر و شارەزای کاروباری عەرەبی-ئەمەریکی، هاوڕایە لەگەڵ ئەم بۆچوونە و پێی وایە ترەمپ بەوە ناسراوە کە بە لۆژیکی لەو ڕێککەوتنانە دەڕوانێت کە هەر بازرگانێک ئەنجامی دەدات.
جیاواز لەوانە، ئاراش عەزیزی نووسەری کتێبی ئێرانییەکان چییان دەوێت دەڵێت: ڕەنگە عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئێران سەرۆکێکی جیاوازتری لە دۆناڵد ترەمپ پێ باشتر بێت، بە گشتی پێدەچێت ڕژێمی ئێران بیەوێت هاریس سەر بکەوێت. هەروەها ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ترسی گەڕانەوەی ترەمپ لە هەموو میدیاکانی ئێراندا بەدی كراوە، بە تایبەتی کە ئەزموونێكی شكستخواردوویان لە سەرۆکایەتیی پێشووتری ترەمپدا هەبووە، ئەویش لەسەر بنەمای پێشبینییەكانی ترەمپ و سیاسەتەکەی جەخت لە فشاری زیاتر و نزیکبوونەوە لە ناتانیاهۆ دەكات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بۆچوونە لە ئێراندا بە شێوەیەكی ڕەها و گشتگیر بەدیار نەكەوتووە، بگرە بە پێچەوانەوە ئاڕاستەیەكی سیاسی لە نێو تاراندا هەن كە پێیان وایە ترەمپ پراگماتیکتر و ڕوونتر لە دیموکراتەكان مامەڵە دەكات و یەكلاكەرەوەترە، ئەگەرچی لە نێوەندی هەردوو بۆچوونەكەدا دکتۆر سەنام وەکیل؛ جێگری بەڕێوەبەری پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا لە ئینستیتیوتی چاتام هاوس، پێی وایە تاران نایەوێت لە سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکاوە دەست پێ بکات، چونكە هەر کەسێک ببێتە سەرۆک لە دۆخێکی خراپتر لەوەی ئێستا هەیە مامەڵە دەكات. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوە دا کە پراگماتیزم لە پەیوەندییەکانی داهاتوودا لەگەڵ واشنتن هەیە و ئەمەش لە ژێر ڕۆشنایی قەیرانە پەڕەگرتووەكەی ئێستادا، بە لەبەرچاوگرتنی سووککردنی سزاکان كە ئەگەرێكی كراوە و ئامانجێكی سەرۆکی نوێ و ئیدارەكەی ترەمپە.
سیاسەتی نوێی ترەمپ بەرامبەر ئایندەی سووریا
بە سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا، دۆسیەی سووریا گەرمتر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە مایەی سەرنج و مشتومڕەكان، بە تایبەتی کە هێشتا سیاسەتەکانی سەرۆکی نوێ بە ڕاشكاوی بەرامبەر بەو وڵاتە نەزانراوە و هێزی ئەمەریکییش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی واشنتن دژ بە داعش هێشتا لەو وڵاتەدا ئامادەییان هەیە.
لە لێدوانێکدا توێژەری سووری-ئەمەریکی واعیل ئەلسەوا؛ ئەندامی دەستەی ڕاوێژکاریی پڕۆگرامی سووریا لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمەریکی بۆ لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک، ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە هیچ لایەنێک ناتوانێت پێشبینیی هەڵوێستەکانی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا لەسەر هەر پرسێکی نێودەوڵەتی بكات. هەروەها لە لێدوانەکانیدا بۆ ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە، ئەو نیگەرانییەی خستەڕوو، كە بوونی سەربازە ئەمەریکییەکان دەبنە ڕەگەزێک لە ململانێکانی نێوان هێزەکاندا، لێرەدا مەبەستی کشانەوەی هێزەکان و کەمکردنەوەی بەشداریکردنی سەربازیی و بیرهێنانەوەی دژایەتییە درێژخایەنەکەی سەرۆکی نوێیە بۆ تێوەگلانی ئەمەریکا لەو ململانێیانە.
لە چوارچێوەی ئەم دیدگایەدا، جارێكی تر واعیل ئەلسەوا دەربارەی كەمكردنەوەی ئەگەری هێزە سەربازییەكانی، ئەوەی خستووەتە ڕوو كە ستراتیژیەتی خۆبەدەستەوەدان و سەقامگیریی ناوچەکە و فاكتەرەكانی نزیکبوونەوەی ترەمپ لە سووریا بۆ چەند بنەمایەک دەگەڕێتەوە، ئەوانیش کەمکردنەوەی ئامادەیی سەربازیی ئەمەریکا، سەرەڕای گرنگیی ستراتیژی ئەو هێزانە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا. ئاماژەی بەوەش کردووە ئەم کشانەوەیە مەترسی و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونکە كەمبوونەوەی ڕۆڵی ئەمەریکا لە سووریادا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی گرووپە توندڕەوەکان و چالاكبوونەوەیان.
سەبارەت بە هەڵوێستی سەرۆکی ئەمەریکا بەرامبەر بەشار ئەسەد، بەردەوام ئەوە دێتەوە یاد کە لە ڕابردوودا ترەمپ هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی بەرامبەری نەبووە و وا پێشنبینییش ناكرێت لە قۆناغی داهاتووشدا ئەم هەڵوێستە نیشان بدات.
هەمان كات لە بارەی مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوە و چالاكبوونەوەی داعش، لای خۆیەوە نەواف خەلیل؛ بەڕێوەبەری سەنتەری کوردی بۆ لێکۆڵینەوە، ئاماژەی بەوە دا کە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی داعش بە تەنها دۆسیەیەكی کوردی یان سووری نییە، بەڵكوو ڕەهەندێكی جیهانیی هەیە، لەم بارەیەوە درێژەدان بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و جەختکردنەوەی لەسەر هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە. پاشان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمەریکا زیاتر ئاگادارە لە هەمووان، داعشیش هێزێكی مەترسیدارە، تەنانەت ژمارەی ئەو ئەندامە ئەمەریكییانەی کە لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە دەستگیر کراون؛ ژمارەیان نزیکەی ١٢ هەزار کەسە. زیاتر لەوە، ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە نێت ئاماژەی بەوە کردووە هیچ لایەنێک ناتوانێت بە ڕەهایی پێشبینیی ئەوە بکات کە سەرۆکی ئەمەریکا بیر لە چی دەکاتەوە، بەڵام ڕاستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دووبارە پێگەیشتنێکی جیاواز لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، وەک کشانەوەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا كە لە سەردەمی سەرۆککۆماری پێشوو باراک ئۆبامادا وەستا، بەڵام لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر دەشێت دۆخەکە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، چونكە ڕێی تێناچێت ترەمپ گۆڕەپانی سووریا بۆ ئێران و میلیشیاکانی جێ بهێڵێت یان ڕۆڵ و كاریگەرێتیی ڕووسیا بە بەرچاویەوە زیاد بكات، بە تایبەت كە پێشتر ئەزموونی لەشكركێشییەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی لە ساڵی 2019 پاش كشانەوەی هێزەکانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەردەستە. بێگومان ئەم هەنگاوانە كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر دۆسیەی كورد و هەڵوێستەكانی سەرۆكی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەبێت، بە تایبەت كە نزیکەی 900 سەربازی ئەمەریکی لە سووریا لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی واشنتن دژی داعش لە سووریا و عێراق هەن، بەڵام ترەمپ بەنیازی ئەوە بوو لە ساڵی ٢٠١٩دا بیانکشێنێتەوە، ئەگەرچی دواتر لە ژێر فشاری ڕاوێژکارەکانیدا بڕیارەکەی پێچەوانە کردەوە و جارێکی دیکە شوێنی خۆیان کردەوە.
ناوەندی لێكۆڵینەوەی کوردی لە سووریا ئاماژە بەوە دەكات كە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یان سەرکردەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە تەواوەتی لە لایەن هیچ لایەنێکەوە جڵەوناكرێن، بۆ نموونە كاتێک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا، هەمان كات لە ڕووی سەربازییەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریکا و واشنتن ئاسایی بوون، بە تایبەت لە قۆناغی سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، تەنانەت لە دوای هەڵبژاردنەوەی بۆ دووەم جار، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات پیرۆزبایی لە ترەمپ كرد و ڕایگەیاند: چاوەڕێی کاری هاوبەشە لەگەڵ یەکگرتوو دەوڵەتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
سەرۆكی نوێ چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی عێراقدا دەكات؟
لە چوارچێوەی دەنگدانەوە جیهانی و ناوچەیییەكانی سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی نوێی ئەمەریكادا، عێراق زووتر لە هەمووان پێشوازیی لەو سەركەوتنە كرد و محەممەد شیاع ئەلسوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراو و جەیمس دەیڤید ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و گەلی ئەمەریکای کرد. دواتر بە هۆی كاریگەرییەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمەریكا لەسەر عێراق، ئەلسوودانی لە تویتەکەیدا پابەندبوونی پتەوی عێراقی بە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر بنەماکانی ڕێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندیی هاوبەش دووپات كردەوە. زیاتر لەوە، ئاماژەی بەوە دا کە گەلی عێراق بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە پێشوازی لەوە دەكات كە ئەم قۆناغە نوێیە سەرەتای قووڵکردنەوەی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات بێت لە چەندین بواردا. ئەمە لە كاتێكدا سەرۆککۆماری عێراق عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، لە پۆستێکدا لە سەر پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی: هیوای سەرکەوتن بۆ ترەمپ و ئیدارەکەی دەخوازین لە پێشەنگایەتیکردنی ئەمەریکا بەرەو پێشکەوتن و خۆشگوزەرانیی زیاتر. ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕێی قۆناغێکی نوێ دەکەین کە تیایدا هیوایەک هەبێت بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری و پتەوکردنی پەیوەندییە بنیاتنەرەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندی و خواستەکانی گەلان دەکات.
لە کوردستانیش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆیەوە لە پلاتفۆڕمی ئێکس، بە گەرمی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک ترەمپ و ڤانسی جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراو كرد، ئاماژەی بەوەش کرد كە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کارکردنی هاوبەشن بۆ بەهێزکردن و قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و ئەمەریکا. لە بەرامبەردا مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە ترەمپ کرد بە بۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی. لە پۆستێکیشدا لە سەر پلاتفۆڕمی ئێکس، ئاماژەی بەوە داوە كە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانی قووڵکردنەوەی پەیوەندیی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و پێکەوە کارکردنن بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
سەرباری ئەو كاردانەوانە، بۆ تیشكخستنەسەر سیاسەتی چاوەڕوانکراوی دۆناڵد ترەمپ و چۆنیەتیی مامەڵەکردنی لەگەڵ عێراقدا، عەباس جبوری شرۆڤەکاری سیاسی جەخت لەوە دەكاتەوە سەرۆكی نوێ ئامانجی تایبەتی خۆی هەیە کە لە داهاتوودا کار بۆ بەدەستهێنانی دەکات. هەر چەندە فەزای سیاسەتی ئەمەریکا جێگیرە، بەڵام بە گشتی سەرۆکەکان خواستی تایبەتی خۆیان هەیە. هەروەها ئاژانسی شەفەق؛ ترەمپ بە یەکێک لە سەرۆکە دیکتاتۆرەکان ناو دەبات، گوایە هەوڵ دەدات هەندێک دامەزراوە پشتگوێ بخات و پێشێلکاریی زۆرێک لە دەسەڵاتەکان بکات، هەر بۆیە ڕاشكاوانە ئەوە دەخاتە ڕوو كە سەرکەوتنەکەی لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە، بەڵكوو ترەمپ هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بمێننەوە و ڕەنگە ژمارەشیان زیاد بکات. هەروەها سزا بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێنێت کە هەوڵی بەشداریکردن لە شەڕی غەززەدا دەدات، هەروەها سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت. لەم بارەیەوە ئەلجبوری ئاماژە بە دەستەواژەیەكی ترەمپ دەكات كاتێک دەڵێت: عێراق نییە جگە لە نەوت، بە پێی ئەم بنەما بازرگانییە، پێشنیار دەكات كە عێراق تیمێکی یەکگرتووی شارەزا ئامادە بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی نوێی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق.
لای خۆیەوە موجاشا ئەلتەمیمی شرۆڤەکاری سیاسی، بڕوای وایە عێراقییەکان چاوەڕوانی زۆر بابەتی پەیوەست بە کاروباری سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکی لە دۆناڵد ترەمپ دەکەن، بە جۆرێک لەسەر ئاستی ناوخۆ عێراق پێویستی بە هەڵوێستێکی ئەمەریکی هەیە کە پاڵپشتیی حکومەتی عێراق بکات بۆ نزیککردنەوەی تێڕوانینی هەموو پێکهاتەکان لە یەکتر، لە ڕێگەی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە تایبەت لە پرسی پشتیوانیکردن لە ئابووریی عێراق و چالاكبوونی وەبەرهێنەری ئەمەریکی دەبێت تێیدا.
لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەش، بە گوتەی ئەلتەمیمی عێراق بە قەیرانی گەورەی وشکەساڵیدا تێدەپەڕێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش دەیەوێت فشار بخاتە سەر وڵاتانی سەرەوەی ڕووبارەکان بۆ ئەوەی ئاوی زیاتر لە چوارچێوەی پشکی ئاوی عێراقدا ئازاد بکات، ئەم هەنگاوە بۆ عێراق جێی بایەخە. ئەمانە و جگە لە ڕێگریکردن لە دەستوەردانی وڵاتانی ناوچەکە لە کاروباری سیاسیی عێراق، بە سەرنجدان بەوەی کە ئەمەریکا هاوپەیمانێکی ستراتیژی عێراقە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش حکومەتی عێراق چاوەڕێی ئەوە دەکات کە ترەمپ ئەرکەکانی ئەمەریکا بەرامبەر بە عێراق جێبەجێ بکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو کەسە بووە سیستمی سیاسیی ئێستای دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام دامەزراندووە.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی سەرکەوتنی ترەمپ لەسەر ئابووریی عێراق، شارەزای ئابووری دکتۆر مستەفا فەرەج هۆشداریی دا لەوەی ڕەنگە سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە چەند ڕوویەکەوە کاریگەریی لەسەر ئابووریی عێراق هەبێت، لەوانە (نرخی نەوت، سزاکانی سەر ئێران، وەبەرهێنانی بیانی). هەروەها ئاژانسی هەواڵی شەفەق وەها وێنای دەكات كە ڕەنگە نرخی نەوتی نێودەوڵەتی کاریگەریی لەسەر سیاسەتەکانی ترەمپ هەبێت، بە كەمبوونەوە یاخود زیادكردنی، ئەمەش ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر عێراق و توانا ئابوورییەكەی جێ دەهێڵێت، ئەوەش لە كاتێكدا ئاماژەیەک هەیە بۆ دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان لە دوای سەركەوتنەكانی ترەمپ. سەرباری ئەوەش، لە ئەگەری زیادكردنی سزاكانی سەر ئێران کاریگەری لەسەر جووڵەی بازرگانیی عێراق بە قورسی جێ دەهێڵێت، بە تایبەت دۆسیەی هاوردەکردنی غاز و بەکارهێنانی لە بواری وزەدا.
سەبارەت بە وەبەرهێنانە دەرەکییەکان، مستەفا فەرەج ئاماژە بەوە دەكات سیاسەتی بازرگانی و ئابووریی ترەمپ ڕەنگە کاریگەریی لەسەر ڕەوتی وەبەرهێنانی بیانی هەبێت، هەروەها سەقامگیریی بازاڕی عێراقیش ڕەنگە کاریگەریی لەسەر گۆڕینی سیاسەتەکانی ئەمەریکا بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت، هەر بۆیە کاریگەرییەکان بە گشتی پەیوەستن بە گۆڕانی سیاسەتە جیهانی و هەرێمایەتییەکان و توانا و خۆگونجاندنی حکومەتی عێراق لەگەڵیاندا و قۆستنەوەی ئەو دەرفەتانەی لە ئەنجامدا دروست دەبن.
هەروەها توێژەر لە کاروباری ئابووری ئەحمەد عید، ئاماژەی بەوە دا کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕووی میتۆدۆلۆژیا و ئامانجەوە جیاوازیی نییە، بەڵکوو لە لایەنی کردەیی و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە نێودەوڵەتییەکاندا جیاوازە، لەوانەش دۆسیەی عێراقییەکان، چونکە مامەڵەی کۆمارییەکان لەگەڵ ئێراندا وەک پێشوو نییە. هەر بۆیە دەستوەردانەکانی ئێران لە عێراق و کاریگەرییە گەورەکانی لەوێدا هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی، بەو پێیەی ترەمپ عێراق بە سەرچاوەیەکی ئابووری و ستراتیژی بۆ سیاسەتی ئەمەریکا دەزانێت، ئەمەش وایان لێ دەکات کە سەرنجەكان ئاڕاستەی ئەو وڵاتە بکەن وەک خاڵێکی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چونكە ئاشكرایە لە ڕوانگەی ئابوورییەوە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا کار بۆ سنووردارکردنی فراوانبوونی ڕۆڵی ئابووریی ئێران دەكات کە ڕەنگە ببێتە هۆی فشاری زیاتر لەسەر عێراق سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت و وەبەرهێنانی گاز لە لایەک و سنووردارکردنی هاوردەکردنی غازی ئێران لە لایەکی دیکەوە. ئەمانە لە كاتێكدا ئەمەریکا لە ڕێگەی وەزارەتی گەنجینەی هەرێم و بانکی فیدراڵی بۆ توندکردنەوەی کۆنترۆڵی پارەی عێراق و چاودێری و کۆنترۆڵکردنی گواستنەوەی دارایی كار دەكات، بۆ ئەوەی نەگاتە سنوورێک تاكوو خزمەت بە ڕۆڵی سیاسی و ئابووریی ئێران بكات. بەم پێیە ئەگەری زیادکردنی سەپاندنی سزاكان هەیە، بە تایبەت بەسەر بانکە نوێیەکان و ئەو قەوارە کاریگەرانەی کە لە ناوخۆی عێراقدا کار دەکەن، کە ڕەنگە بگاتە ئەو ئاستەی سزا بەسەر بانکە حکومییەکاندا بسەپێنرێت. ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق خۆی نەپارێزێت لە تێوەگلانی خۆی لەو مەترسییانە، ئەگەرچی عێراقییەكان نابێت ئەوەیان لەبیر بچێت كە سیاسەتی ترەمپ بەردەوام لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە کە ڕەنگە مژدەی بەئامانجگرتنی میلیشیا و بزووتنەوەکان بێت کە لە عێراقدا چالاکی دەکەن، چونكە لە ئایدۆلۆژیا و کردەوەی هاوبەشدا لە لایەنی ئێرانییەوە نزیکن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە و مەترسیی ئەمنی لە ناوخۆی عێراقدا کە ئەویش ڕاستەوخۆ لە واقیعی ئابووریی عێراقدا ڕەنگ دەداتەوە.
لە لایەكی ترەوە دەربارەی لێكەوتەكانی سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ و كاریگەریی لەسەر دۆسیەی ئەمنیی عێراق، عەلی عەسکەری شارەزای ئەمنی ئاماژە بەوە دەكات پڕۆژەی ستراتیژی ترەمپ ئاڕاستەیەكی ئابوورییانەیە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەگەر بیەوێت ئەو بەڵێنانەی لە ڕابردوودا بە عێراقی داوە بە هۆی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی خۆی، ڕەنگە پشتیوانیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و کەنداو بكات، لە كاتێكدا ئابووریی عێراق پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت کە بەشێکە لە بووژانەوەی ئابووریی ئەمەریکا بە گشتی، ئەمەش بەو مانایەیە کە دەبێت ڕێککەوتنی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئەمەریکادا جێبەجێ بکرێت. بە هەمان شێوە سەبارەت بە لایەنە جیاوازەكانیش، ئەوان لە پڕۆسەی پێش و پاشەکشەدا دەمێننەوە لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا، ئەویش تەنها بۆ ئەوەیە كە سەقامگیریی هەناردەکردنی نەوت پێش سەقامگیریی عێراق بپارێزێت کە ئەمەریکا لەم ڕووەوە ترسی لە ئێران هەیە.
لە بەرامبەر ئەم بۆچوونەدا، مونقیث داغر شارەزای سەربازی جەخت لەوە دەكاتەوە و دەڵێت: دوای سەرکەوتنی ترەمپ هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوو نادات، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی زۆر کەس، هەر چەندە ترەمپ لەو كەسایەتییە سیاسییانەیە کە دەتوانرێت پێشبینیی کردەوەکانی بکرێت، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا لێكەوتە و دەرئەنجامێكی كاریگەر نیشان بدات، دەشێت سوودی لە ئەزموونی پێشووی وەرگرتبێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، بە شێوەیەكی گشتی لە ئاستێكی سیاسیی باڵای عێراقدا پێشتر دەنگێكی ناڕازی و ڕەخنەگرانە لە خودی دۆناڵد ترەمپ هەبووە، لەوانە: محەممەد شیاع ئەلسوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشتر بە توندی هێرشی کردبووە سەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ؛ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لە میانی وتارەکەیدا لە مەراسیمێکی یادکردنەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە شاری بەغداد لە ساڵیادی تیرۆرکردنی فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی ئێران قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس بەڕێوە چوو. هەمان كات بە فەرمانی فایق زەیدان؛ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی دۆناڵد ترەمپ دەرچووە لە پاشخانی ئەو فەرمانانەی کە بۆ کوشتنی سولەیمانی و ئەلموهەندیس دەریكردووە. ئەگەرچی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق نیازی عێراقی پشتڕاست کردەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەکی ئاسایی، سەرەڕای ئەو فەرمانی دەستگیرکردنەی کە لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە دەرچووە. هەر بۆیە پەرلەمانتاری لیژنەکە موختار ئەلموسەوی لە لێدوانێکی پێشوودا بۆ ئاژانسی شەفەق نیوز ڕایگەیاندبوو بەرژەوەندیی نیشتمانی پێویستی بەم ڕێککەوتنە هەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتن بە گەڕانەوەی ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ناچێتە قۆناغێكی نوێوە.
سەرچاوەكان:
- محمد فرحان: رئاسة ترامب الجديدة.. الشرق الأوسط ينتظر صفقات رجل الأعمال، DW العربیة، 6/11/2024، 12:00، https://shorturl.at/UZMiW.
- جوان سوز: سياسات ترامب حول سوريا.. هل يسحب القوات الأميركية؟ العربية.نت، 8 نوفمبر 2024، 10:30، https://shorturl.at/ncITa.
- یحی باسم: هذا ما سيحدث في الشرق الأوسط بحال عودة ترامب إلى البيت الأبيض، عربی 21، 1 نوفمبر 2024، 11:00، https://shorturl.at/88v8W.
- ثلاثية شائكة في العراق بعد فوز ترامب.. كيف سيتعامل معها الرئيس الجديد؟ شفق news، 6 تشرین الثانی 2024، 12:30، https://shorturl.at/xZI0E.
5. ماذا يعني فوز ترامب بالنسبة للشرق الأوسط وأوكرانيا والصين؟ الجزیرة نیت، 3 تشرین الثانی 2024، 9:45، https://shorturl.at/cnTBM.
- نخستین واکنش پزشکیان به انتخاب ترامپ: در توسعه روابط خود با دیگر کشورها به هیچ عنوان نگاه بسته و محدودی نخواهیم داشت، انتخاب، ۱۷ آبان ۱۴۰۳، 9:00، https://shorturl.at/nXIbR
7. Mostafa Salem, Nadeen Ebrahim and Mick Krever: Here’s what’s at stake in the Middle East under Trump’s second term, CNN, November 6, 2024, 12:00, https://t.ly/Gwstd.