پاشایەتیی ماد[1]
ئیقرار عەلیێف
ئامادەکردن: ئێرانناسی
ئیقرار عەلیێف ( ١٩٢٤-٢٠٠٤ ) مێژوونووسی گەورە و ناوداری ڕووس و ئازەربایجانە، کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و تایبەت لێکۆڵینەوەی لە سەر مێژووی “شانشینی ماد” کردووە. نووسەر زیاتر لە سەد و شەست کتێبی لە پاش خۆی بەجێهێشتوە. سەرنجی لە سەر سێ زۆنی مێژووی گرنگی ناوچەکە هەبووە؛ شانشینی ماد، ئاترۆپاتن، ئەلبانیای قەفقاز. توانای خوێندنەوەی خەتەکانی بزماری سۆمەری و ئەکەدی و ئاشووری و فارسی دێرینی هەبووە. ئیقرار عەلێف زۆر دژی سادە نووسی بووە لە مێژوودا، کە ئامانجی سیاسی و ئایدۆلۆژی لە پشتییەوە هەبێت . بەو مانایەی کە مێژوو بریتییە لە هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکانی ڕابووردوو بە پشت بەستن بە بەڵگەی بەهێز. ئایدیۆلۆجیستە سادەنووسەکان کەرەستەی پێویستیان لە بەر دەست نییە بۆیە ناتوانین پشتییان پێببەستین. ئیقرار عەلیێف تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیاییمان دەداتی لە درووستی و ئەکادیمیبوونی ناوەرۆکی کتێبەکە. لە هەمانکاتدا مێژوونووسانی وەک ئیگۆر میخایلۆویچ دیاکۆنۆف( ١٩١٤-١٩٩٩) کاریان لە سەر مێژووی ماد کردوە. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، بورهان قانیع لە ژێر ناونیشانی “میدیا” وەریگێڕایە سەر زمانی کوردی. ئەو کتێبە بۆ سەردەمی خۆی و هەم وەرگێڕانەکە گەنجینەیەکی پڕ بەها بوو.
بۆ چی مێژووی ماد؟ چەند هۆکارێک لە پشت دەستنیشانکردنی ئەم مێژووەوە هەیە. بۆ ئێرانناسی و شارەزابوون لە ئێران و مێژووەکەی هیچ چارەیەكمان نییە جگە لەوەیکە بە دەروازەی لێڵ و ئاڵۆزی مادەکاندا تێپەڕ بکەین. مێژوونووسانی ئێران کە لە ژێر کاریگەری تێزی پان ـ ئیرانیسم گرنگییان بە شکۆی شانشینی کۆرش و هەخامەنشیەکان داوە. مێژووی ماد وەک پێشەکی و سەرەتایەک بۆ هەخامەنشییەکان تەماشا کراوە. لە سەرتاسەری سەدەی ڕابردوو هیچ لێکۆڵینەوەیەکی جددی لە سەر مێژووی ماد لە ئێران نەکراوە. جگە لە نیشاندانی بەردە پەیکەری شێرە ڕاکشاوەکەی هەمەدان و دۆزینەوەی چەند شوێنێکی شوێنەواری لە ئێران. ئەویش لە چواچێوەی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسی و مراندنی ئەو مێژووە لە مۆزەخانەکان.
ئیقرار عەلێیف لە کتێبە ناوازەکەی لە سەر مێژووی ماد، بە شێوەیەکی جیاوازتر لە دیاکۆنۆف کاری لە سەر مێژووی ماد کردوە. هەرچەندە لە پێشەکی کتێبەکەدا سوپاسی دیاکۆنۆف دەکات کە سەرنجی لە سەر نووسینەکانی هەبووە. ئەم کتێبە هاوکات مەوسوعەیەکی گەورەیە لە سەر بنچینە کەلتوری و ئایینی و نەژادی… سەردەمی پێش ماد و چاخی سەرهەڵدانی ماد لە مێژوودا. کۆی لێکۆڵینەوەکەی عەلیێف لە پێشەکی و یانزە بەشی سەرکی پێک هاتووە. زمانی گێڕانەوەکە شیرین و بۆ ئەکادمیستەکان و بۆ خوێنەری ئاساییش زۆر گۆنجاوە و هیچ گرێ و گۆڵێک ناخاتە بەردەم خۆێنەر.
قوتابخانەی ڕووسی لە مێژوودا کاری گەورەیان کردوە. ڕووس بۆ ئێران و کورد و ناوچەکە هەمیشە ناوەندێکی دەوڵەمەندی ئەرشیف و لێکۆڵینەوەی مێژووی بووە. بە تاییبەتی لە سەر مێژووی شانشینی ماد کە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە مێژووی دێرینی کوردەوە هەیە. لە لایەکی ترەوە ، چەند قۆناغێکی گرنگ لە مێژووی ئێراندا بوونیان هەیە کە زۆر گرنگن بۆ ئێرانناس و ڕۆژهەڵاتناسەکان، کە خاڵی وەرچەرخانی گرنگن لە مێژووی ئیران و ناوچەکەش.دیاریکردنی ئەو قۆناغانە، یارمەتیدەر دەبن لە ناسین و تێگەیشنی قوڵ بۆ مێژووی گشتی ئێران ومێژووی کورد بە تایبەتی.
- مێژووی کۆنی ئیران( ماد، هەخامەنشی. ساسانی) تا هاتنی ئیسلام و کاریگەرییە قوڵەکانی بە سەر خوگرافیا و مێژووی بەرزاییەکانی ئێران.
- سەدەمی سەفەوی و شیعەگەرایی، کە خاڵی وەرچەرخانە بۆ ئیران و ناوچەکەش.
- مێژووی قاجارییە کە دەستی بێگانە و دەستوەردانی وڵاتانی جیهانی لە ئیران کراوە دەبێت. سەردەمی شەڕە خۆێناوییەکانی ئێران و ڕووس.
- پەهلەوی و شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران.
نووسەر لێکۆڵینەوەیەکی زۆر چڕ و پڕی لە سەر کۆێ مێژووی ماد بە ئەنجام گەیاندووە. لە بەشی یەکەمی کتێبەکەیدا سەرچاوەکانی لێکۆڵینەوەکەی بە شێوازێکی ئەکادیمی و درووست لە سەرچاوە ئاشووری و یۆنانییەكان وەرگرتووە و بە باشی شارەزای سەرچاوە ڕووسی و بیانییەکانە.
بەشی چوارەم و پێنجەمی لێکۆڵینەوەکە پتر لە یەک لە سەر سێی کتێبەکە پێک دەهێنی. لە بەشی چواری کتێبەکە بە وردی لە سەر سەرچاوە و بنچینەی زمانی گەڵانی ناوچەکە و پەیوەندی نێوان زمانی گەڵانی خۆجێیی ناوچەکە و زمانی گەلانی ئاریا کاری کردوە. لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکانی بە ئاراستەی لێکۆڵینەوە لە زمانی عیلامی کۆن و گەلانی نێشتەجێێ سەرزەمینی ماد سەرنج ڕاکێشە. عەلیێف پێیوایە کە زمانی گەڵانی خۆجێێ ڕۆژئاوای ئێران ( سەرزەمینی ماد) عیلامی بووە. هەر وەها ئاماژەی بۆ پۆلە زمانەکانی هاوسێێ ڕۆژئاوای بەرزاییەکانی ئێران لێکۆڵیەوەی وردی ئەنجام داوە.
لە بەشی پێنجەمی کتێبەکە تیشکی خستووەتە سەر شوێنەواری شارستانییەی کۆنی ناوچەکە و لێکۆڵینەوەی وردی لە ناوچە شوێنەواەیەکانی وەک؛ تەپە سیەلکی کاشانی و تەپە گییانی نەهاوەند و تەپە گوویی، دەکاتە بنچێنە بۆ لێکۆڵینەوە لە چاخی نیئۆلۆتیک لە بەرزاییەکانی ئێران. پاشان ئەنجامگیری دەکات کە لە کۆتایی هەزارەی دووەم و سەرەتای هەزارەی یەکەمی پێش زایین کۆمەڵگای سەرزەمینی رۆژئاوای ئێران هەڵومەرجی سەرهەڵدانی کۆمەڵگایەکی چینایەتی تێیدا بە دیار دەکەون. لە بەشی هەشتەمی لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بۆ بونیاتنانی دەوڵەتی ماد و سوودی لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو و ئەنجامگیری درووستیشی خستووەتەڕوو. ئەم لێکۆڵینەوەیە دەروازەیەکی زۆر گرنگە بۆ ئەو مێژووناسانەی کە خوازیاری سەرچاوەی ناب و گرنگ بن لە لێکۆڵینەوەی مێژوویدا. لە هەمان کاتدا کتێبی “پاشایەتی ماد” ی ئیقرار عەلیێف و کتێبی “میدیا” دایکۆنۆف دووانەیەکی زۆر بەهادار و درەوشاوەی مێژووی مادەکانە کە بە ڕای زۆرینەی پسپۆرانی ئەو بوارە، باڵادەستییان نیە. ئەم کتێبە پێشنیارە بۆ هەموو ئەوانەی کە خواستی ڕۆژهەڵاتناسی و ئێرانناسییان هەیە. بۆ هەموو ئەوانەی کە خواستی ئەوەیان هەیە لە مێژووی دێرینی کورد، بنچینەکەی لە سەردەمی بەردین و پاشان هاتنی ئاریا بۆ ناوچەکە و چۆنێیتی ئاوێتە بوونی گەڵانی ئاری و دانیشتوانی خۆجێی ناوچەکە تێڕوانینێکی زانستییانەی قوڵییان هەبێت. هەڵسەنگاندنێکی پڕ و چڕ کە بتوانیین لە ئاست مەزنی ئەم لێکۆڵینەوەدا بێت لە توانای ئامدەکاری ئەم کتێبناسییە بەدەرە و ئەمە هەنگاوێکی زۆر بچووکە بۆ ئەم ناساندنە.
[1] ئیقرار عەلیێف.( ١٣٨٨ ) پادشاهی ماد. ترجمە: کامبیز میربها. تهران. انتشارات ققنوس