• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 13, 2024

ڕەوایەتی و پێگەی حزب و حزبایەتی

ئامادەكردنی: ئایینناسی

حزب و حزبایه‌تی له‌ ئیسلامدا، بابەتێكی جێی مشتومڕی ناو جیهانی ئیسلامی و موسڵمانانه‌، له ‌ساده‌ترین پرسیاردا كه‌ دینداران ڕووبەڕووی ده‌بنه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا ئیسلام پێویستی به‌ حزب هه‌یه، تاچه‌ند شه‌ریعه‌ت و بنه‌ما جێگیره‌كانی ئیسلام له‌گه‌ڵ كاری حزبه‌ ئیسلامییه‌كاندا یه‌كده‌گرێته‌وه‌؟ تێڕوانینی ڕه‌وته‌ جیاوازه‌كانی ناو جیهانی ئیسلامی بۆ دیارده‌ی حزبایه‌تی چۆنه‌؟ له‌ كوردستاندا گۆڕانكاری و وه‌رچه‌رخانی گه‌وره‌ به‌سه‌ر دیدگا و ئه‌دای حزبه‌ ئیسلامییه‌كاندا هاتووه‌ و خۆیان له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی نوێی كاری حزبی و گۆڕانكارییه‌كاندا گونجاندووه‌؟ ئه‌م گۆڕاكارییانه‌ له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌، هۆكاره‌كانی چین؟ ته‌وه‌ری ئه‌مجاره‌ی وه‌رزنامه‌ی ئایینناسی تایبه‌ته‌ بە دیارده‌ی حزب و حزبایه‌تی له ‌جیهانی ئیسلامیدا، دیدگا و خوێندنه‌وه‌ جیاوازه‌كان بۆ ئه‌م پرسه‌ له‌ ناوچه‌كه ‌و كوردستان، به‌ میوانداری به‌ڕێزان، د. خالد ئەحمەد مستەفا ڕاگری كۆلێجی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سلێمانی و د. كامه‌ران بابان زادە نووسەر.
سه‌ره‌تا د. خالد له‌باره‌ی دیدگای سه‌له‌فییه‌كانه‌وه‌ بۆ حزب و حزبایه‌تی ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ وه‌كو ئه‌كادیمییه‌ك قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌كه‌ ده‌كات و وتی: دیدگای سەلەفیەت کە سەیری بابەتە تازەکان دەکات دێنە ناو ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە بۆ دوو جۆر پۆلێنی دەکات، ئایا بابەتەکەت دونیاییە، یاخود دینییە؟ ئەگەر دونیا بێت هەمووی بە یەک فەرموودەى پێغەمبەر (صلى الله علیه و سلم) یەکلا کراوەتەوە، کە فەرموویەتى: (أنتم أعلم بأمور دنیاکم منی)، بۆیە لە بابه‌تی دونیاییدا، سەلەفیەت بە هیچ جۆرێک، ئەوەندەی تێگەیشتووم، ڕێگر نییە لەوەی کە ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا، ڕێگاکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگە، چی هەیە بەکاربهێنرێت، بە گرنگیشى دەزانێت، (ثم أتبع سببا) کە لە سووڕەتی (الکهف)دا باس کراوە و باسی (زولقەڕنەین) دەکات، (دەستگرتن بە هۆكارەوە) واتا کڕۆکی سەرکەوتنی هەموو کۆمەڵگەیەک بەوە دەبێت کە چەند دەست بە ئامڕازه‌كانی پێشکەوتنەوە دەگرێت، ئێستا کە بەراوردێک لە نێوان کۆمەڵگە ئەوروپییەکان و خۆرئاوایی و ئەمریکییەکان بکەیت، لەگەڵ ئێمە جیاوازیان لە چیدایە، ئەوان دەست بە هۆکارەکانی سەرکەوتنەوە دەگرن، ئیش دەکەن، ئیشکردنیان هەیە، کۆمەڵگەی موسڵماننشین لەبەرئەوەی خێروبێرێکی زۆر لە وڵاتەکەی هەیە، قەناعەتێکی زۆری هەیە بەم واقیعەی خۆی، بەبێ ئەوەی ئیسلام داوای ئەوەی لێ بکات، ئیسلام لەگەڵ ئەوە نییە کە خەڵک مادام دەژی پێویست ناکات ئەوەندە خۆی ماندوو بکات، بە داخەوە لاوازییەکی زۆر گەورەیە لەنێو کۆمەڵگەی موسڵماناندا، کە بەم شێوەیە له‌ دواوه‌ن. من سەفەری دەرەوەم کردووە، لە ئەڵمانیا دەبینیت ساڵی (١٦٠٠) قەڵا دروست کراوە لە یەکێک لە شارەکاندا، ئەوە ئێستا (٥٠٠) ساڵی بە سەردا ڕۆیشتووە، خەڵک لە هەموو جیهانەوە سەردانی دەکات وەکو گەشتیار، بۆ ئەوەى بزانن چۆن ئەم بیناسازییه‌ دروست کراوە، ئێستا ئێمە قەڵای هەولێرمان هەیە، یەک پارچە تەپۆڵکەیەکە، بەڵام بینا لەسەری کراوە، بەڵام لەوێ هەمووی دیزاینە، هەست دەکەیت کە شەونخونیان کردووە، ئەمە نهێنی سەرکەوتنی کۆمەڵگەکانی ترە، بۆیە لە دیدگای سەلەفییەوە مروڤ دەبێت هەموو ئامڕازێكی دونیایی بگرێتەبەر بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکە بەرەو پێش ببات.
بە وتەی د. خالد لە بابه‌تی دینییەوە هانی زۆری موسڵمانان دەدرێت، کە ئیش دەکات و ماندووە و یارمەتیدەری خەڵکە، زۆر خێری زیاترە لەوەی تەنیا خەریکی خۆیەتى و عیبادەت دەکات، (خیر الناس أنفعکم) پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) دەفەرموێت: خێردارترینی خەڵک ئەوەیە کە باشترین سوودی هەبێت، ناڵێت (أکثرهم صلاة، و صوما، و صیاما، و زکاة، و حجا)، نا، چونکە ئەمانە بەس بۆ خۆیەتی، مروڤ چۆن بتوانێت سوود بگەیەنێت، من تا لێهاتووییم نەبێت سوودیشم پێ ناگات، تا پیشە نەزانم، ناتوانم سوودیش بگەیەنم، مەگەر تەنیا قسە بکەم، وەکو مەلایەک چۆن تەنیا قسەکەرە، قسە دەکات و هیچ، بەڵام ئەگەر بێتە سەر ئەوە، لەگەڵ ڕێزم بۆ مەلا، خۆشم مەلام، مزگەوتم هەیە، ئەگەر ئیشەکانم تەنیا قسە بێت، ئەمە هیچ گۆڕانکارییەک ناکات، سوود پێویستی بەوەیە کە لە پیشەدا پیشەگەری شارەزا بیت، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیات هەبێت، لە بابه‌تی دونیاییدا سەلەفیەت بە هیچ جۆرێک نەک ڕێگر، بەڵکو هانی خەڵکی دەدات کە زۆر ئیش بکەن و سوودیان هەبێت، ئیش نەکات و پیشەیەکی نەبێت و بەرەو پێش نەڕوات، ناتوانێت پێشکەوتن بکات، هیچ سانسۆرێک دانانرێت لەسەر بابه‌تی دونیایی مەگەر شتێک کە زەرەری بۆ باقی کۆمەڵگە هەبێت، بۆ نمونە لە بابەتی مامەڵەدا، ئێستا بابەتی ڕیبا لە ئیسلامدا دیارە، دەقی ئایەت و فەرموودەی زۆری لەسەرە، بۆ لە شەرعدا ئەوەندە بە سەخت و تاوانێکی گەورە باس کراوە، لەبەر ئەوەی بابه‌ته‌كه‌ ئەوە نییە کە دوو کەس خۆیان ڕازین، کاتێک دوو کەس دەتوانن لەسەر مامەڵەیەک ڕازی بن کە زەرەری بۆ کەسی سێیەم نەبێت، کاتێک کە دوو کەس مامەڵەی ڕیبەوی دەکەن، دوو دووکان بە تەنیشت یەکەوەن، یەکێکیان (١٠) دەفتەری خۆی بە دەستەوەیە، دەچێت لە چین سەلاجە و ئامێری کارەبایی دەهێنێت، ئەوی تریان (١٠) دەفتەری بە قەرز، بە ڕیبا وەرگرتووە، بە ڕێژەی لە سەدا پێنج، هەردووکیان لە چینه‌وه‌ شت دەهێنن، ئەوەیان کە بە ڕیبا پارەی وەرگرتووە، ناتوانێت كێبڕكێی ئەوی تر بکات، کە سەلاجەیەکیان بە (٣٠٠) دۆلار کڕیوە، ئەگەر ئەو بە (٣٠٥) بیفرۆشێتەوە، ئەوەی کە بە ڕیبا وەریگرتووە دەبیت بە (٣١٠) بیفرۆشێتەوە، چونکە پێنجی بۆ خۆی نییە، له‌و كاته‌دا چی دەکات، دەبێت وەکو ئەو بیفرۆشێت بە (٣٠٥)، بەڵام لە به‌رامبه‌ردا تەزویر و درۆ دەکات، بە جۆرێک دەڵێت ئەوەی من کوالیتی باشترە، ئاوایە، کەواتە بە جۆرێک مامەڵە دەکات ناچار بەرامبەر کۆمەڵگە ساختەکاری دەکات، بۆیە حەرام کراوە، ئەمە لە بابەتی دونیاییەکەدا.
لە بابەتی دینییدا دیدگای سەلەفی ئەوەیە، حزبایەتی و هەر داهێنانێک، شتێکی نوێیە، کە حزبایەتیش یەکێکە لە سیستمەکانی پەیوەندی و گەشەی فیکری، ئەگەر حزبایەتی بۆ ئەوە بێت کە بابه‌تی دونیایی خەڵک باش کات، هەر وەکو ڕێکخراوێکی پیشەیی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و هیچ کێشەیەکی نییە، سووده‌كه‌ ئەگەر بۆ ڕێکخستن و بەرەوپێشبردنی ئاستی مەعریفی و لایەنەکانی تری دونیایی بێت، هیچ کێشەیەکی نییە، هەندێک کار هەیە پێویستی بەوەیە کە دەبێت تۆماری ناوی ڕێکخراوەکەت بکەیت، ئیشەکەت بکەیت، ئەم جۆرە شتانە، ئەگەر بۆ ئەوە بێت ئیشوكاری خەڵک بەرەو باشتر ببەیت، خەڵکێکی باش بەرهەم بێنیت، هیچ لاریەک نییە، بەڵام ئەگەر حزبایەتی بۆ ئەوە بێت کە هەریەک جۆرێک لە دینداری بکات، وەکو ئەوەی کە واقیع دەیبینین لە کۆمەڵگەی موسڵمانان بە گشتی و کوردستانیش بەتایبەت، ئەمە بەتەئکید دەیان دەقمان هەیە لە قورئانی پیرۆز و لە فەرموودەکانی پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) کە ڕێگری لە تەفرەقە و پەرتەوازەیی دەکات، (ۆاعْتَصِمُواْ بِحَبْلِ اللّهِ جَمِیعاً ولا تَفَرَّقُواْ) (ال عمران: ١٠٣)، (ولا تَكُونُوا مِنَ الْمُشْركِینَ مِنَ الَّذِینَ فَرَّقُوا دِینَهُمْ وكَانُوا شِیعاً) (الروم: ٣١ – ٣٢)، پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) کە دەفەرموێ: (وستفترق أمتی إلى …. کلها فی النار إلا ما أنا علیه وأصحابی)، ئەگەر لە دینداریدا بوو ئەمە دەبێتە مایەی تەفرەقە و پەرتەوازەیی کۆمەڵگە، لەبەر ئەوەی واقیعی حاڵ ئەمەیە، هەر چەندە خەڵکی ڕۆشنبیر و تێگەیشتوو لە هەموو ئەحزابی ئیسلامی هەیە، بە جیهان و کوردستانیشەوە، به‌ڵام من سەیری ده‌ره‌نجام دەکەم، دەنا وەکو دروشم هه‌رچی دەڵێن بۆ خزمەتی ئیسلامە، بەڵام کە دێیتە سەر دروشم، بوون بە هۆكاری پەرتەوازەیی موسوڵمانان، لەبەر ئەوەی لە بابەتە سیاسییەکاندا بە ئاشکرا دویانبینی لە شوێنە زۆر هەستیارەکاندایە، ئەوەی کە ئێمە لە سی ساڵدا سەرنجمان داوە لێیان، لە کوردستانەوە، لە سیستمە سیاسییەکاندا، کاتێک کە بڕیارێکی سیاسی پەیوەندی بە چارەنووسی کۆمەڵگەوە هەیە، ئەگەر لە ڕوانگەی قورئان و سووننەتەوەیە، ئەی بۆ لەوێدا یەک بڕیار نین، هەست دەکەین بە پێی سیاسەتەکە، بە پێی شوێنی جوگرافی خۆیان، لە چ شوێنێکن، لەوێدا بڕیارەکان بەو جۆرە دەدەن. پێموایە هەمووتان باش دەزانن نموونەکانیشم چییە لەسەریان کە باسی دەکەم، بەم جۆرە بوونە هۆكاری ئەوەی کە کۆمەڵ کۆمەڵ دروست بێت و وەلا‌ء و بەڕا‌ء لەسەر ئەم کۆمەڵە بێت، بۆ نموونە، ئەوەندەی کە برایانی فڵانە حزبی ئیسلامی لە ناوخۆیاندا سەردانییان هەیە و په‌یوه‌ندییان هەیە، ئه‌وه‌نده‌ ئامادە نییە بۆ ئه‌وانی دیكه ‌و واقیعى حاڵیش ئەوەیە.
وەکو گشتی کە سەلەفیەتیش ئەوە بکات، ئێمە دەڵێین چی، لەبەر ئەوەی لە ئیسلامدا خوای گەورە دەفەرموێت: (ولقَدْ كَرَّمْنَا بَنِی آدَمَ) (الإسرا‌ء: ٧٠)، ئێمە ڕێزمان لە بەنی ئادەم ناوە، هەموو ئایینە ئاسمانییه‌كان بۆ ئەوە هاتوون کە کاروباری خەڵکی لەسەر زەوی باش بکەن، بیکاتە مرۆڤێكی ساڵح، سوودی بۆ کۆمەڵگە بە گشتی هەبێت، ئینجا قیامەتیشی لەسەر بێت.
ناوبراو ده‌شڵێت: بوونی پارتایه‌تی ئیسلامی، جا بە ناو و بە ڕەسمی تۆماركردن بێت، یاخود ناوی تۆمار نەکردووە، بەڵام خۆشی هەر بەم شێوە بیر بکاتەوە، دەڵێین ئەمانە هەمووی لە دیدگای سەلەفییەتەوە بەپێی دەقەکانی قورئان و سووننەت مادەم بوونە مایەی پەرتەوازەیی موسڵمانان، خەڵکیان پارچە پارچە کرد، خۆشەویستی و ڕق لێبوونەوە و چاکە لەگەڵ کردن و هاوکاری و هەمووی لەسەر ئەساسی ئەوەیە، دەڵێین شتێکی خراپە.
لەوانەیە بڵێن کەی وایە، ئەوە نییە هەموویان ڕێکخراوێکی مرۆییان هەیە، هه‌موو حزبەكان لەوپەڕی چەپەوە تا ئەوپەڕی ڕاست و ئەوپەڕی ئیسلامی هەمووی ڕێکخراوێکی مرۆییشی هەیە، بۆ ئەوەی دەریخات كه‌ بۆ خەڵکه‌ و بۆ مرۆڤایەتی ئیش دەکات، بەڵام ئایا ئەم ڕێکخراوە مرۆییانەی کە لە نەوەتەکانەوە هاتن بە ناوی ئیسلامی، بێ ئەوەی ناوبهێنم، ئایا ڕێکخراوەکە لە ئەندامانی خۆیان زیاتر بە هیچ جۆرێک ڕێگەیان دا کەسی تر دابمه‌زرێنن؟ ئه‌ندازیاره‌كه‌، ژمێریاره‌كه‌، کارگوزارەکە، وەستاکان هه‌ر هی خۆیانن، کەواتە ئەمە چی دەکات، ئەو ڕەخنەیەی کە لە عەلمانی، لە دەسەڵاتی سیاسی و حکومڕان دەگیرێت، ئیسلامییش هەموو ئەوانە دەکات.

له‌باره‌ی هه‌وڵی سه‌له‌فییه‌كانیش بۆ دروستكردنی حزب له‌هه‌ندێک وڵات، د. خالد ده‌ڵێت: خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت: (أَطِیعُواْ اللّهَ وأَطِیعُواْ الرَّسُول وأُوْلِی الأَمْر مِنكُمْ) (النسا‌ء: ٥٩) گوێڕاڵی خوا و پێغەمبەری خوا و عولەما بکەن، (أولى الأمر)، (فَإِن تَنَازَعْتُمْ فِی شَیْ‌ء فَرُدُّوهُ إِڵى اللّهِ والرَّسُولِ) (النسا‌ء: ٥٩)، کێ لێی دەباتە دەرەوە؟ (وەلی ئەمر)، گومان لەوە نییە کە خەڵکی هەموو یەک بیرکردنەوەیان نییە، (ولا یزَالُونَ مُخْتَلِفِینَ إِلاَّ مَن رحِمَ ربُّكَ ۆلِذَلِكَ خَلقَهُمْ) (هود: ١١٨ – ١١٩ ) هیچ كێشه‌ لەوەدا نییە، بەڵام کاتێک کە دێیتە سەر ئەوەی کە وەرچەرخان ڕوودەدات و بیر و بۆچوونی تر دێتە ناوەوە، ئەگەر هاتوو پێوەرەکان بۆ دروستکردنی حزبە، یان دروست نەکردنی، ئەگەر پێوەرەکان بۆ هەر شتێکی نوێخوازی بن، ئەگەر پێوەرەکان بگەڕێنەوە بۆ قورئان و سوننەت، پێموایە هەمان ده‌ره‌نجامی هەیە، چونکە بەم پێوەرانەی قورئان دروستکردنی حزب بە ناوی سەلەفییەوە کارێکی باش نییە، چونکە هەمووی لەوپەڕی جۆری ئیسلامییەوە بیگرە، لە سۆفییەکەوە تا سەلەفییەک و ئەحزابەکانی تر، هەموویان دەڵێن ئێمە لەسەر کیتاب و سووننەین، کەس نییە بڵێت لەسەر کیتاب و سووننە نین، هەر دەڵێت ئێمە ڕێگای ڕاستین، بەڵام پێوەرەکەی چییە؟ پێوەرەکە بۆ ئەوەی کە هەڵیسەنگێنیت قورئان و سووننەتە، ئەگەر ڕەوتێکی سەلەفی لە شوێنێک، لە وڵاتێک حزبی پێکهێناوە، بە پێی پێوەرەکان ئەگەر بۆ ئەوە بێت ئیشوكاری دونیایی خەڵکە چاکى بکات، بەڵام نەبێت بەوەی کە وەلا‌ء و بەڕا‌ء لەسەر ئەمە بکرێت و لەسەر ئەمە خەڵک تەعین بکات، ئەمە کارێکی دونیاییە، ئاساییە، باش دەزانم پرسیار لە چ وڵاتێک دەکەیت، ئەوەی میسر باس دەکەیت، کە حزبی نوور کاتی خۆی دروستیان کرد، حزبی نوور لەوانەیە بەشێکی فشارێکی تایبەتی ئەم وڵاتە بێت، ئێمە لە شەرعدا، لە مێژووی ئیسلامیدا، کاتێک باسی فەتوای زاناکان دەکەین دەبینین فەتوای زاناکان لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکی تر گۆڕاوە، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر گۆڕاوە، واقیعی حاڵی وڵاتێک لەگەڵ وڵاتێکی تر جیاوازە، هەندێک جار لەوانەیە ئەگەر پاساو بۆ ئەوان بێنینەوە، من کەسیان ناناسم لەوان، بەگشتى دەڵێین دروستکردنی حزب لە دیدگای سەلەفیدا ئەگەر بۆ ئیش و كاری دونیایی بێت، من وەکو خۆم باس دەکەم، بەڵام وەلا‌ء و بەڕائی لەسەر نەکرێت، لەسەر ئەم ئەساسە جیاکاری نەکرێت.
د. خالد له‌ درێژه‌ی قسه‌كاندا و له‌باره‌ی دروستكردنی حزب له‌ دیدگای سه‌له‌فییه‌وه‌ تاچه‌ند ئاساییه‌، ده‌ڵێت: ئەگەر نەڵێت من بەدیلی شەرایعی ئاسمانیم، جا ئەمە مەرج نییە بە قسە وا بڵێت، بەڵام ئەگەر بێت لەگەڵ هەموو بنەماکانی ئایین، ئەم دیدگای خۆی هەبێت بۆی و تێڕوانینی خۆی بۆی هەبێت و خەڵک بە شێوەیەک ئاڕاستە بکات، کە ئەمەی دین دەیڵێت ئەمە نابێت، بە کەڵک نایەت، ببێتە ئه‌لته‌رناتیڤ، دەڵێ نەوەڵڵا شەرعی نییە، چونکە کێ وادەڵێت، تۆ چی دەکەیت، دێیت موباهاتی ئەمری خوا دەکەیت، کە خوا دەفە‌رموێت: (إِنِ الْحُكْمُ إِلاَّ لِلّهِ) (یوسف: ٤٠)، ئەگەر بۆ باشتر بەڕێوەبردنی وڵات بێت، کە ئەمڕۆ بووەتە سیستمێکی جیهانی، مەسەلەی حزبایەتی بوو بە سیستم، دەستاو دەستی دەسەڵات، بەڵام لەسەر دەستاودەستیش قسەم زۆرە، بەڵام لەوانەیە بابەتی ئێمە نەبێت.
تۆ سەیر بکە جاری وایە حزب پێنج ئامانجی هەیە، یەکێکیان دەسەڵاتە، بەڵام چواریان زۆر باشن خزمەتی خەڵک دەکەن، لە هەموو مێژووى خۆیدا خەریکی خزمەتە، خەریکی بەرەو پێش بردنیەتی، کۆمەڵگە چاک دەکات، قوربانى بە خۆی و ئەندامانی دەدات، داهاتی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ هەڵساندنەوەی ژێرخانی ئابووری وڵاتەکە، شار و کۆمەڵگەکەی خۆی، ئێمە دەڵێین کۆمەڵێک ئامانجی زۆر جوانی هەیە یە‌کێک لەوانە دەشیەوێت دەسەڵات بگرێتە دەست، بە ویژدانانە قسە بکەین لەو بابەتە، حزب هیچ ئامانجی نییە، ڕۆژانە بەس لە دەسەڵات دەدات، ئیشی ئەوەیە تەڕیەک لەسەر جادە ببینێت، لە کۆڵانێک ببینێت، دەڵێت ئەوە ئیشی دەسەڵاتە، ئیشی ئەوە بێت بەس جوانییەکانی حوکمڕانی لەلای خەڵک ناشیرین بکات، من دەڵێم ئەگەر هەر حزبێک بیکات کارێکی زۆر خراپ دەکات، ئەمەش دەبێتە مایەی ئەوەی ئەمڕۆ کۆمەڵگەکەی ده‌یبینێت، بەڕاستی وای لهاتووە حزب ئێستا، ئەمە نەک قسەی من بێ، لەوانەیە لەوپەڕی سەرکردە عەلمانی کە گوێم لێیان بووە تا ئەوپەڕی کەسی ئایینی، هەست دەکەین حزب ئێستا تا ڕادەیەک لەلای خەڵک قێزەونە، چونکە ئەنجام و بەرهەم و ئیشەکانیان کە ئەمڕۆ بۆ کۆمەڵگە دەیکەن، هەست دەکەین وای لێهاتووە ناشیرین کراوە، لە کاتێکدا دەکرێت بکرێت بە ئامڕازێك بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە، بەتایبەتی کە ڕۆژگارەکە ئەوە دەخوازێت.

د. كامه‌ران بابان زادە له‌باره‌ی حزب و فرەحزبییه‌وه‌ ده‌ڵێت: حزبایەتی پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە هەیە، لە دوای پێغەمبەری خوا (صلى الله علیه وسلم) و دانانی خەلیفە بەشێک بووە لە پێداویستییە شەرعییەكان، (ماوەردی) و (ئەبی یەعلا) لە (ئەحکام سوڵتانییە)دا، ئەو هەموو زانایە کە باسی خەلیفە و ئیمامەت دەکەن، دەڵێن: مەبەست لە دەسەڵات بۆ پاسەوانێتی دین و بەڕێوەبردنی دونیایە، تا ڕادەیەك ئەوە كۆدەنگی لەسەرە، لەسەر ئاستی گرووپێکی بچووکیش، پێغەمبەری خوا (صلى الله علیه وسلم) دەفەرموێت: (ئەگەر سێ کەس بوون، یەکێکتان بكەن بە بەرپرس)، گرفتەکەی ئێمە لەمەدایە، بەرپرسیارێتی، یان بابڵێین ئیمامەت، یان سوڵتە لەلاى زانایان واجبە لەسەر هەموو ئوممەت، یانی ئەگەر بێت و ئوممەی ئیسلامی ئیمام و خەلیفە و ده‌سه‌ڵاتى دانەنابێت، هەموو گوناهبار دەبن؟ فەڕزێکی عەینە بەسەر ئوممەتەوە، یانى دەبێت هەیبێت؟ ئەى ئەگەر هەیبێت و جۆره‌كه‌ی خراپ بێت؟ بە دڵنیاییەوە دەبێت بگوڕێت و ئەمەش جێگەی تێڕامانە.
(ئیبن تەیمیە) کۆمەڵێک ئەركی شەرعی هێناوە لە ئەحکامی دین وەك سزای تاوانباران و جێبه‌جێكردنی شەریعەت زۆر بواری دیكە، هەموو ئەمانە، دەڵێت ئەم بابەتانە بە دەستەجەمعی نەبێت ناکرێت، بە تاک ئەنجام نادرێت، کەواتە پێویستی بە کاری دەستەجەمعییە، بوونی کاری دەستەجەمعی مەبەستەكە دیاری دەکات، واتە مەبەستێك هەیە دەبێت دەسەڵات بەدی بهێنێت، مەبەستەكەت ئەوەیە کە دەسەڵاتت هەبێت بۆ ئەوەی بەو دەسەڵاتە شەریعەت جێبه‌جێ بکەیت. کتێبێک لەو ماوەیە دەرچوو، کە هى (عەبدوڵڵا مالکی)یە، بە ناوی (شرعیة‌ الأمة قبل تطبیق الشریعة‌)، کۆمەڵێک بەڵگەی زۆر جوانی هێناوەتەوە، بەوەی ئەگەر شەریعەت جێبەجێ بکەیت دەبێت متمانەی ئوممەتت هەبێت، ئەوە دەسەلمێنێت کە کەمینە ناتوانێت شەریعەت بە سەر زۆرینەدا بیسه‌پێنت، دەبێت زۆرینە په‌سه‌ندی بکات، بۆیە سەید قوتب لە (في ظلال)دا باسی ئەوەی كردووە دەڵێت: (ئیمان بۆ ئەهلی کوفر و بێ دینییە، جێبه‌جێكردنی شەریعەتیش بۆ ئەهلی ئیمانە)، جێبه‌جێكردنی شەریعەت بۆ ئەهلی ئیمانە، ناتوانی کەمینەیەکی دیندار فەرزی شەریعەتەکەی بەسەر زۆرینەیەکدا بكات، کە ڕەتی دەکاتەوە، واتە ئەم ژێرخانە پێویسته‌، ئەمە بابەتێکە. سەبارەت بە دانانی ده‌سه‌ڵات، کە من پێموایە بەشی زۆری ئەم گرفته‌ لەوەوە سەرچاوەى گرتووە، لە دوای کۆتاییهاتنی دەوڵەتی عوسمانی، کە هەندێک پێیانوایە وەکو ڕەمزێکی یەكگرتوویی موسوڵمانانە، من زۆر لەگەڵ ئەوەدا نیم، بەڵام كۆكەرەوەی موسڵمانان بووە و لە سایەیدا کۆببوونەوە، باسی ئەوە دەكرێت کە جارێکى دیکە موسڵمانان پێویستیان بەوەیە پرۆژەیان هەبێت بۆ ئەوەی چۆن ده‌سه‌ڵات دەگەڕێتەوە، ده‌سه‌ڵات پێویستی بە هۆشیاری ئوممە هەیە، پێویستى بە پرۆژەی دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵات هەیە.
پرسی دانانی ده‌سه‌ڵات، ئیجتیهادی جیاوازی هێناوەتە کایەوە، جیاوازى بیر و بۆچوون لە نێوان من و كەسێكی تر و ئەوانی تر هەبێت، لە سەر چی؟ ئەرێ شەرعیەتی دەسەڵات وەکو کەنیسەی كاسۆلیكی سیۆکراتییە؟ ڕاستەوخۆ خوای گەورە مەسیح و ئەویش پاپای سه‌رپشك کردووە بۆ ڕەوایەتی دان بە دەسەڵات؟ بەدڵنیاییەوە ئیسلام ئەوە نییە. پشتاوپشتە و ته‌نیا خانەوادەیەکە وەک ئەوەى شیعە دەیڵێن؟ ئەهلی سووننە و جەماعەت پێچەوانەى ئەو بیر و بۆچوونانەیان هەیە، ئەسڵی خواستەكە ئەو گیروگرفتەی دروست نەكردووە، بەڵكو جۆری گەڕانەوەكە ئەوەی دروست كردووە.
د. كامه‌ران ده‌شڵێت: هەر چوار خەلیفەکەی ڕاشیدین، كە بۆ ئێمە پێشەنگن، ئەوەمان پێ دەڵێن کە دانانی ده‌سه‌ڵات لە ئیسلامدا بە ڕاوێژه‌، جۆره‌کانیشیان پێمان دەڵێن، کە متمانه‌ی ئوممەیە، واتە: دەبێت ئوممە ڕه‌وایه‌تی پێ بدات، ئایا هەموو ئوممە، یان بەشێک لە ئوممە؟ (ئەهلی حەل و عەقد)، ئەمە بابەتێکی ترە، هەر چوار خەلیفەکەی ڕاشیدین نەپشتاوپشت و نە خۆسه‌پاندن بووە، ئەوەندەی کە پرس و ڕایان پێکراوە زۆرینە بووە، کەواتە ئەمە دەتوانم بڵێم ئەحکامێکی زۆری لەسەر دادەڕێژرێت، بۆچوونی بیر و بۆچوونی جیاواز هەبووە. ئەگەر بێت و ئێستا لەسەر دانانی بەرپرسیارێتی، لەسەر دانانی شێوەی جێبه‌جێكردنی شەریعەت، لەسەر دانانی شێوەی حوکمڕانی، ئەگەر بێت و ئەم جیاوازییە حەرام بێت، خۆ لە سەقیفەی بەنی ساعیدە ئێمە سێ کەسمان کاندید بوو ببێتە خەلیفە، بەشێکی باش لە موهاجیرەکان ئەبوبەکریان کاندیدبوو پاساویشیان هەبوو کە ئەبوبەکر باشترە، ئیمامی عەباس و عەمار و ئەمانە (ڕەزای خوایان لێ بێ) عەلیان پێ چاک بوو، به‌ڵگه‌نامه‌ مێژووییه‌كان ئەمە جێگیر دەکەن، ئەنسارییەکانیش سەعدی کوڕی عوبادەیان پێ باش بوو.
ماده‌م ئەم بابەتە ئارەزوومەندانەیە، ئیجتیهادییە، پێغەمبەری خوا (صلى الله علیه وسلم) کەسێکی دیاری نەکردووە، کەواتە ئێمە پێمانخۆش بێت و پێمان ناخۆش بێت، حاڵەتێکی ئیجتیهادی دێنێتە گۆڕێ، ئەگەر بێت و جیاوازی ئیجتیهاد بۆ شێوەی حوکمڕانی حەرام بێت، پێش هەموو شتێک ئەو حەرامە سەحابەکان تێیکەوتوون، کەواتە بوونی ئیجتیهادى جیاواز بۆ شێوازی حوکمڕانی و شێوازی گەڕانەوەی شەریعەت و شێوازی جێبەجێكردنی دین، حاڵەتێکە لە خودی دینەکە خۆیەوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە ئێمە لە سەحابەکان لە دانانی خەلیفەکاندا، چ خەلیفەیەکان پێتانوایە کۆدەنگی لەسەرە، تاوەکو بڵێم، نەخێر، فڵان کەس بۆچوونی جیاوازی هەبووە، کەواتە بۆچوونی جیاواز مادام به ‌دامه‌زراندن نه‌بووه‌ و دراوەتە ئیجتیهاد، بۆچوونی جیاواز شتێکی ئاساییه‌ و حەرامیش نییە، چونکە مادام مافی تۆیە ئیختیاری بکەی، بە دڵنیاییەوە تۆ بە ئیجتیهادی خۆت ئیختیاری دەکەی، ئەمیش ئیجتیهادەکەی جیاوازە، ئەگەر ئیجتیهادەکان وەکو یەک کۆپی بن، کەواتە ئیتر ئەمە حاڵەتێکی ترە، ئەمە لێرە ئەو حاڵەتەی دروست کردووە لە دوای مردنی پێغەمبەری خوا (صلى الله علیه وسلم) لە نه‌وه‌ی یەکەم دروستی کردبێت بۆ لە نه‌وه‌ی حەوتەم و هەشتەم و بیستەمدا ئەم حاڵەتە نەبێتە حاڵەتێکی ئاسایی، حاڵەتەکە ئاساییه‌ کە جیاوازە، بەڵام نائاساییه‌ بەریەک بکەون، وەکو دکتۆر خالید باسی کرد، لە سەقیفە لە مەدینە بەریەک نەکەوتن.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كان فرەکارەن، سیاسین، پەروەردەیین، خێرخوازین، بانگەواز دەکەن، د. كامه‌ران ده‌ڵێت: ئەگەر بەشێوەیەکی مۆدێرنە سەیری حزبایەتی بکەیت، حزب پڕۆژەیەکی سیاسییە بۆ گۆڕانکاری لە دەسەڵات، جیهانی ئیسلامی داهێنەری دونیای حزب و دروستکردنی حزب نییە تاوەکو ئێمە چوارچێوەکەی بۆ دابنێین، ئێمە بە ئیسلامیمان کردووە، خۆی حزبایەتی لە دوای کۆتایی دەوڵەتی عوسمانییەوە پەیدا بوو، بۆ ئەوەی جارێکی تر ئیسلام بگەڕێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، لێرەوە بۆچوونی جیاواز دروست بوو، ئایا چۆن بگەڕێتەوە؟ هەیە پێیوایە دەبێت لە ژێرخانی پەروەردەی خەڵکەکەیەوە دەست پێبکەیەوە؟ هەیە پێیوایە دەبێت بە كو‌وده‌تا، وەكو بیروباوەڕی حزبی تەحریر، هەیە پێیوایە دەبێت بە ئەندازەیەک گشتگیرتر وەریگریت، لایه‌نی پەروەردە و سیاسەت تێکەڵاو بکەیت، بۆچوونی جیاواز ئەمەى هێناوەتە کایەوە، شێوەی گۆڕانکارییەکان، پێم وا نییە شێوازێک سەد لە سەد شەرعی بێت و شێوازێکیش سەد لە سەد ڕەفز بێت، چونکە هەموویان چوارچێوەیەکی ئیجتیهادین، حزبێکم هەبێت دەبێت پەروەردەش بکات و ئەمەش بکات، ئەمەش بەشێکی پەیوەندی بە حزبی ئیسلامیشەوە نییە، ئەگەر پێمانوایە حزب دەبێت ده‌ستوه‌ربداته‌ دامه‌زراندن و ژن و ژنخوازی و ده‌ستوه‌ربداته‌ هەموو ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان، خۆ ئەحزابی عەلمانیش ئەو سیفەتانەی تێدایە ئەگەر تێبینی بکەین، تەداخولی زۆر کایەی ژیان دەکات، ئەحزابی ئیسلامی لە ژینگەیەکدا گەورە بووە و ژیاوە حەز دەکات بە قەدەر فراوانی دینەکەی، بە قەدەر ده‌قه‌كان، بە قەدەر ئەوەی کە ئیسلام تاوەکو دەگاتە دەوڵەتداری بواری جیاواز بگرێتەخۆ، کە دەیخوێنێتەوە پاشخانە شەرعی و ده‌قه‌كان، ئیتر وردە وردە حەز دەکات ئیسلام بە گشتگیری وەرگرێت، ئەمە حاڵەتێکە و ئاساییه‌، بەڵام حزبایەتی وەکو حاڵەتە مۆدێرنە ئەورووپیەکە، پرۆژەیەکی سیاسییە و بواری پەروەردە، خوێندن، له‌به‌ركردنی قورئان لێیگەڕێی بۆ ڕێکخراوەکانی تر، لێیگەڕێی بۆ ئەو سەنتەرانە، بۆ ئەوەى ئەمانە ئەو ئیشە بکەن، تۆ یەکلا ببیتەوە بۆ پرۆژەیەک کە بریتییە لە كێشه‌ی مووچە و دەوڵەتداری و خەمی خەڵک، کە کۆمەڵگە لە ڕوانگەی ستەمی حکومڕانییەوە هەیەتی، هۆکارێکیشیان ئەوەیە ئێمە دێین سەیری گشتگیری ئیسلام دەکەین، بەشێک لە سەرکردەی ئیسلامی ئێمە بەتەنیا بە ڕه‌هه‌ندی سیاسی لێناگەڕێن، دەڵێن ئیسلام ئەمەشى تەرک نەکردووە و وازی لێناهێنێت.
ناوبراو ده‌شڵێت: هەماهه‌نگییه‌ك نییە لە نێوان حزبه‌ ئیسلامیه‌كان و لە نێوان ئەو ڕێکخراوانە، ئەو بوارەی کە من دەیکەم، بۆ منی لێگەڕێت، ئەو بوارەی کە من نایکەم بۆ ئەوی لێگەڕێم، هەماهەنگییەک لە نێوانماندا هەبێت زۆر باشە، ئەگەر بشگەڕێینەوە سەر سه‌رده‌می خیلافەتی ڕاشیدین و دواتر، دەبینین بەشێک لە سەحابەکان زۆرتر بە زانسته‌وه‌ خەریک بوون، بەشێکیشیان بە جەنگ و جیهادەوە خەریک بوون و حاڵەتەکەش زۆر ئاسایی بووە، ئەمە ئاساییە من بە بوارێکەوە خەریک بووم، ئەو بە بوارێکەوە خەریک بووە، بەشێک لە زانایان باوه‌ڕیان بە فره‌یی خەلیفەش هەیە؟! ئەگەر دەریا کەوتە نێوان ناوچەكان و لێکدابڕان و دوژمن لێکی دابڕین، زۆر ئاساییه‌ لە خەلیفەیەکمان زیاتر هەبێت؟
ئەگەر فەتوا درابێت لە یەک خەلیفە زیاترمان هەبێت کەواتە بۆ فەتوا نادرێت لە یەک حزب زیاتر هەبێت؟ لە کاتێکدا جێبه‌جێكردنی به‌رژوه‌ندی كە لە دەقێكی ئوسووڵیدا هاتووە (الحکم یدور مع العلة، یبقی ببقائها ویزول بإزالتها)، واتە ئەگەر بابه‌ته‌كه‌ بریتی بێ لە جێبه‌جێكردنی مەبەستەكانی شەریعەت، خەلیفەیەک بەتەنیا نەتوانێت لە ئەندەنوسیاوە تاوەکو مەغریبی عەرەبی حوكمڕانی بکات، زۆر ئاساییه‌ ئەگەر ئەو دوو خەلیفەیە هەبێت، بەشێک لە مێژووی ئیسلامی لە ئەم حاڵەتەیدا باو بووە.

هه‌ر له‌باره‌ی فره‌حزبییه‌وه‌، د. كامه‌ران بابان زاده‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ لەوانەیە باسکردنی فرەدینی و ئایینه‌كانی تریش زۆر لە پەیڕەوەی حزبە ئیسلامییەكان نەبێت، من وای بۆ ده‌چم بە گشتی ئێمە شتێک پیادی دەکەین، بەڵام زۆر جار پەنا نابەین بە ده‌ق بینووسین.
با من شتێک بڵێم، جارێک لەگەڵ کەسێک موناقشەی ئەوەمان دەکرد، وتی: حزبە ئیسلامییەکان باوه‌ڕیان بە هه‌ڵبژاردن نییە، هەندێک نموونەی هێناوە، وتم: لە کوردستاندا بە ناوی ڕه‌وتی ئیسلامییەوە نزیکی (٢٥٠٠٠٠) هەزار دەنگ هاتووە، بۆ ئەوە به‌ڵگه‌ نییە، بۆ فڵان بانگخواز قسەیەکی وای کردووە بەڵگەیە، لە کوردستاندا باوه‌ڕم وایە پارتە ئیسلامییەكان مادام چوونە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە و قەناعەتییان وایە دەنگ بە من بدە و دەنگ بەو مەدە، دەنگ بەو بدە و دەنگ بەو مەدە، کەواتە باوه‌ڕی بە فرەیی هەیە، ئێمە ئەمڕۆ واقیعێکمان لەبەردەستدایە، پارتە ئیسلامییەكان چوونەتە ناو کێبرکێی فرەییەوە، ئەمەش بە حاڵەتێکی ئاسایی تێدەگەم، چونکە من باوه‌ڕم وایە دانانی بەرپرسیارێتى وەکو پێشتر باسم کرد، بە ڕه‌وایه‌تی ئوممە دەبێت، بە متمانه‌ی خەڵک دەبێت، دەبێت ده‌سه‌ڵات ڕەنگدانەوەی ئوممە بێت، واتا ناکرێت ئوممەیەکی کافر ده‌سه‌ڵاتێكی ئیسلامیت بۆ دابنێت، ناکرێت ده‌سه‌ڵاتێكی ئیسلامی ئەوەی کافری بۆ دانێت، کەواتە ڕەنگدانەوەى ئوممە بێت، دەبێت لە ڕێگای بۆچوونی ئوممەوە جۆری ده‌سه‌ڵات دابین بکەیت، ئایا دەگەینە سەر حوکم؟ ئەم کارە بێشەرعیانە هەموو لا دەبەن و مەیخانەکان هەموو دادەخەن؟ مادەم ئوممە دەنگی بە من دا و ڕازییە، بەڵێ، کاتێک کە ئوممە دەنگی بە ئێمە نەدا و دەنگی بە تۆ دا، ئیتر ئەو کاتە من دەتوانم بۆ خۆم بە کاری نەهێنم، بڵێم خراپە، بەڵام كە بوو بە یاسا و خەڵک پێوەى پابەندبوو، زۆرینەی ئوممەکە لای تۆیە، مادام من چوومە ناو ئەو کێبرکێیەوە، قەناعەتم بەوە بوو لە نێوان ئیسلامییەکانیشدا ئیجتیهاداتی جیاواز هەیە لە شێوەی حوکمڕانی، هەموو ئیسلام بگریت، بەشێکی بگریت، ئیجتیهاداتی جیاواز هەیە، ئەم ئیجتیهاداتە جیاوازە بەدرێژایی مێژوو هاتووە، بۆیە من پێم شتێکی زۆر ئاساییه‌، ئەگەر لە جیاتی حزبێکی ئیسلامی، چەند حزبێکی ئیسلامی هەبێت، بەڵام ئەم حزبە ئیسلامییانە بەریەک نەکەون، بە شێوەیەکیش خۆیان ناشیرین نەکەن.

له‌باره‌ی بەریەککەوتنی حزبه‌ ئیسلامیه‌كان، د. كامه‌ران بابان زاده‌ ده‌ڵێت: ئەم بابەتە بۆخۆمان گەورەمان کردووە، لە بەشێک لە ڕاگەیاندنی ئەحزابی ئیسلامی، ئەگەر تێبینیت کردبێت، بەشێکیان قسە لەسەر ده‌سه‌ڵات و لەسەر ناتەواوی حکومڕانی وڵاتە، زیاده‌ڕۆییه‌ك لەوەدا هەیە لەبەرامبەر یەکتردا، بەڵام کۆی ڕاگەیاندنی ئیسلامییەکان بەرامبەر بە یەکتر زۆرتر بەریەک دەکەون، کەمتر لەگەڵ ئەحزابی عیلمانی بەریەک دەکەون، وای بۆده‌چم ئەمە بەو ئاقارە نییە، ڕاگەیاندنەکان بەو شێوه‌یه‌ نابینم، ڕاستە جیاوازن، ڕاستە لە هەندێک هه‌ڵوێستدا ڕەخنە لە یەکتر دەگرن، بەڵام ئەو ڕەخنانەی کە لە یەکتری دەگرن بەرامبەر بەو ڕەخنانەی لە غەیری خۆیانی دەگرن کەمترە، پاشان قەناعەتم زۆر بە گفتوگۆ هەیە، زۆر شت هەیە قەناعەتم پێی نییە، لەوانەیە ڕەمزێکی سەلەفی، حزبێکی تر دەیڵێت، هێندەی بمەوێ لەگەڵی گفتوگۆ بکەم، هێندە نامەوێ بەریەک بکەوم، قەناعەتم بەوەیە مادەم ده‌سته‌بژێر دەرفەتی گفتوگۆی هەیە، کۆمەڵگەی موسڵمان و غەیری موسڵمان زۆر مەشغوڵ نەکات بەوەی کە زۆر لەگەڵ یەکتردا ناکۆکە، بە دیوێک لە دیوەکان، کۆمەڵگەی نەخوێندەوار نەکاتە دادوه‌ری ئەو بۆچوونەی کە هەیەتی، مەعقوولە، یان نا، بۆیە قەناعەتم زۆر لەو ڕوانگەیەوە بە تێگەیشتن هەیە، په‌رتووكێك هەبوو بەناوی (شرعیة الإنتما‌ء إلى الاحزاب والجماعات‌ الإسلامیة‌) بۆ نموونە کە تۆ بڵێیت ئەم حزبانە باش نین، قەناعەتم بە باشکردن هەیە، قەناعەتم بە غیاب نییە، قەناعەتم بەوەیە کە زۆر کەس چووەتە حەج و هاتووەتەوە، بەڵام حاجییەکی باش نەبووە، مەسەلەن (إن صلاتك اذا لم تنتهی عن الفحشا‌ء والمنکر لم یزید من الله الا بعدا) ئەگەر نوێژ لە خراپەکاری دوورت نەخاتەوە لە خوات دوور دەخاتەوە، بۆ نموونە، ئەوە نیشانەی ئەوە نییە ئەگەر چەند کەسێکت بینی نوێژیان بە خراپ کرد، بڵێیت کاکە نوێژ مەکەن، دەبێت جۆری نوێژەکە چاک بکرێت، قەناعەتم وایە پارتە ئیسلامییەكان بوونیان بوونێکی شەرعییە، بوونێکی پێویستییە، بوونێکی دەستەجەمعییە، بەشێک لەم ئەحکامە شەرعی و لە هێنانەوەی تەنانەت کاری بانگخوازی و پەروەردەیی و کاری سیاسیش بە کاری گرووپ و دەستەجەمعی دەبێت. خۆی جەماعەت چیە؟ هەر گرووپێک ئینتیمای بۆ گرووپەکەی هەبوو، كاری پێكەوەیی بكەن ئەوە حزبە، خۆ ئێستا بچمە مزگەوتەکەی دکتۆر خالد، لەوانەیە من بەهۆی ناسراوێتییەوە هەست بە غەریبی نەکەم، یەکتر دەناسین، بەڵام لەوانەیە کەسێکی تر بچێت غەریب بێت، لەوانەیە حزبەکەی فڵانی ئەگەر بێت و تەزکیە نەبێت، حزبەکەی خۆی نەبێت، من ڕێکخراوێکی ڕۆشنبیریم هەیە، ئەو کەسەی کە دەیەوێت ئیش لە ڕێکخراوەکەی من بکات، حەز دەکەم تۆ ئەندامی لە ڕێکخراوەکەی من، لە شوێنێکی دووری، حەز دەکەم تۆ بە ناسراو تەزکیە بکات، ئەمە سروشتی هەموو گرووپێکە، لێی ناسڕدرێتەوە، سەلەفی ناسڕێتەوە، پارتە ئیسلامییەكان و عەلمانییەكان بەو خەسڵەتە دەناسرێنەوە، بەڵام ئەگەر گەیشتنە دیاردەیەکی جیاکاریەکی گەورە، ئەمە خراپە، مەسەلەن بۆ نموونە داهاتی وڵات بهێنیت تەنیا قۆرخی بکەی بۆ حزبەکەی خۆت، من قەناعەتم بەوەش نییە خەڵکی ئیسلامیش تەنیا قۆرخکاری بکات، لەوانەیە ساڵی (٢٠١٠) یەکەم کەس بووبم، کە زۆر زۆر لەسەریشم کەوت، وتم (کۆمەڵی ئیسلامی) پێویستە دروشمى (لا إله إلا اللە) لابەرێت، بۆ؟ وەکو چۆن پارتی و یەكێتی نەوت و داهاتی هەموو ئوممەت بۆ خۆیان قۆرغ دەكەن، حزبێک قۆرخی (لا الە الا اللە) بكات كە موڵكی هەموو ئوممەتە نابێت، بەكارێكی خراپی دەزانم، لەبەرئەوەی هەر شتێک هی هەموو خەڵک بوو، هی گرووپێک زیاتر بوو، دەبێت لەم گرووپەدا قۆرخ نەكرێت، بڕوام بەوە نییە دەوترێت فڵان شت لە ڕوانگەی شەرعەوە، کەس ئەو مافەی نەداوەتە من نوێنەری شەرع بم، یان دەوترێت لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، خۆ تەفسیری تەبەری (ڕەزای خوای لێ بێت) بۆ بەناوی خۆیەوە بووە، نەیوتووە ڕاڤه‌ی ئیسلام، ڕاڤه‌ی موسڵمانان، لە ڕوانگەی فڵانەوە، ئەم دەستەواژانە لە مێژووی ئیسلامیدا زۆر کەمە، كەس وتەبێژی شەریعەت نییە، وتەبێژی ئیسلامەتیش نییە، هەر كەسە و خویندنەوەی خۆیەتی، من ئەم قۆرخكارييە نە بە خۆم، نە بە كەس بە ڕەوا نابینم، چونکە ئێستا حاڵەتێک لە کوردستان دروست بووە پێمخۆشەوە ئەوە بزانن، ئیسلام و ئاڕاستەی ئیسلامى، ڕەوتی دینداری و نوێژکردن بووەتە دیاردەیەکی میللی بە حزبە ئیسلامییەكانیش قۆرخ ناكرێت چ جای كەسێك، ئێستا وای لێهاتووە لە بارەگای حزبی شیوعیش خەڵک نوێژ دەکەن، یانی بووەتە دیاردەیەکی میللی، کە بووەتە دیاردەیەکی میللی بە حزبە ئیسلامییەکانیش قۆرخ ناکرێت، چ جای بە ئاڕاستەی سەلەفی، بۆ نموونە چوارچێوەیەک دابنێت و بڵێت کاکە گیان ئەمە لە ڕوانگەی شەرعییەوە ئەوەکەی تر لە دەرەوەی ئەو شەریعەتە، من پێموایە پارتە ئیسلامییەکانیش بڕۆنە ناو ئەو بۆچوونەوە شتێکی زۆر خراپە، قەناعەتی من وایە ئەم بابەتە شەرعییە، تۆ قەناعەتت نییە، قەناعەتی تۆیە کە شەرعی نییە، بە قەناعەتی من شەرعییە، ئەمە ناچێتە ئەو چوارچێوەیەى کە وەکو دەڵێن هەژموونێکی جەماوەرى دروست بکەن کاکە ئەوە شەرعی نییە، من ئەوەم پێ شەرعی نییە، بەڵام زۆر موداخەلەی ئەوەى تۆش ناکەم، ئەمە بۆ بنەڕەتەكانی شەریعەت نا، كە هەموومان لەسەری كۆكین، ئەمە بۆ لق و پۆپەكانی شەریعەت، بۆیە قەناعەتم بەم دیوارە کۆنکرێتییە نییە، ئەوە لە کەنیسە، بەناوی خوا و بەناوی شەرعەوە، ئەمە کەنیسەى کاسۆلیکی سەدەکانی ناوەڕاست بووە بەڕاستى ئەم جۆرە دیدگایە، قۆرخی خوا و پێغەمبەران بکەیت بۆ ئاڕاستەیەک.

Send this to a friend