بزاڤی چەپ لە ئێران، لە گەشەسەندنێكی خێراوە بۆ پووكانەوەی بەردەوام
ئامادەکردن: ژیلوان لەتیف یار ئەحمەد
گەشەکردنى ڕەوتی چەپ لە ئێراندا، پەیوەستە بە پشکوتنى بیری سۆسیالدیموکرات لە ڕووسیا کە لەلایەن لینینەوە ڕێبەریى کرا، ئەویش ڕاستەوخۆ بەرئەنجامى ئاڵۆزیى هەلومەرجى سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیى ئێران لەژێر هەژموونى فەرمانڕەوای قاجاردا ڕسکاوە. هەر بۆیە سەرهەڵدانى قۆناغە بەراییەکانى بیری چەپ لە ئێراندا لە ڕووی فیکری و کردارییەوە کەوتنە ژێر کاریگەریى سۆسیالدیموکراتی ڕووسی، بەمەش لە ئەنجامى هاتوچۆی توێژی ڕۆشنبیران و کاریگەرییان بە ڕوخساری کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان، پاشان ئەو کرێکارانەى لە کێڵگە نەوتییەکانى باکووری ئێران و قەفقاز کاریان دەکرد، دەروازەیەکى گرنگى پەیوەندیى فیکریی چەپ و مارکسییان بۆ ناوچەکانى ترى ئێران پێک هێناوە، بەو هۆیەوە یەکەمین ئاراستەى چەپڕەوى و بیرى کۆمۆنیزمی بەخێرایی لە ناوچەکانى باکووری ئێراندا گەشەی کردووە. لەم ڕوانگەیەوە، چەپ لەنێو جیهانى سێ و لە وڵاتێکى وەک ئێران لە ڕووى مێژووییەوە پەیوەستە بە ئایدیاکانى لینین و ستالین، واتە سۆسیالیستیی دەسەڵاتخوازی و شورەویخوازی.
گەندەڵیی شاکانى قاجار و بەریەککەوتنى پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا، زەمینەى دروستبوونى دەستەبژێری ڕۆشنبیری نوێی ڕەخساند. لەم قۆناغەدا تایبەتمەندیى چینە کۆمەڵایەتییەکان بەدیار کەوت، کە بونیادنانى ئابووریی نیمچەسەرمایەدارییان گۆڕی و کاریگەریى سۆسیالیستى ڕووسی لە باکوورى ئێران بەتایبەت ناوچەی قەفقاز، دەروازەیەکى گرنگى پەیوەندیى فیکریی بۆ ناوچەکانى ترى ئێران پێک هێنا، بەو هۆیەوە یەکەمین ئاراستەى چەپڕەوى بەخێرایی لە ناوچەکانى باکووری ئێراندا گەشەی کرد، کە پڕۆژەیەکى کۆمەڵایەتییان بۆ چاککردنى بارى شڵەژاوى کۆمەڵگەى ئێرانى هەڵگرتبوو، بە هۆیەوە حیزبی “ئیجتماعیون عامیون” بە پشتیوانیى بەلشەفییەکان دروست بوو. هەر لەم قۆناغەدا حیزبێکى سۆسیالیستی بە ناوى “دیموکراتى عامیون” بە سەرۆکایەتیى “سلیمان میرزا ئەسکەندەرى” پێک هات، کە کارنامەكەیى جەختی دەکردەوە لە دژایەتیکردنى کۆنەپەرستى و بونیادنانى ژیانى دەستوورى.
تێکۆشانى کۆمۆنیستی پێش دامەزراندنى حیزبی تودە لە ئێران
شۆڕشی ئۆکتۆبەرى ڕووسی؛ وەرچەرخانێکى گەورە و شوێنەوارێکى کاریگەرى لەسەر میللەتانى ڕۆژهەڵات بەگشتی و ئێران بەتایبەت داناوە. مانفێسى کۆمۆنیزم دەربارەى هەڵوەشاندنەوەى موڵکایەتیى تایبەت و خاوەندارێتیى زەوی بۆ ئەو کەسەی دەیکێڵێت، لەگەڵ ڕووبەرى بەرفراوانى خاکى ئێران، سەرنجى چینەکانى خوارەوەى ڕاکێشا، هەروەها دەستەبەرى ئازادیى تاک و یەکسانیى ژنان لەبەرامبەر پیاواندا و سەربەستیى ڕۆژنامەوانى و دیاریکردنى مافى کرێکاران و ڕەواییدان بە دیاریکردنى مافی چارەنووس و ورووژاندنى سۆزى نەتەوەیى گەلانى ژێردەست و جێکردنەوەى دۆزە نەتەوەییەکان لە بازنەى پرەنسیپەکانى کۆمۆنیزم، بۆ گەلانى ئێران گرنگییەکى بەرچاوى هەبوو بەتایبەت کە ئێران وڵاتێکى فرە نەتەوەیە و چەندین پێکهاتەى جیاوازى تێدایە. هەروەها کشانەوەى سوپاى سۆڤیەت و چۆڵکردنى زەوییەکانى باکوورى ئێران، متمانەیەکى زۆری بەخشییە نیازەکانى سۆڤیەت لەبەرامبەر پاراستنى سەروەریى خاکى ئێران.
لەژێر کاریگەریى بەلشەفییەکاندا، بۆ یەکەم جار ڕەوتى کۆمۆنیزمیی لە ئێراندا خستووەتە سەر پێ، بەو هۆیەوە یەکەمین ڕێکخراوى کۆمۆنیستی بە ناوى “عەدالەت” دامەزرا، کە دواتر بە فراوانبوونى بەرپرسیارێتییەکەى ناوەکەى گۆڕا بۆ حیزبی “کۆمۆنیستى ئێران”، کە لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتیى چەپ و بە سەرۆکایەتیى “حەیدەر ئۆغلۆو سوڵتان زادە” دامەزرا، کە ڕێبەرایەتییەکەى ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێریی لینیندا هەڵسووڕاوە و بە ناوەرۆکێکى کۆمۆنیستی، هەوڵی دا وەرچەرخانێکی سۆسیالیستی لە ئێراندا بەرپا بکات.
ئەم بزاڤە خۆی بە حیزبێکى مارکسی لینینی ناو دەبرد و درووشمگەلێکى بەرز کردبوویەوە، لەوانە: بەرزکردنەوەى درووشمى بەرپاکردنى کودەتایەکى سۆسیالیزمى، هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێتیى سۆڤیەت و بەردەوامیى خەبات دژ بە ئیمپریالیزمى بەریتانى، دیاریکردنى مافی چارەنووس بۆ گەلانى ئێران لەژێر باڵى سیستمێکى کۆماریدا، هەڵوەشاندنەوەى فیوداڵیزم و موڵکایەتیى بێگانە، پشتگیریکردنى شۆڕشە پرۆلیتارییەکانى جیهان.
لەبەرامبەر مەترسیی بڵاوبوونەوەى بیرى کۆمۆنیزم و جووڵانەوە هەرێمییەکانى گیلان و بەردەوامیى ڕاپەڕینى سمکۆى شکاک، ڕەزا خان بە پاڵپشتیى بەریتانییەکان جڵەوى دەسەڵاتى گرتە دەست، لەم دۆخەدا مێژووى هاوچەرخی ئێران وەک زادەى ئەو گۆڕانکارییانەى کە پاش شۆڕشی مەشرووتەخوازی و یەکەمین جەنگى جیهانى و کودەتاکەى ڕەزا خان هاتە ئاراوە، بەم جۆرە دەرکەوتنى دیاردەى ڕەزا شا وەک سومبول و پارێزەرى وڵات، بە هەڵگرتنى هەنگاوى مۆدێرن و پاراستنى یەکێتیی خاکى ئێران و ڕاماڵینى جووڵانەوە هەرێمییەکان، شوناسی بزاڤی چەپی لە ئێران بە ئاڕاستەى باڵى ڕاستڕەوی وەرچەرخاند.
لە قۆناغی سەرکوتکردنى کۆمۆنیستەکان، گرووپێکى کۆمۆنیستیی نهێنى بە ناوى “53 کەس”ی لەلایەن “تەقی ئەرانى” و ژمارەیەک ڕۆشنبیری مارکسییەوە پێک هات، کە زۆرینەیان لە وڵاتانى ڕۆژئاوا گەڕابوونەوە و لەژێر کاریگەریى حیزبی کۆمۆنیستى ئەڵمانى شانەیەکى مارکسیی پێشکەوتوویان پێک هێناوە و چەند بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە بە بۆنەی جەژنی 1ی ئایار، بەوە قۆناغی خەباتى گرووپەکە شێوەیەکى نیمچەئاشکرای وەرگرت. بەم هۆیەوە گرووپەکە کەوتە بەر پەلامارى دەزگا سیخوڕییەکان و 53 کەس لە چالاکترین ئەندامانى کۆمەڵەکە دەستگیر کران، ئیدى تا کۆتایى دەسەڵاتى ڕەزا شا؛ چالاکیى کۆمۆنیستى لە ئێراندا پووکایەوە.
تودەییزم وەک نوێنەری بزاڤی چەپى ئێران لە قۆناغی سەڵتەنەتى پەهلەویدا
حیزبی تودەی ئێران، وەک دایکى ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستییەکانى مێژووی هاوچەرخى ئێران، بە سوودوەرگرتن لە کاریگەرێتییەکانى جەنگى دووەمى جیهانى لەسەر ئێران دامەزرا، کاتێک “محەمەد ڕەزا” لە شوێنى باوکى دانرا و جڵەوی دەسەڵاتى لە ئێراندا گرتە دەست، بە لەبەرچاوگرتنى هەڵە و کەموکوڕییەکانى باوکى، هەوڵی دا لە بەرگێکى دیموکراتییانەدا خۆی نمایش بکات و کەوتە ئازادکردنى گیراوانى سیاسی و سەرلەنوێ گێڕانەوەى دوورخراوان و ئازادیى میدیایی ڕاگەیاند، لە ئاکامیشدا ژیانى سیاسی لە ئێراندا بووژایەوە و قوناغێکى چارەنووسساز هاتە کایەوە. لەم کاتەدا بە تێگەیشتن لە ڕەوشی خراپی ئێران و کاریگەرییە قورسەکانى جەنگ، 27 کەسایەتیى چەپ، سۆسیالیست و نەتەوەیی، لەسەر پاشماوەى حیزبی کۆمۆنیستى ئێران و گرووپی 53 کەسی، حیزبێکیان بە ناوى “تودە” (گەل) دامەزراند. لە 20ی تشرینى یەکەمى 1941، ڕێبەرایەتیى کاتى و کۆمیتەى ناوەندی بە سەرۆکایەتیى “سلێمان میرزا ئەسکەندەرى” پێک هێنرا.
لە تشرینى یەکەمى 1941 تاکوو کانوونى یەکەمى 1946، قۆناغی پەرەسەندنى خێرا و گەشەکردنى ئاستى جەماوەریی حیزبی تودە بوو، بە جۆرێک لە ماوەیەکى کەمدا وەک بەهێزترین ڕێکخراوى جەماوەریی سەر شانۆی سیاسیی ئێران دەرکەوت و ببووە پێشەنگى تەوژمى کۆمۆنیستى لە ناوچەکەدا. بێگومان فاکتەرى ئەم پەرەسەندنە خۆی دەبینییەوە لە، جگە ڕووخانى لەشکری شاهەنشاهی، هاتنەکایەی قۆناغێکى نیمچەدیموکراتی، پاشەکشەی فاشیزم، سەرکەوتنى سۆڤیەت و هاتنەناوەوەى سوپای سوور بۆ نێو خاکى ئێران، هەروەها خراپیی ڕەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتی هۆکارێکى بنەڕەتیى گەشەکردنى ئەو حیزبە بوو. تودەییەکان بە بەرزکردنەوەى بەیداخى خەبات دژ بە هەژاری و ڕیفۆرمى کۆمەڵایەتی، وەک حیزبی ڕەنجبەران ناسرابوو، تێڕوانینەکانى تودەش بووە هۆی ڕاچڵەکاندنى کۆمەڵگە و لەناو ڕۆشنبیرانى ئێرانیدا بوون بە گوتارى زاڵ.
لە سەرەتادا حیزبی تودە لە شێوەى حیزبێکى نیشتمانپەروەری چەپ و دیموکراتخوازی لیبراڵی ڕیفۆرمخواز نەوەک حیزبێکى شۆڕشگێڕی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستی هاتە مەیدان، خۆشی بە تاقە نوێنەری چینێکى کۆمەڵایەتیی دیاریکراو لەقەڵەم نەدەدا، هەر بۆیە ناوى “تودە” (گەل)یان لەخۆ نا، واتە حیزبی تێکڕای توێژە جیاجیاکان کە ئامانجە گشتییەکانى خۆی لە: پساندنى وابەستەى سیاسی، ئابووری، پاراستنى سەربەخۆیی، یەکپارچەیی خاکى ئێران، خەبات دژ بە فاشیزم، کۆلۆنیالیزم و دژایەتیکردنى ئیمپریالیزم دەبینییەوە، هەروەها لە ناوخۆشدا کارنامەکەى لە: پاراستنى بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، بەدامەزراوەییکردنى دەوڵەت و چەسپاندنى یاسای بنەڕەتی، دڵنیایی کار و پاراستنى مافە کۆمەڵایەتییەکان، دەستەبەرکردنى ئازادییە گشتییەکان، لەڕیشەکێشکردنى پاشماوەکانى دەربار و ڕژێمى شا؛ پێک هاتبوو.
تودە لە دەیەی چلەکاندا لە سیمایەکى حیزبێکى مۆدێرندا شکڵگیر بوو، هەروەها وەک هاوچەرخترین حیزبی ئەو قۆناغە مێژووییە هەژمار کراوە، لەم ڕوانگەیەوە چەندین سەندیکا و ڕێکخراوەی پیشەیی، کرێکاری، خوێندکاری، ژنان… هتد، تەنانەت ڕێکخراوێکى نهێنیى لەنێو ئەفسەر و سوپاى ئێراندا هەبوو، بەم شێوەیە تودە لە ڕووى مێژووییەوە بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە. بۆ ماوەیەک وەک ئۆپۆزسیۆنێکى کارا و یاسایی بەشێکى گرنگ بووە لە پێکهاتنى ڕووداوەکانى ئێران، ئەویش پاڵپشتى سۆڤیەت بۆ قەرەبووکردنەوەى شکستەکانى لە جەنگى جیهانى و بەدەستهێنانى چیاوگی نەوتى باکوورى ئێران. گومانى تێدا نییە تودە لە ڕووى سیاسییەوە ڕووبەڕووی چەندین هەوراز و نشێوی بووەتەوە، کە دیارترینیان شکستى سەردەمى کودەتاکەى سەر موسەدیق بووە، کە ئیدی حیزبی تودە پێی نایە قۆناغی ئاوارەیی، کە تا ساڵى 1979ى خایاندووە.
بزاڤی چەپی ئێرانى لەبەردەم گوتارى چەپی چریکایی (ڕادیکاڵی)دا
شکستى کودەتاکەى موسەدیق و کارابوونەوەى لەشکری شاهەنشاهی و پیادەکردنى دەسەڵاتى ڕەها و سەرکوتکارى، بوونى ئێران بە ناوچەیەکى ستراتیژیی جیۆئەمنی و ئابووری سەرمایەداریی ئەمەریکایی، هەروەها گەورەبوونى پانتایی ئۆپۆزسیۆن و زیادبوونى کۆژانى کۆمەڵایەتی و سیاسیی تێکڕای چینەکان، لە هەمان کاتدا خێرایی گەشەکردنى بزووتنەوە مارکسییەکان و زیادبوونى هەژموونى سۆڤیەت و کۆمۆنیزمی ڕادیکاڵیی چینی، شای بەرەو زنجیرەیەک چاکسازی ڕاکێشا و بەرنامەیەکى بە ناوى “شۆڕشی سپی” ڕاگەیاند، تا بە ئەنجامدانى هەندێک ڕیفۆرم، سیمایەکى مۆدێرن و پێشەکەوتووخوازانە بداتە وڵاتەکەى.
لەگەڵ ئەوەی شۆڕشی سپی بەناکامى دەستی پێ کرد، بنەمای سیستمى فیوداڵیى لە ئێراندا لەق کرد و ئاڵوگۆڕی لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی لادێنشین پێک هێنا، ئەم لێکەوتانە بووە هۆی ورووژاندنى چەپەکان، چونکە لە کۆمەڵگەى نیمچەداگیرکراو و نیمچەدەرەبەگى ئێراندا، سەرمایەداری و ئیمپریالیزمیی بەسەر پەیوەندییەکانى بەرهەمهێناندا زاڵ کرد و بۆرژواى ئێرانى بە بازاڕی سیاسی و سەربازییەوە بەستەوە، هەروەها دەستى ئەمەریکاى لە ئێراندا ئاوەڵا کرد و کۆمەڵگەى ئێرانیى لە نیمچەفیوداڵیزمەوە بۆ بۆرژوازی گۆڕی و پایەکانى سەرمایەداریی تیادا چەقاند، بەڵام بە هێنانەپێشی بابەتگەلێکى وەک: (ڕیفۆرمى زەوی، یاساى کار… هتد)، شا توانیى شکست بە درووشمى گرووپە مارکسییەکان بهێنێت و پاشەکشە بە داخوازییە کلاسیکییەکانى چەپ بکات. وێڕای ئەوەى لە دیارترین لێکەوتەکانى بەرنامەى چاکسازی، هاندانى شا بوو بۆ سەپاندنى دەسەڵاتى تاکڕەوی، بەم هۆیەوە گرووپێکى کۆمۆنیستی هەوڵێکیان بۆ تێرۆركردنى شا لە ساڵى 1965 شکستی هێنا.
لەسەر ئاستى دەرەکى، بە هۆی دروستبوونى ململانێ سیاسی و ئایدۆلۆجییاکانى نێوان چین و سۆڤیەت و پەڕەگرتنى زنجیرەیەک شۆڕش و بەرخۆدانى سیاسی و سەربازى بە ناوەرۆکێکی سۆسیالیزمیانە لەژێر کاریگەریی بیری ماویزمی چینى و پەلکێشبوونى بۆ قووڵایى ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئاڕاستەى چەپڕەوی گۆڕانى بەسەردا هات، بەم هۆیەوە بزووتنەوەى چەپ چووە سەر شێوەى خەباتى ڕادیکاڵ و توندوتیژیی چەکداری. بە هۆی کارتێکردنى ڕێبازى ماویزم، بەشێک لە چەپەکانى ئێران بوونەتە لایەنگرى ڕێبازى ماویزم کە کاریگەریى گەورەیان لەسەر ئێران هەبوو. لەم قۆناغەدا چەند بزووتنەوەیەکى مارکسی بە ناوەرۆکى پارتیزانی پێک هات، کە دیارترینیان ڕێکخراوى “چریکى فیدایی خەڵکى ئێران” بوو، ئەم ڕێکخراوە وەک بزووتنەوەیەکى چەکداری ڕێگەى خەباتى پارتیزانیى گرتووەتە بەر و قۆناغێکى چریکاى توندوتیژ و خوێناوی لە ئێراندا دەستی پێ کرد.
چریکەکان کە بە هۆی کاریگەریى خەباتى گەشەسەندووى چینى و کوبایی، دژ بە سەرمایەداری و بۆرژوازیەتی موڵکدار بیروبۆچوونەکانیان خستە نێو گۆڕەپانى سیاسیی ئێران، لە ڕێگەى بڕوابوون بە خەباتى چەکداری و بنەماى گەشەی ناسەرمایەداری چالاکییان دژی ڕژێمى شاهەنشا دەست پێ کرد.
لەو قۆناغەدا چریکەکان توانییان بە هۆی بیروبۆچوونەکانیەوە لایەنگرێکى زۆر کۆ بکەنەوە، نەخشەڕێیەکى پێشکەش کرد بۆ هەر کەسێک کە تواناى هەڵگرتنى چەکى هەبێت، چونکە ئەم ڕێکخراوە لەو باوەڕەدا بوو بێ بوونى چەک، هەرگیز چینایەتى و بۆرژوازیەتى کۆمپرادۆر لەبەین ناچێت، هەروەها لە ڕێگەى لێکدانەوەی ورد و زانستیانەى بۆ مارکسیزم و دۆخى سیاسی و ئابووریى ئێران، توانیی قەیرانى تیۆریی چەپی ئێرانى بە قازانجى بیروڕاکانى خۆی بقۆرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، چەپەکانى لە بەربەرەکانێى ڕژێمى شا خستەوە پێش هەر ڕەوتێکى سوننەتی و ڕۆحانی و تەریقەتگەریی ئایینی، بەم هۆیەوە چەند چالاکییەکی سەربازییان ئەنجام دا کە دیارترینیان ڕووداوى گرتنى سەربازگەى “سیاهکل” بوو، لەگەڵ چەند کردەوەیەکى پارتیزانى لە تەقاندنەوەى تۆڕەکانى کارەبا و پەلاماردانى بنکە سەربازییەکان، بەڵام ڕێکخستنى سیاسی و چەککداریی چریکەکان تا ساڵی ١٩٧٩ ئاکامێکى ئەوتۆی نەبوو.
بزاڤی چەپ لەنێوان هەڵساندنەوە و شکست لەپاش شۆڕشی گەلانى ئێران
دۆستایەتیی تاکلایەنەى حیزبی تودە بۆ کۆمارى ئیسلامی و لێکەوتنى هەمیشەیی
هەروەها ڕوودانى شۆڕشی ئێران لە ساڵى 1979 و داڕمانى ڕژێمى شاهەنشاهیی پەهلەوى، حیزبی تودە پێی نایە قۆناغێکى نوێ و سەرلەنوێ دەستی کردەوە بە بونیادنانەوەى ئۆرگانەکانى، لەم قۆناغەدا تودە کەوتە ژێر کاریگەریى گوتارى ڕێبەرایەتیى شۆڕش، هەوڵی دا بە پشتیوانییەکانى سۆڤیەت وەک ئۆپۆزسیۆنێکى وەفادار و یاسایی خۆی نیشان بدات، لەو پێناوەشدا لەسەر هێڵی ئیمام جێی گرت و کەوتە پشتیوانیکردنی ڕۆحانییە توندڕەوەکان. ئەم قۆناغە بە کۆتا سەردەمى حیزبی تودە دادەنرێت، چونکە لە شوباتى 1982، کۆماری ئیسلامى هەڵیکوتایە سەر بارەگا و ئەندام و لایەنگرانى تودە و بەو هۆیەوە تەواوى شانە و ئۆرگانەکانى لەبەریەک هەڵوەشاندووە.
لەو هەلومەرجەدا کۆمیتەى ناوەندیى تودە دەستی کردەوە بە بونیادنانەوەى حیزبەکە، “نوورەدین کیانوری” کە داڕێژەرى تاکتیکى حیزب بوو، بەپێی سیاسەتەکانى سۆڤیەت بەرامبەر بە خومەینى دەجووڵایەوە، ڕێبەرانى سۆڤیەتیش لە ڕێگەى تیۆرستێکى وەک “ئۆلیانۆفسکى” کەوتنە داڕشتنى تیۆریی نوێ بۆ پاڵپشتیکردنى شۆڕشەکە، لەم بارەیەوە “لیۆنید برژنێڤ” پێی وا بوو “شۆڕشی ئێران شۆڕشێک بوو لێل و ئاڵۆز، لە چەندین ڕووەوە نوێنەرى دژەداگیرکارى بوو، بە هۆی ئەو تایبەتمەندییانەى هەیبوو. دەردەکەوێت شۆڕشەکە لەسەر ڕێچکەى سۆسیالیستیى جیهانیی دژ بە سەرمایەداریى ئەمەریکییە”، بەم هۆیەوە حیزبی تودەش لەسەر ئەو بۆچوونانە ستراتیژەکانى دیاری کرد.
لە تێڕوانینى تودەدا، شۆڕشى ئێران کۆتایی بە شێوە کلاسیکییەکەى شۆڕش هێنا، کە لە زنجیرە شۆڕشەکانى جیهانى سێدا شێوەى گرتبوو، ئەم شۆڕشەى بە بەشێک لە پڕۆسەى بەردەوامى شۆڕشە جیهانییەکان هەژمار کرد، کە بەرئەنجامى پێگەیشتنى بزووتنەوەیەکى گەشەکردووی کرێکارییە کە تازە لە جیهانى سێدا ڕسکاوە، بەو پێیەى شۆڕشەکە لەسەر خەبات دژ بە سەرمایەداریى جیهانى و ئیمپریالیزمى تاڵانکەر بونیاد نراوە، پشتیوانى بووەتە ئەرک لە پێناو جێگیرکردنى سیستمێکى هاوچەرخ، کە ئاشتەواوى کۆمەڵایەتی و دادپەروەریى ئابووریى فەراهەم بکات. “ئیحسان تەبەرى” دیارترین سەرکردەکانى تودە بوو، لەم بارەیەوە گوتوویەتی: “هەر چەندە ئەم شۆڕشە سەرجەم چینوتوێژەکان بەشدار بوون، بەڵام ناوەرۆکەکەى لە سایەى ڕێبەرایەتى دیموکراسیی شۆڕشگێڕیدا بەبەرهەم هات، ئەمەش ئەو خەباتە بوو کە حیزبی تودە بە درێژایى چەند دەیەى ڕابردوو بەدوایدا دەگەڕا”.
حیزبی تودە لە بارەى کۆمۆنیستەکانەوە پێی وا بوو بەو تایبەتمەندییەى مارکسیزم هەیەتى، دەتوانن سوود لە ئەزموونى کۆماری ئیسلامی وەربگرن و دەنگ بدەن بە یاسا بنەڕەتییەکانى، تا ڕێگە تاریکەکانى بەردەمیان ڕۆشن بکەن کە بە ئەرکى ئەخلاقیی هەر ڕێکخستنێکى کۆمۆنیستی داناوە کە دژی ئیمپریالیزم تێبکۆشێت. بەو پێیەى کۆمارى ئیسلامى هەنگاوی دژەئیمپریالیستى ناوە، پێویستە پشتیوانیى لێ بکرێت و دروستکردنى “بەرەی یەکێتیى هێزە شۆڕشگێڕەکان”ى لەپاڵ ئیمام خومەینى بە پێویست داناوە.
هەروەها بڵاوکردنەوەى پیرۆزبایى خومەینى لە جەژنى کرێکاران، تودەى خستە سەر ئەو بۆچوونەى کە ئیمام نوێنەرى زەحمەتکێشانە و خەونى چەند دەیەی مافە کرێکارییەکان لەسەر دەستى ئەودا دێتە دی. کیانورى بێ گوێدانە سیکۆلاربوونى حیزبەکەى، بە چاولێکەریى “ڤلادمیر نیگرادۆڤ”ى باڵوێزى سۆڤیەت لە ئێران ڕایگەیاند: “شۆڕشی لانەوازانەى خومەینى هەمان شۆڕشی پرۆلیتارییە کە مارکس پێشبینیى کردووە، زۆر ئاسایی دێتە پێش چاو کە گرووپێک مەزهەبی بن و و مارکسی نەبن، بەڵام لە بنەڕەتدا خزمەت بە چینە زەحمەتکێشەکان بکەن”، هەروەها کیانورى پێی وا بوو چەمکى شۆڕشگێڕی واتە بونیادنانى پێکهاتەیەکى نوێی کۆمەڵایەتیى بوون کە باوەڕى بە شەڕی دژەئیمپریالیزم هەیە، شۆڕشگێڕیش کەسە شەڕکەرەکەیە کە دژ سەرمایەداری لە سەنگەردایە، لە ناوخۆشدا دژایەتیى بۆرژوازیەى کۆمپرادۆر و دەرەبەگ و موڵکدارەکان دەکات، چونکە دەستی ئیمپریالیزمە لە ئێراندا و پێویستە بقرتێنرێت.
حیزبی تودە لەو تێڕوانینەوە کە گوایە هێڵی ئیمام بەو توندڕۆیەى کە لەبەرامبەر کۆنەپەرستیى ناوخۆیی وابەستە بە ئیمپریالیزمدا هەیەتى، دەتوانێت ئازادیى ڕاستەقینە لە ئایندەدا بێنێتە دی، لەنێو تەواوى گەلانى دونیادا بەتەنها سۆسیالیزمى سۆڤیەتی پشتیوانى ئەو ئایندەیەیە، تودەش دەتوانێت ڕۆڵی بنەڕەتى ببینێت لە دروستکردنى ئەم داهاتووەدا، هەر بۆیە سۆڤیەتی بە دۆستێکى ستراتیژی و وەدیهێنەرى بیرۆکەى “گەشەی ناسەرمایەداری” دەدایە قەڵەم و پێی وا بوو لەبەر ئەوەى خومەینى بەتوندى دژ ئەمەریکایە، ئابووریى ئێران بەرەو ڕێگەى دوور لە سەرمایەدارى دەسووڕێنێت، سەرەنجام هیچ ڕێگەیەکى نامێنێت و دەکەوێتە کەناڵی سۆسیالیستییەوە، بەم هۆیەوە درووشمى “چەسپاندن و قووڵکردنەوەو پەرەپێدانى شۆڕش”ی بەرز کردبووەوە و پێی وا بوو ئێران لە قۆناغی شۆڕشی دیموکراتیکە دەبێت پشتگیرى لە ڕێبەرەکەى بکرێت، چونکە نوێنەرى بۆرژواى نێوەنجى و شۆڕشگێڕە. لە ڕێگەى پەیوەندیى توندوتۆڵ لەگەڵ یەکێتیى سۆڤیەت و بلۆکى سۆسیالیزم، دەتوانرێت شۆڕشێکى سۆسیالیستی بەدی بهێنێت، لە کاتێکدا تودە لەژێر پەردەى ئینتەرناسیۆنالیستیى پرۆلیتاریدا، لە قۆناغى گواستنەوە لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆسیالیزم، دەیتوانى شێوەى گەشەى ناسەرمایەدارى بپێوێ. هەروەها تودە بڕوای وا بوو کە شۆڕش بەردەوامیى دەبێت، شۆڕشگێڕ ئەو کاتە پاڵ بداتەوە کە شۆڕش چارەسەرى سەربەخۆیی سیاسی و ئابووریى لە وابەستەیى بە ئیمپریالیزم و زایۆنیزم چارەسەر کردبێت، هەروەها مەسەلە دیموکراتییەکان لەم دیدگایەدا فەراهەم دێت، بەم پێیە بابەتەکانى تری کۆمەڵگە لە ئازادی، فرەمینبەرى و پرسە نەتەوەیی… هتد، لەژێر سێبەرى بۆچوونى دژەئیمپریالیستى کۆمارى ئیسلامییەوە دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا تێڕوانینى ڕۆحانییەکان ڕوون نەبوو، دژەئیمپریالیستیش خۆی لە خۆیدا نەیدەتوانى پێوەرێکى ئەقڵانى بێت، تەنانەت ئەم دژایەتییە نەیتوانى ئێران بخاتە سەر ژێرخانێکى ئابووریى سەربەخۆ.
حیزبی تودە پەیڕەوى لە تیۆریی “سەرەکی، ناسەرەکی” دەکرد، بەم پێیە خەبات دژ بە ئیمپریالیزم ئەرکى سەرەکى بوو، لە بەرامبەردا هەڵوێستوەرگرتن لە ئاست مەسەلە نەتەوەییەکان بوونە بابەتى ناسەرەکى، بەم پێودانگە حیزبی تودە لەبەرامبەر پێشکەشکردنى نیازپاکى بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانى ئیمام، پیادەکردنى ئەرکە ئینتەرناسیۆنالیستەکەى لە دامەزراندنى دەوڵەتێکى پرۆلیتاری بووە بابەتێکى ناسەرەکى.
ڕێبەرایەتییەکەی بەگڕوتینەوە پشتیوانیى لە تاکتیکەکانى ئایەتوڵڵا خومەینى کرد بۆ وەرچەرخانى ڕووداوەکانى شۆڕش بە قازانجى ڕەوتى مەزهەبیی توندڕەو، بۆ نموونە: دەنگدان بە بڕگە دەستوورییەکانى کۆمارى ئیسلامی، کە لەسەر بناغەیەکى مەزهەبی شیعی؛ ئێرانى کردە وڵاتێکى ئیسلامى، هەروەها دامەزراندنى شوراى کاتیى شۆڕش و پێکهێنانى سوپا، کە کۆڵەکەى سیستمى نوێ بوو. تودە دامەزراندنى شورایەکى لەو جۆرەى بە مەزنترین کارى شۆڕشگێڕی دانا، لەو باوەڕەدا بوو کە بوونى ئەم هێزانە بۆ بەرگریکردن لە یەکپارچەیى ئێران و پاراستنى ئازادى و مافە دیموکراتییەکان یەکجار گرنگن، هەر بەم هۆیەشەوە دەنگى خۆی خستە پاڵ ویلایەتى فەقیه، هەروەها لەو کاتەى کۆمارى ئیسلامیى ئاژانسی ئیتلاعات و ئەمنیەتى نەتەوەیی “ساواما”ی بە مەبەستى چاودێریى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و کۆکردنەوەى زانیاریى سیخوڕی دەرگیر کرد، حیزبی تودە کەوتە هاوکاریى “ساواما”، لە هەوڵێکیدا لە حوزەیرانى 1980 ڕایانگەیاند کە توانیویانە کودەتاى “نۆژە” ئاشکرا بکات.
هەروەها، تودە دژى هەموو ئەو هێزانە بوو کە لە ڕووی کردارییەوە دژی ڕۆحانییەکان بوون و بە دژی ئێران و تەواوى گەلەکەى دەزانى و ناونیشانى (پایەی پێنجەمى ئەمەریکا، دژەشۆڕش، داردەستى بەعس و ناتۆ)یان لێ نابوون. ئەم تێڕوانینە، لەبریی وەرچەرخان بە ئاڕاستەى ڕەخساندنى زەمینەى دیموکراسی، بە جێگەى ئەو دوژمنایەتییەکى قووڵترى لەنێوان تودە و هێزە جیاجیاکانى تردا دروست کرد، ئەمەش، جگە لە پەرتکردنى هێزە چەپەکان، زەبرێکى مەزن بوو بۆ بەرهەڵستکارەکان و و داڕووخانیان لەبەرامبەر کۆمارى ئیسلامی. تودە بەمەشەوە نەوەستا، بەڵکوو بەتوندى دژى هێزە بەرهەڵستکارەکان وەستایەوە و پاکتاوى دژەشۆڕشیش کە کۆمارى ئیسلامی دەستی دابوویە، لەلایەن تودەوە بە “قۆناغی سێیەمى شۆڕش” ناو دەبرا.
لەگەڵ ئەمانەشدا، ئیمام خومەینى باوەڕی بە سنوورە ئایدۆلۆجییەکان بوو بۆ جێبەجێکردنى یاسایی خودایی، جیهانى دابەش کردبوو بۆ دوو بەش، ئەوانیش “دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات” بوو، بەم هۆیەوە کۆمارى ئیسلامی بە هەڵگرتنى درووشمى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا” و چەسپاندنى دەسەڵاتى ویلایەتى فەقیه، سەرەکیترین تێڕوانینەکانى حیزبی تودەی بەتاڵ کردەوە. لە کۆتاییدا خومەینى کۆمۆنیستەکانى بە دوژمنى ئیسلام ناساند و مارکسیزمى بە شکێنەرى کەرامەتى مرۆڤی موسوڵمان ناو برد، سەرەنجام ڕێبەراتیى تودە بە تاوانى خیانەت بە شۆڕش و سیخوڕی بۆ سۆڤیەت سزا دران و پاشماوەشەکەى بۆ شارە ساردوسڕەکانى ئەورووپا ڕاوەدوو نران، سەرکردایەتییەکەشی هێندە کز و بێپلان مایەوە، تا ساڵی ١٩٩٠ بە شێوەیەکى نیمچەفەرمى لەبەریەک هەڵوەشا، بەم شێوەیە حیزبی تودە وەک دێرینترین حیزبی چەپ لەتەنیشت سیستمێکى مەزهەبیدا، کاریگەرییەکى نەرێنییان لەسەر ڕووداوەکانى پاش شۆڕش و چارەنووسی بزووتنەوەى پێشکەوتووخوازانەی چەپی ئێرانى هەبووە.
بەکوردستانیبوونى چریکەکان و فۆرمولەبوونەوەى خەباتى چریکایی
ڕێکخراوى چریکى فیدایی خەڵکى ئێران، لەگەڵ ڕووخانى شاهانشاهی؛ سەرلەنوێ ناوکی ڕیکخراوەکەیان پێک هێنایەوە و بە لەبەرچاوگرتنى دۆخی کورد وەک ناوچەیەکى گرنگ بۆ ڕەخساندنى خەباتى چریکایی، کوردستانیان بۆ مەیدانى خەباتى ڕادیکاڵی هەڵبژارد. لەم ڕووەوە چریکەکان یەکەمین ڕێکخراوى چەپی ئێرانی بوون، کە زووتر لە هەر لایەنێکى تر لەدواى سەرکەوتنى شۆڕشی ئێران، لقی خۆیان دامەزراند. هەر چەندە چریکەکان داخوازییەکانى گەلی کوردیان لە چوارچێوەى بەرنامەى خودموختاری (ئۆتۆنۆمی) پەسەند بوو، بەڵام جووڵانەوەى گەلی کوردیان بە بزووتنەوەى بەرگرى ناو دەبرد و هەوڵیان دەدا واقیعى کوردستان ببەستنەوە بە بزووتنەوە سەرتاسەرییەکەى ئێران. لەگەڵ ئەوەى چریکى فیدایی خەڵکى ئێران پەیوەندیی سیاسی و فیکرییان لەگەڵ کۆمەڵە باش بووە، هاوکات لەگەڵ حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران (حدکا) لە ڕووى تاکتیکییەوە دۆستایەتییان بەرقەرار بووە، وێڕاى ئەوە چریکەکان بەنێو زۆرینەى ڕووداوە گرنگەکانى کوردستان لەنێوان ساڵانى (1979-1980) هەڵسووڕاون، لەوانە: چەککردنى سەربازگەى مەهاباد و سنە، لە شەڕی نەورۆزى خوێناویى سنە و پێکهاتنى شورای شارى سنە، کۆچی گەورەى مەریوان، شەڕی سێ مانگە، بەشداریکردن لە دەستەى نوێنەرایەتیى گەلی کورد، شەڕی 24 ڕۆژەى شارى سنە… هتد و هەڵوێستی تایبەت بە خۆیان هەبووە.
لەگەڵ ئەوەى چریکی فیداییانى خەڵک وەک هێزێکى چەپئاژۆی توندڕەو و بەئەزموونى سەردەمى شاهانشاهی، کە بە ئایدۆلۆژیایەکى هاوچەرخ و پێشکەوتووخواز هاتووەتە نێو گۆڕەپانى سیاسیی ئێران و کوردستانەوە، بەڵام لە ئەنجامى لاوازیى ناوەندگەرایی ڕێکخراوەکە و نەبوونى بەرنامەیەکى چەسپاو، هاوکات خۆهەڵقورتاندن لە بەشی زۆری ڕووداوەکانى ئێران و کوردستان، زیاتر لە هەر ڕێکخراوێکى تر ڕووبەڕووی لێکترازان و داکشانى ئاستى جەماوەری بووەتەوە، هەر بۆیە مامەڵەی نادروستى ڕێبەرایەتییەکەى و وەرگێڕانى نازانستییانەى مارکسیزم بۆ ڕووداو و گۆڕانکارییەکان و داکۆکیکردن لە درووشمەکانى یەکێتیى خاکى ئێران، بووە هۆی دابەشبوونى ڕێکخراوەکە بۆ دوو لایەنى “زۆرینە و کەمینە”، کە هەر چی “زۆرینەکان” بوو، بە هۆی نفووز و سخوڕییەکانى تودە لەنێو تەشکیلاتى چریکەکان، پاشان هەڵگیرساندنى جەنگى ئێران-عێراق و بەرگرتن لە مەترسییەکانى دابەشبوونى ئێران، پشتیان لە جووڵانەوەى نەتەوەیی گەلی کورد کرد و پشتیوانیى کۆمارى ئیسلامی و هەنگاوەکانى باڵی مەزهەبییان لە دژایەتیکردنى ئیمپریالیزم کردووە. بەم هۆیەشەوە تەواوى هێز و چەکدارەکانیان لە کوردستاندا خۆیان ڕادەستى کۆمارى ئیسلامی کرد و تا ساڵى 1983 بە شێوەیەکى چاوەڕواننەکرا کەوتنە بەر هێرشی دەزگا سەربازییەکانى کۆمارى ئیسلامی و بەوەش تەواوى ڕێکخراوەکەیان ڕیشەکێش کرا. بەڵام بەپێچەوانەوە “کەمینەکان”، وەک ڕەوتێکى سیاسی چەکداریی دژ بە کۆمارى ئیسلامی و هەنگاوە سیاسی و ستراتیژییەکانى وەستاوەتەوە، هاوکات درێژەیان بە خەباتى پارتیزانی لە کوردستان دا. دەکرێت بڵێین خەباتى چەکداری و گرنگیدان بە کێشەی نەتەوەی کورد، خاڵی بنەڕەتى پێکهاتنى “کەمینەکان” بوو، لەم چوارچێوەیەدا هەر چەندە “کەمینەکان” وەک بەشێک لە چریک و بزووتنەوەیەکى سەرتاسەری خۆیان ناساندبوو، بەڵام تەواوى هێز و پێگە و لایەنگرانیان لە کوردستاندا بوو، هەر بۆیە هاوشانى هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانى کوردستان خۆیان ئامادە کردووە بۆ ئەنجامدانى بەرخۆدانى پارتیزانی، بەو هۆیەوە “کەمینەکان” لەنێوان ساڵانى (1980-1988) لە بەشێک لە ڕووداوەکانى کوردستاندا لە ڕووى چەکدارییەوە ئامادەییان هەبوو.
ئەڵقە و ڕێکخراوە چەپە ناوەندییەکانی ئێران
پاش هەڵگیرسانی شۆڕشی 1979، جیاواز لەو حیزب و ڕێکخراوە ڕەسەنانەى کە ڕیشەیەکى قووڵیان لەنێو پێکهاتەى کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگەى ئێراندا هەیە، چەندین ئەڵقەی کۆمۆنیستیی چەپی ناوەندی و چەند ڕێکخراوی مارکسی لینینی بە ناوەرۆک و شکڵی جیاواز شێوەیان گرت، ئەم ئەڵقە و ڕێکخراوانە ڕێبازێکى ناوەندییان لە ململانێی نێوان بلۆکى سۆسیالیستیی سۆڤیەتی و سەرمایەداریی ئەمەریکی گرتووەتە بەر و نەبوونەتە بەشێک لەو ململانێیە. هەروەها وێڕاى ئەوەى ئەم ڕێکخراوانە وەک بزووتنەوەیەکى سیاسیی گەورە و کاریگەر دەرنەکەوتوون، بەڵام لە شێوەی ڕێکخراوى مارکسی لینینی دەستیان بە خەباتى سیاسی و چینایەتى کردووە و بە شێوەیەکى تاکتیکى هەوڵیان داوە خۆیان لەگەڵ ژینگەى سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکەیان بگونجێنن، لە نموونەى ئەم ڕێکخراوانە:
یەکەم: حیزبی ڕەنجبەران
وەک ڕێکخراوێکى چەپی مارکسی لینینی، لە سای کاریگەریى حیزبی کۆمۆنیستیی چینى، لە ئەنجامى یەکگرتنى چەند ئەڵقەیەکى کۆمۆنیستی پێک هاتووە. وەک هەنگاوی سیاسی، هەر لە سەرەتاوە خەباتى خۆیان بۆ سەرکەوتنى “بەنی سەدر” تەرخان کردووە. هەروەها حیزبی ڕەنجبەران لەو سۆنگەیەی کە حیزبێکى گەورە و بەهێز نەبووە و کاریگەریی لەسەر ڕووداوەکانى ئێران کەم بووە و پێگەیەکى لاوازیان هەبووە، ڕێبەرایەتییەکەى وای نیشان داوە کە چارەسەری هەمیشەیی کۆمەڵگەى ئێران بە ئەمڕۆشەوە لەنێو کارنامەى حیزبەکەدا چەسپاوە، بەڵام لە بارى پراکتیکییەوە لاواز و کورتدەست و کەم هەڵوێستن و هەر بە هەڵهاتنى بەنى سەدر بۆ دەرەوەى ئێران، دووچارى شپرەزەیی و کێشەى ناوخۆیی بووتەوە و لە ئێستاشدا جگە لە ڕاگەیەنراوی کورت و لاواز؛ نەخشێکى ئەوتۆیان نییە.
دووەم: پەیکار
وەک ڕێکخراوێکى مارکسی لینینی و باڵی چەپی ڕێکخراوى موجاهدینی خەڵک، لە سەرەتاى ساڵى 1977 پێک هاتووە. پەیکار وەک بەشێک لە هێزە چەپەکانى تر، باوەڕیان بە پرسی نەتەوەیی گەلانى ئێران وەک پرسێکى ڕەسەنى مێژوویی نەبوو، بەڵام بە شێوەیەکى تاکتیکى و بەپێی هەڵسەنگاندنى خۆیان کوردستانیان بۆ خەباتى سیاسی و چەکداری هەڵبژاردووە. لەگەڵ ئەوەدا، پەیکار لە کوردستاندا پێگەیەکى جەماوەریی نەبوو، چونکە ئەندامەکانى خاوەنى هیچ چەشنە پێشینەیەکى بوونی سیاسی نەبوون لە ناوچەکەدا، بەڵام بە هۆی نزیکیی ئایدۆلۆجی، بەتەواوى خۆیان لە کۆمەڵە نزیک کردووەتەوە، بە ڕادەیەکی بەرچاو لە ڕووی ڕێکخستنى ئۆرگانییەوە لە زۆر بۆنەدا شوێنهەڵگرى کار و چالاکییەکانى کۆمەڵەیان کردووە، وێڕاى ئەوە لەپاڵ هێزەکانى کۆمەڵەدا چەندین ڕووبەڕووبوونەوەى چەکدارییان دژ بە هێز و دەرەبەگەکانى ناوخۆ و وەک “قیادە مۆقەتە” و هێزە مەزهەبییەکانى وەک “سوپاى ڕزگاریی کوردستانى ئێران” و پێشمەرگەى موسوڵمان ئەنجام داوە.
سێیەم: ڕێکخراوى یەکگرتنى کۆمۆنیستی
وەك ئەڵقەیەکى چەپی کۆمۆنیستی و مەحفەلێکى تیۆری ڕۆشنبیری، دەستی کردووە بە چالاکیى سیاسی. ئەم ڕێکخراوە تەنها کار لە ڕووی بڵاوکراوەى فیکری و ئایدۆلۆجییەوە دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش لە مەیدانى واقیعیدا جووڵەیەکى جیددیی نییە، سەربارى ئەوەى خۆی خزاندووەتە جەنگێکی فیکری لەگەڵ بەشێکى زۆری هێز و ئەڵقە چەپەکان و هەر بزاڤێکى چەپ بە خەباتى بۆرژوا و ناسیۆنالیستى بەرچاوتەنگ دەزانن. هەر چەندە ئەم ڕێکخراوە شانەیەکى چەکدارییان پێک هێناوە، بەڵام بەزوویى ئاشکرابوونیان ئەم گرووپە لە کۆتایى 1981 کەوتنە بەر هێرشی دەزگا ئەمنییەکان و ژمارەیەک لە ئەندامەکانى دەستگیر کراون. هەر چەندە چالاکییەکانیان بەتەواوى لاواز بوو، بەڵام تا ئەمڕۆ لە وڵاتانى ئەورووپا سەرقاڵی بڵاوکراوەن.
چوارەم: ڕێکخراوی یەکێتیی کۆمۆنیستەکانى ئێران
ئەڵقەیەکى کۆمۆنیستیی چەپی ناوەندی بوون، لە سەرەتاکانى 1978 دامەزرا، ئەم گرووپە لە سەروبەندى ڕووخانى ڕژێمى شاهانشاهیدا لە ڕێگەى نووسین و بۆچوونەکانیانەوە دژى باڵى مەزهەبی و تەواوى ڕەوتە ئیسلامییەکان وەستاون، بەڵام ئەم گرووپە بە پاساوى دژایەتیکردنى ئیمپریالیزم، بوونە داکۆکیارى سەرسەختى کۆمارى ئیسلامی، هەروەها هەوڵیان داوە لە ڕێگەى نووسین و بڵاوکراوەکانیان، بیروڕای خۆیان بگەیەننە قووڵایى جەماوەر، پاشان چەند دەستەیەکى بچووکى چەکدارییان بەتایبەت لە کوردستان پێک هێناوە و لەپاڵ هێزەکانى کۆمەڵەدا چالاکییان ئەنجام داوە، بەڵام بەزوویى بۆچوونیان لە کوردستاندا گۆڕدراوە و بەم هۆیەوە بەیەکجارى ئێرانیان جێ هێشت.
پێنجەم: حیزبی کرێکارانی سۆسیالیستیى ئێران
تاکە ڕێکخراوی چەپی ناوەندیی سەر بە ڕێبازى ترۆتسکی بوون، کە لە ئابی 1979 لە ئێراندا لە ئەنجامى یەکگرتنى سێ گرووپى (ئەورووپا، کۆمیتەى ستار، ئێران) پێک هاتبوو. ئەم گرووپە جیاواز لە چەپەکانى تر، ئەندامەکانى ئەو خوێندکارە ئێرانییانە بوون کە لە ئەمەریکا نیشتەجێ بوون و وەک ئۆپۆزسیۆنێکى چەپ و کۆمۆنیست دژ بە دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامی تێدەکۆشان، بەڵام لەسەر ئاستى جەماوەری لایەنگریان کەم بووە. ئەم گرووپە بە شێوەیەکى کرداری چالاکیی ئەوتۆیان نەبووە، چونکە مەوداى کاری سیاسی و تەشکیلاتیان بەرتەسک بوو، بەڵام لە ڕووی تیۆرییەوە یەکەمین ڕێکخراوى چەپە کە درووشمى مافی دیاریکردنى چارەنووسی جیاواز لە هەر هێزێکى تر بۆ گەلانى ئێران لەنێو کارنامەکەیدا چەسپاندووە.
شەشەم: ڕێکخراوی شۆڕشگێڕیی کرێکارانى ئێران (راە کارگر)
ڕێکخراوێکى کۆمۆنیستیی چەپی ناوەندی بوون، لە حوزەیرانى ساڵى 1979 دامەزراوە. ئەم ڕێکخراوە بە ڕەخنەگرتن لە چەپی کلاسیکی و خەباتى ڕادیکاڵانەى چینی خۆی ئاشکرا کردووە. “راە کارگر” بەراورد بە هێزە ئۆپۆزسیۆن و چەپە سەرتاسەرییەکانى دیکەى ئێران، درەنگتر هاتوونەتە مەیدان، بەو هۆیەوە لە سەرەتاى ساڵى 1980 چەند کۆمیتەیەکى وەک لقی فەرمیى ڕێکخراوەکە بە ئامانجى هاندانى کرێکاران بۆ بەرپاکردنى خەباتى چینایەتی پێک هێناوە. “راە کارگر” وەک حیزبێکى کۆمۆنیستی هەوڵی داوە خۆی بە بزووتنەوەى چەپی سەرتاسەریی ئێرانەوە گرێ بدات، هەر بۆیە لە ڕوانگەى چینایەتییەوە دەڕوانێتە سەرجەم کێشەکان.
بزاڤی چەپى ئێرانی لە ئێستادا
لەگەڵ ئەوەى حیزب و ڕێکخراو و ئەڵقە فکیرییە چەپڕەو و کۆمۆنیستییەکان لە ئێراندا ڕیشەیەکى قووڵی مێژوویی و سیاسییان هەیە، لە چەندین هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا نەخشێکى دیار و بەرچاویان هەبووە، بەڵام دوای جێگیربوونی کۆماری ئیسلامی و ڕێگەى هەڵەی چەند بارە کراویان، تەواوى بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیزم نەک لە ناوخۆ، بگرە لە تاراوگە و دوورەوڵاتیشدا ڕووبەڕووی قەیرانێکى قووڵی ئایدۆلۆجی و فیکری هاوکات سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون. وەک ئاشکرایە، لە ڕووی ئایدۆلۆجی و فیکرییەوە تێکۆشانى چەپی ئێران وەک باقیی چەپەکانى تر لەدواى داڕمانى سۆڤیەت و باڵابوونى دونیاى سەرمایەداری و هەژموونى ئەمەریکاییانە بەسەر گڵۆباڵەزسیۆن و جیهانى پۆستمۆدێرنیزمدا پاشەکشەیەکى تەواوەتى بە داخوازییە کلاسیکییەکانى چەپ و سۆسیالیزم کردووە، بەر لەوەش ئەو قەیرانە قووڵ و بەردەوامانەى بەسەر دونیای چەپ و کۆمۆنیزمدا هاتووە لە ناوخۆدا، کەمتر نەبوون لە هەر کێشەیەکى تر کە بووەتە هۆی لاوازبوونى بزاڤی چەپ. هەر بۆیە بەشێکى زۆری هێزە چەپەکانى ئێران بە هۆی ناتەبایی فیکری و ئایدۆلۆجی و دابەشبوونیان بەسەر بەرەی ئۆردووگا جیهانى و هەرێمییەکانى چەپدا، زۆرینەى دەرفەت و گریمانەى سەرکەوتن یان سەرلەنوێ خۆڕێکخستنەوەیان لەدەست داوە، بەم شێوەیە لە ڕووی سیاسییەوە دابەشبوونێکى زۆروبۆر ڕووی داوە بە نموونەى ئەوەى کە لە ئێستادا ٣٦ ئەڵقە و شانەى حیزب و ڕێکخستنى کۆمۆنیستى لە شارە گەورەکانى ئەورووپادا هەن، تەنانەت ڕێکخراوێکى وەک چریکی فیدایی لە وڵاتانى ئەڵمانیا و بریتانیادا دابەش بوون بەسەر ١٧ شانەى ڕێکخراوەیی دژ بە یەک، لە لایەکى ترەوە ئەم هێزانە بە هۆی دوورییان لە ناوخۆی وڵات و هاوکات شانە و ئۆرگان و تەنانەت سەرکردەکانیشیان کە بۆ زیاتر لە سێ دەیەیە ناوخۆی وڵاتەکەیان نەبینیوەتەوە، بەتەواوى لاواز بوون و کەمترین کاریگەرییان لەسەر هەلومەرجى ناوخۆی ئێران نییە. بەم چەشنە پەڕاگەندەبوونى ڕێکخستنە کۆمۆنیزمییەکانی ئێران و نیشتەجێبوونى ڕێبەرەکانیان لە وڵاتانى ئەورووپا، وای کردووە کە تا بێت ئەندام و لایەنگرانیان لێیان بتەکنەوە و سەرکردەکانیشیان قایل بن بە ژیانى بۆرژوا و وردەبۆرژوایی ئەورووپایی و دەستهەڵگریی خەباتى چینایەتی و سۆسیالیزم. لە ئێستادا ئەوەى بەدی دەکرێت، تەواوى هێزە چەپەکانى ئێران خاسیەت و تایبەتمەندیى ئۆپۆزسیۆنیى بەردەوامیان هەیە، کار و چالاکییەکانیان لە چوارچێوەى کارى میدیایی و پەڕاوى ڕۆژنامەکان بۆ هەندێک گلەیی و وردەڕەخنە لە کابینە وزارییەکانى حکومەتى ئێران یاخود گێڕانەوە مێژووییەکان و بیرەوەریی سەرکردەکانیان بۆ ڕەخنەگرتن و لەبریى بەخۆداچوونەوە و خۆڕێکخستن؛ قەتیس ماوە.
سوود لەم سەرچاوانەى خوارەوە وەرگیراوە:
- احسان ترقی: ازکاخ شا تا زندان اوین، ت. سعبد ازرى، مۆسسە خدمات فرهنگى رسان تهران، 1372.
- احسان طبرى: الفباى مبارزە، چ4، انتشارات حزب تودە ایران، تابستان 1390ش.
- اخبارهاى جنگ در کردستان شهرهاى (مهاباد، سنە، بوکان): انتشارات سازمان چریکهاى فیدای خلق (اکثریت)، ابان ماە 1359.
- بیاد نوروز خونین سنندج: 22 بهمن، شمارە دوم، اسفند 1359، 35.
- بی نام: تاریخ سازمان پیکار، چ3، انتشارات سازمان پیکار در خارج ازکشور، 1380.
- چیاء الدین الموتى: فیولی از تاریخ موبارزات سیاسی و اجتماعی ایران، چاپخش، تهران، 1370.
- گذشته چراغ راەآیندەاست تاریخ ایران در فاێلە دو کودتا 1299-1332، پژوهش از جامی، چ10، انتشارات ققنوس، تهران، 1377.
- عباس پناهى: حزب تودە ایران معچد امنتى المان شرقی، کتاب ماه تاریخ و جغرافیا، بهمن 1387ش.
- پیکار کردستان، سازمان پیکار در راە ازادى گبقه کارگر-کمیتە کردستان، شمارە (1)، 7/4/1359.
- خبرنامە کردستان: سازمان چریکهاى فیداى خلق-شاخە کردستان، شمارە (58)، 2/2/1359.
- راە کارگر، ارگان سیاسیی سازمان کارگران انقلابی ایران (راە کارگر)، شمارە (28)، دورە دوم، سال هفتم، تیرما 1365.
- ریگاى کریکار، سازمان کارگران انقلابی ایران (راە کارگر)-کمیتە کردستان، شمارە (3)، سال اول، مهر 1362.
- قطعنامه در مورد انشعاب راست از حزب، کنگرە پنجم حزب (بە اتفاق ارا)، سپتامبر 2004.
- فعالیت سپاە پاسداران در سنندج، دفتر سپاە پاسداران، چ2، انتشارات اطلاعات و پژوهشهاى سیاسی، 1383.
- فاجعە اورامان، منتخبی از گفتارهاى رادیو اداى انقلاب ایران (از 29 ابان تا 9 اژر ماە 63)، درباە رویداد اورامان (1)، انتشارات مرکزى کومەلە، 1363.