نزیکبوونەوەی ئێرانییەکان لە تاڵیبان: تێگەیشتن و بەردەوامیی گۆڕانکارییەکان
د. دیپیکا ساراسوات
و. گەلاوێژ سۆفی
نزیکبوونەوەی ئێرانییەکان لە تاڵیبان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا پەرەی سەندووە. بە شێوەیەکی سەرەکی وەڵامدانەوەی گۆڕانکارییەکانی پەیوەندیی تاڵیبان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕکابەری هەرێمی ئێران و سعودیەی عەرەبی و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەب، هەروەها پەیوەندییەکانی خودی ئێران لەگەڵ واشنتۆن. لە دە ساڵی ڕابردوودا واقیعی سیاسی و ئەمنی لە ئەفغانستان و ناوچەکە، تێوەگلانی ئێرانی لەگەڵ تاڵیبان پشتڕاست کردووەتەوە، لە هەمان کاتدا نیگەرانییە ئایدۆلۆژییەکانیش پشتیان گرتووە.
دەستپێکی بەشدارییەکی وریایانە
لە ساڵی ٢٠٠١، ئێران هاوکاریی ئەمەریکای کرد لە وەلانانی تاڵیبان، بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانی باکوور کە تاجیک و ئۆزبەک و گرووپە شیعەکانی لەخۆ دەگرت. لە کۆنفڕانسی بۆن، ئێران ڕۆڵێکی بونیادنەرانەی گێڕا لە گەیشتن بە بەیاننامەی بۆن لەسەر حکومەتی کاتیی پاش تاڵیبان و دەستووری کاتی بۆ ئەفغانستان. تاران هەڵوێستێکی پرۆدیموکراتی و دژەتیرۆریزمی هەبوو، سوور بوو لەسەر ئەوەی کە لە دەستوورە کاتییەکەدا هەڵبژاردنی ئەفغانستان و هاوکاریی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکەدا جێگیر بکرێت.
لە سەردەمی پۆستتاڵیباندا، بەرژەوەندیی ئاسایشی ئێران لە سنووری ڕۆژهەڵاتی، پشکی سەرەکی لە یارمەتییەکانی قەرەبووکردنەوەی پارێزگای هیرات بە ئێران دراوە. لەوێدا یەکێک لە پڕۆژە لەپێشینەکانی ئێران لە ئەفغانستان، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی (IRGC) ڕێگایەکی لە سنووری دۆغارۆن/ئیسلام قەڵا بۆ هیرات بە تێچووی ٦٠ ملیۆن دۆلار بنیات نا. ئێران زیاتر لە ٦٦٠ ملیۆن دۆلاری لە ٢٢٥کم هێڵی ئاسنی لە خافەوە کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران بۆ هیرات؛ وەبەرهێنان کردووە. بەشێکی ١٤٠کم هێڵەکە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ کرایەوە. ئەم پڕۆژانە بەئامانجی دروستکردنی بواری کاریگەریی ئابووریی ئێران لە هیرات دەکران و بە شێوەیەکی نهێنی دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ تاجیکستان و ئۆزبەکستان کە هاوسنوورن لەگەڵ ئەفغانستان.
شایەنی ئاماژەپێکردنە هیرات لە ڕووی کولتووری و مێژووییەوە بەشێک بووە لە ئێرانی مەزن، ئەمەش پاش چەندین هەوڵی شکستخواردوو بۆ سەپاندنی هەژموونی ئێرانی بەسەریدا بۆ ماوەی زیاتر لە نیوسەدە. لە ساڵی ١٨٥٧، ئێران بە پەیمانێکی ئاشتی کۆتایی بە شەڕی ئەنگلۆ فارسی هێنا و وازی لە بانگەشەی خاکی بەسەر هیرات هێنا. بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی لەگەڵ واشنتۆن لەهەمبەر پڕۆگرامە ناوەکییەکەی، ئێران ناچار بوو جارێکی تر خۆی لە تاڵیبان نزیک بکاتەوە، پاش ئەوەی سەرۆک بوش ئێرانی وەک بەشێک لە “تەوری خراپە” دیاری کرد، بەهۆی لە ٢٠٠٧ کاتێک داواکاریی مانگرتنەکانی پێش هەڵوەشانەوەی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران لە واشنتۆن لە هەڵکشاندا بوو، ئێران سیاسەتی خۆی لە پشتگیریکردنی حکومەتەکەی کارەزای وەک سەنگەرێک دژی تاڵیبان و ئەلقاعیدە گۆڕی بۆ فراوانکردن و پشتگیری لە تاڵیبان بەئامانجی دروستکردنی نائارامی بۆ سەربازانی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا. ڕۆڵی ئێران لە شانۆی ململانێکاندا بۆ نموونە لە عێراق و ئەفغانستان، بەشێک بوو لە گەشەپێدانی ستراتیژی لە ڕێگەی تێوەگلاندنی هێزە ئەنتی ئێرانییەکان لە دەرەوەی سنووری ئێران.
بەشداریی ئێران لە پڕۆسەی ئاشتیی ئەفغانستان، جیاواز لە ئێستا و لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا، کاتێک ئێران تاڵیبانی وەک گرووپێکی توندئاژۆی سوننەی سپۆنسەری سعودیە و نوێنەری ئەمەریکا دەبینی کە بەشوێن بەرەنگاربوونەوەی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوەن، ئێستاش تاڵیبان وەکوو ئەکتەرێکی ناوخۆی ئەفغانستان دەبینێت. لە ساڵی٢٠١٤، لەگەڵ دەرکەوتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، بەڕوونی لەلایەن تارانەوە وەکوو دژەشیعە و هەڕەشەیەکی جیهانی بینران لەسەر سنووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئێران. دیدی تاران بۆ تاڵیبان مامناوەند بوو، بەئامانجی ناچارکردنی کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان. تاران پشتگیری و پشتیوانیی لە تاڵیبان کرد وەکوو کارەکتەری یاسایی لە پڕۆسەی سەقامگیریی ئەفغانستان، تەنانەت وەکوو درێژدان بە سیاسەتە نەگۆڕەکەی لە ڕێگەنەدان بە حوکمی فرەیی پشتۆنەکان یان کۆنترۆڵی تەواوی وڵات لەلایەن تاڵیبانەوە لە ڕێگەی شەڕەوە.
ئەم تێڕوانینە فەرمییە لە کاتێکدا بوو کە تاڵیبان لە پێشڕەویی خێرادا بوو لە سەرانسەری وڵاتدا، بەڵام لەلایەن کەسانی گرنگی بازنەی ئایینی-سیاسییەوە لە ئێران ڕەخنەی لێ گیرا، دوای ئەوەی ڕۆژنامەی کەیهانی بناژۆخوازەکان کە بەڕێوەبەرەکەی لەلایەن ڕابەری باڵاوە دانراوە، لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ دەنووسێت کە “تاڵیبانی ئێستا جیاوازە لەو تاڵیبانەی کە پێشتر دەمانناسی و خەڵکی سەر دەبڕی”، ئایەتوڵا ئەسەدوڵابیات زەنجانی لە کۆمەڵەی ڕیفۆرمخوازانی پیاوانی ئایینیی شەڕکەر ڕەخنەی لەم وێناکردنەی تاڵیبان وەک هیزێکی میانەڕەو گرت، لە کاتێکدا تاڵیبانی وەک گرووپی داعشی ڕادیکاڵ و توندئاژۆ و تیرۆریست ناوزەد کرد، ئاماژەی بەوەش دا کە دەکرێت هاوشێوەیەکی ئیسلامی شیعیی فەندەمێنتاڵ لە ئێران لەدایک ببێت لە ئەنجامی گرنگینەدان بە توندئاژۆیی و بێبەزەییانە خوێندنەوەی ئیسلام. لە ١٥ی تەممووز، ئایەتوڵای گەورەی قوم؛ ئایەتوڵا لوتفڵا سافی گول پایەگانی کە مەرجەعی باڵایە و “سیمبولی ئایینی و مەزهەبی” لە ئێران دەژی، ڕایگەیاند متمانەکردن بە تاڵیبان هەڵەیەک بوو ڕاستکردنەوەی مەحاڵە. لە سەرەتای تەممووز، لەناو هەڵکشانی توندوتیژی و وتوێژی لایەنەکانی ئەفغانستان لە قەتەر، تاران بەشوێن پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە دیپلۆماسییەدا دەگەڕا بە ڕێگەی میوانداریکردنی نوێنەرانی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان.
لە کاتی وتوێژەکانی نێوان لایەنەکانی ئەفغانستان لە ٨ و ٩ی تەممووز، جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە پاش بیست ساڵ شەڕ، هێشتا ئەمەریکا لە ئەفغانستان بەدەست شکستەوە دەناڵێنێت، لە کاتێکدا داوای لە هەردوو لا دەکرد پابەندی چارەسەرێکی سیاسییانە بن. زەریف بەردەوام بوو و تاڵیبانی وەکوو هاوبەشی جیهاد ناوزەد کرد دژی داگیرکەرانی بیانی بەتایبەت ئەمەریکا. لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی تاڵیبان بە سەرکردایەتیی مەلا عەبدولغەنی برادەر، عەلی شمخانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران؛ وتی: کە ئێران لە ئەفغانستان دان بە هیچ گرووپێکدا نانێت کە بە شەڕ دەسەڵات بگرێتە دەست، هەر بۆیە ئێران جەخت لەسەر چارەسەری سیاسی دەکاتەوە بۆ ململانێکانی ئەفغانستان. لە هەمان کاتدا وەک ئاماژەیەک بۆ تاڵیبان وتی: ئێران دان بە “ئیمارەتێکی ئیسلامیی ئەفغانیدا” نانێت کە ئەوان زۆرینەی بن.
لە کاتێکدا ئێران میوانداریی وتوێژەکانی ئەفغانستانی دەکرد، تاڵیبان ئیسلام قەڵای کۆنترۆڵ کرد کە گەورەترین ڕێگای ئەفغانستانە لەگەڵ ئێران و دوو ڕێگای تری ئەبو ناسر فەرحی لە هەرێمی فەرح و زارانج لە هەرێمی نیمروز بە شێوەیەکی خێرا کۆنترۆڵ کرد. بەرپرسیارێتیی بەرگری لە سنووری ١٤٥کم ئێران لەگەڵ ئەفغانستان لە ئەستۆی ئەرتەش (سوپا)ی ئێرانە، بەڵام هەر دوای کۆنترۆڵی هیرات لەلایەن تاڵیبانەوە، مەترسیی کۆچی بەکۆمەڵ بۆ ناو ئێران هاتە ئاراوە. حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران (IRGC) ئەو پڕوپاگەندانەی بەدرۆ خستەوە کە باسی پێکدادانی نێوان تاڵیبان و پاسەوانی سنووری ئێران دەکات. سەلامی ڕایگەیاند کە “پێویستە خەڵکی بە هیچ شێوەیەک نیگەران نەبن، چونکە مەودای چاودێریکردنمان لەسەروو سنوورەکانەوەیە، ئێمە چاودێری و کۆنترۆڵی هەموو بەرەوپێشچوونێک لە وڵاتی دراوسێدا دەکەین”.
هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە نزیکەوە کاری لەگەڵ هاوپەیمانەکانی باکوور دەکرد هەتا کەوتنی حکومەتی تاڵیبان لە ٢٠٠١. ئیسماعیل قائانی بەرپرسی ئێستای هێزی قودس، ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە دروستکردنی دابەشبوونی فاتمیون کە لەو میلیشیا شیعانەی ئەفغانستان پێک دێت کە شەڕ لە بەرژەوەندیی حکومەتی ئەسەد دەکەن لە سووریا و شانبەشانی حوثییەکانی یەمەن. لە ٢٠ی تەممووز دابەشبوونەکە بەیاننامەیەکی فەرمیی بڵاو کردەوە کە تیایدا لۆمەی “میدیای زایۆنیستی-ئەمەریکی”ی دەکرد سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی کە گوایە ئەندامەکانی لە مەیدانی جەنگدان لە ئەفغانستان. لە کاتێکدا کە ئێران تاڵیبانی پەلکێشی چارەسەرێکی سیاسیی ئاشتییانە دەکرد، لەسەر فریودانەکانی بەردەوام بوو لە بڵاوەپێکردنی فاتمیونەکان لەجیاتیی کەمینە شیعەکانی ئەفغانستان.
ئیسماعیل خان؛ جەنگاوەری پێشوو و ئەندامی دیاری میلیشیاکانی حەشدی هاوپەیمانی باکوور، شانبەشانی هیزی ئاسایشی نیشتمانیی ئەفغانستان (ANSF) لە دژی پێشکەوتنەکانی تاڵیبان بۆ ناو هیرات بۆ ماوەی دوو هەفتە وەستایەوە. هەر چۆنێک بێت کاتێک تاڵیبان شاری هیراتی لە ١٣ی ئابدا کۆنترۆڵ کرد، پارێزگاری هیرات و ئیسماعیل خانی دەستبەسەر کرد کە دوای خۆبەدەستەوەدانی؛ تاڵیبان ڕێگەی دا بەسەلامەتی بڕواتە ئێران. وا دیارە کە ئێران زۆر بەپەرۆش بووە بۆ خۆلادان لەو پێکدادانانەی کە دەبنە هۆی ناسەقامگیریی ئەمنیی زیاتر و پەڕینەوەی کۆچبەرانی سنوورەکان بۆ ناو ئێران، بەڵام دابەشبوونی فاتمیون و کاریگەریی ئێران لەسەر جەنگاوەرانی پێشوو وەک ئامرازێکی گرنگی هێزی تاران، مانەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکەی کە فەرمانڕەوایی نوێ لە ئەفغانستان بە شێوەیەکی تایبەتی تاڵیبان تیایدا باڵادەست نەبێت.
سەید ڕەسوڵ موسەوی؛ جێگری وەزیری دەرەوە و بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ئاسیای باشوور لە کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، باسی کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەکەی نێوان شاندی تاڵیبان و نوێنەرانی حکومەتی ئەفغانستان دەکات و دەڵێت: “بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی تاران تیمێکی لێهاتوو بوون و گرووپێک بوون کە بڕوایان بە سیستمی کۆماری هەبوو”. موسەوی درێژەی پێ دەدات و دەڵێت: کە چۆن ئێران دەستپێشخەریی بۆ نێوەندگیریی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان کردووە لە کاتی سەردانێکی محەمەد حەنیف ئەتمەر بۆ تاران، دواتر ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەفغانستان لە تەممووزی ٢٠١٧ و چۆن بابەتەکە بەرز کرایەوە لەلایەن عەلی شەمخانییەوە کاتێک جێگرەوەی ئەتمەر؛ حەمدوڵاموهیبی بینی لە کانوونی دووەمی ٢٠١٨. زیادەڕۆیی ئێران بۆ نێوەندگیری، سەرچاوەکەی لە نیگەرانییەتی دەربارەی دەرکەوتن و پەرەسەندنی داعش وەکوو “تیرۆریستی تەکفیری” لەلایەن ئێران و هاوپەیمانەکانی.
ڕکابەری هەرێمی
سیمایەکی گرنگی ئاسایشی ئێران جەختی کردووەتە سەر نزیکبوونەوەی هەرێمایەتی وەک دژایەتییەک بۆ نزیکبوونەوەی نێودەوڵەتی بە هاوکاریی بەخشەران و هاوبەشانی ئەمنی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا. بەم جۆرە پێویستە کێشە و قەیرانە هەرێمییەکان بە هاوبەشی و هاوکاریی چالاکیی نێوان یاریکەرە هەرێمییەکان چارەسەر بکرێت. تاران لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی بەیجینگ و مۆسکۆ تێدەگات دەربارەی پەرەسەندنەکانی دەوڵەتی ئیسلامی-پارێزگای خوراسان (IS_K) لەو ناوچەیەی کە سنووری ئۆزبەکستان و تاجیکستان و چینە. لە ئێستادا ئەوان ڕێک کەوتوون لەسەر سیاسەتی تێوەگلاندنی تاڵیبان لە پاراستنی سنوورەکان و هێنانی سەقامگیری بۆ ئەفغانستان.
لە ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠٠١، ئێران بەشێک بوو لە چوارچێوەی کاری “٦+٢” کە پێک هاتبوو لە چوار وڵاتی هاوسنووری ئەفغانستان کە چین، ئێران، پاکستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستان لەگەڵ ئەمەریکا و ڕووسیا. گریمانەی گرنگی چوارچێوەکە بریتی بوو لەوەی کە ململانێکانی ئەفغانستان ناتوانرێت چارەسەر بکرێت بەبێ دەستتێوەردانی وڵاتانی دراوسێی.
لەژێر پارێزبەندیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، چوارچێوەی “٦+٢” گفتوگۆی ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە سیاسییانەی کرد کە بە هۆی شەڕی ناوخۆیی پاش کشانەوەی سۆڤیەت لە ١٩٨٩ دروست بووبوون، هاوکاریکردنی لە دامەزراندنی نوێنەرایەتییەکی فراوان، حکومەتێکی فرە ئیتنیکی کە هاوپەیمانی باکووری ئەفغانستانیش لەخۆ بگرێت. دواتر گرووپەکە ڕۆڵی گێڕا لە دامەزراندنی حکومەتێکی پۆستتاڵیبان بۆ ئەفغانستان.
ئەنتۆنی بلنکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە نامەیەکدا بۆ سەرۆک ئەشرەف غەنی لە مارسی ٢٠٢١دا، پێشنیاری نزیکبوونەوەیەکی هەرێمیی کردبوو لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کاریگەرییان لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ئەفغانستان هەیە کە دەتوانێت هاوکار بێت لە بەرجەستەکردنی ئاشتیدا. وەک بەشێک لە هەوڵێکی دیبلۆماسیی باڵا، ئەمەریکا ویستی داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بۆ گرێدانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە و نێردراوانی وڵاتانی ڕووسیا، چین، پاکستان، ئێران و ئەمەریکا بە مەبەستی وتوێژکردن لەسەر نزیکبوونەوەیەکی هاوبەش بۆ پشتگیریی پڕۆسەی ئاشتی لە ئەفغانستان. هەر چەندە دانیشتنێکی لەم شێوەیە ئەنجام نەدرا، بەڵام تاران دیدێکی پۆزەتیڤی هەبوو لەهەمبەر ئەگەری کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە وڵاتانی ناوچەکە لەسەر ئەفغانستان.
لە مارسی ٢٠٢١دا، ئێران لەلایەن مۆسکۆوە بانگهێشت کرا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی “درێژکراوەی ترۆیکا” بە بەشداریی چین و ئەمەریکا و ڕووسیا، کە “ترۆیکا” پێک دەهێنن کە ڕاوێژی ئاسایی لەخۆ دەگرێت سەبارەت بە ئەفغانستان لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ پاکستان. ئێران ناچار بوو بانگهێشتەکە ڕەت بکاتەوە، لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوو بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن لە کاتێکدا ئەو دوو وڵاتە سەرقاڵی وتوێژی ناڕاستەوخۆ بوون بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوەکی. لەلایەن خۆیەوە ئێران کە خۆی و هیندستان وەک کێشێکی هاوسەنگ بۆ پاکستان لە ئەفغانستان دەبینێت، بەخێرهاتنی “هەوڵەکانی نیودەلهیی بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ئەفغانستان” کرد.
لەو سۆنگەیەوە کە ئێران بڕیارە هاوشانی ڕووسیا، پاکستان و چین ڕۆڵێکی گرنگی دیبلۆماسیی کاریگەر بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی کابووڵ بگێڕێت، ئامانجەکانی لەو وڵاتەدا بەو مانایە دێت کە پشتگیری لە دەسەڵاتێکی گشتگیر و نموونەیی دەکات. هەر چۆنێک بێت تاران لەوانەیە دووبارە بیر بکاتەوە لە دۆخی ئێستای دیبلۆماسیەتی لەبەرانبەر تاڵیبان، ئەگەر نامەی ڕەوانبێژیی پێکهێنانی ”حکومەتی گشتگیر” لەگەڵ کات بسەلمێت کە چیرۆکێکی خەیاڵییە.
لینكی بابەت:
The Iranian Approach to the Taliban: Understanding
Changes and Continuities – Indian Council
of World Affairs (Government of India) (icwa.in)
وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (١) تشرینی یهكهمی ٢٠٢١ ساڵی یەکەم.