ڕیشە فیكرییەكانی تاڵیبان و قاعیدە
ئەحمەد ئەلڕەمح – توێژەری ئیسلامی سیاسی
ئامادەكردن و وەرگێڕان: ئەژی ئازاد ئەبوبكر
پەیوەندی نێوان سۆفیگەری و بیروباوەڕەكانی تاڵیبان
دارلعلومی دیوبەندی (كە ناوەكەی لە گوندی دیوبەند لە هیندستان وەرگیراوە) لە كۆنترین قوتابخانە ئیسلامییەكانە و بە ئەزهەری هیندستان ناوبانگی دەركردووە، چونكە شوێنی كۆبوونەوەی بەشێكی زۆر لە خوێندكارانی ئۆردو زمانی خوازیاری شەریعەتی ئیسلام و وتاربێژانی زمانە ڕۆژهەڵاتییەكانە.
لە دیدی ئەكادیمییەوە، دارلعلومی دیوبەندی قوتابخانەیەكی ئیسلامییە كە لەسەر بنەمای بیروباوەڕی ئەشعەری بوونیادنراوە كە بەشێكی زۆر لە سوننە مەزهەبەكان بڕوایان پێیەتی. زۆرینەی ئەشعەرییەكان جیا لە پابەندی تەواوەتیان بۆ ئەم قوتابخانە فیكرییە حەنەفییە، لە هۆگرانی تەریقەتە سۆفیگەرییەكانیشن. گرووپی تاڵیبانیش لە بڕوادارانی ئەم قوتابخانە فیكرییە بوون، بەڵام لەدوای چوونە دەرەوەی یەكێتی سۆڤێت لە ئەفغانستان، گۆڕانی بەسەر ڕێبازی خۆی هێنا. لەپاش دەرچوونی یەكێتی سۆڤێت لە ئەفغانستان، پێكهەڵپژانێكی توند لە نێو سەركردەكانی ئەفغانستان لەسەر ڕابەرایەتی ئەفغانستانی پاش یەكێتی سۆڤێت هاتەكایەوە.
دەرهاویشتەی ئەم شەڕە لەسەر كۆمەڵگەی ئەفغانستان، گەندەڵییەكی گەورە بوو كە سەرباری دروستكردنی بێسەروبەری، برەوی بە قاچاخی مادە هۆشبەرەكان، چەك و دەركەوتنی زیانە كۆمەڵایەتییەكانی وەك هەژاری و ڕفاندنی كچان دا. بە زیادبوونی ئاڵۆزییەكان لە ئەفغانستانی پاش یەكێتی سۆڤێت، زۆرێك لە خەڵك دەستبەدامێنی خوێندكارانی دیوبەندی واتا تاڵیبان بوون بۆ ئەوەی ئارامی و جێگیرییەگ بۆ دۆخی تێكچووی وڵات بدەن. خوێندكارانی تاڵیبان كە لەو كاتەدا ناوبانگێكی باشیان دەركردبوو و لە شەڕی ناوخۆیی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، بەشداریان نەكردبوو، بە ڕابەرایەتی مەلا عومەر كە خۆی وەك «موجاهید»ێك بەشداری لە شەڕی دژ بە یەكێتی سۆڤێت كردبوو، توانیان كۆتایی بە ئاژاوەكانی وڵات بهێنن و دۆخی جێگیریی بۆ وڵات بگەڕێننەوە. ئەمە بووە هۆی ئەوەی تاڵیبان كەرامەت و ڕێزێك بۆ خۆی لە ناو خەڵكدا بەدەست بهێنێت و كۆمەڵگەی ئەفغان ئەوان ڕاسپێرن بۆ ئەوەی بە گژی یاخییەكانی تردا بچنەوە و لە وڵات بەدەریان بكەن.
لەم قۆناغەدا بوو كە پەیوەندییەكانی بزووتنەوەی تاڵیبان و موجاهیدینی عەرەب-ئەفغان بەهێزتر بوو. هەر وەك دیار بوو تاڵیبان بۆ ڕزگاركردنی ئەفغانستان لە سەركردە یاخییەكان، پێویستی بە یارمەتی دارایی هەبوو. هەر بۆیە ڕێككەوتنێكی شوم لە نێوان موجاهیدینی عەرەب – ئەفغان و مەلا عومەر بەسترا، لەسەر ئەو بنەمایە موجاهیدینی عەرەب – ئەفغان ڕەزامەندیان دەربڕی كە بە ناردنی پارە و پێدانی ئەزموونی بازرگانی و سەربازی بە تاڵیبان پشتیوانیان بكەن و پشتگیری دارایی وڵاتانی كەنداو بۆ تاڵیبان سنوردار بكەن، لە بەرامبەردا تاڵیبان پابەند كرا بیروباوەڕی خۆی لە ئەشعەرییەوە بۆ سەلەفیەت بگۆڕێت.
ئەم بزووتنەوەیە لە سەرەتای دروستبوونەوە تا ئەو كاتەی بوونی خۆی دەرخست، سوودی لە یارمەتییە لوجستی و داراییەكانی عەرەبستانی سعودی وەردەگرت. عەرەبستانی سعودی ساڵانە و لە ڕێگەی دامەزراوە خێرخوازەكانەوە یارمەتی دارایی پێویستی بۆ دابینكردنی تێچوونەكانی دوو زانكۆ، شەش بنكەی پزیشكی و پێداویستی 004 منداڵی بێسەرپەرشت پێشكەش دەكرد.
ئەم گۆڕانكارییە لە پەروەردە ئایینییەكان بە قورسی لەسەر تاڵیبان نەكەوت، چونكە قوتابخانەی هیندی دیوبەندی بە توندی لە ژێر كاریگەری سوننەتی نەبەوی بوو. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، مەیلی تاڵیبان بۆ پەروەردە سەلەفییەكان بووە هۆی ئەوەی ئەمان لە باوەڕە سوفیگەرییەكانی خۆیان مەودا بگرن و نەك تەنیا هەوڵی بە دزێو كردنی بیروباوەڕە سۆفیگەرییەكان بدەن، بەڵكو هاوتەریب لەگەڵ بیروباوەڕی سەلەفییەكانی ئەمڕۆ، سۆفیگەری بۆ جۆرێك لە «شرك» دابنێن و ڕەتی بكەنەوە. ئەم بۆچوونە سەبارەت بە گرووپە ئیسلامییە شەڕكەرەكانی وەكو موجاهیدین – كە لە خستنە دەرەوەی یەكێتی سۆڤێت ڕۆڵیان هەبوو- و بزووتنەوەكانی تر بە سەركردایەتی ئەحمەد شا مەسعود، یان ڕەبانی و ئەوانی تریش ڕاست بوو.
بە كورتی ڕێككەوتنی نێوان تاڵیبان و موجاهیدانی عەرەب-ئەفغان، ئاڕاستەی بیروباوەری تاڵیبانی لە ڕێڕەوی باوەڕە سۆفییە نەریتییەكانی ئەشعەری بۆ ئاڕاستەی سەلەفیی جیهادی گۆڕی، كە بە ڕەتكردنەوەی سۆفیگەری، تەكفیری ئەم قوتابخانەیان كرد.
هێڵە سەرەكییەكانی ئایدۆلۆجیای تاڵیبان
بنەماكانی بیروباوەڕی بزووتنەوەی تاڵیبان سەبارەت بە خوێندنی خوێندكارانی كوڕ بە شێوەیەكە كە ئەوان پێیانوایە خوێندكاران پێویستە لە قۆناغی سەرەتاییەوە تاوەكو ناوەندی و قۆناغە باڵاكانی تر، سەرقاڵی زانستە شەرعییە نەریتییەكان بن. دواتر پاش تەواوكردنی ئەم قۆناغانە، هەر كامێكیان پێویستە ساڵێك بە مەبەستی بەدەستهێنانی پسپۆڕی، بە تەواوی خەریكی خوێندنی زانستەكانی فەرموودە بن، قۆناغێك كە پێی دەڵێن «دورة الحدیث». زۆربەی مامۆستایانی زانستی فەرموودە، ڕەچەڵەكیان هیندییە و ئەمە بۆ بوونی دارلعلومی دیوبەندی لە هیندستان دەگەڕێتەوە. لە ماوەی خوێندندا و پاش تێپەڕاندنی قۆناغە جیاوازەكانی خوێندن، ئاستی زانستی خوێندكاران دەگۆڕدرێت و دەچنە ئاستە باڵاكانی تر. بەو خوێندكارەی كە لە سەرتاوە دەچێتە قوتابخانە پێی دەڵێن «طالب» كە تاك (مفرد)ی وشەی «طالبان»ە لە زمانی پەشتوو. هەر تاڵبێك دوای تێپەڕاندنی قۆناغە جیاوازەكان، ئاستی بۆ «مەلا» دەگۆڕدرێت. وشەی مەلا بۆ ئەو كەسانە بەكاردێت كە قۆناغە جیاوازەكانی خوێندنیان تێپەڕاندووە، بەڵام هێشتا تەواویان نەكردووە. لە كۆتایی قۆناغەكانی خوێندن، هەر مەلایەك پلەی «مەولەوی» وەردەگرێت، كە ئەمە كۆتا ئاستی خوێندنە. كەسێك كە دەبێتە مەولەوی، عەمامەیەك لەسەر دەكات و مۆڵەتی وانەوتنەوەی پێ دەدرێت.
بیروباوەڕەكانی قوتابخانەی فیكری دیوبەندی بووە زەمینەسازی نفوزی هەمەلایەنەی بیروباوەڕی جیهادیی سەلەفی لە زەینی تاڵیبان و لێرەوە بوو كە بیروباوەڕی سۆفیگەری تاڵیبان بۆ باوەڕی سەلەفیەت گۆڕدرا، ئەم گرووپە لە گرووپێكی سوننەتی-مەزهەبی و كاریگەر بە ئەزهەر و دیوبەندی بۆ بزووتنەوەیەكی زیندوو و چالاك گۆڕدرا. لە ئەنجامی ئەم گۆڕانكاریانە، تاڵیبان بەرگێكی تری لەبەر كرد و بوو بە نوێنەری عەیار تەواوی ئیسلامی سیاسی كە خاوەنی قوتابخانەیەكی فیكری تایبەت بەخۆی بوو. قوتابخانەیەك كە زۆرترین لێكچوونی لەگەڵ ئیسلامی سیاسیی سەلەفیی جیهادی، یان ئیخوان موسلمین، یان حزبی تەحریری ئیسلامی هەیە. ئایدۆلۆجیای تاڵیبان لەسەر ئەم بنەمایانە وەستاوە.
1-جێگیركردنی حكومەتی ئیسلامی كە درێژەدەری خیلافەتی خەلیفەكانی ڕاشیدینە؛ لێرەدا گرنگە ئەوە بزانین كە ئەم حكومەتە درێژەدەری خیلافەتە، نەك حكومەتێك كە بەهێز (بالقوة) بانگەشەی خیلافەت بكات. لە ڕاستیدا تاڵیبان بڕوای بە حكومەتێكە كە بە دەستی میرەكان «امرا» بەڕێوە بچێت و دەستەواژەی ئەمیرەكان لە مانا تایبەتییە فەندەمێنتالیزمەكەی بەكار دەبەن. حكومەتی پێشنیاركراوی تاڵیبان، دانیشتوانێكی دیاریكراوی لە ناوچەیەكی جوگرافیایی تایبەت هەیە و تەنیا بە یەك ئایدۆلۆجیا – كە لەسەر هەموان سەپێندراوە- بەڕێوە دەبرێت و هەر كەسێك كە لە بازنەی ئەم حكومەتەدا بێت، مافی دژایەتی، یان لادانی لە ئایدۆلۆجیای باڵادەست نییە. سنوری جوگرافیایی تەنیا جیاوازی نێوان حكومەتی پێشنیاركراوی تاڵیبان و خیلافەتی ئیسلامییە كە بڕوای بە سنور و جوگرافیای تایبەت نییە.
ئایدۆلۆجیای تاڵیبان لەسەر ئەم بنەمایە ڕاوەستاوە كە لە دوای سڕینەوەی گرووپ و حزبە بەرهەڵستكارەكان، دەبێت ئیسلام ببێتە تاكە ئایینی باڵادەست لە كۆمەڵگە و یاساكانی وڵاتیش دەبێت لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلام (لە ڕوانگەی ئایدۆلۆجیای سەلەفی) بنووسرێت.
2-حكومەتێك كە ڕابەرایەتی كۆمەڵگە لە ئەستۆ دەگرێت، پێوستە حكومەتێكی مەزهەبی بێت و ڕابەرانی ئەم حكومەتەش پێوستە لە نێو زانایانی وەفادار بە بزووتنەوەی تاڵیبان دیاری بكرێن.
3-سەرۆكی دەوڵەت پێویستە لە بڕوادارانی ئامانجەكانی تاڵیبان و لە ئیماندارە ڕاستەقینەكانی ئایدۆلۆجیای بەرنگاربوونەی ئەوان بێت. دادگاكانی وڵات پێویستە لەسەر بنەمای ئەحكامی ئیسلام بەڕێوە بچن، نەك ئەحكامی مەدەنی، پێویستە لە پەسەندكردن و جێبەجێكردنی ئەحكامەكان، سەربەخۆ لە دامەزراوەكانی تری حكومەت كار بكات.
4-بەردی بناغەی ئایدۆلۆجیای نوێی تاڵیبان لەسەر لایەكانی سێ گۆشەیەكی گرنگ بنیادنراوە:
گۆشەی یەكەم: شیاوێتی وەلی ئەمر
تەنیا كەسانێك شایستەیی بەڕێوەبردنی حكومەتیان هەیە، كە بڕوایان وابێت هیچ قوتابخانەیەك لە ئیسلامدا لە قوتابخانەی سەلەفیەت سەرووتر نییە. بۆیە هەر حاكمێك كە بڕوای بە ئوسوڵی سەلەفیەت هەبێت، حاكمێكی شەرعی و یاساییە و پێچەوانەكەشی ڕاستە.
گۆشەی دووەم: چاكسازی فیقهی سوننەتی
فیقهێك كە لە ئەنجامی بیروباوەڕەكانی چوار مەزهەبی ئەهلی سوننە هاتووەتە كایەوە كە كۆمەڵێك كەلێن لەخۆدەگرێت سەبارەت بە كردار و سروتی خواپەرستی، مامەڵە و … تاد، كە پێویستی بە پێداچوونەوەیە.
گۆشەی سێیەم: جیهادی بەرگری
سنوری جیهادی بەرگری پێویستە دوورخستنەوەی دەستدرێژی دوژمنی دەرەكی و ناوخۆیی بگرێتەوە كە بەهاكانی تاڵیبان رەتدەكەنەوە. بە مانایەكی تر، تاڵیبان لە نێوان خۆی و بزووتنەی سەلەفیی جیهادی – كە بڕوای بە جیهادی بەرگری و جیهادی داواكاری (طلب) دەرەوەی سنورەكانی دەوڵەتی ئیسلامی هەیە- جیاوازی دەكات.
1-تاڵیبان، دیموكراسی بە «شرك» دەزانێت و بۆ كۆمەڵگە ڕێگەپێدراو نییە، چونكە دیموكراسی مافی دانانی یاسا بە خەڵك دەبەخشێت، نەك خوا. بۆیە بۆ بەڵگەهێنانەوە بۆ ئەم بیروباوەڕەی خۆیان، سوود لە بۆچوونەكانی سەید ئەبو ئەعلا مەودودی كە بە درێژی لە كتێبی «حاكمیەت» باسی كردووە وەردەگرن و بۆی دەگەڕێنەوە. بزووتنەی تاڵیبان، دانانی دەستوور، یان دیاریكردنی پەیڕەونامە بۆ ڕێكخستنی كاروباری وڵات بە پێوست نازانێت و قورئان و سوننەت بە دەستووری بنەڕەتی وڵات ئەژمار دەكات. ڕابەری ئەم بزووتنەوەیە بە ڕاشكاوی حزبایەتی (دروستكردنی حزبی سیاسی) ڕەتدەكاتەوە، چونكە بە بڕوای ئەو: «ئەم بابەتە دەبێتە هۆی لێكترازان لە كۆمەڵگەدا، چونكە بابەتی حزبایەتی لەسەر بنەمای جیاوازییە نەتەوەیی، هۆزایەتی و زمانییەكان دێتەكایەوە و ئەمە خۆی نموونەیەكی دەمارگیرییەكانی سەردەمی نەفامییە، كە بووەتە هۆی دروستبوونی كێشەی گەورە و دوژمنایەتی و دووڕوویی لە نێوان خەڵكدا».
كاریگەریی بیروباوەڕەكانی سەید قوتب
پێدەچێت بۆچوونەكانی سەید قوتب، ئیلهامبەخشی ئایدۆلۆجیای سەلەفیی جیهادی ئەمڕۆ بێت، كە تاڵیبان بڕوای پێیەتی. سەید قوتب بە خستنەڕووی بۆچوونە مشتومڕهەڵگرەكانی لە دەیەی شەشەمی سەدەی بیستی زایینی و ناساندنی چەمكەكانی وەك نەفامی و حاكمیەتی خوا لە سەردەمێك كە دوژمنایەتی نێوان جەمال عەبدولناسر لەگەڵ ئیخوان گەیشتبووە بەرزترین ڕادەی خۆی، بووە دەستپێكی ئایدۆلۆجیایەك، كە دواتر كاریگەرییەكی قووڵی لە سەر بۆچوونەكانی تاڵیبان جێهێشت. قوتب سەبارەت بە پێویستیی جیهاد تا ئەو كاتەی حكومەتی خوا لە سەر زەوی دەچەسپێت دەڵێت: «چەسپاندنی حكومەتی خوا لەسەر زەوی، لەناوبردنی حكومەتەكانی مرۆڤ و وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە زەوتكەران و پێدانەوەی بە خوا، جێبەجێكردنی یاساكانی خوا و هەڵوەشاندنەوەی یاساكانی مرۆڤ، هەموو ئەمانە تەنیا بە بانگەشەی ئایین و ڕوونكردنەوەی (مكاشفه) فەرمانی خوا نایەتە دەست. چونكە كەسانێك كە دەستیان گرتووە بەسەر حكومەتدا، ڕەوایی خواوەندی و پێوەری بەندایەتیان خستووەتە ملی خەڵك، بە بانگەشەی ئایین و ڕوونكردنەوەی فەرمانی خواوەندی تەسلیمی فەرمانی خوا نابن، ئەگەر وا بوایە تۆ بڵێی پێغەمبەران بە ئامانجی جێگیركردنی ئایینی خوا لەسەر زەوی ئەوەندە دەرد و ئازاریان نەدەكێشا! ئەمە تەواو پێچەوانەی ئەوەیە كە لە مێژووی ژیانی پێغەمبەران –ڕەحمەتی خوایان لێ بێت- یان مێژووی ژیانیی ئەم ئایینە بە تێپەڕبوونی نەوەكان لێی تێگەیشتووین».
لێرەدا سەید قوتب ڕاشكاوانە ڕایدەگەیەنێت، چی تر بانگەشەی دینداری و بانگهێشتكردن بۆ ئاوەزكاری و ئامۆژگاری، كۆمەڵە كرداری پووچن و پێگەیەكیان لە ئایدۆلۆجیای ئەو و هاوپۆلەكانی نییە و تەنیا شمشێرە كە لە نێوان ئەمان و خەڵكی تری ئەم زەوییە دادوەری دەكات. بزووتنەوەی سەلەفیی جیهادی بە پشتبەستن بە ئەم شێوازە لە بیروڕا هەوڵ دەدەات حوكمە شەرعییەكان لە كۆمەڵگەدا جێبەجێ بكات و پێداگرانە و بەبێ گوێدان بە كرداری پلە بە پلەی ئەحكامەكان، لەسەر ئەو بڕوایەیە كە كۆمەڵگە پێویستە بەبێ هیچ دوودڵییەك وەرگری ئەحكامەكانی سەرەوە بێت و بەپێی ئەوانە ڕەفتار بكات. ئیستا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە كە ئایا ئەم وتانە بەهای فیقهیان هەیە، یان نا؟
هەڵبەت ئەگەر ئێمە لە بۆچوونەكانی سەید قوتب سەبارەت بە جیهاد، حاكمیەت و … تاد وردتر ببینەوە، بۆمان دەردەكەوێت كە بیروڕاكانی قوتب، نووسینەوەی دووبارەی دەقی بۆچوونەكانی ئەبوو ئەعلا مەودودییە، هەر ئەو كەسەی كە زۆرێك پێیانوایە «باوكی ڕۆحی ئیسلامی سیاسی»یە. كتێبەكانی مەودودی سەرچاوەی سەرەكی زانایانی سەلەفیی جیهادییە؛ بن لادن و زەواهیری لەژێر كاریگەری ئەودا بوون و لە ئەنجامدا جیهادیی سەلەفی بە بزووتنەوەیەكی پێشكەوتوتر لە بزووتنەوەی ئیخوان موسلمینیان دەزانی و ئەمە هەر ئەو شتە بوو كە مەودودی لە كتێبەكەیدا بە وردی باسی كردووە.
سەلەفیەت و فیقهی حەنبەلی
پەیوەندی سەلەفیەت بە فیقهی حەنبەلی و كاریگەری ئەم فیقهە لەسەر سەلەفییەكان روونە، فیقهی حەنبەلی دابەش بووە بە سەر وردە مەزهەبە جیاوازەكان و ئەم جیاوازییە –هەروەك شێخ ڕەبیع بن هادی مەدخەلی باسی دەكات- بەهۆی بۆچوونی زاڵی فیقهی حەنبەلییە كە دەرچوون (یاخی بوون) دژ بە حاكمی قەدەغە كردووە.
لەگەل ئەوەشدا، ڕەوتی سەلەفیی جیهادی ڕوونووسێكی ئاڵۆزتری ئایینزای حەنبەلییە؛ هەرچەندە زۆر وابەستەی ئیمام ئەحمەد بن حەنبەل نییە و تەنیا لە ئوسوڵی فیقهـ و شەرعی بۆ فەتواكانی ئیبن تەیمییە، یان نووسینەکانی خوێندكارەكەیەتی (ابن القیم) دەگەڕێنەوە، ئەگەر وەڵامی پرسیارەكانیان لە فەتواكانی ئیبن تەیمییە و خوێندكارەكەی دەست نەكەوت، بۆ بیروڕاكانی شێخ ناسرەدین ئەلبانی – باوكی ڕۆحی سەرجەم قوتابخانە سەلەفییەكانی هاوچەرخ- دەگەڕێنەوە. پێویستە بوترێت كە مەرجەعیەتی ئەلبانی، تەنیا مەرجەعیەتێكی فیقهییە، نەك سیاسی و بزووتنەوەیی، چونكە مەرجەعیەتی بزووتنەوەیی و سیاسی تایبەتە بە مەودودی و سەید قوتب.
پەیوەندی نێوان وەهابیەت و قاعیدە
سەبارەت بە جیاوازیی ستراتیجی فیقهی نێوان تاڵیبان و بزووتنەوەی سەلەفیی جیهادی بە سەركردایەتی بن لادن و زەواهیری، پێویستە ئەوە بوترێت كە بزووتنەوەی سەلەفیی جیهادی لە سەرەتای دەركەوتنی لە دەیەی نۆیەمی سەدەی بیست تاوەكو ئەمڕۆ لەسەر یەك بنەڕەتی سەرەكی بوونیادنراوە «هێنانەدی كرداریانەی ئاواتی دێرینە، كە بریتییە لەوەی شەرعی خوا لە سەر زەوی جێبەجێ بكرێت». بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بابەتە، بزووتنەوەی سەلەفیی جیهادی بڕوای بە سنورێكی دیاریكراوی جوگرافی نییە بۆ ئەوەی ببێتە خاڵی دەستپێكی جیهاد دژ بە جیهان و ئەمە خۆی مانایەكی تری جیهادی جیهانییە دژ بە نەیارەكانی و ئامانجەكەی بەدیهێنانی خیلافەتی ئیسلامە، كە تێیدا شەرعی ئیسلام جێبەجێ بكرێت.
بەشێك لەم ئاواتە ساڵی 1996 كاتێك تاڵیبان حكومەتێكی لە ئەفغانستان دامەزراند، هاتەدی و ئەوەش بریتی بوو لە ڕاكێشانی گەنجانی موجاهیدی بڕوادار بە ستراتیجی سەلەفیی جیهادی، كە لە سەرانسەری جیهان لە دەوری یەكتر كۆبوونەوە و دەستیاندایە جیهاد و بووە خاڵێك بۆ دەستپێكی جیهادی جیهانی.
سەلەفیەتی هاوچەرخ، چەندین چاكسازیان لە سەلەفیەتی سوننەتیدا كردووە، كە ئەنجامەكەی ئەوەیە ئایدۆلۆجیای سەلەفی لە ئەمڕۆدا جیاوازە لە سەلەفیەتی حەنبەلی و وەهابی. ئەم چاكسازیانە بە زۆری دوای ناكۆكییە بەناوبانگەكەی نێوان ڕابەرانی سەلەفی لەگەڵ ئەمەریكا و حاكمە عەرەبەكان و لە كاتی شەڕی دووەمی كەنداو ڕوویدا. لە هەناوی ئەم ڕووداوانەدا، سەلەفییەكان گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە جیهادیی سەرەتایی ئەركی هەر كەسێكی موسڵمانە. لە دوای ڕووخانی یەكێتی سۆڤێت، جیهان كەوتە شەڕی دژ بە ئیسلام، ئەمە وای كرد كە پێویستیی جیهادی جیهانی ڕۆژ لەدوای رۆژ زیاتر هەستی پێ بكرێت؛ ئەم ڕووداوانە پێكەوە بوونە هۆی ئەوەی كە ئایدۆلۆجیای سەلەفیەتی هاوچەرخ، بەشێوەیەكی گشتی و سەلەفیەتی جیهادی، بەشێوەیەكی تایبەت، لە دوو بابەتدا گۆڕانی بەسەردا بێت: یەكەم؛ شەرعیەتی حاكم و دووەم؛ چەمكی جیهاد و شێوازی ئەنجامدانی.
بناغەی ئایدۆلۆجیای سەلەفی نوێ لەسەر سێ لای سێگۆشەیەكی گرنگ بنیادنراوە:
گۆشەی یەكەم؛ شایستەیی وەلی ئەمر
لە وڵاتە ئیسلامییەكان تەنیا كەسانێك شایستەیی بەڕێوەبردنی حكومەتیان هەیە كە بڕوایان وابێت پێگەی هیچ قوتابخانەیەك لە ئیسلامدا لە قوتابخانەی سەلەفیەت بەرزتر نییە. بۆیە هەر حاكمێك كە بڕوای بە ئوسوڵی سەلەفیەت هەبێت، حاكمێكی شەرعی و یاساییە و پێچەوانەكەشی ڕاستە.
گۆشەی دووەم؛ چاكسازی فیقهی سوننەتی
فیقهێك كە لە ئەنجامی بیروباوەڕەكانی چوار مەزهەبی ئەهلی سوننە هاتووەتە كایەوە، كۆمەڵێك كەلێن لەخۆدەگرێت سەبارەت بە كردار و بۆنەكانی خواپەرستی، مامەڵە و … تاد، كە پێویستی بە پێداچوونەوەیە. زانا گەورەكانی عەرەبستانی سعودی چاكسازیان لەم بابەتانەدا كردووە. فەتوای سەرجەمیان، بەشێوەیەكی گشتی و فەتوای شێخ ناسرەدین ئەلبانی و شێخ عەبدولقادر ئەرنائووت –كە هەردووكیان لە بنەڕەتدا خەڵكی دیمەشقن- بەشێوەیەكی تایبەت، مەرجەعی سەرەكی سەلەفییەكانە بۆ جێبەجێكردنی سروتە ئایینییەكان.
گۆشەی سێیەم؛ جیهادی داواكاری
بزووتنەی سەلەفیی جیهادی لە چەمك و واتا و كرداری گۆشەی سێیەمدا لەگەڵ حاكمە عەرەبەكانی كەنداو و زانایانی سەلەفی هاوچەرخ جیاوازیان هەیە و ئەم جیاوازییە بووە هۆی پچڕانی پەیوەندییە لەرزۆكەكەی نێوان ئەم دوو گرووپە. لێرەوە دەتوانین لە ناكۆكییە نهێنییەكانی نێوان بن لادن و عەرەبستانی سعودی – دوای گەڕانەوەی بن لادن لە ئەفغانستان- تێبگەین. بزووتنەی سەلەفیی جیهادی سێیەمین گۆشەی بە جیهادی سەرەتایی ناوبردووە، كە جیهادێكی جیهانگیرە و جیهان دەخاتە ژێر كاریگەری خۆیەوە. بەو مانایەی جیهان بۆ دوو بەرە دابەشدەبێت: بەرەی كوفر و بەرەی ئیمان.
لەبیرمان بێت كە چۆن ئوسامە بن لادن جیهادی جیهانی ڕاگەیاند و ئەم وتارەی دا: «هەموو ئەم ڕووداوانە، جیهانی بۆ دوو بەرە دابەشكردووە: بەرەی ئێمانێك كە ڕواڵەتكاری و دووڕوویی ڕێی تێناچێت و بەرەی كوفر. خواوەند ئێمە و ئێوە بپارێزێت، مادام هەر موسڵمانێك پێویستە بە هانای ئایینەكەیەوە بچێت، ڕەشەبای ئیمان ھەڵی كردووە و ڕەشەباكانی گۆڕانكاری لە نیشتمانی محەممەد (د.خ) بۆ لەنێوبردنی باتڵ دەستی بە هەڵكردن كردووە».
كەوابوو ئەگەر هەر حكومەتێك لە هەر وڵاتێكی موسڵمان بتوانێت دوو گۆشەی سێ گۆشەكەی سەلەفییەكان لە كرداردا جێبەجێبكات، بەڵام نەتوانێت گۆشەی سێیەم –وەك ئەوەی بزووتنەوەی سەلەفیی جیهادی باسی دەكەن- جێبەجێ بكات، شەرعیەتی خۆی لەدەستدەدات و ڕووبەڕووبوونەی ئەو حكومەتە پێویستە! هەڵبەت زانایانی پەیڕەوی سەلەفیەتی نوێ، گۆشەی سێیەمی سێگۆگەشەكە بە واجبی شەرعی نازانن و جیهاد بە كارێكی پێویست دەزانن كە دەبێت فەرمانەكەی لە لایەن وەلی ئەمرەوە دەربچێت.
پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت كە جیهادی جیهانی تەنیا كاتێك شەرعیەتی دەبێت كە خەلیفە ویلایەتی شەرعی و یاسایی هەبێت. یەكەمیان خەلیفە لە ڕێگەی بەیعەتی تایبەت و دووەمیان لە ڕێگەی بەیعەتی گشتییەوە شەرعیەت بەدەست دەهێنێت.
سەبارەت بە بەیعەتی تایبەت: گرووپێك لە خەڵك كۆدەبنەوە و سەبارەت بە هەڵبژاردنی خەلیفە گفتوگۆ دەكەن. بۆ دیاریكردنی شەرعیەتی حاكم، خوازیاران پێویستە چوار مەرجیان هەبێت: (پێگەیشتوویی (بلوغ)، عەقڵگەرایی، بڕوابوون بە ئیسلام، بڕوابوون بە سەلەفیەت).
ئەگەر ئامادەبوان لە دانیشتنەكە توانیان بەپێی ئەم چوار مەرجە كەسێكی شایستە بۆ حكومەتداری بدۆزنەوە، بەیعەتی دەدەنێ و ئیتر ئەندامانی تری كۆمەڵگە پێویستە ملكەچی خەلیفەی نوێ بن. پاش بەیعەتی تایبەت، سەرەی بەیعەتی گشتی دێت و ئەمە ئەو كاتەیە كە خەڵكی بەگشتی لە ڕێگەی گرووپێك، كە ئەهلی راوێژن بەیعەت بە خەلیفە دەدەن.
لێرەوە تێدەگەین كە بۆچی داعش، ئەبوبەكر بەغدادی بە خەلیفەی شەرعیی هەموو موسڵمانانی جیهانیان دادەنا و هەركەسێك كە بەیعەتی پێنەدایە بە «موحاریب» دەناسێنرا و شەڕ لەگەڵیدا دەبووە واجبی شەرعی.
سەرچاوە:
ماڵپەڕی ئاسۆ https://www.aasoo.org/fa/articles/2915
وەرزنامەی ئایینناسی ژمارە (1) كانونی دووەمی (2023) ساڵی یەكەم