• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 27, 2023

کاریگەریی سوارچاکەکانی پەرستگا لە سەر ڕۆژئاوای هاوچەرخ

لایەنی کولتوور و دارایی

د. سەلام عەبدولقادر عەبدولڕەحمان

بەرایی

سوارچاکەکانی پەرستگا (The Knights Templar، یان بە کورتی: The Templars (تێمپڵەر))ی سەدەکانی ناوەڕاست، پاراستنی زیارەتکارە کریستیانە ئەورووپییەکانیان لەئەستۆ گرتبوو کە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانیان لە قودس دەکرد. سەرەتا، بەرپرسیارێتیی پاراستنی گیانی زیارەتکارەکانیان لەئەستۆ گرت، پاشان پارە و سامانیان. کاری تێمپڵەرەکان بە تەنها لە سەدەکانی ڕابردوودا قەتیس نەبووە، بەڵکوو کاریگەرییەکانی درێژ بووەتەوە بۆ سەردەمی ئێستای ڕۆژئاوا. کاپیتاڵیزم و سیستمی بانکیی نێودەوڵەتی، هەروەها کولتوورپارێزی (هاوشێوەی پاراستنی ئایینی مەسیحی) لە بەرانبەر کولتوور و ئایینی بێگانە، دوو لە دەرەنجامەکانی کاری تێمپڵەرەکانە. هەردوو دیاردەکە بەبێ سنووردارکردن سەر دەکێشێت بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان: کاپیتاڵیزم بەبێ دەستتێوەردانی دەوڵەت لە بەرژەوەندیی هەژاران و زیادەڕۆیی لە پاراستنی کولتوور لە بەرانبەر کەسانی بیانی، مەترسیی ڕاستەقینە لە سەر ئاسایشی تاک و کۆمەڵ و متمانە لە نێوانیاندا و هەروەها خۆشگوزەرانی و هاریکاری لە ناو کۆمەڵگادا دروست دەکات.

مێژووی تێمپڵەرەکان

سوارچاکەکانی پەرستگا، تێمپڵەرەکان، وەکوو هێزێکی چەکداری کریستیان، مەسیحی، لە ساڵی ١١١٩دا لە خاکی پیرۆز لە قودس دامەزرا لە لایەن ئەشرافێکی فەڕەنسییەوە بە ناوی هیوگ دو پایەنس (Hugues de Payens). ئەندامانی ئەم گرووپە لە شوێنێک دەمانەوە لە نزیک پەرستگای سولەیمان لە بەرزاییەکدایە، وەکوو بارەگای سەرکردایەتی بەکاریان دەهێنا، هەر لە بەر ئەوەش بوو ناسران بە “سوارچاکەکانی پەرستگا” (The Knights of the Temple،  یان The Knights Templar، یان بە کورتی: The Templars). دوای چەند دەیەیەک ئەم گرووپە بوون بە “یەکەم دامەزراوەی نێودەوڵەوتی”[1].

لە ڕووداوێکدا لە مانگی ئازار یان مایسی ساڵی ١١١٩، گرووپێکی نزیک ٧٠٠ کەس لە زیارەتکارانی مەسیحی بۆ خاکی پیرۆز (قودس) کەوتنە کەمینەوە، ٣٠٠ کەسیان کوژران و ئەوانی دیکەش کران بە کۆیلە و فرۆشران. لەو سەردەمەدا بۆڵدوین دوو (Baldwin II) لە سەر تەختی شاهانە بوو وەکوو پادشای قودس. هیوگ دو پایەنس پێشنیاری بۆ پادشا کرد کە هێزێکی نیزامیی سوارچاکی جەنگاوەر دروست بکات بۆ پاراستنی ڕێڕەوەکانی خاکی پیرۆز بە زەبری هێز و هەروەها ئەو سوارچاکانە لە هەمان کاتدا وەکوو ڕاهیب بژین. بۆڵدوین پشتگیریی لە بیرۆکەکە کرد و هێزەکە دامەزرا[2]. ئەندامانی ئەم گرووپە زیادی کرد و هەروەها هێز و توانایان. دەستیان دەگەیشتە جێگای وەها دوور کە ڤاتیکانیش نەیدەتوانی دەستی پێیان بگات، وەکوو پرتوگال و ئینگلاند[3]. زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی شانشینی لاتین وەکوو تەرابلووس و ئەنتاکیا چالاکییەکی زۆری تێمپڵەرەکانیان بەخۆوە دەبینی[4].

تێمپڵەرەکان وەکوو هێزێکی سەربازیی پێویست بوو، لە ڕووی ئایینییشەوە بیانوو (پاساو) بۆ بوون و چالاکییەکانیان دروست بکەن، چونکە لە بیروباوەڕی ئایینی مەسیحیدا ڕاهیبەکان نەدەبووایە بجەنگانایە. تێمپڵەرەکان هەوڵیان دا کریستیانەکان قایل بکەن کە “بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی مەسیح تەنها بەوە نابێت کە لە پێناویدا بمریت، بەڵکوو ڕەزامەندیی مەسیح هەروەها دەکرێت بەدەست بێت بەوەی خەڵکیشی لە پێناودا بکوژیت”[5]. لە کۆتاییدا، وردە وردە بیرۆکەی هەڵگرتنی چەک بە مەبەستی بەرگری لە خود لە لایەن زانایان و پیاوانی ئایینی مەسیحییەوە لە قودس و ناوچەکانی تر قبووڵ کرا. تێمپڵەرەکان سوودمەند بوون لەو گۆڕانکارییە فیکرییەی کە لە کۆمەڵگای کریستیانەکاندا ڕووی دا بە ئاڕاستەی بەکارهێنانی چەک بۆ خۆپاراستن.

تێمپڵەرەکان بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار لاواز بوون، بەڵام بیروڕاکانیان لە ساڵانی دواتردا سەری هەڵدایەوە. لە ساڵی ١٣٠٧دا لە فەڕەنسا هەڵمەتی گرتنی بەکۆمەڵی تێمپڵەرەکان دەستی پێ کرد و گرووپەکەش بە فەرمی لە لایەن پاپاوە لە ساڵی ١٣١٤دا هەڵوەشایەوە. ئەمەش لە ئەنجامی قسە و پڕوپاگەندەیەکی زۆر کە لە دژیان بڵاو کرابووەوە، هەروەها گەورەبوونی گرووپەکە و گومانی لادانیان لە ئایینی مەسیحی هۆکارێکی دیکە بوو بۆ لەناوبردنیان. ژمارەیەکیان لەسێدارە دران، لە ناویاندا سەردەستەی گرووپەکە جاک دی مۆڵی (Jacques de Molay) بە فەرمانی فلیپ، پادشای فەڕەنسا، بەڵام هەندێکیان توانییان هەڵبێن.

 چالاکییە داراییەکان و سیستمی بانکیی نێودەوڵەتی

یەکێک لە شتە گرنگەکان کە پەیوەندیی بە تێمپڵەرەکانەوە هەیە، چالاکییە لە بواری داراییدا لە بانکیندا. تێمپڵەرەکان ئاماژەیان پێ دەکرێت وەکوو داهێنەری سیستمی بانکینی نێودەوڵەتی. هەندێک لە ئەدای سیستمی بانکینی هاوچەرخ لە بنکە و خانووی تێمپڵەرەکاندا دروست بووە و ئەنجام دراوە. پێشکەشکردنی خزمەتگواریی بانک، پێگەی تێمپڵەرەکانی بەرز کردەوە و گەیاندنیە ئاستێکی نێودەوڵەتی و ئەمەش یەکێکە لەو فاکتەرانەی کە تێمپڵەرەکان دەبەستێتەوە بە سەردەمی ئێستاوە.

 تێمپڵەرەکان “ئەندازیارێکی باش” و “جەنگاوەرێکی ئازا”ی سەردەمی خۆیان بوون. ئەوان بنکەی بەهێزیان دروست دەکرد و ئاسایشێکی بەهێزیان بۆ پاراستنی بنکەکانیان دابین دەکرد. ئەو خەسڵەتانە دڵنیایی بە خەڵکی دەدا دەربارەی سەلامەتیی پارەکانیان لە دەستی تێمپڵەرەکاندا[6].

تێمپڵەرەکان پارەیان حەواڵە دەکرد لە ئەورووپاوە بۆ مەملەکەتی لاتین، نەک تەنها بۆ ئەندامەکانی خۆیان، بەڵکوو بۆ زیارەتکارە کریستیانەکانیش، هەروەها دەیانتوانی پارە بە قەرز بدەنە پادشا و بەرپرسەکان لە ئەورووپا. بەم کارانەیان، بناغەی سیستمی بانکییان دانا و خۆشیان بوون بە بانکەر لە ئەورووپا[7].

لە کەشێکی ناجەنگیدا، لە ژوورەکانی ژمێریاریدا سەربازانی پەرستگا بۆ زیاد لە سەدەیەک ئیدارەی زۆربەی سەرمایەی ئەورووپای ڕۆژئاوایان دەکرد، بوون بە شارەزایەکی باش لە ژمێریاریدا، بە ئیدارەیەکی ژیر، سەرمەشق لە پێشخستنی دابینانە (بیمە) و ئامرازەکانی، ئەمانە شۆڕشیان لە میتۆدەکانی بازرگانی و داراییدا کرد[8].

ئەو سیستمە بانکییە ئاڵۆزەی تێمپڵەرەکان پەرەیان پێ دا، ئاڵوگۆڕی دارایی و پێدانی قەرز و پێدانی پێشینە و خزمەتگوزاریی زۆری دیکەی لەخۆ گرتبوو. سەرقاڵبوونی تێمپڵەرەکان بە کاری بازرگانییەوە وای کرد وەکوو “پێشینانی کۆمەڵگای بازرگانە ئیتاڵییەکان” ببینرێن[9].

لە ڕۆژنامەی “American Banker” سەبارەت بە لایەنی پیشەیی جەنگاوەرەکانی پەرستگا و کاریگەرییان لە سەر سیستمی مۆدێرنی بانک، هاتووە کە نموونەیەكی بەهێزمان هەیە کە تێمپڵەرەکان بە دروستکەر و پێشەنگی سیستمی بانکی و چێک و دیپۆزیت و لایەنەکانی دیکەی کاری بانکی ببینین. تێمپڵەرەکان زۆر دەوڵەمەند و بەهێز بوون لە ئەنجامی داهێنانی ئەو سیستمە. ئەوان توانییان لقیان لە فەڕەنسا، ئینگلاند، ئیسپانیا، هەنگاریا و زۆرێک لە پایتەختەکانی وڵاتانی دەوروبەر بکەنەوە[10].

تێمپڵەرەکان هەنگاوبەهەنگاو بوون بە بانکەرێکی پڕۆفێشناڵ لە ئەورووپا. ئەوان ڕێگای جیاوازیان هەبوو بۆ ئەوەی خۆیان لە کۆتوبەندی کەنیسە لا بدەن لە سەر قەرز، بۆ نموونە پارەی سوودیان وەرنەدەگرت لە سەر پێدانی قەرز، ئەو پارەیەی وەریاندەگرت ناویان لێ نابوو “سوودی خاچپەرستی”. زۆربەی کات قەرزیان دەدا بە پادشاکانی ئینگلاند و فەڕەنسا بۆ جەنگەکانیان[11].

سەرمایە و توانای بانکینی تێمپڵەرەکان زیاتر لەو موڵک و سامانەوە سەرچاوەی گرت و دروست بوو کە لە ئەورووپا وەکوو دیاری و هاوکاری پێدان دەبەخشرا. لە دەیەی یەکەمی دامەزراندنیاندا، تێمپڵەرەکان پارە و موڵکێکی زۆریان پێ بەخشرا: خۆراک، جلوبەرگ، چەک، ئەسپ… هتد (وەکوو هاوکاری بۆیان، چونکە ئەوان خۆیان ناساندبوو وەکوو سەربازی خۆبەخش لە خاکی پیرۆز بۆ پاراستنی زیارەتکارانی کریستیان بۆ پەرستگاکان لە ناوچەکە). تێمپڵەرەکان بوون بە خاوەنی قەڵایەکی زۆر لە ئەورووپا و ناوچەکانی دیکە، ئەمەش توانای ئەوەی پێ بەخشین کە سیستمێکی بانکی لە سەرتاسەری ئەورووپا بنیاد بنێن[12].

تێمپڵەرەکان سیستمێکی دەستاودەستکردن و حەواڵەکردنی پارەیان پەرە پێ دا. ئەوەی کە کارئاسانیی بۆ کردبوون، بریتی بوو لە بنکە و بارەگا و ژمارەیەک لە کەشتی کە لە دەریای ناوەڕاست کاریان دەکرد. ئەم گرووپە متمانەی نوخبەی ئەورووپایان بەدەست هێنابوو کە بتوانن ماڵ و پارەیان بپارێزن. تێمپڵەرەکان قازانجێکیان لە هەر بڕە پارەیەک دەکرد کە پێیان دەسپێردرا[13]. توانای داراییان گەیشتە ئاستێک کە “هەڕەشە بۆ سەر هەموو جیهان دروست بکات”. تا ئەو ڕادەیەی كە ئەم گرووپە لەناو نەبرانایە، کاپیتاڵیزم بە هەموو خراپەکانیەوە لە سەدەی چواردەدا دەستی پێ دەکرد[14].

تێمپڵەرەکان زۆربەی کات لە ئەورووپا وەکوو بانکەر (ئەوانەی لە کاروباری بانک شارەزان و پێوەی سەرقاڵن) ئاماژەیان پێ دەکرا. ئەوان سیستمێکیان داهێنا کە کەسێک دەیتوانی پارە لە بنکەیەک یان خانوویەکی ئەوان دابنێت و لە بنکەیەکی دیکە بیکشێنێتەوە بە هۆی نووسراوێکی فەرمییەوە کە پێی دەدرا. پارە لە دەستی ئەوان پارێزراو بوو. قەڵا پارێزراو و بەهێزەکانیان ئەو شوێنانە بوون کە خەڵکی بە دڵێکی ئاسوودەوە دەیتوانی پارە و ماڵی تێدا دابنێت. هەردوو بینای پاریس تێمپڵ و لەندەن تێمپڵی ئێستا، بنکە و بارەگای تێمپڵەرەکان بوون لە کۆندا[15].

دەبێت ئەوەمان بەبیر بێتەوە کە تێمپڵەرەکان لە سەرەتادا پلانیان نەبوو کە ببن بە بانکەر، بەڵام بوون بە بانکەر دوای ئەوەی پارە و سامانێکی زۆریان پێ بەخشرا و ئەوانیش دەستیان کرد بە وەبەرهێنان و پارە بە قەرزدان[16]. بە هۆی ئەم پەرەسەندنەوە، بازرگانان و خەڵکانی دیکە چیدیکە پێویستی نەدەکرد پارەیەکی زۆر لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن کاتێک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە سەفەریان دەکرد. ئەوان پارەکەیان لە وڵاتێک لای تێمپڵەرەکان دادەنا و لە بەرانبەردا نووسراوێکی فەرمییان پێ دەدرا کە کۆدێکی لە سەر بوو، هەروەها بڕی ئەو پارەیەی کە دەیانتوانی لە وڵاتێکی دیکە بیکشێننەوە. تێمپڵەرەکان کرێیەکیان لە بەرانبەر ئەم خزمەتگوزارییەدا وەردەگرت. لە سەدەی 12دا گەشتکردن زۆر مەترسیدار بوو، گەشتیاران لە بەردەم مەترسیی ئەوەدا بوون کە پەلامار بدرێن و ڕووت بکرێنەوە لە لایەن چەتەی سەر ڕێگاوە، هەر لە بەر ئەمە بوو پەنایان دەبردە بەر تێمپڵەرەکان بۆ سەلامەتیی پارەکانیان. تێمپڵەرەکان هەمان خزمەتگوزارییان لە قودس و مەملەکەتی لاتین دابین کردبوو. زیارەتکارانی شوێنە ئایینییەکان پارەکانیان لە ئەورووپا دەدایە دەستی تێمپڵەرەکان و لە قودس وەریاندەگرتەوە، بەڵام بۆ ئەم خزمەتگوزارییە کرێیەکی زیاتر وەردەگیرا.

هارون یەحیا، ئاماژە بە کتێبێک دەکات بە ناوی “The Temple and the Lodge” کە هاونووسەری کراوە لە لایەن “Michael Baigent and Richard Leigh” و دەڵێت کە: “سەرەتاکانی بانکینی سەردەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوان [تێمپڵەرەکان][17]“.

تێمپڵەرەکان هەروەها بەشدار بوون لە ڕێکخستنی لایەنی دارایی سەربازە خاچپەرستەکان. پارەکە دابین دەکرا لە لایەن دامەزراوەی پاپاوە، بەڵام گواستنەوەی بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک لە لایەن تێمپڵەرەکانەوە ئەنجام دەدرا[18].

تێمپڵەرەکان خاوەنی کەشتیگەلی خۆیان بوون بۆ گواستنەوەی شمەک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە پێچەوانەشەوە. ئەوان باشترین ئاسایشیان بۆ بنکە و بارەگا و خانوو و پەرستگا و شوێنی کار و مانەوە دابین دەکرد کە هەندێک لەمانە وەکوو ژووری بانکی بەکار دەهێنران. لە ئەنجامدا زۆرێک لە فەرمانڕەواکان و پیاوانی خانەدان “کەلوپەلە بەهادارەکانیان لەو ژوورە بانکیانە دادەنا بۆ ئەوەی پارێزراو بن و هەروەها بتوانن بیانکشێننەوە هەر کات بیانەوێت”، هەروەکوو پارەدانان و ڕاکێشان لە بانکەکانی ئەم سەردەمە. لە بەر ئەم هۆکارانەیە دەتوانین بڵێین سیستمی بانکینی هاوچەرخ لە تێمپڵەرەکانەوە دەستی پێ کرد[19].

پاراستنی کولتووری

تێمپڵەرەکان یەکەم جار پارێزەری ڕێگاکانی چوون بۆ قودس بوون بۆ زیارەتکارە کریستیانەکان کە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانیان دەکرد، پاشان بوون بە پارێزەری ئایینی مەسیحی و ڕێبازی مەسحی بۆ ژیان لە دژی عەرەب و تورک و موسوڵمانان بە شێوەیەکی گشتی. ئەم جووڵەیە ئێستا گۆڕاوە بۆ وێنەیەکی گەورەتر کە بریتییە لە پاراستنی ژیانی ڕۆژئاوا لە بەرانبەر کۆچبەران بە تایبەت ئەوانەی لە وڵاتانی ئیسلامییەوە دەڕۆن. ئێستا گرووپ و کەسانێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا یادی تێمپڵەرەکان دەکەنەوە و کردوونیان بە سیمبولی ناسنامەی مەسیحی و ئەورووپی، پاشان بەرەنگاریی هەر گۆڕانکارییەک دەکەن کە کۆچبەران لەو وڵاتانە دروستی بکەن. ئەو ئەنجامەی ئەم جۆرە بیر و جووڵەیە دروستی دەکات بریتییە لە وێناکرنی کۆچبەران، بە تایبەت پەنابەر و کۆچبەرە موسوڵمانەکان وەکوو مەترسیی ڕاستەقینە بۆ سەر شارستانیەتی ئەورووپی و کولتوور و ئایین و شێوەی ژیانیان. ئەم جۆرە وێناکردن و تێڕوانینە هەندێک جار سەری کێشاوە بۆ توندوتیژی.

لە ساڵی ٢٠١١، گەنجێکی نەرویجی بە ناوی ئاندەرس بریڤیک (Anders Breivik) هێرشێکی خوێناویی لە کامپێکی هاوینەی گەنجان لە دوورگەی ئوتۆیا (Utoya) لە نەرویج ئەنجام دا. ٦٩ کەسی کوشت کە زۆربەیان هەرزەکار بوون و زۆرێکی دیکەشی بریندار کرد. چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکەی، بریڤیک مانیفێستۆیەکی ١٥٠٠ لاپەڕەیی ئیمێل کرد بۆ هەزاران خەڵکی، تێیدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەو سەر بە گرووپێکە پێی دەوترێت “سوارچاکانی پەرستگا” (Knights Templar). لە مانیفێستۆکەدا ئەو باسی ئەوە دەکات کە هاندەری کارەکەی بریتی بووە لە ڕزگارکردنی ئایینی مەسیحی و خودی خۆیشی بە “ڕزگارکەری مەسیحیەت” وەسف دەکات. بە لای بریڤیکەوە، تێمپڵەرەکان پارێزەری مەسیحیەت بوون لە دژی بێگانە و بوون بە هاندەری خۆی و “گرووپەکەی” بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژییە[20].

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا گرووپ و ڕێکخراوگەلێک هەن کە خۆیان ناوزەند کردووە بە تێمپڵەرەکان، هەندێکیان لۆکاڵین و هەندێکی تریشیان نێودەوڵەتی و کار و کارنامە و ئامانجی دیاریکراویان هەیە. ئەوەی کە ئەم ڕێکخراو و گرووپانە کۆ دەکاتەوە، بریتییە لەوەی کە بانگەشە دەکەن کە ئەوان میراتگری تێمپڵەرەکانی سەدەکانی ناوەڕاستن و ڕۆحی هاندانیان بۆ کارەکانیان لەوانەوە وەرگرتووە و ئامانجەکانیشیان هاوشێوەی ئامانجەکانی ئەوانە، بەڵام تەنها لە میتۆدی کارەکەیاندا جیاوازن کە ئەمان بە ڕێگەی ئاشتی ئەو ئامانجانە بەدی دەهێنن.

سوارچاکانی پەرستگا لە بەریتانیا (Knights Templar UK) نموونەیەکە. لە پەیامی ڕێکخراوەکەیاندا دەڵێن کە ئەرکیان هاوشێوەی ئەرکی تێمپڵەرەکانی پێشووە کە بریتییە لە پاراستنی مەسیحیەت لە مەترسیی موسوڵمانەکان. بە کورتی: تێمپڵەرەکانی سەدەکانی ناوەڕاست لە قودس بوون بۆ “پاراستن لە دژی هێرش لە سەر هەڵگرانی بیروباوەڕی مەسیحی”، یان بۆ “پاراستنی مافی مەسیحییەکان و شێوەی ژیانیان”. ئەمڕۆ تێمپڵەرەکانی بەریتانیا لە دژی کۆچکردنن بۆ ئەو وڵاتە و کار دەکەن بۆ پاراستنی دابونەریت و شێوەی ژیانی بەریتانی[21].

“Ordo Supremus Militaris Templi Hierosolymitani”، نموونەیەکی تری ڕێکخراوە تێمپڵەرییەکانە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٠٤. ئەم ڕێکخراوە دەڵێت کە ئەوان لینکێکی ڕاستەوخۆیان بە تێمپڵەرەکانی سەدەکانی ناوەڕاستەوە نییە، بەڵکوو هێز و ڕۆحی کارکردنیان لەوانەوە وەرگرتووە، واتە لەوانەوە هاندانیان وەرگرتووە[22]. نموونەکانی تر بریتین لە “U.S. Grand Priory of the Knights Templar and the Grand Priory of the Knights Templar in England and Wales”. ئەم ڕێکخراوانە کاری خێرخوازی دەکەن و هەوڵ بۆ دروستكردنی یەکێتی و یەکگرتوویی دەدەن لە ناو کۆمەڵگای مەسیحیدا[23]. ئەندامانی زۆرێک لەم ڕێکخراوانە لە بۆنەکانیاندا جلوبەرگی تێمپڵەرەکانی سەدەکانی ناوەڕاست لەبەر دەکەن و خۆیان بە میراتگریان دەزانن.

دەرئەنجام

گرووپی سوارچاکەکان یان جەنگاوەرانی پەرستگای سەدەکانی ناوەڕاست گرووپێکی ناوازە بوون بۆ سەردەمی خۆیان. ئەمان بۆ یەکەم جار و سەرەتا بە ژمارەیەکی کەمەوە ئەرکی پاراستنی ڕێگاکانی شوێنە پیرۆزەکانیان لە قودس لەئەستۆ گرت بۆ کارئاسانی بۆ زیارەتکارە کریستیانەکانی ئەورووپا کە وەکوو ئەرکێکی ئایینی دەهاتن بۆ ئەو ناوچەیە. ئەمان هەردوو خەسڵەتی جەنگاوەری و ڕاهیبییان کۆ کردبووەوە و ڕەوایەتییان دا بە “کوشتن لە پێناوی مەسحیدا”. گەورەبوونی گرووپەکە و فراوانبوونی کار و چالاکییان لە وڵاتانی ناوچەکە و لە ئەورووپا، لە دوو لایەندا زیاتر خۆی بینییەوە: حەواڵەی پارە و کاری بانکی، هەروەها پاراستنی مەسحیەت و شێوەی ژیانی ئەورووپییەکان لە مەترسیی عەرەب و تورک و موسوڵمانان بە شێوەیەکی گشتی. ئەم دوو لایەنە پەرەسەندنی زیاتری بەخۆوە بینی و گەیشتە ئاستێک نووسەرانی سەردەم سەرەتای کاپیتاڵیزم و سیستمی بانکیی نێودەوڵەتی بگەڕێننەوە بۆ کاری تێمپڵەرەکان. هەروەها لە سەر ئاستی تاک و گرووپ لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، بابەتی پاراستنی کولتوور، پاراستنی مەسیحیەت و پاراستنی ڕێڕەو و شێوەژیانی ڕۆژئاواییەکان لە مەترسیی کۆچبەران و پەنابەران و موسوڵمانان؛ وەکوو درێژکراوەیەکی ئەرك و بەرپرسیارێتی تێمپڵەرەکان ببینن. بەڵام سنووردارنەکردنی ئەم دوو لایەنە، مەترسیی گەورەی بۆ سەر ژیان و خۆشگوزەرانی و پێکەوەژیان دروست دەکات لە ئەورووپا و وڵاتانی دیکە.

کاپیتاڵیزم بەبێ دەستتێوەردانی دەوڵەت لە بەرژەوەندیی هەژاران، دەبێتە دروستبوونی چینایەتییەکی بەهێز و تێیدا نایەکسانییەکی گەورەی سەروەت و سامان خۆشگوزەرانی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگا دەشێوێنێت، هەروەها زیادەڕۆیی لە کولتوورپارێزی و ترس لە بێگانە (ترس لە کۆچبەران و موسوڵمانان بە شێوەیەکی گشتی)؛ دەبێتە مایەی دوورکەوتنەوەی زیاتری پێکهاتەکانی کۆمەڵگا لە یەکتری و دروستبوونی ڕقوکینە و نەمانی متمانە و پێکەوەژیان و تێكچوونی پەیوەندییەکان و دروستبوونی داهاتوویەکی ناڕوون.

سەرچاوەکان

[1] Steven Sora, Secret societies of America’s elite: from the Knights Templar to Skull and Bones (Rochester, Vt: Destiny Books, 2002), pp. 12-14.

[2] Sean Martin, The Knights Templar, the History and Myths of the Legendary Military Order (Chichester: 2004), p. 135 and Jochen Burgtorf, The Central Convent of Hospitallers and Templars: History, Organization, and Personnel (Brill, 2008), pp. 2&48.

[3] Jan Van Helsing, “Secret Societies and Their Power in the 20th Century.” Available at: http://cdn.preterhuman.net/texts/conspiracy/Jan%20Van%20Helsing%20-%20Secret%20Societies%20and%20Their%20Power%20in%20the%2020th%20Century.PDF (accessed 23 January 2015), p. 16.

[4] Burgtorf, pp. 2&48.

[5] Ibid.

[6] Eleanor Ferris, “The Financial Relations of the Knights Templars to the English Crown,” The American Historical Review, Vol. 8, No. 1 (Oct. 1902), pp. 1-17.

[7] Philippe L. De Coster, “Brief History of the Crusades and Knights Templar,” Belgium (Non-Commercial), pp. 3&30.

[8] Ferris, p. 2.

[9] Ibid.

[10] David Van Biema, “The Vatican and the Knights Templar.” Available at: http://content.time.com/time/world/article/0,8599,1674980,00.html (accessed 8 January 2015).

[11] Sora, p. 14.

[12] Harun Yahya, The Knights Templar (M. Wajihuddin, 2003), p. 35.

[13] Sora, pp. 14-17.

[14] Nesta H. Webster, Secret Societies and Subversive Movements (Book Tree, 2000), p. 35.

[15] Martin, pp. 47-48.

[16] “Origins and History,” Knights Templar UK. Available at: http://www.knightstemplar.org.uk/hist2.html (accessed 6 December 2014).

[17] Yahya, p. 43.

[18] Martin, p. 50.

[19] Jefferson P Webb, “The Knights Templar: Fathers of Modern Banking.” Available at: http://steelfighting.com/2011/08/15/the-knights-templar-fathers-of-modern-banking/ (accessed 12 March 2015) and Sharan Newman, The Real History Behind the Templars (New York: Penguin USA, Inc., 2009), p. 199.

[20] Nizam al-Mulk. Available at: https://www.britannica.com/biography/Nizam-al-Mulk-Seljuq-vizier (accessed 3 July 2016).

[21] Knights Templar UK, TK-UK.

[22] Finlo Rohrer, “What are the Knights Templar up to now?” Available at:  http://news.bbc.co.uk/2/hi/uk_news/magazine/7050713.stm (accessed 29 January 2015).

[23] The Grand Priory of Knights Templar in England and Wales. Available at: http://www.knight-templar.org.uk/ (accessed 22 October 2016).

 

Send this to a friend