• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 13, 2022

کاریگەریى قەیرانی سووریا لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران

نووسینی: سەمیح نارگوڵ[2]

وەرگێڕانی لەتورکییەوە: ڕەنجە عەبدوڵڵا

پوختە

پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئێران وەک دوو وڵات کە درێژترین سنووریان پێکەوە هەیە، لە ڕابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ لەسەر یەک هێڵ بەرەوپێش نەچووە. هەندێکجار بەهۆى پەیوەندییەکانەوە لێکنزیکبوونەوەى جدى لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەبووە، هەندێکجاریش گرژییەکان هێندە زۆربوون تاڕادەی پێکدادانی جەنگی لەیەک نزیکبوونەتەوە. ئەو بابەتانەی کە هەردوو وڵاتەکە لەسەری کۆکبوون بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوانیانی دەستەبەرکردووە، لەڕووی ستراتیژییەوە دیدگا جیاوازەکانیشیان پریشکی پێکدادانی سیاسی لێکەوتۆتەوە. لەم توێژینەوەیەدا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران لە ڕوانگەیەکی کرۆنۆلۆجیانەوە خراونەتەڕوو، تیشک خراوەتە سەر ئەو ساتانەى کاریگەرى لەسەر دابڕان و پچڕانی دۆخی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتەکە هەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا تیشک خراوەتە سەر کاریگەریى نزیکبوونەوەى تورکیا لە سووریا کاتێک لەساڵانی (٢٠٠٠)دا بەهۆى سیاسەتی سفرکردنەوەى کێشەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا پەیڕەوى کرد، لەهەمانکاتدا تاوتوێی هەڵگەڕانەوەى پەیوەندییەکان لەدەرئەنجامی سەرهەڵدانی بەهارى عەرەبی و ئەو کاریگەرییەى لەسەر ئەم سێ دەوڵەتە هەیبووە کراوە. توێژینەوەکە لەدەرئەنجامی کنە و پشکنین و لێکۆڵینەوەى سەرچاوە نوێیەکانی پەیوەست بەم بابەتەوە شیکردنەوەى خۆى ئەنجامداوە. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە؛ خستنەڕووى پەیوەندییەکانی تورکیا-ئێرانە لەچوارچێوەیەکی گشتیدا و دیاریکردنی ئەو دەرئەنجامانەیە لەئاکامی کاریگەریى قەیرانی سووریا لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتان کەوتوونەتەوە. پەیوەست بەم حاڵەتەوە، بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندییەکانی تورکیا-ئێران گەنگەشە کراوە، گرژى و بەردەوامی پەیوەندییەکان شیکراوەتەوە و تیشک خراوەتەسەر ڕەنگدانەوەى کاریگەرییەکانی قەیرانی سووریا لەسەر ناوچەکە.

کلیلە وشەکان: سیاسەتی دەرەکی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیوەندییەکانی تورکیا-ئێران، بەردەوامی و گرژى، شەڕى ناوخۆى سووریا.

بەرایی

پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران هەم بەهۆى هاوبەشی لەمێژینەیی و هەم بەهۆى لێکچوونی تایبەتمەندییە کولتوورییەکانیانەوە خاوەنی ڕیشەیەکی دێرینە. ڕێچکەى ئەم پەیوەندییانە چ لەسەردەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و چ لەسەردەمی تورکیاى هاوچەرخدا لەسەر هێڵێکی ڕاستەوانە بەرەوپێش نەچووە، هەندێکجار پەیوەندییە دۆستانەکان بەرەو قووڵبوونەوە ڕۆشتووە و هەندێکجاریش ناکۆکی قووڵ و تەنانەت دوژمنایەتیشی تێکەوتووە. بەڵام هەردوو وڵاتەکە سەرەڕاى ئەو ناکۆکییە قووڵانە هێشتا نەگەشتوونە حاڵەتی پێکدادان. ئەم توێژینەوەیە ئەگەرچی گرنگی بە کاریگەریى قەیرانی سووریا لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا داوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵیداوە پوختەیەکی مێژوویی لەپەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران بەتایبەت لەسەردەمی دروستبوونی کۆمارەوە بخاتەڕوو. توێژینەوەکە لەسەرەتادا بەبێ ئەوەى بچێتە وردەکارییەوە هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی کۆمارى تورکیا و ئێران تا ماوەى سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بخاتەڕوو، پاشان دیسانەوە بەبێ چوونە قووڵایی بابەتەکەوە هەوڵی خستنەڕووى هەڵوێستی هەردوو لایەنەکەى بەرامبەر بەیەکتر لەپاش ئەو قۆناغە خستۆتەڕوو. لە هەمانکاتدا هەوڵی دیاریکردنی ئەو فاکتەرانەى داوە کە لە قۆناغەکانی ساڵانی نەوەدەکان و دوو هەزاردا کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا هەبووە. هەربۆیە جەخت لەسەر ئەو فاکتەرانە دەکاتەوە کە هەندێکجار بوونەتە هۆکارى ئاریشە و ململانێ و هەندێکجاریش بوونەتە هۆکارى بەردەوامیی و درێژەپێدانی پەیوەندییە دۆستانەکان.

لەساڵانی دوو هەزار و دواتریشدا تورکیا ستراتیژى سیاسەتی دەرەوەى خۆى گۆڕى و لەگەڵ دراوسێکانیدا پەیڕەوى لەبنەماى سیاسەتی سفرکردنەوەى کێشەکان کردووە. خستنەڕووى ئەم شێواز و بنەمایە و ڕوونکردنەوەى لەتوێژینەوەکەدا تاوەکو بڵێی گرنگە، چونکە یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لەپەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ دراوسێکانیدا بەتایبەت لە قەیرانی سووریادا. چونکە بەهۆى ئاڕاستەى ئەم سیاسەتەوە پەیوەندییەکان هەم لەڕووى ئابوورییەوە و هەم لەڕووى دیپلۆماسییەوە بەشێوەیەکی باش بەرەوپێشەوە چووە. لەچوارچێوەى خۆگونجاندنی تورکیا لەناوخۆی وڵاتدا لەگەڵ یاساکانی هاوئاهەنگی یەکێتی ئەورووپا و ئەو پەیوەندییە باشانەى لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا پەیڕەوى لێکردووە، کاریگەریى ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا هەبووە. بەتایبەت کاتێک تورکیا برەوى بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی خۆى لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەورپادا داوە، لەئەنجامی ئەو گەمارۆیانەى بەهۆى پرسی وزەى ئەتۆمەوە بەسەر ئێراندا سەپێنراون، ئەمەش ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ فراوانبوونی قەبارەى بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتەکەدا و سەرباری لە ئابوورى ئێراندا هەبووە. بەم هۆیەوە لەتوێژینەوەکەدا تیشک دەخرێتە سەر ئەو ڕەگەزانەى کاریگەرییان لەسەر بەردەوامیدانی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران هەبووە. جگە لەوەش لەبەشێکی دیکەى توێژینەوەکەدا جەخت لەسەر خستنەڕووى ئەو هۆکارانە کراوەتەوە کە بوونەتە هۆکارى ململانێ و ئاریشەى نێوان تورکیا و ئێران. بێگومان خاڵی پچڕانی پەیوەندییەکان چ لەگەڵ سووریا و چ لەگەڵ ئێراندا بەهۆى “بەهارى عەرەبیی”یەوە بوو. هەتاوەکو ئەم قۆناغە پەیوەندییەکانی سووریا و تورکیا زۆر بەباشی بەرەوپێشەوە دەچوون، بەڵام لەدواى ئەم ڕووداوەوە پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا بەهۆى هەڵوێستەکانیان بەرامبەر بەیەکتر گەیشتنە خاڵی بنبەست. لەکاتێکدا تورکیا کۆمەکی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەکرد و داواى چارەسەرى بەبێ بوونی بەشار ئەسەد دەکرد، کەچی ئێران لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆى و خۆپاراستنی لەهەڕەشەکان کۆمەکی ڕژێمی بەشار ئەسەدی کرد. ئەم دوو هەڵوێستە جیاوازە هەم قەیرانی سووریاى قووڵتر کردەوە و هەم کاریگەریى نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران جێهێشت.

لەکۆتایدا، ئەم توێژینەوەیە هەوڵدەدات ئەو کاریگەریانە بخاتەڕوو کە شەڕى ناوخۆى سووریا کردوویەتییە سەر سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەى تورکیا. بەم مانایە توێژینەوەکە هەوڵی خستنەڕووى ئەو ڕەگەزانە دەدات کە قەیرانەکەیان قووڵتر کردۆتەوە، وەک چۆن لە ساتی دەستپێکردنی قەیرانەکەوە وڵاتەکانی وەک ئێران و ڕووسیا پشتگیرى مانەوەى بەشار ئەسەدیان کرد، کەچی وڵاتانی ڕۆژئاوا و لەپێش هەمووانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەگوێرەى پێویست کۆمەکی تورکیایان لەڕووبەڕووبوونەوەى ڕژێمی ئەسەددا نەکرد. بەم هۆیەوە توێژینەوەکە زیاتر لەسەر ئەو خاڵە دەوەستێت کە قەیرانی سووریا چۆن لە کێشەیەکی ناوخۆیی و نەتەوەییەوە بەرەو کێشەیەکی نێودەوڵەتی وەرچەرخاوە و بەهۆى نزیکی ئێران و تورکیا لە ناوچەکەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەوان لەپرۆسەى چارەسەرکردندا هەبووە.

تێڕوانینێکی گشتی بۆ پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران

ڕیشەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران بەهۆى ململانێی سیاسی و مەزهەبییەوە بۆ مێژوویەکی زۆر دێرین دەگەڕێتەوە. لەکاتێکدا ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی ڕووبەڕووى وڵاتانی ئەورووپیی بوویەوە، کەچی ئێران پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپیدا بەست و دژى ئیمپراتۆریەتی عوسمانی مەترسی ئەمنی لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات دروستکرد. لە ئەنجامی ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و بەکۆتاهاتنی دەسەڵاتی قاجارى و هاتنی ڕەزا شاى پەهلەوى سەرەتایەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیادا دروستبوو، لەساڵانی (١٩٢٠)کاندا بەهۆى ئەو سیاسەتانەى هەردوو وڵاتەکە بەئاڕاستەى بەڕۆژئاواییبووندا هاویشتیان پەیوەندی دۆستانە لەنێوانیاندا برەوی سەند. جگە لەوەش پەیمانی سەعدئاباد لەساڵی ١٩٣٧ یەکێک بوو لە هۆکارەکانی نزیکبوونەوەى هەردوو دەوڵەتەکە لەیەکتر. لەساڵانی پاش جەنگی جیهانی دووەم و بەتایبەت لە ساڵى (١٩٤٧)ەوە بەهۆى ئەو گۆڕانکارییە گرنگانەى لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویاندا، تورکیا و ئێران بوونە هاوپەیمانی سەرەکی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا، لەم جوگرافیایەدا و چوونە ژێر چەترى ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە. شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی شا هێنا و ڕژێمێكی كۆماری له‌ سه‌ر بنه‌مای ئاماژه‌ی ئایینی دامەزراند، لێرەوە ڕێچکەى پەیوەندییەکانی ئێران هه‌م له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و هه‌م ڕێڕه‌وی سیاسی خۆى له‌گه‌ڵ توركیادا گۆڕی. سەرەتا تورکیا وێنەیەکی ناڕازی ڕوونی سەبارەت بە شۆڕش و ڕژێمە نوێیەکە پیشان نەدا، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات هەردوو وڵات ڕژێمی یەکتریان وەک هەڕەشەیەک بۆسەر خۆیان دەزانی (Doğan, 2016:1-2).

لەدواى شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، ئێران بەتەواوەتی پەیوەندییەکانی خۆى لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا بەکۆتا هێنا، لەدەستوورەکەیدا ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەى خۆى لەسەر گەڕانەوە بۆ سەرچاوەى ئیسلام داڕشتەوە. لەدواى شۆڕشیش ئێران جەختی لەهەڵوێستی داکۆکیکردن لەمافی تەواوى مسوڵمانان کردەوە. لەدەستوورەکەیدا تەنها مادەیەک کە پەیوەندی بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانەوە هەبێت پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێرانە(Ahmadi, 2008:30). بەڵام بۆ هەڵوێستی دژ بە خۆرئاوا، بەتایبەت لەدواى شەڕى عێراق و ئێرانەوە، بەڕەچاوکردنی بنەماکانی ئایینی ئیسلام لەسیاسەتی دەرەوەیدا، جەختی لەسەر ستراتیژى پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆى کردەوە (Marschall, 2003:18-19). ئەم سیاسەتەى ئێران لەساڵانی (١٩٩٠)دا بەئاشکرا کاریگەریى لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران دروستکرد، هەردوو لایەنەکە یەکتریان وەک مەترسی بۆسەر بەرەژەوەندییەکانی یەکتر دەبینی. بەتایبەت کاتێک ئێران لەو قۆناغەدا یارمەتی پەکەکەی دەدا ئەمەش بووە هۆکارى کێشمەکێشمێکی گەورە لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا[3]. لە ساڵی ١٩٩٧ کاتێک ئێران لە کۆنفرانسی ڕێکخراوى هاریکارى ئیسلامیی لە تاران سەرکۆنەى ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیای لە باکورى عێراق کرد، ئەمەش بووە یەکێک لە هۆکارەکانی پچڕانی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران (Doğan, 2016:2). لەلایەکی دیکەوە لەئەنجامی داگیرکردن کوەیت لەلایەن عێراقەوە و لەدواى سەرهەڵدانی قەیرانی کەنداو کۆمەڵێک پێشهاتی دیکە پاڵنەرى زیادبوونی کێشمەکێشمەکانی نێوان ئێران و تورکیا بوون. بەڵام هەموو ئەم گرژیانە بەهۆى بوونی پەیوەندی قووڵی کولتوورى و مێژووییەوە لەڕابردوودا نەیانتوانی زیان بە پەیوەندییەکان بگەیەنن. لەساڵانی (٢٠٠٠)دا بەهۆى وەرچەرخانی سیستەمی جیهانییەوە تورکیا و ئێران لەبرى ڕێبازێکی تیۆرى ئایدۆلۆجیستانە و بەهۆى بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیانەوە پەنایان بردەبەر ڕێبازێکی پراگماتیستیانە. هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران ستراتیژى لێکنزیکبوونەوەیان لەسەر بنەماى بونیادنانی ئاسایش پەسەند کرد. بەڵام لەم ماوەیەدا بەهۆى پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، گومانەکانی ئێران بەرامبەر بە تورکیا بەتەواوى نەڕەوییەوە. دەستوەردانە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی عێراق لە ساڵی (٢٠٠٣)دا و ئامادەیی سەربازیى لە ناوچەکەدا کاریگەریى لەسەر بەستنی هاوپەیمانی لەنێوان ئێران و تورکیادا بەجێهێشت. ئەگەرچی شیکردنەوەکان بەو ئاقارەدان کە تورکیا لەساڵانی (٢٠٠٠)دا لەچوارچێوەی ئامانجە ئابوورى و دیپلۆماسییەکاندا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا خستۆتە سەرڕێ، بەڵام هێشتا نابێت ئەوە فەرامۆشبکرێت کە ڕەنگە فاکتەرى ئاسایشی سەربازیى خاڵی سەرەکی بووبێت بۆ نزیکردنەوەى تورکیا و ئێران لەیەکتر.  لەم ساڵانەدا دوو هۆکارى گرنگ لەپشت لێکنزیکبوونەوەى تورکیا و ئێرانن. یەکەمیان چڕبوونەوەى سیاسەتی نێودەوڵەتییە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆراسیا. هۆکارێکى دیکەش ئەوەیە تورکیا لە پەیوەندیدا لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپادا خۆى لە خاڵێکی یەکساندا نەبینییەوە لەبەرئەمەش پەرەى بە پەیوەندییەکی چالاک لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرى خۆیدا. دەتوانین نموونەی ئەمەش لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا ببینین لە باشترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی بە ئەنجامدانی هاریکارى ئابووری لەگەڵ وڵاتانی وەک ڕووسیا، ئێران و سووریا. لە هەمانکاتدا ناساندنی پەکەکە لەلایەن ئێرانەوە لە ساڵی ٢٠٠٢ وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لەڕوانگەى پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانەوە پێشهاتێکی گرنگ بوو. لەم ساڵانەدا بەهۆى ڕاگەیاندنی جکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە، ئێران بەهۆکارى هاوکێشەى هەرێمی و ئاسایشەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا بەرەو ئاقارێکی ئەرێنی وەرچەرخاند. ئەم پەیوەندییە باشانەى تورکیا و ئێران کە بەناڕەحەتی دروستیان کردبوو لەماوەیەکی کورتدا دیسانەوە بەئاڕاستەیەکی خراپدا چووە. جیاوازى سیاسەتی تورکیا و ئێران لە بابەتی سووریا و پێکدادانی بەرژەوەندییەکانیان بەتایبەت بەهۆى کێشەى ئاوەوە تابڵێی دوو هۆکارى کاریگەربوون لە سەروبنکردنی پەیوەندییەکاندا. بەڵام سەرەڕاى ئەمەش هەردوو وڵات سفرکردنەوەى پەیوەندییەکانیان هەڵنەبژارد و یەکتریان لەبەرچاو نەسڕییەوە. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵی ڕوونکردنەوەى هۆکارەکانی پشت ئەم هەڵوێستانە دەدەرێت.

سووریا و پەیوەندییەکانی تورکیا-ئێران لەساڵانی (٢٠٠٠)دا

هۆکارەکانی وەک بەهەند وەرگرتنی بنەماى ئابوورى لەلایەن تورکیاوە لەپەیوەندییەکانی دەرەوەیدا، ئیرادەى ئەنجامدانی کارى پێویست بۆ بوونە ئەندامی هەمیشەیی لە یەکێتی ئەورووپا، بەرەوپێشچوونی وڵاتەکە لەپرۆسەى بەدیموکراتیزەبووندا بە پەیڕەوکردنی یاساکانی هاوئاهەنگی یەکێتی ئەورووپا کاریگەریى ئەرێنیان کردە سەرپەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا. لەگەڵ هاتنە سەردەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ خۆى بووە ئامانج و ئەمەش بەردەوام لەلایەن وڵاتانی خۆرئاواوە وەک “گۆڕینی میحوەر” چەندینجار تاوتوێ کرا. هەرچی تورکیاشە لەپەیوەندیدا بەم دۆخە نوێیەوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەیەوێت ئەرکی خۆى لەپەیوەندیدا بە بەیەکبەستنەوەى خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا بەجێبهێنێت و ببێتە پردی پێکەوە گرێدانی ئەو وڵاتانە. ئەو گوتارانەی کە تورکیا سەبارەت بە جێبەجێکردنی دیموکراسی و بەڕێوەبردنی شەفافانە پێشکەشی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد، هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ بڵاوبوونەوەی بەهاکانی ڕۆژئاوا لەم ناوچەیەدا. لەهەمانکاتدا برەودانی تورکیا بەم جۆرە گوتار و سیاسەتانە هۆکارێک بوون بۆ بەرزبوونەوەى پێگە و وێناى تورکیا لەچاوى ڕۆژئاوادا و مەترسی ئەو گوتارەى کە گوایە تورکیا لە ڕۆژئاوا دوور دەکەوێتەوە دەڕەواندەوە.

دواى سەرکەوتنی شۆڕش و نەمانی شا و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن شیعەکانەوە گۆڕانکارییەکی گەورە لەسیاسەتی دەرەوەى ئێراندا ڕوویدا. ئێرانی ژێر سەرکردایەتی ئایەتوڵڵا خومەینی، لەو ناوچانەى کە نفوزى شیعی تێدا چڕببوویەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سیاسەتێکی مەزهەبیانەى پەیڕەو کرد. ئەگەرچی لە سووریادا نفوزى شیعی قورسایەکی زۆرى نەبوو، بەڵام لە ڕێگەى گرووپە شیعەکانی لوبنانەوە و بە هۆکارى گرنگی جێکەوتە جوگرافیاکەى لە پەیوەندیدا بەئێرانەوە گرنگی زۆر بەسووریادا. لەلایەکی دیکەوە ئێران بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆى هەوڵی بەهێزکردن و باشترکردنی پەیوەندییەکانی خۆى لەژێر ناوى نزیکی مەزهەبی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا. ئێران وەها بیرى دەکردەوە لە ئەگەرى کۆنترۆڵکردنی وڵاتانی دەوروبەری ئێران لەلایەن ئەو زلهێزانەی کە دژایەتی ئێران دەکەن، لە داهاتوودا کێشە بۆ ئاسایشی خاکی ئێران دروست دەبێت. بەم هۆیەوە بوو کە ئێران هەوڵێکی بەرچاوى بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریادا داوە. هەرچی سووریاشە لەو کاتەدا لەدونیاى عەرەبیدا بەدواى هاوپەیمانێکدا دەگەڕا بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە ناهەموارەى تێی کەوتبوو بۆیە لەسەر بنەماى ئەو واقیع و ڕاستییانەى تێی کەوتبوو ناچاربوو لەئێران نزیکببێتەوە. ئەمەش وایکرد ئێران و سووریا لە زۆربەى هەرەزۆرى ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێکەوە دەرهەق بە حاڵەتەکان هەنگاو بنێنن، هەروەها دروستکردنی ڕێکخراوى حیزبووڵڵا لەلایەن سەربازانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە ڕۆڵێکی زۆر جدى لە سیاسەتەکانی ئەم جوگرافیایەدا هەبوو(Doğan, 2016:2). ئەگەرچی ڕێکخراوەکە بەشێویەکی فەڕمی لەلایەن سووریاوە لە (٣٠ى نیسانی ٢٠١٣)دا دان بەبوونیدا لەوڵاتەکەدا نرا، بەڵام هەر لە سەرەتاکانی ڕاپەڕینی سووریاوە ئەم هێزانە یارمەتی هێزەکانی ڕژێمیاندا. هۆکارى سەرەکی بەشدارى جیزبووڵڵا لەشەڕەکاندا لەتەنیشتی هێزەکانی بەشار ئەسەدەوە بۆ هەناردەکردنی چەک و تەقەمەنی و کەرەستەى جەنگی و یارمەتی دارایی بوو لەلایەن ئێرانەوە بۆ حیزبووڵڵا و ئەمەش لەڕێگەى خاکی سووریاوە(Sullivan, 2014:9).

لەناوەڕاستی ساڵانی (٢٠٠٠)دا گۆڕانکاریى هەم لەڕووى هەرێمی و هەم لەڕووى جیهانییەوە ڕوویدا ئەمەش شێوازی پەیوەندییەکانی گۆڕى. لەسەرەتادا ئەمریکا هەستی بەشکسخواروویی خۆى لەعێراق و خراپبوونی دۆخی ئابوورى خۆى کرد. هەرچی هۆکارى دووەمە بڵاوبوونەوەى ئەو تێڕاوانینە بوو کە گوایە لەساڵی ٢٠٠٨ بەدواوە ئەستێرەى وڵاتانی وەک ڕووسیا و چین بەرەو درەوشانەوە ڕۆیشتووە و فەرمانڕەوایی تاک جەمسەرانەى ئەمریکا بەسەر جیهانەوە کۆتایی هاتووە. بەڕاى لەین،  پەلاماردانی ڕووسیا بۆ سەر جۆرجیا لەساڵی (٢٠٠٨)دا جێگەى سەرنجڕاکێشان بوو بۆ ڕووسیا لەبەرامبەر هەژموون و دەسەڵاتدارى ئەمریکا بەسەر جیهاندا. لەڕووى ئابووریشەوە قەرزارى چینە و کورتهێنانی لەبازرگانیشدا دەبێتە هۆى خستنەوەى قەیرانی جیهانی(Lane, 2011:153-155). تورکیاش بەهۆى ڕوودانی ئەم پێشهاتانەوە، لە ڕێگەى هەوڵە ئابوورى و سیاسیەکانی خۆیەوە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەپەیوەندییەکانی سووریا و ئێراندا هەبوو، کە ناکرێت چاوى لێ بخەوێنرێت. لەگەڵ سووریادا و لەژێر گوتارى “چارەنووسی هاوبەش، مێژووى هاوبەش و داهاتووى هاوبەش” لەچەندین بوارى جیاوازدا پرۆتۆکۆڵێکی (٥١) خاڵییان ئیمزا کرد بە ئامانجی لێکنزیکبوونەوە. لە (١٦ى ئەیلولی ٢٠٠٩)دا بەربەستی فیزا لەنێوان تورکیا و سووریادا نەما، کۆبوونەوەى کابینەى هاوبەش لەئاستی باڵادا لەپێناو ستراتیژى هاریکارى و کارى پێکەوەیی ئەنجامدران(Okyay, 2011:75-97).

لەم ساڵانەدا تورکیا لە ڕووى وزە و بازرگانییەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا برەوپێدا، لەبابەتی وزەى ناوەکیی و گەمارۆ ئابوورییەکاندا کۆمەکی ئێرانی کرد. تورکیا لەبەرەى پێشەوەى ئەو وڵاتانە بووە کە بەرگرى لەو تێڕوانینە کردووە کە گەمارۆکانی سەر ئێران و داخستنی ئەو وڵاتەی بەڕووی خۆیدا، بەربەستی لەبەردەم سەقامگیرى لە ناوچەکەدا دروستکردووە. تورکیا لە ساڵی (٢٠١٠)دا ڕۆڵێکی جدی لە ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕى یۆرانیۆمی نێوان ئێران و بەرازیلدا گێڕا و یەکێک بوو لەلایەنەکانی ڕێکەوتنەکە، ویستی ببێتە بەربەست لەبەردەم پەراوێزخستنی ئێران لە کایەى نێودەوڵەتیدا، وزەیەکی زۆرى سەرفکرد بۆ ئەوەى سزا و گەمارۆکان زیان بە بازرگانی لەگەڵ ئێران نەگەیەنن. بەڵام دواى جاڕنامەى تاران کە لەنێوان بەڕازیل، ئێران و تورکیادا واژۆکرا، وڵاتانی (٥+١[4]) لەپێش هەمووشیانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەشتنە ڕێکەوتن بۆ سەپاندنی سزاى نوێ بەسەر ئێراندا و بەم شێوەیە ڕێکەوتنامەى ئاڵوگۆڕکردنەکە پوچەڵبوویەوە(Tehran Times, 2010). تورکیا لەسیاسەتەکانی چ لەسەر ئاستی هەرێمی و چ لە ئامانجی بۆ بوون بە پردێک لەنێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تاڕادەیەکی زۆر توشی کێشە بوویەوە کاتێک جاڕنامەى تاران هەڵوەشایەوە. باراک ئۆباما لەسەرەتادا پشتگیرى لە هەوڵە دیپلۆماسیەکانی تورکیا دەکرد، بەڵام دواتر هەڵوێستەکانی خۆى گۆڕى و سزا و گەمارۆ نوێیەکانی سەر ئێرانی پەسەند کرد، ئەمەش ئەنقەرەى دووچارى نائومێدی کردەوە(Rozen, 2010). دواى ئەوەى لە (٩ی حوزەیرانی ٢٠١٠)دا گەمارۆکانی سەر ئێران لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە بڕیارى لەسەر درا و بەشێوەیەکی کردارى چووە بوارى جێبەجێکردنەوە تورکیا بڕیارەکەى بەشێوەیەکی توند ڕەخنەکرد. سەرۆککۆمارى ئەو کاتی تورکیا عەبدوڵڵا گوڵ جەختی لەوە کردەوە سەرەڕاى سزاکانی ئەمریکا و بەریتانیا بەردەوام دەبن لەکارى هاوبەش لەگەڵ ئێراندا، بابەتی ڕێگرى لە پەیوەندییە بازرگانیەکانی نێوان تورکیا و ئێرانی وەک ناحەقیەکی گەورە بەرامبەر ئەو وڵاتە هەڵسەنگاند (Landler, 2010).

گەورەترین هۆکارى بەگژداچوونەوەى گەمارۆکانی سەر ئێران لەلایەن تورکیاوە پەیوەندی بە ئامانجی یەکگرتنی وڵاتانی خاوەن وزەی ناوەکییەوە بوو، کاتێک پێکەوە لەسەر دیاریکردنی نرخی نەوت ڕێکەوتن و قۆرخیان کرد. بەم مانایە تورکیا لەبەرئەوەى نە خاوەنی وزەى ئەتۆمییە، نەخاوەنی نەوت و گازى سروشتییە یەکێک بوو لەو دەوڵەتانەى کاردانەوەى جدى بەرامبەر بابەتەکە دەربڕى. چونکە ئەگەر هەر کێشەیەک لەنێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوادا دروست ببێت بەشێوەیەکی نەرێنیانە کاریگەریى لەسەر ئابوورى و وزەى تورکیا جێدەهێڵێت (Okyay, 2011:76). یەکێکی دیکە لەو ڕەگەزانەى کە وایکرد تورکیا یارمەتی ئێران بدات، کارى هاوبەشیان بوو لەڕووبەڕووبوونەوەى گرووپە چەکدارەکاندا. هەردوو دەوڵەتەکە لە (١٧ی نیسانی ٢٠٠٨)دا ڕێکەوتنێکى هەواڵگرییان لەنێوان خۆیاندا واژۆکرد لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەى گرووپە چەکدارەکاندا و بڕیارى ئاڵوگۆڕى زانیارى و دروستکردنی تۆڕى ئەمنی هاوبەشیاندا(Sadık, 2008). ئاڵوگۆڕى پارە و بازرگانی ئاڵتون لەنێوان تورکیا و ئێران بەنێوەندگیرى هاڵک بانک، دەروازەیەکی گرنگی دارایی بوو کە بەڕووى ئێراندا کرابوویەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ جیهاندا (Aljazeera Türk, 2014). کاتێک ئەم پێشاهاتانە لەبەرچاو دەگیرێن، ڕووندەبێتەوە کە تورکیا دەرگایەکی ئاوەڵاکراوى ئێران بووە بەسەر خۆرئاوادا لەمەشەوە ڕووندەبێتەوە کە ئێران چەندە پێویستی بەتورکیا هەبووە. ڕووداوەکانی وەک کەشتی مەڕمەڕەى شین[5] و کێشەى فەلەستین و ئیسرائیل، بوونە هۆکار و پاڵنەرى زیاتر پەیوەندییە بازرگانییەکان و ئاستی ئاڵوگۆڕى بازرگانی نێوانیان بۆ (١٠) ملیار دۆلار بەرزبوویەوە. بەڵام ئەم جۆرە لەپەیوەندی دووقۆڵی بۆماوەیەکی زۆر درێژەى نەکێشا، بەهۆى سەرهەڵدانی قەیرانی سووریاوە بەخێرایی پاشەکشەى لێکرا.

پەیوەندییەکانی  تورکیا-ئێران: گرژى و بەردەوامی

ئەو ژینگەى ململانێیەى لە ڕابردووەوە لەنێوان هەردوو دەوڵەتەکەدا هەبووە دواى ماوەیەکی کورت لەنزیکبوونەوە دیسانەوە لەساڵی ٢٠١٠ دووبارە سەرهەڵدایەوە. کۆمەڵێک فاکتەر لەپشت ململانێکانی نێوان تورکیا و ئێرانەوەیە. فاکتەرى یەکەم، لە ١٩-٢٠ تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٠ لە لوتکەى لیشبونە، ئەگەرچی بە مەرجیش بووبێت تورکیا ڕازى بووە سیستەمی بەرگرى موشەکی بەڕێبەرایەتی ناتۆ لەوڵاتەکەى جێگیر بکرێت (Gürsel, 2010). هۆکارێکى دیکەش ڕاپەڕینی خەڵکی تونس بوو لەشێوەى خۆپیشاندان لە ١٧ى کانوونی یەکەم و دواتر ئەمە بوویە دەستپێکی بەهارى عەرەبی و لەساڵی ٢٠١١دا گوازرایەوە بۆ سووریا. ئەم ڕووداوانە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیایان نەگەیاندە حاڵەتی پچڕان؛ بەڵام لایەنە جیاوازەکانی ڕەوتی پەیوەندییەکان لە ڕووى شوناس، ئەمنی و سیستەمەوە بەتەواوەتی ڕوونبوویەوە و دەرکەوت لەسەر بنەمایەکی زۆر هەستیار ئەم هاوکێشانە بونیادنراون. ئەگەرچی تورکیا بەشێوەیەکی جدى جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە دانانی سیستەمی بەرگرى موشەکی لەوڵاتەکەى ئامانجەکەى ئێران نییە، بەڵام دواى وتەکانی وەزیرى بەرگرى ئەمریکا لیۆن پانێتا کە ئاماژەی بەوەدابوو قەڵغانی موشەکى و پرۆژەکە ئامانجەکەى ئێرانە، ئەم لێدوانانە زیانی بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران گەیاند (Aydın: 2019).  تەنانەت بڵاوبوونەوەى هەواڵی پێدانی ئەو زانیارییانەى بنکەکانی ڕادارى ئەمریکی کۆیدەکەنەوە و لەگەڵ ئیسرائیلدا هاوبەشی پێدەکەن پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی تورکیا و ئێرانی بەرەو ئاقارێکی خراپتر برد لەکاتێکدا تورکیا هەوڵێکی زۆرى بۆ ڕێکردنەوەى ئەو پەیوەندیانە دابوو، دەسەڵاتدارانی ئێران لەم چوارچێوەیەدا هەڕەشەى ئەوەیان کرد ئەگەر بەهۆى سیستەمی بەرگری موشەکییەوە هەر پەلامارێک بۆ سەر ئێران هەبێت ئەوا ئەوانیش تورکیا دەکەنە ئامانج(Radikal, 2011).

ئەو سیاسەتانەى تورکیا لە سەردەمی بەهارى عەرەبیدا لەناوچەکە پەیڕەوى لێدەکرد و ئەو لێدوانانەى لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەدرا بەوەى دەبێت ئەو کەسانەى دێنە سەر دەسەڵات وەڵامی داواکارییەکانی خەڵک بدەنەوە و وڵاتەکانیان بگۆڕن، کاردانەوەى لەلاى ئێران دروستکرد. بە تایبەتی کاتێک سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەى تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی سەردانەکانی بۆ میسر و لیبیا لە ئەیلوولی (2011)دا پێشنیارى بونیادنانی دەسەڵاتێکی سیکۆلاریستی بۆ کردن و  ئێرانیش کاردانەوەی بەرامبەر بەم بیرۆکەیەوە هەبوو، ئەمەش پیشانی دەدات کە چۆن هەردوو وڵات لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە جیاوازن. ئێران لە بەحرەین و یەمەن لایەنگیر و کۆمەکی پێشکەشی خەڵکی ڕاپەڕیو دەکرد لەکاتێکدا لەسووریا لایەنگرى و کۆمەکی پێشکەشی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکرد.

ئێران، تورکیای بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵی پچڕاندنی هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و سووریا دەدات، هەروەها ڕایگەیاند کە تورکیا هەوڵی داوە ڕێگری بکات لە کۆمەکی و پشتیوانیکردنی ئێران لە بەشار ئەسەد(Global Research, 2011). سەرەکیترین هۆکارى گرژى و ململانێکانی ئەو دوو وڵاتە بریتیبوو لە لەترسی ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا چونکە لەئەنجامی ئەمەدا ئێران هەژموونی خۆى لەناوچەکەدا لەدەستدەدا و لەلایەکی دیکەشەوە تورکیاش پشتیوانی و یارمەتی پێشکەشی هێزە ناڕازى و ئۆپۆزسیۆنەکان دەکرد. ئەگەر بەتایبەت کەیسی سووریا وەربگرین، دەبینین سووریا، ئێران و ڕووسیا دژى بلۆکی ئەمریکا، سعودیە، قەتەر و تورکیان. کاتێک هاوپەیمانێتی نێوان ئەو خەڵکانەى کە زۆرینەیان مسوڵمانن بە هەند وەردەگیرێت ناتوانرێت چاو لەوە بخەوێنرێت کە ئەم هاوپەیمانێتیانەش تاڕادەیەکی زۆر مەزهەبین. دوای سەردانی دەسەڵاتدارانی توركیا بۆ ئێران لە ساڵی (2012)دا، سەبارەت بەو كۆبوونەوەیەی كە بڕیار بوو لەنێوان گرووپی ٥+١ و ئێران بەڕێوەبچێت، دەسەڵاتدارانی ئێرانی داوای ئەوەیان کرد لەبری ئیستانبوڵ کۆبوونەوەکە لە بەغدا، دیمەشق یان پەكین بەڕێوەبچێت، هەڵبەتە ئامانجیش لەم داواکارییە ئەوەبوو بەڕوونی پیشانی بدەن كە چی دیکە تورکیا وەک وڵاتێکی هاوپەیمان مامەڵەى لەگەڵ ناکرێت(Dünya Gazetesi, 2012). ئەگەر جیاوازى مەزهەبی و تائیفی لەبەرچاو بگیرێت دەبینن ئێرانی شیعی پشتگیرى ڕژێمی بەشار ئەسەدی شیعەى نوسەیرى دەکات و هەرچی تورکیاشە لەڕووى مەزهەبیەوە سوننەى مسوڵمانە و پشتگیرى هێزە ئۆپۆزسیۆنە سوننییەکان دەکات بۆیە پێکدادانی ئەم دوو هێزە مەزهەبییە جیاوازە گرژی و ئاڵۆزی و ململانێکانی نێوان تورکیا و ئێرانی زیاتر کرد. کاتێک کە ئەمریکا بڕیارى کشانەوەى هێزە سەربازییەکانی خۆى لەعێراقدا، ڕاستەوخۆ ئێران ئامانجی سەپاندنی هەژموونی خۆى لە عێراقدا خستە پێشەوە. لەچوارچێوەى ئەم ئامانجەیدا زیانی بەپەیوەندییە بازرگانییەکانی خۆى لەگەڵ تورکیادا گەیاند(Barkey, 2013:157). یەکێکی دیکە لە ڕووداوەکان کە دوای شەڕی ناوخۆی سووریا ئێران و تورکیای خستە هەڵوێستێکی جیاوازەوە، کۆتایی هاتنی چالاکییە هاوبەشەکانیانە لە دژی بزووتنەوەی کوردی لە سووریا، لە ئەنجامی ئەمەشدا ئاڵوگۆڕى هەواڵگرى لە تەموزى ٢٠١١ لەنێوان هەردوو وڵاتەکەدا وەستێنرا. تورکیا لە ئەگەرى بەکارهێنانی پەکەکە لەلایەن ئێران و ڕژێمی سووریاوە دژى تورکیا، وڵاتی تورکیا لەم ماوەیەدا پرۆسەى ئاشتی ڕاگەیاند و ئامانجی لەم کارەشی ڕێگرى لەچالاکی بزووتنەوەى کوردی بوو لەوڵاتەکەى. بۆیە سەرەڕاى هەموو ئەم شتانە پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا گەیشتە قۆناغێک کە چیتر گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا مەحاڵ بوو.

ئەگەر تورکیا و ئێران نەیانتوانی بێت ژینگەیەکی سەقامگیری متمانە لە نێوانیاندا بونیاد بنێن، بەڵام بەهۆی گۆڕانی زەمینەی سیاسییەوە هەردوو لایان لەو ڕاستییە تێگەیشتبوون کە هەمیشە پێویستیان بە یەکترە. ئەم دۆخە لەگەڵ شەڕى سووریادا زیاتر هەستی پێدەکرێت، چونکە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دووڵاتەکەى تاقیکردەوە. سەرکردەکانی ئەو کاتەى هەردوولا لەمەدا هەوڵێکی بێ وچانیان داوە. سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، جەختی لەوە کردەوە کە چاوپێکەوتنەکانیان هەموو کاتێک لەگەڵ ئێراندا بەردەوام دەبێت و هەوڵدەدەن لەگەڵ ئێران لە بارەى بابەتی سووریاوە گەرموگوڕانە پێکەوە جووڵە بکەن(Milliyet, 2012). هەرچی ئێرانیشە، لەکاتێکدا تورکیا یارمەتی لۆجستی هێزە شەڕکەرەکانی دژى ڕژێمی بەشار ئەسەدی دەدا هەوڵیدا پێکەوە لەژینگەیەکی ئارامدا و لەسەر مێزى گفتوگۆ کۆیان بکاتەوە تاوەکو لەسەر ناوێکی دیاریکراو ڕێبکەون، لە هەمانکاتدا جەختیان لەسەر ئەوەکردەوە لەم بابەتەدا لەگەڵ تورکیادا هەڵوێستێکی زۆر جیاوازیان نییە (Milliyet, 2013). سەرەڕای جیاوازی هەڵوێستی ئایدیۆلۆژی ئێران لە پەیوەندییەکانیدا، بەڵام هێشتا هەندێک فاکتەرى بزوێنەر هەن کە ڕێگەنادەن ئێران و تورکیا پێکەوە لەم بابەتانەدا جووڵە بکەن. ئێران نیگەرانییەکی قووڵی سەبارەت بەو ئەندێشەیە هەیە کەپێیوایە چواردەورى بەدوژمن تەنراوە. لەگەڵ جێگیرکردنی سیستەمی موشەکی لەسنوورەکانی تورکیادا و سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ زیادکردنی هێزى سەربازى سعودییە و قەتەر، نیگەرانییەکانی ئێرانی لەپەیوەندیدا بەم پێشهاتەوە قووڵترکردەوە. لەپەیوەندیدا بەمەوە کاتێک لەساڵی (٢٠١٢)دا کۆمەڵێک سەردانی سەربازى لەنێوان سعودیە و قەتەر و تورکیادا هەبوو، ئێران ڕاستەوخۆ نیگەرانی خۆى بەرامبەر بەم ڕووداوانە دەربڕى چونکە وەهاى دەبینی کە ئەمە دروستکردنی بلۆکی سوننییە بەرامبەر بەخۆى(İdiz, 2013). هۆکارێکی بزوێنەرى دیکەش ئەوبوو بەهۆى سزا و گەمارۆکانەوە ئێران بەتێپەڕبوونی کات لاوازتر دەبوو و نەیدەویست بازاڕێکی گرنگی وەک تورکیا لەدەست بدات. لەبەرئەوەى بەرژەوەندییە ئابورییەکانی هەردوولا پێکەوە گرێ درابوو چاوپۆشییان لە گرژییەکانی نێوانیان کرد. دیارترین نمونەى ئەمەش ئەو کۆبوونەوەیەبوو لەساڵی (٢٠١٢)دا لەنێوان سەرۆک وەزیرانی ئەوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و مەحمود ئەحمەدى نەژاددا کرا، کاتێک هەردوولا ڕونکردنەوەیان دەربارەى ئاڵوگۆڕى پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات داو ڕایانگەیاند دەیانەوێت ئاستی ئاڵوگۆڕى بازرگانیی بۆ ٣٠ ملیار دۆلارى ئەمریکی بەرزبکەنەوە(Kırdar, 2013:2).

ئەگەر لە ڕوانگەى تورکیاوە سەیرى دۆخەکە بکرێت، لەبەرئەوەى شەڕى ناوخۆى سووریا مەترسی لەسەر سنوورەکانی تورکیا دروستکردبوو، بۆیە تورکیاش نەیدەویست دەرفەتی دیالۆگ لەگەڵ ئێراندا لەناوببات. سەرەڕاى هۆشدارییەکانی تورکیا، ڕەفتارەکانی سووریا کە هەڕەشەی لە ئاسایشی سنوورەکان دەکرد، کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران هەبوو. چونکە ڕووسیا و ئێران لەلایەکەوە پشتگیرى و کۆمەکی جدى سووریایان دەکرد و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆى ئەوەى یەکێتی ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی چالاکانە دەستوەردانیان نەکرد، تورکیا وەهاى پێباشبوو لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا بە وریاییەوە مامەڵە بکات. هەڵبەتە شەڕى ناوخۆى سووریا و گەمارۆکانی سەر ئێران بەتەواوى زیانی بە پەیوەندییەکان گەیاند. لەبەرئەوەى توپراش[6] نیوەى پێداویستییەکانی نەوتی خۆى لە ئێرانەوە هاوردە دەکرد، بەڵام بەهۆى سزاکانەوە هاوردەى نەوت تا ئاستی بڕین دابەزى. لە دەرئەنجامی واژۆکردنی ڕێکەوتنی تێپەڕینی هێڵی بۆرى نەوتی لە ئێرانەوە بۆ تورکیا، باس لەوە کرا کە ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بۆ تورکیا بگوازرێتەوە(Çandar, 2013).

ساڵی ٢٠١٢ بۆ ئێران قورسترین سات بوو، چونکە لەدواى ساڵی ١٩٧٩ چڕترین گۆشەگیرى و دابڕانی ئابوورى بەخۆیەوە بینی، بانکەکانی ئێران بایکۆت کران و بەهۆى گەمارۆکانی یەکێتی ئەورووپا  و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هەناردەى نەوت بۆ دەرەوە بەتەواوى کەمبوویەوە. لە حوزەیرانی ٢٠١٣ لەگەڵ هەڵبژاردنی حەسەن ڕۆحانی بەسەرۆک کۆمارى ئێران سیاسەتی دەرەوەى وڵاتەکە بەهۆى خراپبوون و دابەزینی ئاستی ستانداردە ئابوورییەکانی ژیانی خەڵکەوە کەبەپێی تێپەڕبوونی کات بەرەو دابەزین دەچوو ستراتیژێکی نیانترى بەخۆیەوە بینی. حەسەن ڕۆحانی بەئامانجی کۆتایی هێنان بەم خراپبوونە هەوڵی چاککردنەوەى پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دا. ئەم ڕێچکەیەى ئێران گرتیەبەر بەنسبەت تورکیاوە پێشهاتێکی زۆر بەنرخ بوو. تورکیا لەبەرئەوەى هۆشیارى بەرامبەر ئەوە هەبوو کە مەترسییەکانی ناوچەکە تەنیا بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ڕاست دەکرێتەوە، بەو بیرۆکەیە نیگەران نەبوو کە نزیکبوونەوەی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئەورووپا لە ئێران، لە گرنگیی وڵاتەکەى کەم دەکاتەوە(Taştekin, 2013). بڕیار و دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوە و دانوستانەکانی لوتکەی نێوان وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەڵمانیا دەربارەى وزەى ناوەکی لەگەڵ ئێران لەشارى جنێف لەنزیکەوە پەیوەندی بەتورکیاشەوە هەبوو. بەگوێرەى دەرئەنجامەکانی ئەم دانوستانانە، ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی لە ئاستی (%٥)دا دەهێڵێتەوە و دامەزراوەی بەرهەمهێنانی ئەتۆمی وڵاتەکەی بەڕووی میکانیزمی پشکنینی نێودەوڵەتیدا دەکاتەوە. لە بەرامبەر هەموو ئەم بڕیارانەدا، ڕادەی ئەو سزایانەی کە بەسەر ئێراندا سەپێنرابوو سووک دەبوو(Tanış, 2013). دەکرا دەرئەنجامی ئەم دانوستانانە کاریگەریى ئەرێنی لەپەیوەندیدا بەتورکیاوە لێبکەوێتەوە، چونکە ئێران لەپێگەى وڵاتێکی دراوسێدایە بەم هۆیەوە مەترسییە ئەتۆمییەکانی کەمکرایەوە و لەگەڵ ئەوەشدا دابەزاندانی ئاستی سزاکان هۆکارێک بوو بۆ باشتربوونی پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکە(Otuzen, 2012:9).  کاتێک لەڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٣ دەڕوانین دەبین گرووپ و ڕێکخراوەکانی وەک پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق-شام لەسنوورەکانی تورکیا پەیدابوون، ئەمانەش دیسانەوە پێناسەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێرانیان کردەوە. ئەگەری زیادبوونی چالاکی گرووپە ڕادیکاڵەکان و پەرەسەندنی ململانێ مەزهەبی و نەتەوەییەکان لە ئێران و لە هەمانکاتدا جێهێشتنی کاریگەرى بەهارى عەرەبی لەسەر دۆخی وڵاتەکەى، ئێرانی بەتەواوى نیگەران کردبوو. ئەم ئایدیایانە واى لە هەردوو وڵاتەکە کرد لەبرى بەریەککەوتن بیر لەڕێکەوتن بکەنەوە. سەرەڕای شەڕی سووریا، سەردان و کۆبوونەوە فەرمییەکانی هەردوو وڵات لە ئاستی باڵادا نموونەی هەوڵەکانیانن بۆ ئاشتەوایی. لە کاتێکدا کە شەڕى بەوەکالەتی تورکیا و ئێران لەسووریا بەردەوام بوو، عەبدوڵڵا گوڵ سەرۆککۆمارى ئەو دەمی تورکیا پێشوازییەکی گەرمی لە حەسەن ڕۆحانی کرد کە سەردانی ئەنقەرەى کردبوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەى خواستی هەردوو دەوڵەتەکەبوو بۆ پاراستنی پەیوەندی باشی دراوسێیەتییان(Hürriyet, 2014).

قەیرانی سووریا: لەپرۆسەى ڕاپەڕینی گەلەوە بۆ شەڕى ناوخۆیی و ڕەنگدانەوەى لەسەر سیاسەتەکانی تورکیا و ئێران

لە دەرئەنجامی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییانەى بەهۆى بەهارى عەرەبییەوە لەهەندێک وڵاتی عەرەبیدا سەریان هەڵدا، داینەمۆى ئەم ڕاپەڕینانە لەساڵی (٢٠١١)دا لە سووریاشدا بەدەرکەوت و گەشتە ئاستێک کە گەڕانەوە لێی مەحاڵ بوو. سەرەڕاى تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر پێکدادانەکاندا لەسووریا کەچی هێشتا ئاشتی بەدی نەهاتووە، هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا، ملیۆنان کەسیش ناچاربوون شوێنەکانی خۆیان بەجێبهێڵن. پێکدادانی بەرژەوەندی دەوڵەتان لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی هۆکارى قووڵبوونەوەى قەیرانی سووریابوو. وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی خۆیاندا و بۆ دیاریکردنی ئاڕاستەى داهاتووى دۆخەکە شەڕى بە وەکالەتیان لەناوچەکەدا هەڵگیرساند. لە بەرامبەر ئەو دەوڵەتانەى کە پشتگیرى هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیان دەکرد، هەندێک دەوڵەتیش هەستان بەیارمەتیدانی هێزەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بۆیە ڕۆژ لەدواى ڕۆژ کاریگەریى توندوتیژییەکان زیاتر دەبوو(Alterman, 2013:1).

تورکیا و ئێران لەو وڵاتە ناوچەییانەن کە هەر لەسەرەتاى سەرهەڵدانی قەیرانی سووریاوە بەشێوەیەکی چالاک ڕۆڵیان لە ڕووداوەکاندا هەبووە. تورکیا هەر لەسەرەتاى ڕاپەڕینەکانی خەڵکی سووریاوە هەوڵی گۆڕینی ڕژێمی بەشار ئەسەدی دا، یارمەتیدانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژى ڕژێمی سوریی دا. ئەم دۆخەش ڕۆڵی لەشێوەگرتنی سیاسەتەکانی تورکیا هەم لەسەر ئاستی ناوچەیی و هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەبوو. هەرچی ئێرانیشە هەر لەساتی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەکانەوە ڕایگەیاند کە لایەنگیرى ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکات و بڕیاریدا سیاسەتەکانی بەو ئاقارەدا ئاڕاستە بکات. هەربۆیە ئەو ستراتیژ و پەیڕەوانەى هەردوو وڵات گرتوویانەتەبەر بۆ تێگەیشتن لە کاریگەریی قەیرانی سووریا لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران گرنگن.

قەیرانی سووریا: لەپرۆسەى ڕاپەڕینی گەلەوە بۆ شەڕى ناوخۆیی و ڕەنگدانەوەى لەسەر سیاسەتەکانی تورکیا و ئێران

کاریگەریى شەڕى ناوخۆیی سووریا لەسەر سیاسەتەکانی تورکیا

لەدواى قەیرانی سووریاوە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا بە تەواوەتی وەستا و ئەو پێشهاتانەى لەسووریا ڕوویاندا بەڕادەیەکی زۆر مەترسی بۆسەر تورکیا دروستکرد. کاتێک خاکی باکورى سووریا کەوتە ژێر دەسەڵاتی گرووپەکانی وەک پەیەدە، بەرەى نوسرە و داعشەوە مەترسی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا دروستبوو، ئەمەش ماناى وابوو ئاسایشی سنوورەکانی تورکیا بەسووریاوە بەشێوەیەکی جدی کەوتوونەتە مەترسییەوە. پێکدادانە چەکدارییەکانی وڵاتەکە پاڵی بەخەڵکی سڤیلیشەوەنا شوێنەکانی خۆیان جێبهێڵن. تورکیا هەتاوەکو ئەم دوایانەش پەیڕەوى لەسیاسەتی “دەرگای کراوە”[7] دەکرد، ئەمەش بووە یەکێک لە مەسەلە گرنگەکانی سیاسەتی دەرەکی تورکیا و لێرەوە کێشەى پەنابەرانی سورى سەریهەڵدا. لە هەمانکاتدا کاتێک سەرنج لەو پێشهاتانە دەدرێت کە لەناوخۆى وڵاتەکەدا ڕوویاندا بۆمان ڕووندەبێتەوە ئەم بابەتە کاریگەرییەکی گرنگی بەسەر پەیڕەوى سیاسی ناوخۆییەوە هەبووە. لەکاتێکدا تورکیا لەگەڵ ڕاگەیاندنی پڕۆسەى ئاشتیدا پێکدادانە سەربازییەکانی ناوخۆى وڵاتەکەى وەستاند، پەیەدە سەریهەڵدا و ڕژێمەکەى بەشار ئەسەدیش چەندین بەڵێنی جیاوازى بە کوردەکانی باکورى سووریا دا، لێرەشەوە پەکەکە گەیشتە ئەو بڕوایەى دەستی لەهاوکێشەکاندا بەهێزبووە. لەلایەکی دیکەوە، ئەگەرچی یەکەمجاربەرەى نوسرە هاوسۆزى لەگەڵ سوپای سووریاى ئازادا هەبوو، بەڵام دواتر پەیوەندییەکانی خۆى لەگەڵ ئەم گرووپە پچڕاند و پەیوەندی بە قاعیدەوە کرد. باڵادەستبوونی هێزەکانی وەک بەرەى نوسرە و داعش لەسووریا و خەباتیان لەپێناو ئایدۆلۆجیەکانی خۆیاندا، هەستی مەترسی لەلاى تورکیا خوڵقاند (Kohen, 2012). لێرەوە ئەو بانگەشانە سەریانهەڵدا کە تورکیا کۆمەکی گرووپە جیهادییەکان لەدژى پەیەدە دەکات و بریندارەکانی ئەم گرووپانە لەنەخۆشخانەکانی تورکیا چارەسەر وەردەگرن و لەهەمانکاتدا لەلایەن تورکیاشەوە یارمەتی سەربازیى و لۆجستییان پێدەدرێت، بۆیە ئەم پێشهاتانە لەسەرئاستی سیاسەتی دەرەکی تورکیایان خستە ژێر فشارەوە (Amberin Zaman, 2013 ).  قەیرانی سووریا لە کاردانەوەی گەلێک تێپەڕی کە بەدوای ماف و ئازادیدا دەگەڕێت، لەدواى دروستبوون و سەرهەڵدانی گرووپە جۆراوجۆرەکان ئیتر پرسیارێکی لەم شێوەیە هاتە ئاراوە کە ئایا دەوڵەتی داهاتوو دەوڵەتێک پشتبەستوو بەشەریعەتی ئیسلامی بەقورسایی سوننی دەبێت یاخود دەوڵەتێکی خاوەن پێکهاتەی سکۆلاریستی دەبێت. لەهەموانیش زیاتر بەشار ئەسەد سودمەندی ئەم دۆخە بوو، چونکە وێنایەکی وەهاى دروستکرد کە شەڕى گرووپە توندڕەوە چەکدارەکان دەکات. بەهارى عەرەبی لە وڵاتەکانی وەک لیبیا، میسر و سووریادا کاریگەریى خۆی پیشاندابوو لەم کاتانەشدا تورکیا یارمەتی برایانی مسوڵمان (ئیخوان موسلیمین) و گرووپە هاوشێوە پەیوەندیدارەکانی بەوانەوە دەدا، دواى ئەوەى هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕى سووریا پێویستە بەزوویی دەستوەردان بکەن، لێرەوە تورکیا هەڵوێستی شەڕکردنی هەڵبژارد و لە کایەى نێودەوڵەتیدا وەک شەڕکەرێک لەتەنیشتی گرووپە جیهادییە ڕادیکاڵەکانەوە شوێنی گرت.

لە مانگی ئەیلولی (٢٠١٣)دا ئەمریکا و ڕووسیا بڕیاریاندا دەستێوەردانی سەربازیی لە سووریا نەکەن و تورکیاش لەو سیاسەتەی کە پەیڕەوی کردبوو بە تەنیا مایەوە. سەرەڕاى ئەوەى باراک ئۆباما بەکارهێنانی چەکی کیمایی لەشەڕى سووریادا وەک هێڵی سور ئاماژە بۆ کرد، کەچی دواى ئەوەش سووریا چەکی کیمایی بەکارهێنا (BBC, 2016) و ئەمریکاش کاردانەوەیەکی بەرجەستەى بەرامبەر ئەو حاڵەتە نەبوو، ئەم ڕەفتارەش لەتورکیا ڕەخنەیەکی زۆرى ڕووبەڕووبوویەوە. تورکیا لەو ماوەیەدا پەیڕەوى لەسیاسەتی دەرگاى کراوە دەکرد، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات و ڕۆژانە ژمارەى پەنابەرانی سورى ڕووی لەزیادبوون دەکرد بۆیە تورکیاش بەتەنها نەیتوانی ڕووبەڕووى قەیرانی پەنابەران ببێتەوە و ئەمەش دووچارى کێشەى ئابوورى کردەوە. لەبەرئەم هۆکارانە بوو تورکیا داواى دەستێوەردانی ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپاى لەبارەى ناوچەکەوە کرد و داواى لێکردن بەم ئاقارەدا هەنگاوى پێویست بهاوێژن. ڕوودانی ئەم هەموو پێشهاتانە لەدواى قەیرانی سووریاوە سیاسەتی دەرەکی تورکیاى خستە تاقیکردنەوەیەکی قوورسەوە.

ئەگەر لەڕوانگەى تورکیاوە پێشهاتەکانی قەیرانی سووریا لەبەرچاوبگرین، لەساڵی (٢٠١١)دا کاتێک ڕووداوەکانی سووریا تەقینەوە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەوڵیاندا بڕوا بە بەشار ئەسەد بهێنن تاوەکو چاکسازى لەوڵاتەکەیدا بکات. وەزیرى دەرەوەى ئەو کاتی تورکیا ئەحمەد داود ئۆغڵو و شاندێکی یاوەرى بۆ کاروبارى دەرەکی لەبارەى ئەم بابەتەوە دانوستانیان لەگەڵ بەشار ئەسەدا ئەنجامدا. سەرەڕای هەموو ئەم وتووێژانە، کەچی بەشار ئەسەد ملی بۆ چاکسازیی نەدا، بە لەبەرچاوگرتنی کاردانەوەکانی بزووتنەوەی ئۆپۆزسیۆن لەو وڵاتە، ئەمە یەکەمین فاکتەرى بزوێنەر بوو کە پەیوەندییەکانی تورکیای لەگەڵ سووریادا کۆتایی پێهێنا (Shadid, 2011). لەکۆتاییەکانی ساڵی (٢٠١١)دا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لەسەردانێکیدا بۆ ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کۆتایهێنان بە ناسەقامگیرى دۆخی سووریا پێکەوە هەوڵی چارەسەر دەدەن و پێکەوە جووڵە دەکەن. لە هەمانکاتدا ئەردۆگان جەختی لەوە کردەوە لەگەڵ ئەمریکادا پێکەوە بەبڕیارێکی هاوبەش لەبارەى سەپاندنی سزا و گەمارۆ بەسەر سووریادا گەیشتوون. هەروەها هیلاری کلینتۆن، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمەریکا لەو دەمەدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پێیوابوو دەبێت گۆڕانی ڕژێم لە سووریا بەبێ توندوتیژی لەژێر سەرکردایەتی تورکیا و کۆمکاری عەرەبیدا ڕووبدات. تورکیا لەدواى ئەم پێشهاتانەوە بڕواى بەخۆى هێنا و لەسەر ئەو گریمانەیە سیاسەتەکانی شێوەى گرت و باوەڕى وابوو کە ڕژێمی بەشار ئەسەد هەر دەڕوات. وەک چۆن لە لیبیا بەمەبەستی لادانی موعەمەر قەزافی دەستێوەردانێکی نێودەوڵەتی هەبوو تاوەکو لەدەسەڵات لایاندا، تورکیاش باوەڕى وەهابوو بەهەمان شێوە بەشار ئەسەد لادەبرێت. نزیکەى ٧٠ وڵاتی ئەوروپی و عەرەبی بەشدارییان لەلوتکەى دۆستانی گەلی سووریا لە ئیستانبوڵ کرد و تورکیاش سەرپەرشتی ئەو لوتکەیەى کرد (BBC News Middle East, 2012). ئامادەبوونی کۆفی عەنان سکرتێری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان و بیرۆکراتە باڵاکانی یەکێتی ئەورووپا لەو لوتکەیەى باسکرا و ئامادەنەبوونی هەریەک لەوڵاتانی ڕووسیا، چین، عێراق و ئێران لە لووتکەکەدا، لەو ڕووەوە گرنگە کە چۆن تورکیا بەدواى چارەسەرێکدا گەڕاوە بۆ سووریایەکی بێ بەشار ئەسەد. کاتێک لە قۆناغەکانی دواى ئەوە دەڕوانین، دەبینین کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی لەپێش هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدواى چارەسەرى دیپلۆماسییەوەن و نایانەوێت دەستوەردانی سەربازیى لەشەڕى ناوخۆى سووریا بکەن، ئەمەش لەو هۆکارانەبوو کە لەگەڵ خۆیدا شەڕى سووریاى درێژکردەوە، ئەم ناسەقامگیریانەش ئەگەر زیانمەندی تورکیاى لەسەر سنوورى سووریا زیاتر کرد(Özcan, 2017).

لەگەڵ قووڵبوونەوەى قەیرانەکانی سووریا داواکارییەکانی تورکیا بۆ دروستکردنی ناوچەى ئارام بێ وەڵام مانەوە، لە هەمانکاتدا کۆچی بەلێشاوى سوورییەکان بۆ تورکیا وڵاتەکەى خستە ژێر بارگرانیەکی ئابوورى جدییەوە. ئەحمەد داود ئۆغڵۆ لەپەیوەندیدا بەم ڕووداوەوە ئاماژەى بەوەدا ” تراژیدیاى سووریا هێندە ڕەهەندی گەورەى وەرگرتووە کەتورکیا لەگەڵ ئەو کێشانەى بەم هۆیەوە کەوتوونەتەوە ناتوانێت بەتەنها دەرەقەتی بێت”، ئەمەش ماناى وابوو کە تورکیا ناتوانێت لەڕووى ئابوورییەوە بەتەنها ئەو کێشانە چارەسەر بکات[8]. دەکرێت ڕەفتارى خۆ بەدوورگرتنی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەدەستوەردانی سەربازیى لەسووریا بە کۆمەڵێک فاکتەرى جۆراوجۆر شیبکرێتەوە. یەکەمیان کاتێک بیر لەچارەسەرێکی بێ بەشار ئەسەد بۆ تورکیا دەکرێتەوە بەئەگەرێکی زۆر ئەو دەسەڵاتەى کەشوێنی ئەسەد پڕدەکاتەوە دژى ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت بۆیە ئەمریکا دورەپەرێزى بەرامبەر ئەم بژاردەیە هەڵبژارد. لە هەمانکاتدا لە ترسی ئەوەى کە ڕەنگە لەکاتی یارمەتیدانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا بەچەک، ئەو چەکانە بکەوێتە دەست گرووپە توندڕەوە ئایینییەکان، ئەمەش پاڵی بە ئەمریکاوە نا تەنها پاڵپشتی لۆجستی ئۆپۆزسیۆن بکات(Bila, 2012).

لەچوارچێوەی ئەم پێشهاتانەدا، کاتێک شیکاری پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران لەبارەى سووریاوە دەکەین، ڕۆڵی سووریا بەماناى وشە ڕەوتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دیاری دەکات. هەر لەگەڵ شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی (١٩٧٩)وە، ئێران سووریاى وەک هاوپەیمانی خۆى قبوڵکرد لەبەرامبەردا تورکیا لەساڵانی (٢٠٠٠)دا دەست بە چاککردنەوەى پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریادا کرد. تورکیا هەرچەندە لە چاککردنەوەى پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریادا وزەى خەرج کردبێت، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ڕۆڵی سیاسی، ئابوورى و ئایینی ئێران لەسووریا لاواز بکات. کاتێک لە سیاسەتی دەرەکی ئێران لەم ساڵانەى دواییدا و لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەڕوانین دیارترین کارى لەپێشینەى ئێران بڵاوکردنەوەى سیاسەتی شیعەگەرییە. ئەم هەڵوێستەى ئێران ململانێکانی لەگەڵ تورکیادا قووڵترکردۆتەوە. دواى داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ساڵی (٢٠٠٣) حکومەتێکی شیعی نزیک لەئێران لە عێراقدا دروستبوو ئەمەش بەرژەوەندییەکانی تورکیاى لە ناوچەکە خستە مەترسییەوە. تورکیاش بۆ ئەوەى هەمان دۆخی عێراقی لەسووریا بەسەرنەیەتەوە یارمەتی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی نزیک لەخۆیدا. سەرەڕاى ئەمەش تورکیا نەیتوانی هێندەى ئەو کۆمەکیانەى کە ئێران پێشکەشی حیزبوڵاى لەسووریا کرد، پێشکەشی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی نزیک لەخۆى بکات. یارمەتییە سیاسی و لۆجستییەکانی تورکیا بۆ ئەو هێزانە سنووردار بوو. لەبەرئەوە ئێران لەچاو تورکیادا لەسووریا خاوەن هێز و هەژموونێکی زیاتر بوو(Doğan, 2016:3-4).). لەساڵی ٢٠١٥ەوە تورکیا بەو بیانوەى کە هەڕەشە لەسەرسنوورەکانی لەباکورى سووریاوە هەیە دەستی بەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەسەر سنوورەکان لەدژى داعش، پەیەدە و یەپەگە کە وەک درێژکراوەى سووریا پەکەکە ناسراون کرد.

هەڵبەتە هەندێک هۆکارى دیکە هەبوون کەوایان کرد ئێران هێندە بەچڕى پشتگیرى لەمانەوەى ڕژێمی سووریا بکات. لەناو ئێرانییەکاندا بیرۆکەى قبووڵکراو ئەوەبوو کە کەوتنی سووریا ماناى کەوتنی ئێرانە. لەبەرئەوە ئەو بیرۆکەیە بەسەریاندا زاڵبوو کە دەستبەرکردنی ئاسایشی سووریا بەماناى دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئێرانە. جگەلەوەش لە بابەتی سووریادا ئێران سەرنجی ڕووسیاى بۆلاى خۆى کەمەندکێش کرد، ئەمەش یەکێک بوو لەو پێشهاتانەى كە کاریگەریى ئێران زیاتر کرد. یەکێک دیکە لەو ڕەگەزانەى ئێرانی لەسووریادا بەهێزترکرد ڕێکەوتنی ئێران بوو لەبارەى وزەى ناوەکییەوە لەگەڵ خۆرئاوادا، لەدەرئەنجامی ئەمەشدا ئێران لەڕووى ئابوورییەوە بەرەو بوژانەوە چوو. ئێران لەپێشووتردا وەک وڵاتێک لەخۆرئاوا وێناى دەکرا کە کۆمەکی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات، بەڵام کاتێک لەشەڕى سووریادا لەبەرامبەر داعشدا جەنگا وێناى وڵاتەکە کەوتە جێگەیەکەوە کە شەڕى دژى تیرۆر کردووە. ئەم دۆخە هێزى ئێرانی لەناوچەکەدا زیاتر کرد، کەچی تورکیا لەمیدیاى ڕۆژئاوادا زووزوو هەواڵی لەبارەوە بڵاودەکرایەوە بەوەى کۆمەکی پێشکەشی داعش کردووە، ئەمەش تابڵێی وێناى تورکیاى لەخۆرئاوا لەکەدار کرد. لەم دەمەشدا پەکەکە دیسانەوە لەناو سنوورەکانی تورکیادا دەستی بەچالاکییە چەکدارییەکانی کردەوە و سەرلەنوێ سەرنجی تورکیاى بۆ نێو خاکەکەى خۆى ڕاکێشایەوە. یەکێکی دیکە لەهۆکارەکان ئەوەبوو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی نزیک لەتورکیا بەگوێرەى پێویست سەرکەوتوو نەبوون ئەمەش کاریگەریى تورکیا لەسووریا لاوازتر کرد(Doğan, 2016:4).

بە لەبەرچاوگرتنی تەواوى ئەم ڕووداوانە دەردەکەوێت هەرچەندە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران لەبابەتی سووریادا جیاوازن و ڕێگاى چارەسەرى جیاواز و ناکۆک لەخۆ دەگرن، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیەکانی هەردوو وڵات ئەوە نابێتە لێکدانەوەیەکی دروست کەچاوەڕێی پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەو دوو هێزە بکرێت. پێکەوە وابەستەبوونی تورکیا و ئێران بەیەکتر و درێژەدان بە پەیوەندییەکانیان لەسەر سیاسەتی براوە-براوە[9] وادەکات دۆخی پەیوەندییەکان نەبەنە خاڵی وەستانەوە. لە کاتێکدا ڕوونە کە قەیرانی سووریا لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەر نابێت، بەڵام ئەو بار و تێچوونەی کە بەسەر تورکیا و ئێراندا سەپاندوویەتی تابڵێی جدییە. بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا گرنگە تورکیا و ئێران ڕۆڵێک بگێڕن کە هەم ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و هەم یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزێت.

کاریگەریى شەڕى ناوخۆی سووریا لەسەر سیاسەتەکانی ئێران

لەدەرئەنجامی بە ئامانج گرتنی ڕژێمی سیاسی لەسووریا لەلایەن بەهارى عەرەبییەوە، ئێران بەناوى سووریاوە کە لەڕووى جیۆپۆلۆتیکییەوە گرنگییەکی زۆرى هەیە بۆ وڵاتەکەى، سیاسەتی ناوچەیی خۆى کە کۆمەڵێک ئاڕاستەى سەربازیی لەخۆ گرتووە بەڕێوەبردووە. ئێران هەر لەساتی هەڵگیرسانی شەڕى ناوخۆى سووریاوە کێشەکەى وەک سیاسەتێکی دەرەکی نەبینی، بە پێچەوانەوە دۆخی ئامادەى وەک بابەتێکی ئاسایشی نەتەوەیی و ناوخۆى لێکدایەوە(Uzun ve Ekşi, 2017:215). لەچوارچێوەى ئەم دیدگایەدا، ئێران هەر لەسەرەتاوە یارمەتی هێزە هاوپەیمانە خۆجێیەکانی خۆى لەسووریا دا. ئێران هەوڵیدا کە کاریگەرییەکانی بەهارى عەرەبی بخاتە پەراوێزەوە و لەبرى ئەوەى مامەڵەى دۆخەکە وەک شەڕى ناوخۆ بکات بۆ شەڕى دژی تیرۆر گۆڕى (Talla, 2017:7). ژینگەى ئەو شەڕەی لە سووریا کەوتەوە تا ئاستێکی زۆر جدی کاریگەریى لەسەر سیاسەتی دەرەوەى ئێران هەبوو. ئێران لەچەند ڕوویەکەوە لەشەڕى سووریادا ئامانج و مەبەستەکانی خۆى دیاریکرد، لەوانەش ڕێگەنەدان بەتێکچوون و پێشێلکردنی یاساکانی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرایلدا، یارمەتیدانی سەربازیى هێزەکانی بەشار ئەسەد لەپێناوى ئەوەى بیسەلمێنێت ڕژێمی سووریا تواناى کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکەى خۆى هەیە، لە هەمانکاتدا مانەوەى ناوچەکانی ڕۆژئاواى سووریا لەژێر کۆنترۆڵی ڕژێمدا، چونکە ئەم ناوچانە لەڕووى جیۆپۆلەتیکەوە بەرژەوەندی ئێران لەخۆدەگرێت. ئێران لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی ڕاستەوخۆ لەسووریا شوێن و پێگەى خۆى گرت، ئامانجی سەپاندنی هەژموون و کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکەى هەبوو(Talla, 2017:7-8).

سوپاى پاسداران و ڕابەرى ئایینی ئێران عەلی خامنەیی کاریگەرییان لەئاڕاستەکردنی سیاسەتی وڵاتەکەیان لە سووریادا هەبوو. ئەم دوو فاکتەرە بزوێنەرە یارمەتیدانی سووریاى وەک بەرخۆدان و بەرەنگارى لەقەڵەم داوە و سیاسەتی وڵاتەکەى لەچوارچێوەى ئەم ئارگۆمێنتەدا شێوەى گرت. ئێران پێیوابوو ڕووخاندنی ڕژێمی سووریا بە ماناى لەدەستدانی گرنگترین هاوپەیمانی خۆى دێت لە ناوچەکە، بەتایبەت کاتێکیش ئەمە زیاتر کاریگەر دەبێت کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حیزبوڵڵادا لە ڕێگەى سووریاوەیە. لەبەرئەم هۆکارە بەپێچەوانەى سیاسەتی وڵاتانی دیکەوە لایەنگرى ڕژێمی سووریای کرد و ڕەخنەى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کرد(Sinkaya, 2011:43). یەکێک لەو پێشهات و ڕووداوانەى کە کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی دەرەکی ئێران لە قەیرانی سووریادا هەبوو، هەڵوێستی یارمەتیدەرانەى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بوو لەلایەن وڵاتانی ئیسرائیل، سعودییە، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەى کەنداوى عەرەبی. بیرۆکەیەکی وەها لەئارادایە هۆکارى یارمەتیدانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لەلایەن ئەم دەوڵەتانەوە بۆ لاوازکردنی ئەو دەوڵەتانەبوو کە لەژێر کاریگەرى ئێراندابوون لەم ڕێگەیەشەوە ئامانجی زیان گەیاندن بە ئێرانیان هەبوو. ئێران لەلایەن دیپلۆماتکارانی ئەو کاتەى خۆیەوە ئەوەشی نەشاردەوە کە باوەڕیان وایە ڕووخانی ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد بەتایبەت پەیوەندی بە بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی ئیسرائیلەوە هەیە(Sinkaya, 2012:10).

لەلایەکی دیکەوە، هۆکارێکی دیکەى پشت پشتگیریکردنی ئێران لە ڕژێمی بەشار ئەسەد پەیوەندی بەو باوەڕەى ئێرانییەکانەوە هەبوو کە پێیانوابوو ڕژێم دەتوانێت یاخیبوونەکە سەرکوت بکات. ئەوەى پاڵنەرى ئەم بیرۆکەیەى ئێران بوو، لەڕابردوودا ڕژێمەکەى ئەسەد توانیبووى چەندین ڕاپەڕین و قەیرانی دیکە کە ڕووبەڕووى ببوونەوە سەرکوت بکات. ئێران وەها بیری دەکردەوە کە بوونی یەکەى هەواڵگرى بەهێز و سوپاى چەکدارى بەهێزى ڕژێمی سووریا تواناى بەرپەرچدانەوە و سەرکوتکردنی یاخیبوونەکەى سووریایان دەبێت. جگەلەوەش پەرتەوازەیی و شپرزەیی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەسووریا کە بەشێوەیەکی تەکنیکی و سیستماتیکی جووڵەیان نەدەکرد، ئەو باوەڕەى لەلاى ئێرانییەکان دروستکرد کە ڕژێمی سووریا سەرکەوتوو دەبێت(Sinkaya, 2011:44-45).

هەرماوەیەکی کورت لەدواى دەستپێکردنی چالاکی و هەڵمەتەکانی هێزە ئۆپۆزسیۆن و ناڕازییەکانی سووریا، ئێران ڕاستەخۆ دەستی بەپێشکەشکردنی یارمەتی ئابووریی، ئەمنی، دیپلۆماسی و کۆمەکی جۆراوجۆر بە سووریا کرد. لەکانوونی یەکەمی (٢٠١١)دا پەڕلەمانی ئێران بڕیاریدا بۆ ماوەی پێنج ساڵ بازرگانی ئازاد لەگەڵ سووریادا بکات و پاش ماوەیەکی کورتیش لەنێوان هەردوو وڵاتەکەدا واژۆى ڕێکەوتنی بازرگانی ئازاد کرا. ئامانجی پشت ڕێکەوتنامەکەش کەمکردنەوەى کاریگەرییە ئابوورییەکانی پشت ئەو گەمارۆیانە بوو کە بەسەر سووریادا سەپێنرابوو. وەها دەخەمڵێنرێت لەساتی سەرهەڵدانی قەیرانی سووریاوە ئێران بەبڕى زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار یارمەتی پێشکەش بە سووریا کردبێت(Sinkaya, 2017:56). کاتێک ئێران هەوڵی دەستەبەرکردنی یارمەتی ئەمنی بۆ سووریا دەدا ئەمەى لە سێ ڕووەوە جێبەجێکرد. یەکەمیان، یارمەتیدانی ڕژێم بە چەک و پێداویستی سەربازیى بۆ سەرکوتکردنی هێزە ناڕازى و ئۆپۆزسیۆنەکان. دووەم، پێشکەشکردنی یارمەتی تەکنیکی لەڕێگەی ناردنی دەستەى ڕاوێژکارییەوە بە ئامانجی یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەکانی  ڕژێمی سووریا. سێیەمیان، ناردنی سەربازانی ئێرانی و هێزە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بۆ شەڕکردن لە دژى هێزە ناڕازى و ئۆپۆزسیۆنەکان(Ansari ve Tabrizi, 2016:4). ئەگەر لە ڕوانگەى دیپلۆماسییەوە سیاسەتەکانی ئەم قۆناغەى ئێران لەبەرچاوبگرین، پرسی سەرەکی لەلاى ئێران کارکردن بووە لەسەر دەستێوەرنەدانی دەرەکی لە دۆخی سووریا. ئێران ڕایگەیاند لەپێناو قووڵنەبوونەوەى قەیرانەکەدا پێویستە وڵاتانی ناوچەکە بەمەبەستی چارەسەر لەسەر مێزى گفتوگۆ کۆببنەوە. چارەسەرەکەش لە دیگاى ئێرانەوە بۆ کارکردنی پێکەوەیی لەچوارچێوەى هاوکارى ناوچەییدا بریتی بوو لە پاراستن و مانەوەى ڕژێمی بەشار ئەسەد، دوورخستنەوەى ئەو وڵاتانەى کە بەرەى دژى ئێرانن و یارمەتی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەدەن(Sinkaya, 2012:17-18).

لەسەربنەماى تێگەشتن لە هەموو ئەم شتانە، بەردەوامی هاوپەیمانی سی ساڵەى نێوان ئێران و سووریا هێڵی بەرەنگارى لە ناوچەکەدا دروستکرد. بەتایبەت ئەو پەیوەندییانەى ئێران لەگەڵ حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستیندا بەستوویەتی بۆ بەردەوامبوونی ئەم هێڵە ئاسایشی سووریاى خستە کارى لەپێشینەیی خۆى. ئێران وەها بیری دەکردەوە کە گۆڕانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و هاتنەکایەى حکومەتێکی لایەنگرى خۆرئاوا بۆ سەر دەسەڵات مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئێران دەبێت. ئێران بەرامبەر بەو دۆخە هۆشیاربوو کە ناتوانێت ڕاستەوخۆ شەڕ لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژئاوادا بکات، بۆیە بە کەڵک وەرگرتن لەهێزە میلیشیا و مورتەزەقەکان شەڕى بەوەکالەتی لە خاکی سووریادا کرد. بەم هۆیەوە ئێران ڕاستەوخۆ کێشەکەى وەک بابەتی ئاسایشی نەتەوەیی خۆى لێکدایەوە و سیاسەتی پێشکەشکردنی هەموو جۆرە کۆمەکییەکی بەڕژێمی سووریا پەیڕەوکرد.

ئەنجام

کاتێک پەیوەندییە مێژووییەکانی ئێران و تورکیا دەخەینەبەر نەشتەرى لێکۆڵینەوە دەبینین پەیوەندییەکان لەسەر هێڵێکی ڕاستەوانە نەڕۆیشتوون و بەرزى و نزمی بەخۆوە بینیوە. لەساڵانی سەرەتاى کۆمارەوە هەتاوەکو شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەساڵی ١٩٧٩ پەیوەندییەکان بەشێوەیەکی دۆستانە بەڕێوەچوون. لەدواى شۆڕشی ئیسلامییەوە هەم تورکیا و هەم ئێران یەکتریان بەهەڕەشە بۆ سەر خۆیان بینیوە و ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین ئەو فاکتەرانەى کاریگەریى لەسەر ڕەوتی پەیوەندییەکان هەبووە. بەتایبەتی کاتێک لەساڵانی نەوەدەکاندا ئێران کۆمەکی پێشکەشی پەکەکە دەکرد، کاتێکیش تورکیا لەباکورى عێراق ئۆپەراسیۆنی ئەنجامدەدا لەلایەن ئێرانەوە لەو دەمەدا بەتوندی سەرزەنشت کرا، لێرەدا بەڕوونی دەرکەوت ئێران سەنگەرى لەتورکیا گرتووە.

بەڵام لەساڵانی (٢٠٠٠)دا هەردوو وڵاتەکە لەدیدگایەکی پراگماتیستییەوە لێکنزیکبوونەوە و بژاردەى بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان پەسەند کرد. پەیوەندیە ئابووریى و سیاسییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوادا بەشێوەیەکی ئەرێنیانە ڕەنگدانەوەى لەسەر ئێران هەبووە، بەڵام فاکتەرى بنەڕەتی کە پاڵی بە لێکنزیکبوونەوەى هەردوو لایەنەکە ناوە بابەتی ئاسایشی سەربازییە. جگە لەوەش چڕبوونەوەی بارودۆخی سیاسی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئۆراسیا لەم قۆناغانەدا کاریگەرییەکی گەورەى هەبوو لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا. تورکیا دژى ئەو گەمارۆیانە وەستایەوە کە بەهۆى کێشەى وزەى ئەتۆمییەوە خرایە سەر ئێران، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بڕیارێکی لەو شێوەیە بۆ ئاسایش و داهاتووى ناوچەکە بەڕاست نابینن. بێگومان هەڵوێستەکەى تورکیا لەبارەى ئەم بابەتەوە لە پاراستنی زیادبوونی قەبارەى بازرگانییەکانیەوە لەگەڵ ئێراندا سەرچاوەى گرتووە. یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەى کە وایکرد تورکیا دژى بڕیارى سەپاندنی سزاکانی سەر ئێران بوەستێتەوە بەهۆى کۆبوونەوەى دەوڵەتان بوو لەبارەى دیاریکردنی نرخی نەوتەوە و قۆرغکردنی نەوتەکە بوو. هاوکات هاوکارییەکانی ئێران لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەدژی ڕێکخراو و گرووپە چەکدارییەکان لەم ماوەیەدا پشتیوانی تورکیای لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا مسۆگەر کرد.

ڕەوتی باشی ئەو پەیوەندییە دوو قۆڵیانەى کە باسکران درێژەى نەخایاند، پێشهاتەکانی وەک جێگیرکردنی سیستەمی موشەکی لەسەر سنوورەکانی تورکیا و قەیرانی سووریا لەدواى سەرهەڵدانی بەهارى عەرەبی بەشێوەیەکی نەرێنیانە کاریگەریى لەسەر بەردەوامی پەیوەندییەکان بەجێهێشت. تەواوى ئەو پێشهاتانەى ڕوویاندا نەیانتوانی پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیاى تاوەکو خاڵی پچڕان بهێنن، بەڵام لایەنە جیاوازەکانی ڕەوتی پەیوەندییەکان لەڕووى شوناس، ئەمنی و سیستەمەوە بەتەواوەتی ڕوون بوویەوە و دەرکەوت لەسەر بنەمایەکی زۆر هەستیار ئەم هاوکێشانە بونیادنراون.  ویستی تورکیا بە ئاڕاستەى جێهێشتنی دەسەڵات لەلایەن بەشار ئەسەدەوە و پشتگیریکردنی ئێران لەڕووى سەربازى، دیپلۆماسی و لۆجستییەوە و بەرگریکردنی لە سووریا گرژى نێوان هەردوو وڵاتەکەى زیاتر کرد.

 ئێران لە شکستی بەشار ئەسەد لە سووریا و گۆڕانی ڕژێمەکەى دەترسا، چونکە هەژموونی خۆى لەناوچەکەدا لەدەستدەدا. ئەگەر جیاوازى مەزهەبی و تائیفی لەبەرچاو بگیرێت دەبینین ئێرانی شیعی پشتگیرى ڕژێمی بەشار ئەسەدی شیعەى نوسەیرى دەکات و هەرچی تورکیاشە لەڕووى مەزهەبیەوە سوننەى مسوڵمانە و پشتگیرى هێزە ئۆپۆزسیۆنە سوننییەکان دەکات، بۆیە پێکدادانی ئەم دوو هێزە مەزهەبییە جیاوازە گرژی و ئاڵۆزی و ململانێکانی نێوان تورکیا و ئێرانی زیاتر کرد. ئەگەرچی ئێران و تورکیا نەیانتوانیوە پەیوەندییەکی سەقامگیر لەسەر بنەماى متمانەکردن بەیەکتر بونیادبنێن، بەڵام بەهۆى ئەو ڕاستییەى کە هەردوولا پێویستیان بەیەکترە پەیوەندییە سیاسییەکانی هەردوو وڵاتەکە نەپچڕا.

کۆبوونەوەى ناوبەناوى تورکیا و ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەى سووریا، هەستکردنی ئێران بە مەترسی هەڕەشەی دەوڵەتانی دیکە، ویستی بۆ درێژەدان و پاراستنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ تورکیادا بەتایبەت کاتێک بەهۆى گەمارۆ و سزاکانەوە ئابوورییەکەى لاواز بووبوو، ویستی تورکیاش بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکانی لەگەڵ سووریادا لە گرنگترین ئەو فاکتەرانەبوون کە سەرەڕاى هەموو گرژییەکان وایکرد پەیوەندییەکانی ئەو دووڵاتە بەردەوام بێت.

ڕەنگدانەوەى قەیرانی سووریا لەسەر سیاسەتەکانی تورکیا بەتایبەت لە ڕوانگەى ئاسایشی سنوورەکانەوە بەڕادەیەکی زۆر کاریگەریى هەبوو. چەندین ڕێکخراوى توندوتیژ و ڕادیکاڵ لە ئەنجامی بۆشایی دەسەڵات لە سووریادا دروستبوون و ئاسایشی سنوورەکانی تورکیایان خستە ژێر مەترسییەوە. لە هەمانکاتدا بەهۆى ئەو پێکدادانانەى لە ناوچەکەدا ڕوویاندا خەڵکی سووریا بەرەو تورکیا پەنایان هێنا و ئەمەش کێشەى پەنابەرانی سووریى دروستکرد. ئەم کێشەیە بەشێوەیەکی جدی کاریگەرى کردە سەر سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەى تورکیا. ئەم قەیرانە گرژى خستە پەیوەندییەکانی تورکیا و وڵاتانی یەکێتی ئەورووپاوە، لەلایەکی دیکەوە جەختکردنەوە و سووربوونی بەردەوامی تورکیا لەسەر سووریایەکی بێ بەشار ئەسەد، کاریگەریى کردە سەر پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئێراندا، لە دەرەنجامدا تورکیا بووە وڵاتێک لە کایەى نێو دەوڵەتیدا بەتەنها مایەوە و بەقووڵی هەستی بەقوورسایی قەیرانەکە لەسەرشانی خۆى کرد.

وەک دەبینرێت پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا سەرەڕاى هەموو کێشەکان نەگەیشتۆتە حاڵەتی وەستان. لەمەشدا هەردوو وڵاتەکە لەهەندێک بابەتدا سوودیان لەیەکتر وەرگرتووە. کە ڕوونبوویەوە قەیرانی سووریا لە ماوەیەکی کورتدا چارەسەر نابێت و کێشەکە ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، بۆیە زۆر گرنگە تورکیا و ئێران پێکەوە هەڵوێستێکی هاوبەش بنوێنن. دیاریکردنی کێشەکانی ناوچەکە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە کە لەناوچەکەدان و کاریگەریى کێشەکەیان لەسەرە لەداهاتوودا سوودێکی زیاترى بۆ ئەم جوگرافیایە دەبێت لەبرى ئەوەی لەلایەن زلهێزە دوورەدەستەکانەوە دیارى بکرێت.

سەرچاوەکان

Ahmadi, H. (2008). The Dilemma of National Interest in the Islamic Republic of Iran, Iran in the

21st Century Politics, Economics and Conflict, Homa Katouzian & Hossein Shahidi, (Editör.) New

York: Routledge.

Aljazeera Türk (2014), Sarraf, Zencani ve Halk Bankası üzerinden ‘Yeni Türkiye’ye operasyon.

http://www.aljazeera.com.tr/gorus/sarraf-zencani-ve-halk-bankasi-uzerinden-yeni-turkiyeyeoperasyon

[Erişim Tarihi: 24.09.2020}.

Alterman, J. B. (2013). The Age of Proxy Wars, CSIS Middle East Notes and Comment,

https://www.csis.org/analysis/middle-east-notes-and-comment-age-proxy-wars [Erişim Tarihi:

27.09.2020].

Ansari, A. and Tabrizi, A. B. (2016). The View from Tehran, Aniseh Bassiri Tabrizi ve Raffaello

Pantucci (Ed.), Understanding Iran’s Role in the Syrian Conflict içinde (3-11), Londra.

Aydın, E. (2019). AB’nin Güvenliği ve Türkiye’nin Rolü: NATO Füze Kalkanı, AVRASYA

Uluslararası Araştırmalar Dergisi, 7 (16): 719-735.

Barkey, Henry J. (2012). Turkish-Iranian Competition after the Arab Spring, Survival: Global

Politics and Strategy, 54 (6): 139-162.

BBC News Middle East (2012). İstanbul Summit Tries to Increase Pressure on Syria.

https://www.bbc.com/news/world-middle-east-17576134 [Erişim Tarihi: 13.06.2020].

BBC News Türkçe (2016). BM: Suriye’de Esad rejimi ve IŞİD kimyasal silah kullandı.

https://www.bbc.com/turkce/haberler-dunya-37190273 [Erişim Tarihi: 13.06.2020]

Bila, F. (2012). Türkiye’yi Bekleyen Çatışma Alanları. Milliyet,

https://www.milliyet.com.tr/yazarlar/fikret-bila/turkiye-yi-bekleyen-catisma-alanlari-1630190

[Erişim Tarihi: 13.06.2020].

Çandar, C. (2013). Kürdistan petrolü, Türkiye, Ortadoğu Jeopolitiği. Radikal,

http://www.radikal.com.tr/yazarlar/cengiz-candar/kurdistan-petrolu-turkiye-ortadogujeopolitigi-

1-1130462/ [Erişim Tarihi: 13.06.2020].

Doğan, S. (2016). Türkiye-İran İlişkilerinde Suriye Faktörü: Risk Üçgeninde İstikrar Arayışı, İnsani

ve Sosyal Araştırmalar Merkezi.

Dünya Gazetesi. (2012). ‘İran gerilimi’ sıcak çatışmaya dönüşebilir.

https://www.dunya.com/gundem/039iran-gerilimi039-sicak-catismaya-donusebilir-haberi-

170379 [Erişim Tarihi: 13.06.2020].

Ergin, S. (2012). Suriye Konusundaki Büyük Yalnızlığımız. Hürriyet,

https://www.hurriyet.com.tr/suriye-konusundaki-buyuk-yalnizligimiz-21376390 [Erişim Tarihi:

13.06.2020].

Global Research. (2011). The Syria-Iran-Turkey Triangle: A New War Scenario in the Middle East.

https://www.globalresearch.ca/the-syria-iran-turkey-triangle-a-new-war-scenario-in-themiddle-

east/27852 [Erişim Tarihi: 13.06.2020].

Gürsel, K. (2010). AKP dış politikası Lizbon’da iflas etti. Milliyet,

https://www.milliyet.com.tr/yazarlar/kadri-gursel/akp-dis-politikasi-lizbon-da-iflas-etti-1316396

[Erişim Tarihi: 13.06.2020].

Hürriyet. (2014). Gül’den Ruhani’ye: Almanya ve Fransa gibi olabiliriz.

https://www.hurriyet.com.tr/dunya/gulden-ruhaniye-almanya-ve-fransa-gibi-olabiliriz-

26576670 [Erişim Tarihi: 13.06.2020].

İdiz, S. (2013). Turkey’s Secterian War with Iran over Syria and Iraq. Al-Monitor Turkey,

https://www.al-monitor.com/pulse/originals/2013/01/sunni-jihadist-iraq-turkey.html [Erişim

Tarihi: 13.06.2020].

Kırdar, S. (2013). ABD’nin İran’a Uyguladığı Altın Yaptırımı ve Olası Sonuçları, Türkiye Ekonomi

Politikaları Araştırma Vakfı (TEPAV).

Kohen, S. (2012). Suriye politikasında yeni ayar. Milliyet,

https://www.milliyet.com.tr/yazarlar/sami-kohen/suriye-politikasinda-yeni-ayar-1613961

[Erişim Tarihi: 13.06.2020].

Landler, M. (2010). At the UN Turkey Asserts Itself in Prominent Ways. The New York Times,

https://www.nytimes.com/2010/09/23/world/europe/23diplo.html [Erişim Tarihi: 13.06.2020].

Lane, C. (2011). The Unipolar Exit: Beyond the Pax Americana, Cambridge Review of International

Affairs, 24 (2): 149-164.

Marschall, C. (2003). Iran’s Persian Gulf Policy, From Khomeini to Khatemi, New York:

Routledge.

Milliyet (2012). Esad’a Karşı İran’ı İşbirliğine Çağırdı. https://www.milliyet.com.tr/siyaset/esad-akarsi-

iran-i-isbirligine-cagirdi-1612853 [Erişim Tarihi: 13.06.2020].

Milliyet. (2013). İran: Suriye konusunda Türkiye’yle uyumluyuz,

https://www.milliyet.com.tr/dunya/iran-suriye-konusunda-turkiye-yle-uyumluyuz-1652651

[Erişim Tarihi: 13.06.2020].

Okyay, Z. (2011). Regionalism or Shift of Axis? Turkish-Syrian-Iranian Relations, Turkey in the

21st Century Quest for a New Turkish Foreign Policy, Burlington: Ashgate, Aldershot.

Outzen, R. (2012). From Crisis to Cooperation Turkey’s Relations with Washington and NATO,

The Washington Institute for Near East Policy, Number 12.

Özcan, M. (2012). AB-Türkiye İlişkileri ve Suriye Krizi, İnsani ve Sosyal Araştırmalar Merkezi

(İNSAMER), Araştırma 40, Haziran 2017, 1-19.

Radikal. (2011). İran: Malatya’yı kesinlikle vururuz. http://www.radikal.com.tr/dunya/iranmalatyayi-

kesinlikle-vururuz-1072183/ [Erişim Tarihi: 13.06.2020].

Rozen, L. (2010). Obama Administration Dismisses Leak of Obama Letter on Iran Fuel Deal.

Politico Externa,

https://www.politico.com/blogs/laurarozen/0510/Obama_admin_dismisses_leak_of_Obama_lett

er_on_Iran_fuel_deal.html [Erişim Tarihi: 13.06.2020].

Sadık, G. (2008). Iran and Turkey Move Closer on Counter Terrorism Cooperation. Terrorism

Focus, 5 (16), https://jamestown.org/program/iran-and-turkey-move-closer-on-counterterrorism-

cooperation/ [Erişim Tarihi: 13.06.2020].

Shadid, A. (2011). Turkey Warns Syria to Stop Crackdown. The New York Times,

https://www.nytimes.com/2011/08/16/world/europe/16turkey.html [Erişim Tarihi: 13.06.2020].

Sinkaya, B. (2011). İran-Suriye İlişkileri ve Suriye’de Halk İsyanı, ORSAM, 3 (33), 38-48.

Sinkaya, B. (2012). Arap Baharı Sürecinde İran’ın Suriye Politikası, SETA Analiz, 1-40.

Sinkaya, B. (2017). İran’ın Suriye Stratejisi, Akademik Ortadoğu, 11 (2), 49-64.

Sullivan, M. (2014). (Rep.). Institute for the Study of War. Retrieved September 24, 2020, from

http://www.jstor.org/stable/resrep07896 [Erişim Tarihi: 24.09.2020].

Talla, M. (2017). İran’ın Suriye’deki Askeri Politikası, İran Araştırmaları Merkezi.

Tanış, T. (2013). İran’la tarihi anlaşma. Hürriyet, https://www.hurriyet.com.tr/dunya/iran-la-tarihianlasma-

25194798 [Erişim Tarihi: 13.06.2020].

Taştekin, F. (2013). İran’la Barış Şansı!. Radikal, http://www.radikal.com.tr/yazarlar/fehimtastekin/

iranla-baris-sansi-1154358/ [Erişim Tarihi: 13.06.2020].

Tehran Times. (2010). Ahmedinejad: Nuclear Declaration Ushers a New Era.

Uzun, Ö. S. and Ekşi, M. (2017). Continuities and Changes in Iran’s Foreign Policy: Analysis of

Syrian Case, ANKASAM Bölgesel Araştırmalar Dergisi, 1 (3), 205-228.

Zaman, A. (2013). Syrian Kurdish Leader Urges Turkey to End Support for Salafists. Al Monitor,

https://www.al-monitor.com/pulse/originals/2013/10/syrian-kurdish-leader-calls-turkey-shutdown-

salafists.html [Erişim Tarihi: 13.06.2020].

[1]  ئەم توێژینەوەیە لەم سەرچاوەوە وەرگێڕراوە:

(Nargül, S. (2020). Suriye Krizinin Türkiye-İran İlişkilerine Etkileri, Sosyal, Beşeri ve İdari Bilimler Dergisi, 3(12): 1010-1026.)

[2]  سەمیح نارگوڵ، توێژەرە لەزانکۆى وان یوزنجو یڵ، لەفاکەڵتی ئەدەبیات بەشی جوگرافیایە خاوەنی چەندین توێژینەوەیە و یەکێکە لەجوگرافیناسە گەنجەکان کە لەبوارى جوگرافیای سیاسیدا لێکۆڵینەوە ئەنجامدەدات.

[3]  بەهۆى پەلامارە سەربازییەکانی هێزە سەربازییەکانی تورکیاوە بۆ سەر باکورى عێراق ئەوە سەلمێنراوە ئێران بەشێوازى جیاواز کۆمەکی پێشکەشی پەکەکە کردووە. (بۆ زانیارى زیاتر بڕواننە: ڕۆژنامەى میلەت، “کۆمەکی ئێران بۆ پەکەکە بەردەوامە”

https://www.milliyet.com.tr/the-others/iranin-pkkyadestegi-suruyor-5369426 Yayınlanma Tarihi: 12.12.1997 [Erişim Tarihi: 27.09.2020],

حوڕییەت، ٥٠ کەمپی پەکەکە لەئێران،

https://www.hurriyet.com.tr/gundem/iranda-50-pkk-kampi-39095043 Yayınlanma Tarihi: 08.08.1999 [Erişim Tarihi: 27.09.2020])

[4]  ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فیدراسۆنی ڕووسا، کۆمارى گەلی چین، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پێکدێت.

[5]  لەم ڕووداوەدا ئیسرائیل لەڕێگەى هێزە سەربازییەکانییەوە دەستوەردانی بۆسەر کەشتییەکی تورکی لە سنورە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی دەریاى ناوەڕاستدا لەبەروارى ٣١ى مایسی ٢٠١٠ کرد، کەشتییەکە یارمەتی مرۆیی دەگواستەوە بۆ غەززە، لەلایەن دامەزراوەی یارمەتی مرۆیی (İHH) و بزووتنەوەی ئازادی غەززەوە ڕێکخرابوو. لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا بەشێک لە چالاکوانان کوژراون و بەشێکی دیکەشیان بریندار بوون.

[6]  پاڵاوگەکانی نەوتی تورکیایە، کورتکراوەکەى TÜPRAŞ، کۆمپانیایەکی پشکی هاوبەشە لە ساڵی ١٩٨٣ وەک کۆمپانیایەکی چەتری بە تێکەڵکردنی چوار پاڵاوگەی نەوتی دەوڵەتی لە باتمان، ئیزمیر، ئیزمیت و کرکالێ دامەزراوە، لە ساڵی ٢٠٠٦ گواسترایەوە سەر کەرتی تایبەت و خراپەسەر کۆچ هۆڵدینگ. بەرهەمی نەوتی وەک بەرهەمی سووتەمەنی، قیر، ڕۆنی سووتەمەنی، نەوتی سپی، غازی ئێڵ پی جی، ڕۆنی ماتۆڕ هتد.. بەرهەم دەهێنێت.

[7]  ئەم سیاسەتە بریتییە لە کردنەوەى دەرگا سنورییەکانی تورکیا بەڕووى هاوڵاتیانی سوریدا، بەبێ ئەوەى گوێ بە بابەتەکانی وەک جیاکارى مەزهەبی، ڕەگەزی، و نەژادى بدات یاخود ئەو کەسانەى کە دێنە وڵاتەکەیەوە پاسپۆریان هەیە یان نا، واتە بەشێوەیەکی سەربەستانە دەرگاى بەڕووى هەموواندا ئاوەڵا کرد (وەرگێڕ).

[8]  ئەم دێڕانە لەوتەکانی وەزیرى دەرەوەى ئەو کاتەى تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵۆ کە لەکۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی ٣٠ ئابی ٢٠١٢ پێشکەشی کرد وەرگیراوە.

[9]  سیاسەتی براوە-براوە:ئەم سیاسەتە ململانێ لە هێرش و بەرگری دوژمنکارانەوە بۆ کارکردنی پێکەوەیی دەگۆڕێت. ئەم ڕەفتار و پرۆسەی کارکردنە هێزی ئەوەی هەیە کە تەواوی ڕەوتی پەیوەندییەکان بگۆڕێت. کەسێک کە بەردەوام رێبازی چارەسەرکردنی کێشە بەهاوبەشی بەکاردەهێنێت، توانای جیاوازی دروستکردنیشی هەیە(وەرگێڕ).

Send this to a friend