• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 3, 2024

هاوپەیمانیی مێژوویی بازاڕ و پیاوانی ئایینی لە ئێران وەرچەرخانەکان و ئەنجامەکانى

احمد شمس الدین لەیلە

و: بارام سوبحى

بەرایی

لە ئەنجامی هاوپەیمانی بازرگانانی بازاڕ لەگەڵ پیاوانی ئایینی لە ڕابردووی دوور و نزیکدا، وەرچەرخانى گەورە هاتنە ئاراوە، کە کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر ڕەوتی حوکمڕانی، ئابووری و تەنانەت بیروباوەڕیش لە ئێراندا هەبوو، وەک بەشداریکردن لە گۆڕینی ئێران لە مەزهەبی سوننە بۆ مەزهەبی شیعە و چەسپاندنى لە وڵاتدا، سەرخستنی شۆڕشی تووتن و شۆڕشی دەستووری و پاڵپشتیکردنی ئابووری ئێران دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات محەمەد موسەدق لە ساڵی (١٩٥١)دا نەوتی بە نیشتمانی کرد. دیارترین بەرهەمی ئەم هاوپەیمانییەش سەرکەوتنی بازاڕییەکان بوو لە یارمەتیدانی پیاوانی ئایینی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە ساڵی (١٩٧٩)، ئەوەش دوای جێبەجێکردنی پلانێکی ورد و پشتیوانییەکى دارایی بەرفراوان بوو لەپێناوى بەدیهێنانى ئامانجەکانی پیاوانی ئایینی.

بە درێژایی مێژوو ئەو هاوپەیمانییە دێرینەی نێوان ئەو دوو هێزە کاریگەرە، لەڕووی دارایی و کۆمەڵایەتییەوە ڕێچکەیەکی نیمچە ڕێکخراوی گرتەبەر، بەڵام لەدوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی و بەکارخستنى تیۆری حوکمڕانی ڕەهای ویلایەتى فەقیه، گۆڕانکارى لە هەموو ئاستەکاندا سەریهەڵدا، دیارترین گۆڕانکارى لەبوارى ئابوورییدا بوو، چونکە بەپێی ئەو تیۆرییە ئایینییەی کە خومەینی لەدوای شۆڕش دایهێنا و جێبەجێی کرد، وەلى فەقیه بووە خاوەنى هەموو سەرچاوەکانی دەوڵەت، هەروەها دەبوو لە هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا نوێنەرى وەلى فەقیه هەبێت.

وشەی فارسی “بازاڕ” بە واتای ئەو شوێنە سەر داپۆشراوە دێت کە کڕین و فرۆشتنی تێدا ئەنجام دەدرێت. ئەم زاراوە فارسییە بۆ دەرەوەی ئێران گواستراوەتەوە و ئێستا لە چەند وڵاتێکدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت. بە سەرکارەکانیشى دەوترێت بازرگان.

دامەزراندنی بازاڕ لەئێراندا دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر. لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردوە لە (3000) ساڵی پێش زایینەوە بازاڕ هەبووە، بەتایبەتى لەو شارانەی کە لەکۆندا دەکەوتنە سەر ڕێگە سەرەکییە بازرگانییەکان ([1]). ئەمڕۆ ئێران کۆمەڵێک بازاڕی بەناوبانگی هەیە کە لە لیستی میراتی جیهانی یونسکۆدا جێگیرکراون، بەناوبانگترینیان بازاڕی تەبرێزە لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران کە وەک گەورەترین بازاڕی سەر داپۆشراوی مێژوویی لە جیهاندا ئەژماردەکرێت، هەروەها بازاڕی ئەسفەهان و کاشان (ناوەندی ئێران)، بازاڕی گەورەی تاران لە پایتەخت و چەندین بازاڕى بەناوبانگی دیکە، ئەوانەش تەنها بازاڕی بازرگانی نەبوون، بەڵکو شارێکی تەواو بوون، هەربۆیە بازرگانەکانیان بەدرێژایى مێژوو لەئێراندا خاوەنى پێگەى کۆمەڵایەتی و سیاسیی بوون، چونکە لە دەوروبەرى بازاڕەکان و بۆ ئاسوودەکردنى کڕیاران، جگەلە شورا، خزمەتگوزارییەکانى وەکو چێشتخانە و مزگەوت و هۆتێل بۆ گەشتیاران و تەنانەت قوتابخانەش هەبوون، سەربارى ئەوەى لەڕووى ئەندازیاری تەلارسازییەوە بازاڕەکان بە شێوەیەکى سەرنجڕاکێش دیزاین کرابوون ([2]). ئەوەش بە ئامانجى هاندانى خەڵکى بوو تاوەکو سەردانى بازاڕەکان بکەن و ئەوەندەى دەتوانن بمێننەوە، بۆیە بازاڕ کاریگەرییەکی ڕوونی لەسەر ژیانی گشتی هەبوو.

بازاڕ وەکو دامەزراوەیەکی سەربەخۆ مامەڵەى کردووە، بەجۆرێک هیچ دەسەڵاتێک لە کۆنتڕۆڵکردنیدا سەرکەوتوو نەبووە، هەروەها لەڕووی مێژووییەوە سەرچاوەى سەرەکى پارەدارکردنى دامەزراوەى ئایینى بووە، چونکە بازرگانان زەکات و پێنج یەک (خومس)یان دەدا بە فەقیهەکان، وەقف و دیارییان پێشکەش بە پیاوانى ئایینى دەکرد، تاوەکو لەپێناوى ئامانجە شەرعیەکانیاندا خەرجی بکەن. بازرگانەکان هەوڵیان دەدا ڕەزامەندی دامەزراوە ئایینییەکان بەدەستبخەن. هەروەها دامەزراوەی ئایینیش زۆر حەزیان دەکرد بازرگانان بە لای خۆیاندا ڕابکێشن.

لەڕووی مێژووییەوە ئەوە سەلمێنراوە کاتێک فەقیهەکان توڕە دەبوون، دەرگاى بازاڕەکان دادەخران. کاتێک بازرگانەکانیش لە دژی دەسەڵات ناڕەزایەتیان دەردەبڕى، لە مزگەوتەکاندا مانیان دەگرت، وەک چۆن لە ساڵی (١٩٠٦) لە کاتی شۆڕشی دەستووریدا ڕوویدا، کە لە مزگەوتی شا عەبدولعەزیم لە تاران مانیان گرت، یان پشتیوانییان لە بزووتنەوەی بە نیشتمانیکردنی نەوت کرد کە لەلایەن موسەدقەوە ئەنجامدرا، دواتر بەرەنگاری ئەو کودەتایە بوونەوە کە لە ساڵی (١٩٥٣) لە دژی ئەنجامدرا ([ 3]).

ماوەی چەند سەدەیەکە بازاڕییەکان بازرگانی ناوخۆییان لە ئێراندا کۆنترۆڵکردووە، پێگە و هەژموونیان لەناو دەوڵەت و کۆمەڵگەدا هەبووە، پەیوەندییەکى پتەویان لەگەڵ پیاوانى ئایینیدا هەبووە، کە لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییەکان بوو، پیاوانی ئایینی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەریان هەبوو، بەڕادەیەک بازرگانەکان دەیانتوانی کارەکانیان بەجێبهێڵن و دەست بە مانگرتن بکەن، تەنها لەسەر فەتوایەکى پیاوانى ئایینى لەدژى دەسەڵاتداران کە پێویستی بە پشتیوانی و پاڵپشتی جەماوەر هەبووایە. ئەمەش لە ماوەی (١٥٠) ساڵی ڕابردوودا لە زۆر نمونەی چارەنووسسازدا لە مێژووی ئێراندا دەرکەوتووە، کە دیارترینیان لە سەردەمی شۆڕشی دەستووری ساڵی (١٩٠٦) و شۆڕشی (١٩٧٩) بوو، کە توانیان پیاوانی ئایینی بگەیەننە دەسەڵات. بەڵام دواى ئەوەى پیاوانی ئایینی گەیشتنە دەسەڵات و بیرۆکە ئابورییەکانى تیۆری ویلایەتى فەقیهیان جێبەجێ کرد، پەیوەندییەکانی نێوانیان گۆڕا و ڕێچکەیەکی جیاوازتر لەوانەى پێشوى بەخۆوە بینى.

ئامانج و میتۆدی لێکۆڵینەوەکە:

ئامانجی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەيە لە ڕێبازی دوور و درێژی پەیوەندیی نێوان بازرگانانی بازاڕ و پیاوانی ئایین لە سەردەمی سەفەویى، پاشان بنەماڵەی پەهلەوی و پشتیوانيکردن لە خومەینی و پیاوانی ئایینی، ئينجا گۆڕانکارییەکانی ئەو پەیوەندییە لە سەردەمی دوای کۆماری ئیسلامیدا، دواتر بەدواداچوون بۆ دەرئەنجامی ئەم هاوپەیمانییە و ڕۆڵی لە داڕشتنی ڕابردووی حوکمڕانی لە ئێران و داڕشتنی ئێستا و گريمانەى ڕۆڵگێڕانى لە داڕشتنی داهاتوودا دەكات. توێژینەوەکە ڕێبازى شیکاریی مێژوویی و ئیستقرائى تێکەڵ کردووە، تاوەكو هەوڵی گەیشتن بەم ئامانجە بدات.

توێژینەوەکە بەسەر سێ تەوەری سەرەکیدا دابەشکراوە، یەکەمیان باس لە شێوازەکانی هاوپەیمانی کۆنی نێوان بازاڕ و دامەزراوەی ئایینی لە سەدەکانی ڕابردوودا دەکات. دووەمیان: چەسپاندنی هاوپەیمانی نێوان بازاڕەکان و پیاوانی ئایینی لە قۆناغى يەكەمى پەهلەوييدا، سێیەميش باس لە: گۆڕانکارییەکانی پەیوەندی نێوان بازاڕەکان و پیاوانی ئایینی لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئێرانەوە دەکات. پاشان بە کۆمەڵێک دەرەنجام و تێڕوانین کۆتایی بە توێژینەوەکە دێت.

تەوەری یەکەم – شێوازەکانی هاوپەیمانی نێوان بازاڕ و دامەزراوەی ئایینی لە سەدەکانی ڕابردوودا

چەند سەدەیەک لەمەوبەر پەیوەندی نێوان بازاڕەکان و پیاوانی ئایینی لە ڕێگەی کۆبوونەوە و ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوانیاندا دامەزرا: زانایانی ئایینی لەگەڵ بازرگانەکاندا لەبەرامبەر ئەو نادادپەروەری و پێشێلکارییانە وەستاون كە لەلايەن دەسەڵاتی حاکمەوە بەسەریاندا سەپێنراوە، ئەوان نێوەندگیرييان کردووە لە چارەسەرکردنی ناکۆکی دارایيەكان و فەتوا و ئامۆژگارییان پێشکەش بە بازرگانان كردووە، لەکاتێکدا زانایانی ئایینی پێویستییان بە پارەی بازرگانەکانە لە خێر و زەکات و پێنج یەک و بەخشین و نەزر و ئەوقافەکان، لەو ڕێگەیەوە بۆ گەشەپێدانی ناوخۆیی و پاڵپشتیکردنی زانایان و دابینکردنی دارایی مزگەوت و بازنە و چالاکییە ئایینییەکان و بەهێزکردنی پێگەی زانایانی ئایینی لە کۆمەڵگە و سەربەخۆییان لە دەسەڵاتی فەرمانڕەوا ڕۆڵێکی بنەڕەتییان گێڕاوە ([4]).

پیاوانی ئایینی خزمەتی گرنگیان پێشکەش بە بازاڕەکان کردووە. لە سەردەمی کۆندا دەبوو بەڵگەنامە بازرگانییەکان لەلایەن زانایانی ئایینیەوە متمانەیان پێبدرێت. هەروەها ماڵەکانیان شوێنێکی سەلامەت بوو بۆ خستنەڕووی ناڕەزایەتی بازرگانەکان. بازرگانەکان کاتێک ئیفلاسیان دەهێنا، لە ماڵەکانى ئەوان خۆیان حەشاردەدا، تاوەکو خۆیان لە شەڕى خاوەن قەرزەکان بپارێزن.

لەبنەڕەتدا بوونى مزگەوت لە بازاڕەکاندا بۆ بەهێزکردنى ڕۆشنبیرى ئایینی بازرگانەکان بوو. هەردوو لایەن لە نوێژی جەماعەت و بازنەی قورئان و زیکر و مەراسیمی ماتەمینی لە مانگی موحەڕەمدا بەیەک دەگەیشتن. زانایان سەرپەرشتی پەروەردەکردن و فێرکردنى منداڵی بازرگانەکان و پێکهێنانی هۆشیاری کولتووری و ئایینییان دەکردن.

لەبەرامبەردا بازرگانانی بازاڕ ڕۆڵی گرنگیان بۆ کۆمەڵگە و پشتیوانی لە پیاوانی ئایینی لە ئێراندا هەبووە، وەکو دابینکردنى پارە بۆ ئەو پێداویستییانەى سوودى بۆ هەمووان هەیە، وەک دروستکردنی پرد و کەناڵ، نۆژەنکردنەوەی ڕێگەوبانەکان، بەتایبەتی ڕێگەکانى گواستنەوەی بازرگانی، هەروەها پارەدارکردنی چالاکییە ئایینی و خێرخوازییەکانی وەک ئاوەدانکردنەوەی مزگەوتەکان و پارەدارکردنی بازنەی ئایینی و گەشتەکانی حەج و عومرە و ڕێوڕەسمی ماتەمینی و پرسەگێڕان، جگە لە ژمارەیەکی زۆر لە وێستگەی بازاڕ، کە بریتین لە دوکان و زەوی و حەمامە گشتیەکان و هتد، هەروەها پێشکەشکردنی بەخشین و دیاری بە پیاوانى ئایینى ([5])، ئەم پەیوەندییە پراگماتیکەی نێوانیان چەند سەدەیەک لەمەوبەر پێکهات.

لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەوییەکان لەئێراندا، لە سەرەتای سەدەی شانزەدا، بازاڕ لە ژیانی ئابووری و سیاسیدا هێزێکی چالاک بوو. سەفەوییەکان کاریان کرد بۆ دەستەمۆکردنى ئەم دەسەڵاتە، بەشداریان کرد – ڕەنگە بە ئەنقەست نەبووبێ – لە چەسپاندنی هاوپەیمانی بازاڕ و پیاوانی ئایینیدا، بەتایبەتى دوای ئەوەی سەفەوییەکان شیعەیان کردە ئایینی فەرمی دەوڵەت و پیاوانی ئایینی شیعەیان لە لوبنان و عێراقەوە هێنا، هەروەها بۆ بڵاوکردنەوەی مەزهەبى شیعەى دوانزە ئیمامى و بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسیدا، قوتابخانەی ئایینییان بۆ دامەزراند. ئەوان پێویستیان بە هێزێک هەبوو کە بچێتە ناو جەماوەرەوە بۆ خێراترکردنی بڵاوکردنەوەى مەزهەبى نوێی دەوڵەت.

دوای ئەوەی شا عەباس (1587-1629) پایتەختى دەوڵەتەکەى لە قەزوینەوە گواستەوە بۆ ئەسفەهان، کە بەناوبانگترین و کۆنترین بازاڕەکانی وڵاتى لەخۆدەگرت، ئەو هاوپەیمانێتییه بەهێزتر بوو، هەروەها پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بازاڕ و خەڵکەکەی بەهێزتر کرد. شا عەباس سێ پایەی لە گۆڕەپانی نەقش جەهان لە ئیسفەهان دامەزراند، کە دەسەڵاتی دەوڵەتی نوێیان بەهێزتر کرد، ئەوانیش کۆشکى عەلی قاپو کە نوێنەرایەتی دەسەڵاتى دەکرد، پاشان بە تەنیشتیەوە مزگەوتی شا و بازاڕێکی دروستکرد ([ 6]) تاوەکو لەم ڕێگەیەوە کاریگەرى لەسەر کۆمەڵگەى ئێرانى دابنێن، چونکە کاریگەری ماددی و ئایینی و کۆمەڵایەتییان لەسەر کۆمەڵگە هەبوو، هەروەها دەبووە هۆى تێکەڵبوونی بازرگانان لەگەڵ خەڵکیدا.

بازرگانەکان بەشدارییان کرد لە بوژاندنەوە و پارەدارکردنى پیاوانى ئایینیدا، هەندێکیان دوای ئەوەی بوونە پەناگەیەکی پارێزراو بۆ بازرگانەکان و نەیانهێشت پارەکانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەستى بەسەردا بگیرێت، دەوڵەمەند بوون، چونکە بازرگانەکان موڵک و زەوییەکانیان کردە وەقفى پیاوانى ئایینى، تاوەکو بەگوێرەى دەستوورى کارپێکراوى ئەو ڕۆژگارە دەستى بەسەردا نەگرتنى لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە مسۆگەر بکەن، – هەرچەندە پشکێکی بۆ دامەزراوە نیمچە ئایینییەکان دەچوو، کە لەلایەن پیاوانی ئایینیەوە بەڕێوەدەبرا – سەربارى پێدانی بەخشین و پێنج یەک، بەم شێوەیە چینێک لە پیاوانی ئایینی دەوڵەمەند سەریانهەڵدا، بەتایبەتى “موجتەهیدەکان” ([7]). بۆیە لە بەرژەوەندی دامەزراوەی ئایینیدا بوو پارێزگارى لە بەردەوامبوونى کارى بازرگانەکان بکات.

هەروەها پشتیوانى پیاوانى ئایینى بۆ بازرگانان لەبەردەم دەسەڵاتدارانى قاجاردا (١٧٧٩-١٩٢٥) لە چەندین وێستگەدا بەدەرکەوت، وەک پێکهێنانی ئەنجوومەنی بازرگانان و ڕاپەڕینی تووتن و شۆڕشی دەستووری، وەک پاڵپشتیکردنی داواکاری بازرگانەکان بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی بازرگانی لە ساڵی (١٨٨٢)دا تا لەبەردەم فەرمانڕەواکاندا بەرگری لە بەرژەوەندییەکانیان بکات، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ناسرەدین شا، پێکهێنانى ئەنجوومەنەکەى ڕەتکردەوە، هەروەها داواکارییەکانیانى بۆ کەمکردنەوەى باڵادەستى و ڕکابەرى دەسەڵاتداران لە دەستڕۆیشتنى بیانییەکان بەسەر بازاڕەکاندا ڕەتکردەوە، هەروەها ڕەتیکردەوە ڕێز لە مافى خاوەندارێتى تاکەکەسى بازرگانەکان بگرێت. بازرگانەکان تەسلیم نەبوون و پەنایان بۆ دامەزراوەى ئایینی برد، هاوپەیمانێتییەکەیان بووە هۆی ئامادەکاری بۆ ڕاپەڕینێک کە چەند ساڵێکى دواتر، واتە لە ساڵی (١٨٩٠) بە “شۆڕشی تووتن” یان “تەنبەک” (نەهزەتى تەنباکۆ بە فارسی) ناسرا، ئەوەش یەکەم ڕاپەڕین بوو کە نوێنەرایەتی دەسەڵات و کاریگەری هاوپەیمانی بازرگانانی بازاڕ و پیاوانی ئایینی دەکرد، کە لە کاردانەوەى بەخشینى ئیمتیازى بازرگانى توتن بوو بۆ ماوەى پەنجا ساڵ بە خاوەنى کۆمپانیایەکى بەریتانى کە بە (تاڵبووت) ناودەبرا، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە ئێرانییەکان لە چاندن و بازرگانى تووتندا کاریان دەکرد و سەرچاوەی سەرەکی داهاتیان بوو.

بازرگانەکان بۆ پاڵپشتی ڕوویان لە پیاوانی ئایینی کرد، تاوەکو توانیان فەتوایەک لە ئایەتوڵڵا میرزا حەسەن شیرازی وەربگرن کە بەکارهێنانى تووتنى یاساغ دەکرد. بازرگانەکان لە مزگەوتی جەوهەرشا مانگرتنیان ڕاگەیاند، لە ئیسفەهان دوکان و بازاڕەکانیان داخست، پاشان مانگرتنەکە گواسترایەوە بۆ تاران، هەندێکیان تووتنەکانیان سووتاند، ئەو بابەتەش پەرەی سەند تاوەکو پێکدادانەکان گەیشتە نزیکى کۆشکى شا، گرژییەکان بەردەوام بوون تا شا ناچار بوو ئیمتیازەکە هەڵبوەشێنێتەوە و کارەکانی کۆمپانیا بەریتانیەکە ڕابگرێت ([8]).

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی تووتن، بازرگانان و پیاوانی ئایینی بەهێزی هاوپەیمانییە تازەکەیان و توانای گەورەیان بۆ کاریگەری و کۆکردنەوەى خەڵکى، تەنها بە هاندانی خەڵک لە بازاڕ و مزگەوتەکاندا بۆ دەرکەوت، ناڕەزایەتییەکان بە خێرایی لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە دەگوازرایەوە و سەرتاسەری وڵاتى دەگرتەوە.

لەبەرامبەردا بەشێک لە بازرگانەکان کۆمەکى دارایی ئەو کەسانەیان کرد کە بەهۆی مانگرتنەکانەوە زیانیان بەرکەوتبوو، هەندێکجاریش خەرجییەکانی ناڕەزایەتییەکانیان لە ئەستۆ دەگرت. بەم شێوەیە پشتیوانی و تەیارکردن بەردەوام بوو تا لەکۆتاییدا گەیشتن بە بەدیهێنانى ئامانجەکانیان. ئەمەش هەمان ستراتیژ بوو کە دواتر لە سەردەمی شۆڕشی دەستووری ساڵی (١٩٠٦) و پاشان شۆڕشی ئیسلامیی لە ساڵی (١٩٧٩) بەکاریانهێنا.

هاوپەیمانی بازاڕ و دامەزراوەی ئایینی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا دوبارە بووەوە و ئەمجارەیان بووە هۆی ڕووداوێکی گرنگ لە مێژووی ئێراندا، کە شۆڕشی دەستووری بوو لە ماوەی ساڵانى (1905 – 1910)، کە بە دانانى یەکەمین دەستوور و پێکهێنانی یەکەم ئەنجوومەنى نوێنەران (پەڕلەمان) لە مێژووی وڵاتى ئێراندا کۆتایی هات.

شۆڕشەکە لە دەرەنجامى ناڕەزایی بازرگانانی بازاڕ لە بەرامبەر باڵادەستى ڕاوێژکارە بیانییەکان بەسەر ئابووریدا سەریهەڵدا، بەتایبەتی بەلجیکییەکان کە موزەفەرەدین شای کوڕی ناسرەدین شاى قاجار پشتی پێدەبەستن. بازرگانان داوایان دەکرد گومرگە زیادکراوەکانى سەر کاڵاکانیان لاببرێت، بەڵام شا وەڵامی داواکارییەکانیانى نەدایەوە، بازرگانانی بازاڕ مانیان گرت، حکومەت لە ترسى تەشەنەسەندنى بۆ شارەکانى دیکە، هەوڵیدا کۆتایى پێبهێنێت، بۆیە والی تاران کۆمەڵێک بڕیاری تۆڵەسێنانەى لە دژی بەشێک لە بازرگانەکان دەرکرد. ئەوەش زیاتر تووڕەى کردن و بەو هۆیەوە بازاڕەکانیان داخست و مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند، پەنایان بۆ پیاوانی ئایینی و مزگەوتەکان برد، لە بەرامبەر ئەو کارە سەرکوتکارانەدا داوای لابردنی سەرۆکی حکومەتیان کرد. گرنگترین داواکارییان پێکهێنانی ئەنجوومەنێک بوو کە سەر بە شا نەبێت و لە هەموو شارەکانی ئێراندا لقی هەبێت، نەک تەنها لە پایتەختدا، وەک ئەوەی شا دەیویست.

گرژییەکان پەرەیان سەند و توندوتیژییەکان زیاتر بوون، ئایەتوڵڵا عەبدوڵڵا بەهبەهانى پێشنیاری بۆ بازرگانەکان کرد ئەگەر هاتوو حکومەت بەردەوام بوو لەسەر بەکارهێنانی توندوتیژی، ئەوا پەنا بۆ باڵیۆزخانەی بەریتانیا ببەن – بە هاندانی کونسوڵی ئینگلیز -. بۆیە بازاڕییەکان لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا مانیان گرت، بازرگانەکان خوێندکارانی قوتابخانە ئایینیەکان و گرووپەکانی دیکەی خەڵکیان ڕازی کرد کە بچنە پاڵیان و لە باڵیۆزخانەی بەریتانیادا مان بگرن، هەندێک لە بازرگانەکانیش بە تەواوی ئامادەییان دەربڕى کە تێچووی دارایی بۆ ئەو کارە لە ئەستۆ بگرن، خێوەتەکان هەڵدران، خۆراک و کەرەستەی بژێوی پێویست بۆ چەند ڕۆژێک دابینکرا، ژمارەی خۆپیشاندەران بۆ بیست هەزار کەس بەرزبووەوە، خۆپیشاندانەکان بۆ ماوەى بیست ڕۆژ بەردەوام بوون. لەکۆتاییدا شا داواکاری بازرگانەکانى پەسەندکرد و ئەنجوومەنەکەی دامەزراند بەو شێوەیەی کە زانا و بازرگانەکان دەیانویست.

لە سایەى هاوپەیمانی بازرگانان و پیاوانی ئایینیدا، یەکەم پەڕلەمان لە مێژووی وڵاتدا پێکهێنرا، لەکۆى (161) کورسى ئەنجوومەنەکە، بازرگانانی بازاڕ بوونە خاوەنى (57) کورسى واتە (35%) ئەنجوومەنەکەیان پێکدەهێنا. یەکەم کارى نوێنەران لە ئەنجوومەنەکەدا کە پێشینەیەکى بازرگانیان هەبوو، ڕەتکردنەوەی قەرزە دەرەکییەکان بوو، لەبرى ئەوە پێشنیاری دامەزراندنی بانکی نیشتمانیان کرد ([9]) و یەکەم دەستووریان بۆ وڵاتەکەیان پەسەندکرد.

تەوەری دووەم – چەسپاندنی هاوپەیمانی نێوان بازاڕ و پیاوانی ئایینی لە سەردەمی پەهلەویدا

لە سەردەمی ڕەزا شاى پەهلەوی باوکدا، بە تێپەڕبوونی کات یەکگرتنی بازاڕ لەگەڵ دامەزراوەی ئایینی لەدژى دەسەڵاتی فەرمانڕەواى ئێران گەشەی کرد، پاشان لە دژی کوڕەکەی محەمەد ڕەزاشاى پەهلەوی زیاتر پتەوتر بوو. تاوەکو لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا گرنگترین بەرهەمی ئەم یەکێتییە مێژووییەی لێکەوتەوە، ئەویش سەرکەوتن بوو لە لابردنی شا و دامەزراندنی سەردەمێکی نوێ بوو بە ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمەش دوای زنجیرەیەک لە هاوپەیمانێتى کاریگەر و درێژخایەن هات بۆ سەرهەڵدانی شۆڕش. ئەمەش لە دوو بەشدا ڕووندەکەینەوە:

  • گۆڕانکارییەکانی سەردەمی ڕەزا شا پەهلەوی و کوڕەکەی محەمەد ڕەزا.

ب- هاوپەیمانی لەگەڵ خومەینی و پیاوانی ئایینی و نیشانەکانی پێش شۆڕشی (١٩٧٩).

  1. ئاڕاستەکانى هاوپەیمانی لە سەردەمی ڕەزاخان پەهلەوی و کوڕەکەی محەمەد ڕەزا:

دوای ئەوەی لە ساڵی (1921) ڕەزا شاى پەهلەوی بە کردەیی دەستی بەسەر دەسەڵاتى دەوڵەتی قاجاردا گرت، لەژێر کاریگەری ئەزموونی کەمال ئەتاتورکدا هەوڵیدا ئێران لە دەسەڵاتی پاشایەتییەوە بۆ کۆمارى بگۆڕێت، بەڵام ئەم وەرچەرخانە بۆ مۆدێلى ڕۆژئاوایى بەدڵى دامەزراوەى ئایینى و بازرگانانى بازاڕ نەبوو. بۆیە سەرلەنوێ بازرگانانى بازاڕ هاوشان لەگەڵ پیاوانى ئایینى وەستان، هاوپەیمانیەکەیان لەدژى ئەم وەرچەرخانە چالاک کردەوە.

بۆ پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ڕەزاخان، پیاوانی بازاڕ لەژێر سەرکردایەتى ئایەتوڵڵا حەسەن مودەریسدا خۆپیشاندانیان دەستپێکردەوە، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پیاوەکانی شا لە بازاڕدا ڕوویدا، هەزاران بازرگانی بازاڕ یاداشتێکیان واژۆکرد کە تیایدا کۆماریان ڕەتدەکردەوە و هوتافیان لەدژی ئەو کۆمار دەوتەوە. توندوتیژی لەنێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکاندا بەردەوام بوو، تاوەکو ڕەزا پەهلەوییان ناچارکرد لە فەرمانی کۆمار بکشێتەوە. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو شا هەوڵیدا متمانەى بازرگانەکان بەدەستبهێنێت و بیانخاتە نێو مەراسیمە فەرمییەکانەوە، ناکۆکییەکانى نێوانیان بەڕادەیەک هێور بوویەوە، توانی لە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتیدا پشتیوانی ئەوان بەدەستبهێنێت، بەتایبەتی دوای بەرقەرارکردنى ئاسایش لە وڵاتدا، چونکە لە قۆناغى کۆتایی دەسەڵاتى قاجارەکانەوە، پێش ئەوەی ڕەزا پەهلەوی دەسەڵات وەربگرێت، خەڵکى و بازرگانەکان بەدەست نەبوونی ئاسایش و پاشاگەردانیەوە دەیانناڵاند.

ئاشتەوایی لەنێوان دەسەڵاتداران و دامەزراوەکانى بازرگانی و ئایینیدا زۆری نەخایاند، دوای ئەوەی ڕەزا شا پەهلەوی بڕیاریدا بە توندی هەنگاو بنێت بەرەو کرانەوە بەڕووی جیهانی دەرەوەدا، بیرۆکە ڕۆژئاواییەکان لە ناوخۆدا جێبەجێ بکات، هەوڵی گۆڕینی بەشێک لە داب و نەریتە باوەکانى کۆمەڵگە بدات، وەک سەپاندنی قەدەغەکردنی حیجابی ژنان و گۆڕانکاری لە یاساکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەدا، هەروەها فراوانکردنی دەرفەتی خوێندن بۆ ژنان. ئەم هەنگاوانەش گڕى لە ناڕەزاییەکانى پیاوانى ئایینى و لەگەڵیاندا کۆمەڵگەى ئێرانى بەردا کە بازرگانەکان پشتیوانیان دەکردن، بەتایبەتى دوای ئەوەی شا لە ساڵی (١٩٣٦)دا پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی حیجاب و سەپاندنی بە زۆرەملێ کرد. لەکاتێکدا توێژێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێران کە سروشتێکى لادێى بەسەریاندا زاڵبوو، ڕەتیانکردەوە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندوتیژانە لەنێوان کۆمەڵگە و کارمەندانی ئاسایشدا سەریهەڵدا.

بە ئامانجى زامنکردنى جێبەجێکردنی بڕیارەکانی و سەپاندنی کۆنترۆڵی ڕەهای خۆی بەسەر کۆمەڵگەی ئێرانیدا، شا کۆمەڵێک ڕێوشوێنی تاکڕەوانەی لە دژی پیاوانی ئایینی و بازرگانان گرتەبەر، بەو ڕێوشوێنانە ویستی ناڕەزایەتى کۆمەڵایەتی کە مەرجەعەکانى شیعە و بازرگانەکان سەرکردایەتیان دەکرد نەهێڵێت، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی بەکارهێنانی نازناوی ئایینی، گۆڕینی یاسا مەدەنی و تاوانکارییەکان بە یاسای شەرعى، دوورخستنەوەی “ئەشرافەکان” لە پۆستە حکومییەکان، داواکردنی مۆڵەتی تایبەت پێش لەبەرکردنی جلوبەرگی ئایینی و سەپاندنى لابردنی حیجاب. هەروەها لابردنی کۆنترۆڵی پیاوانی ئایینی شیعە بەسەر سامانە بێشومارەکانى وەقفدا، ڕێگریکردن لە بازرگانی ناوخۆیی و دەرکردنی یاساى تایبەت بە قۆرخکاری حکومەت لەسەر بازرگانی دەرەکی و پیشەسازییە جیاوازەکان ([10]).

ئەو کارانە توڕەیی بازرگانانی بازاڕ و پیاوانی ئایینی بەرامبەر شا ڕەزا وروژاند، بەڵام نەیانتوانی بە شێوەیەکی ئاشتییانە زۆرێک لە ڕێکارەکانی شا بگۆڕن، بۆیە لە کۆتایی دەسەڵاتی شادا ڕوویانکردە توندوتیژی، ئەم ڕەوتە لەدوای دوورخستنەوەی (شا)ش هەر بەردەوام بوو، ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی چەندین بزووتنەوەی بەرخۆدانی چەکدارییەوە بوو، لە نمونەى “فیدایانى ئیسلام”، کە ڕێبازی کردەی چەکداری و تیرۆری سیاسیان لەپێناوى گۆڕانکاریدا گرتەبەر و توانییان بەشێک لە سەرۆک وەزیرەکان تیرۆربکەن، زۆرینەى ئەندامانی ئەو بزووتنەوەیەش خەڵکی بازاڕ بوون ([11]). نائارامی لە ئێراندا بەردەوام بوو، تەنانەت هەتا دوای ئەوەی ڕەزاشا دەستبەردارى تەختی پاشایەتی بوو بۆ کوڕەکەی، لەکاتى جەنگی جیهانی دووەم و لەژێر گوشاری بەریتانیاشدا ئێرانی جێهێشت.

دواى دەستبەردابوونى باوکى لە دەسەڵات، محەمەد ڕەزا دەسەڵاتى گرتەدەست، لەو دەمەدا لەدواى دەربارى شا، بەهۆى پێگەى کۆمەڵایەتى و پەلهاویشتنى لە شار و گوندەکانى ئێراندا دامەزراوەى ئایینى دەسەڵاتى دووەم بوو لە وڵاتدا، بەدواى ئەوانیشدا بازاڕ دەهات کە لە سەرەتای دەسەڵاتی محەمەد ڕەزا شاى پەهلەویدا، کۆنترۆڵى دوو لەسەر سێى (٦٦%)ی بازرگانی جوملەی ناوخۆ و نزیکەی (٣٠%)ی کۆی هاوردەی ئێران و (١٥%)ی ئەو قەرزە یان داراییەی کردبوو کە پێشکەش بە کەرتی تایبەت دەکرا ([١٢]). بۆیە دوژمنایەتی شای نوێ لەگەڵ بازاڕدا توندتر بوو، بەتایبەتى دوای ئەوەی بە هاوکاری لەگەڵ پیاوانی ئایینی، بەئاشکرا چەندین ڕۆڵیان لەدژی دەسەڵاتەکەی گێڕا.

هێزی ئەو بازاڕە کاتێک سەریهەڵدا کە بەرگریان لە بزووتنەوەی نیشتیمانى بە سەرۆکایەتی محەمەد موسەدق کرد، ئەوان پشتیوانیان لە موسەدق کرد تا لە ساڵی (١٩٥١)دا گەیشتە پۆستی سەرۆک وەزیران، تەنانەت لە کاتی گەمارۆی ئینگلیز بەسەر ئێران و سەپاندنی سزای ئابووریى بەسەر ئێراندا، لە کاردانەوەى بڕیاری موسەدق بۆ بە نیشتمانیکردنی کۆمپانیای نەوت لە ساڵی (١٩٥١)، پشتیوانییان لە ئابووری ئێران کرد. هەروەها بازرگانانی بازاڕ کۆمەکى حکومەتەکەى موسەدقیان کرد و پارەیان بۆ حکومەتە گەمارۆدراوەکەى دابینکرد، ئەوەش لەڕێگەى کڕینی بۆندەکانی حکومەت و فرۆشتنی بەروبوومی غەیرە نەوتی لەڕێگەى سەرچاوە و شێوازی تایبەتى خۆیانەوە بوو ([13]). هەروەها بازرگانانی بازاڕ بەرەنگاری کودەتاکەی شا بەسەر حکومەتەکەی موسەدقدا بوونەوە، ئەمەش وایکرد شا ئەوان -لەگەڵ دامەزراوەی ئایینی- بە هۆکارێک بزانێت کە مەترسی لەسەر مانەوەی لە ئێراندا دروستدەکەن، هەر بۆیە کاتێک لە ڕووخاندنی حکومەتی موسەدق سەرکەوتنى بەدەستهێنا و لە ساڵی (١٩٥٣)دا زیندانی کرد، بەتوندترین شێوە دوژمنایەتى کردن.

  1. هاوپەیمانی بازاڕ لەگەڵ خومەینی و پیاوانی ئایینی پێش شۆڕشی 1979:

شای نوێ دوای سەرکەوتن و ڕزگاربوونى لە موسەدق، هەوڵەکانی خۆی بۆ تێکدانی هەردوو دەسەڵاتە تەقلیدییەکەی ئێران و دابڕاندنیان لە یەکتر دەستپێکرد. سەرەتا بە بازاڕ و ئەو ئامرازانەى کە هێزی پێدەبەخشین دەستى پێکرد، کە بریتى بوون لە پاڵپشتی دارایی بۆ پیاوانی ئایینی و نەیارانی شا. بۆیە کەوتە گۆشەگیر کردن و زیندانی کردنیان، هەروەها کۆنترۆڵیانى بەسەر بازاڕەکاندا کەمکردەوە.

بۆ کەمکردنەوەى هەژموونى بازرگانەکان لە ئاستى ناوخۆ و دەرەوەدا، شا ڕێبازێکى سیستماتیکى پەیڕەوکرد. لە حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا، دواى ئەو لێشاوە پارەیەى بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى نەوتەوە دەستیکەوت، لە بەدیهێنانى ئەو ئامانجەدا سەرکەوتوو بوو. بۆیە  بە سەپاندنى کۆنترۆڵێکى توند بەسەر پێدانى مۆڵەتى بازرگانى و بەرهەمهێناندا، ئازادى بازرگانى سنوردار کردن، ئاستەنگی بازرگانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆى بۆ دروستکردن، وەک زیادکردنى گومرگ لەسەر هاوردە و توندکردنى کۆنترۆڵی بەسەر هەندێک شمەک و کاڵادا، هەروەها هانی دامەزراوە داراییە دەرەکییەکان و بانکە بیانییەکانى دا تاوەکو بێن لە ئێران کاربکەن، تەنانەت لە هەندێک باردا گەیشتە خۆماڵیکردنیان ([14]). هەندێک لەو کارانەشى لەژێر ناوی چاکسازییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانى شادا ئەنجام دەدا، کە بە (شۆڕشى سپى) ناسرا بوو، لە ماوەى ساڵانى (1963 – 1978) بە ئامانجی گۆڕینی کۆمەڵگە و پایە نەریتیەکانی جێبەجێ کرا.

خەڵکی بازاڕ ناچار بوون ملکەچی ئەو دۆخە ناچارییە بن کە بەسەریاندا سەپێنرابوو، ئەمەش وایکرد بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتی بازرگانی خۆیان لەدەستبدەن، هەروەها خۆیان لەگەڵ ئاڕاستە کراوە و غەربزەدەییەکانى شادا بگونجێنن. دەستیانکرد بە وەرگرتنى بریکارى بازرگانى و بازرگانیکردن لەسایەى کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر بازرگانی ناوخۆیی و دەرەکیدا. بەڵام بازاڕ زیانەکان و لەدەستدانى هەژموونى خۆیان لەبیر نەکرد، لەگەڵ هاوپەیمانە تەقلیدییەکەی خۆیان پیاوانی ئایینی، چاوەڕوانی کاتی گونجاویان دەکرد بۆ تۆڵەکردنەوە لە شا. دواتر ئەم هاوپەیمانییە دەرکەوت و لە ناوخۆی ئێراندا چەندین پشێوی توندوتیژانەی لێکەوتەوە، وەک ڕاپەڕینی پێنجی حوزەیرانی (١٩٦٣)، ڕاپەڕینی (١٩٦٤)، مانگرتنی یەک لە دوای یەکى بازاڕەکان لە ساڵی (١٩٧٧)ەوە، کە هەموو ئەمانە دەکرێ وەک پێشەکییەک هەژمار بکرێن کە بوونە هۆی شۆڕشی (١٩٧٩) کە شای ڕووخاند.

دوای ئەو خۆپیشاندانانەی کە پیاوانی ئایینی بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا خومەینی لە (پێنجی حوزەیرانی ١٩٦٣) ئەنجامیاندا، لە دژی ڕیفراندۆمی شۆڕشی سپی (کۆمەڵێک چاکسازی کشتوکاڵی و پیشەسازی و کار بوو لەلایەن شاوە ئەنجامدرا، بەڵام لەنێویاندا گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ئایینی هەبوو کە لەلایەن پیاوانی ئایینیەوە ڕەتدەکرایەوە)، بازرگانانی بازاڕ وەک هاوپشتییەک لەگەڵ خەڵکانی عەمامەدار لە کار وەستان و بۆ ماوەی چواردە ڕۆژ دوکان و بازاڕەکانیان لە تاران داخست. خومەینی فەتوای قەدەغەکردنی ڕاپرسیەکە و پێویستی بایکۆتکردنی دەرکرد، دوای ئەوەی ڕاپرسیەکە ئەم بابەتانەى لەخۆگرتبوو: یاساکانی وەک هەڵوەشاندنەوەی مەرجی ئیسلام لەنێو کاندیدەکاندا بۆ ڕێگەدان بە نوێنەرایەتیکردنی غەیرە مسوڵمانان لە پەڕلەمان، ڕێگەدان بە ژنان بۆ خۆپاڵاوتن و بەشداریکردن لە دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەماندا، هاوشان لەگەڵ قورئانى پیرۆزدا، ڕێگەدەدرێت سوێند بە هەر کتێبێکی ئاسمانى بخورێت کە لە ئێراندا دانیپێدانراوە ([15]).

دوای ئەوەی دەسەڵاتداران سزاى خومەینیان دا بە دەستگیرکردنی، لە پێنجى حوزەیران لە تاران خۆپیشاندان دەستیپێکرد، لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا زیانی گیانی لێکەوتەوە و خۆپیشاندان بۆ شارەکانی دیکەش تەشەنەی کرد. پیاوانى بازاڕ بە داخستنی فرۆشگا و بازاڕەکان پشتیوانیان لێکرد. بازاڕی تاران بۆ ماوەی چواردە ڕۆژ بە داخراویی مایەوە، مانگرتنەکە گواسترایەوە بۆ بازاڕی قوم، پاشان شا ناچار بوو خومەینی ئازاد بکات ([16]). دوای ئەوە هاوپەیمانی بازاڕ لەگەڵ خومەینی بوو بە هێزێکی ڕاستەقینە لەسەر زەوی، کە دەتوانێت لە ڕێگەی کۆکردنەوە و مانگرتن و خۆپیشاندانەوە لە سەرانسەری وڵاتدا، هەڕەشە لە سەقامگیری دەسەڵات بکات.

پیاوانی ئایینی بە دامەزراندنی پارتی موئتەلیفەی ئیسلامی (بە فارسی: حزب مؤتلفە اسلامی) لە ساڵی (1963)، هاوپەیمانی خۆیان لەگەڵ بازاڕییەکان لە دژی شا چەسپاند، کە تۆمەتبار کران بە ئەنجامدانی تیرۆر لە دژی ڕەمزەکانی ڕژێم و ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی لە ناوخۆدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرلەنوێ ناکۆکی لەنێوان حکومەت و پیاوانی ئایینی هەڵگیرسایەوە کە بە “ڕاپەڕینی ١٩٦٤” ناودەبرێت.

دوای ئەوەى بە یاسایەک پارێزبەندی تایبەت بە ڕاوێژکارە ئەمریکییەکان بەخشرا کە لە ئێران کاردەکەن و لە پەڕلەمانیش پەسەندکرا، خومەینى ناڕەزایەتییەکانی زیاتر کرد و داوای ڕووخاندنی تەواوەتی ڕژێمی شای کرد، بۆیە شا بۆ کپکردنى دەنگى بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی سەرەتا بۆ تورکیا و پاشان بۆ عێراق، بەڵام دۆخەکە خراپتر بوو، بە سەرۆکایەتیی بازرگانانی بازاڕ جارێکی دیکە ناڕەزایەتی لە شەقامەکاندا سەریهەڵدایەوە، دوای ئەوەی (ئایەتوڵڵا میلانی) فەتوایەکی دەرکرد کە ڕێگەی بە کوشتنی دەدا، حەسەن عەلی مەنسوورى سەرۆک وەزیران کوژرا ([17])، ژمارەیەک لە بازرگانانی بازاڕ بەوە تۆمەتبار کران کە پەیوەندی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ کوشتنی سەرۆک وەزیران هەبووە.

لە ماوەی شەستەکاندا هەوڵەکانی شا بۆ سەپاندنى کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر بازاڕەکان و دامودەزگا ئایینییەکاندا دوبارە بوویەوە. بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە هەبێت، هەوڵەکانى بە گۆڕینى بەشێک لە داب و نەریتە ئایینیەکان و شێوازی بەکاربەری لە چوارچێوەی پاکێجی چاکسازیی “شۆڕشی سپی”دا دەستی پێکرد، تا دەگات بە دامەزراندنى حیزبى ڕەستاخێز لە ساڵى (1975) وەک تاکە حیزبى حکومڕان. بە ئامانجی بێلایەنکردنی دەسەڵاتی بازرگانانی بازاڕ لەناو کۆمەڵگەی ئێرانیدا، حزبەکەى بۆ سەپاندنى کۆمەڵێک ڕێکار بەکارهێنا، وەک پڕکردنى بازاڕەکان بە کاڵاى هاوردە – ئەم دەرفەتەش بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخەکان لەناوخۆدا هاتەپێش – حکومەت غەرامەی دارایی بەسەر هەزاران بازرگاندا سەپاند، مۆڵەتی بازرگانى لێوەرگرتنەوە، سەدان کەسیانى زیندانی کرد، زۆرینەی ژوورە پیشەسازییەکان هەڵوەشێنرانەوە، کاتێک ناڕەزایەتیان لەبەرامبەر ئەم ڕێوشوێنە حکومیانە دەربڕى ([18]). حیزبی شا سەدان خوێندکاری وەک لیژنەی چاودێری نارد بۆ بازاڕەکان، ئەمەش وایکرد بازرگانەکان هەست بە سووکایەتیکردن بکەن و ئامادەبن هەر دەرفەتێک بۆ تۆڵەسەندنەوە بقۆزنەوە. تەنانەت بازرگانێک دۆخەکەی بەمجۆرە بۆ پەیامنێرێکی بیانی وەسف کرد و وتی: “شۆڕشی سپی شا گۆڕاوە بۆ شۆڕشێکی سوور”. چونکە زۆرێکیان تووشی زیندان و گرتن و دوورخستنەوە هاتن.

کاتێک پریشکی شۆڕش لە سەرەتای ساڵی (١٩٧٨)دا هەڵگیرسا، بازرگانەکان پشتیوانیان لە خۆپیشاندانەکانی تاران کرد، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی ڕێکخراوەیی و داراییان لە درێژەکێشانی شۆڕش لە سەرتاسەری وڵاتدا گێڕا، کە بەبێ وەستان بۆ ماوەى (13) مانگ بەردەوام بوو، داواى گەڕانەوەى خومەینیان لە تاراوگە و هەڵوەشاندنەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر نرخ و بازاڕەکاندا دەکرد ([19]). بەهێزترین چەکی بازاڕییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی پیاوانی ئایینی بە سەرۆکایەتی خومەینی لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ شادا، داخستنی بازاڕەکان و دابینکردنی دارایی خەرجییەکانیان بوو، بەتایبەتى دوای توندبوونەوەى ڕووبەڕووبوونەوەی نێوانیان لە مانگی کانونى دووەمى ساڵی (١٩٧٨)دا، دوای ئەوەی شا لە ڕۆژنامەی خۆجێیی “اطلاعات”دا وتارێکى بڵاوکردەوە کە تیایدا سوکایەتی بە خومەینی و پیاوانی ئایینی کرد، کۆمەڵەی بازرگانان و پیشەوانانی بازاڕی تاران بەیاننامەیەکی یەکگرتوویان بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو وتارەیان شەرمەزار کرد و داواى داخستنی بازاڕەکەیان کرد. ئەم بانگەوازە سەرەتای زنجیرەیەک پشێوی و داخستنی بازاڕەکانی ئێران بوو کە سێزدە مانگی خایاند، لەو ماوەیەدا قەیرانی ئابووری و گرانبوونى نرخەکان ڕوویدا، بەهۆیەوە دۆخی ناوخۆی خراپتر کرد و دەسەڵاتی شای لاوازتر کرد.

وەڵامدانەوەی بازرگانەکان بۆ بانگەوازەکەی خومەینی لە گرنگترین هۆکارەکانی سەرکەوتنی شۆڕش بوو. چونکە دوای ئەوەی کۆمەڵەی کاسبکاران و پیشەوانان لە دووی حوزەیرانی (١٩٧٨)دا مانگرتنی گشتیان ڕاگەیاند، بازاڕەکانی تاران، ئەسفەهان، شیراز، ئەهواز، مەشهەد و تەبرێز داخران، لە ئەنجامی کاریگەریی چەکی مانگرتندا، خومەینی لە (١٦ی ئۆکتۆبەرى ١٩٧٨)دا داوای یەکەمین مانگرتنی گشتی لە بازاڕەکانی سەرتاسەری ئێراندا کرد، بە لەبەرچاو گرتنى مەترسیەکانى ئەم دۆخە کە ڕەنگە ببێتە هۆى ڕاوەستانى ژیانى ڕۆژانەى ئێرانییەکان، یاخود هەڵگێڕانەوەى دۆخەکە بەڕووى پیاوانى ئایینیدا، هەروەها بۆ دەستەبەرکردنی کەرەستەی پێویست، کەڵکیان لە داهێنانێکی بازرگانانی بازاڕ وەرگرت کە لە گەڕەکەکاندا دوکانى هەرەوەزییان پێکهێنا. بازرگانەکان سەرکەوتوو بوون لە پێکهێنانی لیژنەی جۆراوجۆری دارایی بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستی خۆراک و پێداویستییەکانی مانگرتووان و کەسوکاری دەستبەسەرکراوان و ئەو کەسانەى بەهۆى پشێوییەکانەوە بێکار بوون. هەروەها خوێندکاران و فەرمانبەرانی حکومەت بەشداربوون لە مانگرتنەکاندا، وەک بەشێک لە کرێکارانی کۆمپانیای نەوت یان ڕۆژنامەی کەیهان ([20]).

ئەگەر ئەو لیژنانەی بازاڕ نەبوایە، ئەوا پیاوانی ئایینی نەیاندەتوانی خەڵکی کۆبکەنەوە، یان بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بن لە بەرخۆدان و خۆپیشاندان و ماندووکردنی ڕژێمی شا لەڕووی دارایی و ئابووری و سیاسییەوە. بازرگانەکان پاڵپشتی دارایی و ماددیی خۆیان ڕانەگرت، تا لە کۆتاییدا سەرکەوتوو بوون لە ڕووخاندنی ڕژێمی شا، خومەینی لە شوباتی (١٩٧٩) لە تاراوگە گەڕایەوە و پیاوانی ئایینی هاتنە سەر دەسەڵات.

تەوەری سێیەم – وەرچەرخانەکان لە پەیوەندی نێوان بازاڕییەکان و پیاوانی ئایینی لەدوای دامەزراندنی کۆماری ئێران

لە ماوەی چل ساڵی دوای شۆڕشی (1979)دا، پاش ئەوەی پیاوانی ئایینی بۆ یەکەمجار لە مێژووى نوێیاندا بوونە حوکمڕانی ئێران، پەیوەندی نێوان بازرگانانی بازاڕ و پیاوانی ئایینی گۆڕانکاری گرنگی بەخۆوە بینی، کە زۆر جیاواز بوو لەو پەیوەندییەی لە ماوەی چوار سەدەی پێش شۆڕشدا هەبوو.

ئەو گۆڕانکارییانە لە ڕێگەی پێنج ڕێگەی سەرەکییەوە ڕوون دەکەینەوە، کە لەدوای هەڵگیرسانی شۆڕش لە زیاتر لە چل ساڵ لەمەوبەرەوە دەستیان پێکردووە و تائێستاش بەردەوامن لە پەرەسەندن، کە بریتین لە:

1- ناهاوسەنگی و لێکدانەوەی ئابوورییانەى ویلایەتى فەقیه: پەیوەندی نێوان بازاڕییەکان و پیاوانی ئایینی دوای سەرکەوتنی شۆڕش لاسەنگ بوو، لاسەنگییەکەش بە توندی لە بەرژەوەندی پیاوانی ئایینیدا بوو، چونکە توانییان دەسەڵاتی ئایینی و جێبەجێکردن لەدەستى خۆیاندا کۆبکەنەوە، سەروەت و سامانی وڵاتیان کۆنترۆڵ کرد، کە بریتی بوو لە سامانی شا، پارەی بازرگانانی هەڵهاتوو، هەموو سەرچاوە و سامانی ئابووری دەوڵەت، وەک نەوت، گاز، کانزا، کارگەکان، دامەزراوە بەرهەمدارەکان و هاوشێوەکانیان. ئەوە لەکاتێکدا بوو بەر لە شۆڕش بارەکە لە بەرژەوەندى پیاوانى بازاڕ بوو. ئەوان پاڵپشت و خاوەنى پارە و ناوبانگ بوون. لەکاتێکدا پیاوانی ئایینی هێشتا لە دەرەوەى دەسەڵات بوون و پێویستیان بە پارە و کۆمەکى بازاڕەکان هەبوو.

بەپێی تیۆری ویلایەتى فەقیه کە ڕوحوڵڵا خومەینی خستیەڕوو، فەقیهی دەسەڵاتدار خاوەنی هەموو سەرچاوەکانی سامانی سروشتی و سەرچاوەکانی داهاتی وڵات بوو، جگەلە خاوەندارێتی موڵکەکانى ئەوقاف و ئەو پارەیەی کە لە پابەندبوونە ئایینیەکانی باوەڕدارانەوە دەبەخشرایە پیاوانی ئایینی بۆ دابەشکردنى، وەک خومس، یان بەخشین و کۆمەک و زەکات.

جگەلەوانە، مێهدی خەلاجی، لێکۆڵەر و ئەکادیمیستی ئێرانى و خوێندکاری پێشووی حەوزەى ئایینی لە قوم، سەبارەت بە دەستوەردانی پیاوانی ئایینی لە هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتدا لەژێر ناوى “نوێنەری وەلى فەقیه” دەڵێت: “لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا بە دەگمەن کارێک یان پیشەیەک دەدۆزینەوە کە پیاوی ئایینی دەستی تێدانەبێت، هەر لە کارگە و وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و پترۆکیمیاوە بگرە تا دەگاتە دامەزراوەی سوپا و فەرمانگە حکومییەکان و زانکۆکان و یانە وەرزشییەکان”.

پیاوانى ئایینى – بەپێى ئەو لێکدانەوە ئابوورییەى ویلایەتى فەقیه – سەرچاوە داراییەکان بەشێوەیەکى گەورە کەڵەکە دەکەن، حەوزە نەک هەر پشکی خۆی لە بودجەی حکومەت وەردەگرێت، بەڵکو ئیمتیازاتی تایبەتی بۆ پیاوانی ئایینی هەیە، وەک خاوەندارێتی پارەی دەست بەسەردا گیراو یان کە خاوەنەکەی نادیارە، هاوردەکردن و هەناردەکردنی کاڵا و شمەکی جۆراوجۆر، خاوەندارێتی کارگەی دەوڵەتی بەپێی ئیمتیازى تایبەت و بە نرخێکی کەم، خاوەندارێتیکردنی کۆمپانیاکانى بوارى ئاوەدانکارى و بازرگانی، بەدەستهێنانی ڕێژەیەک لە باجی گشتی هاووڵاتیان، چوونە ناو جیهانی بازرگانی و وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکییەوە. ناڕوونی و نهێنی داهات و خەرجییەکانی پیاوانی ئایینی یان دامەزراوە ئابوورییەکانى سەر بەوان، لە گرنگترین هۆکارەکانن کە پشتگیری لە مانەوەیان دەکەن و لە غیابی شەفافیەتدا بەردەوامییان مسۆگەر دەکەن ([21]).

لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕش و کۆنترۆڵکردنی جومگەکانی وڵاتدا، پیاوانی ئایینی بازرگانانی بازاڕیان فەرامۆشکرد، دوای ڕێوشوێنە بێ پێشینەکانى حکومەت وەکو بە نیشتمانیکردنی بازرگانی دەرەکی، بە نیشتمانیکردنی پیشەسازییە گەورەکان و نەهێشتنی ناوەندکاران لە ڕێگەی پەرەپێدانی کۆمەڵگە هاوبەشەکانەوە، بەرژەوەندییەکانی پیاوانى بازاڕ بەگشتی کەوتە مەترسییەوە.

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ شەڕی عێراق، هەڵمەتی بەهێزی ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکان دژ بە قازانج دەستیپێکرد، بە سەپاندنی سیاسەتی داخستنی ئابووری، کە بەرتەسککردنەوەی بازرگانی دەرەکی و قەرز و بێدەنگکردنی دەمەکانى لەخۆگرتبوو لە بەرژەوەندی هەوڵەکانی جەنگ، ئەوەش زیانی بە بازرگانانی بازاڕ گەیاند و هەژموونیانى کەمکردەوە.

لەسەرەتادا بناغەى بازاڕەکان لەسەر پلەبەندییەکی ناوخۆیی و پەیوەندییەکى بەیەکەوە گرێدراوی نێوان ئەندامەکانی دانرا، لەسەر بنەمای متمانە و ناوبانگ بوو بەبێ ئاڵۆزییەکى بیرۆکراتی زۆر، بەڵام ڕژێمی نوێ ئەم بونیادەى گۆڕى و وابەستەیی و پلەبەندیی نێوان ئەندامەکانی هەڵوەشاندەوە، ئەوەش لە ڕێگەى تێکەڵکردنی بەشێک لە نوخبەی بازاڕ بوو لە ژیانی سیاسیدا، هەروەها بە سەپاندنی ڕێسا و ڕێکارى ڕێکخراوەیى بوو بەسەر کاری بازرگاناندا، سیستمی کاری بەکۆمەڵیان هەڵوەشێندرایەوە، مۆڵەتى نوێ بۆ هەناردەکردن درا، هاوردەکردن سنووردارکرا، دامەزراوەکانی دابەشکردن کە ملکەچی ڕژێم بوون (بونیادەکان) ژمارەیان زیادکرا ([22 ]).

یەکێک لە دیارترین دەرکەوتەکانی ئەو پەراوێزخستنە لەناکاوە کە دوای سەرکەوتنی شۆڕش بەسەر بازاڕەکاندا هات، ڕێژەی کەمی نوێنەرایەتی بازرگانانی بازاڕ بوو لە یەکەم خولى پەڕلەمانى دوای سەرکەوتنی شۆڕشدا، هەرچەندە دیارترین ڕۆڵیان لە سەرکەوتنەکانیدا هەبوو، بەجۆرێک نوێنەرەکانیان لە (٢%)ی نوێنەرانی پەڕلەمان زیاتر نەبوو، بە بەراورد بە نزیکەی (٥٠%)ی نوێنەران لە بەرژەوەندی پیاوانی ئایینی و (٤٥%) لە بەرژەوەندی ڕۆشنبیران، لەکاتێکدا لە یەکەم خولى پەڕلەمانی ئێران کە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی دەستووری لە ساڵی (١٩١١) بەڕێوەچوو، (٣٥%)ی کورسییەکانی ئەنجوومەنەکەیان پێکدەهێنا، واتە زیاتر لە سێیەکی کورسییەکان، بە بەراورد بە (٢٩%)ی پیاوانی ئایینی ([23]). لەکاتێکدا ئەوان – وەک پێشتر بینیمان – فاکتەری سەرەکی سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە بوون، لەڕێگەى کۆمەک کردنی پیاوانى ئایینى بە پارە تاوەکو بە ئامانجەکانیان گەیشتن.

  1. کێبڕکێی دامودەزگا شۆڕشگێڕی و ئایینییەکان لەگەڵ بازاڕ و کەرتی تایبەتدا:

لەکاتێکدا دروشمە ڕاگەیەندراوەکان پشتیوانی لە بازرگانانی نیشتیمان پەروەر بوو، تەنانەت ڕوحوڵڵا خومەینی ئەو بیرۆکەیەی خستەڕوو کە “لەپێناوى گەیشتن بە ئامانجی شۆڕشگێڕانەی سەربەخۆیی ئابووری، پێویستە بازاڕ بەشێوەیەکى تەواوەتى هانبدرێت” ([24])، بەڵام بەدیهێنانى ئەو ئامانجە شۆڕشگێڕییە بە شێوەیەکی واقیعی – سەربەخۆیی – مۆڵەتێک بوو بۆ کردنەوەی دەرگایەکی فراوان بۆ دەستێوەردانی ڕێکخراو و دامەزراوە شۆڕشگێڕییەکان (ئەهلى متمانە) لە ژیانی ئابووریدا، لەسەرووى هەموویانەوە: سوپای پاسداران و دامودەزگا ئابوورییەکانی ملکەچی دەسەڵاتی ڕێبەری مەزن بوو، لەپێناوى گەیشتن بەو ئامانجە شۆڕشگێڕییە ئابوورییەی کە خومەینی لەزووەوە خەونی پێوە دەبینی، ئەو دابەشکارى و ڕێکخستنەش لەسەر حیسابی کەرتی تایبەت و بازاڕ ئەنجامدرا.

لەدوای شۆڕش سێ دامەزراوەی ئابووریی شۆڕشگێڕانە دامەزران، کە ڕاستەوخۆ پەیوەستبوون بە ڕابەرە و خاوەنى پێگەیەکی دارایی ناوازە بوون، کە بریتی بوون لە: “دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئیمام” (بە فارسی: ستاد اجرائى فرمان حضرت امام)، دامەزراوەی “عەتەبەى ڕەزەوی” و دامەزراوەی “چەوساوەکان”. ئەم دامەزراوانە بە دامەزراوە گشتییە ناحکومییەکان ناوزەد کران و لە باج و وردبینى و چاودێرى دەزگاکانى چاودێرى و ئەنجوومەنى شوراى ئیسلامەى (پەڕلەمان) بەخشران.

ئەو دامەزراوانە لەبنەڕەتدا لەژێر پەردەی کاری خێرخوازیدا کاریان دەکرد، بەڵام پاشان خۆیان گلاندە کارى بازرگانییەوە، بوونە خاوەنی وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکانى پیشەسازی، کشتوکاڵی، بازرگانی، دارایی و خزمەتگوزارییدا، کە ملیارەها دۆلارى تێپەڕاند.

بە نمونە دامەزراوەی “عەتەبەى ڕەزەوی” خاوەنی کۆمپانیاکانی وەک کانەکانی ئەلقودس ڕەزەوی، هەشتەمى دەرمانسازى، ئۆتۆمبێلى شیهاب، بەرهەمە شیرەمەنییەکانی ڕەزەوی، خانووبەرە و ئەندازیاری ئەلقودس ڕەزەوی، کۆمپانیای تەکنەلۆجیای زانیاری ڕەزەوی و کۆمپانیا و پیشەسازی دیکەیە.

هەروەها دامەزراوەی “چەوساوەکان: المستضعفين”، خاوەنی دامەزراوە گەورەکانی وەک بانکی سینا، کۆمپانیای نەوتی بیهران، پیشەسازی خۆراکی مێهرشار، زەمزم ئێران، ئەلکترۆنیات و وزەی سابا، هۆتێل سەفایی یەزد، یانەیەکی تایبەت بە ئێرانییەکانی نیشتەجێی دوبەی، پەیمانگاى سینەمایى نور تابانە، جگەلە چەندین کۆمپانیا و دامەزراوەى دارایی دیکە ([25 ]).

دوای بەرتەسککردنەوەی بازرگانی دەرەکی لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ماوەی ساڵانی شەڕ لەگەڵ عێراقدا، گڵۆپی سەوز بۆ سوپای پاسداران بۆ کارکردن و کێبڕکێکردن لە ئابووریی ئێراندا پێکرا. دوای کۆتایی هاتنی شەڕ و جێبەجێکردنی سیاسەتی کرانەوەی ئابووری لە سەردەمی هاشمی ڕەفسەنجانی و محەمەد خاتەمیدا، نەدەکرا بە ئاسانى سوپای پاسداران لە ژیانی ئابووریی دوور بخرێتەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە بۆ دروستکردنی جۆرێک لە هاوسەنگی لە سیاسەتەکانی کرانەوەدا، دەکرا بوونی ئەوان بە فاکتەرێکی گرنگ هەژمار بکرێت، چونکە لە عەقڵیەتی پیاوانی ئایینی و بڕیاردەران لە ئێراندا پرۆسەى کرانەوە مایەى وریایی و گومانێکی زۆر بوو، بۆیە دەستی سوپای پاسداران لە ژیانی ئابووریدا واڵاکرا. دەرەنجام ئەم ڕەوتانە دواتر کاریگەریی نەرێنی توندیان لەسەر بازاڕ و کەرتی تایبەت و ئیدارەدان و دابەشکردنی وەبەرهێنانەکان لە ئابووری ئێراندا هەبوو. بەم شێوەیە ڕووبەڕووی دوو کێبڕکێ بوونەوە: کراوەیی ئابووری بەرامبەر بە جیهانی دەرەوە لە لایەک و کێبڕکێی پاسداران لەلایەکی دیکەوە.

بۆ پاراستنی شۆڕش و ڕژێمی نوێ لە مەترسیی کودەتاى سوپای فەرمی بەسەریدا، لە ساڵی (١٩٧٩) لەلایەن خومەینی ڕێبەری شۆڕشەوە سوپای پاسداران دروستکرا. هێزی ئابووریی ئەم سوپایەش لە ماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەرکەوت. بە ئامانجی پاراستنی ئامانجەکان و بیروباوەڕی شۆڕش لە ناوخۆ و دەرەوەدا بە “سوپای ئایدیۆلۆژی” ناودێرکرا، چونکە دوو باڵی سەرەکی هەیە، ئەوانیش سوپای قودس و بەسیجە، کە چەندین هەزار چەکدار و خۆبەخش لەخۆدەگرێت (*). ئامانجی ئەو هێزانە ڕاپەڕاندنی ڕۆڵی ئەمنی و پاراستنی ڕژێم بوو، بەڵام هەندێک مادەی دەستووری ئێرانیان قۆستەوە تاوەکو لە ناوخۆدا ڕۆڵ بگێڕن و لەناو جومگە ئابووری، پیشەسازی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دەوڵەتدا هەژموون پەیدابکەن.

لە ماددەی (١٥٠)ی دەستووردا باس لەوە دەکات کە پاسداران “پاسەوانی شۆڕش و دەستکەوتەکانێتی”، هەروەها لە ماددەی (١٤٧)دا دەڵێت “دەبێت حکومەت لە کاتی ئاشتیدا سوود لە کارمەندان و کەرەستەی تەکنیکی سوپا وەربگرێت بۆ کاری فریاگوزاری و پەروەردە و بەرهەمهێنان و هەوڵەکانی بیناسازی، لەهەمانکاتدا بە تەواوی پێوەرەکانی دادپەروەری ئیسلامیی لەبەرچاو بگرێت”.

لە خولى پێنجەمی هەڵبژاردنی پەڕلەمان (1996-2000)، ئەندامەکانی بەفەرمی تێکەڵ بە ژیانی سیاسی بوون و بە بەهێزى هاتنە ناو پەڕلەمانەوە، ئەویش لەڕێگەى دروستکردنی لیستی لایەنگرانی “حیزبوڵڵا” بوو، هەروەها لە ماوەی (2004 – 2008) توانیان سەد کورسی لە ئەنجوومەنی شورا بەدەستبهێنن. دواتر لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەحمەدی نەژاددا پۆستی وەزارییان وەرگرت و بوونە خاوەنى پێنج وەزیر لە حکومەتدا. لە قۆناغەکانى دواتردا بوونە خاوەنى پێگەى ئابوورى، ماوەى خولى سەرۆکایەتى ئەحمەدى نەژاد گرنگترین ماوە بوو کە تیایدا سوپاى پاسداران توانییان ڕۆبچنە ناو ئابوورى ئێرانەوە ([26])، تەندەرە حکومییەکانیان بە بڕە پارەیەکی زۆر بردەوە، کاتێک ڕابەری باڵا لە ساڵی (٢٠٠٦) فەرمانی بە تایبەتکردنی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا حکومییەکان دەرکرد، پاسداران توانیان ژمارەیەکی زۆریان بە دەیان ملیار دۆلار بکڕنەوە، بەتایبەتی کۆمپانیا گەورەکان یان ئەو کۆمپانیایانەى کە لە بوارە گرنگەکاندا کاریاندەکرد، وەک کۆمپانیا سەرەکییەکانى پەیوەندیکردن لە وڵاتدا ([27]) و کۆمپانیاکانی دیکە کە لە بوارە پیشەسازییەکانیدا کاریان دەکرد.

  1. مەیلی بازرگانە گەورەکان بۆ کارکردن لەژێر چەتری ڕژێم و بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی دیکەى بە مۆدێرن کردن:

کاتێک ڕابەری یەکەمی شۆڕش دەستیکرد بە چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی، هەوڵی بێلایەنکردنی بازاڕی دا، لە ترسی ئەوەی تێکچوونی ئابووری و ناسەقامگیری – لە ئەنجامی شۆڕش و پاشان شەڕ لەگەڵ عێراق – ببێتە هۆى وروژاندنى بازاڕەکان لە دژی دەسەڵاتە تازە سەرهەڵداوەکەى، بەڵام لەهەمانکاتدا سووربوو لەسەر پاداشتکردنى بەشێک لە بازاڕییەکان کە پاڵپشتى شۆڕشیان کردبوو، پارەشیان بۆ تەرخانکردبوو، وەک ئەندامانی “کۆمەڵەی موئتەلیفەی ئیسلامی” (کۆمەڵەی هاوپەیمانی ئیسلامی). خومەینى هەوڵیدا ڕیشەى وەلائى گەورە بازرگانانى بازاڕ بەهێز بکات و لە ناکۆکییە سیاسیەکاندا بێلایەنیان بکات تا ئەو ڕادەیەى بازرگانانى نزیک لە حکومەت بە “دەوڵەتى“ ئاماژەیان بۆ دەکرا ([28]) وەک هێمایەک بۆ دڵسۆزى تەواوەتیان.

لەدوای شۆڕش بەشێک لە بازرگانانی بازاڕ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیان، بەتایبەت ئەو کەسانەیان کە پارەیان بۆ خۆپیشاندەران دابین دەکرد و تێچووی شۆڕشیان لە ئەستۆ دەگرت، ڕوویان لە سیاسەت کرد و بوون بە وەزیر و ئەندامی پەڕلەمان، وەک جوتەبرا حەبیبوڵڵا و ئەسەدوڵڵا عەسکەر ئەولادى. میساق پارسا کە مامۆستایەکی بەڕەچەڵەک ئێرانى ڕشتەى کۆمەڵناسییە لە ئەمەریکا دەڵێت: “ئەسەدوڵڵا عەسکەر ئەولادی بازرگانێکی بازاڕ بوو کە لە چینی کرێکارانەوە پێگەیشت، لەدوای شۆڕش لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەت سامانێکی گەورەی پێکەوەنا، لەکاتێکدا حەبیبوڵڵای برای لەو کاتەدا وەزیری بازرگانی بوو، مۆڵەتی بازرگانی ئەوتۆى دەستکەوت کە توانى دراوی قورس بە نرخێکی کەم بکڕێت و لە ڕێگەی کارەکانییەوە مامەڵەی پێوە بکات، سامانەکەی بە زیاتر لە نۆ ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، ئەمەش وایکردووە بەدووەم دەوڵەمەندترین پیاوی ئێران دابنرێت” ​​([29])، لەکاتێکدا وەکو زانراوە خۆی و براکەی لە چینێکی کرێکاری سادەوە هاتوون.

هەروەها هەندێک لە بازاڕییەکان سەرۆکایەتى ڕۆژنامە گەورەکانیان دەکرد، وەک بازرگانى ئاسن حەسەن مەهدیان کە سەرۆکایەتى ڕۆژنامەى (کەیهان)ى دەکرد. ئەمانە و ئەوانی تر نوێنەرایەتی یەکەم گرووپی بازرگانانی بازاڕی (دەوڵەتی)یان دەکرد کە بازرگانی و سیاسەتیان تێکەڵ کردبوو. لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی عێراق و سەرەتای قۆناغی کرانەوەی ئابووری کە هاشمی ڕەفسەنجانی لە ماوەی هەردوو خولی سەرۆکایەتیەکەیدا لە (1989-1997) سەرکردایەتی دەکرد، دەستکەوتیان بەدەستهێنا. لایەنگرانی سەرەکی ڕژێمی خومەینی پۆستی باڵایان لە حکومەتدا پێدرا و بە مۆڵەتی تایبەتی هاوردەکردن پاداشت کران.

لەگەڵ بەرەوپێشچوون لە سەپاندنی سیاسەتی کرانەوەی ئابووری بەرامبەر دەرەوە و کێبڕکێی دامەزراوە شۆڕشگێڕی و ئایینییەکان لەگەڵ کەرتی تایبەتدا، قەبارەی کۆمەڵەی دووەمی بازرگانانی بازاڕ (واتە نەریتیە نادەوڵەتیەکان) وردە وردە بەرەو پوکانەوە ڕۆیشت. دوای ئەوەی هاوردەکردن لە دەرەوە لە ڕێگەی دەروازە فەرمییەکانى وەک بەندەر عەباس و ناوچەکانى بازرگانی ئازاد لە دوورگەکانی کیش و قشم کرایەوە، هەروەها لە ڕێگەی بە قاچاخ هێنانى کاڵا لە وڵاتانی دراوسێوە کە بەڕووى جیهانى دەرەوەدا کراوە بوون وەک ئیمارات، قەبارەی کارەکانیان کەم بووەوە. ئەو کاڵایانە بە کوالیتى و کەمی نرخەکانیان کێبڕکێیان لەگەڵ بەرهەمە ناوخۆییەکانى ئێراندا دەکرد، بۆیە وردەوردە گۆڕەپانى بازاڕییەکان بچوک بووەوە.

بازاڕییەکان هیچ بژاردەیەکیان نەبوو جگە لە پشتیوانیکردن لە مەیلەکانی بزووتنەوەی پارێزگاران – پاڵپشتییەکانیان دواتر ڕووی لە پارێزگاران کرد – کە لە پرسى کرانەوەی دەرەکیدا خۆپارێزتر بوون، لە بەرامبەر مەیلەکانی بزووتنەوەی ڕیفۆرمخوازان کە داوای کرانەوەی زیاتریان بەڕووی جیهان و وەبەرهێنانى بێگانەدا دەکرد. بۆیە لە هەڵبژاردنەکانى پەڕلەمان و سەرۆکایەتیدا، پشتیوانى یان کۆمەکى دارایى هەڵمەتى پارێزگارانیان دەکرد. ئەمەش لەپێناوى پاراستنی بازرگانییەکانیان لە کێبڕکێی دەرەکی بوو ([30]).

لە سەردەمى هاشمى ڕەفسنجانیدا کە لەدواى کۆتایهاتنى شەڕ لەگەڵ عێراق دەستى پێکرد، بازاڕەکان بەرەنگارى هەوڵەکانى بە مۆدێرنکردن بوونەوە، لەنێویاندا هێنانە ناوەوەی زنجیرە فرۆشگاکان (مۆڵەکان) بۆ ناو تاران و شارە سەرەکییەکان، ئەوان لە ماوەی (1989-1998)دا لەدژى غوڵام حسێن کەرباسجی سەرۆکی شارەوانی تاران وەستانەوە، تا ئەو کاتەی کە بە تۆمەتى دامەزراندنی ڕۆژنامەی “هەمشەهری” کە بە “دەرچوون لە گوێڕایەڵی بۆ ڕابەر” وەسفدەکرا، هێنرایە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری – کە پیاوانی ئایینی زاڵ بوون بەسەریدا –، سەرەڕای ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستی هێنابوو، بەڵام بۆ ماوەی دوو ساڵ لە پایتەخت دەستبەسەر کرا ([31]).

ئەوان لە ڕێگەی پارێزگارانەوە دژایەتى – تاڕادەیەک – مەیلە لیبراڵیەکانی سەرۆک محەمەد خاتەمیان (١٩٩٧ – ٢٠٠٤) کرد، بەتایبەتى کردنەوەی بازاڕە ناوخۆییەکان بۆ سەرمایەگوزاری دەرەکی، کە بۆ یەکەمجار بوو لە ئێرانى دواى شۆڕشدا ئەو کرانەوەیە ڕووبدات، چونکە پێشتر دژایەتى لەگەڵ هەموو شتێکی دەرەکیدا دەکرا. بۆ نمونە: لە (17ی حوزەیرانی 2001) ئەنجوومەنی هەموارکردنەوەى دەستوور ڕەتیکردەوە ڕەشنووسی یاسای وەبەرهێنانی دەرەکی پەسەند بکات، کە پێشتر لە ساڵی (2000) لەلایەن پەڕلەمانەوە پەسەندکرابوو، تاوەکو ڕێگە بە بیانییەکان بدرێت ڕاستەوخۆ بێنە ئێران و کار بکەن ([32]).

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، پێشهاتەکانی ئابووری جیهانی و دزەپێکردنی هەندێک لە سیماکانى جیهانگیری بۆ ناو ئێران، ڕۆڵی هەبوو لە گۆڕینی پێگە و کاریگەریی بازاڕەکان لە کۆمەڵگەدا، وەک هێنانەکایەی زنجیرە فرۆشگا گەورەکان “مۆڵەکان” بۆ یەکەمجار لە ئێران و پێشوازى لێکردنى لەلایەن ئێرانییەکانەوە – بازرگانانی بازاڕ پێشتر دژایەتیان کردبوو، کاتێک شا هەوڵیدا بیخاتەڕوو بۆ ئەوەی کێبڕکێ لەگەڵیاندا بکات -، چونکە زیانی بە بازرگانی بازاڕ و ڕۆڵی تەقلیدی ئەوان وەک هاوردەکار و فرۆشیار و دابەشکەر لە ناوخۆی وڵاتدا دەگەیاند. چونکە چینی مامناوەندی نوێ و خوێندەوار لە ئێران پێیان باشتر بوو بچنە دوکانە گەورەکان و مۆڵەکانی شێوازی ڕۆژئاوایی، نەوەکو قەرەباڵغی لە کوچە تەسکەکانی بازاڕەکاندا دروست بکەن. مەیلیان بۆ بەدەستهێنانی کاڵا و براندە نێودەوڵەتییەکان زیادى کرد کە – لە تێڕوانینی هەندێکیاندا – ڕەنگدانەوەی پێگەی کۆمەڵایەتییان بوو، تەنانەت ئەگەر لە شێوەی بەرهەمی ساختەشدا بێت ([33]). هەروەها جیهانگیری، دوبەی لە جیاتی تاران کردە ناوەندێک بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی، ئەمەش دەرفەتی بە ڕژێمی ئێرانى دا کە ناوچەی بازرگانی ئازادی لەتەنیشت یەکتر لەسەر حسابی بازاڕ دروست بکات و مۆڵەتی بازرگانی تایبەت بە هاوپەیمانەکانی بدات.

4- کوێرکردنەوەی چالاکییەکانی بازاڕ لەگەڵ توندکردنەوەی سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ئێران:

گەمارۆکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ئێران لە ساڵی (2006)ەوە هاتە ئاراوە، پاشان لە کۆتایی سەرۆکایەتی ئەحمەدی نەژاد لە ساڵی (2010) توندترکرایەوە، ئەمەش لاپەڕەیەکى نوێ بوو لە تۆمارى کەمکردنەوەی ڕۆڵی بازاڕ لە ئێراندا. هەروەها پێشکەشکردنی پاڵپشتی مەزهەبی و سەرۆکایەتیی زیاتر بوو بۆ سوپای پاسداران، بە ئامانجى کۆنترۆڵکردنی ئابووری ئێران لە ناوەوە و لە دەرەوە لەژێر دروشمی “ئابووری خۆڕاگر”دا، واتە خۆڕاگری لە بەرامبەر گەمارۆ دەرەکییەکاندا، بە پشت بەستن بە توانا ناوخۆییەکان و دابینکردنى هەموو پێداویستیەکان بۆى تاوەکو بتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت.

ڕۆڵی ئابووریی پاسداران لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە هەیە، بەڵام وردەوردە لە ماوەی دوو خولی سەرۆکایەتی ئەحمەدی نەژاددا گەشەی کرد و فراوانتر بوو، بەجۆرێک تەنها لە ساڵی (٢٠٠٥)دا زیاتر لە (٧٥٠) گرێبەستی حکومی درایە پاسداران ([٣٤])، پاشان سزاکان هاتنە ئاراوە، لەوانەش گەمارۆی سەپێنراو و ڕێگریکردن لە وەبەرهێنانی بیانی لە ئێراندا، ئەوەش بووە هۆى زیادکردنی کۆنترۆڵی پاسداران بەسەر بازاڕەکاندا.

دەتوانین بڵێین پەیوەندی نێوان بازاڕ و پاسداران لەم قۆناغەدا لە کێبڕکێوە گۆڕا بۆ وابەستەیی، واتە ملکەچکردنی بازرگانەکان بۆ پاسداران، دوای ئەوەی پاسداران بوونە دیارترین بزوێنەرى کەرتە ئابوورییەکان، لەنێویاندا کەرتی بازرگانی دەرەکی، بە سەرچاوەکانی دراوی بیانی و بانک و کۆمپانیا داراییەکانەوە. لە هەمووی گرنگتر، تۆڕەکانی قاچاخچێتی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا، وایکرد کە بتوانێت خۆى لە سزاکانی ڕۆژئاوا بدزێتەوە کە بەسەر بازرگانی و گواستنەوەی کەشتیوانی و گواستنەوەی دارایی بۆ ئێران و لە ئێرانەوە بۆ دەرەوە سەپێنرابوون.

ئەوەی یارمەتیی پاسدارانى دا تاوەکو هەژموونی خۆیان بەسەر بازرگانی دەرەکی وڵاتدا بسەپێنن، باڵادەستیان بوو بەسەر زۆرێک لە بەندەر و دەروازە سنوورییەکان لە ئێراندا، هەروەها بەخشینی کۆمپانیاکانیان بوو لە باج، جگەلە ئەگەری خۆدزینەوە لە باجی گومرگی، بەم شێوەیە توانیان بچنە ناو کێبڕکێی نادادپەروەرانەوە لەگەڵ بازرگانە نەریتیەکاندا، بە دابەشکردنی کاڵای هەرزانتر، بە ئاسانى دەیانتوانى لەوان ببەنەوە، لە ئەنجامدا کێبڕکێ و بەردەوامبوون لەم تەرزە بازرگانیکردنەدا دەبێتە مەحاڵ، مەگەر تەنها لە ڕێگەی پەیوەندی تایبەتەوە بکرێت.

هیچ سەیر نییە کە ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران، کاتێک لە یەکێک لە کۆنفرانسەکانیدا لە ساڵی (٢٠١١) سوپای پاسدارانی بە “برایانی قاچاخچی” وەسف کرد، ئەوەش لەناوخۆدا هەرایەکى زۆرى لێکەوتەوە، چونکە سەرۆکى دەوڵەت ڕاشکاوانە تێوەگلانیانى لە قاچاخچێتى لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ ناوەوەی وڵات لە ماوەی سزاکاندا ڕاگەیاند.

لەڕاستیدا لە سەردەمی ئیدارەی ئەحمەدی نەژاددا هەژموونى ئابووریی پاسداران زۆر گەشەی کرد، چونکە سەرقاڵى کاری بانکی و دارایی بوون، لە نمونەى بانکەکانى (قەوامین و ئەنسار و بانکی ئابووریی میهر کە سەر بە بەسیج بوو). گومانی تێدا نییە کە بەشداریکردن لە کاروباری بانکیدا بۆ ئاسانکاری بازرگانی و هەموو بابەتێکى پەیوەندیدار بە بازرگانییەوە گرنگە. هەرچەندە دیاردەی قاچاخچێتی بووە هۆی ئەوەی دەوڵەت پارەی باج لەدەستبدات.

لە خەمڵاندنێکدا کە دەگەڕێتەوە بۆ هێزی ئەرکی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کاڵا و دراوی بیانی بۆ ناو ئێران، قەبارەی کاڵای قاچاخ ساڵانە بە زیاتر لە بیست ملیار دۆلاری ئەمریکی (نزیکەی 5% بەرهەمی ناوخۆیی ساڵی ٢٠١٤) خەمڵێندراوە. وەزارەتی بازرگانیش گرنگترین ئەو کەلوپەلانەى کە بە قاچاخ بۆ وڵات دەهێنرێن تۆمارکردوە کە بریتین لە: زێڕ، جلوبەرگ، کەرەستەی ناوماڵ، مۆبایل، کۆمپیوتەر، کەرەستەی جوانکاری، جگەرە. ئەم کاڵایانە بەگشتی، جگە لە هاوردەکردنی دانەوێڵە، لە گرنگترین هاوردەکراوەکانی ئێرانن لە دەرەوەى وڵاتەوە ([35]).

  1. بێلایەنکردنى ڕۆڵى بازاڕ هەندێکجار لەگەڵ مەیلی خۆپیشاندان:

بازرگانەکانى بازاڕ جگە لە قبووڵکردنى ئەو دۆخەى کە هەبوو لەگەڵ قۆستنەوەى دەرفەتێکى گونجاو بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان و دەربڕینى ناڕەزایى، هیچ چارەیەکى دیکەیان نەبوو، ئەمەش فێڵە مێژووییەکەیانە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین، دوای ئەوەی هەریەکە لە هەژموونى سیاسى و داراییان لێ دزرا و بازرگانی و قازانجەکانیان کرایە ئامانج، هەژموون و پێگەى کۆنیان لەلاى پیاوانى ئایینى لەدەستدا، هەروەها هەژموونى کۆمەڵایەتى و داراییان لەدەستدا، لەئەنجامی کەمبوونەوەى بازرگانی و سامانەکانیان، لە ئەنجامى کێبڕکێی لەگەڵ دامەزراوە شۆڕشگێڕییەکان و باڵادەستیان بەسەر فرۆشگا و بازاڕەکاندا، بەتایبەتی لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەحمەدی نەژاد دا لە (٢٠٠٥ – ٢٠١٣) کە لەسەر بزووتنەوەی ئایینی پارێزگاران ئەژمار دەکرا.

کیڤان هاریس، مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی کالیفۆرنیا، لە کتێبی “شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی: سیاسەت و دەوڵەتی خۆشگوزەران لە ئێران”دا دەڵێت: ” بازاڕەکان لە سەردەمی حکومەتی ئەحمەدی نەژاددا، لە ئاکامى زیادبوونی فشارەکان لەسەریان، مەیلیان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین هەبوو، لەکاتێکدا لەدواى ڕاگەیاندنی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەدەگمەن بەشێوەیەکى ئاشکرا ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە ڕژێمی ئێران دەربڕیوە. بەراورد بە قوتابیان، کرێکاران یان ژنان، تەنانەت کاتێک گرووپەکانی تر پێش ئەوان چوونە سەر شەقامەکان، بەڵام ئەوان لە ئۆکتۆبەری (2008) دەرچوون و دەستیان بە ناڕەزایى دەربڕین کرد. جارێکى دیکە لە مانگى تەمموزى (2010)، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەوڵەکانی حکومەتی ئەحمەدی نەژاد بۆ کۆکردنەوەی باجی زیاتر لە فرۆشگاکانی بازاڕ، بەهۆی دابەزینی داهاتی حکومەت لە ئەنجامى ئەو سزا نێودەوڵەتیانەی کە لە ساڵی (٢٠٠٦)ەوە بەسەر ئابووریی ئێراندا سەپێنرابوو، بازرگانان بازاڕەکانیان لە شارە گەورەکانی ئێراندا داخست، بازاڕەکانی تاران و ئەسفەهان مانگرتنی پچڕپچڕ و داخستنی فرۆشگاکانیان بەخۆوە بینى، لە هاوینی (٢٠١٠)دا مەودای مانگرتنەکە فراوانتر بوو، بازاڕی تەورێزی پایتەختی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتیشی گرتەوە. مانگرتنە پچڕپچڕەکان تا هاوینی (٢٠١٢) بەردەوام بوون، لە ئەنجامدا سەرکەوتوو بوون لە هاندانى حکومەت بۆ پاشەکشە کردن لە سەپاندنی باج بەسەریاندا ([36]) ([37]).”

هەرچەندە حکومەت لە بەرامبەر داواکارییەکانی بازرگانەکاندا پاشەکشەی کرد، بەڵام ڕێگەی نەدا ڕۆڵی زیاتر بگێڕن، بەجۆرێک سنورى داواکارییەکانى چینەکەیان تێپەڕێنێت کە پەیوەندیی بە کارەکانیانەوە هەبوو. هەربۆیە لە ساڵی (٢٠٠٩) کە ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی سەوز لە دژی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا سەریهەڵدا، دەسەڵاتدارانی ئێران هەنگاوی پێشوەختەیان لە دژی بەشداریی بازاڕ لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییە بەربڵاوەکاندا هەڵگرت، ڕێگرییان لە داخستنی دوکان و بازاڕەکان کرد و ژمارەیەک بازرگانى بازاڕیشیان دەستگیرکرد، لەوانەش موحسین دۆکمەشی کە یارمەتی بنەماڵەی بەشێک لە زیندانیانی سیاسی و ئەو کەسانەی دەدا کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکرابوون ([38]) ئەوەش هەمان کار بوو کە بازرگانانی بازاڕ سەد ساڵ لەمەوبەر لە کاتی شۆڕشە جەماوەرییەکاندا ئەنجامیاندا، بۆیە دەسەڵاتداران درکیان بە مەترسى بابەتەکە کرد و بە بەکارهێنانی هێزی ئەمنی ڕێگەیان لێگرتن.

ئەوە جارى یەکەم بوو کە بازاڕ لە بەشداریکردن لە یەکێک لە ڕاپەڕینە جەماوەرییە گەورەکانی ئێران دووربخرێتەوە. کاتێک لەدوای ساڵی (٢٠١٠)لایەنگرانی بزووتنەوەی سەوز ڕژانە سەر شەقامەکان، بازرگانەکان چاودێرى جموجۆڵەکانیان دەکرد، هەرچەندە میر حوسێن موسەوی بانگەوازى لێکردن تا بچنە ڕیزى بزوتنەوەکەیەوە، بەڵام سەرەڕای ناڕازیبوونیان لە حکومەت نەچوونە ڕیزى خۆپیشاندەران و داواکارییەکانیان لە چوارچێوەى کەمکردنەوەی باجدا سنووردارکرد. هەرچەندە بازرگانەکان ڕاستەوخۆ زیان بە کارەکانیان نەگەیشت، بەڵام ڕژێم لەو قۆناغەدا لە بێلایەنکردنی ڕۆڵی بازاڕ و ڕێگرتن لێیان لە بەشداریکردن لە ناڕەزاییەکانى کۆمەڵگەدا سەرکەوتوو بوو.

ناڕەزایەتییەکانی بازاڕ لە ساڵانی دواتردا زۆرتر و زیاتر بوو، هێزە ئەمنییەکانیش توندوتیژییان بەکارهێنا تاوەکو بەتۆپزى کۆتایی پێبهێنن و بەرفراوانبوونیان ڕابگرن. بازرگانانی بازاڕی گەورەى تاران لە ساڵی (٢٠١٢) بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانیان مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند، سەرجەم فرۆشگاکانیان لە تارانی پایتەختدا داخست، وەک دەربڕینى ناڕەزایی لەبەرامبەر زیانگەیاندن بە کارەکانیان، لە ئەنجامی دابەزینی بەرچاوی بەهاى دراو و بەرزبوونەوەی نرخی دراوی بیانی، ئەمەش دوای توندکردنەوەی سزاکانی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە هەمان ساڵدا (*)، ئەو سزایانە کاریگەری لەسەر وەستانی بازرگانییەکانیان و سەختی کاروبارەکانیان هەبوو، بۆیە لە چەند شەقامێکی گرنگى تاراندا سەرکردایەتی ڕێپێوانی ناڕەزایەتیان کرد، دوای ئەوەی دەیان هەزار هاوڵاتی ئاسایی پەیوەندییان پێوە کردن، ڕێپێوانەکان گۆڕان بۆ خۆپیشاندانی جەماوەری، هاوڵاتیان توڕەبوون لە تێکچوونی بارودۆخی ئابووری وڵاتەکەیان و دروشمی بەفیڕۆدانی سامانی گشتیان بۆ بەدیهێنانی خواستە دەرەکییەکان لە وڵاتانی دراوسێدا ئیدانە دەکرد. دەسەڵات هێزى لە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنا، گومان دەکرا ئەو هێزانە سەر بە گرووپى بەسیجی سوپای پاسداران بن، بۆیە بازاڕەکان ناچاربوون کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بهێنن و دوکانەکانیان بکەنەوە ([39]).

لێرەدا ڕژێم جارێکی تر هێزە ئەمنیەکانی بۆ بێلایەنکردنی ڕۆڵی بازاڕ بەکارهێنا، هەروەها بۆ سزادانیان بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین و تێپەڕاندنی ئەو سنوورەی کە بۆیان دانرابوو. دەوڵەتیش لەڕێگەى هێنانە پێشەوەى پیاوانێک کە جێگەى متمانە بوون، دەستوەردانی زیاتری لە چالاکییەکانی بازاڕ و کەرتە جیاوازەکانی ئابووریدا کرد. نمونەى ئەو کەسانەش بابەک زەنجانی بوو، کە لەناکاو وەک بازرگانێک لە گۆڕەپانی ئابووریدا دەرکەوت، وەک سەرمایەدارێک کە نێوەندگیرى لەنێوان ئێران و دەرەوەدا دەکات بۆ هەناردەکردنى نەوتى ئێران، کە لە ماوەى سزاکانى سەردەمى ئەحمەدى نەژاددا فرۆشتنى قەدەغەکرابوو. دوای کۆتایی هاتنی ڕۆڵەکەی، بە دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی تۆمەتبار کرا، کە پەیوەندی بە حکومەتەکەی ئەحمەدی نەژادەوە هەبوو.

بازرگانانی بازاڕ لە ساڵی (٢٠١٨)شدا بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کرد، ئەوەش دوای مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەربڵاوی چین و توێژە جیاوازەکان بوو، کە لە ماوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتى حەسەن ڕۆحانیدا سەرانسەری ئێرانى گرتەوە، بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەبەرامبەر تێکچوونی باری گوزەرانی گرووپە جۆربەجۆرەکانی ئێران، وەک کرێکاران، شۆفێران، مامۆستایان، خانەنشینان و ئەوانی دیکە.

بازرگانانی بازاڕ لە کۆتایى مانگى حوزەیران تا پێنجى ئابى (2018)، مانگرتنیان ڕاگەیاند و بازاڕی گەورەی تارانیان داخست، ڕێپێوان و خۆپیشاندانیان بۆ بەردەم باڵەخانەی پەڕلەمانى ئێران و لە شەقامە سەرەکییەکانی پایتەختدا ڕێکخست، بۆ ناڕەزایى دەربڕین لە بەرامبەر سەختى بەڕێوەچوونى کارە بازرگانیەکانیان، لەسایەى داڕوخانى نرخى دراوە بیانییە پێویستەکان بۆ هاوردەکردن لە بازاڕی ئازاد و سەختی دەستکەوتنیان (نرخی فەرمی دۆلار لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٨ نزیکەی ٤٢٠٠ تمەن بوو، نرخی بازاڕی ئازادیش کەمێک زیاتر بوو، بەڵام لە مانگی حوزەیران جیاوازی نێوانیان فراوانتر بوو، بەمەش نرخی دۆلاری ئازاد لە مانگی حوزەیران گەیشتە نزیکەی ٨٥٠٠ تمەن، دواتر بۆ زیاتر لە یازدە هەزار لە مانگی تەمموزی هەمان ساڵدا بەرز بوویەوە). مانگرتنی بازاڕەکان لە بازاڕی گەورەوە بۆ بازاڕەکانی دیکەى تاران وەک بازاڕى چوارسوق و قەیتاریە گواسترایەوە، پاشان بۆ بازاڕی پارێزگاکانی دیکەى وەک ئەسفەهان، شیراز، مەشهەد، ئەهواز، کرماشان، قەزوین، قوم گواسترایەوە. ئەمجارەیان خۆپیشاندەران لافیتە گەلێکیان بەرزکردبووەوە کە سیاسەتەکانی ڕژێمیان لە ناوخۆ و دەرەوەدا ئیدانە دەکرد ([40]) وەک: “سووریا بەجێبهێڵن!” بیر لە بارودۆخی خۆمان بکەنەوە”.

بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان جارێکی دیکە هێز بەکارهێنرا. بەهۆی بەهێزی دەسەڵات و لاوازی ڕۆڵە تەقلیدییە کۆنەکانی بازاڕ یان توانای کاریگەری دانان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان، ژیان گەڕایەوە بۆ دۆخی جارانى، بەڵام بەو جیاوازییەی کە ڕەنگە ئەمجارە یەکەمجار بووبێت کە دروشمی بازرگانەکان گۆڕا بوون و تەنها پەیوەست نەبوو بە بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیانەوە، بەڵکو لە ئەنجامی ئەوپەڕی لاواز بوونیان بوو لە بەرامبەر ئەو فشارە ئابوورییانەی کە بەسەر وڵاتەکەیاندا سەپێنرابوو، لە دوای دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە.

لە ساڵانی دواتردا گوشار و ئاڵنگارییە داراییەکان بەشێوەیەکى توندتر لەسەریان زیادى کرد، بەهۆى قەیرانە نێودەوڵەتی و ناوچەیی و جیۆپۆلەتیکییە یەک لەدوای یەکەکانى وەک پەتای کۆرۆنا، شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، شەڕی غەززە، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری ئێران و بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕ و هێزی کڕین هەبوو. حکومەتی ئێرانیش ناچاربوو سیاسەتی ئابووری سکهەڵگوشن (تقشف) پەیڕەو بکات، کە بێگومان کاریگەری لەسەر قازانجی بازرگانان هەبوو.

سەرەڕای کۆتایی هاتنی پەیوەندییە کۆنە تەقلیدییەکەی نێوان بازاڕ و پیاوانی ئایینی و سەرکەوتنیان – دوای هاتنە سەر دەسەڵات- لە بێلایەنکردنی ڕۆڵی سیاسی بازاڕ تاڕادەیەکی زۆر، دوای ئەوەی بازاڕ هەژموونە داراییەکەی وردەوردە کەم بوویەوە، بازرگانانیش قایل بوون بەوەى تەنها بەرگرى لە بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیان بکەن، بەڵام وەکو ڕوونمان کردەوە، لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە جارێکى دیکە بازاڕ گەڕایەوە و ئەو ڕێسایەى پێشێل کرد. بۆیە دەکرێت بڵێین ڕەنگە بازاڕ نەخۆش بکەوێت، بەڵام ئەستەمە بە دڵنیاییەوە بڵێین کە بە تەواوەتی مردووە. ئەمەش وا دەکات پێشبینیکردنی ڕەفتاری بازاڕ یان لە قاڵبدانی بۆ چوارچێوەیەکى جێگیر یان ژینگەیەکى بێدەنگ قورس بێت، کە تێیدا بەهیچ شێوەیەک کارلێک لەگەڵ گۆڕاوەکانی دەوروبەریدا نەکات.

بە درێژایی مێژوو کارلێککردنى بازاڕ و ئاوێتەبوونى لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دەوروبەریدا، وایکردوە ڕۆڵێکى بەرچاوى لە پێکەوەنانى سامان و هەژموونى لەناو کۆمەڵگە و ئابووری ئێراندا هەبێت، لێرەشەوە بووەتە ئەکتەرێکی گرنگ لە مێژووی ئێراندا.

کۆتایى و دەرەنجامەکان

باسمان لەوە کرد کە چۆن لە ڕابردوویەکی دووردا، بازاڕ لەسایەى هاوپەیمانی لەگەڵ پیاوانی ئایینیدا لەپێش و لەکاتى شۆڕشی (١٩٧٩)دا، هێزێکی ڕاستەقینە بووە کە لە ڕووی ئابووری، سیاسی و ئایینییەوە کاریگەری لەسەر ژیانی ئێران هەبووە.

لە ماوەی دوو سەدەى ڕابردوودا، لە نزیکەوە هاوکاری یەکتریان کردووە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە بازرگانییەکان و دەستکەوتە ئایینی و سیاسییەکان، واتە لە سەردەمی سەفەوییەوە، تا دەگاتە سەردەمی قاجارییەکان، دوای ئەوانیش ڕەزا پەهلەوی باوک دەسەڵاتی گرتە دەست، هاوپەیمانی بازاڕ پیاوانى ئایینى بە ڕووخاندنی محەمەد ڕەزا شا پەهلەوی، تاجی سەرکەوتنی لەسەر نا، چونکە پیاوانى ئایینى بۆ یەکەمجار گەیشتنە دەسەڵات.

لەدواى سەرکەوتنى شۆڕش، ئەو هاوپەیمانییە مێژوییە بە چەند ڕێچکەیەکى جیاوازدا ڕۆیشت، هەتا گەیشتە لاوازبوونى پەیوەندی نێوانیان، چونکە ڕۆڵی مێژوویی بازاڕ بێلایەن کرا و دامەزراوەی نوێی سەر بە دەسەڵات دروستکرا، کە ڕۆڵە تەقلیدییەکانی بازاڕ و هاوپەیمانی مێژوویی لەگەڵ پیاوانی ئایینیدا تێکدا.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە لەدوای سەقامگیربوونی دەسەڵاتی پیاوانى ئایینى تائێستا، چەندین هۆکاری یەکلاکەرەوە هەن کە بوونەتە هۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی تەقلیدی بازاڕ و دابەزینی هەژموونە ئابووری و سیاسییەکەی، کە بریتین لە:

  1. بەپێی تیۆری ویلایەتى فەقیه، فەقیهی فەرمانڕەوا خاوەنی هەموو سامانە سروشتییەکان و داهاتە ئابوورییەکانە، جگە لەو وەقف و سەرچاوە داراییانەی کە لە ئەرکە ئایینییەکانەوە وەردەگیرێن، وەک زەکات و بەخشین و پێنج یەک، هیچ جیاوازییەکیش لەنێوان خەزێنەی دەوڵەت و خەزێنەی فەقیهدا نییە ([41])، لە ئەنجامدا دامەزراوەی ئایینی ڕێگەی بە خۆی داوە کە پایەکانی ئابووری لەسەر بنەمای لێکدانەوەیەکی ئایینی کۆنترۆڵ بکات و پێویستی بە پارەی بازرگانان نەمێنێت.

2- لەدوای شەڕی عێراقەوە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، بەهۆى چەندین بڕیاری تایبەتەوە بەرژەوەندییە بازرگانییەکانى بازاڕ کەوتە مەترسییەوە، کە بریتی بوون لە بە نیشتیمانیکردنی بازرگانی دەرەکی و پەرەپێدانی کۆمەڵگە هاوبەشەکان بۆ نەهێشتنی نێوەندگرەکان و کەڵەکەکردنى قازانج.

3- بەدەستهێنانی وەلائى بازرگانە گەورەکان، بە هێنانیان بۆ ناو حکومەت و پەڕلەمان، پاشان ڕێگەدان بە بازرگانانی بچووک بۆ خۆ تۆمارکردن لە بەرنامەکانی خانەنشینی و دەستەبەرى کۆمەڵایەتی بەخشندانەدا ([42]).

  1. گواستنەوەی متمانەی دامەزراوەی ئایینی بەرەو کەسانی نوێی متمانەپێکراو، بەتایبەتی سوپای پاسداران و کردنەوەی ڕێگە بۆیان بۆ کێبڕکێی بازرگانی و ئابووری، جگە لەوەش دامەزراوە گشتییە ناحکومییەکان کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە دەسەڵاتی ئایینیەوە هەیە، ڕۆڵی دارایی و ئابوورییان دەگێڕن. کاتێک لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاددا بەتایبەتکردنی بەربڵاو (خصخصە) ڕوویدا، ڕێژەیەکی زۆر کە دەگاتە (٩٠%)ى پشکەکانی کۆمپانیا بەتایبەت کراوەکان بۆ ئەو قەوارانە ڕۆیشت کە لەلایەن ڕژێمەوە پاڵپشتى دەکران و بۆ کەرتی تایبەت نەچوو ([43]).

5- لە سەردەمی ڕەفسەنجانی و بۆ یەکەمجار بوو لە دوای شۆڕشەوە، ڕێگە بە کۆمپانیا بیانییەکان درا کە لق لە ئێران بکەنەوە، لە ساڵی (1997) پەڕلەمان ئەو پڕۆژەیەى پەسەندکرد. ئەو بڕیارەش دوای ماوەیەک لە دوژمنایەتیکردن لەگەڵ هەموو شتێکی بیانیدا هات.

6- بازرگانانی بازاڕ لەدوای شۆڕشەوە بوون بە هاوردەکار و دابەشکەری ناوخۆ نەک هەناردەکار وەک پێش شۆڕش، بەمەش سەرچاوەی دراوی بیانییان لێ زەوت کرا و سەربەخۆییەکەیان شێوێنرا. دەوڵەت و دامودەزگاکانی دەسەڵات لە هەناردەکردنی دەرەکی و بازرگانی ناوخۆییدا قورسایی زیاتریان پەیداکرد.

  1. بەهۆی جیهانگیری و سەرهەڵدانی مۆڵە بازرگانییەکانەوە شێواز و بژاردەکانى کڕین گۆڕانی بەسەردا هات، ئەو گۆڕانکارییەش لە سەردەمی ڕەفسەنجانیەوە دەست پێدەکات و پاشتر گەشەی بازرگانی ئەلیکترۆنیشی بەسەردا هات، ئەوەش هەژموونى بازاڕی تەقلیدی وەک ناوەندێکی بازرگانی و شوێنی کۆبوونەوەی ئاسایی و کاریگەر لە شارەکاندا کەمکردەوە.
  2. بازرگانان لەئەنجامی نزیکبوونەوەیان لەگەڵ پیاوانی ئایینی و دەوڵەت بەدرێژایی ساڵان، پشتیوانی جەماوەری و هەژموونى کۆمەڵایەتییان لەدەستدا. تەنانەت لە ئەنجامی تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و خراپى گوزەران و پەرەسەندنی گەندەڵیدا، ئاستى جەماوەری خودی پیاوانی ئایینیش لە ئێران بەرەو دابەزین ڕۆیشت.

9- بەهۆى کەمبوونەوەی پاڵپشتى دراوە بیانیەکان کە بۆ هاوردەکردنی کاڵای سەرەتایی تەرخانکرابوو، قازانجی بازرگانان لە بازرگانیدا بەرەو کەمبوونەوە ڕۆیشت، تەنانەت گەیشتە ئەو ئاستەى کە یارمەتییەکان بە تەواوەتی هەڵگیران، ئەمەش بووە کەمبوونەوەى قازانجەکانیان بە دوو شێوە: یەکەم بێتوانایی لە هاوردەکردنی کاڵاکان بە نرخێکی هەرزان و زیادکردنی قازانجەکان وەک پێشوو، دووەم دابەزینی ئاستى فرۆشتن بوو بەهۆى دابەزینی هێزی کڕینی بەکاربەران.

١٠- بەهۆى چڕبوونەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەپێنراو بەسەر ئێراندا، هاوردەکردن زەحمەتى و تێچووی زۆرى دەویست، ئەوەش وایکرد هێنانى کەلوپەلى قاچاخ لە وڵاتانی دراوسێ و قۆرخکاری و کێبڕکێی دەسەڵاتە ئابوورییە کاریگەرەکان لە ئێراندا زیاتر ببێت، بەتایبەتى لەکاتى توندبوونەوەى ئابڵوقە و گەمارۆکانی ڕۆژئاوادا.

11- دەسەڵات تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوو لە بێلایەنکردنی کاریگەری بازاڕ لەڕووى سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. هەروەها وایکرد بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتییەکاندا تەنها بۆ بەرگریکردن لەو بەرژەوەندییانەیان بێت کە ڕاستەوخۆ زیانیان پێگەیشتووە.

دوای ساڵانێکی دوورودرێژ لە سزاکان، دەتوانرێت ئەم بێلایەنکردنە بە شمشێرێکی دوودەم هەژمار بکرێت، چونکە لەم ماوەیەدا تواناى کڕینى هاوڵاتیان ڕووى لە دابەزین کرد، هەروەها بازرگانانان زیانێکى زۆریان لێکەوت بەهۆى هەڵبەز و دابەزى نۆخى دراوە بیانییەکان و داڕوخانێکى توندى بەهاى دراوە ناوخۆییەکان، سەربارى گۆڕانی ڕەفتارى بازرگانیی هەندێک لە بازرگانەکان، کە پێیان باش بوو قازانجی بازرگانی خۆیان لە شێوەی سامانێکی جێگیردا بێت، وەکو خانووبەرە، قازانجى خێرا بەلاى ئەوانەوە پەسەندتر بوو لە وەبەرهێنانێکی بەرهەمدار یان دووبارە بەکارهێنانەوەى قازانجەکان لە بازرگانیدا.

لە کۆتاییدا:

ئەوە ڕوونە کە بوونی ڕژێمێکی ئایینی لە سەرۆکایەتی حکومەتدا، هەروەها فراوانبوونی هەژموونى دارایی و ئابووریی دامەزراوەی ئایینیەکان، وەک بەربەستێکی بنەڕەتی لەبەردەم ئەگەری گەڕاندنەوەی ئەو هاوپەیمانییە تەقلیدییەی نێوان ئەوان و بازاڕ دەمێنێتەوە، هەر ئەوەشە وادەکات ئەگەرى گەڕانەوەى پێگەی دارایی و کۆمەڵایەتی بازاڕ بۆ دۆخى پێشووى بکاتە مەحاڵ، سەربارى ئەوەى بازنەى متمانەى پیاوانى ئایینى جەخت دەکات سەر ئەو دامەزراوە ئەمنییانەى کە پارێزگارى لە شۆڕش دەکەن، وەک سوپای پاسداران، بۆیە دەستیان لە کارى بازرگانی و وەبەرهێناندا واڵاکراوە. هەر بۆیە سەرکەوتنى دەسەڵات لە بێلایەنکردنی ڕۆڵی سیاسی و ئابووریی بازاڕ و کەمکردنەوەی توانای بازاڕ بۆ ئەوەی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر شەقام هەبێت لە سەرهەڵدانی شۆڕشەوە لە ساڵی (١٩٧٩) تا ساڵی (٢٠١٧)، بەڕوونى دیارە. بەتایبەتی دوای ئەوەی لە کاتی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بەربڵاوى ساڵی (٢٠٠٩)دا کە ناوی بزووتنەوەى سەوزى لێنرا، ڕۆڵێکی بەرچاوى نەبوو، بەڵکو ڕۆڵى بازاڕ تەنها لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانى سنوردار کرا، سەرەڕای هەندێک بانگەوازی هاندەرانە بۆ فراوانکردنی بازنەی ناڕەزایەتیەکان.

ئەوەى جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە لە ناڕەزایەتییەکانی سەرەتای ساڵی (٢٠١٨)دا، بازاڕ بێلایەنی خۆى تێپەڕاند، ئەوەش دوای ئەوەی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی زیانێکی زۆریان بەرکەوت، بۆیە گەڕایەوە سەر فێڵە تەقلیدییەکانی و مانگرتنی بەرفراوانی ڕێکخست وەک ئەوەی پێشتر کردبووی، کە ئەمەش وا دەکات داننان بە توانای ڕژێم بۆ بێلایەنکردنی تەواوەتی ڕۆڵی بازاڕ لە هەموو کاتێکدا ئەستەم بێت، بەتایبەتى لەسایەی ئەو ئاڵنگارییە ئابوورییە یەک لەدوای یەکانەی کە تووشی ئابوورى ئێران بووە، هەر لەدوای سەپاندنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا، لێکەوتەکانی کۆرۆنا، شەڕی ئۆکرانیا تا دەگاتە گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای سوور، هەموو ئەم پێشهاتانە کاریگەری نەرێنیان لەسەر دۆخی ئابووریی ناوخۆیی هەبووە، بە تایبەتی کاردانەوەی ڕاستەوخۆی هەڵاوسانی نرخی ئاڵوگۆڕ کە دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە بۆ بازرگانان، یاخود حکومەتەکان ناچاردەکات بڕیارگەلێک دەربکەن کە لە بەرژەوەندی بازرگاناندا نەبێت، وەک بەرزکردنەوەی باج و هتد. هەروەها پێناچێت گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ ڕۆژئاوادا لە داهاتوودا، بەس بێت بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی لەدەستچوویان، واتە ئەو دۆخە هەر دەمێنێتەوە کە وابکات ماوە ماوە ناڕەزایى دەرببڕن.

لەلایەکی دیکەوە، هەمان ئەو هۆکارانەی کە وایکرد کۆمەڵگەی ئێران زیاتر لە چل ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ پیاوانی ئایینی یەکبگرێت بۆ سەرخستنی شۆڕشەکەیان، ڕەنگە دوبارە هانیان بدات تاوەکو لەپێناوى باشترکردنی بارودۆخی ژیانیاندا، لەدەورى هەر بزووتنەوەیەکی ڕێکخراو کۆببنەوە، چونکە گوزەرانیان لەم دوو دەیەى کۆتاییدا زۆر خراپ بووە، بە پێچەوانەى دوو دەیەى یەکەمى دواى شۆڕشەوە کە باش بوو.

دروشمەکانی باشترکردنی ژیان و گوزەران و نەهێشتنی گەندەڵی و نادادپەروەری لە گرنگترین دروشمەکان بوون کە وایکرد چینە پەراوێزخراوەکان لە دەوری پیاوانی ئایینی کۆببنەوە و لەگەڵیاندا یەکبگرن تاوەکو شۆڕشەکەیان سەربخەن. لەئەنجامدا لەدوای سەرکەوتنى شۆڕش بارودۆخیان باشتر بوو، بەشێکی بەرچاوى کۆمەڵگە لە ماوەی دوو دەیەی یەکەمی دواى شۆڕشدا بەرەو چینی ناوەندی خوێندەوار و ڕۆشنبیر هەڵکشان. بەهۆى ئەوەی ڕژێم گرنگى بە دروستکردنی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و چاودێری تەندروستی و گەیاندنى تۆڕی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بە هەموو ناوچەکانی وڵات دەدا، هەروەها هەوڵیدەدا بۆ دروستکردنی چینێکی ناوەندێکی نوێ و گەورە و خوێندەوار کە هەوڵى گۆڕانکاری بدات، بەڵام دواى دوبارەبوونەوەی زنجیرەى گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران و کاردانەوەی نەرێنیان لەسەر ئاستی نرخەکان، دۆخی ئابووری و ژیانى هاوڵاتیان بەرەو خراپبوون ڕۆیشت.

لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا دۆخی ژیان و ئابووری بە ڕادەیەک خراپ بووە، کە لەدوای شۆڕشەوە وێنەى نەبووە. چونکە لەنێوان پاشەکشە و بچووکبوونەوە و گەشەیەکی ئابووری سنوورداردایە، بەهای دراوی ناوخۆیی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی تۆمارکردوە. بەجۆرێک لە ساڵی (2014) هەر دۆلارێک بەرامبەر نزیکەی (3000) تمەن بوو، بەڵام لە ساڵی (2024)دا گەیشتە نزیکەی شەست هەزار تمەن، ئاستی هەڵاوسانیش بۆ زیاتر لە (50%) هەڵکشا، هەربۆیە چینی ناوەڕاست جارێکی دیکە بەرەو پوکانەوە و کەوتنە داوى هەژاری دەچێت.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار لە ئێران، ڕێژەی ئەو کەسانەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، لە ساڵی (٢٠١٢)دا گەیشتوەتە (٢٢%)ی کۆى دانیشتووان، بەڵام لە ساڵی (٢٠٢٢)دا گەیشتۆتە (٣٥%). لەکاتێکدا بەپێی سەرچاوە سەربەخۆکان ڕێژەکە بۆ زیاتر لە دوو لەسەر سێی کۆمەڵگە بەرز بۆتەوە. بۆیە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەخێرایی و بە ماوەیەکی کورتتر لە ئاسایی دوبارەدەبنەوە. بە بەڵگەى ئەوەى لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، واتە لە ساڵی (٢٠١٧)ەوە، ئێران پێنج ناڕەزایەتیی گەورەی جەماوەری و چینە جیاوازەکانى بەخۆوە بینیوە، واتە بە ڕێژەی نزیکەی ناڕەزایەتییەک لەماوەى ساڵ و نیوێکدا، ئەمەش لە ماوەی دەیان ساڵی دوای شۆڕشدا ڕووینەداوە، چونکە پێشتر لە هەر دە ساڵێکدا نزیکەی یەک ناڕەزایەتی گەورەى بەخۆوە بینیوە.

سەرچاوە: المعهد الدولى للدراسات الایرانیە (RASANAH) لە (29/نیسان/2024)

پەراوێز و سەرچاوەکان:

 ([1])  بتصرف: إلياس ميسوم، جامعة وهران 2 (محمد بن أحمد) الجزائر، “الدور للفواعل غير الرسمية في إيران دراسة حال لبازاڕ والبونياد”، دفاتر السياسة والقانون، مجلد 12، العدد 01، 2020. ص174-184.

 ([2])   محمد ڕحمن بور، الجزيرة نت، “البازاڕات التراثية الإيرانية.. تجارة بوجه العقوبات وأشياء أخرى”، 24 فبراير 2020. https://2u.pw/QG6Hy6G

 ([3])   محمد نور الدين عبد المنعم، “إيرانيات، نماذج من الثقافة الإيرانية”، المجلس الأعلى للثقافة، القاهرة، الطبعة 1، 2015، ص529.

 ([4])    بتصرف خضير البديري، “الدور السياسي للبازاڕ في الثورة الدستورية الإيرانية 1905-1911″، العارف للمطبوعات، بيروت، الطبعة الأولى، 2012، ص54- ص57.

 ([5])   خضير البديري، مرجع سابق.

 ([6])   بتصرف: محمد عبد المنعم، مرجع سابق، ص532.

 ([7])   Momen, Moojan (1985)” An introduction to Shiʻi Islam: the history and doctrines of Twelver Shiʻism، “Oxford: G. Ronald، P: 204 ، ISBN 978-0-85398-201-2.

 ([8])  البازاڕ السوق في التراث الإسلامي، مركز الحضارة لتنمية الفكر الإسلامي، مجموعة من المؤلفين، ص172.

 ([9])   البازاڕ السوق في التراث الإسلامي، المرجع السابق، ص172-177.

 ([10])   بتصرف: هوما كاتوزيان، “الفرس، إيران في العصور القديمة والوسطى والحديثة” ترجمة أحمد حسن المعيني، جداول للنشر والترجمة والتوزيع، لبنان، الطبعة الأولى 2014، ص289-292.

 ([11])  أحمد يونس، نعيم جاسم “أوضاع المرأة الإيرانية في ظل إصلاحيات ڕضا شاه بهلوي وموقف المؤسسة الدينية (1925-1941)” مجلة آداب البصرة، جامعة البصرة – كلية الآداب، 2009، ص190-200.

 ([12])  بتصرف أحمد يونس، نعيم جاسم، المرجع السابق، ص201.

 ([13])   البازاڕ السوق في التراث الإسلامي، المرجع السابق، ص180.

 ([14])  أمل حمادة، “الخبرة الإيرانية الانتقال من الثورة إلى الدولة”، الشبكة العربية للأبحاث والنشر، بيروت، ط 1، 2008، ص76.

 ([15])   محمد سهيل طقوش، “تاريخ إيرن الحديث والمعاصر”، دار النفائس، بيروت، ط 1، 2020، ص377.

 ([16])    البازاڕ السوق في التراث الإسلامي، مرجع سابق، ص185.

 ([17])  بتصرف: أحمد يونس، نعيم جاسم، مرجع سابق ص102-104.

 ([18])    البازاڕ السوق في التراث الإسلامي، مرجع سابق، ص188-189.

 ([19])   بتصرف: محمد عبد المنعم، مرجع سابق، ص530.

 ([20])   البازاڕ السوق في التراث الإسلامي، مرجع سابق، ص192.

 ([21])  بتصرف:  مهدي خلجي، “من وراء حجاب النظام الجديد للمؤسسة الدينية في إيران”، ترجمة أحمد موسى، دار مدارك للنشر ط: 1 ديسمبر 2021. ص91 . ص170-171. ص257.

 ([22])     Arang Keshavarzian, “Bazar and state in Iran: The Politics of the Tehran Marketplace”, Review by : said Amir Arjomand. American journal of Sociology, Vol. 115, No. 2 (September 2009), pp. 611-613.

 ([23])    Encyclopaedia Iranica Foundation, “BAZAR iii. Socioeconomic and Political Role of the Bazar”, https://2u.pw/2PBI5mJ

 ([24])  اواليلى بساران، “الثورة الإسلامية والاقتصاد، صراع النخب حول استقلال الاقتصاد الإيراني”، ترجمة مجدي صبحي، طبعة دار التنوير الأولى: 2012، ص104.

 ([25])  مجيد محمدي، “في ظل عباءة المرشد.. المهام والعمليات في مكتب خامنئي”، المعهد الدولي للدراسات الإيرانية، ترجمة محمد الزعبي، ص98. الطبعة الأولى 1444ه. 2022م.

(*)  يُقدر عدد أفراد الحرس الثوري بين 120 ألفًا و350 ألف فرد، ويتكون من جناحين ڕئيسين هما: قوات البسيج المسؤولة عن حماية أمن النظام داخليًّا ونشر معتقداته في المجتمع، وفيلق القدس المسؤول عن عمليات النظام خارج الحدود.. وكان من المفترض أن تكون أدوار الحرس متعلقة بالأمن فقط.

 ([26])  بتصرف:  الجزيرة نت، “الحرس الثوري.. حارس ثورة إيران المتوغل في مفاصل الدولة”، 31 ديسمبر 2023.  https://2u.pw/zhL3leZ  .

 ([27])   أحمد شمس الدين ليلة، “النشاط الاقتصادي للحرس الثوري.. الأدوات والتداعيات على إيران والمنطقة”، تحرير: محمد السلمي وفتحي المراغي، من كتاب: “المؤسسة العسكرية في إيران بين الثورة والدولة”، المعهد الدولي للدراسات الإيرانية (رصانة)،  ط 1، ص225.

 ([28])   Esfandyar Batmanghelidj, Bourse and Bazar, “The business of political economy: moving from bazar to bourse”, 6 may.

 ([29])    ميثاق بارسا، “الديمقراطية في إيران .. أسباب الفشل واحتمالات النجاح” ترجمة محمد الزعبي، المعهد الدولي للدراسات الإيرانية (رصانة)، الطبعة الأولي، 1440ه. ص157 .

 ([30])  علاء سالم، مجلة مختارات إيرانية، مركز الأهرام للدراسات السياسية والإستراتيجية، “الاقتصاد الإيراني.. محور جديد للصراع بين الإصلاحيين والمحافظين”، العدد السابع عشر، ديسمبر 2001. ص74-79.

 ([31])  يوسف عزيزي، “البازاڕ والنظام الإيراني.. جدلية الاقتصاد والسياسة”، المعهد الدولي للدراسات الإيرانية (رصانة)، 30 أبريل 2016. https://2u.pw/XsCSCUB

 ([32])   علاء سالم، مرجع سابق.

 ([33])   Kevan Harris, “The Bazaar”, United States Institute of Peace, The Iran Primer. 11 Oct. 2010. https://2u.pw/Qph3JT6

 ([34])    ميثاق بارسا، مرجع سابق، ص154

 ([35])   Kevan Harris, IBID.

 ([36])   Kevan Harris, IBID.

 ([37])  بتصرف يوسف عزيزي، مرجع سابق.

 ([38])    ميثاق بارسا، مرجع سابق، ص316.

(*) تداعت العملة الإيرانية بقوة خلال تلك الفترة عقب فرض العقوبات الأوروبية المشددة في عام 2012، التي شملت حظرًا على شراء النفط الإيراني وعقوبات على البنك المركزي الإيراني وحظر استخدام إيران شبكة سويفت للتحويلات المالية الدولية، وارتفع سعر الدولار في إيران بحدة من 2200 تومان في سبتمبر 2012 إلى 4000 تومان في نوفمبر 2012.. الأمر الذي أضر بالمستوردين والتجار في البازاڕ.

 ([39])  محمد السلمي، مجلة المجلة، “العملة الإيرانية .. تاريخ وأسباب وآثار الانهيار”، 14 نوفمبر 2012. تايخ الاطلاع 25/12/2023. الرابط: https://2u.pw/YSf6aG

 ([40])    للمزيد ڕاجع: محمود حمدي أبو القاسم، المعهد الدولي للدرسات الإيرانية (رصانة)، “الاحتجاجات الفئوية والتعبئة الاجتماعية في إيران”، الطبعة الأولى أبريل 2019. ص63 و64 و118.

 ([41])  مهدي خلجي، مرجع سابق . ص170.

 ([42])   Kevan Harris, IBID.

 ([43])   Kevan Harris, “Iran’s political economy under and after the sanctions” The Washington Post,, 23 April 2015. https://2u.pw/0gU5fa6

 

Send this to a friend