ئایندەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمەریکا
ئامادەکردن و وەرگێڕان: هێمن محەمەد قادر
بەرایى
پاش بەبراوە ناساندنی وەک جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠دا، وەک چل و شەشەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئێستا یەکێک لەو پرسە گەرمانەی کە لە ناوەندە میدیای و ئەکادیمییەکانی جیهاندا، لەلایەن بەشێک لە توێژەرانەوە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، بریتییە لە پرسی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا لە ماوەی چوار ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتیی جۆ بایدندا. بەشێک لە توێژەران پێیان وایە لە ماوەی سەرۆکایەتیی بایدندا، ئەمەریکا هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەریەکە لە چین و ئێران دەدات، لە هەمان کاتدا کار دەکات بۆ سەرلەنوێ بەهێزکردنەوەی ڕۆڵ و پێگەی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتیی ئەتڵەسی باکوور (ناتۆ) لە سەرکردایەتیکردنی دەوڵەتانی جیهاندا.
بە پێچەوانەی هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەریەک لە چین و ئێراندا، بەشێک لە توێژەران پێیان وایە لە ئەنجامی بەردەوامیی هەندێک لەو پرسانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا هەبووە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو لاوازی و لێکدوورکەتنەوەی زیاتر هەنگاو دەنێت. لە ساڵانی پێشوودا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا بەرز و نزمیی زۆری بەخۆیەوە بینوە، بەتایبەتی پاش هەڵگیرسانی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و تێکچوونی بارودۆخی نێوخۆی میسڕ و سووریا. جیاوازیی سیاسەتی دەرەوەی هەریەک لەم دوو وڵاتە و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانیان لە هەندێک لە پرسە دیارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا وای کردووە پەیوەندییەکانی نێوانیان لە پەیوەندییەکی دۆستانەی بەهێزەوە بەرەو پەیوەندییەکی پڕ لە کێشمەکێش و ناسەقامگیر هەنگاو بنێت.
لە گرنگترین ئەو پرسانەی کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی چوار ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتیی بایدندا کاریگەرییان بۆ سەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا هەبێت، بریتییە لە پرسی سووریا و هاوکاریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەلایەن ئەمەریکاوە، فەتحوڵا گویلەن و کێشەی هالک بانک، کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس ٤٠٠-ی ڕووسی، دەستتێوەردانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ هەریەک لە یۆنان و ئیسرائیل، بەردەوامیی تورکیا لە سیاسەتی پشتیوانیکردنی هێزە ئیسلامییەکانی وەک ئیخوان موسلیم لە میسڕ، حەماس لە فەڵەستین، هێزەکانی سووریای ئازاد و حکومەتی تەرابلوس لە لیبیا. لەم سۆنگەیەوە ئامانجی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە؛ هەوڵدانە بۆ شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتیی بایدندا، لە ڕێگەی پشتبەستن بە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوانیان.
پێشینەی هەڵوێستی جۆ بایدن بەرامبەر توركیا
تێگەیشتن لە ڕابردووی سیاسی، شیکردنەوە و تیشک خستنە سەر هەڵوێست و بۆچوون و لێدوانەکانی سەرۆکی داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (جۆ بایدن)، کۆمەکیمان دەکات بۆ شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا لە ماوەی چوار ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتییەکەیدا. هەر چەندە ئەم هەڵوێست و بۆچوونانە تا ئێستا هەڵوێستێکی سیاسین لە دەرەوەی سیاسەتی فەرمیی ئەمەریکادا. سەرەتای کاری سیاسیی جۆ بایدن لە ئیدارەی ئەمەریکادا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٢، بەتایبەتی دوای ئەوەی توانیی وەک شەشەمین لاوترین ئەندامی ئەنجوومەنی پیران ببێتە نوێنەری ویلایەتی دیلاوێر کە ژمارەیەکی زۆر لە کەمینەی یۆنانی و ئەرمەنیی لەخۆ گرتووە. بایدن بۆ ماوەی ٣٦ ساڵ (١٩٧٣-٢٠٠٩) وەک نوێنەری ویلایەتی دیلاوێر لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا درێژەی بە کاری سیاسی داوە و بۆ ماوەیەکی درێژ بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران (سێنات) بووە. جگە لەوە لە ماوەی سەرۆکایەتیی باراک ئۆبامادا، بۆ ماوەی دوو خول (٢٠٠٩- ٢٠١٧) جێگری سەرۆک و بەرپرسی دۆسیەی عێراق بووە لە کۆسکی سپی(1).
لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٩، بایدن ڕایگەیاند وەک نوێنەری پارتی دیموکرات خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر دەکات. پاش بردنەوەی هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی حیزبەکەی، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا پارتی دیموکراتی ئەمەریکا بە شێوەیەکی ڕەسمی بایدنی وەک تاکە بەربژێری پارتەکە کاندید کرد. سەرەنجام پاش بەدەستهێنانی دەنگی ٨١ ملیۆن و ٢٨٣ هەزار و ٤٩٥ کەس کە دەکاتە نزیکەی لە ٦,٥٠٪ی دەنگی هاوڵاتیانی ئەمەریکا، توانیی بەسەر دۆناڵد ترەمپی کاندیدی پارتی کۆمارییەکاندا سەر بکەوێت. بەم جۆرە جۆ بایدن لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا، بە شێوەیەکی فەرمی وەک (٤٦)هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دیاری کرا(2).
بایدن بە هۆی ئەزموونی کاری سیاسییەوە، بە یەکێک لە شارەزاترین سیاسییەکانی ئەمەریکا دادەنرێت بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەر لە هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە ماوەی کارکردنیدا چ وەک سیناتۆر یاخود وەک جێگری سەرۆک، بە شێوەیەکی گشتی ٢٤ جار سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە و سێ لەو سەردانانە بۆ تورکیا بووە. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین ئەزموونی کاری سیاسی بۆ ماوەیەکی درێژ لەنێو کۆنگرێس و کۆشکی سپیدا، یارمەتیی بایدنیان داوە بۆ ئەوەی تا ڕادەیەکی باش شارەزای سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چۆنیەتیی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ئەنقەرە و واشنتۆن بێت(3). جۆ بایدن لە چەند وێستگەیەکی جیاوازدا لێدوانی توندی دژ بە کاربەدەستانی تورکیا و ڕژێمەکەی پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوە. بۆ نموونە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا، بایدن بە شێوەیەکی ئاشکرا لەپاڵ هەریەک لە کۆریای باکوور و ڕووسیادا، تورکیای وەک دەوڵەتێکی ئۆتۆکرات ناساند، لە هەمان کاتدا داوای لە حکومەتی ئەنقەرە کرد پابەندی سیستمی دیموکراسی و بنەماکانی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بێت(4).
پاش هەڵوەشانەوەی بڕیارێکی ئهنجوومهنی وهزیرانی ساڵی ١٩٣٤ تایبهت به مانهوی ئایا سۆفیا وهک مۆزهخانه لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەریی تورکیاوە، ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٠دا، ئایاسۆفیا بە ڕووی نوێژخوێناندا دەکرێتەوە. ئەم بڕیارەی دەوڵەتی تورکیا ناڕەزایی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوای بەدوای خۆیدا هێنا. لەم چوارچێوەیەدا بایدن لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٠دا، ڕەخنەی لەم بڕیارەی حکومەتی تورکیا گرت و داوای لە سەرۆککۆماری تورکیا کرد لەم بڕیارە پاشگەز ببێتەوە. بایدن لە مانگی ئابی ٢٠٢٠، لە لێدوانێکی دیکەیدا سەبارەت بە بارودۆخی نێوخۆی تورکیا، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: “پێویستە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنین، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتیوانیی تەواوی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕکابەری ئەردۆغان بکەین، پێویستە پشتیوانی لەو پارتە کوردییانە بکەین کە دەیانەوێت بچنە پەرلەمان، پێویستە دەربارەی ئەو شتانە قسە بکەین کە پێمان وایە هەڵەیە، پێویستە باجی هەڵەکانیان بدەن…” وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر وتەکانی بایدن، ئەردۆغان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بەرپرسانی ئەمەریکا “ئەوەی لە ڕێگەی کودەتاوە نەیانتوانی ئەنجامی بدەن، ئێستا دەیانەوێت لە ڕێگەی ئۆپۆزسیۆنەوە ئەنجامی بدەن”(5).
بە تێڕامان لە لێدوان و هەڵسوکەوتەکانی بایدن، چ لە ماوەی کارکردنی وەک یاریدەدەری سەرۆکی ئەمەریکا و چ لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، بەشێک لە توێژەران پێیان وایە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا ناسەقامگیریی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت گەر بێتوو بەرپرسانی حکومەتی ئەنقەرە لەسەر سیاسەتەکانی ئێستایان بەردەوام بن. لەم سەربەندەدا هەریەک لە یاشار یاکش وەزیری خانەنشینی دەرەوەی تورکیا و لێکۆڵەری سیاسی سەزین ئۆنەی، لەو بڕوایەدان لە ماوەی چوار ساڵی ئایندەدا پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە-واشنتۆن، هاوشێوەی سەردەمی ترەمپ پەیوەندیی نێوان کەسی یەکەمی هەردوو وڵات (ترەمپ-ئەردۆغان) نابێت، بەڵکوو پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا لە چوارچێوەی دامودەزگا باڵاکانی ئەمەریکادا دەبێت و لەم ڕێگەیەوە بایدن دەتوانێت فشاری زیاتر بخاتە سەر دەوڵەتی تورکیا لە پرسە ناکۆکەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا. لە گرنگترین ئەو پرسانەی کە بە ڕای بەشێک لە توێژەران ڕەنگە لە ئایندەدا گرفت بۆ پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا دروست بکات، بە شێوەیەکی گشتی بریتییە لەم پرسانەی خوارەوە.
پرسی سووریا (هێزەکانی سووریای دیموکرات)
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئابوورییەوە بە یەکێک لە بەهێزترین کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت. سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ یاخود ناڕاستەخۆ کاریگەریی بۆ سەر سیاسەتی دەرەوە و ناوەوەی ناوەوەی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان هەیە، لە نێویاندا تورکیا. لەم چوارچێوەیەدا بەشێک لە توێژەران پێیان وایە یەکێک لە دیارترین ئەو پرسانەی کە لە ماوەی چوار ساڵی ئایندەدا گرفت بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە-واشنتۆن دروست دەکات، بریتییە لە پرسی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سووریا و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا، بە هۆی درێژەدان بە پڕۆسەی پڕچەککردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەلایەن ئەمەریکاوە(6).
سەرەتای ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا، بۆ ئەو دۆخە نوێیە دەگەڕێتەوە کە پاش سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١ لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی و لە سووریا بە شێوەیەکی تایبەتی سەری هەڵدا. تێکچوونی بارودۆخی نێوخۆی سووریا و تەشەنەسەندنی ناسەقامگیریی سیاسی، قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان لایەنە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە، سەری کێشا بۆ سەرهەڵدانی جەنگێکی نێوخۆی ماوەدرێژ لەنێوان حکومەتی سووریا و هێزە ئۆپۆسزیۆنەکانی ئەو وڵاتەدا، ئەمەش دەرفەتی ڕەخساند بۆ دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی زۆرێک لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە کاروباری نێوخۆی سووریادا. دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی هەریەک لە ئەمەریکا و تورکیا لە کاروباری نێوخۆی سووریا و هەوڵدان بۆ پاراستنی هەژموون و بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان، بە سەرەتای سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دادەنرێت(7).
پاش کۆنترۆڵکردنی بەشێکی فراوان لە خاکی سووریا و گەمارۆدانی شاری کۆبانێ لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤، هێزەکانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەی بۆردوومانی ئاسمانییەوە، بە درێژایی گەمارۆدانەکە یارمەتیی یەکینەکانی پاراستنی گەلی دا بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم ڕێکخراوەدا. پاش تێکشکاندنی داعش لە شاری کۆبانێ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆبامادا بە شێوەیەکی ڕەسمی دەستی کرد بە مامەڵەکردن و هاوکاریی یەکینەکانی پاراستنی گەل و ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان بە مەبەستی تێکشکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەسەر خاکی سووریا. ئەم هەنگاوە بە سەرەتای پەیوەندیی بایدن دادەنرێت لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان. ڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا، وای کرد ئەو هێزانە وەک هاوپەیمانێکی بەهێزی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەربکەون لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە جیهاندا. سەرباری بەفەڕمی ناساندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوام بوو لە هاوکاری و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هێزانەدا(8).
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین پرسی هاوکاریکردن و ئەنجامدانی کاری هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتدا لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتییەوە بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سەرباری ناڕەزایەتییەکانی حکومەتی ئەنقەرە، بە هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا دادەنرێت. سەرباری فشارەکانی حکومەتی ئەنقەرە، بایدن ڕەتی کردەوە یەکینەکانی پاراستنی گەل وەک گرووپی تیرۆریستی بناسێنێت، ئەمەش بوو بە هۆی نیگەرانکردنی بەرپرسانی تورکیا. وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە لێداوانێکیدا لە ساڵی ٢٠١٨-دا ڕایگەیاند: “ئێمە دەزانین کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تا ئێستا بڕی ٩٠٠,٤ ترێلە هاوکاریی سەربازیی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پارتی کرێکارانی کردووە، هاوپەیمانێتی ئاوا نابێت(9).”
لە ئەنجامی بەردەوامیی هەڕەشەکانی حکومەتی ئەنقەرە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا و پشتیوانیی ئەو وڵاتە لە بەشێک لە هێزە ئیسلامییەکانی سەر گۆڕەپانی سووریا، بوون بە هۆی هێنانەدیی ناڕەزایەتیی بەرفراوان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دژ بە دەوڵەتی تورکیا. وەک کاردانەوەیەک دژ بە هەڕەشەکانی ئەردۆغان، دۆناڵد ترەمپ لە ڕێگەی تویتێکەوە هەڕەشەی لەناوبردنی ئابووریی تورکیای کرد گەر بێتوو تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی لەم شێوەیە لە ناوچەکە ئەنجام بدات. سووربوونی حکومەتی ئەنقەرە و بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا سەرباری ناڕەزایەتییەکانی هەردوو پارتی “کۆماری، دیموکراتەکان” و “کۆنگرێسی ئەمەریکی” لەلایەن ترەمپەوە بە شێوەیەکی لەناکاو، ڕێگەی بۆ تورکیا خۆش کرد تا لە ٩-ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ ئۆپەراسیۆنی “کانی ئاشتی” لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجام بدات.
پاش کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا، بایدن ڕەخنەی توندی لەم هەنگاوەی ترەمپ گرت و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ترەمپ ناپاکی لەگەڵ هاوپەیمانێکی ناوخۆیی کرد کە ئازایانە لەپاڵ هێزەکانی ئەمریکادا شەڕیان لە دژی تیرۆر ئەنجام دا، بۆیە ئێمە هەرگیز وەک ترەمپ پشت لە کورد ناکەین. جگە لەوە هەر لەو کاتەدا ئەنتۆنی بلینکین گەورە ڕاوێژکاری سیاسیی دەرەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بایدن، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە بەجێهێشتنی کوردانی سووریا(10).
بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر خاکی سووریا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر لاوازکردنی ڕۆڵ و پێگەی ئەو وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا. بەشێک لە توێژەران پێیان وایە ئەمەریکا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و ڕێگرتن لە بەهێزبوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە، پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕێگریکردن لە سەرکەوتن و باڵادەستیی سیاسەتەکانی ڕووسیا، درێژە بە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و مانەوەی هێزەکانی دەدات لەسەر خاکی سووریا. لەم بارەیەوە نووسەر و ڕۆژنامەنووسی تورک سەمیح ئیدز، پێی وایە یەکێک لە دیاترین ئەو گرفتانەی کە لە ساڵانی ئایندەدا گرفت بۆ پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمەریکا دروست دەکات، بریتییە لە پرسی سووریا. سەمیح پێی وایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا درێژە بە هاوکاری و پشتیوانییەکانی خۆی دەدات بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە کاتێکدا ئەم هێزانە لایەن ئەنقەرەوە وەک تیرۆریست دەناسرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی قووڵترکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
سەبارەت بەم پرسە، یاریدەدەری سەرۆکی تورکیا فواد ئۆکتای لە لێدوانێکیدا دەربارەی ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەوڵ دەدەن بۆ بەردەوامیدان و نزیککردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکادا. لە درێژەی لێداوانەکەیدا دەربارەی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئۆکتای ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بەردەوام دەبن لە فشار خستنە سەر ئەمەریکا، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە هاوکارییەکانیان بۆ ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە. تورکیا بوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، بە مەترسیی ڕاستەخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دادەنێت(11).
فەتحوڵا گویلەن و هالک بانک
پاش شکستهێنانی کودەتای ١٥-ی تەممووزی ٢٠١٦، حکومەتی تورکیا بە شێوەیەکی ڕەسمی “فەتحوڵا گویلەن” و گویلەنییەکانی بە ئەنجامدەری ئەو کودەتایە ناساند. بۆ ئەم مەبەستە بە شێوەیەکی ڕەسمی داوای لە ئەمەریکا کرد فەتحوڵا گویلەنی ڕادەست بکاتەوە، کە بۆ ماوەیەکی درێژە لە ویلایەتی پەنسێلڤانیای ئەو وڵاتە دەژی. بێدەنگیی کاربەدەستانی کۆشکی سپی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕوودانی کودەتاکەدا، نیشتەجێبوونی فەتحوڵا گویلەن لەو وڵاتە، وای کرد لایەنگرانی پارتی داد و گەشەپێدان؛ ئەمەریکا بەوە تاوانبار بکەن کە ئاگاداری ئەنجامدانی کودەتای ١٥-ی تەممووز بووە و چاوەڕێی ئەنجامی کودەتاکەی کردووە بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت. پاش تێپەڕینی سێ کاتژمێر بەسەر ڕوودانی کودەتاکەدا، باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکیدا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی ئەنقەرە ڕاگەیاند(12).
پاش شکستهێنانی کودەتای ١٥-ی تەممووز، حکومەتی ئەنقەرە بەگوێرەی ڕێكکەوتننامەی ساڵی ١٩٨٠-ی نێوان هەردوو وڵات بۆ ڕادەستکردنەوەی تاوانباران، لە ساڵی ٢٠١٧-ەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی ڕەسمی حەوت جار داوای ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵا گویلەن و جارێکیش داوای دەستبەسەرکردنی کردووە بە شێوەیەکی کاتی تا یەکلاییبوونەوەی دۆسیەکەی، بەڵام تاوەكوو ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هیچ هەڵوێستێکی ئەوتۆی بۆ ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵا گویلەن و جێبەجێکردنی داواکەی تورکیا پیشان نەداوە، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانیی حکومەتی ئەنقەرە بەرامبەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕادەستنەکردنەوەی فەتحوڵا گویلەن، حکومەتی ئەنقەرە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە کودەتاچییەکانی ١٥-ی تەممووز، هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و ئەنجامدانی کاری سیخوڕی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦-دا “ڕاهیب ئاندرێ برونسۆن”ی بە ڕەگەز ئەمەریکیی دەستگیر کرد و سزای سێ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاند(13).
پێداگریی حکومەتی ئەنقەرە لە سزادانی ڕاهیب برونسۆن و ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ئازادکردنی، حکومەتی واشنتۆنی ناچار کرد لە ڕووی ئابوورییەوە فشار بخاتە سەر دەوڵەتی تورکیا، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بەگوێرەی بڕیاری ژمارە ١٣٨١٨، بڕیاری دا سزا بخاتە سەر سەروەت و سامانی وەزیری داد و ناوخۆی ئەو وڵاتە لە ئەمەریکا، لە هەمان کاتدا دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا بە زیادکردنی باجی سەر هەناردەی ئەلەمنیۆم و ئاسنی تورکی بۆ ئەمەریکا. لە ئەنجامی فشارەکانی ئەمەریکا، حکومەتی ئەنقەرە ناچار بوو ڕاهیب برونسۆن ئازاد بکات. پێشبینی دەکرێت دۆسیەی ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵا گویلەن لە ماوەی سەرۆکایەتیی بایدندا، کاریگەریی بەرچاوی هەبێت بۆ سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن. “ئیبراهیم کاڵن” وتەبێژی سەرۆککۆماری تورکیا، لە دیداری جێرمان مارشاڵ فەند ئاماژەی بۆ ئەوە کرد سەرەڕای ئەوەی هیوادارن پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریکادا هەبێت، لە هەمان کاتدا یەکەم داواکارییان لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا؛ ڕادەستکردنەوەی گویلەنە کە ئێستا لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەو وڵاتە ژیان بەسەر دەبات(14) .
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی کە کاریگەریی بەرچاوەی هەبوو لە ئاڵوزکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا، بریتییە لە پرسی دەستگیرکردنی “محەمەد هاکان ئاتێلا”؛ جێگری بەڕێوەبەری پێشووی هالک بانک لە ڕێككەوتی ٢٧/٣/٢٠١٧، لەلایەن هێزەکانی “ئێف بی ئای”ی ئەمریکییەوە لە فڕۆکەخانەی جۆرج کەنەدی لە شاری نیویۆرک، بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و شکاندنی سزا سەپێنراوەکانی سەر ئێران. پاش دەستگیرکردنی محەمەد هاکان ئاتێلا، دەسەڵاتی دادوەریی ئەمەریکا سزای دوو ساڵ و هەشت مانگ بەندکردنی بەسەر ناوبراودا سەپاند. وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەم هەنگاوەی حکومەتی واشنتۆن، وتەبێژی حکومەتی ئەنقەرە بەکیر بۆزداغ ڕایگەیاند: “ئەم داوایە؛ داوایەکی یاسایی نییە، بەڵکوو داوایەکی سیاسییە و ئامانج لێی سزادانی تورکیایە”. وتەبێژی حکومەتی ئەنقەرە و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، گویلەنییەکانیان بەوە تاوانبار کرد کە ئەوان لە پشتی ئەم دۆسیەوەن(15).
لە ئەنجامی ناڕەزایی و فشارەکانی حکومەتی ئەنقەرەوە سەبارەت بەم دۆسیەیە، بەشێک لە میدیاکانی ئەمەریکا ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد ترەمپ دەستتێوەردانی لە کاروباری دادگا کردووە بە مەبەستی ڕاگرتنی یەکلایکردنەوەی دۆسیەکە. بەشێک لە چاودێران پێیان وایە لەگەڵ دەستبەکاربوونی بایدندا، ڕێگە بە دەسەڵاتی دادوەری دەدات بۆ یەکلایکردنەوەی ئەم دۆسیەیە. گەر بێتوو لە یەکلایکردنەوەی ئەم دۆسیەیەدا بڕیارەکانی دادگا دژ بە تورکیا بێت، ئەوا وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای ئابووری بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت، بێگومان ئەمەش لە بەرژەوەندیی تورکیا نابێت و کاریگەریی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئابووریی ئەو وڵاتە دروست دەکات، لە کاتێکدا لە ماوەی ئەم ساڵدا ئابووریی تورکیا بە ڕێژەی ٩,٣ پاشەکشەی بەخۆیەوە بینیوە.
سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس ٤٠٠ی ڕووسی
یەکێکی دیکە لەو پرسە هەڵواسراوانەی کە لە ماوەی ئایندەدا و لەگەڵ دەستبەکاربووونی ئیدارەی نوێی ئەمەریکادا گرفت بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دروست دەکات، بریتییە لە پرسی کڕین و تاقیکردنەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس ٤٠٠-ی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە. پاش شکستهێنانی هەوڵەکانی حکومەتی ئەنقەرە بۆ کڕینی سیستمی پاتریۆتی ئەمەریکی، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لێکدوورکەوتنەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی. خواستی حکومەتی ئەنقەرە بۆ دەستخستنی سیستمێکی بەهێزی بەرگریی ئاسمانی، پاڵی بەو وڵاتەوەنا تا هەوڵەکانی خۆی چڕ بکاتەوە بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس ٤٠٠ لە وڵاتی ڕووسیا، کە بە یەکێک لە ڕکابەرە بەهێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتیی ناتۆ دادەنرێت. پاش ئەنجامدانی زنجیرەدیدارێک لەنێوان بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵاتدا، لە ساڵی ٢٠١٧ ڕێککەوتننامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزا کرا بە مەبەستی پێدانی ٤ پارچە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس ٤٠٠ بە تورکیا، بە بەهای ٢ ملیار و نیو دۆلار. بەگوێرەی ڕێککەوتننامەکە بڕیار درا لەناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩-دا، ئەم سیستمە ڕادەستی تورکیا بکرێت(16).
کڕین و تاقیکردنەوەی سیستمی ئێس ٤٠٠ی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە، سەرباری هەڕەشە و ناڕەزایەتییەکانی ئەمەریکا، بە یەکێک لە گرنگترین ئەو پرسانە دادەنرێت کە بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەریی ڕاستەوخۆی بۆ سەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دروست کردووە. ناڕەزایی و نیگەرانییەکانی حکومەتی واشنتۆن بەرامبەر ئەم هەنگاوەی تورکیا، بۆ چەند هۆیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە، لەوانە:
١. دروستکردنی گرفت بۆ سیستمی ڕاداری دەوڵەتانی هاوپەیمانێتیی ناتۆ، بە هۆی ئەندامبوونی تورکیا لەم هاوپەیمانێتییەدا.
٢. ئەمەریکا بەنیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەگەری شیکردنەوەی نهێنییەکانی فڕۆکەی “ئێف ٣٥”ی ئەمەریکی لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس ٤٠٠-ی ڕووسی، بە بەکارهێنانی ئەم سیستمە لایەن تورکیاوە. لەم بارەیەوە سکرتێری گشتیی هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا ئامادە نین فڕۆکەی “ئێف ٣٥” بە تورکیا بفرۆشن و ناهێڵن فڕۆکەکانیان لەلایەن تورکیاوە لەگەڵ ئەم سیستمەدا پێکەوە بەکار بهێنرێت.
٣. کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس ٤٠٠ی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە، ئەو وڵاتە دەخاتە سەر نەخشەی ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی چەکی ستراتیجین و پێگەی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات، بێگومان ئەم هەنگاوەش لەلایەن ئەمەریکاوە وەک مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دەبینرێت بە هۆی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
٤. پاش کڕینی سیستمی ئێس ٤٠٠-ی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە، کۆنگرێسی ئەمەریکی بڕیاری پێدانی فڕۆکەی “ئێف ٣٥”ی ئەمەریکیی بە تورکیا ڕاگرت و بڕیارەکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکاوە پەسەند کرا. بێئومێدبوونی تورکیا لە پێدانی فڕۆکەی “ئێف ٣٥” لەلایەن ئەمەریکاوە، ڕەنگە ببێتە هۆی هاندانی تورکیا بۆ کڕینی فڕۆکەی سوخۆ ٣٥ و سوخۆ ٣٧-ی ڕووسی لە ئایندەدا(17).
بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین لە ئێستادا حکومەتی ئەنقەرە هەوڵ دەدات لە یەک کاتدا خۆی لە هەریەک لە ئەمەریکا و ڕووسیا نزیک بکاتەوە و ناکۆکییەکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار بێنێت. ئەمە لە کاتێکدا نزیکبوونەوەی حکومەتی ئەنقەرە لە ڕووسیا و کڕینی سیستمی ئێس ٤٠٠، بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە لە ماوەی چوار ساڵی ئایندەدا، جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گرنگییەکی زۆر بە بەهێزکردنەوەی هاوپەیمانێتیی ناتۆ نادەدات. لەم بارەیەوە سەزین ئۆنای ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کاتی ئەوە هاتووە تورکیا خۆی یەکلایی بکاتەوە لە چۆنیەتیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا، لەبەر ئەوەی لە ماوەی سەرۆکایەتیی بایدندا، حکومەتی ئەنقەرە ناتوانێت لە یەک کاتدا هەم ئەندامی ناتۆ بێت و هەم خاوەنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس ٤٠٠-ی ڕووسی بێت(18).
لە هەمان کاتدا کۆنگرێسی ئەمەریکی لە ئامادەکردنی یاسای بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی ٢٠٢١، جەخت دەکاتەوە لە سەپاندنی سزا بەسەر ڕکابەرەکانی ئەمەریکادا. یاساکە لە هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پەسەند کرا و چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەستبەکاربوونی بایدن لە ساڵی ئایندەدا؛ بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. یاساکە کۆمەڵێک سزا لەخۆ دەگرێت، وەک سەپاندنی سزای بانکی توند بەسەر تورکیادا کە لە ڕووی ئابووری و بازرگانییەوە گرفتی گەورە بۆ ئابووریی ئەو وڵاتە دروست دەکات، لە کاتێکدا بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و قەیرانەکانی دیکەوە؛ بەهای لیرەی تورکی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و ئابووریی ئەو وڵاتە تووشی قەیران بووە. لەم بارەیەوە وەزیری پێشووی دەرەوەی تورکیا یاشار یاکش، پێی وایە جۆ بایدن بە پێچەوانەی دۆناڵد ترەمپەوە؛ ڕێگری ناکات لە جێبەجێکردنی ئەو سزایانەی کە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکییەوە ئامادە کراوە بەسەر تورکیادا. لەم سۆنگەیەشەوە دەتوانین بڵێین سووربوونی تورکیا لە بەکارهێنانی سیستمی ئێس ٤٠٠ و نزیکبوونەوەی لە ڕووسیا، پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمەریکادا بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبات لە ماوەی سەرۆکایەتی بایدندا.
ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست
گرنگیی هەڵکەوتە و پێگەی جوگرافیی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە ڕووی جیۆپۆلەتیک و جیۆستراتیجییەوە، بەتایبەتی بە هۆی بەردەوامیی ڕکابەری و گرژی و ئاڵۆزییەکانی (کێشەی قوبرس، سووریا، لیبیا و ئیسرائیل/فەڵەستین)، دەوڵەمەندیی ناوچەکە بە سەرچاوەکانی وزەی وەک نەوت و غازی سروشتی و کاریگەریی لەسەر ئاسایش و ئابووریی تورکیا، وای کردووە حکومەتی ئەنقەرە لە ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەیدا گرنگی و بایەخێکی ئێجگار زۆر بەم ناوچەیە بدات. بەردەوامیی جموجووڵ و چالاکییەکانی تورکیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و کارکردن بۆ چەسپاندنی هێز و دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، چ لە ڕووی دەستتێوەردان لە کاروباری نێوخۆی دەوڵەتانی ناوچەکە وەک ئەنجامدانی لەشکرکێشیی سەربازی بۆ سەر خاکی سووریا، ناردنی هێزی سەربازی بۆ لیبیا، چ لە ڕووی بەردەوامیدان بە کاری هەڵکەندن و گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی وزەدا لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، بووەتە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتە لەسەر ئاستی هەرێمی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند ببێتەوە(19).
لە ئێستادا ژمارەیەک لە هێزە هەرێمییەکانی وەک ئیمارات، میسڕ، سعودیە، یۆنان و هێزە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەمەریکا، فەڕەنسا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کەوتوونەتە جموجووڵ و چالاکی دژ بە خواست و سیاسەتەکانی تورکیا لە ناوچەکە. لە دوایین کۆبوونەوەی دەوڵەتی ئەندام لە هاوپەیمانێتیی ناتۆ، هەریەک لە “مایک پۆمپیۆ”ی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و “ژان ئێڤ لۆدریان”ی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی تورکیا گرت لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست(20).
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، پاش قووڵبوونەوەی ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا لەسەر کێشەی قوبرس، بایدن وەک نوێنەری شاری دیلاوێر لە ئەنجوومەنی سێنات بە هۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەمینەی یۆنانیی شاری دیلاوێر، دژ بە دەستتێوەردانی سەربازیی تورکیا وەستایەوە و داوای کرد تورکیا سزا بدرێت. لە هەمان کاتدا بایدن یەکێک بوو لەو سیناتۆرانەی کە بڕیاری چەک داماڵینی لە دوورگەی قوبرس بردە کۆنگرێسی ئەمەریکا و بڕیارەکە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە پەسەند کرا. جگە لەوە یەکێکی دیکە لەو پرسانەی کە دەبێتە بابەتی گەرمی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بریتییە لە پرسی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل، پشتیوانیکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئیسرائیل لە ماوەی سەرۆکایەتیی بایدندا(21).
بە ڕای بەشێک لە چاودێرانی سیاسی، لەگەڵ دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە پرسی ململانێی نێوان کۆماری قوبرسی باشوور و یۆنان، ئیسرائیل لەگەڵ تورکیادا، لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر تورکیا زیاد دەکات. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین ئەم پرسەش یەکێکی دیکەیە لە پرسە گەرمەکانی نێوان هەردوو وڵات، کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی سەرۆکایەتیی بایدندا کاریگەریی بۆ سەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا هەبێت.
جینۆسایدی ئەرمەن
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی کە دەکرێت ببێتە هۆی ئاڵۆزکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن، بریتییە لە پرسی بەڕەسمی ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لەلایەن تورکیاوە. بایدن بە یەکێک لەو سیاسییانەی ئەمەریکا دادەنرێت کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ لۆبی ئەرمەنەی هەیە لە ئەمەریکا. پاش دەستنیشانکردنی وەک کاندیدی پارتی دیموکرات بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، بەڵێنی ئەوەی بە لایەنگرانی دا، گەر بێتوو وەک سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا هەڵبژێردرێت، ئەوا کار بۆ بەڕەسمی ناساندی پرسی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لەلایەن تورکیاوە دەکات(22).
گەرچی “فواد ئۆکتای” یاریدەدەری سەرۆکی تورکیا، سەبارەت بە لێدوانەکانی بایدن لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لێدوانە توندەکانی بایدن دژ بە تورکیا لەژێر کاریگەریی لۆبی ئەرمەنی و یۆنانییەکاندایە و پاش کۆتاییهاتنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی دەبێتەوە. بە شێوەیەکی گشتی ئەمانە گرنگترین ئەو پرسانە بوون کە پێشبینی دەکرێت کاریگەری بۆ سەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا دروست بکات لە ماوەی چوار ساڵی ئایندەدا.
ئەنجام
سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ، کاریگەریی بۆ سەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتانی ناوچەکە هەیە، بەو پێیەی ئەمەریکا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بەهێزترین کارەکتەری نێودەوڵەتییە. بەگوێرەی دەستووری ئەمەریکی، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەسەڵاتی تەواوی هەیە لە چۆنیەتیی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا. واتە بە گۆڕانی سەرۆکی ئەمەریکا، سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەکرێت گۆڕانکاری بەخۆیەوە ببینێت.
پاش بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لەلایەن جۆ بایدنەوە، پێشبینیی ئەوە دەکرێت لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا، سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا گۆڕانکاری بەخۆیەوە ببینێت. لەم چوارچێوەشدا لەو بڕوایەدان بایدن لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا کار بۆ سەرلەنوێ بەهێزکردنەوەی ڕۆڵ و پێگەی ئەمەریکا دەکات لە جیهاندا. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین سەرباری ئەوەی تورکیا لە ڕووی جیۆپۆلەتیکەوە ناوچەیەکی جێ بایەخە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا و بە دەرگای چوونەژوورەوەی ئەو وڵاتە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و هەوڵدانی ئەو وڵاتە بۆ سەپاندنی هەژموون و هەیمەنەی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا، لە ڕێگەی دەستتێوەردانی لە کاروباری نێوخۆیی دەوڵەتانی ناوچەکە و پاڵپشتیی گرووپە ئیسلامییەکان، نزیکبوونەوەی لە ڕووسیا، بەرپرسانی کۆشکی سپیی لەو وڵاتە نیگەران کردووە.
سەرباری قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا لە ماوەی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، بە هۆی پەیوەندیی کەسیی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا، ترەمپ لە هەندێک دۆسیەدا نەرمیی نواندووە بەرامبەر بە تورکیا. پاش پەسەندکردنی یاسای بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە، پێشبینی دەکرێت لەگەڵ دەستبەکاربوونی بایدندا سزا ئابوورییەکانی سەر تورکیا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەژێر ڕۆشنایی سەرجەم ئەو زانیارییانەی سەرەوەدا، دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی کە بە هۆی جیاوازیی سیاسەتی دەرەوەی هەردوو وڵات و بەردەوامیی هەندێک لە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوانیان، پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمەریکا لە ماوەی چوار ساڵی ئایندەدا هەوراز و نشێویی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، گەر بێتوو دەسەڵاتدارانی تورکیا بەردەوام بن لە درێژەدان بە سیاسەتەکانی ئێستایان.
بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.
_________________________________________________________
سەرچاوەکان:
1. Mert Yılmaz, “ABD’nin yeni başkanı Joe Biden’ın Türkiye ile yaşadığı gerilimler”, https://www.sozcu.com.tr/2020/dunya/abdnin-yeni-baskani-joe-bidenin-turkiye-ile-yasadigi-gerilimler,(Erişim Tarihi, 10,12, 2020).
2. “2020 Presidential Election Results”, https://www.bloomberg.com/graphics/2020-us-election-results, (Date of access, 14, 12, 2020).
3. Feyza Gumusluoglu“Biden’s presidency: Implications for Turkey and the Gulf”, https://gulfstateanalytics.com/bidens-presidency-implications-for-turkey-and-the-gulf, (Date of access, 10, 12, 2020).
4. Joe Biden’ın ABD Başkanı seçilmesi Ankara’da nasıl karşılandı?, https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye, (Erişim Tarihi, 5, 12, 2020).
5. “Joe Biden’in skandal sözleri ortaya çıktı! ‘Erdoğan’ı yenmeleri için onları desteklemeliyiz”, https://www.hurriyet.com.tr/dunya/joe-bidenin-skandal-sozleri-ortaya-cikti-erdogani-yenmeleri-icin-onlari-desteklemeliyiz, (Erişim Tarihi, 5, 12, 2020).
6.Muhammet Hadi Medeni, Türkiye-ABD İlişkilerinde Yaşanan Krizler ve Türk Siyasi Elitinin Yeni Strateji Arayışları, El-Beyan Araştırma ve Planlama Merkezi, 2018.
7. Kanat, Kılıç Buğra; Michalke, Keri Lyn; Hannon, Jackson, Türkiye-ABD ilişkileri ve Yeni ABD Yönetimi, Seta, Analiz, Ocak 2017, Sayı: 187.
8.Muharram Ekşi, AK Parti Döneminde Ortadoğu’da Türk-Amerikan İlişkilerinin Jeokültürel Ekseni: İslami Kimlik, Akademik Bakış Dergisi, Cilt 9 Sayı 18 Yaz 2016.
9. “Erdoğan Afrin Operasyonu’nun Yapılacağını İma Etti”, https://www.amerikaninsesi.com/a/erdogan-afrin-operasyonu-nun-yapilacagini-ima-etti, (Erişim Tarihi, 8, 12, 2020).
10. “Trump sold them out’: Joe Biden hits the president over Syria troop withdrawal in Iowa speech”, joe-biden-donald-trump-syria-troop-withdrawal-turkey-kurds-foreign-policy-iowa-caucuses, (Date of access, 9, 12, 2020).
11. Sinan Ülgen, “Türkiye’nin Suriye’de Karşı Karşıya Olduğu Zorluklar”, Süriye Dosyası, 2020: “Biden’ın seçilmesine Türk hükümetinden ilk tepki ”, https://www.dw.com/tr/biden, (Erişim Tarihi, 14, 12, 2020).
12. “ABD’nin üç saat beklettiği darbe açıklaması”, https://www.yenisafak.com/dunya/abdnin-uc-saat-beklettigi-darbe-aciklamasi, (Erişim Tarihi, 14, 12, 2020).
13. Muhammet Hadi Medeni, Türkiye-ABD İlişkilerinde Yaşanan Krizler ve Türk Siyasi Elitinin Yeni Strateji Arayışları, El-Beyan Araştırma ve Planlama Merkezi, 2018.
14. “ABD ile ön mutabakat sağlandı”, https://t24.com.tr/haber/abd-ile-on-mutabakat-saglandi, (Erişim Tarihi, 14, 12, 2020).
15. Yücel Hasan, “ABD, Mehmet Hakan Atilla’ya Karşı”, Davasının Hukuki Meşruluğu, Seta Perspektif, Sayı: 184, Aralık 2017.
16. Muhammet Hadi Medeni, Türkiye-ABD İlişkilerinde Yaşanan Krizler ve Türk Siyasi Elitinin Yeni Strateji Arayışları, El-Beyan Araştırma ve Planlama Merkezi, 2018.
17. “ABD’den itiraf Tehdidin asıl sebebi”, https://www.haber7.com/dunya/haber/2637811-abdden-itiraf-tehdidin-asil-sebebi, (Erişim Tarihi, 15, 12, 2020).
18. Halil Köylü, “Biden döneminde Türkiye ile ilişkiler nasıl şekillenecek”, https://www.dw.com/tr/biden-d%C3%B6neminde-t%C3%BCrkiye-ile-ili%C5%9Fkiler-nas%C4%B1l-%C5%9Fekillenecek/a-55544602, (Erişim Tarihi, 15, 12, 2020).
19. Yaycı, C. ‘Doğu Akdeniz’de Deniz Yetki Alanlarının Paylaşılma Sorunu ve Türkiye’, Bilge Strateji, 4:6, 2012.
20. “NATO’da Türkiye Tartışması Macron Yeniden Devrede”, https://www.amerikaninsesi.com/a/natoda-turkiye-tartismasi/5684980.html, (Erişim Tarihi, 14, 12, 2020).
21.Deniz İstikbal ve Hacı Mehmet Boyraz, “Doğu Akdeniz Enerji Kaynaklarına Ekonomi-Politik Bir Yaklaşım”, Kıbrıs Araştırmaları ve İncelemeleri Dergisi, Cilt: 3, Sayı: 5, (2019).
22.Ramsen Shamon, “Biden pledges to recognize 1915 Armenian genocide”, https://www.politico.com/news/2020/04/24/biden-armenian-genocide-207587, (Date of access, 10, 12, 2020).