• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 1, 2023

داهاتووى سیاسەتى دەرەوەى تورکیا لەدواى سەرکەوتنى ئەردۆگان

وەرگێڕانی: بروسکە عەبدول

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا یەکەمین کۆبوونەوەی حکومەتەکەی ئەنجامدا.
دوای ئەوەی لە ٣ی هەمان مانگدا سوێندی یاسایی وەک سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی خوارد، بیست و یەک سەرۆکی دەوڵەت، ١٣ سەرۆک وەزیران، دەیان کەسی بیانی و ژمارەیەک سەرۆکی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەشدارییان لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی ئەردۆگان لە کۆشکی سەرۆکایەتيی کۆمار لە ئەنقەرە کرد.
ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەرژەوەنديی نێودەوڵەتيی ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتيی کۆماری تورکیایە، ئەردۆگان لە وتارێکیدا بە بۆنەی یادى سەد ساڵەی دامەزراندنی کۆمارى تورکیا بەڵێنی دا، دیدگای “سەدەی تورکیا” بەدیبهێنێت. هەروەها “تورکیا بکاتە ئەستێرەیەکی گەشاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە گرتنەبەری سیاسەتێکی دەرەکى لەسەر بنەمای نزیکبوونەوە لەگەڵ وڵاتە جیاوازەکان، کەمکردنەوەی هەڵاوسان و دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بومەلەرزەکە”.
ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەنقەرە ڕەوتى نزیکبوونەوەی ئاشتەوایی ناوچەیی تەواو دەکات. هەروەها لە قۆناغی داهاتوودا لەسەر نێوەندگیری لە قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلهێزەکان بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە دەرەکییەکانی کاردەکات.

ڕەوتە سەرەکییەکان
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دوای دەستبەکاربوونی لە وتارەکەیدا ڕوونیکردەوە، “ئامانجمان دامەزراندنی پشتێنەیەکی ئاسایش و ئارامییە لە دەوروبەرمان، لە ئەوروپاوە بۆ دەریای ڕەش، لە قەفقاز و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ باکووری ئەفریقا”. بەم شێوەیەش چەمکی “پشتێنەی ئاسایش” یان “ناوچە ئاسایشەکان” وەک دیاریکەرێک لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا دەردەکەوێت، ئەم دیدەش بۆ یەکەمجار لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئازەربایجان لە ٣ی تەمموزی ٢٠٢١ خرایەڕوو, کە تیایدا ئەردۆگان دووپاتی کردەوە “ئەنقەرە بۆ پاراستنی خۆی ناوچەیەکی ئارام دادەمەزرێنێت و ناگۆرنۆ قەرەباخ یەکێک دەبێت لە پێکهاتەکانی و ئەگەر تورکیا لە دامەزراندنی ناوچەیەکی ئاسایش و بەهێز لە دەرەوەی سنوورەکانی شکستی هێنا، ئاسایش و خۆشگوزەرانی وڵاتەکەمان لەناو خاکەکەى خۆمان نابێت, ئەمەش لەسەر داهاتووی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا ڕەنگدانەوەى دەبێت، کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی “پراگماتیک”یانە بیردەکاتەوە”.
بەشێوەیەکی گشتی دەکرێت بڵێین سیاسەتی دەرەوەى تورکیا بە کۆمەڵێک ئاراستەی سەرەکییەوە دەبەسترێتەوە, کە لەمانەی خوارەوەدا ڕەنگدەداتەوە:
1.بەهێزکردنى لێکنزیکبوونەوەی عەرەب و تورکیا: ئەردۆگان نیازی خۆی بۆ ئەنجامدانی حەج لەمساڵدا ڕاگەیاند، دواتر گەشتێکی کەنداو ئەنجامدەدات. هەروەها بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری لە تورکیا، سەرنجی لەسەر پتەوکردنی هاریکاری ئابووری و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هاوبەشە لەگەڵ سعودییە و ئیمارات, کە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا ١٥ ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت. هەروەها ڕەنگە ئەنقەرە بنکەی سەربازی خۆی لە قەتەر بە نێوەندگیری ڕوسیا فراوانتر بکات، ڕێکارەکانی ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ سوریا دەستپێبکات، ئەمە سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەى ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەنقەرەش پشتگیری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ دەکات لە لیبیا و لە هەمانکاتدا بوونی ئابووری و سەربازی خۆی لە تەڕابلوس دەپارێزێت. پێشبینی دەکرێت پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی “هێڵی بازرگانی ستراتیژی” لە بەسرە لە باشووری عێراقەوە بۆ تورکیا پەرەبستێنێت، کە ئەگەر تەواو ببێت دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری لە ناوچەکەدا. هەروەها ئەنقەرە چارەسەری “”قەیرانی ئاو” لە عێراق دەکات، ئەویش لەڕێگەی ڕێککەوتنی تایبەت لەگەڵ بەغداد، ئەمە جگە لەوەی ڕەنگە ئەنقەرە پێشنیازی نێوەندگیری بکات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغداد و هەولێر، ڕەنگە ئەردۆگان دەستوەردانە سیاسییەکانی خۆی لە کاروباری ناوخۆی هەندێک وڵاتی عەرەبی قەیرانەکان نوێبکاتەوە، وەک (تونس، لوبنان, یەمەن), بە شێوەیەکی کەمتر بەراورد بە قۆناغی پێشوو توند بێت. لە لایەکی دیکەوە ئەنقەرە پشتگیريی لە هەموو دەستپێشخەرییەکانی کەنداو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی وڵاتانى عەرەبی لە سودان و لیبیا و یەمەن دەکات.
2.تەواوکردنی ڕەوتى ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ميسر: عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی ميسر ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنەکەی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئەردۆگان کرد، دواتر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە ئەردۆگان-ەوە کرد، لەو میانەیەدا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی دەستبەجێ دەست بەئاڵوگۆڕی باڵیۆزەکانی نێوان ئەنقەرە و قاهیرە بکەن, کە دە ساڵ لەمەوبەر کێشرابوونەوە، ڕەنگە بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ئەنقەرە و قاهیرە خولی نوێى دانوستان لەنێوان هەردوو وەزیری دەرەوەی هەردوو وڵاتدا ئەنجام بدرێت، کە لە پێشەنگییاندا دۆسیەی لیبیا و دیاریکردنی سنوورەکانە لەنێوان تورکیا و حکومەتی تەڕابلوس, کە بە یاداشتێکی یاسایی لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩ قاهیرە ناڕەزایی لەسەر دەربڕی، جگە لە داواکاری تورکیا بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی غازی ڕۆژهەڵات و ناڕەزایاتییەکانى ميسر لەسەر بۆردومانى بەردەوامى باکوورى سوریا و عێراق، پێشبینیش دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ئەردۆگان سەردانێکی قاهیرە بکات.
3.پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران: بەرژەوەندییەکانی ئێران و تورکیا لە کۆمەڵێک دۆسیەدا یەکتر دەبڕن. لەوانەش: (سوریا، عێراق، ئازەربایجان، ئەرمینیا، ئاسیای ناوەڕاست و پرسی فەلەستین)، جگە لە ڕکابەریی ئایینی و کولتووری نێوانیان، سەرەڕای ئەم جیاوازییانە، پێشبینی دەکرێت ئەنقەرە و تاران بەردەوام بن لە بەردەوامیدان بە گفتوگۆی نێوانیان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان، وەک ئەوەی لە دۆسیەی سوریادا ڕوویدا، لەو شوێنەی هەردوو وڵات لەگەڵ ڕوسیادا بەشداری “گفتووگۆکانی ئاستانە”یان کرد, بۆ ئەوەی لەسەر هاوبەشیکردنی نفوزی سیاسیان لەو ناوچانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان ڕێکبکەون, ڕێگری لە سودوەرگرتن لە جیاوازییەکانی نێوانیان لەلایەن زلهێزەکانی دیکە بۆ درێژکردنەوەی هەژموونى خۆیان لەم ناوچە گرنگانەدا بکەن. هەروەها وا چاوەڕوان دەکرێت بۆردومانی تورکیا و ئێران بۆ سەر بارەگاکانى پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پارتى ژیانى ئازاديی کوردستان (پژاک) دووبارە ببێتەوە، ئەم دوو پارتە لە لایەن ئەنقەرە و تارانەوە بە تیرۆریست پۆلێنکراون. لەلایەکی دیکەوە پێشبینی دەکرێت هەردوو وڵات بەردەوام بن لە بەرزکردنەوەی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوانیان, کە بەگوێرەی ڕێککەوتنێکی “٨” خاڵی لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ بەرزکردنەوەی هاریکاری ئابووری و بەرگریی نێوان هەردوولا واژۆکرا. لەگەڵ ئەمانەشدا هەردوو وڵات خواستى خۆیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان بۆ 30 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا ڕایاگەیاند.

4.جێبەجێکردنی دیدگای ٢٠٤٠ لە ئاسیای ناوەڕاست: سەرۆکی دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست دوای سەرکەوتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتيی تورکیا، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ناوبراودا کرد. ئەم وڵاتانە تورکیا وەک مۆدێلى وڵاتێکی پێشکەوتوو دەبینن, کە پێویستە لە چوارچێوەى دامەزراوەی “ڕێکخستنی دەوڵەتە تورکییەکان” چاوی لێبکرێت, کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە و لە هەریەک لە وڵاتانی (تورکیا، ئازەربایجان، کازاخستان، قیرغیزستان و ئۆزبەکستان) و دوو دەوڵەتی چاودێر کە بریتین لە تورکەمەنستان و هەنگاریا پێکدێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەردۆگان بۆ جێبەجێکردنی (دیدگای جیهانی تورکیا ٢٠٤٠) پەرۆش بێت, کە ١٢٠ ئامانجی گەورە بۆ هاریکاريی نێوان وڵاتانی ڕێکخراوەکە لە زۆر بوارى جیاجیادا لەخۆدەگرێت. بێجگە لەمانەش ئەردۆگان کار لەسەر جێبەجێکردنى “ستراتیژی پێنج ساڵە” (٢٠٢٢-٢٠٢٦)بۆ ئاسانکاری گومرگی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئەو وڵاتانەدا دەکات. لەلایەکى دیکەوە تورکیا کار لەسەر بەهێزکردنى پێگەکەى دەکات, تا ببێت بە “گوزەرێکى جیۆستراتیژی” بۆ سەرچاوەی وزە و کاڵا لەو وڵاتە قەتیسخواردووانە بۆ کیشوەری ئەوروپا, ئەمەش لەڕێگەی گوزەرگاکانى: هێڵی ئاسنی “باکۆ-تیفلیس-قارس” کە ئازەربایجان، جۆرجیا و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەردوو پڕۆژەى “ڕێڕەوی غازی باشوور” و “هێڵی دۆستایەتی” لەنێوان تورکیا و ئازەربایجان و تورکمانستان. لەلایەکی دیکەوە ئەردۆگان کار لەسەر بەهێزکردنی پێگەى ئەو ڕێکخراوە دەکات بۆ ئەوەی هاوشێوەی یەکێتی ئەوروپا بیکات بە “یەکێتی تورکی”.
5.درێژکردنەوەی بوونی خۆی لە باشووری ئاسیا: تورکیا پەیوەندیيەکى باشی لەگەڵ پاکستان و هیندستان هەیە، بزووتنەوەى تاڵیبان-یش دوای سەرکەوتنی ئەردۆگان پەیامى پیرۆزبایی ئاراستەی ناوبراو کرد، لە قۆناغی داهاتووشدا ئەنقەرە هەوڵدەدات هاوکارییەکانی لەگەڵ پاکستان لە ئاستی ئابووری و سیاسیدا بپارێزێت و لەگەڵ هیندستانیش جیاوازییەکانی نێوانیان جڵەو بکات، دواى لایەنگری تورکیا لە ئیسلام ئاباد لە پرسی کشمیردا. هەروەها ئەنقەرە کار بۆ زیاترکردنى دەستوەردانەکانی لە پرسی ئەفغانستاندا دەکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی کۆمپانیا تورکییەکان لە بەڕێوەبردنی هەندێک کەرت لە فڕۆکەخانەی کابوڵ سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، هەروەها ڕۆڵی خۆی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەفغانستان پێشنیاز دەکات، ئەمەش پێگەی ئەنقەرە لە لاى واشنتۆن بەهێزتر دەکات بەو پێیەى وەک بریکارى ئەمریکا کار لە ئەفغانستان دەکات.
6.جڵەوکردنى ساردى لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ چین: دوو ساڵی ڕابردوو ساردبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و ئەنقەرەى بە خۆیەوە بینی، ئەمەش دوای ڕەخنەی بەردەوامی تورکیا لە پێشێلکارییەکانی چین بەرامبەر بە کەمینەی موسڵمانی “ئیغور”ەکان لە تورکستانی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە هات. هەروەها بەهۆى زیادبوونى ململانێکانى تورکیا و چین لەسەر دروست کردنى کاریگەريی لە ئاسیای ناوەڕاست، ئەمە جگە لە بەریەککەوتنى بەرژەوەندییەکانى ئەو دوو وڵاتە لە سوریا. پەکین ئامادە نەبوو پێشوازيی لە بەشداریکردنی تورکیا وەک ئەندام لە “ڕێکخراوی شەنگەهای” بکات، سەرەڕای ڕەزامەنديی دەربڕین لەسەر پەیوەستبوونی ئێران بەو ڕێکخراوەوە، ڕەنگە ئەم دۆسیە مشتومڕاوییانە بەردەوامی بێت، بەڵام ئەنقەرە کار لەسەر کۆنترۆڵکردنی ئەم جیاوازییانە دەکات بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتە ئابوورییانە وەربگرێت کە پەکین بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان پێشکەشی دەکات، سەربارى ئەوە پاراستنی پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ پەکین، کارتێکى بەهێز بە ئەنقەرە دەبەخشێت بۆ دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی واشنتۆن.
7.بەکارهێنانی هێزی نەرمی ئەنقەرە لە باڵکان: ئەردۆگان لە دەیەی ڕابردوودا لە بەهێزکردنی کاریگەريی خۆی لە باڵکان سەرکەوتوو بوو (مۆنتینێگرۆ، ئەلبانیا، کۆسۆڤۆ، بۆسنە و هەرزەگۆڤین، کرواتیا، سربیا و باکووری مەقدۆنیا) بە بەکارهێنانی هێزی نەرم و میراتى عوسمانی، زیندووکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بینا و مزگەوتە مێژووییە ئیسلامییەکان و پشتبەستن بە کەمینە تورکەکان لە ناوچەکەدا، کە لە ئێستادا نوێنەرایەتیان لەناو لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، هەروەها بەشداری لە حکومەتەکانى بولگاریا و ئەلبانیا و کۆسۆڤۆدا کردووە. لەلایەکی دیکەوە ئەنقەرە خوێندنگە و ناوەندەکانی فێرکردنی زمانی تورکی لەو وڵاتانە دامەزراندووە، پێشبینی دەکرێت تورکیا درێژە بەم سیاسەتە بدات و لەڕووی سەربازییەوە بوونى خۆى بەهێز دەکات, دوای ئەوەی وەک ئەندامی ناتۆ یەکەیەکى تورکی پێکهاتوو لە (٥٠٠) سەرباز بۆ کۆسۆڤۆ بۆ پاراستنی ئاسایش نارد، ئەمەش دوای دووبارە سەرهەڵدانەوەی قەیرانی نەتەوەیی هات لەو ناوچەیە، بەم شێوەیە ئەنقەرە هاوکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەهێزتر دەکات و خۆی وەک ناوبژیوانێک نیشان دەدات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆسۆڤۆ و قەیرانی دووبارە کێشانەوەی سنوورەکان لە باڵکان.
8.سەرەتای لێکنزیکبوونەوەی تورکیا و یۆنان: لە ماوەی ڕابردوودا سەرەڕای خراپتربوونی ناکۆکییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا، لە ساڵی ڕابردوو بینەرى نزیکبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە بووین دوای دەستپێشخەرییەکەی یۆنان بۆ ناردنی هاوکاريی مرۆیی بۆ تورکیا، دواتر وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی سەردانی ئەنکەرەی کرد و “کیریاکۆس میتسۆتاکیس” سەرۆکوەزیرانی یۆنان داوای لە ئەنقەرە کرد کێشەکانى نێوانیان چارەسەربکەن، ئەمەش لەلایەن ئەردۆگانەوە لە وتارەکەی دواى سەرکەوتنى سەبارەت بە نزیکبوونەوە لەگەڵ هەموو لایەنە دەرەکییەکان پشتڕاستکرایەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت دانوستانەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا دەستپێبکاتەوە، کە تائێستا ٦٢ گەڕى بەڕێوەچووە. هەروەها ڕەنگە خولێکی نوێیش بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەشداری تورکیا و یۆنان لەسەر یەکخستنەوەی هەردوو بەشەکەى دوورگەى قوبرس بەڕێوەبچێت، لە هەمانکاتدا ئاستى ئاڵوگۆڕی ئابووری نێوان هەردوو وڵات بەرزتر بکرێتەوە و هەماهەنگی لە سنوورەکاندا بۆ ڕێگریکردن لە پەڕینەوەى پەنابەران لە تورکیاوە بۆ یۆنان دەستپێبکات، ئەمە جگە لەوەی بوونی سەربازی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کەم دەکرێتەوە, بەڵام بەهۆى فرەچەشنی ناکۆکییەکانى نێوان ئەنقەرە و ئەسینا پێشبینی ئەوە ناکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا کێشەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە چارەسەر بکرێن، چونکە پرسەکان لایەنەکانی تریش دەگرێتەوە، بۆ نمونە یۆنان ناڕازییە بەرامبەر بە یاداشتەکەی تورکیا بۆ دیاریکردنی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەنێوان تورکیا و لیبیا، ئەمە جگە لە ناکۆکی بنەڕەتی لەسەر دابەشکردنی نیمچە دورگەی قوبرس، گەڕانی نایاسایی تورکیا بۆ گازی سروشتی لە کەناراوەکانى دەریای یۆنان- قوبرس و ناکۆکی لەسەر دوورگە کێشەلەسەرەکان لە دەریای ئیجە.

9.بەردەوامی هاوکاری ستراتیژی لەگەڵ ڕوسیا: هاوکارییەکانی تورکیا و ڕوسیا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بووژانەوەیەکی بێوێنەی بەدەستهێناوە, کە لەم دواییانەدا بە کردنەوەی وێستگەی ئەتۆمی “ئاکویو”ی تورکیا بە بودجەی ڕوسیا بە بڕی ٢٠ ملیار دۆلار گەیشتە لوتکە، بەهۆى شەڕى ئۆکرانیا، ئەنقەرە ڕەتیکردەوە واژۆ لەسەر سزادانی ڕوسیا بکات، بگرە ڕێککەوتن لەسەر بەهێزکردنی بازرگانی و هاوکارییەکانى نێوانیان و بەکارهێنانی (ڕوبڵی ڕوسی) لە بەهاى ئەو غازەی ڕوسیا کە هەناردەی تورکیا دەکرێت، بڕیاریشە ئەنقەرە بەشی دووەمی مووشەکەکانى (S400)ی ڕوسی وەربگرێت, کە واشنتۆن ناڕازییە بەرامبەر بەکارهێنانی، لە لایەکى دیکەوە ساڵی ڕابردوو بازرگانە ڕوسییەکان زۆربەی وەبەرهێنانەکانیان بۆ تورکیا بۆ خۆ قوتارکردن لە سزاکان گواستەوە. هەر ئەم لێکنزیکبوونەوەیە بوو وای لە مۆسکۆ کرد کە لە مانگی ئابی ٢٠٢٢دا بە نێوەندگیری تورکیا بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە ڕازی بێت، ئەو نێوەندگیرییەى ڕەنگە دووبارە بێتەوە، بە تایبەت دوای پەیوەندییە تەلەفۆنیییەکەی نێوان ئەردۆگان و هاوتا ڕوسیەکانی ڤلادیمێر پوتین و ڤلادیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە ٧ی حوزەیران ٢٠٢٣ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر لێکەوتەکانى ڕووخانی بەنداوی “کاخۆڤکا” لە شاری خێرسۆن، بەو پێیەى کە تورکیا بە ناوبژیوانێکی قبوڵکراو و گونجاو لەنێوان مۆسکۆ و کیێڤ دادەنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەندامى ناتۆیە, بەڵام پەیوەنديی ستراتیژيی لەگەڵ مۆسکۆ هەیە، ئەگەرچی لە چەند دۆسیەیەکدا بەرژەوەندییەکانى نێوان ئەم دوو وڵاتە بەریەک دەکەون, لەوانە: (سوریا، لیبیا، ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەو پێیەى کە ڕوسیا پاڵپشتی لە یۆنان دەکات), ئەمە سەربارى بوونى ڕکابەری ناوچەیی لە ئاسیای ناوەڕاست و باڵکان، کە تیایدا ڕوسیا پاڵپشتی لە سڕبیا و کەمینەکانی سڕب دەکات، ئەم پرسانەش وا دەکات هاوکاری ستراتیجی لەنێوان تورکیا و ڕوسیا بەردەوام بوونى هەبێت, بەو شێوەيەی ئێستا هەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسە مشتومڕاوییەکان لەنێوانیان و ڕێگریکردن لە بەریەککەوتنى بەرژەوەندییەکانیان لە چەند وڵاتێکدا, کە تیایدا هێزى سەربازی ڕوسیا و تورکیا ئامادەگی بەردەوامیان هەیە.
10.چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا: بە بۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرجەم سەرکردەکانی ئەوروپا پیرۆزباییان لە ئەردۆگان كرد، داواشیان لە ئەڵمانیا و فەرەنسا کرد، هاوکاريی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا پتەوتر بکەن. هەروەها ڕووبەڕووی ئاستەنگە هاوبەشەکانی نێوانیان ببنەوە، بێگومان ئەردۆگان کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانە دەکات, کە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری وڵاتەکەی و بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ ئەو نێوەندگیرییەی لە قەیرانی ئۆکرانیادا ئەنجامى دەدات. هەروەها پێشبینی دەکرێت تورکیا پێش کۆبوونەوەی داهاتووی لوتکەی ناتۆ, کە بڕیارە لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٣ لە لیتوانیا بەڕێوەبچێت، بە ئەندامێتی سوید بە هاوپەیمانى ناتۆ ڕازی بێت، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمانی سوید هەروەک ئەوەی ئەنقەرە داوای دەکرد، “یاسای دژە تیرۆر”ی پەسەند کرد، کە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و ڕێگری دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و دابینکردنى پشتیوانى دارایی بۆیان. بۆ ئەردۆگان تێپەڕاندنى ئەم بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا ئاسان دەبێت، لەبەر ئەوەى هاوپەیمانیەکەی زۆرینەی پەرلەمانی هەیە و ئەمەش وا دەکات هەر یاسایەکی بوێت، تێی پەڕێنێت. ئەگەر تورکیا بتوانێت ئەم کارە بکات، پێگەی ئەنقەرە لەناو هاوپەیمانی ناتۆدا بەهێزتر دەبێت، لەلایەکى دیکەشەوە پێگەی ئەردۆگان لەنێو دەنگدەرەکانیدا بەهێزتر دەکات و یەکێک لە گرنگترین دۆسیە مشتومڕاوییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن چارەسەر دەبێت، شایانى باسە تا ئێستا ئەنقەرە بەڕوونی خواستی خۆی بۆ ڕازیبوون بە هاتنە ناوەوەى سوید بۆ ناو ڕێکخراوی ناتۆ ڕانەگەیاندووە, تا ئێستاش داوای ڕادەستکردنی ١٣٠ کەسی داواکراوی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە سوید دەکات.
سەرۆکی هەریەک لە وڵاتانی ئازەربایجان، کازاخستان، قیرغیزستان و ئۆزبەکستان بەشدارییان لە مەراسیمی سوێندخواردنی ئەردۆغاندا کرد، ئەم دەوڵەتان بە سەرکردایەتی تورکیا ئەندامن لە “ڕێکخستنی دەوڵەتە تورکییەکان” و وەک مۆدێلێک لە تورکیا دەڕوانن.

ئاڵنگارییەکان
ئەردۆگان وەزیرێکی نوێی بۆ کاروباری دەرەوەی تورکیا دەستنیشانکرد، کە بۆ ماوەی ١٣ ساڵ سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی بووە، ئەو کەسەش هاکان فیدان-ى تەمەن ٥٥ ساڵە، ناوبراو بە نهێنی مامەڵەی لەگەڵ هەموو پرسەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا کردووە, لەوانەى کە پەیوەندییان بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەبووە، وەک هەردوو پرسی سوریا و ڕوسیا، ناوبراو لەلایەن ڕۆژئاواوە پێشوازی لێدەکرێت, لەبەر ئەوەى خوێندنەکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تەواو کردووە، هەروەها لەلایەن ڕوسیاشەوە پێشوازی لێدەکرێت, لەبەرئەوەی لە ساڵانی پێشوودا پەیوەنديی باشی لەگەڵ هاوتاکانی لە مۆسکۆ هەبووە، سەرەڕای ئەمەش کۆمەڵێک ئاڵنگاريى هەیە, کە فیدان لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا لە بەڕێوەبردنی دۆسیەکانى سیاسەتی دەرەوەی تورکیا ڕووبەڕووی دەبێتەوە, کە بریتین لە:
1.ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریا: ساڵی ٢٠٢٢ شایەتحاڵی پێشکەوتنی بەرچاو بووین لەپەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕوسیا دواى ئەنجامدانی کۆبوونەوەی چوارقۆڵى وەزیرانی دەرەوەی (ڕوسیا، تورکیا، ئێران و سوریا), پەیوەستبوونی سوریا بە “ڕێکارى ئاستانە”، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق گەورەترین ئاڵنگارییە ڕووبەڕووی یەکەم ساڵى دەسەڵاتی ئەردۆگان دەبێتەوە، کە بەڵێنى چاککردنەوەى پەیوەندییەکانى لە ڕێگەى چارەسەرکردنى سێ پرس دابوو, کە بریتین لە: (بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، گێڕانەوەی پەنابەران, دانوستان لەنێوان دیمەشق و ئۆپۆزسیۆنی سوریا)، بە شێوەیەک دیمەشق وەک پێشمەرج داواى کشانەوەی هەموو هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە باکووری سووریا دەکات. هەروەها داواى ڕاگرتنی پشتیوانی سەربازی و لۆجستی تورکیا بۆ میلیشیا چەکدارەکانی سوپای ئازاديی سووریا و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە, کە لە ئیدلیبی سووریا لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادان، لەگەڵ گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکان بۆ دیمەشق، هەموو ئەمانە لەلایەن ئەنقەرەوە ڕەتدەکرێنەوە، ئەردۆگان مانەوەی هێزەکانی لە سوریا پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکانی دژەتیرۆر لە سوریا بەردەوام دەبێت، لەمەشدا مەبەستی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بوو، هەر بۆیە دەکرێت بگوترێت کە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە هەروا ئاسان نابێت.
2.ناردنەوەی پەنابەرانی سوریا: ئەردۆگان بەڵێنیداوە، دوای سەرکەوتنی، لە کۆی نزیکەی ٣ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار پەنابەری سوری لە تورکیا ملیۆنێک پەنابەر بنێرێتەوە، هەروەها ڕێککەوتنێکی لەگەڵ قەتەر بۆ دابینکردنی پشتیوانى دارایی بۆ دروستکردنی خانوو لە باکووری سوریا ئەنجامدا, دواتر نیشتەجێکردنى پەنابەرەکان لە ناوچەیەک کە ئەنقەرە بە “ناوچەی ئارام” ناوی دەبات. ئەم ناوچەیە بە قووڵایی ٣٠ کم لەناو خاکی سوریا درێژدەبێتەوە، ئەم ناوچەیە بەتەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادایە، لە وانەوتنەوەى خوێندنگاکاندا زمانی تورکی زاڵە، ئاڵای تورکیا تیایدا دەشەکێتەوە، ئەنقەرە دەیەوێت پەنابەرەکان بۆ ئەم ناوچەیە بنێرێتەوە, کە خۆى کۆنترۆڵی تەواوەتى بەسەریدا هەیە، بەڵام دیمەشق ئەم خواستە ڕەتدەکاتەوە. جێگەى ئاماژەپێدانە ئەم خواستە پێچەوانەی بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکانە، لەبەرئەوەى داگیرکارییەکی سیستماتیکی تورکیایە بۆ سەر بەشێکی زۆری شارەکانی سوریا، لەلایەکى دیکەوە ئەردۆگان دەبێت پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە بەهاری ٢٠٢٤، قەیرانی پەنابەران چارەسەر بکات, تا بتوانێت لە پشتیوانیی دەنگدەرەکانى دڵنیابێت.
3.ترسی ئەوروپا لە “پۆپۆلیزمی ئەردۆگان”: ئەردۆگان گوتاری پۆپۆلیستی و ناسیۆنالیستی بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی و بەرزکردنەوەی هەژموونى خۆی لە دەرەوەی وڵات و نیشاندانى خۆی وەک ڕابەری جیهانی ئیسلامی و قەفقاز و ئۆراسیا بەکارهێنا، هەر لەو ڕێگەیەوە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی ناوچەیی جەماوەری بۆ بوونی سەربازی و کاریگەريی سیاسی تورکیا کارى کردووە, لە چەند وڵاتێک لە ناوچە جیاجیاکانی (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – باڵکان – ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاز), سوود وەرگرتن لەو نەتەوە تورکانەی لەو ناوچانە نیشتەجێن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕێبازە، کە پێدەچێت بەردەوام بێت لەسەرى، نیگەرانی و ترسی هەندێک وڵاتی ئەوروپی لێکەوتۆتەوە؛ خێرت فێلدەرز سەرۆکی ڕاستڕەوی هۆڵەندا داوای لەو تورکانە کرد کە دەنگیان بە ئەردۆگان داوە وڵاتەکەی بەجێبهێڵن، ئەڵمانیاش نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دەنگدانی تورکەکانى سەرخاکەکەى بە ئەردۆگان دەربڕی، سەرۆکی فەرەنسا-یش داوای لە هاوتا تورکیيەکەی کرد بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە هاوبەشەکان هاوکار بێت، ئەمەش جۆرێکە لە ئاڵنگارى بۆ ئەردۆگان، لەبەرئەوەى پێویستە لەسەرى وێناى سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەگوێرەی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی تورکیا بکێشێتەوە نەک وەک “سەرکردەیەکی پۆپۆلیستی”.
4.چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن: سەرەڕای فراوانبوونی جیاوازی نێوانیان، بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆگان جۆن بایدن سەرۆکی ئەمەریکا پیرۆزبایی لە هاوتا تورکییەکەی کرد, بەو پێیەى کە لە ناتۆ هاوپەیمانن، ڕەنگە هەر ئەمەش بێت بایەخى ڕەزامەنديى تورکیا بۆ ئەمەریکا لەسەر ئەندامبوونی سوید بە هاوپەیمانى ناتۆ ڕوونبکاتەوە، ئەمەش لە بەرامبەر فرۆشتنی فڕۆکەى جۆرى ئێف ١٦ی ئەمەریکی بە بەهای ٢٠ ملیار دۆلار بە تورکیا, کە پێشتر واشنتۆن ناڕەزایەتی لەسەرى دەربڕیبوو، دوای ئەوەی تورکیا سیستەمی بەرگری ئاسمانی (S400)ى لە ڕوسیا کڕی.

ناکۆکییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن فراوانتر دەبن، لەوانە تۆمەتەکانی تورکیا بۆ واشنتۆن بە پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ ڕێکخراوە کوردییەکانی سوریا “هەسەدە” و چەکدارەکانى “یەکینەکانی پاراستنی گەل”, کە لەلایەن تورکیاوە بە تیرۆریست پۆلێنکراون، لەکاتى هەڵمەتەکانى هەڵبژاردندا پەیوەندییەکانى نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن بارگرژى بەخۆیەوە بینی, دواى ئەوەى سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆى ئەو کاتى تورکیا واشنتۆنى بەوە تۆمەتبار کرد, کە خوزایارى دروستکردنى دەوڵەتێکى تیرۆریستییە لەسەر سنوورەکانى باشوورى تورکیا و لەسەر پشتیوانیکردنى دارایی کودەتایەکی سیاسی بۆ ڕووخاندنی سەرۆک کۆماری تورکیا کاردەکات، ئەمە جگە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمەریکا بەرامبەر بە هاوکارییە ستراتیژییەکانی نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە. هەروەها ڕەتکردنەوەی ئەنقەرە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر مۆسکۆ و تاران، ئەمەش وایکرد واشنتۆن سزا بەسەر ٣ تورکدا بسەپێنێت, کە پەیوەندییان بە مامەڵەکردنەوە هەبووە لەگەڵ ئەو دوو دەوڵەتەدا، بەم شێوەیە بە ئامانجى کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانى نێوانیان ئەردۆگان دەبێت گوتارە سیاسییەکەى بەرامبەر واشنتۆن و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا نەرم بکات و بە ئەندامبوونی سوید لە ڕێکخراوی ناتۆ ڕازی بێت.
بەپێى ئەوانەى کە خرانەڕوو، بۆمان دەردەکەوێت ئەردۆگان دەبێت سوود لەبەرفراوانبوون و فرەچەشنی بازنەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و لەسەر ئاستى ناوخۆ وەربگرێت, لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییەکانى تورکیا و جڵەوکردنى گرژییەکانى لەگەڵ واشنتۆن، سەرەکیترین گرفتیش کە ڕووبەڕووى دەبێتەوە ئەوەیە چۆن هاوسەنگی لەنێوان پەیوەندییە ستراتیژییەکانى لەگەڵ ڕوسیا و ئەندامێتی لە هاوپەیمانى ناتۆ دەپارێزێت، پاراستنى هاوسەنگى ئامادەبوونی سەربازی و فراوانبوونی هەژموونى سیاسی ئەنقەرە لە سێ هەرێمى ئاڵۆزدا (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیای ناوەند, قەفقاز و باڵکان) و ئەو کێبڕکێیەش کە لەنێوان ئەنقەرە و ژمارەیەک زلهێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بوونى هەیە.

لینکی بابەتەکە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت
-https://www.interregional.com/%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%86%D8%A7%D8%B7%D9%82-%D8%A7%D9%84%D8%A2%D9%85%D9%86%D8%A9/

 

Send this to a friend