• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 26, 2024

ئایندەی پەیوەندییەکانی تورکیا و چین

دیرەن دۆغان (Diren Doğan)

گۆڤاری کریتەر (Kriter Dergisi)، تەمموز/ ئابی (٢٠٢٤)، ساڵی نۆیەم، ژمارە (٩٢)

وەرگێڕانی: سەرکۆ عەلی عەبدولقادر

سەرەتا

سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ چین لە (٣-٥)ی حوزەیرانی (٢٠٢٤) پێویستە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات سەیربکرێت. بۆ تورکیا زۆر جێی بایەخە کە لە زمانی خۆیەوە هەڵوێستی وڵاتەکەی بگەیەنێتە لایەنی چینی، بە تایبەتی لە سەر پرسی ئۆیغور، کە بە تاقیکردنەوەیەکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی تورکیاو چین دادەنرێت. بە هەمان شێوە لێدوانەکانی تورکیا سەبارەت بە کێبڕکێ لە سیستەمی جیهانیدا لەلایەن پەکینەوە پێشوازییلێکرا، چونکە باسیان لەو خاڵانە کرد کە ماوەیەکی زۆرە چین گلەیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات.

واقیعێک هەیە لەمڕۆدا کە بە نزیکەیی هەموو کەسێک قبوڵیکردووە، ئەویش بریتییە لە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیستەمی جیهانیدا. ئەگەر ئەم پڕۆسەی گۆڕانکارییە وەک پێکهاتەیەک سەیربکرێت کە ناوەندی دەسەڵاتی جیاواز لە سەرانسەری جیهاندا تێیدا هەڵکەوتووە، وڵاتانی زلهێزی وەک چین‌و ئەمریکا لە ئەکتەرە سەرەکییەکانن، کە هێزی بزوێنەری پەرەسەندنی سیستەمەکەن بەرەو پێکهاتەیەکی دووجەمسەری. جگە لەوەش، ئەکتەرە گرنگەکانی تر هەن، کە هەرچەندە ڕەنگە هێزی ڕاکێشانی کەمتر یان مامناوەندیان هەبێت، بەڵام دەتوانن بەشداریبکەن لە ڕاکێشانی جیهانی، یان سیستەمەکە بگۆڕن بۆ پێکهاتەیەکی فرەجەمسەری، ئەمەش بە هۆی پێگەی ئێستایانەوە. ئەو سیاسەتەی ئەم ئەکتەرانە لە نێوان چین‌و ئەمریکادا پەیڕەویدەکەن‌و ئەو کاریگەرییە ناوچەیی‌و جیهانییانەی کە دروستیدەکەن، کاریگەریی جددییان هەیە.

تورکیا لە لێواری ئەم گۆڕانکارییە جیهانییەدایە، هەروەها ئەکتەرێکی گرنگە کە توانای ئەوەی هەیە ببێتە یەکێک لە ئەکتەرە کاریگەرەکان‌و گۆڕانکاری لە یارییەکەدا دروستبکات، ئەمەش بە هۆی توانای کاریگەری‌و ئەو بازنە ئەمنییە ناوچەییەی کە تێیدا بەشدارە. لە ژێر ڕۆشنایی هەموو ئەو زانیارییانەدا، سەردانەکەی هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوە بۆ چین لە نێوان (٣-٥)ی حوزەیرانی (٢٠٢٤)، گرنگیی ستراتیژیی هەیە لە ڕووی لەخۆگرتنی ئەجێندای تایبەت بە پرسە جیهانییەکان‌و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان‌و ئابووری‌و نیشاندانی هەڵوێستی تورکیاوە سەبارەت بە ئایندەی سیستەمی جیهانیی ئێستا. لەم ڕووەوە زۆر بەسوودە کە نەخشەڕێیەک لە تایبەتەوە بۆ گشتی پەیڕەوبکرێت‌و لێدوانەکانی وەزیری دەرەوە؛ هاکان فیدان، لە سەردانەکەیدا شیبکرێتەوە.

ڕێچکە ئابوورییەکان

پێویستە بگوترێت: بڕگەی یەکەم لە کارنامەی لایەنی تورکی لە سەردانەکەی هاکان فیداندا، پرسە ئابوورییەکانە، کە دەتوانرێت لەم خاڵانەی خوارەوەدا لێکبدرێتەوە:

یەکەم: پێدەچێت تورکیا هەندێک ڕەچەتەی پێشکەش بە لایەنی چینی کردبێت، بە مەبەستی هاوسەنگکردنی ئەم بازرگانییە لە بەرانبەر بە کۆماری گەلی چیندا، کە زۆرینەی قەبارەی بازرگانیی ئەو دوو وڵاتەی بە دەستەوەیەو پێشبینیدەکرێت بگاتە (٥٠) ملیار دۆلار. هەر لەم پەیوەندییەدا بڕگەی یەکەمی ئەم لیستەی ڕەچەتەکە دەتوانرێت لە پێنج بڕگەی سەرەکیدا کورتبکرێتەوە، لابردنی ئەو سنووردارکردنانەیە کە چین بە سەر بەرهەمە کشتوکاڵییە بەرهەمهێنراوەکانی تورکیادا سەپاندوویەتی‌و دابینکردنی بەرهەمی کشتوکاڵیی زیاترە.

دووەم: لەگەڵ ئەوەی تورکیا پێگەیەکی گرنگی گەشتیارییەو بەرزبوونەوەی ئارەزووی چینی ناوەند لە کۆمەڵگەی چیندا بەرانبەر بە گەشتیاری، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی خۆشگوزەرانی، پێدەچێت ئامانج ئەوە بێت کە داهاتی گەشتیاری ڕۆڵی هەبێت لە هاوسەنگکردنی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

سێیەم: وەک دەزانرێت، ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە سێیەم وێستگەی ئەتۆمی تورکیا، کە بە نیازە لە کریکالێ (Kırkkale) دروستبکرێت، ساڵی ڕابردوو ئەلپارسلان بایراکتار (Alparslan Bayraktar) لەلایەن وەزیری وزەو سامانە سروشتییەکانەوە، لەگەڵ ڕایگشتیدا بڵاوکرایەوە کە پێشکەوتنی بەرچاو لە دانوستانەکان لەگەڵ چیندا بەدیهاتووە. هەرچەندە لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا ڕوینەدا، بەڵام پێدەچێت پێشهاتەکان لە سەر ئەم بابەتە لە کاتی سەردانی شی جینپینگ؛ سەرۆکی چین بۆ تورکیا، جێبەجێبکرێن.

جگە لەوەش، سەبارەت بە کانزا بەنرخەکان، کە تەوەری دووەمی هاوکاری لە بواری وزە پێکدەهێنن، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هێزی یەدەگی چین لە توخمە زەوییە دەگمەنەکان‌و زیادبوونی ڕۆڵی لە تەکنەلۆژیاکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانیان، گۆڕانی وزەی جیهانیی تورکیاو ڕەوتەکانی ئاڕاستەی تەکنەلۆژیای وەک وزەی نوێبووەوە، زیادکردنی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی‌و پیشەسازیی مایکرۆچیپ؛ دەتوانین بڵێین کە ئامادەیە هاوکاریی چین بکات. یەکێک لە دوو پێشنیاری کۆتایی هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوە، سەبارەت بە هاوسەنگکردنی بازرگانی لەگەڵ چیندا ئەوەیە کە کۆمپانیا چینییەکان تورکیا پەسەندبکەن بۆ وەبەرهێنانی توێژینەوەو پەرەپێدان‌و بەم شێوەیە دەستڕاگەیشتنیان بە بازاڕەکانی ئەوروپاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئەفریقا ئاسانتردەبێت. پێشنیاری دووەمیشی پرسی ڕێڕەوەکانی گواستنەوە بوو، بە تایبەتی پرسی ڕێڕەوەکانی گواستنەوە بابەتێکە کە تورکیا لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ دەکات، بە تایبەتی کە لەم ساڵانەی دواییدا هەتا دێت، ڕکابەرییەکانی بەکارهێنانی ڕێڕەوی گواستنەوە گەرمتربوون.

کاتێک یەکەم شەمەندەفەری بارهەڵگر، کە لە ڕێگەی ڕێڕەوی ناوەندییەوە لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی ڕێگەی ئاوریشمی لە ساڵی (٢٠١٩)دا گەیشتە تورکیا، بە بیری خۆمان دەهێنینەوە، ئەوە تێدەگەین کە کارلێکی نێوان ڕێگەی ئاوریشم‌و ڕێڕەوی ناوەندی بەو ئاستە بەرزنەبووەتەوە کە تورکیا بەئامانجیگرتبوو لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، چ لە چوارچێوەی هۆکارە خولییەکان‌و چ لە چوارچێوەی پەیوەندییە دوولایەنەکاندا، بەڵام پێدەچێت شەڕی ڕوسیاو ئۆکرانیاو لەدەستدانی کارایی ڕێڕەوی باکوور، کە چین بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاریهێناو ئەو ڕاستییەی کە ڕێڕەوی باشوور بەدیلێکی باش نییە، بەرژەوەندیی چینی لە ڕێڕەوی ناوەڕاستدا زیادکردبێت. لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ بەهێزبوونی متمانە لە نێوان تورکیاو چین لە داهاتوودا، ڕێڕەوی ناوەندی خێراتر دەخرێتەناو دەستپێشخەریی ڕێگەی ئاوریشمەوەو جگە لەم ڕێڕەوەش، ڕێڕەوی وەک ڕێگای گەشەپێدان لە عێراق یان ڕێڕەوی لاپوس – لازولی، کە دەگاتە ئەفغانستان، کە چین گرنگییپێدەدات، پێشبینیدەکرێت تۆڕەکە بە پەیوەندیی زیاتر فراوانبکرێت. ئەم دۆخە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە سەر بنەمای قازانجی دوولایەنە دادەمەزرێنێت، بەو پێیەی توانای بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئاسیادا هەیە، کە لە دەستپێشخەریی ڕێڕەوی ناوەندیدا جێگیرکراون.

پەیوەندیی دووقۆڵی‌و پرسی ئۆیغور

تەوەری دووەمی کارنامەی چینی، هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات‌و ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی ئەنقەرە سەبارەت بە پرسی ئۆیغور بوو. زۆر گرنگە فیدان لە میانی بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لەگەڵ وانگ یی؛ وەزیری دەرەوەی چین، بە تایبەتی جەختی لە سەر ڕێزگرتن لە سەروەریی چین‌و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتەو پرەنسیپی دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی تورکیا کردەوە. هەر لەو گوتارەدا لایەنی تورکی پشتیوانیی خۆی لە دژی بزوتنەوە تیرۆریستییە چەکدارەکان لە دژی چین دەربڕی‌و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی چینی لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ پەکین، پابەندبوونی لایەنی تورکیی بە سیاسەتی “یەکپارچەیی چین” دەربڕی، کە ئەمانەش هەڵوێستێکی بەنرخن بۆ چین. ئەم پرسانە ئەوە دەردەخەن کە تورکیا ڕێز لە تێگەیشتنی “یەکپارچەیی چین” دەگرێت، بە تایبەتی لە پرسی ئۆیغورو لە زۆر بواردا کە چین ناکۆکیی لە سەر سەروەری هەیە، وەک تایوان، تبت‌و دەریای باشووری چین، بەڵام بەکارهێنانی دەستەواژەی “یەک سیاسەتی چین” لەلایەن تورکیاوە لە بریی “یەک پرەنسیپی چین”، کە هاوکات بوو بە ڕۆشتنی کەشتیی کۆرڤێتی کناڵیدە لە گەرووی تایوانەوە بەرەو ژاپۆن، ناوچەکەی بە ئاوی نێودەوڵەتی زانی‌و نەیکردە ئاگادارکردنەوەیەک بۆ تایوان یان چین، ئەمەش ڕوونیدەکاتەوە کە تورکیا سیاسەتی خۆی لە بابەتەکانی تایبەت بە پرس‌و یاسا نێودەوڵەتییەکان پەیڕەودەکات‌و پێیباشە لایەنگری ئەو پرسانە نەبێت کە دەبێتە هۆی گرژییەکی زۆر لە نێوان ئەمریکاو چیندا.

لە لێدوانەکانیدا سەبارەت بە پرسی ئویغور، هاکان فیدان لە ڕێگەی باسکردنی ئەو پرسانەی پەیوەستن بە یەکپارچەیی خاکی چین‌و پرسی تیرۆرەوە، پەیامێکی بەو وڵاتە داوە کە بە ڕوونی هاوسەنگی بپارێزێت سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لە کاشگارو ئورومجی. فیدان زاراوەی “ئەم دوو شارە”ی بۆ هەردوو شاری “ئورومجی‌و کاشگار” بەکارهێنا، کە دوو شاری کۆنی تورکی-ئیسلامین‌و بەشدارن لە دەوڵەمەندکردنی کولتووری چیندا، هەروەها ئەم شارانە ڕۆڵی پردی پەیوەندی دەگێڕن لە نێوان چین‌و جیهانی تورکی-ئیسلامیدا. ڕاگەیەنراوەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا “پەیامی گرنگی تێدایە سەبارەت بە داهاتوو. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پرسی ئویغور وەک ئامرازێکی فشار لە سەر تەوەرەی مافی مرۆڤ لەلایەن ئەمریکاوە دژی چین بەکاردەهێنرێت، بە تایبەتی لە کێبڕکێی نێوان ئەمریکاو چیندا، ئەم لێدوانە دوای جەختکردنەوەکانی تورکیایە لە سەر ڕێزگرتن لە خاکی وڵاتەکەی.” بەکارهێنانی دەستەواژەکانی “یەکپارچەیی‌و دژایەتیکردنی تیرۆر” ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تورکیا ئاگادارە کە پرسی ئویغورەکان بە ئامراز دەکرێت. تورکیا لە بریی ئەوەی بەشێک بێت لەم پڕۆسەیە، ئامانجی ئەوەیە کە بە میتافۆڕی پردێکی کولتووریی نێوان چین‌و تورکیا لە پرسەکە نزیکببێتەوە، بە دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ تورکستانی ڕۆژهەڵاتدا لە ڕێگەی هاندەرە کولتووری‌و ئایینی‌و نەتەوەییەکانەوە. ڕەنگە ئەم پەیامە بە ڕوونی لایەنی چینی لێیتێگەیشتبێت‌و ئەم لێدوانانە، کە بە تەواوی پێچەوانەی تێزە فەرمییەکانی چینن، پێدەچێت ڕێگرییانلێکرابێت، کە کاریگەرییەکی زۆریان لە سەر خەڵکی چین هەبێت.

پێگەی تورکیا لە کێبڕکێی جیهانیدا

دوا بەش‌و ڕەنگە ڕەخنەگرانەترینیش بێت لەو پەیامانەی کە هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوە، لە سەردانەکەیدا بۆ چین بە لایەنی پەکینی گەیاند، هەڵوێستی تورکیا بوو سەبارەت بە پرسە جیهانییەکان. لێدوانەکانی فیدان زۆر گرنگن، کە دەڵێت: دەستوەردانی دەرەکی لە دژی چین بە گونجاو نازانێت لەو کێبڕکێ جیهانییەی کە هاوتەریب لەگەڵ بەرەوپێشچوونی چیندا ڕودەدات‌و تورکیا ئارەزووی کێبڕکێیەکی شارستانی دەکات. لەم بەشەدا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە ئەو وڵاتانەی لە بازاڕە جیهانییەکانی ئێستادا جێگیربوون، پێویستە ژیرانە بەرەوڕووی ئەو کێبڕکێیە ببنەوە کە گەشەکردنی چین سەریهەڵداوەو دۆخێک نەسازێنن کە ببێتە هۆی کەوتنەوەی جەنگ، ئەمەش لە ڕاستیدا پەیامێکە بۆ ئەمریکا کە کێبڕکێی دەسەڵاتی گەورەی کردووە بە ململانێیەکی جیۆپۆلەتیکی. زۆر گرنگە ئەم پەیامە لەلایەن ئەندامێکی ناتۆو وڵاتێکی هاوپەیمانی ئەمریکاوە بگوازرێتەوە. ئەو لێدوانەی فیدان کە دەڵێت: “لە جیهاندا هێندە خۆشگوزەرانی هەیە کە بەشی هەموومان بکات”، بە تایبەتی جێی سەرنج بوو، ئەمەش لەبەرئەوەی یەکێکە لە پەندە بەناوبانگەکان لە ئەدەبیاتی چیندا سەبارەت بە تەوەری پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە.

لە لایەکی دیکەوە لە ژێر سەردێڕی پرسە جیهانییەکاندا، هەڵوێستی تورکیا لەم ناوچە جێناکۆکانەو تێڕوانینە هاوتەریبەکانی لەگەڵ چیندا تایبەت بە پرسی فەڵەستین‌و ئۆکرانیا کۆنکرێتی بوون. کۆدەنگیی تورکیاو چین لەمەڕ دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە غەززە/لە سەر پرسی فەڵەستین‌و جێبەجێکردنی چارەسەری دوودەوڵەتی‌و پێزانینی تورکیا بۆ هەستیاریی چین لەمەڕ ئەم پرسە، نموونەی گرنگیی ئەو بابەتانەی سیاسەتی دەرەوەن کە هەردوو وڵات لە سەریان هاوئاهەنگن. لێدوانی تورکیا سەبارەت بە پرسی ئۆکرانیا لەگەڵ چین کۆدەنگییان هەیەو لە سەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا ڕێککەوتوون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو هەڵوێستە هاوبەشەی نێوان هەردوو وڵات سەبارەت بە پرسە جیهانییەکان.

ئەنجام

 سەردانەکەی هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ چین، پێویستە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان‌و پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات سەیربکرێت. بۆ تورکیا زۆر بەنرخە کە بە چاوی خۆی هەڵوێستی خۆی بگەیەنێتە لایەنی چینی، بە تایبەتی لە سەر پرسی ئویغور، کە بە تاقیکردنەوەیەکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی تورکیاو چین دادەنرێت. بە هەمان شێوە لێدوانەکانی تورکیا سەبارەت بە کێبڕکێ لە سیستەمی جیهانیدا لەلایەن پەکینەوە پێشوازییلێکرا، چونکە باسیان لەو خاڵانە کرد کە ماوەیەکی زۆرە چین گلەیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات.

 لە میانەی ئەم سەردانەدا لە گفتوگۆی لەگەڵ ناوەندێکی توێژینەوەدا سەبارەت بە بەشداریکردنی تورکیا لە کۆمەڵەی “برێکس”، فیدان ڕایگەیاند: پڕۆسەکە دەرفەتی نوێی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی هاوبەش لە پلاتفۆرمە جیاوازەکاندا لەخۆدەگرێت، کە درێژکراوەی ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی فرەلایەنەی وەزارەتی دەرەوەیە. ئەوەی کە جێی گرنگی‌و بایەخ بێت، ئەوەیە کە فیدان لە دوای هەفتەیەک لە سەردانەکەی بۆ چین لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی برێکس لە ڕوسیا کۆبووەوەو ئەم هەڵوێستەی گەیاندە هەریەک لە سەرۆکی ڕوسیا؛ پوتین، کە سەرۆکی کۆمەڵەی برێکسەو هەم ئەو کاراکتەرانەی دیکە، کە پەیوەندییان لەگەڵدا هەیە.

لایەنێکی تری گرنگی سەردانەکە، کرانەوەی دەروازەیەکە بۆ نەهێشتنی ئەو بێمتمانەییە درێژخایەنەی ماوەیەکی زۆرە لە نێوان تورکیاو چیندا دروستبووە. زۆرێک لە شارەزایان کە لە سەرچاوە چینییەکان باسیان لە سەردانەکە کردووە، ئاماژەیان بەوە داوە کە جێبەجێکردنی ئەو جەختکردنەوەی کە لەم سەردانەدا دەربڕدراوە، متمانەی نێوان هەردوولا بەهێزتر دەکات.

 لە لایەکی تریشەوە گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم دۆخی بێمتمانەییە درێژخایەنە، ئاگایی زیاتر لەلایەن تورکیاوە نیشاندەدات لەو هەنگاوانەی کە دەبێت بەرەو چین بنرێت. لەم خاڵەدا هەرچەندە تورکیا دەیەوێت کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکی لەگەڵ چیندا پڕبکاتەوە، بەڵام ئەو ڕەچەتەیەی پێشنیاریدەکات، کەرتەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری، وزەو وەبەرهێنانی توێژینەوەو پەرەپێدانی لەخۆگرتبوو. لە کاتێکدا دەزانرێت کە چین ئامادەیە وەبەرهێنان لە تورکیا بکات، بە تایبەتی لە بوارەکانی پەیوەندییەکان، تەکنەلۆژیا، وزەی نوێبووەوەو ژێرخانی بنەڕەتیدا، هەڵوێستی وریایانەی تورکیا لەم بوارانەدا ئەوە دەردەخات کە وەک وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ، هێشتا ئەولەویەتە ئەمنییەکانی خۆی لە گۆشەیەکی مێزەکەدا بە شاراوەیی دەهێڵێتەوە. ئەم دۆخە دەیسەلمێنێت کە فراوانبوون‌و بەهێزبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ چیندا ئاماژەیە بۆ ئامانجی هاوبەش لەو چوارچێوە دیاریکراوانەدا.

کاتێک لە ڕوانگەیەکی فراوانەوە تەماشادەکەین، پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ چین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشەدەکات، لەبەرئەوەی چین ئەو هێزەیە لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە بەرەو سیستەمی جیهانی، دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان‌و سێیەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی تورکیایە، ئەمەش گرنگیی ستراتیژیی هەیە. لەم خاڵەدا پێدەچێت گونجاو بێت بەرژەوەندییەکانی تورکیا بەرەو ڕێڕەوێکی سەقامگیرو خێراتر هەنگاوبنێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چیندا، بە پێچەوانەی هەورازو نشێوەکانی ڕابردووەوە. لە لایەکی دیکەوە، هەرچەندە تورکیا وڵاتێکە کە لە چوارچێوەی بلۆکی ڕۆژئاوادا هەڵوێستی خۆی دەپارێزێت، بەڵام تێڕوانینی هاوشێوەی گوتارەکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی باشووری جیهانە، کە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا سەرنجڕادەکێشن. تورکیا بۆچوونەکانی خۆی لە پلاتفۆڕمە دوولایەنەو فرەلایەنە جیاوازەکاندا دەردەبڕێت، بۆئەوەی سیستەمی جیهانی دادپەروەرترو یەکسانتر بێت‌، بۆئەوەی سەرنجی هەموو ئەکتەرەکانی ناو سیستەمەکە ڕابکێشێت‌و پێکهاتەیەکی فرەجەمسەری بۆ جیهان دروستببێت.

ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی تورکیا جگە لە جێگیرکردنی پێگەی خۆی لە بلۆکی ڕۆژئاوادا، لە هەمان کاتدا لە جەمسەرەکانی دیکەی جیهانیشدا سیاسەتی دەرەوەی جێبەجێبکات‌و جەمسەرە جیاوازەکان وەک جێگرەوەی بلۆکی ڕۆژئاوا بەکاربهێنێت‌و بەشداربێت لە پێکهێنانی ئەو جەمسەرە جێگرەوانەدا. لەم چوارچێوەیەدا، هاوتەریب لەگەڵ “دەستپێشخەریی هەوڵەکانی بونیادنانەوەی ئاسیا”دا لەلایەن تورکیاوە، بە سوودوەرگرتن لە هەڵکەوتەی جوگرافیی خۆی، ئەنقەرە مەیلی زیادکردنی هاوکاری‌و کاری هاوبەشی دوولایەنەو فرەلایەنەکانی لەگەڵ وڵاتانی کیشوەری ئاسیادا هەیەو دەستیکردووە بە بەشداریکردنی زیاتر لەو پلاتفۆڕمانەی کە لەم بازنەیەدا دامەزراون. چین یەکێکە لە دەوڵەتە سەرەکییە پێکهێنەرەکانی ئەم پلاتفۆڕم‌و هاوپەیمانیەتییانە، کۆبوونەوەو دیداری بەرپرسە هاوئاستەکانی پەکین‌و ئەنقەرە لەم ڕوانگەیەوە جێی بایەخی تایبەتە.

لە کۆتاییدا هەرچەندە ئەستەمە پێشبینیی ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان چین‌و تورکیا بکرێت‌و وەک دوو دەوڵەتی مەزنی هەردوو سەری کیشوەری گەورەی ئاسیاو خاوەن شارستانیەتێکی دێرین‌و قووڵ ڕێڕەوی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئایندەیان ببینرێت، هەرچەندە ئەستەمە پێشبینی داهاتووی ئەو پەیوەندییانە بکرێت کە هاوتەریب لەگەڵ هەموو ئەم پێشهاتانەدا ڕێگەیەکی نوێیان لێکەوتووەتەوە، بەڵام لە بەرمەبنای پێشهاتە جیهانی، هەرێمی‌و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەردوولادا؛ دەکرێت بڵێین: ژمارەیەکی زۆر هاندەرو سوودی گرنگ لە پەیوەندییەکانی پەکین‌و ئەنقەرەدا خۆی حەشارداوە.

دیرەن دۆغان (Diren Doğan)

دیرەن دۆغان (Diren Doğan) مامۆستایە لە زانکۆی ئالانیا عەلائەدین کەیکوبات (Alanya Alaaddin Keykubat Üniversitesi)، لە هەمان کاتدا پسپۆڕی سیاسەتی دەرەوەی چین‌و پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتەیە لەگەڵ تورکیاو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە گۆڤاری کریتەرو ناوەندی توێژینەوە سیاسی‌و ئابووری‌و کۆمەڵایەتییەکان (سێتا) (Siyaset, Ekonomik, Toplumsal Araştırmaları Merkezi) (SETA) گوتارو توێژینەوەکانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی چین‌و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاودەکاتەوە.

گۆڤاری کریتەر (Kriter Dergisi)

گۆڤاری کریتەر لەلایەن وەقفی توێژینەوە سیاسی‌و ئابووری‌و کۆمەڵایەتییەکانەوە (سێتا) (Siyaset, Ekonomik, Toplumsal Araştırmaları Vakfı) مانگانە بڵاودەکرێتەوە. هەر ژمارەیەک تایبەتدەکرێت بە دۆسیەیەکی دیاریکراو لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسەتی دەرەوەو میدیا شیکاری‌و ڕانان بڵاودەکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی لە هەر ژمارەیەکدا چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسایەتییەکی دیاری تورکیادا دەکات.

لینکی بابەتەکە لە ئینتەرنێت:

https://kriterdergi.com/dis-politika/fidanin-cin-ziyaretinin-golgesinde-turkiye-cin-iliskilerinin-gelecegini-okumak

Send this to a friend