ئایندەی پەیوەندیی نێوان جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیك
كازم ئەحمەد سەدرەدین/ ماستەر لە جوگرافیا
دەستپێك
جوگرافیا یه‌كێكه له‌و بابه‌تانه‌ی جێپه‌نجه‌ی له سه‌ر زۆر كایه‌ی جیاواز به‌جێ هێشتووه، ته‌واو له مانا كلاسیكییه‌كه‌ی ده‌رچووه كه له چه‌ند بابه‌تێكی وه‌ك (باكوور و باشوور و پله‌ی گه‌رمی و… هتد)ی ته‌سكدا قه‌تیس كراوه. جوگرافیاش دابه‌ش بووه بۆ دوو لقی سه‌ره‌كی (سروشتی و مرۆیی). جوگرافیای سیاسی یه‌كێكه له هێڵه سه‌ربه‌خۆكانی جوگرافیای مرۆیی، كه لێكۆڵینه‌وه ده‌كات له تایبه‌تمه‌ندییه سروشتی و مرۆییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و یه‌كه سیاسییه‌كان. وه‌لێ هه‌ندێك له زانایان چه‌مكی جوگرافیای سیاسی به وه‌سفی ده‌وڵه‌ت وێنا ده‌كه‌ن. ڕه‌نگه ئه‌م چه‌مكه مێژوویه‌كی دێرینی هه‌بێت وه‌كوو بوون، ئه‌مما له واقیعدا جوگرافیزانی ئه‌ڵمانی (فریدریك ڕاتزل) ڕوحی به به‌ر جوگرافیای سیاسی‌دا كرد كاتێك بۆ یه‌كه‌م جار كتێبی “جوگرافیای سیاسی”ی بڵاو كرده‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌ك بۆ تیۆریزه‌كردنی بابه‌تی جوگرافیای سیاسی و كردنی به بابه‌تێكی زانستیی سه‌ربه‌خۆ.
جوگرافیای سیاسی هه‌ر له چوارچێوه‌ی وه‌سفی ده‌وڵه‌تدا نه‌مایه‌وه، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌داری سویدیی به ڕه‌گه‌ز ئه‌ڵمانی “ڕۆدلف كیلین” توانیی له هه‌ناوی جوگرافیای سیاسی‌دا چه‌مكی جیۆپۆله‌تیك بهێنێته ئاراوه، جوگرافیا بهێنێته ناو كایه‌ی سیاسه‌ته‌وه و بیكاته بابه‌تێكی جێسه‌رنجی پسپۆڕانی بواری سیاسه‌ت و بیخاته خزمه‌ت هێزی ده‌وڵه‌ته‌وه. ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ ده‌ركه‌وتنی چه‌مكی جیۆپۆله‌تیك وه‌ك بابه‌تێكی زانستی داینامیك كه “بایه‌خ بە هێز و داواكارییه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌دات له ئێستادا و چاوی له پێگه و گه‌شه‌كردنی ده‌وڵه‌ته له ئایندەدا”، هه‌ر بۆیه هه‌ندێك به “هێزی ده‌وڵه‌ت” ناوی ده‌به‌ن. لەم لێكۆڵینەوەیەدا هەوڵ دەدەین لە پەیوەندیی نێوان جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆلەتیك بكۆڵینەوە و تیشك بخەینە سەر چەمكەكانی جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆلەتیك و گەڵاڵەی زەمینەی سەرهەڵدانی هەردوو چەمكەكە بكەین و خاڵی هاوبەش و خاڵی جیاوازیان شی بكەینەوە، وێنایەك بۆ ئاسۆكانی ئایندەی ئەم دوو كایە گرنگە بخەینە ڕوو.
1-زاراوه‌ی جوگرافیای سیاسی
به دیاریكراوی جوگرافیای سیاسی به‌شێكه له به‌شه‌كانی جوگرافیا، له ساڵانی دواتردا له سه‌ده‌ی نۆزده به‌دواوه وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سه‌ربه‌خۆ گه‌شه‌ی كرد. به شێوه‌یه‌كی گشتی له هۆكاره كاریگه‌ره‌كانی پێشكه‌وتنی ئه‌م زانسته، هاتنه‌كایه‌ی قۆناغه‌كانی دۆزینه‌وه جوگرافییه‌كان و گۆڕانكاری له بیری جوگرافیا بوو1، وه‌لێ جوگرافیای سیاسی له بنه‌ڕه‌تدا لقێكه له جوگرافیای مرۆیی، یه‌كێكه له چوار لقه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی (سیاسی، ئابووری، نیشته‌جێبوون، دانیشتووان). ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌ر به‌شێكی تری جوگرافیای مرۆیی دابه‌ش بووه به‌سه‌ر چه‌ند به‌شێكی تایبه‌تدا وه‌ك (جوگرافیای سه‌ربازی و جوگرافیای هه‌ڵبژاردنه‌كان). هه‌روه‌ك لقه‌كانی تری جوگرافیا، ئه‌مه‌ش بایه‌خ ده‌دات به دیارده جێگهییهكان و ئه‌و په‌یوه‌ندی و كارلێكه‌ی كه له نێوانیاندا هه‌یه و په‌یدا ده‌بێت، به‌و كارلێكه‌ی له‌گه‌ڵ دیارده مرۆییه سیاسییه‌كاندا دیارده‌ی سیاسیی ههمهجۆر و جیاواز سه‌ر هه‌ڵده‌دات ده‌خوازێت لێیان تێبگه‌ین2. ئه‌گه‌رچی زاراوه‌ی جوگرافیای سیاسی له دوو وشه‌ی لێكدراو پێك هاتووه، یه‌كه‌میان وشه‌ی “geography” كه له زمانی یۆنانییه‌وه وه‌رگیراوه. خودی وشه‌كه له دوو به‌ش پێك دێت، یه‌كه‌میان بریتییه له “Geo” كه مانای زه‌وی ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه له كاتێكدا دووه‌میان وشه‌ی “Grape”یه مانای پێناسه ده‌گه‌یه‌نێت. پاشان پێناسه‌ی جوگرافیا له ساده‌ترین مانایدا بوو به “پێناسه‌كردنی زه‌وی”3.
هه‌ر چی وشه‌ی “Politic” له وشه‌ی “Polis”ی گریكی (یۆنانی) وه‌رگیراوه، واتای سه‌ر لوتكه‌ی گردی ده‌گه‌یاند كه قه‌ڵایان به سه‌ره‌وه دروست ده‌كرد و خه‌ڵكی بۆ گفتوگۆ له سه‌ر خۆپاراستن و كێشه گشتییه‌كان لێی كۆ ده‌بوونه‌وه، پاشان بووه ناوه‌ندی هه‌ڵسووڕانی ژیانی شاری و ده‌وڵه‌تشار4. هه‌ر چی وشه‌ی “Political Geography” كه به واتای جوگرافیای ڕامیاری یان جوگرافیای سیاسی دێت، گرێدراوی هه‌ردوو وشه‌ی “پۆلهتیكاڵ و جیۆگرافی”یه، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ زانستێك كه پێی ده‌وترێت “زانستی جوگرافیای سیاسی”، لێكۆڵینه‌وه ده‌كات له “یه‌كه سیاسییه‌كانی هه‌ساره‌ی زه‌وی و ڕۆڵی چالاكییه سیاسییه‌كان له بواری جوگرافیای مرۆیی و ئابووری، به‌شێك له‌م زانسته تایبه‌ته به دیاریكردنی كاریگه‌ریی هۆكاره سروشتی و كولتوورییه‌كان به ده‌ركه‌وتنی یه‌كه‌ی سیاسیی به‌هێز”5.
شێوه‌ی ژماره (1)
ئه‌و بوارانه زانستی جوگرافیا پیشان ده‌دات كه په‌یوه‌سته به جوگرافیای سیاسی و زانستی سیاسه‌ت
المصدر: د. محمود توفیق محمود، مفهومه جغرافیة السیاسیة و ومجالها، نشرة دوریة محكمة تعني، بالبحوث الجغرافیة یصدرها قسم الجغرافیابجامعة الكویت، والجمعیة الجغرافیة الكویتیة، دیسمبر1988، ص9.
1-1 مێژووی گه‌شه‌كردنی جوگرافیای سیاسی
ڕه‌نگه په‌ره‌سه‌ندنی چه‌مكی جوگرافیای سیاسی مێژوویه‌كی كۆنی هه‌بێت به‌وه‌ی “جوگرافیای سیاسی زانستێكی كۆنه، مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر له دوو هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر”. هه‌ر چه‌نده ده‌ركه‌وتنی وه‌كوو لقێكی خاوه‌ن خه‌سڵه‌ت، میتۆدی تایبه‌تی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده. ئه‌م زانسته له نووسینه‌كانی هه‌ندێك له بیرتیژه دێرینه‌كانی وه‌كوو هیرۆدت، هیبۆكرات، ئه‌فڵاتوون و ئه‌رستۆدا به ڕوونی ده‌ركه‌وت كاتێك كه له په‌یوه‌ندیی نێوان دیارده سروشتییه‌كان و هه‌ڵسوكه‌وتی سیاسیی مرۆڤیان ده‌كۆڵییه‌وه6. به‌شێك له نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌و نووسه‌ر و بیرمه‌ندانه له چوارچێوه‌ی بایه‌تی جوگرافیای سیاسی‌دا خراونه‌ته ڕوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی زانیاری‌یان له بوونی به‌شێكی سه‌ربه‌خۆ له ژێر ناوی جوگرافیای مرۆیی‌دا هه‌بێت. له نێو ئه‌وانه‌ی ناومان بردن، ئه‌رستۆ (384-323پ. ز) له كتێبه‌كه‌یدا (سیاسه‌ت) باس له ده‌وڵه‌تێكی نموونه‌یی ده‌كات به قووڵی، هه‌ندێك چه‌مكی جوگرافیای سیاسیی هێناوه‌ته ئاراوه. ئه‌و پێی وا بوو “له وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی ئایدیاڵ و نموونه‌ییدا، چۆنیه‌تیی په‌یوه‌ندیی نێوان دانیشتووان و ڕووبه‌ر گرنگه”، هه‌روه‌ها دیاریكردنی شارێك وه‌ك پایته‌خت به گرنگ ده‌زانێت. ئه‌و باسی پێكهاته‌ی سوپا و هێزی ده‌ریایی و چۆنیه‌تیی سنووره‌كان و فاكتهریشی كردووه. له ته‌واوی ئه‌و باسه‌یدا، چه‌مكی ژینگه‌ی سروشتی به تایبه‌تی ئاووهه‌وا وه‌ك فاكته‌رێكی دیار و هۆی كاریگه‌ر ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ ڕه‌وتی جهبرگهرایانهی ژینگه‌ی (حه‌تمیه‌تی جوگرافی) ئه‌رستۆ لایه‌نگری نییه، به‌ڵام زۆر له ئه‌ندێشه‌كانی ئه‌و به شێوه‌ی چه‌مكی بنه‌ڕه‌تیی جوگرافیای سیاسی چه‌سپیوه7.
ئهفڵاتوونیش كه یه‌كێكه له فه‌یله‌سووفه‌كانی یۆنان، باوه‌ڕی به شاری نموونه‌یی (یۆتۆپی) هه‌بوو. له كتێبه‌كه‌یدا (كۆمار) باس له شارهدهوڵهت ده‌كات، “نه‌یڕوانیوه‌ته شار وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه، به‌ڵكوو وای ڕوانیوه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه پێویسته هه‌بێت. كار و په‌ژاره‌ی ئه‌فڵاتوون ئه‌وه بووه كه بزانێت هۆیه‌كانی ئه‌و پشێوی و ئاژاوانه چی بوون كه شاره‌كانی یۆنانی گرتبووه‌وه. هه‌ر به ته‌نها مه‌به‌ستی ده‌رخستنی هۆیه‌كانی نه‌بوو، به‌ڵكوو هه‌وڵیشی ده‌دا چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه، سیستمی چینایه‌تیی دانا، ژماره‌ی دانیشتووانی به وردی ده‌ستنیشان كرد، بۆ ئه‌و شاره نموونه‌ییه‌ی كه ده‌یویست، ئه‌وه‌ش بۆ زامنكردنی جێگیرییه ئابووری و سیاسییه‌كه‌ی بوو. بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتووان به نه‌گۆڕی بمێنێته‌وه، مافی ڕێكخستنی خێزان و پێكه‌وه‌نانی و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵی دابووه ده‌ست دادوه‌ر و فه‌رمانڕه‌واكان. ده‌یویست په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ په‌روه‌رده‌كردنێكی به كۆمه‌ڵ بێت، تا ببنه برای یه‌ك، باوكه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆیان نه‌ناسنه‌وه، یاساوڕێسای دانا بۆ په‌یوه‌ندیی خه‌ڵكی به ده‌وڵه‌ته‌وه8“.
مێژووی كاروانی لێكۆڵینه‌وه به ئاڕاسته‌ی شیكردنه‌وه‌ی چه‌مكه جوگرافییه‌كان به‌رده‌وامیی هه‌بوو. وه نه‌بێ تێروانینه‌كان ده‌رباره‌ی بابه‌ته جوگرافییه‌كان به بیروبۆچوونه‌كانی فه‌یله‌سووفه‌كان قایل بووبن، به‌ڵكوو ئه‌و بیروبۆچوونانه‌یان كرده كه‌ره‌سته‌ی بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ی تر، سێ سه‌ده دوای ئه‌رستۆ؛ “سترابۆ” جوگرافیزانی یۆنانی-ڕۆمانی ده‌ركه‌وت، كتێبێكی له حه‌ڤده به‌رگدا نووسی. “هه‌ر چه‌نده سترابۆ ڕێچكه‌ی ئه‌رستۆی گرتبوو، به‌شێكی گرنگ له زانیارییه‌كانی به‌رهه‌می جیهانبینیی تایبه‌تی خۆی بوو. له ڕاستیدا كتێبه‌كه‌ی بۆ سوودی ڕۆژانه‌ی سه‌ربازان، به‌ڕێوه‌به‌ران، گه‌شتیاران نووسرابوو، به‌ڵام به كاركردن له فاكته‌ره پێویستییه‌كان ئاماژه‌ی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كه‌یه‌كی سیاسیی فراوانی وه‌ك ئیمپڕاتۆریه‌تی ڕۆما كردووه. سترابۆ، هه‌روه‌ك ئه‌رستۆ لایه‌نگری توندی بۆ نه‌ته‌وه‌گه‌رایی هه‌بوو، له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه نیشتمانی ئه‌و (یۆنان) باشترین ئاووهه‌وای هه‌یه، سه‌رئه‌نجام باشترین شێوه‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌یه.
له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستیشدا زانست و زانیاری له ئه‌ورووپا له ژێر تیشكی ئایین جێگیر كرابوو، له كاتیكدا له دنیای ئیسلامدا جوگرافیا له نێوان بازرگانان، مێژوونووسان، گه‌ڕیده‌كان و فه‌یله‌سووفانی موسوڵمان بره‌وی هه‌بوو. “ئیبن خه‌لدوون”؛ میژوونووس و فه‌یله‌سووف و كۆمه‌ڵناسی موسوڵمان، له نووسینه‌كانیدا كه دوای سه‌فه‌رێكی دوورودرێژ له كتێبێكدا له سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌می زایینی نووسیویه‌تی، تیۆره به‌ناوبانگه‌كه‌ی، خێڵ و شاری (دوو یه‌كه‌ی سیاسیی به‌هێزی ئه‌وكات) دیاری كردووه و ڕۆڵی ژینگه‌ی سروشتیی ئه‌و یه‌كانه وه‌ك فاكته‌رێكی دیار ئاماژه‌ی بۆ كردووه. به پێی تیۆرەكەی ئیبن خەلدون، ده‌وڵه‌ت په‌یڕه‌وی یاسای سروشت (گه‌شه، كامڵ، مردن) ده‌كات. ئه‌گه‌ر لاوازیی ئاكار و گه‌نده‌ڵی نه‌بێته هۆی كۆتایی ته‌مه‌نی و مردنی، ئه‌وا پێنج قۆناغ ده‌بڕێت كه بریتین له:
- قۆناغی دروستبوون، یان ده‌ورانی سه‌ركه‌وتن
- قۆناغی ملهوڕی (استبدادی)، یان پاوانكردنی هێز
- قۆناغی جوانكاری و خۆڕازاندنه‌وه
- قۆناغی شادمانی
- قۆناغی ده‌ستبڵاوی و به‌فیڕۆدان، كه ده‌بێته هۆی داڕمان و له‌ناوچوونی ده‌وڵه‌ته‌كه.
نووسه‌ره فه‌ڕه‌نسییه‌كانی سه‌ده‌كانی شازده‌یه‌م و حه‌ڤده‌یه‌م كه‌وتنه دوای ڕێچكه‌ی ئه‌رستۆ. بۆ نموونه “مۆنتیسكۆ” سه‌رنجی داوه له ڕۆڵی به‌رزونزمی تۆبۆگرافیا و ئاووهه‌وا له دیاریكردنی جۆری سیستمی ده‌وڵه‌ته‌كان9. له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا جوگرافیای سیاسی پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆوه بینی له سەر ده‌ستی “فریدریك ڕاتزل” (1844-1904) كه به باوكی جوگرافیا داده‌نرێت، “ئه‌و ویستی له واقیعدا ببێت به پیاوی زانست و كردار له بواری جوگرافیادا. ساڵی 1876 له زانكۆی مونیخ كاری مامۆستایه‌تیی ده‌كرد، پاشان له لایبزیگ (1886) به نووسینی كتێبی جوگرافیای مرۆیی (1882) بووه پسپۆڕ له جوگرافیای مرۆیی به شێوه‌یه‌كی گشتی و به نووسینی جوگرافیای سیاسی (1897) بووه دامه‌زرێنه‌ری جوگرافیای سیاسی به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت10“.
بیروبۆچوونه جوگرافییهكانی له ژێر هه‌ژموونی تیۆری داروینیزمدا داڕشت، ئه‌و پێی وا بوو ده‌وڵه‌ت وه‌ك گیاندا‌رێك وایه، له سه‌ره‌تاوه لاواز و كهمدهسهڵاته، به‌ڵام كه ده‌گاته سه‌رده‌می گه‌نجی؛ نه‌شونما ده‌كات و گه‌وره ده‌بێت قه‌ڵه‌می فه‌رمانڕه‌وایی ده‌گرێته ده‌ست، ورده ورده ده‌سه‌ڵاتی فراوان ده‌كات. ده‌وڵه‌تی لاواز هه‌میشه خۆراكی ده‌وڵه‌تی به‌هێزه، هه‌روه‌ك چۆن له دارستانه‌كاندا گیانداری به‌هێز گیانداری لاواز ده‌خوات. به هه‌مان شێوه بیروڕای “ڕاتزل”یش بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌ت هه‌ر وایه، ده‌ڵێت له‌شی گیانداران له شانه و خانه پێك دێت. وه‌ك چۆن له‌شی گیانداران هه‌میشه له گۆڕاندایه، سنووری ده‌سه‌ڵاتی دەوڵەتیش درێژدەبێتەوە تا سنوورە سروشتیەكەی وه‌ك ده‌ریاكان و چیاكان… به بڕوای ڕاتزل، چوار بنه‌مای سه‌ره‌كی بۆ ده‌وڵه‌ت هه‌یه: (1. ئایین، 2. بازرگانی، 3. هۆكاری سه‌ربازی، 4. هۆكاری سیاسی)11. ڕاتزل به دانه‌ری كتێبی “جوگرافیای سیاسی” داده‌نرێت له ساڵی 1897، جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه: ڕووبه‌ری ده‌وڵه‌ت پێوه‌ری یه‌كه‌می هێزه سیاسییه‌كه‌یه‌تی، بۆیه كۆڵه‌كه‌ی بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی له سه‌ر فراوانبوونی هه‌رێمایه‌تیی ده‌وڵه‌ت داناوه كه له سه‌ر حسابی دراوسێكانیەتی. به ڕای ڕاتزل، هه‌ره‌سهێنانی ده‌وڵه‌ت به‌ستراوه به هه‌ره‌سهێنانی بواره ژیارییهكهیهوه. ئه‌و باوه‌ڕی به هه‌میشه‌یی و جێگیریی سنوور نه‌بوو، پێی وا بوو سنووره سیاسییه‌كان ناوچه‌یه‌كی ناجێگیر و گوێزراوهن، بۆیه ده‌بێت سنووره‌كان به هه‌میشه‌یی له خزمه‌تی ده‌وڵه‌تدا بن12. له دوای جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م چه‌مكی جوگرافیای سیاسی گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هات و به ته‌واوی خرایه خزمه‌ت سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌تەوە. بووه زاده‌ی له‌دایكبوون و سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكی جیۆپۆله‌تیك له سه‌ر ده‌ستی “ڕۆدلف كیڵین”. توخمه‌كانی جوگرافیای سیاسی بووه بنه‌مایه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه له بابه‌ته جیۆپۆله‌تیكییه‌كان. هه‌ر چه‌نده له قۆناغی هاوچه‌رخیشدا چه‌ندین بیرمه‌ندی بواری جوگرافیای سیاسی ده‌ركه‌وتن له نموونه‌ی “ویتلسی”، له كتێبێكیدا به ناونیشانی “زه‌ویی ده‌وڵه‌ت” بیروبۆچوونه‌كانی خسته ڕوو، ئه‌مه جگه له “هارتشورن” و “جۆنز”، یه‌كه‌میان له كتێبێكیدا به ناوی “گۆڕانكارییە نوێیه‌كان له جوگرافیای سیاسی‌دا”، دووه‌میان تیۆرییه‌كی دانا به ناوی “مه‌یدانی یه‌كێتی”.
شێوه‌ی ژماره (2)
بواره‌كانی جوگرافیای سیاسی پیشان ده‌دات
سەرچاوە: كوكب المنی، تعریفات الجغرافیا السیاسیة، 5/9/2020، الموقع الكتروني
https://www.merefa2000.com/2020/09/blog-post_51.html
1-2 چه‌مك و پێناسه‌ی جوگرافیای سیاسی
جوگرافیای سیاسی له زۆر ڕووی جیاوازه‌وه پێناسه‌ی بۆ كراوه، لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین له به‌ر ڕۆشنایی چه‌ند پێناسه‌یه‌ك گه‌شتێكی خێرا بكه‌ین به نێو چه‌مكی جوگرافیای سیاسی‌دا، له چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی جیاوازه‌وه جوگرافیای سیاسی پێناسه بكه‌ین:
- له فه‌رهه‌نگی ئۆكسفۆرددا هاتووه: “جوگرافیای سیاسی له‌و ڕێگه جیاوازانه ده‌كۆڵێته‌وه كه جیهانی تێدا دابه‌ش بووه به سه‌ر وڵات (ده‌وڵه‌ت)انی جیاوازدا13“.
- ڤان ڤالكینبۆرگ (Van Valkenberg) ده‌ڵێت: جوگرافیای سیاسی بریتییه له جوگرافیای ده‌وڵه‌ت یان یه‌كه سیاسییه‌كه‌ی، لێكۆڵینه‌وه له هه‌موو وڵاتانی جیهان ده‌كات وه‌ك یه‌كه‌یه‌ك، جیا ده‌كرێته‌وه به بارودۆخی تایبه‌تی به‌رهه‌م و به‌كاربردن، به‌شداری ده‌كات له به‌دیهێنانی پێویستییه‌كانی دانیشتووان، هه‌روه‌ها له بنه‌ما جیاوازه‌كانی پێشكه‌وتنی ده‌وڵه‌ت و هێزه‌كه‌ی و شرۆڤه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌ته و ده‌وڵه‌تانی تر ده‌كات له سه‌ر بنه‌مای جوگرافی.
- كراسی (Cressey) ده‌ڵێت: جێبه‌جێكردنی بنه‌ما جوگرافییەكانه بەسه‌ر كێشه سیاسییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، لێكۆڵینه‌وه‌یه له‌و ڕاستییانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به پێگه (شوێن) و سنووره سیاسی و پێكهوەبوون و ڕه‌گه‌زه ناوخۆییه‌كانی ده‌وڵه‌ت.
- بۆمان (Bowman) ده‌ڵێت: جوگرافیای سیاسی زانستێكه یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ دیاریكردنی هۆكاره جوگرافییه‌كان، كه كاریگه‌ریی له سه‌ر سلوكی سیاسیی مرۆڤ هه‌یه14.
- له پێناسەیەكی تردا، ده‌وڵه‌ت به دیارده‌یه‌ك له جوگرافیای سیاسی ناو براوه به‌وه‌ی كه “ده‌وڵه‌ت دیارده‌یه‌كی جوگرافیای سیاسییه (Politico- Geographic phenomenon)، به‌ڵام جوگرافیای سیاسی ئه‌و زانسته‌یه كه تایبه‌تمه‌نده به لێكۆڵینه‌وه له ده‌وڵه‌ت15“.
- كارل هاوسهۆڤهر ده‌ڵێت: “جوگرافیای سیاسی بریتییه له بنچینه‌ی زانستیی كاری سیاسی له مردن و ژیانی ده‌وڵه‌تدا16“.
یه‌كێك له پێناسه باوه‌كان، بۆ جوگرافیای سیاسی، پێناسه‌كه‌ی “كارل ساور”ە كه وا گوزارشت له جوگرافیای سیاسی ده‌كات كه “جوگرافیای سیاسی منداڵێكی ناشه‌رعییه له كۆمه‌ڵه‌ی زانسته جوگرافییه‌كان (The Wayward Child of the Geographical Sciences)17“.
له ڕووی دیاردهگهراییهوه جوگرافیای سیاسی وردتر و دیاریكراوتر بایه‌خ به “لێكۆڵینه‌وه له دیارده سیاسییه‌كان و گرێدانی به دیارده‌كانی تری سه‌ر ڕووی زه‌وییه‌وه وه‌ك شێوازه‌كانی نیشته‌جێبوون، ڕووبه‌ره ئاوییه‌كان”18 ده‌دات، ڕه‌نگه گشتگیرترین پێناسه‌ی جوگرافیای سیاسی كه لا به لای زۆر بواری ئه‌و بابه‌ته‌دا بكاته‌وه ئه‌و پێناسه‌یە بێت كه ده‌ڵێت: “جوگرافیای ڕامیاری (سیاسی) بایه‌خ به یه‌كه ڕامیارییه‌كان و هۆكاره‌كانی بوون و مانه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنیان ده‌دات، هه‌روه‌ها بابه‌تگه‌لێكی دیكه له‌خۆ ده‌گرێت گرنگترینیان (ماهیه‌تی ده‌وڵه‌ت، جیاوازیی نێوان ده‌وڵه‌ت و نیشتمان، نه‌ته‌وه‌كان و بنچینهكهیان، سنووره ڕامیارییه‌كان و جۆره‌كانی و گرفته‌كانی و كه‌مینه‌كان). جوگرافیای ڕامیاری ڕه‌گه‌زه‌كانی ژینگه به‌كار ده‌هێنێت بۆ ڕاڤه‌كردنی تایبه‌تمه‌ندیی یه‌كه ڕامیارییه‌كان له ڕووی به‌هێزییه‌وه یان لاوازییه‌وه، جێگیربوونیان یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان. هه‌روه‌ك چۆن جوگرافیای ڕامیاری له هۆكاره‌كانی گرفته ڕامیارییه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه له ژێر ڕۆشنایی ڕه‌وشه جوگرافییه جۆراوجۆره‌كان19.” هه‌روه‌ها هاتشۆن پێی وایه “جوگرافیای سیاسی زانستی لێكۆڵینه‌وه‌یه له خوێندنه‌وه‌ی جیاوازیی لێكچوونه سیاسییه‌كانی وڵاتان و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هه‌موو جیاوازی و لێكچوونه جوگرافییه‌كان20“.
له ژێر ڕۆشنایی ئه‌و پێناسانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌توانین بڵێین به گشتی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه جێی بایه‌خن له بواری جوگرافیای سیاسی‌دا، په‌یوه‌ندیی نێوان جوگرافیا و ده‌وڵه‌ت و یه‌كه ڕامیارییەكانن، جا بابه‌ته مرۆییه‌كان بێت یاخود سروشتییه‌كان، وه‌یان بابه‌ته ژینگه‌ییه‌كان كه كاریگه‌رن له سه‌ر سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت و هه‌رێمه‌كان و سنوور و چوارچێوه‌كه‌یان و بوون و مانه‌وه‌یان.
2-زاراوه‌ی جیۆپۆله‌تیك
له ڕووی مانا و مه‌به‌سته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ر چه‌مكێك تێبگه‌ین، پێویسته له ڕووی زاراوه‌وه بیناسێنین، هه‌ر چی ده‌سته‌واژه‌ی جیۆپۆلهتیكه “له دوو وشه پێك هاتووه، جیۆ (Geo)ی یۆنانی به واتای “زه‌وی” و وشه‌ی سیاسه‌ت (Political) به واتای “سیاسه‌ت یان به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كانی شار (ده‌وڵه‌ت)دێت21“، هه‌ردوو وشه‌كه‌ش پێكه‌وه به واتای “سیاسه‌تی زه‌وی” دێت.
له كاتێكدا زاراوه‌ی جیۆپۆله‌تیك هه‌ڵقوڵاوی جوگرافیای سیاسییه، ئه‌وه‌ی جیای ده‌كاته‌وه له جوگرافیای سیاسی؛ خوێندنه‌وه و شیكاركردنه بۆ داهاتووی كێشه‌كانی ده‌وڵه‌ت و یه‌كه سیاسییه‌كان به كه‌ره‌سته‌ی نوێوه. له زمانی كوردیدا هه‌ندێك جار له بریی “جیۆپۆله‌تیك (Geopolitical)، وشه‌گه‌لی وه‌ك ‘زه‌ویی ڕامیاری’ به‌كار دێت”22. له‌و كه‌سانه‌ی گرنگیی تایبه‌تیان به‌م زاراوه‌یه داوه، بیرمه‌ندی سویدیی به ڕه‌گه‌ز ئه‌ڵمانی “كیلین”ه. ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بوو زاراوه‌ی “جیۆپۆله‌تیك”ی به واتای “ژینگه‌ی سروشتی بۆ ده‌وڵه‌ت” به‌كار هێنا و ئه‌ڵمانییه‌كانیش شرۆڤه‌ی جیاوازیان بۆ كرد، كه دواتر له په‌یمانگای جیۆپۆله‌تیكی ئه‌ڵمانی له لایه‌ن “كارل هاوسهۆڤهر”ەوه په‌ره‌ی پێ درا23.
هه‌ر چه‌نده “چاكه‌ی به‌كارهێنانی زاراوه‌ی “جیۆپۆله‌تیك” و جیاوازییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ جوگرافیای سیاسی‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جوگرافیزانی سویدی ڕۆدلف كیلین. به لای كیلینهوه، جیۆپۆله‌تیك ژینگه‌ی سروشتیی ده‌وڵه‌ته. كاریگه‌ریی جوگرافیزانه ئه‌ڵمانییه‌كانی زۆر له سه‌ر بوو به تایبه‌ت ڕاتزڵ، ده‌وڵه‌ت به لای كیلینهوه بوونه‌وه‌رێكی زیندووه، زه‌وییه‌كه‌ی لهشولایهتی(جەستەی) پایته‌خته‌كه‌ی دڵ و سییهكانیهتی، ڕێگاوبان و ڕووباره‌كان خوێنبه‌ر و خوێنهێنهرهكانیهتی، باڵه‌كانی ناوچه كشتوكاڵی و كانزاكانن مانه‌وه‌شی به‌نده له سه‌ر دانیشتووانه‌كه‌ی و شارستانیه‌ته‌كه‌ی، ئابوورییه‌كه‌ی، فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌كه‌ی و زه‌وییه‌كه‌ی. به لای ئه‌وه‌وه پێویسته جوگرافیا بخرێته خزمه‌ت ده‌وڵه‌ته‌وه، بۆیه جوگرافیا ئه‌وساكه هه‌مووی ده‌بێته جیۆپۆلهتیكا24. ئه‌وه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت زاراوه‌ی جیۆپۆله‌تیك له زمانی كوردیدا به واتاگه‌لی وه‌ك “زه‌ویی ڕامیاری” یان “سیاسه‌تی زه‌وی” دێت، كه مه‌به‌ست لێی به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كانی ده‌وڵه‌ته به كه‌ره‌سته جوگرافییه‌كان.
2-1 مێژووی گه‌شه‌كردنی جیۆپۆله‌تیك
جیۆپۆله‌تیك، وه‌ك زانست، “زاراوه‌یه‌كی تازه‌یه به گشتی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ دروستبوونی ده‌وڵه‌تدا له كۆنه‌وه تا ئه‌مڕۆ كاریگه‌ریی خۆی هه‌بووه. وشه‌ی جیۆپۆله‌تیك وه‌ك له پێشه‌وه ئاماژه‌ی بۆ كرا، بۆ یه‌كه‌م جار له لایه‌ن زانای سویدی ڕۆدڵف كیلین به‌كار هێنرا به مه‌به‌ستی زانستی. یه‌كه‌ی سیاسی واته ‘ده‌وڵه‌ت’ له ژینگه‌یه‌كی جوگرافیدا25.” ئه‌گه‌رچی ئه‌م زانسته له ساڵی 1899دا به‌كار هێنرا، به‌ڵام پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆوه نه‌بینی هه‌تا نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م، له كاتێكدا جیۆپۆله‌تیك “مێژوویه‌كی یه‌ك سه‌ده‌ی هه‌یه. له‌م سه‌د ساڵه‌ی دواییدا سێ قۆناغی بڕیوه:
– قۆناغی یه‌كه‌م: له كۆتایی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌می زایینی تاكوو جه‌نگی جیهانیی دووه‌م درێژه‌ی كێشا. به قۆناغی له‌دایكبوون و نه‌شونماكردنی ئه‌م زانسته داده‌نرێت.
– قۆناغی دووه‌م: سه‌رده‌می پاش جه‌نگی جیهانیی دووه‌م تا كۆتایی جه‌نگی سارد ده‌گرێته‌وه، ئه‌م قۆناغه؛ قۆناغی كشانه‌وه و خامۆشیی جیۆپۆلهتیكه.
– قۆناغی سێیه‌م: له كۆتایی جه‌نگی سارده‌وه تاكوو ئێستا به‌رده‌وامه و خولی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و بووژانه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنی گشتگیری ئه‌م زانسته‌یه26.”
یه‌كێكی تر له‌و زانایانه‌ی كه به داڕێژه‌ری تیۆری جیۆپۆله‌تیك داده‌نرێت ژه‌نه‌راڵ “كارل هاوسهۆڤهر” (1869-1946)ە. به میراتگری بیری “كیلین” داده‌نرێت له ئه‌ڵمانیا. ئه‌گه‌ر كیلین به داهێنه‌ری جیۆپۆله‌تیك دابنرێت، ئه‌وا كارل هاوسهۆڤهر ده‌بێته ڕێنیشانده‌ری بیروبۆچوونه‌كانی كیلین. هه‌تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له ژێر كاریگه‌ریی “بواری جوگرافیا”دا بوو، ئه‌و پێی وا بوو ئه‌و بواره كار له مێژووی مرۆڤایه‌تی ده‌كات27.
به درێژایی مێژووی “سه‌ده”یه‌ك له سه‌رهه‌ڵدانی زانستی جیۆپۆله‌تیك، چه‌ند ڕووداو و گۆڕانكارییه‌ك كاریگه‌رییان له سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی جیۆپۆله‌تیك هه‌بووه، گرنگترین ڕووداوه‌كانیش بریتین له:
– گۆڕانكاری مێژوویی: ئه‌م گۆڕانكارییانه جه‌نگه‌كان یان شۆڕشه‌كان یان كوده‌تا یاخود دۆزینه‌وه زانستییه‌كان دروستی ده‌كه‌ن، بۆیه ئه‌م گۆڕانكارییه له قۆناغه جیۆپۆلهتیكییهكاندا ده‌بێته خاڵی وه‌رچه‌رخان (Turing Points) بۆ دروستكردنی ڕۆڵ یان په‌یوه‌ندیی نوێ.
– سه‌رهه‌ڵدانی شێوازی نوێی ته‌كنه‌لۆژیا: ئه‌مه‌شیان ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی له پێشكه‌وتنی شارستانی و دروستبوونی هاوپه‌یمانی و ڕێكخراوی ئابووری و سیاسی، كه له قۆناغێك له قۆناغه‌كاندا هاتوونه‌ته ئاراوه و ڕۆڵی كاریگه‌ریان له ته‌وه‌ره جوگرافییه‌كان و ڕێڕه‌وه جیۆپۆله‌تیكییه‌كانی ئاینده‌دا هه‌بووه.
– ئه‌و سه‌ركرده یان نوێنه‌رانه‌ی كه ده‌ست بەسه‌ر ته‌واوی كاروباره‌كانی سیاسی‌دا ده‌گرن بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ، هه‌روه‌ها ڕۆڵی كاریگه‌ریان له ڕووداوه‌كاندا هه‌یه، جیۆپۆله‌تیك به شێوه‌یه‌كی گونجاو پیاده ده‌كه‌ن (وه‌ك چۆن له كۆندا هه‌ریه‌ك له ستالین و هیتله‌ر و ماوتسی تۆنگ و كاسترۆ و نهرۆ… ئاوا بوون)28.
2-2 چه‌مك و پێناسه‌ی جیۆپۆله‌تیك
چه‌مكی جیۆپۆله‌تیك “وه‌ك لقێكی تازه سه‌ره‌تا له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوودا له زانستی جوگرافیای سیاسی جیا بووه‌ته‌وه به شێوه‌یه‌ك كه ده‌توانین بڵێین جیۆپۆله‌تیك زاده‌ی جوگرافیای سیاسییه و به ویژدانی جوگرافیی ده‌وڵه‌ت داده‌نرێت به واتای ئه‌م زانسته كه دواتر له لایه‌ن جه‌نەراڵی سه‌ربازیی ئه‌ڵمانی ‘كارل هاوسهۆڤهر’ په‌ره‌ی پێ درا، ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه زانینی زانیارییه جوگرافییه‌كان به بنچینه‌ی سه‌ره‌كی بۆ كاری سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت داده‌نرێت، جا چ كاتی شه‌ڕ بێت یاخود له كاتی ئاشتی، واتە له ڕێگەی ئه‌م زانسته‌وه هه‌موو ئه‌و بنه‌ما جوگرافییانه‌ی كه ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌تی ده‌خرێته خزمه‌ت سیاسه‌ته‌وه29.” ئه‌مه جگه له‌وه‌ی “له ساڵی 1954، ڕیچارد هارتشۆن زاراوه‌ی ‘جیۆپۆله‌تیك’ی به زاراوه‌ی ئه‌ندێشه‌یی ناوزه‌ند كرد و به درێژایی شه‌ڕی جیهانیی دووه‌م له ئۆفیسی خزمه‌تگوزاریی ستراتیژی كاری ده‌كرد، كه له جێگای ‘ئاژانسی هه‌واڵگری’ی ئێستادا بوو، هاریكار بوو له ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌واڵگریی جوگرافی بۆ سوپای ئه‌مەریكا. ئه‌ویش به هه‌مان شێوه‌ی شاره‌زایانی بواری جوگرافیی پێش خۆی (ئیسیا بۆمان)، زاراوه‌ی جیۆپۆله‌تیكی به شێوه‌یه‌ك وه‌سف كردووه، كه له‌ڕووی ئه‌ندێشه‌وه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره و له‌ڕووی ئایدۆلۆژییه‌وه جێگای گومانه. به بۆچوونی هارتشۆن، زاراوه‌كه به‌وه له‌كه‌دار بووه كه به نازیه‌ت و جۆره‌كانی تری فاشیزمه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه30.” هه‌ندێكی تر وا ده‌بینن “جیۆپۆله‌تیك، زانستێكه، یان تیۆرێكه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه له هێزی ده‌وڵه‌ت ده‌كۆڵێته‌وه، هه‌وڵ ده‌دات ئه‌منه قهومییهكهی بپارێزێت. به واتایه‌كی تر: جیۆپۆله‌تیك له ڕووی پراگماتیكییهوه بریتییه له هونه‌ری كاری سیاسیی ده‌وڵه‌ت له تێكۆشانیدا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ره‌تانی ژیانی و له ڕووی سیاسییه‌وه له ده‌وڵه‌ت و له باری پاشه‌ڕۆژ (ئاینده)ی ده‌كۆڵێته‌وه31.”
به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی جیۆپۆله‌تیك باڵاده‌ستیی خۆی به‌سه‌ر سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌وه سه‌پاند، له زۆر ڕه‌هه‌ندی جیاوازه‌وه چه‌ندین پێناسه‌ی جیاواز بۆ جیۆپۆله‌تیك كراوه، لێره‌دا چه‌ند پێناسه‌یه‌ك ده‌خه‌ینە ڕوو:
– كیلین له پێناسه‌ی جیۆپۆله‌تیكدا ده‌ڵێت: جیۆپۆله‌تیك بریتییه له‌و زانسته‌ی كه وا له ده‌وڵه‌ت تێده‌گات كه بوونه‌وه‌رێكی جوگرافیی زیندووه، یان بریتییه له دیارده‌یه‌ك له بواردا (ظاهرة فی المجال).
– سپایكمان له ساڵی 1944دا ئاماژه به‌وه ده‌كات: جیۆپۆله‌تیك بریتییه له نه‌خشه‌دانانی سیاسه‌تی ئاسایشی ده‌وڵه‌ت له سه‌ر بنه‌مای هۆكاره جوگرافییه‌كان، ئه‌و پێی وا بوو تاكه بواری تایبه‌تی جیۆپۆله‌تیك بریتییه له بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتان، چونكه شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م زانسته تایبه‌ته به هاریكاریكردن بۆ داڕشتنی سیاسه‌تێكی گونجاو بۆ گه‌یشتن به ده‌ره‌نجامه دیاریكراوه‌كان.
– ئینسكلۆپیدیای به‌ریتانی پێناسه‌ی جیۆپۆله‌تیك ده‌كات و ده‌نووسێت: جیۆپۆله‌تیك زانستێكه هه‌وڵی شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و فاكته‌ره جوگرافییانه ده‌دات كه په‌یوه‌ندیی تۆكمه‌یان به سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هه‌یه، به‌و واتایه‌ی ئه‌م زانسته پلان داده‌نێت كه ده‌وڵه‌ت ده‌بێت چۆن بێت؟ له‌م بواره‌شدا جوگرافیا به‌كار ده‌هێنێت بۆ خزمه‌تكردنی ده‌وڵه‌ت له ڕوانگه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی ته‌سكدا. جیۆپۆله‌تیك ڕێخۆشكه‌ره بۆ كاری ڕامیاری و بنه‌مای پێویست ده‌به‌خشێت به ژیانی سیاسی، بۆیه پێویسته جیۆپۆله‌تیك ویژدانی جوگرافیای وڵات بێت.
– هاوسهۆڤهر پێی وایه: جیۆپۆله‌تیك گرنگی ده‌دات به وڵات و هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو كێشه‌كانی له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی سنووری خۆیدا چاره‌سه‌ر بكات.
– جوگرافیناسی ئه‌مەریكی “ویگرت” پێی وایه: جیۆپۆله‌تیك به‌كارهێنانی بنه‌ما و پڕۆگرامه‌كانی جوگرافیایه له بواری هێزدا.
– ڤالكنبرگ له پێناسه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: جیۆپۆله‌تیك بریتییه له جوگرافیای سیاسی له دیدوبۆچوونی نه‌ته‌وایه‌تیدا32.
– جۆرج فریدمان نووسه‌ری كتێبی “سه‌د ساڵی داهاتوو” ده‌ڵێت: “جیۆپۆله‌تیك ته‌نیا ئه‌و قسه باقوبریقهداره نییه كه ده‌ڵێن په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ته‌واو، به‌ڵكوو شێوازێكی تایبه‌تی جیهانبینییه و ئامرازێكه بۆ دیاریكردنی ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه له ئاینده‌دا ده‌یانبینین33.”
– د. حسێن بشیریه؛ مامۆستای زانستی سیاسه‌ت له زانكۆی تاران، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه: “جیۆپۆله‌تیك دیراسه‌ی بنه‌ماكانی جوگرافیای ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌كانه. نه‌خشی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سه‌ر زه‌مینی، ئاووهه‌وا (كه‌ش)، سه‌رچاوه‌كانی سروشتی، شوێنگه‌ی جوگرافی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی حه‌شیمه‌تی و فه‌رهه‌نگی (كولتووری)یه له سه‌ر قه‌واره و هه‌ڵسوكه‌وتی سیستمی سیاسی34.”
– تیم مارشاڵ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و خاوه‌نی كتێبی زیندانییه‌كانی جوگرافیا پێی وایه: “جیۆپۆله‌تیك له‌و ڕێگایانه ده‌كۆڵێته‌وه كه ده‌توانرێت به هۆیانه‌وه له كارتێكه‌ره جوگرافییه‌كانه‌وه له كاروباره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بگه‌ین، نه‌ك ته‌نیا له ڕێگه‌ی هه‌ڵكه‌وته جوگرافییه فیزیكییه‌كانه‌وه وه‌ك (له‌مپه‌ره سروشتییه‌كانی چیاكان یاخود چڕبوونه‌وه‌ی تۆڕه ڕووبارییهكان)، به‌ڵكوو به هۆی كه‌شوهه‌وا و دیمۆگرافیا و ناوچه كولتوورییه‌كان و ده‌ستگه‌یشتن به سه‌رچاوه سروشتییه‌كانیشه‌وه. كارتێكه‌ری له‌م جۆره ده‌توانن كاریگه‌رییه‌كی گرنگیان هه‌بێت له سه‌ر چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی جیا جیای شارستانێتییهكهمان، هه‌ر له ستراتیژی سیاسی و سه‌ربازیمانه‌وه هه‌تا گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تیی مرۆییه‌وه به زمان و بازرگانی و ئایینیشه‌وه35.”
له ژێر ڕۆشنایی ئه‌و پێناسانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌گه‌ینه ئه‌و بۆچوونه‌ی جیۆپۆله‌تیك به‌رهه‌می سه‌رده‌می مۆدێرنه، له هه‌ناوی جوگرافیای سیاسییه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه. لێكۆڵینه‌وه دەکات له ئێستا و ئایندهی په‌یوه‌ندییه نیۆده‌وڵه‌تییه‌كان و تواناكانی ده‌وڵه‌ت و یه‌كه سیاسییه‌كان و ده‌رامه‌ته سروشتی و مرۆییه‌كانیان و خاڵی به‌هێز و لاوازیان ده‌ستنیشان ده‌كات، جیهانبینی (ڕوئیا)ی خۆی سه‌باره‌ت به ئایندەیان ده‌خاته ڕوو.
3-ئاسۆكانی داهاتووی په‌یوه‌ندیی نێوان جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیك
له ڕاستیدا جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیك دوو بابه‌تی تایبه‌تمه‌ندی بواری جوگرافیای مرۆیین، فۆكەسی هه‌ردووكیان له سه‌ر ده‌وڵه‌ت و یه‌كه سیاسییه‌كانه، له لێكۆڵینه‌وه‌كانیاندا سوود له كه‌ره‌سته جوگرافییه‌كان وه‌رده‌گرن، چونكه “جوگرافیا زانستێكه بایه‌خ ده‌دات به لێكۆڵینه‌وه‌ی زه‌وی و مرۆڤ و ئه‌و كارلێكه‌ی كه له نێوانیاندا دروست ده‌بێت، هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ی ئامانجی جوگرافیای سیاسی چالاكییه سیاسییه‌كه‌یه، بۆیه گرانه ئه‌و چالاكییانه له چالاكییه‌كانی تری مرۆڤ جیا بكرێته‌وه كه به‌ری كارلێكی نێوان ڕه‌گه‌زه‌كانی سروشته له لایه‌ك و كۆمه‌ڵگە مرۆییه‌كانه له لایه‌كی تره‌وه. بۆیه پێویست ده‌كات بایه‌خ بدرێت به هه‌موو زانسته‌كانی جوگرافیا یان هه‌موو لقه‌كانی جوگرافیا به سروشتی و مرۆیی و ئابوورییه‌وه. زانسته جوگرافییه‌كان هه‌ر له خۆیاندا به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ به‌ستراونه‌ته‌وه به چالاكییه‌كانی مرۆڤه‌وه، مرۆڤیش به‌ستراوه‌ته‌وه به‌و ژینگه‌یەی كه تێیدا ده‌ژی، فه‌رمانڕه‌وایه‌تی یان ڕێكخستنه سیاسییه‌كه‌ش به‌ستراوه‌ته‌وه به سیستمه كۆمه‌ڵایه‌تی و چالاكییه ئابوورییه‌كانه‌وه، چونكه له ڕووی مێژووییه‌وه ململانێ سیاسییه‌كان له سه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی ئابووری ڕوو ده‌ده‌ن ‘بێ زه‌وی و ده‌وڵه‌ت’ نابن36.”
له‌مه‌ڕ خاڵی هاوبه‌ش و په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م دوو زانسته، “زۆر كه‌س جیۆپۆله‌تیك و جوگرافیای سیاسی به یه‌ك مانا لێك ده‌داته‌وه، له به‌ر ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵییه‌ك له مانا و چهمكهكانیاندا هه‌یه و به ئاسانی ناتوانرێت لێك جیا بكرێنه‌وه و له ڕووی زاراوه‌شه‌وه لێك نزیكن. سه‌رەڕای ئه‌وه‌ی جیۆپۆله‌تیك له هه‌ناوی جوگرافیای سیاسی‌دا37 سه‌ری هه‌ڵداوه. په‌یوه‌ندیی نێوان جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیك یاخود خاڵی هاوبه‌شی نێوان ئه‌م دوو زانسته، جوگرافیناس و توێژه‌رانی په‌یمانگاكانی لێكۆڵینه‌وه‌شی به‌خۆوه سه‌رقاڵ كردووه، هه‌ندێك وای ده‌بینن “جیۆپۆله‌تیك بریتییه له جوگرافیای سیاسیی پراكتیكی، به‌ڵام ‘ئهتۆمۆڵ’ كه یه‌كێكه له نووسه‌رانی په‌یمانگای ‘میونیخ’ و یه‌كێكه له شوێنكه‌وتوانی ‘هاوسهۆڤهر’، پێی وایه ‘جیۆپۆله‌تیك گرنگی ده‌دات به وڵات و هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو كێشه‌كانی له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی سنووری خۆیدا چاره‌سه‌ر بكات، به‌و واتایه‌ی جیۆپۆله‌تیك گرنگی ده‌دات به لێكۆڵینه‌وه‌ی داواكاریی شوێنی وڵات، ئه‌مه له كاتێكدا جوگرافیای سیاسی هه‌ڵده‌سێت به پشكنینی بارودۆخی ئێستای وڵات… له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك مامۆستای جوگرافیای سیاسی له شاری میونیخی ئه‌ڵمانی ڕێكخراوێكی جیۆپۆلهتیكییان پێك هێنا و گۆڤارێكی جیۆپۆلهتیكییان ده‌ركرد كه تیایدا وا پێناسه‌ی جیۆپۆله‌تیكیان كردبوو: جیۆپۆله‌تیك زانستێكه له ڕووداوه سیاسییه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه كه پابه‌ندن به خاكه‌وه. ئه‌م زانسته له سه‌ر بناغه‌ی جوگرافیای سیاسی دامه‌زراوه و جیۆپۆله‌تیكیش ده‌یه‌وێت ببێته خاوه‌ن كه‌ره‌سته‌ی پێویست بۆ ئه‌نجامدانی كاری سیاسی و خاوه‌نی بیروباوه‌ڕی خۆی بێت بۆ ڕێنماییكردنی ژیانی سیاسی، بۆیه پێویسته جیۆپۆله‌تیك ببێته ویژدانی جوگرافیی ده‌وڵه‌ت38.”
هه‌ر چه‌نده په‌یوه‌ندیی هاوبه‌شی نێوان جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیك لێكۆڵینه‌وه‌یه له‌و بابه‌تانه‌ی ده‌وڵه‌ت كه جێی بایه‌خی سیاسه‌ت و سیاسییه‌كانن. به واتایه‌كی تر: ئه‌م دوو چه‌مكه له بنه‌ڕه‌تدا یه‌ك بابه‌تن له دوو ڕوانگه‌ی جیاوازه‌وه نیگاكانی خۆیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. بواره‌كانی به‌كارهێنانیان لێكه‌وه نزیكه. هه‌روه‌ك چۆن “زانستی جوگرافیای سیاسی بایه‌خ و لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ش ده‌كات كه كێشه‌یان هه‌یه و نائارامن، ئه‌و هۆكار و دەرئهنجامانه شی ده‌كاته‌وه، جا چ له سه‌ر ئاستی هه‌رێمی، یان له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بێت (وەک: كێشه‌ی قوبرس، كێشه‌ی كشمیر، كێشه‌ی كورد، كێشه‌ی عه‌ره‌ب ئیسرائیل، كێشه‌ی نیمچه‌دوورگه‌ی كۆریا). هه‌روه‌ها ئه‌م زانسته له‌و ڕێكخراو و بزووتنه‌وه سیاسی و جوداخوازییه چه‌كدارانه‌ش ده‌كۆڵێته‌وه كه خه‌بات ده‌كه‌ن له ناوچه‌یه‌كی جوگرافیی دیاریكراودا، وه‌ك ڕێكخراوی: (شین فین، ئێرله‌ندا، ئیسپانیا، پۆلیساریۆ، ئه‌مازیغییه‌كان و…). جگه له‌وه‌ش، جوگرافیای سیاسی له ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و ههرێمایهتییهكانیش ده‌كۆڵێته‌وه كه ده‌وڵه‌تان حه‌ز ده‌كه‌ن به ویستی خۆیان ببنه ئه‌ندام تیایدا، وه‌ك ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ڕێكخراوی سه‌ربازی وه‌ك په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (NATO)، ڕێكخراوی ئابووری وه‌ك بازاڕی هاوبه‌شی ئه‌ورووپی (E.C.M)، یان ڕێكخراوی باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا (Seato)، یان ڕێكخراوی هه‌رێمایه‌تی وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی هاریكاریی عه‌ره‌ب… هتد. زۆر جار جوگرافیای سیاسی له‌و بابه‌تانه‌ش ده‌كۆڵنه‌وه كه ڕامیاری نین، به‌ڵام ده‌بنه گرفت له نێوان ده‌وڵه‌تاندا (وه‌ك: ئاوزێڵی ڕووباری نیل له نێوان میسڕ و سودان و ئۆگه‌ندا، یان ئاوزێڵی ڕووباری فوڕات له نێوان توركیا و سووریا و عێراق).
له ڕووی دیارده ناوخۆییه‌كانی وڵاتیش، ئه‌وا جوگرافیای سیاسی ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت كه له سه‌ر هه‌ندێك دیارده‌ی سه‌ر ڕووی زه‌وی ئه‌نجام ده‌درێن، وه‌ك: سنووره سیاسییه‌كان، شوێنی پایته‌خت، شێوه‌ی وڵات، ڕووبه‌ر، قه‌باره‌ی دانیشتووان، له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشانه‌ی په‌یوه‌ستن له‌م بواردا، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای بایه‌خدان به كێشه‌ی كهمایهتییهكان و له هۆكار و دەرهنجام و دابه‌شبوونیان ده‌كۆڵێته‌وه. زانستی جوگرافیای سیاسی له‌و دهرامهتانهش ده‌كۆڵێته‌وه كه له به‌ر ده‌ستی ده‌وڵه‌تدان (جیۆلۆجیا، ئاووهه‌وا، خاك، سامانی ئاو، ڕووهكی خۆڕسك…). ئه‌م زانسته هه‌وڵ ده‌دات تیشك بخاته سه‌ر ئه‌و شێوازه سوودوهرگرتنهی كه پێویسته له‌و ده‌رامه‌تانه وه‌ریبگرێت و به‌ها و سه‌نگی سیاسی و گرنگیی هه‌ریه‌كێكیان ده‌خاته ڕوو39. جێوپۆلهتیكیش به شێوه‌یه‌كی گشتی كار له سه‌ر دوو گریمانه ده‌كات: “گریمانه‌ی یه‌كه‌م: ده‌ڵێت مرۆڤ هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دات خۆی ڕێك بخات له یه‌كه‌ی گه‌وره‌تر له خێزان، ئه‌مه‌ش ناچاری ده‌كات بچێته ناو سیاسه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها مرۆڤ به سروشتی خۆی وه‌فاداره به‌رانبه‌ر ئه‌و شتانه‌ی كه تێیدایه و له ناویدا له‌دایك بووه، واتە وه‌فاداره به‌رانبه‌ر به شوێن و به‌رانبه‌ر به خه‌ڵك. وه‌فاداری بۆ هۆزێكی دیاریكراو بۆ شارێك یان نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو، ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌كی سروشتییه. له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌شدا خۆشویستنی نیشتمان و ئینتیمای نیشتمان مه‌سه‌له‌یه‌كی چاره‌نووسییه40.” ڕه‌نگه هه‌ر ئینتیمابوون بۆ نیشتمان و نه‌ته‌وه وای له ڤالكنبرگ كردبێت له پێناسه‌كه‌یدا ئه‌م گریمانه‌یه‌مان وه‌ك په‌یوه‌ندی له نێوان جیۆپۆله‌تیك و جوگرافیای سیاسی‌دا بۆ بچه‌سپێنێت، وه‌ك ده‌ڵێت: “جیۆپۆله‌تیك بریتییه له جوگرافیای سیاسی له دید و بۆچوونی نه‌ته‌وایه‌تیدا41.” گریمانه‌ی دووه‌م: جیۆپۆله‌تیك خه‌سڵه‌ته‌كانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر له لایه‌ن جوگرافیاوه دیاری ده‌كات نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵكوو جوگرافیا په‌یوه‌ندیی نێوان نه‌ته‌وه‌كانیش ده‌ستنیشان ده‌كات. جوگرافی بەس به ته‌نیا بریتی نییه له سیفه‌ته فیزیاییه‌كانی شوێنێك، به‌ڵكوو له‌وه‌ش ده‌كۆڵێته‌وه كه ئه‌و شوێنه چ ده‌ور و ته‌ئسیرێكی هه‌یه له سه‌ر مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌كان42. ئه‌وه‌ی گرنگه له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندیی نێوان جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیك ئاماژه‌ی پێ بده‌ین ئه‌وه‌یه نه‌ك ته‌نها جوگرافیای سیاسی لانكه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی جیۆپۆلهتیكه، به‌ڵكوو میتۆده‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌شیان هه‌مان میتۆده به كه‌ره‌سته و هێڵی جیاوازه‌وه، بواره‌كانی كاركردنیشیان له نێوان ئێستا و داهاتوودا په‌یوه‌ندییه‌كه جودا ده‌كاته‌وه. به نموونه؛ ئه‌گه‌ر جوگرافیای سیاسی لیكۆڵینه‌وه له سنووره ڕاسته‌قینه‌كانی ئێستای ده‌وڵه‌تێك بكات، ئه‌وا له سه‌ر هه‌مان ستراكچه‌ری جوگرافیای سیاسی، جیۆپۆله‌تیك لێكۆڵینه‌وه له داهاتووی سنووره‌كانی هه‌مان ده‌وڵه‌ت ده‌كات. هه‌ر بۆیه زانایان ئەو په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیكیان هێنده توندوتۆڵ كردووه، “جیۆپۆله‌تیكیان به زاده‌ی جوگرافیای سیاسی ناو بردووه و به ویژدانی جوگرافیای ده‌وڵه‌تیان داناوه”.
3-1 جیاوازیی نێوان جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیك
جیاوازیی نێوان هه‌ر زانستێك له‌گه‌ڵ زانستێكی تر له ئه‌نجامی چۆنیه‌تیی كاركردنی زانسته‌كه و جودایی ڕێگاكانی لێكۆڵینهوهیهتی، بۆیه ”جیاوازی له نێوان جوگرافیای سیاسی و زانسته جوگرافییهكانی تر به هه‌موو لقه‌كانیه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له هه‌رێمێكه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه یه‌كه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یه، جا ئه‌و ده‌وڵه‌ته له یه‌ك هه‌رێمی جوگرافی پێك هاتبێت یان به‌شێكی هه‌رێمه‌كه بێت، ڕووبه‌ره‌كه‌ی بچووك بێت (وه‌ك: سویسرا به‌شێكی هه‌رێمی چیاكانی ئه‌لپی ئه‌ورووپایه، هۆڵه‌ندا به‌شێكه له هه‌رێمه ده‌شتاییه‌كانی ده‌لتای ڕاین)، یان گه‌وره بێت و ژماره‌یه‌ك هه‌رێمی سروشتی و مرۆیی له‌خۆ بگرێت (وه‌ك: كه‌نداو، وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڕازیل، چین، ئوسترالیا)43.” ئه‌وه‌ی جوگرافیای سیاسی له جیۆپۆله‌تیك جیا ده‌كاته‌وه كێڵگه‌ی كاركردنیانه، هەروەها جۆری ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌یه كه له لێكۆڵینه‌وه‌كانیاندا به‌كاری ده‌هێنن. “له كاتێكدا جوگرافیای سیاسی لێكۆڵینه‌وه له وڵات ده‌كات و گرنگی ده‌دات به شیكردنه‌وه‌ی ژینگه‌ی سروشتی و مرۆیی به شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه، ئه‌وا جیۆپۆله‌تیك هه‌ڵده‌سێت به لێكۆڵینه‌وه‌ی بارودۆخی شوێنه‌واری سروشتیی وڵات له لایه‌نی داواكارییه‌كانیه‌وه له بواری ڕامیاریی وڵات‌دا44.” بۆیه “هاوسهۆڤهر ده‌ڵێت: جیۆپۆله‌تیك لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی داینامیكییه، وه‌ستاوه له سه‌ر فاكته‌ری ناجێگیری و گۆڕاو، له كاتێكدا فاكته‌ری جوگرافیا له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا وه‌ك بنه‌مای لێكۆڵینه‌وه‌ی جوگرافیای سیاسی به جێگیر و نه‌گۆڕ داده‌نرێت. له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، دكتۆر ئه‌مین مه‌حموود عه‌بدوڵا جیاوازیی نێوان جیۆپۆله‌تیك و جوگرافیای سیاسیی له چه‌ند خاڵێكدا خستووه‌ته ڕوو، به‌م شێوه‌ی خواره‌وه:
- جیۆپۆلهتیكا نه‌خشه‌ی پلانێك ده‌كێشێت كه ده‌بێت ده‌وڵه‌ت له سه‌ری دروست بێت، به‌ڵام جوگرافیای سیاسی لێكۆڵینه‌وه له قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی له واقیعدا هه‌یه.
- جیۆپۆلهتیكا نه‌خشه‌ی باری ده‌وڵه‌ت ده‌كێشێت بۆ داهاتوو، به‌ڵام جوگرافیای سیاسی كورت ده‌كرێته‌وه له كێشانی وێنه‌ی ده‌وڵه‌ت له ڕابردوو و له ئێستادا.
- جیۆپۆلهتیكا گه‌شه‌كرد و جووڵاو (داینامیك)ە، به‌ڵام جوگرافیای سیاسی نزیكه له جێگیری و نه‌گۆڕه‌وه.
- جیۆپۆلهتیكا جوگرافیا ده‌خاته خزمه‌تی ده‌وڵه‌ته‌وه، به‌ڵام جوگرافیای سیاسی ئاوێنه‌یه‌كه وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌وڵه‌ت پیشان ده‌دات. هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه له سیاسه‌تی جیهانی ده‌كات له ڕووی دیدی نه‌ته‌وه‌یی ته‌سكه‌وه، به‌ڵام جوگرافیای سیاسی ده‌كۆڵێته‌وه له سه‌ر بنه‌مای بابه‌تی.
- جیۆپۆلهتیكا پشت ده‌به‌ستێت به فه‌لسه‌فه‌ی هێز، نه‌خشه و پلانی ستراتیژی داده‌نێت بۆ كۆنترۆڵكردنی، به‌ڵام جوگرافیای سیاسی له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هێز دەكۆڵێتەوە وه‌ك یه‌كەیه‌كی سیاسی نه‌ك له ژێر هیچ پاڵنه‌رێكی تایبه‌تیدا45.”
به گشتی جیاوازیی نێوان جیۆپۆله‌تیك و جوگرافیای سیاسی جیاوازییه له نێوان دید و تێڕوانین، كه وا له ده‌وڵه‌ت ده‌كات تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌ی خۆی دیاری بكات به‌وه‌ی پێویسته ئه‌م ده‌وڵه‌ته چۆن بێت، چ پێگه‌یه‌كی هه‌بێت له ئاستی گه‌مه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، چۆن پێشوازی بكات له‌و ڕووداوه سیاسی و دیمۆگرافی و ژینگه‌یی و گۆڕانكارییانه‌ی كه ڕوو ده‌ده‌ن یاخود ده‌شێت له ئایندەدا ڕوو بده‌ن.
دەرئه‌نجام:
- مێژووی جوگرافیای سیاسی له به‌كارهێناندا مێژوویه‌كی كۆنه، هه‌ر چه‌نده له چاخه‌كانی پێش مێژوودا شتێك به ناوی زانستی جوگرافیای سیاسی بوونی نه‌بووه، هه‌تا له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م ڕاتزڵ بنه‌ما زانستییه‌كانی بۆ جوگرافیای سیاسی داڕشت. به‌ڵام جیۆپۆله‌تیك مێژوویه‌كی تازه‌ی هه‌یه، هه‌ر چه‌نده له هه‌ناوی جوگرافیای سیاسییه‌وه له‌دایك بووه، به‌ڵكوو به‌كارهێنانی وه‌كوو زانست ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر.
- جوگرافیای سیاسی بابه‌تگه‌لێكی وه‌سفی و واقیعی و بابه‌تین، یان ڕابردووخوازن یاخود ئێستایین، وه‌لێ بابه‌تی جیۆپۆله‌تیك زۆرتر ئه‌ندێشه‌یی و پلانئامێزن، هه‌وڵێكه بۆ لێكۆڵینه‌وه له ئاسۆكانی ئایندە.
- جیۆپۆله‌تیك زۆرتر بابه‌تێكی ئایدیاڵییە و پشت به ئایدۆلۆژیا ده‌به‌ستێت. هه‌ر ده‌وڵه‌ته و له چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆیانه‌وه بۆ ئایندە ده‌ڕوانن، واتا بە زانستی هێزی دەوڵەت یان عەقڵی دەوڵەت ناو دەبرێت.
- جیۆپۆله‌تیك زۆرتر بابه‌تی سیاسییه‌كانه، به‌كارهێنانی بابه‌ته جوگرافییهكانه له داڕشتنی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت و به‌نده به ئاسۆكانی ئایندەی ململانێ سیاسییه‌كانه‌وه، له سه‌ر بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی هێز كار ده‌كات.
- جوگرافیای سیاسی بابه‌تێكی ته‌قلیدی و “ستاتیكه”، گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا نایه‌ت، بەڵام جیۆپۆلەتیك بابەتێكی داینامكییە، هه‌ر بۆیه جیۆپۆله‌تیك به دوا پله‌ی پێشكه‌وتنی جوگرافیای سیاسی داده‌نرێت. خۆ ئه‌گه‌ر جوگرافیای سیاسی هه‌ندێك تیۆری بێ‌گیان بێت، ئاوا جیۆپۆله‌تیك به بابه‌ته پراكتیكییه‌كه‌ی جوگرافیای سیاسی داده‌نرێت و به میكانیزمی نوێوه ڕۆح به به‌ر جوگرافیای سیاسی‌دا ده‌كات.
- ئه‌گه‌ر جوگرافیای سیاسی سیاسه‌ت به‌كار بهێنێت بۆ خزمه‌تی ده‌وڵه‌ت، وه‌ك له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی جوگرافیای سیاسی‌دا باو بوو، ئه‌وا جیۆپۆله‌تیك له كاتێكدا به‌ده‌ركه‌وت به ته‌واوی جوگرافیای خسته خزمه‌ت سیاسه‌ت و هێزی ده‌وڵه‌ته‌وه.
ڕاسپارده‌كان
- له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتن و گۆڕانكارییه به‌رده‌وامه‌كانی نه‌خشه‌ی سیاسیی جیهان، چه‌مكی جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیك پێویستی به خوێندنه‌وه‌ی تازه‌یه، به جۆرێك كه بگونجێت له‌گه‌ڵ پێشهات و هه‌لومه‌رجه نوێیه‌كان، ئاسۆكانی ئایندەی ململانێ سیاسییەكان، چونكه ئه‌م دوو چه‌مكه كاریگه‌رییه‌كی زۆریان هه‌یه له سه‌ر په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كان و سیستمی سیاسی و نه‌خشه‌ی ئایندەی جیهان.
- ئێستا له هه‌موو كات زیاتر حكومه‌ت و داموده‌زگا و ناوه‌نده سیاسییه‌كان له كوردستاندا پێویستیان به ناوه‌ندی زانستی و سه‌نته‌ری لیكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ند به پرسه‌كانی جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیك هەیە، به تایبه‌ت له بواری په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تی و سیاسییه‌كان.
- پێویسته له ئاستی باڵا، كارناسان و لێكۆڵه‌رانی بواری جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆلهتیكناسان هاوبه‌شییان پێ بكرێت له بڕیاری سیاسی‌دا، توێژینه‌وه‌كانیان بەهه‌ند وه‌ربگیرێت، ڕاوێژیان پێ بكرێت و گوێ له ڕا و بیروبۆچوونه‌كانیان بگیرێت، له پێناو بڕیارێكی دروست و واقیعبین.
- پێویسته زانكۆكانی كوردستان بایه‌خی تایبه‌ت به‌و بواره بده‌ن و بكرێن به مه‌ڵبه‌ندی پێگه‌یاندنی پسپۆڕانی بواری جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیكی.
سەرچاوە و پەراوێزەكان
- 1. د. علی احمد هارون، اسس جغرافیة سیاسیة، دار الفكر العربي، الطبعة الأولی، قاهرة، 1998، ص
- 2. د. عه‌بدوڵا عه‌ته‌وی، ده‌وڵه‌ت و كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، و: دجهزا تۆفیق تالیب و ئه‌حمه‌د عه‌لی ئه‌حمه‌د، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له جوگرافیای سیاسی، چاپخانه‌ی ڕه‌نج، چاپی دووه‌م، سلێمانی، 2007، لا
- 3. د. حسام ا‌لدین جاد الرب، فه‌رهه‌نگی زاراوه جوگرافییه‌كان، و: محه‌مه‌د چیا، چاپخانه‌ی چوارچرا، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2012، لا
- 4. پارێزه‌ر. هـ. سواره، سیاسه‌ت، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕه‌نج، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2005، لا
- 5. د. حوسێن شكوئی، جوگرافیا و فه‌لسه‌فه‌ی جوگرافیا، و: ئاسۆ عەبدولڕەحمان، چاپخانه‌ی گه‌نج، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2009، لا
- 6. د. عه‌بدوڵا عه‌ته‌وی، ده‌وڵه‌ت و كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 7. هاوڕێ یاسین محه‌مه‌د، ده‌روازه‌یه‌ك بۆ جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیک، چاپخانه‌ی كارۆ، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2012، لا
- 8. د. عه‌بدوڵا عه‌ته‌وی، ده‌وڵه‌ت و كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 9. د. دوره میر محەمەد (مهاجرانی)، بنه‌ماكانی جوگرافیای سیاسی، و: هاوڕێ یاسین محه‌مه‌د، د. جه‌زا تۆفیق پێشه‌كیی بۆ نووسیوه، چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2010، لا
- 10. ألكسندردوفاي، الجغرافیة السیاسیة (جیوبولیتیك)، تعریب: حسین حیدر، عویدات للنشر والطباعة، الطبعة الأولی، بیروت-لبنان، 2007، ص
- 11. ڕێباز محەمەد مەحموود، جیۆپۆله‌تیكی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، چاپخانه‌ی نارین، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2012، لا
- 12. د. عه‌بدوڵا عه‌ته‌وی، ده‌وڵه‌ت و كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
13 . Stevenson, A. (Ed.). (2010). Oxford dictionary of English. Oxford University Press, USA.
- 14. د. علی احمد هارون، اسس جغرافیة سیاسیة، مصدر السابق، ص
- 15. د. محمود توفیق محمود، مفهومه جغرافیة السیاسیة و ومجالها، مصدر السابق، ص24 .
- 16. ڕیمۆند گارفیل گیتیل، زانسته سیاسییه‌كان، و: ڕێبین ڕه‌سووڵ و موحسین ئه‌دیب، چاپخانه‌ی شڤان، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2010، لا
- 17. د. محمد حجازی محمد، الجغرافیا السیاسیة، قسم الجغرافیا، كلیه الأداب- جامعة القاهرة، 1996-1997، ص
18 . د. محه‌مه‌د عه‌بدلغه‌نی سعودی، جوگرافیا و په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كان، و: د. جه‌زا تۆفیق تالیب، ئه‌حمه‌د عه‌لی ئه‌حمه‌د، چاپخانه‌ی حه‌مدی، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2005، لا16.
- 19. د. حسام ا‌لدین جاد الرب، فه‌رهه‌نگی زاراوه جوگرافییه‌كان، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
20.Richard Hartshorne, Recent Developments in Political Geography American science Review. Xx1x. December, 1935, P. 957.
- 21. عه‌بدولقادر ساڵح، فه‌رهه‌نگی سیاسیی سه‌با، كۆمپانیایی چاپ و په‌خشی نووسه‌ر، چاپی دووه‌م، سلێمانی، 2008، لا
- 22. د. ئه‌ندرسن و د. خه‌لیل ڕه‌شیدیان، عێراق و به‌رده‌وامیی قه‌یرانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، و: فوئادی تاهیر سادق، چاپخانه‌ی ڕوون، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی 2004، لا
- 23. هاوڕێ یاسین محه‌مه‌د، ده‌روازه‌یه‌ک بۆ جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیک، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 24. د. عه‌بدوڵا عه‌ته‌وی، ده‌وڵه‌ت و كێشه نێده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 25. هاوڕێ یاسین محه‌مه‌د، ده‌روازه‌یه‌ک بۆ جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیک، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 26. د. سەفین جەلال فەتحوڵا، بنچینه و بنه‌ماكانی زانستی جوگرافیای سیاسی، چاپخانه‌ی نارین، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2014، لا
- 27. ڕێباز محەمەد مەحموود، جیۆپۆله‌تیكی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 28. د. سەفین جەلال فەتحوڵا، جیۆپۆله‌تیک پێناسه و ناوه‌رۆک، چاپخانه‌ی نارین، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2015، لا
- 29. د. سەفین جەلال فەتحوڵا، بنچینه و بنه‌ماكانی زانستی جوگرافیای سیاسی، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 30. د. كلاوس دۆدز، جیۆپۆلیتیک، و: ئیراهیم عه‌لی موراد، چاپخانه‌ی موكریانی، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2013، لا
- 31. فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، جیۆپۆله‌تیكی كوردستان، چاپخانه‌ی حه‌مدی، له بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای هۆشیاری و پێگه‌یاندنی كادیران، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2011، لا
- 32. د. سەفین جەلال فەتحوڵا، جیۆپۆله‌تیک پێناسه و ناوه‌رۆک، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 33. جۆرج فریدمان، سه‌د ساڵی داهاتوو، و: د. شێركۆ عه‌بدوڵا، چاپخانه‌ی كه‌مال، له بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری مارگرێت، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2013، لا
- 34. د. حسین بشیریه، زانستی سیاسی، و: باباعه‌لی مێهرپه‌روه‌ر، چایخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2009، لا38.
- 35. تیم مارشاڵ، زیندانییه‌كانی جوگرافیا، و: د. شێركۆ عه‌بدوڵا، چاپخانه‌ی شڤان، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای دواڕۆژ بۆ ڕووناكبیری و ڕاگه‌یاندن، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2017، لا
- 36. د. عه‌بدوڵا عه‌ته‌وی، ده‌وڵه‌ت و كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 37. هاوڕێ یاسین محه‌مه‌د، ده‌روازه‌یه‌ک بۆ جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیک، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 38. د. سەفین جەلال فەتحوڵا، جیۆپۆله‌تیک پێناسه و ناوه‌رۆک، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 39. د. سەفین جەلال فەتحوڵا، بنچینه و بنه‌ماكانی زانستی جوگرافیای سیاسی، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 40. جۆرج فریدمان، سه‌د ساڵی داهاتوو، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 41. د. سەفین جەلال فەتحوڵا، جیۆپۆله‌تیک پێناسه و ناوه‌رۆک، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 42. جۆرج فریدمان، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 43. د. عه‌بدوڵا عه‌ته‌وی، ده‌وڵه‌ت و كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 44. د. سەفین جەلال فەتحوڵا، بنچینه و بنه‌ماكانی زانستی جوگرافیای سیاسی، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
- 45. هاوڕێ یاسین محه‌مه‌د، ده‌روازه‌یه‌ک بۆ جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیک، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا