ئایندەی هەرێم و عێراق، لە پەراوێزی ڕاپەڕینی نەتەوەکانی ئێران
هەردی مەهدی میکە
ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران، وا خەریکە پێ دەنێتە مانگی چوارەمیەوە، سیستمی سیاسی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەقووڵی نیگەران کردووە. لە ٤٤ ساڵی ڕابردوودا، هیچ ناڕەزایەتییەک نە تەمەنی ئەمەی ئەم دواییەی هەبووە و نە ڕای گشتیی جیهان و خەڵکی ئێرانی هێندە ورووژاندووە و یەکدەست کردووە بەرامبەر دەسەڵات، هیچ کاتیش هێندەی ئێستا نەتەوەکان و هێزە سیاسییەکانی ئێران وا پێکەوە یەکهەڵوێست و یەک ناوک بەدەوری درووشمێکدا کۆ نەبوونەتەوە. ئەم ڕووداوە ناکرێت هەر وا بەسانایی بەسەر ئێراندا تێپەڕێت و سایەی لەسەر ئێستا و ئایندەی عێراق و هەرێمدا جێ نەهێڵێت.
عێراق و لە نێویشیدا هەرێمی کوردستان، پێکەوە بە درێژایی (١٦٠٩کم) سنووری هاوبەشیان هەیە. پەیوەندییەکانی ئەم نێوچەیە لەگەڵ حکومەتە “ئێرانی”یەکاندا، بە درێژایی پێنج سەدەی ڕابردوو لە هەڵبەزودابەزدا بووە. گەر بە پێی ڕووداوەکانی نێو مێژوو وێنەیەکی گشتیی لێ وەربگرین، دەکرێت ناوی بنێین دوو “دراوسێی ناچاری”. ئەڵبەت بێ یەک نەیانکراوە و پێکەوەش نەیانکراوە و نایانکرێت، چونکە لە بنەماوە لە سەردەمی عوسمانییەوە تا هەنووکە، دەسەڵاتدارانی هەر پایتەختێکی ئێرانی و عێراقی، هەر کامیان بۆیان کرابێت هەژموون و هێرشی بۆ سەر ئەوی دی کردووە، نموونە زۆر هەیە کە سەردەمانێک والیی بەغدا و میرانی بابان و حکومەتەکانی ویلایەتی موسڵ لەشکرکێشییان بۆ تەورێز، کرماشان و سنە و بگرە هەمەدانیش کردووە، سەردەم هەبووە بابانەکان دە ساڵێک لە سنەدا خاوەن نفوز بوون و دەسەڵاتی ئەسفەهان لە پەراوێزدا بووە. بەپێچەوانەشەوە حکومەتەکانی سەفەوی و ئەفشار و زەندی زۆر جار لەشکرکێشییان بۆ بەغدا و بەسڕە و خانەقین و کەرکووک کردووە، هیچیان بۆ یەکجاری نەیانتوانی پرسەکە بە هێز یەکلا بکەنەوە و دواجار ئەم سنوورەی هەنووکە تا ڕادەیەک بۆ سەد ساڵیک دەچێت وا جێگیر کراوە.
ڕەتنەکراوەیە، بە درێژایی ٢٠ ساڵی ڕابردوو، یەک لە بەهەژموونترین دەوڵەتی دەستڕۆیشتوو عێراق، تاران بووە لە ڕەهەندی نەخشەی سیاسیی عێراقدا، بێ دوودڵی دەتوانین بڵێین کێبڕکێی ئەمەریکای ڕووخێنەری ڕژێمی بەعس و سەددامی کردووە، بەڵام: ١. لە دوا هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێم، ٢. لە دوو ساڵی ڕابردووی پاش توندگیرییەکانی ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەرامبەر تاران و کوشتنی قاسمی سولەیمانی، ٣. لە ئانی خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی ئێستای ئێراندا. لەم پێدراوانەوە ئەوەی هەستی پێ دەکرێت: هەژموونی پرۆئێرانییەکان کشانەوەی وەخۆوە دیوە و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران لە جاران دەستکورتتر و لە ڕووی ورووژاندنی باڵەکانی سوپای قودسیشەوە لەم نێوچەیەدا کەمڕەنگتر لە جاران؛ تاران خۆی دەنوێنێت. شەقامی عێراقیش لە جاران و لە (٢٠٢٠)ەوە تووڕەترە لە سیاسەتەکانی ئێران و چەندین جار ئەم تووڕەییەیان لە سەرشەقام بە خوێنی خۆپیشاندەر تەجەلا کردووە. ئەمانە سەرجەم دەکرێت ئاماژەی نوێ بن و هەلی نوێ بدەنە هەرێم و هێزە عێراقییەکان تا لەبریی ئەوەی لەژێر هەژموونی ئێراندا بن، لە ڕووی سیاسەت و دبلۆماسیەتەوە بیر لە هاوبەشی و سەربەخۆیی بڕیار بکەنەوە و لانی کەم وەک هەلێک لەم گۆڕانکاری و ئاماژانە بڕوانن، چونکە لە ئەگەری گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ئێراندا، سایەی گۆڕانکاریدا، ئەودەم وەک پاسیڤێک لە هێزە عێراقی و هەرێمییەکان دەڕوانێت و کەم ڕۆڵ دەبن و دوور نییە کاراکتەری نوێ لە عێراقدا لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەربکەون.
لە وێنە گشتییەکەوەشەوە، ڕاستە هێشتا ناوی جووڵانەوەی نەتەوەکانی ئێران بە خۆپیشاندان یان ناڕەزایەتی ڕۆیشتووە، بەڵام دەشکرێت چیدی ناوی ڕاپەڕین یاخود وەک هەندێ لایەن هەستانەوە و جووڵانەوەی لێ بنرێت، چونکە بە ڕێکخستن و جۆری چالاکی و ڕەفتاری ناڕازییەکان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و هەوڵدان بۆ چاکسازیی بەشەکی دەرچووە.
کاتێک ئەم دێڕانە دەنووسین، لە کۆی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئێران، لانی کەم ١١ حەوتوویان تێپەڕاندووە و وا پێ دەنێتە مانگی چوارەمیەوە. بە گوێرەی ئاماری ڕێکخراو و ڕێکخستنەکانی خۆپیشاندانەکان، نزیکەی ٢٩ هەزار و ٤٠٠ کەس دەستگیر کراون، لەنێو ئەمانەدا تەنها ١٠٪یان پەیوەندییان بە هێزە سیاسییە نەیارەکانی حکومەتی ئێرانەوە هەبووە، ٩٣٪یشیان بۆ یەکەم جاریان بووە بەشداریی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانیان کردووە، ٦٥٪ی خێزانی دەستگیرکراوان خێزانی پابەند بە ئایین و لەچکبەسەر و حیجابن لە ڕووی پۆشتەییەوە، لە کۆی ژمارەی دەستگیرکراوانیشدا تا هەنووکە ئەوەی ڕاگەیەنراوە ١١٥ کەسیان لە کەسانی هێزەکانی بەرگری و سەربازین و هەڵوێستیان هاوپشتیی خەڵک بوون، یان لانی کەم لەگەڵ دەوڵەتدا نەبووە و پشتگیریی سەرکوتکردنیان نەکردووە.
ئەوەشی پەیوەندیی بە دۆسێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، ئەوا دۆسێی مافی کورد و ڕەوایی و مەدەنیبوونی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چیتر نێوچەیی نییە و ڕای گشتیی کۆڵانەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەی دەکات. لەنێوان خەڵک و هێزە سیاسییەکان و چالاکواناندا، یەکگرتووترین شەقامی هەیە لەچاو هێز و شەقامەکانی دیکەی غەیرەکوردی نێو ئێراندا. ڕۆژهەڵات ئێستا نموونەیە بۆ پەرۆشیی کۆمەڵگەکەی بۆ مافی مرۆڤ، پرسی کوردیش بەگشتی چیدی ئینکارکراو نییە بەئەمنیکردنی خاکەکەی وەک سەد ساڵی ڕابردوو وەڵامگۆ نابێت و بێسوودە. سەدەی بەردەممان بۆ کوردبوون هەلێکە، گەر خۆی بیەوێت.
دەمێنێتەوە سەر کۆمەڵگەی باشوور و هێزەکانی و دانیشتووانی، دەتوانرێت زیاتر لەمە بکرێت، ڕۆژهەڵات وەک کوردستان و وەک کۆمەڵگەیەکی مرۆیی پێویستی بە لۆبی فراوانتر هەیە، دەکرێت سیحری ئەو نەرمەهێزەی کوردبوون دۆخەکە لە بەرژەوەندیی پاراستنی ئایندەی هەرێم و دروستکردنی دیفاکتۆ و “هەرێمێکی دیکە” وەپێش بخرێت. حیزبەکان دەتوانن پەیوەندییە دپلۆماسییەکانی خۆیان و هەرێم لەگەڵ هاوپەیمانان و ڕۆژئاوا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سوود لێ وەربگرن. حیزبە کوردستانییەکانی باشوور و وەزیر و پەرلەمانتارانی هەرێم و بەغدا دەتوانن بە نزیکایەتی لەگەڵ عەرەبەکانی کەنداو و باشوور و نێوەڕاستی عێراق پێکەوە لە یارییەکی براوە و ئەقڵانیدا هەم دەنگی ڕۆژهەڵات بگەیەنن و هەم عێراقیش لە هەژموونی دراوسێکانی دەستکراوەتر بکەن، بەمەش یارییەکی سیاسیی براوە -براوە لە بەرژەوەندیی دنیایەکی باشتر و بەرەو پێکەوەژیانێک لەسەر بنەمای دپلۆماسیی ئاشتییانە لەنێوان بەغدا و هەرێم و دراوسێ کەنداوییەکان و بگرە تارانیشدا ئاڕاستە بکەن. بۆیە دەکرێت وا بیر بکرێتەوە لە یەک کاتدا خۆپیشاندانەکان هەم هەلن لەبەردەم عێراقییاندا، هەم هەڕەشەش!
گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی پانزەیەم (15) کانوونی یەکەم، پایزی 2022، ساڵی سێیەم