ئایندەی سیستمی نێودەوڵەتی و هەرێمی کوردستان
زانا کەریم نەجم
بەرایی
لەبەریەکهەڵوەشانی یەکێتیی سۆڤیەت و کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، کۆتاییهاتنیش بوو بە سیستمێکی نێودەوڵەتی کە بە سیستمی دووجەمسەری (Bipolarity) ناوی دەبرا. لەو کاتەوە سیستمی نێودەوڵەتی و سیناریۆ ئایندەییەکانی، بابەتێکی گەرمی ناو کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتی یاخود پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە و پرسی ئەوەی کە ئایا سیستمی نێودەوڵەتی چ جۆرە سیستمێکە و بە چ ئاقارێکدا دەڕوات، مژارێکی تەوەرەیی نێوان بیریاران و توێژەرانی کایەکەیە و جێگەی ڕاجیایی و مشتومڕێکی نەبڕاوەیە. جەنگی ڕووسیا-ئۆکرانیا و لێکەوتەکانی ئەم جەنگە، پەیوەست بە پەیکەری سیستمی نێودەوڵەتی، وامان لێ دەکات جارێکی تر قسەکردن لە بارەی سیستمەکەوە بورووژێنین و نیشانەی پرسیار لەسەر ئایندەی سیستمەکە دابنێین، چونکە مێژووی سیاسەتی نێودەوڵەتی پێمان دەڵێت جەنگەکان یەکێک لەو ڕووداوانەن کە دەبنە دەستپێکی گۆڕانی پەیکەری سیستمی نێودەوڵەتی، بۆ نموونە جەنگی دووەمی جیهانی پەیکەری سیستمی نێودەوڵەتیی گواستەوە لە فرەجەمسەرییەوە بۆ دووجەمسەری. ئەم هۆکارانە پاڵنەری سەرەکیمانن بۆ چوونە پای وەها توێژینەوەیەک، لە سۆنگەی ئەو گریمانەیەوە کە وا ئایندەی پەیکەربەندی و دابەشبوونی هێز لە سیستمی نێودەوڵەتیدا کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لەسەر کورد بەگشتی و ئێمەی کورد لەم بەشەی کوردستان (باشووری کوردستان)دا بەتایبەتی و قەوارەی هەرێمی کوردستان. لێرەوە کنەکردن و بەدواداچوونی ئایندەی گۆڕانکارییەکانی سیستمی نێودەوڵەتی و کاریگەرییان لەسەر ئەم بەشەی کوردستان، ڕەوایەتی وەردەگرێت و دەبێتە غەمی ئەم توێژینەوەیە، بۆیە هەوڵ دەدەین تا ڕادەیەک ڕەهەندەکانی ئەم گۆڕانکارییانە یەکاڵا بکەینەوە و لێکەوتەکانی شرۆڤە بکەین.
وەک لە ناونیشانی توێژینەوەکەوە دەردەکەوێت، باس لە ئایندەی پەیکەری سیستمی نێودەوڵەتی و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان دەکەین، کەواتە سەرەتا و لە دەستپێکدا پێویستە ئەوە بڵێین کە توێژینەوەکە ئایندەییە و ئەو مەودا ئایندەییەش کە سێرەی لەسەر دەگرێت؛ تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە دەڕوات. لە لایەکی ترەوە دەبێت ئاگامان لەو ڕاستییەش بێت کە وا ئایندە کراوەیە بەسەر چەندین ئەگەر و شیمانەی جیاوازدا و پێشبینیکردنیان کارێکی نزیک لە ئەستەمە، بەڵام پشتبەست بە ڕاستییە مێژووییەکان و ڕەوشی ئێستا و توانای پێشبینیکردن، دەکرێت هەوڵی سەرەتایی و خاکی لەو بارەیەوە بدەین و ئەنجامگیری بکەین. هەروەها کاتێک باس لە سیستمی نێودەوڵەتی دەکەین، سەرەتا پێویستە بزانین مەبەست لە سیستمی نێودەوڵەتی چییە و ئەو سیناریۆ ئایندەییانە چین کە دەکرێت بۆ پاشەڕۆژی سیستمەکەی پێشنیاز بکرێن. لە هەمان کاتدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین سیستمی نێودەوڵەتی لە چەند توخمێک پێک دێت و سێرەگرتنی ئێمە لەم وتارەدا تەنها لەسەر یەکێک لە توخمەکانی سیستمی نێودەوڵەتییە، ئەویش پەیکەری سیستمەکەیە (System Structure)، واتە شێوازی دابەشبوونی هێز و جەمسەربەندی لە سیستمی نێودەوڵەتیدا. کەواتە سیستمی نێودەوڵەتی دەبێتە مژاری تەوەری یەکەمی توێژینەوەکەمان. تەوەری دووەم و کۆتاییش تەرخان دەکەین بۆ کاریگەرییەکانی سیستمی نێودەوڵەتی و گۆڕانکارییە ئایندەییەکان لە پەیکەری سیستمەکەدا لەسەر هەرێمی کوردستان. لە کۆتاییشدا پوختەی پێشنیازەکانمان و ئەو دەرەنجامانەی بەدەستی دەهێنین، لە ئەنجامگیرییەکدا دەیخەینە ڕوو.
- سیستمی نێودەوڵەتی و سیناریۆ ئایندەییەکانی
کاتێک لە بارەی بابەتێکەوە ئەنجامگیری (Reasoning) دەکەین و گریمانەکانمان تاقی دەکەینەوە، خاڵی یەکەم ناساندن و پێناسەکردنی ئەو چەمکانەیە کە ئەنجامگیری و گریمانەی لە بارەوە دەکەین، تاکوو لەنێو ئەو بۆچوون و پێناسە جیاوازانەدا کە بۆ سیستمی نێودەوڵەتی دەکرێن، تووشی سەردەرگومی نەبین و بیری خوێنەران پەرتەوازە نەبێت. کەواتە لە سەرەتاوە پێویستە بزانین سیستمی نێودەوڵەتی چییە؟
1-1. چەمکی سیستمی نێودەوڵەتی
گرفتێک کە لە ڕووی زمانەوانییەوە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، دۆزینەوەی واتا و وەرگێڕانێکی کوردیی گونجاوە بۆ زاراوەی سیستم (System) و جیاکردنەوەیەتی لە زاراوەی نەزم (Order). لە فەرهەنگە کوردییەکاندا واتا و وەرگێڕانی جیاواز لەهەمبەر هەریەکە لە زاراوەکانی “System” و “Order”دا دانراوە، بۆ نموونە بەرانبەر زاراوەی “Order” ئەم واتایانە هاتوون: (یەک لەدوای یەک، ڕێکخستن، سیستم، فەرمان، داوا، ڕیز، پلە، ڕێک، پایە، شێواز، پەرگەل، سەروبەری، ڕێکی، دەستوور، نەریت، پەیڕەو، پلە (گرۆ یان پلەیەکی پۆلاندنە، کە لەخوار پلەی جۆر و ژوورترە لە پلەی خێزان)، ئاسایش، ئاسوودەیی، نەخشە، شێوەی ڕێکخستن، ڕێکوپێکی، دۆخ، بار، ڕێباز، ڕێگە، شێوەی کردنی شتێک). زاراوەی “System”یش بەم شێوەیە واتا کراوە: (ڕژێم، ڕەوت، سیستم، ڕێگا، شێواز، لاشە، لەش، کەلەخ، کۆمەڵە، دەستە، پەرگال، سازی، ڕست، ڕێزک، پێڕۆ، ڕەوشت، شێوە، نەریت، دەستگا، ڕشتە، تەن (لەشی گیانلەبەر بە شێوەیەکی گشتی)، کۆئەندام (چەند یان کۆمەڵە ئەندامێک کە پێکەوە فەرمانێک پێک دەهێنن)، جیهان، کۆمەڵە بیروڕایەکی یەکخراو، ڕێباز، پەیڕەو، دەستووری کار، نەخشە، ڕێگە، شێوە([1])).
بە ڕای ئێمە زاراوەی “کۆئەندام” ئەو واتایە دەگەیەنێت کە زاراوەی سیستم لە کایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەیگەیەنێت، بەتایبەتی ئەگەر زانیمان ئەو واتایە لە فەرهەنگە پزیشکییەکاندا هاتووە و زاراوەی سیستمیش لە بنەڕەتدا زاراوەیەکی ناو زانستە سروشتییەکانە. زاراوەی “پەیڕەو”یش نزیکە لە واتای ئۆردەرەوە. بەڵام تا ئەو کاتەی ئەم دوو واتایە جێگەی خۆیان قایم دەکەن، یان وەرگێڕانێکی گونجاو و زاراوەیەکی پڕاوپڕتر بە واتای هەریەکەیان دێتە ئاراوە، ئێمە پێمان باشە زاراوەی نەزم بۆ “Order” و سیستمیش بۆ “System” بەکار بهێنرێت.
گرفتێکی تر لەم ڕووەوە ئەوەیە کە وا زۆرێک لە نووسەران هەم لە ڕووی زمانەوانییەوە و هەم لە ڕووی چەمکناسییشەوە جیاکاری لەنێوان زاراوەی سیستم (System) و زاراوەی نەزم (Order)دا ناکەن، لێرەشەوە بەبێ ڕوونکردنەوەی واتای چەمکەکان و ئاماژەدان بە گیروگازە زمانەوانییەکان، زاراوەی سیستمی نێودەوڵەتی (International System) و نەزمی نێودەوڵەتی (International Order) بەکار دەهێنن و لێکیان جیا ناکەنەوە، ئەمەش وامان لێ دەکات هەر لە سەرەتاوە جیاوازیی نێوان “سیستمی نێودەوڵەتی” و “نەزمی نێودەوڵەتی” ڕوون بکەینەوە. مەبەست لە سیستمی نێودەوڵەتی ئەو بەستێنە جیهانییە (Global) گشتگیر و فراوانەیە کە بکەرە نێودەوڵەتییەکان (دەوڵەت و نادەوڵەت) چالاکیی تێدا ئەنجام دەدەن. سیستمی نێودەوڵەتی ڕەنگدانەوەی هەموو لایەنە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ژینگەییەکان و شێوازەکانی تری کارلێککردنە، کە لەنێوان بکەرە نێودەوڵەتییەکاندا ڕوو دەدات. بەڵام نەزمی نێودەوڵەتی بریتییە لە کۆمەڵێک ڕێسا و پێودانگ (Norms) و دامەزراوە کە پەیوەندیی نێوان بکەرە کلیلییەکان لە ژینگەی نێودەوڵەتیدا بەڕێوە دەبات([2]). یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سیستمی نێودەوڵەتی، بە تێڕوانینی ڕیاڵگەراکان (Realists) پاشاگەردانییە (Anarchy)، بەڵام نەزمی نێودەوڵەتی بەپێچەوانەوە، خاوەنی جۆرێک لە سەقامگیری و پەیکەربەندییە (Structured). سیستمی نێودەوڵەتی گشتگیر و فراوانترە لە نەزمی نێودەوڵەتی و نەزمی نێودەوڵەتی ئاماژەیە بە شێوە ڕێکخراوەکان (Organized Configurations) لەناو سیستمی نێودەوڵەتیدا([3]).
خاڵێکی تر کە شایانی ئاماژەپێدانە ئەوەیە بە گوێرەی جیاوازیی ڕوانگەی توێژەر و قوتابخانە فیکرییەکان، بەکارهێنانی چەمکەکانیش دەگۆڕێن و زۆر جار لەجیاتیی چەمکی سیستمی نێودەوڵەتی (International System)؛ سیستمی جیهانی (World System) بەکار دەهێنرێت. بەشێکی زۆری توێژەران جیاکاری لەنێوان ئەم دوو چەمکەشدا ناکەن و تێکەڵاویان دەکەن، بۆیە جێی خۆیەتی بەکورتی ئاماژەیەک بەم گیروگازەش بدەین. ئەوانەی سەر بە قوتابخانەی ڕیاڵگەرایین، دیدێکی دەوڵەت تەوەرەییان هەیە و پێیان وایە دەوڵەت تاقانە بکەر یاخود بکەری سەرەکیی ناو سیستمکەیە و بکەرە نادەوڵەتەکان ڕۆڵێکی لاوەکی دەگێڕن، بۆیە سیستمی نێودەوڵەتی بەرەنجامی کارلێک و بەریەککەوتنی نێوان دەوڵەتانە و لێرەشەوە سیستمەکە سیستمێکی نێودەوڵەتییە. هەر چی لیبراڵگەراکانە، پێیان وایە سیستمەکە بەرەنجامی کارلێکی بکەرگەلێکە لە دەوڵەت و نادەوڵەت، بە جۆرێک زۆرێک لە بکەرە نادەوڵەتەکان ڕۆڵیان لە ڕۆڵی هەندێک دەوڵەت گەورەترە و خاوەنی کاریگەریی زیاترن، کەواتە سیستمەکە تەنها سیستمی نێوان دەوڵەتان نییە، بەڵکوو سیستمی هەموو بکەرە جیهانییەکانە و دەوڵەتیش تەنها بکەرێکە لە بکەرەکان.
دوای ڕوونکردنەوە و ئاماژەدان بەو گیروگازە زمانەوانی و چەمکییانە، ئێستا کاتی ئەوەیە سیستمی نێودەوڵەتی بناسێنین، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە وا چەمکی سیستمی نێودەوڵەتی (International System)، وەک هەر چەمکێکی تری کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتی، چەمکێکی مشتومڕهەڵگرە و واتایەکی بڕاوە و بیانووبڕی نییە، هەر توێژەرە لە ڕوانگەیەکەوە و پاڵپشت بە زەمینەهزریی خۆی لە بابەتەکە دەڕوانێت و پێناسەی دەکات، بۆیە پێناسە و بۆچوونی جیاواز لە بارەیەوە لەئارادان.
سەبارەت بە پێناسەی سیستمی نێودەوڵەتی، دەکرێت بڵێین([4]): مەبەست لە “سیستمی نێودەوڵەتی” ئاماژەکردنە بۆ کۆی کارلێک یان تۆڕی پەیوەندیی نێوان هێزەکان -جا ئەو کارلێک و پەیوەندییانە چ هاریکاریئامێز بن یان ململانێئامێز-، ئەم کارلێک و پەیوەندییانە لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، لەسەر ئاستی جیهانی و هەرێمی، بە گوێرەی کۆپێکهاتێکی (منظومة) دیاریکراوی بەهاکان ڕوو دەدات([5]). کەواتە سیستمی نێودەوڵەتی بریتییە لە دەرەنجامی کارلێک و بەریەککەوتنی ئەندامانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، جا ئەو بەریەککەوتنانە ئاشتییانە بن یان ململانێئامێز، ئەو ئەندامانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش دەوڵەت بن یان نادەوڵەت (Non-state). هەروەها ئەو کارلێک و بەریەککەوتنانە لەسەر ئاستی جیهانی یان لەسەر ئاستی هەرێمی و بە گوێرەی کۆمەڵێک ڕێسا و بەهای دیاریکراو ڕوو دەدەن، ئەمەش گرنگیی ئەو بەهایانە دەردەخات کە هەر سیستمێکی نێودەوڵەتی لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت.
لە پێناسەکەی سەرەوە ئەوە هەڵدەهێنجرێت کە وا هەر سیستمێکی نێودەوڵەتی لە ڕووی چەمکەوە لە چەند توخمێکی سەرەکی پێک دێت کە گرنگترینیان ئەمانەن([6]):
- لە چوارچێوەی هەر سیستمێکی نێودەوڵەتیدا، هێزێک یان چەند هێزێکی دیاریکراو هەن کە جڵەوی کاروبارەکانیان بەدەستە و لە ئاڕاستەکردنی ڕێڕەوی ڕووداوەکانی نێوان لایەنەکانی سیستمەکەدا خاوەن قسەی یەکلاکەرەوەن.
- لە هەر سیستمێکی نێودەوڵەتیدا، پێویستە ڕێگایەک یان چەند ڕێگایەکی دیاریکراو بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان یان پەیوەندیی نێوان لایەنەکانی سیستمەکە باڵادەست بێت، بە جۆرێک بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەوڵەتە هەژمووندارەکان بەدی بهێنێت، یان لانی کەم دژی ئەو بەرژەوەندییانە نەبێت.
- هەر سیستمێکی نێودەوڵەتی چەند نیشانە و ڕواڵەتێکی تایبەت بە خۆی هەیە کە جیای دەکاتەوە لە سیستمە نێودەوڵەتییەکەی پێش خۆی.
- هەر سیستمێکی نێودەوڵەتی لە چەند کۆلکەسیستمێکی (Sub-systems) تری نێودەوڵەتی پێک دێت و ئەم کۆلکەسیستمانە دەکرێت هەریەکێکیان کاریگەرییەکی جیاواز لەسەر کۆی ئەو کارلێکانە دابنێت کە لەسەر ئاستی سیستمی نێودەوڵەتیی جیهانی یان گەردوونی ڕوو دەدەن.
لە ڕووی مێژووییەوە، سەرەتای ڕەنگڕێژبوونی بیرۆکەی سیستمی نێودەوڵەتیی هاوچەرخ دەگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەی وێستیڤالیا ساڵی 1648، ئەم پەیماننامەیە سەری کێشا بۆ دروستبوونی سیستمێکی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی و شێوازی دابەشبوونی هێز لەنێوان ئەم دەوڵەتە نەتەوەییانەدا. شێوازی دابەشبوونی هێزیش لەنێوان دەوڵەتاندا یان ئاسۆییە یان ستوونی: مەبەست لە دابەشبوونی ستوونییانەی هێزی نێودەوڵەتی، کە سیستمی تاکجەمسەرییشی پێ دەوترێت، ئەوەیە کە یەک دەوڵەت هەژموونی خۆی بەسەر سیستمی نێودەوڵەتیدا دەسەپێنێت و بەتەواوەتی یان تا ڕادەیەکی نزیک لە تەواوەتی، توانا و کاریگەریی نێودەوڵەتییانە قۆرغ دەکات، نموونەی ئەمەش هەژموونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت. هەر چی دابەشبوونی ئاسۆییانەی هێزە، ئەوا دوو جۆری هەیە: یان لەنێوان دوو دەوڵەتدا دەبێت و پێی دەوترێت سیستمی دووجەمسەری، بۆ نموونە سیستمی نێودەوڵەتی لە ماوەی جەنگی سارددا (1947-1991)، کە یەکێتیی سۆڤیەت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا توانا و کاریگەریی نێودەوڵەتییان قۆرغ کردبوو، یان لەنێوان چەند دەوڵەتێکدا دەبێت و پێی دەوترێت سیستمی فرەجەمسەری، واتا توانا و کاریگەریی نێودەوڵەتی لەلایەن چەند دەوڵەتێکەوە قۆرغ دەکرێت، نموونەی ئەمەش ماوەی نێوان هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمە کە وڵاتە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم قۆرغی توانا و کاریگەریی نێودەوڵەتییان کردبوو([7]).
1-2. ڕەوشی هەنووکەی سیستمی نێودەوڵەتی و سیناریۆ ئایندەییەکانی
وەک ئاماژەمان پێ دا، ئەوەی لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە بیریاران لە بارەیەوە کۆکن کۆتاییهاتنی سیستمی دووجەمسەرییە، بەڵام سەبارەت بە ڕەوشی هەنووکەی پەیکەریبەندیی سیستمی نێودەوڵەتی و ئایندەی پەیکەربەندیی سیستمەکە، ئەوا ڕای جیاواز و وەسفی جۆراوجۆر لەئارادان: بۆچوونێک پێی وایە سیستمی نێودەوڵەتی تاکجەمسەرییە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لوتکەی هەڕەمی دابەشبوونی هێزی جیهانیدا وەستاوە([8])، بۆچوونێکی تر بەپێچەوانەوە، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە وا سیستمی نێودەوڵەتی هەنووکە سیستمێکی ناجەمسەرییە (Non-polarity)([9])، هەندێکی تریش پێیان وایە سیستمی نێودەوڵەتی لە قۆناغی ڕاگوزەریدایە و لە ڕووی پەیکەرەوە هێشتا دەڵەمەیە([10]). ئەوەی بەلای ئەو بیریارانەوە جێگەی مشتومڕ نییە؛ گۆڕانکارییە لە سیستمی نێودەوڵەتیدا، واتە سیستمی نێودەوڵەتی دەگۆڕێت، بەڵام کەی و چۆن؟ ئەوە ڕای جیاواز لە بارەیەوە هەیە. دوو خاڵ لێرەدا بۆ ئێمە جێگەی بایەخ و گرنگیپێدانن، ئەوانیش: ئایندەی گۆڕانکارییە لە سیستمی نێودەوڵەتیدا و کاریگەریی ئەو گۆڕانکارییانەیە لەسەر هەرێمی کوردستان. سەبارەت بە کاریگەرییە ئایندەییەکانی سیستمی نێودەوڵەتی لەسەر هەرێمی کوردستان، ئەوا تەوەری دووەمی ئەم وتارەی بۆ تەرخان دەکەین. بۆیە ئەو بابەتەی لێرەدا دەبێتە شوێنی گفتوگۆ، سیناریۆ ئایندەییەکانی گۆڕانکارییە لە پەیکەری سیستمی نێودەوڵەتیدا.
ئەوانەی چاودێریی ئاڕاستەی گۆڕانکاری لە پەیکەری سیستمی نێودەوڵەتیدا دەکەن، لە ڕووی پەیکەرەوە پێشبینیی چەند سیناریۆیەک دەکەن بۆ ئایندەی سیستمەکە. لە خوارەوە بەکورتی ئاماژە بەو سیناریۆیانە دەکەین:
1-2-1. سیناریۆی ناجەمسەری (Non-polarity)
هەندێک لە توێژەران پێشبینیی ئەوە دەکەن کە وا سیستمی نێودەوڵەتی سیستمێکی ناجەمسەری دەبێت و چەندین بکەری نێودەوڵەتیی جیاواز کاریگەری و هێزی نێودەوڵەتی قۆرغ دەکەن و هەژموونی خۆیان بەسەر جیهاندا دەسەپێنن. لە وتارێکیدا بە ناوی “سەردەمی ناجەمسەری”، “ڕیچارد هاس” بیریاری ئەمەریکایی، پێی وایە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەدەی بیست و یەکدا دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی ناجەمسەری: مەبەست لە ناجەمسەرییش ئەوەیە کە لەجیاتیی ئەوەی دەوڵەتێک یان دوو دەوڵەت یان تەنانەت چەند دەوڵەتێکیش هەژموونی خۆیان بەسەر جیهاندا بسەپێنن، دەیان بکەری نێودەوڵەتی دەبنە خاوەنی جۆری جیاوازی هێز و پیادەی دەکەن، ئەمەش وەرچەرخانێکی بونیادی (Tectonic)ە لەوەی کە لە ڕابردوودا هەبووە[11]. هەروەها “پڕۆفیسۆر مازن ئەلڕەمەزانی” لەگەڵ “ڕیچارد هاس”دا هاوڕایە و پێی وایە ناجەمسەری ئاماژەیە بۆ لەبەرڕۆیشتنی جەمسەربەندی (السيولة القطبية) و بەوە جیا دەکرێتەوە کە هەموو جۆرە جیاوازەکانی جەمسەربەندیی نێودەوڵەتی کە لە مێژوودا هەبوون لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە، بەڵام ئەلڕەمەزانی لەو باوەڕەدایە کە ئەم ناجەمسەربەندییە زۆر درێژە ناکێشێت و بەردەوام نابێت، بارودۆخ و ڕەوشی هەنووکەیی نێودەوڵەتی ئاماژەن بۆ ئەوەی کە سیستمێکی نێودەوڵەتی بە پەیکەرێکی نوێوە، جیاواز لەو سیستم و پەیکەرەی کە دوای لەبەریەکهەڵوەشانی یەکێتیی سۆڤیەت هاتە ئارا، دەستی کردووە بە خەمڵین([12]).
1-2-2. سیناریۆی تاکجەمسەری (Uni-polarity)
مەبەست لە سیستمی تاکجەمسەری ئەوەیە کە پەیکەری سیستمی نێودەوڵەتی شێوەیەکی قووچەکی وەردەگرێت و تاقانە هێزێک لە سەری سەرەوەی قووچەکەکەدا ئاکنجی دەبێت، توخمەکانی هێز و کاریگەری بۆ خۆی قۆرغ دەکات و ئاڕاستەی سیستمەکە دەکات و جڵەوی دەستپێشخەری بەدەستەوە دەگرێت. دوای لەبەریەکهەڵوەشانی یەکێتیی سۆڤیەت و کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە تاقانە جەمسەر و قۆرغکەری توانا و کاریگەریی جیهانی و سیستمی نێودەوڵەتی بووە سیستمێکی تاکجەمسەری. هەر چەندە بیریاران بیروبۆچوونی جیاوازیان لە بارەی ماوە و مەودای ئەم تاکجەمسەرییەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە هەیە، بەڵام ئەوانەی کە بەرگری لە تاکجەمسەریی ئەمەریکا دەکەن، پێشبینیی ئەوە دەکەن لانی کەم مەودای ئەم هەژموونەی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تا ناوەڕاستی سەدەی بیست و یەک درێژ دەبێتەوە. واتە ئایندەی سیستمی نێودەوڵەتی تا ناوەڕاستی سەدەی بیست و یەک، وەک سیستمێکی تاکجەمسەری دەمێنێتەوە([13]). بیریاری ئەمەریکایی “جۆزێف نای” لە کتێبێکیدا بە ناوی “ئایا سەردەمی ئەمەریکایی کۆتایی هاتووە؟”، پوختەی بۆچوونەکانی لە بارەی سەردەمی ئەمەریکاییەوە دەخاتە ڕوو، هەروەها بەرگری لە تێزی سەردەمی ئەمەریکایی دەکات و پێی وایە بەردەوام دەبێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا پێشبینیی ئاوابوونی ناکرێت([14]).
1-2-3. سیناریۆی دووجەمسەری (Bi-polarity)
مەبەست لە سیستمی دووجەمسەری، قۆرغکردنی هێز و کاریگەریی جیهانییە لەلایەن دوو هێز یاخود دوو دەوڵەتی سەرەکییەوە. هەندێک لە بیریاران پێشبینیی ئەوە دەکەن کە وا سیستمی نێودەوڵەتی بەرەو دووجەمسەری هەنگاو دەنێت و ئەو دەوڵەتەش کە پاڵێوراوە ڕۆڵی نەیار و کێبەرکێکاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وازی بکات، دەوڵەتی چینە. بەلای زۆرێک لە شرۆڤەکارانەوە، چین زۆرترین ئەگەری هەیە ڕکابەری هاوسەنگیی هێزی ئەمەریکایی بێت، هێزی ئەمەریکا تێبپەڕێنێت و سەدەی ئەمەریکایی کۆتایی پێ بێت. هێزی چین پشت بە گەشەی خێرای تێکڕایی کۆی داهاتی خۆجێیی (GDP) دەبەستێت، لە هەمان کاتدا چین خاوەنی سەرچاوە گرنگەکانی تری هێزیشە. ڕووبەری جوگرافیی چین هێندەی ڕووبەری جوگرافیی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە و ژمارەی دانیشتووانیشی چوار هێندەی ژمارەی دانیشتووانی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە. چین خاوەنی گەورەترین سوپایە لە جیهاندا، زیاتر لە 250 چەکی ناوکیی هەیە و خاوەنی توانایەکی نوێباوە لە بۆشایی ئاسمان و فەزای ئەلکترۆنیدا (لە نێویدا زۆرترین ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە جیهاندا)([15]).
بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە، هێزی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەر لە لوتکەدا دەمێنێتەوە، بەڵام هاوبەش و کێبەرکێکارێکی بۆ پەیدا دەبێت ئەویش دەوڵەتی چینە. بۆیە بە ڕای ئەم شرۆڤەکارانە ئەم دوو جەمسەرەی سیستمی نێودەوڵەتی، هەریەکەیان لە ناوچەیەکی جوگرافیدا توانا و کاریگەرییان قەتیس دەمێنێت و لەسەر ئاستی جیهانییش کێبەرکێ دەکەن.
1-2-4. سیناریۆی فرەجەمسەری (Multi-polarity)
کۆمەڵەیەکی تری شرۆڤەکاران پێشبینیی شێوازی فرەجەمسەری بۆ سیستمی نێودەوڵەتی دەکەن، ئەو دەوڵەتانەش کە ئەگەر و شیاویی ئەوەیان تێدا هەیە ببنە زلهێزی جیهانی و ململانێ و نەیاریی یەکتری بکەن، بریتین لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، چین، ئەورووپا، ڕووسیا، هیندستان و بەڕازیل. بەلای ئەم توێژەرانەوە ئەم وڵاتانە بە وڵاتانی ئاڵەنگار(challengers) ناو دەبرێن، واتە ئەو وڵاتانەی کە ئەگەری ئەوەیان هەیە ببنە هێز و جەمسەری جیهانی و ئاڵەنگاریی توانا و کاریگەریی هێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بکەن، جا ئەم وڵاتانە بەتەنها لە ڕێگەی هێزی خۆیانەوە بێت یان لە ڕێگەی ئەنجامدانی هاوپەیمانییەوە بێت لەناو خۆیاندا.
- لێکەوتە ئایندەییەکانی گۆڕانی سیستمی نێودەوڵەتی و کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان
یەکێک لەو هۆکارانەی کە وا کاریگەریی دەبێت لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ئایندەی هەرێم، ڕەوشی سیستمی نێودەوڵەتی و بارگۆڕانەکانیەتی. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، ئەگەری گۆڕانکاری لە سیستمی نێودەوڵەتیدا ئەگەرێکی ئامادەیە و بیریارانیش لە بارەیەوە کۆکن، بەڵام ئەوەی ڕاجیایی و مشتومڕی لە بارەوە دەکرێ، مەودای ڕوودانی گۆڕانکارییەکان و چۆنێتیی شکڵگرتنی سیستمی نێودەوڵەتییە لە ئایندەدا. لەم بەشەی وتارەکەماندا لێکەوتەکانی هەر یەکێک لەو سیناریۆیانەی کە بۆ ئایندەی سیستمی نێودەوڵەتی پێشنیاز دەکرێن، لەسەر هەرێمی کوردستان شەنوکەو دەکەین. ئەوەی لەم ڕووەشەوە کۆمەکمان دەکات و دەکرێت بیکەین بە بناغەی بۆچوونەکانمان، مێژووی وەرچەرخانەکانی سیستمی نێودەوڵەتییە لە ڕابردوودا، مێژووی سەروەختی گۆڕانکارییەکانی سیستمی نێودەوڵەتی پێمان دەڵێت: لەگەڵ هەموو گۆڕانکارییەکدا دەرفەت و ئاڵەنگاریی نوێ دێنە ئارا و شێوازی دابەشبوونی هێز و جەمسەربەندییەکان کاریگەری دادەنێن لەسەر ڕەوش و بارودۆخی کورد. بۆ نموونە؛ لە سەروەختی جەنگی یەکەمی جیهانی و گۆڕانی سیستمی نێودەوڵەتیدا، هەروەها لە سەروەختی جەنگی دووەمی جیهانی و گۆڕانی سیستمی نێودەوڵەتیدا، دەرفەت بۆ دەرکەوتنی پرسی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەڵکەوتووە، بەڵام دابەشبوونی هێز و شکڵگرتنی جەمسەربەندییەکانی دوای گۆڕانکارییەکان بە جۆرێک بووە لە بەرژەوەندیی پرسی کورد نەبووە و لێکەوتەی نەرێنیی بۆ کورد هەبووە. سەبارەت بە دروستبوون و لەسەرپێ وەستانی هەرێمی کوردستانیش، ناکرێت ڕۆڵی گۆڕانکارییەکانی سیستمی نێودەوڵەتی نادیدە بگرین. هەر بۆخۆی دروستبوونی قەوارەی هەرێم، هاوکات لەگەڵ وەرچەرخانی سیستمی نێودەوڵەتیدا لە دووجەمسەرییەوە بۆ تاکجەمسەری، ئاماژەیەکی ڕوونە لەم بارەیەوە.
دوو هۆکاری سەرەکی هەیە وا دەکات لە ئەگەری گۆڕانی سیستمی نێودەوڵەتیدا لە بارەی ئایندەی هەرێمی کوردستانەوە، ترس و نیگەرانیمان هەبێت: یەکەمیان هەژموونی ئەو دەوڵەتانەیە کە ئەگەری بوون بە جەمسەری جیهانییان هەیە و جڵەوی دەستپێشخەریی جیهانی بەدەستەوە دەگرن. دووەمیشیان دەرهاویشتەی هۆکاری یەکەمە، ئەویش گۆڕانی بەهاکانی سیستمی نێودەوڵەتییە، چونکە لەگەڵ گۆڕانی پەیکەری سیستمەکەدا بەها جیهانییەکانیش گۆڕانیان بەسەردا دێت. لە خوارەوە تاووتوێی ئەو ئەگەرە ئایندەییانە دەکەین کە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دادەنێن.
2-1. سیناریۆی ناجەمسەری
ئەگەرچی تێڕوانینی “ڕیچارد هاس” بۆ ناجەمسەری لە سیستمی نێودەوڵەتیدا جۆرێک لە زیادەڕەوی و گەشبینیی تێدایە، بەڵام ئەگەر لە دیدی “هاس”ەوە لە پرسەکە بڕوانین، ئەوا دەکرێت ئەو بەرەنجامە وەدەست بخەین کە وا ئەم سیناریۆیە مەترسییەکی ئەوتۆی بۆ سەر پێگە و قەوارەی هەرێمی کوردستان نابێت و پەراوێزێکی فراوان لەبەردەم جموجووڵ و چالاکییەکانیدا دەکاتەوە. بە تێڕوانینی هاس، لە سیستمی ناجەمسەریدا هێز پەرتەوازە دەبێت و لەنێوان ژمارەیەکی زۆرتری بکەری نێودەوڵەتیدا دابەش دەبێت. هەروەها دەوڵەتی نەتەوەیی تووشی ئاڵەنگاری دەبێتەوە، هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوەش، چەندین کۆمپانیا و بزووتنەوە و باند و ڕێکخراو دەبنە لەمپەر لەبەردەم پیادەبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی نەتەوەییدا و دەبنە هاوبەش و شەریکەبەشی. کەواتە لە ئەگەری سیستمی ناجەمسەریدا دەسەڵاتەکانی دەوڵەت تووشی داخوران دەبن و هێز لەنێوان ژمارەیەکی زۆری بکەری نێودەوڵەتیدا دابەش دەبێت، ئەمەش بە قازانجی ئەو بکەرانەیە کە نادەوڵەتن (وەک هەرێمی کوردستان کە بکەرێکی نادەوڵەتە)، چونکە پەیوەندیی نێوان هێزی دەوڵەت و نادەوڵەت پەیوەندییەکی پێچەوانەیە، واتە هەموو لاوازبوونێکی دەوڵەت بەهێزبوونی نادەوڵەتی لێ دەکەوێتەوە.
2-2. سیناریۆی تاکجەمسەری
دەکرێت بە سەرنجدان لە مێژووی دروستبوونی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، ئەو بەرەنجامە هەڵێنجین کە وا لە سای سیستمی تاکجەمسەریی ئەمەریکاییدا، قەوارەی هەرێم تا ڕادەیەک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەستەبەرییەکی زیاتری هەیە و بوارێکی فراوانتری بۆ جموجووڵ و چالاکی هەیە. هەروەها لە بارودۆخی بەردەوامبوونی سیستمی تاکجەمسەریدا، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جەمسەری تاقانەیە، بەها لیبراڵەکان هەژموون پەیدا دەکەن و ماف و فرەیی و دیموکراسی لە برەودا دەبن، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەتی ئەگەر زانیمان کە وا سەرپێکەوتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، سەرباری هۆکارگەلێکی تر، هاوکاتە لەگەڵ سەرەتاکانی ڕەنگڕێژبوونی سیستمی تاکجەمسەری و هەژموونی جیهانییانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بەها لیبراڵەکاندا. هەروەها تەبابوونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەم بەهایانەدا، کارێکی کردووە هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قبووڵکراو بێت و پەراوێزێکی لڤین و جموجووڵی هەبێت.
خاڵێکی تر کە لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێ بدەین پەیوەستە بە بەها و پێودانگە لیبراڵییەکان، ئەوەیە کە ئەم بەها و پێودانگانە بەها و پێودانگی شارستانێتیی خۆرئاوان، لەگەڵ هەڵکشانی هێز و هەژموونی وڵاتە خۆرئاواییەکاندا برەو پەیدا دەکەن و لەگەڵ داکشانی هێز و هەژموونیشیاندا لە برەو دەکەون. بۆیە لە ڕەوشی فرەجەمسەرییشدا پێگە و قورسایی ئەو بەها و پێودانگانە هەر دەمێنێت، بەڵام قورساییان هێندەی پێگە و قورسایی ئەو هێزانەیە کە بەرگری لە وەها بەهاگەلێک دەکەن و دەیپارێزن. لە لایەکی ترەوە ئەم بەهایانە نەیاریان بۆ پەیدا دەبێت و سیستمی نوێ بەها و پێودانگی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و بەرکاریان دەکات.
کەواتە سیناریۆی تاکجەمسەری و درێژەکێشانی هەژموونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پێشبینیی ئەوەی لێ دەکرێت کاریگەریی ئەرێنیی هەبێت لەسەر مانەوە و بەردەوامیی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشچوونی.
2-3. سیناریۆی دووجەمسەری و فرەجەمسەریی
لە سیستمی دووجەمسەری و فرەجەمسەریدا، بە هۆی دابەشبوون و جەمسەربەندیی بکەرە نێودەوڵەتییەکانەوە، پەراوێزی جموجووڵ بۆ بکەرە نادەوڵەتەکان بەرتەسک دەبێتەوە و جەمسەرەکانی ململانێش چاوپۆشی لە ڕەوشی ناوخۆیی وڵاتان دەکەن و لە پێناو پاراستنی ناوچەی نفووز و چڕنەکردنەوەی ململانێکاندا؛ خۆیان لە مامەڵەی ڕاستەوخۆ دەبوێرن، هەروەها ململانێ بەهای هێز پەرە پێ دەدات و بەرژەوەندیی جێگە بە ماف لێژ دەکات. لە لایەکی ترەوە، توندبوونەوەی ململانێ و چڕبوونەوەی جەمسەربەندیی نێوان هێزە نێودەوڵەتییەکان، بەهای دەوڵەت و دیدی دەوڵەتسالاری زاڵ دەکات. پەیماننامەی ویستڤالیا (1648) کە سیستمی نێودەوڵەتیی هاوچەرخی لەسەر بناغەی دەوڵەتی خاوەن سەروەری داڕشت، ئەم ڕاستییەمان زیاتر بۆ ڕوون دەکاتەوە. ئەم هۆکارانە وا دەکەن ترسمان لە ئایندەی هەرێمی کوردستان هەبێت لە حاڵەتی سیستمی دووجەمسەری یاخود فرەجەمسەریدا، چونکە هەرێمی کوردستان خاوەنی قەوارەیەکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری نییە و هەرێمێکە لەناو دەوڵەتێکی فیدراڵدا.
ئەگەر سەرنجێکی خێرا لە بارودۆخی باشووری کوردستان بدەین لە سەدەی ڕابردوودا، کە لە نیوەی یەکەمی سەدەکەدا سیستمی نێودەوڵەتی فرەجەمسەری بوو، لە نیوەی دووەمیشیدا تاکوو نەوەدەکان تاکجەمسەری بوو، بەڕوونی بەدیار دەکەوێت کە ململانێ لە پێناو هێز و فراوانکردنی ناوچەی نفووزدا کارێکی کردووە چاوپۆشی لە ڕەوشی کورد بکرێت و وەک پرسێکی ناوخۆیی دەوڵەتی عێراق تەماشا بکرێت. دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، دەرفەتی دەرکەوتنی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هاتە ئارا و ئەگەری دروستبوونی قەوارەیەکی کوردیش لەم بەشەی کوردستاندا لە ڕسکاندا بوو، بەڵام ململانێ و جەمسەربەندیی سیستمی نێودەوڵەتی، کە وەک سیستمێکی فرەجەمسەری مایەوە، یەکێک بوو لە هۆکارەکان بۆ لەبارچوونی دەرفەتەکە. دوای جەنگی دووەمی جیهانییش، سیستمی نێودەوڵەتی گۆڕا بۆ سیستمێکی دووجەمسەری، بەڵام توندیی ململانێ و جەمسەربەندییەکان، سەرەڕای هۆکارە ناوخۆیی و هەرێمییەکان، ڕێگەی دروستبوونی هەموو دەرفەتێکی بە ڕووی کوردی ئەم بەشەی کوردستاندا کڵۆم کرد و لە چوارچێوەی عێراقدا قەتیسی کرد.
خاڵێکی تر کە لە ئەگەری سیناریۆی دووجەمسەری و فرەجەمسەریدا مایەی نیگەرانییە، ئەوەیە کە ئەو هێزانەی پاڵێوراون بۆ ئەوەی ببنە هێزی کێبەرکێکار و وەک جەمسەری جیهانی دەربکەون؛ هێزی دەوڵەتگەران، واتە بڕوایان بە ناوەندێتیی دەوڵەتی خاوەن سەروەری هەیە و هێزگەلێکن کە مامەڵە و بەرخوردیان لەگەڵ دەوڵەتدایە، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستانیش بکەرێکی نادەوڵەتە، ئەم وەرچەرخانە بە زیانی هەرێم تەواو دەبێت و پەراوێز دەخرێت و وەک کارتێکی فشار مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. هەروەها ئەو بەها نێودەوڵەتییانەی کە هەرێمی کوردستان لە سایەیدا نەشونمای کردووە (وەک مافی مرۆڤ و فرەیی و دیموکراسی و… هتد)، هیچیان لەلایەن ئەم دەوڵەتانەوە هەڵنەگیراونەتەوە و بگرە دژایەتییشی دەکەن.
دەرئەنجام
- هەموو گۆڕانکارییەک لە سیستمی نێودەوڵەتیدا، گۆڕانکارییش لە ڕەفتاری بکەرە نێودەوڵەتییەکان و بەها نێودەوڵەتییەکانیشدا دروست دەکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر ڕەوش و بارودۆخی هەرێمی کوردستان دادەنێت.
- لە ئەگەری سیستمی نێودەوڵەتیی تاکجەمسەری و ناجەمسەریدا، کاریگەرییەکە ئەرێنییە و پێگەی هەرێم ڕوو لە هەڵکشان دەبێت.
- لە ئەگەری سیستمێکی دووجەمسەری یان فرەجەمسەریدا، کاریگەرییەکان نەرێنی دەبن و مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست دەکات، بەتایبەتی ئەگەر زانیمان قەوارەی بکەرە نادەوڵەتەکان بەراورد بە قەوارەی دەوڵەت مەترسیی زیاتری لەسەرە.
- پێویستە لەسەر بڕیاردروستکەرانی هەرێمی کوردستان، واقیعیانە و دووربینانە مامەڵە لەگەڵ پێشهات و گۆڕانکارییەکاندا بکەن و خۆیان بۆ هەر ئەگەرێکی گۆڕانکاری ئامادە بکەن.
سەرچاوە و پەراوێزەکان
[1] . لەم بارەیەوە بڕوانە:
- سەلام ناوخۆش، فەرهەنگی ئۆکسفۆرد، ئینگلیزی-کوردی (سلێمانی: کتێبخانەی زانیار، 2013)، لا 236؛ لا
- جەمال عەبدول، فەرهەنگی زیوار، ئینگلیزی-عەرەبی-کوردی (هەولێر: چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، 1995)، لا172؛ لا
- سەلاح سەعدوڵا، قاموسا سەلاحەدین، ئینگلیزی- کوردی (بەغداد: دار الحرية للطباعة والنشر، 1998)، لا 590؛ لا
- د. ئەوڕەحمان عەبدوڵا، فەرهەنگی پزیشکی، ئینگلیزی-عەرەبی-کوردی (هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، 2010)، لا
- فوئاد ڕەشید بەکر، فەرهەنگی فوئاد، ئینگلیزی-کوردی (سلێمانی: بەڕێوەبەرێتیی گشتیی چاپ و بڵاوکردنەوە، 2005)، لا340؛ لا
- د. جەمال ڕەشید فەرەج، فەرهەنگی پزیشکیی دەوەن، ئینگلیزی-عەرەبی-کوردی (هەولێر: ئەکادیمیای کوردی، 2010)، بەشی دووەم، لا380؛ هەروەها بەشی سێیەم، لا
- د. حەمەڕەشید قەرەداغی، فەرهەنگی ئازادی، ئینگلیزی-کوردی (چاپی سێیەم، نەشری ئیحسان، 2012)، لا649؛ لا
[2]. Michael J. Mazarr, Miranda Priebe, Andrew Radin and Astrid Stuth Cevallos, Understanding the Current International Order (RAND’s project to explore US strategy in a changing world: 2016), pp. 7-8
[3] . بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی نەزمی نێودەوڵەتی و جیاوازییەکانی لەگەڵ سیستمی نێودەوڵەتیدا، سەیری ئەم سەرچاوەیە بکە:
Michael J. Mazarr, Miranda Priebe, Andrew Radin and Astrid Stuth Cevallos, Op. Cit., pp. 7-12.
[4] . بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی ڕیشەی سیستم و واتا و پێناسە جیاوازەکانی چەمکی سیستمی نێودەوڵەتی، سەیری ئەم سەرچاوانە بکە:
- عومەر نوورەدینی، سیستمی نوێی جیهانی و دۆزی کورد (هەولێر: چاپخانەی حاجی هاشم، 2004)، لا19-84.
- د. ممدوح محمود مصطفى منصور، سياسات التحالف الدولي (الإسكندرية: مكتبة مدبولي، 1997)، ص ص 52-83.
[5] . د. علي الدين هلال، النظام الدولي الجديد: الواقع الراهن وإحتمالات المستقبل، مجلة عالم الفكر، المجلد الثالث والعشرون، العددان الثالث والرابع (الكويت: المجلس الوطني للثقافة والفنون والآداب، يناير/مارس- ابريل/يونيو 1995)، ص10.
[6] . المصدر نفسه، ص ص10-11.
[7] . أ. د. مازن الرمصاني، النظام الدولي قيد التشكيل ومشهد ديمومة التردي وبداية التغيير العربي في عام 2040، مجلة التجديد العربي، العدد 2 (المعهد العالمي للتجديد العربي، يوليو 2021)، ص ص328-329.
[8] . بۆ نموونە جۆزێف نای
[9] . بۆ نموونە ڕیچارد هاس
[10] . بۆ نموونە مازن ئەلڕەمەزانی
[11]. Richard N. Hass, “The Age of Non-polarity: What Will Follow U. S. Dominance”, Foreign Affairs, Vol. 87, No. 3, (May- Jun 2008), pp. 44-56.
[12] . أ. د. مازن الرمصاني، المصدر سبق ذكره، ص330.
[13] . بۆ زانیاریی زیاتر لەم بارەیەوە، بڕوانە ئەم سەرچاوەیە:
جمال سند السويدي، آفاق العصر الأمريكي: السيادة والنفوذ في النظام العالمي الجديد (أبوظبي: 2014).
[14] . ڕانانێکی دوورودرێژ و پوختە وەرگێڕانێکمان بۆ ئەم کتێبەی جۆزێف نای کردووە و لە دوو ژمارەی گۆڤاری ئایندەناسیدا (ژمارە (5)ی کانوونی یەکەمی 2021 و ژمارە (6) ئازاری 2021) بڵاو کراوەتەوە و خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆیان.
[15]. Joseph S. Nye, Jr., Is The American Century Over? (Malden: Polity Press, 2017), pp. 46-47.
گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی پانزەیەم (15) کانوونی یەکەم، پایزی 2022، ساڵی سێیەم