• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 6, 2024

ئایندەی شەڕی غەزە لە نێوان چارەسەر و ئاڵنگارییەكان

ئامادەكردن و وەرگێڕان: پەرۆش محەمەد

بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل لە وتارێکیدا هۆشیاریی ئەوەی دا کە “شەڕێکی درێژ” بەڕێوەیە، لە کاتێکدا فڕۆکەکانی وڵاتەکەی بەردەوام بوون لە بۆردوومانی کەرتی غەزەی پڕ لە دانیشتووان. لە ماوەی ئەو سێ هەفتەیەی کە حەماس زیاتر لە ١٤٠٠ ئیسڕائیلیی کوشت، بەرپرسە باڵاکانی ئیسڕائیل ئەوە ناشارنەوە کە دەیانەوێت حەماس “لە سەر ڕووی زەوی بسڕنەوە”.

حەماس دوای ئەوەی ١٦ ساڵە لە دەسەڵاتدایە، بە قووڵی لە ناو کەرتی غەزەدا جێی خۆی کردووەتەوە. پسپۆڕانی ناوچەکە گومان دەکەن ئیسڕائیل بتوانێ ئەو گرووپە سەربازییە بە تەواوی دەربکات. هەتا ئەگەر ئیسڕائیل سەرکەوتوو بێ لە ڕووخاندنی حەماس، ئەوە بەدوایدا بۆشاییەکی سیاسی و بەڕێوەبردن دروست دەبێت و قەیرانێكی مرۆیی زۆر گەورە سەر هەڵدەدات. بە پێی وەزارەتی تەندروستیی ناوچەکە کە حەماس بەڕێوەی دەبات و ژمارەکانیشی تا ئێستا باوەڕپێکراون، نزیکەی ٩٠٠٠ کەس لە غەزەدا کوژراون. لە ناو کوژراوەکاندا، زیاتر لە ٣٥٠٠ منداڵ هەیە بە پێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەڵام چی ڕوو دەدات دوای شەڕەکە؟ بەرپرسانی ئیسڕائیلی شتێكی کەمیان گوتووە دەربارەی پلانەکانیان بۆ کەرتەکە و دانیشتووانە دوو ملیۆنییەکەی. لەم ڕووەوە زۆر کەس ئیسڕائیل بەراورد دەکەن بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ئەفغانستان. گۆڤاری فۆرین پۆڵەسی قسەی لەگەڵ چەندان کەس لە بەرپرس و دیپلۆماتکارەکانی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا و ئیسڕائیل، پسپۆڕانی فەڵەستینی و ناوچەکەدا کردووە دەربارەی ئایندەی غەزە، هەموویان نیگەرانیی قووڵیان دەربارەی دۆخەکە دەربڕیوە، بەڵام ڕێگر و بەربەستە سیاسی، ئەمنی و دیبلۆماسییەکان کۆمەڵێ سیناریۆی خەمناک دەخەنە ڕوو کە بە پڕۆسەیەکی لەناوبردندا تێدەپەڕن.

“هیچ بژاردەیەکی باش بوونی نییە. دۆخەکە لە زۆنێكدایە کە من ناوم لێ ناوە، هەڵبەت کەمێک ئەهوەنتر، بژاردە نزم و خوار ستانداردەکان”، ئەمە قسەی دەیڤید ماکۆڤسکییە کە ڕاوێژکاری باڵای نێردەی تایبەتی دانوستانەکانی ئیسڕائیل-فەڵەستین بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا.

 

ئایا ئیسڕائیل بە ڕاستی دەتوانێت حەماس لەناو ببات؟

پێشبینییەکان بۆ ئەوەی کە لە غەزە دێت و ڕوو دەدات؛ خەمناکە و لەوێشەوە خراپتر دەبێت. داگیرکردنی زەمینیی کەرتی غەزە کە ناوچەیەکی چڕی دانیشتووانە و پڕە لە بینای بەرز، بەراورد کراوە بە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە موسڵی عێراق لە ساڵی ٢٠١٦ کە یەکێک بوو لە وێرانکارترین شەڕی ناو شارەکان لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە.

حەماس ساڵانێکی زۆری لە بەر دەستدا بووە بۆ ئەوەی پێگەکانی خۆی قایم بکات لە سەدان کیلۆمەتر تونێلدا کە لە ژێر زەویدا هەڵیکەندووە. ئەم هێزە سەربازییە بەوە ناسراوە کە تونێلەکانی لە تەنیشت و پەنای قوتابخانە، نەخۆشخانە و مزگەوتەکاندا لێدەدات و ئەمەش کێشەکە قورستر دەکات بۆ ئیسڕائیل لە کاتی بەئامانجگرتندا. هەر ئێستا توندی و چڕیی مووشەکباران و بۆمبارانەکانی ئیسڕائیل لەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی زۆرترە کە لە شەڕی موسڵدا بەکاریان هێنا. “بە دیاریکراوی ئامانجە سەربازییەکانی ئیسڕائیل تەنها بەوە بەدی دێت کە بەشێكی گرنگی غەزە تەختی زەوی بکرێت”، ئەمە قسەی فرانک لوینستەینە کە پێشتر نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بووە لە دانوستانەکانی ئیسڕائیل-فەڵەستیندا.

هێزەکانی پاراستنی ئیسڕائیل (IDF) بەردەوام و چەندین جار داوایان لە یەک ملیۆن دانیشتووانی باکووری غەزە کردووە کە ناوچەکە چۆڵ بکەن و هۆشیارییان داوە کە هەر کەسێک بمێنێتەوە، وەکوو «هاریکار»ی حەماس تەماشا دەکرێت. بە پێی خەمڵاندنەکانی ئیسڕائیل، نزیکەی ٣٥٠،٠٠٠ کەس ماونەتەوە. هەندێکیان بە هۆی نەخۆشی و بەتەمەنییەوە ناتوانرێت بگوازرێنەوە و ئەوانی تریش دەترسن گەر ناوچەکە چۆڵ بکەن؛ هەرگیز ڕێگەیان پێ نەدرێت بگەڕێنەوە. هەتا ئەوانەشی کە هەڵهاتوون بۆ بەشی باشوری غەزە؛ کەوتوونەتە بەر بۆمباران، لە بەر ئەوەی فڕۆکەکانی ئیسڕائیل لە هەموو غەزە بۆردوومانیان کردووە.

بەرپرسانی ئیسڕائیل ئامانجێکیان بۆ خۆیان داناوە کە ئەویش لەناوبردنی هەموو شوێنەوار و جێپەنجەیەکی حەماسە، “نەک تەنها پەکخستنی تاکتیکیانەی حەماس، بەڵکوو وێرانکردنی هەموو توانایەکی حەماس لە ڕووی سەربازی و ئیدارییەوە لە غەزەدا”، ئیدی بەبێ گوێدان بەوەی کە ئایا ئەو کەسانە سەر بە باڵە سەربازییەکەی حەماسن یان نا، ئەمانە قسەی دیپلۆماتکارێکی باڵای ئیسڕائیلە کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، لە بەر ئەوەی مۆڵەتی قسەکردنی لەو بارەوە نەبوو بە پێی پڕۆتۆکۆلەکانی وەزارەتی کاروباری دەرەوە. “هیچ جیاوازییەک بوونی نییە، ئەگەر ئەو کەسانە سەر بە حەماس بن، کەواتە حەماسن”، دیپلۆماتکارەکە ئەوەشی گوت.

سەرەڕای سەختیی ناوچەکە لە ڕووی سەربازییەوە، پسپۆڕان گومانیان لەوە هەیە کە ئیسڕائیل بتوانێ حەماس بە تەواوی لەناو ببات. سەرباری باڵە سەربازییەکەی حەماس، دەیان هەزار کەس لە لایەنگران و هەندێ لە بیرۆکراتەکانی دەسەڵاتی فەڵەستینی؛ قوتابخانە، نەخۆشخانە و سیستمێکی دادوەری بەڕێوە دەبەن. “ئێمە باسی ٦٠،٠٠٠ کەس دەکەین”، خەلیل شیکاکی وای گوت کە بەڕێوەبەری سەنتەری فەڵەستینییە بۆ سیاسەت و توێژینەوە. “ئەو کەسانە پۆل و قوتابخانەکان بەڕێوە دەبەن، ئەوانە دکتۆر و برینپێچن و کەسانێکن لە کەرتە خزمەتگوزارییەکاندا کار دەکەن، ئاو و کارەبا دابین دەکەن، بۆ دەبێت ئیسڕائیل شوێن ئەم کەسانەش بکەوێت و بیانکاتە ئامانج؟”، خەلیل شیکاکی ئەپرسێت.

دواتر کێشەی حەماس هەیە وەکوو فیکر. حەماس کە لە کۆتاییەکانی ١٩٨٠دا دامەزراوە، پابەندیی خۆی نیشان داوە بۆ بەرەنگاریی سەربازی و لەناوبردنی ئیسڕائیل. حەماس دووەم گەورەترین هێزە لە سیاسەتی فەڵەستینییەکاندا. “حەماس بەرجەستەبوونێکی ڕێخراویی فیکرێکە”، ئەمە قسەی ئارۆن دەیڤید میڵەرە کە پێشتر بەرپرسێکی باڵا بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە لە دانوستانەکانی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاری کردووە. لە کاتێکدا ژمارەی کوژراوەکان زیاد دەکات و کارەساتە مرۆییەکەی غەزە گەورەتر دەبێت، ئەگەری زۆرترە کە ویستی ئیسڕائیل بۆ ئەمن و ئاسایش؛ تۆوی ناسەقامگیری و مەترسیی زیاتر لە ئایندەدا بچێنێت. “من هەتا ناتوانم لێکەوتە درێژمەوداکانی ئەم قەیرانە لە ڕووی مرۆیی و ئاسایشەوە بهێنمە بەرچاوی خۆم”، ئەمە قسەی خالید ئەلجیندییە کە بەڕێوەبەری بەرنامەی فەڵەستین و پرسی ئیسڕائیل-فەڵەستینە لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. خالید ئەوەشی گوت کە “بە هەمان شێوەی ئەوەی کە ئیسڕائیلییەکان ئارەزووی تۆڵەکردنەوە دەکەن، ئێمە دەبێ بیر لەوەش بکەینەوە کە هەمان پاڵنەری مرۆیی لای لایەنی بەرامبەر کە فەڵەستینییەکانە، بە بڕ و پلەیەکی زۆر گەورەتر هەیە”.

 

ئاڵنگاریی بنیادنانەوە

هەر چەندە ئەندامپەرلەمانە ڕاستڕەوەکانی ئیسڕائیل بیرۆکەی لکاندنی بەشێکی کەرتی غەزەیان هێناوەتە ئاراوە کە ئیسڕائیل لە ٢٠٠٥دا نشینگەکانی خۆی تێیدا ڕووخاند، بەڵام بەرپرسە باڵاکان بەردەوام ئاماژەیان بەوە داوە کە هیچ ئارەزوویەکیان نییە دووبارە غەزە داگیر بکەنەوە. شتێکی ئەستەمە سیناریۆکانی دوای جەنگەکە بە شێوەیەک بێت کە سوپای ئیسڕائیل لە کەرتی غەزەدا نەمێنێتەوە، ئەم مانەوەیە پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە خۆڕێکخستنەوەی حەماس و هەروەها بۆ سەقامگیرکردنی بارودۆخەکە. سەرکردە سەربازییەکانی ئیسڕائیل لە ئێستادا ئامادەکاری دەکەن بۆ سیناریۆیەک کە تێیدا ئەوان چاودێریی ئاسایش و ژیانی مەدەنی دەکەن لە کەرتەکەدا و چاوەڕوانی گواستنەوەی کەسانێکن لە «هاریکاریی چالاکیی حکومی لە ناوچەکاندا»، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاتی ڕۆڵیان هەبێت لە غەزە، ئەم کەسانەش لە یەکەیەکی سەربازیدان کە مامەڵە لەگەڵ پرسە مەدەنییەکاندا دەکەن لە کەرتی خۆرئاوا. ئەم زانیارییانەش بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی هارێتزی ئیسڕائیلیە.

یەکسەر و بەدوای پڕۆسە سەربازییەکەی ئیسڕائیلدا، پێویستیی مرۆیی و بونیادنانەوە زۆر زۆر دەبن. نەخۆشخانە و تەرمخانەکان لە ئێستادا پڕن و جێگایان نەماوە. زەخیرەی سووتەمەنی کە پێویستن بۆ ئیشپێکردنی مۆلیدەی نەخۆشخانەکان و پاڵاوتگەکانی خاوێنکردنەوەی ئاو، لە ئێستادا کەمن بە هۆی ئەو گەمارۆ سێ هەفتەییەی ئیسڕائیل خستیە سەر غەزە.

لە ماوەیەکی کەمێ دوورتردا پسپۆڕان ئاماژە بە هاوپەیمانییەکی وڵاتە عەرەبییەکان دەکەن -بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەو وڵاتانەی ڕێککەوتننامەی ئەبرەهامیان واژۆ کردووە کە ئیسڕائیل پێی وایە دەتوانێ کاریان لەگەڵدا بکات- کە بتوانێ وەکوو هێزێکی ناوبەر ئەو بۆشاییە ئاسایشی و بەڕێوەبەرییە پڕ بکەنەوە لە غەزەدا بە هاوکاریی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان. “من سەربازانی میسڕی، ئەردەنی و سعودی دەبینم لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە کۆنترۆڵی هەرێمەکە دەکەن لە قۆناغی ناوبەردا، هەروەها بڕێکی زۆر پارە دابین دەکرێت لە لایەن ئیمارات و سعودیەوە بۆ مەسەلەی بنیادنانەوە”، ئەمە قسەی ئامی ئایالۆنی بەرپرسی پێشووی «شین بێت»ە کە دەزگای زانیاریی ناوخۆی ئیسڕائیلە. بەڵام تاوەکوو هەڵمەتەکەی ئیسڕائیل لە غەزەدا درێژتر و خوێناویتر بێت، زەحمەتتر دەبێت دەستەبەری هاریکاریی وڵاتە عەرەبییەکان بکرێت.

دواتر ئاڵنگاریی بنیادنانەوە دێت کە تێچووەکەی خۆی لە بلیۆنان دۆلاردا دەبینێتەوە. بە هۆی ئەوەی لە دەیەی ڕابردوودا ناوبەناو حەماس و ئیسڕائیل شەڕیان هەبووە، غەزە بە نزیکەیی لە دۆخی بنیادنانەوەی بەردەوامدا بووە. هەوڵەکان بۆ بنیادنانەوەی ماڵ و ژێرخانە ڕووخاوەکان بە هۆی شەڕەوە بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، بە هۆی ئەوەی پەیمانی پاڵپشتییە داراییەکان نەبراوەتە سەر و هەروەها بە هۆی ئەوەشەوە کە هەوڵ دراوە ڕێگری بکرێت لەوەی ئەو کەرەستانەی بیناسازی بکەونە دەست حەماس. “بونیادنانەوە زۆر گرنگە، پێویستە زۆر بە خێرایی توانای بەرەوپێشەوەچوون نیشان بدرێت”، ماکۆڤسکی ڕاوێژکاری پێشووتری وەزارەتی دەرەوە وەهای گوت.

 

سیاسەت دوای حەماس

تاوەکوو دوورتر مرۆڤ بڕوانێت، داهاتووی غەزە ناڕوونتر دەبێت. ئەگەر حەماس دوور بخرێتەوە دوای ئەوەی لە (٢٠٠٧)ەوە غەزەی بەڕێوە بردووە، جێگرەوەی هەرە ڕوون بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەسەڵاتی فەڵەستینییە کە کەرتی ڕۆژئاوا بەڕێوە دەبات. دەسەڵاتی فەڵەستین لە سەرەتای ڕێککەوتنی ئۆسلۆدا لە ناوەڕاستی (١٩٩٠)کان دامەزرا، بەهیوای ئەوەی لە داهاتوودا دەوڵەتی فەڵەستینیش دروست بکرێت، بەڵام ئەمە سیناریۆ هەرە باشەکە نییە.

یەکەم شت تێڕوانینی گشتی هەیە. دەسەڵاتی فەڵەستینی لە لایەن حەماسەوە لە ٢٠٠٧ لە غەزە وەدەرنراوە و ئەگەرێکی لاوازە بیرۆکەی گەڕانەوە قبووڵ بکات لە دوای هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سزادان و لابردنی ڕکابەرەکەی. “ئەوان نایانەوێ وەکوو ئەوە تەماشا بکرێن کە بە سواری تانکی ئیسڕائیلی هاتوون بۆ دەستبەسەرداگرتنی غەزە”، ئەمە قسەی زەها حەسەنە کە ئەندامی کارنێجە بۆ ئاشتیی جیهانی و بواری توێژینەوەکەی لە سەر ئاشتیی فەڵەستین-ئیسڕائیلە.

هەروەها پرسی یاساییبوون و شەرعیەت هەیە. دەسەڵاتی فەڵەستینی لە (٢٠٠٥)ەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەنجام نەداوە، لەو کاتەوە کە مەحموود عەباسی ٨٧ ساڵ بۆ یەکەم جار هەڵبژێردرا. زۆرینەی فەڵەستینییەکان دەسەڵاتی فەڵەستینی وەکوو گەندەڵ و ناکارا دەبینن و هاریکاریی ئاسایشی لەگەڵ ئیسڕائیلدا لە کەرتی خۆرئاوا بە گومانی زۆرەوە لێی دەڕوانرێت لە کاتێکدا جووە هاوردەکان بەردەوامن لە داگیرکردنی زەویی فەڵەستینییەکان.

دواتر کێشەی توانا دێتە پێشەوە. دەسەڵاتی فەڵەستینی نەیتوانیوە هاوڵاتییانی مەدەنی لە هێرشی ئیسڕائیلییە هاوردەکان لە کەرتی خۆرئاوا بپارێزێت و بودجەکەشی تەواو کەمی کردووە، لە بەر ئەوەی ئیسڕائیل دەستی بەسەر ملیۆنان دۆلاردا گرتووە لە داهاتی ئەو باجەی لە فەڵەستینییەکان کۆ دەکرێتەوە.

هەتا مانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی خۆیشی کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە لەم ساڵانەی دواییدا، ئیدی لەوە گەڕێ بتوانێ بەڕێوەبردنی دوو ملیۆن هاوڵاتیی غەزەش لەئەستۆ بگرێت لە دوای شەڕ. بۆ ئەوەی حکومەتی فەڵەستینی دەسەڵاتی هەبێت؛ هەڵبژاردنی نوێ، سەرچاوەی گرنگ و «تێڕوانینێکی زۆر جیاوازی لە لایەن ئیسڕائیلەوە پێویستە»، ئەمە قسەی لوینستەینی نێردەی تایبەتی پێشووی ئەمەریکایە. هەروەها ئەمەشی بۆ زیاد کرد: ”بەڵام لە ئێستادا ئێمە لەو پرسانەدا لە ئەوسەری کێشەکانداین”.

کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەڵەستین لە ٢٠٠٦دا، سەرکەوتنێکی چاوەڕواننەکراو بوو بۆ حەماس کە بەردەوام وێرانکردنی ئیسڕائیلی ویستووە وەکوو دژایەتییەک بۆ گەندەڵی لە بزووتنەوەی فەتحدا کە هێزی سەرەکییە لە کەرتی خۆرئاوا. لوینستەین دەڵێت کە هەڵبژاردنی نوێ بۆ دەسەڵاتی فەڵەستینی دەکرێ پابەندبوون بە ناتوندوتیژییەوە لەخۆ بگرێت وەکوو ڕێگایەک بۆ ڕێگریکردن لە هەڵبژاردنی گرووپە توندڕەوەکان، بەڵام هەڵبژاردنی دیموکراتیانە لە خۆیدا چاوەڕاننەکراوە و ڕەنگە پێویستی بەوە بێت کە ئیسڕائیل و هاوبەشەکانی ڕێز لە ئەنجامەکانی بگرن کە مەرج نییە بەدڵیان بێت. وەکوو ئەلجیندی لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: ”سیاسەت شتێک نییە کە تۆ بتوانی لە دەرەوە دیزاینی بکەی”.

لە کاتێکدا کە داگیرکردنی زەمینی لە لایەن ئیسڕائیلەوە ڕەنگە گورزێکی کوشندە لە سەرکردەکانی حەماس، سەربازەکان و زەخیرەی چەکەکانی بدات، بەڵام شیکەرەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاکە چارەسەری دوورمەودا کە لە ئاست پێویستیی ئیسڕائیلدا بێت بۆ ئاسایش و لە ئاست هیوای فەڵەستینییەکاندا بێت بۆ «چارەی خۆنووسین»، تەنها ئەوەیە کار بکرێت بەرەو چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەکە.

لە کاتی قسەکردنیدا بۆ پەیامنێران، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا پشتیوانیی خۆی دووپات کردەوە بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی و دروستکردنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی.

بەر لە هێرشەکانی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر، هیواکان بە شتێکی لەو جۆرە دەمێک بوو لەبیر چووبوونەوە. لەم ساڵانەی دواییدا لە ناو فەڵەستینییەکان و ئیسڕائیلییەکانیشدا پشتیوانی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی کەمی کردووە، بەڵام زۆر کەس هێشتاش ئەمە وەکوو تاکە ڕێگای چارەسەری کێشەکە دەبینن. ”ئەگەر ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتی ئیسڕائیلی بە سەلامەتی ببینین و ناسنامەی خۆمان وەکوو دیموکراسیەتی جوولەکە لەدەست نەدەین، ئەمە تەنها تێگەیشتنە، چونکە بە پێچەوانەی ئەمەوە ئێمە دەوڵەتێكی ئاپارتاید دروست دەکەین و هەرگیزیش سەلامەت نابین”،  ئەمە کۆتا قسەی ئارۆنی بەڕێوەبەری پێشووی شین بێت بوو.

 

چوار ناوچە لە جێی دوو دەوڵەت

وەکوو هێرشەکەی حەماس نیشانی دا، هەڕەشەی هەرە مەترسیدار لە ئێستادا بۆ ئیسڕائیل ناوخۆییە و تا ئەندازەیەکیش خۆی لێی بەرپرسە. پاڵنەری سەرەکیی ئەمە شکستی ئیسڕائیلە لەوەی یان دەوڵەتێکی ڕاستەقینە پێشکەشی فەڵەستینییەکان بکات، یاخود ئاسایش و دەرفەتی ئابووری و سیاسیی یەکسانیان بۆ دابین بکات. لە جێی دەوڵەت، فەڵەستینییەکان دابەشی چوار ناوچەی دابڕاو بوون کە ئیسڕائیل کۆنترۆڵی دەکات کە هەریەکە و هۆکاری جیاوازی هەیە بۆ گرژی لەگەڵ ئیسڕائیل و لە هەریەکەشیاندا دانیشتووانە فەڵەستینییەکان فشاری جیاوازیان لەسەرە.

یەکەم ناوچە کە بەشێکە لە چارەسەری ”بێدەوڵەتی”، ناوچەکانی قودسی گەورە دەگرێتەوە. هۆکاری گرژی و ململانێکانی ئەم ناوچەیە؛ کۆنترۆڵکردنی چەقی دێرینی شارەکە و شوێنە پیرۆزەکان، خانووبەرە و سنوورداریی ئیشوکار بۆ فەڵەستینییەکان لە بەشی ڕۆژهەڵاتی قودس، زۆرینەیەکی دانیشتووانی ئیسڕائیلییەکان و دەستگرتن بەسەر قودسی گەورە و سنووربەندیی ئەمنیی نائاسایی لە ناوچەکەدا.

دووەم ناوچە، بەشەکانی دیکەی ئیسڕائیلە بە ڕێکاری تا ئەندازەیەک جیاوازەوە بۆ فەڵەستینییەکان لە ڕووی مافی مرۆڤ، هاوڵاتیبوون، جووڵە و هاتوچۆ لەگەڵ چاودێریی توند و ئەمنیەت.

سێیەم ناوچە کەرتی ڕۆژئاوایە کە حکومەتی فەڵەستینی تێدایە لە چەشنی کاکڵەیەکی پووچ کە بە ئەمری واقیع ئیسڕائیل کۆنترۆڵی بەسەر هێزە ئەمنییەکانی فەڵەستین لەو ناوچەدا هەیە، کۆنترۆڵی توندی جووڵە و دەستڕاگەیشتنی فەڵەستینییەکانی بە بەشەکانی دیکەی ئیسڕائیل کردووە. هەروەها لەم ناوچەدا بە هێواشی بوونی نشینگە جووە ”هاوردەکان” بە پاڵپشتیی حکومەتەکەی نەتەنیاهۆ زیاتر دەبێت.

ناوچەی چوارەم غەزەیە، کە تاوەکوو ئێستا فەڵەستینییەکان تێیدا خراپترین فشاریان لە سەر بووە بەراورد بە ناوچەکانی تر. غەزە دانیشتووانەکەی نزیکەی ٢،١ ملیۆن کەس دەبێت و هیچ جوولەکەیەکی تێدا ناژی، وەکوو ڕووبەریش تەنها دوو ئەوەندەی بەشە گەورەکەی شاری واشنتن دەبێت. غەزە هیچ پیشەسازییەکی گەورە و هیچ شمەکێکی نییە بینێرێتە دەرەوە و پشت بە ئیسڕائیل دەبەستێت بۆ زۆربەی پێوسیتییەکانی بە ئاوی خواردنەوە و کارەبا. ئەو زەوییە کەمەی کە سەوزە و میوەی تێدا دەچێنرێت، بەشێکە لە زۆنی ئەمنیی ئیسڕائیل. نزیکەی لە ٪٥٠ی دانیشتووانەکەی بێکارن، لە ٪٥٠ی ڕاستەوخۆ پشت بە هاریکاریی دەرەکی دەبەستن و لە ٪٢٠ی دانیشتووانەکەی هەندێ هاریکاری وەردەگرن. غەزە خاوەنی گەنجترین دانیشتووان، زۆرترین ژمارەی منداڵ و گەنجی پێگەشتووە بەراورد بە هەر هەرێم و وڵاتێکی تر لە جیهاندا. غەزە بە دیوارێک لە هەموو ئیسڕائیل جیا کراوەتەوە و هیچ فڕۆخانەیەکی ماناداری نییە و سەربەخۆ ناتوانێ دەریای ناوەڕاست بەکار بێنێت.

بە شێوەیەکی گشتی پشت بە دەرفەتی کار لە ئیسڕائیل دەبەستێت، بەڵام ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی ئیسڕائیل بە زۆری ئەم دەرفەتانەیان سنووردار کردووە و لەم ساڵانەی دووایشدا زیاتریان کردووە، هاوکات لەگەڵ کۆنترۆڵێکی توندی هەموو جووڵەیەکی دەرچوون یان گەڕانەوە بۆ غەزە.

 

ئایا چارەسەری دوو دەوڵەتی کۆتایی هاتووە؟

ئەم شەڕە بەردەوامەی ئێستا ڕەنگە ئەوە نیشان بدات کە چارەسەری دوو دەوڵەتی کۆتایی هاتبێت و هەوڵەکان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی؛ زیاتر هەوڵی دیپلۆماسیی زۆمبیانە بێت کە دۆخی چەقینە.

حکومەتە فەڵەستینییەکەی کەرتی خۆرئاوا قاوغێكی بەتاڵە و دیموکراسیەتێکی شكسخواردووشە بە سەرۆکێكی ناچالاکەوە کە ماوەیەکی زۆر زیاد لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە. حکومەتەکە گەندەڵیی زۆری تێدایە و هەوڵەکانیشی بۆ دروستکردنی هێزی ئەمنیی کاریگەر ئەوەندە سەرکەوتوو نەبوون کە چارەی کێشەکانی خۆیشی لە ئێستادا بکات.

هەر چی حەماسە، لە (٢٠٠٧)ەوە بە هۆی ناکارایی و گەندەڵیی دەسەڵاتی فەڵەستینییەوە لە غەزە هاتووەتە سەر دەسەڵات، دەرئەنجامەکەشی ئەوەیە کە شەڕەکان و هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل لە (٢٠٠٧)ەوە بۆ ٢٠٢٣ وای کردووە ئیسڕائیل هەندێ ڕێوشوێن بگرێتە بەر کە کارەساتی هاوڵاتییانی غەزەی هێندەی تر خراپ کردووە. بەم هۆیە ئیسڕائیل ناچارە شەڕێک بکات کە لە ئێستادا هیچ بەدیلێک بۆ حەماس نییە لە غەزەدا و هیچ ئاماژەیەکیش نییە کە خەڵکی غەزە بیانەوێت دەسەڵاتی فڵەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوا ئیدارەیان بکات.

توڕەیی ئیسڕائیل و سروشتی توندی حکومەتە هاوبەشەکەی نەتەنیاهۆ -لە پێشتردا پشتیوانیی دروستکردنی نشینگەی نوێی کردووە و بۆچوونی توندی هەبووە دژی فەڵەستین-، ئەو ئەگەرە بەهێز دەکەن کە چارەسەری ئیسڕائیل بۆ ”ئاشتی” دابڕین یان داگیرکردنی غەزە و فشاری ئابووری و ئەمنی زیاتر بێت بۆ دانیشتووانی غەزە، لەگەڵ خستنەکاری ڕێوشوێنی ئەمنیی توندی دیکە دژی هاوڵاتییانی فەڵەستینی لە قودس و کەرتی ڕۆژئاوا، هاوکات زیاترکردنی نشینگە جوولەکەنشینەکان و هێزی زیاتری ئیسڕائیلی لە قودس، لە هەمان کاتدا تەنها چەند هەنگاوێکی دیپلۆماسیی ساختە بنێت بۆ چارەسەرێکی ڕاستەقینەی سیاسی و ئاشتییەکی بەدیهاتوو.

کۆتایی ئەمە بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەوڵی بێچارەی نێودەوڵەتی و دەرەکی دەبێت بۆ بەردەوامیدان بەم ڕێگا شکستخواردووەی ئاشتی کە لە ڕێککەوتننامەی کامپ-دەیڤیدی (١٩٧٨)ەوە هەوڵی دروستکردنی دوو دەوڵەت دەدات بۆ ئیسڕائیل و فەڵەستین و کۆتاییهێنان بە کێشەی عەرەب ئیسڕائیل. ئەم ”زنجیرەجەنگانەی کۆتاییان بە ئاشتی هێناوە”، ئەوە نزیکەی نیوسەدەیە بەردەوامن و هەموو هەوڵێک بۆ دروستکردنی دوو دەوڵەت بە شکست، خولێکی دیکەی شەڕ و ڕاپەڕین و گرژیی دیکەی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین کۆتایی هاتووە. هەموو نیازە باشەکان و قسە جوانەکان بخەینە لاوە، تیشک خستنە سەر چارەسەری دوو دەوڵەت تەنها بەردەوامیدانە بە مێژوویەک کە هەموو هەوڵێک بۆ گەیشتن بە ئاشتیی یەکجاری لە (١٩٤٨)ەوە بووە بە هۆی شەڕی تازە و گرژیی تازە لە نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین. گەر ئەم هەوڵانە شتێكی بەرهەم هێنابێ، ئەوەیە کە ڕێگریی کردووە لە دروستکردنی چوارچێوەیەکی سیاسی و ئابووریی سەقامگیر بۆ فەڵەستینییەکان و هاوکاریش بووە بۆ دروستکردنی هەڕەشەیەکی هەمیشەیی بۆ ئیسڕائیل.

ئایا بژاردەیەکی مانادارتر و خێراتر هەیە؟

ئەمە بەو مانایە نایەت کە هەوڵەکانی دانوستان بۆ ئاشتییەکی مانادارتر و کردەییتر شایەنی گرنگیپێدان نین، بەڵکوو زیاتر بەو مانایە دێت کە کارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە کە هەوڵ بدرێت هەنگاوی هەنووکەیی بنرێت بۆ بنیادنانی چارەسەرێکی ”بێدەوڵەت”ی سەقامگیرتر لەوەی کە هەیە. بژاردەیەکی لەو جۆرە پێویستی بەوەیە کە فشاری نێودەوڵەتی بخرێتە سەر حکومەتی ئیسڕائیل کە فراوانکردنی نشینگەکانی بوەستێنێت، ئاسانکاریی زیاتر بکات بۆ ژیانی ئەو نزیکەی دوو ملیۆن فەڵەستینییانەی کە لە ئیسڕائیلدا دەژین لەگەڵ زیاتر لەو دوو ملیۆن کەسەی کە لە کەرتی ڕۆژئاوادا دەژین. لایەنێکی تری ئەوەیە کە فشاری تر بخرێتە سەر ئیسڕائیل کە ئابڵووقە ئابوورییەکەی سەر دوو ملیۆن دانیشتووانەکەی غەزە لە دوای جەنگ سنووردار بکات، لە کاتێکدا دان بەوەشدا بنرێت کە ئیسڕائیل هەر بە ڕاستی پێویستیی ئاسایشی ناوخۆی نوێی هەیە. هەروەها ئەوەش زۆر گرنگە کە ئەو ڕۆڵەی ئوردن لە پاراستنی مزگەوتی قودسدا بەردەوامیی پێ بدرێت، لەگەڵ سنووردارکردنی بۆنە ئایینییەکانی ئیسڕائیل لە حەرەمی شەریفەی مزگەوتی قودس.

لە هەمان کاتدا ئەوەش زۆر گرنگە هەر “چەشنە لۆمەکردن”ێک لە لایەن ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کەم بکرێتەوە بەوەی کە ئایا ئیسڕائیل یان فەڵەستینییەکان بەرپرسن لەم قەیرانەی ئێستا. ئەمەریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە سەرنج بخەنە سەر ئەو هەنگاوانەی کە کاریگەریی ئەم هێرشەی حەماس و جەنگەکەی ئیسڕائیل لە غەزە لە ئێستا و لە دواتردا سنووردار بکات. ڕێگای هەرە گرنگی نزیکمەودا بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ”چارەسەری بێدەوڵەتی”، ڕەنگە ئەوە بێت کە هەوڵی نێودەوڵەتی بدرێت پاڵپشتیی دارایی گەورە پێشکەش بە غەزە و کەرتی ڕۆژئاوا بکرێت بە مەرج. لەگەڵ پێدانی ئەم هاریکارییانە بە فەڵەستینییەکان، هاوکات لەگەڵ هەوڵی جددی بۆ دابینکردنی مافەکانی مرۆڤ بە چەشنێک کە بەرنامە ئەمنییەکانی ئیسڕائیل لە ناوخۆیدا هەرەس پێ نەهێنێت، بە لانی کەمەوە ڕێگایەکی کردەیی دەخاتە بەردەست بۆ ڕۆیشتن بەرەو ئاشتییەکی سەقامگیرتر.

ئاستی هەژاری و بێکاری لە ئێستادا لە غەزە وەهای کردووە پشتگیریی گشتی لە حەماس و توندوتیژی شتێکی جددی بێت، هاوکات لە ئایندەدا هەوڵەکانی ئیسڕائیل بۆ ئاسایش لە کاتی جەنگ و دوای جەنگ بە دڵنیاییەوە ئەم دۆخە خراپتر دەکەن. هەمان شت بە ئاستێکی کەمتر ڕاستە بۆ کاریگەریی جەنگ لە سەر کارەکانی ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان لە کەرتی ڕۆژئاوادا. جارێکی تر ئەو بۆشاییەی لە نێوان ئیسڕائیل و کەرتی ڕۆژئاوادا هەیە، لە ڕووی داهات و دەرفەتی کارەوە سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ گرژی و توندوتیژییەکان. لە هەمان کاتدا ئەو هاریکارییە نێودەوڵەتییانە دەبێ بەو مەرجە بێت لایەنی فەڵەستینی توندوتیژی نەهێڵێت، دڵنیایی لەوە بدرێت کە بەدوورە و سەربەخۆیە لە بەرژەوەندییە ئاسایشی و سیاسییەکانی ئیسڕائیلەوە، هەروەها بەڕێوەبردن و پلانێکی نێودەوڵەتیی کارای بۆ دابین بکرێت کە دڵنیا بن لەوەی ئەو هاریکارییانە بە ڕاستی و کاریگەرانە بەکار هاتوون. ئەو هاریکارییانە بە دڵنیاییەوە ئاشتییەکی یەکجاری دابین ناکات، بەڵام کاریگەرییەکی خێرای کردەیی و سیاسیی دەبێت. ئەو هاریکارییانە چارەسەری خەمی هەرە پێویستی زۆرینەی فەڵەستینییەکان دەکات، بەبێ ئەوەی کاریگەریی هەبێت لە سەر هاوڵاتییە جووەکانی ئیسڕائیل لە ڕووی ئاسایش و داهاتەوە.

لە جیهانێکدا کە چارەسەری ”بێدەوڵەتی” وەکوو تاکە بژاردەی نزیکمەودای لێکەوتەکانی ئەم جەنگەی ئێستا دەبینرێت، هیچ نەبێ بۆ ماوەی چەندین ساڵی ئایندە هاریکاریی ئابووری هەنگاوێکی باشە بۆ پێشەوە و ڕێگایەکە بۆ هێنانەئارای وچانێکی بونیادنەر لەو شەڕەدا.

سەرچاوەكان

  • Amy Mackinnon (3/11/2023), “What Happens to Gaza After the War?”, https://foreignpolicy.com/2023/11/03/what-happens-gaza-war-aftermath-palestinian-future/?utm_source=pocket_mylist.
  • Anthony H. Cordesman (11/10/2023), “The War in Gaza and the Death of the Two-State Solution”, https://www.csis.org/analysis/war-gaza-and-death-two-state-solution?utm_source=pocket_mylist.

 

 

Send this to a friend