• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 26, 2024

داهاتووى ململانێکانى نێوان تورکیا و پارتى کرێکارانى کوردستان

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پوختە

ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دژی گەریلاکانى پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە لە شوباتى ٢٠٢٤، ٤٠ ساڵى تەواوکرد، ئاڕاستەکەى لە هێرشی گەورەو قورس‌و تا ڕادەیەک کاریگەرەوە گۆڕاوە بۆ تێکەڵەیەک لە ئۆپراسیۆنی درێژخایەن لەگەڵ هێرش‌و بۆردومانی وردو ئۆپراسیۆن بۆ سەر تاکەکەس‌و گەیاندنى زیانى کاریگەرتر، ئەم گۆڕانکارییە کە بەشێکی زۆری بە هۆی بەکارهێنانی فڕۆکەیبێفڕۆکەوان‌و زیادبوونی هەماهەنگییەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتى کوردستان (پارتی)دا هاتووەتەئاراوە، وای کردووە ئەنقەرە بتوانێت زۆربەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى دژ بە پەکەکە بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکانى خۆى نزیک لە پێگە سەرەکییەکانى پەکەکە لە هەرێمى کوردستان.

ستراتیژی تورکیا لەم ئۆپراسیۆنانەدا، هاوکات لەگەڵ ئۆپراسیۆنە هاوشێوەکان لە سوریا، ڕێگەی بۆ هێزە سەربازی‌و ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە خۆشکردووە، ژمارەی قوربانیانی پەکەکە چەند هێندە بکات، ئەمەش فشاردەخاتەسەر سەرکردایەتیی ئەم پارتە، تا بەردەوام شێوازەکانى ڕووبەڕووبوونەوەى خۆى بگۆڕێت.

پێشبینیدەکرێت ململانێکان لە ساڵی ٢٠٢٤دا بەو شێوەیەى کە هەیە، بەردەوامبێت، بەو پێیەى کە هیچ جۆرە ئاماژەیەک نییە بۆ پاشەکشەى لایەنێک لە بەرانبەر لایەنەکەى تر. تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٣ ویستى خۆی نیشاندا بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی پەکەکە، بەڵام پێناچێت سەرکەوتن تەنها بە گرتنەبەری میکانیزمی ئەمنی‌و هەواڵگری یان ئیرادەی سەربازی بەدەستبهێنرێت. لەم چوارچێوەیەدا تورکیا هەوڵدەدات گوشارى زیاتر دروستبکات لە سەر دراوسێکانى، بە تایبەت عێراق‌و سوریا بۆ کەمکردنەوەی زیانە گیانییەکان.

مێژوویەکى ٤٠ ساڵە

تورکیا ٤٠ ساڵ لەمەوبەر شەڕی خۆی لە دژی پەکەکە دەستپێکرد، بە تایبەتتر لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤، کاتێک پەکەکە لە یەکەم هێرشی خۆی شاری شێمدینلی سەر بە پارێزگای هەکاری‌و شاری ئێرۆحی سەر بە پارێزگای سیرتی کردە ئامانج.

ئەم پارتە لە ساڵی ١٩٧٣ لە ژێر ناوی “گرووپی ئاپۆجولار” لە ئەنقەرە دامەزرا، لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٧٨ لە گوندی “فیس”ی سەر بە شاری “لیس” لە پارێزگای ئامەد چالاکییەکانی لە ژێر ناوی “پەکەکە” دەستپێکرد. هاوشان لەگەڵ خەباتى چەکدارى‌و تەنها دواى ٦ ساڵ لە ڕوداوی تەقاندنى یەکەمین فیشەک لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤، پەکەکە جموجوڵى سیاسیی خۆى لە قەوارەى پارتی گەلی کۆماریخواز لە پەرلەمانی تورکیادا جێگیرکرد. بە درێژایی ساڵانى ڕابردوو، باڵى سیاسیی پەکەکە لە ناوخۆى تورکیا لە ژێر چەندین ناودا چالاکیکردووە، لەوانە: پارتی کردەوەی گەل (هەپە)، پارتی ئازادی‌و دیموکراسی (ئۆزدەپ)، پارتی دیموکراسیی گەل (هەدەپ)، پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی (دەتەپە)، پارتی ئاشتی‌و دیموکراسی (بەدەپە)، پارتى دیموکراتیی گەلان (هەدەپە)و ئێستاش لە ژێر ناوی پارتی یەکسانی‌و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی)دا بەردەوامە لە چالاکیی سیاسی. شایانى باسە، پەکەکە بەردەوام پارتی جێگرەوەی بۆ ئەگەری داخستنی پارتە سیاسییە چالاکەکانی لە تورکیادا هەبووەو چەندین جاریش ڕووبەڕووی دۆخی لەم جۆرە بووەتەوە(1).

بە پێی داتاکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە شەڕی ٤٠ ساڵەی پارتی کرێکارانی کوردستان دژ بە تورکیا، زیاتر لە  ١٤ هەزارو ٨٥١ کەس لە هێزە چەکدارەکانی تورکیا کوژراون، ژمارەی ئەو بەرپرسە حکومی‌و مەدەنیانەی کە لە کاتی شەڕی بەردەوام لەگەڵ پەکەکەدا برینداربوون، ٣٢ هەزارو ٦٨٥ کەسی تێپەڕاندووە. لە بەرانبەرداو بە پێی زانیارییەکانى تورکیا، ٤٥ هەزارو ٦٦٧ چەکدارى پەکەکە کوژراون‌و شەشهەزارو ٣٧٠ ئەندام برینداربوون‌و هەشتهەزارو ١٣٦ کەسیش خۆیان ڕادەستکردووەو ١٢ هەزارو ١٠١ کەسی دیکەش لە ئۆپراسیۆنە جۆراوجۆرەکاندا دەستبەسەرکراون. لە ڕووى ئابوورییشەوە تورکیا نزیک بە دوو ترلیۆن دۆلار زیانى پێ گەیشتووە(2).

تا سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ ڕێژەی قوربانییەکانی هەردوولا نزیک بوون لە یەکسانەوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە دوای ٥ ساڵ‌و لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢١ دەگۆڕێت بۆ ڕێژەی ٦ بەرانبەر بە ١ بە زیانی پەکەکە، گۆڕینی ستراتیژی شەڕ لەلایەن سوپای تورکیاو بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێی وەک فڕۆکەیبێفڕۆکەوان، لە گرنگترین هۆکارەکانی زیادکردنی ڕێژەی قوربانییەکانى پەکەکە بوون(3).

شەڕ لە دەرەوەى سنوورەکان، ستراتیژی تورکیا

هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩، بە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی، بە تایبەت فڕۆکەیبێفڕۆکەوانی جەنگی، هێرشەکانى چڕکردووەتەوە بۆ سەر پێگەکانى پەکەکە لە هەرێمى کوردستان‌و هێزەکانى سوریاى دیموکرات/هەسەدە لە سوریاو چەندین کەسی دیارى ئەو پارتانەى کردووەتە ئامانج. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا ئەنقەرە سنوورى بوونی سەربازیی خۆی لە سەر زەوی فراوانترکردووەو ئێستا هەزاران سەرباز لە نزیکەی بنکە سەربازییەکانى تورکیا لە عێراق‌و سوریا جێگیرکراون‌و پێشبینییشدەکرێت ئەم ستراتیژە لە ساڵى ٢٠٢٤ بەردەوامبێت.

لە ١٧ی کانونى دووەمى ٢٠٢٤، هاکان فیدان کە بە هاوبەشی لەگەڵ یاشار گیولەر وەزیری بەرگریی تورکیا بانگهێشتی پەرلەمانی تورکیا کرابوون بۆ ڕوونکردنەوەی پێویستیی بوونی سەربازی تورکیا لە وڵاتانی دراوسێ، ڕایگەیاند: چالاکییەکانی پەکەکە کۆتاییهاتووەو تورکیا بڕیاریداوە بەردەوامبێت لە شەڕ دژی ئەم ڕێکخراوە. تورکیا لە بەرانبەر هەڕەشە تیرۆریستییەکان لە ناوچە سنوورییەکان‌و دەرەوەی وڵات، ناوچەیەکی ئارام بۆ ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بەجێناهێڵێت تا لێوەى هەڕەشە دروستبکات لە سەر ئەم وڵاتە. تورکیا بۆ پاراستنی ئارامی‌و ئاسایش لە ناوچەکەدا درێژە بەو خەباتە دەدات‌و داوای پشتیوانی لە دراوسێ‌و هاوپەیمانەکانی دەکات(4).

بە هەمان شێوە یاشار گیولەر؛ وەزیری بەرگری تورکیا، لە وتارێکدا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، بەپێویستیزانی کە ئۆپراسیۆنى سەربازى لە دەرەوەى سنوورەکان‌و لە ناو خاکی عێراق‌و سوریا بکرێت‌و ڕایگەیاند: ئەگەر ئەو ئۆپراسیۆنانە لەو وڵاتانە نەکرێت، تورکیا ناچاردەبێت لە ناو شارەکانیدا شەڕبکات(5).

لە لایەکى دیکەوە، دەوڵەت باغچەلی؛ سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)، لە وتەیەکیدا لە پەرلەمانى تورکیا پێشنیاری دروستکردنی پەرێزێکى ئاسایشى کرد بە قووڵیی ٦٠ کیلۆمەتر لە ناو خاکى عێراقدا، بۆ ڕێگرىکردن لە هێرشەکانى پەکەکە(6).

ستراتیژی تورکیا لە سوریا

لە ساڵی (١٩٩٩)وە کە عەبدوڵڵا ئۆجالان؛ ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لەلایەن حافز ئەسەدی سەرۆکی سوریاوە دەرکرا، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو وڵاتەدا گەیشتە ئاستێکی تا ڕادەیەک دۆستانەو گەرم، بەڵام دوای دە ساڵ لە پەیوەندیی دۆستانە، حکومەتی تورکیا ئیدانەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریای کرد، بە هۆی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی خۆپیشاندانەکانى (٢٠١١)وە.

لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە، دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا (میت) لە ناو خاکی وڵاتەکەیدا لە ژێر ناوى سوپای ئازادی سوریا (FSA)دا مەشق‌و ڕاهێنانی بە کەسانی هەڵهاتوو لە سوپای سوریا دەکرد. لە ئایاری ٢٠١٢، میت دەستیکرد بە چەکدارکردن‌و دابینکردنی بنکەیەکی ئۆپراسیۆن بۆ سوپای ئازادی سوریا. دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی تورکیا لەلایەن هێزەکانی سوریاوە لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢و پێکدادانی سنووری لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا، گرژییەکانی نێوان سوریاو تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەیسەند. دوای دروستبوونی ڕێکخراوى داعش، هێزە چەکدارەکانی تورکیا بە بیانووى ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٦، ئۆپراسیۆنی قەڵغانی فوراتیان دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاندو دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆیان لە سوریا کرد. دوای ئەم ئۆپراسیۆنە کە لە ناوچەکانی باکووری پارێزگای حەلەب کراو بە هۆیەوە شارەکانی باب‌و عەزازو جەرابلوس لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە تورکیاوە دەستیبەسەرداگیرا، دواتر چەندین ئۆپراسیۆنی دیکە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە ناوخۆی سوریا کران‌و بووە هۆی گرتنی شارەکانی ئیدلب‌و عەفرین لە باکووری ڕۆژئاوای سوریاو شارەکانی گرێسپی‌و سەرێکانی لە باکووری سوریا.

دوایین هێرشی بەرفراوانی هێزە سەربازییەکانی تورکیاو هاوپەیمانەکانى بۆ سەر سوریا، ئۆپراسیۆنی ئاسمانی چنگشمشێر بوو، کە تێیدا حکومەتی تورکیا تاکلایەنەو بەبێ هیچ پاساوێک هێرشیکردە هەسەدە، ئۆپراسیۆنەکە بووە هۆی وێرانکردنی ژێرخانی ئابووریی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە تێیدا نەخۆشخانە، قوتابخانە، وێستگەکانی کارەباو ئاو لەگەڵ بەنزینخانەکان لە کانتۆنی شەهباوە تا کانتۆنی دێرەزوور کرانە ئامانج(7).

تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٣ لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا زۆرێک لە وێستگەکانی ئاوو کارەباو کێڵگە گازییەکان‌و سەرچاوە گرنگەکانی کردووەتە ئامانج. ئەم کارە بە ستراتیژی نوێی ئەنقەرە دادەنرێت بۆ لاوازکردنی زیاتری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کورد لە سوریا لە ڕێگەى گەمارۆی ئابووری‌و لەناوبردنی ژێرخان‌و سەرچاوەکانی سووتەمەنی‌و خۆراک وەک ستراتیژێکی نوێ بۆ نەهێشتنى ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەکان. وەک ڕوونە، چیتر تورکیا بە دوای داگیرکردنی سەربازیی ئەو ناوچانەوە نییە، بەڵکو دەیەوێت لە ڕێگەى لێدان لە ژێرخانی ئەو ناوچەیەوە، ئابووریی دەسەڵاتی کوردەکانی سوریا بکاتە ئامانج، کە لە ڕووى تێچوونەوە کەمتری تێدەچێت بە بەراورد بە داگیرکاریی سەربازی. بێگومان یەکێک لەو هۆکارانەی کە تورکیا لە بریی ئۆپراسیۆنی سەربازیی زەمینی ڕووی لە بۆردومانی ئامانجدار بۆ سەر سەرچاوە ئابوورییەکان کردووە، دژایەتیی توندی ڕووسیا‌و ئەمریکایە بۆ ئۆپراسیۆنە زەمینییەکان. هەروەها هەرێمی کوردستانی عێراق لە ژێر گوشاری تورکیا کاریگەریی لە سەر گەمارۆی ئابووری کوردەکانی سوریا هەیە، چونکە دەروازەکانی بە ڕووی کوردەکانی سوریادا داخستووە. لە لایەکى دیکەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی گرنگیدانی بەهێزی تورکیا بۆ توندکردنەوەى هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر کورد دەگەڕێتەوە بۆ ڕووماڵنەکردنی هەواڵەکانى ئەم ناوچەیە لە میدیاکانی جیهاندا، چونکە وا دێتەپێشچاو کە پێشهاتەکانی ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتى کوردەکانی سوریادان، وەک جاران بۆ میدیاکانی جیهان گرنگ نین(8).

ستراتیژی تورکیا لە عێراق

هەرچەندە زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆمەتر سنوورى هاوبەش‌و ڕووباری دیجلەو فورات‌و چەندین لایەنی کولتووری‌و کۆمەڵایەتی‌و پرسی ئەمنیی هاوبەش هەیە لە نێوان تورکیاو عێراقدا، بەڵام بە هۆى چەند هۆکارێکەوە جۆرێک لە ناتەبایی لە نێوان هەردوولادا دروستبووە. عێراق پێگەیەکى زۆر گرنگى هەیە بۆ ئاسایشی سنوورەکانی باشووری تورکیا، ئەمە جگە لەو پەیوەندییە مێژوویی‌و ئابوورییەی کە هەردوو وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەڵام سەربارى ئەوەش پەیوەندیی نێوان تورکیاو عێراق بە ناسەقامگیری تایبەتمەندبووە، کە ئێستا بوونى پێگە سەرەکییەکانى پەکەکە لە باکوورى عێراق بە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان ئەژماردەکرێت.

لە هەشتاکانى سەدەى ڕابردوو و بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٩٨٣، ڕێککەوتنی هاوکاری‌و ئاسایشی سنوور لە نێوان تورکیاو عێراق واژووکراو بەو پێیە ڕێگە بۆ تورکیا کرایەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن لە ناوخۆی عێراق. بە هەمان شێوە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٨٤ پڕۆتۆکۆڵێکی ئەمنی لە نێوان تورکیاو عێراق واژووکراو ئەم پڕۆتۆکۆڵە ڕێگەیخۆشکرد بۆ ئەوەی هێزەکانی تورکیا بە قوڵایی ٥ کیلۆمەتر بچنەناو سنووری عێراقەوە، بەبێ ئەوەی پێویستبکات دەسەڵاتدارانی عێراق ئاگاداربکەنەوە. لە ساڵی ١٩٨٤ تورکیا بە هێزێکى ٧ هەزار کەسییەوە یەکەم ئۆپراسیۆنی سەربازى خۆی لە ناو خاکی عێراق ئەنجامدا بۆ لەناوبردنی پەکەکە لە ناوچەکانی نێوان عەمادیەو زاخۆ(9).

لەشکرکێشیی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ بە یەکێک لە خاڵە وەرچەرخانە گرنگەکانی سیاسەتی تورکیا بەرانبەر بە عێراق دادەنرێت. بە هۆی ئەم لەشکرکێشییەی ئەمریکاوە، عێراق چووەناو شەڕێکى ناوخۆییەوە، کە ساڵانێکی زۆر بەردەوامبوو، ئەم بارە دۆخێکی ناسەقامگیری دروستکردو لەگەڵ چڕبوونەوەی ململانێی نێوان سوننەو شیعەکاندا، هەژمونى ئێران لە عێراق فراوانتربوو، زۆرێک لە سیاسەتمەدارە شیعەکان، کە لە سەردەمی سەدام حوسێندا لە دەربەدەریدا دەژیان، لە قۆناغی نوێدا کاریگەرییان لە سەر ئیدارەی عێراق هەبوو، تورکیا ناچاربوو بۆ پاراستنى هەژموونى خۆی لە ناو عێراق دەستبەکاربێت.

لە دوای کشانەوەی ئەمریکاش لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١، هەژموونى ئێران لە عێراق فراوانتربوو و دواجار ڕێکخراوى داعشیش لە ناوچەکەدا سەریهەڵدا. بە مەبەستى پاراستنى هەژموونى خۆی، تورکیا بنکەیەکی سەربازیی لە ناوچەی بەعشیقە دروستکرد، بە بیانووى مەشق‌‌و ڕاهێنان بە هێزە عێراقییەکان بۆ شەڕ لە دژی هەڕەشەکانی داعش، بەڵام لە ڕاستیدا ئامانج لەو کارە ئامادەکاری بوو بۆ هێنانى هێزى زیاترو ڕووبەڕووبوونەوەى پەکەکە لە هەرێمى کوردستاندا.

تورکیا سیاسەتی خۆی بەرانبەر عێراق لە سەر دوو بنەما دادەڕێژێت؛ جەختکردنەوە لە سەر گرنگیی یەکپارچەیی‌و سەروەریی عێراق، دواتر ڕێگەنەدان بە پەکەکە تا لە ناو عێراقەوە هەڕەشە لە سەر تورکیا دروستبکات، بەڵام ئەوەى کە حکومەتی عێراق؛ پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناناسێت، بە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵات ئەژماردەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا عێراق چەند هەنگاوێکى ناوە کە بۆ تورکیا گرنگ بوون، لەوانە: دامەزراندنی یەکەکانی پاسەوانی سنوورو جێگیرکردنیان لە سەر سنوورەکانی عێراق لەگەڵ تورکیاو ئێراندا، کۆنترۆڵکردنەوەی کەمپی مەخمورو پاککردنەوەی لە ڕێکخستنەکانی پەکەکە، هەروەها سوپاى عێراق کاریکرد لە سەر سنووردارکردنی چالاکییەکانی پەکەکەو باڵەکانى لە شەنگال، ئەمەش ئەو بڕوایەى لاى تورکیا دروستکرد کە حکومەتی عێراق بە لایەنی کەمەوە هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بەم پارتە گۆڕیوە، هەرچەندە ئەم هەنگاوانە ئەوەندە بەرجەستە نین، بەڵام دەتوانرێت هەڵسەنگاندنی ئەرێنیی بۆ بکرێت(10).

ئێستا عێراق پێویستی بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی خۆى هەیە لەگەڵ تورکیادا، بە تایبەتی بە هۆى دروستبوونى قەیرانی ئاوەوە، کێشەی ئاوی نێوان بەغداو ئەنقەرە لە شەستەکانەوە دەستیپێکرد، کاتێک تورکیا دەستیکرد بە دروستکردنی بەنداوی ئەنادۆڵ لە سەر ڕووباری فورات، بەمەش عێراق لە پشکی دادپەروەرانەی ئاوی ڕووبارەکە بێبەشبوو، بەڵام  ئێستا کێشەکە خراپتربووە، بە تایبەتی لەگەڵ گۆڕانکاریی کەشوهەواو شەپۆلی وشکەساڵیدا، کە عێراقى گرتووەتەوە، عێراق تەنها (٣٠٪)ی پشکی خۆی لە ئاو وەردەگرێت، لە ڕوانگەی تورکیاوە پرسی ئاو ئامرازێکە بۆ فشارخستنەسەر عێراق بەرانبەر بە پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان(11).

لە لایەکى دیکەوە، گرووپە چەکدارە سەرەکییەکانی شیعە، کە تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەرییان لە سەر حکومەتەکەى سودانى هەیە، تورکیا وەک هەڕەشەیەک سەیردەکەن. ئەم گرووپانە هەڕەشەیانکردووە کە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی بوونی سەربازی تورکیا ببنەوە لە ناو عێراقدا. بۆ ئەوان پەکەکە جۆرێکە لە کارتی فشار، کە دەتوانن بەرانبەر بە ئەنقەرە بەکاریبهێنن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەژموونى تورکیا، بە تایبەتی لە پارێزگاى نەینەواى زۆرینە سوننە. هەروەها تورکیا هەوڵدەدات هەژموونى خۆی لە ناوچە سوننەنشینەکانی عێراق فراوانتربکات‌و ئەمەش بۆ گرووپە شیعەکان جۆرێکە لە هێڵی سوور. دواجار بوونی پەکەکە لە باکووری عێراق سوودی بۆ بەغدا هەیە لە مامەڵەکانی لەگەڵ تورکیادا، چونکە ئەو پارتە کارتێکى فشار دەداتە دەسەڵاتدارانی عێراق، کە هەمیشە دەتوانن لەکاتی دانوستان لەگەڵ ئەنقەرەدا یاریی پێ بکەن.

سەبارەت بە واشنتۆن، دەکرێت بوترێت کە ئەو وڵاتە هانی هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی نێوان بەغداو ئەنقەرە نادات سەبارەت بە پەکەکە، بە هۆی پەیوەندییەکانیەوە لەگەڵ هەسەدەدا، هەر بۆیە ئەو پرسە لایەنێکی ناوچەییە تا نێودەوڵەتى(12).

هاوبەشیی تورکیاو پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پەکەکە

تورکیا، پارتی دیموکراتی کوردستانى وەک هاوبەشێکی سەرەکیی خۆی دەبینێت بۆ لێدانى پەکەکە لە باکووری عێراق، لە لاى خۆشیەوە هەولێر بەردەوام هەوڵیداوە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا کەمبکاتەوە، ئەمەش لە ڕێگەى هاوکاریکردنى تورکیاو هەوڵدان بۆ سەپاندنی جۆرێک لە گەمارۆ بە سەر پەکەکەدا. لە ڕاستیدا تورکیا لە ڕێگەى هاوکارییەکانى پارتییەوە توانیی دزەبکاتەناو قوڵایی هەرێمەوەو تۆڕى سەرچاوە هەواڵگرییەکانى بەهێزتربکات بۆ بەدواداچوون‌و چاودێریکردنی چەکدارانی پەکەکەو بۆمبارانکردنیان لە ڕێگەى بەکارهێنانی فڕۆکەیبێفڕۆکەوانەوە(13).

پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا گەیشتە ئاستێکی نزم، کاتێک ئەنقەرە دژی ڕیفراندۆم هەڵوێستیوەرگرت، بەڵام پەرەسەندنی پەیوەندییە بازرگانییەکان یارمەتیدەر بوو بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانى هەردوولا. پارتى ڕێگەی بە ئەنقەرە داوە بنکەی سەربازی لە هەرێمى کوردستان دابنێت‌و ئۆپراسیۆنی سەربازى دژ بە پەکەکە لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان فراوانتربکات‌و لەو بارەوە زانیاریی هەواڵگری پێشکەش بە تورکیا دەکات.

لە ساڵی ٢٠٢٠دا، سەرەڕای سنوورداربوونی چالاکییەکان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق‌و تورکیا گەیشتە نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار، کە دوو هێندە زیاتر بوو لە ساڵی ٢٠١٩، نزیکەی لە سەدا ٧٠ی ئەو بازرگانییە لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە بووە، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی هەزارو ٥٠٠ کۆمپانیای تورکی لە هەرێم کاردەکەن. کۆمپانیاکانی بیناسازیی تورکیا بە قەبارەیەکی بەرفراوان وەبەرهێنانیان لە پڕۆژەکانی ژێرخان‌و گواستنەوەدا کردووە، لەوانە: ڕێگەوبان‌و هێڵی ئاسن. هەروەها تورکیا وڵاتێکی گرنگی ترانزێتە بۆ نەوت‌و غازی هەرێم. پێش گرتنەوەی هەناردەی نەوت، ڕۆژانە نزیکەی ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەکراوە.

لە لایەکى دیکەوە، هاوپەیمانیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەنقەرەدا وای کردووە ئەم پارتە ببێتە ئامانجی هێرشەکانی پەکەکە. لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ گرژییەکان بە خێرایی پەرەیانسەند، کاتێک دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەکەکەیان تۆمەتبارکرد بە تیرۆرکردنی غازی ساڵح، کە ئەفسەرێکی ئەمنی بوو لە زاخۆ. لەو کاتەوە، پەکەکە دوو جار هێرشیکردووەتەسەر هێڵی بۆڕیی هەرێم-تورکیا (کەرکووک-جەیهان)‌و بۆ ماوەیەکی کورت ڕۆیشتنی نەوتی بەرەو ڕۆژئاوا پچڕاندووە، لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠و کانوونى دووەمى ٢٠٢٢، هەروەها لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ بەرپرسیاریەتیی خۆیان لە دانانى بۆمبێکی کەنار ڕێگە ڕاگەیاند، کە بووە هۆى کوژرانى پێشمەرگەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ناوەڕاستی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لەگەڵ زیادبوونی شەڕو پێکدادانەکانی نێوان پەکەکەو گرووپە هاوپەیمانەکانی پارتیدا لە سوریا، دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم بڕیاریاندا دەروازەی سنووریی سمێلکا-فیشخاپور دابخەن(14).

تورکیا لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى پارتى زنجیرەیەک ئۆپراسیۆنى بە ناوى (چنگ١)ەوە ئەنجامدا، کە لە مانگی ئایاری ٢٠١٩ دەستیپێکرد، ئامانجی هێرشەکە بەئامانجگرتنى ئەشکەوت‌و کۆگاکان‌و ڕێڕەوەکانی جوڵەی پەکەکە بوو لە ناوچەی خواکوڕک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراق. زنجیرە ئۆپراسیۆنەکانی چنگ سەرکەوتوو بوو لە بەرتەسککردنەوەی ئازادیی جوڵەى پەکەکەو  دروستکردنی پەرێزێکى ئاسایش بۆ پاراستنی خاکی تورکیا لە هێرشەکانی پەکەکە، جگە لەوەش، ئۆپراسیۆنی چنگ١ دەرفەتی بۆ دانانی ژمارەیەک بنکەى نوێی سەربازى ڕەخساند، کە توانیی بگاتە قوڵایی ئەو ناوچانەی کە پێشتر بە پەناگەی ئارامی پەکەکە دادەنرا. ئامارە فەرمییەکانی تورکیا لە مانگی حوزەیران سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئۆپراسیۆنەکانی چنگ ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ئۆپراسیۆنانە ئاسایشی سنوورەکانی تورکیایان بەهێزترکردووەو زیانی گەورەی بە توانای لۆژستیی پەکەکە گەیاندووە. تورکیا بە هۆى ئۆپراسیۆنە یەکلەدواییەکەکانەوە سنوورى چالاکییەکانی پەکەکەى بەرتەسکترکردووەتەوەو لە ناوچە شاخاوییەکاندا قەتیسیکردووە. کاریگەریی ئەم دۆخە نوێیەش بە ڕوونی بە سەر پەکەکەوە دەبینرێت، هەر بۆیە پێدەچێت ئاسۆیەکی کەم هەبێت، کە پەکەکە بتوانێت لە ڕێگەیەوە دانوستان ئەنجامبدات، بە مەبەستى بەدەستهێنانى دەستکەوتى زیاتری سیاسی(15).

گرنگترین ئۆپراسیۆنەکانى تورکیا دژی پەکەکە

  1. ئۆپراسیۆنی پۆڵا: لە ئازاری ساڵی ١٩٩٥ دەستیپێکرد، ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی سنووربەزێن بوو، کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە بۆ باکووری عێراق دژی پەکەکە ئەنجامدرا. ئامانج لێی لێدان بوو لە چەکدارانی پەکەکە لە خاکی عێراق.
  2. ئۆپراسیۆنی بەرەبەیانی ئاشتی: لە شوباتی ١٩٩٧ دەستیپێکردو دیسانەوە بنکەکانی پەکەکەی لە لە خاکی هەرێم کردەئامانج. ئۆپراسیۆنەکە بۆردومانی ئاسمانی‌و تۆپخانەو هێرشی زەمینیی لەخۆگرتبوو.
  3. ئۆپراسیۆنی خۆر: لە شوباتی ساڵی ٢٠٠٨ لە وەڵامی زنجیرەیەک هێرشی پەکەکە لە ناوخۆی تورکیا ئەنجامدرا. هێزەکانی تورکیا ئۆپراسیۆنی ئاسمانی‌و زەمینییان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیاو باکووری عێراق دەستپێکرد.
  4. ئۆپراسیۆنى چنگ ٢و چنگ٣: لە هاوینی ٢٠١٩ بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دزەکردنی گەریلاکانی پەکەکە لە عێراقەوە ئەنجامدرا، بە تایبەت لە ناوچەکانى سینات‌و حەفتانین.
  5. ئۆپراسیۆنى چنگی هەڵۆ (هێرشی ئاسمانی)و چنگی پڵنگ (هێرشی زەمینی): ئەم دوو ئۆپراسیۆنە لە هاوینی ٢٠٢٠ ئەنجامدران.
  6. ئۆپراسیۆنى چنگی هەڵۆ٢: لە شوباتی ٢٠٢١ ئەنجامدرا بۆ ڕزگارکردنی ژمارەیەک بارمتەی تورکیا لە چیای گارە، کە دواجار شکستىهێنا.
  7. ئۆپراسیۆنی پاکسازیکردن: لە هاوینی ٢٠٢١ ئەنجامدرا لە دەڤەری مەتیناو ناوچەی ئاڤاشین‌و باسیان بە ئامانجی لەناوبردنی ئەو ئەشکەوتانەی کە پەکەکە بۆ خۆحەشاردان‌و هێرش‌و پێداویستی‌و گواستنەوەو مەشق‌و ڕاهێنان بەکاریدەهێنا.
  8. زنجیرە ئۆپراسیۆنەکانى چنگ–قفڵ: لە مانگی ئایاری ٢٠١٩ دەستیپێکرد لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى پارتى، کە ئامانجی هێرشەکە بەئامانجگرتنى ئەشکەوت‌و کۆگاکان‌و ڕێڕەوەکانی جوڵەی پەکەکە بوو لە ناوچەی خواکوڕک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراق.

ستراتیژى تورکیا بۆ ساڵى ٢٠٢٤

هێرشەکانی پەکەکە لە کۆتایی ٢٠٢٣ بۆ سەر سوپای تورکیا چاوەڕواننەکراو بوو، بە جۆرێک شڵەژانی لە ناو سوپاو دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتەدا دروستکرد(16).

هەواڵی کوژرانى ١٢ سەربازی تورکیا لە ناوچەی ئۆپراسیۆنی ناسراو بە پەنجەقوفڵ (زاپ، ئاڤاشین، مەتینا)و خواکوڕک، کاردانەوەی بەرفراوانى لە میدیاى تورکیادا دروستکرد. یەکێک لەو کاردانەوانە پەیوەندیدارە بە قسەکانی ئۆرکون ئۆزلەر؛ ئەفسەرى خانەنشینکراوی سوپای تورکیا، کە پێشتر لە بنکەى سەربازیی ئینجەرلیک خزمەتیکردبوو، ناوبراو پێی وایە کە ئۆپراسیۆنی جنگی قوفڵ هەڵەیەکی گەورە بووە(17).

شەڕى سوپاى تورکیا لەگەڵ پەکەکەدا لە ناو خاکى هەرێمى کوردستان‌و لەو ناوچانەى کە پەکەکە تێیاندا باڵادەستە، بۆى هەیە زیانە گیانییەکانى سوپاى تورکیا زیاتربکات، بە هۆى تواناى خۆگونجان‌و شارەزایی گەریلا بە سروشتى سەختى ناوچەکە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو دۆخە بە ئەگەرى زۆرەوە تورکیا لە ساڵى ٢٠٢٤دا پەنا بۆ چەند ڕێکارێک دەبات، لەوانە: بەشداریپێکردنى سوپاى عێراق‌و پێشمەرگە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى لە هەرێمى کوردستان، ئەم خواستەش لە سەردانەکەى ئیبراهیم کاڵن میت بۆ بەغدادو هەولێرو کۆبوونەوەى لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى؛ سەرۆکوەزیرانى عێراق‌و دواتر مەسعوود بارزانى‌و چەند بەرپرسێکى دیکەدا بە ڕوونى دەرکەوت. بە پێى زانیارییەکان، تەوەرى سەردانەکانى کاڵن هاوکاریکردنى تورکیا بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پارتى کرێکارى کورستان.

یەکێکى دیکە لە ڕێکارەکان کە لە کۆتاییەکانى ساڵى ڕابردووەوە سوپاى تورکیا کاری لە سەر دەکات، بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتی یەکینەکانى پاراستنى گەل/یەپەگەیە لە سوریا، بۆیە دەکرێت بڵێین: ئەم هێرشانە ستراتیژی نوێی تورکیا دەبن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی پەکەکە لە خاکی سوریاوە ئۆپراسیۆن دژی تورکیا ئەنجامنادات، لە ئەنجامدا ئەوە هاوڵاتیانی مەدەنیی کوردی سوریان کە بە دەست ئەم هێرشانەی تورکیاوە دەناڵێنن، ئەوەش کە حکومەتی تورکیا دەیکات دژ بە ژێرخانى ئابووریی ڕۆژئاوا، بۆ ڕازیکردنی ناسیۆنالیستەکانی ناوخۆی وڵاتەکەیەتی(18).

ئایا پەکەکە لە ساڵى ٢٠٢٤دا ستراتیژی خۆی دەگۆڕێت؟

موراد قەرەیلان لە سەرەتاى ئەمساڵدا ڕایگەیاند: هەر لە ئێستاوە ڕوونە کە ٢٠٢٤ ساڵێکی ئاسایی نابێت لە ڕووی خەباتی ئێمەوە، ڕوونە کە ئێمە چووینەتە قۆناغێکی مێژووییەوە(19). لێدوانەکەی قەرەیلان سەبارەت بە گۆڕینی بیروباوەڕى شەڕی پەکەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پەکەکە شێوازى شەڕى خۆی دەگۆڕێت‌و تاکتیکی شەڕی تونێل‌و دروستکردنى هێزی سەربەخۆی بچووک دەگرێتەبەر. هەڵبەتە ڕوونە کە پەکەکە ناتوانێت وەڵامێکی کاریگەرى ئۆپراسیۆنە ئاسمانی‌و فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بداتەوە، بەڵام بە گۆڕینی شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەکانی پەیڕەوى لە دوو ئامانجی گرنگی خۆى دەکات:

بە پلەی یەکەم پەکەکە بە نیازە تونێلەکان وەک ناوەندی فەرماندەیی‌و بنکەی نوێی پشتیوانی بەکاربهێنێت، ڕەنگە ئەم کارەش بە هۆى کاریگەربوونیەوە بێت بە ستراتیژى بەکارهێنانى تونێلەکان لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە لە دژى ئیسرائیل لە گەردەلوولى ئەقسادا.

بەپلەى دووەمیش ئامانجێکی تری پەکەکە ڕێکخستنی هێرشی کاریگەرو هەماهەنگە لە ڕێگەى گرووپی بچووک‌و سەربەخۆوە، سەربارى ئەوە پەکەکە دەیەوێت بەرەیەکى نوێ لە گۆڕەپانەکە بۆ ململانێکانی زیادبکات، کە ئەویش شەڕی ئەلیکترۆنییە، بە ئامانجی ئەوەی زۆرترین زیان بگەیەنێت بە کەمترین سەرچاوەی مرۆیی(20). پەکەکە پێی وایە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ هەموو دەرفەتێک هەیە تا بە میتۆدی داهێنەرانە خەبات بەرەو سەرکەوتن‌و پێشەوەببەن(21).

لە کۆتاییدا ئەگەرچی ئەستەمە پێشبینیبکرێت کە پەکەکە لە ساڵی ٢٠٢٤ چۆن ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ تورکیا بەڕێوەدەبات، بەڵام هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە ڕەنگە ئەو گرووپە هێرشەکانی زیاتربکات لە پێناو فشارخستنەسەر حکومەتی تورکیا، بۆئەوەی دەستکەوتى زیاتر بەدەستبهێنێت لە دانوستانەکانیدا، هەندێکی دیکە پێیان وایە کە ڕەنگە پەکەکە هەوڵى چەسپاندنی هەژموونى خۆى بدات لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا. پێدەچێت ستراتیژی پەکەکە بەند بێت بە کۆمەڵێک هۆکارەوە، لەوانە: بارودۆخی سیاسیی تورکیا، ئاستی پشتیوانیی لایەنگرانی‌و کاریگەریی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورکیا، بەڵام پێشبینیدەکرێت ساڵی ٢٠٢٤ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پەکەکە ڕووبەڕووى ئاڵنگاریی گەورەتر ببێتەوە(22).

ئەنجام

  1. لە ساڵى ٢٠٢٤دا تورکیا بەردەوامدەبێت لە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى لە سوریاو عێراق، لەبەرئەوەى پێی وایە ئەگەر ئەو کارە نەکات، ناچاردەبێت لە ناو شارەکانی خۆیدا ڕووبەڕووی پەکەکە ببێتەوە.
  2. لە ڕێگەى ئۆپراسیۆنە بەردەوامەکانەوە، ئەنقەرە توانیویەتى پەکەکە بخاتەژێر گوشارێکی زۆرەوە لە بەرەکانی شەڕدا، بەڵام ئەم ستراتیژە لە ڕووى مرۆییەوە بۆ تورکیا تێچوویەکی زۆرى هەبووە.
  3. تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٣ ویستى خۆی نیشاندا بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی پەکەکە، بەڵام سەرکەوتنى یەکلاییکەرەوە تەنها بە گرتنەبەری میکانیزمی ئەمنی یان ئیرادەی سەربازی بەدەستبهێنرێت، بۆیە پێشبینیدەکرێت لە ساڵى ٢٠٢٤ تورکیا هەماهەنگییەکانى زیاتربکات لەگەڵ عێراق‌و هەرێمى کوردستاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پەکەکە.
  4. لە ساڵى ٢٠٢٤دا ​​بۆ کەمکردنەوەى زیانە مرۆییەکان، تورکیا داواى بەشداریی ڕاستەوخۆى سوپاى عێراق‌و پێشمەگە دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پەکەکە.
  5. ستراتیژی پەکەکە لە ساڵى ٢٠٢٤دا بەند دەبێت بە کۆمەڵێک هۆکارەوە، لەوانە: بارودۆخی سیاسی‌و ئاستى بەرەوپێشچوون‌و کاریگەریی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورکیا، بەڵام پێشبینیدەکرێت ساڵی ٢٠٢٤ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بۆ پەکەکە سەختتر بێت.

سەرچاوەکان

  1. نديم شنر: تركيا و39 عاما من النضال الداخلي والخارجي ضد الإرهاب وحلفائه (https://m-r.pw/Zivj).
  2. نديم شنر: تركيا و39 عاما من النضال الداخلي والخارجي ضد الإرهاب وحلفائه (https://m-r.pw/Zivj).
  3. گزارش مشرق: ۶ هزار کشته در نبرد ۶ ساله ارتش ترکیه با گروه تروریستی پ. ک. ک / از بمب گذاری‌های استانبول تا نبرد در کوهستان قندیل؛ آتش، دود و ویرانی به پای یک آرمان سوخته +نقشه، نمودار و تصاویر (https://2h.ae/gwnW)
  4. هاکان فیدان: دیپلماسی خود را با توجه به حضور PKK در عراق، سوریه و ایران شکل می دهیم(https://2u.pw/WuEJAM1).
  5. یاشار گولر:اگر در اقلیم کردستان و سوریه با PKK نجنگیم، مجبوریم در شهرهایمان بجنگیم (http://q3o9at.ttu.cc).
  6. دولت باغچه لی: باید در عمق 60 کیلومتری از مرزهای ترکیه یک کریدور صلح و آرامش ایجاد کنیم (https://2u.pw/4Ruu9Lm).
  7. خورشيد دلي: تركيا 2024 .. قنبلة الاقتصاد وتحديات السياسة (https://npasyria.com/176949/).
  8. كرد پرس: استراتژی تازه ترکیه برای تضعیف منطقه تحت کنترل کردهای سوریه(https://2h.ae/bYMY).
  9. فاتیح موسلو : إستراتيجية القواعد العسكرية التركية في العراق (https://m-r.pw/lOQW).
  10. ترک پرس: تركيا قدمت للعراق مقترحات للتخلص من “PKK”(https://www.turkpress.co/node/99313).
  11. شیماء علی : تركيا والعراق: علاقة معقّدة وخلافات حادة (https://gulfhouse.org/posts/6151/).
  12. علی أسمر: ملامح العلاقات التركية الخارجية خلال 2024 (http://r22j2t.ttu.cc).
  13. جورجیو کافیرو: تأثير حزب العمال الكردستاني في العلاقات العراقية التركية (https://m-r.pw/FAdT).
  14. Berkay Mandıracı: Turkey’s PKK Conflict: A Regional Battleground in Flux (http://opyk8x.ttu.cc).
  15. Winthrop Rodgers: Under threat from Turkey, is the PKK changing its strategy?( https://2u.pw/V61wGxK).
  16. کورد پرس: شمار جانباختگان درگیری ها در کردستان عراق به 12 تن رسید/وزیر دفاع راهی منطقه شد (https://2h.ae/zylC).
  17. کورد پرس: سرهنگ ارتش ترکیه: عملیات پنجه قفل اشتباهی بزرگ از سوی خلوصی آکار بود (https://2u.pw/OFkAhYa).
  18. کورد پرس: استراتژی تازه ترکیه برای متوقف کردن پ.ک.ک (https://2h.ae/skdd).
  19. ن‌پ‌گ: عملیات انقلابی را تبریک گفت: سال ۲۰۲۴ یک مرحله تاریخی خواهد بو (https://2u.pw/ZoAnRFO).
  20. سیاق: مبارزات تركيه با پ ک ک: تحورت سال 2023 و انتظارت در 2024 (https://m-r.pw/ipHN).
  21. دوران كالكان: هدفنا جعلْ عام 2024 عام انتصار الثورة الديمقراطية المناهضة للفاشية(https://m-r.pw/JNNJ).
  22. سیتا: معركة تركيا ضد حزب العمال الكردستاني: التطورات في عام 2023 والتوقعات لعام 2024 (https://www.setav.org/ar/8231-8231/).

 

Send this to a friend