ئایندەی هێز
ئامادەكردن: زانا كریم
ناونیشانی کتێب: ئایندەی هێز
نووسەر: جۆزێف نایی کوڕ
بڵاوکار: Public Affairs
ساڵی بڵاوکردنەوە: 2011
ژمارەی لاپەڕە: 298
ئایندەی هێز یەکێکە لە کتێبە بەناوبانگەکانی بیریاری ئەمەریکایی جۆزێف نایی کوڕ و شیکارێکی ورد و هەمەلایەنی هێزە لە سیاسەتی جیهانیدا. ڕۆبێرت کیۆهەین کە لەگەڵ جۆزێف نایدا پێکەوە کتێبێکی هاوبەشیان نووسیوە و یەکێک لە بیردۆزە گرنگەکانی کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتییان ڕەنگڕێژ کردووە، لە بارەی ئەم کتێبەوە دەڵێت: “ئەگەر بەدوای شیکارییەکی ناوازە و ڕەسەنی هێزی سایبەری (Cyber power)دا دەگەڕێیت، بەشی پێنجەمی کتێبەکە بخوێنەرەوە. ئەگەر بەدوای باشترین شیکاری گشتگیری هێزیش لە سیاسەتی جیهانیدا دەگەڕێیت، ئەوا تەواوی کتێبەکە بخوێنەرەوە”.
“نای” بیریارێکی کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە و لەو کەسانەیە کە ئەزموونی کاری ئەکادیمی و ئەزموونی کاری کردەیی لە بواری سیاسەت و دیپلۆماسیدا پێکەوە کۆ کردووەتەوە: مامۆستایەتی لە زانکۆی هارڤارد و کارکردن لە کۆشکی سپی و پەنتاگۆن. سەرەولێژبوونەوەی هێز و هەژموونی جیهانییانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە چەقی بیرکردنەوەکانی جۆزێف نایدا وەستاوە، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لەم بوارەدا دەنووسێت و هێز و وەرچەرخانەکانی هێز و ڕەهەند و پێکهاتەکانی هێزیش بوونەتە دەروازەی باسەکانی پەیوەست بەم بوارە. ئەم کتێبەشی لێرەدا دەیخەینە ڕوو، ئەڵقەیەکی تری ئەو زنجیرەبەرهەمەیە کە لە سەر ئەم پرسە نووسیویەتی و وەکوو خۆی لە پێشەکیی کتێبەکەیدا دەڵێت: “ئەم کتێبە لوتکەی ئەو هەوڵانەیە کە من لە پێناو پشکنین و دەرخستنی سەرچاوە و ئاڕاستەکانی هێزی ئەمەریکادا خستوومەتە گەڕ”.
جۆزێف نای داکشانی هێز و سەرەولێژبوونەوەی هەژموونی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکاتە گرفت و گیروگازی تەوەرەی کتێبەکەی و بانگەشەی بانگەشەکارانی ئەم پرسە بە گیروگرفت دەکات و نیشانەی پرسیاریان لە سەر دادەنێت. لە پێناو وەڵامدانەوەی پرسیاری سەرەکییشدا، هێز و ئایندەی هێز دەکاتە دەروازەی کتێبەکەی و لێیەوە وەژوور دەکەوێت و بە تانوپۆی بابەتەکەدا سەر دەکەوێت. سەرەتا چەمکی هێز دەناسێنێت، پاشان باس لەو وەرچەرخانانە دەکات کە بە هۆی شۆڕشی زانیاری و جیهانگیرییەوە بەسەر هێزدا هاتوون لە سەدەی بیست و یەکدا، دواتریش هێز و وەرچەرخانەکانی هێز و پرسی سەرەولێژبوونەوەی ئەمەریکا پێکەوە گرێ دەدات و پوختەی ئەنجامگیرییەکانی لەو بارەیەوە دەخاتە ڕوو. کەواتە دەکرێت بڵێین بابەتی سەرەکیی ئەم کتێبەی “نای” لە دوو تەوەردا خۆی دەبینێتەوە: ئایندەی هێز و ئایندەی باڵادەستیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سەدەی بیست و یەکەمدا.
بە ڕای “نای”، چوونە پای وەها کارێک دەخوازێت لە سەرەتاوە خۆمان لە گێژاوی چەند بانگەشەیەکی نادروست بەدوور بگرین، تاکوو بەهەڵەدا نەچین. یەکێک لەو بانگەشانە، خوازە (میتافۆڕ)ی سەرەولێژبوونەوەی ئەندامییە (Organic Decline). سەرەولێژبوونەوەی ئەندامی لەم بەستێنەدا واتە چوواندنی ژیانی دەوڵەتان بە ژیانی تاکەکەسەکان لە ڕووی پێشبینیکردنی قۆناغەکانی تەمەنەوە، واتە وەک چۆن پێشبینیی قۆناغەکانی تەمەنی مرۆڤ دەکرێت، بە هەمان شێوە دەکرێت پێشبینیی قۆناغەکانی تەمەنی دەوڵەتانیش بکرێت. ئەم میتافۆڕە بە لای جۆزێف نایەوە هەڵەیە و پێویستە خۆمانی لێ بەدوور بگرین. “نای” بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم میتافۆرە دوو ڕووداو وەک بەڵگە دەهێنێتەوە:
یەكەم: کاتێک بەریتانیا لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەمدا کۆلۆنییەکانی لە ئەمەریکا لەدەست دا، هۆراس واڵپۆڵ (Horace Walpole[1]) پێی وا بوو بەریتانیا گرنگیی خۆی لەدەست داوە و بووە بە دەوڵەتێکی چەپەک و کەمبایەخ وەک دەوڵەتی دانیمارک یان سەردینیا. کەچی پێچەوانەی بۆچوونەکانی واڵپۆڵ، شۆڕشی پیشەسازی دەرفەتی سەدەیەکی تری لە باڵادەستی بە بەریتانیا بەخشی. باڵادەستییەک واڵپۆڵ شکستی هێنا لە پێشبینیکردنیدا.
دووەم: ڕۆما دوای ئەوەی گەیشتە چڵەپۆپەی هێزی خۆی، ڕۆمانییەکان بۆ ماوەی سێ سەدە بە زاڵی مانەوە. دواتریش ڕۆما بە هۆی هەڵکشانی دەوڵەتانی ترەوە کۆتایی پێ نەهات، بەڵکوو ئەو گورزە گەرچکبڕانە کۆتاییان پێ هێنا کە لە لایەن خێڵە بەربەرییەکانەوە تێی سرەوێنرا و کردیان بە هەزار پارچەوە. سەبارەت بەو هەڕەشانەش کە لە ڕووی باڵادەستیی ئەمەریکادا دەوەستن، “نای” لە سەر پرسی وەرچەرخانەکانی هێز دەوەستێت و دەنووسێت: لە ڕاستیدا سەرەڕای هەموو پێشبینییەکان بۆ هەڵکشانی دەوڵەتانی وەک چین و هیندستان و بەڕازیل و دانەدواوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە چەند دەیەی داهاتوودا، هەڕەشەی گەورەتر ئەو هەڕەشانەن کە لە بەربەرییە نوێیەکان و بکەرە نادەوڵەتەکانەوە سەرچاوە دەگرن. لە جیهانێکی زانیاریی بنەما (Information Based World)دا و لەسای پیوار (غياب)ی ئاسایشی سایبەریدا، هەڕەشەی پژانی هێز لە هەڕەشەی جێگۆڕکێی هێز گەورەترە.
تایبەت بە تەوەری دووەمی کتێبەکەی جۆزێف نای، واتە ئایندەی هەژموون و باڵادەستیی ئەمەریکا، ئێمە لێرەدا هەر ئەوەندەی لە بارەوە دەخەینە ڕوو کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، چونکە لە شوێنێکی تردا و لە ڕێگەی ڕانانی کتێبێکی تری جۆزێف نایەوە بە ناوی “ئایا سەدەی ئەمەریکایی کۆتایی هاتووە؟”؛ بە درێژی لە سەر ئەم لایەنە وەستاوین و خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆی[2]. بۆیە لێرەدا سێرەی سەرنجەکانمان تەنها لە سەر ئەو تەوەرەی کتێبەکە دەگرینەوە، کە تایبەتە بە ئایندەی هێز لە سەدەی بیست و یەکەمدا.
هێز و کاروباری جیهانی
چەمکی هێز وەک هەر چەمکێکی تری کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتی، چەمکێکی لێڵ و ئاڵۆزە و ناتوانین لە نێو شارەزایان و بیریارانی ئەم کایەیەدا پێناسەیەک بدۆزینەوە کە هەمووان یاخود زۆرینە لە سەری کۆک بن. “نای” ئەو بۆچوونە جیاوازانە دەخاتە ڕوو کە لەم بارەیەوە لەئارادان و گەنگەشەیان دەکات.
گەورەفەیلەسووفی بەریتانی برتراند ڕاسل ڕۆڵی “هێز” لە زانستی کۆمەڵایەتیدا بەراورد دەکات بە چەمکی “وزە” لە زانستی فیزیادا. لە لایەکی ترەوە هەندێک لە بیریاران بەڵگەی ئەوە دەهێننەوە کە وا چەمکی “هێز” لە کایەی زانستی ڕامیاریدا وەک چەمکی “پارە” وایە لە زانستی ئابووریدا. بە ڕای “نای”، ئەم خوازە (Metaphor) و وێکچوواندنانە سەرلێشێوێنەرن، چونکە زانایانی بواری زانستی فیزیا دەتوانن زۆر بە وردی پەیوەندیی وزە و هێز لە نێوان ماددە بێگیانەکاندا بپێون، بەڵام لە زانستی کۆمەڵایەتیدا “هێز” ئاماژە بە پەیوەندییەکی مرۆیی دەکات کە زوو تێدەپەڕێت و بە گوێرەی بارودۆخە جیاوازەکانیش شێوەکەی دەگۆڕێت، هەروەها پارە سەرچاوەیەکی گواستراوەیە و دەکرێت لە چەندین بوار و بەستێندا بەکار بهێنرێت و چەندین شمەکی جیاوازی پێ بکڕدرێت، بەڵام ئەو سەرچاوەیەی کە لە بەستێنێکدا هێز بەرهەم دەهێنێت، لە بەستێنێکی تردا ناتوانێت بەرهەمی بهێنێت. بۆ نموونە: دەتوانیت لە بازاڕی خانووبەرە یان لە بازاڕی سەوزە و میوە، یاخود لە زیادکردنێک (مزايدة)ی ئۆنلایندا پارە بەکار بهێنیت، لە کاتێکدا توانستی سەربازی کە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی هێزی نێودەوڵەتییە، لە شەڕێکدا کە بە تانک ئەنجام دەدرێت ڕەنگە بتوانێت ئەو دەستکەوتە بەدەست بهێنێت کە تۆ دەتەوێت، بەڵام لە فەزای ئینتەرنێتدا ناتوانێت. کەواتە پەیوەندیی هێزەکی و بەستێنی بەکارهێنانی هێز جیاوازە و کاریگەرییەکانی هێز لە پەیوەندییەکەوە بۆ پەیوەندییەکی تر و لە بەستێنێکەوە بۆ بەستێنێکی تر دەگۆڕێت.
کاتێک دەڵێین بکەرێکی دیاریکراو خاوەنی هێزە، پێویستە دەستنیشانی ئەوەش بکەین کە هێز بۆ کردنی چی؟ واتە پێویستە دەرەتان (Scope) و بوار (Domain)ی هێزەکە دیاری بکەین. دەرەتانی هێز واتە ئەوانە کێن کە لە پەیوەندییە هێزەکییەکەدا ئامادەن و لایەنەکانی پەیوەندییەکە پێک دەهێنن؟ مەبەست لە بواری هێزیش، واتە چ بابەتێک لە پەیوەندییە هێزەکییەکەدا ئامادەیە؟ بۆ نموونە؛ لە پەیوەندیی نێوان پاپا و مەسیحییەکاندا، پاپا دەسەڵاتی بەسەر مەسیحییە کاسۆلیکەکاندا هەیە و دەسەڵاتی بەسەر مەسیحییە پرۆتستانتەکاندا نییە، واتە دەرەتانی دەسەڵاتی پاپا لە چوارچێوەی پەیوەندیی نێوان پاپا و مەسیحییە کاسۆلیکەکاندایە و پەیوەست بە پەیوەندیی نێوان پاپا و مەسیحییە پرۆتستانتەکان پاپا خاوەنی هێز و دەسەڵات نییە. سەبارەت بە بواری هێزیش، ئەگەر دیسان بنواڕینەوە نموونەکەی سەرەوە، دەبینین کە وا تەنانەت لە پەیوەندیی نێوان پاپا و کاسۆلیکەکانیشدا دەسەڵاتی پاپا لە بوارێکەوە بۆ بوارێکی تر دەگۆڕێت و کەم و زیاد دەکات، بۆ نموونە بڕیاری پەیوەست بە پرسێکی ئەخلاقیی وەک سنووردارکردنی ژمارەی منداڵ و هاوسەرگیری لە دەرەوەی کڵێسە، هەموو مەسیحییە کاسۆلیکەکان وەکوو یەک پابەند نابن بە بڕیاری پاپاوە و هەندێکیان ڕەتی دەکەنەوە. کەواتە کاتێک دەڵێین پاپا خاوەنی هێزە، پێویستە دەرەتان و بواری هێزەکە دەستنیشان بکەین، واتە پەیوەست بە چ کەسێک و لە چ بابەتێکدا پاپا خاوەنی هێزە؟
ئایندەی هێز و ئایندەی باڵادەستیی ئەمەریكا
جۆزێف نای پێی وایە لە سەدەی بیست و یەکەمدا دوو وەرچەرخان (Shift)ی گەورە بەسەر هێزدا هاتووە: یەکەمیان جێگۆڕکێی هێزە (Power Transition) و دووەمیان پژانی هێز (Power Diffusion).
مەبەست لە جێگۆڕکێی هێز؛ سەرەولێژبوونەوە و داکشانی هێزی دەوڵەتێک و هەڵکشان و بەهێزبوونی دەوڵەتێکی ترە لە سیاسەتی جیهانیدا. ئەم دیاردەیەش دیاردەیەکی مێژوویی و باوی سیاسەتی نێودەوڵەتییە و چەندین نموونە لەم بارەیەوە هەن، بۆ نموونە جێگۆڕکێ و گواستنەوەی هێز لە بەریتانیاوە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە ئێستاشدا باس لە ئەگەری جێگۆڕکێی هێز دەکرێت لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە بۆ چین. هەر چی پژانی هێزیشە، بریتییە لە گواستنەوەی هێز لە دەوڵەتانەوە و بۆ نادەوڵەتان بە هۆی شۆڕشی زانیاری و جیهانگیرییەوە، ئەمەش دیاردەیەکی نوێیە و یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی سەدەی بیست و یەک. ئەم دیاردەی پژانی هێزە لە دیدی دەوڵەتانەوە مایەی مەترسییە و بە جۆرێکە پەیوەندی و پرسە نێودەوڵەتییەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ لەدەست دەوڵەتان دەردەچن و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی تەنانەت بەهێزترین دەوڵەتیشەوە ڕوو دەدەن.
جۆزێف نای لە کۆتایی کتێبەکەیدا چەند دەرەنجامێک لە بارەی ئایندەی باڵادەستیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئایندەی هێزەوە دەخاتە ڕوو. لە خوارەوە و لە خاڵی یەک و دوودا ئەنجامگیرییەکانی لە بارەی ئایندەی باڵادەستیی ئەمەریکاوە دەخەینە ڕوو، لە خاڵی سێ و چواریشدا ئایندەی هێز.
- پێنج هەڕەشەی ئایندەیی ئاڵەنگارین لە بەردەم باڵادەستیی ئەمەریکادا: بەناویەکداچوون و یەکگرتنی تیرۆر و ماتریاڵە ناوکییەکان، ئیسلامیی سیاسی، هەژموونی ئاسیا، داکشانی ئابووری، گۆڕانی ژینگەیی.
- ئەگەری ئەوەی کە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست و یەک قۆناغی پاش ئەمەریکا بێت و هێزێک پەیدا ببێت ئەمەریکا تێبپەڕێنێت، ئەگەرێکی لاوازە.
- هێز هەمیشە شان لە سەر بەستێن دادەدات. لە بەستێنی پەیوەندییە سنووربڕەکاندا (Transnational Relations)، وەک گۆڕانی کەشوهەوا، ماددەی هۆشبەر، پەتا، تیرۆر و هێز بە جۆرێک پژاوە بووەتە هۆی پاشاگەردانی و هێزی سەربازی بەشێکی بچووکی چارەسەرە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشە نوێیانەدا.
- ڕووبەڕووبوونەی مەترسییە ئایندەییەکان پێویستی بە پەرەپێدانی ستراتیژێکی گەورە و تێروتەواوی هێزی زیرەک هەیە. مەبەست لە هێزی زیرەکیش، کۆکردنەوەی هێزی ڕەق و هێزی نەرمە پێکەوە لە یەک بۆتەدا.
[1] ئەدیب و سیاسەتمەدارێکی بەناوبانگی ئینگلیزە.
[2] بابەتەکە بە دووبەش لە (ژمارە 5ی کانوونی یەکەمی 2021) و (ژمارە 6ی ئازاری 2021)ی گۆڤاری “ئایندەناسی”دا بڵاو کراوەتەوە. ڕانان و پوختەوەرگێڕانێکە بۆ کتێبێکی تری جۆزێف نای لە بارەی ئایندەی باڵادەستیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە لە سەدەی بیست و یەکدا بە ناونیشانی “ئایا سەدەی ئەمەریکایی کۆتایی هاتووە؟”.