• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 5, 2018

توێژینەوەی قۆناغی سێیەمی پرۆژەی: چارەنووسى کەرکوک لە نێوان هەولێر و بەغداد

دەستپێک:
ئەم توێژینەوەیە بەرهەمى قۆناغى سێیەم و کۆتایى پرۆژەى (چارەنوسى کەرکوک لەنێوان هەولێر وبەغداد)ە، کە لەلایەن توێژەرانى (سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ئایندەیى) بە هاوکارى (سەنتەرى لێکۆڵینەوەى یاسایى و سیاسى) کۆلێژى یاسا و ڕامیارى/زانکۆى سلێمانى جیبەجێ دەکرێت. ماوەى جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە (٦) مانگی خایاند، کە سێ قۆناغی لە خۆدەگرت و لە هەر (٢)مانگ جارێک توێژینەوەیەک خراوەتەڕوو، قۆناغی یەکەم و دووەمی لە مانگى ئەیلولى / ٢٠١٧ و مانگى تشرینى دووەمى / ٢٠١٧ ئامادەکرا.
پرۆژەى (چارەنوسى کەرکوک لەنێوان هەولێر وبەغداد)، وەک پرۆژەیەکى فراوانى چەند قۆناغى، هەوڵ دەدات لەچوارچێوەى خوێندنەوەیەکى زانستى (سیاسى، یاسایی، مێژوویى و ئابووری)دا بۆ دۆسییەی کەرکوک وەڵام بۆ هەندێک لەو پرسیارانە بدۆزێتەوە، کە لە ئەنجامى دەرکەوتنى پێدراو و گۆڕاوە نوێییەکانى دۆخى هەنوکەىی کەرکوک لە ئارادان، هاوکات هەندێک بەرچاوڕوونى زانستیی نوێ لەسەر دۆسییەکە و ئامرازەکانى چارەسەرکردنى بخاتە بەردەست لایەنە پەیوەندیدارەکان.
پرسیاری سەرەکى ئەم پرۆژەیە، کە هاوکات چەقى ناوەرۆکى هەرسێ روماڵی هەرسێ قۆناغی توێژینەوەکەیە ئەوەیە: ئایندەی کەرکوک لە عێراقدا چی دەبێت؟
بۆیە پرۆژەکە لەسەر سێ ئاست بناغەى بۆ وەڵامدانەى ئەم پرسیارە داڕشتووە:
– ئاستی یەکەم: داهاتوی سیاسی و کارگێڕیی کەرکوک،
– ئاستی دووەم: ڕەهەندی ئاسایشی کەرکوک،
– ئاستی سێهەم: ڕەهەندی هەرێمیی و نێودەوڵەتی.
گرنگی پرۆژەکە دەکرێ لەم خاڵانەدا کورت بکرێتەوە:
یەکەم: بۆ یەکەم جارە لێکۆڵینەوەیەکی وا فراوان لەسەر کەرکوک بکرێت پاش سەرهەڵدانی گۆرانکارییە نوێکانی وەک شکستی داعش و کاردانەوەکانی پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و ١٦ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧ و دەستبەسەرداگرتنەوەی نادەستوورییانەی کەرکوک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
دووەم: پرۆژەکە دەبێتە بەرچاوڕونییەکی باشتر بۆ پرۆسەی سیاسیی و حیزبە کوردستانییەکان بۆ ئەوەی هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ کەیسی کەرکوکدا بکەن.
گرنگترین ڕایەڵ و ڕەهەندەکانى ناوەرۆکى قۆناغی سێیەمی پرۆژەکە کە مانگى شوباتى٢٠١٨ ئامادەکراوە، لەڕووى میتۆدییەوە ئەڵقەیەکى تەواوکارە بۆ تێڕوانین و دەرئەنجامەکانى قۆناغی یەکەم و دووەمی پرۆژەکە. ئەم پرۆژەیە مەبەستییەتی توێژینەوە لە کۆى تایبەتمەندییەکانى دۆسییەی کەرکوک و ڕەهەندە ناوخۆیی و دەرەکییە جیاوازەکانى لە ماوەیەکى زەمەنى دیارکراودا، گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم دۆسییەیە ناجێگیریی قەیرانەکە و بەربەست و ئەو رێگاچارانەشە کە خراونەتەڕوو. بۆیە دەبینین کاتێک قۆناغی یەکەمى ئەم پرۆژەیە خرایەڕوو، کەرکوک بە دیفاکتۆ لە ئەنجامى بەرەنگاربوونەوەى فراوانخوازییەکانى داعش لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پیشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بوو، لەسایەى ئەم دۆخەشدا واچاوەڕواندەکرا کە کورد چیدى ئەو ئامرازانەی کە خرابوونەڕوو بۆ چارەسەری دۆسییەی ناوچەجێناکۆکەکان بە رێگاچارە نەناسێنێت، بەتایبەیش مادەى (١٤٠)ى دەستوورى عێراقى ساڵى ٢٠٠٥. بەڵام بە پێچەوانەى ئەو دۆخەى لە کاتى ئامادەکردنى قۆناغی دووەمی توێژینەوەکە، بەتایبەت لە دواى (١٦/ ١٠/ ٢٠١٧) گۆڕانکارى گەورە بەسەر دۆخی کەرکوکدا هات، بۆیە قۆناغی دووەمى پرۆژەکە لەسایەى ئەو دۆخە نوێیەدا پێداچوونەوە بۆ لایەن و ڕەهەندەکانى کێشەى کەرکوک کرد. بەڵام قۆناغی سێیەم وکۆتایى، زیاتر هەوڵی ئایندەبینی ئەو چارەسەر و پێشهاتانە دەدات کە بە ئایندەى یەکاڵاکردنەوەى کیشەکەوە پەیوەستن، لەسەر ئاستى ناوخۆیى هەرێمى کوردستان وعێراق و لەسەر ئاستى هەرێمی و نێودەوڵەتیی.

بۆ خوێندنەوەی تەواویی توێژینەوەکە کلیک بکە لە چارەنووسى کەرکوک لە نێوان هەولێر و بەغداد

Send this to a friend