• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 25, 2023

ئایندەی “بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان” لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا

زانا كەریم/ خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی سلێمانی

 بەرایی

   ڕەوتی ئەو ڕووداوە جیهانی و هەرێمییانەی لە کۆتا دەیەی سەدەی ڕابردووەوە پێش هاتن و لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکیشدا خێراتر بوون، هاوکات لەگەڵ فشەڵی و شکستخواردوویی دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کەشێکی لەباریان ڕەخساند بۆ دەرکەوتن و ئامادەگیی زیاتر و هەڵکشانی ڕۆڵی “بکەرە نادەوڵەتەکان” بە گشتی و “بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان” (Armed Non-state Actors) بە تایبەتی، دواتریش سەرهەڵدانەکانی بەهاری عەرەبی و لێکەوتە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی؛ کارایی و ئامادەگیی ئەم جۆرە بکەرانەی لە ناوچەکەدا زیاتر کرد و بوون بە ژمارەیەکی لەبەرچاوگیراو لە هاوکێشە سیاسی و ئاسایشییەکانی ناوچەکەدا. لە ئێستادا ئەم جۆرە بکەرانە ئامادەییان هەیە و خاوەنی ڕۆڵ و کاریگەرین، بەڵام قەبارە و قەوارەیان جێبەخۆگرتوو نییە و لە هەڵکشان و داکشانێکی بەردەوامدان، هەروەها ئاشکرا نییە کە چارەنووسیان بە چ ئاقارێکدا گوزەر دەکات و ئایندەیان بە کوێ دەگات. لە سای ئەم ڕاستینەیەدا، پرسیارکردن لە ئایندەی ئەم جۆرە بکەرانە ڕەوایەتی وەردەگرێت، بۆیە تاوتوێکردنی ئایندەیان دەبێتە گیروگاز (Problem)ی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە كە نیشانەی پرسیاری لە سەر دادەنێین. بۆ ئەم مەبەستەش، هەوڵ دەدەین میتۆدی سیناریۆ وەک دەستاوێژێکی بیردۆزی بەکار بهێنین و گریمانەی سێ سیناریۆ بۆ ئایندەی ئەم جۆرە بکەرانە بکەین. لە لایەکی ترەوە هەندێک جۆری “بکەری نادەوڵەتیی چەکدار” ئامادەییەکی جیهانییان هەیە و مەودای کاریشیان، وەک ڕێکخراوی قاعیدە، مەودایەکی جیهانییە، بەڵام ئێمە جوغزی شوێنەکیی (الإطار المكاني) توێژینەوەكەمان لە چوارچێوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کورت دەكەینەوە. ئەمەش وێڕای ئەو ڕاستییەی کە وەک کورد بەشێکین لە داینامیکیی هاوکێشە و کارلێکەکانی ناوچەکە. لەو پێشگریمانەیەشەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێمان وایە پەیوەندییەکی ڕاستەوانە لە نێوان فشەڵی و شکستخواردوویی دەوڵەتی نەتەوەیی و هەڵکشانی ڕۆڵی ئەم جۆرە بکەرانەدا هەیە. بە واتایەکی تر: هەتا ڕادەی فشەڵی و شکستی دەوڵەت زیاتر بێت، ئەگەری هەڵکشان و ئامادەگیی ئەم جۆرە بکەرانە زیاتر دەبێت و بە پێچەوانەشەوە هەتا ڕادەی فشەڵی و شکستی دەوڵەت کەمتر بێت، ئەگەری ئامادەگیی ئەم جۆرە بکەرانەش لاوازتر دەبێت. کاتێک چاو بە ڕیزبەندی و نیشاندەرەکانی دەوڵەتی فشەڵ و شکستخواردوودا دەخشێنین، دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پشکی شێریان لەم ڕووەوە بەر دەکەوێت. کەواتە سنووری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەم وتارەدا هەموو ئەو پانتاییە جوگرافییە لەخۆ دەگرێت کە لە وڵاتی مەغریبی عەرەبییەوە دەست پێ دەکات و تا سنووری ئەفغانستان و پاکستان درێژ دەبێتەوە.

  1. بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان

   لە ئەدەبیاتی سیاسیدا چەندین زاراوە بۆ ناولێنانی ئەم جۆرە “بکەرە نادەوڵەتانە” بەکار دەهێنرێت، وەک: بکەرە نادەوڵەتە توندوتیژەکان (Violent Non-State Actors)، بکەرە نادەوڵەتە سەربازییەکان (Military Non-State Actors)، ڕێکخراوە چەکدارە نامەشروعەکان (التنظيمات المسلحة غير المشروعة)، کۆمەڵە تیرۆرستییەکان (Terrorist Groups)، بکەرە ئایینییەکان، بکەرە خاوەن شوناسە جیاوازەکان (Identity Actors)، میلیشیا چەکدارەکان (Armed Militants)، ڕێکخراوە نانیزامییە چەکدارەکان (التنظيمات المسلحة غير النظامية)، ڕێکخراوە نادەوڵەتە چەکدارەکان (التنظيمات المسلحة من غير الدول)… هتد. هەریەکێک لەم زاراوانەش، وەک هەر زاراوەیەکی تری کایەی سیاسەت، گیروگازی خۆی هەیە، چونکە ڕەنگدانەوەی بیروبۆچوونی خاوەنەکانیانن و گوزارشت لەو گۆشەنیگایە دەکەن کە توێژەران لێیەوە لە پرسەکە دەڕوانن.

   لە ناو ئەم زاراوە و ناولێنانانەدا، ئێمە زاراوەی “بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان” (Armed Non-State Actors) بەکار دەهێنین، چونکە پێمان وایە هەم ناولێنانێکی بابەتیانەترە و هەمیش سەراپاگیرانەتر و گشتگیرترە بەراورد بە زاراوەکانی تر.

2-1. پێناسە

   سەبارەت بە پێناسەی چەمکی بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان، بە هۆی جۆراوجۆری و فرەیی و هەبوونی جیاوازیی زۆر لە نێوانیاندا، هەروەها بەکارهێنانی میتۆد و گۆشەنیگای جیاواز بۆ نزیکبوونەوە و ڕوانین لە بابەتەکە، ناتوانین تاقانە پێناسەیەکی گشتگیر و بیانووبڕ بۆ چەمکەکە بدۆزینەوە، بەڵام دەرهەق بەم دەرفەتە و بە خوێندنەوەی ئەو ئەدەبیاتەی لەم ڕووەوە لە بەر دەستدایە، دەکرێت بە سادەیی و بەم شێوەیەی خوارەوە پێناسەی “بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان” بکەین:

  هەموو ئەو قەوارە چەکدارییانە لەخۆ دەگرێت کە لە دەرەوەی دەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت، توندوتیژی وەک ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان بەکار دەهێنن[1].

2-2. تایبەتمەندی

لە سۆنگەی ئەو پێناسەیەوە کە لە سەرەوە خستمانە ڕوو، دەکرێت گرنگترین تایبەتمەندییەکانی بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان بەم شێوەیە دەستنیشان بکەین[2]:

یەک: ڕێکخستن: خاوەنی بونیاد یاخود پەیکەرێکی ڕێکخستنن، ئەم پەیکەرەش هەندێک جار شێوازی پلەبەندی (Hierarchic) یاخود تۆڕاسایە (الشبكي)، یاخود تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان، ئەم ڕێکخستنە سەرکردایەتی و ناوێکی دیاریکراویشی هەیە.

دوو: کارکردن لە دەرەوەی دەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت: ئەم جۆرە بکەرانە بەشێک نین لە دەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت کە پەیوەندیدارن بە ئاسایش و بەرگری، وەک: پۆلیس و سوپا.

سێ: بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان: ئەم بکەرانە توندوتیژی و هێزی چەکدار وەک دەستاوێژێک بەکار دەهێنن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

چوار: سەربەخۆیی (الإستقلالية): ئەم جۆرە بکەرانە خاوەنی سەربەخۆییەکی ڕێژەیین، چ لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتیاندا، چ لە سەرچاوەی دارایی و خۆبژێوییاندا.

2-3. پۆلبەندی

   دۆزینەوەی بنەمایەکی هاوبەش بۆ پۆلێنکردنی “بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان”، بە جۆرێک هەموو پۆلە جیاوازەکانی ئەم جۆرە بکەرانە لەخۆ بگرێت، ئەستەمە و تا ڕادەیەکیش کارێکی نەکردەیە. توێژەران چەندین بنەمای جۆراوجۆر و بەیەکداچوویان لە پۆلێنکردنی ئەم جۆرە بکەرانەدا بەکار هێناوە: هەندێکیان لە سەر بنەمای ئایدۆلۆژیا و هەندێکی تریشیان لە سەر بنەمای ئامانج، یاخود سەرچاوەی دارایی، یاخود پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتدا، یاخود توانای سەربازی، یاخود ئەو ڕووبەرە جوگرافییەی بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان دەستیان بەسەردا گرتووە، یاخود سنووری چالاکی، پۆلێنیان دەکەن. هەریەکێک لەم بنەما و پێوەرانە گرفت و کێماسیی خۆی هەیە، بۆیە زۆرێک لە توێژەران لە جیاتیی ئەمە، پەنا دەبەنە بەر جۆرێک لە دەستەبەندی (Grouping) و چەند جۆرێکی “بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان” لە یەکتری جیا دەکەنەوە و لەم ڕووەوە هەریەک لەم بکەرانە وەک بکەری نادەوڵەتیی چەکدار لەقەڵەم دەدەن: بزووتنەوە چەکدارییە ڕزگاریخوازەکان، میرەکانی جەنگ، میلیشیاکان، یاخیبووان، کۆمەڵەکانی تاوانی ڕێکخراو، بزووتنەوە جیهادییەکان، کۆمەڵە تیرۆرستییەکان، کۆمپانیا تایبەتەکانی بواری ئاسایش و پارێزگاری… هتد. بە ڕەچاوکردنی ئەم ڕاستییانەی سەرەوە، دەکرێت چەند جۆرێکی پۆلبەندییەکان، وەک نموونە، لە یەکدی جیا بکەینەوە، وەک لە خشتەی ژمارە (1)ی خوارەوەدا ڕوون کراوەتەوە:

خشتەی ژمارە (1)

پۆلێنکردنی بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان بە گوێرەی چەند توێژەرێکی جیاواز

سەرچاوە: حسنين توفيق إبراهيم، “الفاعلون المسلحون من غير الدول في العالم العربي: تحديات راهنة وآفاق مستقبلية”، كراسات إستراتيجية 299 (أبريل/2019)، ص13.

2-4. پۆلێنی بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا

   سەبارەت بە جۆر و پۆلی ئەو “بکەرە نادەوڵەتە چەکدار”انەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامادەییان هەیە و چالاکی دەنوێنن، دەکرێت بە چەندین شێواز پۆلێنیان بکەین. ئەگەر پەنا ببەینە بەر دەستنیشانکردنی جۆرە جیاوازەکانی “بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان”، وەک ئەوەی هەندێک توێژەر ئەنجامی دەدەن، دەکرێت هەریەکە لەم بکەرانەی خوارەوە وەک دیارترین بکەری نادەوڵەتیی چەکدار بناسێنین: یەکینەکانی پاراستنی گەل، باسکی چەکداریی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (KCK)، بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی، حیزبوڵای لوبنانی، حوسییەکانی یەمەن، حەشدی شەعبی، چەتە دەریاییەکانی سۆماڵ، کۆمەڵە چەکدارییەکان لە سووریا و لیبیا (وەک: هيئة تحرير الشام… هتد)، ڕێکخراوی قاعیدە، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، کۆمپانیا تایبەتەکانی بواری ئاسایش (وەک: ڤاگنەر، بلاک وۆتەر)… هتد.

   لە لایەکی ترەوە، ئەگەر هەوڵ بدەین لە سەر بنەما یاخود پێوەرێک پۆلبەندیی ئەم جۆرە بکەرانە بکەین، دەکرێت چەندین پۆلبەندیی جۆراوجۆر ئەنجام بدەین و ئەم جۆراوجۆرییەش شان لە سەر ئەو پێوەر یاخود بنەمایە دادەدات کە لە پۆلێنکردنەکەدا ڕەچاو دەکرێت. بۆ نموونە؛ ئەگەر سنووری چالاکی بکەین بە بنەمای پۆلێنکردن، ئەوا دەتوانین دوو جۆر لە یەکتری جیا بکەینەوە: “بکەری خۆجێیی” و “بکەری سنووربڕ”. بکەری خۆجێیی واتە ئەو بکەرانەی سنووری چالاکییان لە ناوخۆی یەک دەوڵەتدا قەتیس ماوە، وەک یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان. بکەری سنووربڕیش ئەو بکەرانەی کە مەودای چالاکییان سنووری چەند دەوڵەتێک دەبڕێت، وەک ڕێکخراوی قاعیدە و داعش. هەروەها لە سەر بنەمای ئامانجی بکەرەکە، دەکرێت باس لە دوو پۆلی ئەم جۆرە بکەرانە بکەین: ئەو بکەرانەی ئامانجیان گۆڕینی باری ئارایە، وەک بزووتنەوە چەکدارییە ڕزگاریخوازییەکانی کورد و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و ئەو بکەرانەی ئامانجیان هێشتنەوەی باری ئارایە، وەک ئەو دەستە میلیشیاییانەی بەرگری لە پاراستنی ڕژێمی سووریا دەکەن. ئەگەر ڕەوایەتییش (الشرعية) بکەین بە بنەمای پۆلێنکردن، دیسان دەتوانین دوو جۆر دەستنیشان بکەین: بکەرە خاوەن ڕەوایەتییەکان، واتە ئەو بکەرانەی بەرگری لە پرسێکی ڕەوا دەکەن و لە پێناویدا دەجەنگن، وەک باڵی سەربازیی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) و ئەو بکەرانەی کە خاوەنی ڕەوایەتی نین، وەک دەستەوتاقمەکانی تاوانی ڕێکخراو و کۆمەڵە تیرۆرستییەکان.

  1. ئایندەی بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان

   دوای ئەوەی زانیمان مەبەست لە “بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان” چییە و جۆر و پۆلەکانی کامانەن، لەم تەوەرەیەدا هەوڵ دەدەین بە بەکارهێنانی میتۆدی سیناریۆ خوێندنەوەیەک بۆ ئایندەی ئەم جۆرە بکەرانە لە ناوچەکەدا بکەین.

   میتۆدی سیناریۆ لە بنەڕەتدا سەر بە کایەی هونەرە و دواتر پەڕیوەتەوە ناو کایە جیاوازەکانی زانست و لە ئێستاشدا یەکێکە لە میتۆدەکانی کایەی ئایندەناسی. ئەرکی ئەم میتۆدە دۆزینەوەی ئەو ئەگەرە ئایندەییانەیە کە لە هەناوی ڕووداوەکاندا خۆیان مەڵاس داوە، هەروەها پێشبینیکردنی ئاڕاستەی ڕووداوەکان و دەرەنجامی کارلێکەکانە. ئەم میتۆدە بە سوودوەرگرتن لە پێدراوەکانی ئێستا و پاڵپشت بە ئەنجامگیرییەکی عەقڵانی، وێنای ئەو ڕەوشەمان بۆ دەکات کە ڕەنگە لە ئایندەدا چێ ببێت، هەروەها ڕواڵەتی ئەو ڕێڕەو یاخود ڕێڕەوانەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە سەر دەکێشن بۆ ڕەوشێکی دیاریکراوی ئایندەیی[3].

   هەر لەم ڕووەوە و پەیوەست بە خوێندنەوەی ئایندەییانە، سێرەگرتن لە سەر ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە هۆکاری هەڵکشان و ئامادەگیی زیاتری ئەم جۆرە بکەرانە، یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ پێشبینیکردنی ئایندەیان. بە بۆچوونی ئێمە، سێ هۆکاری سەرەکی ڕۆڵیان هەیە لە ئامادەگیی ئەم جۆرە بکەرانەدا:

یەک: پێشکەوتنەکانی بواری گەیاندن و تەکنەلۆژیای زانیاری بووەتە هۆی پژانی هێز، بە جۆرێک ئەم جۆرە بکەرانەش پشکی خۆیان لە هێز بچڕیوە و بایی ئەوەندە هێزیان وەدەست خستووە کە لە چەند بەستێن و پرسێکدا ئامادەگیی و کاریگەرییان هەبێت.

دوو: فشەڵی و شکستخواردوویی دەوڵەتانی ناوچەکە، بواری ڕەخساندووە ئەم جۆرە بکەرانە هەم دەستیان بە سەرچاوەی بژێوی (وەک چەک و پارە) بگات، هەمیش ڕەوایەتییەکی خۆجێیی بەدەست بهێنن.

سێ: سیستمی نێودەوڵەتی سروشتێکی پاشاگەردانییانە (Anarchic)ی هەیە. پاشاگەردانی لەم بەستێنەدا بە واتای نەبووونی دەسەڵات یاخود حکومەتێکی باڵای جیهانی دێت، کە پەنای بۆ ببرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی و ململانێکان. ئەمە وا دەکات ئەم جۆرە بکەرانە دەرفەتی لڤین و جموجووڵیان فراوانتر بێت و دەوڵەتانی تریش لە پێناو بەرژەوەندی و ململانێی خۆیاندا مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و هەندێک جار وەک دەستکەلا بەکاریان بهێنن.

   لەیەکدانی ئەم سێ هۆکارە و یەکتربڕینیان لە خاڵێکدا، کە دەتوانین ناوی بنێین خاڵی “ڕەوایەتی”، زەمینەی ئامادەگی و هەڵکشانی بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکانی ڕەخساندووە.

   ڕەوایەتی (الشرعية)، جا چ ڕەوایەتیی خۆجێیی بێت یان ڕەوایەتیی نێودەوڵەتی، ڕۆڵێکی گەورە و گرنگی هەیە لە ڕەنگڕێژکردنی ئایندەی بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکاندا[4]. شکستی دەوڵەتانی ناوچەکە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی توندوتیژیدا، دەرفەتی ڕەخساندووە ئەم جۆرە “بکەرە نادەوڵەتە چەکدارانە” بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە و چیرۆکی ڕەوایەتیی خۆیان بهۆننەوە. هەروەها دیوێکی تری شکستی دەوڵەتان، پارچەپارچەبوونی سەروەریی دەرەکی و نەبوونی توانای نوێنەرایەتیکردنێکی تۆکمەیە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمەش جۆگەلەی دووەمە کە ئاو بە ئاشی ڕەوایەتی و هەڵسووڕانی ئەم جۆرە بکەرانەدا دەکات.

   دیوێکی تری ڕەوایەتیوەرگرتنی ئەم جۆرە بکەرانە، پەیوەندیی بە لەقبوونی ئەو بەها جیهانییانەوە هەیە، بەتایبەتییش دوای داگیرکردنی ئەفغانستان و عێراق لە سەرەتاکانی ئەم سەدەیەدا کە سیستمی نێودەوڵەتی و هێزە هەڵسووڕێنەرە کاریگەرەکانی ناوی هەڵیانگرتووەتەوە و بەرگریی لێ دەکەن، هەروەها لەقبوونی ئەو بەهایانە، وەک بەرەنجامی مامەڵەی هەڵاوێردکارانەی هێزە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ لێکەوتەکانی بەهاری عەرەبیدا.

   لێرەوە و بە ڕەچاوکردنی ئەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە پەیوەست بە هەڵکشانی ڕۆڵ و ئامادەگیی “بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان” خستمانە ڕوو، هەروەها بە سوودوەرگرتن لە پێدراوەکانی ڕەوشی هەنووکە، لەم تەوەرەیەدا هەوڵ دەدەین ئەو سیناریۆ ئایندەییانە بخەینە ڕوو کە ڕەنگە داهاتووی “بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان” لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا وێنا بکات. لەم ڕووەوە و پاڵپشت بە بەڵگەهێنانەوەیەکی عەقڵی (Reasoning)، دەکرێت وێنای سێ سیناریۆی ئایندەیی بۆ پاشەڕۆژی ئەم جۆرە بکەرانە بکێشین:

3-1. پووکانەوە

   بە سەرنجدان لە ڕەوتی گەشە و هەڵکشانی هەندێک لە “بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان”، دەکرێت پێشبینیی ئەوە بکرێت کە وا ئایندەیان ڕوو لە پووکانەوەیە و سووڕی ژیانیان بەرەو کۆتایی دەڕوات.

   نیشتنەوەی شەپۆلی نائارامی و ئاڵۆزییە ناوخۆیی و هەرێمییەکان، خەریکە وردە وردە سەر دەکێشێت بۆ ژیانەوەی دەوڵەتانی ناوچەکە و لە سەر پێی خۆ وەستانەوەیان، ئەم “گەڕانەوەیەی دەوڵەتان[5]” لە لایەکەوە تەرازووی هێز لە بەرژەوەندیی دەوڵەتان و بە زیانی نادەوڵەتان لاسەنگ دەکات، لە لایەکی تریشەوە ژینگەی خۆجێیی و زەمینەی لەباری ناوخۆیی بۆ مانەوە و بەردەوامیی ئەم بکەرانە ناهێڵێت، چونکە ئەم بەهێزبوونەوەیەی دەوڵەت هەم سەرچاوەکانی هێز و بەردەوامییان وشک دەکات، هەم پایەکانی ڕەوایەتییان لەق دەکات.

   خاڵێکی تر، نەبوونی ڕەوایەتیی نێودەوڵەتییە بە هۆی دانەدواوە و دژایەتیکردنی ئەو بەهایانەی کە سیستمی نێودەوڵەتی هەڵگریەتی لە لایەن پۆلێک لە بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکانەوە، ئەمەش وا دەکات لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی نیمچەکۆدەنگییەک بۆ دژایەتیکردن و کۆتاییپێهێنانیان دروست ببێت.

کەواتە دەکرێت بڵێین: ئایندەی پۆلێک لە بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان پووکانەوە و سەرەولێژبوونەوەیە، یان ڕەنگە ڕۆڵ و ئامادەگییان تا نزیک لە سفر بڕوات. دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) و ڕێکخراوی قاعیدە بە لقوپۆپەکانیەوە و کۆمپانیا تایبەتەکانی بواری ئاسایش و سەربازی و میلیشیا تایفییەکان و دەستکەلاکان (الوكلاء) و کۆمەڵەکانی تاوانی ڕێکخراو و هاوپۆلەکانیان بەرەو ئەم ئایندەیە هەنگاو دەنێن.

3-2. مانەوە

   پۆلێکی تر لە “بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان” دەکرێت پێشبینیی ئەوە بکرێت لە ئایندەشدا بمێننەوە و بەردەوامی بە لڤین و ئامادەگییان بدەن لە هاوکێشە و کارلێکە ناوچەیی و ناوخۆییەکاندا. ئەم جۆرە بکەرانە ئەو جۆرەن کە ڕیشەیەکی مێژوویی دوورودرێژیان هەیە و نوێنەرایەتیی پرسێک دەکەن کە هێشتاش ڕەوایەتیی هەیە. ئەم دوو هۆکارە وای کردووە ئەم جۆرە بکەرانە ببن بە ئەمری واقیع و وەک دیفاکتۆیەک مامەڵەشیان لەگەڵدا بکرێت.

   پەیوەست بەم سیناریۆیە، پێویستە ئەوەش بڵێین کە مانەوە و ئامادەگیی ئەم پۆلەی “بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان”یش دەکەوێتە بن کاریگەریی گەڕانەوەی دەوڵەت و بەهێزبوونەوەی، بۆیە لە ئایندەدا کاریگەری و ئامادەگییان ڕوو لە کزی دەکات و وەک ئێستا و پێشووتر نامێنێتەوە. دەکرێت بزووتنەوە چەکدارییە ڕزگاریخوازەکانی کورد و فەڵەستینییەکان و هاوشێوەکانیان لەم جۆرە بکەرانە هەژمار بکرێن.

   هۆکارێکی تر کە باندۆری لە سەر ئەم پۆلەی بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان هەیە، گۆڕانکارییە لە جەمسەربەندی و دابەشبوونی هێز لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی. هەموو گۆڕانکارییەک لەم ڕووەوە ئەو بەها و بەرژەوەندییانەش دەگۆڕێت کە زلهێزەکان بەرگریی لێ دەکەن، لەگەڵیشیدا مامەڵە و کارلێکیان لەگەڵ ئەم بکەرانەدا دەگۆڕێت، چونکە ئەم پۆلەی بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان بە پێی ئەو بەها جیهانییانەی کە لە ئێستادا بەرکارن، خاوەنی ڕەوایەتییەکی سنوووردار و دیفاکتۆن، هەر گۆڕانکارییەک لەم ڕووەوە کاریگەریی لە سەر ڕەوایەتیی ئەم بکەرانە و هەڵکشان و داکشانی ئامادەگییان هەیە.

3-3. ئامێزانبوون

   پۆلێکی تر لە “بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان” بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێن کە ئامێزانی دەزگا سەربازییەکانی دەوڵەتان ببن و ببنە بەشێک لە پێکهاتە و پەیکەری هێزە چەکدارە فەرمییەکانی دەوڵەت. ئەزموونی سازدانی میللی (الحشد الشعبي) لە عێراق، لەم ڕووەوە دەکرێت مۆدێلێک بێت و چارەنووسی هەندێک بکەری تریشی لە سایەدا بخوێنرێتەوە.

هەروەها هەندێک جۆری تری بکەری نادەوڵەتیی چەکدار بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێن کە وا ببنە بکەری دوو -پەژم، یاخود دوو- توخم (هجين – Hybrid). “بکەری دووپەژم” بکەرێکە کە چەندین ناسنامە و ڕۆڵی هەیە، نە بە تەواوی دەبێت بە دەوڵەت و نە بکەرێکی نادەوڵەتی تەواویش دەمێنێتەوە، ئەم بکەرانە لە ناوچەیەکی “خۆڵەمێشی”دان لە نێوان هەردوو جۆرە بکەرەکەدا (دەوڵەت و نادەوڵەت). “بکەری دووپەژم” خاوەنی سەربەخۆییەکی ڕێژەییە، بەشێکە لە دامودەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت و هاوکات تەریبیشە لەگەڵیاندا، لە کاتێکدا نوێنەری لە ناو دامەزراوە سیاسی و ئاسایشییەکانی دەوڵەتدا هەیە، کەچی وەک بکەرێکی نادەوڵەت دەستبەرداری سەربەخۆیی پەیکەر و سەرچاوە و سیاسەتەکانی خۆی نابێت و زۆر جاریش هەوڵی گۆڕینی سیاسەتەکانی دەوڵەت دەدات، بە جۆرێک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیدا بگونجێت.

   ئەوەی وا دەکات ئەم سیناریۆیە سیناریۆیەکی شیمانەکراو بێت و ئەگەری دووبارەبوونەوەشی وەک مۆدێلێک لە دەوڵەتانی تری ناوچەکەدا هەبێت، ئەو لێکەوتە ئەرێنییانەیە کە بۆ هەردوو لا، واتە هەم بۆ دەوڵەتەکە و هەم بۆ نادەوڵەتەکە هەیەتی. سەبارەت بە دەوڵەت، لە بەر ئەوەی هەندێک دەوڵەت بەدەست قەیران و تەنگژەی درێژخایەنەوە دەناڵێنن و تووشی لاوازییەکی بونیادی هاتوون، ئەم ڕەوشە بژاردەیەکی کەم تێچووە (أقل تكلفة). سەبارەت بە نادەوڵەتیش، ئەم ڕەوشە ئازادییەکی زیاتری لڤین و سەرکێشیی بۆ فەراهەم دەکات، سوود لە سەرچاوە و داهاتەکانی دەوڵەت وەردەگرێت و لە هەمان کاتدا وەک قەوارەیەکی نیمچەسەربەخۆ و تەریب بە دەوڵەتیش دەمێنێتەوە. حیزبوڵا لە لوبنان، بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی (حەماس) لە ناوچەکانی فەڵەستین و بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (گرووپی حوسییەکان) لە یەمەن، حاڵەتی تایبەتی ئەم ڕێکخراوانەن[6].

دەرئەنجام

لە کۆتایی ئەم توێژینەوەیەدا و وەک ئەنجامگیرییەک، کاتێک باس لە ئایندەی بکەرە نادەوڵەتە چەکدارەکان دەکەین، چەند ڕاستییەک هەیە پێویستە لە پێش چاومان بێت، ئەوانیش:

  1. بوون و قەوارەی “نادەوڵەت” بەراورد بە بوون و قەوارەی “دەوڵەت” ناسەقامگیرتر و فشەڵترە، بۆیە ئەگەری کۆتاییپێهاتن و ئاوابوونی هەمیشە ئەگەرێکی لە سەر ڕێ وەستاو و شیمانەکراوە.
  2. پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و نادەوڵەت پەیوەندییەکی پێچەوانەیە، واتە هەتا دەوڵەت بەهێزتر بێت، نادەوڵەت لاوازتر و کاریگەرییەکانیشی کەمتینتر دەبێت.
  3. سیستمی نێودەوڵەتی سیستمێکی داینامیکییە، واتە پڕ لە لڤین و کارلێک و بەریەککەوتنی جۆراوجۆر و دەرهاویشتەی چاوەڕواننەکراوی هەیە. بۆیە هەم دەرکەوتنی بکەری نوێ و هەمیش نەمانی ئەم بکەرانەی ئێستا، ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە.

سەرچاوە و پەراوێزەکان

[1]  ئەم پێناسەیە دەرەنجامی کارکردنی خۆمانە لە سەر بابەتی بکەرە نادەوڵەتەکان، هەروەها بە سوودوەرگرتن لە خوێندنەوەی ئەو ئەدەبیاتەی کە لەم بارەیەوە بەردەستە.

[2]  د. حسنين توفيق إبراهيم، “الفاعلون المسلحون من غير الدول في العالم العربي: تحديات راهنة وآفاق مستقبلية”، كراسات إستراتيجية 299 (أبريل، 2019)، ص8.

[3]  بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی چەمک و میتۆدی سیناریۆوە، سەیری ئەم سەرچاوەیە بکە:

نوار جليل هاشم، “تحليل الصراع العربي- الإسرائيلي على المياه بإستخدام منهجية السيناريوهات في الدراسات المستقبلية”، دراسات سياسية، العدد 24 (2013)، ص ص90-98.

[4]  هەر چەندە هەندێک توێژەر ڕەخنە لە “ڕەوایەتی” دەگرن وەک بنەمایەک بۆ پۆلێنکردن و ڕوانین لە بکەرە نادەوڵەتەکان بە گشتی، بەو بیانووەی کە “ڕەوایەتی” پێوەرێکی بەهاییە نەک زانستی. بەڵام ڕەخنەکان هەر چییەک بن، ناکرێت سەنگ و گرنگیی ئەم پێوەرە لە ئامادەگیی بکەرە نادەوڵەتەکاندا، جا چ چەکدار بن یاخود بێچەک، نادیدە بگرین. لەم ڕووەوە و وەک نموونە دەکرێت باس لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکەین: تۆمارکردنی پەکەکە لە نێو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا لە لایەن یەکێتیی ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و تورکیاوە، ڕێکخراوەکەی رووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت کردەوە و یەکێک بوو لەو پاڵنەرە گرنگانەی کە بوو بە هۆکاری گۆڕینی ستراتیژی پەکەکە و بیرکردنەوە لە ڕێگەی نوێ بۆ بەرخۆدان. هەر لە سەر ئەم بنەمایە، ناوی خۆی گۆڕی بۆ کۆنگرەی ئازادی و دیمۆکراسیی کوردستان (کادەک) و ناوی سوپاکەی لە سوپای ئازادی خەڵکی کوردستان (ئەرگەکە)ەوە گۆڕی بۆ هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، دواتر قەوارەیەکی فراوانتری دروست کرد بە ناوی کۆما کۆمەلێن کوردستانێ (ک. ک. ک.) کە دواجار بوو بە کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە). بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی ئەم وەرچەرخانە و هۆکارەکانیەوە، سەیری ئەم سەرچاوەیە بکە:

سیڤان سەعید، وەرچەرخانی بزاوتی ڕزگاریخوازی کوردستان لە پەکەکەوە بۆ کەجەکە، وەرگێڕانی: دارا سوبحان (سلێمانی: ناوەندی غەزەلنووس، 2018).

[5]  گەڕانەوەی دەوڵەت چەمکێکی ناو ئەدەبیاتی پەیوەست بە بکەرە نادەوڵەتەکانە و مەبەستیش لێی بەهێزبوونەوە و هەڵکشانەوەی ڕۆڵی دەوڵەت و گرتنەدەستی جڵەوی دەستپێشخەرییە لە لایەن دەوڵەتەوە بەرانبەر بە سەرەولێژبوونەوەی ڕۆڵ و ئامادەگیی بکەرە نادەوڵەتەکان.

[6]  بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی “بکەرە دووپەژمەکان”ەوە، سەیری ئەم دوو سەرچاوەیە بکە:

 زانا كريم نجم، الفاعلون من غير الدول ودورهم في السياسة العالمية: إقليم كوردستان-العراق إنموذجاً (سليمانية: مطبعة كارو، 2021)، ص149.

 حسنين توفيق إبراهيم، مصدر سبق ذكره، ص ص14-16.

Send this to a friend