• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 11, 2021

شکستی هاوپەیمانانی ئێران، کاتی ڕاگۆڕینی تاران لە بەغدا هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنی ٢٠٢١-ی پەرلەمانی عێراق لە ڕوانگەی ئێرانەوە

ئەردەشیر پەشەنگ

لێکۆڵەری پرسە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەڕێوەبەری گرووپی میدیایی فەراتاب

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (10)ی تشرینی دووەمی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

بەرایی

چەندین ئەکتەری ناوچەیی و سەرووناوچەیی لەسەر گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی عێراقدا شوێندانەرن و هاوکات کاریگەرییان لێ وەردەگرن. کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێکە لە گرنگترین دەورگێڕانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، کە بە وردبینییەکی تەواو چاودێریی گۆڕانکارییەکانی عێراق دەکات و بەردەوام هەوڵی زێدەکردنی ئاستی کارتێکەری و دابینکردنی زۆرتری بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی لەو گۆڕەپانەدا دەدات. هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، گرنگترین وەرچەرخانی سیاسیی ئەم ماوەیە بوو کە لە چەندین لایەنی جیاوازەوە بۆ ئێران جێگای بایەخە و ئاکامەکانی کاریگەری و دواهاتی جۆراوجۆریان لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دەبێت، لەم یاداشتەدا ئەم پرسە گرنگە تاوتوێ دەکەین.

١. سیاسەتی گشتیی ئێران بەرامبەر بە عێراق

لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە کە سەددام حسێن و ڕژێمی بەعس، وەک سەرەکیترین دوژمنانی ئێران، لە سێبەری هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق ڕووخێنران، ئەم وڵاتە لە مەترسییەکی هەمیشە پەنگراو بوو بە دەرفەتێکی گرنگ بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئێران لە سیاسەتی ناوچەیی خۆیدا لەسەر چەندین بنەمای دیاری وەک: تەوەری بەرەنگاری، یەکگرتوویی جیهانی ئیسلام (بە ناوەندێتیی شیعەکان)، دژایەتیی ئەمەریکا و دژایەتی لەگەڵ گۆڕینی سنوورەکاندا کار دەکات و ئەم خاڵانە بەرامبەر بە عێراقیش پەیڕەو کراوە. ئەم پرسە لە وتەکانی ئایەتوڵا خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئێرانیشدا بەردەوام پێداگریی لەسەر کراوە، بۆ نموونە لە وتارێکدا دەڵێت: “بوونی هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا، سەرچاوەی کێشەکانی وەک تیرۆریزم و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی عێراقە و تا کاتێک ئەمەریکییەکان لە عێراقدا بن؛ ئاوی ئاسان لە گەرووی خەڵکی عێراق ناچیتە خوارەوە[1]“.

جگە لەم بابەتانە، بە هۆی بوونی عەتەباتی عالیات و مەزاری ٦ ئیمامی شیعە، بەتایبەت ئیمام حسێن، لە عێراقدا، ئەم وڵاتە گرنگی و جیاوازییەکی سەمبۆلیکی بۆ ئێران هەیە و لە سیاسەتی دەرەوەیدا بۆ پێشاندانی هێزی نەرمی ناوچەیی خۆی، بە بانگەشەیەکی بەربڵاو داکۆکی لە “ڕێپێوانی ئەربەعین” دەکات. پەیوەست بەم بابەتە، قاسم سولەیمانی؛ فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی ئێران، وەک ئەندازیاری ڕێپێوانی ئەربەعین ناو دەبەن[2].

بایەخی ڕێپێوانی ئەربەعین، بە مەبەستی ڕێکخستنی هاودەنگییەکی گشتی و زیاترکردنی کارتێکەریی فەرهەنگی و پرۆپاگاندەیی، چ لە ناوخۆی ئێران و چ لە عێراق و ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بە شێوازێک بووە کە سەردار سولەیمانی بە ئامادەبوون و پشتگیریی ٢٠ ڕێکخراو و وەزارەتی گرنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەستی دایە دامەزراندنی “ستادی ئەربەعین[3]“، واتە بارەگای ئەربەعین.

٢. ستراتیژی کردەوەیی ئێران بەرامبەر بە عێراق

پێویستە سیاسەتەکانی ئێران بەرامبەر بە عێراق و پرسە گرنگەکانی، لە دوو گۆشەنیگای خوارەوە هەڵسەنگاندن و تاوتوێ بکرێت:

٢-١- ستراتیژ و ئامانجی ئێران بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی عێراق

لە ڕوانگەی گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی عێراق، ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە عێراق بەکورتی لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێت: پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و پێشگیری لە دابەشبوونی وڵات، شکستدان و دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، پێشگرتن لە تەشەنەی دەسەڵاتی هێز و لایەنەکانی سەر بە بەعس و هزری پان عەرەبی یان سوننە توندئاژۆکانی دژ بە ئێران، داکۆکی لە بەرەی شیعە، بەهێزکردنی لایەنە شیعەکانی سەر بە ئێران لە ڕێگای ڕێكخستن، دامەزراندن و بەهێزکردنی گرووپەکانی حەشدی شەعبی. ئەم سیاسەتانە لە ساڵانی ڕابردوودا کەمترین گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و دەتوانین دووبارە لە وتەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە دیداری بەرهەم ساڵح؛ هاوتای عێراقیدا گوێبیستیان بین: “هەر هەنگاوێک لە پێناو بەهێزبوونی عێراق و کورتکردنەوەی دەستی بیانییەکان لەو وڵاتە، بە هۆی پێشکەوتنی عێراق دەزانم. ئێران لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و ئاسایش و سەقامگیریدا لە پێشکەشکردنی خوێنی ئازیزترین ڕۆڵەکانی خۆی وەک شەهید قاسم سولەیمانی درێغیی نەکردووە[4]“.

٢-٢- ستراتیژ و ئامانجی ئێران بەرامبەر بە عێراق لە ڕوانگەی گۆڕانکارییە ناوچەییەکانەوە

ئێران لە بواری سیاسەتی ناوچەییدا، عێراق وەک ئەندامێکی بەرەی خۆڕاگری (محور مقاومت) ئەژمار دەکات. ماڵپەڕی ویکی شیعە مەبەست لە بەرەی خۆڕاگری وەها پێناسە دەکات: “تەوەر یان بەرەی خۆڕاگری ناوێکە بۆ ئاماژەکردن بە هاوپەیمانییەکی نەنووسراوی ناوچەیی لەنێوان ئەو وڵات و هێزانە کە زۆربەیان شیعەن، وەک: ئێران، سووریا، عێراق و حیزبوڵڵای لوبنان. ئامانجی بەرەی خۆڕاگری بریتییە لە: خەبات دژ بە وڵاتی ئیسرائیل، کۆتاییهێنان بە باڵادەستیی ڕۆژئاوا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و داکۆکیکردن لە ڕزگاریی فەڵەستین[5].” ئەم بەرەیە لە ساڵانی ڕابردوودا پێگەیەکی زۆر گرنگی بۆ ئێران هەبووە. ئەمیر عەبدوڵاهیان؛ وەزیری دەرەوەی ئێران، کاتی وەرگرتنی دەنگی متمانە لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران، بە پێداگرییەکی وەها باسی پێگە و گرنگیی تەوەری بەرەنگاریی کرد: “هەوڵدان بۆ بەهێزترکردنی بەرەی خۆڕاگری لە ئەجێنداکانی دەوڵەتی سێزدەیەمە و بەرەی خۆڕاگریی هاوپەیمانانی ئێرانن کە بە ئامانجی جێگیریی ئاسایشی بەردەوام لە ناوچەکە و وڵاتاندا بە شێوازێکی خۆکرد پێک هاتوون و دێرانەیەکی گەورە و بەهێزی مسۆگەرکردنی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکەن[6]“.

٣. ئێران و حەشدی شەعبی

سەرهەڵدانی داعش و مەترسیی ڕووخانی عێراق، بەتایبەت لە ناوچە شیعی و ئایینییەکانی ئەو وڵاتە، بوو بە هۆی دەرکردنی فتوایەک لەلایەن گەورەمەرجەعی شیعە ئایەتوڵا سیستانی بە مەبەستی پێکهێنانی هێزی پاراستنی گەل، کە لە قەوارەی حەشدی شەعبیدا خۆی بینییەوە. ئێران لەم چوارچێوەیەدا لە دامەزراندن، پشتگیری و بەهێزکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕۆڵی بەرچاوی بینی. هاشم ئەلحەیدەری؛ جێگری فەرهەنگیی حەشدی شەعبی عێراق، لە وتارێکیدا لە شاری هەمەدان، سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران وەها دەدوێت: “ئەگەر پاش داگیرکردنی موسڵ؛ داعش دەگەیشتە سامەڕا، بەشێوییەکی گەورە ڕووی دەدا، بەڵام بە یارمەتیی ئێران و پێکهێنانی حەشدی شەعبی، ئەو ئەگەرە ڕووی نەدا.” ئەو دواتر تیشک دەخاتە سەر خاڵێکی سەرەکی کە بۆ ئێران زۆر پڕبایەخە: “ئێمە بڕوامان بە جوگرافیای سیاسی نییە، بەڵکوو بڕوامان بە جوگرافیای باوەڕ هەیە کە درووشمی ئایینی ئیسلامە[7]“. لە ڕاستیدا ئەم بۆچوونە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران خاڵێکی بنەڕەتییە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بنەماکانی باوەڕیدا؛ بڕوای بە “ئوممەتی ئیسلامی” هەیە و کاتێک چەمکی ئوممەتی ئیسلامی بەکار دێت، بەو واتایەیە کە بۆ ئێران، سنوورە نەتەوەییەکان، خاوەنی گرنگیی بابەتییانە نین. لەم پێناوەدایە کە ئایەتوڵا خامنەیی لە میدیا فەرمییەکاندا، پتر لە ڕێبەری شۆڕش، بە ناوی “وەلی ئەمری موسوڵمانانی جیهان” ناو دەبرێت.

بە واتایەکی تر: چاوگی وەفا و پەیوەندیی گرووپە سیاسییەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان، تاقمێک لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی و ئەنساروڵڵای یەمەن، نەک ئارمانجی نەتەوەخوازی، بەڵکوو ڕوانگەیەکی ئوممەت تەوەر و ئیسلامی-شیعیی شوێنکەوتووی وەلی فەقیھ و کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. “سەید حەسەن نەسروڵا سکرتێری حیزبوڵڵای لوبنان، چەندین جار ئەم ڕستەیەی دووپات کردووەتەوە، کە: “من سەربازێکی بچووکی ئیمام خامنەییم”[8].

بەهێزبوونی حەشدی شەعبی لە عێراقدا بۆ ئێران دەرهاویشتەی جیاوازی هەیە، لە پتەوترکردنی کاریگەریی کردەوەیی تا سنوودارکردنی پانتایی بۆ نەیارانی دی، لەوانە ئەمەریکا و تەنانەت ئەو هێزە عێراقییانە کە زۆر ناچنە خانەی ڕوانگە و بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

٤. گرنگایەتیی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ ئێران

بەپێی دەستووری عێراق، سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتە لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە سیستمێکی پەرلەمانی، فیدراڵ و دیموکراتییە، بەو واتایە کە پەرلەمان ناوەند و سەرچاوەی دابەشکردنی هێز و دەسەڵاتە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی بە گرنگترین دیاردەی سیاسیی عێراق دێتە ئەژمار کە ڕوانگەی مژارە گرنگ و بنەماییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی وڵات ڕوون دەکاتەوە، بەم هۆیەوە ئەم دیاردە بۆ سەرجەم دەورگێڕانی بیانیی وەک: ئەمەریکا، ئێران، تورکیا، عەرەبستانی سعودیە و… هتد؛ پڕبایەخە. بەپێی ستراتیژیەتی ئێران کە ئاماژەی پێ درا، سروشتییە ئێران خاوەن پلەبەندییەکی هەڵبژاردن بێت بەرامبەر لایەنە جیاوازەکانی عێراق.

ئێران لە سیاسەتی کردەوەیی خۆیدا زۆرتر داکۆکی لە گرووپە شیعەکان دەکات بەرامبەر بە گرووپەکانی تری وەک: عەرەبە سوننەکان و تەنانەت کوردەکانیش. هەروەها لەنێوان لایەنە جیاواز و فرەچەشنەکانی شیعەدا، پشتگیریی زیاتر لەو لایەنانە دەکات کە لە ڕووی بیر و بەرژەوەندییەوە پەیوەندییەکی ئایدۆلۆژی و تەنانەت ڕێکخراوەییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە.

٤-١- ستراتیژییە هەڵبژاردنییەکانی ئێران لە عێراقدا

لە ڕووی گرنگییەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە شێوازێکی سروشتی شیعەکان لە ڕیزی یەکەم، کوردەکان لە ڕیزی دووەم و عەرەبی سوننە لە پەراوێزدان. هەروەها بەپێی فرەچەشنی و جیاوازیی بۆچوون و ڕوانگەی حیزب و ڕەوتەکان، ئێران لە ناوەوەی هەریەک لەم بەرە و لایەنانەدا ڕیزبەندییەکی تایبەتتری هەیە.

لەنێو شیعەکاندا، هاوپەیمانیی فەتح کە گرووپەکانی حەشدی شەعبی بە فەرماندەیی هادی عامری كە هاوپەیمانی کۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه؛ لەخۆ گرتووە، لە پلەی یەکەمدایە و پاشتر هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرکردایەتیی نووری مالکی لە پلەی دووەمدایە، ئێران ئەم گرووپانە لەژێر ناوی بەرەی خۆڕاگری ڕیزبەندی دەکات. ئەم ڕیزبەندییە لە شێوازی ڕووماڵکردن و پەرچەکرداری میدیا فەرمی و حکومییەکانی ئێران بەرامبەر ئاکامی هەڵبژاردنەکان بە دیاری دەردەکەوێت. بۆ نموونە: هەواڵنێری دەزگای دەنگ و ڕەنگی ئێران لە ڕووماڵی ئاکامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ٢٠١٨ و لە هەڵوێستی هەمبەر سەرکەوتنی دوو هاوپەیمانیی فەتح و دەوڵەتی یاسا، لە تایتڵێكدا نووسیی: “سەرکەوتنی هاوپەیمانیی بەرەی خۆڕاگری و دژەئەمەریکایی لە هەڵبژاردنی عێراقدا[9]“، یان ڕۆژنامەی هەمشەهریی تاران کە لەلایەن بناژۆخوازەکان بەڕێوە دەبرێت، پێش دەنگدان لە شرۆڤەیەکی هەڵبژاردنی ٢٠٢١دا، سەبارەت بە هاوپەیمانیی فەتح و ئەبنا دەنووسێت: “هاوپەیمانیی فەتح و ئەبنا بە ڕێبەریی هادی عامری و قەیس خەزعەلی، یەکێک لە گرنگترین ڕەوتە سیاسییەکانی شیعەیە لە عێراقدا کە بەختێکی زۆر باشی بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا هەیە. ئەم هاوپەیمانییە سەرهەڵداوی ڕەوتی سەربازیی حەشدی شەعبییە کە لە ساڵی ٢٠١٤ و بە فتوای مەرجەعیەتی نەجەف و پشتگیریی ئێران، بۆ بەرەنگاریی تیرۆریزم پێک هێنرا و لە شکستی داعشدا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا. فەتح و ئەبنا وەک سەرەکیترین هاوپەیمانانی ستراتیژیکی ئێران لە ئاستی عێراق و تەنانەت جیهانی عەرەبییشدا دەناسرێن”.

ئەم دابەشکارییە لەنێو لایەنە کوردییەکانیشدا هەیە و ئێران سەبارەت بە کوردەکانیش ڕیزبەندیی خۆی هەیە، بە جۆرێک کە پەیوەندیی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەندێ حیزبی ئیسلامیدا گەرمترە لە پەیوەندیی لەگەڵ حیزب و لایەنەکانی دیکەدا و بێگومان سەرکەوتنی ئەم لایەنە نزیکە کوردییانەشی پێ گرنگترە.

 

٤-٢- هەستیاربوونی زیاتر بە کاریگەریی ئێران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراقدا

ئێران بەردەوام هەوڵی داوە بەپێی زۆرینەبوونی حەشیمەتی شیعە لە عێراقدا، داکۆکی لەو لایەنانە بکات کە لە سیاسەت و بەرژەوەندیی ئێران نزیکترن. ئەم لایەنگیرییە هەندێ جار بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە و بەرزبوونەوەی ئاستی ململانێ و قەیران لە ناوخۆی عێراقدا. بۆ نموونە: دەتوانین بە سەردانی ساڵی ٢٠١٨ی عەلی ئەکبەر وەلایەتی؛ وەزیری دەرەوەی ڕابردووی ئێران و ڕاوێژکاری نزیک و جێی متمانەی ڕێبەری ئێران، بۆ وڵاتی عێراق ئاماژە بکەین. وەلایەتی لەو سەردانەدا لە کۆنفڕانسێکی ڕاگەیاندن بەڕوونی وەها دەدوێت: “ئێمە ڕێگە نادەین لیبراڵ و کۆمۆنیستەکان لە عێراقدا حوکمڕانی بکەن[10]“. ئەم وتانە لە لایەکەوە ئەو ڕاستییەی وەدەرخست کە ئێران بە هەستیاری و وردبینیی تەواوەوە چاودێریی گۆڕانکارییەکانی هەڵبژاردنی عێراق دەکات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە لە ناوخۆی وڵاتی عێراقدا ڕووبەڕووی پەرچەکردارێکی بەربڵاوی نەرێنی بووەوە، بۆ نموونە: ڕائید فەهمی؛ سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی عێراق، کە لە هەڵبژاردندا لەگەڵ سائیروون (بزووتنەوەی سەدر) هاوپەیمانن، وتەکانی وەلایەتیی بە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆ و پێشێلکردنی دەستووری عێراق ناو برد. وەها هەستیارییەک تەنانەت لەم دوایین هەڵبژاردنەشدا ڕووی دا و چەند کاتژمێرێک پێش کۆتا ماوەی دەنگدان، هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی سەردانی سەردار ئیسماعیل قائانی؛ فەرماندی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بڵاو کردەوە، بابەتێک کە لەگەڵ پەرچەکرداری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تاقمێک لە ڕێبەرانی عێراقیی وەک موقتەدا سەدر ڕووبەڕوو بوویەوە و لە کۆتاییدا ئەحمەد مەسجدی باڵوێزی ئێران لە بەغدا، ناچار کرا بەفەرمی لە تویتێکدا سەردانی قائانی و هەر بەرپرسێکی پلەباڵای ئێرانی ڕەت بکاتەوە[11].

٥. شرۆڤەی ئاکامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی عێراق لە ڕوانگەی ئێرانەوە

ئاکامەکانی هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ی عێراق، بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک تەنیا سەرکەوتنێکی باش نەبوو، تەنانەت بوو بە هۆی پەرۆشیی زیاتر.

٥-١- شکستی هاوپەیمانانی ئێران

بە ڕاگەیاندنی ئاکامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق، دەرکەوت ئەو لایەنانەی کە ئێران هیوای بە سەرکەوتنیان هەبوو و لانی کەم لە فەزای میدیایی و بانگەشەی خۆیدا داکۆکیی لێیان دەکرد، نەک تەنیا نەیانتوانی پێگەیان بەرزتر بکەنەوە، بەڵکوو لە پاراستنی پێگەی ڕابردووشیاندا سەرکەوتوو نەبوون. گرووپ و هاوپەیمانییە شیعەکانی سەر بە ئێران، بەگشتی هێندەی هاوپەیمانیی سائیروونی ڕەخنەگری ئێران، بە ڕێبەرایەتیی موقتەدا سەدر، کورسیی پەرلەمانیان مسۆگەر نەکرد:

١. هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالکی: ٣٥ کورسی

٢. هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری: ١٥ کورسی

٣. عەقدی وەتەنی بە سەرۆکایەتیی فالح فەیاز: ٥ کورسی

هەروەها لە هەرێمی کوردستاندا کە ئێران بەراورد بە بەغدا بە هەستیارییەکی کەمتر لە گۆڕانکارییە سیاسی و هەڵبژاردنەکان دەڕوانێت، ئاکامەکان لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هێندە خوازراو و جێی پەسن نەبوون.

٥-٢- هۆکاری پەرۆشیی کۆماری ئیسلامیی ئێران

ڕێژەی کەمی بەشداری، سەرنەکەوتنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە وەرگرتنی متمانەی شیعەکان و سەرکەوتنی چاوەڕواننەکراو و بەهێزی سەدر؛ گرنگترین هۆکارەکانی پشت پەرۆشی و نیگەرانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. هەڵوێستی موقتەدا سەدر لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و یەکەم لێدوانی پاش هەڵبژاردن و سەرکەوتنی، کە بریتی بوو لە پێداگری لەسەر بنبڕکردنی دەستتێوەردانی بیانی و چەککردنی حەشدی شەعبی، هەمووی ئاراستەیەکی دژ بە ئاقاری داڕێژراو و خوازراوی ئێرانی هەبوو.

٦. کاردانەوەکانی ئێران لەهەمبەر هەڵبژاردنی ٢٠٢١

کاردانەوەکانی ئێران لەهەمبەر ئاکامەکانی هەڵبژاردنی عێراق دەتوانین دابەش بکەین بە سێ كورت مەودا، ناوەند مەودا و درێژخایەن:

٦-١- کاردانەوەی کورتخایەنی ئێران

١. ناڕەزایەتی و گومان خستنە سەر ئاکامەکان و هەوڵدان بۆ دروستکردنی خۆپیشاندانی سەرشەقام و نمایشی هێزی چەکداریی ڕەوتی ناسراو بە بەرەنگاری.

٢. هەوڵدان بۆ دروستکردنی فراکسیۆنی زۆرینە، بۆ ئەم مەبەستەش نووری مالکی بژاردەیە و هەوڵ دەدرێت وەک ئەزموونی ساڵی ٢٠١٠، ئەو بتوانێت بەر لە موقتەدا سەدر فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمان پێک بهێنێت.

٣. پێشگیری لە بەدووجەمسەریبوونی هەڵبژاردن. وێڕای ئەوەی زۆر کەس ئێران بە دۆڕاوی ئەم هەڵبژاردنە دەزانن، بەڵام ئێران بە چەند هۆیەک و بەپێی ئەو ئامراز و دەرفەتانەی لەبەر دەستیدایە، نایەوێت فەزای عێراق بەرەو دووجەمسەریی ئێرانی-دژەئێرانیدا تێپەڕێت. بەم بۆنەوە، کاردانەوە فەرمییەکانی ئێران بە ئاکامی هەڵبژاردن؛ هێدی و خۆپارێزانە بوو. دەتوانرێت کاردانەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەم چوارچێوەدا هەڵبسەنگێنرێت. سەعید خەتیبزادە؛ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی لە دەوڵەت و نەتەوەی عێراق و نوێنەرانی هەڵبژێردراو  کرد و هیوای خواست کە بە تەبایی و هاوڕێیەتیی سەرجەم نوێنەرانی هەڵبژێردراوی گەلی عێراق، پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی عێراق ڕوو بدات. خەتیبزادە جەختی کردەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ڕابردوو بە پشتیوانیکردنی عێراق ئامادەیە بۆ یارمەتیی هاوبەش لە پێناوی گەشە و پێشکەوتنی گشتگیریی هەردوو وڵاتدا[12].

٦-٢- کاردانەوەی ناوەندماوەیی ئێران

هەڵبژاردن تەنیا یەکێکە لە پانتاییەکانی نواندنی دەسەڵاتی ڕۆڵگێڕانی جیاوازیی ناوخۆیی و بیانی لە عێراقدا. ئێران بەپێی فرەچەشنیی بەرژەوەندی، ئامراز، دەرفەت و دۆخەکانی بەردەستی و هەروەها هەبوونی ١٦٠٩ کیلۆمەتر سنووری هاوبەش و پەیوەندیی ئابووری، فەرهەنگی و سیاسیی بەربڵاو لەگەڵ گرووپ و بەرە جیاوازەکاندا لەتەنیشت ئەگەری چۆڵکردنی هەنگاوبەهەنگاوی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە، وەک باڵادەستترین هێزی بیانی لە عێراقدا دەمێنێتەوە. بەم هۆیەوە وا پێدەچێت کاردانەوەی ناوەندماوەیی ئێران بە ئاکامەکانی هەڵبژاردنی عێراق بەم جۆرە بێت:

١. کەمکردنەوەی ئاستی ململانێ و زیاترکردنی پەیوەندی لەگەڵ هێزە براوەکاندا

ئێران پێشتریش دەریخستووە کە توانای ڕۆڵگێڕانێکی زۆر باڵای هەیە لەنێوان گرووپ و حیزب و ڕێبەرانی عێراقدا. سەردانی لەناکاوی سەدر لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ئێران و دیداری لەگەڵ ڕێبەری ئێران و بەرپرسانی دیکەی باڵای وڵات، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە فڕۆکەخانە و پەرلەمانی ئێران لە مەراسیمی پێشوازیکردنی لە نێچیرڤان بارزانی لە تاران و…، چەند نموونەیەک لەو توانا سیاسییەیە کە پێدەچێت لەم ماوەیەدا زیاتر لەلایەن ئێرانەوە بگیرێتە بەر.

٢. پێشگیریکردن لە دزەی زیاتری بەرهەڵستکارانی ئێران لە گۆڕەپانی شیعەدا

 پرسێکی گرنگ ئەوەیە کە بە هەر ڕادەیەک ئێران لە عێراقدا پاشەکشە بکات، بەو ڕادەیە بەرهەڵستکارە ناوچەییەکان و لەوانە تورکیا و عەرەبستانی سعودی پێشڕەوی دەکەن، بەم بۆنەوە ئێران هەوڵ دەدات لە ناوەندماوەدا بێجگە لە کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان، پەیوەندیی خۆی لەگەڵ حیزب و لایەنە سەرکەوتووەکان و لەوانە ڕەوتی سائیروون بە ڕێبەریی موقتەدا سەدر و هەروەها لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی مەسعوود بارزانی باشتر بکات.

٦-٣- کاردانەوەی ئێران لە درێژخایەندا

لە درێژخایەندا ئێران بەردەوام لەسەر ئەم بنەمایانە، کە لە بەشەکانی دیکەشدا ئاماژەی پێ کرا، پێداگری دەکات: زیاترکردنی ئاستی پەیوەندی لەگەڵ عێراق و بەرزکردنەوەی تا ڕادەی هاوپەیمانێکی ستراتیژیک، پێشگرتن لە دابەشبوونی عێراق، بەهێزکردنی پێگەی شیعەکان لەهەمبەر لایەنەکانی دیکە، دروستکردنی شێوازێک لە هاوسەنگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، لەبەر ئەوەی کە ڕوانگەیەکی گشتی و ڕانەگەیەنراو لە ئێراندا باوە کە پێی وایە بە هەر ڕادەیەک دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بەهێزتر بێت، هەر بەو ڕێژە ئاستی ململانێی هەمبەر ئێران زۆرتر دەبێت.

ئەنجام

لەنێوان پێنج هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراقدا، دوایین هەڵبژاردن (٢٠٢١) لە دیدی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە خراپترینیان هەژمار دەکرێت. بەتایبەت ئەوەی کە فەزای سیاسیی ئەم هەڵبژاردنە جۆرێک لە دووبەرەکیی ئێرانخوازی و دژەئێرانیی لەنێوان هەندێک لە ڕێبەران و ڕەوتە سیاسییەکانی شیعەدا دروست کردووە. بەڵام بەگوێرەی قووڵایی و بەردەوامیی بەرژەوەندیی ئێران لە عێراقدا و بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندیی هەمەلایەنە و ئەو دەرفەتە جیاوازە سیاسییانەی بە دەست ئێرانەوەیە، ناتوانرێت ئاکامی هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی پەرلەمان بە واتای کۆتایی هەبوونی ئێران لە عێراقدا، یان دۆڕاندنێکی زەقی سیاسی بژمێردرێت، بەڵکوو چاوەڕێ دەکرێت ئێران بەسەر هەندێ ڕەهەندی کرداری و پراکتیک و بانگەشەیی سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەهەمبەر عێراق و هێز و لایەنەکانی ئەو وڵاتەدا پێداچوونەوە بکات و بە ئاراستەیەکی هێدیتر و جیاواز لە پێش، ڕۆڵی خۆی وەک گرنگترین دەورگێڕی کاریگەری ناوچەیی لە گۆڕەپانی گۆڕانگارییەکانی عێراقدا درێژە پێ بدات.

سەرچاوەكان

 

[1]. ماڵپەڕی سەید عەلی خامنەیی https://farsi.khamenei.ir/speech-content?id=46081

[2]. ماڵپەڕی قاسم سولەیمانی https://soleimani.ir/news/205

[3]. هەواڵنێریی ئێسنا https://www.isna.ir/news/99071712939

[4]. هەواڵنێریی کۆماری ئیسلامیی ئێران (ایرنا) https://www.irna.ir/news/84427508

[5]. ماڵپەڕی ویکی شیعە: https://fa.wikishia.net/view

[6]. هەواڵنێریی تەسنیم: https://www.tasnimnews.com/fa/news/1400/05/31/2558390

[7]. هەواڵنێریی تەسنیم: https://www.tasnimnews.com/fa/news/1397/10/18/1917566

[8]. پێگەی هەواڵی بەسیرەت: https://basirat.ir/fa/news/11933

[9]. هەواڵنێریی دەزگای دەنگ و ڕەنگی ئێران: https://www.iribnews.ir/fa/news/2131649

[10]. هەواڵنێریی پانا: https://www.pana.ir/news/803598

[11]. تویتی ئەحمەد مەسجدیی باڵوێزی ئێران بە زمانی عەرەبی https://twitter.com/IMasjidi/status/1447626985031839746

[12]. ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: https://www.mfa.gov.ir/portal/newsview/654833

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە ده‌ (10) تشرینی دووەمی 2021

Send this to a friend