سەرۆک_شارەوانیی هەڵبژێردراو لە ژێر تارمایی قەیومدا
ئەحمەد سیروانی | فەرزان چاڵشکان
پوختە
دوای پەرلەمانو سەرۆکی کۆمار، سەرۆکی شارەوانی سێهەمین کەسە لە ئاستی وڵاتدا، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت، لە ئاستی شارەکانیشدا تاکە بەرپرسە ڕاستەوخۆ متمانەی هاوڵاتیان لە خۆیانەوە بەدەستدەهێنێت، بەڵام هەر ئەم نوێنەرە دەکرێت پاش ماوەیەک لەلایەن دادگا، وەزارەتی ناوخۆو سەرۆکی وڵاتەوە لەکارلابدرێتو پارێزگار یان قائیمقامی ئەو شارە لە جێگەکەی دابنرێت.
تورکیا وەک دەوڵەتێکی گەورەو زلهێزی هەرێمی، ئەزموونێکی باشی هەیە لەگەڵ لابردنی نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانو دانانی قەیوم لە جێگەکەیان، هەرچەندە ئەم سیستەمە زیاتر لە لابردنی سەرۆک_شارەوانییەکانو دانانی کەسانی نزیک لە پارتی دەسەڵاتداردا بەرجەستەبووە، بەڵام بابەتەکە زۆر لەوە قووڵترو فراوانترە، لەبەرئەوەی دەکرێت لە هەر بارودۆخێکی نائاسایدا دەسەڵات بەرپرسی حیزب، ڕێکخراو، سەندیکاو دامەزراوەکانی تریش لابباتو قەیوم لە جێگەیان دابنێت، نموونەی ئەم جێبەجێکارییەیش لەو وڵاتەدا هەیە.
لەگەڵ ئەمانەیشدا دانانی قەیوم لە تورکیادا چڕبووەتەوە لە لابردنی سەرۆک_شارەوانییەکانی پارتە کوردییەکان بە تۆمەتی “پشتیوانیو هاوکاریو ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستی”و پاشان دانانی پارێزگار یان قائیمقامی ئەو شارە، کە سەر بە پارتی دەسەڵاتدارە.
لەم توێژینەوەیەدا لەگەڵ ناساندنی چەمکی قەیومو چۆنیەتیی جێبەجێکردنی لە تورکیادا، شیکاری بۆ هۆکارو دەرئەنجامەکانی دەکرێت، لە هەمان کاتدا ئایندەی شارە کوردییەکانی تورکیا لە سایەی دانانی قەیومدا گەنگەشەدەکرێت.
دەروازە
لە کاتێکدا سەدەیەک بە سەر دامەزراندنی کۆماری تورکیادا تێپەڕیوە، ئەو گرفتە بنچینەییانەی کە لە سەدەی ڕابردوودا لە ڕێکخستنی ئیداری، یاساییو بیرۆکراتیکی کۆمارەوە سەریانهەڵداوەو ئەو مشتومڕانەی کە بە هۆی ئەم کێشانەوە هاتوونەتەئاراوە، هەتا ئەمڕۆیش بەردەوامن. ئەو پڕۆسەیەی کە بە میکانیزمی ئیداریی نائاسایی بەڕێوەدەبرێت لە دامەزراندنی کۆمارەوە هەتا گواستنەوە بۆ ژیانی سیاسیی فرەحزبی، کێشەکانی نێوان ناوەندو داینامیکیی ژینگەیی/خۆجێیی زیاتر قووڵترکردووەتەوە. دانانی حکومییەت کە لە شێوەی “پشکنەری گشتی” لە نێوان ساڵانی ١٩٢٧ بۆ ١٩٥٢، باری نائاساییو “سەرۆکی پارێزگاری” لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ٢٠٠٢، هەروەها “قەیوم” لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە جێبەجێکراون، گرنگن بۆ تێگەیشتن لە پاشخانی پەیوەندیی نێوان ناوەندو ئیدارە خۆجێییەکانی بەڕێوەبردن.
قەیوم کە وەک پراکتیزەیەکی سیستەماتیک لە مێژووی سیاسیو ئیداریی تورکیادا لە دوای هەوڵی کودەتاکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)ەوە جێگەی خۆی گرتووە، لە تیشکخستنەسەر ڕەهەندە بەردەوامەکانی پرسەکانی حوکمڕانی لە نێوان دەسەڵاتە ناوەندیو خۆجێییەکان گرنگە.
ئەم تێگەیشتنە لە حوکمڕانی، کە لە ساڵی (١٩٢٧) هەتا (٢٠٠٢) لە پشکنەرە گشتییەکانەوە هەتا دەگات بە سوپەر پارێزگارەکان بەردەوامبوو، چوارچێوەی بنەڕەتی بۆ بەڕێوەبردنی ناوچە کوردییەکان پێکدەهێنێت. لە دوای ساڵی (٢٠١٦)وە لە چوارچێوەی قەیومەکاندا ڕەهەندێکی نوێی بەدەستهێناوە. نموونەکانی وەک دەرکردنی نادر تەمێل؛ سەرۆکی شارەوانی هیلڤانو ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی لە ساڵی (١٩٧٩)، پێدانی بژاردەی تر بەو پارتانەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی (١٩٩٩)دا شارەوانیی ئامەد، لیجە، ئاگریو دیادینیان بردبووەوە، دەرکردنو دەستگیرکردنی سەرۆک_شارەوانییەکان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی کەجەکە لە ساڵی (٢٠٠٩)، دەستوەردانەکانی ناوەند دژی شارەوانییەکانی پارتی دیموکراتیی هەرێمەکان (دەبەپە)و (Demokrat Bölgeler Partisi) (DBP) پارتی دیموکراتیی گەلان (هەدەپە) (Halklaran Demokratik Partisi (HDP))، دوای هەوڵی کودەتاکەی (٢٠١٦)و دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی (٢٠١٩)، بۆ تێگەیشتن لە پاشخانی ئەو زەمینە درێژخایەنەی حکومەتداری، کە پراکتیکی قەیوم تێیدا لەقاڵبدراوە، گرنگن.
دانانی قەیومەکان، کە نموونەیەکی ناوازەن لە مێژووی حکومەتە سیاسیو خۆجێییەکان لە تورکیا، لە دوای ساڵی (٢٠١٦)وە بووە بە ئامرازێک لە کارنامەی تاکڕەوییو ناوەندگەرایی پارتی دەسەڵاتدار. ئەم پراکتیزانە دەتوانرێت وەک ڕەنگدانەوەی کارەکتەری ڕژێمی ناوەندگەراییو تاکڕەویی تورکیا سەیربکرێت. لە ئەنجامی ئەم پراکتیزەیەدا، قەیوم بۆ زۆرێک لە شارەوانی، زانکۆو تەنانەت ڕێکخراوە پیشەییەکان، بە ڕێکاری جیاواز دانراوە.
هەرچەندە دانانی قەیوم قەیرانی نوێنەرایەتیی لە شارە کوردنشینەکانی تورکیادا قووڵترکردووەتەوەو پاڵنەرەکانی بەشداریکردنی هاوڵاتیانی لە هەڵبژاردنەکاندا لاوازکردووە، لەگەڵ ئەوەیشدا ڕێژەی دەنگی پارتە کوردییەکان دانەبەزیوەو هەتا ئێستایش بە نزیکەیی پارێزگاری لەو شارەوانییانە دەکەن، کە بە درێژایی هەڵبژاردنەکان بەدەستیانهێناوە. خشتەی ژمارە (١) ژمارەی دەنگو ئەو شارەوانییانەی پارتە کوردییەکان بەدەستیانهێناوە، دەخاتەڕوو[1].
ساڵ |
حیزب |
دەنگ |
ڕێژە |
قەزا |
پارێزگا |
گەورەشار |
کۆ |
٢٠٠٩ |
DTP |
٧٧٧,٢٧٧,٢ |
٥.٤٨ |
٥١ |
٧ |
١ |
٥٩ |
٢٠١٤ |
BDP |
٢٩٦,٧٦٧,١ |
٤.٢٣ |
٧٧ |
٨ |
٣ |
٨٨ |
٢٠١٩ |
HDP |
٠٦١,٤٢٧,١ |
٣.٦ |
٦٢ |
٥ |
٣ |
٧٠ |
٢٠٢٤ |
DEM |
٥٨٨,٦٢٥,٢ |
٥.٧ |
٧٢ |
٧ |
٣ |
٨٢ |
Demokrat Toplum Partisi( (DTP)دەبەپە –
Barş ve Demokrasi Partisi( (BDP)بەدەپە –
Halkların DemokratİK Partisi( (HDP)هەدەپە –
Halkların Eşitlik ve Demokrasi Partisi( (DEM PARTİ)دەمپارتی –
سەربردەی قەیوم لە تورکیا
لە ماوەی (١٠) ساڵی ڕابردوودا، (١٤٧) سەرۆک_شارەوانی لە پۆستەکەیان دوورخراونەتەوەو قەیوم لە جێگەیان دانراوە[2].
بە هۆی باری نائاسایی (ئۆهال) (OHAL) (Olağanüstü Hal) لە تورکیادا، دوای هەوڵی کودەتاکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)، لە (١١)ی ئەیلوولی (٢٠١٦)دا، (٢٨) سەرۆکی شارەوانی لە کارەکانیان دوورخرانەوەو کەسانی ڕاسپێردراو لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە لە شوێنەکانیان دانران.
یاسای بڕیارنامە لە بریی یاسا (کاهیکا) (Kanun Hükmünde Kararname (KHK)) بڕیارێکە لەلایەن حکومەت/ سەرۆکایەتیی کۆمارەوە دەردەکرێتو دوای ڕەزامەندیی پەرلەمان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەیش بە گوێرەی ماددەی (٨٧) لە دەستووری ساڵی (١٩٨٢)ی تورکیا، کە “پەرلەمان ئەرکداردەکرێت بە پێدانی دەسەڵات بە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەرکردنی بڕیار لە بریی یاسا لە هەندێک کاتو بواردا”[3]. کاهیکا بۆ یەکهەم جار لە دوای کودەتا سەربازییەکەی (١٢)ی ئەیلوولی (١٩٨٢) وەک ڕێکارێکی سیاسی، ئیداریو ئەمنی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. هەرچەندە دادگای دەستووریی تورکیا لە ساڵی (١٩٨٨) کاهیکای هەڵوەشاندەوە، بەڵام دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)، جارێکی تر لەلایەن پەرلەمانەوە ڕێگەیپێدراو لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی باری نائاساییدا کاریپێکراوە[4]، بەڵام سەرەڕای هەڵگرتنی باری نائاسایی، هێشتا ئەم ڕێکارە سیاسی، ئەمنیو ئیدارییە کاریپێدەکرێت.
دانانی قەیوم، کە بە یاسای بڕیارنامە لە بریی یاسا (کاهیکا) (Kanun Hükmünde Kararname) (KHK) دەستیپێکردبوو، بە شێوەیەکی سیستەماتیک بوو بە هۆی دوورخستنەوەی نوێنەرانی بزوتنەوەی سیاسیی کورد لە بەڕێوەبردنی ناوخۆیی، سەرەڕای ئەوەی لە ڕێگەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە هەڵبژێردرابوون. لە هەنگاوی یەکەمدا (٩٦) لە هاوسەرۆکانی شارەوانیی هەڵبژێردراوی (دەبەپە) لە پۆستەکانیان دوورخرانەوەو قەیوم لە جێگەکەیان دانرا. بەم جۆرە دەبەپە (٩٣٪)ی ئەو شارەوانییانەی لەدەستدا، کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستیهێنابوون. دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی (٣١)ی ئاداری (٢٠١٩)یش لە کۆی (٦٥) شارەوانی، کە هەدەپە بەدەستیهێنابوون، (٥٩)یان لابرانو قەیوم لە جێگەکەیان دانرا.
بەم جۆرە بنەماکانی لامەرکەزی، کە بە دەستوورو چوارچێوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی ناوەندیو حکومەتی خۆجێی ڕێکدەخرێن، پێشێلکرانو فۆڕمێکی نوێی حکومەتی خۆجێی لە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی ناوەندیدا هاتە بواری جێبەجێکردنەوەو هیچ بوارێک نەمایەوە بۆ ئیرادەی گەل.
قەیوم لە سایەی بڕیارنامە لە بریی یاسا (کاهیکا)
بڕگەکانی بڕیارنامە لە بریی یاسا (کاهیکا) (Kanun Hükmünde Kararname) (KHK)، کە ناتوانرێت تانەیلێبدرێت لە دادگا، دەبن بە یاساو دەتوانرێت بخرێنەبەردەم دادگای دەستووری[5]. جگە لەمەیش، لەو سکاڵایانەی کە لەلایەن پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)وە، کە بە دایکی بەرەی ئۆپۆزسیۆن دادەنرێت، تۆمارکراون بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرمانەکانی باری نائاسایی، داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕگەیە نەکراوە، کە ڕێگە بە دانانی قەیومەکان دەدات[6].
هەر بە گوێرەی بڕیارنامە لە بریی یاسا، هەموو ئەرکەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی دەگوازرێتەوە بۆ فەرمانبەرانی ئەنجومەن، وەک ئەوەی ئەنجومەنی شارەوانی هەڵوەشێنرابێتەوە. ئەمەیش بەو واتایەیە، کە ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجومەن لەکارخراونو پێگەی خۆیان وەک ئۆرگانێکی هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵکەوە لەدەستدەدەن.
هەرچەندە بە گوێرەی ماددەی (٤٥)ی یاسای شارەوانیی ژمارە (٩٣٥٣)، کە لە (٣)ی تەمموزی (٢٠٠٥) لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراوەتەوە، “بە هەر هۆکارێک سەرۆکی شارەوانی لە سەر کارەکەی نەما یان دوورخرایەوە، پارێزگاری ئەو شارە لە ماوەی (١٠) ڕۆژدا کۆبوونەوە بە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی دەکاتو لەو ئەنجومەنەوە جێگری یەکهەم یان دوهەم یان بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی وەک سەرۆکی شارەوانی دیاریدەکرێت”[7]، بەڵام لە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیادا لەگەڵ لادانی سەرۆک_شارەوانییەکان پارێزگار یان قائیمقامی ئەو شارەیش وەک قەیوم دادەنرێت.
هەر بە گوێرەی بڕگەی دوهەمی ماددەی (٤٥)ی یاسای شارەوانی، دوای دیاریکردنی سەرۆکی شارەوانی بە شێوەیەکی کاتی، ئەندامانی ئەنجومەن لە ڕێگەی هەڵبژاردنی نهێنییەوە کەسێک لە ناو ئەندامانی ئەنجومەندا بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی هەڵدەبژێرن. تەنانەت لە بڕگەی سێهەمی ماددەی (٤٥)دا بە ڕوونی ئاماژە بەوە دراوە، کە “ماوەی سەرۆکی شارەوانیی نوێ هەتا ئەو ماوەیە دەبێت، کە بۆ سەرۆک_شارەوانییەکەی پێشوو دیاریکرابوو، یان هەتا گەڕانەوەی سەرۆک_شارەوانییە لادراوەکە لە پۆستەکەی بەردەوامدەبێت”. هەر لەو ماددەیەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە “ئەگەر لە ماوەی (١٥) ڕۆژدا سەرۆکی شارەوانی هەڵنەبژێردرێت، ڕێکارەکانی خۆهەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی شارەوانی بەرکاردەبێت”.
لە ماددەی (٤٦)ی یاسای شارەوانیی ژمارە (٩٣٥٣)دا زۆر بە ڕوونی ئاماژەی بە چۆنیەتیی پڕکردنەوەی شوێنی سەرۆکی شارەوانی لەکارلادراو داوە، لە ماددەکەدا هاتووە “لە دۆخی بۆشبوونی پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانی بە هەر هۆکارێکو هەڵنەبژاردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە یان بۆ پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانی لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا، لەلایەن وەزیری ناوخۆوە کەسێک لە جێگەی سەرۆکی شارەوانیی گەورەشارو پارێزگاکان دادەنرێت. بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی قەزاو ناحیەکانیش لەلایەن پارێزگارەوە کەسێکی بۆ دادەنرێت”، بەڵام لە دوای تۆمەتبارکردنی سەرۆکی شارەوانییەکان بەبێ ڕێکارەکانی ماددەی (٤٥)ی یاسای شارەوانییەکان دەستبەجێ وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ بڕیاری لابردنی سەرۆک_شارەوانییەکەدا دەستبەجێ بڕیاری دانانی قەیوم لە جێگەکەی دەردەکرێت.
لە ماددەی (٤٧)ی یاساکەیشدا باس لەوە کراوە کە “لە دۆخی لێکۆڵینەوە یان دەرکردنی سەرۆکی شارەوانی یان ئەندامێکی شارەوانی، دەکرێت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە لە ئەرکەکەی دووربخرێتەوە هەتا ئەو کاتەی بڕیاری کۆتایی لە سەر دۆسێکەی دەردەکرێت”. ئەوەی مایەی سەرنجە، بەکارهێنانی دەستەواژەی “دەکرێت”ە لەو ماددەیەدا، ئەمەیش بەو واتایە دێت، کە دەکرێت چاوپۆشی لەو کارە بکرێت.
هەرچەندە دەمپارتی دانانی قەیوم بە پێچەوانەی دەستووری دادەنێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پاڵپشت بە ماددەی (١٢٧)ی دەستووری وڵاتەکەی، بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆک_شارەوانییەکانو دانانی قەیوم لە جێگەکەیان بە شێوەی کاتی دەردەکات.
لە بڕگەی دوهەمی ماددەی (١٢٧)ی دەستووری تورکیادا، ئاماژە بەوە دراوە، کە “چاودێریکردنو بڕیاردان لە سەر دۆخی بردنەوە یان لەدەستدانی ئەو داوایانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی بەرپرسە ناوچەییەکان ئەرکی دادگایە، بەڵام سەبارەت بەو کەسانەی کە دۆسیەی دادگایی بە هۆی تۆمەتێکەوە لە سەر خۆیان یان پۆستەکانیان دەکرێتەوە، کە بەرپرسیاریەتییان لە دەسەڵاتە خۆجێییەکاندا هەیە، بڕیاری لێکۆڵینەوە یان دەرکردن یان دوورخستنەوەیان لە پۆستەکانیان بە شێوەی کاتی لەلایەن وەزیری ناوخۆوە دەردەکرێت”[8].
ئەوەی مایەی سەرنجە، لەو ماددەیەدا بە هیچ جۆرێک باس لە دانانی کەسێک لە جێگەی سەرۆکی شارەوانی یان هەر بەرپرسو فەرمانبەرێک نەکراوە، هەر بۆیە ئەم بۆشاییە دەستوورییە لە ڕێگەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆوە پڕدەکرێتەوە، هەر بۆیە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە دانانی قەیوم بە نایاساییو دژەدەستووری دادەنرێت. ئەمە جگە لەوەی لە دەقی ماددەکەدا دەستەواژەی “دوورخستنەوە بە شێوەی کاتی” هاتووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ سەرۆک_شارەوانییەک دوای لابردنیو دانانی قەیوم لە جێگەکەی نەگەڕێنراوەتەوەسەر پۆستەکەی، ئەمەیش لەبەرئەوەی ئەنجامی دۆسیەکەیان بە سزای زیندانیکردنو خراپتریش کۆتاییهاتووە.
قەیوم لە پەیکەری کارگێڕیی تورکیادا
چوارچێوەی پێکهاتەی ئیداریی تورکیا بە ماددەی (١٢٣)، کە ئیدارەی تورکیا بە گشتی ڕێکدەخات، ماددەی (١٢٦)، کە ئیدارەی ناوەندی ڕێکدەخاتو ماددەی (١٢٧)، کە ئیدارە خۆجێییەکان ڕێکدەخات، لە دەستووری ئەو وڵاتەدا دیاریکراوە[9].
ئەم ماددانە لە سەر بنەمای پرەنسیپی لامەرکەزیەتو ڕژێمی ئیدارە ناوخۆییە خۆسەرەکانو پرەنسیپی یەکپارچەیی ئیدارە دامەزراون. پرەنسیپی لامەرکەزیەت، وەک یەکێک لە بنەما بنەڕەتییەکانی دیاریکردنی پەیوەندیی نێوان ئیدارەی ناوەندیو ئیدارە خۆجێییەکان، بە سادەترین پێناسەی خۆی، بە واتای بەکارهێنانی بەشێک لە دەسەڵاتە سیاسی یان کارگێڕییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ترەوە جگە لە ئیدارەی ناوەندی دێت. دەستوور باس لەوە دەکات، کە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ئیدارە خۆجێییەکان بە یاسا ڕێکدەخرێنو داوادەکات ئەم ڕێسایانە بە پێی بنەمای لامەرکەزیەت دابنرێن. هەرچەندە ئیدارەی ناوەندیو ئیدارە خۆجێییەکان بە پێی ڕێکارو بنەمای جیاواز ڕێکدەخرێن، بەڵام کۆیەکن؛ بە گوێرەی بنەمای یەکپارچەیی کارگێڕی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتر کارەکانیان دەکەنو خزمەتگوزاری پێشکەشی خەڵک دەکەن، بەڵام بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی دەست لە بواری یەکتردا وەربدەن.
بە گوێرەی پەیماننامەی خۆبەڕێوەبەریو ئیدارە خۆجێییەکانی ئەوروپا[10]، کە تورکیایش واژۆی لە سەر جێبەجێکرنی کردووە[11]، “ئەو دەسەڵاتانەی کە بە ئیدارە خۆجێییەکان دراون، بە شێوەیەکی ئاسایی تەواوو تایبەتن، جگە لەو حاڵەتانەی کە لە یاسادا دیاریکراوە، ئەم دەسەڵاتانە ناتوانرێت لەلایەن حکومەتی ناوەندی یان ناوچەییەکانی ترەوە لاوازبکرێن، یان سنوورداربکرێن”.
بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی جیاکاریی سەرپەرشتیی کارگێڕی، ناتوانرێت ئەم دەسەڵاتە بە یاسا فراوانبکرێت، بە شێوەیەک کە ئیدارە خۆجێییەکانو ئیرادەی دەنگدەران بشێوێنێت. لە کاتێکدا ئەم سنووردارکردنە تەنانەت بە یاسایش ناتوانرێت فراوانبکرێت، چونکە بە دەستوور هاتووەتەئاراوە، بەڵام فراوانبوونی بە بڕیارنامە لە بریی یاسا واتای ئەوە دەگەیەنێت، کە ڕێکخستنی ئیداریی تورکیا لە ڕێگەی بڕیارنامە لە بریی یاساوە بەڕێوەدەبرێت، نەک لە ژێر چەتری دەستووردا.
پڕۆسەی دانانی قەیوم دوای هەڵبژاردنەکانی (٣١)ی ئاداری (٢٠٢٤)[12]
لە ڕاستیدا دوو ڕۆژ پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی (٣١)ی ئاداری (٢٠٢٤)، هەوڵەکانی دانانی قەیوم دەستیپێکرد، لە کاتێکدا ڕۆژی هەینی؛ (٢٩)ی ئاداری (٢٠٢٤)، کە کۆتا ڕۆژی دەوامی ئاساییە لە هەفتەدا لە تورکیا، لەلایەن دادگای باڵای دیاربەکرەوە دۆسیەی دادگایی عەبدوڵڵا زەیدان؛ کاندیدی ئەو کاتەی دەمپارتی ئاڕاستەی لقی وانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرا، پێنج خولەک پێش کۆتایی دەوامی ئاسایی ئەو ڕۆژە، نوسراوەکەی دادگا گەیشتە لقی وانی کۆمیسیۆن، هەر بۆیە دوای سەرکەوتنی عەبدوڵڵا زەیدان لە هەڵبژاردنەکانی (٣١)ی ئاداری (٢٠٢٤)، کە ڕێژەی (٥٥.٤٨٪)ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو[13]، ڕۆژی دووشەممە؛ (١)ی نیسانی (٢٠٢٤)، بە مەبەستی وەرگرتنی مەزبەتەی بردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی، عەبدوڵڵا زەیدان خۆی گەیاندە لقی وانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی کۆمیسیۆنەوە پێیڕاگەیەنرا، کە ناتوانن مەزبەتەی پێبدەن، لەبەرئەوەی تۆمەتەکانی پێشتری لە سەر لانەبراوە. تەنانەت لقی وانی کۆمیسیۆن لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا بڕیاریدا پۆستی سەرۆکی شارەوانیی وان بدات بە عەبدولئەحەد ئاڤراس (Abdullahad Avras)؛ کاندیدی دووەم لە سەر لیستی ئاکپارتی، کە ڕێژەی (٢٧.١٤٪)ی بەدەستهێنابوو. بە هۆی خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی هاوڵاتیانەوە، دواجار کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ئەنقەرەوە بڕیارەکەی لقی وانی کۆمیسیۆنەکەی هەڵوەشاندەوە، بەم جۆرە یەکهەم هەوڵی لابردنی سەرۆک_شارەوانیو دانانی قەیوم پوچەڵکرایەوە، بەڵام…
لە (٣)ی حوزەیرانی (٢٠٢٤)، مەهمەت سدک ئاکش (Mehmet Sıddık Akış)؛ سەرۆکی شارەوانیی هەکاری (جولەمێرگ)، لە پۆستەکەی دوورخرایەوەو عەلی چەلیک (Ali Çelik)؛ پارێزگاری شارەکە، لە جێگەکەی دانرا[14]، ئەمەیش دوای ئەوەی سەرۆکی شارەوانیی هەکاری بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە ڕێکخراوی تیرۆریستی، ئەنجامدانی پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستیو بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی تیرۆریستی دادگاییکراو لە (٥)ی حوزەیران لەلایەن دادگاوە سزای (١٩) ساڵو (٦) مانگ زیندانیکردنی بە سەردا سەپێنرا[15]. هەرچەندە ئەم دۆسیەیەی ناوبراو لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە لەلایەن دادگاوە ڕاگیرابوو، بەڵام جارێکی تر زیندووکرایەوە.
لە (٣٠)ی تشرینی یەکهەمی (٢٠٢٤)، ئەحمەد ئۆزەر (Ahmet Özer)؛ سەرۆکی شارەوانیی قەزای ئێسەنیورت لە ئەستەنبوڵ، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. ناوبراو لە چوارچێوەی “هەڵمەتی لێپێچینەوەو دڵنیابوونەوە لە ئەندامبوونی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/ کەجەکە” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئەستەنبوڵ دەستبەسەرکراو جان ئاکسۆی (Can Aksoy)؛ جێگری پارێزگاری ئەستەنبوڵ، وەک قەیوم لە جێگەکەی دانرا. ئەحمەد ئۆزەر هەرچەندە لە سەر لیستی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) وەک سەرۆکی شارەوانیی ئێسەنیورت هەڵبژێردرا، بەڵام ناوبراو لە بنەڕەتدا ئەندامی دەمپارتی بووەو لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی شار (Kent Uzlaşı)دا کانديدی جەهەپە بووە.
لە (٤)ی تشرینی دوهەمی (٢٠٢٤)، ئەحمەد تورک؛ سەرۆکی شارەوانیی ماردین، بە هۆکاری بەردەوامیی پڕۆسەی دادگاییو سزادانی (١٠) ساڵ زیندانی، بە تۆمەتی “خۆپیشاندانو ڕوداوەکانی کۆبانی”، گیولیستان سۆنوک؛ سەرۆکی شارەوانیی باتمانو ئەحمەد کارایڵان؛ سەرۆکی شارەوانیی حالفاتی، بە هۆکاری سزادانیان بە (٦) ساڵ زیندانیو بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە سەریان، بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە ڕێکخراوی تیرۆریستی”، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە پۆستەکەیان دوورخرانەوەو پارێزگارو قائیمقامی شارەکانیان لە جێگەکەیان دانران.
لە (٢٢)ی تشرینی دوهەمی (٢٠٢٤)، هەریەک لە جەڤدەت کۆناک؛ سەرۆکی شارەوانیی تونجەلی لە سەر لیستی دەمپارتیو مستەفا ساریگیول؛ سەرۆکی شارەوانیی ئۆڤجیک لە سەر لیستی جەهەپە، لە کارەکانیان دوورخرانەوەو قەیوم لە جێگەکەیان دانرا. هەرچەندە بە گوێرەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ جەڤدەت کۆناک بە هۆی بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە سەری بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە”و سزادانی بە تۆمەتی “ئەندامیەتیی پەکەکە”و مستەفا ساریگیولیش بە هۆی ئەوەی پێشتر سزادراوە بە تۆمەتی “ئەندامیەتی پەکەکە”، بە شێوەی کاتی لە ئەرکەکانیان دوورخراونەتەوە، بەڵام پێناچێت ئەگەر تۆمەتەکانیشیان لە سەر جێگیرنەبێت، بگەڕێنرێنەوە شوێنی خۆیان.
لە (٢٩)ی تشرینی دوهەمی (٢٠٢٤)، ئایڤاز هازر؛ سەرۆکی شارەوانیی قەزای باهچەسەرایی سەر بە پارێزگای وان، بە هۆکاری سزای بەندکردنیو بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە سەری، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە بۆ گرووپی تیرۆریستی” لە ئەرکەکەی دوورخرایەوەو قەیوم لە جێگەکەی دانرا.
لە (١٣)ی کانوونی دوهەمی (٢٠٢٥)، هۆشیار ساری یڵدزو نوریە ئارسڵان؛ هاوسەرۆکانی شارەوانیی قەزای ئاکدەنیزی سەر بە پارێزگای مێرسین، دەستگیرکرانو قائیمقامی قەزاکە لە جێگەکەیان دەستبەکاربوو.
ڕۆژی (١٧)ی کانوونی دوهەمی (٢٠٢٥)، ڕزا ئاکپۆڵات؛ سەرۆکی شارەوانیی بێشکتاش، لە ئەستەنبوڵ لە کارەکەی دوورخرایەوەو عومەر ڕاسیم شیشمان؛ ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی بێشکتاش، لە جێگەکەی دانرا. هەڵبەت ڕزا ئاکپۆڵات لە (١٣)ی کانوونی دوهەم لە شاری باڵکەسیر لە ماڵی باوکی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی “ئەندامیەتیی گرووپی تاوانکاری، گەندەڵی لە تەندەرو بەدەستهێنانی ماڵو سامان لە ڕێگەی ناڕەواوە” دەستبەسەرکراو گەڕێنرایەوە بۆ ئەستەنبوڵ.
ڕۆژی (٢٩)ی کانوونی دوهەمی (٢٠٢٥)، سوفیا ئاڵاغاش؛ سەرۆکی شارەوانیی سیرت، بە هۆی ئەوەی (٦) ساڵو (٣) مانگ سزای زیندانی، بە تۆمەتی “ئەندامیەتیی گرووپی تیرۆریستی”، لەو کاتەی کە کاری ڕۆژنامەگەریی کردووە، بە سەردا سەپێنراوە، لە پۆستەکەی دوورخرایەوەو پارێزگاری سیرت لە جێگەکەی دانرا.
ڕۆژی (١١)ی شوباتی (٢٠٢٥)، عەبدوڵڵا زەیدان؛ سەرۆکی شارەوانیی وان، بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی گرووپی تیرۆریستیو پڕوپاگەندە بۆ گرووپی تیرۆریستی لە ڕێگەی میدیاوە” سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی (٣) ساڵو (٩) مانگ بە سەردا سەپێنرا. هەرچەندە وەک ڕۆژی (١)ی نیسانی (٢٠٢٤)، زەیدانو ئەندامو لایەنگرانی دەمپارتی لە وانو چەندین شاری تری باکووری کوردستانەوە خۆیان گەیاندە بەردەم بینای شارەوانیی وانو سەرکۆنەی بڕیارەکەی دادگایان کردو بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، کە ڕێگەنادەن عەبدوڵڵا زەیدان لە پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی وان دووربخرێتەوە. لە هەمان کاتدا عەبدوڵڵا زەیدان وەک کەسایەتیو پارێزگای وانیش وەک سیمایەکی دیاری ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی دەوڵەتو پشتیوانیی خەباتی چەکداریو پەکەکە دەناسرێن. تەنانەت جگە لە ناوەندی پارێزگای وان، کاندیدەکانی دەمپارتی لە هەر (١٢) قەزاکەی سەر بە پارێزگای وان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی (٣١)ی ئاداری (٢٠٢٤)، تەواوی کورسییەکانی ئەنجومەنی شارەوانیو پۆستی سەرۆکی شارەوانییان بردووەتەوە. دواجار لە (١٥)ی شوباتی (٢٠٢٥)، کە هاوکات بوو لەگەڵ یادی (٢٥) ساڵەی دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەو ڕادەستکردنەوەی بە دەسەڵاتدارانی تورکیا، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا زەیدان لە پۆستەکەیو دانانی ئۆزان باڵجی؛ پارێزگاری وان، لە شوێنەکەی دەرکرا. زۆرێک لە سەرۆک_شارەوانییەکان هەمان ڕۆژی بڕیاری دادگا یان دوو ڕۆژ دوای بڕیاری دادگا بۆ سەپاندنی سزای زیندانی بە سەریاندا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دووردەخرێنەوە، بەڵام دەرکردنی بریاری سزای زیندانی بە سەر عەبدوڵڵا زەیدان لە (١١)ی شوباتو دەرکردنی بڕیاری لابردنی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دوای چوار ڕۆژ، بە ئاسایی دانانرێتو وەک هێمایەک بۆ ناشیرینکردنی ڕۆژی (١٥)ی شوبات لە بەرچاوی کوردەکان ڕاڤەدەکرێت.
لە (٢٤)ی شوباتی (٢٠٢٥)، مەهمەت ئاڵکان؛ سەرۆکی شارەوانیی کاغزمانی سەر بە پارێزگای قارس، بە هۆی سەپاندنی سزای زیندانیکردنەوە بۆ ماوەی (٦) ساڵو (٣) مانگ، بە تۆمەتی “ئەندامیەتیی ڕێکخراوی تیرۆریستی” لە کارەکەی دوورخرایەوە.
لە بەرەبەیانی (٢٦)ی شوباتی (٢٠٢٥)، عەلادین کۆسە؛ سەرۆکی شارەوانیی بەیکۆز لە ئەستەنبوڵو (٢٠) کەسی تر بە تۆمەتی “تێوەگلان لە گەندەڵیو وەرگرتنی بەرتیل” دەستبەسەرکران[16].
دۆسیەی تیرۆرو قەیوم
دانانی قەیومەکان کە بووە بە هۆی لێکترازانی جددی لە پێکهاتەی کارگێڕیی تورکیادا، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەو دۆسیەی تیرۆرەوە لە دژی سەرۆک_شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان جێبەجێدەکرێت. تیرۆر چەمکێکی سیاسییەو ناتوانرێت پێناسەیەکی یاسایی ڕوونی لە هەردوو یاسای نێودەوڵەتیو یاسای نیشتیمانیدا بۆ بدۆزرێتەوە. بەم شێوەیە مەودای چەمکەکە لە دەوری لایەنە ئایدۆلۆژییەکانی دەسەڵات دەخولێتەوە.
تورکیا لەم نادڵنیاییە دوور نییە، لە ڕاستیدا بەراورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە یاسایان هەتا ڕادەیەک چەسپاندووە، دەسەڵاتە سیاسییەکان زیاتر ئەم نادڵنیاییەیان بەکارهێناوە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی کایەی سیاسی. حکومەتی ئێستایش بە شێوەیەکی بەرفراوان پەنا بۆ گوتاری تیرۆر دەبات، چ بە جێبەجێکردنی پێوەرە جیاوازەکان لە بارودۆخە جیاوازەکاندا، چ بۆ سەرکوتکردنو بێدەنگکردنی دەنگە دژبەرەکانو ناڕازییەکانی دژی. بە لێکۆڵینەوەو لێپێچینەوە لە تیرۆر، سنووری گۆڕەپانی سیاسیی یاسایی بە شێوەیەکی هاوبەش لە ڕێگەی میکانیزمە زۆرەملێکانی یاساوە جێگیردەکرێنەوە.
پێویستە بە شێوەیەکی شیکاری لە بەکارهێنانی لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر نزیکببنەوە، بۆئەوەی لە ئەرکی لێپێچینەوەکانی تیرۆر لە دامەزراندنی قەیومەکاندا تێبگەین. ڕوانگەی لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر لە دوای ساڵی (٢٠١٥) گرنگە، بە تایبەتی لە چوارچێوەی نزیکبوونەوەی دەوڵەتی دوای ساڵی (٢٠١٥) بۆ پرسی کوردو بارودۆخی نائاسایی (Olağanüstü Hal) (OHAL) کە چوارچێوەی سیاسیی دانانی قەیومەکان پێکدەهێنن. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەمە نابێت بە پشتگوێخستنی سکاڵاکانی (KCK) بکرێت، کە لە ساڵی (٢٠٠٩) دەستیپێکردو کاریگەریی لە سەر زۆرێک لە سیاسەتمەداران هەبووە، لەوانە هاوسەرۆکی شارەوانییەکان، هەروەها سکاڵا یاساییەکانی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (دەتەکا) (Demokrat Toplum Kongresi) (DTK)، کە دژی بەشداربوانی تۆمارکرابوون بە تۆمەتی بوون بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، لە کاتێکدا ئەوە پێکهاتەیەک بوو، کە بانگهێشتکرابوو بۆ پەرلەمانی تورکیا، بۆئەوەی بۆچوونی خۆی لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی پرۆسەی ئاشتی لە سەر دەستووری نوێ بدات، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامییانو ئەرکی چەوساندنەوەی بزوتنەوەی سیاسیی کورد هەتا ڕادەی پێویست لە چوارچێوەی پرسی قەیومدا ئاماژە بەو کەیسانە دەکرێت.
دوای ئەوەی کە دانانی قەیوم لە ڕێگەی “بڕیارنامە لە بریی یاسا” هاتە بواری جێبەجێکردنەوە، قەیومەکان بۆ نزیکەی هەموو ئەو یەکە کارگێڕییانە (شارەوانییەکانی گەورەشارەکان، پارێزگاکان، قەزاکان، شارۆچکەکان) دانران، کە زۆرینەیان بە دەست پارتی دیموکراتی هەرێمەکانەوە (دەتەپە) (Demokrat Bolgeler Partisi) (DBP) بوون. لە شەپۆلی دوهەمی دانانی قەیومەکان دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی (٢٠١٩)، وەزارەتی ناوخۆو پارێزگارەکان دەستیان بە سەر شارەوانییەکانی هەدەپەدا گرت. ئەو تۆمەتانەی کە زەمینەی لابردنی سەرۆک_شارەوانییەکانو دانانی قەیومەکان پێکدەهێنن، بریتین لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانو پڕوپاگەندە بۆ تیرۆر، بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکانی هەدەپە، لە گوتارەکانی هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانەوە هەتا ناڕەزایەتییەکانی (٨)ی ئادارو بەشداریکردن لە پرسەو دڵنەواییەکانی کەسوکاری گەریلا کوژرراوەکان.
تۆمەتبارکردنی گوڵتەن کشاناک؛ هاوسەرۆکی شارەوانیی ئامەد، لەو کاتەدا، کە بۆچوونەکانی خۆی بەو لیژنە پەرلەمانییە گوت، کە هاتبوون بۆ لێکۆڵینەوە لە هەوڵی کودەتاکەی (١٥)ی تەمموز، بە کۆکردنەوەی (٤١) کرداری جیاواز پێکهێنرا، لەوانە گوتارەکانی، چالاکییەکانی (DTK)و پەیوەندییەکانی لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی ناحکومیی ناوخۆییو گوتاری ڕەخنەی سیاسیدا. لە کاتێکدا ئەم کارانە هیچ پەیوەندییەکیان بە توندوتیژییەوە نەبوو، نەیشدەکرا لە چوارچێوەی هیچ تاوانێکی تردا هەژماربکرێن، دۆسیەی لێکۆڵینەوەکان کە کرایەوە، ڕێگەیخۆشکرد بۆ دانانی قەیوم بۆ شارەوانیی گەورەی ئامەد. بەیاننامە ڕۆژنامەوانییە ناوخۆییەکان، بە تایبەتی لێدوانەکانی ناڕەزایەتیو ڕەخنەگرتن لە قەدەغەی هاتوچۆو ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی لەو ماوەیەدا دەکران، کە مەترسی لە سەر مافو ئازادییە بنەڕەتییەکانو بە تایبەت مافی ژیان دروستدەکەن، بنەمای گرنگی ئەو تۆمەتانە پێکدەهێنن، کە ئاڕاستەی هاوسەرۆکانی شارەوانی کراوە.
ئەو ڕاستییەی کە لێکۆڵینەوەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە کردەوانە دەکەن، کە دەبێت لە چوارچێوەی مافو ئازادییە بنچینەییو یاساییو تەنانەت بنەڕەتییەکاندا بپارێزرێن، نە نوێو نە تایبەت نییە بۆ حکومەتە خۆجێییەکانی تورکیا. لە لایەکی ترەوە، دوور لە پێودانەگە دادوەرییە نێودەوڵەتییەکانو تەنانەت پێچەوانەی دەستووری تورکیا، بەبێ ڕەچاوکردنی بڕیارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە پاکیی دۆسیەی سەرۆک_شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی دەمپارتی، دەسەڵاتی دادوەریو وەزارەتی ناوخۆ بە بەهانەی جیاواز ئەو سەرۆک_شارەوانییانە ڕووبەڕووی تۆمەتگەلێک دەکەنەوە[17]، کە پێشتر خودی دادگا دۆسیەکانیانی داخستووە، یان بڕیاری بێتاوانیی بۆ دەرکردوون[18]، پاشان بەبێ چاوەڕوانی بۆ دادگای پێداچوونەوەو ڕەچاونەکردنی مافی ئەو سەرۆک_شارەوانییانە لە تانەدان لەو بڕیارانە، وەزارەتی ناوخۆ قەیوم لە جێگەیان دادەنێت[19]. هەتا ئێستا نزیکەی (٢٥) سەرۆکی شارەوانی لە پۆستەکەیان دوورخراونەتەوەو قەیوم لە جێگەیان دانراوە[20].
دانانی قەیومو مافەکانی مرۆڤ
پێشێلکردنی مافو ئازادییە بنەڕەتییەکان، کە بە هۆی دانانی قەیومەکانەوە دروستدەبێت، فرەڕەهەندە. هاوکات لەگەڵ مافی نوێنەرانی هەڵبژێردراوو دەنگدەران، مافی قەوارە یاساییەکانی حکومەتی خۆجێیی بە شێوەی جۆراوجۆر پێشێلکراوە. هێشتا هیچ چارەسەرێکی یاسایی واتادار سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، کە بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانو دەستوور پارێزراو بێت، بەدەستنەهاتووە. مافە پێشێلکراوەکانی مرۆڤ بریتین لە مافی هەڵبژاردنو خۆکاندیدکردن، بەشداریکردن لە چالاکییە گشتییەکان، ئازادیی ڕادەربڕینو کۆبوونەوە، هەروەها گریمانەکردنی بێتاوانیی بەرپرسانی هەڵبژێردراو. لە ڕووی دەنگدەرانەوە، مافی دەنگدان پێشێلکراوەو ئازادیی ڕادەربڕینو ڕێکخراوبوون بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سنووردارکراوە.
پرەنسیپی هەڵبژاردن مەرجێکی حەتمیی دیموکراسییە، کە سیمای دامەزرێنەری کۆماری تورکیایشە، هەروەها یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی ماددەکانی (٢) و (٥)ی دەستوور. هەروەها مافی دەنگدان، هەڵبژاردن، بەشداریکردن لە چالاکیی سیاسیو بەشداریکردن لە خزمەتی گشتیدا، وەک مافێکی سیاسیی بنەڕەتیو مەرجێکی بنەڕەتیی دیموکراسی، لە مادەی (٦٧)ی دەستووریشدا مسۆگەرکراوە[21]. لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، ماددەی (٢٥)ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافە مەدەنیو سیاسییەکان، مافی دەنگدانو هەڵبژاردنو بەشداریکردن لە کارگێڕیی گشتیدا ڕێکدەخات[22]. لە کاتێکدا لایەنێکی ئەم مافە گەرەنتیی پێش هەڵبژاردنو ڕۆژی هەڵبژاردن دەگرێتەوە، لایەنێکی تر بریتییە لە ئیدارە خۆجێییەکان، کە بە پێی ویستی دەنگدەران هەتا هەڵبژاردنی داهاتوو مامەڵەدەکەن. هەرچەندە تورکیا لە (١٥)ی ئابی (٢٠٠٠) پەیماننامەکەی واژۆکردووە[23]و لە (٢٩)ی مایسی (٢٠٠٣) پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕەزامەندیی لە سەر داوە[24]، بەڵام لە بابەتی دانانی قەیومدا ئەنقەرە پێچەوانەی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافە مەدەنیو سیاسییەکان بڕیاردەدات.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بنەمای لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر، کە وەک هۆکاری دانانی قەیومەکان نیشاندەدرێن، ئەو کردارو لێدوانانەن، کە تێیدا سیاسەتمەداران بۆچوونی ڕەخنەیی خۆیان بڵاودەکەنەوەو ناڕەزایەتی بۆ ئەمە ڕێکدەخەن. ڕوونە، کە دانانی قەیومەکان دەستوەردانێکی جددی پێکدەهێنێت دژی ئازادیی ڕادەربڕین. ئەم دەستوەردانە لەگەڵ مەرجەکانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا ناگونجێت، هەروەها ڕێژەیی نییە، لەبەر ئەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە بە وردی باسکراون. لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر تاکە هۆکار نین، کە ئازادیی ڕادەربڕین لە چوارچێوەی پراکتیکەکانی قەیومدا پێشێلدەکەن، دوورخستنەوەی ئەو کەسەی کە خەڵک پێیباشترە، چونکە بۆچوونەکانی لەگەڵ خۆیاندا دەگونجێت لە دەسەڵات، پێشێلکردنی جددیی ئازادیی ڕادەربڕین پێکدەهێنێت.
دیسان ئەو ڕاستییەی کە ئەم کردارە لە سەر بنەمای لێکۆڵینەوەی تیرۆریزمە، کە بە هۆی چالاکییەکانی حیزبە سیاسییەکانی بەرپرسانی هەڵبژێردراوەوە دەستیپێکردووەو ئەو شارەوانییانە دەکاتەئامانج، کە بە زۆری لەلایەن بزوتنەوەی سیاسیی کوردەوە بەدەستیانهێناوە، زیان بە ئازادیی کۆمەڵەی دەنگدەرانو بەرپرسانی هەڵبژێردراو دەگەیەنێت. ئەوەی کە بانگەشەی هەڵبژاردنو ناڕەزایەتیو لێدوانی ڕۆژنامەوانی، کە لەلایەن دەبەپە، هەدەپەو دەمپارتییەوە ڕێکدەخرێن، دەبن بە زەمینەی دەرکردن لە پۆستەکانیان، پێشێلکردنی ئازادیی ڕادەربڕین، هەروەها مافی کۆبوونەوەو گردبوونەوەو خۆپیشاندانە.
لە کۆتاییدا، دەرکردنی کەسێک کە هیچ بەربەستێکی هەڵبژاردنی نییە یان سزای نییە، پێویستە ڕێکارێکی ئیداریی کاتی بێت. ئەو کردەوانەی کە پەیوەندییان بەو دەسەڵاتی پارێزگاریکردنەوە هەیە، سروشتێکی کاتییەو پێویستە بە شێوەیەکی سنووردار لێکبدرێتەوە، ناگونجێت لەگەڵ گریمانەی بێتاوانیدا، کە بە تەواوی لە ماددەی (١٥)ی دەستووردا پارێزراوە[25]، ڕێگریکردن لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی، کە هیچ بەربەستێکیان لە بەردەم هەڵبژاردندا نییە لە کردنی ئەرکە هەڵبژێردراوەکانیان، ئاماژەیە بۆ سزادانی بەکۆمەڵ.
لە ڕاستیدا دەنگدەران دانانی قەیوم وەک پێشێلکردنی مافەکان دەبینن. بە پێی ئەنجامی ئەو توێژینەوە مەیدانییەی کە لەلایەن دەزگای سپێکتڕووم هاوسەوە لە مانگی ئابی (٢٠٢٣) لەگەڵ (١٣٥١) کەس لە پارێزگاکانی ئامەد، ماردین، وان، ئورفا، هەکاری، ئاگری، ئادیەمان، باتمان، قارس، شرناخ، موش، بیتلیس، ئەرزروم، بینگۆل، سیرتو دەرسیمدا کراوەو لە کانوونی یەکهەمی هەمان ساڵدا بڵاوکراوەتەوە[26]، (٧٧٪)ی دەنگدەران دانانی قەیوم وەک دەستوەردانێک لە مافی دەنگدانو هەڵبژاردن لێکدەدەنەوە. هەروەها (٧٥.٥٪)ی دەنگدەران کە لایەنگری پارتە جیاوازەکانی تێدایە، دانانی قەیوم بە هەڵە دەزانن. دەنگدەران زۆرینەیان لە سەر ئەو بۆچوونەن، کە دانانی قەیوم کاریگەریی نەرێنیی هەیە، بە تایبەتی لە بوارەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە خوێندن بۆ منداڵان بە زمانی دایکو چالاکییە کولتوورییەکان.
هەر بە گوێرەی توێژینەوەیەکی دەزگای سپێکتڕووم هاوس، کە لە نێوان (٣) بۆ (١٠)ی کانوونی دوهەمی (٢٠٢٥)، لە (٢٦) پارێزگا لە سەرانسەری تورکیا، بە بەشداریی (١٨٠٠) کەسی تەمەن (١٨) ساڵ بەرەو سەر کراوە، نزیکەی (٧٥٪)ی هاوڵاتیانی کوردو نزیکەی نیوەی هاوڵاتیانی بە ڕەگەز تورک، دانانی قەیوم بە هەڵە دەزاننو ڕەتیدەکەنەوە[27].
هەڵوێستی پارتە سیاسییەکان
هەریەک لە ئاکپارتیو مەهەپە کە پێکهێنەری سەرەکیی هاوپەیمانیی کۆمارنو دەسەڵاتداری تورکیان، بە هەموو جۆرێک پشتیوانیی لابردنی سەرۆک_شارەوانییەکانو دانانی قەیوم لە جێگەیان دەکەنو وەک شانازییەک بۆ دەسەڵاتی دادوەریو وەزارەتی ناوخۆ لە “ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرو گەندەڵی” وێنایدەکەن.
پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار)یش وەک پارتێکی ئیسلامیی کوردی، هەرچەندە بەشێکە لە هاوپەیمانیی کۆمار، لەگەڵ ئەوەیشدا لابردنی سەرۆک_شارەوانییەکانو دانانی قەیوم ڕەتدەکاتەوەو بە پێشێلکردنی مافی خۆکاندیدکردنو دەستبەسەرداگرتنی ویستی دەنگدەرانی لەقەڵەمدەدات.
هەرچەندە جەهەپەو حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی تریش بە توندی دژی لادانی سەرۆک_شارەوانییەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی (٣١)ی ئاداری (٢٠٢٤) بوون، بەڵام لە جارەکانی پێشوودا دژی ئەو پڕۆسەیە نەبوون. ڕەنگە هۆکاری سەرەکیی ئەم دژایەتییەیش لە دوای هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٤) بگەڕێتەوە بۆ ترسی جەهەپەو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لەوەی کە قەیوم بەرۆکی سەرۆک_شارەوانییەکانی خۆیشیان دەگرێت. لە ڕاستیدا ئێستا هاوشێوەی سەرۆک_شارەوانییەکانی دەمپارتی، ئەوانەی جەهەپەیش لادەبرێنو قەیوم لە جێگەیان دادەنرێت، بەڵام سەرۆک_شارەوانییەکانی دەمپارتی بە تۆمەتی “پشتیوانیو ئەندامیەتیی گرووپی تیرۆریستی”و ئەوانەی جەهەپە بە تۆمەتی “گەندەڵی، بەرتیلو کاری نایاسایی لە تەندەری پرۆژەکاندا” لادەبرێن.
لەلای خۆیشیەوە، دەمپارتی بە هەموو جۆرێک دژی دانانی قەیومەو بەردەوام بە ڕێکاری مەدەنی لە “بەیاننامەی ناڕەزایەتی، تانەدان لە بڕیارەکانی دادگاو وەزارەتی ناوخۆ لە دادگای دەستووری، خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی” هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی جێبەجێکردنی قەیوم دەدات.
ئەنجام
دانانی قەیوم وەک پراکتیکێک لە سەر بنەمای “سەرلەنوێ ناوەندگەرایی” لەو شارانە جێبەجێدەکرێت، کە کورد بە چڕی تێیدا دەژی. ئەم پراکتیزەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە ئەو شارەوانییانەی ئاکپارتی ناتوانێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەدەستیانبهێنێت، لە ڕێگەی دەسەڵاتی دادوەریو هێزی ئەمنییەوە کۆنترۆڵیاندەکات.
بە هۆی دانانی قەیومەوە گەندەڵیی زۆر لەو شارەوانییانە بڵاودەبێتەوە، لەبەرئەوەی قەیوم ناترسێت لە دووبارە دەنگپێنەدانەوەی، تەنانەت دڵنیایە لەوەی کە لە هەڵبژاردنی ئایندەدا کاندید نابێت بۆ شارەوانیی ئەو شارەو ئەگەر کاندیدیشبکرێت، سەرکەوتن بەدەستناهێنێت، هەر بۆیە لە خزمەتکردنی هاوڵاتیاندا وەک پێویست ئەرکی خۆی جێبەجێناکات. لە هەمان کاتدا بەڕێوەبردنی سەرۆکایەتیی شارەوانی وەک ئەرکی دوهەم خراوەتە ئەستۆی قەیوم، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو کەسە پۆستی پارێزگار یان قائیمقامی بە دەستەوەیە، بۆیە دەرفەتی پێویستی نابێت بۆ بەدواداچوونی کارەکانی شارەوانی، ئەمەیش دەبێت بە هۆی خاوبوونەوەی کارەکانو پەرەسەندنی گەندەڵی.
ئەنجامێکی دانانی قەیوم بریتییە لە پەکخستنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بە تایبەتی داخستنی باخچەی منداڵانو دامەزراوە پەروەردەییە هاوشێوەکان، کە لەلایەن شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانەوە کراونەتەوە، کە بایەخ بە فرەزمانیو پەناگەکانی ژنانو خزمەتگوزارییەکانی تر بۆ ژنانو منداڵانو خێزانەکان دەدەن، کە لە مەترسیدان.
جگە لەمانەیش، لەبەرئەوەی قەیوم بە بڕیارێکی دەسەڵاتی ناوەندی پۆستەکەی وەرگرتووە نەک بە دەنگی هاوڵاتیان، لەبەرئەوە ملکەچی بۆ دەسەڵاتی ناوەندی دەبێت لە بریی ملکەچی بۆ دەنگدەران.
لە لایەکی ترەوە ئەو شارەوانییانەی قەیومی بۆ دانراوە، زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی، سەر بە دەمپارتین، هەر بۆیە ڕکابەرییەکی هێندە توند لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنو قەیومدا دێتەکایەوە، لە پراکتیکدا هەتا ئاستی دوژمنایەتیی سارد سەردەکێشێت، ئەمەیش دواجار بە پەککەوتنی زیاتری کاروبارەکانی شارەوانی کۆتاییدێت.
دواجار لابردنی سەرۆکی شارەوانییەکانی دەمپارتیو جەهەپەو دانانی قەیوم لە جێیانو بەردەوامیی پڕۆسەکە، هاوکاتە لەگەڵ دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی بۆ چەکدانانی پەکەکەو بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ “چەکدانانی ئەو حیزبەو خۆهەڵوەشاندنەوەی”، ئەمەیش وادەکات دانانی قەیوم یەکێک بێت لە بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئاشتیو پێویستە بە زووترین کات لەلایەن دەوڵەتەوە ڕێکاری گێڕانەوەی سەرۆکی شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان بگیرێتەبەر.
لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا دانانی قەیوم لە بریی ترساندنو ساردکردنەوەی خەڵک لە دەنگدانی بە کاندیدانی دەمپارتی وەک دەسەڵات ئومێدی لە سەر هەڵچنیوە، بە پێچەوانەوە بووە بە هۆی عینادیی زیاتری هاوڵاتیانو لە هەر هەڵبژاردنێکدا ژمارەی شارەوانییە بەدەستهاتووەکانی هەدەپە/ دەمپارتی ئەگەر زیادینەکردبێت، ئەوا کەمیشینەکردووە.
[1] https://bianet.org/haber/yerel-secimlerde-partiler-ve-kazandiklari-belediye-baskanliklari-113476
https://secim.hurriyet.com.tr/30-mart-2014-yerel-secimleri/bdp-yerel-secim-sonuclari/
https://secim2019.sozcu.com.tr/secim2019/hdp_12
https://secim.hurriyet.com.tr/31-mart-2024-yerel-secimleri/dem-parti-yerel-secim-sonuclari/
https://www.rudaw.net/turkish/middleeast/turkey/010420243
[2] Dw Türkçe, Son 10 yılda 147 belediye başkanı görevden alınarak yerlerine kayyum atandı. Peki bu kayyum atamalarının hukuki dayanağı var mı?, 04.11.2024, https://www.dw.com/tr/ge%C3%A7mi%C5%9Ften-bug%C3%BCne-kayyum-uygulamas%C4%B1-ne-kadar-hukuki/a-70685552, 25.02.2025
[3] Baykara Hukuku, KHK Açılımı Nedir? Ne Demektir?, https://www.baykara.av.tr/blog-khk-acilimi-nedir-ne-demektir-kanun-hukmunde-kararname-nedir-13, 02.02.2025
[4] Dw Türkçe, Son 10 yılda 147 belediye başkanı görevden alınarak yerlerine kayyum atandı. Peki bu kayyum atamalarının hukuki dayanağı var mı?, 04.11.2024, https://www.dw.com/tr/ge%C3%A7mi%C5%9Ften-bug%C3%BCne-kayyum-uygulamas%C4%B1-ne-kadar-hukuki/a-70685552, 25.02.2025
[5] Resmigazete.gov, Olağanüstü Hal Kapsaminda Bazi Düzenlemeler Yapilmasi
Hakkinda Kanun Hükmünde Kararname, 01.09.2016, https://www.resmigazete.gov.tr/eskiler/2016/09/20160901M2-2.htm, 25.02.2025
[6] AA, CHP’den Anayasa Mahkemesine başvuru, 14.03.2018, https://www.aa.com.tr/tr/politika/chpden-anayasa-mahkemesine-basvuru-/1088575, 25.02.2025
[7] Resmigazete, Belediye Kanunu, 03.07.3005, https://www.resmigazete.gov.tr/eskiler/2005/07/20050713-6.htm, 26.02.2025.
[8] TBMM, Türkiye Cumhuriyeti Anayasası ve Türkiye Büyük Millet Meclisi İçtüzüğü, Ağustos 2020, S 89chrome-extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://cdn.tbmm.gov.tr/TbmmWeb/Yayinlar/Dosya/0e96a18f-24e8-41dd-ae87-18e19e3f4eb9.pdf, 25.02.2025
[9] TBMM, Türkiye Cumhuriyeti Anayasası ve Türkiye Büyük Millet Meclisi İçtüzüğü, Ağustos 2020, S 86-89 chrome-extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://cdn.tbmm.gov.tr/TbmmWeb/Yayinlar/Dosya/0e96a18f-24e8-41dd-ae87-18e19e3f4eb9.pdf, 25.02.2025,
[10] TBB, Avrupa Yerel Yönetimler Özerklik Şartı, 13.07.2021, https://www.tbb.gov.tr/Tr/icerik_avrupa-yerel-yonetimler-ozerklik-sarti_47, 24.02.2025
[11] Doç. Dr. Abdullah Taştekin (2020), Avrupa Yerel Yönetimler Özerklik Şartı’na Türkiye’nin Koyduğu Çekincelerin Yeniden Değerlendirilmesi, Uluslararası Yönetim Akademisi Dergisi, Cilt: 3, Sayı: 3, S.594, chrome-extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://dergipark.org.tr/en/download/article-file/1348072, 24.02.2025
[12] BBC News Türkçe, 31 Mart 2024 seçimlerinden bu yana kaç belediyeye kayyum atandı?, 24.02.2025, https://www.bbc.com/turkce/articles/cq6ge85y5ylo, 25.02.2025
[13] Secim CNNTURK, 31 Mart 2024 Yerel Seçimleri, 31.03.2024, https://secim.cnnturk.com/31-mart-2024-yerel-secimleri/van-ili-yerel-secim-sonuclari/, 23.02.2025
[14] TV100, Hakkari Belediyesi’ne Kayyum Atandı, 03.06.2024, https://www.youtube.com/watch?v=lP_ufKZKBYw, 25.02.2025
[15] Sayım Harmancı, Hikmet Temeş, AA, Hakkari Belediye Başkanlığı görevinden uzaklaştırılan Akış’a 19 yıl 6 ay hapis cezası verildi, https://www.aa.com.tr/tr/gundem/hakkari-belediye-baskanligi-gorevinden-uzaklastirilan-akisa-19-yil-6-ay-hapis-cezasi-verildi/3241021, 05.06.2024
[16] HaberTürk, Beykoz Belediye Başkanı Alaattin Köseler Gözaltına Alındı!, 26.02.2025, https://www.youtube.com/watch?v=wNyVrSjpcjY, 28.02.2025.
[17] AA, Abdullah Zeydan’a verilen 3 yıl 9 ay hapis cezasının gerekçeli kararı açıklandı, 21.02.2025, https://www.aa.com.tr/tr/gundem/abdullah-zeydana-verilen-3-yil-9-ay-hapis-cezasinin-gerekceli-karari-aciklandi/3489312, 22.02.2025
[18] Medyascope, Eski HDP milletvekili Abdullah Zeydan tahliye edildi, 06.01.2022, https://medyascope.tv/2022/01/06/eski-hdp-milletvekili-abdullah-zeydan-tahliye-edildi/, 22.02.2025
[19] Tr.Euronews, Van Büyükşehir Belediyesi’ne kayyum atandı, 15.02.2025, https://tr.euronews.com/2025/02/15/van-buyuksehir-belediyesine-kayyum-atandi, 22.02.2025
[20] BBC Türkçe, 31 Mart 2024 seçimlerinden bu yana kaç belediyeye kayyum atandı?
, 15.02.2025, https://www.bbc.com/turkce/articles/cq6ge85y5ylo, 25.02.2025
[21] TBMM, Türkiye Cumhuriyeti Anayasası ve Türkiye Büyük Millet Meclisi İçtüzüğü, Ağustos 2020, S 86-89 chrome-extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://cdn.tbmm.gov.tr/TbmmWeb/Yayinlar/Dosya/0e96a18f-24e8-41dd-ae87-18e19e3f4eb9.pdf, 25.02.2025,
[22] OHCHR, International Covenant on Civil and Political Rights, 16.12.1966, https://www.ohchr.org/en/instruments-mechanisms/instruments/international-covenant-civil-and-political-rights
[23] İnsanhaklarimerkezi, Medeni ve Siyasi Haklara İlişkin Uluslararası Sözleşme, 15.08.2000, https://insanhaklarimerkezi.bilgi.edu.tr/tr/content/117-medeni-ve-siyasi-haklara-iliskin-uluslararas-sozlesme/#:~:text=%C4%B0nsan%20Haklar%C4%B1%20Komitesi’ne%20ili%C5%9Fkin,say%C4%B1l%C4%B1%20Resmi%20Gazete’de%20yay%C4%B1mlanm%C4%B1%C5%9Ft%C4%B1r., 25.02.2025
[24] TBMM, Medenî ve Siyasî Haklara İlişkin Uluslararası Sözleşmenin Onaylanmasının Uygun Bulunduğuna Dair Kanun Tasarısı ve Dışişleri Komisyonu Raporu (1/589), 29.05.2003, chrome-extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://www5.tbmm.gov.tr/tutanaklar/TUTANAK/TBMM/d22/c016/tbmm22016089ss0150.pdf, 25.02.2025
[25] TBMM, Türkiye Cumhuriyeti Anayasası ve Türkiye Büyük Millet Meclisi İçtüzüğü, Ağustos 2020, S 86-89 chrome-extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://cdn.tbmm.gov.tr/TbmmWeb/Yayinlar/Dosya/0e96a18f-24e8-41dd-ae87-18e19e3f4eb9.pdf, 25.02.2025,
[26] Spectrumhouse, Yerel Hizmetler Ve Kayyum Raporu, Ağustos 2023, https://spectrumhouse.com.tr/yerel-hizmetler-ve-kayyum-raporu/, 25.05.2025
[27] pectrumhouse, Türkiye Geneli Kayyum Algısı, Şubat 2025, https://spectrumhouse.com.tr/turkiye-geneli-kayyum-algisi/, 01.03.2025