• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 23, 2025

تاریکخانەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران

بارام مەجید خان

نزیکەی نیو سەدەیە ئێران و ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تاریکدا دەژین. هەر لە دەستپێکی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامیی تا ئێستا گرێ کوێرەکانی نێوانیان بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە، لە مێژووی هاوچەرخ (سەد ساڵ پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران) ململانێی قوورس لە نێوان ئێران و ڕووس و بەریتانیا هەر بەردەوام بووە. کۆێ ئەم سەد و پەنجا ساڵەی مێژووی ئێران بە سەدە و نیوێک “سوکایەتی بە ئێران” ناوزەد دەکرێت. قۆناغ بە قۆناغ، لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکانی جیهان ئێران ویستویەتی بەرگری لە سنوورەکان و بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات، بەڵام دواجار شکستی هێناوە. ئەنجامی هەر شکستێکی سەربازیش سەپاندنی ڕێکەوتنامەیەک بووە بە سەر ئێراندا. کە دواترینییان ڕێکەوتننامەی بەرجام(JACPOA)  بوو. خاڵی جەوهەری کێشەی ئێران لە ناو سیستەمی نێودەوڵەتی پەیوەندییە تاریکەکانی بووە لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هەردوولا دەرفەتی چارەسەرکردنی کێشانەیان لەدەست خۆیان داوە. شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە سەدەی ڕابردوو بەجێماو و نەگەیشتە سەدەی بیست و یەک، هەلومەرجی جیهان گۆڕانی گەورەی بەسەردا هات و ئێران بە پشتگوێخستنی گۆڕانکارییەکان کەوتووەتە ناو تەڵەیەکی جیهانییەوە. هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران وا نزیک دەبنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی چارەنووسی خۆیان. بە شەڕ یا بە ئاشتی!

دوا پەرەسەندنەکانی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و نامەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ هەردوو وڵات یەکلاکەرەوە دەبن. ترەمپ داوای ڕێکەوتنی ئاشتی دەکات. ڕێکەوتنی ئاشتی جیاوازە لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی. ئەمریکا ئاشتی وەک پاکێجێکی فراوان دەبینێت. بە هەر سێ جەمسەری ئەتۆمی، ناوچەیی، و بابەتی سیستەمی بەرگری ئێران. بانی داواکارییەکانی ئەمریکا هەڵکشاوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران دەستەوەستان بەرامبەر کێشە ئابوورییەکانی و شکستی کەمەرشکێنی لە میحوەری مقاوەمە و شکاندنی تابۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاکەکەی وڕ داماوە. لە هەمانکاتدا کاتێک هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکات گوێمان لە هیچ ناڕەزایەتییەکی جیهانی نەبوو بەرامبەر ئەو وڵاتە! لە زاری سەرۆک کۆماری ئێرانەوە؛ ” ئێمە تەنها پشت بە خوای گەورە دەبەستین و ڕێگە چارەیەک دەدۆزینەوە”. کۆبوونەوەی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و کۆی سیستەمەکە و بەرپرسە باڵانی سوپای ئێران و بە ئەحمەدی نەژاد و دکتۆر حەسەنی ڕۆحانیشەوە، ئاماژە بوون بۆ بڕیارە قورسەکەی ئێران کە بە مەرجەکانی ئەمریکا ڕازی نابن. ئەو کۆبوونەوە گرنگە ئاماژەی خۆ ئامادەکردن و یەکخستنی هەڵوێست بوو، بۆ ڕوداوێکی نزیک کە لە ئان و ساتی ڕوداندایە.

داوای دانوستان و ڕێکەوتننامەی ئاشتی لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکان هێشتا کۆتا کارت نابێت. بەوەی کە دەتوانرێت ئەو داوایەی ئەمریکا بە ڕێگەی تر بەردەوام بێت. لەسەر ئاستی ناوبژیوانی وڵاتانی ناوچەکە وەک سەڵتەنەی عوممان و ڕووسیا، یا هەر وڵاتێکی تر کە ئەم سیناریۆیە ئەگەری سەرگرتنی کەمە. بەڵام ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەرنەگرێت ئەوا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ئەگەرێکی بەهێزە. لە مێژووی پەیوەندیەکانی ئەمریکا و ئێران تا ئەم چرکە ساتە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ ئەوەندە بەهێز نەبووە. کە شەڕێکی کورتخایەن دەبێت لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیل و درێژخایەن لە لایەن ئێرانەوە. ستراتیژی ئەوپەڕی فشار لە لایەن ئەمریکاوە، ئەو جەنگە ساردەیە کە ئێران ڕووبەڕووی ئاستەنگی قوورس دەکاتەوە.

هەڵوێستی وڵاتان بەرامبەر ئەم گرژیانە جێگەی سەرنجە. سێکوچکەی وڵاتانی ترۆیکای ئەورووپایی بەرامبەر بە ئێران توندە و میکانیزمی ماشە (Snapback Mechanism) بەرامبەر ئێران دەگیرێتە بەر. لە هەمانکاتدا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نیگەرانە لە پیتاندنەکانی ئێران کە بە ڕێژەی لە ٦٠% و ئەگەری هەیە کە بگاتە ٩٠% ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆ ئاژانس و ڕاپۆرتی نەرێنی لەسەر ئێران بەرز دەکاتەوە.

هەرچی وڵاتی چینە نیگەرانی قووڵی نیشان نەداوە و بە نهێنی دژی ئەو کردە سەربازییە نابێت، بەرامبەر بابەتی تایوان. سەودای ئەمریکا و چین لەسەر بابەتی تایوان بەرژەوەندییەکی گەورەترە لە پشتیوانیکردنی ئێران، ڕووسیا لەگەڵ ئەوەی ڕێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام لە ڕێکەوتنەکە بە زیرەکانە ڕووسیا خۆی لە هاوپەیمانی سەربازی لەگەڵ ئێران دزیوەتەوە. هێرش بۆ سەر ئێران بە واتای هێرش بۆ سەر ڕووسیا نییە، بەڵام ڕووسیا پابەندە بەوەی کە هاوکاری وڵاتی هێرشکار نەکات. ئێران لە سەودای ئەمریکا و ڕووس بە ئەگەری زۆرەوە ناوبژیوانی ڕووسیا قبووڵ ناکات.

ئێران لە سەروبەندی خۆ ڕێکخستنەوەیە؛ ڕێکخستنی ڕیزەکانی لە ناوخۆ. یەکدەنگی و یەکڕیزی بەرامبەر ڕووداوە چاوەڕوانکراوەکان. هەموو باڵەکانی ئێران ئێستا لە ژێر چەتری ڕابەردایە. هەوڵەکانی ئێران بۆ پیتاندی ٩٠% وەک پەرچەکردار بەرامبەر فشارەکان و لەسەر داوای ڕابەری کۆماری ئیسلامیی باشترکردنی پێکانی موشەکەکانی ئێران. سیستەمی بەرگری خۆی توندوتۆڵ دەکاتەوە. بەڵام ئێران دەستکورتە بەرامبەر چارەسەری ئابووری لەم قۆناغە هەستیارەدا.

Send this to a friend