قەیرانی کۆرۆنا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: پرسیاری کراوە و گریمانەکان
نووسین: ڤۆلکەر پێرسیس
وەرگێڕان: پێشەوا جەلال
سەرچاوە: Stiftung Wissenschaft und Politik (the German Institute for International and Security Affairs, SWP)
لینكی بابەت: https://news.cgtn.com/news/2020-04-07/COVID-19-Global-Roundup-Diplomacy-in-the-time-of-the-pandemic-PuoFACcp4A/index.html
پڕۆفایلی نووسەر:
لە ساڵانی 1992-2005، لە پەیمانگای ئەڵمانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ئاسایش وەك توێژەر دەستی بە كارەكانی كردووە و لە ساڵی 2005 دەبێتە سەرۆکی پەیمانگای ئەڵمانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ئاسایش. لە نێوان ساڵانی 2016-2018، سەرۆكی “هێزی جێبەجێکردنی ئاگربەست”ی گرووپی پشتگیریی نێودەوڵەتی لە سووریا بووە و له ئێستادا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بۆردی پەیمانگای ئەڵمانییە بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ئاسایش.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر دەرکەوتنی ڤایرۆسی سارس؛ جیهانی ورووژاند، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە کاتین یان بەردەوامن؟ بەڕێوەبەری پەیمانگای ئەڵمانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ئاسایش، سەرنجەکانی لە بارەی لێکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییانە لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی دەخاتە ڕوو.
هەموو قەیرانێکی جیهانی، کاریگەریی لەسەر سیستمی نێودەوڵەتی و پێکهاتە و یاسا و دامودەزگاکانی سیستمەکە دەبێت. لەوانەیە پێویست نەکات بگەڕێینەوە بۆ جەنگی جیهانی و دامەزراندنی کۆمەڵەی گەلان و نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم سەدەیەی خۆماندا هێرشی (١١)ی سێپتەمبەر؛ یاسا و دۆخی نێودەوڵەتیی گۆڕی بەرەو ئاڕاستەی کارەکتەرە نادەوڵەتییەکان، وە لە کاتی قەیرانی دارایی ٢٠٠٨، گرووپی “G20” گۆڕانکاریی بەخۆیەوە بینی، لە یانەیەکی وەزیرانی داراییەوە گۆڕا بۆ ڕێکخراوێک کە توانایەکی نەرم و جووڵاوی هەیە لەبەرامبەر هەندێ لەو بوارانەی کە زۆر جێگای مشتومڕی سیاسەتی نێودەوڵەتی نین.
هێشتا زۆر زووە لێدوانی یەکلاییکەرەوە بدەین. ئەو وتەیەی کە دەڵێت “هیچ شتێک وەکوو پێشووتری لێ نایەتەوە”، دەکرێ بڵێین تا ڕادەیەکی زۆر هەڵەیە. کاتێک مانابەخشە، بیگۆڕین و بپرسین چی لەوانەیە بگۆڕێ “لەدوای کۆرۆنا”؟ هەر چەندە لەم قۆناغەدا هەر وەڵامێک بە سروشتی خۆی، لەبەردەم ئەگەری گۆڕانە.
قەیرانی کۆرۆنا لەوانەیە ڕۆڵی هاندەر ببینێ لە زیادکردنی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دوورخستنەوەی چین و لەمەشەوە قەیرانەکە ڕۆڵی هەبێت لە زیادکردنی مەیلی دژەجیهانیبوون. لە هەندێ بواری دیاریکراویشدا، لەوانەیە “بەجیهانیبوون”ی نوێ دەربکەوێت. پێناچێت کاریگەریی جیۆپۆلەتیک، وێنەیەکی گشتگیرمان بداتێ لە بارەی هەر یەک لە ڕێکخستنی نێودەوڵەتی (International order) و کێشمەکێشی ناوخۆیی وڵاتان و ململانێ و هەماهەنگی. بارودۆخی جیهان دوای پەتا جیهانییەکە وەکوو بابەتێک دەمێنێتەوە بۆ ئیرادەی سیاسی و سەرکردایەتی و توانای هەماهەنگیی کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان.
هەندێک لە چاودێران دەپرسن کە: ئایا پەتاکە هەماهەنگیی نێوان وڵاتان کەمتر دەکاتەوە و یاساکانی نیزامیی نێودەوڵەتی لاواز دەکات؟ لە ڕاستیدا زۆربەی وڵاتان کاردانەوەی تاک لایەنانەیان هەبوو بەرامبەر ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکە و لەوانەشە بەو جۆرە بەردەوام بن، بەڵام قەیرانەکە گرنگیی هاوکاریی کاریگەریی نێوان وڵاتانی نیشان دا و ئەگەری ئەوەش زۆرە دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام نەبێت و بەرەوپێشەوەچوونی هاوکارییەکان ببینین، تەنانەت سەرکردە ناسێونالیستەکان هاوڕان لە بارەی گرنگیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) و هەماهەنگی لە گۆڕینەوەی زانیاری و توێژینەوە لەسەر ڤاکسینەکان. وا پێشبینی دەکرێت کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ڕێکخراوە هەرێمییەکان بایەخێکی گەورەتر بدەن بە سیستمەکانی تەندروستی و تەندروستیی گشتی، ئەمەش بەهێزبوونی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و یاسای توندتر و زیادکردنی سەرچاوەی داهات بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونکە لە کۆتاییدا سیستمە تەندروستییە لاوازەکان لە هەندێک وڵاتدا دەبنە هەڕەشەیەکی ئاشکرا بۆ سەر ئەوانی تر.
ئێمە وا باشترە لەژێر دەسەڵاتی سەرکردایەتیی ئێستای گرووپی “G20” و “G8” پێشبینیی هیچ دەستپێشخەرییەک نەکەین بە ئاڕاستەی هاوکاریی هەمەلایەنە ، بەڵام لەوانەیە ئیتر ئاسان بێت کە مەسەلەی تەندروستیی گشتی بخەینە تەوەری کارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، تەنانەت وەک بابەتی سەربەخۆ و بەبێ ئەوەی پەیوەستی بکەین بە کێشە کلاسیکییەکانی ئاسایشەوە. چیتر پێویست ناکات هیچ گومان هەبێت لەوەی تەندروستیی جیهانی ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە.
ئایا کۆرۆنا کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر ململانێکانی هێز، بەتایبەت کێبڕکێی نێوان ئەمەریکا و چین؟ بەدڵنیاییەوە ئەمە ململانێکە خاو ناکاتەوە، پێدەچێت هەماهەنگی و ململانێی کراوە بەتایبەت لەنێوان ئەمەریکا و چین هەر بەردەوام بێت. دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین کە ململانێی ئایدۆلۆجیی نێوان چین لە لایەک و ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە لایەکی تر، توندتر ببێتەوە. مەبەست لەم خاڵە، پێشبڕکێی نێوان سیستمی بەڕێوەبردن و پەیوەندیی نێوان حکومەت و کۆمەڵگایە. سەرەڕای ڕەخنەکان لەسەر چین لە بارەی شاردنەوەی پەتاکە، ئێستا چین سیستمە سەرکوتکەرەکەی وەکوو سیستمێکی باڵاتر لە مۆدێلەکانی تر نمایش دەکات، بەتایبەت لەمەڕ شیوازی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکەدا. چین لە ئێستادا خەریکە “هێزی نەرم” بەدەست دەهێنێ، لە ڕێگەی نمایشی ناردنی هاوکاری بۆ ئیتاڵیا و ئەو وڵاتانەی کە بەتوندی تووشی پەتاکە بوون. ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەپێچەوانەوە تەنانەت هەوڵی هاوکاریی نیودەوڵەتیی نەداوە و لەوەش زیاتر وێنەی ئەمەریکای بچووک کردۆتەوە بۆ زلهێزێکی دەستەوستان. ترەمپ وڵاتەکەی وەک وڵاتێکی نەتەوەیی تەنیا نیشان دەدات و لەولاشەوە هەوڵی كڕینی کێلگەیەکی ئەڵمانیی دەرمانسازیی داوە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ڤاکسین “تەنها بۆ ئەمەریکا”، هەروەها ڕەتیشی دەکاتەوە گەمارۆکانی سەر ئێران سووک بکات.
ئایا ڤایرۆسەکە یارمەتیدەرە بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ؟ بە ئەگەرێکی زۆر، نەخێر. ئەو وڵاتانەش بەر پەتاکە دەکەون، کە ململانێی سەربازی و کەمینەی زیاتریان تێدایە. لە خراپترین حاڵەتدا، ململانێی ناوخۆیی ئەو وڵاتانەی کە لێک دابڕاون، زیاتر تۆخ دەبێتەوە. تەنها وەڵامدانەوەی ئەرێنی بۆ داواکارییەکەی سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ ئەوەی “ململانێی سەربازی بگۆڕن بۆ قەدەغەی هاتوچۆ”، لەلایەن فلیپینەوە بوو. ئەمە پشتگوێ خرا لە لیبیا، یەمەن، باکووری سووریا و هەروەها لەلایەن داعش و بۆکۆ حەرامەوە، کۆریای باکووریش لە تاقیکردنەوەی مووشەکەکانی بەردەوامە.
پێشبینی دەکرێت کاریگەریی پەتا جیهانییەکە لەسەر ململانێ هەرێمییەکان، زۆر جێگای بایەخ نەبێت. دەوڵەتان دەتوانن و لە هەوڵی ئەوەشدان بارودۆخەکە بۆ زیادکردنی متمانەدروستکردن بەکار بهێنن: ئیمارات و كوەیت هاوکارییان نارد بۆ ئێران، ئەمە یەکەم جار نییە، هەروەکوو یەکێک لە دەسەڵاتدارانی ئیمارات پێی وتم: “ئێمە یارمەتیی ئێرانمان داوە لەپێش ئەم حاڵەتە لەناکاوە، وە ئێرانیش بەدڵنیاییەوە هەر وا دەکات بۆ ئێمە، بەڵام ئێمە ئەم کارانەمان وەرنەگێڕاوە بۆ پەیوەندییەکی سیاسیی هاوڕێیانە”. وا پێدەچێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وزەیەکی کەمتر تەرخان بکات بۆ دیبلۆماسیی قەیران و چارەسەری ململانێکان، بەڕوونی ئێستا ئەمە بەدی دەکرێت و ڕەنگە هەر واش بمێنێتەوە، چونکە حکومەتەکان دەیانەوێت چارەسەری لێکەوتە ئابوورییەکانی پەتا جیهانییەکە بکەن. لە ئێستاوە زۆرێک لە دەوڵەتانی لاواز کەوتوونەتە ناو قەیرانی ئابوورییەوە، بەبێ ئەوەی دۆخی تەندروستییان بەتەواوی زیانی پێ گەیشتبێت. دەکرێت ببینین وڵاتانی دەوڵەمەند قەرز بە وڵاتانی هەژار بدەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئیرادەی پێویست نییە بۆ ناردنی هاوکاریی مرۆیی بە مەبەستی پشتگیریی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران، یان دابینکردنی پارە و کارمەند بۆ کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەی لە بارەی ئەورووپاوە؟ نە واشینتۆن و نە بەیجین، لەوە زیاتر توانایان ناخەنە گەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش بۆ کێشە جیهانییەکان. لێرەوە ئەرکی دەستپێشخەری دەکەوێتە ئەستۆی یەکێتیی ئەورووپا و ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ هاوکاریی هەمەلایەنن بۆ چارەی کێشەکان، وەکوو: کەنەدا، کۆریای باشوور، ئیندۆنیزیا و مەکسیک. چین و ئەمەریکا و ڕووسیاش لەوانەیە هەماهەنگ بن، ئەگەر ئەوانی تر لە بارەی تەندروستیی جیهانییەوە بە دەسپێشخەریی گونجاوەوە بێنە پێشەوە، بەڵام لەوە ناچێت سەرکردایەتیی هەوڵێکی گشتگیر و هەمەلایەنە بکەن.
دەشێت، بەڵام دڵنیا نیین کە ئەم قەیرانە یەکگرتنێکی بەهێزتر لە یەکێتیی ئەورووپا بهێنێتە ئاراوە. دوای هەندێ دواکەوتن، یەکێتیی ئەورووپا زۆر بەخێرایی جووڵەی دەست پێ کرد بۆ پشتگیریی ئەو ئەندامانەی یەکێتییەکە کە بەخراپی بەر پەتاکە کەوتوون. لە بارەی پێگەی جیهانییەوە، هەروەکوو جۆزیف بۆرێڵ؛ نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا وتی، یەکێتیی ئەورووپا پێویستە پێداچوونەوە بکات لە بارەی زمانی هێزەوە. ئەمە ڕاستییە، بەڵام پێویستە پێداچوونەوەی هێز و سەرنجڕاكێشیی ئەورووپاش بۆ قسەکەی زیاد بکەین، ئیتر ئەوەی دەمێنێتەوە بەکردارکردنی هاوکارییە، بەتایبەتی لە کاتی لەم شێوەیەدا.