ئەلفوبێی هاوبەش؛ هەوڵێک بۆ یەکخستنی جیهانی تورک
هونەر عیسا محەمەدئەمین؛ خوێندکاری دکتۆرا لە زمانی تورکی/ زانکۆی گازی
پێشەکی
بڵاوبوونەوەی تورکەکان بە سەر ناوچەیەکی فراوانی جوگرافیو سیاسیدا بووە بە هۆی سەرهەڵدانی زارو زمانی جیاواز. ئەو گەلانە کە ڕابردوویەکی هاوبەشیان هەیە، هەنگاودەنێن بۆ داهاتوویەکی هاوبەش، بۆیە وڵاتە تورکییەکان لە ساڵی (١٩٩١) یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان لە سەر پرسی ئەلفوبێی هاوبەش کرد. لە دوا کۆبوونەوەشیان لە ڕێگەی کۆمیسیۆنی ئەلفوبێی هاوبەشەوە لەمساڵدا ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی بە کۆی (٣٤) پیت پەسەندکرا.
ئەم ئەلفوبێیە بۆ دروستکردنی سیستەمێکی نوسینی هاوبەشە لە نێوان نەتەوە تورکەکاندا، کە لە جوگرافیاو دەوڵەتە جیاوازەکاندا دەژین. ئەلفوبێی هاوبەش تەنیا گۆڕینی سیستەمی نوسین نییە، بەڵکو جەخت لەوە دەکاتەوە کە جیهانی تورکی خاوەنی ناسنامەیەکی هاوبەشە. بە درێژایی مێژوو تورکەکان ئەلفوبێی جیاوازیان بەکارهێناوە، بەڵام ئەم جۆراوجۆرییە یەکگرتوویی لە نێوانیاندا مسۆگەرنەکردووە. لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ئەزموونە مێژووییانەدا، پرۆژەی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی وەک هەنگاوێک تەماشادەکرێت بۆ یەکڕیزی لە جیهانی تورکدا.
ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی چییە؟
زمان ئامرازی دەربڕینی سۆزو بیری مرۆڤە، لە ڕێگەی نوسینەوە گرنگییەکەی دەردەکەوێت. نوسین گرنگترین توخمە بۆ ئاماژەدان بە بوونی زمانێک. لە ڕێی نوسینەوە بەها کولتوورییەکان دەپارێزرێنو دەگوازرێنەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو. توخمی سەرەکیی نوسینیش ئەلفوبێیە. لە ئەلفوبێ وشەو ڕستە دروستدەکرێت، ئەمەیش دەبێت بە پردی پەیوەندی لە نێوان مرۆڤەکاندا(١).
لە جیهاندا زمانەکان خاوەنی ئەلفوبێی تایبەت بە خۆیانن. هەندێک لە زمانەکانیش چەندین جار ئەلفوبێیان گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە. بۆ نموونە تورکەکان کە ئەلفوبێی گۆکتورک، ئویگور، عەرەبی، کریلیو لاتینییان بەکارهێناوە، لە ئێستاشدا بابەتی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی بووە بە ڕۆژەڤێکی گرنگ لە وڵاتانی جیهانی تورکیدا، ئەم جیهانەش پێکهاتووە لە وڵاتانی “تورکیا، ئازەربایجان، کازاخستان، قیرغیزستان، تەتەرستان، قوبرسی تورکیی باکوورو ئۆزبەکستان”.
کۆمیسیۆنی هاوبەشی ئەلفوبێی جیهانی تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای تورکیو دامەزراوەی زمانی تورکیدا لە (٩-١١)ی ئەیلوولی (٢٠٢٤)، سێیەمین کۆبوونەوەی خۆی لە “باکۆ”ی پایتەختی ئازەربایجان کرد. لەم دیدارە گرنگەدا، ئەندامانی کۆمیسیۆن بە فەرمی لەگەڵ دەوڵەتانی تورکیدا کۆبوونەوە. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە پەرەپێدان بە ئەلفوبێیەکی هاوبەش بۆ زمانە تورکییەکان. بە سوودوەرگرتن لەو زانیاریو ئەزموونەی کە لە ئەنجامی دوو ساڵ کاری هاوبەشدا بەدەستهاتوون. لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بە شێوەیەکی گشتگیر پێداچوونەوە بە پرۆژەی “ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی” کرا. ئەم ئەلفوبێیە لە سەر بنەمای لاتینییە. کۆمیسیۆن گفتوگۆی وردی کردو بڕیاری پێویستی سەبارەت بەو پرسانەی کە پێویست بوو لەم پڕۆژە ئەلفوبێیەدا باشتربکرێن، دەرکردووە. لە ئەنجامدا لە سەر “ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی”، کە لە (٣٤) پیت پێکهاتووە، ڕێککەوتن کرا. هەر پیتێک ئاماژە بە فۆنێمی جیاواز دەکات لە زمانە تورکییەکاندا. کۆتاییهاتنی سەرکەوتوانەی ئەم دیدارە نوێنەرایەتیی ساتێکی مێژوویی بۆ دەوڵەتە تورکەکان دەکات. پەرەپێدانی “ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی”، پەرە بە لێکتێگەیشتنو هاوکاریی یەکتر دەدات لە نێوان گەلانی تورکو لە هەمان کاتدا میراتی زمانەوانییان دەپارێزێت(٢).
ئەلفوبێی هاوبەش لە (٢٩) پیتی ئەلفوبێی کۆماری تورکیاو پیتەکانی X) ، Ə، Q ، Ñ، (Û لە زاراوەی هاوچەرخە تورکییەکان پێکهاتووە. ئەو وڵاتانەی کە سوود لە ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی وەردەگرن، بریتین لە تورکیا، ئازەربایجان، کازاخستان، قیرغیزستان، تەتەرستان، قوبرسی تورکیی باکوورو ئۆزبەکستان(٣).
پرسی ئەلفوبێی هاوبەش لە کەیەوە دەستیپێکردووە؟
بناغەی پرسی ئەلفوبێی هاوبەش لە کۆنگرەی زمانی تورکی دانرا، کە لە ساڵی (١٩٩١) لە باکۆ بەڕێوەچوو. لێرەدا بڕیاردرا ئەو ئەلفوبێیەی کە جیهانی تورکی خۆی لە سەر بونیادبنێت، ئەلفوبێی تورکی؛ ئەلفوبێی لاتینی بێت. یەکەم هەنگاو بەرەو ئامانجی ئەلفوبێی هاوبەش لەلایەن کۆماری تورکیاوە دەستیپێکردو پشتیوانی بۆ ئەم هەنگاوە لە هەموو دەوڵەتانی تورک چاوەڕواندەکرا. ئێستا وڵاتانی تورک وەک کۆماری تورکیاو ئازەربایجانو کۆماری قوبرسی تورکیی باکوور ئێستا ئەلفوبێی لاتینی بەکاردەهێنن. پێکهاتە تورکەکانی دانیشتووی کازاخستان، قیرغیزستان، ئۆزبەکستان، تورکستانو تورکمانستان، هێشتا دوورن لەم بڕیارە. ئەو ئەلفوبێیە جیاوازانەی کە بەکارهێنراون، جیاوازی لە نێوان تورکەکاندا دروستدەکەن(٤).
لێرەوە ڕۆشنبیرانی تورک بەردەوام هەوڵی ئەوەیان داوە ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ یەکخستنی وڵاتانی تورک. یەکێک لەم ڕۆشنبیرانە ئیسماعیل گاسپیراڵیە (İsmail Gaspıralı). ئەم پیاوە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمو سەرەتای سەدەی بیستەمدا بە بیرۆکەکانی هەوڵیدا زمانی تورکی جارێکی دیکە لە چوارچێوەی یەک زمانی نوسراودا یەکبخرێت .لە ژێر دروشمی “یەکگرتوویی لە زمانو کارو بیرکردنەوە”داو “یەکگرتوویی لە زماندا”، کە هەنگاوی یەکەمی بوو. گاسپیرالی لە ڕێگەی ڕۆژنامەی (Tercüman)ەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی داوە، توانیی بۆ ماوەی (٣٥) ساڵ دەنگی هاوبەشی جیهانی تورکیا بێت، گاسپیرالی لەو باوەڕەدا بوو کە گرنگترین توخم، کە هۆزەکانی نەتەوەی تورک بەیەکەوە دەبەستێتەوە، “زمان”ە. بۆ زمانێکی نوسراوی هاوبەش لە جیهانی تورکیدا یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان ئەوەیە کە ئەلفوبێی هاوبەش هەبێت(٥).
لە ئەیلوولی ئەمساڵدا کۆمیسیۆنی ئەلفوبێی هاوبەشی دەوڵەتانی تورک، یەکەم هەنگاوی بەرەو بەدیهێنانی خەونی ئیسماعیل گاسپیرالی ناوە بۆ یەکخستنی دەوڵەتانی تورک لە دەوری زمانو شوناسێکی هاوبەشی ئەدەبی. ئەگەر ئەلفوبێی هاوبەش دوای سازشەکە بە خێرایی جێبەجێبکرێت، دەتوانرێت سەرچاوە بنوسرێتو بەرهەمێک بەرهەمبهێنرێت کە هەموو پێکهاتەی وڵاتە تورکییەکان بتوانن بیخوێننەوەو لێیتێبگەن.
سەبارەت بە ئەلفوبێی هاوبەش، نوسەرو زمانناسە ناودارەکانی تورک لە ساڵی (٢٠٢٠)دا کتێبێکیان نوسی بە ناوی “ئەلفوبێی هاوبەش لە جیهانی تورکیدا؛ بەکارهێنان، بەدواداچوونو پێشنیار”، لەم کتێبەدا پ. د. ئۆکان یەشیلۆت (Prof. Dr. Okan Yeşilot)و نوسەرەکانی تر ئاماژەیان بە چەندین بابەتی گرنگی پەیوەست بە ئەلفوبێی هاوبەشەوە داوە. یەکێک لەم نوسەرانە زمانناسی بەناوبانگی تورک؛ ئەحمەد بیجان ئەرجیلاسونە (Ahmet Bican Ercilasun)، بابەتەکەی لە ژێر ناونیشانی “کێشەی ئەلفوبێ لە جیهانی تورکیداو ئەو پرەنسیپانەی کە دەبێت لە گۆڕینی ئەلفوبێدا پەیڕەوبکرێن”، بابەتێکی تر بە ناونیشانی “ئەلفوبێی هاوبەش؛ زمانی هاوبەش لە جیهانی تورکیدا”، “نوێترین پێشهاتەکانو گەڕان بە دوای چارەسەردا لە سەر پەسەندکردنی ئەلفوبێی لاتینی هاوبەشی تورکی لە وڵاتانی تورکدا” لەلایەن تەیمور کۆجائۆغڵوەوە (Timur Kocaoğlu) نوسراوە. بابەتی “پرسی زمانی هاوبەش بۆ گفتۆگۆ لە جیهانی تورکیدا” لەلایەن عەبدولڕەسوڵ ئیساکۆڤەوە (Abdrasul İsakov) ئاماژەیپێدراوە(٦).
ئامانجەکانی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی
جگە لە ئاسانکاریی پەیوەندیکردن، ئەلفوبێی هاوبەش کارلێکی نێوان تورکەکانیش زیاددەکات. لە هەمان کاتدا دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە دروستکردنی شوناسێکی بەکۆمەڵ لە دژی ڕوسیا، کە هێشتا دەوڵەتانی تورک وەک دەوڵەتی ژێردەستی خۆی لە ناو یەکێتیی سۆڤیەتدا دەبینێت. هەروەها ئەلفوبێی هاوبەش وا دەکات دەوڵەتانی تورک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کاریگەرترو بەهێزترببن. پێویستە ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورک (Türk Devletleri Teşkilatı) لە پشت ئەم ئەلفوبێیە بوەستێتو ئیرادەی سیاسی پیشانبدات. بەم شێوەیە ئەو دەوڵەتە تورکانەی کە خەریکن ئەلفوبێیان دەگۆڕن بۆ ئەلفوبێی لاتینی، دەتوانن ئەم ئەلفوبێ هاوبەشە وەک بنەمایەک بەکاربهێنن. جگە لەوەش، پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ((TÜRKSOYو وڵاتانی ئەندام لەم ئەلفوبێیە بەرهەمی مێژووییو کولتووریی هاوبەش چاپبکەن. هەروەها پێویستە داستانی “ماناس” بەم ئەلفوبێیە چاپبکرێت، هەرچەندە ئەم داستانە لە هەر زارێکی تورکیدا جیاوازە(٧).
سوودەکانی بەکارهێنانی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی
وەک سەرۆکی دامەزراوەی زمانی تورکی (Türk Dili Kurumu)، پ. د. عوسمان مەرت (Prof. Dr. Osman Mert) گوتوویەتی: ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی “یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی یەکخستنی کولتووری یەکگرتووییە لە نوسیندا”. مەرت بە ئاماژەدان بە گرنگیی کۆدەنگی لە سەر ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی جەختی لەوە کردووەتەوە کە “جوگرافیای تورکیا نزیکتردەبێتەوەو توانای پێکەوە مامەڵەکردن زیاتردەبێت”. گوتیشی: “بە پەسەندکردنی ئەلفوبێی هاوبەش، لێکتێگەیشتنو هاوکاری لە نێوان گەلانی تورکدا پەرەدەسێنیتو لە ڕووی جوگرافییەوە لەیەکنزیکتردەبنەوەو توانای پێکەوە هەڵسوکەوتکردنیان زیاتردەبێت لە بوارەکانی پەروەردەو ئەدەبو ئابووریو سیاسەتو هیی تردا. ئەم گەشەسەندنە نەک تەنها لە لای گەلانی تورک، بەڵکو لە جیهانو ناوچەکەش زیاددەکات، لە هەمان کاتدا هەنگاوێکە کە کاریگەرییەکی قووڵی لە سەر داهاتوو دەبێت، لەمەودوا یەکێتیو هاودەنگیو هاوکاری لە جیهانی تورکدا بەهێزتردەبێت”.
سەرۆکی دامەزراوەی تورکی هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە تورکێک لە بەڵقانەوە بەڕێدەکەوێت، جگە لە قسەکردن، دەتوانێت هەموو ئەو نوسراوانەش بخوێنێتەوە کە بە ئەلفوبێی هاوبەش نوسراون هەتا دەگاتە چین. هەروەها دەتوانێت بۆ چیای ئاڵتای گەشتبکات، واتە “زمانی تورکی لە بەڵقانەوە هەتا چین” بەکاردێتو ئەلفوبێی هاوبەشی جیهانی تورکی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری تورکیا لە بوارەکانی تەکنەلۆژیاو دیبلۆماسی بەهێزتردەکاتو زەمینەسازی دەکات بۆ داهاتوویەکی هاوبەش(٨).
بەکارهێنانی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی لە جیهانی تورکیدا چەندین سوودی تری هەیە، ئەم سوودانە بریتین لە:
یەکێتیی زمانەوانی: ئەلفوبێیەکی هاوبەش لە نێوان دەوڵەتانی تورکدا، بە دەستەبەرکردنی یەکگرتوویی زمان، یارمەتیی خەڵک دەدات باشتر لەیەکترتێبگەن.
کارلێکی کولتووری: ئەلفوبێی هاوبەش دەبێت بە هۆی زیادکردنی کارلێکی کولتووریو ئاسانکاریدەکات لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکانو توێژینەوە زانستییەکان.
پەروەردە: هاماهەنگیی ئەو کەرەستانەی کە لە پەروەردەدا بەکاردەهێنرێن لە نێوان دەوڵەتانی تورکدا، ڕێگە بە خوێندکاران دەدات کە بە سیستەمێکی زمانی هاوبەش بخوێنن.
گەشەسەندنی تەکنەلۆژی: ستانداردکردنی ئەو سیستەمە نوسینەی کە لە جیهانی دیجیتاڵیدا بەکاردەهێنرێت بە زمانێکی هاوبەش، گەشەسەندنی تەکنەلۆژی لە جیهانی تورکییشدا خێراتردەکات.
ئایندەی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی
پەسەندکردنی ئەلفوبێی هاوبەش لە جیهانی تورکیدا هەنگاوێکی گرنگە بەرەو یەکێتیی زمانەوانیو کولتووری. کۆبوونەوەی ئەمساڵی کۆمیسیۆنی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان کارەکانی لەم بوارەدا خێراترکردو پەیوەندیی زمانیی نێوان گەلانی تورکی پتەوترکرد. پێشبینیدەکرێت ئەم ئەلفوبێیە لە ساڵانی داهاتوودا بوارێکی فراوانتر بۆ بەکارهێنان بدۆزێتەوەو بڕیارە بە فەرمی لە ناو وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورکدا بەکاربهێنرێت.
ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی هەنگاوێکی گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی یەکێتیی زمانی لە جیهانی تورکدا. بە هۆی ئەم ئەلفوبێیەوە جیاوازیی زمانیی نێوان دەوڵەتانی تورک کەمدەبێتەوەو کارلێکی کولتووریو زانستی زیاتردەبێت. کارەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورک لە سەر ئەم پرسە یارمەتیی جیهانی تورک دەدات بۆ دامەزراندنی یەکێتییەکی زمانیو کولتووریی بەهێزتر لە داهاتوودا(٩).
ئایا لەگەڵ پەسەندکردنی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکیدا؛ ئەلفوبێی کۆماری تورکیا دەگۆڕێت؟
دوای ڕاگەیاندنی ئەلفوبێی هاوبەش، پرسیاری زۆر لەلایەن هاوڵاتیانی تورکیاوە دروستبووە دەربارەی ئەگەری گۆڕانی ئەلفوبێی کۆماری تورکیا بۆ ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی. سەرۆکی دامەزراوەی زمانی تورکی؛ پ. د. عوسمان مەرت، گوتوویەتی: “هیچ گۆڕانکارییەک لە ئەلفوبێی هەنووکەیی تورکیاو ئازەربایجان ناکرێت، ئێمە بەردەوامدەبین لە بەکارهێنانی ئەو (٢٩) پیتە، کە هاوبەشن لەگەڵ زارەکانی دیکەدا”(١٠).
ئەنجام
زمان سەرمایەی کۆمەڵگەیە. گرنگترین بنچینەیە لە کولتووری نەتەوەییدا. زۆربەی بەها کولتوورییەکان لە ڕێگەی زمانەوە دەردەکەون. دەوڵەتان گرنگییەکی زۆر بە بابەتی زمان دەدەن. یەکێک لەم وڵاتانە تورکیایە، کە ساڵانە لە ڕێگەی دامەزراوەی زمانی تورکی، پەیمانگەی یونس ئێمرێ (Yunus Emre Enstitüsü)و سەرۆکایەتیی ئاژانسی هەماهەنگیو هاوکاریی تورک (تیکا) (TİKA) ( Türk İşbirliği ve Koordinasyon Ajansı Başkanlığı)و وەقفی مەعاریفی تورکیا (Türkiye Maarif Vakfı)و ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورکیاوە چەندین کۆڕو کۆبوونەوە لەگەڵ وڵاتانی “تورکیا، ئازەربایجان، کازاخستان، قیرغیزستان، تەتەرستان، قوبرسی تورکیی باکوورو ئۆزبەکستان”دا دەکات.
تورکیا ماوەی (٣٥) ساڵە کار لە سەر پرسی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی دەکات. لە ئەنجامدا ئەم ئەلفوبێیە پەسەندکراو لە (٣٤) پیت پێکهاتووە. ئەمەش یەکێکە لە کارە گرنگەکان لە نێوان دەوڵەتانی تورکدا. ئەلفوبێکە دەبێت بە بەردی بناغەی کاری هاوبەش لە بواری زمانیو کولتووریو ئەدەبی بۆ وڵاتانی تورک، هەروەها دەبێت بە ڕێخۆشکەر بۆ لێکتێگەیشتنو کارلێکی زیاتر.
پڕۆژەی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی ئامانجی بەهێزکردنی یەکێتیی کولتووریو زمانەوانییە لە ڕێگەی مامەڵەکردنەوە وەک پردێک لە نێوان گەلانی جیهانی تورکیدا، کە لە جوگرافیا جیاوازەکاندا دەژین. ئەم پڕۆژە گشتگیرە ئامانجی نەهێشتنی بەربەستەکانی پەیوەندیکردنە، بە دابینکردنی سیستەمێکی هاوبەشی نوسین بۆ زمانە تورکییەکان. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە زیادکردنی کارلێکی کولتووریو خۆشکردنی ڕێگەیە بۆ هاوکاریی ئابووری لە ڕێگەی دڵنیابوون لەوەی کە ئەو کەسانەی بە زارە جیاوازەکانی جیهانی تورکی قسەدەکەن، باشتر لەیەکترتێدەگەن. ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی پشتیوانی لە یەکگرتنی ناوچەیی دەکات، بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی کە جیهانی تورک ناسنامەیەکی هاوبەشی هەیە.
پڕۆژەی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ داهاتووی جیهانی تورک. ئەم پرۆژەیە بە پتەوکردنی یەکڕیزیی گەلانی تورک بەشداردەبێت لە دەستەبەرکردنی ئاشتیو سەقامگیری لە ناوچەکەدا. هەروەها ئەلفوبێیەکی هاوبەش لە ڕووی پاراستنو بەرەوپێشبردنی بەها گشتگیرەکانی کولتووری تورکییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە.
بە جێبەجێکردنی سەرکەوتوانەی پڕۆژەی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی، جیهانی تورک دەگات بە یەکڕیزییەکی بەهێزتر. ئەم پڕۆژەیە دەبێت بە هۆی گۆڕانکاریی بەرچاو لە زۆر بواردا؛ لە سیستەمی پەروەردەوە هەتا دەزگا میدیاییەکان، هەروەها دەبێت بە هۆی ئەوەی کە کولتووری تورکی بگات بە ئامادەبوانی فراوانتر.
ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی دەبێت بە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیستەمی پەروەردەداو فێربوونی زمانی تورکی بۆ فێرخوازەکان ئاسانتردەکات. دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە کەڵکوەرگرتن لە ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی، دەتوانن بگەن بە جەماوەرو وەرگری فراوانترو دەرفەتی ناساندنی کولتوورە جیاوازەکانی جیهانی تورکییان دەبێت. هەروەها هاوکاری لە بوارەکانی بازرگانیو گەشتوگوزارو توێژینەوەی زانستی بەشداردەبێت لە گەشەسەندنی ئابووری. ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی دڵنیاییدەدات لەوەی بەها هاوبەشەکانی کولتووری تورکی پارێزراونو بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازرێنەوە.
پڕۆژەی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی بە هێزی یەکخستنی جیهانی تورک دادەنرێت. ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئایندەیەکی هاوبەش بۆ گەلانی تورک. لە ماوەی داهاتوودا، بە هەوڵی هاوبەشی هەموو دەوڵەتو پێکهاتەکانی تورک زیاتر پەرەیپێدەدرێتو ڕۆڵێکی گرنگ لە یەکخستنی جیهانی تورکدا دەگێڕێت.
سەرچاوەکان
- Altınöz, İsmail, (2021). “Prof. Dr. Okan Yeşilot vd. (Ed.) (2020). Türk Dünyasında Ortak Alfabe: Uygulamalar, Arayışlar, Teklifler. İstanbul: Ötüken Yay.”. Bilig – Türk Dünyası Sosyal Bilimler Dergisi 96:311-321. https://search.trdizin.gov.tr/tr/yayin/detay/421931 11.2024
- “Ortak Türk Alfabesi”ne İlişkin Duyuru, 09.2024
https://tdk.gov.tr/icerik/basindan/ortak-turk-alfabesine-iliskin-duyuru-2/17.11.2024
- Girgin, Sevcan. Türkiye Gazetesi, 34 harften oluşan Ortak Türk Alfabesi nedir, ne zaman kullanılacak, hangi ülkeler var? 07.112024
- Kartal, Merve. Ortak Türk Alfabesi’nin Mesajı, 01.11.2024
https://www.fikirtepemedya.com/siyaset/ortak-turk-alfabesinin-mesaji/ 17.11.2024
- Güler, Hakan, (2019). Türk Dünyası’nda Ortak Yazı Dili ve Alfabe Meselesi. Türk Ekini (2), 14-20. https://dergipark.org.tr/tr/pub/turkek/issue/55573/760638 11.2024
- Altınöz, İsmail (2021). (a.g.m.) s. 314.
https://search.trdizin.gov.tr/tr/yayin/detay/421931 17.11.2024
- Kartal, Merve. Ortak Türk Alfabesi’nin Mesajı, 01.11.2024
https://www.fikirtepemedya.com/siyaset/ortak-turk-alfabesinin-mesaji/ 17.11.2024
- İst, 19.09.2024, Ortak Türk Alfabesi’yle birlikte Türkiye’de alfabe değişecek mi?
https://www.gzt.com/jurnalist/ortak-turk-alfabesiyle-birlikte-turkiyede-alfabe-degisecek-mi-3789594 17.11.2024
- Makedonya Danışmanlık, 12.09.2014, Ortak Türk Alfabesi Nedir?
https://makedonyadanismanlik.com/blog/ortak-turk-alfabesi-nedir/ 17.11.2024
- İst, 19.09.2024, Ortak Türk Alfabesi’yle birlikte Türkiye’de alfabe değişecek mi? https://www.gzt.com/jurnalist/ortak-turk-alfabesiyle-birlikte-turkiyede-alfabe-degisecek-mi-3789594 17.11.2024
وێنەی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی
سەرچاوە