• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 7, 2021

ئیدارەی بایدن پێویستە پشتگیریی کوردەکان بکات

نووسەران:

ڕوەیدا مستەفا: چالاکوانێکی دیاری کوردی-بەریتانی و دامەزرێنەری بۆردی سیاسەتی کوردییە کە بزووتنەوەیەکی جەماوەرییە و دەیەوێت نوێنەرایەتیی کوردی-بەریتانی لە شانشینی یەکگرتوودا زیاتر بکات.

یەریڤان سەعید: توێژەرە لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوە، کاندیدی دکتۆرایە لە زانکۆی جۆرج ماسۆن لە سکوڵی شیکاری ململانێ و چارەسەر. پێشتر پەیامنێری کەناڵی ڕووداو بووە لە کۆشکی سپی و کاری بۆ نیۆرک تایمز، وۆڵ ستریت جێرناڵ، بۆستن گڵەوب، بی بی سی و گاردیان کردووە وەکوو ڕۆژنامەنووس و وەرگێڕ.

محەمەد ساڵح: ڕۆژنامەنووسێکی کوردە و کاندیدی دکتۆرایە لە زانکۆی پەنسلڤانیا لە سکوڵی ئاننبێرگ بۆ پەیوەندی.

وەرگێڕان: پەرۆش محەمەد ساڵح

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (6‌)ی ئازاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

پەیوەندیی باش لەگەڵ کوردستانی عێراق سەرمایەیەکی باش و ستراتیژییە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەڵام ئەم پشتگیرییە لە ئیدارەکەی بایدنەوە دەبێ بە مەرج بێت.

لە کاتێکدا کە ئیدارەکەی بایدن خوێندنەوە بۆ سیاسەتی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات، زۆر گرنگە بایەخ بدرێ بە هەرێمی کوردستانی عێراق کە هەرێمێکی خۆسەرییە و جێگایەکی ستراتیژیی لە باکووری عێراقدا هەیە. هەرێمی کوردستانی عێراق سەقامگیرترین جێگای عێراق بووە و هاوبەشێکی جێگیری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە لە سی ساڵی ڕابردوودا. زیاد لەوەش، لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی گرووپەکانی وەکوو داعش و قاعیدە لە عێراق و سووریادا؛ هەرێمی کوردستان گرنگ بووە، هەروەها شوێنێکی باش بووە بۆ هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا و بەخێرهاتنی دیپلۆمات و خاوەن کارە ڕۆژئاواییەکانی کردووە.

لە کاتێکدا ئیدارەی بایدن خەریکی دووبارە داڕشتنەوەی بەرنامەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، پێویستە لە دوو خاڵی گرنگدا پاڵپشتی کوردەکانی عێراق بێت: یەکەم: ئیدارەی بایدن پێوستە پشتیوان و پارێزەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە هەڕەشەی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و داعش کە کوردی عێراق دەکەن بە ئامانج، لەبەر ئەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئەمەریکا هەیە. دووەم: پێویستە ئیدارەی بایدن ئەم پشتیوانییە بکات بە مەرج بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم چاکسازیی جددی لە بەڕێوەبردنی ناوخۆییدا بکات، بەتایبەتی بەدامەزراوەکردنی هێزەکانی ئاسایش لەژێر فەرمانی حکومەتی هەرێم و باشترکردنی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ، مافەکانی مرۆڤ یەکێک لە پایەکانی سیاسەتی دەرەکیی ئیدارەکەی بایدن خۆشیەتی.

بوونی سوپای ئەمەریکا لە کوردستان،  ئێران و هێزە میلیشیا شیعەکانی هاوپەیمانی لە عێراق تووڕە کردووە کە چەندین هێرشی مووشەکیان بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئەنجام داوە. تازەترین هێرش لە 15ی شوباتی 2021دا ئەنجام درا، کاتێک میلیشیایەکی شیعەی هاوپەیمانی ئێران مووشەکبارانی شاری هەولێری پایتەختی کوردستانی کرد. هێرشەکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شاری هەولێر کە بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکای تێدایە، لەگەڵ چەند گەڕەکێکی مەدەنیی بە ئامانج کردبوو. هێرشەکە دوو قوربانیی لێ کەوتەوە کە لە نێویاندا بەڵێندەرێکی سەربازیی ئەمەریکای تێدا بوو، هەروەها دەیان کەسیشی بریندار کرد کە خەڵکی ناوچەکە و بەڵێندەرانی حکومەتی ئەمەریکا و ئەندامێکی خزمەتگوزاریی ئەمەریکاشی تێدا بوو. گرووپێک بە ناوی سەرایای ئەولیای ئەلدەم کە بەگشتی بە گرووپێکی میلیشیای ئێران دادەنرێت، بەرپرسیارێتیی ئەو ڕووداوەی لەئەستۆ گرت.

ئەم هێرشەی میلیشیاکان بەشێکی ڕەنگە پەیوەندیی بە هەوڵەکانی تارانەوە هەبێت بۆ ئەوەی دەستی بخاتە سەرەوە لە دژی واشنتۆن لەو دانوستانە ناوەکییانەی کە چاوەڕوان دەکرێت دەست پێ بکاتەوە، بەڵام دەکرێت ئەم هێرشانە وەکوو بەشێک لە کەمپینە فراوانەکەی ئێران بۆ سەپاندنی هەژموونی هەرێمیی خۆی لێک بدرێتەوە. وەکوو بەشێ لەو کەمپینە، ئێران و هاوپەیمانەکانی لە عێراق لە هەوڵی لاوازکردن و هەروەها گەر بۆیان بکرێت هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان کە تاکە دامەزراوەی گرنگی عێراقە بەرەنگاریی کاریگەری هەڵکشاوی ئێرانی لە عێراقدا کردووە و لە هەمان کاتدا بە دۆستی ڕۆژئاواش ماوەتەوە. تەنانەت کاتێک کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هەوڵی دووبارە دەستپێکردنەوەی دیپلۆماسیەتە لەگەڵ ئێران، بەهێزکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت باڵادەستیی زیاتر بدات بە واشنتۆن لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە ئەمنییەکانی ئێران، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئایا ئەمەریکا دەتوانێت بگات بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران لەسەر کێشە ناوەکی و هەرێمییەکان.

سەرچاوەیەکی تری ناسەقامگیری؛ داعشە کە بەهێواشی، بەڵام بەبەردەوامی لە عێراق و سووریا لە چەند مانگی ڕابردوودا چالاکییەکانی زیاتر کردووە. کوردەکان گرنگن لە هەوڵەکاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گرووپە، چونکە  هەولێر بووە به چەقی ئۆپەراسیۆنەکانی باکووری هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا. داعش چالاکیی خۆی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان خاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری عێراق زیاد کردووە. دوو تەقینەوەی ئەم دواییەی بەغدا کە دوای چەند ساڵێک لە وەستان لە هێرشی لەو جۆرە هات، ئاماژەن بەوەی کە داعش بەهێزتر و بوێرتر بووە لە کاتێکدا هێزەکانی عێراق بە شێوەیەکی کاریگەر کارەکانیان بۆ ئەنجام نادرێت. ئەو دابەشبوونەی لەنێوان سوپای عێراق و میلیشیا شیعەکاندا هەیە، کە بە ناو لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدان، لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدا هەوڵەکانی زیاتر لاواز کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. ئەم بێکردارییە دەبێت جێگای بایەخی ویلایەتە یەکگرتووەکان بێت، چونکە مێژووی ئەم دواییە نیشانی دەدات کە شکستهێنان لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی گرووپە جیهادییەکان لە ئێستادا دەرئەنجامی قورس بەدوای خۆیدا دەهێنێت لە داهاتوودا. ئەوەی پەیوەندیی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، کوردستان گرنگە بۆ هەر هەوڵ و کۆششێک بۆ کۆنترۆڵکردنی توندوتیژی جیهادی بۆ ئاسایشی ئەمەریکا و ناوچەکە بەگشتی.

سەرەڕای ئەمانە، هەر چەندە کوردستان نیشانی داوە کە ئەکتەرێکی بەتوانایە لە شەڕی داعش و پارسەنگێکی ڕێژەییە بۆ هێزە میلیشیاییەکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا، بەڵام تۆماری ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لای دوو حزبە سەرەکییەکەی دەسەڵات لەم ساڵانەی دواییدا خراپتر بووە. هێزە ئەمنییەکان ئێستا زۆر جار بەتوندوتیژی وەڵامی خۆپیشاندانەکان دەدەنەوە، داپڵۆسینی سەربازییانەی خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی 2020 لە سلێمانی نموونەیەکە بۆ ئەوە. هەروەها لە بڕیارێکیدا کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە سەرکۆنە کرا، ماوەیەک پێش ئێستا دادگایەکی شاری هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانیی بەسەر پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکواندا سەپاند.

ئەم دۆخە خراپەی مافی مرۆڤ لە نزیکەوە بەستراوەتەوە بە بوارەکانی تری حوکمڕانی لە کوردستان، بەتایبەتی کۆنترۆڵی ئیداریی هێزە ئەمنییەکان. لە کاتێکدا هەندێک پێشکەوتن لە بەدامەزراوەییکردن و یەکخستنەوەی هێزە ئەمنیەکانی ژێر کۆنترۆڵی حیزبەکاندا هەیە، بەڵام هێشتا زۆری تر ماوە بکرێت و ڕێگاکە درێژە. ئەمەریکا و وڵاتانی تری ئەندامی ناتۆ لەم بوارەدا پشتیوانیی گرنگیان دابین کردووە، بەڵام دەبێت فشاری زیاتر بخەنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکانی بۆ ئەوەی هەنگاوی جددیتر لە بارەی ئەم كێشەوە بنێن.

بەم بۆنەیەوە لە کاتێکدا پێویستە ئەمەریکا بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی کورد لە ڕووی ئەمنییەوە وەک هاوپەیمانێکی گرنگ، دەبێت ئەو جۆرە یارمەتییانە بکات بە مەرجی باشترکردنی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ، حوکمڕانی ناوخۆیی، یەکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکان و گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات لە ئاستی جیاجیای حکومەتدا. ئەم جۆرە ڕوانینە لە ئاسایش و مافی مرۆڤ و بەڕێوەبردنی باشتر -بە پێچەوانەی ئەو ڕوانینەی کە ئەو کێشانە وەک بژاردەی سیاسەتی ئۆپۆزسیۆن دەبینێت-، لە کۆتاییدا ڕەنگدانەوەی ئەرێنیی دەبێت لەسەر سەقامگیریی ناوخۆیی و بەهێزیی گشتیی سیاسەتی کورد لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە دەرەکییەکاندا، زۆربەی ئەم پرسانەش کاریگەرییان دەبێ لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و کارمەندانی سەربازی و تەنانەت ئاسایشی نیشتیمانییش.

ئارگومێنتی پشتیوانیی ئەمەریکا لە ئاسایش و حوکمڕانی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەنگە وەکوو بانگەشەیەک دەربکەوێت بۆ هەوڵێکی تری بێهوودەی بونیادنانی نەتەوە، بەڵام کوردەکان گەلێکی چەوساوەن کە بەو ئەکتەرانە دەورە دراون هەڕەشەی وجوودین بۆ سەر ئاسایشیان و باش ئاگاداری ئەوەن کە پشتیوانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتییش ئەمەریکا بۆ مانەوەیان زۆر گرنگە. ئەم پشتبەستنە بە هاوکاریی ڕۆژئاوا دەرفەتی گرنگ بۆ گەلانی ڕۆژئاوا دەڕەخسێنێ کە پشتیوانی لە کوردستان دەکەن، بە شێوەیەکی سەرەکییش ئەمەریکا، باڵادەستیی خۆیان دژی هێزە نەیارەکانی وەک ئێران و داعش زیاتر بکەن. لە کاتێکدا کە گرووپە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران، کە ئێستا دەستیان بەسەر هەردوو بواری سیاسی و ئەمنیی عێراقدا تا ئاستێکی زۆر گرتووە، هیوایان وایە کە دژی کاریگەریی ئەمەریکا بوەستنەوە و لە چین و ڕووسیا نزیک ببنەوە، هێشتا کوردی عێراق بەگشتی ئەو بۆچوونەیان هەیە کە ئەمەریکا هاوبەشی سەرەکییانە. بارودۆخی خراپی ناوچەکانی تری وڵات کە بە قووڵبوونەوەی عەسکەرتاریەت و فراوانبوونی کاریگەریی ئێران و زیادبوونی چالاکییەکانی داعشدا دەناسرێتەوە، جارێکی تر گرنگییە ستراتیژییەکانی کوردستان دەردەخات لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە بەردەوامەکانی ناو عێراق و ناوچەکە بەگشتی. ئەگەری پێشکەوتن لەسەر کێشە گرنگە ئەمنییەکان، پەیوەندیی دوولایەنەی قووڵتری دەوێت لەنێوان هەردوو لادا.

 

Send this to a friend