تاریخ اجتماعی و سیاسی ایران در دورە معاصر ( مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێرانی هاوچەرخ)
نووسینی: سعید نفیسی
ئامادەکردنی: ئێرانناسی
ئێرانناسی دوو ئامانجی لە ناساندی کتێب بۆ پسپۆڕانی ئەو بوارە هەیە. یەکەم: ناساندنی بەرهەمە ڕەسەن و بنچینەییەکانی پەیوەست بە ئێرانناسی کە وەک ماتریاڵی سەرەکی لە توێژینەوەو و لێکۆڵینەوەکان، دەتوانین تا ڕادەیەکی زۆر پشتییان پێ ببەسترێت. دووەم: ناساندنی کەسایەتییە زانستی و کاریگەرەکانی بواری ئێرانناسی، کە ڕۆڵییان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی توێژینەوەکانی تایبەت بەو بوارە. مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێران لە سەردەمی هاوچەرخ، کە دەکرێت وەک تێکستێکی کلاسیک سەیر بکرێت، بەڵام یەکێکە لە سەرچاوە ڕەسەنەکانی مێژووی ئێرانی هاوچەرخ. بۆ تێگەیشتن لە ئێرانی ئێستا، پێویستی بە شارەزابوون و ئاگاداربوون لە ڕووداوەکانی سەردەمی قاجار هەیە و گرنگە بەو بەڵگەیەی، کە ڕەگ و ڕیشەی زۆرێک لە کێشەکانی ئێستای ئێران لەو مێژووەوە سەرچاوە دەگرێت. مۆدێرنیزاسیۆن، ململانێی سەڵتەنەت و مەرجەعییەتی ئایینی، پەیوەندی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان ئەو ئەزموونانەیە کە تا ئێستا سێبەر و هەژموونی خۆی بە سەر مێژووی ئێرانەوە بە قوورسی بەجێهێشتووە.
سەعید نەفیسی (١٨٩٥-١٩٦٦) کوڕی نازمولئەتیبا کرمانییە. شاعیر، مێژوونووس، ئەدیب و نووسەرێکی بە توانای ئێران بوو کە لە تارانەوە دەستی بە کاری ئەدەبی و مێژوویی کرد و پاشان لە سویسرا و پاریس درێژەی بە خوێندنی ئەکادیمی دا و پاشان گەڕایەوە ئێران. سەردەمی تاریکی پاشایەتی ڕەزا خان، نەفیسی و مەلکولشوعەرای بهار و عباس ئیقباڵی ئاشتیانی و چەندانی کەسایەتی بەنرخ و گرنگ لە ئێران سەریان هەڵدا کە پاشان ئەمانە گەشەیان بە بواری دامەزراوەی زانکۆکان لە ئێراندا کرد. نەفیسی بە زیاتر لە هەزار و سەد لێکۆڵینەوە و زیاتر لە سەد کتێب لە بوارەکانی مێژوو و ئەدەب و پیاچوونەوە بە تێکستە کلاسیکییەکانی ئێران توانی خزمەتێکی زۆر بە ڕەنگڕێژکردنی مێژووی هاوچەرخی ئێران بدات. دکتۆر عەبدولحوسەینی زەڕینکوب مێژوونووسی گەوەی ئێران دەربارەی نەفیسی ڕای وایە کە: نەفیسی کەسایەتییەکی فرە ڕەهەندی هەبووە، مێژوونووس، لێکۆڵیار، ئەدیب، ڕەخنەگر، نووسەر، وەرگێڕ، زمانناس و ڕۆژنامەنووس بوو. تایبەتمەدی نەفیسی لە لێکۆڵینەوەکاندا شێوازی خێرانووسی بوو، کە وەک توێژەرێکی پڕبەرهەم توانی کاریگەری لە پاش خۆی جێبهێڵێت.
مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێران هەروەک نەفیسی لە پێشەکی کتێبەکەدا باسی لێوە دەکات بە پێشنیاری گۆڤاری سوپای ئێران (ئەرتەش) نووسراوە. کە بە زنجیرەیەک وتار هاتووەتە بەرهەم. نەفیسی پێیوایە کە ڕووداوەکان وەک زنجیر پێکەوە گرێدراون. لەسەر ئاستی ئێران و ناوچەکە و لەسەر ئاستی جیهانیش. ئەو لە تەک گەورەکردن و بچوککردنەوەی کاراکتەرەکاندا نییە، بەڵکو پێیوایە ڕووداوەکانن کە مێژوو دەخوڵقێنن و کاراکتەرەکان لەگەڵ خۆیاندا دەبەن. شەرافەتی مێژوو ڕێگە بە دوژمنایەتی و دۆستایەتی کەس نادات. کەس ناتوانێت ڕاست و دروستی فریو بدات. نووسین لای ئەو وەک کاری پزشکێک وایە کە لەسەر دیاریکردنی نەخۆشییەکە دەرمان دەنووسێت. نەفیسی دەڵێت کاری مێژوونووس وەک کاری ئەو پزیشکەیە کە بەپێی پێویستی کۆمەڵگەکەی خۆی دەنووسێت و تیماری دەردەکان دەکات.
مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسی لای نەفیسی گێڕانەوەی ڕەگی مێژووی قاجاراکانە. دەروازەی باسی ئەوە بە ڕۆچوون بە ناو دڵی مێژووی زیاتر لە سەدە و نیوێک لە گۆڕانکارییەکانی وڵاتی ئێران. بە تیشک خستنەسەر باری کۆمەڵایەتی و ئابووری ئێران لە نێونیگای نووسەرەوە. پەیوەندی نێوان ئێران و وڵاتانی جیهان لە سەردەمی قاجار و کرانەوەی ئێران بەسەر جیهاندا چی بۆ ئێران هێنا؟ جێگەی باسی ئەوە. بە تایبەت لە سەردەمی ئاغا محەمەد خانی قاجار و جێنشینەکانی و پاشاکانی دواتر. ڕێککەوتنەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی سەردەمی قاجار. بە تایبەت پەیوەندی نێوان ئێران و ڕووسیا و ئەو ڕێککەوتننامانەی کە لەگەڵ ڕووسیا گرێدراون. حیکایەتی خوێناوی نێوان ڕووسیا و ئێران کە لێوان لێوە لە بێمتمانەیی و دوژمنایەتییەکی قوورس کە ڕووخساری ئایینی و شەڕی کوفر و ئیسلامیشی تێدا بەکارهاتووە. حیکایەتی ئێران و ڕووس لە سەردەمی قاجاریی حیکایەتی تەسلیمبوون و لاوازکردنی ئیرادەی میللەتی ئێران بەرامبەر بە داگیرکەران بووە. هەر بۆیە تا ئێستاکەش هەمان دیدگا لە ناو بیرمەندان و سیاسەتمەدارانی ئێرانی تا ئێستا ئیش دەکات.
کتێبی مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێران یەکێکە لە سەرچاوە بە نرخەکانی مێژووی خانەدانی قاجاریی لە ئێران، نووسەر بە شێوەیەکی ورد ئاماژەی بە سەرچاوەکانی مێژووی قاجار داوە لە ئێران. ئەو دۆکیومێنت و بەڵگانەی کە لە بەردەستی نووسەر بووە بە باشی سوودی لێبینیوون. گرنگترین ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران لە سەرەتای حکومەتی قاجاریی تا کۆتایی سەردەمی فەتحعەلی شای قاجار لە بەرگی یەکەمدا ئاماژەی وردیان پێدراوە. دەروازەی ڕۆچوونی بە کتێبەکەدا لە ژێر ناونیشانی” ئێرانی ئێمە لە سەد و هەشتا ساڵی ڕابردوو” تیشک دەخاتە سەر بنچینە و ڕەچەڵەکی قاجارییەکان لە ئێران. نووسینەکانی نەفیسی وەک شێوازی داڕشتن پەیڕەوی نووسینی باوی سەردەمی خۆی دەکات. پێڕستی بابەتەکانی بە شێوازی کلاسیک داڕێژراون. بابەتەکانی بریتین لە: ئاغا محەمەد خانی قاجار، پەیوەندییەکانی ئێران و گورجستان، بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئێران لە سەردەمی ئاغا محەمەد خان، فەتحعەلی شا، پێشەکی شەڕی ئێران و ڕووس و پەیوەندی ئێران و ڕووس پێش جەنگ و کۆمەڵێک بابەتی گرنگی پەیوەست بەو مێژووە… شەڕەکانی ئێران و عوسمانی و ڕێککەوتننامەی تورکمانچای و بابەتی پەیوەندی ئێران و ئەفغانستان.
بە شێوەیەکی گشتی سەعید نەفیسی و نووسینەکانی دەروازەیەکی گرنگن بۆ ئێرانناسی و بەتایبەت ئەم کتێبەی بۆ ئەو کەسانەی کە خواستی ناسینی ئێرانی هاوچەرخیان هەیە. بۆ ئەو کەسانەی کە توانای خوێندنەوەی دەقە کلاسیکییەکانی ئێران و بەو شێوە نووسینەی باوی سەردەمی کۆتایی قاجار و ڕەزاخانیان هەیە. زمانی نووسینی نەفیسی و وەک هەموو نووسەرە دیار و ناودارەکانی سەردەمی خۆی شێوازی نووسینی فارسییە بە ئاستە ئەرستۆکراتی و شاهانەکەی سەردەمی خۆی، کە تێکەڵەیەکە، لە زمانی نوێی ژۆرنالیستی و قورس و تێکستی مێژوویی. وەک پێشتر سەید جەمالی ئەسەدئابادی و مەزنە نووسەرەکانی ئێران پێێان نووسیوە.