سۆفیگەری پانتاییەك بۆ پێكەوەژیان
ئیدریس سیوەیلی
بە درێژایی مێژووی ئیسلام، ڕەوت و ئاڕاستە فیكرییەكان جێ پەنجەیان لەسەر ڕێگوزەر و نەخشی كۆمەڵگە موسڵمانەكان جێهێشتووە، لە سەدە بەراییەكانی ئیسلامەوە، دیدگا، تێڕوانین و هەڵهێنجانی نوێ لە دەقە ئایینییەكان ئامادەییەكی بەرچاوی هەبووە، موعتەزیلە، ئەشعەری، خەواریج و … تاد، هەر یەكەیان بە جۆرێك بەشداربوون لە دەوڵەمەندكردنی كەلەپووری ئیسلام، هەندێك لەوانە پووكاونەتەوە، هەندێكیشیان بوونەتە قوتابخانەیەكی فیكری و لە قۆناعی دواتر و بە ئێستاشەوە كاریگەرییان لەسەر دونیابینی ژمارەیەكی بەرچاوی موسڵمانان هەیە، دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە ئەو كەلەپوورە بەدەر نییە لە بیری نامۆ و نەرێنی، ئەوەش هەندێكجار بووەتە چەكی دەستی كەسان و گرووپە توندڕەوەكان بۆ پشتڕاستكردنەوەی دید و بۆچوونەكانیان.
لەو نێوەندەدا بیری سۆفیگەری ڕیشەیەكی قوڵ و پانتاییەكی فراوانی مێژوو و كەلەپووری ئیسلامی داگیر كردووە، حەلاج، ئیبن عەرەبی، سوهرەوەردی و … تاد، دەیانی تر بوونەتە سەرمەشقی بیری سۆفیگەری، بێگومان كورد پشكی شێری لە بیری سۆفیگەری بەركەوتووە، ئەمەش جگە لە ئاستی كۆمەڵایەتی لەسەر دوو ئاستی تر بە ڕوونی دەبینرێت، یەكەم بەشداری مەعریفی زانایانی كورد لە نەخشاندن، ڕاگیركردن و بڵاوكردنەوەی ئەو بیرە، كە دەیان زانا و كەسایەتی كورد لە بواری مەعریفەی ئیسلامی و ئەدەب پێگە و جێ پەنجەیان دیارە، دووەم لەسەر ئاستی سیاسی و جوڵانەوەی نەتەوەیی كە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە و نیوەی یەكەمی سەدەی بیست شێخانی تەریقەت بوونە ڕابەری جوڵانەوە نەتەوەییەكان لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان.
ئەوەی بۆ ئێستا جێی تێڕامان و بایەخە، لە كۆمەڵگەی فرەیی كوردستان، بە تایبەت لە باشووری كوردستان بیری سۆفیگەری دەتوانێت چ ڕۆڵێكی ئەرێنی لە برەودان بە پیكەوەژیان و لێبوردەیی بگێڕێت؟ ئەوەی لە هەگبەی سۆفیگەریدایە كە خاوەنی كەلەپوورێكی كەڵەكەبووە لە لێبوردەیی، چۆن دەتوانرێت تەوزیف بكرێت بۆ خزمەتی كۆمەڵگەی كوردەواری؟ ڕەنگە بە پلەی یەكەم ئەركەكە لەسەر دوو توێژ بێت، توێژی یەكەم توێژەران و نووسەران كە بە ئەركی خۆیان هەستن و لەو كەلەپوورە مەزنە ڕابمێنن و ئەوەی بۆ ئێستا گونجاوە هەڵیهێنجن و پێشكەشی بكەن، توێژی دووەم ڕێبەرانی ڕەوتە سۆفیگەرییەكان كە پێگەكەیان دوور لە ئاڕاستە و ئەجێندای سیاسیی بقۆزنەوە بۆ خزمەتی كۆمەڵگە و بڵاوكردنەوەی بیری سۆفیگەری و لێبوردەیی و پێكەوەژیان، دوور لە خەوش و كەموكورتییەكانی كە تێی ئاڵێنراوە.
لەم ژمارەی گۆڤارەكەوە، هەرجارە و بابەتێك تەرخان دەكرێت بۆ ناساندن و خستنەڕووی دیدگا و دونیابینی یەكێك لەو بیرمەندانەی لە بواری مەعریفەی ئیسلامیی جێ پەنجەیان دیارە و نوێگەرییان كردووە، دەستپێكی ئەو بیرمەندانەش بۆ ئەم ژمارەی ئایینناسی د. مستەفا زەڵمییە كە زانا و خاوەن قەڵەمێكی دیاری ئەو بوارەیە، تێڕوانینە نوێگەرییەكانی زەڵمی لە دوو توێی بابەتێك شەن و كەو كراوە و بە دیدی خوێنەران ئاشناكراوە.