سۆفیگەری و لێبوردەیی
گفتوگۆی: ئارام مەحموود ئەحمەد
عەبدوڵڵا محەممەد مەحموود محەممەد قەرەداغی، توێژەر و لێکۆڵەری سۆفیگەری، لەم گفتوگۆیەدا باس لە سۆفیگەری لە کەلەپووری ئیسلامی، هەروەها لە کوردستان دەکات و پێیوایە پەرەسەندنی سۆفیگەری و بڵاوبوونەوەی لە کوردستاندا، بێ هیچ جۆرە دوودڵی و گومانێک لەسەر دەستی مەولانا خالیدی نەقشبەندی ١١٩٣ – ١٢٤٢ ک، بووە.
لە بارەی سەلەفییەتیشەوە دەڵێت “گەورە سۆفییان هەمیشە لە هەر کەسێکی دیکە سەلەفیتر بوون. لە قورئان و فەرموودەدا باس لەوە دەکرێت کە پشتەملە باسی کەس نەکرێت، ئەگەر تۆ هەموو موسڵمانێکی دیکە بە (بیدعەکار، کافر) بزانیت، چۆن سەلەفیت؟
ئایینناسی: پێگەی سۆفیگەری لە كەلەپووری ئیسلامیدا چۆنە و لە چ ئاستێكدایە؟
عەبدوڵڵا محەممەد: ناکرێ بێ ئاوڕدانەوە لە چەمکی خودی سۆفیگەریی ڕاستەقینە وەڵامی پرسیارێکی ئاوەها بدرێتەوە. ئەم بوارە هەرە بەرجەستەیەی ئاڕاستەی ڕۆحیی ژیانی تاک وکۆمەڵ لە جیهانی ئیسلامیدا، وەکو هەموو بوارەکانی دیکە، بە هۆی برەوپێدانی لەلایەن توێژێکی ئێجگار کاریگەری کۆمەڵەوە، ڕووبەڕووی دەیان شێوازی جۆربەجۆری شێواندن بووەوە. بۆیە پێویستە ئاڕاستە ڕاستگۆ و ڕاستەقینەکە لە خەڵتە و ئاڕاستە چەواشە و ناڕەسەنەکان جودا بکرێتەوە.
سۆفیگەری لە جەوهەرە ڕاستەقینەکەیدا، پێش هەر شتێکی دی، کاردانەوەی توندی خەڵکانێکی پابەند بە بنەما هەرە گرنگەکانی ژیانی بنیاتنراو لەسەر کۆڵەکە گرنگەکانی هەماهەنگبوون لەگەڵ کۆمەڵی خاوەن پەیام (المجتمع الرسالي)ە. بۆیە، هەر لێکدانەوە و ڕەفتارێکی دوور و بەدەر لەمە، نە دەکرێ بە شیاو بزانرێت و نە جێی متمانەیە. سەرچاوە بنەڕەتییەکانی خودی گەورە سۆفییان لە دووەمین سەدە (نەک لە سێیەمین)ی کۆچییەوە، وەکو خەڵکانێک بێ گەڕانەوە بۆ مێژووە ڕاستەقینەکە و بە پشتبەستن بە سەرچاوەی بێ بنەما و نووسراو لە سەدان ساڵی پاش سەرهەڵدانیدا، دووبارە و سێبارەی دەکەنەوە، سەرچاوە متمانە پێکراوەکانی مێژووی ئەو جموجۆڵە ڕۆحییە، کە لە چوارەمین سەدەوە دەست بە نووسینیان کرا، تێکڕا جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکەنەوە و ئاماژەش بۆ ئەوە دەکەن کە متمانەپێکراوترین لێکدانەوەی وشەی (صوفي) عەرەبی ئەوەیە کە لە وشەی (صوف – خوری) یەوە هاتبێ و ئەو جۆرە پۆشاکەش کە هەم زبرە و هەم زووش ئارەقە بۆنی ناخۆشی بۆ دروست دەکات. یەکەمین کەسانێک لە مێژووی ئیسلامدا ئەو جۆرە پۆشاکەیان بەکارهێنابێت ئەو یار و یاوەرە کۆچکردوو (مهاجر)انەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بوون، کە هەر هیچیان نەبوو، تەنانەت هاوسەریش، پێغەمبەر خۆی چاودێریی دەکردن و لە شوێنێکی مزگەوتەکەیدا لە مەدینە کە بە (الصفة) دەناسرا، شوێنی بۆ دەستنیشان کردن، بۆیە ناوی (أصحاب الصفة)یان لێنرا. یەکێک لە لێکدانەوەکانی وشەی (صوفي)ش ئەوەیە کە لە (أصحاب الصفة)ەوە وەرگیرابێ.
بەهەر حاڵ، ساکاریی ژیانی پێشەنگانی ئیسلام لە هەردوو ڕووی پۆشاک و خۆراکەوە تەنها بەو هەژارانەی مزگەوتی شاری مەدینە-وە نەبەسترابووەوە، بەڵکو خودی پێغەمبەر و تەنانەت یار (أصحاب)ە دەوڵەمەندەکانیشی هەر پۆشاکی ئاساییان لەبەر کردووە و خۆراکی ئاساییان خواردووە. تەنانەت خودی پێغەمبەریش پتر خۆراکی بریتی بوون لەوەی بە (الأسمرین) ناو دەبرێت، واتە تەنها خورما و ئاو.
لە پاش کۆچی دوایی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و لەگەڵ دەستپێکردنی فتوحات و داهاتی زۆری دەستکەوت (الغنائم) کەسانێک لەنێو سوپای ئیسلامدا، بەڵام نەک یارە نزیک و پێشەنگەکانی ئیسلام، کەوتنە ژێر کاریگەریی ئەو لایەنە هەلخەڵەتێنەرەی ژیانی ئارەزووە دنیاییەکان و بەوەش ئەرکە لەپێشینەکان و بنەماکانی ئیسلامەتی و خواپەرستی تا ڕادەیەکی زۆر پشتگوێ خران. لە سایەی هەردوو جێنشێنی (خیلافەت)ی ئومەوی و عەباسیدا ئەو لایەنەی دنیاخوازی، بەتایبەت لە دەرباری خەلیفەکاندا، زێدەڕۆیی گەورەی تێدا کرا و دەرەنجام بووە مۆرکێکی سەرەکی تێکڕای ژیانی خۆشگوزەرانانی جیهانی ئیسلام و ئەمەش بووە مایەی ڕاچڵەکانی پێشەنگانی دەست لە دنیا داشۆردن (الزهد) و ئەو وەرچەرخانە گەورەیەی لە ژیاندا وەدییان هێنا.
بە لای پێشەنگانی سۆفیگەرییەوە ئەو ئاڕاستەیەی بەسەر ژیانی دنیاخوازان و هاوشێوەکانیاندا پەلیان هاویشتبوو، بە پشتکردن لەو ئایەتەی قورئانی پیرۆز {قل إن کان آباؤکم وأبناؤکم…، التوبة ٢٤}، تا کۆتایی ئایەتەکە، واتە: (پێیان بڵێ ئەگەر باوباپیرانتان و منداڵەکانتان و براکانتان و هاوسەرەکانتان و خێڵ و تیرەکانتان و ئەو سامانەی وەدەستتان هێناون و ئەو بازرگانیانەی لە مایەپووچبوونی دەترسن و ئەو خانووبەرەیەی پەسەندتان کردوون لە خوا وپێغەمبەرەکەی و جیهادکردن لەپێناویدا خۆشەویستترن، ئەوا چاوەڕوان بن تا فەرمانی خواتان بۆ دێتە ئاراوە و خواش ڕێنوێنیی لە فەرمانی خوا دەرچوان ناکات). لە ڕوانگەی ئەم ئایەتە و ئایەتی {آل عمران ٣١} ەوە سۆفییان ئەو قەناعەتەیان لا چەسپا کە ئەو مرۆڤەی دنیای خۆش بوێ، جێگەی خۆشەویستیی خوای تێدا نابێتەوە، چونکە جێگای دوو خۆشەویست لە هەمان دڵدا نابێتەوە.
جگە لە ئەمەش، خۆشەویستیی خوا، خۆشەویستیی پێغەمبەر و پیاوچاکان و تەنانەت هەموو بوونەوەرێکیشی تێدایە، بەو مانایەی هەر بوونەوەرێک بەڵگەی خوایە و کەس بۆی نییە بە غەیری ئەوەی بۆ کارێکی سوودبەخش بۆ هەموو مرۆڤایەتی، هەر جۆرە دەستکارییەکی تەنانەت بەردێک، یا پووشێکیش بۆ بەرژەوەندی خۆی بکات.
ئەمە ڕاستییەکانی ئەم بزاڤەیە. پێموایە هەر ئەمەش دەتوانێ، نەک تەنها پێگەی سۆفیگەری لە کەلەپووری ئیسلامدا ڕوون بکاتەوە، بەڵکو ئەو هۆکارە ڕاستەقینانەش بخاتەڕوو کە بۆچی کەسانێکی دنیاخواز لە دڵەوە ڕقیان لێیەتی و چۆن و بە چ شێوەیەک توێژێکی ئەو جۆرە کەسانە هەوڵیان داوە سۆفیگەری بکەنە پەردەپۆشی نیازەکانیان و ڕازاندنەوەی خۆیان و شێواندنی سۆفیگەری لەو ڕێگەیەوە.
متمانەپێکراوترین لێکدانەوەی وشەی (صوفي) عەرەبی ئەوەیە کە لە وشەی (صوف – خوری)یەوە هاتبێ
ئایینناسی: كورد چ بەشدارییەكی لە پەرەدان بە بیری سۆفیگەری لە كەلەپووری ئیسلامیدا كردووە؟
عەبدوڵڵا محەممەد: ئاسان نییە تێکڕای سەرەدەزووەکانی ئەم لایەنە بخرێنە ڕوو. ئەوەی بە دڵنیاییەوە بیزانین زۆر جیاوازە لەوەی بە مەزەندە بگوترێ. ئەم کێشەیە لەوەدایە کە کەسانێک لەخۆڕا باس لە کوردبوونی چەندین گەورە سۆفی دەکەن بێ ئەوەی خۆیان بە دۆزینەوەی سەرچاوەی متمانە پێکراوی ئاماژە کردوو بۆ ئەو مەسەلەیەوە خەریک بکەن. خەڵکانێک هەن لە نێوان یاران (أصحاب)ی پێغەمبەر کە بە دەست لە دنیا داشۆردوو (زاهد) دادەنرێن، لەوانەش جابان الکردي، بەڵام لە سەردەمی ئەودا نە سۆفیگەری سەریهەڵدا بوو، نە کەسیش لەبارەی سۆفیبوونی ئەوەوە شتێکی وتووە. (مەیموون)ی کوڕیشی، کە لە یەکەمین نەوەی شوێنکەوتوان (التابعین)ە، ئەگەرچی سەرچاوەکان بە زۆری باس لەوە دەکەن کە زۆر دیدانیی مالک بن دینار، گەورە سۆفی کۆچکردووی ساڵی ١٢٧، یا ١٣٠ی کۆچی دەکرد، ناوبراو چەندین فەرموودەشی لە (مەیموون) ەوە گێڕاوەتەوە، بەڵام بەڵگە لەبارەی سۆفیبوونییەوە نییە، ئەگەرچی هاوەڵبوونی کەسێکی وەکو ئیبن دینار، بە لای کەمەوە، بەڵگەی ئەوەیە کە ئەو کەسەی بە دڵ بووە. ئەم پەیوەندییە لەلایەن چەندین سەرچاوەوە پشتڕاست کراوەتەوە، لەوانەش، (معرفة الصحابة)ی ابو نعیم الأصبهاني، ساغکردنەوەی عادل بن یوسف العزاوی، چاپی ساڵی ١٤١٩ی کۆچی (الریاض) سعودیە، بەرگی 6 ل ٣٠٧٣. لە کتێبی (تاریخ إربل)ی إبن المستوفي-دا باس لە چەندین سۆفی وەکو ( ابو العباس أحمد بن عثمان الکردي الزراري موریدی عبدالأول بن عیسی السجزي، علاء الدین علي بن آبي الفرج الکردي، أبو محمد ماجد الکردی، کە پاشتر باسێکی دیکەی لێوە دەکەین، قضیب البان و چەندین کەسی دیکە، کە پتر بە “الشهرزوري” ناویان دەبات. هەمان شت لە سەرچاوە مێژوییەکانی دیکەدا دەبینرێت. بەڵام یەکەمین گەورە سۆفی کورد کە تێکڕای سەرچاوە مێژووییە پەیوەستەکان بەو مەسەلەیەوە ئاماژەی بۆ دەکەن (تاج العارفین أبو الوفاء الکردي)یە، چ باس لە خۆی کرا بێت، یا مورید و قوتابییەکانی، زۆر بە گەورەیی باس کراون، لەوانەش (أبو ماجد الکردي، کۆچکردووی ٥٦١ ی کۆچی)، (أبو الحسن علي ابن أبي نصر المعروف بإبن الهیتي ٤٤٤ – ٥٦٤ کۆچی)، (جاکیر محمد بن دسم الکردي، کۆچکردووی ٦٧٩ی کۆچی)، کە ئەمیش زۆر بە گەورەیی باس دەکرێت و دەیانی دیکەش. بە یەکێک لە گەورە شێخی عێراق لە سەردەمی خۆیدا و سەرۆکی سۆفیان ناوبراوە. ئەم گەورە پیاوە، سەرەڕای ئەوەی هەشتا ساڵێک ژیاوە، کەچی هێشتا چوار، یا پێنج ساڵ پێش ئیمامی غەزالی (ابو حامد محمد بن محمد، ٤٥٠ – ٥٠٥) کۆچی دوایی کردووە، واتە بە گەورەترین سۆفی پێنجەمین سەدەی کۆچی و گەورەترین دوا سۆفی پێش داهاتنی تەریقەتەکان دادەنرێ. تەنها پاش (أبو الوفاء) شێخ عەبدولقادری گەیلانی، ٤٧٠ – ٥٦١ ک، بووە گەورە قوتبی سۆفیانی عێراق. لە بواری دەربڕینی ڕۆڵی باباییەکان، پاش ئەوەی باس لە تەریقەتی سەفەوی دراوەتە پاڵ شێخ سەفیەدینی ئەردەبیلی ٦٤٩ – ٧٣٤ز، ١٢٥٢ – ١٣٣٤ ک، کە لە بناغەدا کورد بوو، بەڵام بە تورک باس دەکرێ، ڕۆژهەڵاتناس ج. سپنسەر ترینینگهام، لە کتێبی تەریقەتە سۆفییەكان لە ئیسلامدا J. Spencer Triningham, The Sufi Orders in Islam) لاپەڕە ٧٠ بە پیری کورد Kurdish Saint ناوی تاج العارفین أبو الوفاء دەبات.
لە پاش ئەم پیاوەوە سەرچاوەکان باسی (ابو العباس الخضر بن عقیل الأربلي، ٤٧٨ – ٥٦٧ ک، دەکەن. ئەم پیاوە لەسەر دەستی دوو زانای گەورەی قوتابخانەی نیزامیەی بەغدا (أبو بکر محمد بن أحمد بن الحسین بن عمر، الشاشي القفال، ٤٢٩ – ٥٠٧ ک، ی هاوڕێی ئیمامی غەزالی و (أبو الحسن عماد الدین علي بن مپمد بن علي الطبري، ناسراو بە الکیا الهراسي ٤٥٠ – ٥٠٤ ک) خوێندنی تەواو کرد و پاش گەڕانەوەی بۆ هەولێر، لە قەڵا قوتابخانەیەکی دامەزراند، کە بە هەر سێ ناوی (القلعة، العقیلیة، مدرسة الخضر بن عقیل)یش باسی لێوە دەکرێ. زۆربەی هەرە زۆری بەڵگەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەم قوتابخانەیە بناغەی (حوجرە – قوتابخانەی ئایینی) بووبێ لە کوردستاندا. ئەگەرچی هیچ بەڵگەیەکمان لەبارەی سۆفیبوونی ئەم پیاوەوە لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەوەی هەردوو مامۆستاکەی سۆفی بوون، بەوەش کە سۆفیگەری لە کوردستاندا باڵی بەسەر خوێندنی حوجرەدا کێشا بوو، ئەوا گومان بۆ ئەوە دەچێ کە لانی کەم هاوسۆزی سۆفیگەری بووبێ، بە تایبەت لەبەر ئەوەی هەمان مەزهەبی شافیعی کە لە نیزامیەی بەغداوە وەریگرتبوو، بووە مەزهەبی خۆی و خوێندنی ئایینی پاشتر لە کوردستاندا بە گشتی.
بەڵام پەرەسەندنی سۆفیگەری و بڵاوبوونەوەی لە کوردستاندا، بێ هیچ جۆرە دوودڵی و گومانێک لەسەر دەستی مەولانا خالیدی نەقشبەندی ١١٩٣ – ١٢٤٢ ک، بووە. هەڵبەتە ئەو بزاڤە لەسەر دەستی شێخ مارفی نۆدێ ١١٦٦ – ١٢٥٤ ک، لە کوردستاندا پێشتر بووژابووەوە، بەڵام ئەو گەشەسەندنەی لەسەر دەستی مەولانا خالید، زۆر بەرفراوانتر بوو لەوەی ئەو. لای مەولانا لقە تەریقەتی ناسراو بە (خالیدی – دراوەتە پاڵ مەولانا خالید خۆیەوە)، نەک تەنها لە کوردستان و عێراقدا، بەڵکو لە سەرجەمی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانی، باکووری ئەفەریقا، ئاسیای ناوەڕاست، باکووری قەوقاز، تەنانەت چین-یشدا بڵاوبووەوە. لە جیهانی ئەمڕۆشدا، هەر بە هۆی ئەو پێگە بەهێزەی مەولاناوە، جموجۆڵێکی ئەکادیمی زانستیی گەورە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەشێکی بەرچاوی ئەوروپا، بەتایبەت بەریتانیا، فەڕەنسا، هۆڵەندا و وڵاتانی دیکەدا هەیە.
سۆفییان ئەو قەناعەتەیان لا چەسپا کە ئەو مرۆڤەی دنیای خۆش بوێ، جێگەی خۆشەویستیی خوای تێدا نابێتەوە
لە بواری کاریگەریی خالیدییەت بەسەر بزاڤی سیاسیی کورد لە باکوور و باشووری کوردستان و تەنانەت بەسەر باکووری قەوقاز، بەتایبەت داغستاندا بەرچاوە و هەر لە سۆنگەی ئەمەشەوە پەیوەندی و نامەکاری لە نێوان شێخانی نەهری-ی باکووری کوردستان و ڕێبەرانی بەرهەڵستکارانی داغستاندا هەبووە.
ئایینناسی: بیری سۆفیگەری و بوونیادی ڕۆحی تاكی كورد لە كوێدا كۆك و تەبا و لە كوێدا ناكۆكن؟
عەبدوڵڵا محەممەد: جارێ ئاسان نییە باسی بوونیادی ڕۆحیی هەر تاکێکی کورد بکرێت، چونکە، ئەگەر باسی لایەنی ڕۆحیی بایەخدانی زۆرینەی تاکی کورد بکەین، ئەوا دەبێ باسی بایەخدانیان بە ئەدەب و هونەر بکەین، چ وەک بەشدار و چ وەک چێژوەرگر. زۆر زۆریش هەن کە ئەوەشیان تێدا بەدی ناکرێت.
لەمە بەولاوە، ئەوانەی گوایە بایەخ بەو لایەنەش دەدەن چەند جۆرێکن:
– ئەو کەسانەی سۆفیگەری تەنها وەکو ئاڕاستەیەکی ڕۆحی، یا تەنانەت ڕووناکبیری سەرنجی ڕاکێشاون. ئەمانەش هەیانە شتێکی لێ دەزانن، بەڵام پتر لە سەرچاوە لاوەکییەکانەوە ئاشنای بوون، تەنانەت هی واشیان هەیە تەنها بابەتە بێسەروبەرەکانی فەیسبووک و سۆشیاڵ میدیای دیکە، یا ئینتەرنێت سەرچاوەی تێکڕای زانیارییەکانیانە.
– ئەوانەی خۆیان ماندوو کردووە، بەڵام لەڕووی زانستییەوە پشت بە میتۆدۆلۆژییەکی تۆکمە نابەستن و کەمتریش پابەندیی ڕۆحیی ڕاستەقینەیان هەیە. بەشێکی باشی ئەمانەش تەنها بازرگانی بە سۆفیگەری و لافی ڕۆحییەوە دەکەن و فڕیان بە هیچ شتێکی کردەکی و تیۆریشەوە نییە.
– ئەوانەی جۆرە سۆزێکیان هەیە، بەڵام هێندە پەروەردەیان نەکردووە کە ببێتە مایەی دروستبوونی ئەزموونی کردەکی.
– ئەوانەی پابەندییان بەهێزە، بەڵام پاشخانی زانستییان لاوازە. لەم بەشەدا خەڵکانێکی جیاواز هەن کە پابەندییەکانیان بووەتە مایەی ئەوەی چاویان بەسەر شتەکاندا بکرێتەوە، یا بە داڕشتنی سۆفییانە: چاوی دڵیان کراوەتەوە. بەڵام هەر پێویستیان بە ئاشنا بوون بە بنەما گرنگەکان هەیە.
کەسانێک لەخۆڕا باس لە کوردبوونی چەندین گەورە سۆفی دەکەن بێ ئەوەی خۆیان بە دۆزینەوەی سەرچاوەی متمانە پێکراو خەریک بکەن
– ئەوانەی بە کردەوە سۆفین و خۆیان بە سەرچاوە بناغەییە ڕاستەقینەکان پەروەردە کردووە و تا ئەو سنوورەی لە تونایاندایە لە ڕێ لانادەن.
بە گشتی، لەم پۆلێن کردنەوەوە، هەرچەند درێژەپێدانی دیکەش هەڵدەگرێ، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ناکرێ هەموو تاکەکان بخەینە یەک خانەوە.
ئایینناسی: بەر لە چەند دەیەیەك، جۆرێك لە خامۆشی لە بیری سۆفیگەری لە كوردستان دەبینرا، بەڵام ئێستا بووژاندنەوەیەك لەو بوارە بەدی دەكرێت، بە بڕوای بەڕێزتان ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
عەبدوڵڵا محەممەد: بەکارهێنانی دەستەواژەی “بیری سۆفیگەری” بۆ ئەم شوێنە زۆر ورد نییە، چونکە بیر دیاردە نییە، تەنها دیاردەش دەبینرێت و هەستپێکراوە. ئەوەی خامۆشی باڵی بەسەردا کێشا بوو بزاڤەکە بوو. پێموایە ڕاستتر ئەوەیە بڵێین: “ئەو بزاڤە کارا نەبوو”. بەڵام هێشتاش، ئەگەر ئاوڕێک لە شیعری کوردی بدەینەوە، هەر لە سەردەمی بابا تاهیری هەمەدانی (عوریان)ەوە، ٩٣٥ – ١٠١٠ز، بەپێی باوترین بۆچوون، دەبینین نەک تەنها سۆفیگەریی بەسەردا زاڵە، بەڵکو کڕۆکی ڕاستەقینەشیەتی. ئەمە بەنیسبەت کەڵە شاعیرانی وەکو مەلای جزیری ١٥٧٠ – ١٦٤٠ز، فەقێی تەیران، ١٥٩٣ – ١٦٤١، ئەحمەدی خانی ١٦٥١ – ١٧٠٦، مەلای باتەیی، ١٦٧٥ – ١٧٦٠، شێخ عەبدوڕڕەحمانی تاڵەبانی (خالص)، ١٢١٢ – ١٢٧٧، مەولەوی، کۆچکردووی ١٣٠٠ ک، ١٨٨٣ز، مەحوی، کۆچکردووی ١٩٠٦ز، ئەوانەی پاش ئەویشەوە ڕاستە. تەنانەت شاعیرانی وەکو نالی، ١٨٠٠ – ١٨٦٥ ز، سالم ١٨٠٠ – ١٨٦٦یشەوە، کە سۆفی نەبوون، کاریگەریی فەرهەنگ (ثقافة) سۆفیگەری بەسەر شیعرەکانیانەوە زۆر ڕوونە. هەردووک مەولانا خالید کاریگەریی گەورەی بەسەریانەوە هەبوو.
ئایینناسی: بیری سۆفیگەری دەتوانێت چ خزمەتێك بە پێكەوە ژیان و یەكتر قبوڵكردن لە كوردستان بكات؟
عەبدوڵڵا محەممەد: بیری سۆفیگەری هێندە لێبوردەیە کە جێگەی ڕقی هەرگیز تێدا نابێتەوە و هەر بوونەوەرێکیش، بە دار و بەرد و شتەکانیشەوە، گرنگیی خۆی هەیە و سۆفی ناتوانێت پشتگوێی بخات. کەواتە دەبێ بە چ شێوەیەک لە مرۆڤ بڕوانێت کە بەڕێزترین بوونەوەرە؟
ئایینناسی: لە ئێستادا بەشێك لە بانگخوازان لەژێر كاریگەری بیری سەلەفی برەو بە ڕەتكردنەوەی ئەوی تر و تەنانەت پەنابردنە بەر تەكفیر دەبەن، بیری سۆفیگەری دەتوانێت بەسەر ئەو بیرانەدا زاڵ بێت؟ چۆن؟
عەبدوڵڵا محەممەد: ئێوە و خۆشیان، ناوی سەلەفییان بۆ بەکاربێنن، من بۆیانی بەکارناهێنم چونکە بەلامەوە “سەلەفی بوون” خەوش نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە خەسڵەتی خوازراوە لە ئیسلامدا. گەورە سۆفییان هەمیشە لە هەر کەسێکی دیکە سەلەفیتر بوون. سەلەفییەتی ڕاستەقینە پشت بە قورئانی پیرۆز بە یەکەمین پلە و بە فەرموودەکانی پێغەمبەر و سوننەتە کردەکی و وتەکانی و پاش ئەوەش بە سوننەتەکانی جێنشین (خلیفة) ڕاشیدییەکان (خوایان لێ ڕازی بێت) دەبەستێت. لە قورئان و فەرموودەدا باس لەوە دەکرێت کە پشتەملە باسی کەس نەکرێت، ئەگەر تۆ هەموو موسڵمانێکی دیکە بە (بیدعەکار، کافر) بزانیت، چۆن سەلەفیت؟ لە قورئان و فەرموودەدا غەیبزان تەنها خوایە، کە تۆ خەڵکت بە کافر کرد و کفریش کاری دڵە و غەیبە، ئایا خۆت نەکردووەتە هاوەڵ (شەریک)ی خوا لە مەترسیدارترین خاڵدا؟ خوا لە چەندین ئایەتدا، بۆ نموونە (القصص ٥٦) و (یونس ٩٩) و (هود ١١٨) و… و تا دوایی، باس لەوە دەکات کە تەنها خۆی دەتوانێت هیدایەتی خەڵکی بدات و تەنانەت داوا لە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)یش دەکات خەڵکی ناچار (إکراه) نەکات بۆ موسڵمان بوون، تۆ ئەو هەموو هاشوهووشەی هیدایەتدانەی خەڵکیت لە کوێوە هێنا؟ ئایا لە پێغەمبەر کاریگەریت زیاترە. کە خوا لە (الممتحنة ٨)دا موسڵمانان ئاگادار دەکاتەوە لەوەی ڕێگەیان لێ ناگرێ لەگەڵ ئەو کەسانەدا چاکەکار و دادپەروەر بن، کە لە دیندا بە گژیاندا نەچوونەتەوە، با کافریش بن، تۆ چۆن لەگەڵ کەسێك دڵ پڕ گومانیت کە بە تەنیشتتەوە نوێژ دەکات، تەنانەت بۆ دۆزەخیشی دەنێریت؟ کە خوا لە (النساء ٨٦)دا فەرمانت پێ دەکات کە هەر کەسێک، تەنانەت بێ ئەوەی باسی هیچ شتێکی بکات، بە شێوەیەک سڵاوت لێ بکات، ئەوا دەبێ بە شێوەیەکی باشتر، یا لانی کەم وەکو خۆی وەڵامی بدەیتەوە، کە ئەمە فەرزە، تۆ بە چ ڕوویەک وەڵامی نادەیتەوە؟ سەرپێچی لە فەرمانی خوا دەکەیت و خۆت بە سەلەفی دەزانیت؟ ئەو ئاڕاستەیە لە سەرهەڵدانییەوە، واتە سەردەمی قەرامیتەكان (القرامطة)وە پاڵپشتی بەرژەوەندیخوازی خۆیان کردووە، تەنانەت خۆیان بە بەکارهێنانی چەکیش دەسەپێنن، دینی ئیسلام دابەش دەکەن بەسەر چەند بەشێکەوە بێ ئاگا لەوەی لەوەی لە (الأنعام ١٥٩)دا خوا بە پێغەمبەرەکەی دەڵێت: “تۆ لە هیچ شتێکدا لەو کەسانە نیت کە دینەکەیان پارچە پارچە کرد و بوونە چەند بەشێکەوە”. ئەو کەسانەی فەرهەنگی ڕق و کینە لەنێو موسڵماناندا بڵاودەكەنەوە تەنها پەیامی ئاشووبیان پێیە، چۆن دەتوانن لەگەڵ لێبوردەیی، خۆشەویستی، یەکسانیخوازی و تەبایی نێو خەڵکی، کە بنەما گرنگ و بەرچاوەکانی سۆفیگەرین، بگونجێن؟ بێگومان ئەوانە بانگخوازیش نین.
پەرەسەندنی سۆفیگەری و بڵاوبوونەوەی لە کوردستاندا، لەسەر دەستی مەولانا خالیدی نەقشبەندی بووە
ئایینناسی: سیناریۆ، یان داهاتووی بیری سۆفیگەری لە کوردستان چۆن دەبینیت؟
عەبدوڵڵا محەممەد: پێشبینی کردنی داهاتوو ئەرکی من نییە بە کارێکی شیاویشی نازانم، چونکە ئەویش هەر غەیبە. لە وەڵامی یەکەمین پرسیاردا باسم لەوە کرد کە سەرهەڵدانی سۆفیگەری کاردانەوەی ڕاستەوخۆی ئەو زێدەڕۆییە بوو کە لە دەرباری خەلیفەکانی ئومەوی و عەبباسی و لە ژیانی گشتیی دەوڵەمەندانی ئەو سەردەمەدا دەکرا. لە ئەمڕۆی کوردستانیشدا شێوەیەکی ئێجگار دزێوی زێدەڕۆیی بەدی دەکرێت و بەشێکی بەرچاوی ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن، بە تایبەتیش کەناڵە ئاسمانییە هەمەڕەنگەکان، بە ناوی ریکلامەوە بانگەشە بۆ هەڵفریواندنی خەڵکانی ئاسایی دەکەن بە زەقکردنی خۆشییە چاوەڕوان نەکراوەکانی تەڵە و داوی شوققە و سەیارە و کەلوپەلی نێو ماڵی بە قیست کڕدراو، کە لە ڕاستیدا تەڵەیەکی دیکەی پارە کێشانەوەیە لە خەڵکی تا ڕادەی مایەپووچ کردنیان و کەوتنە ژێر باری ئێجگار قورسی قەرزداری و دەرەنجامی نەزانراوی ئەگەری نەتوانینی دانەوەی قەرزەکان.
ئەم هەلومەرجە بۆی هەیە ببێتە مایەی ڕاچڵەکان و کاردانەوەیەکی دیکەی هاوشێوەی ئەوەی لە سەردەمی خەلیفە ئومەوی و عەبباسییەکاندا ڕوویان دا. بۆیە گەشبینم بەو ئەگەرە.
ئەگەر تۆ هەموو موسڵمانێکی دیکە بە (بیدعەکار، کافر) بزانیت، چۆن سەلەفیت؟ چۆن لەگەڵ کەسێك دڵ پڕ گومانیت کە بە تەنیشتتەوە نوێژ دەکات؟
پڕۆفایل
عەبدوڵڵا موحەممەد مەحموود موحەممەد قەرەداغی
ساڵی 1957 لە شاری کفری لەدایك بووم و هەر لەو شارەش تا تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی بەردەوام بووم.
لە ساڵی خوێندنی 1977 – 1978 لە بەشی فەلسەفەی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا وەرگیرام. ساڵی 1980 – 1981 تەواوم کرد. ساڵانی 1981 تا ڕاپەڕین پێشمەرگە بووم. سێ کتێب ونامێلکەیەکم چاپ کران.
باوکم سۆفی بوو، بەهۆی ئەوەشەوە کە لە خوێندنی فەرمیی عێراقدا سۆفیگەری بەشێکی خوێندنی ئەکادیمی فەلسەفە بوو، بە هۆی ئاشنابوونی قووڵیشمەوە بە ئەدەبییاتی فارسی، بەتایبەت شیعری سەنایی غەزنەوی، عەتتار، سەعدی، مەولانای ڕۆمی، حافظ و هی دیکەشەوە، ڕێچکەی لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنە و پتریش ئەدەبیی سۆفیگەریم گرتەبەر، پتریش شیعری مەحوی.
تا ئێستا چەند کتێبێکی چاپکراو، پتر لەوەش دەستنووس، پتر لە سەد وپەنجا لێکۆڵینەوەی بڵاوکراوە، دەیان لێکۆڵینەوەی بڵاونەکراوەی ئامادە و تەواوکراو، یا تەواونەکراوم هەن. پتر پەیڕەوی لە میتۆدی شیکاری زانستیی پشتبەستوو بە سەرچاوە بناغەییەکان دەکەم.
لە ساڵی 2004وە لە کەرکووک دەژیم و لە ساڵی 2007وە تەنها بە لێکۆڵینەوەوە خەریکم.