• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 26, 2023

سۆفيگه‌رى

ئامادەكردنی: ئایینناسی

بۆئه‌وه‌ى له‌ ماناى سۆفيگه‌رى تێبگه‌ين، پێويسته‌ له‌ مانا زمانه‌وانييه‌كه‌ى ورد بينه‌وه‌، ئه‌م وشه‌يه‌ كه ‌له‌ زمانى عه‌ره‌بيدا به‌ وشه‌ى ( تصوف) ده‌رده‌بڕدرێت، زانايانى زمانه‌وانى دابه‌شكردووه‌ به‌ سه‌ر چه‌ند بيرو بۆچوونێكدا، هه‌ندێكيان پێيان وايه‌ ڕه‌گ و ڕيشه‌ى وشه‌كه له‌ وشه‌ى (صوف) كه‌ به‌ ماناى خورى دێت وه‌رگيراوه، مه‌دلوله‌ زمانه‌وانييه‌كه‌ى له‌وه‌وە وه‌رگيراوه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ى خۆيان له‌ ڕيزى سۆفیيه‌كان داناوه‌ جل و به‌رگى خورييان له‌به‌ر كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى جۆرێك له‌ زوهد و بێ ڕيايى بنوێنن له‌ لايه‌ك و له‌ لايه‌كى تر خورى جۆرێك له‌ ئازار بۆ جه‌سته‌ دروست ده‌كات. به‌ڵام به‌شێكى تر له‌ زانايانى زمانه‌وانى ده‌ڵێن وشه‌ى سۆفى له‌ (الصفاء)ه‌وه‌ وه‌رگيراوه‌ به‌ ماناى پاكێتى و پاكبوونه‌وه، چونكه‌ سۆفيیه‌كان كاتێك ده‌چنه‌ دونياى ڕۆح و عيرفانه‌وه‌ خۆيان داده‌بڕن له‌ بيركردنه‌وه‌ى دونيايى و پاك ده‌بنه‌وه‌.
ڕايه‌كى تر هه‌يه‌ كه‌ وشه‌ى سۆفى ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ بنه‌ماى وشه‌ى (الصف) كه‌ به‌ ماناى ڕيز دێت، كه‌ زياتر بۆ ئه‌وه‌ به‌كاردێت، سۆفييه‌كان به ‌هۆى بيروباوه‌ڕى يه‌قينى و ئاماده‌بوونى دڵێكى پاك، له‌ ڕيزى يه‌كەمن له‌ نزيكى له‌ خوا و ڕێبازه‌كه‌ى.

ڕايه‌كى تر هه‌يه‌ كه‌ به‌كارهێنانى وشه‌ى سۆفى ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ وشه‌ى سۆفياى يۆنانى كه‌ به‌ ماناي دانايي و حيكمه‌ت هاتووه.
بوونى ئه‌م ڕا جياوازانه‌ له‌ سه‌ر وشه‌ى سۆفى له‌ ڕووى زمانه‌وانييه‌وه‌ واى كردووه‌ زانايانى زمان له‌سه‌ر يه‌ك واتا كۆك نه‌بن، به‌ڵام زۆربه‌يان نزيكن له‌وه‌ى كه‌ وشه‌كه‌ زياتر له‌ وشه‌ى خورييه‌وه‌ نزيكه‌ تا وشه‌كانى تر، به‌ تايبه‌تى زانايانى وه‌كو ئه‌لتووسى و ئيبن خه‌لدون و ئيبن ته‌يميه‌.
‌ جياوازى و ناكۆكى له‌سه‌ر وشه‌ى سۆفيگه‌رى واى كردووه‌ له‌ سه‌ر مانا زاراوه‌يیه‌كه‌ى سۆفيگه‌ريش جياوازى له‌ پێناسه‌ى سۆفيگه‌ريدا هه‌بێت، هه‌ندێك له‌ زانايان ته‌نها له‌ ڕوانگه‌ى ئه‌خلاقيیه‌وه‌ پێناسه‌ى سۆفيگه‌رى ده‌كه‌ن، پێيان وايه‌ سۆفيگه‌رى واته‌ ڕه‌وشت و ئاكار و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر كرده‌ى ئاكارى. به‌ڵام هه‌ندێكى تر سۆفيگه‌رى ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ زوهد و ساده‌يى و عيباده‌ت و په‌نهانه‌وه‌، بۆيه‌ لاى ئه‌مانه‌ سۆفى ئه‌و كه‌سه‌يه‌ كه‌ زۆرترين عيباده‌ت و زوهدى هه‌يه‌، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ى ئه‌م بير و بۆچوونه‌، بۆچوونێكى تر هه‌يه‌ كه‌ سۆفيگه‌رى نابه‌ستێته‌وه‌ به‌ زوهده‌وه‌. واته‌ سۆفيبوون يه‌كسان ناكات به‌ زوهد‌.
سه‌رەڕاى جياوازى بيروڕا و پێناسه‌كان بۆ سۆفيگه‌رى، به‌ڵام ئەبێت ئەو ڕاستییە بوترێت كە سۆفیگەری وابەستەی مەزهەب نییە، و كه‌متر خۆى به‌ مه‌زهه‌به‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، ته‌ريقه‌ته‌كانى سۆفيگه‌رى زۆرن، به‌ڵام له‌سه‌ر يه‌ك فه‌لسه‌فه‌ هاوبه‌شن، هه‌رچه‌نده‌ ته‌ريقه‌ت و موريده‌كانيان ئه‌م په‌يڕه‌وه‌ ديارى ده‌كه‌ن، به‌ ئامانجى گه‌يشتن به‌ ڕاستى و حه‌ق كه‌ توانه‌وه‌ى زاتى سۆفیيه‌ له‌گه‌ڵ خوا. ئه‌ده‌بياتى سۆفيگه‌رى له‌ سه‌ره‌تادا له‌ نێو شيعر و چيرۆكه‌كاندا ڕه‌نگى داته‌وه، پاشان به‌ تێپه‌ڕبوونى كات، وه‌كو قوتابخانه‌يه‌كى فه‌لسه‌فى له‌ ئيسلامدا ناسراوه‌ و كاريگه‌رى گه‌وره‌ى له‌ سه‌ر تێڕوانين و دونيابينى زۆر ڕێچكه ‌و ڕێباز هه‌بووه‌ له‌ ناو نه‌ته‌وه ‌و مه‌زهه‌به‌ جياوازه‌كان. بۆیە ده‌توانين بنه‌ماكانى سۆفيگه‌رى له‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌ كورت بكه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕيبازى سۆفيگه‌ريدا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌:
1ـ پاكکردنه‌وه‌ى خود و ليپێچينه‌وه‌ له‌ خودى مرۆڤ، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو ئه‌وه‌ى مرۆڤ پێش ئه‌وه‌ى خوا لێپێچينه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بكات، خۆى چاودێرى خۆى بێت.
2- سۆفی ده‌بێت خۆى پاك بكاته‌وه‌ له‌ هه‌موو تاوانێك له‌ پێناو گه‌يشتن به‌ خوا.
3ـ هه‌ستكردن و پابه‌ندبوون به‌ زوهد و ده‌ستپاكى.
4ـ په‌يوه‌ستبوونى دڵ له‌سه‌ر به‌زه‌يى و خۆشه‌ويستی.
5ـ وابه‌سته‌بوون به‌ ئاكار و ڕه‌وشتى جوان.‌

Send this to a friend