جێنشینایەتی، بە كافردانان
د. فاتیح سەنگاوی
جێنیشینایەتی (الخلافة) کە ئیمامەتیشی پێ دەوترێت، ڕیشەکەی لە(خَلَفَ)ەوە وەرگیراوە کە باسە لە بەدواداهاتن و جێگەگرتنەوە، كەسەكەش بۆیە پێی وتراوە خەلیفە، چونکە شوێنی ئەوەی پێش خۆی دەگرێتەوە، جێنشینایەتی (الخلافة) ناو و چاوگە بۆ کاری جێنشینێتی، ئەمە واتا زمانەوانییەکەیەتی لە فەرهەنگەکانی زماندا، لەگەڵ ئەم واتایەشدا فەرهەنگەکانی زمان ئاماژە دەدەن بە خیلافەت وەکو سەرۆکایەتی و ئیمامەت، بەڵام ئەمەیان زیاتر وەرگرتنە لە کتێبەکانی (ئەحکامی سوڵتانیی)، کە دواتر هاتووەتە نێو کتێبەکانی زمانەوە
هەرچی قورئانیشە بە واتا زمانەوانییەکەی ئەم بێژەیەی بەکارهێناوە، بەڵام ناوک و سیاقی تری ئایینیی و ژیاریی پێداوە، لەو دەربڕینانە (استخلف)[1] و بێژەی (خلیفة) (خلائف) و (خلفاء) واتاکانیان لە بازنەی دانانی جێنشینێکە لە زەویدا کە ئادەمە و ئاوەدانکردنەوەیەتی و جێگرتنەوەی کەسانێکی ترە بە باشتر و ئەنجامدانی ئەرکە ئایینییەکان و دادوەری و حوکمکردنە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە[2]. لە سونەتیشدا فەرموودەی سەحیح هاتووە (لە سەحیحی موسلیم و زنجیرەی فەرموودە سەحیحەکانی ئەلبانی)دا، کە بێژەی (خلفاء) و (الخلافة) نزیک، یان وەک ناوەرۆکە سیاسیی و سوڵتانییەکەی بەکارهاتووە، بەڵام پێدەچێت لەو سەرەتایەوە وەکو چەمک و زاراوەیەکی دیاریکراوی یەکلا لە ئارادا نەبووبێت، هەر بۆیە ئەبوبەکر ناوی خەلیفە و عومەر ناوی ئەمیری باوەڕداران بووە
بەڵام دواتر وەک هەموو زاراوەکانی زانست و بوارە جیاوازەکان، ئەم زاراوەیەش جێگەی خۆی گرت و پێناسەی بۆ کرا، بۆ نموونە زاراوەی خیلافەت لای ئیبن خەلدون (732-808) بریتییە لە: فەرمانڕەوایی کردنی خەڵک بەپێی تێڕوانینی شەرعی بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی دونیا و دواڕۆژ، چوونکە کاروباری دونیا هەمووی لای گشتیی خەڵك گوزارشتە لە بەرژەوەندییەکانی دواڕۆژ، هەر بۆیە خیلافەت لە ڕاستیدا جێنشینێتی خاوەنی شەرعە لە پاراستنی ئایین و بەڕێوەبردنی دونیا بەپێیی ڕێنماییەکانی»[3]، پێدەچێت ئیبن خەلدون بڕگەی کۆتایی ئەم پێناسەیەی لە ماوەردی (٣٧٠-٤٥٠) وەرگرتبێت[4]، جوەینی (419-478)یش پێناسەی ئیمامەت وەها دەکات کە: سەرۆکایەتییەکی تەواو و سەرکردایەتییەکی گشتییە و پەیوەندی هەیە بە تاک و کۆمەڵەوە لە کاروبارە گرنگەکانی دین و دونیا[5]، لە سەدەمی نوێشدا محەممەد ڕەشید ڕەزا لە پێناسەی ئەم زاراوەیەدا دەڵێت: سەرکردایەتییەکی گشتیانەی حکومەتی ئیسلامییە لەپێناو بەرژەوەندی دین و دونیا[6]
پوختەی ئەم پێناسانە ئەوە دەگەیەنێت کە ڕۆڵی جێنشینایەتی (خیلافەت) پاراستنی بەرژەوەندی دین و دونیای خەڵکییە، بەمەش دەسەڵاتەکەی ئایینی و سیاسییە، شوێنگرەوەی پێغەمبەرێتییە لە بەڕێوەبردنی دونیا و کاروباری دینییدا. قسەکردن لە سەر ئەم زاراوەیە و ڕەهەندە مێژوویی و ئێستاییەکانی و تاوتوێ کردنی خیلافەت وەکو سیستمێکی دەسەڵات و جێگیریی و گۆڕاوی باسوخواسێکە زیاتر پێویستە و لێرەدا بەم پوختەیە
خراوەتەڕوو.
بەکافردانان کافراندن (التكفير)
بەکافردانان (التکفیر) لە ڕیشەی (کفر)ەوە وەرگیراوە، بەخوێندنەوە و سەرنجدانی فەرهەنگەکانی زمانی عەرەبی ئەوە دەردەکەوێت کە ئەم وشەیە بەواتای (داپۆشین – الستر والتغطية) دێت[7]، کاتێکیش سەرنجی قورئان دەدەیت و لە واتا قورئانییەکانی ئەم بێژەیە ڕادەمێنیت، دەبینیت هەمان واتا زمانەوانییەکەی هەیە، بەڵام کاتێک لە ناوک و (سیاق)ی دەقەکاندا هاتووە، واتای تری لێبارکراوە و گۆڕاوە و گەشەی کردووە و بووەتە زاراوەیەک هەڵگری واتای تری وەکو (دژەباوەڕ، ناسوپاسگوزاری و نکۆڵی لە نیعمەت، نکۆڵی لە یەکتاپەرستی و واتای تری)[8] لەخۆگرتووە.ئەوەی لێرەدا مەبەستە، زاراوەی (تکفیر)ە و لەسەر کێشی (تفعیل)ی عەرەبییە، لە کوردیدا دەتوانین بە (کافراندن، بەکافردانان، یاخود بەکافرکردن) وەریگێڕین، وەکو زاراوەیەکیش دەکرێت لە ڕوانگەی :جیاوازەوە بیناسێنین، بۆ نموونە
حوکم و بڕیاردانە بەسەر بیروباوەڕێک، وتە و گوفتارێک، یاخود کارێک، یان کەسێک بە لە ئایین دەرچوو، ئەگەر مەرجەکانی کوفر و کافرێتی تێدا بەدیهاتن و ڕێگرییەکانی کافر نەبوونیش لە ئارادا نەبوون. کافراندنیش دەبێتە
دوو بەشەوە :
یەکەم: کافراندنی ڕەها (کافراندنی وەسفکراو). بۆ نموونە کافراندنی هەر بیروباوەڕێک، یان وتە و گوفتارێک، یاخود کارێک کە دژ و نکۆڵیکاری بنەما و ئەسڵێکی ئیسلام بێت، کە حوکمەکەی بە قورئان و سووننە و ئیجماع سەلمابێت، هاو وێنەی: نکۆڵی کردن لە بوونی خوا و گومان لە
پەیامبەرێتی.
دووەم: کافراندنی کەسی دیاریکراو، ئەمەش بڕیاردانە بە کوفری کەسێک کە مەرجەرکانی کافر بوونی تێدا بێت، ڕێگرییەکانی وەکو نەزانین، زۆرلێکردن، هەڵە، تەئویل و بێتوانایی لە ئارادا نەبێت،[9] بەڵگە و حوججەی پێگەیشتبێت[10]. كافراندن زیاتر له چوارچێوە و بازنەی بەکافردانانی مسوڵماناندا بەکار دێت و بەکارهاتووە، هەر بۆیە یەک لە پێناسەکانی وەکو ئەنجامگیری: حوکمدانە بەوەی (کەسێکی مسوڵمان لە ئایین هەڵگەڕاوەتەوە)[11] و تەکفیرییش ئەو کەسەیە کە خۆپارێزی نییە و خێرایە لەم جۆرە بڕیاردانەدا، لە مێژووی کۆندا خەواریجەکان و لە سەردەمی نوێشدا تەکفیرییەکان نموونەی ئەم جۆرە تێڕوانینەن و زیادەڕەویان کردووە لە کافراندنی
مسوڵماناندا.
کافراندن و زیادەڕەوی تێداکردنی و دەرکەوتنی وەکو ڕەوتێک لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانەوە لەبەر چەندین هۆکاری سیاسی و فیکری دەرکەوت، تا ئێستا وەکو فیکر و ئاڕاستەیەک بوونی هەیە و هۆکاری بەشێک لە توندوتیژییەکان و پاسا و بۆهێنانەوەیەتی، لە کاتێکدا ئەم حوکمدانە بڕیارێکی قورسە و چەندین لێکەوتەی کۆمەڵایەتی، دەروونی، ئابووری و کولتووریی هەیە، هەربۆیە چەندین زانای کۆنی وەکو جوەینی، ئەبوحامیدی غەزالی، سوبوکی و چەندین زانای تری سەردەم وەکو حەسەن هۆزەیبی، غەزالی، ئەلبانی، بۆتی و قەرزاوی، جگە لەمانەش مسوڵمانانیان ئاگادارکردووەتەوە لە مەترسی کافراندنی مسوڵمان و لێکەوتەکانی و ئەو کاریگەرییە مەترسیدارانەی بەجێی دەهێڵێت لە نێو کۆمەڵگەی مسوڵمان و کۆمەڵگەی مرۆییشدا.
[1]-الأنعام: الآية 331، الأعراف: 921، هود: 75، النور: 155.
[2]– البقرة: 03، ص: 62. الأنعام: 561، يونس: 41،يونس: 37، فاطر: 93، الأعراف، : 96.
[3]– ابن خلدون، المقدمة، دار الكتب العلمية، بيروت، لبنان، ط9، 6002م-7241،ص151.
[4]– الماوردي، أبو الحسن علي بن محمد بن حبيب (463-054ه): الأحكام السلطانية والولايات الدينية، دار الکتاب العربي، بيروت-لبنان، ص92.
[5]– الجويني، أبي المعالي عبد الملك بن عبد الله، غياث الأمم في التياث الظلم، مطبعة نهضة مصر،ص22.
[6]-رضا، محمد رشيد: الخلافة، مؤسسة هنداوي للتعليم والثقافة، القاهرة ص 71.
[7]-له ده فه رهه نگي سه ره کي زماني عه ره بيدا که به دوايداچووم ئه م واتايه جه ختي له سه ر کراوه ته وه..
[8]-به وانه: فاتح محمد سليمان، التطور الدلالي لمصطلحات العقيدة، بيروت، لبنان، دار الكتب العلمية، ط1، ص953-463.
[9]-مجموعة من المؤلفين، معجم مصطلحات العلوم الشرعية، السعودية، مدينة الملك عبدالعزيز للعلوم والتقنية، 8341-7102، ط2، ص.235.
[10]-عامر عبدلله فالح، معجم ألفاظ العقيدة، السعودية، مكتبة العبيكان، ط1، 7141-7992، ص59.
[11]-https://islamic-content.com/dictionary/word/3322
وەرزنامەی ئایینناسی ژمارە (1) كانونی دووەمی (2023) ساڵی یەكەم