• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 21, 2020

ستراتیژى (الاستراتیجیة – Strategy)

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە 4ی تشرینی دووه‌می 2020ی گۆڤاری ئایندەناسی

لە بنەڕەتدا ستراتیژی زاراوەیەکە دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن، کە بە واتاى “سوپا” یان “سەرکردە” بەکار هاتووە، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا بۆ چەندین واتای فرەلایەن و بەربڵاو بەکار دەهێنرێت، بۆیە لە ڕووی مێژووییەوە سەرەتا پەیوەست بووە بە هونەری جەنگ و سەرکردایەتیکردنی هێزە سەربازییەکان، بەڵام دواتر لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەزموون و پەرەسەندنى مەعریفە؛ ناوەرۆکى واتاکانی قۆناغ دوای قۆناغ  فراوانتر بووە، تا ئەوەى لە ئێستادا بووەتە هاووتاى جۆرێک لە بیرکردنەوە ئایندەیى دوورمەودا و پلانى گشتگیر کە لە پێناو هێنانەدیى ئامانجە باڵاکانى وڵات لەلایەن لوتکەى هەرەمى دەسەڵاتەوە و بۆ ئاڕاستەکردنى گشت یان زۆربەى کایەکانى دەوڵەت (سیاسى و سەربازى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى…) دادەڕێژرێت.

لە ڕوانگەى کلاسیکیى سەربازییەوە، ستراتیژى بەپێى پێناسەکەى “کلاوس فیتز”: “ئەگەر ‘تاکتیک’ بریتی بێت لە بەکارهێنانى هێزى سەربازى لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکى چەکداریدا، ئەوا ‘ستراتیژ’ بریتییە لە بەکارهێنانى کۆى ڕووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکان بۆ ئامانجى باڵاى جەنگ.” لەم ڕوانگەیەشەوە ئەم چەمکە تێکهەڵکێشى تیۆرەکانى جیۆ-ستراتیژی بووە و سەرجەم قۆناغ و ئاستەکانى پەرەسەندنى لەم تیۆرانەدا (وەک: هێزى زەمینى، هێزى دەریایى، هێزى ئاسمانى، هێزى ئەتۆمى، تەکنەلۆجیاى زیرەکى جەنگ لە قۆناغى گڵۆبالیزەیشندا) ڕەنگی داوەتەوە.

بەڵام لە ڕوانگە مۆدێرنە سیاسی و گشتگیرەکەیەوە، ستراتیژى بەپێى پێناسەکەى “لیدڵ هارت”: “بریتییە لە بەکارهێنانى سەرجەم سەرچاوە و تواناکانى دەوڵەت لە پێناوى بەدیهێنانى ئامانجە سیاسییە باڵاکانى دەوڵەت.” پێبەپێى ئەم بەکارهێنانە گشتگیرەش، چەمکى ستراتیژى بۆ زۆر کایە و کردەى جۆراوجۆر بەکار دەهێنرێت، بۆ نموونە دەوترێت: هاوپەیمانییەکى ستراتیژى، پێگەیەکى ستراتیژى، بڕیارێکى ستراتیژى، کاڵایەکى ستراتیژى. جگە لەمەش، دەشێت بەپێی ئاستە جیاوازەکانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت و سیاسەتە گشتییەکانى پۆلێن بکرێت بۆ چەندین ئاست، وەک: ستراتیژی یەکە سەرەتاییەکان (بچووک)، ستراتیژى سێکتەرە سەرەکییەکان (مامناوند) و ستراتیژی نیشتمانیى باڵا (گشتى). هاوکات دەشێت هەریەک لەم ئاستانەى ستراتیژى بەپێى ماوەى پێویست بۆ هێنانەدیى ئامانجەکانیان پۆلین بکرێن بۆ جۆرەکانى وەک: (ستراتیژیى نزیکمەودا، ستراتیژیى نیوەمەدا و ستراتیژیى دوورمەدا).

بەگشتى ستراتیژی، لە واتا هاوچەرخەکانیدا، وێنایەکە بۆ داهاتووی هەر قەوارەیەک (ڕێکخراوێک، دەزگایەک، هەرێمێک، دەوڵەتێک…)، کە بە شێوەى پلانێکى گشتگیر بۆ ئایندە بەرجەستە دەبێت و لە بوارى کرداریشدا چەند هەنگاوێکى بنەڕەتی بۆ بەدیهێنانی ئەو ئایندەیە لەخۆ دەگرێت، بەمەش ستراتیژى نەخشەڕێگاى بونیادنانى ئایندە و ئاڕاستەکردنیەتى. بۆیە ستراتیژى پڕۆسەى مامەڵەکردنە لەگەڵ پرسە دوورمەودا و زێدە بنەڕەتییەکاندا، نەک لەگەڵ کردە ڕۆژانەیى و ڕووکەشییەکان. هەر چەندە ناکرێت ستراتیژى بە هاوواتاى ئایندەبینى دابنرێت، بەڵام ئایندەبینى ڕەگەزێکى سەرەکیى ستراتیژە، لەپاڵ چەندین ڕەگەزى تردا، هەر لە دیاریکردنى ئامانجەکانەوە تا تواناى بەردەستخستنى ئامرازە پێویستەکان بۆ بەدیهێنانى ئەو ئامانجانە و تواناى ڕووبەڕووبوونەوەى دژوارییەکانى ژینگە و هەڵسەنگاندنى خاڵە لاوازەکان و خستنەڕووى خاڵە بەهێزەکان. لە ئەنجامدا ستراتیژى، وەک پلانێکى گشتگیر، سێ ڕەگەزى سەرەکى لەخۆ دەگرێت: (ئامانج، ئامراز، ئایندە).

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.

________________________________________________________

سەرچاوەکان:

  1. 1. George Thomas Kurian (editor in chief ), The Encyclopedia of Political Science, CQ Press – Washington- DC, 2011, PP 1621-1622.
  2. 2. David Schultz, Encyclopedia of Public Administration and Public Policy, Facts On File, Inc, New York, 2004, PP 402-403.

٣. جو وایتهید، الإستراتيجية، ت: صباح حسین عبدالادر، دار الفجر للنشر والتوزیع، القاهرة، ٢٠١٣، ص ص ٩-٢٤.

گۆڤاری ئایندەناسی ژماره(4‌)تشرینی دووەمی 2020

Send this to a friend