قووڵایی ستراتیژی
بۆ بینینی بابهتهكه به PDF كلیك لهم بهستهره بكه:- ژمارە (6)ی ئازاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی
قووڵایی ستراتیژی، چەمکێکی “جوگرافی-سەربازی”یە و بریتییە لە مەودای نێوان بەرەی پێشەوەی جەنگ و ناوچە هەستیارەکانی وەك پیشەسازی، شوێنە بازرگانییەکان، شارە سەرەکییەکان و ناوندە گرنگەکانی سەربازی یان شوێنەكانی نیشتەجێبونی ئەو وڵاتەی کە بەشداری شەڕەکە دەکات یان ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی دەبێتەوە. بەپێی ئەم تیۆرییە كە لە مێژووی هاوچەرخدا گرنگییەكی زۆری پێدراوە و بووەتە بیانوویەكی بەهێز بۆ دەستێوەردان و بەشداری وڵاتان لە شەڕ و ململانێیەكاندا، هەرچەنێک مەودای نێوان گۆڕەپانی شەڕ و خاکی وڵاتێک کە ئامانجی بەرگریکرن لە خۆی بێت، زیاتر بێت، لەو كاتەدا وڵاتی بەرگریكار، خاوەن قووڵایی ستراتیژییە و هەڕەشەکانی لە سەر وڵاتەکەی خۆی کەم کردۆتەوە و شەڕی گواستووەتەوە بۆ سەر خاکی وڵاتی ڕکابەر. بە واتایەکی تر، ئەم چەمکە هەموو ئەو مەترسیانە دەگرێتەوە کە وڵاتێک سەبارەت بە ئەگەری لێدانی سەربازی هەیەتی و هەوڵدەدات کە توانای بەرگری بۆ هەر لێدانێکی لەناکاو یان ڕاگرتنی هاوسەنگی یان گێڕانەوەی هێز بەقازانجی وڵاتەکەی، ئامادە بکات. لەم ستراتیژەدا، “فاکتەری جوگرافی” ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت کە تێیدا هێزی بەرگری بە وڵاتێک دەبەخشێت و شانسی سەركەوتنی وڵاتی ڕكابەر کەمتر دەکاتەوە كە بتوانێت بە ئاسانی داگیرکاری سەربازی ئەنجام بدات. هەربۆیە، قووڵایی ستراتیژی بە ئامرازێکی گرنگ بۆ هەڵسەنگاندنی سیستمی بەرگری و ئاسایشی نیشتمانی هەر وڵاتێک دادەنرێت. لە دیدێکی ترەوە، قووڵایی ستراتیژی واتا هەرشتێک کە خاڵی هێز بێت بۆ وڵاتێک و لە بەرامبەردا ببێتە هەڕەشە بۆ وڵاتی ڕکابەر و بتوانێت ڕۆڵی پێشگیرانە (الردع / Deterrence) بگێڕێت. چەمکی قووڵایی ستراتیژی تاوەکو بڵاوبوونەوەی کتێبی قووڵایی ستراتیژی، پێگەی تورکیا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا لە نووسینی ئەحمەد داوود ئۆغلو، وەزیری پێشووی دەرەوەی تورکیا، زیاتر لە چوارچێوەی جوگرافیای سەربازی پێناسەی بۆ دەکرا، بەڵام داوود ئۆغلو گۆڕانکاری بەسەر ئەم پێناسەیەدا هێنا و ڕەهەندی مێژوویی(شوناس)، کولتووری و ئابووری پێبەخشی. داوود ئۆغلۆ بیرۆکەکەی لەسەر بنەمای قووڵایی مێژوویی و جیۆستراتیژی دانا و پێیوابوو کە ئەم دوو بنەمایە، بەها و توانای هەر وڵاتێک لە سیستمی نێودەوڵەتی پێشان دەدەن و کاریگەری لەسەر ڕۆڵبینینی هەر وڵاتێک لەگەڵ جیهانی دەوروبەری دەبینن. ئۆغلو بڕوای وابوو قووڵایی ستراتیژی هەر وڵاتێک لەسەر بناغەی ئاگایی کات و بۆشایی ئەو وڵاتەیە لە ڕووی جوگرافیای ئابووری، جوگرافیای ستراتیژی و جوگرافیای کولتووریی، کە ئەمەش ڕەهەندە گرێدراوە مێژوویی و کولتوورییەکانی دەگرێتەوە.