• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 23, 2024

پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (گاپ) لە نێوان واقیع‌و لێکدانەوەی سیاسیدا

هاوبەش عەبدوڵڵا ئەحمەد١

پوختە
پڕۆژەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (Güneydoğu Andaolu Projesi) (GAP)، کە بە پڕۆژەی “گاپ” ناسراوە، یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی وڵاتی تورکیا، کە لە سەر هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات جێبەجێدەکرێت. وەك لە ناوەکەیدا دیارە، پڕۆژەکە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (نەخشەی (١))و بە دیاریکراوییش دەکەوێتە شارە کوردییەکانی “ئادیامان، باتمان، دیاربەکر، غازی عەنتاب، کیلیس، ماردین، سیرت، ئورفاو شرناخ”ەوە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە گلدانەوەو کۆنترۆڵکردنی ئاوی هەردوو ڕووبارەکەو سوودلێوەرگرتنی بۆ مەبەستی ئاودێری‌و پیشەسازی‌و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا …هتد. پڕۆژەی گاپ بە کۆیگشتی (٢٢) بەنداوو (١٩) وێستگەی کارۆئاوی لەخۆدەگرێت. ڕووبەری گشتیی ئەو پارێزگایانەی کە پڕۆژەکەی تێدا جێبەجێدەکرێت نزیکەی (٧٨) هەزارو (٩٤٧کم) چوارگۆشەیە، کە ئەمەیش یەکسانە بە (١٠.١٢٪) کۆیگشتیی ڕووبەری تورکیاو نزیکەی (١١٪)ی دانیشتوانی تورکیایش لەم ناوچەیەدا دەژین.

نەخشەی (١): ئەو پارێزگایانەی پڕۆژەی گاپی تێدا جێبەجێدەکرێت.

مێژووی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی پڕۆژەی (گاپ)
بیرۆکەی سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکانی وڵات دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مستەفا کەمال ئەتاتورك. ئەوەی ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت، ئەوەیە کە بە فەرمانی ناوبراو لە ساڵی (١٩٣٥)دا، بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کاروباری کارەبا دامەزرا، ئەم ناوەندەیش بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرچاوە ئاوییەکان دەستیکرد بە توێژینەوە، بۆ ئەم مەبەستەیش ژمارەیەك وێستگەی چاودێریی ئاووهەوایی (وێستگەی کەشناسی) لە چەند ناوچەیەکی ڕووباری فورات دامەزراند. دواتر بەرپابوونی جەنگی جیهانی دووەم‌و ئەو قەیرانە ئابوورییانەی کە ڕووبەڕووی وڵات بوونەوە، بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەکەی هێواشکردەوە.
لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٥٠-١٩٦٠)دا، جارێکی دیکە دەستکرایەوە بە ئەنجامدانی پشکنینی جیۆلۆجی‌و تۆپۆگرافی بۆ ئەو ناوچانەی کە بڕیاربوو لە سەر هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات بەنداویان تێدا دروستبکرێت. دواتر لە ساڵی (١٩٦١) لە شاری دیاربەکر بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئاو دامەزراو بە مەبەستی پەرەپێدان‌و بەرەوپێشبردنی دەرامەتە سروشتییەکانی ئاوزێڵی ڕووباری فورات کۆمەڵێك توێژینەوەی ئەنجامداو لە ساڵی (١٩٦٤) ڕاپۆرتی کۆتایی پێشکەشکرد، ڕاپۆرتەکە توانای ئاودێری‌و بەرهەمهێنانی وزەی ڕووباری فوراتی تێدا دیاریکرابوو. لە ساڵی (١٩٦٨)دا، پێشنیاری کۆمەڵێك پڕۆژەی وەك دورستکردنی بەنداوو وێستگەی کارۆئاوی لە بەشەکانی باشووری ئاوزێڵی ڕووباری فورات کراو ئەرکی جێبەجێکردنەکەیشی درا بە کۆمپانیا بیانی‌و ناوخۆییەکان. لە لایەکی تریشەوە بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو شانبەشانی توێژینەوەکانی لە سەر ئاوزێڵی ڕووباری فورات، کۆمەڵێك توێژینەوەی لە سەر ئاوزێی ڕووباری دیجلەیش ئەنجامداو چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لە ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلەو فوراتی خستەڕوو. دواتر لە ساڵی (١٩٧٧)دا، هەموو ئەو پڕۆژانەی کە پێشنیارکرابوو لە سەر ئاوزێڵی هەردوو ڕووبارەکە جێبەجێبکرێت، یەکخران‌و لە ژێر ناوی “پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ” (گاپ)دا کۆکرانەوەو لەم ڕێکەوتە بە دواوە پڕۆژەکە بە پڕۆژەی “گاپ” ناسرا.(١)
لە ساڵی (١٩٨٦)دا، پڕۆژەکە خرایە چوارچێوەی پلانی پەرەپێدانی هەرێمییەوەو لەم سۆنگەیەیشەوە کاروبارەکانی پڕۆژەکە سپێردرا بە دەزگای پلاندانانی دەوڵەت، پاشان لە ساڵی (١٩٨٩)دا، بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی هەرێمی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ دامەزراو کاروباری داڕشتنی ماستەرپلانی پڕۆژەی گاپی تەواوکرد. لە ماستەرپلانەکەدا پێشبینیی گۆڕینی ناوچەکە کراوە بۆ ناوەندێکی گرنگی بەرهەمهێنان‌و هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی.(٢)

ئامانجە سەرەکییەکانی پڕۆژەی گاپ
جگە لەوەی پڕۆژەی گاپ یەکێکە لە پڕۆژە هەرە گەورەکانی وەبەرهێنان لە تورکیا، لە هەمان کاتدا یەکێکە لە نۆ گەورەترین پڕۆژەکانی دونیا،(٣) پڕۆژەکە دەکەوێتە پارێزگاکانی “ئادیامان، باتمان، دیاربەکر، گازی عەنتاب، کیلیس، ماردین، سیرت، ئورفاو شرناخ”ەوەو کۆیگشتیی ڕووبەری ئەم نۆ پارێزگایەیش نزیکەی (٧٨) هەزارو (٩٤٧) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، کە دەکاتە نزیکەی (١٠.٢٪)ی کۆیگشتیی ڕووبەری تورکیا، بە گوێرەی ئاماری ساڵی (٢٠٢٣) کۆیگشتیی ژمارەی دانیشتوانی هەر نۆ پارێزگاکە (٩) ملیۆن‌و (٤١٠) هەزارو (٦٢٤) کەس بـووە، (خــشتەی (١))، کە ئەم ژمارەیەیش ڕێژەی (١١٪)ی کۆیگشتیی دانیشتوانی تورکیا پێکدەهێنێت.(٤)

خشتەی (١): ژمارەی دانیشتوان‌و ڕووبەری پارێزگاکانی پڕۆژەی گاپ

سەرچاوە: (TÜIK ve T.C. Milli Savunma Bakanlığı, Harita Genel Müdürlüğü)

پڕۆژەکە تەنها خۆی لە دروستکردنی چەندین بەنداوو وێستگەی کارۆئاوی‌و کەناڵی ئاودێریکردندا نابینێتەوە، بەڵکو لە پاڵ ئەمانەدا پڕۆژەکە وەبەرهێنان لە بوارەکانی تری وەك باشترکردنی ژێرخانی شارو گوندو ژێرخانی کشتوکاڵی‌و گواستنەوەو ڕێگەوبان‌و پیشەسازی‌و پەروەردەو تەندروستی‌و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون …هتد دەکات. پێشبینیدەکرێت کاریگەرییە ئەرێنییەکانی پڕۆژەکە تەنها لە چوارچێوەی ناوچەییدا نەمێنێتەوەو ڕۆڵی بەرچاوی لە پڕۆژە فرەلایەنەکانی پەرەپێدان لە سەرتاسەری تورکیادا هەبێت. پڕۆژەی گاپ لە پاڵ ئەوەی کە پڕۆژەی پەرەپێدانی دێهاتەکان‌و پیشەسازی‌و پڕۆژەکانی ئاودێری لەخۆدەگرێت، یەکێکیشە لە هەرە پڕۆژە گشتگیرو تێروتەسەلەکان لە مێژووی تورکیادا. پڕۆژەی ناوبراو بە هەموو لایەنەکانیەوە؛ ئابووری‌و کۆمەڵایەتی‌و کولتووری، خزمەتێکی گرنگ‌و بەرچاوی دانیشتوانی ناوچەکە بە تایبەتی‌و دانیشتوانی تورکیا بە گشتی دەکات‌و دەبێتە داینەمۆی بوژاندنەوەی وڵات، هەر بۆیە پڕۆژەکە یەکێکە لە کارە هەرە گرنگ‌و لەپێشینەییەکانی دەوڵەت‌و کاروبارەکانی بەوپەڕی گرنگیپێدانەوە جێبەجێدەکرێت.

ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە خۆی لە باشترکردنی باری دارایی‌و بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی دانیشتوانی ناوچەکەو باشترکردنی ستانداردی ژیان لەو ناوچانەو گەیاندنی بە ئاستی شارە گەشەسەندوو و پێشکەوتووەکانی تری وڵات‌و کەمکردنەوەو نەهێشتنی جیاوازیی نێوانیان‌و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمداریی گوندنشینان‌و ڕەخساندنی هەلیکاری زیاتر بۆیان‌و باشترکردنی توانای شارە گەورەکانی ناوچەکە بۆ لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زیاتری دانیشتوان‌و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی بارودۆخی کۆمەڵایەتی‌و گۆڕینی ناوچەکە لە هەرێمێکی بەکاربەرەوە بۆ ناوچەیەکی بەرهەمهێنەرو هەناردەکاردا دەبینێتەوە.(٥) بە کورتی ئامانجە سەرەکییەکانی پڕۆژەی گاپ خۆی لەم چەند خاڵەی لای خوارەوەدا دەبینێتەوە:
١. باشترکردنی ژێرخانی ئابووری‌و کەمکردنەوەی جیاوازیی داهات لە نێوان ناوچەکەو ناوچەکانی ترداو فەراهەمکردنی جۆرێك لە هاوسەنگیی گەشەی ئابووری.
٢. بەرەوپێشبردن‌و باشترکردنی بەرهەمی کشتوکاڵیی ناوچە دێهاتییەکان لە ڕووی بڕو جۆرو ڕەخساندنی هەلیکاری زیاترەوە لە ناوچەکەدا، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کۆچی دانیشتوان لە ناوچە دێهاتییەکانەوە بۆ ناوچەکانی تر، هەروەها هەوڵدان بۆ هێنانەوەی ئەو کەسانەی کە خاوەنی داهات‌و ئەزموونی کارن‌و پێشتر بە هەر هۆکارێك بێت، زێدی خۆیانیان بەجێهێشتووە.
٣. زیادکردنی توانستی شارە گەورەکانی ناوچەکە بۆ لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زیاتری دانیشتوان، ئەمەیش لە ڕێگەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون‌و نۆژەنکردنەوەی یەکە نێشتەجێبوونە کۆنەکان، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ئاستی گەشەسەندنی ئابووری‌و ڕێژەی گەشەی دانیشتوان‌و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی گونجاوی وا، کە بگونجێت لەگەڵ بنەماکانی گەشەسەندنی بەردەوامدا.
٤. دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کە بە هۆی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەوە لە زێدی ڕەسەنی خۆیان بوون‌و دووبارە نیشتەجێکردنیان لە ناوچەیەکی گونجاودا، ئەمەیش بە لەبەرچاوگرتنی بنەما کۆمەڵایەتی‌و کولتووری‌و ئابوورییەکان.
٥. باشترکردن‌و بەرەوپێشبردنی کەرتەکانی پیشەسازی، کانزاکاری، کشتوکاڵ، باخداری، تەندروستی، گەشتوگوزارو وزە لە ناوچەکەدا.(٦)
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین: پڕۆژەی گاپ یەکێکە لە پڕۆژە هەرە زەبەلاحەکانی تورکیا، چ لە سەر ئاستی ناوخۆیی بێت، یاخود دەرەکی‌و لە ڕووی ئابوورییەوە لە یەکێك لە ناوچە هەرە دواکەوتووەکانی وڵاتدا جێبەجێدەکرێت، ئەمەیش بە مەبەستی باشترکردن‌و بەرەوەپێشبردنی بارودۆخی ژیان‌و گوزەرانی دانیشتوانی ناوچەکەو ڕێگریکردن لە کۆچی دانیشتوانی ناوچەکە، جا چ بۆ شارەکانی تر بێت یاخود بۆ دەرەوەی وڵات. ئەگەرچی لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی ناوچەکە کەوتوونەتەژێر ئاوی بەنداوەکانەوەو حکومەتی تورکیایش ئاماژەی بەوە کردووە کە هەنگاوی جددیی ناوە بۆ قەرەبووکرنەوەیان‌و دووبارە نیشتەجێکردنیان لەو ناوچانەی کە لە ماستەرپلانی پڕۆژەکەدا بۆیان دیاریکراوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم هەنگاوانە تەنها لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری دەوڵەتدا ماونەتەوەو لە ئەرزی واقیعدا ئەنجامێکی بەرجەستەیان نابینرێت.

بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەکە
هەتا ئێستا (١٩) بەنداوو (١٤) وێستگەی کارۆئاوی تەواوکراوەو پێشبینیدەکرێت بە تەواوبوونی هەموو بەنداوەکانی پڕۆژەکە ڕووبەری (١.٨) ملیۆن هێکتار زەویی کشوکاڵی ئاودێریبکات، هەروەها بە تەواوبوونی هەموو وێستگەکان ساڵانە نزیکەی (٢٧.٣) ملیار کیلۆوات/ کاژێر، وزەی کارەبا بەرهەمبهێنێت، بەمەیش بەشێکی زۆری پێداویستیی وڵات بۆ وزەی کارەبا پڕدەکاتەوە. بۆ نموونە هەتا کۆتاییەکانی ساڵی (٢٠٢٢)، کۆی بڕی کارەبای بەرهەمهاتوو لە وێستگە کارۆئاوییەکانی پڕۆژەکەدا (٥١٨ ملیار کیلۆوات/سەعات) بووە، کە بەهاکەی دەکاتە نزیکەی (٣١.١) ملیار دۆلاری ئەمریکی. هەڵبەت ڕێژەی بەشداریکردنی بەرهەمی کارەبای وێستگە کارۆئاوییەکانی پڕۆژەکە نزیکەی (٥٠٪)ە، لە کۆی وزەی کارەبای بەرهەمهێنراو لە وزەی کارۆئاوی‌و (٢٥.٦٪)ی کۆی وزەی کارەبای بەرهەمهێنراو لە سەرجەم سەرچاوەکانی تر لە وڵاتدا.(٧)

سەرباری هەموو ئەمانە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا ڕەخنەی جددییان لە بەرەپێشچوونی کاروبارەکانی پڕۆژەکە هەیەو پێیانوایە ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە وادەی یاسایی خۆی لایداوەو کەمتەرخەمیی تێدایە. بۆ نموونە لە ساڵی (٢٠٢٠)دا، سەرۆکی ئەو کاتەی پارتی داوای ئازاد (هوداپار)؛ ئیسحاق ساغڵەم، لە ڕۆژەڤی هەفتانەی خۆیدا هەڵسەنگاندنی بۆ پڕۆژەی گاپ کردووەو ئاماژەی بەوە داوە کە سەرباری تێپەڕبوونی (٤٠) ساڵ بە سەر پڕۆژەکەدا، بەڵام هەتا ئێستا نەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، ئەمەیش پێویستی بە لێپێچینەوە هەیەو پێویستە لە سەر پەرلەمان لیژنەیەکی بەدواداچوون بۆ ئەم مەبەستە دروستبکات، چونکە ویستێك هەیە نایەوێت پڕۆژەکە تەواوببێت، پێویستە لیژنەکە ئەو لایەنانە بۆ ڕایگشتی ئاشکرابکات کە دژی تەواوبوونی پڕۆژەکەن. ساغڵەم لە درێژەی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەیش داوە کە سەرباری تێپەڕبوونی ماوەی ئاماژەپێکراوو دابینکردنی (٣٢) ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆی، پڕۆژەکە تەنها (٤٠٪) بۆ (٤٥٪)ی تەواوبووە، ئەمەیش نیشانەی پرسیاری لای ئەوان دروستکردووە، هەروەها گوتووشیەتی: لە ساڵی (٢٠١٦)دا وەزیری پەیوەندیدار بە پڕۆژەکە ئاماژەی بەوە داوە کە پڕۆژەکە لە ساڵی (٢٠١٩)دا دەگاتە قۆناغی کۆتایی، بەڵام سەرەڕای تەرخانکردنی (٥١.٧) ملیار لیرەی تورکی لە ماوەی نێوان ساڵانی (٢٠١٤-٢٠١٨) بۆ تەواوکردنی (٢٠٨) پڕۆژەی پەیوەندیدار بە پڕۆژەی گاپەوە، پارەکە خەرجکراوە، بەبێ ئەوەی بەردێك بخرێتەسەر بەردێك. پێمانوایە کەسانێك هەن کە دژی بەرەوپێشچوون‌و گەشەسەندنی وڵاتن، چونکە بە تەواوبوونی گاپ (٣) ملیۆن‌و (٨٠٠) هەزار کەس هەلیکاریان بۆ دەڕەخساو (١) ملیارو (٨٠٠) ملیۆن هێکتار زەویی دێمی دەگۆڕدرا بۆ زەویی بەراوو پێداویستیی وڵات بۆ وزە دابیندەکراو لە ڕووی کشتوکاڵییشەوە وڵات دەگەیشتە قۆناغی خۆبژێوی، واتە پێویستی بە هاوردەی بەرهەمی کشتوکاڵی نەدەما. بە کورتی، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە هەتا ڕادەیەكی باش کێشە ئابوورییەکان چارەسەردەبوون‌و جیاوازیی گەشەسەندن لە نێوان ناوچەکاندا بنەبڕدەبوو.(٨)
لە لایەکی ترەوە سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی ژووری ئەندازیارانی کشتوکاڵی؛ ئورفا عەبدوڵڵا مەلیك، لە ڕیپۆرتاژێکدا دەربارەی پڕۆژەی گاپ ئاماژەی بەوە داوە کە ئەوان وەك دامەزراوەیەکی ناحکومـی هەردەم بە دوای پڕۆژەکەدا دەچن، ناوبراو ئاماژە بەوە دەدات کە پارێزگای ئورفا پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت‌و تورکیایش وڵاتێکی کشتوکاڵییە، بەڵام نزیکەی (٣٥) ساڵە پڕۆژەی گاپ لە کایەی ئاودێریدا بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوەنەبینیوە، بۆیە دەپرسین: بۆچی لە کایەی ئاودێریدا بەرەپێشچوون ڕوینەداوە؟ پێویستە ئەندام_پەرلەمانەکانی هەر نۆ پارێزگاکە، جا چ بەرەی دەسەڵات بن یاخود بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، بە دوای ئەم پرسەدا دەچن‌و وەبەرهێنان لە بواری ئاودێریدا بکەنە پێشینەی کارەکانیان، چونکە سەرمایەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژە ئاودێرییەکان زۆر کەمترە لە سەرمایەی تەرخانکراو بۆ کایەکانی تر. بۆ نموونە لە سێکتەری بەرهەمهێنانی وزەدا بە ڕێژەی (٩٨٪)ی ئامانجەکەی پێکاوە، بەڵام لە بواری ئاودێریدا ئەم ڕێژەیە تەنها (٣٦٪)ە، ئەگەرچی هەندێك لە پڕۆژەکان بە ڕوکەش تەواوبوون، بەڵام کەموکووڕیی زۆریان تێدایە، هەروەها سەرەڕای ئەوەی لە سێگۆشەی “بۆزئۆڤا، هیلڤان‌و سیڤێرێك”دا پێویست بوو نزیکەی (١.٦) ملیۆن دۆنم زەوی بە ڕووی ئاودێریدا بکرێنەوە، پڕۆژەکە ڕەتکرایەوەو ئەو پارەیەی بۆی دابینکرابوو، بۆ شوێنێکی تر خەرجکرا.
عەبدوڵڵا مەلیك کۆمەڵێك هۆکارەکانی دواکەوتنی تەواوبوونی پڕۆژەکەی بەم جۆرە خستووەتەڕوو:
یەکەم: نەبوونی ئارامی‌و ئاسایش لە ناوچەکەدا ئەگەرچی لە کاتی ئێستادا بە شێوەیەکی ئەوتۆ نییە، بەڵام کاریگەریی نەرێنیی هەبووە.
دووەم: کێشەکانی تورکیا لەگەڵ سوریادا لە سەر پرسی ئاو.
سێیەم: نەبوونی خەمخۆریی حکومەتە یەكلەدواییەکەکانی تورکیا بۆ پڕۆژەکەو دانەنانی پڕۆژەکە وەک کاری لەپێشینەیان.
چوارەم: هۆکاری ئابووری، کەمتوانایی دەوڵەت بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەیەکی گەورەی لەم شێوەیە، سەرەتا پڕۆژەکە پێویستی بە (٣٦) ملیار دۆلاری ئەمریکی بوو، بەڵام دواتر بە هۆی فراوانکردنیەوە پێویستی بە بڕەبودجەیەکی زیاتر بوو. بۆ نموونە، سەرەتا ڕووبەری زەویی بەراو بە (١) ملیۆن‌و (٧٠٠) هەزار هێکتار دیاریکرا، بەڵام دواتر ئەم ڕووبەرە بۆ (٢) ملیۆن‌و (٢٠٠) هەزار هێکتار بەرزکرایەوە، پاشان چاویپێداخشێنرایەوەو کەمکرایەوە بۆ (١) ملیۆن‌و (٦٠) هەزار هێکتار. هەموو ئەمانەی کە باسکران، هۆکار بوون بۆ دواکەوتن‌و تەواونەبوونی پڕۆژەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.

لە لایەکی دیکەوە پڕۆژەی گاپ نەبووەتە ڕێگر لە دواکەوتنی ناوچەکە، بۆ نموونە شاری ئورفا لە ساڵی (١٩٨٥)دا، واتە چوار ساڵ بەر لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بە پێی پێوەری گەشەسەندنی سۆسیۆئیکۆنۆمیی لە تورکیادا لە پلەی (٥٥)دا بووە، بەڵام لە ساڵی (٢٠٠٧)دا ئاستی دابەزیوە بۆ پلەی (٧٣)، بێگومان ئەمەیش کۆمەڵێك هۆکاری لە پشتەوەیە، لەوانەیش: کۆچی ناوخۆیی، کە هۆکای سەرەکیی ئەم کۆچەش نەبوونی هەلیکارە لە ناوچەکەدا، ساڵانە نزیکەی (٣٥٠) بۆ (٤٠٠) هەزار کرێکاری کشتوکاڵی لەم ناوچەیەوە ڕوو لە ناوچەکانی تر دەکەن بۆ دۆزینەوەی هەلیکار. لە کاتێکدا ئەگەر لە ئورفا پیشەسازیی پشتبەستوو بە بەروبوومی کشتوکاڵی هەبوایە، ئەم جۆرە لە کۆچی دەستی کار ڕوینەدەدا، گەشەنەسەندنی ئەو پیشەسازییانەی کە پشت بە بەرهەمی خاوی کشتوکاڵی دەبەستن‌و نەبوونی کارگە لە شارەکەدا بووەتە هۆی ئەوەی ئەو بەروبوومانەی کە لەلایەن حکومەت‌و جوتیارانەوە دێنەبەرهەم، قازانجێکی ئابووریی ئەوتۆیان لێنەکرێت.(٩)

کاریگەرییە نەرێنییەکانی پڕۆژەی گاپ لە سەر ناوخۆی تورکیا
بە گوێرەی ئەنجامی توێژینەوە پەیوەندیدارەکان پڕۆژەکە لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی وردی زانستی هەڵنەسەنگێنراوەو ئەو بەشەیشی کە تەواوکراوە، زیاتر خراوەتە خزمەتی بەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاوییەوە، بەڵام بوارەکانی وەك كشتوکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوە، تەندروستی، پەروەردەو فێرکردن‌و …هتد، هەتا ڕادەیەك پشتگوێخراون، ئەمەیش لەگەڵ ئامانجە باڵاکانی ماستەرپلانی پڕۆژەکەو ئەو بەڵێنانەیشدا یەکناگرێتەوە کە پێشوو بە خەڵکی ناوچەکە دراوە.
پڕۆژەکە لە ڕووی ژینگەییەوە بووەتە هۆی هاتنەئارای دیاردەی بەخوێبوون (شۆری)ی خاك‌و بەبیابانبوون، بۆ نموونە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیە بەنداوی ئەتاتورك ئاوی تێدا گلدەدرێتەوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی کەناڵی ئاودێرییەوە ناتوانرێت سوودیلێوەربگیرێت، ئەمە بۆ بەنداوەکانی تریش هەر ڕاستەو بووەتە هۆی شۆری‌و بێپیتیی دەشتی “حەڕان”، کە یەکێكە لە هەرە زەوییە بەپیتەکانی جیهان، لە لایەکی تریشەوە لە ڕووی کولتووری‌و مێژووییشەوە زیانێکی زۆری بە ناوچەکە گەیاندووە، بۆ نموونە شوێنەوارە مێژوویی‌و کولتوورییەکانی وەك “سامسات، حەسەنکێف، زێگوما”، کە خاوەنی ڕیشەیەکی مێژووی هەزاران ساڵەن، بوون بە ژێر ئاوی بەنداوەکانەوە، ئەمە بێجگە لە ژێرئاوکەوتنی ژمارەیەکی زۆر لە گوندو نشینگەی مرۆیی تر.
بە گوێرەی ماستەرپلانی پڕۆژەکە دەبێت قەرەبووی ئەو هاوڵاتییانە بکرێتەوە کە خاك‌و زێدی خۆیان لەدەستداوە، بەڵام ئەو هاوڵاتییانەی کە زەویوزارەکانیان لێوەرگیراوەتەوەو کراوە بە موڵکی میری، هیچ جۆرە قەرەبوویەکیان وەرنەگرتووەو کەوتوونەتە بارودۆخێکی مرۆیی زۆر ناهەموارەوە، دیاترین نموونەیش بۆ ئەمە ئەو هاوڵاتییانەن کە بە هۆی دروستکردنی بەنداوی ئەتاتورکەوە زەوییەکانیان ژێرئاوکەوتووەو هیچ قەرەبوویەکیشیان وەرنەگرتووە. هەموو ئەمانەی باسکران، بوونەتە هۆکاری کۆچکردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە زێدی ڕەسەنی خۆیان‌و لەدەستدانی ماڵ‌و زەویوزارو کارو پیشەکانیان، لێرەوە دەردەکەوێت کە پڕۆژەکە لە بریی پێشخستن‌و باشترکردنی ژێرخانی ئابووریی ناوچەکە، بووەتە هۆی دروستکردنی کۆمەڵێك کێشەی مرۆیی‌و ژینگەیی لە ناوچەکەدا.(١٠)
لە لایەکی تریشەوە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێك لێکتێنەگەیشتن‌و ناکۆکی لە نێوان وڵاتی سەرچاوە (تورکیا)و وڵاتانی ئاوڕێژەگەدا (عێراق‌و سوریا) لە سەر پشکی ئاوی ساڵانە.

کاریگەریی پڕۆژەکە لە سەر وڵاتانی دراوسێ (سوریاو عێراق)
پڕۆژەی گاپ لە سەر هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات جێبەجێدەکرێت‌و سەرچاوەی ئەم دوو ڕووبارەیش دەکەوێتە تورکیاوە، بەڵام ئاوڕێژەگەکانیان دەکەوێتە وڵاتانی دراوسێوە، واتە دوو ڕووباری سنووربڕن. ڕووباری دیجلە کە درێژییەکەی نزیکەی (١٩٠٠کم)ە، تەنها (٥٢٣کم)ی دەکەوێتە خاکی تورکیاوەو (١٣٧٧کم)ی بە خاکی عێراقدا تێپەڕدەبێت، بەم پێیەیش ڕێژەی (٧٢.٤٪)ی ڕووبارەکە دەکەوێتە خاکی عێراقەوە.(١١) لە ناو خاکی تورکیادا کۆمەڵێك بەنداو لە سەر ئەم ڕووبارە دروستکراون، کە دیارترینیان بەنداوەکانی “دیجلە، دێڤێ گێچیدی، کراڵ کزی، باتمان، گارزان‌و ئیلیسوو”ە،(١٢) بەنداوی ئیلیسوو گەورەترین بەنداوی سەر ڕووباری دیجلەیەو دووەم گەورەترین بەنداوی تورکیایشە لە ڕووی توانای گلدانەوەی ئاوەوە.(١٣) فوراتیش، کە بە درێژترین ڕووباری باشوری ڕۆژئاوای ئاسیا دادەنرێت، کۆیگشتیی درێژییەکەی لە سەرچاوەوە هەتا ئاوڕێژگە (٢٨٠٠کم)ەو نزیکەی (١٢٦٣کم)ی دەکەوێتە خاکی تورکیاوە،(١٤) (٧١٠کم)ی دەکەوێتە خاکی سوریاوە(١٥)و ئەوەیشی کە دەمێنێتەوە (٨٢٧کم)، دەکەوێتە خاکی عێراقەوە. گەورەترین بەنداوەکانی تورکیا، کە بریتین لە بەنداوەکانی “ئەتاتورك، کێبان، کاراکایا، بیرێجیك‌و کاراکامش”، لە سەر ئەم ڕووبارە دروستکراون.(١٦)
ئەگەرچی لە کاتی ئێستادا هەموو ئەو بەنداوانەی کە لە ماستەرپلانی پڕۆژەکەدا هاتوون، تەواونەبوون، بەڵام ئەوانەی دروستکراون، کاریگەریی نەرێنییان هەبووە لە سەر بڕی ئاوی هاتوو بۆ ناو خاکی عێراق‌و سوریا، ئەمەیش ڕاستەوخۆ بێت یاخود ناڕاستەوخۆ، کاریگەریی لە سەر پەیوەندییە سیاسی‌و دیبلۆماسییەکانی ئەم وڵاتانە بەجێهێشتووە، لەبەرئەوەی عێراق‌و سوریا هەتا ڕادەیەکی باش پشت بە سەرچاوە ئاوییە دەرەکییەکان دەبەستن، بۆ نموونە عێراق بە ڕێژەی (٥٣.٤٪)و سوریایش بە ڕێژەی (٧٢.٣٪) پشتبشت بە سەرچاوە ئاوییە ناخۆماڵییەکان دەبەستن، لە کاتێکدا ڕێژەی پشتبەستنی تورکیا بە سەرچاوە ئاوییە دەرەکییەکان تەنها (١٪)ەو ڕێژەی (٥٠٪)ی پێخۆرە سەرەکییەکانی ڕووباری دیجلەو (٩٠٪)ی پێخۆرە2 سەرەکییەکانی ڕووباری فورات دەکەونە ئەم وڵاتەوە، ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاو بەشێکی زۆری عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، وشك یاخود نیمچەوشکەو بڕی بارانی ساڵانەی ئێجگار کەمە، ئەمە لە کاتێکدایە کە دیاردەی گەرمبوونی جیهان‌و گۆڕانی کەشوهەوا، عێراق‌و سوریای خستووەتە بارودۆخێکی ناهەموارەوە، هەروەها بە هەمان شێوەی عێراق‌و سوریا، تورکیایش کەوتووەتەبەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواو ئەمەیش خۆی لە کەمبوونەوەی بڕی دابارینی بەفرو باران لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەو وڵاتەدا دەبینێتەوە. پەیوەست بەم پرسەوە، توێژەران پێشبینیی ئەوە دەکەن کە لە داهاتوودا بڕی ئاوڕێکردن لە ئاوزێڵی هەردوو ڕووباری دیجلەو فوراتدا بە ڕێژەی (٣٠٪ بۆ ٧٠٪) کەمببێتەوە.(١٧)
هەموو ئەو هۆکارانەی باسکران، لەگەڵ بەردەوامیی گەشەی دانیشتوان‌و زیادبوونی پێداویستییەکان بۆ خواردن‌و ئاوی سازگار ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ هاتنەئارای پرسێک بە ناوی پرسی دابەشکردنی ئاو لە نێوان وڵاتانی خاوەن_پشك لە ئاوزێڵی ڕووبارە سنووربڕەکاندا. وەك پێشوو ئاماژەیپێکرا، عێراق هەتا ڕادەیەکی زۆر پشت بە ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات دەبەستێت بۆ کشتوکاڵ‌و بەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاوی‌و …هتد، سوریایش هەتا ڕادەیەکی باش پشت بە ڕووباری فورات دەبەستێت، بەڵام سەرچاوەی هەردوو ڕووبارەکە دەکەوێتە وڵاتی تورکیاوەو ئەو وڵاتەیش بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە ئاوییەکانی خۆی سیاسەتی ئاویی تایبەتی داڕشتووەو لە چوارچێوەی پڕۆژەی گاپدا بەرنامەو پڕۆگرامە ئاوییەکانی خۆی فۆرمەلەکردووە.
تێکڕای بڕی ئاوی ساڵانەی هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات نزیکەی (٨٨ ملیار/م٣)یەو ڕێژەی (٦٠٪)ی پێخۆرەکەیشـــی دەکەوێتە خاکی تورکیاو (٣٦٪)ی دەکەوێتە خاکی عێراق‌و (٤٪)یشی دەکەوێتە خاکی سوریاوە، واتە زۆربەی ئەو سەرچاوە ئاوییانەی کە ئاو دەدەن بەم دوو ڕووبارە، دەکەونە وڵاتی سەرچاوەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەریەك لە عێراق‌و سوریا داوای بڕێکی زیاتر لەو بڕە ئاوە دەکەن کە لە ناو خاکی وڵاتەکانیانەوە سەرچاوەدەگرێت‌و دەڕژێتەوەناو هەردوو ڕووباری دیجلەو فوراتەوە، کە ئەمەیش لە دیدی تورکیاوە لەگەڵ پێوانە ئەندازیارییە دانپێدانراوە نێودەڵەوتییەکان بۆ پرسی دابەشکردنی ئاوی ڕووبارە سنووربڕەکان یەکناگرێتەوەو زیادەڕەویی زۆری تێدایە.(١٨)

لە دیدی عێراق‌و سوریاوە، تورکیا توانای دابینکردنی ئەوە بڕە ئاوەی هەیە، بەڵام تورکیا پرسی ئاو بەسیاسیدەکات‌و وەك کارتێكی فشار بەرانبەریان بەکاریدەهێنێت، ئەوەی ئەم تێگەیشتنەی عێراق‌و سوریایش پشتڕاستدەکاتەوە، ئەوەیە کە لە ساڵانی نەوەدەکانداو لەو دەمەی کە پرسی گرتنەوەی ئاوی ڕووباری فورات بۆ پڕکردنی بەنداوی ئەتاتورك بووە هۆی دەربڕینی ناڕەزایی عێراق‌و سوریا لە هەمبەر ئەو کارەی تورکیا، سەرۆكوەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا؛ “سولەیمان دەمیرێل”، لە گوتارێکیدا ئاماژەی بەوە داوە کە “ئەوان نەوتیان هەیەو ئێمەیش ئاومان هەیە، ئەگەر ئێمە داوای نیوەی نەوتەکەی ئەوان نەکەین، ئەوانیش ناتوانن داوای ئاو لە ئێمە بکەن”. ئەم گوتەیەی ناوبراو لێکدانەوەی ئەوەی بۆ کرا کە تورکیا مامەڵەی سیاسی بە پرسی ئاوەوە دەکات لەگەڵ دراوسێکانیدا، هەروەها ڕایگشتییش لە هەریەك لە وڵاتانی عێراق‌و سوریادا بەو ئاڕاستەیەیە کە تورکیا لە پشت سەرهەڵدانی قەیرانی ئاوەوەیە لە وڵاتەکانیاندا.(١٩)
سەرهەڵدانی کێشەکانی تورکیا لەگەڵ سوریاو عێراقدا لە سەر پرسی ئاو ڕیشەیەکی مێژوویی هەیەو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پاش جەنگی یەکەمی جیهانی، یەکەمین ڕێککەوتننامە لە سەر پرسی ئاو لە ساڵی (١٩٢٦)دا لە نێوان وڵاتانی نابراودا واژووکرا، بەڵام تورکیا نەچووەژێرباری ئەو مەرجانەی کە لە ڕێککەوتننامەکەدا بۆی دیاریکرابوو، دواترو لە ساڵی (١٩٤٦)دا هەر لە سەر پرسی ئاو، “مەلیك فەیسەڵی دووەم” لەگەڵ عیسمەت ئینۆنو؛ سەرۆكکۆماری ئەو کاتەی تورکیا، ڕێککەوتننامەیەکی دیکەیان لە ژێر دروشمی “دۆستایەتی‌و دراوسێیەتی”دا واژۆکرد، بەڵام دواتر لەلایەن هەردوو لاوە ئەم ڕێکەوتننامەیە پشتگوێخرا،(٢٠) لە ڕاستیدا هەتا ساڵی (١٩٦٠) هەم لە وڵاتی سەرچاوەو هەم لە وڵاتانی ئاوڕێژگەدا بە ڕادەیەکی ئەوتۆ سوود لە بەکار‌هێنانی ئاوی ئەم دوو ڕووبارە وەرنەدەگیرا، هەر بۆیە پەیوەندییەکانی نێوان هەرسێ وڵات هەتا ڕادەیەك ئاسایی بوو، بەڵام دواتر کۆمەڵێك هۆکاری جیاجیا بوونە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان ئەم وڵاتانەدا، ئەمەیش ڕێگرییکرد لە پڕۆسەی هاریکاری‌و کاری پێکەوەیی هەرسێ وڵات بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانی ئاوزێلی هەردوو ڕووبارەکەو دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو پرسە. دواتر تورکیا تاكلایەنەو بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق‌و سوریا دەستیکرد بە جێبەجێکردنی پڕۆژە ئاوییەکانی “گاپ” لە سەر هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات، بێگومان ئەمەیش کاریکردەسەر کەمبوونەوەی بڕی ئاوی ڕێکردووی هەردوو ڕووبارەکەو لە ئەنجامدا بارودۆخەکەی زیاتر ئاڵۆزکرد. لە دیدی عێراق‌و سوریاوە تورکیا لە ئامانجە سەرەکییەکەی پڕۆژەی گاپ لایداوە، کە بریتییە لە ڕێکخستن‌و کۆنترۆڵکرنی ئاوی دیجلەو فورات‌و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو، بەڵکو پرسی ئاو وەك کارتێکی فشار بەرانبەریان بەکاردەهێنێت، بۆیە کاتێك تورکیا دەستیکرد بە دروستکردنی بەنداوی “کێبان” لە سەر ڕووباری فورات، سوریایش وەك وەڵامێك دەستیکرد بە دروستکردنی بەنداوی تەبقەو ئەگەر سعودیە ناوەندگیریینەکردایە، لەوانە بوو دۆخەکە بگۆڕایە بۆ پێکدادانی چەکداری، دواتر لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٨٠ بۆ ١٩٩٠) ململانێکان لە سەر پرسی ئاو گەیشتنە لوتکە، ئەمەیش لە کاتێکدا بوو کە تورکیا پرسی ئاوی پەیوەستکردبوو بە کۆمەڵێك بابەتی ترەوە بۆ گوشارخستنەسەر سوریاو عێراق، بۆ نموونە تورکیا لە ساڵی (١٩٨٧)دا لەگەڵ سوریادا ڕێککەوتننامەیەکی واژۆکردو بەڵێنیدا کە ڕێگە بە ڕۆیشتنی (٥٠٠م٣/ چرکە) ئاوبدات بە سوریا، بەو مەرجەی سوریا هاوکارییەکانی بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوەستێنێت، سوریایش بە مەرجەکەی تورکیا ڕازیبوو و بەڵێنیدا بە ڕاگرتنی هاوکارییەکانی بۆ پارتی ناوبراو، بەڵام دواتر لە کاتی هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیت، جارێکی تر تورکیا ئاوی ڕووباری فوراتی گرتەوە، بۆیە هەڵە نابێت، ئەگەر بگوترێت لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بابەتی کاری پێکەوەیی بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئاو لە نێوان تورکیاو عێراق‌و سوریادا هەتا ڕادەیەك بە بنبەست گەیشتبوو.
بەڵگەیش بۆ ئەمە، ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئاوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی (١٩٩٧)دا، کە ئەم ڕێککەوتننامەیە تورکیای پابەنددەکرد بە بەڕێوەبردنی دادپەروەرانەو دابەشکردنی ئاوی هەردوو ڕووبارەکە لەگەڵ سوریاو عێراقدا، بەڵام تورکیا دژی ڕێککەوتننامەکە وەستایەوەو ئەمەیش بووە هۆی بەردەوامیی ململانێکان‌و دۆخەکەیش هەتا کۆتایی نەوەدەکان درێژەیکێشا، بەڵام دواترو لەگەڵ دوورخستنەوەی سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان؛ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەلایەن سوریاوە، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو سوریا بەرەو ئاساییبوونەوە ڕۆیشتن‌و لە ساڵی (٢٠٠١)دا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکردو تێیدا ئاماژەیان بە کاری پێکەوەیی‌و ئاڵوگۆڕی زانیاری‌و بەکارهێنانی بەردەوامی سەرچاوەکانی ئاوو خاکی ناوچەکە کرد، کە ئەمەیش بە خاڵی وەرچەرخان دادەنرێت لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو سوریادا، هەرچەندە ئەم بەیاننامە هاوبەشە لە سەر ئەرزی واقیع هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی بەدەستەوەنەدا، بەڵام سەرەتایەك بوو بۆ کۆمەڵێك ڕێککەوتننامەی تری پەیوەست بە پرسی ئاو لە کۆتاییەکانی دەیەی یەکەمی سەدەی بیستویەکەمدا. گرنگترینیشیان یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بوو، کە لە ساڵی (٢٠٠٩)دا لە نێوان تورکیاو عێراق‌و سوریادا دەربارەی پرسی بەڕێوەبردنی ئاو واژۆکرا.
لە ڕاستیدا کۆمەڵێك هۆکار لە پشت بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم وڵاتانەوە هەیە لە سەر پرسی ئاو، کە ڕەنگە گۆڕانی سیستەمی سیاسیی ناوخۆی تورکیاو هاتنەسەر دەسەڵاتی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە ساڵی (٢٠٠٢)دا، کە دروشمی بنبڕکرنی کێشەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەڵگرتبوو، لە دیارترینیان بێت.(٢١) سەردانەکەی ئەم دواییەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆكکۆماری تورکیا، بۆ عێراق‌و هێنانەبەر باسی پرسی ئاو لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی؛ سەرۆكوەزیرانی عێراق‌و بەڵینەکانی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە پارتی دەسەڵاتدار لە تورکیا مەیلی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکانی هەیە لەگەڵ دراوسێکانیدا.

هەتا ئێستا هەرسێ وڵاتی هاوبەش لە ئاوزێڵی ڕووباری دیجلەو فوراتدا نەگەیشتوون بە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی دەربارەی دیاریکردنی پشکی هەر وڵاتێك‌و میکانیزمەکانی دابەشکردنی،(٢٢) لە ڕۆژگاری ئەمڕۆیشدا سەرباری کاریگەرییەکانی پڕۆژەی گاپ، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواو کەمیی دابارین بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی ئەو دوو ڕووبارەو پێویستە هەرسێ وڵاتەکە دەستبەجێ هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ ڕووبەڕووبوونەی هەر ئەگەرێك، کە لەوانەیە لە داهاتوودا ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەریەکەیان.

ئەنجام
لەگەڵ هاتنەئارای دیاردەی گەرمبوونی زەوی‌و گوڕانکارییەکانی ئاووهەواو کەمبوونەوەی تێکڕای بڕی دابارین بۆ کەمتر لە تێکڕای ئاسایی ساڵانەو زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، پێداویستییەکانی مرۆڤیش بۆ ئاوی سازگار (ڕووبارو سەرچاوەکان) زیادیکردووەو لەم سۆنگەیەیشەوە بابەتی دەستڕاگەیشتن بەو سەرچاوانە هەندێک جار سەریکێشاوە بۆ دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان وڵاتاندا.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش یەکێکە لەو ناوچانەی کە پشکێکی گەورەی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەرکەوتووە، بۆیە ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە ئەم جوگرافیایەوە، لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردن‌و گلدانەوەی ئاوی ئەو ڕووبارو سەرچاوانەی کە دەکەوێتە سنووری وڵاتەکانیانەوە، ئەمەیش لە پێناوی بەدەستهێنانی بڕێکی زیاتر لە ئاوی سازگار بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی دانیشتوانی وڵاتەکانیان (خواردنەوە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، وزە، …هتد).
هەریەك لە عێراق، سوریاو تورکیایش بەم ئاڕاستەیەدا کاریانکردووە، ئەگەرچی هەوڵەکانی تورکیا بەراورد بە عێراق‌و سوریا جددیتر بوون‌و ئەنجامی بەرجەستەیان هەیە وەك پڕۆژەی “گاپ”، بەڵام عێراق‌و سوریایش هەوڵی سیاسی‌و دیبلۆماسیی خۆیان داوە بۆ بەدەستهێنانی پشکی وڵاتەکانیان لە ئاوی هەریەك لە ڕووباری دیجلەو فورات، جار جاریش لە سەر پرسی ئاو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیادا کێشەی تێکەوتووەو ئاڕاستەی جیاواز جیاوازی وەرگرتووەو تەنانەت ئەم پرسە پەیوەستکراوە بە کۆمەڵێك بابەتی ناوچەیی دیکەوە.
ئەگەرچی هەتا شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بە هۆی کەمیی کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی ئاووهەواو کەمیی ژمارەی دانیشتوان‌و دواکەوتووی کەرتی پیشەسازی‌و کشتوکاڵەوە لە ناوچەکەدا بەراورد بە ئێستا، پرسی پشکی ئاو دەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو لەم وڵاتانەدا، بەڵام لە ساڵی (١٩٦٠) بە دواوەو بە تایبەتی لەگەڵ سەرەتای هەنگاوەکانی تورکیا بۆ کۆنترۆڵکردن‌و گلدانەوەی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات، کاردانەوەی عێراق‌و سوریا دەستیپێکرد، چونکە عێراق بە ڕادەیەکی زۆر پشت بە ئاوی دیجلەو فورات‌و سوریایش بە ئەندازەیەکی زۆر پشت بە ئاوی فورات دەبەستێت بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی دانیشتوانی وڵاتەکەی.

تا ئێستا تورکیاو عێراق‌و سوریا نەگەیشتوون بە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتیی هاوبەش لە سەر دیاریکردنی پشکی هەر وڵاتێك‌و میکانیزمەکانی دابەشکردنی ئاوی ڕووباری
دیجلەو فورات.

تورکیایش وەك وڵاتی سەرچاوە بۆ سوودوەرگرتنێکی ئەکتیڤ‌و بەردەوام لە ئاوی ئەم دوو ڕووبارە پلانی ستراتیژی‌و دوورمەودای خۆی هەیە، کە ئەم پلانەیشی لە پڕۆژەی “گاپ”دا بەرجەستەکردووە. ئەگەرچی لە دیدی تورکیاوە ئەم پڕۆژەیە بۆ پێشخستن‌و باشترکردنی ستانداردی ژیانە لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، کە هەتا ئەم دەمە یەکێکە لە دواکەوتووترین هەرێم لە ناو هەر حەوت هەرێمەکەی تورکیادا لە هەموو ڕوویەکەوە، بەڵام لە دیدی هەریەك لە عێراق‌و سوریاوە ئەم پڕۆژەیە ڕەهەندێکی سیاسیی هەیەو تورکیا وەك کارتێکی فشار لە دژیان بەکاریدەهێنێت، ئەم سیاسەتەی تورکیایش بووەتە هۆی ناکۆکیی سیاسی‌و دیبلۆماسی لە نێوان ئەم وڵاتەنەدا.
لەگەڵ هاتنەسەر دەسەڵاتی ئاکپارتی‌و گۆڕانی سیاسەتی تورکیا بەرانبەر بە دراوسێکانی، پەیوەندییەکان بەرەو ئاساییبوونەوە چوون، کۆمەڵێك دیداریش بە مەبەستی لێكنزیکبوونەوەو لێکتێگەیشتنیش لە نێوان ئەم وڵاتانەدا جێبەجێکرا، ئەمەیش دۆخەکەی هێورکردەوە، بەڵام ئێستایشـی لەگەڵدا بێت، ئەم سێ وڵاتە نەگەیشتوون بە چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ پرسی دابەشکردنی ئاو، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە بارودۆخی سیاسی‌و ئەمنیی عێراق‌و سوریا ناجێگیرەو تورکیایش بەردەوامە لە سەر کارەکانی پڕۆژەی گاپ.
___________________
سەرچاوەکان
1.T.C. Sanayi ve Teknoloji Bakanlığı (2022), “Güneydoğu Anadolu Projesi Son Durum”, www.gap.gov.tr, (Erisşim tarihi: 11. 02. 2024).
2.BOZDEMIR, Nafiz (1997), “Güneydoğu Anadolu Projesi (GAP) ve Sağlık Planlamasındaki Yeri”, ANKEM Dergisi, Cilt II, Sayı: 3, S. 332.
3.Erdem, Ali Kemal (2021), “Demirel “GAPtırmam”, Erdoğan “5 yılda bitecek” dedi… Normalde 2010’da bitmesi gereken GAP, neden tamamlanmadı?”, Independent Türkçe, bit.ly/3VbvRkA, (Erişim tarihi: 19. 02. 2024).
4.TÜIK ve T.C. Milli Savunma Bakanlığı, Harita Genel Müdürlüğü, “İl ve İlçe Yüz ölçümleri”, https://www.harita.gov.tr/il-ve-ilce-yuzolcumleri, (Erişim tarihi: 19. 02. 2024).
5.T.C. Başkanlık, Güneydoğu Anadolu Projesi, Bölge Kalkınma Idaresi Başkanlığı (1996), “Güneydoğu Anadolu Projesi GAP – Az Gelişmiş Bölgelerin Potansiyel Araştırma Toplantısı Istanbul Sanayi Odası”, Istanbul, S. 2.
6.T.C. Sanayi ve Teknoloji Bakanlığı, GAP Bölge Kalkınma Idaresi Başkanlığı, “ Güneydoğu Anadolu Projesi’nin Hedefleri”, www.gap.gov.tr/gap-in-hedefleri-sayfa-23.html, (Erişim tarihi: 20. 02. 2024).
7.T.C. Başkanlık, Güneydoğu Anadolu Projesi, Bölge Kalkınma Idaresi Başkanlığı (2023), “Güneydoğu Anadolu Projesi Son Durum, Yıllık Rapor”, S. 59-60.
8.DoğruHaber (19 Auğstos 2020), “GAP 40 Yıldır Neden Bitmiyor?”, bit.ly/3wVLcM3, (Erişim tarihi: 24. 02. 2024).
9.GAPGündemi (04 Eylül 2022), “Melik: Dedaş vatan hainliği yapıyor. Hükümet ve devlet, Dedaş’ı kamulaştırmalı”, https://bit.ly/3VhlXha, (Erişim tarihi: 01. 03. 2024).
10.BİLGEN, Arda (2018), “1977’den 2017’ye Güneydoğu Anadolu Projesi (GAP): GAP’ın 40 Yılı Üzerine Nitel ve Çok Boyutlu Bir Değerlendirme”, Ankara Üniversitesi SBF Dergisi, Volume 73, Issue 3, S. 827-829.
11.TUNCEL, Metin (1994), “Dicle”, TDV İslâm Ansiklopedisi, Cilt. 9, S. 281.
12.SEPETÇİOĞLU, Mehmet Yaşar (2020), “Gap Özelinde Türkiye Su Kaynaklı Yenilenebilir Enerji Projeleri Görünümü”, Türk Hidrolik Dergisi, Cilt. 4, Sayı. 1, S. 7.
13.T.C. Batman Valilği, “Ilısu Barajı ve HES”, https://bit.ly/490bAS6, (Erişim tarihi: 09. 03. 2024).
14.TUNCEL, Metin (1996), “Fırat”, TDV İslâm Ansiklopedisi, Cilt. 13, S. 32.
15.Food & Agriculture Organization of the United Nations (2009), “Transboundary River Basin Overview – Euphrates-Tigris”, Italy, pp. 3.
16.Hurriyet (20 Ekim 2020), “Fırat Nehri nerede? Nereden doğar ve nereye dökülür? Fırat nehrinin özellikleri, üzerindeki barajlar ve uzunluğu”, https://bit.ly/3PjXUuw, (Erişim tarihi: 10. 03. 2024).
17.Forsythe, David P. (2017), “Water and politics in the Tigris-Euphrates basin: Hope for negative learning?”, Water Security in the Middle East, Anthem Press, pp. 168.
18.BULU, Atıl *, ÇOKGÖR, Şevket ** (2002), “GAP Projesi Türkiye, Irak ve Suriye Arasında Sorun Nedeni Midir?”, Türkiye Mühendislik Haberleri (TMH), S. 50-51.
19.SALİHİ, Emin*, ATAY, Itri**(2022), “Dicle Nehri Su Yönetiminde Yeni Bir Aktör ve Siyasi Kriz Potansiyeli”, Topkapı Sosyal Bilimler Dergisi, Cilt. 1, Sayı. 2, S. 37.
20.Al-Muqdadi, Sameh W.*, Omer, Mohammed F.**, Abo, Rudy***, Naghshineh, Alice****(2016), “Dispute over Water Resource Management—Iraq and Turkey”, Journal of Environmental Protection, Issue. 7, pp. 1097.
21.Climate Diplomacy, “Turkey, Syria and Iraq: Conflict over the Euphrates-Tigris”, https://bit.ly/3TFZ9Xu, (Accessed: 12.03.2024).
22.YILMAZ, Alper (1 Temmuz 2013), “Fırat ve Dicle Çıkmazı”, Politika Dergisi, https://bit.ly/3PpooL0, (Erişim tarihi: 15. 03. 2024).

________________________________
1)ماستەر لە جوگرافیای ئابووری لە زانکۆی مەڕمەڕە لە ئەستەنبوڵ‌و مامۆستای بەشی جوگرافیا لە زانکۆی سلێمانی.
لە دیدی تورکیاوە ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە خزمەتکردن‌و گەشەپێدانی ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ‌و باشترکردنی هەلومەرجی ژیانە لەو ناوچانەدا، بەڵام لە دیدی وڵاتانی دراوسێی وەك عێراق‌و سوریاوە ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی سیاسییەو هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئاویی وڵاتەکانیان‌و دەکرێت تورکیا لە داهاتوودا ئاو وەك چەکێك لە دژیان بەکاربهێنێت.

Send this to a friend