شەش ڕۆژی چارەنووسساز؛ دواخستنی هۆشداریی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەلایەن دەوڵەتی چین
وەرگێران: ئەژی ئازاد ئەبوبەكر
ئاژانسی هەواڵی ئەسیۆشێدپرێس لە ڕاپۆتێكدا ئاماژەی بەوە کردووە، كە دەوڵەتی چین لە كاتی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، شەش ڕۆژی چارەنووسسازی بۆ ئاگاداركردنەوەی خەڵكی وڵاتەكەی و هەروەها كۆمەڵگای جیهانی لەدەستداوە. بەپێی ئەم ڕاپۆڕتە، شی جیپینگ، سەرۆك كۆماری چین لە ڕۆژی حەوتەمی دوای ئاگاداربوون لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، واتە 20-ی كانوونی دووەمی 2020، سەبارەت بە مەترسییەكانی ئەم ڤایرۆسە هۆشداری داوە، بەڵام پێش ئەم ڕێككەوتە، زیاتر لە 3000 كەس لەو هەفتەیەدا كە دەوڵەتی چین بێدەنگیی هەڵبژاردبوو، تووشی ڤایرۆسەكە ببوون.
بەپێی زانیارییەكانی ئەسیۆشێدپرێس، دواخستنی هۆشداریی دەوڵەتی چین سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە مەودای نێوان 14 بۆ 20-ی كانوونی دووەم، نە یەكەمین هەڵەی دەوڵەتی چین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە نوێیە بووە و نە جیددیترین كاتكوشتن لە ئاستی جیهانی بووە: ڕابەرانی وڵاتە جیاوازەكان سەرەڕای هۆشداریییەكان، چەندین هەفتە و تەنانەت چەندین مانگ دەستەوسان بوون و بەشێوەیكی جیددی ڕێوشوێنی پێویستیان نەگرتەبەر. لەگەڵ ئەمانەشدا، دواكەتنی وڵاتی یەكەم لە ماوەیەكی دیاریكراوی چارەنووسسازدا ڕوویدا: سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس.
كۆماری چین لە یەك كاتدا، هەم دەیوست كە ڕای گشتی سەبارەت بە مەترسییەكانی نەخۆشیی نوێ هەستیار بكات و هەمیش ڕێگە لە پەشۆكاوی خەڵك و دروستبوونی پشێوی بگرێت، بەڵام پسپۆڕان بۆچوونی هاوبەشیان سەبارەت بە دروستی یان هەڵەبوونی ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی چین-یان نەبوو.
دكتۆر زو-فنگ ژانگ، ئەپیدمۆلۆژیستی زانكۆی كالیفۆرنیا دەڵێت: “ئەگەر دەوڵەتی چین شەش ڕۆژ زووتر ڕێكارەكانی دەگرتەبەر، تووشبووی كەمترمان دەبوو و كەرەستەی نەخۆشخانەكان بۆ وڵامدانەوەی تووشبووان وەك پیویست دەبوون”. لەگەڵ ئەمەشدا، بینیامین كاولی، مامۆستا لە زانكۆی هۆنگ كۆنگ دەڵێت كە راگەیاندنی باری نائاسایی، بڕیارێكی سادە نەبووە: “ئەگەر دوڵەت پێشتر لەو ڕێككەوتە هۆشداری بدایە، لەوانەیە وەكو چیرۆكی شوانە درۆزنەكە، ئیعتباری خۆی لەدەست بدایە و لە قۆناغەكانی دواتر ئامادەكردنی خەڵك ئاسان نەدەبوو”. هەڵبەت دواكەوتنی شەش ڕۆژەی دەوڵەت، دوای ئەوە ڕووی دا كە “ناوەندی نیشتمانی چاودێری نەخۆشییەكان” بۆ دوو هەفتە هیچ حاڵەتێكی نوێی لە تووشبوون بە نەخۆشی ڕانەگەیاندبوو. ئەمە لە كاتێكدا بوو كە لە 5 بۆ 17-ی كانوونی دووەم، سێ رۆژ پێش ئەوەی یەكەمین هۆشداری جیددی دەوڵەت بۆ هاونیشتمانیانی، سەدان نەخۆش، نەك تەنیا لە وهان، بەڵكو لە سەرانسەری چین لە نەخۆشخانەكان خەوێندرابوون.
پێدەچێت چاودێری توندوتۆڵی دەوڵەت لەسەر زانیارییەكان، بیرۆكراسی چەند لایەنە و ڕێگەنەدانی دەوڵەت بۆ بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناخۆش، لە گرنگترین ئەو هۆكارانە بن كە رێگربوون لە ڕاگەیاندنی خێرای دەوڵەت لە رۆژەكانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە؛ پێش ئەوەی كە چین هیچ جۆرە هۆشدارییەك بدات، دەوڵەتی تایلەند لە 13-ی كانوونی دووەم یەكەمین تووشبوون بە نەخۆشییەكی نەناسراوی نوێی ناساند و ڕایگەیاند. لەگەڵ ئەمەشدا و لە كاتێكدا كە زۆرێك لە میدیاكان، دەوڵەتی چین بە بڵاوكردنەوەی ئاماری ناڕاست لە ژمارەی قوربانییەكان و داپۆشینی قەیڕانەكە لە ڕۆژەكانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، تۆمەتبار دەكەن، دەوڵەتی چین دەڵێت كە هەر لە سەرەتاوە، مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەی بە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕاگەیاندووە.
ئەو بەڵگەنامانەی كە بەدەست ئاسۆشێدپریس كەوتوون، دەرخەری ئەوەن كە سەرۆكی كۆمیسیۆنی نیشتمانی تەندروستیی چین، لە 14-ی كانوونی دووەم و لە كۆبوونەوەیەكی نهێنیدا، ڕاپۆڕتێكی “ناڕوون”ی سەبارەت بە ڤایرۆسێکی نوێ گەیاندۆتە بەرپرسانی تەندروستی.
یاداشتێك ئەوە ئاشكرا دەكات كە لەم كۆبوونەوەیەدا، سەرۆكی كۆمیسیۆنی تەندروستی دەڵێت: “دۆخی پەتاكە زۆر ئاڵۆزە و سەختە، ڕووبەڕووی خەراپترین دۆخین لەو كاتەوەی كە ڤایرۆسی سارس لە ساڵی 2003 دەركەوتووە، وەك ئەوەی دیارە، ئەم دۆخە دەبێتە گەورەترین بابەت كە پەیوەست دەبێت بە تەندروستی گشتییەوە”. بەشێكی دیکە لە یاداشتەكە باس لەوە دەكات كە بەرپرسانی وڵات بە ئاماژەدان بە یەكەمین حاڵەتی تووشبوون لە تایلەند، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە “دۆخەكە بە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە لە دەرەوی وڵات بە شێوەی مانادار، گۆڕانكاری بەسەر هاتووە”.
كۆمیسیۆنی نیشتمانی تەندروستی لە دوای كۆبوونەوەکەی 14-ی كانوونی دووەم، نامیلكەیەكی ڕێنمایی بۆ ڕووبەروبوونەوی ڤایرۆسی نوێ بۆ بەرپرسانی خۆجێیی تەندروستی دەنێرێت، كە لەسەر بەرگەكەی نووسرابوو: “بۆ خوێندنەوەی گشتی نییە”. لەو نامیلكەیەدا داوا لە بەرپرسانی خۆجێی كراوە كە حاڵەتە گوماناوییەكان بدۆزنەوە، كەرەنتینەیان بكەن، لە نەخۆشخانەكان كلینیكی دەرمانی دابمەزرێن و كەرەستەی خۆپارێزی بە پزیشك و پەرەستارەكان بدرێت. لەگەڵ ئەوەشدا و هەر لەو ماوەیەدا، دەوڵەتی چین هێشتا مەترسییەكانی نەخۆشییەكە بە “ناگرنگ” وەسف دەكات: لی كون، سەرۆكی فریاكەوتنی ناوەندی چاودێری و خۆپارێزی نەخۆشییەكانی چین، لە 15-ی كانوونی دووەم لە تەلەفیزیۆن ڕایگەیاند: “ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بۆ مرۆڤ زۆر كەمە”.
تەنیا یەك رۆژ لە دوای ئەم لێدوانە، بەرپرسانی تەندروستی وهان و ناوچەكانی دیکە، دواجار كیتەكانی تێست و ڕەزامەندی دەوڵەتیان بۆ تاقیكردنەوەی حاڵەتە گوماناوییەكان وەرگرت و لە سەرانسەری وڵات بە دەیان حاڵەتی نوێ تۆمار كرا. لە 20-ی كانونی دووەم، سەرۆك كۆماری چین بۆ یەكەمجار هۆشداری دایە خەڵكی وڵاتەكەی كە پێویستە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بە جیددی وەربگرن. ئەمە هەر ئەو ڕۆژەیە كە دكتۆر ژانگ نانشان، ڕایگەیاند كە ڤایرۆسەكە لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.
ئەم دواخستنەی بەرپرسانی چین، لەوانەیە تۆمەتی ترەمپ بۆ پەكین بەهێز بكات، ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو كە شاردنەوەی هەواڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە لایەن دەوڵەتی چین، بووە هۆی ئەوەی كە كاردانەوەی جیهانی بۆ ئەم نەخۆشییە نوێیە دوابكەوێت.