مەرجەعیەتی شیعە و نەخشەی دابەشبوونیی لە نێوان نەجەف و قوم
یاسین تەها
دەستپێك:
مەرجەعیەت دامەزراوەیەكی ئایینی هەڵسوڕێنەرە لە ناو پەیڕەوانی شیعە، سروشتی پێكهاتەكەشی وەهایە تاكە كەسێكە لە شێوەی دامەزراوە، هەروەها بە جوگرافیا و وڵاتێكی دیاریكراویشەوە پەیوەست نییە، بەڵام فاكتەرە مێژویی و جیۆپۆلەتیكییەكان لە سەردەمی جیاوازدا سەنگ و قورسایی بە هەندێكیان بەسەر ئەوی تردا بەخشیوە. ئەم بابەتە هەوڵێكە بۆ هەڵوێستە لەبارەی چەمكی مەرجەعیەت و جوگرافیای دابەشبوونی لە نێوان هەردوو حەوزەی نەجەف و شاری قوم.
بۆشایی مەهدی
بیرۆكەی مەرجەعیەت لە ئایینزای شیعەدا بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئیمامی دوازدەیەمی كۆتا زنجیرەی ئیمامەتی شیعەیە (المهدي)، كە بەپێی بیروباوەڕی ئەم تائیفەیە لە ئێستادا پەنهان و غەیبە، تا ئەو كاتەشی سەر لەنوێ دەردەكەوێتەوە، ئەوە پەیڕەوانی شیعە له‌سه‌ریان فه‌رزه بۆ ڕاییكردنی كاروباری ئایینی خۆیان بگەڕێنه‌وه بۆ ئه‌و شهرعزانانهی پله‌ی موجته‌هیدیان هه‌یه له هه‌ڵهێنجانی حوكمەكانی شه‌ریعه‌ت، یان ئه‌وانه‌ی مۆڵەتیان هەیە بۆ فەتوادان و پلەكەیان «عەللامە» و «ئایەتوڵڵا» یە. لە سەرچاوە عەقیدەییەكانی شیعەدا، ئیمام مەهدی ڕابەر و پێشەوای كۆتاییە لە زنجیرەی ئیمامەت، غه‌یب بوونیشی دوو قۆناغی هەیە؛ یەكێكیان كاتی و بچووك بووە (الغیبة الصغری)، ئەوی تر درێژخایەن و تا كۆتایی دنیایە (الغیبة الكبری)، لە غەیب بوونە بچووكەكەشدا پەیڕەوانی شیعە گەڕاونەتەوە بۆ سەر چوار كەسایەتی كە بانگەشەی بریكاری و نوێنه‌رایەتی ئیمام مه‌هدی كوڕی حەسەنی عەسكەری-یان كردووە و بە «السفرا‌ء الأربعة» لە ناو شیعەدا ناسراون (1)، ئه‌م چوار كەسە (عثمان سعید العمری، محمد عثمان سعید العمری، ا‌لحسین روح النوبختی، وعلی محمد السمری)، نزیك له حه‌فتا ساڵ مەرجەعی شوێنكەوتەكانی ئایینزای شیعە بوون، ئەویش لە پاش مردنی ئیمام حه‌سه‌ن عه‌سكه‌ریی باوكی مەهدی ساڵی 260 ك _ 874ز له عێراق و ئه‌سپه‌رده‌كردنی له سامه‌ڕا، كە شیعەكان باوەڕیان وایە ژەهرخوارد كراوە. (2)
مه‌رگی كۆتا كه‌س له‌و چوار نوێنەرەش ساڵی 329 ك_ 941، قۆناغی باڵیۆزەكانی مەهدی كۆتایی دێت، ئەمەش بوو بە دەستپێك و سەرەتای سەرهەڵدانی مەرجەعیەت له‌ناو جیهانی شیعه، كه بریكار و نوێنه‌ری ئیمامی زەمانن (المهدي)، بەڵام بەشێوەیەكی دوورتر لە نوێنەرایەتی و نامەبەریی ڕاستەوخۆ (3). چونكه پاش بزربوونی بچووك، بزربوونی گه‌وره و یه‌كجاریی مه‌هدی ده‌ستپێده‌كات و ساڵی 329 ك_ 941ز دەستپێدەكات و تا ئه‌وكاته درێژە ده‌كێشێت كه مه‌هدی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر زه‌وی لە كۆتایی دونیا بۆ «به‌رپاكردنی دادگه‌ری»(4)، ئەم گەڕانەوەیەش هاوكات دەبێت لەگەڵ كۆتاییهاتنی دنیا، ئەمەش بیرۆكەی ڕزگاركەر (المخلص) و چاوەڕوانی كردنییەتی لە ئاسمانەوە.
هەرچەندە مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی مەرجەعیەت و ده‌زگا ئایینییه‌كانی شیعە ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی چواره‌می كۆچی/ ده‌یه‌می زایینی له به‌غدا، به‌ڵام له سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كاندا له ئێران له سه‌ده‌ی شانزه‌دا زیاتر په‌ره‌یسه‌ندووه و گه‌یشتووه‌ته لوتكه و به‌ر له سه‌رده‌می سه‌فه‌وی مێژووی مه‌رجه‌عیه‌ت ناڕوون و تێكه‌ڵ و پێكەڵە و وێنەیەكی ڕوون نادات بە دەستەوە.
سەرهەڵدانی مەرجەعیەت
مەرجەعەكان، كە جێگرەوەی نوێنەرەكانی مەهدی (السفرا‌ء)ن، بە گوێرەی ئاست و شارەزایی و پێگەكەیان، نازناوی تایبەت بەخۆیان هەیە، كە لە نێوان «ئایەتوڵڵا» و «ئایەتولڵای عوزما»، مێژووی بەكارهێنانی ئەم زاراوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەغۆلەكان و بۆ یەكەمجار بۆ رێبەر و لێكۆڵەری شیعە «ابن المطهر الحلي» بەكارهاتووە كە لە سەدەی چواردەیەمی زایینی ژیاوە (م. 1325ز) (5)، بەم پێیەش سەرهەڵدانی شتێكی تازە و نوێیە لە سەردەمی ئیمامەكانی شیعەدا نەبووە. شوێنكەوتنی مەرجەع و تەقلیدكردنی فەتواكانی ئاره‌زوومه‌ندانه نییه و ناچارییە، به پێی گێڕانه‌وه‌كانی شیعه هه‌ركه‌س لاری لێی هه‌بێت ئه‌وه تانه‌ی له حوكمی خوا داوه (6)، ئەم شوێنكەوتنەش نامۆ نییە بە كولتووری مەزهەبە ئیسلامییەكان كە سەردەمێكی زۆر شوێنكەوتنی سەرمەزهەبەكانیان بە واجب و پێویست زانیوە، بەو پێیەی هیچ كەس ناتوانێت راستەوخۆ لە ئەحكامەكانی شەریعەت بگات بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕاڤە و هەڵهێنجانی ئەو پێشەوایانە، بەڵام لەناو شیعەدا زیاتر جەختی لێ كراوەتەوە و بەبێ ئەوە ئایینداری و خەرجكردنی زەكات و مافە شەرعییەكان جێبەجێ ناكرێت.
لە ئایینزای سووننەدا شەرعزانەكان زۆرجار لایەنگری دەسەڵاتدارن، یان لانیكەم لەگەڵیدا هەڵدەكەن و خۆیان بەدوور دەگرن لە بەریەككەوتنی، بەم جۆرەش زۆركەم وەك ڕكابەر، یان سەربەخۆ لە دامەزراوەی حوكمڕانی دەردەكەون، بەڵام لە ناو شیعەدا مەرجەعەكان خاوەن شوناس و تایبەتمەندی و تەنانەت ئابووری سەربەخۆی خۆشیانن، چونكە ئەوان جگه له ده‌سه‌ڵاتی ڕۆحی، پاره‌ی خومس و مافه شه‌رعییه‌كان (كەفارەتی سوێند و خێر و نەزر) له خه‌ڵكی باوه‌ڕداری شیعه كۆده‌كه‌نه‌وه، لەوانیشەوە جارێكی تر بەسەر هەندێك لەو چین و توێژانەدا دابەش دەبێتەوە كە شایستەن، یان هەژارن، بەم هۆیەشەوە باكیان به ده‌وڵه‌ت نییه و سه‌ربه‌خۆ و ده‌ستكراوه‌ن له هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌كردن (7)
سروشتی مەرجەعیەتیش وەهایە كە یەكگرتوو نییە، بەو مانایەی دەكرێت لەیەك كاتدا چەند مەرجەعێك لە گۆڕەپانی شیعی‌دا هەبن، ئەم حاڵەتەش ئەگەرچی لە ڕووی تیۆرییەوە زۆر پەسەندكراو نییە، بەڵام بەو پێیەی بووەتە واقیع، سەدان ساڵە بە ناچاری مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، هەندێك لە شەرعزانە شیعەكانیش هەوڵیان داوە لایەنە ئه‌رێنییه‌كانی ئه‌م فره مەرجەعییە زەق بكەنەوە، وه‌ك رێگری له پیرۆزكردنی تاكە كەس و به مه‌عسوم زانینی مەرجەعێك، كه‌ڵك وەرگرتن لە جیاوازی دیدگا و بیركردنه‌وه جیاوازەكان بۆ گەیشتن به بڕیاری دروست، به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چوون له بڕیار و حوكمه گرنگەكان و هەر ئەم فرەییەشیان بە هۆكاری زیندوو مانەوەی فیقهی ئیمامی داوەتە قەڵەم (8)، بەڵام ئەمە زیاتر وەك پاساو هێنانەوەیە، ئەگەرنا گوتاری یەكدەنگی و یەك ڕەگی سیمایەكی زاڵتر لە هەردوو ئەدەبیاتی شیعە و سوونەدا بەرمەبنای ئەو دەقی ئایەت و فەرموودانەی كە باس لە یەكێتی و یەكڕیزی و دووركەوتنەوە لە پەرتەوازەیی دەكەن.
مەرجەكانی مەرجەعیەت
ئەوانەی سیفەتی مەرجەعیان پێدەدرێت و خەڵك شوێنیان دەكەون، پێویستە چه‌ند مه‌رجێكیان تێدا بێت، له‌وانه‌ش شيعەی ئیمامی بوون، نێر بوون بەو مانایەی ژن نابێت، عه‌داله‌ت، ئیجتیهاد كه كۆشش كردنه بۆ هه‌ڵهێنجانی حوكمی شه‌رع، له‌گه‌ڵ مه‌رجی زانایی له ئه‌حكامی دین و له كاتی زۆریی ژمارەی مهرجهعهكانیشدا زاناترینیان ده‌بێته سه‌ر مه‌شق و ڕێبه‌ر و باڵا (9)، بەڵام بەهۆی ئەوەی دیاریكردنی زاناترین و پێوەرەكانی ئەو دیاریكردنە شتێكی كۆنكرێتی نییە و ڕاجیایی زۆر هەڵدەگرێت، بەتایبەت كە لقەكانی شەرعزانی و عەقیدە زۆرن، هەمیشە جیاوازی لەنێوان پەیڕەوانی شیعەدا هەیە بۆ دیاریكردنی زاناترین و هەر ئەمەش هۆكاری پەرتەوازە بوونیانە بە سەر چەند مەرجەعیەتێكی جیاوازدا، كە هەریەكە لەوانە بانگەشەی زاناترین دەكەن و هەر كۆمەڵە كەسێكیش شوێن یەكێك لە مەرجەعە دڵخوازەكانی خۆیان دەكەون و ئەوانەیان پێ زاناترینە.
مه‌رجه‌عه‌كان له ئایینزای شیعه‌دا وه‌ك ئیمامه‌كان، مه‌عسوم نین و ده‌شێت بكه‌ونه هه‌ڵه‌وه، به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌تێكدا ڕەخنه لێگرتن و هێرشكردنه سه‌ریان كارێكی ڕەوا و ڕێگه پێدراو نییه، مه‌گه‌ر ڕەخنهكان كۆمه‌ڵێك مه‌رجیان تێدا بێت، كه بریتین لە: بابه‌تی بوون، شه‌رعی بوون، شایسته‌یی و لێوه‌شاوه‌یی كه‌سی ڕەخنهگره، به جۆرێك ئاستێكی هه‌بێت له مه‌سه‌له شه‌رعییه‌كانی په‌یوه‌ست به ئایینزای شیعه، له كۆتاییشدا دەبێت ڕەخنهكه له ئه‌دای مهرجهعهكه بگیرێت، نه‌ك فه‌تواكه‌ی، چونكه به‌پێی سه‌رچاوه شیعییه‌كان فه‌توا و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاری شهرعزانهكانه، نه‌ك ڕخنه‌گران و چاودێران(10) بە كورتییەكەی مەرجەعەكان جۆرێك لە پارێزبەندیان هەیە و ڕەخنەلێگرتنیان هەروا كارێكی سانا نییە و لەبەردەم زۆرینەی خەڵكدا كراوە نییە.
به‌ر له سه‌رده‌می سه‌فه‌وی مێژووی مه‌رجه‌عیه‌ت ناڕوون و تێكه‌ڵ و پێكەڵە و وێنەیەكی ڕوون نادات بە دەستەوە
دەسەڵاتەكانی مەرجەع
سه‌رجه‌م سه‌رچاوه و ئاڕاسته شیعییه‌كان كۆك و یه‌كده‌نگن له‌سه‌ر كارایی ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعزانه مه‌رجه‌عه‌كان، به‌ڵام له‌سه‌ر سنوری ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه ناكۆكی و جیاوازیان هه‌یه. هه‌ندێكیان لایه‌نگری ویلایه‌تی تایبه‌ت و سنوردارن و په‌یوه‌ستن به هه‌ندێك بواری ته‌قلیدی ئایینییه‌وه (الولایة المقیدة)، هه‌ندێكی تریان له‌گه‌ڵ ویلایه‌تی ڕەها و گشتگیردان (الولایة المطلقة)، ئەمەش له ئێران‌دا پهیڕەو ده‌كرێت و مه‌رجه‌عی باڵای وڵات خاوه‌ن دوا قسه‌ی كاروباری سیاسی و حكومی و رێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامییه (11)ئەم پرەنسیپەش لە دەستووری ئێرانی‌دا جێگیر كراوە و جگە لە عەقیدە هێزی یاسایی هەیە.
سنورەكانی دەسەڵاتی مەرجەع و شەرعزان لە فیقهی شیعی‌دا جێگەی مشتومڕن لە نێوان هەر دوو تێزی ویلایەتی فیقهی ڕەها و ویلایەتی سنوردار، بەڵام سه‌رچاوه شیعییه‌كان به گشتی سێ ئه‌ركی سه‌ره‌كیان بۆ شه‌رعزانی هه‌ڵگری مه‌رجه‌كانی مه‌رجه‌عیه‌ت دیاریكردووه، ئه‌وانیش بریتین له: فه‌توادان، قه‌زاوه‌ت كردن و چاره‌سه‌ری ناكۆكییه‌كانی خه‌ڵك، ویلایه‌ت كه كاروباری كارگێڕی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ده‌گرێته‌وه(12). هه‌ر ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌ی كار و سنوری جموجۆڵی مه‌رجه‌عه شیعه‌كانی ئێستایه و سه‌رجه‌میان به‌پێی ده‌سه‌ڵات و ژماره‌ی لایه‌نگرانیان موماره‌سه‌ی ئه‌و ئه‌ركانه ده‌كه‌ن كە زۆرجار لەگەڵ سنورەكانی دەوڵەتدا تێكەڵ دەبن.
شوێنكەوتنی مەرجەع و تەقلیدكردنی فەتواكانی ئاره‌زوومه‌ندانه نییه و ناچارییە، به پێی گێڕانه‌وه‌كانی شیعه هه‌ركه‌س لاری لێی هه‌بێت ئه‌وه تانه‌ی له حوكمی خوا داوه
مەرجەعیەتی نەجەف
مێژووی دروستبوونی حەوزەی ئایینی نەجەف و مەرجەعەكەی وابەستەی مێژووی مەزهەبی شیعەیە، چونكە جگە لەوەی شارەكە پایتەختی دەسەڵاتی ئیمام عەلی بووە (35_40ك/ 656_661ز)، نزیكە لە پیرۆزترین پێگەكانی شیعەشەوە، وەك ئارامگای ئیمام عەلی و ئیمام حوسێن و ئیمام عەباسی كوڕی، هەرەوەها لە نزیك مەڵبەندی غەیببوون و دووبارە دەركەوتنەوەی ئیمام مەهدی دایە لە ژێر زەمینێكی شاری سامەڕا كە پایەیەكی بنەڕەتی عەقیدەی شیعەگەرییە(13)، بەشی زۆری ئەو رووداوە مێژوییانەشی تان و پۆی مەزهەبی شیعە پێكدەهێنن هەر لە عێراق ڕوویانداوە لە شەڕەكانی ئیمام عەلی لەگەڵ نەیارانی و پاشان كوژرانی حسێن و تۆڵەكردنەوەی، هەروەها مەرگی گوماناوی ئیمام موسای كازم لە بەغدا و چیرۆكی مەرگی باوكی مەهدی، كە حەسەنی عەسكەرییە.(14)
مێژووی حەوزەی ئایینی نەجەف دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی كۆچی/ دەیەمی زایینی، لەم كاتەدا بەشی زۆری مەلا و رێبەرە شیعەكان بە هۆی باڵادەست بوونی توركە سەلجوقییە سوننەكانەوە لە بەغدای پایتەخت بارگە و بنەی خۆیان پێچایەوە بۆ شاری نەجەف. ئەم كۆمەڵە مەلایەی شیعە كە شێخی تائیفەكە (أبو جعفر الطوسي) گەورەیان بوو،ە پەنا و سایەی گڵكۆی ئیمام عەلیان كردووەتە پایتەختی رێبەرایەتی ئایینی خۆیان و لەوێ دەستیان كردووە بە وانە خوێندن و پیادەكردنی سرووتەكانی شیعەگەری(15)، ئەمەش بەرەنجامێكی ئاسایی تێڕوانینی شیعەكانە بۆ شارەكە، چونكە بەپێی گێڕانەوەكانیان، نەجەف پێگەیەكی زۆر گرنگی هەیە و پێیانوایە پیرۆزترین خاكە بە لای خوداوە، هەر لەبەر ئەمەش نازناوی «الأشرف»ی پێ بەخشراوە، تەنانەت گێڕانەوە شیعییەكان باس لەوە دەكەن ناشتن و بەخاك سپاردن لە گۆڕستانی ئەم شارە، مردووەكە دەپارێزێت لە سزای ناو گۆڕ، هەر لەبەر ئەمەشە گەورەترین گۆڕستانی لێیە كە ناوی «وادی السلام»ـە و موسڵمانی شیعە لە هەركوێی دنیادا بمرن ئاوات بەوە دەخوازن لە نەجەف ئەسپەردە بكرێن.(16)
مەرجەعەكان جۆرێك لە پارێزبەندیان هەیە و ڕەخنەلێگرتنیان هەروا كارێكی سانا نییە و لەبەردەم زۆرینەی خەڵكدا كراوە نییە
پێگە ئایینی و مێژووییەكەی نەجەف بە درێژایی چەندین سەدە كردویەتی بە مەڵبەندێكی گرنگی شیعەگەری و قوتابخانەیەك بۆ پێگەیاندن و دروستكردنی مەرجەع، لە مێژووی نوێ و هاوچەرخیشدا دوو لە گەورەترین مەرجەعەكانی شیعەی دنیا كە موحسین ئەلحەكیم (1970 مردووە) لەگەڵ ئەبوقاسم ئەلخوئی ( 1992 مردووە)ن، هەر لە شاری نەجەف بوون، لەسەر دەستی ئەوانیش كۆمەڵێك مەرجەع و پیاوی ئایینی شیعە دەرچوون، كە تا هەنووكە كاریگەریان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكان هەیە، دیارترین ئەوانەش سیستانی خوێندكاری نزیكی خوئییە.
پێگەی قوم
ئەم حەوزەیە لە پەنا ئارامگای فاتیمەی كچی ئیمام موسای كازمی حەوتەم ئیمامی شیعەكان و خوشكی ئیمامی هەشتەمی شیعە عەلی كوڕی مو‌سا (الرضا) دامەزراوە، ریشەی خوێندنگا ئایینییەكەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆچی عەشیرەتی ئەشعەری کوفی عێراقی بۆ قوم (سەدەی 1ك/7ز) و دامەزراندنی شارەكە، بەم شێوەیە قوم شانبەشانی کوفە و بەغدا یەکێکە لە سێ کۆنترین مەدرەسە ئایینییەكانی شیعە لە مێژوودا. بەڵام قۆناغی درەوشانەوەی مەدرەسەی قوم لە سەدەی چوارەمی کۆچی/ دەیەمی زایینی، لەسەر دەستی شێخ «محمد بن علي البابویه» بووە كە بە «الشیخ الصدوق»یش دەناسرێت و یەكێكە لە گەورە شەرعزان و لێكۆڵەرەكانی شیعە. لە مێژووی نوێشدا شێخ عەبدولکەریم حائیری دەرچووی حەوزەی نەجەف لە ساڵی 1919ز ڕووی کردە قوم و لەوە بەدوا شارەكە بە تەواوی بووەتە ناوەندێکی سەرکردایەتی مەزهەبی شیعە.(17)
پێگە ئایینی و مێژووییەكەی نەجەف بە درێژایی چەندین سەدە كردویەتی بە مەڵبەندێكی گرنگی شیعەگەری
جگە لە باكگراوندە ڕۆحییەكەشی، بەهۆی دەسەڵاتی سەفەوییەكانەوە گرنگی زۆر بە شاری قوم دراوە، هەر لەم میانەیەدا كاتێك سەفەوییەكان لەسەرەتای سەدەی 16 زاینی كۆنترۆڵی ئێرانیان كرد و شیعەگەرییان كردە مەزهەبی سەرەكیی دەوڵەتەكەیان، مەلا و بانگخواز و شەرعزانی زۆری شیعەیان لە باشووری لوبنانەوە برد بۆ قوم بە مەبەستی زیاتر پەرەپێدانی(18)، لە سەردەمی پەهلەویشدا بە هۆی ئەوەی لە عێراق دەسەڵات بە دەست زۆرینەی سوننەوە بووە، حەوزەی نەجەف دەرفەتی ئەوەی نەبووە وەك قوم گەشە بكات و لەم میانەشدا جاری وەها هەبووە ڕێبەرایەتی شیعەی جیهان بە عێراقیشەوە كەوتووەتە شاری قوم لە نموونەی سەید حسێن بروجردی، كە تا كۆتایی ژیانی لە 1961 بۆ ماوەی 15 ساڵ مەرجەعی بێ ركابەری شیعەی دنیا بووە.(19)
لەپاش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و زاڵبوونی تەواوەتی خومەینی بەسەر شۆڕشە‌كە‌دا (1979)، دەرفەتی زیاتر ڕەخسا بۆ بووژانەوەی قوم، لە كاتێكدا لە بەری عێراق رژێمی بەعس سەرقاڵی سەركوت و داپڵۆسینی شیعە و قوتابخانەی نەجەف بوو، لەم میانەیەشدا دەكرێت ئاماژە بەوە بكرێت ژمارەی ئەندامانی حەوزەی نەجەف ساڵی 1967 نزیکەی 16 هەزار فەقێ و مامۆستای ئایینی بوون، ئەم ژمارەیەش تا ساڵی 1991 کەم بووەتەوە بۆ تەنها 500 كەس، واتە ڕژێمی بەعس زیاتر لە 90%ی حەوزەی نەجەفی لە ماوەی 24 ساڵدا پووكاندووەتەوە، ئەگەر ئەوە نەبوایە ڕەنگە لە ئیستادا كارمەندانی حەوزەی نەجەف لە سەروو 50 هەزار كەس بوونایە(20) ئەم سیاسەتی بچووككردنەوەیەش حەوزەی نەجەفی داڕنی لە یەكێك لە سەروەرییەكانی، كە فێرخوازە بیانییەكانن، پاكتاوە هاوشێوەكانی تری شارەكەش لە ڕاپەینی 1991 و ساڵانی دواتر وایكرد رێگا بۆ حەوزەی قوم خۆش ببێت، كە ببێتە جێگرەوە و بەدیلی گونجاو بۆ حەوزەی نەجەف. تا ئەو كاتەشی سەدام ڕووخا (2003) ژمارەیەكی زۆری مەرجەع و كەسایەتییە ڕاوەدونراوەكانی شیعە لە شاری قوم گیرسانەوە و تا ئێستاش هەر لەوێ نیشتەجێن لە چەشنی شیرازییەكان و كەمال حەیدەری و ئایەتوڵڵا حائیری، كە سەرجەمیان بە ڕەچەڵەك عێراقین و لایەنگر و شوێنكەوتەی زۆریشیان لە وڵاتی دایكی خۆیاندا هەیە.
جیاواز لە باكگراوندی مێژوویی و پێگەی رۆحی، بە هۆی كارتێكەرە نەتەوەیی و سیاسییەكانەوە، دەكرێت بوترێت كێبڕكێیەكی سیاسیی بێدەنگ لە نێوان هەردوو حەوزە و مەرجەعیەتی نەجەف و قوم‌دا هەیە، هۆکاری ئەم ڕكابەرییەش بۆ چەند شتێك دەگەڕێنەوە، وەك: تێزی ویلایەتی فەقیهـ كە لە قوم زاڵە و لە نەجەفدا دەسەڵاتی شەرعزان لەوان بەرتەسكترە لە ڕووی تیۆرییەوە، هەروەها لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پانتاییانەی دەكرێت ببنە مەیدانی جموجوڵ ڕا جیاییان هەیە، بە تایبەتی کاتێک هەندێک لە قەیرانەکان لەو وڵاتانەدا سەرهەڵدەدەن کە موسڵمانانی شیعە لەخۆدەگرن و دید و تێڕوانینی جیاواز دەهێننە كایەوە بۆ چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵیاندا، هەروەها مەرجەعیەتی نەجەف لە كێشمەكێش و هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی ڕۆڵی مێژوویی ڕۆحی خۆی بپارێزێت و سەربەخۆیی خۆی بە كردەیی پیادە بكات، بەڵام مەرجەعیەتی قوم بەهۆی دەوڵەتی ئێران و ئاوێتە بوونی لەگەڵ ویلایەتی فەقیهـ ئامادەیی زیاتری لە كایەی سیاسی‌دا هەیە و دەرفەتی زیاترە بۆ دروستكردنی كاریگەریی.(21)
پەراوێز و سەرچاوەكان
(1)عامر العیدي: السفرا‌ء الأربعة، موسوعة أهل البيت، 2004، ص ص 2_5.
(2)سید مهدی ایت الهى: الامام حسن العسكری، ترجمه كمال السید، مؤسسة أنصاريان، ق‌م، ص 22
(3) فاضل المالكی: الغیبة الصغرى والسفراء الأربعة، مركز الأبحاث العقائدية، ق‌م، 1420 هـ، ص 45.
(4) صالح الكرباسی: ما هی مراحل غیبه الامام المهدی؟ مركز الاشعاع الإسلامی للدراسات والبحوث، https://bit.ly/3WA67wj .
(5) جودت القزوینی: المرجعیة الدینیة العلیا عند الشیعة الإمامیة، دراسة فی التطور السیاسي والدیني، دار الرافدین، 2005، ص 354.
(6) الحر العاملي: وسائل الشیعة إلى تحصیل مسائل الشریعة، تحقیق ونشر: مؤسسة أهل البیت لإحياء التراث، ق‌م، ط2، 1402، ج 27، ص 136 _ 137
(7) جودت القزوینی: المرجعیه الدینیه العلیا، ص 366
(8) محمد سعيد الحكيم: المرجعية الدينية وقضايا اخرى، نشر: دار الهلال، 2010، ج1» ص ص 46_47.
(9) محمد تقي بهجت، توضيح المسائل، انتشارات شفق، بيروت، ص 8.
(10) ضياء الخباز (9/ 5/ 2018)، هل يصح للناس نقد المراجع، https://aldiaa.net/qa78/
(11) صالح الكرباسي: ما الفرق بين ولاية الفقيه الخاصة و ولاية الفقيه العامة، https://bit.ly/3T8lU2G .
(12) معهد الخوئي، الكلام في ولایة الفقیه، https://bit.ly/3ThsmEM
(13) العتبة العسكرية، السرداب المقد‌س، http://www.askarian.iq/pages?id=11
(14) ديوان الوقف الشيعي، دليل المزارات، https://bit.ly/3DZhQwj
(15) الذهبی: سیر أعلام النبلا‌ء، مؤسسە الرسالة، 2001، ج 18، ص 335.
(16) مركز الرصد العقائدي، الدّفنُ فِي النّجفِ يُنجِي مِن حسابِ البرزخِ، https://bit.ly/3NFijIj
(17) علي المؤمن، الحوزة العلمية الشيعية بين النجف وقم، https://bit.ly/3t2XYDq
(18) فراس حمیة، هل أصبح شیعة لبنان تابعین لإیران، https://bit.ly/3fDmBDr
(19) المعرفة: حسين البروجردي، https://bit.ly/3zJPaGg
(20) على المؤمن، سەرچاوەی پێشوو.
(21) علا‌ء حمید، الصراع الصامت بين مرجعية النجف وقم، https://bit.ly/3UwmSae
وەرزنامەی ئایینناسی ژمارە (1) كانونی دووەمی (2023) ساڵی یەكەم