عەقڵیەتی سەلەفی چووەتە ناو ئیسلامیی كۆمەڵایەتی لە كوردستان
گفتوگۆی: ئایینناسی
چۆلی فایەق، لەدایكبوی 1991 هەولێر.
توێژەر لە بواری فكری ئایینی.
12 بەرهەمی چاپكراوی لە بواری فكری ئاینی و ئەدەبی كوردی هەیە
لەم گفتوگۆیەدا، چۆلی فایەق نووسەر تیشك دەخاتە سەر دیدگای سەلەفییەت و سەلەفییەكانی كوردستان، دەڵێت “عەقڵییەتی سەلەفییەت چووەتە نێو ئیسلامی كۆمەڵایەتی لە كوردستان، ئەمەش بە جۆرێكە بیركردنەوەی سەلەفییانە بووە بە میانەی ئاسایی دینداریی خەڵكی ئاسایی”، ئەو پۆلێنی سەلەفی لە سیاقە مێژووییەكەیدا دەكات، پێشیوایە سەلەفییەكان مەرجەعی خۆیان لە چەند كەسایەتییەكی ناو ئەو مێژووەوە وەرگرتووە.
ئایینناسی: بە سەرنجدان لە دیدگای بانگەشەكارانی سەلەفییەت، چ پۆلێنێك بە زانستی و گونجاو بۆ سەلەفییەت لە كوردستان دەزانیت؟
چۆلی فایەق: وەك بیركردنەوە و ڕوانین لە پرسە دینی و دونیاییەكان، عەقڵییەتی سەلەفییەت چووەتە هەموو ماڵ و قوژبنێكی كوردستان، عەقڵییەت و بنەواكانی سەلەفیزم لەنێو پارتە دینییەكان و نادینییەكان و ڕەوتە مەزهەبییەكانیش ئامادەیە، خاڵی وردتر ئەوەیە كە سەلەفییەت دەستی خۆی لە دینڕەویی كۆمەڵایەتی وەشاندووە، واتە بە جۆرێك بیركردنەوەی سەلەفییانە بووە بە میانەی ئاسایی دینداریی خەڵكی ئاسایی. ئەمە وەك عەقڵییەت و دونیابینی، هەرچی وەك ڕەوت و بانگەشەكارانی بێت، ئەو گرووپەی كە بە ئاشكرا خۆ بە سەلەفی ناودێر دەكەن و وەك ڕەوتێكی دینی مامەڵە دەكەن، لەو پۆلە ڕیزبەند دەكرێن، كە بە سەلەفییەتی مەدخەلی ناودێر كراون.
ئایینناسی: خاڵی لێكچوو و جیاوازی نێوان گرووپە سەلەفییەكانی كوردستان چییە؟ چ شتێك ئەوان لە گرووپە تیرۆریتسییەكانی وەكو داعش جیا دەكاتەوە؟
چۆلی فایەق: خاڵی جیاوازیی نێوان گرووپە سەلەفییەكان تەنیا یەكێكە، ئەوەی كە بە هەڵسوكەوت لەگەڵ دەستەڵاتداران (التعامل مع الحكام) ناسراوە. جگە لە ئەوە سەلەفییەكان لە (الاسماء والصفات) واتە لە خانەی عەقیدە، هەروەتر لە (الفقه واحكامها) واتە لە خانەی فیقهی هەموویان وەك یەكتر بیر دەكەنەوە. هەڵگری عەقڵییەتی سەلەفی لەنێو هەر گرووپ و پارتێك بێت، لە عەقیدە و فیقهدا هەر وەك یەك بیر دەكەنەوە.
ئەگەر كتومت مەبەستت ڕەوی سەلەفیزمی مەدخەلییە، ئەوا جیاوازییەكە دەسەڵاتە. سەلەفییەكان لەبەر سێبەری حكومەتە عەلمانییەكان خۆیان مەڵاس دەدەن، ڕەوتی ئۆپۆزسیۆن و بەرەنگاری نین، پێچەوانەی داعش، كە چاوی لە كڕۆك و گەوهەری دەسەڵات بوو، بە مەبەستی جێبەجێكردنی شەریعەت. بنەوا عەقیدەیی و فیقهییەكانی داعش هاوتا بوو بە بنەماكانی سەلەفییەت، بەڵام ئەوە واتای ئەوە نییە، كە سەلەفییەكانی كوردستان داعش بن. ڕاستییەكەی بەندە هەر لە بنڕا ئەو گتوبێژەم پێ نازانستی و زێدەیە، بەوەی ئاخۆ سەلەفییەكان داعشن، یان نا! ئەم پرسیار و باسە بۆچی؟ لە 40 ساڵی ڕابردوو چەندان گرووپی تیرۆریستی بە ناوی جودای دینی دەركەوتن و كارەستیان نایەوە؟ داهاتوو چ گرووپێكی دیكەی تیرۆریستیمان بۆ قیت دەكاتەوە؟ داعش هەبێ، یان نەبێ، بنەما عەقیدەیی و فیقهییەكانی سەلەفییەت هەر دەمێنێت. من وای بە زانستی و ژیری دەبینم، كە سەلەفییەت و سەلەفییەكان وەك خۆیان و بە پێوانەی خۆیان بپێوین، نەك بە داعش. سەلەفییەكان توندڕەون، بەڵام توندوتیژ نین. لە نێوان توندوتیژی و توندڕەویشدا جیاوازییەكی گەوهەری و میتۆدی هەیە. گرووپە تیرۆریستییەكان توندوتیژی دەكەن، كە ئەوەش تۆقاندن و تیرۆرە، بەڵام سەلەفییە مەدخەلییەكان ئەگەرچی توندڕەون، بەڵام كردەی توندوتیژی ئەنجام نادەن و ناتوانرێت كتومت بە داعش پێناسە بكرێن، بەڵام لە هەمان كات، داعش وەك فیكر و دونیابینی بە موو لە سەلەفیەتی لانەدا، قۆناغی توندڕەویی گەیاندە لوتكەی توندوتیژی، جگە لە یاریی هەواڵگری و شەڕی دەسەڵاتەكانی جیهان، كە چەند ساڵ جارێك لە جیهان لەژێر ناوی هەر دین و ڕەنگێك بێت، گرووپێكی تیرۆریستیی نوێمان لێ قیت دەكەنەوە. لە پشتەوەی هەموو شەڕە دینییەكان، شەڕی نەتەوەیی و شەڕی دەستەڵات و شەڕی پاوانخوازی خۆیان حەشار داوە.
ئایینناسی: ئەوەی تێبینی دەكرێت، بانگەشەی سەلەفییەت لە كوردستان لە هەڵكشاندایە، هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
چۆلی فایەق: یەكەم هۆ دەسەڵاتی كوردییە، كە بە هەموو شێوەیەك ڕێی بۆ سەلەفییەت خۆش كرد و پشتیان دەگرێت.
هۆیەكی تر پارتە ئیسلامییەكانن، كە ساڵانی زوو تەباییەكی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ سەلەفییەكان دژ بە سۆفی و ئەشعەرییەكان بەستبوو، كڕبوون و قایلبوونی ئەوان ڕێی بۆ بانگەشەی سەلەفییەت خۆشتر كرد.
لاوازبوونی ڕەوتی حوجرە و مەلای دوازدەعیلم، كە دەسەڵات بە نیاز پشتی تێكردن، بەو هۆیەش بانگەشەی سەلەفییەت بووە جێگرەوەی مەلای دوازدەعلیم، بەوەش مەرجەعی دینی لە مەلا و حوجرەوە بەرەو سەلەفییەت گواسترایەوە، بەو جۆرەش سەلەفییەت لە كوردستان باڵی بەسەر ئیسلامی كۆمەڵایەتیدا گرتووە.
ئایینناسی: دەوترێت سەلەفیەت هاوردەکراوە و مەرجەعیشیان لە دەرەوەی کوردستانە، ئەمە چۆن لێکدەدەیتەوە؟
چۆلی فایەق: من نەمزانیوە سەلەفییەكان مەرجەعی زیندوویان هەبێت، ئەوەی هەیانە چەند مەرجەعێكن كە سەدان ساڵە مردوون، بە تایبەت سێكوچكەی سەلەفییەت (ئەحمەدی كوری حەنبەل، ئیبن تەیمییە، مەحەممەدی كوری عەبدولوەهاب) كە مەرجەعی هەمیشەییانە. بابەتی (هاوردەكرن و مەرجەع) قسەكردن لەسەری هێندە ئاسان نییە، گەر وا بێ ئیسلام وەك دینیش دەكەوێتە بەر پرسیارەوە. هەروەتر ڕەوتی سۆفیگەریی_دەروێشی لێ دەربكە، مەرجەعی فیكریی و فیقهیی هەموو ڕەوتە دینییەكانی تریش لە دەرەوەی كوردستان. شافعی كێ و لە كێ بوو؟ ئەشعەری كێ و لە كێ بوو؟ شای نەقشبەند كێ و لە كێ بوو؟ بنەڕەتی پرسیارەكە بە هەڵە بێ كەڵك دەبینم، پرسیاری گرنگ ئەوەیە، كە ئاخۆ سەلەفییەت و دونیابینییەكەی چەند بە كورد و كوردستان تەبا و گونجاوە، یاخود سۆنگەی ڕەوتیان چەندێك كوردستانیانەیە.
ئایینناسی: پەرەگرتنی بیری سەلەفی لە هەرێمی كوردستان خزمەت بە پێكەوەژیان و ئاشتی كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگەی كوردەواری دەكات، یان بە پێچەوانەوە دەبێتە مایەی لێكترازانی و مەترسییە لەسەر ئایندەی ڕەوشی ئایینی كۆمەڵگەی كوردەواری؟ چۆن؟
چۆلی فایەق: بەڵێ ئەوەی دووەمیان، عەقڵییەتی سەلەفی بە كەڵك هیچ كۆمەڵگەیەکی دروست و زانست و ماریفەتخواز نایەت، چجای لە كۆمەڵگەی كوردەواری. وەك لە پرسیارەكەی تر وەڵامم دا، عەقڵییەتی سەلەفییەت چووەتە نێو ئیسلامی كۆمەڵایەتی لە كوردستان، بۆیەش ماوە ماوە تێكگیران و ململانێی سەلەفییەت و ڕەوتەكانی تر (حوجرەیی ، ئیسلامی) دەبینیت، چونكە یارییەكە لەسەر دەسەڵاتی گۆڕەپانی دینداری، یان ئیسلامی كۆمەڵایەتییە. هەستیارترین میانەی دینی بریتییە لە دینداری كۆمەڵایەتی، یان میللی، كە ئێستا سەلەفییەت لە كوردستان شەری دەكات.
توێژهران كۆكن لهسهر پۆلێنكاریی مێژووی سهلهفییهت بۆ سهر سێ قۆناغ: قۆناغی عهبباسیی، كه قۆناخی بوونیادیی سهلهفییهته، لهسهر دهستی ئهحمهدی كوری حهنبهل (ت 241ه/ 855م). قۆناخی كۆتايی دهوڵهتی عهبباسيی و مهمالیك، لهسهر دهستی تهقییهدینی كوری تهیمییه (728ه/ 1338م). قۆناغ عوسمانیی، لهسهر دهستی محهممهدی كوری عهبدولوههاب (ت 1206ه/ 1792م) ئهم سێ كهسه، مهرجهع و مەشخەڵی فیكری سهلهفییهتن، سهلهفییهتی نوێش به ههموو ڕهوتهكانییهوه، كار لهسهر به (كاریزما) كردنیان دهكهن. سهلهفييهت، بهر لهوهی مهزههب و ڕێچكه بێ، گوتاره. عهقڵيهتێكه خودان سيمای تايبهت. مهبهستم ئهوهيه جۆرێكه له لێڕامان و تێفكرين، كه دهشێ جگە لە سهلهفيی دينيی، لهنێو گرۆ لادينيی و سياسيی و فهرههنگييهكانيش ههبێ. سهلهفييهت ههرگيز ناتوانێ وهك مهزههب پێی خۆی له گۆڕهپانی ماريفهتی ئيسلامييدا بكوتێ. دهرهاویشتهی مێژوويی و بهرهنجامی چهندان ڕا و ئيتجتیهادی ناعهقڵانيی كهسێتين، سهرجهم ئهو بهڵگه و سهنهدانهش كه بۆ به مهزههبدانانی دههێننهوه، ڕهوايهتييان له شهرع و ماريفهتی ئيسلامييدا نييه، چجای عهقڵ و شێوەژیان و پێوانهكانی ئەو کاتبەندییە هەستیارەی، کە ئێمە لە چاخەکەیدا دەژین.
ئایینناسی: چ جیاوازییەك دەبینی لە دیدگا و مومارەسەی ئاینداری سەلەفی و ئاینداری گشتیی كۆمەڵگەی كوردەواری؟ كامیان لە ڕۆحی تاكی كوردەوە نزیكترە و چۆن؟
چۆلی فایەق: چەند سەدەیە نەتەوەی كورد دوای هاتنی ئیسلامەتی لە عەقیدە و ڕێبازی ئەشعەری و لە فیقهـ مەزهەبی شافعی پەسەند كردووە. سەرباری ئەوەش نەتەوەی كورد سرووت و بنەوا ڕۆحییەكانی دینی مانەوی و میترایی و یارسانیان لە ڕێی سۆفیگەرییەوە لەگەڵ رۆحی ئیسلام گونجاند و ڕەوش و میانەی ڕۆحی لەنێو نەتەوەی كورد ڕەوتی خۆی وەرگرت. هەر ئەمەش بە ڕۆحی كورد ئاشنا و تەبایە، ئەم ڕەوتە دیندارییە حوجرەییە، ڕەگوڕیشەی لەنێو كولتوور، مێژوو، خوێندن، سیاسەت و كۆمەڵایەتی چەقاندووە، ڕەوتی موتەواتیری رۆحیی كوردەوارە. جیاوازییەكان ڕوونن، كاتێک ئێمە جیاوازیی نێوان عەقڵییەتی سەلەفییەت و عەقڵییەتی ئیسلامی حوجرەییمان زانین.
ئایینناسی: دەوترێت بیری سەلەفی خزمەت بە دەسەڵات دەكات، ڕای ئێوە لەوبارەوە چییە؟ دەكرێت بیری سەلەفی چ خزمەتێك بە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بكات كە بانگەشەی دیموكراسی دەكات؟
چۆلی فایەق: بەڵێ بیری سەلەفییەت بە تایبەت لەو ڕەوتانەی ئێستا، زۆرترین خزمەت بە دەسەڵات دەكەن. تەنیا بانگەشە بۆ بیری (وەلی ئەمر) و زیندووكردنەوەی ئەم چەمكە، باشترین خزمەتە بە هەر دەستەڵاتێك. لەم چەند ڕۆژەی دوایی یەكێك لە سەلەفییە دیارەكانی كوردستان لە سعوودیە گوتاری پێشكەش كرد، ئەو لەوێ مانیفێستی سەلەفییەتی بەرامبەر دەسەڵات بەیان كرد، كە لە هیچ ڕەوتێكی دیكەی ئیسلامیدا ئەو تەبایی و لەگەڵ دەسەڵاتبوونە نابینرێت. دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان هەر بە ناو دیموكراسییە، لە نێوەرۆك دەسەڵاتێكی خێڵەكیی كۆنەپارێزە و هیچ فەلسەفەیەكی دینیی نییە، دەسەڵاتی كوردی لە بەرامبەر دژایەتی پارتە ئیسلامییەكان پشتی سەلەفییەت دەگرێت. لە نانەوەی پشێوی و سەرقاڵكردنی خەڵكیش بۆ لەبیربردنەوەی باری سیاسی و ئابووری، سەلەفییەكان چاكترین خزمەت بە دەسەڵاتی نادیموكراسیی هەرێمی كوردستان دەكەن.